پارتی ئاشتیو دیموکراسى له باکووری کوردستان لەوانەیە رووبەڕووی کەیسی داخستن ببێتهوه لە دادگای دەستووری تورکیا، دوای 3 ساڵ لە راگرتنی پارتی كۆمهڵگهى دیموکرات DTP لەلایەن هەمان دادگاوه.
دوای ئەوەی داواکاری گشتی لە لێکۆڵینەوەکانی بەردەوام بوو لە کەیسەکەی KCK و تۆڕەکانی، پارتی ئاشتی و دیموکرسی BDP بەهەبوونی پەیوەندی لەگەڵ KCKی قەدەغەکراو تۆمەتبارکرد.
مالپەڕی تودهى زهمانى توركى، رایگهیاند "داواکاری گشتی، وێنەیەک لەنامەی تاوانبارکردنی KCK، کە لەهەفتەی رابردوو لەلایەن دادگای ئیستەنبول رەزامەندی لەسەردرا بوو، نارد بۆ نووسینگەی داواکاری گشتی دادگای باڵای تاوانەکان، دوای پێداچوونەوە ئەگەر دادگای باڵای تاوانەکان بۆی دەرکەوت BDP پەیوەندی بە KCK هەیە، لەوانەیە پارتی ئاشتیو دیموکراسی BDP دابخرێت".
گوڵتان کیشاناک، هاوسەرۆکی BDP لهمبارهوه رایگەیاند "بۆمان روون بووهتەوە كه مەبەستی راستەقینەی داواکاری گشتی، KCK نییە، بەڵکو BDP".
هەزاران کوردى باكوورى كوردستان دهستگیر كراون، كه لەنێویاندا سەرۆک شارەوانییەکانی BDPو پارێزەرو رۆژنامەنووسان ههیه، داواکاری گشتی دەڵێ "ئهوانه تۆڕێکن لە BDP، KCK، چەند گرووپێکن بەستراو بە ئهوانەوە".
حەسیب کاپلان، جێگری هاوسهرۆكى BDP لە پەرلەمانی تورکیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "دەسەڵاتی دادوەری لە تورکیا لەلایەن جێبەجێکارانەوە بەڕێوەنابرێت، بەڵکو راستەوخۆ لەژێر فەرمانی حکومەتدایەو کەیسەکانی داخستنی پارتەکان بەشێوەیەکی سیاسیانە هاندراوە".
كابلان گوتى "حکومەتى توركیا تاوهكو ئێستا 7 ههزار ئەندامی ئێمەی دەست بەسەرکردووەو پارتەکەمانی بەرەو داخستن بردووە".
لەماوەی 50 ساڵی رابردوو 26 حیزب لە تورکیا داخراون، بە بەراورد لەگەڵ دەوڵەتانی یەکێتی ئەوڕوپا كه تەنها 2 حیزب داخراون، هەندێ لەو حیزبانەی داخران جارێکی دیكه هاتنەوه مەیدانی سیاسی، بەڵام بە ناوی جیاوازەوە.
بولێنت کوروجۆى رۆژنامهنووس رایگهیاند "تەنها نەتەوەکان دەتوانن حیزبەکان دابخەن، دادگا هیچ شتێکی بۆ ناکرێت".
حەسیب کاپلان، له كۆنگره رۆژنامهوانییهكه گوتى "بەڕیز ئەردۆگان، تۆ ناتوانی دیموکراسیت هەبێت لە گۆڕستانی پارتە سیاسیەکان، ئێمە وەک نوێنەری سەربەخۆ چووینەتە پەرلەمان، ئێوە بە داخستنی BDP ناتوانن مافی پەرلەمانتارێتی لە ئێمە بستێنن، ئێمە ئەمە بە کۆتا دێنینو تاوهكو کۆتایی شەڕ دەکەین".
کاپلان گوتیشی "ئەگەر ئێمە مانگێک پێش دەرچوونی بڕیاری دادگای دەستووری بە داخستنی حیزبەکەمان هەلیان پێنەدەین بۆ ئەوەی حیزبەکەمان دابخەن، ئەوان ناتوانن هیچ شتێک بکەن، بەڵکو ئێمە دەبینە خاوەنی ئەم یاریە".