كۆماریخواز: لە درێژەی کاردانەوەکان بە نوێترین راپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لەمەڕ بەرنامە ناوکییەکەی ئێران، رۆژی هەینی 20 خەزەڵوەر، هیلاری کلینتۆن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، داوای لە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی کرد لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا وەڵامی ئەم راپۆرتە بدەنەوە .
هەروەها هیلاری کلینتۆن رایگەیاند کە دەستیان بە وتووێژ لەگەڵ هاوپەیمانەکانیان کردووە سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتوو لە بەرانبەر ئێراندا.
بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری رۆیتەرز، کلینتۆن کە لە پەراوێزی دانیشتنی ئاسیا-ئۆقیانووسیە لە هۆنۆلۆلۆی هاوایی قسەی دەکرد جەختی لەوەکردەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان بەشوێن راکێشانی پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ زیاتر کردنی گەمارۆکان لە دژی کۆماری ئیسلامی. هەر لەم بوارەدا، راگەیاندنەکان دەڵێن باراک ئۆباما سەرۆک کۆماری ئەمریکا بەنیازە بە ئامانجی "دروسکردنی بەرەیەکی یەکگرتوو" لە بەرانبەر کۆماری ئیسلامیدا لە پەراوێزی دانیشتنی هاوکاریی بازرگانییەکانی ئاسیا-ئۆقیانووسیە لەگەڵ رێبەرانی جیهان لەوانە هاوتا چینی و رووسییەکانی خۆی دیدار بکا.