سەرۆک وەزیرانی لوبنان بەهۆی دەستوەردانەکانی ئێران دەستی لەکار کێشایەوە
”لە کۆتاییدا ئێران تووشی شکست دەبێت“سەرۆک وەزیران لوبنان بەهۆی دەستوەردانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کاروباری وڵاتەکەیدا، دەستی لەکار کێشایەوە.
رۆژی شەممە 4/11/2017، سەعد حەریری، سەرۆک وەزیران لوبنان رایگەیاند، رژێمی ئێران بە ئاشکرا رایگەیاندووە، کە وڵاتانی عێراق، سووریا و لوبنان ناتوانن بەبێ ئێران، هیچ بڕیارێک بدەن.
سەعد حەریری هەروەها رایگەیاندووە، کە ئێران لەڕێی میلیشیای حزبوڵلاوە، دەوڵەتێکی شیعەی لەناو دەوڵەتی لوبنان دروست کردووە و دەستی بەسەر هەموو جومگەکانی لوبناندا گرتووە.
سەرۆک وەزیرانی لوبنان هاوکات لەگەڵ بڕیادرانی بە دەست لەکار کێشانەوە لە پۆستەکەی، رایگەیاندووە، کە ”لە کۆتاییدا ئێران تووشی شکست دەبێت“ و گەلی عەرەب لەو وڵاتانە هاوشێوەی بەحرێن و یەمەن، رووبەڕووی دەستوەردانەکانی ئێران دەبنەوە.
حزبوڵڵا میلیشیایەکی چەکداریی موسڵمانی شیعەمەزهەبی لوبنانە، پشتگیریی رژێمی سووریا دەکات و لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانیشەوە پاڵپشتیی سەربازی و ماددی دەکرێت.
4/11/2017