پێشتر نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاندبوو کە ھەر شاندێکی وڵاتانی دەرەوە بیانەوێ سەردانی ھەرێمی کوردستان بکەن ، دەبێ رەزامەندی حکومەتی عێراقیان ھەبێ ، ئینجا دەتوانن سەردانی ھەرێمی كوردستان بکەن و لەگەڵ بەرپرسانی ھەرێمی كوردستان کۆببنەوە .
حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش رایدەگەیەنێت کە ھەرێمی کوردستان پابەندە بە دەستووری عێراق و لەچوارچێوەی دەستوور میوانداری شاندو بەرپرسانی وڵاتانی دەرەوە دەکات .فەلاح مستەفا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ھەرێم رایگەیاند "حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵ و دەستووری عێراقەوە میوانداری شاندو گەورە بەرپرسانی وڵاتانی دەرەوە دەکات و ھیچ کاتێ ھەرێمی کوردستان لەو پرسەدا پێشێلی دەستووری عێراقی نەکردووەو ھەر لەو چوارچێوەیەشدا مافێکی سروشتی ھەرێمی کوردستانە کە میوانداری بەرپرسانی وڵاتانی بیانی بکات ".
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ھەرێم لە میانەی کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسی کە لەگەڵ کریس شێنکۆ ی وەزیری دەرەوەی ئۆکرایین لەشاری ھەولێر بۆیان رێکخرابوو گوتیشی "ھەرێمی کوردستان لەچوارچێوەی عێراقی فیدراڵ و بە پشت بەستن بە ماددە دەستورییەکان بەردەوام دەبێت لە بەرەو پێشەوە بردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە".
نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان رايدهگهيێنێت قبووڵ ناكه‌ين هێزه‌كانى ناوخۆ بخرێنه سه‌ر ئۆپه‌راسیۆنه‌كانى دیجله، هیواداره كێشه‌كان به دیالۆگ و گه‌ڕانه‌وه بۆ ده‌ستوور چاره‌سه‌ر بكرێن.
پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 21ى نۆڤه‌مبه‌رى 2012، به سه‌رۆكایه‌تیى نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان و به ئاماده‌بوونى عیماد ئه‌حمه‌د جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران، كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان به‌ڕێوه چوو.
له سه‌ره‌تاى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆك وه‌زیران پوخته‌یه‌كى ده‌رباره‌ى سه‌ردانه فه‌رمییه‌كه‌ى بۆ كۆمارى ئیسلامیى ئێران پێشكه‌ش كرد و ئاماژه‌ى به‌وه دا كه به هه‌موو پێوه‌ره‌كان سه‌ردانێكى سه‌ركه‌وتوو بووه و ئه‌و ساردى و لێكنهگهیشتنهى ڕه‌وانده‌وه كه كه‌وتبووه په‌یوه‌ندیى هه‌ردوولاوه. هه‌روه‌ها داكۆكى له سه‌ر هه‌بوونى په‌یوه‌ندیى باش و به‌تین له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێى هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه و ڕایگه‌یاند كه كۆمارى ئیسلامیى ئێران دراوسێیه‌كى گرنگه و په‌ره‌پیدانى په‌یوه‌ندیى ئابوورى و بازرگانى و هاوكارى له بوارى وزه‌دا بۆ هه‌ردوولا سوودبه‌خشه.
نێچیرڤان بارزانى هه‌روه‌ها سه‌ردانى د.سه‌عیدلوو جێگرى سه‌رۆك كۆمارى ئیسلامیى ئێران بۆ كاروبارى نێوده‌وڵه‌تى بۆ هه‌رێمى كوردستان به سه‌رتاى قۆناغێكى دیكه‌ى په‌یوه‌ندیى دووقۆڵیى نێوان هه‌رێمى كوردستان و كۆمارى ئیسلامیى ئێران له قه‌ڵه‌م دا و ڕوونى كرده‌وه كه هه‌ردوولا له سه‌ر نه‌هێشتنى ئه‌و گیروگرفتانه‌ى ده‌بنه ڕێگر له به‌رده‌م به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى ئاڵوگۆڕى بازرگانى و چالاكییه ئابوورییه‌كان و هاتنى ئه‌و كۆمپانیا ئێرانییانه‌ى له ئاستى جیهاندا كار ده‌كه‌ن و كاران بۆ هه‌رێمى كوردستان ڕێككه‌وتوون و وه‌زاره‌ت و لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌كانى حكوومه‌تى بۆ به‌دواداچوونى ئه‌و ڕێككه‌وتنانه‌ى له میانى كۆنفرانسى په‌ره‌پێدانى بازرگانى و ئابووریى نێوان هه‌رێمى كوردستان و كۆمارى ئیسلامیى ئێران‌دا كراون، ڕاسپارد.
نێچیرڤان بارزانى هه‌روه‌ها تیشكى خسته سه‌ر به‌شداریكردنى له كۆنفرانسى ووزه و ئابووریى ئاتلانتیك كه له لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نى ئاتلانیتكهوه له ئه‌سته‌نبول ڕێكخرا و ڕایگه‌یاند له دیداره‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغانى سه‌رۆك وه‌زیرانى توركیا كه له په‌راوێزى كۆنفرانسه‌كه‌دا به‌ڕێوه چوو، داكۆكى له سه‌ر په‌ره‌پێدانى زیاترى په‌یوه‌ندیى ئابوورى و بازرگانى و گرتنه‌به‌رى ئه‌و میكانیزمانه‌ى په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندییه‌كان باشتر ده‌كه‌ن، كراوه‌ته‌وه و گوتى: "حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان چ له ڕووى سیاسى و چ له ڕووى ئابوورى و بازرگانییه‌وه؛ ده‌یه‌وێت په‌یوه‌ندیى باشى له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێیدا هه‌بێت".
دواى ئه‌وه ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران یاساى بودجه‌ى 2013ى هه‌رێمى كوردستانى خسته به‌ر باس و دواى گفتوگۆیه‌كى تێروته‌سه‌ل و خستنه‌ڕووى چه‌ند تێبینییه‌ك، بڕیار درا لیژنه‌یه‌ك بۆ داڕشتنه‌وه‌ى یاساى بودجه له ڕووى زمانه‌وانیه‌وه و ڕێكخستنه‌وه‌ى به‌شه‌كانى بودجه، دابمه‌زرێت.
ڕه‌وشى ناوچه دابڕاوه‌كان و ئه‌و پێشهات و ئاڵۆزیانه‌ى له ئه‌نجامى دروستكردنى فه‌رمانده‌یى ئۆپه‌راسیۆنه‌كانى دیجهلهوه هاتوونه‌ته ئاراوه، لایه‌نێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بوو. له‌مباره‌یه‌وه نێچیرڤان بارزانى ئاماژه‌ى به‌وه دا كه تا ئه‌و شوێنه‌ى جووله سه‌ربازییه‌كان په‌یوه‌ندییان به ڕێكخستنه‌وه‌ى سوپاى عیراقه‌وه هه‌یه؛ هیچ كێشه‌یه‌ك نیه، به‌ڵام پۆلیس و ئاسایش و هێزه‌كانى ناوخۆ بخرێنه سه‌ر فه‌رمانده‌یى ئۆپه‌راسیۆنه‌كانى دیجله‌وه و سه‌قامگیرى و ئارامیى ناوچه‌كان تێك بدرێت، ئه‌مه كارێكى ناده‌ستووریه و مایه‌ى قبووڵ نیه. هه‌روه‌ها هیواى خواست كه كێشه‌كه به شێوه‌یه‌كى ئاشتیانه، له ڕێگه‌ى دیالۆگ و لێكگه‌یشتن و گه‌ڕانه‌وه بۆ ده‌ستوور چاره‌سه‌ر ببێت.
ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران تیشكى خسته سه‌ر یه‌كهه‌ڵوێستى و یهكڕێزیى هێز و لایه‌نه كوردستانیه‌كان ده‌رباره‌ى ڕه‌وش و پێشهاته‌كانى ناوچه دابڕاوه‌كان و ئاماژه‌ى به‌وه دا كه هه‌رچه‌نده كار و جوولهكانى فه‌رمانده‌یى ئۆپه‌راسیۆنه‌كانى یجله مایه‌ى نیگه‌رانى و هه‌ڕه‌شه‌ن بۆ سه‌ر هه‌رێمى كوردستان، به‌ڵام له لایه‌كى دیكه‌شه‌وه ئه‌و كۆده‌نگى، یه‌كهه‌ڵوێستى و یهكڕێزیهى ده‌رباره‌ى پرسه‌كه له ناو هێز و لایه‌نه كوردستانیه‌كاندا هاتووه‌ته ئاراوه، مایه‌ى خۆشحاڵى و گارانتیى پاراستنى هه‌رێمى كوردستان و دهسكهوتهكانیهتى.
له كۆتایى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بڕیار درا هه‌موو وه‌زاره‌ت و ده‌زگا په‌یوه‌نداره‌كان ههماههنگیهكى ته‌واو له‌گه‌ڵ هه‌فته‌ى چالاكیه‌كانى ڕووبهڕوونهى توندتیژى دژى ئافره‌تان كه هه‌فته‌ى داهاتوو ده‌ست پێده‌كات بكه‌ن. هه‌روه‌ها به هه‌مان شێوه بڕیار درا هه‌موو وه‌زاره‌ت و ده‌زگا په‌یوه‌نداره‌كانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ یادكردنه‌وه‌ى بیست و پێنج ساڵه‌ى كیمیابارنكردنى هه‌ڵه‌بجه، هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ وه‌زراه‌تى كاروبارى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان بكه‌ن تاكو یاده‌كه به شێوه‌یه‌كى شیاو بكرێته‌وه...
ره‌وتی سه‌در داوا ده‌كات به زووترین كات كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا چاره‌سه‌ربكرێت. مشرق ناجی، گوته‌بێژی فراكسیۆنی ئه‌حرار-ی سه‌ر به ره‌وتی سه‌در له به‌یاننامه‌یه‌كدا كه وێنه‌یه‌كی نێردراوه بۆ (رووداو) رایده‌گه‌یێنێت "زیادبوونی ناكۆكییه‌كانی حكومه‌تی عێراق و هه‌رێمی كوردستان خزمه‌ت به به‌رژه‌وه‌ندی وڵات ناكه‌ن".
گوته‌بێژه‌كه‌ی فراكسیۆنی ئه‌حرار هه‌روه‌ها ده‌ڵێ "قوڵ كردنه‌وه‌ی ناكۆكی نێوان ناوه‌ند و هه‌رێم خزمه‌ت به هیچ لایه‌ك ناكات و له‌سه‌ر هه‌موولایه‌ك پێویسته به زووترین كات به گوێره‌ی ده‌ستوور كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن". كه وه‌ك ئه‌و گوتی "به شێوه‌یه‌ك بێت ده‌ستوور به دروستی جێبه‌جێ بكرێت كه دوور بێت له هه‌وا و ئاره‌زووه‌وه".
زەینەب بایزیدی، چالاکڤانی سیاسی کورد لە زیندان ئازاد بوو.
ئەمڕۆ سێ شەممە، زەینەب بایزیدی، ئەندامی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان و چالاکڤانی مافەکانی مرۆڤ و مافی ژنان دوای 4 ساڵ و 6 مانگ لە زیندان ئازاد بوو.
زەینەب بایزیدی کە ساڵی 1981 لە شاری مەهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە، لەساڵی 2008 لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەشاری مەهاباد دەستگیر کرا.
دادگای شۆڕشی شاری مەهاباد، بە تاوانی چلاکی بەدژی کۆماری ئیسلامی، ئەندامێتی لە رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان و تێکۆشانی مەدەنی لە پێناو مافی ژنان و مافە نەتەوەییەکان، سزای 4 ساڵ زیندانی کردن و دوورخستنەوە بۆ زیندانی زەنجان-ی بەسەر زەینەب بایزیدی داسەپاند.
پێشتریش زەینەب لە ساڵی 2005، بۆ ماوەی 40 رۆژ لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ دەستبەسەر کرابوو و دادگا سزای 6 مانگ زیندانی هەڵپەسێردراوی بەسەر داسەپاندبوو.
زەینەب دوای ئەوەی سزای 4 ساڵ زیندانی لە زەنجان تێپەڕاند بۆ تێپەڕاندنی سزای 6 مانگ زیندانییەکەی، بۆ گرتووخانەی مەراغە لە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژهەڵاتی دوورخرایەوە.
زەینەب لەناو زیندانی زەنجاندا نامەیەکی ئاراستەی رای گشتی کردبوو و رایگەیاندبوو "گرفت‌و ناعه‌داله‌تى ته‌نانه‌ت له زیندانیش به‌سه‌ر مرۆڤی کورددا ده‌سه‌پێ".
زەینەب بایزیدی، نامەکەی له‌و په‌ڕی خۆڕاگری‌و به ناوه‌رۆکێکی بوێرانه نووسیوه به‌شێوه‌یه‌ك که كه‌م كه‌س له‌ناو زیندانهكانى ئێران ده‌توانن به‌م بوێرییه نامه بنووسن "من سواڵ بۆ ئازادی ناکه‌م"، گوتیشى "لەو کاتەوە کە حوکمی نادادوەرانە بەسەر من‌و زۆر کەسی دیکەدا سەپا، بەڵێنیم بەخۆمداوە و سوێندم خواردووە کە هەرگیز غرووری خۆم نەخەمە ژێر پێ‌و لە هیچ کەسێکو بەتایبەت لەوانەی کە مافی رەوای منیان زەوت کردووە، نەپاڕێمەوەو داواى لێبوردنیان لێناكه‌م.
زه‌ینه‌ب له چالاكییهكیدا لە مەهاباد پێش ده‌ستگیر كردنى
ئه‌مه‌ى خواره‌وه ده‌قى نامه‌كه‌ى زه‌ینه‌به له زیندانه‌وه:
بنەماڵەمیان زۆر ئازار داوە. هەڵات هەڵاتێکی زۆریان پێ کردوون. زۆریان هێناونو بردوون. چەندین جار، لە لایەن "قووەی قەزاییە"وە نامەی راگواستنی منیان هێناوەتە دادگای مەهاباد، بەڵام هەر کە نامەکان گەیشتووەتە دەستی بەرپرسانی دادگای شارەکەمان، بێ سەرو شوێن کراون‌و دواتر بە بیانووی ئەوەی کە گۆیا نامەکانیان بۆ ناوەندی پارێزگا ناردووە، (بنه‌ماڵه‌م) هەرگیز وه‌ڵامیان وەرنەگرت، هەر بۆیەش حوکمی راگواستنم (لە زیندانی زەنجان بۆ زیندانی مەهاباد) جێبه‌جێ نه‌کرا. ئەگەر چی هەر لە سەرەتاوە، تەواوی ئەم هەوڵو تەقەلایانەم به بێ سوود دەزانی.
دوابەدوای گیرانی من‌و بەدواداچوونی پارێزەران‌و بنەماڵەکەم بە شوێن کارەکانی مندا، ئەوەی کە دیتم تەنیا بێ نەزمیو بەرتیل وەرگرتن و پارتی بازی بوو. هەر لە سەرەتاوە درۆیان دەکرد و مەبەستیان تەنیا فریودانی ئێمە بوو و هیچی تر! هێندە وایان کرد کە دایکی خۆش باوەڕیشم بڕوای پێیان نەما.
ئەو قسانە لەبەر ئەوە ناکەم کە چاوەڕوانی لێبوردن‌و کەرەمی کەسێک بم، نا... هەتا ئێستاش بە ئەندازەی تۆسقاڵێک، هیچ داخوازییەکم لەوان نەبووە و ناشمبێت. نەک لەبەر ئەوەی کە بمەوێ خۆم ئازار بدەم، یان حەزم لە ئازادی نەبێت یان ئەوەی کە زیندانم لە ئازادبوون پێ باشتر بێت، نا... هەرگیز وانییە و ئازادی مافی خۆمە. تەنانەت یەک رۆژیش مانەوەی من و کەسانێکی وەک من لە زیندان، ستەمێکی گەورە و ناڕەوایە.
هەر لەو کاتەوە کە حوکمی نادادوەرانە بەسەر من‌و زۆر کەسی دیکەدا سەپا، بەڵێنیم بە خۆم داوە و سوێندم خواردووە کە هەرگیز غرووری خۆم نەخەمە ژێر پێ‌و لە هیچ کەسێکو بەتایبەت لەوانەی کە مافی رەوای منیان زەوت کردووە، نەپاڕێمەوە.
لەمێژە لەو راستیە گەیشتووم کە تەنها بەهۆی ئەوەی کە، ناڵەو هاوارم نەکردووە و لە بەرامبەریاندا هەستم بەبێ چارەییو لاوازی نەکردووە، ئەم جۆرە سزا‌و حوکمانەیان لە دژی من دەرکردووە. هاوکات بەهۆی ئەوەی کە مرۆڤێكى دووڕوو نەبووم و بەڵێم بۆیان نەگوتووە، درێژەیان بەم جۆرە هەڵسوکەوتانەی خۆیان داوە.
ئەم جۆرە کەسو سیستەمانە، تاقەتی دیتنی ژنانێکی بە جه‌سوور و خاوەن ئیرادەیان نییە، ئەوان تەحەمولی ئەو کەسایەتییانە ناکەن کە بۆ به‌دەست هێنانی مافەکانیان تێدەکۆشن. ئایا بە راستی ئەوانە نازانن؟!!، هێشتا نازانن کە پێشکەوتی ژنان، بە واتای سەرکەوتنی هەر چی زۆرتری کۆمەڵگایە، یان ئەوەی کە...؟ ساڵانێکه چاوەکانیان بە دیتنی ژنانێکی لاواز و بێ ئیرادە راهاتووە. ئەو ژنانەی کە بەهۆی کولتور و یاساکانی هەڵەو دابونەریتی نابەجێ، بوونە قوربانی ناته‌باییه‌کانی کۆمەڵگای پیاوسالار و لەگەڵ بچووکترین هەڵە و ترسی لە دەستدانی ئابڕوو، یان ته‌ریک خستنه‌وه لەلایەن بنەماڵە و جڤاک، لە بەرامبەریاندا بە چۆکدا دەکەون و دەپاڕێنەوە. ئەوسا هێندێک جار دەرفەتیان پێ دەدەن، کە هەر چۆنێک پێیان خۆشە بەکاریان بێنن.
ئەو کەسانە تاقەتی دیتنی ژنانی لە چەشنی ئێمەیان نییە، چونکە مێشکیان پڕبووە لە گریمانەی بێچارەیی رەگەزی‌و تەواو بێچارە ماون‌و ناتوانن لەبەرامبەر خەباتی ژناندا خۆڕاگرن.
یاسا ناڕاستهكانو دابونەریتە هەڵەكان، جیاوازی رەگەزی وەکو چارەنووسێک بە سەریاندا سەپاندووە و رێگایان بێ رێزکردنو نادادوەریان خۆش کردووە، بەڵام من بەو کەسانە دەڵێم کە ئەو ئامانجە گرنگ‌و پیرۆزەی خەباتی بۆ دەکەین‌و تاوانی بۆ دەدەین، ئابڕووی راستەقینەمانە. نامووسی ئێمە ئەوەیەو هەموو شتێکی ئێمەیە. بێ ئەمەش هیچ شتێک مانای نییەو تەحومەل کردنی رەنج و ئازارەکانیش لەو پێناوەدا مایەی شانازی و گەورەییمانە.
هەر وەک لە رۆژی یەکەمینەوە بەڵێنیم بە خۆمداوە و له‌دوای تێپەڕکردنی نزیکەی 3 ساڵ زیندانیم، هێشتا گرێدراوی بەڵێنی خۆمهەم و دەشمێنم، هەرگیز داوای لێبوردنیان لێ ناکەم. لەو ماوەیەدا باشتر لە چەمکی زوڵم و زۆرداری تێگەیشتم، چونکە پێموایە کەسێک دەبێ داوای لێبوردن بکات، کە لە دژی بەرژەوەندیەکانی تاکەکەس و کۆمەڵگا کاری کردووە، خەڵکی ئازار داوە و دەسدرێژی کردووەتە ناو چوارچێوەی ژیانی تاکەکەسی، مافی کەسانی دیکەی بنپێ کردووە، یان لە بەرامبەر نەتەوەیەک هەوڵیداوە. جیا لەمانە کەسێک کە هەست بە کەرامەتی ئینسانی خۆی نەکاتو مرۆڤێکی ترسنۆکو بێ باوەڕ بێت، لەو کەسانەی کە مافەکانیان زەوت کردووەو ستەمیان لێ کردووە دەپاڕێتەوە و تکایان لێ دەکات، بەڵام ئەمن دەبێ نیگەرانی کام ئازار و ئەزیەت بم؟ لە کامە کردەوەی ناحەزی خۆم شەرم بکەم و سەبارەت بە کامە خەتا، ویژدانم ئازار بچێژێت؟ بەهۆی کامە هەڵە، سەرم دابخەم؟ من هیچ تاوانێکم نییە، جیا لە هەستی غروور و کەرامەتێک کە هەموو مرۆڤێکی تەواو و ئاسایی دەبێ هەیبێت.
تاوانی من ئەنجامدانی خەبات و تێکۆشانێکی راستەقینەیە کە هەموو ژنان و پیاوانی کۆمەڵگا دەبێ بیخەنە بواری کرداریەوە، تاوانی من غیرەتی زۆر و ێزگرتنم بووە لە کەسایەتی خۆم.
ئەوە ئێمە نەبووین کە پێویست بوو دادگایی کراباین، ئەوە ئێمەین کە دەبوا ئه‌وانمان دادگایی کردبا و ئەوان بوون کە دەبوایە له ئاست ئێمه وه‌ڵامده‌ر بونایه. وه‌ڵام دەرەوەی هەموو ئەو ساڵانەی کە ستەمیان لێکردووین و پەردەی رەوابوونیان بەسەر ئەو زوڵمەدا کێشاوە و سووکایەتی و نادادوەریان لە حەقدا کردووین. ئەوەندەمان لێ دیتوونو بیستوون کە ئیتر هەموومان بێ باوەڕ بووین.
لە سیستەمێکدا کە یاساکان بەپێی هەلومەرجی سەردەمو بەگوێرەی بەرژەوەندییەکانی خەڵک ناچێتە پێش‌و لە سیستەمێکدا کە تەنها دووڕوویی، پاڕانەوەو لاڵانەوە، یان ماستاو خه‌ست کردنه‌وه‌ی لە خەڵک دەوێت، لە هەلومەرجێکدا کە مرۆڤ دۆستانێکی وەک ئاغای "کەبودوەند" لە پێناو مرۆڤایەتی‌و ئامانجەکانی مرۆڤ پەروەرانەدا هەوڵی داوە و لە گۆشەی زیندان تووشی جه‌ڵته‌ى مێشک هاتووەو هیچ جۆرە چارەسەرییەکی بۆ ناکرێت، لە وەها سیستەمێکدا دەسەڵاتداران تاقەت و تەحەممولی هیچ جۆرە بیر‌و رامانێکی جیاواز لە بیر‌و رای خۆیان نییە.
لە کۆتاییدا جارێکی دیکە پێداگری لە سەر بڕیاڕم دەکەم کە ئەگەر تەنانەت تا دواترین رۆژی ژیانم لە زیندان بمێنمەوە، هەرگیز داوای لێبوردن لەوانە نەکەم.
وەکو ژنە کوردێکی وڵاتەکەم، بە شانازیی سەربڵیندییەوە هاوار دەکەم کە وەک ژنێکی داکۆکیکاری ئازادی، هەرگیز لە بەرامبەر نادادوەری و زوڵم سەر دانانەوێنمو سواڵی ئازادی ناکەم.
دوای ئەوەی ھەریەک لە جەلال تاڵەبانی سەرۆک کۆماری عێراق و مەسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی كوردستان لەسەر پرسە ھەنووکەییەکانی گۆرەپانی سیاسی عێراق و ھەرێمی کوردستان و تەنگەژە سیاسییەکانی نێوان ھەولێرو بەغدا کۆبوونەوە ، لە کۆبوونەوەکەدا دروستکردنی ئۆپەراسیۆنی دیجلە و جوڵە پێکردنی چەند یەکەیەکی سوپای عیراقی بۆ ناوچە دابڕێندراوەکان کە وێرای رەتکردنەوەی ، بە ھەوڵێکی تێکدەرانە لەلایەن ھەردوو سەرۆکەوە وەسفکرا .
ئەمەی خوارەوە دەقی راگەیاندراوی کۆبوونەوەکەی نێوان تاڵەبانی و بارزانییە :
راگەیەندراوی کۆبوونەوەی ھاوبەشی ھەر دوو
مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانیی کوردستان
ئەمرۆ رێکەوتی ٢٠/١١/٢٠١٢ لە سەڵاحەدین بە سەرپەرشتی بەرێزان سەرۆک مام جەلال و سەرۆک بارزانی ھەر دوو مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانیی کوردستان کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا چەندین بابەت گفتوگۆیان لە سەر کراو بیروڕایان لە سەر ئاڵوگۆڕکرا .
سەرەتا سەبارەت بە پەیوەندی ھەر دوولا تەئکید لە سەر رێککەوتنی ستراتیژی کرایەوە کە چۆن دروستبوونەکەی زەرورەتێک بوە ، ئێستاش لەم قۆناغە ھەستیارەدا پاراستنی و گەشەپێدانی بە زەرورەت زانرا لە پێناو خزمەتکردنی بەرژەوەندییە باڵاکانی خەڵکی کوردستان .
تەوەری دووەمی گفتوگۆ سەبارەت بەو گرژییە دروستکراوەی نێوان حکومەتی ھەرێمی کوردستان و ھەندێ لایەنی دەسەڵاتداری حکومەتی فیدراڵ ئەنجام درا ، بە تایبەتی دروستکردنی ئۆپەراسیۆنی دیجلە و جولە پێکردنی چەند یەکەیەکی سوپای عیراقی بۆ ناوچە دابڕێندراوەکان کە وێرای رەتکردنەوەی ، بە ھەوڵێکی تێکدەرانە زانرا ، چونکە دژی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلانی عیراق و دەستووری ھەمیشەیی و ھەروەھا دژی پەیوەندییە دێرینیەکانی نێوان گەلی کورد و شیعەی عیراق دەزانرێ ، بۆیە تەئکید لەوەکرایەوە کە پێویستە ھاوپەیمانی نیشتمانی لە خەمی پاراستنی ئەم پەیوەندی و دۆستایەتیەدا بێت و رێگە نەدات ئەو پەیوەندییە بکرێتە قوربانی ویست و خواستی چەند کەسانێک و بە پێویستیش زانرا ھەموو رێکارێکی پێویست بگرێنە بەر بۆ چارەسەرکردنی ، لە وانە گفتوگۆ کردن لەگەڵ ھەموو لایەنە پەیوەندارەکانی پرۆسەی سیاسی .
سەبارەت بە پەیوەندی لەگەڵ خوشک و برایانی تورکمانیش ، لێک نزیکبوونی زیاتر و باشترکردنی ئەو پەیوەندییە بە زەرورەت زانراو بۆ ئەم مەبەستەش بڕیار درا ھەنگاوی پێویست لەم رووەوە بھاوێژرێ کە بەرژەوەندی ھەموو لایەکی تیا پارێزراو بێت .
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا سەبارەت بە ھەڵوێستی ناوخۆی کوردستان لە ئاست ئەو تەنگژەیەدا ، یەکریزی و یەکھەڵوێستی ھەموو لایەنەکانی بەشدار لە پرۆسەی سیاسی کوردستاندا بە گرنگ زانرا و تەقدیری ئەو یەکھەڵوێستییە کرا کە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان و جەماوەری کوردستان نواندویانە لە بەرامبەر گرژی و کێشەکانی ئەم دواییە و ھەر وەکو تەقدیری ئامادەکاری و حەماسی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان کرا .
لەبارەی پەیوەندییەکانیش لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ زور بە وردی باسکران و تەئکید لەوەکرایەوە کە ھەموو ھەوڵەکان بخرێنە گەڕ بۆ دروستکردنی کەش و ھەوایەکی لە بار‌و دۆستانەی زیاتر بۆ ئەوەی تەواوی کێشەکانی پەیوەندار بە مافەکانی گەلی کورد لە پارچەکانی دیکەی کوردستان لە رێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بکرێن .
ئەمەو کۆبوونەوەکە بڕیاری دا کۆبوونەوە دوو قۆڵییەکان بەردەوامیان ھەبێت .
دەرهێنەری ناوداری کورد، بەهمەن قوبادی لە راگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ (رووداو) ناردووە، داوای ئازادکردنی براکەی دەکات کە دوو هەفتە لەمەو پێش لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە دەستگیر کراوە.
دەقی راگەیەندراوی بەهمەن قوبادی:
بەهرۆزی برا بچووکم دوو هەفتە لەمەو پێش بێ سەروشوێن بوو. دوای چەندین رۆژ بەدواداچوون بۆمان دەرکەوت کە بەتۆمەتی دژایەتی کردنی ئاسایشی نیشتمانی ئێران لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیر کراوە.
من و بنەماڵەکەم دڵنیاین کە بەهرۆز بێ تاوانە و وێڕای نیگەرانی لە سەلامەتی بەهرۆز، داوا لە بەرپرسانی ئێران دەکەین کە بەزووترین کات ئازادی بکەن.
ئێمە ئێستاکە دەزانین کە بەهرۆز لە لایەن وەزرەتی ئیتلاعاتی ئێران دەستگیر کراوە. لەماوەی دوو هەفتەی رابردوودا، ناوبراو لە سەرەتایی ترین مافەکانی و لەوانەش پەیوەندی گرتن بە بنەماڵە و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێ بەش بووە. ئێمە سەردانی زۆربەی زیندانەکانمان کردووە و داوامان لە بەرپرسانی زیندانەکان کردووە کە ئەگەر زانیاری‌یان لەسەر بەهرۆز هەیە ئاگادارمان بکەنەوە، بەڵام هیچ کەس وەڵامدەرەوەمان نەبووە.
بەیانی رۆژی یەک شەممە، 2012/11/4، بەهرۆز کە دەیەویست سنەی بەرەو تاران بەجێ بهێڵێت تا لەرێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی تارانەوە بەرەو جۆرجیا بڕوات، لە نزیک 15 کیلۆمەتری شاری سنە، دوو ئۆتۆمبێلی جلک مەدەنی پێش بە ئەو تاکسییە دەگرن کە بەهرۆزی تێدابووە و بەهرۆز دەستگیر دەکەن.
بەهرۆز هیچ جۆرە چالاکییەکی سیاسی نەبووە و ئەندامی هیچ گرووپێکی ئۆپۆزیسیۆن نییە. بەهرۆز هۆگری سینەمایە و لە چەند فیلمێکی مندا وەک بەڕێوەبەری بەرهەمهێنان رۆڵی بینیوە.
بەهرۆز کە 40 ساڵی تەمەنە، شارۆمەندێکی کوردی سونە مەزەبە کە ساڵی رابردوو لەگەڵ خێزانی چووەتە هەرێمی کوردستان و لەگەڵ خێزانی و هەرمانگی تەمەن یەک مانگەی کوڕی لە هەرێمی کوردستان ژیان بەسەر دەبات و بەڕێوەبەری فرۆشگایەکی کەل و پەلی ئارایشی و جوانکارییە.
ئێمە نیگەرانی بەهرۆزین، بەتایبەت لە لایەنی تەندروستییەوە نیگەرانین چونکە بەهرۆز بەهۆی لاوازی لێدانی دڵ، کێشەی هەناسەدانی هەیە و پێویستی بە چاودێری پزیشکی هەیە. هەر بۆیە داوا لە بەرپرسانی ئێران دەکەین کە بە زووترین کات ئازادی بکەن.
بەهمەن قوبادی
2012/11/19
بڕیار وایه لێژنه‌ى كاروبارى پێشمه‌رگه و شه‌هیدان و قوربانیانى جینۆساید له په‌رله‌مانى كوردستان سه‌ردانى ناوچه دابڕێندراوه‌كان بکەن.
تاریق جه‌وهه‌ر، راوێژكارى راگه‌یاندنى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان به (رووداو)ى راگه‌یاند "دواى كۆبونه‌وه‌ى لێژنه‌ى پێشمه‌رگه بۆ هه‌ڵوه‌سته‌كردن له‌سه‌ر ره‌وشى شڵه‌ژاوى به‌شێك له ناوچه دابڕێندراوه‌كان كه به هۆى ئۆپه‌راسیۆنى دیجله دوچارى بونه‌ته‌وه، ئه‌مرۆ له كۆبونه‌وه‌یه‌كى ئاسایى په‌رله‌مانى كوردستان محه‌مه‌د شاره‌زوورى، سه‌رۆكى لێژنه‌ى پێشمه‌رگه‌و شه‌هیدان و قوربانیانى جینۆساید ئاماده‌یى لێژنهكهى نیشاندا كه به شێوه‌یه‌كى مه‌یدانى سه‌ردانى به‌شێك له ناوچه دابرێندراوه‌كان بكه‌ن بۆ چاودێری كردنى ره‌وشى پێشمه‌رگه و تێگه‌یشتن له ئامانجى دامه‌زراندنى فه‌رمانده‌ى ئۆپه‌راسیۆنى دیجلە".
تاریق جه‌وهه‌ر راشیگەیاند "له كۆبونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان پشتگیرى ته‌واوى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى كوردستانى نیشانداوه بۆ داواكه‌ى لێژنه‌ى پێشمه‌رگه و چونیان بۆ به‌شێك له ناوچه دابڕێندراوه‌كان بۆ ئاگاداربوون له پشێوى ناوچه‌كه‌و گرژییه‌كانى نێوان پێشمه‌رگه‌و هێزى دیجلە".
لێژنەی پێشمەرگە لەگەڵ ئەوەی خوازیاری چارەسەری کێشەکان لە رێگەی گفتوگۆن، بەڵام لە هەمانکاتدا پشتیوانى ته‌واوى خۆی بۆ هه‌نگاوه‌كانى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمی کوردستان و حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان دەربڕیوە.
نازم دەباغ، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئێران پێیوایە ئێران پڕۆژەیەكی هەیە بۆ سووریا بۆئەوەی "هەڵبژاردنێكی ئازاد بەبێ ئەسەد بكرێ". دەباغ وایدەبینێ كە ئێران "موراهەنە لەسەر ئەوە ناكات ئەسەد بمێنێ یان نا، بەڵكو بۆ ئێران ئەوە گرنگە كە پێكهاتەكانی سووریا یەكتر قبوڵ بكەن و سیستمێكی دیموكراتی لەو وڵاتەدا هەبێ". نازم دەباغ كە لە هەمانكاتدا نوێنەری یەكێتییە لە تاران لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ (رووداو) باسی سەردانەكەی ئەمدواییەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی كوردستان، بۆ ئێران دەكات و دەڵێ "هەستمانپێكرد بەرپرسانی ئێرانی هەڵوێستی سەركردایەتی هەرێمی كوردستانیان دەربارەی رۆژئاوای كوردستان قبوڵە و بۆیان جێگەی تەقدیرە".
پارتی دیموكراتی كوردستان، رایگەیاند كە "بۆ بەهێزبوونی پێگەی مام جەلال لە بەغدا و لایەنی كوردی" پشتیوانی لە هەڵوێستی تاڵەبانی دەكات سەبارەت بە پێویستی هەڵوەشاندنەوەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی دیجلە.
پێكهێنانی ئەو فەرماندەییە لەهەرسێ پارێزگای كەركووك، سەلاحەددین و دیالە پێدەچێ هەڵوێستی تەواوی لایەنە كوردییەكانی بە دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنەوە لەدژی مالیكی یەكخستبێ، بەپێچەوانەی قۆناغی رابردوو كە لە وەرگرتنەوەی متمانە لە سەرۆك وەزیرانی عێراق بوون بە دوو بەرەی دژ و لایەنگری.
جەعفەر ئیبراهیم، گوتەبێژ و ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی بە (رووداو)ی راگەیاند "جەنابی مام جەلال هیچ كاتێك بەتەنیا نەبووەو هەموو كاتێك جەنابی بارزانی و پارتی لەگەڵ بووە". گوتیشی "ئەگەر هەندێجار جیاوازی هەبێ، بەڵام بۆ بابەتێكی وەك كەركووك و مادەی 140 و مەسەلەی دەستوور و بەهێزبوونی پێگەی مام جەلال لە بەغداو لایەنی كوردی پارتی شانبەشانی تاڵەبانی و یەكێتی رادەوەستێ".
گوتەبێژەكەی پارتی هەر لەدرێژەی ئەو قسانەدا گوتی "پارتی مام جەلال لەبەغدا بە تەنیا بەجێناهێڵێت و بە راشكاوانە بە مالیكیمان گوت دیجلە ئیستیفزازە و گەمەكردنە بە ئاگر".
پێداگیری سەرۆك وەزیرانی عێراق لەسەر ئەو هێزە كە كورد رەتیدەكاتەوە، بارگرژییەكی كەموێنەی لەنێوان بەغدا و هەرێمی كوردستان دروستكردووە.
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی دەڵێ "ئێمە لە هێزی دیجلە ناترسێین، بەڵكو لە عەقلیەتی پشت ئەو هێزە دەترسێین، چونكە هێزی دیجلە خۆی هیچ نییە".
سێ لایەنەكەی ئۆپۆزیسیۆنیش لەو رووەوە هاوڕان لەگەڵ یەكێتی و پارتی. نەجیب عەبدوڵڵا، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ "پێشبینی ئەوەمان دەكرد، باجی نەبوونی یەكهەڵوێستی كورد لەمەسەلەی سەندنەوەی متمانە لە مالیكی بدەین، ئەوەتا ئەمڕۆ ئەوە هاتەدی".
بە بڕوای سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو ئەگەر ئەوەی ئێستا مالیكی دەیكات تاوەكو سەر بڕوات، ئەوا دەبێ "كورد خۆی بۆ قۆناغی ترسناكتر ئامادە بكات". بۆیە دەڵێ "باشترین شت بۆ مام جەلال لەم كاتەدا ئەوەیە لەگەڵ هەموو لایەنە كوردییەكانی دیكە یەكدەنگی دروست بكات".
كۆمەڵی ئیسلامیش، ئەو رەوشەی ئێستا بە دەرفەت دەزانێ كە لایەنە كوردییەكان پێكەوە هەڵوێستی جدی بەرامبەر بەغدا وەربگرن.
محەممەد حەكیم، گوتەبێژ و ئەندامی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی بە (رووداو)ی گوت "ئێستا زۆر پێویستە پێنج لایەنە كوردییەكە كە نوێنەریان لە بەغدا هەیە، بەپەلە قسەی جدی لەسەر مەسەلەی هێزی دیجلە و كێشەكانی بەغدا بكەن، چونكە ئێستا یەكدەنگییەك لەنێو لایەنە كوردییەكان بەرامبەر مالیكی و هێزی دیجلە دروستبووە".
هاوكات محەممەد كیانی، ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی عێراق پێیوایە بەغدا بە پێكهێنانی ئەو فەرماندەییە "دەیەوێ كورد بگەڕێنێتەوە بۆ هێڵی 36"، گوتیشی فەرماندەیی دیجلە زۆر لەوەش مەترسیدارترە كە باسدەكرێت.
لە بەرامبەردا، عەلی موسەوی، راوێژكاری مالیكی لەبارەی نیگەرانییەكانی سەرۆك كۆماری عێراق لە لێدوانێكدا بۆ (رووداو) رایگەیاند"ئەگەر هێزی دیجلە نادەستوورییە ئەوا با فەخامەتی تاڵەبانی رێكاری دەستووری بگرێتەبەر، چونكە دەتوانێ دەستوور جێبەجێ بكات".
هەروەها گوتی كە "مالیكی هیچ نیازێكی نییە بۆ هەڵوەشاندنەوە یان راگرتنی كاری فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی دیجلە، تاڵەبانی مافی خۆیەتی چی بڵێ، بەڵام مالیكی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراقە".
نوری مالیکی هۆشداری دەداتە هێزی پێشمەرگە کە لە سوپای عێراق نزیک نەبنەوە. ئەمشەو نووسینگه‌ی فه‌رمانده‌یی گشتی هێزه چه‌كداره‌كانی عێراق لە هەواڵێکی بەپەلەدا، راگەیەندراوی نوری مالیکی، فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كانی عێراقی بڵاو کردەوە کە تێیدا هۆشداری دراوەتە هێزی پێشمەرگە کە شوێنەکانی خۆیان نەگۆڕن و لە هێزە چەکدارەکان (عێراق) نزیک نەبنەوە.
ئەو راگەیەندراوەی مالیکی لە کاتێکدایە کە دوێنێ شەممە، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا، داوای لە گەلی کوردستان کرد "ئامادەیی تەواویان هەبێت بۆ روبەڕوبوونەوەی هەر رووداوێکی نەخوازراو و، کارکردن بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەو پیلانانەی کە بەرامبەر کورد و ناوچە دابڕێندراوەکانی کوردستان ئەنجام دەدرێن".
لە راگەیەندراوەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا هاتبوو "هەرێمی كوردستان ئامادەباشی تەواوی هەیە بۆ روبەروبوونەوەی هەر ئەگەرێكی نەخوازراو بۆ بەرگریكردن لە خاك و گشت هاووڵاتیانمان. لەهەمان كاتدا داوا لە پێشمەرگە ئازیزەکانیش دەکەم، كە وێڕای دان بە خۆداگرتن بەرامبەر بە كردەوە ئیستفزازییەكان، ئامادەباشی تەواویان هەبێت لەبەرامبەر هەر دەستدرێژی و كردارێكی دوژمنكارانە و، بۆ ئەم مەبەستە داوام لە وەزارەتی پێشمەرگە كردووە هەموو ئامادەكارییەكی پێویست وەربگرێت".
رۆژی شەممە، لە قەزای خورماتوو شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزی پێشمەرگە و هێزێکی سەر بە سوپای عێراق و پۆلیسی فیدراڵ روویدا کە تێیدا هاوڵاتییەک گیانی لەدەستدا و 8 کەس لە هێزەکانی پۆلیس و سوپای عێراق برینداربوون.
دوابەدوای ئەو رووداوە، بە فەرمانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان هێزی پێشمەرگە خرایە ئامادەباشییەوە و وەزیری پێشمەرگە سەردانی قەزای خورماتوو لە پارێزگای سەلاحەدینی کرد.
هۆكمان جومعە، ئەو گەنجە كوردەی خەڵكی رۆژئاوای كوردستان كە لە شوباتی 2010دا لە ئیسپانیا تاكە پێڵاوەكەی گرتە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكوەزیرانی توركیا و بەهۆیەوە بۆ ماوەی سێ ساڵ زیندانیكرا، رۆژی 2ی ئەم مانگە لە زیندانی سەڤیللا ئازادكرا.
چاپی دیجیتاڵی رۆژنامەی (El País)ی ئیسپانی بڵاویكردەوە كە ئیزابێل گوزمان، دادوەری دادگای 9ی شاری سەڤیللا فەرمانی راگرتنی سزاكە و ئازادكردنی هۆكمانی دەركرد، چونكە حكومەت داوایەكی لێبووردن خواستنی لە هۆكمان قبوڵ كرد، هەروەها لەبەرئەوەی كە داواكاری گشتیش پشتگیری داوای لێبووردنی لە هۆكمان كردبوو. داواكاری گشتی رایگەیاندبوو كە ئەوان پشتگیری لە ئازادكردنی هۆكمان دەكەن، چونكە لەلایەكەوە پێڵاوتێگرتنەكە هیچ مەترسییەكی دروستنەكرد و هیچ زیانێكی نەگەیاندە سەرۆكوەزیرانی توركیا چونكە پێینەكەوت، لەلایەكی دیكەش بەهۆی رەفتار باشی هۆكمان لەنێو زینداندا.
ئەو گەنجە تەمەن 30 ساڵە كە خەڵكی شاری كۆبانێی رۆژئاوای كوردستانە، ئێوارەی 22ی شوباتی 2010 بە دەنگێكی بەرز بە ئەردۆغانی گوت “بكوژ... بژی كورد و كوردستان”، هەروەها تاكە پێڵاوێكی گرتە ئەردۆغان، پێش ئەوەی پۆلیس بتوانن كۆنترۆڵی بكەن. هەواڵی ئەو پێڵاوتێگرتنە لەسەر ئاستی جیهان دەنگیدایەوە، بەتایبەت لەنێو میدیای ئیسپانیدا وشەی كورد و كوردستان هەواڵی رۆژنامە و تەلەڤزیۆنەكانی داپۆشی، لە ماوەی دوو ساڵ و نۆ مانگدا ژمارەیەكی زۆری ماڵپەڕ و رۆژنامە هەڤپەیڤینیان لەگەڵ هۆكمان سازكرد.
كەیسی هۆكمان لەلایەن ژمارەیەكی زۆر لە سیاسەتمەدار، هونەرمەند و چالاكڤانانی مافەكانی مرۆڤەوە پشتگیری دەكرا و تەنانەت رۆژنامەنووسێك پەرتووكێكی لەسەر چاپكرد بەناوی (پێڵاوی رێزداری) بۆ پشتیوانیكردن لە دۆزی هۆكمان. چونكە ژمارەیەكی زۆری پارێزەر و مافپەروەران پێیانوابوو بڕیاری سزادانی ئەو گەنجە كوردە زۆر قورس بووە. هۆكمان لە دیدارێكدا گوتی كە ئەو نەیدەویست زیان بگەیێنێتە سەرۆكوەزیرانی توركیا، تەنیا ویستی سەرنجی كۆمەڵگەی ئیسپانی بۆ دۆخی نالەباری گەلی كورد لە توركیا رابكێشێ.
هەرچەندە ئەو پێڵاوە رەشە قەبارە 44ە بەر ئەردۆغان نەكەوت، بەڵام دادگا بڕیاری بەندكردنیداو باجی ئەو رەفتارەی دوو ساڵ و نۆ مانگ بەندكردن بوو. هۆكمان لەو ماوەیەدا بەهۆی قسەكانییەوە بۆ دەزگاكانی میدیا، بەردەوام ئامادەیی هەبوو.
رۆژنامەنووسی عێراقی مونتەزەر زەیدی لەساڵی 2009دا هەردوو تاكە پێلاوەكەی گرتە جۆرج دەبلیو بوش لەكاتی دوا سەردانیدا بۆ عێراق، ئەوەش گفتوگۆیەكی زۆری دروستكرد كە ئەوە لەگەڵ داوو نەریت و كاری رۆژنامەنووسدا ناگونجێ.
“لەپێناو كوردستان 100 ساڵیش لە زینداندا بمێنمەوە خەمی هەڵناگرم”
(رووداو) بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ هۆكمان كرد، ئەو بڕیاری داواكاری گشتی زۆر پێ خۆش‌بوو، چاوەڕێی ئەو مژدەیەی نەدەكرد “بۆ من سوپرایزبوو كە كارمەندانی زیندانەكە هاتن و منیان ئاگاداركردەوە، چونكە هێشتا سێ مانگ و نیوم مابوو ئازاد بكرێم. بێگومان زۆرم پێ‌خۆش‌بوو، دواتر هاوڕێیانم ئاگاداركردەوە و شەوێكی خۆشمان بەو بۆنەیەوە بەسەربرد”.
هۆكمان دەڵێ ئەو پەشیمان نییە لەو رەفتارەی و ئامادەیە تەواوی ژیانی لە زینداندا بەسەرببات لەپێناو خزمەتكردنی دۆزی كورد “ئێمە دەبێ بەرگری لە دۆزەكەمان بكەین، بەرامبەر زوڵمی عەرەب، فارس و تورك و دەبێ بێدەنگ نەبین. ئەوەی منی تووڕەكرد ئەوەبوو كە ئیسپانیا تەنیا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی خۆی لەگەڵ توركیا منی خستە زیندانەوە. ئەگەرنا 100 ساڵ لەپێناو كوردستان لە زینداندا بم خەمی هەڵناگرم”.
هۆكمان كە سەر بە هیچ لایەنێكی سیاسی نییە، تووڕەبوونی خۆی لە سەرۆكوەزیرانی توركیا بەوشێوەیە دەردەبڕێت “جارێك رۆژنامەنووسێكی تورك پرسیاری لێكردم كە ئەگەر رووبەڕووی ئەردۆغان ببمەوە دووبارە پێڵاوەكەمی تێدەگرم، منیش پێمگوت ئەگەر سوودێكی هەبێ بۆ دۆزی كورد بەڵێ دووبارە پێڵاوەكەمی تێدەگرم. ئەم پیاوە ئەوەندە منداڵی هەتیوكردووە، ئەوەندە ژنی كردووەتە بێوەژن، ئەوەندە جگەری دایكانی سووتاندووەو ئێستاش سەربازەكانی لەسەر سنوورەكان ئامادەكردووە لە ترسی ئەوەی كە كورد سەربەخۆیی بەدەستبێنن، بەڕاستی پێموایە تێگرتنی پێڵاو كەمیشە بۆ ئەو پیاوە”.
هۆكمان مافی مانەوەی لە ئیسپانیا نییە، بۆیە چاوەڕێی ئەوەدەكات لە وڵاتێكی دیكە مافی پەنابەری وەربگرێ و دەیەوێ رووبكاتە وڵاتێكی ئیسكەندەنافیا “ئێستا بیرلەوە دەكەمەوە كە بچمە نەرویج. پەیوەندییەكانی ئیسپانیا و توركیا باشن و بەهۆی ئەو رەفتارەی من لەگەڵ ئەردۆغان پێموانییە حكومەت مافی پەنابەریم پێبدات”.
ئەوە ماوەی سێ مانگە هۆكمان قسەی لەگەڵ بنەماڵەكەی نەكردووە، بەهۆی زەحمەتی پەیوەندیكردن بەشارەكەی خۆیەوە. تاوەكو ئامادەكردنی ئەم راپۆرتەش هێشتا بنەماڵەی هۆكمان ئاگایان لە هەواڵی ئازادبوونی كوڕەكەیان نییە. هۆكمان چاوەڕێدەكات خوێنەرێكی (رووداو) ئەم مژدەیە بگەیێنێتە بنەماڵەكەی.
سەرچاوە: رووداۆ/ ئیسپانیا/ زنار ئالا
عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان، رێبه‌رى ده‌ستگیركراوى پارتى كرێكارانى كوردستان، داواى له زیندانیانى مانگرتوو كرد، كه كۆتایى به مانگرتنه‌كه‌یان بهێنن و په‌یامه‌كه‌یان گه‌یشتووه.
عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان، دواى ئه‌وه‌ى له دوورگه‌ى ئیمرالى چاوى به محه‌ممه‌د ئۆجه‌لانى براى كه‌وتووه، پێیراگه‌یاندووه "بێ هیچ دوو دڵییه‌ک با ده‌ستبه‌جێ کۆتایی به مانگرتن بهێنرێت".
محه‌ممه‌د ئۆجه‌لان دواى دیداره‌كه به ئاژانسى DIHAى راگه‌یاندووه "من ئه‌مڕۆ له ئیمڕاڵی رووبه‌ڕوو له‌گه‌ڵ کاکه‌م عه‌بدولڵا ئۆجالان قسه‌م کرد، داوای لێکردم که بانگه‌وازییه‌که‌ی راسته‌وخۆ به رای گشتی رابگه‌یه‌نم. بانگه‌وازییه‌که‌ی کاکه‌م به‌و شێوه‌یه‌یه "ئه‌وانه‌ی ده‌ستیان به مانگرتن کردووه له زیندانه‌كان، کاری پێویست و به‌رپرسیارێتی کاری ئه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌یان گرتووه‌ته ئه‌ستۆی خۆیان. با ئه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه ئه‌رک و به‌رپرسیارێتی خۆیان نه‌خه‌نه سه‌ر شانی ئه‌و زیندانیانه‌ی که له‌ناو هه‌لومه‌رجی زه‌حمه‌ت، نه‌خۆشی و چوار دیواردان. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که مانگرتن وه‌کو چالاکی به ته‌رزێکی راستی نابینم، ئه‌گه‌ر مانگرتن ده‌کرێت، ئه‌و پێویسته نه‌ک ئه‌وانه‌ی له‌ژووره‌وه دان، ئه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه بیکه‌ن. چالاکی مانگرتن زۆر واتاداره. ئه‌م چالاکییه جێگه‌ی خۆی گرتووه و به ئامانجی خۆی گه‌یشتووه. بێ هیچ دوو دڵییه‌ک، با ده‌ستبه‌جێ کۆتایی به مانگرتن بهێنرێت. لێره‌وه سڵاو له هه‌موو مانگرتووێک و یه‌که به یه‌که‌ی مانگرتووانی گرووپی یه‌که‌م و دووه‌م ده‌که‌م".
زیاتر له دوو مانگه نزیكه‌ى 700 زیندانى كورد له گرتووخانه‌كانى باكوورى كوردستان و توركیا ده‌ستیان داوه‌ته مانگرتن له خواردن، ئه‌و مانگرتووانه داواى باشتر كردنى ره‌وشى ئۆجه‌لان ده‌كه‌ن له زیندان، هه‌روه‌ها داوا ده‌كه‌ن كه له دادگه‌كان رێگه‌یان پیبدرێت به زمانى كوردى داكۆكى له خۆیان بكه‌ن.
راگەیەندراوێك لە سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە لەبارەی رووداوەکانی دووز خورماتوو
هەوڵی وا لەئارادان كە شیرازەی پەیوەندی دۆستانەی کورد و عەرەب بەگشتی و كورد و شیعە بەتایبەت تێك بدرێت، ئەو پیلانە مەترسییەكی گەورەی بەدواوەیە، بۆیە داوا لە هاوپەیمانی نیشتمانی و برایانی شیعە دەكەم بە جدی ئاگاداری ئەو پیلانە بن و هەموو تواناكانیان بخەنە كار بۆ شکست پێهێنانی.
لەهەمان کاتدا، داوا لە گەلی کوردستان دەکەم ئامادەیی تەواویان هەبێت بۆ روبەڕوبوونەوەی هەر رووداوێکی نەخوازراو و، کارکردن بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەو پیلانانەی کە بەرامبەر کورد و ناوچە دابڕێندراوەکانی کوردستان ئەنجام دەدرێن.
هەرێمی كوردستان ئامادەباشی تەواوی هەیە بۆ روبەروبوونەوەی هەر ئەگەرێكی نەخوازراو بۆ بەرگریكردن لە خاك و گشت هاووڵاتیانمان. لەهەمان كاتدا داوا لە پێشمەرگە ئازیزەکانیش دەکەم، كە وێڕای دان بە خۆداگرتن بەرامبەر بە كردەوە ئیستفزازییەكان، ئامادەباشی تەواویان هەبێت لەبەرامبەر هەر دەستدرێژی و كردارێكی دوژمنكارانە و، بۆ ئەم مەبەستە داوام لە وەزارەتی پێشمەرگە كردووە هەموو ئامادەكارییەكی پێویست وەربگرێت.
مسعود بارزانی
سەرۆكی هەریمی كوردستان
17/11/2012
رۆژی هەینی ٢٦ی خەزەڵوەری ١٣٩١ی هەتاوی، شوکروڵڵا بابان گەورەمیدیاکاری کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان کۆچی دوایی کرد.
شوکروڵڵا بابان لەدایکبووی ساڵی ١٣٠٢ی هەتاوی لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو. قۆناخەکانی خوێندنی تا ئاستی دیپلۆم لەو شارە تێپەڕ کرد و پاشان بۆ درێژەدان بە خوێندن لە شاری تاران گیرسایەوە و لە بەشی ئیلاهیاتی زانستگای تاران دا لیسانسی وەرگرت. دوای خوێندن وەک کارمەند لە وەزارەتی ناوخۆ دا دامەزرا و پاشان لە ساڵی ١٣٣٧ لە بەشی کوردیی رادیۆ دا دەستی بە چالاکی کرد. و دواتر کە رادیۆ و تلویزیۆن لە گەڵ یەک تێکەڵ کران، ناوبراو وەک بەرپرسی بەشی کوردیی رادیۆ و تەلەیزون لە هەر سێ پارێزگای ورمێ، سنە و کرماشان وەک بەڕێوەبەری گشتی چالاکی خۆی بەردەوام کرد. شوکروڵڵا بابان جگە لەوە کە بۆخۆی لە هەردوو بواری نووسینی شێعر و بابەتی ئەدەبی دا چالاک بوو، لە بواری خوێندنەوە و دیکلەمەی شێعری شاعیرانی کورد لە رادیۆ و بە تایبەتی لە گەڵ دەنگی بە سۆزی کەڵە هونەرمەندی گەلەکەمان حەسەن زیرەک، بە ناوبانگ بوو.
شوکروڵڵا جگە لەوە کە وەک بێژەرێکی ناسراوی رادیۆ بە ناوبانگ بوو، بە دوای ئینقلابی ٥٧ چالاکی خۆی زیاتر بە لێکۆڵینەوەی ئەدەبی و مێژویی کورد تەرخان کرد و لەم بارەوە چەندین بەرهەمی وەک جوغرافیای كوردستان، فەرهەنگی هەزار لاپەڕەیی فارسی ـ كوردی و کۆمەڵێک کتێب و نامیلکەی تری چاپ و بڵاو کردەوە.
شوکروڵڵای بابان هەروەها باوکی هونەرمەندی پێشمەرگە فەرهاد بابان و بێژەری ناسراوی تلویزیۆنی کۆماری ئیسلامی فوئاد بابان بوو.
سەرچاوەیەکی تایبەت لە وەزارەتی پێشمەرگە بە (رووداو)ی راگەیاند : بەھۆی ھێور بوونەوەی رەوشی ناوچەکە ، بەشێک لە ھێزەکانی پێشمەرگە لە دەوروبەری ناوچەی دووز کەمدەکرێنەوە .
ئەو سەرچاوە گووتیشی ، وا چاوەروان دەکرێت ئەم ئێوارەیە تا بەیانی ئەو بارە ناھەموارە بەرەو قۆناخێكی نوێی دانووستان و گفتوگۆ کردنەوە لە نێوان بەرپرسانی ھەرێم و بەغدا بڕوات.