فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2017-11-19-06-34-51 وەستانەوە بەرامبەر بە خواستی حەقیانەتی خەڵکی کوردستان و ڕیفراندۆم دەھێنن، کەچی ھەمدیسان لەناوەخۆ عەقڵ پووچەکانی بەردەم شەرمەزاری، ھەر بەردەوامن لە بەھانە و لە ڕێگای...
2017-11-17-07-19-07ئاگاداری هەموو ووردەکارییەکان و جموجۆڵی هەموو تاكێک بن لە وڵات). حکومەتی دەمارگیری ڕەگەزپەرستی شیعی عیراق دەیەوێت سەرجەم جۆمگەکانی ئیدارەی هەرێم بگرێتە دەست، ئەوەی ئەمڕۆ بەسەر کەرکوک...
2017-11-15-19-42-43رووسیا نەبووە لە بڕاندنەوەی خێرای تەنگژەکە تەنانەت بە هێشتنەوەی ئەسەدیش لە کورسیی دەسەڵاتدا. هەموو ئەوانە وەک نیشانەی خۆسازدان وان لە رووبەڕووبوونەوەی نێوان ئەمەریکا و ئێران...
2017-11-11-20-14-42 ئه‌و كه‌سه‌ی ده‌چێته‌ ریزی جه‌ماوه‌ره‌وه‌ عه‌قڵی خۆی كڵوم ده‌دا و نه‌ستی جه‌ماعی به‌ڕێوه‌ی ده‌بات، دوایی له‌باره‌ی چه‌مكی (جه‌ماوه‌ری تاوانبار) قسه‌ ده‌كا و ده‌ڵێ هه‌ندێ...
2017-11-09-05-56-26 به‌ چاوی خۆمان بینیمان به‌ به‌رچاوی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه‌كان، به‌ چه‌ك و جبه‌خانه‌ی ئه‌وان، سوپای عێراق و حه‌شد و پاسداران، به‌ربوونه‌ گیانمان. ئه‌و خاكه‌ی...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

 

حەمە فەریق حەسەن

تۆ خاوەنی هەر پلە و پایەیەکی کۆمەڵایەتی بیت، چەندت لە موڵک و ماڵی دونیا هەبێت، هێشتا هەر کەسیەتیت ناتەواوە، ئەگەر تۆ ڕۆژانە بەشوێنداچوونت نەبێت و نەخوێنییەوە. کتێب خوێندنەوە یەکێکە لە مەرجەکانی کەسیەتیی سەرکەوتوو. تۆ ئەگەر نەخوێنییەوە، ئەوا بە وڵات، مێژوو، کولتوور و ئایینی خۆیشت نامۆیت. وەک ئەو تاکە نامۆیە وایت، تازە لە وڵاتێکی خۆرئاوادا، بە پەنابەر وەرگیرابێت، کە هێشتا تەقەی سەری دێت و زمانی وڵاتی دووەم فێر نەبووە.


من لەوە دڵنیام کە 99%ی ئەو کوردە موسڵمانانەی کە سەریان بچێت نوێژیان ناچێت، نازانن ئیسلام چەند مەزهەبی باوەڕپێکراوی هەیە و ناوی ئەو مەزهەبانەیش چین! جا کە ئەوان یەک لەباری ئایینیی خۆیان ئەوەندە کۆڵەوار و نەشارەزا بن، ئەوا دڵنیا بە هیچ سەبارەت بە ئایینەکانی عیسایی و یارسانی و ئێزدی نازانن، کە لە نیشتمانێکدا ماڵ بە ماڵەوە پێکەوە دەژین. ئایا لەجێیە تۆ کە باپیرە دێرینەکانت زەردەشتی بووبن، کەچی تۆی نەوەی نوێ، هیچ سەبارەت بەو ئایینە دێرینە نەزانیت، لە حاڵێکدا ئەگەر تۆ لێ ببڕێیت و ڕۆژانە ساتێک بۆ خوێندنەوە تەرخان بکەیت، ئەوا دەتوانیت بەئاسانی بەسەر ئەم کێماسییەدا زاڵ ببیت.


بیرت بێت، خوێندنەوە دەمانباتەوە بۆ ئامێزی ئەفسووناویی ڕۆمانتیک. بۆ لای هەموو ئەو ئیکۆنە جوانانەی جاران، که هەموو پێیان سەرسام بووین و سەروەختێکە لێمان بزر بوون. دەمانباتەوە بۆ لای ئەو جوانییانەی، کە وەک دانەی مرواری لەبنی دەریا و زەریاکاندا بێدەنگ و پەنهانن. کردەی خوێندنەوه دەروونمان لە خەوش پاک دەکاتەوه و دەمانکاتەوە بە تاکی ئارام و مرۆڤدۆست. جارێکی تر، بە جوانییەکانی گەردوون و نیشتمانی خۆمان ئاشنامان دەکاتەوە و پرسی هەبوونمان دێنێتەوە بەر دیدەی خەیاڵ.


ئەو کۆمەڵەی میانەی لەگەڵ کتێبدا تێکبچێت، بەتایبەتی ڕشتە ئەدەبییەکانی وەک ڕۆمان و چیرۆک و مەیلی خوێندنەوەیانی نەبێت، سوور بزانه، ئەوه جڤاکێکی دڵمردووە و خراپ بە بریقوباقی پار و پوول خەڵەتاوه. هەژموونی لایەنە مادییەکانی ژیان، تاسه و مەیل، یان چێژی خوێندنەوه و دۆستایەتیی کتێب و فەرهەنگی لەبیر بردووەتەوه، کە دەکاتە دۆستایەتی لەگەڵ ئەقڵ و ئاوەز.


لە ڕاستیدا گەورەترین سامان بۆ مرۆڤ ئاوەزە نەک زێڕ و زمبەر، خۆراکی ئاوەزیش کتێبە. کۆمەڵێک لە کتێب دوور کەوتبێتەوە، ژیانێکی وشکوبرینگ بەسەر دەبات. چێژیش لە کایەکانی ژیان نابینێت. کۆمەڵی وەها تەوەزەل لە چەمکە مرۆڤییانەکان و پێوەندییە مرۆڤییانەکانیش دەتۆرێت و لێیان دوور دەکەوێتەوه. ئەندامانی ئەو کۆمەڵه، بەرەبەرە وەک ڕۆبۆتی بەرنامه بۆ داڕێژراویان لێ دێت. بەئاسانییش دەخاپێن و دەکەونە بن هەژموونی ئایدیولۆگیاوە، جا هەر ئایدیۆلۆگیایەک بێت.


جێی خۆیەتی لەڕێی وەزارەتی ئەوقافەوە، وێڕای ڕشتەی ئایین، کتێبی دیکەی فرە جۆری سەر بە ڕشتەکانی فەلسەفە، مێژوو، ئەدەب و زانست بە مزگەوتەکانی شار بدرێت. هەر مزگەوتێک کتێبخانەیەکی هەبێت، ئەمینێکی کتێبخانە بەڕێوەی ببات. لەوێدا هۆڵێک بۆ خوێندنەوە هەبێت و ئەهلی جومعە و جەماعەت هان بدرێن کاتی پشوویان بە خوێندنەوە بەسەر بەرن.


پێم باشە ڕێ بە ڕووناکبیران بدرێت، هۆڵی مزگەوت بۆ گرێدانی کۆڕ و سیمیناری ئەدەبی، هونەری و زانستی بەکار بهێنن. بۆ ئەم مەبەسته، ماوەی نێوان نوێژی عەسر و ئێوارە کاتێکی لەباره. جێی خۆیەتی لەوێدا کۆڕ سەبارەت بە مێژوو، زمان و ئەدەب... گرێ بدرێت. دەکرێت لەو ماوەیەدا ژمارەیەک کتێبی بەسوودیش بە ئامادەبووان بناسێنرێن و هەر جارەی، بۆ ماوەی نیو سەعاتێک لەسەر کتیبێکی گرنگ، قسە بۆ ئامادەبووانی ئەو کۆڕانە بکرێت. لەوێدا بەدرێژیی گرنگیی پرۆسێسی خوێندنەوەیان بۆ ڕوون بکرێتەوە. دەکرێت بۆ ڕاییکردنی ئەم پرۆژەیە، مزگەوت و کتێبخانە گشتییەکانی شار و یەکێتیی نووسەران لەنێوان خۆیاندا هاریکاریی یەک بکەن.


زۆر گرنگە مامۆستای ئایینی، کە ڕۆژانە ڕاستەوخۆ تەماسی لەگەڵ جەماوەرێکی زۆری نوێژخوێندا هەیه، تاکێکی شارەزا و ڕووناکبیر بێت، ئاگاداری گەشەی دونیای سەردەم بێت، تا ئەهلی جەماعەت لێی سوودمەند بن. بۆ سەرخستنی پرۆژەی بەکولتوورکردنی پرسی خوێندنەوه هاریکاریی نێوان وەزارەتەکانی ئەوقاف و پەروەردە و ڕۆشنبیری و خوێندنی باڵا هەنگاوێکی زۆر گرنگە.


هەر بەنیازی پشتگیریی لە پرۆسێسی خوێندنەوه، دەشێت لەدوای قۆناغی بنەڕەتییەوە، نمرەی دەمیی لە ڕشتەی زماندا، لەسەر شیکار و گێڕانەوەی چیرۆک بێت، کە خوێندکار خۆی له دەرێی پرۆگرامی قوتابخانەدا خوێندوویەتییەوه. دەشێت هەر لێرەشەوه هانی خوێندکاران بدرێت جاروبار، بڕێک لە پرۆگرامی وشکی قوتابخانە دوور بکەونەوه. یەک لە باری قۆناغی دواناوەندی، دەشێت بۆ هەر ڕۆمانێک، کە قوتابی خوێندبێتییەوە و قسەی لەسەر کردبێت، مامۆستای ڕشتەی زمان، چەند نمرەیەکی بداتێ.


کتێب بۆی هەیە ژیانی خوێنەری خۆی لە بناغەوە بگۆڕێت، وەک کتێبی فەلسەفە و ئایین. ئەوەیش بزانە، بۆ پرسی خوێندنەوە، هەڵکشانی تەمەن کێشە نییە. دەکرێ هەتا بەسەر زیندوو بیت بخوێنەوە. خوێندنەوە واتە وردبوونەوە لە هەبوون و واتاکانی و نهێنییەکانی گەردوون.


لە زەمانێکدا کە پرۆسێسی نووسین گۆڕانی گەوهەریی بەسەردا هاتبێت، نووسەر لەبری قەڵەم و کاغەز، کیبۆردی کۆمپیوتەر و ڕووبەری ئەلکترۆنی بەکار بهێنێت، ئەوا پرسی خوێندنەوەیش کە تەواوکاری نووسینە، گۆڕانی بەسەردا دێت. خوێنەر دەکارێت بەپێی مگێز و توانای بینینی خۆی و توانای ئامێرە ئەلکترۆنییەکەی بەردەستی لاپەڕەی گچکە، یان گەورە هەڵبژێرێت، چەندی بوێت پیتەکان گەورە بکات. دەکرێت ئەو بۆ هەر کوێیەک بە سەفەر بچێت، کتێبخانەیەکی ئەلکترۆنی لەگەڵ خۆیدا ببات، کە جاران ئەم ئاسانکارییانە نامۆ بوون. لێرەدا پرسیاری گرنگ ئەمەیە: لەگەڵ ئەم گەشە و گۆڕانەشدا، ئایا ئینتەرنێت دەتوانێت جێی کتێب بگرێتەوە؟


زۆرن ئەوانەی کاتێک دەیاندوێنیت، پێیان وایە، کە تۆڕی ئینتەرنێت بۆی هەیە جێی کتێب بگرێتەوە. ئەوان دەتوانن هەر زانیارییەکیان گەرەک بێت لەوێدا بەدەستی بهێنن. کەواتە ئیتر ئەوان دەستبەرداری کتێبی کاغەزین دەبن. ڕاستت دەوێت جیاوازییەکی زۆر لەنێوان کتێب و پێگە ئەلکترۆنییەکاندا هەیە. کتێب کێش و بیچمی بەرجەستە و بەهای خۆی هەیە. کتێب بوونێکی بەرجەستەی هەیە. تۆ دەتوانیت دەستی لێ بدەیت. گوێت لە خشەی پەڕەکانی دەبێت. ئەو ڕۆژە گەیشتبیتە هەر جێیەک، دەکرێت دیاری و نیشانەی بکەیت، بۆ ئەوەی دواتر بە ئاسانی بچیتەوە سەری.


تۆی خوێنەر وەک ئەوەی گفتوگۆ لەگەڵ کتێبەکەی بەردەستتدا بکەی، دێیت هێڵ بەژێر ڕستە و بازنە بەدەوری وشە گرنگەکاندا دەکێشیت. لە پەراوێزدا وردە سەرنجی خۆت دەنووسیت. دەتوانیت بۆنی پەڕەکانی بکەیت. واتە هەستەکانی بینین و بۆن و بەرکەوتن پشکداری لە خوێندنەوەی کتێبەکەدا دەکەن. تۆ وەک هاوڕێیەک، یان وەک پارچەیەکی ئەنتیک سەیری کتێب دەکەیت و ماڵەکەتی پێ دەڕازێنیتەوە. کتێب سرووت و کولتووری خۆی هەیە. تۆ بەڕێزەوە لەسەر ڕەفەی کتێبخانەکەت دایدەنێیت. پۆلێنیان دەکەیت. تۆ هەردەم وەک سەرمایەیەکی بەنرخ سەرنجی کتێبخانەکەت دەدەیت. من دەتوانم بڵێم، کتێبخانە کەسیەتی و شکۆ بە ماڵ دەبەخشێت و دەیڕازێنێتەوە، بۆیە تۆ بەڕێزەوە، بۆ یادگار، وێنەی لەپاڵدا دەگریت. ڕەنگە هەفتانە تۆزیشیان لێ بتەکێنیت. هاوڕێ و کەسوکارت بەڕێزەوە، کتێبت لێ دەخوازن.

7/11/2017

 

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان