دوای سەرکەوتنی کاندیدی کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، دەستدرێژیی دەکرێتە سەر دوو کچە قوتابیی موسڵمانی ئەو وڵاتە.
دەسەڵاتدارانی ویلایەتی کالیفۆڕنیا رایانگەیاندووە، دوای راگەیاندنی سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ و هەڵبژاردنی وەک سەرۆکی نوێی ئەمریکا، دەستدرێژیی کراوەتە سەر کچە قوتابییەکی زانکۆی سان دیگۆ و قسەی ناشیرینی پێگوتراوە و گەنجە هێرشبەرەکان باسی دۆناڵد ترەمپیان کردووە.
پۆلیسی ناوچەکە پێیوایە هۆکاری دەستدرێژییەکە دوژمنایەتییە بۆ ئیسلام و موسڵمانان و جلوبەرگە ئیسلامییەکەی ئەو کچە، بە تایبەت کە دۆناڵد ترەمپ لە میانەی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنەکاندا چەندین جار هێرشی کردە سەر ئیسلام و پەنابەران لە ئەمریکا.
هەروەها لە زانکۆی سان خۆسێ لە باکووری کارۆلاینا، گەنجێک هێرشی کردووەتە سەر کچە قوتابییەکی موسلمان و لە دواوە لەچکەکەی توند کردووە و ویستوویەتی بیخنکێنێت.
رۆژی سێشەممە 8ـی تشرینی دووەمی 2016، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەڕێوە چوو، کە تێیدا هیلاری کلینتۆن، کاندیدی دیموکراتەکان و دۆناڵد ترەمپ، کاندیدی کۆمارییەکان رکابەریی یەکتریان دەکرد و رۆژی چوارشەممە 9ـی تشرینی دووەمیش لە ئەنجامە بەراییەکاندا دەرکەوت، دۆناڵد ترەمپ بووە سەرۆکی ژمارە 45ـی ئەمریکا.
11/11/2016
دوو کەسی نەناسراو بۆمبێک هەڵدەدەنە ناو باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە نزیک پەرلەمانی یۆنان لە ئەسینا.
دوو کەسە نەناسراوەکە سەرلەبەیانیی رۆژی پێنجشەممە 9ـی تشرینی دووەمی 2016 بە ماتۆڕسکیڵێکەوە بە بەردەم باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە ئەسینای پایتەختی یۆناندا رەت بوون و بۆمبەکەیان خستووەتە باڵیۆزخانەکە.
بەهۆی تەقینەوەی بۆمبەکە، پۆلیسێکی پاسەوانی باڵیۆزخانەی فەرەنسا، کە کەوتووەتە بەرامبەر پەرلەمانی یۆنان، بریندار بووە.
10/11/2016
سەرۆککۆماری تورکیا مشتومڕی رادەستنەکردنەوەی فەتحوڵڵا گولەن لەلایەن ئەمریکاوە دەباتە قۆناخێکی نوێوە و رایدەگەیێنێت، ئەگەر ئەمریکاش داوای هەر تۆمەتبارێک لە تورکیا بکات ئەوا رادەستی ناکەنەوە تا ئەوکاتەی گولەن رادەست دەکرێتەوە.
لە رێوڕەسمی راکێشانی تیروپشک بۆ دامەزراندنی دادوەر و داواکارانی گشتیی وڵاتەکەی، رهجهب تهیب ئهردۆغان، سهرۆکكۆماری توركیا، هێرشیکردە سەر ئەمریکا، بەهۆی ئەوەی بە ئەرێنی وەڵامی داواکاری تورکیای نەداوەتەوە بۆ رادەستکردنەوەی فەتحوڵڵا گولەن.
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەکرد کە گولەن 17 ساڵە لە ئەمریکا دەژی و تورکیاش 85 کارتۆنی پڕ لە بەڵگەی لە دژی ئەو ناردووە بۆ ئەمریکا بۆ سەلماندنی ئەوەی کە گولەن تاوانبارە و گوتی: " کە ئەوان داوای تیرۆریستان دەکەن، ئێمە رادەستیان دەکەینەوە، بەڵام ئەوان یەک تیرۆریست رادەست ناکەنەوە."
ئەردۆغان زیاتر گوتی: "رۆژان، رۆژی لەدوایە. ئەگەر داوای کەسێکتان لە ئێمە کرد، ئێمەش رادەستی دادوەرانی دەکەین. تا دادگا بڕیار نەدات، ئێمەش رادەستی ناکەینەوە."
ئەردۆغان باسی لەوەکرد کە بەریتانیا بەدەم داواکارییەکەی تورکیاوە چووە و ئەوکەسانەی رادەستکردووە کە لەلایەن تورکیاوە داواکرابوون، ئەم بابەتەی بەستەوە بە ئەمریکاوە و گوتی: "بەریتانیا ئهمه دهكات تۆ بۆچی نایکهیت؟ تۆش بیكه. كهسانێك ههبوو داوای رادهستكردنهوهیانمان كرد له بەریتانیا رادهستیانكردهوه. وڵاتانی دیكهش ههروهها. ئهمریكاش كاتێك داوای رادهستكردنهوهی كهسێكی لهئێمه كردبێت رادهستمانكردووهتهوه، كهواته ئهوهی لهسهریهتی پێویسته ئهنجامی بدات."
لەدوای کودەتاکەی 15-7-2016 لە تورکیا ، ئاکپارتی و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا فەتحوڵڵا گولەن، رێبەری بزووتنەوەی خزمەتیان تۆمەتبار کرد کە لە پشت کودەتاکەوەیە، هەروەها داوایەکیان ئاراستەی ئەمریکا کردووە بە رادەستکردنەوەی ناوبراو کە ئێستا لە ویلایەتی پەنسیلڤانیای ئەمریکا نیشتەجێیە، بەڵام گولەن رەتیکردووەتەوە کە هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ کودەتاکە هەبێت.
10/11/2016
وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی هەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپ، کاندیدی کۆمارییەکان بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا گوتی: گرنگ ئەوەیە سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا رێککەوتنی ئەتۆمی رەچاوبکات.
محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کە بە سەردانێک لە بۆخارستی پایتەختی رۆمانیایە، دوای دەرچوونی ئەنجامە بەراییەکان و سەرکەوتنی ترەمپ گوتی "دەبێ سەرۆککۆماری ئەمریکا بە باشی لە راستییەکانی ئەمڕۆی جیهان تێبگات و سیاسەتەکانی لەگەڵ واقیعی جیهان بگونجێنێت".
بەهرام قاسمی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش رایگەیاندووە "ئەوەی بۆ ئێران و گەلی ئێران گرنگە و پێوەری هەڵسەنگاندنە، کردەوە و سیاسەتی بەڕێوەبەرایەتیی حکومەتی نوێی ئەمریکایە".
حەمید ئەبوو تاڵبی، جێگری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری سیاسیش لە توویتێکدا نووسیویەتی "ئەو سیمایەی ترەمپ لە گوتاری راگەیاندنی سەرکەوتنیدا وەک سەرۆک پیشانی دا، زۆر جیاواز بوو لەو ترەمپەی لە کاتی بانگەشەکاندا دەرکەوت، ئەمەش خاڵێکی سەرنجڕاکێشە".
دۆناڵد ترەمپ بەربژێری کۆمارییەکان و براوەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە کاتی بانگەشەکاندا زۆر جار رەخنەی لە رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران گرتووە و هەڕەشەی ئەوەی دەکرد کە ئەگەر ببێتە سەرۆکی ئەمریکا رێککەوتنەکە هەڵدەوەشێنێتەوە، بەڵام دوای ئەوەی سەرکەوتنی راگەیاند لە گوتاری رۆژی چوارشەممە 11-9-2016 بە شێوازێکی نەرم و ئاشتیانە قسەی کرد و گوتی نایەوێ لەگەڵ هیچ وڵاتێک دوژمنایەتی بکات.
10/11/2016
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگەی لە میحوەری باشیک بەسەرکردەوە و ئاموژگاریش بۆ فەرماندەکانی پێشمەرگە لەو میحوەرە دەخاتەڕوو.
رۆژی چوارشەممە 9-11-2016 مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەردانی سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگەی لە میحوەری باشیك كرد.
بەپێی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، بارزانی لەبارەی رەوشی شارۆچكەی باشیك و پاراستنی ئاساییشی ناو شارۆچكەكە ئامۆژگاریی پێویستی بۆ فەرماندەكانی پێشمەرگە خستەڕوو و داوایكردووە "شارۆچكەی باشیك بە زووترین كات لە مین و تەقەمەنی و پاشماوەی تیرۆریستان پاك بكرێتەوە، بۆ ئەوەی دانیشتوانی شارۆچكەكە بتوانن بە دڵنیایی بۆ سەر ماڵ و
حاڵی خۆیان بگەڕێنەوە".
لەو سەردانەدا كە بەمەبەستی ئاگاداربوون لە رەوشی بەرەكانی شەڕ و ناوچە ئازادكراوەكان و بارودۆخی پێشمەرگە ئەنجام درا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان "پیرۆزبایی ئازادكردنی شارۆچكەی باشیكی لە گەلی كوردستان و پێشمەرگە قارەمانەكان كرد و سوپاس و دەستخۆشیشی لە فەرماندە و پێشمەرگەكانی ئەو هێزانە كرد كە بەشداری ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی شارۆچكەی باشیك بوونە و سەركەوتنێكی مەزنیان لەبەرانبەر تیرۆریستانی داعش تۆماركردووە".
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە کە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی خانەوادە و كەسوكاری شەهیدەكان كردووە و هیوای چاكبوونەوەیشی بۆ برینداران خواستووە.
کاژێر 7:00ی بەیانی رۆژی دووشەممە 7-11-2016 هێزی پێشمەرگە شارۆچکەی باشیکیانکۆنترۆڵکردەوە، کە دەکاتە دوایین سنووری هێزی پێشمەرگەی کوردستان.
09/11/2016
12 هاووڵاتیی کوردی شاری سەردەشت کە بە ڕووداوی گیان لەدەستدانی کچێکی مەهابادی کە ساڵی پار لە هۆتێلێکی مەهاباد خۆی خستە خوارەوە، لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە بە زیندان سزا دران.
بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی ئاژانسی خەبەریی موکریان، دادگای حکوومەتی ئێران لە سەردەشت بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی گشتی" حوکمی 12 ساڵ زیندان و دیەی 16 ملیۆن و 210 هەزار تمەن جەریمەی بەسەر 12 هاووڵاتیی کورددا سەپاندووە.
بەپێی هەمان سەرچاوە، ئەو حوکمە لە بەرانبەر ناڕەزایی هاووڵاتیانی سەردەشتدا دراوە کە پاڵپشتی و پشتیوانییان لە "فەریناز" کچە کوژراوەکەی هۆتێل "تارا"ی مەهاباد کردبوو.
سەرچاوەکە ناوی هاووڵاتییە کوردەکانی بەم چەشنە ڕاگەیاندووە "١ – سەردار ئیسماعیلی ٢– ڕامین حەسەنزادە ٣- سەفا حەسەنپوور ٤ – سوەیلا زوبەیری ٥ – هێمن جەنەتیار٦ – سامرەند ئەحمەدزادە ٧ – ئامانج شێخەپوور ٨ – سامان مەلکاری ٩ –حوسێن پەری ئاقایی ١٠ – محەمەد قادریان ١١ – کامڵ ڕەسووڵپوور ١٢ – فەرهاد شێخانی."
مانگی دووەمی وەرزی بەهاری ساڵی 2015 پاش مەرگی گوماناویی کچێکی گەنج بەناوی فەریناز خوسرەوانی لە هۆتێل "تارا"ی مەهاباد، ناڕەزایەتییەکی زۆری هاووڵاتیانی ئەو شارە و خەڵکی سەردەشتی لێ کەوتەوە کە هیزە ئەمنییەکانی ئێران جەماوەرێکی زۆری خەڵکی مەهابادیان دەستگیر کرد و هاوکات بە دەیان کەسیش بەریندار کران.
9/11/2016
سەرۆکی نوێی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دوای رۆژێک لە پرۆسەی هەڵبژاردن، دیاری کرا.
زۆرینەی هاووڵاتییانی ئەمریکا لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەنگیان بە دۆناڵد تڕامپ، ملیارێر و کاندیدی پارتی کۆمارییەکانی ئەمریکا دا، بەمەش تڕامپ بووە سەرۆکی نوێی ئەمریکا.
رۆژی سێشەممە 8ـی تشرینی دووەمی 2016، هاووڵاتییانی ئەمریکا چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی ژمارەی 45ـی وڵاتەکەیان.
لە وتارێکی کورتدا، مایک پێنس، جێگری دەستنیشانکراوی دۆناڵد تڕامپ رایگەیاند، کە ”ئەمشەو شەوێکی مێژووییە و هەست بە شانازی دەکەم“.
مایک پێنس هەروەها رایگەیاند، کە دۆناڵد تڕامپ ”روانگەیەکی مەزنی هەیە بۆ ئەمریکا“.
9/11/2016
سەرۆکی نوێی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دوای رۆژێک لە پرۆسەی هەڵبژاردن، دیاری کرا.
زۆرینەی هاووڵاتییانی ئەمریکا لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەنگیان بە دۆناڵد تڕامپ، ملیارێر و کاندیدی پارتی کۆمارییەکانی ئەمریکا دا، بەمەش تڕامپ بووە سەرۆکی نوێی ئەمریکا.
رۆژی سێشەممە 8ـی تشرینی دووەمی 2016، هاووڵاتییانی ئەمریکا چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی ژمارەی 45ـی وڵاتەکەیان.
لە وتارێکی کورتدا، مایک پێنس، جێگری دەستنیشانکراوی دۆناڵد تڕامپ رایگەیاند، کە ”ئەمشەو شەوێکی مێژووییە و هەست بە شانازی دەکەم“.
مایک پێنس هەروەها رایگەیاند، کە دۆناڵد تڕامپ ”روانگەیەکی مەزنی هەیە بۆ ئەمریکا“.
حشمەت نارنجی، فۆتۆگرافەرو وێنەگری سینەمایی رۆژهەڵاتی کوردستان، کاندیدکراوە بۆ پێشبڕکێی کورتەفیلمی لە 25ەمین فێستیڤاڵی پلاس کەمێرا ئیمەیچ، لە وڵاتی پۆڵۆنیا، کێبڕکێ لەگەڵ دەیان وێنەگری جیهانی دەکات بۆ وەرگرتنی خەڵاتی بۆقی زێڕین، کە باڵاترین خەڵاتی تایبەت بە وێنەگرەکان.
حشمەت نارنجی، لەمبارییەوە لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بە رووداوی راگەیاند " فیلمی دۆکیۆمێنتاری 74 کە لە دەرهێنانی ستار چەمنی گوڵە بەشداری لەم مەڕاسیمەدا کردووە، کە بریارە لە 12ی نۆڤەمبەری داهاتوو لە وڵاتی پۆڵۆنیا ئەنجامبدرێت، منیش وەکو وێنەگری فیلمەکە بانگهێشتکراوم بۆ ئەوەی بەشداری لە پێشبڕکێی سەرەکی بکەم".
نارنجی گوتیشی "من تەنیا نوێنەری ئێرانم و بە فیلمی دۆیکۆمێنتاری 74، بەشداری دەکەم، پێشتر هیچ کوردێک خەڵاتی بۆقی زێڕینی نەبردووە، بەڵام توورج ئەسلانی وێنەگری کورد لە ساڵی 2012 خەڵاتی بۆقی برۆنزی بە فیلمی وەرزی کەرکەدەن وەرگرتووە".
بڕیارە فێستیڤاڵی پالاس کەمێرا ئیمەیج لە رۆژانی ١٢تاوەکو ١٩ی نۆڤەمبەری ٢٠١٦، بەبەشداری دەیان ئەکتەرو دەرهێنەرو ئەستێرەکانی سینەما لە وڵاتی پۆڵۆنیا بەڕێوە بچێت.
حشمەت نارنجی، فۆتۆگرافەرو وێنەگری سینەمایی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە ساڵی 1970 لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، زیاتر لە 20 ساڵە وەک فۆتۆگرافەر و وێنەگری سینەمای لە ئێران کار دەکات، بەشداری لە دەیان فیلم ودرامای کوردی کردووە، ئێستا لە شاری سنە ژیان بەسەردەبات.
گەنجێکی قەزای زاخۆ لە ماڵەکەی خۆیدا و لەڕێگەی ئینتەرنێت رووبەڕووی چەکدارانی داعش دەبێتەوە و ئەکاونت و ڤیدیۆکانیان هاک دەکات.
فەتحی مەحموود ئیسماعیل، تەمەنی 18 ساڵە و لە لێدوانێکدا بۆ ( تۆڕی میدیایی رووداو) دەڵێت "لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی داعش لە کوردستان و عێراق، دەستم بە هاککردنی ئەکاونت و ڤیدیۆکانی رێکخراوی داعش کرد، چونکە داعش زۆر ڤیدیۆی نەشیاوی بڵاودەکردەوە کە دیمەنەکانیان تۆقێنەر بوون".
لەوەتەی پێشمەرگە رووبەڕووی چەکدارانی داعش شەڕ دەکات، فەتحی زۆر ڤیدیۆ و ئەکاونتی داعشی هاککردووە و سڕیونەتیەوە، وەک خۆی دەڵێت "دوو هەزار ئەکاونتی فەیسبووک و 250 ئەکاونتنی توویتەرم هاککردووە، لەگەڵ سڕینەوەی 6 هەزار ڤیدیۆی داعش، کە زۆربەیان ڤیدیۆی سەربڕنی خەڵک بوون".
بەگوتەی فەتحی، لە ساڵی 2012 لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە شارەزایی لە بواری ئەلیکترۆنیات و هاککردنی بەرنامەکان و دروستکردنی یاری جۆراوجۆر پەیداکردووە، ئێستاش سەرقاڵی دروستکردنی یارییکەی ئەلیکترۆنیە بەنێوی (پێشمەرگە) بۆ مۆبایل.
فەتحی باسی لەپێکهاتەی ئەو یاریە کرد کە پێشتر بۆ کۆمپیوتەر دروستی کردووە و ئاشکرایکرد "یاریەکە دەربارەی شەڕی پێشمەرگە و تیرۆریستانی داعشە، لە یاریەکەدا پێشمەرگە لە سەنگەرەکانی دژی چەکدارانی داعش دەجەنگێت".
ئەو گەنجەی زاخۆ زیاتر گوتی "لە مانگی نۆی ساڵی 2014 وە سەرقاڵی دروستکردنی یاریەکە بووم و توانیم تاوەکو مانگی شەشی 2015 دروستیبکەم، بەڵام تەنیا دەتوانرێت لەسەر کۆمپیوتەر کاری پێبکرێت و ئێستا لە بازاڕ دەستدەکەوێت و خەڵک دەیکڕن".
فەتحی دەیەوێت برەو بەکارەکەی بدات و ئاماژە بەوە دەکات "نزیکەی ساڵێکە لە هەوڵی ئەوەدام ئەو بەرنامەیە وەک ئەپڵیکەیشن بخەمە نێو مۆبایل، تاوەکو هەموو کەس بتوانن سوودی لێوەربگرن و بەردەوام لەبەردەستیان بێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی پارەیەکی زۆری دەوێت ناتوانم دابینی بکەم، بۆیە بەرنامەکەم وەستاوە".
سەبارەت بەو بەرنامانەی دروستیکردووە دەڵێت "تاوەکو ئێستا 12 بەرنامەم دروستکردووە و یەکێک لەبەرنامەکان، لە وێنەی شەهیدەکانی شەڕی داعش پێکهاتووە و بەکارهێنەر دەتوانێت وێنەکان لەیەکدی جودا بکاتەوە و پاشان بیانلکێنێت بەیەکەوە". ئەوە جگە لەوەی کە یارییەکی دیکەی کوردی تایبەت بە (پردی دەلال)ی دروستکردووە.
ئەو ئێستا لەگەڵ دایک و باوکی و سێ خوشک و سێ برای لە ماڵەوە دەژیت و بەگوتەی خۆی یارمەتیدەرێکی باشن لە کارەکانیدا، بەڵام بۆ تەواوکردنی کارەکانی هیچ کەسێک یارمەتیدەری نەبووە، بۆیە داوا دەکات لەڕووی مادییەوە هاوکاری بکرێت.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، کە حکوومەت و گەلی کوردستان نایانەوێ ئەوەی لە عێراق رووی دا لە شەڕی تائیفی و بڵاوبوونەوەی بیری توندڕەوی، لە هەرێمی کوردستانیش روو بدات.
رۆژی سێشەممە 8ـی تشرینی دووەمی 2016، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە میانەی وتارێکدا لە کۆنفڕانسی یەکخستنی گوتاری ئایینی لە کوردستان رایگەیاند، کە بە کافردانان و دژایەتیکردنی هەر ئایینێک لە کوردستان ”بەھیچ شێوەیەک لەگەڵ ئێمەدا گونجاو نییە“.
نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، کە حکوومەت پێویستیی بە پشتیوانیی بەردەوامی مامۆستایانی ئایینی هەیە بۆ ئەوەی رێگە لە بەکارهێنانی مزگەوتەکان بۆ بڵاوکردنەوەی بیری توندوتیژی بگیرێت.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێیوایە ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینی ”پاراستنی ناو و ناوبانگ و کۆمەڵگەی کوردستانە“ و بە پێویستیشی زانی مامۆستایانی ئایینی بە هەماهەنگیی پەروەردە، کولتوری پێکەوەژیان بەهێز بکەن.
نێچیرڤان بارزانی رەتی کردەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان رێگا بە بەکارهێنانی مزگەوت بۆ کاروباری سیاسی بدات و رایگەیاند، کە حکوومەت بەردەوام چاودێریی هەموو شوێنەکان بە مزگەوتیشەوە دەکات.
هەروەک سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو مامۆستا ئایینیانەی مزگەوتەکان بۆ کاروباری سیاسیی و مەرامی حزبی بەکار دەهێنن، ”کۆمەڵگە بەرەو ھەڵدێر دەبەن و کێشە دەخەنە ناو کۆمەڵگەوە“.
نێچیرڤان بارزانی پێیوایە بەکارهێنانی مزگەوت و حوسەینییەکان لە عێراق بۆ مەرامی سیاسی و بڵاوکردنەوەی بیری توندڕەوی هۆکاربووە بۆ شەڕی تائیفی و ناوخۆیی لە عێراق و رایگەیاند، ”ئێمە نامانەوێت لە ھەرێمی کوردستاندا ئەوە بکرێت“.
بە گوتەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرهەڵدانی رێکخراوی توندڕەوی داعش لە مووسڵ و ناوچەکانی دیکەی عێراق و مانەوەی دەسەڵاتەکەیان بۆ نزیکەی دوو ساڵ و نیو، بەهۆی بوونی زەمینەی لەبار بووە بۆ ئەو رێکخراوە لەو ناوچانە، کە تێیاندا و لە رێگای مامۆستایانی ئایینیی بەردەوام بیری توندڕەوی بڵاو دەکرایەوە.
دوای هێرشی داعش بۆ سەر کوردستانی باشوور، ئەمریکا بڕیاری هێرشی ئاسمانیی دا بۆ سەر ئەو رێکخراوە و پاراستنی کوردستان، نێچیرڤان بارزانیش لەمبارەیەوە رایگەیاند، باراک ئۆبامای سەرۆکی ئەمریکا بەهۆی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی ئایینەکان لە کوردستان بڕیاری پاراستنی کوردستانی دا.
8/11/2016
دوو بەندکراوی کورد لە بەندیخانەی شاری (قوروە)ی سەر بە پارێزگای سنە لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە لەسێدارە دران.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی (هەنگاو) سەرلەبەیانیی دوێنێ دووشەممە 2016 -11- 7 سزای سێدارەی دوو بەندکراوی کورد لە بەندیخانەی شاری قوروەی سەر بە پارێزگای سنە بەڕێوە چوو.
بەپێی هەمان سەرچاوە ناسنامەی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردەی محەممەدڕەسووڵ حەیدەری، خەڵکی قوروە و بابەک حەسەن زادە، خەڵکی سەردەشت ڕاگەیەندراوە.
محەممەدرەسووڵ بە تۆمەتی "کوشتنی ئەنقەست" و بابەک بە تۆمەتی "بازرگانی کردن بە مادە هۆشبەرەکان" لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە سزای زیندانیان بەسەردا سەپێندرابوو و ماوەی ٤ ساڵە لە بەندیخانەی هەمەدان ڕاگیرابوون و 20 ڕۆژ بەرلە ئێستا بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەیان بۆ بەندیخانەی شاری قوروە گوێزرابوونەوە.
پێشتر و بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە 14 بەندکراوی بەندیخانەی قوروە ئەگەری جێبەجێکردنی سزاکەیان لە ئارا دایە.
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی (هەنگاو) لە سەرەتای مانگی نۆڤەمبەرەوە سزای سێدارەی 8 هاووڵاتیی کورد لە بەندیخانەکانی سەڵماس، ئورمیە ، قوروە و مەهاباد بەڕێوە چووە.
باسنیوز: شەریف فەلاح
8/11/2016
بە گوتەی جێگری وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە ڕاۆژانی داهاتوودا نووسینگەی یەکێتیی ئەورووپا بە فەرمی لە تاران دەکرێتەوە.
مەجید تەخت ڕەوانچی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ دووشەممە 2016 -11- 7 بە ماڵپەڕی (ئیلنا)ی گوتووە "بەهۆی ئاستی نزمی پەیوەندیی ئێران و یەکێتیی ئەورووپا لە رابردوودا، پێشتر پێویستی نەدەکرد کە دیپلۆماتەکانی ئەورووپا لە تاران حزووریان هەبێت، یەکێتیی ئەورووپا پێشتر لەڕێگەی سەرۆکایەتی دەورەیی خۆی و باڵوێزی ولاتان کارەکانی لە تاران ڕایی دەکرد."
تەخت ڕەوانچی گوتیشی "هەر ئێستا دیپلۆماتە ئەورووپییەکان لەناو باڵوێزخانەی هۆڵەندا لە تاران چاوەڕێی کردنەوەی نووسینگەی یەکێتیی ئەورووپان و قۆناغە سەرەتاییە یاساییەکانی ئەمکارە لە تاران دەستیان پێ کردووە و هاوکات لەگەڵ فراوانبوونی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپی، کردنەوەی نووسینگەی یەکێتیی ئەورووپا لە تاران بە پێویست دەزانین."
ئاماژەی بەوەش کردووە ئێستا باڵوێزی ئێران لە بەلجیکا ڕۆڵی باڵوێزی ئێران لە ئۆرگانە فەرمییەکانی یەکێتیی ئەورووپا دەگێڕێت.
ئەم پرسە پاش دیداری هەفتەی رابردووی فردیکا موگرینی سەرۆکی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لەگەڵ حەسەن ڕۆحانی و محەمەدجەواد زەریف، سەرکۆمار و وەزیری دەرەوەی ئێران لە تاران هاتووەتە ئاراوە.
7/11/2016
جێگری سەرۆکی دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبیی شیعەمەزهەب رایدەگەیەنێت، کە فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی فەرماندەیی هیزە عێراقییەکان لە رۆژئاوای شاری مووسڵ دەکات.
ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە، کە قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی لە سەر خاکی عێراقە و بەشداریی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی شاری مووسڵ دەکات.
هەروەک ئەبومەهدی موهەندیس رایگەیاندووە، قاسم سولەیمانی فەرماندەیی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەکان لە میحوەری رۆژئاوای شاری مووسڵ دەکات.
بەشداریکردنی فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی و سەرپەرشتیکردنی میلیشیا شیعە عێراقییەکان لە کاتێک دایە، کە بەرپرسانی باڵای عێراق چەندین جار رایانگەیاندووە، کە هیچ هێزێکی بیانی بەشداریی لە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی شاری مووسڵ ناکات.
پێشتر لە راپۆرتێکدا، رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی رایگەیاندبوو، کە میلیشیا شیعەکان بەشێوەیەک ”پێشێلکاری“ لە مافی هاووڵاتییانی سوننە دەکەن، کە پێشێلکارییەکان دەچنە خانەی ”تاوانەکانی جەنگ“.
دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق و داگیرکردنی زۆربەی شارەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنبار لە مانگی حوزەیرانی 2014 لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعشەوە، عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق فەتوای دروستکردنی میلیشیای حەشدی شەعبی دا، تاوەکو شوێنی سوپای عێراق بگرێتەوە.
چەندین جار هاووڵاتی و سەرکردە سیاسییەکانی پارێزگای نەینەوا بەشداریکردنی میلیشیاکانی حەشدی شەعبیان لە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسـڵ رەتکردووەتەوە و پاساویان بۆ ئەو رەتکردنەوەیەش ئەوەیە، کە ئەو چەکدارە شیعانە خەڵکی سوننە بەبێ هۆ دەکوژن.
پێشتر لە کاتی رزگارکردنەوەی شارۆچکەی فەللوجەی پارێزگای ئەنبار، چەندین گرتەی ڤیدیۆیی بڵاو بووەوە، کە تێیدا چەکدارە شیعەکان هاووڵاتییانی سوننەمەزهەب ئازار دەدەن و بە زیندوویی دەیانسووتێنن و سەریان دەبڕن.
7/11/2016
هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بە تەواوی گەمارۆی چەکدارانی داعشی لەناو شارەدێی باشیک داوە و هێزەکانی بەرەو ناو شارەدێیەکە پێشڕەوی دەکات.
پاش ئەوەی لە دوو هەفتەی ڕابردوودا هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە تەواوەتی شارەدێی (باشیک)ی لە ڕۆژهەڵاتی مووسڵ گەمارۆ دا، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە ئۆپەراسیۆنێکی فراوانی پێشمەرگە بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی سەنتەری شارەدێیەکە دەستی پێ کرد.
لەمبارەیەوە سەرچاوەیەکی سەربازی بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند کە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بە تەواوەتی چەکدارانی داعشیان لەناو مووسڵ گەمارۆ داوە و ئەوان هیچ پەیوەندییەکیان بە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکەیانەوە نەماوە. گوتیشی: ”تەنیا بە بێ تەل پەیوەندییان لەگەڵ داعش ماوە و جاروبار ئەمیرەکانی داعش داوایان لێ دەکەن بەرگری بکەن“.
بەپێی زانیارییەکانی (باسنیوز)، چەکدارانی داعش لەناو باشیک توانای بەرگریکردنیان نەماوە و ماوەیەکی زۆرە گەمارۆ دراون، بۆیە پێشبینی دەکرێت لە ماوەی چەند سەعاتی داهاتوودا ئەو سەنتەری شارەدێیە بە تەواوی بکەوێتە دەست پێشمەرگە.
پێشتر مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە میحوەری باشیک ڕای گەیاندبوو کە سەنتەری شارەدێی باشیک لە ڕووی سەربازییەوە کەوتووە، بەڵام پێشمەرگە بە مەبەستی ئەوەی کەمترین زیان بدات، پەلە لە چوونە ناو شارەدێیەکەدا ناکات.
7/11/2016
پەرلەمانتارانی ھەدەپە دوای ئازادکردنیان، داوا لە بارزانی دەکەن رۆڵی خۆیان لە ئازادکردنی ھاوسەرۆکانی ھەدەپە و دەستگیرکراوەکانیان بخەنە گەڕ، سەرکردەیەکی پارتییش رای دەگەیەنێ، بارزانی ئەوەی بۆی بکرێ، درێغی لێ ناکات.
لە چەند رۆژی رابردوودا، سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، ھاوسەرۆکانی ھەدەپە و ٩ ئەندام پەرلەمانی دیکەی ئەو پارتەی باکووری کوردستان لە لایەن پۆلیسی تورکیاوە دەستگیر کران، پاشان ٢ ئەندام پەرلەمانیان ئازاد کران و ئەوانی دیکەیش تاوەکو ئێستا لە زیندان ماونەتەوە و تۆمەتی ئەوەیان دراوەتە پاڵ کە ژێر بەژێر ھاوکاریی پەکەکەیان کردووە و شارەوانییەکانی باکووریان بۆ بەرژەوەندیی پەکەکە بەکارھێناوە.
یەکێک لە پورلەمانتارە ئازادکراوەکان، ئیمام تاشجیگەرە، کە لەسەر شاری ئامەد بۆ پەرلەمانی تورکیا ھەڵبژێدرا، لە لێدوانی تایبەتیدا بۆ (باس) داوای کرد، مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان خۆی بکات بە خاوەنی ھەدەپە و رۆڵی ھەبێت لە ئازادکردنی ھاوسەرۆک و پەرلەمانتارەکاندا.
گوتیشی: "بارزانی بە خاوەنی ھەدەپە دەزانم و لە راگەیاندراوەکەشیدا لەبارەی ئازادکردنی پەرلەمانتارانی ھەدەپە بە کردار ئەوەی سەلماند، داواکارین رۆڵی ھەبێت لە ئازادکردنی ھاوسەرۆکانی ھەدەپە و پەرلەمانتارە زینادانیکراوەکاندا“.
ئاماژەی بەوەش دا، ئەجێندای رەجەب تەییب ئەردۆگان ئەوەیە پەلاماری رۆژئاواش بدات، رۆژئاواش پێویستی بە بارزانی ھەیە و پێویستە لەوێشدا رۆڵی خۆیان بگێڕن، گوتیشی: "ئێمە دەمانەوێت لە ھەموو شوێنێک کورد یەکگرتوو بێت و لە تەنگانەدا ببن بە خاوەنی یەکتری".
لای خۆشیانەوە، ئادەم گاوەری، پەرلەمانتاری ھەدەپە لەسەر شاری وان، لە لێدوانیدا بۆ (باس) بە ھەمان شێوە داوای کرد بارزانی رۆڵی خۆی بگێڕێت لە ئازادکردنی زیندانکراوانی ھەدەیە، گوتی: "ئێستا ھەدەپە پێوستی بە ھەوڵ و رۆڵی بارزانی ھەیە لە ئازادکردنی ھاوسەرۆکانی ھەدەپە و ئەندام پەرلەمانەکانی دیکە، چونکە شەڕی باکوور و خراپیی رەوشی تورکیا کاریگەریی خراپی لەسەر ئارامیی باشووریش دەبێت".
گاوەری ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، کە لەسەر سنووری تورکیا و ھەرێمی کوردستان سەدان تۆپ و تانکی حکوومەتی تورکیای لێیە، کە بە بەھانەی ئەوەی پەکەکەی لێیە جاروبار ئامێدی بۆردومان دەکەن، ئەمانە پێمان دەڵێن ئارامیی باکوور بۆ ئارامیی باشوور گرنگە.
ئەو پەرلەمانتارەی ھەدەپە جەختی لەوە کردەوە کە بارزانی دەتوانێ لەگەڵ حکوومەتی تورکیا قسە بکات بۆ ئازادکردنی ھاوسەرۆک و ئەندام پەرلەمانەکانیان.
پێشنیازی ئەوەشی کرد بۆ دۆخی باکووری کوردستان، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و پارتی دیموکراتی کوردستان لە یەکتری نزیک ببنەوە و کۆبوونەوە ئەنجام بدەن.
پێشتریش نوێنەری ھەدەپە لە ھەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکیدا بۆ (باس) رای گەیاندبوو کە بارزانی وەکو کەسایەتییەکی سیاسی و سەرۆک لەناو کوردان رۆڵی گرنکی خۆی دەبینێت، ھەروەھا کاریگەریی زۆری لەسەر کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ناوچەکە لە رووی ئاستی نیشتمانی و نەتەوەییدا ھەیە.
ئەوەیشی روون کردبووەوە، کە بڵاوکردنەوەی راگەیەندراو لە لایەن سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستانەوە بۆ ئەو ھەڵمەتەی حکوومەتی تورکیا کردوویەتی لە دەستگیرکردنی ھاوسەرۆکانی ھەدەپە و پەرلەمانتارانی ئەو پارتە، جێگەی دڵخۆشییە.
لە کوردستانی باشووریش، چاودێری سیاسی د. فایەق گوڵپی، سەرۆکی پێشووی پارتی چارەسەری دیموکراتی کوردستان، کە پارتێکی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستانە، بۆ (باس) رای گەیاند، ئەگەر بارزانی ھەڵوێستی ھەبێت و رۆڵ ببینێ بۆ ئازادکردنیان ئەوا ھەنگاوێکی باش دەبێ، گوتی: "ئەو ھەوڵەی بارزانی دەبێتە ھۆی نزیکبوونەوەی کورد لە یەکتری و باشبوونی ریزەکانی گەلی کورد لە پارچە جیاجیاکانی کوردستان".
راشی گەیاند: "ماوەیەکی زۆرە دەوڵەتی تورکیا، بەتایبەتی لەدوای کودەتاکەوە، بەو ئاراستەیە سیاسەت دەکا، کە فشاری زۆری ھەیە لەسەر ھەموو ھێزە سیاسییەکانی نەیار بە ئەردۆگان و ئەکەپە".
گوڵپی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، سەرەڕای ئەوەی دەوڵەتی تورکیا زەحمەتە بکەوێتە ژێر کاریگەریی ھیچ کەس و لایەنێک بۆ چارەسەری دۆخەکە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ھەوڵ و رۆڵی ھەر کەس و لایەنێک شتێکی باشە و ئەوان بە ئەرێنی دەبینن، گوتیشی: "لەدوای دەستگیرکردنی ھاوسەرۆکەکانی ھەدەپە و پەرلەمانتارەکانی، ھەڵوێستی سەرۆکایەتیی ھەرێم و ھەڵوێستی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئیدانەکردن و نیگەرانییان شتێکی باش بووە، ئەوە وای کردووە کورد بەتایبەتی پارتی و پەکەکە لەیەک نزیک بکاتەوە، بەڵام ئەگەر سەرۆکی ھەرێم ھەنگاوی ئازادکردنیان بۆ بھاوێت، ئەوا پارتی و پەکەکە زۆر زیاتر لە یەکتری نزیک دەکاتەوە، بەشێوەیەک کاریگەریی دەبێ لەسەر ھەموو پێکھاتە سیاسییەکان".
گوتیشی: "سەرەڕای ئەو دۆخەی ھەیە، بەڵام دەبێت ئەوەش ببینین کە رۆژ بەرۆژ زەمینەیەکی لەبار بۆ گەیشتنی گەلی کورد بە مافەکانی لە ھەر چوار پارچەکەی کوردستان نزیک دەبێتەوە، لەبەرئەوە لەم قۆناغەدا کورد زیاتر لە ھەموو کات پێویستی بە یەکگوتاری ھەیە".
لای خۆشیانەوە ئەحمەد کانی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی و بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی ئەو حزبە، بۆ (باس) رای گەیاند، ئەوان لەوە دڵنیان کە بارزانی ھەر شتێکی پێ بکرێت بۆ کورد و لایەنی سیاسی و کەسایەتیی سیاسیی کوردی، ھەروەھا پرسی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا و ھەموو پارچەکانی دیکەی کوردستان درێغی ناکات، گوتیشی: "ھەڵوێستی پارتی و بارزانی لەسەر ئەو دۆخەی لە تورکیا ھەیە زۆر روونە، بۆ ئەوەش بەیاننامەیان ھەیە و رای خۆیان راگەیاندووە".
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، چارەسەریی کێشەکان بە گرتن و زیندانی کردن و توندوتیژی نابێت، گوتی: "دواجار ھەر دەبێت ھەردوو لا بێنەوە سەر پرەنسیپی گفتوگۆ و دەستکردنەوە بە پڕۆسەی ئاشتی".
راشی گەیاند: ”راستە بەپێی دەستووری تورکیا حەسانە لەسەر ئەو سەرکردانەی ھەدەپە و پەرلەمانتارەکانی ھەڵگیراوە، بەڵام ئەو پرسە سیاسییە و دەبێ بە دیقەت و ژیرانە و بەرپرسیارانە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێ، نەوەکو بە عەقڵییەتێکی توندوتیژ، یان بەشێوەیەک خەڵکانێک بۆ موزایەدەی سیاسی دەیانەوێ مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخەدا بکەن، بەڵام سەبارەت بە پارتی و سەرۆک بارزانی ئەوە بە شێوەیەکی کوردانە و ئاشتییانە ئەوەی بۆیان بکرێت لەو بڕوایەدام کە درێغی ناکەن".
8/11/2016