فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2018-02-23-21-35-11ارچه‌یه‌كى گرنگى داگیراكراو به‌ مافی بڕیاردانى چاره‌نووسی خۆى. به‌ڵام به‌رده‌وامى و مكوڕى له‌سه‌ر مافه‌كان به‌شێكه‌ له‌تایبه‌تمه‌ندییه‌كانى نەتەوەی کورد و نابه‌زێت و به‌رده‌وام ده‌بێت، له‌باشوورى كوردستاندا كه‌زمان...
2018-02-22-20-14-47بكرێت پشتگیرى بكه‌ن به‌ڵام به‌شه‌كه‌ى ترى ده‌رئه‌نجامی ترسى مالیكیه‌ له‌ لاوازبوونی ئێران به‌جۆرێك كه‌ ئێران نه‌توانێت له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا پشتگیرى لێبكات چونكه‌ ئێران ده‌یه‌وێت له‌...
2018-02-21-19-44-15کە شاری تۆرێنتۆ ،کە یەکێک لە شارە فرەزمان و کلتوورەکانی دنیایە، بۆتە گۆرستانێک کە زمانەکان تێدا دەمرن. ئەم قسەیەی کامینس ڕاستییەکی حاشالێینەکراوە کە ئێمە لە...
2018-02-21-19-27-47 بکات بە پیشەی و لەم بوارەدا کاربکات و خۆی بە سیاسی بزانێت. لە ئەمڕۆدا لە کوردستانی ئێمەدا، کەسانێکی زۆری نەزان و نابەڵەد خۆیان لە...
2018-02-20-18-32-13 تر و بەرامبەرەکانی دەدات، پەیوەستە بە سەرکوت و ستەمکاریی و خنکاندنی دەنگەکانی نێو کۆمەڵگە، هۆی گرتنە بەری ئەو سیاسەتە لە توندوتیژی، ترسە لە لەکیسدانی...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

 

ئاراس جەواد

نه‌ له‌ بیری ده‌كه‌ین و نه‌ لێتان ده‌بوورین

یەكەم بیری نەوت لە كەركووكدا لە ساڵی 1928 دۆزرایەوە. هه‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌وه‌ تا ئێستا، ئەم شارە بەردەوام چاوی زۆر لەسەر بووە و بەردەوام ئەو گۆڕانكارییە سیاسی و ئیدارییانەی بەسەریدا هاتووە، هەموو هۆکاری هەبوونی نەوت بووە. نەوتی کەرکووک نه‌ ته‌نیا بۆ خودی شاره‌كه‌، به‌ڵكوو بەردەوام کێشە بووە بۆ باشووری كوردستان. داگیركه‌رانی كوردستان به‌گشتی و دەسەڵاتداران و ڕژێمه‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی ده‌وڵه‌تی ده‌ستكردی عێراق به‌تایبه‌تی، به‌درێژایی مێژوو نه‌وتی كه‌ركووكیان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان و ڕژێمه‌كانیان بەکار هێناوە. ئێستاش حکوومەتی عێراق لەگەڵ ئێراندا ڕێککەوتنێکیان کردووە بۆ هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک بۆ ئێران.


دوای خیانه‌ته‌ گەورەكه‌ی 16ی ئۆکتۆبەر، كه‌ به‌ بڕیار و ڕێكکه‌وتنی چەند کەسێکی نێو باڵێکی یەکێتیی نیشتمانیی كوردستان، شاره‌كانی كەركووك و خورماتوو و خانه‌قین و ده‌وروبه‌ریان به‌ وڵاتانی داگیركه‌ری كوردستان فرۆشت، سه‌رجه‌م ئه‌و ناوچه‌ كوردستانییانه‌ سه‌رله‌نوێ داگیر كران و به‌شێكی زۆری دانیشتووانه‌كه‌شی ئاوارە‌ و ده‌ربه‌ده‌ر كران و حکوومەتی عێراق جارێکی تر دەستی بەسەر بیرە نەوتییەکانی شاری کەرکووکدا گرتەوە.


پاش ئه‌و خیانه‌ته‌، كه‌ به‌ گەورەترین خیانەتی سەردەم، کە لە مێژووی کوردایەتیدا کرابێ، دێته‌ هه‌ژمار، ڕۆژی نۆی كانوونی یه‌كه‌می 2017، جه‌بار لعێبی، وه‌زیری نه‌وتی عێراق ڕای گه‌یاند كه‌، ڕێكکه‌وتننامه‌ی تایبه‌ت به‌ هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی كێڵگه‌كانی كه‌ركووكی باشووری كوردستان بۆ پاڵاوتگه‌كانی شاری كرماشان له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی نه‌وتی ئێران واژۆ كراوه‌ و به‌پێی ڕێكکه‌وتننامه‌كه‌ بڕیاره‌ كه‌ ڕۆژانه‌ له‌كێڵگه‌كانی كه‌ركووكه‌وه‌ بڕی 30 بۆ 60 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده‌ی پاڵاوگه‌كانی شاری كرماشان له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان بكرێت. لعێبی ئه‌وه‌شی ئاشكرا كردووه‌، تا ئه‌و كاته‌ی پڕۆژه‌ی بۆڕیی نه‌وتی نێوان (كه‌ركووك – كرماشان) ته‌واو ده‌بێت، نه‌وتی كه‌ركووك له‌ڕێگه‌ی تانكه‌ره‌وه‌ هه‌نارده‌ی ئێران ده‌كرێت.


وه‌زیری نه‌وتی ده‌وڵه‌تی داگیركه‌ری عێراق، سه‌باره‌ت به‌ ناوه‌ڕۆكی ڕێكکه‌وتنه‌كه‌ش گوتوویه‌تی‌: ”ڕێکكه‌وتنه‌كه‌ له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمپانیای به‌بازاڕكردنی نه‌وتی عێراق (سۆمۆ)وه‌ واژۆ كراوه‌، بریتییه‌ له‌وه‌ی عێراق به‌ تانكه‌ر نه‌وتی كێڵگه‌كانی كه‌ركووك ده‌گه‌یه‌نێته‌ پاڵاوگه‌كانی كرماشان و له‌وێشه‌وه‌ لایه‌نی ئێرانی ئه‌و نه‌وته‌ به‌تایبه‌تمه‌ندێتیی به‌رزه‌وه‌ و به‌ هه‌مان بڕ ڕاده‌ستی عێراقی ده‌كه‌ن، له‌ڕێگه‌ی به‌نده‌ره‌كانی باشووری عێراقه‌وه‌”.


لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، بەشێكی زۆر لە كێڵگە نەوتییەكانی كەركووك لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە بەرهەم دەهێندرا و سوودی لێ وەردەگیرا، لەدوای خیانه‌تی تاقمێكی نێو یه‌كێتی و ئەو گۆڕانکارییانەی كه‌ له‌ 16ی ئۆکتۆبەردا ڕوویان دا، جارێكی تر حكوومەتی عێراق ئەو بیرە نەوتییانەی خستە ژێر ركێفی كۆمپانیای نەوتی (باكوور) و فرۆشتن و هەناردەكردنیشی دایە کۆمپانیای سۆمۆ، كۆمپانیای سۆمۆش بە هەردوو رێگاكە سوودی لێ دەبینێت، چ لەڕێگەی بۆڕی و چ له‌ڕێگه‌ی تانکەرەوە بێت. بەگوێرەی دوا رێككەوتنی نێوان هه‌ردوو ده‌وڵه‌تی عێراق و ئێران، به‌شێك لەو نەوتە ڕۆژانە لەڕێگەی تانكەرەوە لە كەركووكەوە دەنێردرێتە پاڵاوگه‌ی كرماشان و بەرامبەر به‌ ئەوە، حكوومەتی ئێران لە شاری ئابادانەوە بڕێك نەوت بەرامبەر ئەو نەوتە دەنێرێتە پارێزگای بەسڕا و لەوێوە هەناردە دەكرێت بۆ عێراق، كه‌سیش نازانێت كه‌ ئایا ئه‌م سه‌ودایه‌ ڕاسته‌ یان نا، كه‌ ئەمەش دەرگایەکی ترە بۆ به‌تاڵانبردنی سه‌روه‌ت و سامانه‌ سروشتییه‌كانی باشووری كوردستان.


ئه‌م ڕێككه‌وتنه‌ی نێوان عێراق و ئێران له‌كاتێكدایه‌ كه‌ پاش ڕووداوەكانی 16/10/2017، هەردوو كێڵگەی ئاڤانا و بای حەسەن كە ڕۆژانە بە تێكڕایی 250 هەزار بەرمیل نەوتی هەبووە، له‌لایه‌ن حكوومەتی عێراقه‌وه‌ داگیر كران و لەوساوە هەناردەكردن لەو دوو كێڵگەیە ڕاوەستاوە، لەو بەروارەشەوە ئیتر هەرێمی كوردستان داهاتەكەی بووەتە نیوە. ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ له‌ ساڵی‌ 2014 و دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ ناكۆكییه‌كانی‌ نێوان به‌غدا و هه‌ولێر گه‌یشتنه‌ لووتكه‌، به‌ بڕیاری‌ نووری‌ مالیكی‌، سه‌رۆ‌ك وه‌زیرانی‌ ئه‌و ده‌مه‌ی‌ عێراق، به‌شه‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێمی كوردستان بڕدرا. هه‌رچه‌ند بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌ بڕیارێكی زاره‌كیی نووری مالیكی بڕدراوه‌‌ و هیچ ده‌قێكی یاسایی و ده‌ستووری له‌و باره‌یه‌وه‌ له‌ئارادا نییه‌، به‌ڵام تا ئێستاش ئه‌و بڕیاره‌ زاره‌كییه‌ له‌ قۆناغی‌ جێبه‌جێكردندایه‌ و حه‌یده‌ر عەبادی، سه‌رۆك وه‌زیری ئێستای عێراقیش وه‌كوو سزادانێكی به‌كۆمه‌ڵ و بۆ مه‌رامی سیاسیی خۆی، درێژه‌ به‌ هه‌مان سیاسه‌تی نووری مالیكی ده‌دات.


به‌رده‌وامیی‌ قه‌یرانی‌ دارایی وای‌ له‌ حكوومه‌تی‌ هه‌رێم كردووه‌ پرۆژه‌‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانی‌ رابگرێت‌ و زیاتر له‌ سێ ساڵیش ده‌بێت ناتوانێت مووچه‌ی‌ مانگانه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ به‌ته‌واوی‌‌ و بەڕێكوپێكی‌ بدات.


له‌ هه‌مان كاتدا شاری كرماشانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانیش كه‌ بڕیاره‌ نه‌وتی كێڵگه‌كانی كه‌ركووك بنێردرێت بۆ پاڵاوگه‌كانی، به‌هۆی هه‌ژاری و تووشبوون به‌ مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان وه‌ك كۆتوبه‌ند له‌ ده‌ستوپێی لاوه‌كانیدا ئاڵاون و هانە و وره‌ی لێ ‌ستاندوون. رێژه‌ی 25% ی تووشبوانی نه‌خۆشیی ئایدز HIVی ئێران له‌م شاره‌یە، ئاماری به‌رزی بێكاری، بوونی زۆرینه‌ی خه‌ڵكی شاره‌كه‌ كه‌ له‌ژێر هێڵی هه‌ژاریدان، وای له‌ خه‌ڵكی كرماشان كردووه‌ كه‌ له‌ ناله‌بارترین دۆخی ژیاندا بژین. ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ خودی شاری كرماشانیش له‌ڕووی ئابووری و سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌كانه‌وه‌، یه‌كێكه‌ له‌ ده‌وڵه‌مه‌ندترین ناوچه‌كانی كوردستان، به‌ڵام به‌درێژایی مێژوو له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌ سه‌رده‌سته‌كانه‌وه‌ سه‌روه‌ت و سامانه‌كانی به‌تاڵان ده‌برێ.


لێره‌دایه‌ كه‌ گرنگیی ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و قه‌باره‌ی خیانه‌ته‌ مێژووییه‌كه‌ی 16ی ئۆکتۆبەر و فرۆشتنی خاكی كوردستان به‌ داگیركه‌ران وه‌ده‌ر ده‌كه‌وێ. له‌ئاكامی بنده‌ستی و بێده‌وڵه‌تی و ناپاكیی تاقمێكی خیانه‌تكار، نەوتی کەرکووکی باشووری كوردستان هه‌نارده‌ی شاری كرماشانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ده‌كرێ و خێر و داهاته‌كه‌شی بۆ‌ به‌غدا و تاران ده‌چێت. كوردی بنده‌ستیش به‌گشتی و كه‌ركووكی و كرماشانییه‌كانیش به‌تایبه‌تی كه‌ خاوه‌نی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌و سه‌روه‌ت و سامانه سروشتییانه‌ی كوردستانن، به‌ده‌ست هه‌ژاری و نه‌داری و كه‌مده‌ستییه‌وه‌ ده‌ناڵێنن و چاو له‌ ده‌ستی به‌غدا و تارانن، كه‌ به‌ڵكوو دڵۆپێك له‌ داهاته‌كانی خۆیانیان بۆ بنێرن، وه‌كوو بڵێی خێریان پێ ده‌كه‌ن.‌ ئه‌مه‌ تاوانێكی تاقمه‌ خیانه‌تكاره‌كه‌ی 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌ ده‌رحه‌ق به‌‌ خه‌ڵكی كوردستان، كه‌ گه‌لی كورد تاهه‌تایه‌ نه‌ له‌بیری ده‌كات و نه‌ لێیشی خۆش ده‌بێت.

18/1/2018

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان