نووسەر و شاعیر ئەیاز سیاوەشان لە پەیجی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک رایگەیاند: بە خۆشییەوە ئاگادار کرامەوە کە ژنە شاعیری کورد، دوکتورە نەزەند بەگیخانی خەڵاتی شیعری ژنی فڕەنسا 2012ی پێ بەخشراوە و خۆشی لە مێدیاکاندا ئەو هەواڵەی پشتراست کردۆتەوە و گوتوویەتی: “لەلایەن سەرجەم ئەندامانی خەڵاتی فێمینەن-ی فڕەنسایی وەك شاعیری ساڵی 2012 لە نێوان 42 شاعیری فڕەنسایی هەڵبژێردراوم.”
ئەیاز سیاوەشان راشیگەیاند: خەڵاتی فێمینەن-ی سیمۆن لاندری فڕەنسا دووەم خەڵاتی ناودەوڵەتییە بە نەزەند بەگیخانی دەبەخشرێ، یەكەم خەڵاتی ناودەوڵەتی کە پێشتر وەریگرتووە (ئێما هێمفری) بوو كە لە ساڵی 2000 بۆ كار و چالاكییەكانی لە بەرەنگاربوونەوەی توندتیژی شەرەفپارێزی لەلایەن كۆمەڵێك پارێزەری بەریتانییەوە پێشكێشی كرا. هەر وەها ئاماژە بەوەش کردووە کە نەزەند پێنج دیوانی شێعری بە کوردی بڵاو کردۆتەوە و دیوانە شێعرێکیش بە زمانی ئینگلیزی. هەر وەها خۆم (ئەیاز) گۆڵبژێرێک لە شێعرە کورتەکانی نەزەندم وەرگێڕاوەتەوە سەر زمانی فارسی کە هێشتا بڵاوم نەکردۆتەوە. پاشان لە لایەن خۆیەوە پیرۆزبایی لە نەزەند بەگیخانی و سەرجەم ژنانی کورد دەکات.