ساکار عەبدوڵڵازاده
رووداو-هەۆلێر
بڕیارە ئه‌مڕۆ وەفدێکی شاری سەردەشتی رۆژهه‌ڵاتى كوردستان به مەبەستی بەشداری کردن له ساڵیادی کارەساتی کیمیاباران کردنی هەڵەبجه له رێگەی سنووری نێودەوڵەتی باشماخەوە بگاته هەرێمی کوردستان.
بۆ پێشوازیكردن له وه‌فده‌كه‌ى شارى سه‌رده‌شتى ده‌سته‌خوشكى هه‌ڵه‌بجه‌ى شه‌هید، سەرۆک‌و ئەندامانی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجه چوونه‌ته سنووری باشماخى پارێزگاى سلێمانى، كه بڕیاره ئه‌و وه‌فده ئه‌مڕۆ ئێواره بگاته هه‌رێمى كوردستان.
لوقمان عەبدولقادر سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجه به ماڵپەڕی (رووداو)ی راگەیاند "وەفدێكی 12 کەسی كه لە کەسایەتی روناکبیر‌و مامۆستای زانکۆ‌و بەرپرسی رێکخراوی قوربانیانی سەردەشت پێک هاتوون، به شێوەیەکی فەرمی بەشداری لە ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە دەکەن‌و ئێمه‌ش به‌ره‌وپیریان چووین".
لوقمان عەبدولقادر گوتى "ئێمه به شێوەیەکی فەرمی رێکخراوی قوربانیانی کیمیابارانی سەردەشتمان بانگهێشت کردووه که بەخۆشیەوە بەشداری کردنیان لەو یادە پەسەند کرد، ئێمه‌ش وەک ساڵانی رابردوو تا رادەیەکی باش ئامادەکاریمان بۆ سبه‌ى 16/3ى یادى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه كردووه‌و جگه له وه‌فده‌كه‌ى سه‌رده‌شت ژمارەیەک نوێنەرى ئیتالیا بۆ ئه‌و مه‌به‌سته هاتوونه‌ته هەڵەبجه‌و بڕیاره زۆرێک له نوێنەر‌و کونسوڵی وڵاتانی بیانی لەو رێورەسمەکەدا ئامادەبن".
16/3/1988 رژێمى به‌عس شارى هه‌ڵه‌بجه‌ى كیمیاباران كرد‌و 5 هه‌زار كه‌س له‌و كیمیابارانه‌دا بوونه قوربانى، هه‌روه‌ها 26/06/1987 له گەرمەی شەڕی نێوان ئێران و عێراق شاری سەردەشت لەلایەن فڕۆکه بۆمبهاوێژەکانی رژێمی بەعسى عێراق کیمیاباران کرا، كه به سەدان کەس له دانیشتووانه‌كه‌ى بوونه قوربانى، هه‌ربۆیه ئێستا سه‌رده‌شت‌و هه‌ڵه‌بجه به ده‌سته‌خوشك ناوده‌برێن.