کۆبوونەوەی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا لە ستراسبۆرگ لەبارەی پرسی ئەندامێتی تورکیا لەو یەکێتییە بەڕێوەچوو و بە زۆرینەی دەنگ پەرلەمانی ئەوروپا رەشنوسی هەڵپەساردنی پرۆسەی ئەندامێتی تورکیای لە یەکێتییەکە پەسند کرد.
رۆژی پێنجشەممە 24-11-2016 پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا بۆ تاوتوێکردن و بڕیاردان لەبارەی رەشنووسی هەڵپەساردنی دانوستاندنەکانی ئەندامێتی تورکیا لە یەکێتییەکە.
لەو رەشنووسەدا کە بە 479 دەنگی بەڵێ بەرامبەر بە 37 دەنگی نەخێر و 107دەنگی بێلایەن پەسندکرا، داوای هەڵپەساردنی دانوستاندنەکان دەکات لەگەڵ تورکیا بۆ ئەندامێتی ئەو وڵاتە لە یەکێتییەکە.
لە رەشنووسەکەدا هەروەها سەرکۆنەی هەوڵی کودەتاکەی 15ی تەمموز کراوە و داواکراوە "بەهۆی ئەو پێشهاتانەی دوای کودەتاکە هاتنەئاراوە و باری نائاسایی راگەیێندرا لە تورکیا، پێویستە دانوستاندنەکان بۆ ئەندامێتی تورکیا لە یەکێتییەکە بەشێوەیەکی کاتی رابگیرێت."
هەرچەندە پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا دەسەڵاتی ئەوەی نییە دانوستاندنەکانی ئەندامێتی رابگرێت یاخود هەڵپەسێرێت، بەڵام چاودێرانی سیاسیی پێیانوایە کە بڕیارەکە پەیامێکی سیاسیی ئەنجوومەنی ئەوروپا و وڵاتانی ئەندامە لەبەرامبەر پێشهاتەکانی تورکیاوە.
ئەم بڕیارەی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا ناخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام رۆڵی گرنگی دەبێت لە بەرچاوڕوونی سەرکردەکانی یەکێتییەکە کە بڕیارە مانگی داهاتوو کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجام بدەن. بەپێی یاساکانی یەکێتی ئەوروپا، سەرکردەکان ناتوانن "بێ هەڵوێست بن" بەرامبەر بەم بڕیارە.
دەستگیرکردنی ژمارەیەکی بێشومار کارمەندی حکومی و ئەندام و لایەنگری هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە تورکیا و سەرهەڵدانی مشتومڕی گەڕاندنەوەی سزای لەسێدارەدان لەو وڵاتە، رۆڵی کاریگەری هەبوو لەسەر پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا بۆ پەسندکردنی ئەم بڕیارە.
تورکیا لەساڵی 1963 لەکاتی واژۆکردنی کۆمەڵەی ئابووری ئەوروپاوە داوا دەکات بە ئەندام لە یەکێتییەکە وەربگیرێت. لە ساڵی 1987 مافی ئەوەی بەدەستهێنا بەفەرمی داوای ئەندامێتی بکات لە یەکێتی ئەوروپا، لەساڵی 2009ەوە وەک پاڵێوراوی بوونە ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا پەسند کراوە و لە ساڵی 2005یشەوە دانوستاندنەکانی ئەندامێتی تورکیا لە یەکێتییەکە دەستی پێکردووە.
یەکێتی ئەوروپا و تورکیا لە بابەتێکی دیکەشدا تا ئێستا نەگەیشتوون بە رێککەوتن؛ ئەویش هەڵگرتنی ڤیزەی شنگنە لەسەر خەڵکی تورکیا.
یەکێتی ئەوروپا 72 مەرجی داناوە بۆ تورکیا بۆ هەڵگرتنی ڤیزەی شنگن لەسەر خەڵکی وڵاتەکەی، بەڵام تورکیا ئامادە نییە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، یاسای ژمارەی 3713 کە لە ساڵی 1991دا خرایە بواری جێبەجێکردنەوە هەموار بکاتەوە، بە پێی ئەو یاسا، "تێکدانی یەکێتی دەوڵەت و یەکپارچەیی تورکیا، زیانگەیاندن بە سوپا و هەماهەنگی لەگەڵ سوپای دەوڵەتی دووژمنی تورکیا، پێشێلکردنی دەستوور، ئەنجامدانی تاوان لە دژی پەرلەمان، ئەنجامدانی تاوان لە دژی حکومەت، خەباتی چەکداری لەدژی حکومەتی تورکیا، هاریکاری ماددی رێکخراوە تیرۆریستییەکان، رێکخراوی چەکداری، خزمەتی سەربازی بۆ سوپای وڵاتان جگە لە تورکیا، هەوڵی تیرۆری سەرۆککۆمار" بە تیرۆر ناسێنراون.
ئەوەی کە ئەوروپا زۆر گرفتی هەیە لەگەڵیدا ئەو تاوانانەیە کە تورکیا بە تیرۆر پێناسەیان دەکات، ئەوروپا داوا دەکات یاساکە بەپێی یاساکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا هەمواربکاتەوە. ئەوروپا لەوە دەترسێت کاتێک ڤیزەی شنگنی لەسەر خەڵکی تورکیا هەڵگرت، بەهۆی یاسای تیرۆری تورکیاوە ژمارەیەکی زۆر کۆچبەری سیاسیی لە تورکیاوە رووی تێبکەن.
ئەگەر تورکیا تەواوی مەرجەکان جێبەجێ بکات، پێشنیازەکەی کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەوروپا لە پەرلەمانی یەکێتییەکە دەنگدانی بۆ دەکرێت و بۆ پەسندکردنی بڕیارەکە سەدا 50+1ی دەنگەکان پێویستە. پاشان دەنێردرێت بۆ ئەنجوومەنی ئەوروپا و لەوێش سەدا 65ی دەنگەکان واتە 16 لەکۆی 28 وڵاتی ئەندام پێویستە بۆ پەسەندکردنی.
کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەوروپا رۆژی 28-9-2016 دوای سێیەمین کۆبوونەوەی هەڵسەنگاندنی رێککەوتنەکەی 18ی ئاداری نێوان یەکێتییەکە و تورکیای ئەنجامدا و رایگەیاند، "لەکۆی 72 مەرج، ئەنقەرە 7 مەرجی ماوە جێبەجێیان بکات بۆ هەڵگرتنی ڤیزەی شنگن لەسەر خەڵکی وڵاتەکەی."
کۆمیسیۆنەکە راشیگەیاند، 600 ملیۆن یۆرۆ بەخشراوە بە وەزارەتی پەروەردە و تەندروستی تورکیا بۆ خزمەتکردنی ئاوارەکان لەو وڵاتە.
ئەو مەرجانەی کە تورکیا جێبەجێی نەکردووە
- دابینکردنی پاسپۆرت بە ستانداردی ئەوروپا بۆ هاووڵاتیان
- گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی
- کاری هاوبەش لەگەڵ ئینتەرپوڵ
- هەموارکردنەوەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و یەکسانکردنی بە ستانداردەکانی ئەوروپا
- پاراستنی زانیارییە کەسییەکان بە پێی ستانداردی ئەوروپا
- هاریکاریکردنی سەرجەم وڵاتانی ئەوروپا لە بابەتەکانی پەیوەست بە تاوانەوە
- جێبەجێکردنی سەرجەم خاڵەکانی رێککەوتنەکەی 18ی ئادار
25/11/2016
شەشەمین پێشانگای سەراسەری کەرەستەی پزیشکی ئێران لە ورمێ بەڕێوەدەچێت. لەو پێشانگایەدا چەندین کۆمپانیای ناوخۆیی و بیانی بەشدارن و دەیان جۆر کەرەستەی جیاوازی پزیشکی و پێداویستییەکانی نەخۆشخانە خراوەتەڕوو.
بۆ یەکەمجار لەو پێشانگایەدا، ژوورێک بە بەرهەم و گیراوە گیاییەکان تەرخانکراوە، خاوەنی ئەو ژوورە پزیشکێکی رۆژهەڵاتی کوردستانە.
ئەو دەڵێت، ئێستا بەشی زۆری خۆراک و پێداویستییەکانی رۆژانەی خەڵک لە ماددە کیمیاییەکان بەرهەمدێت کە کاریگەری زۆر خراپی لەسەر تەندروستی مرۆڤەکان هەیە.
لە زۆر شوێنی رۆژهەڵاتی کوردستان ناوەندی فرۆشتنی گیا دەرمانی هەیە، بەڵام کەمتر بەشێوەی زانستی کار لەسەر ئەوە کراوە، بەرهەمە گیاییەکان جێگەی ماددە کیمیاییەکان بگرنەوە.
بەگوتەی شارەزایانی بواری ئۆرگانیک، رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی ژینگە و کەشوهەوای تایبەت دەیان جۆر گیای لێ دەڕوێت کە ئەگەر بەکاربهێندرێن، خزمەتی گەورە بە ژیانی تەندروست و ژینگەی خاوێن دەکەن.
25/11/2016
کەیوان کەریمی، فیلمسازی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان، کە سزاى یەک ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاوە، بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی بۆ زیندانی ئەوینی تاران گواسترایەوە.
کەیوان کەریمی بەهۆی فیلمی "نووسین لەسەر شار" دەستبەسەرکرا. ئەو فیلمە باس لە نووسینی دروشمی ناڕەزایەتی لەسەر دیوارەکان دەکات.
دادگای بەرایی کەیوان کەریمی بە 6 ساڵ زیندان مەحکوم کرد، بەڵام دادگای پێداچوونەوە ئەو حکومەی بۆ یەک ساڵ زیندان و 223 قامچی گۆڕی.
گرتن و زیندانیکردنی کەیوان کەریمی ناڕەزایەتی زۆری لەنێو چالاکانی مافی مرۆڤ و فیلمسازانی ئێرانیدا لێکەوتووەتەوە. پێشتر 137 فیلمسازی ئێرانی داوایان لە دەزگای دادی ئێران کردبوو تۆمەتەکەی لەسەر لابدرێت.
کەیوان کەریمی خەڵکی شاری بانەی سەر بە پارێزگای سنەیە. تەمەنی 30 ساڵە و لە تاران خوێندنی تەواوکردووە.
24/11/2016
گوتهبێژی فهرمی پارتی دیموكراتی گهلان "ههدهپه" كه هاوكات پهرلهمانتاری بازنهی قارس-ی پارتهکەیه ئاشکرای کرد "راگرتنی هاوسهرۆکانی ههدهپه، پهرلهمانتاران، سهرۆک شارهوانییهکان و پهرلهمانتارانی پێشووی پارتهکهیان له ژووره تاکه کهسییهکانی ناو گرتووخانهكاندا دهچێته چوارچێوهی مامهڵهی خراپ و ئهشکهنجهدانهوه".
ئایهان بیلگهن، گوتهبێژی ههدهپه باسی لهوهکرد: ''ئهوه روونه که دوای دهرچوونی ئهندامانی بهرهی نوسرە له حهلهب، ئهنجامهکهی لهئاستێکی پێویستدا نهبووه. تۆڵهی ئهمهش له سهربازانی سوپای تورکیا دهکرێتهوه. حکومهت ناچاره روونکردنهوه بداته هاووڵاتیانی تورکیا لهبهرامبهر ئهوهی پشتیوانیی له سوپای سووریای ئازاد و ئهو پێکهاتانهی دیکهی وهک ئهحرارولشام و نوسرە که له رووکهشدا وهک سوپای سووریای ئازادن، دهکات''.
ئایهان بیلگهن ئاشكرای کرد، گرتنه بهری سیاسهتی دابڕین هێندهی دهستگیرکردنی نایاسایی گرنگ و ههستیاره و گوتی ''راگرتنی هاوسهرۆکانی ههدهپه، پهرلهمانتاران، سهرۆک شارهوانییهکان و پهرلهمانتارانی پێشوو له ژووره تاکه کهسییهکانی ناو گرتووخانهكاندا، دهچێته چوارچێوهی مامهڵهی خراپ و ئهشکهنجهدانهوه. لهو دوو دێڕه دهترسن که هاوسهرۆکهکانمان دهینووسن، ههروهک چۆن سڵ لهوێنهکانیان دهکهنهوه''.
بیلگهن ئهو نامانهی نیشاندا که هاوسهرۆکانی ههدهپه له گرتووخانهوه ناردوویانه و بهدهستیان گهیشتووه و رایگهیاند ''ئهمه مایهی شهرمهزارییه بۆ تورکیا، ئهمه شوورهییه. ئهو شوێنانهی که لهنامهکهدا بهتاڵن، سڕاونهتهوه و سانسۆرکراون. ئهوان هێشتا پهرلهمانتارن، هیچ حوکمێکی دادگایان بهسهردا نهسهپێنراوه، تهنیا دهستگیرکراون. دهڵێن که لهبهر ئهوهی نهچوون ئیفاده بدهن بهوشێوهیه مامهڵهیان لهگهڵ دهکرێت، مادهم وایه که ئیفادهیان دا، ئازادیان بکهن".
ههروهها گوتی "دهقی ئهم نامهیه ههفتهی داهاتوو لهمیانی کۆبوونهوهی فراکسیۆندا بڵاودهکهینهوه. لهنامهکهدا باسی مێژووی تورکیا و رۆژههڵاتی ناوهڕاست، مافی مرۆڤ و دیموکراسی کراوه. له تهواوی یهک لاپهڕهدا تهنها دوو دێڕ بوونی ههیه. لهمه دهترسن. تهماشای لاپهڕهکان بکهن، ئایا لێرهدا رێنمایی ههیه؟ با ههرچییهک ههیه روونی بکهنهوه''.
24/11/2016
سەرۆکی دەزگای دادی ئێران رەخنە لە سەرۆککۆمار و سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەگرێت، کە بەگوتەی خۆی لەبەرامبەر تۆمەتبارکردنی ئەو بە گەندەڵی، هەڵوێستیان نەگرتووە.
سادق لاریجانی سەرۆکی دەزگای دادی ئێران دەڵێت، پەرلەمانتارێکی لایەنگری حەسەن روحانی ئەو تۆمەتەی بۆ هەڵبەستووە، بەڵام سەرۆککۆمار هیچ کاردانەوەیەکی نەبووە.
لاریجانی دەشڵێت، بڕیاریداوە بەدواداچوون بۆ دۆسیەی رێگریکردن لە کۆبوونەوەی عەلی موتەهەری، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە شاری مەشهەد بکرێت.
هاوکات پارێزگاری خۆراسانی رەزەوی رایگەیاند، ئەو بڕیارە لەسەر پێشنیازی بەشی هەواڵگری سوپای پاسداران دراوە.
عەلیڕەزا رەشیدیان دەڵێت، داواکاری گشتی مەشهەد پاش راگۆڕینەوە لەگەڵ ئیتلاعاتی سوپای پاسداران، بۆ پێشگرتن لە ئەگەری روودانی کاری نایاسایی بڕیاری هەڵوەشانەوەی رێوڕەسمی قسەکردنی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێرانی دەرکردووە.
دەشڵێت، بڕیاری بەرپرسێکی دادوەری بەبێ هاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرانی دیکەی پارێزگاکە کردەوەیەکی نەشیاو و خراپە.
رۆژی یەکشەممەى رابردوو بە بڕیاری داواکاری گشتی شاری مەشهەد رێگە لە قسەکردنی عەلی موتەهەری گیرا. داواکاری گشتی مەشهەد رایگەیاندووە، ئەوان چەند راپۆرتیان سەبارەت بە روودانی کردەوەی نایاسایی پێگەیشتووە بۆیە رێگریان لە بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەکە گرتووە، بەڵام بەرپرسانی حکومەت، سەرۆکی پەرلەمان و زۆربەی پەرلەمانتاران دژی ئەو رێگرییە هەڵوێستیان گرتووە.
24/11/2016
هاوژینی سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی هەدەپە لە زیندان سەردانی دەمیرتاشی كرد و ماوەی دوو كاژێر لەلای مایەوە.
باشاك دەمیرتاش، هاوژینی سەلاحەدین دەمیرتاش ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 23-11-2016 رێگەدرا سەردانی زیندانی ئەدیرنە بكات، كە دەمیرتاشی تێدا زیندانیكراوە.
دوای هاتنە دەرەوەی لە زیندان، باشاك رایگەیاند، تەندروستی و دۆخی دەمیرتاش باشە و سڵاوی بۆ هەموو لایەك هەیە.
باشاك دەمیرتاش، كە ماوەی دوو كاژێر لە زیندان ماوەتەوە، گوتیشی "دەمیرتاش رایگەیاندووە، ئەو ناحەقییە بە هیچ شێوەیەك بەردەوام نابێت".
رۆژی 4-11-2016 سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوكسەكداغ، هاوسەرۆكانی هەدەپە دەستگیركران و دواتریش بڕیاری زیندانیكردنیان درا.
23/11/2016
بهتۆمهتی "ئهنجامدانی هێرشی بۆمبی و چهكداری بۆ سهر كاروانێكی سهربازی سوپای توركیا" له شهقامی مهڕاسیم-ی ئهنقهره، حكومهتی توركیا فهرمانی دهستگیركردنی بۆ ساڵح موسلیم و 47 سهركردهی دیكەی پهكهكه و پەدە دهركرد.
بهپێی میدیاكانی توركیا، هێرشهكه رۆژی 17ی شوباتی 2016 ئهنجامدراوە، حكومهتی توركیاش پارتی كرێكارانی كوردستان PKK ی تۆمهتبار دەكات و بههۆیهوه فهرمانی دهستگیركردنی بۆ 48 سهركردهی باڵای پهكهكه و پەیەدە دهركرد.
بهپێی زانیارییهكان، لهنێو لیستی 48 كهسه داواكراوهكاندا، ههریهك له زوبێر ئایدار، رهمزی كارتاڵ، ساڵح موسلیم، جهمیل بایك، موراد قهرهیڵان و فههمان حوسێن ههن.
23/11/2016
سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەهۆی کوژرانی مامۆستایەکی ئایینی لە هەولێر، کە کادرێکی باڵای یەکگرتووی ئیسلامی كوردستانیش بووە، پەیوەندی بە ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو کرد و، رایگەیاند "تیرۆرکردنی مەلا وشیار دژی خودی من ئەنجامدراوە".
رۆژی چوارشەممە 23-11-2016 مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە سەلاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان كرد، "بە تووندی ئیدانەی تیرۆركردنی دكتۆر وشیار ئیسماعیل مامۆستای ئایینی و كەسایەتیی نیشتیمانپەروەری شاری هەولێر كرد".
لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا جگە لە دەربڕینی هاوسۆزی خۆی و سەرەخۆشیکردن لە ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو، خانەوادە و کەسوکاری مەلا وشیار، بارزانی رایگەیاندووە "شەهیدکردنی مامۆستا وشیار شەهیدكردنی دەنگی میانڕەوی و پێكەوەژیانە. ئەو كردەوە نامرۆڤانەیە دژی هەموولایەك و بەتایبەتی دژی خودی من ئەنجام دراوە".
سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامی لەوە ئاگادار كردووتەوە، كە دەزگا پەیوەندیدارەكانی راسپاردووە "بۆ ئەوەی بەزووترین كات هۆكار و ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە بدۆزنەوە و رادەستی یاسای بكەن".
دكتۆر وشیار ئیسماعیل، مامۆستایەكی ئایینی و بانگخوازێكی ناسراوی شاری هەولێر بوو، بەگوتەی براکەی کێشەی كۆمەڵایەتی لەگەڵ هیچ کەسدا نەبووە، شەوی سێشەممە 22-11-2016 لە بەر دەرگای ماڵەکەی خۆی بە دوو گوللە پێکرا، پاشان لە نەخۆشخانە گیانیلەدەستدا.
23/11/2016
بەرپرسانی پارێزگای ورمێ جێبەجێکردنی 20 پرۆژەیان بۆ کۆنترۆڵی ئاوە سنوورییەکانیان راگەیاند
ئەو پڕۆژانە بە مۆڵەتی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران جێبەجێ دەکرێن و بودجەکەشیان لە سندووقی گەشەپێدانی نیشتمانی ئێران دابیندەکرێت.
سەرۆکی رێکخراوی کشتوکاڵی پارێزگای ورمێ دەڵێت، ئاوە سنوورییەکان بۆ بەشی کشتوکاڵ تەرخاندەکەن.
پارێزگای ورمێ لەگەڵ باشوور و باکووری کوردستان هاوسنوورە و سەرچاوەی بەشێک لە ئاوەکانی ئەو دوو پارچەیەی کوردستان لە رۆژهەڵاتەوە سەرچاوە دەگرێت.
23/11/2016
مانگی ئابی ساڵی رابردوو، رێژیار ڤیزایەكی توركیای وەرگرت و خۆی گەیاندە ئیستانبوڵ، لەوێ قاچاخچییەكی پەیدا كرد كە بە 11 هەزار دۆلار رێژیاری گەیاندە ئەڵمانیا، ئێستا پاش ئەوەی حكومەتی ئەڵمانیا نائومێدی كرد، دەیەوێ بگەڕێتەوە بۆ كوردستان.
رێژیاری تەمەن 26 ساڵ، كۆلێژی پەروەردەی وەرزشیی زانكۆی دهۆكی تەواو كردووە. ئەو دەڵێت "حەزم دەكرد بچمە ئەوروپا و ژیانێكی دیكە تاقی بكەمەوە". دوای ئەوەی داواكاری بۆ مافی مانەوە لەو وڵاتە پێشكەش دەكات، لە رۆژی 20/11/2015 چاوپێكەوتنی لەگەڵ دەكرێ، بەڵام داواكەی بۆ مافی پەنابەرێتی رەتدەكرێتەوە. ئەو هەرچەندە بڕیاری دیپۆرتكردنەوەی بۆ دەرنەچووە، بەڵام ئێستا دەیەوێ بە ویستی خۆی بگەڕێتەوە هەرێمی كوردستان.
حكومەتی ئەڵمانیا هۆشداری داوەتە كۆچبەرانی خەڵكی وڵاتانی باكووری ئەفریقا و لەوانەش تونس، مەغریب و جەزائیر كە بە زووترین كات ئەو وڵاتە جێبهێڵن. ئەو وڵاتانەش رەزامەندییان نیشانداوە كە كۆچبەرانیان وەربگرنەوە. كۆچبەرانی وڵاتانی مەسەدۆنیا، سربیا، ئەلبانیا و كۆسۆفۆش لەو كۆچبەرانەن كە شانسی وەرگرتنی مافی مانەوەیان لە ئەڵمانیا كەمە. هەرچی كوردی باشووری كوردستانە، ئەگەر مافی مانەوەشیان نەدرێتێ، بەزۆر دیپۆرت ناكرێنەوە، تەنیا ئەو كۆچبەرانە نەبێ كە كاری نایاسایی دەكەن.
هەندێك لە كۆچبەران سەرەڕای خەرجكردنی پارەیەكی زۆر لە رێگەی كۆچدا، بەڵام بە ویستی خۆیان دەگەڕێنەوە. حەمید مەجید، خاوەنی نووسینگەیەكی گەشتوگوزارە لە ئەڵمانیا، دەڵێت تاوەكو هاوینی ئەمساڵ هەفتانە زیاتر لە 80 كۆچبەر لە رێگەی نووسینگەكەیانەوە گەڕاونەتەوە هەرێمی كوردستان و عێراق.
حەمید بە (رووداو)ی گوت "هەفتەی رابردوو 25 كۆچبەرمان هەبوو كە بە حەز و ویستی خۆیان گەڕانەوە كوردستان كۆچبەرەكان كورد و عەرەب بوون".
زۆربەی كۆچبەران لە رێگەی رێكخراوی جیهانیی كۆچكردن (IOM) دەگەڕێنەوە. ئێستا ئەو رێكخراوە ئاسانكاریی زۆر دەكات بۆ گەڕانەوەی كۆچبەران بۆ وڵاتەكانیان، كاروباری گەڕانەوەیان لە ماوەی دوو هەفتەدا بۆ رێكدەخات و بڕی 700 یۆرۆش دەداتە كۆچبەری گەڕاوە. بەڵام كۆچبەران پێشتر دەبووایە نزیكەی سێ مانگ چاوەڕێی مامەڵەی گەڕانەوە بكەن.
رێكخراوی جیهانیی كۆچ پرۆگرامێكی هاوكاریكردنی گەڕانەوەی كۆچبەرانی لە ئەوروپاوە بۆ كوردستان و عێراق هەیە. رێكخراوەكە لەسەر ماڵپەڕەكەی خۆی رێنمایی و فۆرمی تایبەت بە گەڕانەوەی كۆچبەرانی بە زمانی كوردی و عەرەبی داناوە. هەر لە ماڵپەڕەكەیاندا چیرۆكی گەڕانەوەی چەند كۆچبەرێكی بۆ هەرێمی كوردستان و عێراق داناوە. رێكخراوەكە دەڵێ ئەو كۆچبەرانە بە بڕە پارەیەك هاوكاریی كراون بۆ ئەوەی پرۆژەی بچووك لە كوردستان و عێراق جێبەجێ بكەن و لە رووی ئابوورییەوە بكەونەوە سەر پێی خۆیان.
بەپێی بەدواداچوونی (رووداو) ژمارەیەكی زۆر لە كۆچبەران داوای ئەو هاوكارییەی رێكخراوەكەیان كردووە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە، بەڵام ژمارەیەكی زۆر كەمیان لە هاوكارییەكانی ئەو رێكخراوە سوودمەند بوون.
بەشێك لە كۆچبەران ئامادەن ئەڵمانیا جێبهێڵن و بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، ئەگەر حكومەت ئەو پارەیەیان بۆ بگەڕێنێتەوە كە لە رێگەی كۆچدا خەرجیان كردووە.
ئاسۆ، 24 ساڵ، گەنجێكی خەڵكی سلێمانییە، ساڵێك و سێ مانگە لە ئەڵمانیایە، ئێستا لە كەمپێكی كۆچبەرانە لە بەرلین. حكومەت مانگانە 160 یۆرۆی دەداتێ. ئاسۆ پەنجەمۆری لێ وەرگیراوە و دەمێكە چاوەڕێی چاوپێكەوتنە.
ئەو كە تاوەكو قۆناغی ناوەندی خوێندووە بە (رووداو)ی گوت "ژیانم لێرە زۆر ناخۆشە، چوار كەس لە یەك ژووردا دەخەوین، لە ناخۆشترین كەمپی ئەڵمانیاین. ئەگەر حكومەتی ئەڵمانیا ئەو پارەیەم بداتەوە كە بە قاچاخچیم داوە، یەك رۆژ لێرە نامێنمەوە". ئاسۆ بە گوتەی خۆی 9800 دۆلاری داوەتە قاچاخچی بۆ ئەوەی بیگەیەنێتە ئەڵمانیا.
كۆچبەران تەواو بێزار بوون لە ژیانی كەمپ، چونكە زۆربەی كەمپەكان مەرجەكانی ژیانیان تێدا نییە. هەندێك لە كەمپەكان گۆڕەپانی قوتابخانەی كۆنن، پڕكراون لە قەرەوێڵەی دوو قات و نێوان قەرەوێڵەكانیش بە پارچە قوماشێك جیاكراوەتەوە. ئەو كۆچبەرەی كامپەكەی لە گوندێكی دوورە شار بێت، شانسی هەیە، چونكە هەر هیچ نەبێت لە خانوودا دەژی.
بەشێكی زۆر لە كۆچبەران پەشیمانن لە كۆچكردن و هەوڵ دەدەن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، بەڵام بەشێكیان ئامادەنین بگەڕێنەوە، مەگەر بە زۆر دەربكرێن.
دلێر گەنجێكی تەمەن 22 ساڵە، لە مانگی ئابی 2015 گەیشتووەتە ئەڵمانیا. چوار مانگە چاوپێكەوتنی لەگەڵ كراوە، بەڵام هێشتا وەڵامی نەدراوەتەوە. دلێر دەڵێت "چوار مانگە چاوەڕێی وەڵامم، نە بە بەڵێ نە بە نەخێر وەڵامم نەدراوەتەوە. بەڵام مەگەر بە زۆر دەرم بكەن، ئەگەرنا حەز ناكەم بگەڕێمەوە كوردستان".
بەپێی ئامارەكانی حكومەتی ئەڵمانیا، ساڵی رابردوو ژمارەی ئەو كۆچبەرانەی بەویستی خۆیان ئەو وڵاتەیان جێهێشتووە 32 هەزار و 700 كۆچبەر بووە. بۆ ئەمساڵیش ئامارێكی ورد نییە، بەڵام مەزەندە دەكرێ ئەوانەی بە ویستی خۆیان و بە رێگای تایبەت یان IOM ئەڵمانیا جێدێڵن، بگاتە 70 هەزار كۆچبەر كە لانیكەم نیوەیان خەڵكی هەرێمی كوردستان و عێراقن. ئەوانی دیكەش زۆربەیان ئەفغانین.
رێژیار كە رۆژی 20/11/2016 بە ویستی خۆی گەڕایەوە هەرێمی كوردستان، دەڵێت "بەنیازم جارێكی دیكە بگەڕێمەوە ئەڵمانیا، بەڵام ئەمجارە بە رێگەی فەرمی دەگەڕێمەوە، چونكە هاوسەرگیریم لەگەڵ كچێكی كورد كردووە كە وڵاتینامەی ئەڵمانیای هەیە و ئێستا مامەڵەی راكێشانی من بۆ ئەڵمانیا دەكات".
23/11/2016
عەبادی پلانێكی لەگەڵ هەرێمی كوردستان ئاشكرا دەكات و دەڵێت نامەوێ دەوڵەتێكی ناوەندی دیكتاتۆر دروستبكەین.
ئێوارەی رۆژی سێشەممە 22-11-2016 حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانی عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانی لە شاری كەربەلا ئاشكرای كرد كە پلانێكیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەیە بۆ دروستكردنی دەوڵەتێكی یەكگرتوو لە چوارچێوەی یەك وڵاتدا.
عەبادی رایگەیاند: "لە ساڵی 1991 هەرێمی كوردستان نیمچە سەربەخۆ بووە تاوەكو 2003 دەمانەوێ شتێكی هاوبەش دروستبكەین لە چوارچێوەی عێراقدا كە یەك دەوڵەتی یەكگرتوو بێت، ئەمەش بەرزترین هاوئاهەنگی دەوێت و كارێكی ئاسان نییە هەردوولامان بەرژەوەندی هاوبەشمان هەیە".
عەبادی گوتی: "نامەوێ دەوڵەتێكی ناوەندی دیكتاتۆر دروستبكەین كە هاووڵاتیان دەچەوساندەوە بەڵكو دەوڵەتێكی فیدراڵی كە خزمەتی و هاوكاری سەرجەم پارێزگاكان بكات".
سەرۆكوەزیرانی عێراق سووربوونی حكومەتەكەی لە سەر ئەم سیاسەتە دەربڕی ئاماژەی بەوەدا كە حكومەتی فیدراڵی و پارێزگاكان و هەرێمی كوردستان دەسەڵاتی خۆیان هەیە.
عەبادی ئەوەشی روونكردنەوە كە "هەندێك هێزی سیاسی دەیانەوێ لە عێراق بەهێزتربن چونكە پێیانوایە كە عێراق لاواز بێت ئەوان بەهێزدەبن".
سەرۆكوەزیرانی عێراقی لە كۆنگرە رۆژنامەڤانییەكە ئەوەی خستەڕوو كە هاوئاهەنگییەكی گەورە لە نێوان سەرجەم پێكهاتەكانی عێراق بۆ لە نێوبردنی داعش هەیە و دەڵێ: "هەندێك دەوڵەت دەیانویست عێراق بروخێ و سەرپاڵی برینەكانی بێت بەڵام سەركەوتنەكانی عێراق ئەو وڵاتانەی توشی بومەلەرزە كردووە".
23/11/2016
سەرۆکی کۆریای باکوور پەیامێک بۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا دەنێرێت و داوای لێدەکات کۆتایی بە سیاسەتی دوژمنکارانەی واشنتن بەرامبەر بە پیۆنگیانگ بهێنێت.
میدیاکانی کۆریای باکوور بەیاننامەیەکی کیم جۆنگ ئۆن، سەرۆکی ئەو وڵاتەیان بڵاوکردەوە کە بۆ دۆناڵد ترەمپی نوسیووە، لە بەیاننامەکەیدا کە 9 لاپەرەیە، سەرۆکی کۆریای باکوور داوا لە ترەمپ دەکات کۆتایی بە سیاسەتی گرژکردن و قوڵکردنەوەی ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو وڵات بهێنێت.
کیم جۆنگ ئۆن هەروەها لە پەیامەکەیدا رەخنەی تووند لە باراک ئۆباما، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەگرێت کە بەئاشکرا داوای کردووە "گوشارەکانی بۆسەر پیۆنگیانگ زیادبکرێن و، حکومەت لە کۆریای باکوور بڕوخێت".
22/11/2016
پەرلەمانی بەریتانیا لەسەر نەبوونی پلانێکی روون و ئاشکرا بۆ هاوکاریکردنی ئاوارەکانی عێراق و سووریا، رەخنە لە حکومەتەکەی ترێزا مەی دەگرێت.
رەخنەکەی پەرلەمانی بەریتانیا لەمیانی کۆبوونەوەیەکیدا هات لەسەر پرسی کۆچبەران و چۆنییەتی هاوکاریکردنیان، داواشی لە حکومەتکرد پلانێکی ورد و روونی لەسەر ئەو پرسە هەبێت.
لەنێو باڵەخانەی پەرلەمان، کۆبوونەوەیەکی چوار کاژێری لەسەر رەوشی کۆچبەران و هاوکاری ئاوارەکانی عێراق و سووریا کرا، پەرلەمان و حکومەتی نەگایاندە خاڵی سازان، پەرلەمانتاران گللەییان لە حکومەتە لە نەبوونی پلانێکی روون و دیار بۆ ئاوارەکانی عێراق و سووریا. حکومەتیش دەڵێت بێ پلان نیم.
وەزارەتی بەرگری بەریتانیا رایگەیاندووە کە تاووتویی هاوکارییە سەربازییەکان بۆهێزی پیشمەرگە دەکات، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێت لەو وەزارەتەوە لەسەر ئەوپرسە نەدراوە، بۆیە پەرلەمان و ئەنجوونی لۆردەکان دەیانەویت فشارەکانیان بخەنەسەر حکومەت هەم بۆ هاوکارییە سەربازییەکان هەم بۆ هاوکارییە مرۆییەکان.
22/11/2016
ئێران رایگەیاند ناتوانێ مەرجی کۆمپانیای فڕۆکەوانی ئێیرباس بۆ فرۆشتنی فڕۆکە بەو وڵاتە جێبەجێ بکات.
بەڕێوەبەری گشتی ئێیرباس رایگەیاندووە، ئەو کۆمپانیایە ئامادەیە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2016 یەکەم فڕۆکە رادەستی ئێران بکات، بەڵام بەو مەرجە کە حکومەتی ئێران بە نەخد پارەکەیان پێبدات، بەڵام ئەندامێکی دانوستاندنکاری کۆمپانیای نیشتمانی فڕۆکەوانی ئێران رایگەیاند، پارەی نەخدیان بۆ کڕینی فڕۆکەی نوێ لە کۆمپانیان ئێیرباس نییە.
22/11/2016
بەڕێوەبەری نووسینگەی مافی مرۆڤ لە گەرمیان دەڵێت دوو كچ لە دوو كەمپی ئاوارەكاندا لەلایەن كەسوكاریانەوە لەشفرۆشییان پێكراوە. بەڕێوەبەری كاروباری مرۆییش لە ئیدارەی گەرمیان ئەو زانیاریانە پشتڕاست دەكاتەوە و دەڵێت یەكێك لەو كچانە لەلایەن باوكییەوە لەشفرۆشی پێكراوە.
بەهۆی شەڕی داعش، ژمارەیەكی زۆری ئاوارە لە شارەكانی عێراق و سووریاوە روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە. هەندێك لەو ئاوارانە لە رەوشێكی ئابووریی خراپدان. رەنگە ئەمە وای لە باوكێك كردبێت كە لەشفرۆشی بە كچێكی خۆی بكات.
لە سنووری ئیدارەی گەرمیان چوار كەمپ بۆ ئاوارەكان دروستكراون. بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست (رووداو) كەوتوون، دوو كچ لەو كەمپانە لەلایەن كەسوكاریانەوە بازرگانییان پێوە كراوە.
خەبات رەشید، بەڕێوەبەری نووسینگەی مافی مرۆڤ لە گەرمیان بە (رووداو)ی راگەیاند، بەڕێوەبەرایەتی هەماهەنگی رێكخراوەكان لەناو ئیدارەی گەرمیان سەبارەت بە دوو حاڵەتی بازرگانیكردن بە دوو كچ یاداشتێكیان داوەتە ئیدارەی گەرمیان، دواتریش لەلایەن سەڵاح كوێخا، سەرپەرشتیاری ئیدارەوە داوا لە نووسینگەكەی ئەوان كراوە لێكۆڵینەوە لەو دوو كەیسەدا بكەن.
خەبات رەشید گوتی "لیژنەمان دروستكرد. دوای بەدواداچوون بۆمان دەركەوت هەردوو حاڵەتەكە راستن. ئەو دوو كچە تەمەنیان لە نێوان 10 تاوەكو 15 ساڵیدا بووە. یەكێكیان لەلایەن باوكی. ئەوەی دیكەش لەبەرئەوەی باوك و دایكی نەبووە، لەلایەن مامییەوە لەشفرۆشیی پێكراوە". خەبات گوتیشی "وەڵامی ئیدارەی گەرمیانیشمان داوەتەوە كە ئەو دوو حاڵەتە راستن. یەكێكیان بۆ ئەو مەبەستە براوەتە دەرەوەی كەمپەكە".
بەڵام بێستوون ژاڵەیی، بەڕێوەبەری كاروباری مرۆیی لە ئیدارەی گەرمیان دەڵێت هەردوو كچەكە لەلایەن یەك كەسەوە لەشفرۆشیان پێكراوە، ئەو كەسەش باوكی یەكێك لە كچەكان بووە.
ژاڵەیی بە (رووداو)ی گوت "هەردوو كەیسەكە لە كەمپێكدا بووە. پیاوەكە باوكی یەكێك لە كچەكانە، كچەكانیش تەمەنیان لە خوار 18 ساڵی بوو. گومان هەبوو ئەو پیاوە رۆژانە كچەكانی بردبنە دەرەوەی كەمپەكە و لەشفرۆشی پێ كردبن".
گوتیشی "هەرچەندە پیاوەكە رەتیكردبووەوە لەشفرۆشیی پێوەكردبن، بەڵام دوای لێكۆڵینەوەی لایەنە پەیوەندیدارەكان، دەركەوت راست بوو".
سەبارەت بە چارەنووسی كچەكان، بێستوون ژاڵەیی گوتی "ئەو پیاوە خەڵكی ناوەڕاستی عێراقە، وەكو ئاوارە لەلای ئێمە تۆمار نەكرابوون، لەو ماوەیە شارەكەیان ئازادكرا و گەڕانەوە شاری خۆیان. كچەكەی دیكەشمان رادەستی كەسوكارەكەی كردەوە".
هەر سەبارەت بە بازرگانیكردن بە كچانی ئاوارە، رێكخراوی هارتلاندی ئەمەریكی لە مانگی تشرینی یەكەمی 2014ەوە دەستیان بە پڕۆژەی بەهێزكردنی چوارچێوەی یاسایی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاوانی بازرگانیكردن بە مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان كرد، ئامانجێكی پڕۆژەكەش كاركردن بوو لەنێو كەمپەكاندا.
لە هاوینی ئەمساڵدا، مەیس مساعدە، بەڕێوەبەری ئەو پڕۆژەیەی هارتلاند بە (رووداو)ی راگەیاند، رێكخراوەكەیان سەردانی كامپەكانی بەحركە و هەرشەمیان لە شاری هەولێر كردبوو. لەنێو ئەو دوو كەمپەدا لەلایەن خێزانەكانەوە پێیانگوترابوو كە دوو تاوانیان بەرامبەر دەكرێت، یەكێكیان لەلایەن بازرگانەكانەوە بە زۆر لەشفرۆشی بە كچەكانیان دەكرێ، ئەوەی دیكەش چەند حاڵەتێكی فرۆشتنی گورچیلە بووە لە كەمپەكان.
مەیس گوتبووی "بەشێكی زۆر لەو ژنانەی لە كامپەكانی بەحركە و هەرشەم قسەمان لەگەڵ كردوون جەختیان كردووەتەوە لەوەی كە داوای لەشفرۆشی لە خۆیان یان منداڵەكانیان كراوە و هەندێكیان بۆ ئەو مەبەستە براونەتە دەرەوەی كەمپەكان".
22/11/2016