ڕۆژی هەینی ٣ی بەفرانبار "سەید نەجمەدین ئەنیسی" ناسراو بە "بەهار"، شاعیر، نووسەر و لێکۆڵەری خەڵکی مەهاباد لە تەمەنی ٧٠ ساڵیدا بەهۆی جەڵتەی مێشکەوە لە نەخۆشخانەی ئەو شارە کۆچی دوایی کرد.
"سەید نەجمەدین ئەنیسی" لە سەرەتای لاوێتییەوە ئۆگرییەکی زۆری بە زمان، ئەدەبیات و فەرهەنگی کوردی هەبووە و لەو ڕاستایەدا هەنگاوی بە پێزی هەڵێناوە. دەستێکی کریگەری لە کۆکردنەوە و ڕێکوپێککردنی شێعری شاعیران و ئەدیبان و هەروەها مێژووی ئەدەبیاتی کوردیدا هەبووە.
ناوبراو تا ئێستا دەیان بەرهەمی لە کۆکردنەوە و ڕێکوپێککردنی شێعری شاعیران و ئەدیبانی کورد لە چاپ داوە کە بەشێکیان بریتین لە: "دیوانی حەقیقی، دیوانی ئاوات (سەید کامیل ئیمامی)، دیوانی ئەحمەدی کۆر، دیوانی سابیری، دیوانی چاوەش و دیوانی زەبیحی و...".
بەرهەمێکی "ئەنیسی" بە ناوی "ئاوێنەی موکریانی" کە لە ٢٤ بەرگدا نووسراوە، هێشتا چاپ نەبووە. هەروەها دیوانی شێعرەکانی کە لە چەندین قاڵبدا و بە نێوەڕۆکی ئەوینداری و عیرفانی و کۆمەڵایەتی نووسراون، هێشتا چاپ نەکراون.
"سەید نەجمەدین ئەنیسی" ساڵی ١٣٢٥ی هەتاوی لە گەڕەکی وەفایی شاری مەهاباد لەدایک بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندیی لەو شارە تەواو کردووە. ناوبراو کەسێکی خۆشناو و جێگای ڕێزی خەڵک بووە.
ناوبراو ڕۆژی چوارشەممە ١ی بەفرانبار بەهۆی جەڵتەی مێشک بۆ نەخۆشخانەی شاری مەهاباد گوازرایەوە و دوای دوو ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە، ڕۆژی هەینی ٣ی بەفرانبار کۆچی دوایی کرد. ئەمڕۆ شەممە ٤ی بەفرانبار "ئەنیسی" لە گۆڕستانی ئەو شارە لە بەشی هونەرمەندان بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.
25/12/2021