فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2025-04-23-20-28-02 گۆڵۆباڵیزم ( کەئەوکات بەسیستەمی نوێی جیهان) پێناسە دەکرا. ئەو ململانێ فکریەش لە نێوان (ساموئل هانتینگتون ) ی خاوەن تێزی (پێکدادانی شارستانیەکان) و فرەنسیس فۆکۆیامای خاوەن...
2025-04-23-19-52-21 ساڵ و دەیان ملیار دۆلاری تێچووی بوو . بەتایبەتی دوای ئەوەی ئیسرائیل بە بەکار هێنانی جۆرە موشەکێکی ئەمەریکی توانیتی حەسەن نەسرولله کە لە قولای...
2025-04-23-19-49-44 و بەشێوەی ناڕاستەوخۆ و تەنها لەسەر پرسی ئەتۆم، دانوستان لەگەڵ ئەمریكا ئەنجام بدات. هەروەها لە بەرامبەریشدا، ترامپ بە كۆمەڵێك پێشمەرجی زۆر و قورسەوە، نامەیەك بۆ...
2025-04-12-15-08-33 زیانی یەکجار زۆری پێکەتووە و دەبێت چاوەڕوان بکات لە یەمەن و عێراقیش هەمان زیان و خراپتریشی پێ بکرێت. لەهەمان کاتدا نایشارنەوە "ئەوان دژی گفتوگۆ لەگەڵ...
2025-04-04-11-24-39قۆڵی لەنێوان (ئێران و تورکیاو رووسیا)، بۆ کۆتایهێنان بەشەڕی ناوخۆ لەسوریا سازدرا. کە ڕۆژێک پێشتر لە (١٢/٦ )هێزەکانی دەستەی تەحریری شام، شاری (حەمایان ) کۆنترۆڵ کردبوو. بەمانایەکی...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

 

samrendسامڕەند
ئەدەبیاتی حیزبی دێموكڕات لە وەسفی دوكتور قاسملو دا پەنا بۆ دیتنەوەی لەقەب و سیفەتی وا دەبا كە لە چەند جیھەتەوە نەگونجاون. حیزب قەت بۆ باسی پێشەوا یان ناساندنی كۆمار یان بیرەوەریی شەھیدان و ڕێبەرانی دیكە تووشی تەنگ و چەڵەمە نەبووە و قەڵەم بە دەستێكی سادەی بەشی ڕادیۆ یان ئینتیشارات بە ڕاحەتی لە ھەمبانەی ئیستیلاحات و كەلیماتی خەڵكەوە چەند وشەی دەركێشاوە و یادی لێ كردوونەوە و بڕاوەتەوە. بۆ دوكتور قاسملو، ھەم ئەدەبیاتی حیزبی ئیستلاحاتی غەریب دەڵێتەوە و ھەم شاعیر و ئەدیب یان نووسەر دەخۆ دەنووسێن و زەخت لە خۆ دەكەن. من لە بیرمە لە ڕۆژە ناخۆشەكانی دوای تیرۆر كرانی دوكتور قاسملو لە موساحەبەیەك لە گەڵ ڕادیۆ دا یەكێك لە ئاستی سەرەوە دا گوتی: دوكتور قاسملو لە كەلیمە دا ناگونجێ!!! باشە چۆنە خودا لە كەلیمە دا دەگونجێ، بەڵام دوكتور قاسملو لە كەلیمە دا ناگونجێ؟!! دواتریش ئەو زیاد لە حەدد گەورەكردنەوەیە بوو بە نان و پێخۆر بۆ بەعزێكان و گەرووی خودی ساحێبی ئەو قسەیەی گرت و گوتیان ئەوە دەبێ قۆڵی ببڕدرێتەوە چونكە پێی وابوو یەك عەكس بەسە بۆ ھەڵاوەسینێ لە حیزبەكە دا وەك سیمبۆل

وەختی خۆی دوكتور قاسملو ڕێگای نەدەدا عەكسی ھەڵاوەسن و وشەی ڕێبەر بۆ وی بە كار نەدەھێندرا. بە پێچەوانەی ڕێبەر لە پ ك ك و موجاھیدین دا كە بە شێوەی ڕەسمی ھەم عەكسیان لە مەقەڕان ھەڵداوەسرا و ھەم وشەی ڕێبەر بۆیان دەگوترا، حیزبی دێموكڕات ڕەسمەن عەكس ھەڵاوەسینی تێدا باو نەبوو و بە حوكمی ئەساسنامە دەرەجەی ڕێبەر یان ڕەئیس لە ستروكتوری سازمانەكەی دا نەبوو. ئەگەر نووسیبات دوكتور قاسملوی ڕێبەر، یەكسەر دوكتور قاسملو پێی ڕەش دەكردیەوە. لە حیزب دا پۆستی سكرتێری گشتی ھەبوو، نەك ڕەئیس یان ڕێبەر
ئێستا عیددەیەك دەڵێن چونكە دوكتور قاسملو شەھید بووە ھەم عەكسی و ھەم دەرەجەی ڕێبەر بۆی دەگۆنجێ. لە زەمانی دوكتور شرفكندی دا، دوای شەھید بوونی دوكتور قاسملو، پیاوێك موجەسسەمەی لە قاسملو ساز كرد و تەقدیم بە حیزبی كرد، كە چی دوای ئەو ھەموو زەحمەتەی كە كێشابووی حیزب لێی وەرنەگرت و عاقیبەت ئەندامێك كە لە سلێمانی دادەنیشت بە چەند ھەزار دیناری ئەو دەمی لێی كڕیەوە. كەوابوو عەكس و لەقەبی ڕێبەر خەتای خەڵك نیە كە نەبووە، خۆی دوكتور قاسملو موخالیفی بووە و ڕێی پێ نەداوە

دوای شەھید بوون ناتوانی دەست دە پلەی سازمانیەوە وەردەی. مەسەلەن كە یەكێك ڕەئیس جمھور بووە ناكرێ بڵێی سەڵتەنەتی كردووە، ھەر وا ناكرێ بڵێی فەرماندار بووە. كە لە حاڵی حەیات دا كەسێك پۆستێكی نەبووبێ، لە دوای وەفات قەتعەن ئەو پۆستەی نابێ. لە وەختی خۆی دا، دوكتور قاسملو زۆر جار گلەیی لەوەی دەكرد كە دەستەڵاتی پێویستی نەبووە لە كاران دا. مەسەلەن دەیگێڕاوە كە لە كۆنگرەی چوار گوتم با ئەو لیستەیەی بدەم، ڕازی نەبوون، گوتم با وا بكەین ڕازی نەبوون دوایە دەركەوت كە دەبوو ئاوا كرابا. دوكتور لە كۆنگرەی 3 گوتبووی با كۆنگرەی 2 حیساب نەكەین، قسەكەی قبووڵ نەكرابوو. پێش ڕووخانی شوڕەوی داوای لە كۆمیتەی ناوەندی كردبوو ئەگەر ئیجازەم دەن لە گەڵ ئەمریكا دانیشتن دەكەم، وا دیارە زۆریشیان لۆمە كردبوو. كە وابوو حیزبی دێموكڕات لە زەمانی دوكتور قاسملو دا ئۆرگانی ڕێبەرایەتیی ھەبوو بەڵام پۆستی ڕێبەر بۆ یەك نەفەر وجوودی نەبووە. دوكتور قاسملو ئەندامی ڕێبەرایەتی بوو و لە پۆستی سكرتێری گشتی دابوو

ئایا دەكرێ بە دوكتور قاسملو بڵێین پێغەمبەر؟
دوكتور قاسملو نە ئیددیعای پێغەمبەرایەتی كردووە و نە ڕازی بە ھەڵواسینی عەكسەكەی بووە و نە پلەی ڕێبەر لە حیزب لە زەمانی وی دا ھەبووە. پێغەمبەران تیئۆریسیەن نین و لە خۆیانەوە شت ناڵێن. وەك عادەت ئەوان بێ سەوادن. پێغەمبەر مەئمووری یەكێكە كە ئەو یەكە لەو دیوی واقیعەوە دیكتەی پێ دەكا و ئەویش بە بێ ئەوەی حەقی ھەبێ یەك كەلیمە بگۆڕێ یان لێی كەم و زیاد بكا، دەبێ پەیامەكە بگەیێنی بە كۆمەڵێك لە ئینسانەكان. ئێستا ئەگەر بڵێین دوكتور قاسملو پێغەمبەری ئاشتی یە دەبێ بڵێین ئەو پێغەمبەرە لە لایەن قودڕەتێكەوە ئیلھامی پێ دەكرا. ئەو قودڕەتە كێیە؟

لە فەلسەفە دا دوكتور قاسملو باوەڕی بە دیالیكتیك ھەبووە و ئەگەر خۆی زیندوو بایە قبووڵی نەدەكرد كە بە ئەو میتۆلۆژییەی یۆنانی قەدیم تەعریفی بكەی كە ھەر شتەی خودایەكی ھەیە و ئیلاھەی ئاشتی كە یەك لەوانە وەحی بۆ قاسملو دەنێرێ كە ئەویش بیگەیێنێتە ئۆممەتی. ئیستیعارەكە بۆ سكرتێری حیزبێكی سیاسی ناگونجێ كە لە ئەساسنامەی حیزبەكەی دا نووسراوە حیزب لە تیئۆریی پەرە ئەستاندنی كۆمەڵ پەیڕەوی دەكا. تیئۆرییەكە قۆناغەكانی گەشەی كۆمەڵ بە كۆیلەداری و فیئۆدالی و سەرمایەداری و سوسیالیسم و دوایی كۆمەڵی بێ تەبەقە تەرسیم دەكا. كۆمەڵی بێ تەبەقە یانی دەبێ سەرمایەداری نەمێنێ و ئەوەش بە ئاشتی ناكرێ چونكە خاوەن سەرمایە ھەر وا بە ھاسانی مل نادا. كەڵك وەرگرتن لە ئەو جۆرە ئەدەبیاتە لە گەڵ جێگە و پێگە و كلتووری سیاسی و مۆدێڕن بوونی سیستمی حیزبی كە قاسملو تێیدا كاری كردووە نالێكە. دوكتور قاسملو تەنانەت لۆمەی كۆمار دەكا دەڵێ شەڕیان نەكردووە و موقاومەتیان نەبووە لە كاتی ھاتنەوەی لەشكری شا دا بۆ مھاباد. ئەو ڕەخنەی لە پێشەوا گرتووە كە بەرەو پیری ئەرتەشی شا چووە بۆ ئەوەی خوێن نەڕژێ و وەك تەورێز قەتڵ و عام وەڕێ نەخرێ، بەڵكوو ھەر خۆی ببێتە فیدای گەلەكەی و شەڕ وە دوور كەوێتەوە. كێ دەڵێ تەسەوورەكەی دوكتور قاسملو دروست دەردەچوو كە ئەگەر قازی شەڕی كردبایە بە قازانج دەبوو؟ و ئەو حاڵەتە كەمترین نەتیجەكەی ڕژانی خوێن بوو

جودا لە میتودی دیالێكتیك كە لە گەڵ رەسالەتی پەیام گەیاندنێكی پێغەمبەرانەی بێ دەستتێوەردان فەڕقێكی جەوھەرییان لە مابەینی دا ھەیە، قایل بوون بە عالەمی ماددە واتە ماتریالیسمی فەلسەفی لە گەڵ دیسكۆرسی دینی كە ڕابیتەی وەحی و پێغەمبەرایەتی تەعریف دەكا لە تەناقوز دایە. بە حوكمی ئەوە كە لە زەمانی دوكتور قاسملو دا حیزبەكان لە ژێر تەئسیری نەوعی ئەوەڵی فكرەكە دا بوون، ئەوە خۆی مەنعێكی فەننیە لە سەر ڕێگەی بە كار ھێنانی ئیستیعارەی پێغەمبەر بۆ ناوبراو. بەیانی ڕوناكبیریی چەپی سیاسیی ئێمە، ئەگەریش بە زەقی نەیڵێ، لە نێو قسانی دا باس لە پێغەمبەر و غەیب و وەحی و بە عام تەرمینۆلۆژیی سەر بەو عەقیدەیە بە خوڕافات دادەنێ. عەجیبە كە لە نەبوونی وشەی پڕ بە پێست دا بۆ كاتی یادكردنەوە لە دوكتور قاسملو قەرز لە مەكتەبی پێغەمبەرایەتی بكرێ و وشەی پێغەمبەر بە كار ببردرێ

جودا لە مەعریفەت شناسیی دیالێكتیك و فەلسەفەی ماتریالیسم، بیرۆكەی لائیسیتەی سیاسی، كە بەعزێك لە ڕۆشنبیرانمان پێی موعجیبن ئەرێ چەندە دەرفەت بە ڕێبەر بوونی پێغەمبەرێك دەدا؟!! كەلك وەرگرتن لە لەقەبی پێغەمبەر بۆ دوكتور قاسملو لە لایەن ڕووناكبیرێكەوەیە كە ئەگەر لە سەر مەرقەدی قاسملو لە پێرلاشێز كۆ بۆوە دەڵێ: یەك دەقیقە بێ دەنگی. لە حاڵێك دا دەقیقەیەك بێ دەنگی لە گەڵ گەورەیی و مەعنەوییەتی پێغەمبەرایەتی بڕ ناكا و وڵامدەر نیە. ئێستا جەماعەت بۆ چوونە سەر قەبری قازی و مەلا مستەفا سوڕەتی الفاتیحە دەخوێنن. بۆ دوكتور قاسملو كە دەچنە سەر قەبرەكەی دەڵێن: یەك دەقیقە بێ دەنگی. ئەگەر بڵێی ڕەحمەتی خوداو لێ بێ فاتیحایەكی بۆ دادەن كادیری سێكۆلار لە دڵە خۆی دا ڕەنگە پێی ناخۆش بێ!!! ھەر ئەو كادرە سێكۆلارە لێكدا لێكدا بە دوكتور قاسملو دەڵێ پێغەمبەر!!! لائیك بوون لە گەڵ پێغەمبەر بوون ناتوانن سیفەتی یەك نەفەری واحید بن

جاری واش ھەیە حدك و حدكا بۆ یادی دوكتور قاسملو، سەر لە خەڵك دەشێوێنن. یەكیان دەڵێ چرای بكووژێننەوە ئەوی دیكە دەڵێ شەمعی ھەڵكەن. خەڵك لە نێوان تاریكی و ڕووناكی دا دادەمێنن. ئەوە نیشان دەدا ڕووانینیان بۆ زاتی دوكتور قاسملو لە سەرچاوەیەكی ماددیەوە دێ و سەحیح نیە وشەی پێغەمبەر بۆ وی بە كار بێنن. دەنا ئەگەر بە چاوی پێغەمبەرایەتییەوە سەیری بكەن حەقە بڵێن دۆعای بۆ بكەن، یان چەند ئایەتێكی لە قوڕئانی كەریم بۆ بخوێنن، ھەر وەك شەھید قاسملو بوو كە بەرنامەكانی ڕادیۆی ژێر مودیرییەتی خۆی بە ئایەتەكانی قوڕئانی پیرۆز دەكردەوە

بە قووڵبوونەوە لە مەبدەئی ئەو ناوە یانی پێغەمبەری ئاشتی بۆمان دەردەكەوێ كە ئەو لەقەبە بۆ دوكتوری شەھید جوان نیە، و دەكرێ بە زمانێكی فەسیحتر و بە بەیانێكی رێئالیستی تر وەسفی ناوبراو بكەین

كەلك وەرگرتن لە عیباڕەتی " پێغەمبەری ئاشتی" لە جێیەكی دیكەوە ڕەنگدانەوەیەك لە ئەدەبیاتی مەسیحیەتە. ئەگەر چی لە مەسیحیەتی ئەمڕۆیی دا عیسی بە كوڕی خودا دەزانن، بەڵام ئاشتیخواز بوونیان لە قوربانی كرانی عیسی دا پێناسە كردووە بۆ ئاشتكردنەوەی عەبد و خودا و ئاشتیی بەینی بەشەران

لێرە دا ئاشتیخواز بوونی دوكتور قاسملو بە ئاشتیخواز بوونی مەسیح تەشبیە كراوە. پێغەمبەرانی باری تەعالا ھەر كامەی ھەم بەشیر بوون و ھەم نەزیر. یانی ھەم بەشاڕەتیان داوە بە خەڵك و ھەم لێیان مۆڕ بوونەوە. ئەوان مزگێنیی جەننەت و حۆر و شیر و ھەنگوین و سێبەر و سەلام لێككردن و حاوانەوەی ئەبەدییان داوە، و لەو لاشەوە لە خەڵك مۆڕ بوونەوە بە ھەڕەشەی جەھەننەم و ئاور و عەزاب. ئەنبیای ئیلاھی ھەر كامەی پاڵەوانێك بووە، یەكیان دار و تەختەی لێك بەستووە گەمیی بە قەد مەیدان فوتباڵێك بۆ نەجاتی ئیمانداران چا كردووە، داود لە شەڕێ دا بووە، سلیمان تەختی لە بڵقیسی وەرگەڕاندووە، ئیبڕاھیم بە بیوران وەرگەڕاوەتە بوتان، حەزرەتی " لوت" لە نێربازان ڕاساوە و موسا بە زللەی پیاوێكی كوشتووە و لە فیرعەونی ڕاپەڕیوە و محمد المصطفی ( ص) وەحی پێ كراوە كە ئەگەر لە گەڵت بەشەڕ ھاتن تۆش لە گەڵیان شەڕێ بكە. لەو بەینە دا دینی مەسیحی ئیددیعا دەكا كە حەزرەتی عیسی ھەڵگری پەیامی ئاشتی بووە و ئەگەر بە زللەی لە لا ڕوومەتێكت دابا، گووپی ڕادەگرت ھەتا بە زللەی لە لاڕوومەتەكەی دیكەشی دەی!!!

لە قانوونی ئیلاھی دا دەڵێ بۆ چاوێك چاوێك دەرێنە، و بۆ ددانێك ددانێك بشكێنە، ھەتا دەكرێ ئیحسانێ بكەن و عافوویان بكەن، ئەما ئەگەر چاوێكیان دەرھێنان ئێوەش چاوێكیان دەرھێنن، نەك زیاتر. عەجەبا مەسیحیەت دەڵێ حەزرەتی عیسی گوتوویە ئەگەر غەددارێك زللەیەكی لە ڕوومەتی ڕاستەت دا، ڕاوەستە با زللەیەكیشت لە ڕوومەتی چەپەی ڕاكێشێ؟!!!

لاساكردنەوەی ئەو تەوسیفە كە بۆ حەزرەتی عیسی كردوویانە، بۆ وەسفی دوكتور قاسملو كە لە ئەدەبیاتی حیزبی دا دەیبیستین گونجاو نیە. لە حیزب دا ئێمە پێشمەرگەمان ھەیە و ئەوە بەو مانایەیە كە دەچێتە شەڕێ و دیفاعێ دەكا. لە مەسەلەی عیسی مەسیح دا دیفاع نیە و بەو جۆرەی گوتم خۆشویستن ھەیە وەلەو بۆ دوژمنەكەت. دیارە ئەوەش دەبێ عەسڵی ئینجیلی عیسی نەبێ و دەستی تێوەردرابێ. چونكە ئێمە دەبینین وڵاتانی مەسیحی وەزارەتی دیفاعیان ھەیە و بودجەكەشی لە سەرێیە و ئەسلەحەش دروست دەكەن و دەیفرۆشن

دوكتور قاسملو ئاشتیخواز بووە، ئەمما ئەو ئاشتییەی دوكتور قاسملو بە ھەموو قیمەتێك نەبووە. لە ساڵی 1361 كە جادەی پیرانشار – سەردەشتێ دەگیراوە، حیزب دوو مەرحەلەی دانابوو: مانگی دیفاع، و مانگی ھێرش. ئەو جار سكرتێری حیزبێك كە مەسئولیەتی 13 ھێزی پێشمەرگەی لە ئەستۆ بێ ناتوانێ بە تەعبیرەكەی عیسی مەسیح پێغەمبەری ئاشتی بێ. دەتوانی بڵێی ئاشتی دەوێ، بەڵام پێغەمبەر بوون لەوە دا وا دەنوێنێ كە كاری وی ھەر ئاشتییە و ھیچی دیكە

لە بواری عەمەلیشەوە لە زەمانی دوكتور قاسملو دا ئاشتی بە مۆدی مەسیح مان قەت نەبووە. ڕژانی خوێن بەو حەددە ئیبای لێ نەكراوە. جەعفەری كەڕڕوبی و "خوسرەوی عەوڵا قوون چكۆلە" و كەماڵی ئیسماعیلزادە كوژران و حیزب موچڕكیشی پێدا نەھات. جەعفەر ببوو بە لایەنگری مامە غەنی و تەبلیغاتی بە زیددی حیزبێ دەكرد، خوسرەوە خۆی تەحویل دابۆوە و كەماڵ خۆی تەحویل دابۆوە. جەعفەر بە علی برایەوە لە حەساری ماڵێ دا كۆژرا، خوسرەو بە بابەوە دە خوێن گەوزێندرا، كەماڵ بە ژنەوە ئیعدام كرا، بەو شەرتەی ژنەكەی دوو گیان بوو. ئایا بەیاننامەیەكی دەفتەری سیاسیمان ھەیە كە كوژرانی ئەو 6 نەفەرەی مەحكووم كردبێ؟! ئەوانە تەنانەت فایلیان نیە كە لە كوشتنەكەی كۆڵیبێتەوە بۆ ئەوەی بزانین بلاخرە كێ حوكمی كوشتنی ئەوانەی داوە. دیارە دەورانی كوژرانی ئەوانە بێ نەزمی و بێ سەرەوبەرەیی دەبیندرا و زۆر جار لە خۆ ڕا ھێزی چەك لە شان كاری وای دەكرد كە حیزب لە ئەسڵ دا پێی ڕازی نەبووە. بەڵام ئەوەش دەلیلێكی تەواو نیە چونكە لە ئیعدامی حسن اسلامی دا بە تەواوی نەزم ھەبوو و ئەو لاوە كە بە دیل گیرابوو لە ژێر كۆنتڕۆڵ و بڕیاری سەرەوەی حیزب دا ئیعدام كرا. حسن گوناحەكەی ئەوە بوو ڕە گەڵ ئینشیعابێ كەوتبوو و بێ سێمی لە گەڵ خۆی بردبوو، دیارە دەبێ ڕەمزەكانیشی پێ بووبێ. ئەما خۆ ڕەمز دەكرێ لە دەقیقەی ئەووەڵی ڕۆیشتنی حسن ی ڕا بیگۆڕی بۆ ئەوەی لایەنی ئەمنیەتی بپارێزی

ئەمن پێم وایە كە ئەگەر ڕێژیمی ئاخوندەكان حەقێكی خودموختاری دابایە بە ڕاستی دوكتور قاسملو حەزی لە شەڕ نەبوو. چریك و كۆمەڵە لە سەر ئەوەی بە حیزبیان دەگوت سازشكار. بەڵام ئەوە تەشخیسی ھەلومەرجێكی زەمانی و سیاسی بووە و سیاسەتمەدارێكی ئەھلی ئاشتی و پێكەوە ژیان دەناسێنێ

بۆ ھەلومەرجێكی كە دوكتور قاسملوی تێدا ژیاوە ئیمكانی نەبووە ھیندە ئاشتیخواز بی كە ھەر فیشەكێك نەتەقێ. شەڕی گەورە گەورەی وەك نەغەدە، شاروێران و گوردانی جادەی بۆكانێ و ... زۆری دیكە مەجالی دە كار كردنی ئەو عیباڕەتە تەنگ دەكاتەوە. بۆیە پێم وایە دانی لەقەبی نەگونجاو بۆ دوكتور قاسملو ئەوی گەورە ناكاتەوە. دوكتور ئیحتیاجی بە گەورە كردنەوە نیە. ھەر كەسەی لە مەقامی خۆی دا گەورەیە و جێی ئیحتیڕامە، بەڵام ئەو لەقەبی پێغەمبەر و ڕێبەر و بە تایبەتی ئەوەی شێركۆ بێكەس ھۆندبوویەوە ھەر بە جارێك ئیشكالی ھەیە. ئەو نووسیبووی دڵی لە لۆكەیە

ئەوەی ئیحتیاجی بە لەقەبی خودا و پێغەمبەر و شتی وایە دوكتور قاسملو نیە، بەڵكوو كەسانێكن كە لە ڕێگای ئیستیفادەی ئەبزاری لە ناوی دوكتورەوە كەسانی موخالیفی خۆیان دەبەزێنن و لە خەستەكێنی حیزبایەتی دا دەیانخیچێنن.

سه رچاوه: روژهه لات تایمز

 

 

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان