بەپێی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی کۆمار، تیمی پزیشکی سه‌رپه‌رشتیکاری چاره‌سه‌رکردنی سه‌رۆک کۆمار جه‌لال تاڵه‌بانی دوپاتیانکردوەتەوە کە ته‌ندروستی تاڵەبانی جێی دڵنیاییه:
به‌یانێک له‌نوسینگه‌ی فه‌خامه‌تی سه‌رۆک کۆماره‌وه
تیمی پزیشکی سه‌رپه‌رشتیکاری چاره‌سه‌رکردنی سه‌رۆک کۆمار جه‌لال تاڵه‌بانی دوپاتیکرده‌وه ته‌ندروستی فه‌خامه‌تیان جێی دڵنیاییه، چاره‌سه‌ره‌کان زۆر به‌باشی وه‌رده‌گرێت و قۆناغه سه‌خته‌کانی زۆر به خێراتر بڕیوه وه‌ک له‌وه‌ی پێشبینی ده‌کرا، ئه‌وه‌ش یارمه‌تیده‌ر بوه بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی رێوشوێنه‌کانی چاره‌سه‌رو هه‌نگاونان بۆ چه‌ندین رێوشوێنی تری بوژانه‌وه‌و چاکبونه‌وه‌ی ته‌واو.
سه‌رباری ئه‌و به‌ره‌و پێشچونه له ته‌ندروستی به‌ڕێزیان جێی داخ و تێڕامانه رۆژنامه‌ی (فیگارۆ)ی فه‌ره‌نسی هه‌واڵێکی سه‌رله‌به‌ر ناڕاست بڵاوده‌کاته‌وه به‌پێچه‌وانه‌ی باشبونی ته‌ندروستی سه‌رۆک کۆمار.
ئێمه له کاتێکدا به ته‌واویی لێبڕاوانه ئه‌و هه‌واڵه‌ی رۆژنامه‌که ره‌تده‌که‌ینه‌وه داوا له‌ویش و له هه‌موو ده‌زگاکانی راگه‌یاندن ده‌که‌ین پشت ببه‌ستن به تاکه سه‌رچاوه‌ی ره‌سمی بۆ زانینی هه‌واڵی ته‌ندروستی فه‌خامه‌تیان ئه‌ویش نوسینگه‌ی سه‌رۆک کۆماره.
له کاتێکدا باشبونی باری ته‌ندروستی سه‌رۆک تاڵه‌بانی دوپات ده‌که‌ینه‌وه به‌ده‌رفه‌تی ده‌زانین سوپاس و پێزانینمان دوباره و نوێ بکه‌ینه‌وه بۆ هه‌موو سه‌رۆک و سه‌رکرده‌کانی عه‌ره‌بی و جیهانی، سه‌رکرده سیاسی و ئاینی و میللییه‌کان له‌سه‌رتاسه‌ری وڵات که چ به ته‌له‌فۆن یان بروسکه‌و نامه له هه‌واڵی ته‌ندروستی سه‌رۆک کۆمار جه‌لال تاڵه‌بانی یان پرسیوه.
نوسینگه‌ی سه‌رۆک کۆمار
5-کانونی دوه‌م-2013
له راپۆرتێكى فه‌رمى حكومه‌تى ئه‌مریكادا هاتووه كه ئێران له‌سه‌رتاسه‌رى جیهان 30 هه‌زار سیخوڕ‌ى هه‌یە.
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لە راپۆرتێکی نوێ‌دا ئاماژە بە هەوڵەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران‌دا دەکات.
بەگوێرەی ئەو راپۆرتە کە لە 64 لاپەڕەدا ئامادە کراوە، 30 هەزار سیخوڕی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە لوبنانەوە تا ئەرجەنتین بڵاو بوونەتەوە و کاری سیخوڕ‌ى و ته‌قینه‌وه‌ى تیرۆرستى و جێبه‌جێكردنى فه‌رمانى كوشتن بۆ كه‌سایه‌تى سیاسی و دزینى زانیارى ئهلێكترۆنى ده‌كه‌ن و هه‌روه‌ها پاڵپشتی له بزووتنه‌وه شیعه‌كان له سه‌رتاسه‌رى جیهانه‌وه ده‌كه‌ن و په‌یوه‌ندیشیان به گرووپه سوننیهكانهوه هه‌یه، له‌نێویشاندا رێكخراوى قاعیده و به‌شه‌كانى له‌سه‌رتاسه‌رى جیهاندا.
ئه‌م راپۆڕته به به‌شدارى زیاتر له ده‌زگایه‌كى هه‌واڵگرى ئه‌مه‌ریكا و تیمێكى لێكۆڵینه‌وه له نووسینگه‌ى كۆنگرێسى ئه‌و وڵاته ئاماده كراوه و تێیدا ئاماژه به‌وه‌شدراوه كه وه‌زاره‌تى (ئیتلاعات)ی ئێران پاڵپشتى لۆجستى و دارایی بۆ ئه‌و سیخوڕانه دابین ده‌كات و له هه‌مان كاتدا سوپاى پاسدارانیش سه‌رپه‌رشتى پرۆسه مه‌یدانیه‌كانیان ده‌كات.
ئەمرۆ لە هاوینەهەوارى دوکان،وەفدێکى باڵاى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان و پارتى دیموکراتى کوردستان بەجیا، بەمەبەستى "بەخێرهاتنەوە" سەردانى هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد خێزانى،جەلال تاڵەبانى دەکەن.
هێرۆ ئیبراهیم خێزانى جەلال تاڵەبانی رۆژى پێنجشەممەى رابردوو لە ئەڵمانیا گەرایەوە کەلەوێ تاڵەبانى چارەسەر وەردەگرێت.
وەفدەکەى پارتى دیموکرات پێک هاتبو لە نێچیرڤان بارزانى جێگرى سەرۆکى پارتى و تێدا وێراى بەخێرهاتنەوە، باس لە دوایین رەوشى تەندروستى تاڵەبانى کراوە.
هەر ئەمرۆش وەک میدیاکانى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان بڵاویانکردوەتەوە،وەفدێکى باڵاى یەکێتى کە پێک هاتوە لە جێگرانى سکرتێرى گشتى : کۆسرت رەسوڵ و دکتۆر بەرهەم ساڵح و هەروەها مەلابەختیار و زۆرێک لە ئەندامانى مەکتەبى سیاسى ئەو پارتە سەردانى هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدیان کردوە.
وەک بڵاوکراوەتەوە:"لەو دیدارەدا هەڤاڵ هێرۆ بە وردی باری تەندروستی هەڤاڵ مام جەلال-ی باسکرد و بە هەڤاڵانی مەکتەبی سیاسی راگەیاند کە تەندروستی سەرۆک تاڵەبانی تا ئاستێکی دڵخۆشکەرو دڵنیاکەرەوە بەرەو باش بوون رۆیشتووەو بەبەردەوامی دکتۆرەکان لەباش بوون و بەرەوپێشەوەچوونی بەردەوامی تەندروستیەکەی دڵنیایان کردوینەتەوە."
هەروەها هاتوە:" هەڤاڵ هێرۆ جارێکی تر سوپاسی خۆی دەربڕی کە هەڤاڵانی جێگر و مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و ئۆرگانەکانی تر لەم ماوەیەدا کە هەڤاڵ سکرتێری گشتی لەسەفەری چارەسەکردنە بە یەکڕیزی و دڵسۆزی و پەرۆشییەوە ئەرکەکانی یەکێتیان بەجێهێناوە."
عبدوڵڵا ئۆجەلان سەرکردەی زیندانیکراوی پەکەکە لە میانەی کۆبوونەوەیەکدا لە دورگەی ئیمراڵی رایگەیاندووە کە ئەو دەبێت وەک "تاکە بڕیاردەر" تەماشا بکرێت لەبارەی بڕیاردان لەسەر چەکداماڵینی پەکەکەوە.
دوو سیاسەتمەداری کورد ئەحمەد تورک و ئایلا ئەکات رێگەیان پێدرا لە ئیمراڵی چاویان بە عبدوڵڵا ئۆجەلان بکەوێت. بەپێی راپۆرتەکان ئۆجەلان رایگەیاندووە:" لەچەند مانگی داهاتوودا چەند هەنگاوێکی گرنگ دەگیرێنەبەر، ئەگەر پرۆسەی گفتوگۆکان شکستی پێنەهێندرێت."
کۆبوونەوەکە چەند رۆژیک دوای ئەو لێدوانەی رەجەب تەیب ئەردۆگان بوو کە رایگەیاند لەگەڵ پەکەکە لە گفتوگۆدان بۆ دانانی چەک.
ئۆجەلان ئەوەشی گوتووە:" ئامانجەکە ئەوەیە کە ژینگەیەک بهێنرێتە ئاراوە کە پێویست بە چەک نەکات، هەمووان دەبێت وریا و هەستیار بن."
چاودێرانیش پێیان وایە ئەم لێدوانەی ئۆجەلان دەرگای قۆناخێکی تر واڵا دەکات لەبەردەم پرسی کورد دا.
وەزیری دادی تورکیا سەعدوڵا ئەرگین لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند کە ئەو مۆڵەتی ئەو کۆبوونەوەیەی داوە و گوتی "پرۆسەکە لە بەرژەوەندی وڵاتەکەماندایە."
ئایلا ئەکات پەرلەمانتاری سەر بە پارتی ئاشتی و دیموکراسی (BDP)و ئەحمەد تورک هاوسەرۆکی کۆنگرەی کۆمەڵگای دیموکرات( DTK) رۆژی 3ی کانونی دووەم کاژێر هەشتی بەیانی بەرەو ئیمراڵی بەڕێکەوتن و کاژێر سێی دوا نێوەڕۆ گەڕانەوە بۆ ئیستەنبوڵ.
بەپێی راپۆرتە هەواڵییەکانیش لە داهاتووشدا چەندین سەردانی تریان دەبێت بۆ لای عبدوڵڵا ئۆجەلان.
هیوا قۆچاڵی
کاتێک لە 2007 پرسیار کرا لە رەجەب تەیب ئەردۆگانی سەرۆک وەزیرانی تورکیا ئایا لەگەڵ مەسعود بارزانی کۆدەبێتەوە بۆ هاوکاریکردنی لە ململانێی PKK دا، ئەردۆگان گوتی کە لەگەڵ 'سەرۆک هۆزێک' دا کۆنابێتەوە، بەڵام دوای چوار ساڵ لە میانەی سەردانێکیدا بۆ هەولێر، بارزانی لە باوەش گرت و بە 'براکەم' بانگی کرد.
گۆڕانی بنەڕەتی لە سیاسەتی تورکیادا بەرامبەر هەرێمی کوردستان و بنیاتنانی پەیوەندی لەگەڵ کوردان‌دا، بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو لەم چەند ساڵەدا، لەلایەن چەندین لایەنی هەرێمییەوە دەستخۆشی لێکراوە و واشنتنیش پشتگیری لێدەکات. پشتگیری تورکیا لە کورد گەیشتۆتە ئاقارێک کە تورکیا رەنگە هەرێمی کوردستان هەڵبژێرێت بەسەر بەغدادا لەو ململانێیەدا، ئەمەش حکومەت ئەمریکا نیگەران دەکات، لەکاتێکدا پێشتر زۆر پشتگیری لە پەیوەندی نێوان تورکیا‌و کوردانی عێراق دەکرد.
دەنیس ناتالی پسپۆری کاروباری وزە لە زانکۆی نەشناڵ دیفێنس بە تودەی زەمانی راگەیاندووە کە پەیوەندیەکانی تورکیا لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەگشتی لەپێناو کەرتی ئابوری و بواری ئەمنیدایە، ناتالی دەڵێت:" تا ئەوکاتەی ئەم پەیوەندیانە نەبنە هۆی پێشێلکردنی سەربەخۆیی عێراق و نەبنە هاندەر بۆ دابەشبوونی عێراق، دەکرێ سودیان هەبێت بۆ عێراق بە گشتی. بەڵام بە پشتگوێخستنی بەغدا، ئەنقەرە دۆخێکی ناهەموار دەسازێنێ کە دواجار لە بەرژەوەندی خۆشیدانابێت، بەتایبەت لە ناوچە کێشە لەسەرەکان و سەر سنور و هەروەها سوریاش."
نیگەرانیەکانی ئەمریکا شاراوە نین لەبارەی ئاڵۆزبوونی پەیوەندیەکانی هەولێر و بەغدا بە دەستتێوەردانی تورکیا. هەفتەی رابردوو، رۆبەرت بیکرۆفت باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق بارزانی ئاگادار کردەوە کە هەڵمەتەکانی راگرێت لەسەر ناوچە کێشە لەسەرەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و عێراق، بەێی راپۆرتەکان، بیکرۆفت بە بارزانی راگەیاندووە کە ناوچە کێشە لەسەرەکان دەبێت بە هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکرێن و ئەمریکاش هیچ کردەیەکی تاکلایەنەی حکومەتی هەرێم قبوڵناکات. ئەم ئاگادارکردنەوەیە ئەوە دەخاتە ڕوو کە ئەمریکا دەیەوێت پشتگیری لە حکومەتەکەی مالیکی بکات و کورد بێدەنگ بکات. هەروەها و بارزانیش بە بیکرۆفتی راگەیاندووە، بەپێی ماددەی 140 ی دەستوری عێراق، کێشەکە پێویستە بە ریفراندۆم چارەسەر بکرێت.
لە رۆژنامەی دەیلی ستاردا ئەو هەواڵە بڵاو بۆوە کە ئەردۆگان بەڵینی بە بارزانی داوە کوردستان بپارێزێت لەکاتی هێرشی هێزەکانی دیجلەدا، جوست هیلتەرمان پسپۆڕی کاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە تودەی زەمانی راگەیاند:" حکومەتی ئەمریکا زۆر دڵخۆشە بە پەیوەندیەکانی تورکیا لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا، بەڵام پشتگیری هاوپەیمانی نێوان ئەنقەرە و هەولێر ناکات بۆ هەڵوەشاندنەوەی عێراق،" هەروەها باسی هەڵوێستی ئەمریکاشی کرد لەبارەی هاوپەیمانی ئەنقەرە و هەولێر. گوتی:" ئەمریکا زۆر نیگەران بوو لە پشتگیری کردنی ئەنقەرە لە هەوڵەکەی بارزانی بۆ لێسەندنەوەی متمانە لە نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی عێراق."
پەیوەندیەکانی نێوان تورکیا و حکومەتەکەی مالیکی روویان لە گرژی کرد دوای پشتیوانیەکانی ئەنقەرە لە لیستی عێراقیە، کە بەرهەڵستی مالکین. جەلال تاڵەبانی سەرکۆماری تازە نەخۆشکەوتووش سیاسەتی تورکیای وا وەسف کردووە:" دوای کڵاوی با بردوو کەوتووە." ئاڵۆزیەکانیش زیاتر پەرەیان سەند دوای ئەوەی تارق الهاشمی پەنای بۆ تورکیا برد، پاشئەوەی تۆمەتبار کرا بە هاوکاریکردنی تیرۆر.
دەنیس ناتاڵی پێیوایە کە تورکیا نابێت ناکۆکیە نەتەوەیی و تائیفیەکان لەبەرژەوەندی خۆی بەکاربهێنێت، دەڵێت:" تورکیا پێویستە هەوڵبدات وەک ناوبژیوان بێت لە عێراقدا نەک هانی ناکۆکیە تائیفیەکان بدات لە دژی مالکی، بەڵکو دەبێت لەهەوڵی پێکهێنانەوەی هەولێر و بەغدادابێت."
هەروەها ناتالی ئەوەشی خستە ڕوو:" تورکیا پێویستە هاوکاری بەغدا بکات بۆ بنیاتنانەوەی هێلی نەوتی باکور تاوەکو هاوردەی نەوت بۆ تورکیا زیاد بکات،." پێشیوایە کە دەبێت بە پەیامێکیش بۆ بەغدا کە تورکیا نایەوێت عێراق لەبەریەک هەڵبوەشێنێت.
هیوا قۆچاڵی
ئه‌حمه‌د تورك و په‌رله‌مانتارێكی پارتی ئاشتی و دیموكراسی له دورگه‌ی ئیمرالی چاویان كه‌وتووه به عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان، سه‌رۆكی زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان.
ڕۆژنامه‌ی رادیكاڵی توركیا بڵاویكردووه‌ته‌وه كاژێر 8ی سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه، 3ی كانوونی دووه‌م، هه‌ریه‌ك له ئایلا ئاكات عه‌تا، په‌رله‌مانتاری پارتی ئاشتی و دیموكراسی (به‌ده‌په) و پارێزه‌ر میراڵ ده‌نیس و ئه‌حمه‌د تورك، په‌رله‌مانتاری سه‌ربه‌خۆ بۆ بینینی ئۆجه‌لان به‌ره‌و دورگه‌ی ئیمرالی به‌ڕێكه‌وتوون و كاژێر سێی پاشنیوه‌ڕۆ گه‌ڕاونه‌ته‌وه.
عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان له 15 ی شوباتی ساڵی 1999دا له كینیا له ئۆپه‌ڕاسیۆنێكی هاوبه‌شی ده‌زگاكانی هه‌واڵگری میتی توركیا و مۆسادی ئیسرائیل و سی ئای ئه‌ی ئه‌مریكادا ده‌ستگیركرا و سزای له‌سێداره‌دانی به‌سه‌رداسه‌پێندرا، به‌ڵام دواتر حوكمه‌كه‌ی گۆڕدرا بۆ زیندانی هه‌تاهه‌تایی و له‌وكاته‌وه له به‌ندیخانه‌یه‌ك له‌دورگه‌ی ئیمڕالی له‌سه‌ر مه‌ڕمه‌ڕه به‌ندكراوه.
دانا ته‌یب مه‌نمی
ئه‌مڕۆ پێنجشەممە، رۆژنامه كوردییه‌كان گرنگیه‌كى زۆریان به كۆبوونه‌وه‌كه‌ى دوێنێى لێژنه‌ى باڵاى كارى هاوبه‌شى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا داوه و باسى ئه‌وه‌ش ده‌كه‌ن كه پارتى له به‌غدا یه‌كێتى به ته‌نها جێده‌هێڵێت.
رۆژنامه‌ى هه‌ولێر به مانشێتى "هه‌ولێر 13ى مانگ وه‌ڵامى به‌غدا ده‌داته‌وە" بابه‌تێكى بڵاوكردووته‌وه و تێیدا لێدوانى هه‌ڵگورد حیكمه‌ت، به‌ڕێوه‌به‌رى راگه‌یاندن و رۆشنبیرى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ى وه‌رگرتووه و ئاماژه به‌وه‌ده‌كات كه ئه‌وان سوورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى هێزى دیجله هه‌ڵبوه‌شێته‌وه و ده‌ڵێ "شاندى به‌غدا كارنامه‌یه‌كى نووسراویان پێشكه‌ش به شاندى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه كردووه و له كۆبوونه‌وه‌ى داهاتوودا كه له رێككه‌وتى 13ى ئه‌م مانگە له به‌غدا به‌رێوه ده‌چێت وه‌ڵامى ئه‌و نووسراوه دهدهینهوە".
رۆژنامه‌ى كوردستانى نوێش به مانشێتى "پێداچوونه‌وه به هه‌فته‌ى تووڕه‌یی سوننه‌دا .. به‌غدا گێمێكى دیكه‌ى ململانێ به‌ڕێوه‌ده‌بات" راپۆرتێكى بڵاوكردووەته‌وه و تێیدا باس له به‌رده‌وامبوونى ته‌نگژه‌كانى نێوان حكومه‌تى عێراق و شاره سوننیه‌كان ده‌كات و له‌باره‌ى خۆپیشاندانى عه‌ره‌به سوننه‌كانى پارێزگاى كه‌ركووكیش، لێدوانى د. سیروان ئه‌حمه‌د، ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق له فراكسیۆنى هاوپه‌یمانى كوردستانى وه‌رگرتووه و ده‌ڵێ "عه‌ره‌به‌كانى شارى كه‌ركوك به‌شێكن له‌و خۆپیشاندانانه‌ى كه له ئارادان ده‌یانه‌وێت به به‌ردێك دوو نیشانه بشكێنن ناشتوانن خۆیان جیابكهنهوە".
رۆژنامه‌ى خه‌باتیش به مانشێتى "هاوپه‌یمانى كوردستانى به‌شدارى دانیشتنێكى نائاسایی ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران ده‌كات" به‌یاننامه‌یه‌كى فراكسیۆنى هاوپه‌یمانى كوردستانى له ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق بڵاوكردووەته‌وه و تێیدا هاتووه "سه‌باره‌ت به داخوازیی ئوسامه نوجێفى بۆ دانیشتنى كۆبوونه‌وه‌ى به په‌له‌ى نائاسایی ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، ئێمه وه‌ك هاوپه‌یمانى كوردستانى له دانیشتنه‌كه‌دا ئاماده ده‌بین ".
هەروەها رۆژنامه‌ى هاوڵاتی به مانشێتى "پارتى له به‌غدا یه‌كێتى به ته‌نها جێده‌هێڵێت" بابه‌تێكى بڵاوكردووەته‌وه و تێیدا لێدوانى سه‌لام عه‌بدوڵڵاى سه‌رنووسه‌رى رۆژنامه‌ى خه‌باتى – زمانحاڵى پارتى وه‌رگرتووه و ده‌ڵێ "سه‌رۆك كۆمار پۆستێكى مه‌عنه‌وی بووه بۆ كورد و پێمانخۆشه بدرێته‌وه به كورد، به‌ڵام هیچ ده‌سه‌ڵاتێكى نه‌بووه، بۆیه گرنگ نیه داواى بكه‌ینه‌وه و پێداگیرى له‌سه‌ر بكه‌ین".
رۆژنامه‌كه لێدوانى مسته‌فا چاوره‌ش، ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتیشى وه‌رگرتووه و ده‌ڵێت "ئه‌و پۆسته پشكى كورده و پشكى یه‌كێتیه، بۆیه ده‌بێت به هه‌موومان پێداگیرى بكه‌ین بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ى، هیواداریشم پارتى پێداگیرى بكات".
ئامادەکردن: شۆڕش تەڵعەت
نووسه‌رێكی ئه‌مریكی رایده‌گه‌یێنێت "له وه‌زاره‌تی ناوخۆى ئه‌مریكی ئه‌و تێبینیه ده‌درێته هاوڵاتیان كه هه‌رێمی كوردستان له‌چاو شوێنه‌كانی دیكه‌ی عێراق كه‌متر تووند‌و تیژی و هه‌وڵی تیرۆریستی تێدایه".
جه‌ی نیوتۆن سمۆڵ، نووسه‌رێكی ئه‌مریكیه كه بابه‌ته‌كانی بۆ گۆڤاری تایمزی ئه‌مریكی ده‌نوسێت , له بابه‌تێكیدا به‌ناوی " كوردستان شوێنێی وییستراو: ئایا ئه‌و هه‌رێمه ده‌ستیكردووه به به‌ره‌و پێشبردنی شوێنه‌واره گه‌شتیارییه‌كان" باسی به‌ره‌و پێشچوونی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات له رووی كه‌رتی گهشیارییهوه و پێشیوایه رۆژ به‌ڕۆژ ژماره‌ی گه‌شتیاران روو له زیادبوون ده‌كان.
په‌یامنێری تایمز له‌سه‌ره‌تای بابه‌ته‌كه‌یدا ده‌ڵێت" زۆرگرانه ئه‌ندێشه‌ی ئه‌وه‌بكه‌یت كه گه‌شتیاران بیانه‌وێت بچن بۆ عێڕاق. ته‌نانه‌ت وه‌زاره‌تی ناوخۆی ئه‌مریكا ئاگاداری ئه‌و هاوڵاتیان ده‌كاته‌وه كه ده‌چن بۆ عێراق به‌وه‌ی كه شوێنێكی سه‌لامه‌ت نییه بۆیان" . هه‌روه‌ها ده‌ڵێت تێڕوانینی وه‌زاره‌تی ناوخۆی ئه‌مریكا به‌رامبه‌ر به هه‌رێمی كوردستان جیاوازه" له وه‌زاره‌تی ناوخۆ ئه‌و تێبینیه ده‌درێته هاوڵاتیان كه هه‌رێمی كوردستان له‌چاو شوێنه‌كانی دیكه‌ی عێڕاق كه كه‌متر تووند‌و تیژی و هه‌وڵی تیرۆریستی تێدایه".
نووسه‌ر كه سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانی كردووه و ده‌لێت" هه‌رێمی كوردستانی عێراق سه‌لامه‌تترین و باشترین شوێنی عێراقه بۆسهردانكردن. گه‌شتیاران زۆر به‌ئاسایی ده‌توانن بچن بۆ بازار و ئه‌و شوێنانه‌ی ده‌یانه‌وێت " هه‌روه‌ها ده‌ڵێت " له هه‌رێمی كوردستاندا هوتێلی پێنج ئه‌ستێره , شوێنی گونجاو بۆ سه‌یران هه‌روه‌ها شوێنی مێژوویی هه‌یه وه‌ك قه‌ڵای هه‌ولێر كه شوێنه‌وارێكی كۆنی جیهانی UNESCO یه".
نووسه‌ری ئه‌مریكی ئاماژه‌به‌وه‌ده‌كات كه هه‌ولێر به پایته‌ختی گه‌شتیاری هه‌ڵبژێردراوه بۆساڵی 2014 و ده‌ڵێت " هه‌رێمی كوردستان زۆر به‌خێرایی گه‌شه‌ی كردووه. له‌ساڵی 2007 ته‌نیا 106 هوتێل هه‌بوون له‌و ناوچه‌یه‌دا, به‌ڵام ئێستا زیاتر له 400 هۆتێل هه‌یه له‌و هه‌رێمه‌دا .هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵگایه‌كی زۆرگه‌وره بنیاد ده‌نرێت له‌هه‌ولێر له‌ژێر ناونیشانی ئیمپایه‌ر كه پێكدێت له هۆتێلێكی پێنج ئه‌ستێره, لادێیه‌كی شوقه‌یی و شوێنی یاری" هه‌روه‌ها ده‌ڵێت " پلانی هه‌ولێر بۆ 2030 بریتیه له دروستكردنی باخچه‌یه‌كی سه‌فه‌ری پارك (كه باخچه‌یه‌كی گه‌وره‌یه گیانله‌به‌ران به‌سه‌ربه‌ستی تێیدا ده‌سوڕێنه‌وه و خه‌ڵك به‌ئۆتۆمبێل ده‌چنه ناو باخچه‌كه‌و له‌ناو ئۆتۆمبێله‌كانیاندا ته‌ماشایان ده‌كه‌ن). هه‌روه‌ها, پێشبڕكێی نێوده‌وڵه‌تی ئۆتۆمبێل له‌گه‌ڵ شوێنی یاری گۆڵف."
ئه‌و له‌باره‌ی داهاتی گه‌شتیاریه‌وه ده‌ڵێت" له 2013 دا پێشبینی ده‌كرێت داهاتی گه‌شتیاری كوردستان بگاته یه‌ك ملیار دۆلار " .ئه‌و له‌زاری مه‌وله‌وی وه‌هاب جه‌بار, سه‌رۆكی كه‌رتی گه‌شتیاری هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێت "ئێمه ده‌مانه‌وێت بۆ 2015 بیكه‌ینه شوێنێكی گه‌شتیاری نێو ده‌وڵه‌تی "
جه‌ی له‌باره‌ی بونی كوردستان به ناوچه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تیه‌وه ده‌ڵێت " هه‌رێمی كوردستان هێشتا ماویه‌تی ببێته ناوچه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی به‌ڵام هێشتا خه‌ڵكی عێراقی , ئێرانی و كه‌نداو سه‌ردانی ده‌كه‌ن". هه‌روه‌ها ده‌ڵێت شوێنی دیكه هه‌ن كه‌ده‌بێت گرنگی زیاتریان پێبدرێت". ده‌ره‌وه‌ی هه‌ولێر له رووی ژێرخانی ئابوورییه‌وه لاوازه. شوێنی كۆنی وه‌ك قه‌ڵات و كڵێسا‌و شوێنه‌واری دیكه هه‌ن كه ده‌بێ وایان لێبكرێت گه‌شتیاران سه‌ردانیان بكه‌ن . شوێنی دیكه‌ی دێرین هه‌ن وه‌كو ئه‌شكه‌وتی شانه‌ده‌ر كه مرۆڤی نیاردهتاڵی تێدا ژیاوه, شوێنی قه‌شه ماسی‌و كه شوێنێكی گرنگه بۆ مه‌سیحیه‌كان هه‌روه‌ها لالیش كه ئه‌ویش شوێنێكی گرنگه بۆ ئاینی یه‌زیدی" .ئه‌و پێی وایه ده‌بێت رێبه‌ر گه‌شتیاری زیاتر گرنگی پێ‌بدریت وه ده‌ڵێت " رێبه‌ری گه‌شتاری نییه ئه‌گه‌ر هه‌شبێت زانیاری ده‌رباره‌ی شوێنه‌كان زۆر كه‌من".
.ئه‌و نووسه‌ره‌ی تایمز پێی وایه خه‌ڵكێكی زۆر سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانیان كردووه .ده‌ڵێت " له‌ماوه‌ی جه‌ژندا ژماره‌ی گه‌شتیاران به‌رز بووه وه بۆ 60 هه‌زار گه‌شتیار كه %70 یان گه‌شتیارانی باشووری عێراق بوون, دوای ئه‌وان ئێرانی به‌پله‌ی دووه‌م و تورك و ئه‌وروپیش به به‌پله‌ی سێیه‌م و چواره‌م".
ئه‌و سه‌ره‌نج ده‌دات له‌باره‌ی گرنگیدان به كه‌رتی گه‌شتیاری وده‌ڵێت" بۆردی گه‌شتیارى هه‌رێمی كوردستان داوای له كۆمپانیا لوبنانه‌كان كردووه تاوه‌كو یارمه‌تیان بده‌ن له رێكخستنی 65 ناوچه‌ی گه‌شتیاری".
ئه‌و نووسه‌ره پێی وایه به‌ربه‌ست هه‌نه له‌به‌رامبه‌ر به‌ره‌و پێشچونی كه‌رتی گه‌شتیاری هه‌رێمی كوردستان به‌ڵگه‌شی بۆئه‌مه " ناوچه‌یه‌كی زۆر باشی گه‌شتیاری كه‌ده‌كه‌وێته هه‌رێمی كوردستان ,چه‌كداره‌كانی PKKی تێدانه (به‌پێی نووسه‌ر)كه "پارتێكی تیرۆریستیه". به‌ربه‌ستێكی دیكه‌ش ئه‌و بارگرژیهى نێوان هه‌ولێرو به‌غداد بووه كه‌به‌هۆیه‌وه وای كرد ژماره‌ی گه‌شتیاران كه‌م ببێته‌وه" .
نووسه‌ر له‌كۆتایی بابه‌ته‌كه‌یدا ده‌ڵێت" هه‌رێمی كوردستان شوێنێكی خۆشی گه‌شتیاریه . ناوچه‌ی زۆر خۆشی تێدایه وه‌ك گه‌لی عه‌لی به‌گ كه ڤێلاو هۆتێلی لێنیه به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش خهڵگێكی زۆر سه‌ردانی ده‌كه‌ن". نووسه‌ر ده‌ڵێت خه‌ڵكانێكی زۆر له خوارووی عێراق , هه‌رێمی كوردستان به ناوچه‌یه‌كی گه‌شتیاری داده‌نێن. ته‌نانه‌ت له‌كاتی ههڤپهیڤینێكم له‌گه‌ڵ گه‌شتیارێكی خوارووی عێڕاق, پرسیاری ئه‌وه‌ی لێكردم:ئایا ده‌توانم دوای سه‌ربه‌خۆیی كوردستانیش سه‌ردانی ئێرهبكهم؟".
ئاماده‌كردنی : ئاری ره‌سوڵ
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان خوازیارە هێزێکی مەدەنی سنووری رۆژئاوای کوردستان بەدەستەوە بگرێت و رەتی دەکاتەوە کە سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان داخرابێت.
د. حەمید دەربەندی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی گشتی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ (رووداو) رایگەیاند "هەرێمی کوردستان هیچ سنوورێکی فەرمی لەگەڵ رۆژئاوای کوردستان و سووریا نەبووە و تەنها لە پیشخابوور بنکەیەکی سنووری هەیە کە لە نەوەدەکانەوە بۆ هاتوچۆی سووریای ئەو کاتە کەڵکی لێ وەردەگیرا".
د. حەمید دەربەندی کە لە هەمانکاتدا بەرپرسی کەیسی رۆژئاوای کوردستانە راشیگەیاند "ئەو بنکە سنوورییە هیچکات نەگیراوە تا ئێستا باس لە کردنەوەی بکرێت، رۆژێک لە رۆژان ئێمە سنوورمان نەگرتووە و ئەوەی کە باس دەکرێت تەنها هەڵمەتێکی راگەیاندنە. خاڵی پیشخابوور هاتوچۆی بەردەوامی لەسەرە و رۆژانە خەڵکی رۆژئاوای کوردستان لێی دەپەڕنەوە و کەڵکی لێ وەردەگرن".
بەگوتەی ئەو بەرپرسەی کەیسی رۆژئاوای کوردستان، سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان لە پیشخابوور تاکو پردی سحێلا بەدرێژایی 8 کیلۆمەترە و لە پردی سحێلا تا گوندی قاهیرە کە درێژایی 30 کیلۆمەترە، ئاخرین هێڵی پەیوەندی ئێمەیە لەگەڵ حکومەتی عێراقە، لەو 30 کیلۆمەترە بەشێوەیەکی یەکجار زۆر بەرفراوان خەڵک هاتوچۆی خۆی دەکات و رۆژانە 400 تا 500 کەس لە رۆژئاوای کوردستانەوە دێنە ناو هەرێمی کوردستان و داوای پەنابەرێتی دەکەن و لە کەمپی دۆمیز نیشتەجێ دەکرێن.
د. حەمید دەربەندی سەبارەت بە دەنگۆی رێگەگرتن لە ناردنی کەلوپەل بۆ رۆژئاوای کوردستان گوتی "هاتوچۆی کەلوپەل لەسەر سنوور رانەگیراوە و من خۆم هەفتەی رابردوو سەردانی ناوچەکەم کرد و چەند رۆژێک لەوێ بووم و چاودێری هاتوچۆی کاڵا و هاوڵاتیانم کردووە و ئەوەی کە پێشی لێ گیراوە، تەنها جگەرە و هەندێک کەلوپەل بووە کە پێشی لێ گیراوە و ئەوەش شتێکی قاچاخ بووە کە لە لایەن ئێمەوە (هەرێمی کوردستان) هەندێک کەسی بازرگان کەڵکی لێ وەردەگرت و لە لایەن رۆژئاوای کوردستانەوە تەنها لایەنێک کەڵکی لێ وەرگرتووە و سودمەند بووە و هیچ سودێکی بۆ خەڵک نەبووە".
لەرێکەوتی 2012/7/19، بە کشانەوەی هێزەکانی رژێمی سووریا لە شاری کۆبانی، هێزە کوردییەکان بۆ یەکەم جار کۆنتڕۆڵی شارێکی رۆژئاوای کوردستانیان بەدەستەوە گرت و لە رۆژانی دواتردا شارەکانی عەفرین، ئامودا، تربەسپی، گڕکێ لەگێ و دێرک بەدەست یەکینەکانی پاراستنی گەل YPG کەوت.
YPG خۆی بەهێزێکی کوردی سەربەخۆ دەناسێنێت بەڵام پارتەکانی رۆژئاوای کوردستان YPG بە باڵی سەربازی پارتی یەکێتی دیموکراتی PYDی نزیک لە PKK ناو دەبەن.
ئێستاکە کۆنتڕۆڵی سەرجەم شارەکان و سنووری رۆژئاوای کوردستان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەژێر دەستی YPG دایە.
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی گشتی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لەدرێژەی لێدوانەکەیدا بۆ (رووداو) رایگەیاند "لێرە ئێمە حکومەتین و دامەزراوەی حکومیمان هەیە و زیاتر لە 20 ساڵە لە خاڵی فیشخابوور، بنکەی سنووریمان هەیە کە هەموو دامەزراوە پێویستەکانی سنووری لێیە. کەچی لە لایەنی رۆژئاوای کوردستان هیچ دامەزراوەیەکی مەدەنی لێ نییە بۆ وەرگرتنی ئەو یارمەتییە مرۆییانە و تەنها کۆمەڵێک چەکداری سەر بە لایەنێکی دیاریکراوی لێیە و هەم ئێمە وەکو سەرۆکایەتی و حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەم رێکخراوە خێراخوازییەکانی ناوخۆی کوردستان و دەرەوە نامانەوێت لەگەڵ لایەنێکی چەکدار مامەڵە بکەین".
بەرپرسی کەیسی رۆژئاوای کوردستان لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ئاشکراشی کرد "ئێمە لە چوارمانگ پێشترەوە بە لایەنی رۆژئاوای کوردستان‌مان راگەیاندووە کە سنوور بکرێتە دامەزراوەیەکی مەدەنی و کەسانی مەدەنی سەر بە دەستەی باڵای کورد یان لیژنەی هاوبەشی هەردوو ئەنجوومەنی گەل و ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد پێک بێت و هێزی چەکداری لێ نەمێنێت و کەسانی مەدەنی کاروباری سنوور بەڕێوە ببەن و هێزە چەکدارەکان تەنها پارێزگاری لە سنوور و کەسە مەدەنییەکانی سەر سنوور بکەن و لە دەرەوەی کۆمەڵگا سنوورییەکە بن. ئێمە بۆ ئەو مەبەستە تا ئێستا 4 جار بەشێوەیەکی نووسراو لەگەڵ لایەنی رۆژئاوای کوردستان رێککەوتووین، بەڵام لایەنی بەرامبەر تا ئێستا ئەو رێککەوتنەیان جێبەجێ نەکردووە".
د. حەمید دەربەندی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی گشتی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و بەرپرسی کەیسی رۆژئاوای کوردستان گوتیشی "ئەمڕۆ لایەنی رۆژئاوای کوردستان پێیان راگەیاندووین 40 کەسی مەدەنی کە شارەزای کاروباری ئیدارین دەنێرنە سەر سنوور بۆ ئەوەی کاروبارەکان راپەڕێنن. ئەوان وا خەریکن و ئێمە چاوەڕوانی ئەوان دەکەن".
سەرچاوە: رووداۆ/ ساکار عەبدوللازادە
بەپێی نوێترین ئاماری كۆماری ئیسلامی ئێران، پتر لە 900 هەزار نەخوێندەوار لە رۆژهەڵاتی كوردستان هەن، شارەزایانی بواری پەروەردە پێیانوایە هەژاری ، بێ هیوایی لە دواڕۆژ، نەبوونی سیاسەتێكی گونجاو بۆ نەهێشتنی نەخوێندەواری و بڵاوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان، هۆكارن.
بەپێی ئامارەكان پارێزگای ئیلام كە ژمارەی دانیشتووانی 500 هەزار كەسە، 84 هەزار نەخوێندەواری هەیە. لە پارێزگای ورمێ (ئازەربایجانی رۆژئاوا) 188 هەزار نەخوێندەوار و 44 هەزار خوێندەواری ئاست نزم هەن. لە پارێزگای كرماشان 307 هەزار كەس و لە پارێزگای سنە (كوردستان) زیاتر لە 286 هەزار نەخوێندەوار هەن.
ژمارەی دانیشووانی رۆژهەڵاتی كوردستان نزیكەی 10-12 ملیۆن كەسە، بەپێی ئەو ئامارە رێژەی نەخوێندەواری لە رۆژهەڵاتی كوردستان نزیكەی 10%یە.
خالید تەوەكولی، كۆمەڵناس لە شاری سەقزی رۆژهەڵاتی كوردستان، سەرسوڕمانی خۆی لە زیادبوونی رێژەی نەخوێندەواری لە سەرتاسەری ئێران دەردەبڕێ و نەبوونی چاودێری لەسەر كارەكانی “بزووتنەوەی نەهێشتنی نەخوێندەواری”، بە یەكێك لە هۆكارەكانی ئەم دیاردەیە دادەنێت .
ئەم دامەزراوە حكومەتییە ساڵی 1979 بە بڕیاری ئیمام خومەینی، دامەزرێنەری كۆماری ئیسلامی ئێران، بە مەبەستی سڕینەوەی یەكجاری نەخوێندەواری پێكهات. بەڵام دوای زیاتر لە سێ دەیە لە دامەزرانی، شارەزایان گومان دەخەنە سەر چالاكییەكانی و پێیانوایە سەركەوتوو نەبووە.
تەوەكولی دەڵێ بزووتنەوەی نەهێشتنی نەخوێندەواری مامۆستایانیان رادەسپارد تاوەكو لە گوندەكان خەڵكانی نەخوێندەوار بدۆزنەوەو فێری خوێندەواریان بكەن، مووچەی ئەم مامۆستایانەش بەپێی ژمارەی نەخوێندەواران دەدرا، بۆیە مامۆستایان زۆرجار داوایان لە خەڵك دەكرد بەشداری خولەكانیان بكەن بۆ ئەوەی مووچەیەكی زیاتر وەربگرن.
سلێمان مەنگوڕی، مامۆستا و چالاكی مەدەنی لە مەهاباد، بە (رووداو)ی گوت “بزووتنەوەی نەهێشتنی نەخوێندەواری زیاتر گرنگی بە گەورە ساڵان دەدات ، ئەمەش جۆرێك لە دوو فاقییەتی دروستكردبوو. چونكە كەسێك كە تازە دەچێتە قوتابخانە جیاوازە لەگەڵ كەسێكی گەورە ساڵ”.
سلێمان مەنگوڕی، گومان دەخاتە سەر ئامارەكان كە چۆن ئامادەكراون و پێناسەی بۆ نەخوێندەوار چییە و پێیوایە حكومەتی ئێران لە نەهێشتنی نەخوێندەواریدا سەركەوتوو نەبووە، كە بڕیاربوو لەساڵی 1987دا كۆتایی بە نەخوێندەواری بێنێ، ئەویش بەهۆی ئەوی كە “بزووتنەوەی نەهێشتنی نەخوێندەواری، چەندین جار گۆڕانی بەسەردا هات. سەردەمانێك سەربەخۆ بوو و دواتر تێكەڵی ئیدارەی پەروەردە و راهێنان كرا”.
خالید تەوەكولی باسی هۆكارەكانی نەخوێندنی منداڵانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەكات و دەڵێ “بەهۆی گرفتی ئابوورییەوە خێزانەكان ناتوانن منداڵەكانیان بنێرنە قوتابخانە”.
هەروەها سلێمان مەنگوڕی باسی چەند هۆكارێك دەكات و دەڵێ “لە گوندەكان خەڵك رێ لە خوێندنی منداڵەكانیان دەگرن. چونكە پێیانوایە هێزی كاریان لە دەستدا نامێنێ. یان لە ناوچە سنوورییەكان بیر لە پاشەڕۆژ ناكەنەوە. خەڵك زیاتر كاری قاچاخ و دەستفرۆشی دەكەن. هەندێك خێزانیش بۆ دابینكردنی بژێوی ژیان روو لە كورەخانەكان و ناوچە دوورەكان دەكەن. كە زۆر لەو شوێنانە قوتابخانەیان نییە”.
سواڵكردن لەجێی خوێندن
خالید تەوەكولی ئاڵوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەكانیش بە هۆكارێك دەزانێ بۆ زیادبوونی رێژەی نەخوێندەواری و دەڵێ “هەندێك لەو خێزانانە جگە لەوەی بە منداڵەكانیان ناخوێنن ، سواڵیان پێدەكەن، یان بە كرێیان دەدەن تاوەكو كەسێكی دیكە سواڵیان پێبكات”.
سلێمان مەنگوڕی نەبوونی پێداویستی و هەڵاواردنی رەگەزیش وەك هۆكاری دیكە ناودەبات. بۆ وێنە كێشەی كڕینی كتێب و پێداویستییەكانی دیكەی خوێندن یان هەندێ لە گوندەكان، كە ژمارەی دانیشتووانیان كەمە و قوتابخانەیان نییە. ئەو مامۆستایە هەروەها باس لەوەش دەكات كە لە هەندێ شوێن بەتایبەت لە گوندەكان تائێستاش جیاوازی لەنێوان كچان و كوڕان دەكرێ و كەمتر رێگە بە كچان دەدرێ، بخوێنن.
پەیامی پیروزبایی بزووتنەوەی کۆماریخوازانی رۆژهەلاتی کوردستان، بە بۆنەی سالی تازەی زاینی
بزووتنەوەی کۆماریخوازی رۆژهەلاتی کوردستان، به‌بۆنه‌ی جێژنی لەدایکبوونی عیسای مەسیح و نوێبوونەوەی سال و دەستپێکی سالی تازەی ٢٠١٣ی زایینی، پر بەدل پیرۆزبایی ئاراسته‌ی خەلکی کوردستان و گشت مه‌سیحیانی کورد و سەرجەم پەێرەوانی ئاینی پێروزی مەسیح لە گشت جیهان دا دەکات. و هێوادارە سالی تازە، سالی ئاشتی، ئاسایش و پێکەوەژیانی بەئاشتی بێت بۆ هەموو لایەک و ساڵی تەبایی و سەرکەۆتنی سیاسەتی تەعاموول و لێکتێگەیشتنی گشتگیرانە بێت بەسەر ناتەبایی و سیاسەتی تەقابوول و گرژی و ململانی، لە گشت کوردستان و جیهان، بەتایبەتی لە رۆژهەلاتی کوردستان دا.
شوورای هەماهەنگی بزووتنەوەی کۆماریخوازی رۆژهەلاتی کوردستان
١/١/٢٠١٣ی زاینی
نێچیرڤان بارزانی له په‌یامێكدا به‌بۆنه‌ی سه‌ری ساڵی نوێ‌دا وێڕای پیرۆزباییكردن، هیوای چاكبوونه‌وه و گه‌ڕانه‌وه بۆ مام جه‌لال ده‌خوازێت.
نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له لاپه‌ڕه‌ی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووكی تایبه‌ت خۆی به‌بۆنه‌ی سه‌ری ساڵی نوێیه‌وه په‌یامێكی بڵاوكردووه‌ته‌وه كه تێیدا هیواداره "ساڵى تازه ببێته ساڵى سه‌ركه‌وتن، ئارامى و ئاسووده‌یى، خۆشى و كامه‌رانى بۆ هه‌مووان و ببێته مایه‌ى گه‌شه‌سه‌ندن و پێشكه‌وتنى به‌رده‌وام، ئاوه‌دانى و خۆشگوزه‌رانیى زیاترى كوردستان".
سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له په‌یامه‌كه‌یدا هیوای چاكبوونه‌وه و به سه‌لامه‌تی گه‌ڕانه‌وه بۆ مام جه‌لال، سه‌رۆك كۆماری عێراق ده‌خوازێت.
ئه‌مه‌ش ده‌قه‌كه‌یه‌تی:
ساڵی تازه‌ی 2013 له هه‌موو كوردستانیان له هه‌ر كوێیه‌ك بن پیرۆز ده‌كه‌م، هیوادارم ساڵى تازه ببێته ساڵى سه‌ركه‌وتن، ئارامى و ئاسووده‌یى، خۆشى و كامه‌رانى بۆ هه‌مووان و ببێته مایه‌ى گه‌شه‌سه‌ندن و پێشكه‌وتنى به‌رده‌وام، ئاوه‌دانى و خۆشگوزه‌رانیى زیاترى كوردستان. هیواى چاكبوونه‌وه و به سه‌لامه‌تى گه‌ڕانه‌وه بۆ جه‌نابى مام جه‌لال سه‌رۆك كۆمارى عیراق ده‌خوازم. هه‌ر له خۆشی‌دا بن و له ساڵى تازه‌دا خه‌ون و هیواكانتان بێنه دى. سڵاو و ڕێز بۆ هه‌مووان..
شانشینى عه‌ره‌بی سعودیه بۆساڵی نوێ گه‌وره‌ترین بودجه‌ى وڵات له‌مێژووى خۆى په‌سه‌ند ده‌كات و زۆرینه‌ى خه‌رجیی ئه‌و بودجه‌یه‌ش بۆ په‌ره‌پێدانه.
عه‌بدوڵڵا كوڕى عه‌بدولعه‌زیز ئال سعود، پادشاى سعودیه به‌سه‌رۆكایه‌تى كردنى كۆبوونه‌وه‌ى گشتى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانى وڵاته‌كه‌ى بودجه‌ى گشتى سعودیه بهكوژمهى 820 ملیار ریاڵ (ده‌كاته 218 ملیار دۆلارى ئه‌مریكى) په‌سه‌ند دهكاتو راشیگه‌یاند نزیكه‌ى 9 ملیار ریالى سعودى زیاده هه‌یه له‌خه‌زێنه‌ى میریدا.
له‌و كۆبوونه‌وه‌یه گفتوگۆ له‌سه‌ر هاورده‌كانى ئه‌و شانه‌شینه كراوه و كه‌پێشبینى ده‌كرێت بگاته 892 بلیۆن دۆلار (237.8 دۆلار)، له‌به‌رامبه‌ردا خه‌رجییه‌كانیش به 820 بلیۆن ریاڵ مه‌زنده كراوه‌و زیاده‌ى گشتى دارایی گه‌یشتووه‌ته 9 بلیۆن ریاڵ.
له‌بودجه‌ى ئه‌مساڵیدا ئه‌و وڵاته‌دا توانیویه‌تى رێژه‌یه‌كى زیاده له‌بودجه‌ى خۆى تۆمار بكات به‌برى 386 بلیۆن ریاڵو رێژه‌ى سه‌دا 77 ى تۆمار كردووه له‌رێژه‌ى زیادهییدا.
له‌ووته‌یه‌كیدا بۆ ئه‌و مه‌به‌سته پادشاى شانشینى سعودىه رایگه‌یاند " ئه‌مساڵ بودجه‌ى ساڵى دارایی په‌سه‌ندكراو هیمایهكه بۆ به‌رده‌وام بوون له‌خه‌رج كردنى به‌پێى به‌رنامه‌ى دارێژراو".
عه‌بدوڵڵا ئال سعود ئه‌وه‌شى گوت" پڕۆژه‌كان هاوكارن بۆ پهرهپێدانو پێشكه‌وتن بۆ به‌رژه‌وه‌ندى هاوڵاتیانو گه‌لى سعودىه بۆ ئه‌وه‌ى زۆرترین خزمه‌تگوزارى پێشكه‌ش بكرێت‌و بگاته ئاستى پێویست".
به‌پێى ئامار‌و ژماره‌كانى بودجه‌ى 2013 ــدا ده‌رماڵه‌كانى ته‌ندروستى، په‌ره‌پێدانى كۆمهڵایهتىو گواستنه‌وه به‌رێژه‌ى سه‌دا 16 زیادى كردووه‌و بڕى 100 ملیار ریاڵ ته‌رخانكراوه، له‌رووى په‌روه‌رده‌شدا به‌رێژه‌ى سه‌دا 25 زیادى كردووه‌و بڕى دیاریكراویش بۆ ئه‌و بواره 204 ملیار ریال ته‌رخانكراوه.
ئال سعود ئه‌وه‌شى گوتووه" هیچ بیانوویه‌ك نامێنێت بۆ كه‌م ته‌رخه‌م له‌پێشكه‌ش كردنى خزمه‌تگوزارى ئێوه به‌رپرس له‌به‌رامبه‌ر خودا". داواشى لهبهرپرسانو وه‌زیره‌كانى حكومه‌ت كردووه له‌به‌رده‌م میدیاكاندا شیكردنه‌وه‌ى بۆ ئه‌و بڕه بودجه‌یه بكات كه‌ته‌رخانكراوه بۆ بودجه‌كه‌ی.
بۆ بواره‌كانى وه‌ك كشتوكاڵ‌و پیشهسازىو كه‌رته‌كانى دیكه‌ى ئابوورى زیاد به 57 ملیار ریاڵ ته‌رخانكراوه به‌رێژه‌ى سه‌دا 11 ى بودجه‌ى گشتى سعودیه ده‌ستنیشان كراوه.
له‌ماوه‌ى 81 ساڵى رابردوو بودجه‌ى سعودیه هه‌شتاو هه‌شت هه‌زار جار زیادى كردووه‌و یه‌كه‌مین بودجه‌ى په‌سه‌ندكراوى ئه‌و شانه‌شینه بریتى بووه له 14 ملیۆن ریاڵ بووه كه‌له‌ساڵى 1352 هیجرى بووه (1939 زایینى).
ساڵى پاریش ئه‌و وڵاته زیاتر له 330 ملیار دۆلار داهاتى بووه كه‌زۆرترین داهاتیش له‌فرۆشتنى نه‌وتى خاو بووه كه‌ئه‌و وڵاته به‌پله یه‌كه‌م دێت له‌سه‌ر ئاستى جیهان له‌به‌رهه‌مهێنانى نه‌وتدا.
سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاش، هاوسه‌رۆكی پارتی ئاشتی ودیموكرات(BDP)،ڕایگه‌یاند ئه‌ردۆغان فه‌رمانی هێرشه‌كه‌ی ڕۆبۆسكی ده‌ركردووه.
سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاش، هاوسه‌رۆكی پارتی ئاشتی و دیموكراتی (BDP)، ڕۆژی هه‌ینی 28 ی كانوونی یه‌كه‌م له‌میانه‌ی مه‌راسیمی یه‌كه‌مین ساڵیادی كۆمه‌ڵكوژییه‌كه‌ی ڕۆبۆسكیدا له گوندی ڕۆبۆسكی له‌ناو ئاپۆڕای جه‌ماوه‌ری باكووری كوردستاندا ڕایگه‌یاند "فه‌رمانی هێرشكردنه سه‌ر قوربانیه‌كانی ڕۆبۆسكی له‌لایه‌ن ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا-ه‌وه ده‌ركراوه".
ڕۆژی 28ی كانوونی یه‌كه‌می ساڵی 2011 له ئه‌نجامی هێرشی فڕۆكه جه‌نگیه‌كانی سوپای توركیا بۆسه‌ر كاروانی ژماره‌یه‌ك كاسبكاری كورد له گوندی ڕۆبۆسكی ناوچه‌ی قلابانی سه‌ر به پارێزگای شرنا‌خ، 34 هاوڵاتی گیانیان له‌ده‌ستدا، كه 17 یان منداڵ بوون، و ژماره‌یه‌كی دیكه‌ش برینداربوون.
ده‌میرتاش وتیشی:" زانیارییه‌ك به ئه‌ردۆغان ڕاگه‌یه‌ندرابوو به‌وه‌ی كه‌سێكی باڵای پارتی كرێكارانی كوردستان له‌ناو كاسبكارهكاندایه، به‌ڵام زانیاریشی له‌باره‌ی هاوڵاتیاكانهوه پێوترابوو."
ده‌میرتاش داوای له ئه‌ردۆغان كرد دانبنێت به‌وه‌ی فه‌رمانی بۆمبارانكردنی هاوڵاتیه كورده‌كانی ده‌ركردووه.
دوای كۆمه‌ڵكوژییه‌كه، سوپای توركیا رایگه‌یاند به هه‌ڵه هێرشی كردووه‌ته‌سه‌ر هاوڵاتیه‌كان و ئاماژه‌یكرد به‌وه‌ی به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی له فڕۆكه بێفڕۆكه‌وانه‌كانه‌وه به‌ده‌ستی گه‌یشتبوو، وایزانیبوو قوربانیه‌كان گه‌ریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه) ن.
مانگی كانوونی دووه‌می ئه‌مساڵ لیژنه‌یه‌كی لاوه‌كی له په‌رله‌مانی توركیا دروستكرا بۆ لێكۆڵینه‌وه له كۆمه‌ڵكوژییه‌كه، به‌ڵام هێشتا لیژنه‌كه لێكۆڵینه‌وه‌كانی ته‌واو نه‌كردووه و هیچ ئه‌نجامێكی بڵاونه‌كردووه‌ته‌وه. چه‌ند ئه‌ندامێكی لیژنه‌كه كه سه‌ربه پارته ئۆپۆزسیۆنه‌كانی توركیان جه‌ختیانكردووه‌ته‌وه سه‌رۆكایه‌تی ئه‌ركانی سوپا و وه‌زاره‌تی به‌رگریی و ده‌زگای هه‌واڵگری نیشتمانی توركیا (میت) ڕه‌تیانكردووه‌ته‌وه به‌ته‌واوی هاوكاری لیژنه‌كه بكه‌ن و زانیاریان پێبده‌ن و وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی لیژنه‌كه بده‌نه‌وه.
له‌وباره‌یه‌وه لیڤینت گۆك، په‌رله‌مانتاری پارتی كۆماری گه‌لی ئۆپۆزیسیۆن، دوێنێ هه‌ینی له پرێس كۆنفرانسێكدا به تووندی هێرشی كرده سه‌ر حكومه‌تی توركیا و داوایكرد پارله‌مانتاره‌كانی پارتی داد و گه‌شه‌پێدان (AKP) ی فه‌رمانڕه‌وا كه ئه‌ندامن له لیژنه‌كه‌دا، ده‌ست له‌كاربكێشنه‌وه و جه‌ختیكرده‌وه "كۆمه‌ڵكوژییه‌كه‌ی ڕۆبۆسكی پارتی داد و گه‌شه‌پێدان-ی كرووه‌ته بارمته و په‌رله‌مانتاره‌كانی متمانه‌یان دۆڕاندووه". ئاماژه‌شیكرد به‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌ركانی سوپای توركیا ده‌یانه‌وێت كۆمه‌ڵكوژییه‌كه‌ی ڕۆبۆسكی له‌بیرخۆیان به‌رنه‌وه.
میدیاكانی توركیا ڕایانگه‌یاند مانگی كانوونی دووه‌می ساڵی داهاتوو لیژنه‌كه ڕاپۆرتێكی 70 لاپه‌ڕه‌یی بڵاوده‌كاته‌وه.
هاوكات سه‌باحه‌ت تونجه‌ل، په‌رله‌مانتاری شاری ئه‌سته‌نبوڵی پارتی كۆمه‌ڵگای دیمۆكراتی (DTP)، له په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا به سایتی حوڕییه‌ت ده‌یلی نیوزی ڕاگه‌یاندووه:"ڕاپۆرتی لیژنه‌كه ڕاستی تێدانیه‌و كۆمه‌ڵكوژییه‌كه ناتوانرێت حهشاربدرێت، بۆیه (به‌رانێكی قوربانی) یان دۆزیووه‌ته‌وه و ده‌یانه‌وێت تاوانه‌كه بكه‌نه ملی چه‌ند كه‌سێكی دیكه. ده‌وڵه‌ت ڕۆڵێكی گرنگی گێڕاوه له هه‌موو قهتڵوعامهكانی توركیا وه‌كو ماراش سیڤاس".
به‌م دواییانه رێكخراوی هیومان ڕایتس ۆچ كه باره‌گاكه‌ی له شاری نیویۆركه حكومه‌تی توركیای هاندا لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی " شه‌فاف و ڕاسته‌قینه" سه‌باره‌ت به كۆمه‌ڵكوژی ڕۆبۆسكی ئه‌نجامبدات، و ئه‌نجامده‌رانی كۆمه‌ڵكوژییه‌كه بداته دادگا.
وه‌رگێڕانی له ئینگلیزییه‌وه: دانا ته‌یب مه‌نمی
دیمه‌شق پێشوازى له‌هه‌ر دهستپێخهرییهكى هه‌رێمى و نێوده‌وڵه‌تى ده‌كات كه قه‌یرانى وڵاته‌كه‌ی له رێگه‌ى گفتوگۆوه چاره‌سه‌ر بكات.
وائیل حهلقى، سه‌رۆك وه‌زیرانى سووریا له وتارێكیدا كه ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه له ئه‌نجوومه‌نى گه‌لى وڵاته‌كه‌ى پێشكه‌شى كرد، گوتی "دیمه‌شق پاڵپشتى له هه‌ر جۆره پڕۆژه‌یه‌كى به‌رژه‌وه‌ندى نیشتیمانى ده‌كات و پێشوازیش له‌و ده‌ستپێشخه‌رییه هه‌رێمى و نێوده‌وڵه‌تیانه ده‌كات، كه كێشه‌ى ئێستاى وڵاته‌كه‌ى له رێگه‌ی گفتوگۆ و ئاشتیه‌وه چاره‌سه‌ر بكات".
حهلقى ده‌ستوه‌ردانى نێوده‌وڵه‌تیشی له كاروباره‌كانى ناوخۆى سووریا ره‌تكرده‌وه و گوتىشی"ئه‌وه‌ى له‌سووریا رووده‌دات په‌یوه‌ندى به ناوخۆی وڵاته‌كه‌یانه‌وه هه‌یه و ته‌نها سووریهكانیش بێ ده‌ستوه‌ردان و سه‌پاندن له ده‌ره‌وه چاره‌سه‌رى ده‌كه‌ن".
ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ى دیمه‌شق دواى ئه‌وه دێت كه دوێنێ یه‌كشه‌ممه، ئه‌خزه‌ر ئیبراهیمى، نێرده‌ى هاوبه‌شى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و عه‌ره‌بی، رایگه‌یاند كه پێشنیارێكى نوێى بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ى سووریا له‌به‌رده‌ستدایه و له‌وانه‌شه ره‌زامه‌ندى نێوده‌وڵه‌تى بۆ به‌ده‌ست بهێنێت.