ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا ئاشکرای کرد، ئۆپەراسیۆنەکەی ئەمڕۆ دووشەممە 17\10\2016ی پێشمەرگە بۆ سەر شاری مووسڵ، بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی بارزانی بەڕێوە دەچێت.
بەرەکات شەمۆ، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ، پێشمەرگە گرنگترین ناوچە ستراتیژییەکانی نزیک لە مووسڵ کۆنتڕۆڵ دەکات کە دەکەونە سنووری ناوچەکانی (بەرتلە و تلکێف) و چەندان گوندی گرنگ کۆنتڕۆڵ دەکرێنەوە.
جەختیشی لەوە کردەوە کە ئۆپەراسیۆنەکە ڕاستەوخۆ لەلایەن مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە سەرپەرشتی دەکرێت. گوتیشی: ”تائێستا پێشمەرگە چەند گوندێکی کۆنتڕۆڵ کردووەتەوە و فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانانیش بە چڕی بارەگاکانی داعشیان بۆردومان کردووە.
17/10/2016
فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستان، دەست پێ کردنی ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنەوەی مووسڵی ڕاگەیاند.
بەپێی ئەو ڕاگەیاندراوە، سەعات 6ی ئەمڕۆ دووشەممە 17\10\2016، پرۆسەیەکی فراوانی پێشمەرگە لە میحوەری خازر لە ڕۆژهەڵاتی مووسڵ، بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی سوپای عێراق لە گوێڕ و گەیارە لە باشووری ڕۆژهەڵات و باشووری مووسڵ دەست پێ دەکات کە قۆناغی یەکەمی پرۆسەی ڕزگارکردنی مووسڵە لە دەست تیرۆریستانی داعش.
جەختیش لەوە کراوەتەوە کە لەم ئۆپەراسیۆنەدا زیاتر لە 4 هەزار پێشمەرگە لە 3 میحوەرەوە، گوندەکانی دەوروبەری ناوچەی خازر بەپێی ڕێککەوتنێکی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق پاک دەکەنەوە.
ئەمەش دەقی ڕاگەیاندراوەکەیە:
نزیکەی کاتژمێر 06:00 لە 17ی ئۆکتۆبەری 2016 پرۆسەیەکی فراوانی هێزی پێشمەرگە لە خازر لە رۆژهەڵاتی موسڵ، بەهەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی سوپای عێراق لە گوێڕ و گەیاڕە لە باشووری موسڵ دەستپێدەکات، وەک قۆناغی یەکەمی پرۆسەی رزگارکردنی موسڵ لە دەست تیرۆریستانی (داعش).
لەم ئۆپەراسیۆنەدا زیاتر لە چوار هەزار پێشمەرگە لە سێ میحوەرەوە هەڵدەستن بە پاککردنەوەی گوندەکانی دەوروبەری ناوچەی خازر، بەپێی ئەو رێککەوتننامەیەی لەنیون حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرالی عێراقدا هەیە.
لە رێکەوتی 16ی ئوکتۆبەرى 2016 فرۆکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەستیان بە بۆردومانکردنی مۆڵگەکانی داعش کرد، وا بڕیارە لە میانەی پرۆسەکەدا پاڵپشتی ئاسمانی بەردەوام بێت.
میدیا ناوخۆیی و هەرێمی و جیهانییەکان شانبەشانی هێرشی هێزەکانی پێشمەرگە، رووماڵی شەڕەکە دەکەن.
هەر 6-تا 8 کاتژمێر جارێک هەواڵی نوێ لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکە بڵاو دەکرێتەوە.
وێنەکان لە ئەکاونتی تویتەر بەم ناونیشانە (@GCPFKurdistan) دەست دەکەون، بە بەکارهێنانی هاشتاکی #FreeMosul
17/10/2016
پارتی دیموکراتی گەلان (HDP)، لە ئەنقەرە دەستی بە کۆبوونەوەیەکی گشتی و بەرفراوان کردووە، کۆبوونەوەکان رۆژی شەممە 15-10-2016 دەستیان پێکرد و ئەمڕۆش بەردەوامە.
کەمال ئاڤجی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە ئەنقەرە رایگەیاند ، هەموو پێکهاتەکانی هەدەپە، بەڕێوەبەران و سەرۆکی لقەکان و پەرلەمانتارانی هەدەپە لە کۆبوونەکە بەشدار بوونە.
لەبارەی کۆبوونەوە فراوان و گشتییەکەی هەدەپە، بایهان بینگەن، گوتەبێژی پارتەکە لێدوانێکی رۆژنامەڤانی دابوو، گوتبووی" لەو کۆبوونەوەیەدا گوێ لە رەخنەی پێکهاتە و لایەنگرەکانی خۆمان دەگرین بۆ ئەوەی نەخشەڕێگەیەکی نوێ دابڕێژین".
رێگە بە میدیاکان نادرێت، رووماڵی کۆبوونەوەکە بکەن، بەڵام بەپێی زانیارییەکان جیا لە گوێبیستی رەخنەی لایەنگران و پێکهاتەکانی هەدەپە، چەند تەوەرێکی دیکەش باسیان لێوە دەکرێت، لەوانە دانانی چەند سەرۆک شارەوانییەک بە قەیوم لە جێگەی سەرۆک شارەوانییەکانی دەبەپە، هەروەها پرسێکی دیکە بردنی پەرلەمانتارانی هەدەپەیە بە زۆر بۆ دادگاکان، مەبەستیانە لەو کۆبوونەیە هەڵوێستیان دیاری بکەن بۆ ئەوەی ئاراستەی هەنگاوەکانیان دیاریی بکەن.
لەلایەکی دیکەوە لهگهڵ دهستپێكردنهوهی قۆناخێكی نوێی ناكۆكی سیاسی بۆ گۆڕینی سیستهمی دهسهڵاتی توركیا له پهرلهمانییهوه بۆ سهرۆكایهتی لهنێوان لایهنه سیاسییهكان، پرسی ههڵبژاردنی پێشوهختهشی هاتووەتە بەرباس و دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانیش دەستی بە ئامادەکارییەکان کردووە، هەدەپەش دەیەوێت لەو کۆبوونەوەیە چی پێویستە بیکات وەکو ئامادەکارییەک بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە.
16/10/2016
بە هۆی شەڕ و تێکهەڵچوونی بەندییەکان لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی عاشووڕادا، یەکێک لە زیندانییەکان بە هۆی بەرکەوتنی قەمە دەکوژرێت.
بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، شەوانی ڕابردوو لە کاتی ئەنجامدانی ڕێوڕەسمی عاشووڕا لە زیندان، زیندانییەک بەهۆی بەرکەوتنی قەمەیەک لەلایەن زیندانییەکانی دیکەوە لەناو زیندان گیانی لەدەست دا.
شوناسی ئەو زیندانییە کوژراوە وەحید غوڵامی، ڕاگەیەنراوە.
وەحید غوڵامی بە تاوانی کڕین و فرۆشتنی مادەی هۆشبەر لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج دەستبەسەر کرابوو.
لە خۆدانی قەمە لە هێندێک لە پارێزگا و شارەکانی ئێران لەلایەن هێندێک کەسەوە بە بۆنەی کوژرانی حوسێن کوڕی عەلی لە مانگی موحەڕرم بەڕێوە دەچێت.
16/10/2016
بە مەبەستی پشتیوانیکردنی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە ئۆپەراسیۆنە چاوەڕوانکراوەکەی ئازادکردنەوەی مووسڵدا، ئێران هێز لە سنووری سلێمانی دادەنێت.
بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی (شەرقولئەوسەت) کە ئەمڕۆ یەکشەممە 16\10\2016 بڵاو کراوەتەوە، ئەوە ئاشکرا کراوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە مەبەستی پشتیوانیکردنی میلیشیا شیعەکان لە ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنەوەی مووسڵ، هێزەکانی سوپای پاسدارانی لە سنووری سلێمانی جێگیر کردووە.
هەمان ڕۆژنامە ئەوەشی ڕوون کردووەتەوە کە ئێران بایەخێکی زۆر بەو بابەتە دەدات، بەو ئامانجەی کە ڕێگەیەکی وشکانیی خێرا لە سنوورەکانی ئێرانەوە، بە سنووری سلێمانی و دواتر کەرکووک و لەوێشەوە مووسڵ، بۆ سنوورەکانی سووریا مسۆگەر بکات.
پێشتریش باس لەوە کراوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەیەوێت لە سنوورەکانی خۆیەوە هێڵێک بۆ سنوورەکانی سووریا دروست بکات کە پێی دەڵێن (هیلالی شیعی)، ئەو هێڵە لە دەڤەری سلێمانییەوە دەست پێ دەکات، بە ناو سنووری پارێزگای کەرکووکدا تێپەڕ دەبێت، لەوێشەوە بۆ سنوورەکانی پارێزگای مووسڵ و بەو ناوچانەشدا دەڕوات کە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەستی بەسەردا گرتووە، تاوەکوو دەگاتە سنوورەکانی کوردستانی ڕۆژئاوا کە سنووری دەوڵەتی سووریاشە.
16/10/2016
لە شاری لۆزان لە سویسرا کۆبوونەوەیەک بە سەرپەرشتیی ئەمریکا و رووسیا لەبارەی پرسی چارەسەرکردنی کێشەی سووریا و راگرتنی شەڕ، ئەنجام دەدرێت.
کۆبوونەوەکە، کە ئەمرۆ شەممە 15ـی تشرینی یەکەمی 2016 بە سەرپەرشتیی ئەمریکا و رووسیا لەنێوان ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و رژێمی ئەو وڵاتە ئەنجام دەدرێت، بە ئامادەبوونی نوێنەرانی وڵاتانی تورکیا، سعودیە، میسر، عێراق و ژمارەیەک وڵاتی دیکە بەڕێوە دەچێت.
هەرچەندە رووسیا بانگهێشتی ئێرانی کردووە بۆ کۆبوونەوەکە، بەڵام ئێران رەتی کردووەتەوە بەشداریی بکات.
15/10/2016
مهولود چاوشئۆغلو وهزیری دهرهوهی توركیا ئاشكرای دەكات بەهۆی سزای لەسێدارەدانەوە لەلایەن هاوسەرەكەیەوە هەڕەشەی لێ كراوە.
چاوشئۆغلو رایگەیاند هاوسەرەكەی پێی گوتووە ئەگەر ههمان ههڵوێستی جاران ههبێت، چاو به پهیوهندی نێوانیاندا دهخشێنێتهوه.
له كاتی بهشداریكردنی له دامهزراوهی AKPM له شاری ستراسبۆرگ له فهڕهنسا، چاوشئۆغلو گوتهیهكی پێشكهش كرد و لهبارهی جێبهجێكردنی سزای لهسێدارهدان ههڵوێستی خۆی ئاشكرا كرد.
ئهو ئاماژهی دا توركیا تاوهكو ئێستە شۆكی ههوڵی كودهتای 15ی تهمووزی تێنهپهڕاندووه و نهیتوانیوه به ئاسانی له بیری بكات، مافی خۆشیانه چونكه كارهساتێكی گهوره و چاوهڕواننهكراو بوو بۆ توركیا.
چاوشئۆغلو له درێژهی قسهكانیدا گوتی "هاووڵاتیانی توركیا لهبهر ئهوهی له ههوڵی كودهتادا ئازاری زۆریان چهشت، كودهتاچییهكان به شێوهیهكی دڕندانه ویستیان وڵاتی توركیا بڕوخێنن و هاووڵاتی سڤیلیان شههید كرد، بۆیه لهگهڵ بوونی سزای لهسێدارهدانن".
وهكو خۆی دژی بڕیاری له سێدارهدانه، پێشتر لهم رووهوه بۆچوونی خۆی دهربڕیوه، ههروهها دهڵێ یهكێتی ئهوروپاش به ئاشكرا ههڕهشهی له توركیا كرد ئهگهر سزای له سێدارهدان جێبهجێ بكرێت بههیچ شێوهیهك توركیا نابێته ئهندام لهو یهكێتییه.
ئهو نموونه به خێزانی خۆی دههێنێتهوه و دهڵێ "چهند رۆژێك دوای ههوڵی كودهتایهكهی توركیا، هاوسهرهكهم هاته لام و پێی گوتم ئهگهر لهسهر سزای له سێدارهدان ههمان بۆچوونی جارانت ههبێت و دژی لهسێدارهدان بیت، چاو به ژیانی هاوسهریماندا دهخشێنمهوه، ئهمهیش بۆ یهكهمجاره دوای 23 ساڵ ژیانی هاوسهری بهو شێوهیه ههڕهشهم لێ بكات. دیاره كه ئهویش ترسی كودهتا و شۆكی كودهتای تێنهپهڕاندووه".
15/10/2016
رۆژی جیهانی دەستشۆردن یادێکی ساڵانەیە و دیاریکراوە بۆ بەرزکردنەوی ئاستی هۆشیاری خەڵکی و تێگەیاندنیان لە گرنگی دەستشۆردن بە ئاو و سابوون، وەک ریگەیەکی زۆر ئاسان، کاریگەر و هەرزان بۆ رێگریکردن لو چەندین نەخۆشی.
ساڵانە لە رۆژی 15ی ئۆکتۆبەر یادی رۆژی جیهانی دەستشۆردن دەکرێتەوە و رێگەیەکە بۆ دۆزینەوەوی باشترین و نوێترین رێگەی جیاواز بۆ فێرکردن و هاندانی خەڵکی تاکو بە باشترین شێواز دەستیان بشۆن بە سابوون لە کاتە گرنگەکاندا.
مەبەست لە رۆژی جیهانی دەستشۆردن پاڵپشتی و هاندانی دەستشۆردن بە سابوون تاکو وەک کلتورێکی لێبکرێت، دیاریکردنی بارودۆخی دەستشۆردن لە جیهاندا و هۆشیارکردنەوەی خەڵکی لەبارەی سوودەکانی دەستشۆردن.
15/10/2016
بەرپرسێکی ئەمریکی رایگەیاندووە، بڕیارە باراک ئۆباما، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ گەورە بەرپرس و راوێژکارانی ئەمنی وڵاتەکەی کۆببێتەوە بەمەبەستی تاووتوێکردنی ئەگەری بەکارهێنانی رێگەی سەربازیی لە سووریا.
سەرچاوەکە رایگەیاندووە، گەورە راوێژکارانی ئەمنی ئەمریکا پێیانوایە پێویستە واشنتن بە تووندی و هەرچی زووترە دەستوەربداتە نێو کاروباری سووریاوە تاوەکو بەرگری لەو هەژموونەی خۆی بکات کە لەو وڵاتەدا هەیەتی.
وێڕای هۆشدارییەکانی مۆسکۆ بە مەترسییەکانی بەرپاکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لەلایەن واشنتنەوە دژ بە حکومەتی سووریا، بەڵام پێدەچێت، هۆشدارییەکانی رووسیا نەیانتوانیوە سەرەنجی ئەمریکییەکان رابکێشێت.
ئەگەری زۆری هەیە باراک ئۆباما لەگەڵ گەورە راوێژکارانی سیاسەتی دەرەوەی وڵات کۆببێتەوە و پرسی گرتنەبەری رێوشوێنی سەربازی تاووتوێبکەن.
هاوکات لەگەڵ بەردەوامبوونی هێرشە ئاسمانییەکان بۆسەر ناوچەکانی رۆژهەڵاتی حەلەب، راوێژکارانی سەرۆکی ئەمریکا پێیانوایە پێویست دەکات واشنتن بەپەلە و هەرچی زووتر و بەتووندی بچێتە نێو سووریاوە و ئەو هەژموونە کەمەی کە لە سووریا بۆی ماوەتەوە بپارێزێت، بەپێچەوانەوە متمانە و هەژموونی خۆی لەلای ئۆپۆزسیۆنی میانڕەو لە عەرب، کورد و تورکەکان لە شەڕیاندا دژ بە داعش لەدەستدەدەن و جێی پێی خۆیان لەو وڵاتەدا لاواز دەکەن.
بەڵام گرتنەبەری بژاردەی سەربازی کەم مەترسی نییە، چوونکە گۆڕەپانی شەڕی سووریا بە هێزەکانی رووسیا و سووریا تێکەڵبووە وئەگەری ئەوەی لێدەکەوێتەوە ببێتە هۆکارێک بۆ رووبەڕووبوونەوەی سەربازی نێوان ئەمریکا و رووسیا.
یەکێک لە بژاردە سەربازییەکان بریتییە لە پڕچەكکردنی هیزە هاوپەیمانییەکانی ئۆپۆزسیۆن بە چەکی سەربازی پێشکەوتوو لە رووی جۆرییەوە، بەڵام بەدەر لە چەکی دژە فڕۆکەی سەرشان، بەهۆی ئەگەری کەوتنی ئەو چەکانە بەدەست گرووپە نەخوازیارەکان و بەکارهێنانیان لە دژی فڕۆکە رۆژئاواییەکان.
بڕیارە هەردوو وەزیری دەرەوەی رووسیا و ئەمریکا لاڤرۆڤ و کێری لە چەند کاژێری داهاتوودا لە شاری لۆزانی سویسرا کۆببنەوە، هەرچەندە پێشبینییەکان سەبارەت بە ئەگەری رێککەوتنیان لەبارەی حەلەب لە سفر نزیکە.
ئامانجی کۆتایی هەر ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی نوێ لە سووریا پاڵپشتی ئۆپۆزسیۆنی میانڕەوی ئەو وڵاتەیە دژ بە حکومەتی سووریا و بەرگریکردن لە کەوتنی رۆژهەڵاتی حەلەب لەژێر دەستی ئەسەد کە لەلایەن رووسیا و ئێرانەوە پشتگیری لێدەکرێت.
15/10/2016
پەرلەمانی رووسیا بڕیاری جێگیرکردنی بنکەی سەربازی رووسیای لە سووریا پەسندکرد، شارەزایانی سەربازیش ئاماژە بەوەدەکەن، ئەو بڕیارەی پەرلەمانی رووسیا وەک کاردانەوەیەک وایە بەرامبەر ئەمریکا و وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا.
بڕیاری ئەنجوومەنی فیدراڵی رووسیا لەبارەی پەسندکردن و جێگیرکردنی بنکەی سەربازی رووسیا لە سووریا چاوەڕواننەکراو بوو.
بەر لەوەی پەرلەمانی رووسیا ئەو بڕیارە جێبەجێبکات، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە لێداونێکی رۆژنامەڤانیدا ئاماژەی بەوەکردبوو، مۆسكۆ هێزە سەرەکییەکانی لە سووریا دەکێشێتەوە، بەڵام پەرلەمانی رووسیا بە پەسندکردنی ئەو بڕیارە کارێکی چاوەڕەواننەکراوی ئەنجامدا.
شارەزایانی سەربازی بڕیاری جێگیرکردنی بنکەی سەربازی لە سووریا بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە، کە رووسیا وەک کاردانەوەوەیەک لە بەرامبەر ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا ئەو کارەی کردبێت، بەتایبەت دوای ئەوەی ئەمریکا و رووسیا لەبارەی سووریا نەگیشتنە هیچ رێککەوتنێک.
14/10/2016
بەهۆی تەقینەوەیەک لە کوردستانی رۆژئاوا، دەیان چەکدار کوژران و بریندار بوون.
تەقینەوەکە شەوی پێنجشەممە 13ـی یشرینی یەکەمی 2016 لە نزیک دەروازەی بابولسەلام لە ناوچەی ئەعزاز لە نێوان شارەکانی عەفرین و کۆبانێ، لەسەر رێگای نێوان کوردستانی باکوور و رۆژئاوا، رووی داوە.
ئاژانسی (رۆیتەرز) بڵاوی کردووەتەوە، بەهۆی تەقینەوەکە، بە لە رێگای تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو رووی داوە، 20 کەس کوژران و زیاتر لە 25ـی دیکەش بریندار بوون، کە زۆربەیان چەکداری گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریان.
بریندارەکان گواستراونەتەوە کوردستانی باکوور و رەوشی تەندروستیی ژمارەیەکیان ناجێگیرە.
14/10/2016
باڵی سەربازیی "کۆمەڵگەی ئازاد و دیموکراتیکی ڕۆژهەڵات" (کۆدار) بەرپرسیارێتیی هێرش بۆ سەر بنکەکانی سوپای پاسداران لە سەردەشت و مەریوانی گرتە ئەستۆ.
لە بەیاننامەیەکدا کە یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵات (یەرەکە) بڵاوی کردووەتەوە هاتووە "لە ئەنجامی چەند ئۆپراسیۆنێکی تۆڵە ئەستێنانەدا لە لەناو شارۆچکەی ڕەبەت، هەروەها گوندی "جانداران"ی سەردەشت و ناوچەی "گوڵێچەر"ی نزیک مەریوان، لانیکەم 26 ئەندامی سوپای پاسداران و بەسیج کوژراون."
لە دە ڕۆژی ڕابردوودا سوپای پاسداران ڕایگەیاند لە دوروبەری "سەلاسی باوەجانی" 12 گەریلای پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک)ی کوشتووە و پاش چەند ڕۆژ باڵی سەربازیی پەژاک بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ئەم هەواڵەی پشتڕاست کردەوە.
هەتا ئێستا سوپای پاسداران لە بەرانبەر ئەم بەیاننامەیە و کوژرانی ئەندامەکانی هیچ هەڵویستێکی نەبووە، چەند ڕۆژ پێش بنکەی "بەیتولموقەدەسی سوپای سنە" باسیان لە پووچەڵکردنەوەی هێرشێک لە ناوچەی گوڵچیدەری مەریوان کردبوو.
ئەمە لە کاتێک دایە بەرەبەیانی دوێنێ چوارشەممە لە گوندی "ڕوار"ی سەر بە شاری سەوڵاوا هێزێکی چەکدار هێرشیان کردەوە سەر بنکەیەکی سوپای پاسداران و سووتاندیان و لە ئەنجامدا 5 ئەندامی سوپای پاساداران کوژران و 7ی دیکەش کوژران.
13/10/2016
بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکانی ئێران، مەحموود عەلەوی وەزیری دەزگای هەواڵگریی (ئیتلاعات) ڕایگەیاندووە "لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە شیراز کردەوەیەکی تیرۆرسیتییان پووچەڵ کردووەتەوە و 100 کیلۆگرام مادەی تەقینەوەش دەستی بەسەردا گیراوە."
ماڵپەڕی ئیرنا لەم بارەوە ئەمڕۆ پێنجشەمە لەزاری مەحموود عەلەوی وەزیری ئتلاعاتەوە بلاوی کردووەتەوە "لە شاری شیراز وێڕای پووچەڵکردنەوەی گرووپێکی تیرۆریستی و دەستبەسەرداگرتنی 100 کیلۆ مادەی تەقینەوە، چەند کەسێکی بیانیش دەستگیر کراون."
ئێران ئەو کەسانەی بە تەکفیری (هەڵگەراوە لە دین) دەناسێنێ کە ئاماژەیە بە گرووپەکانی ئەلقاعیدە و داعش.
لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا دەزگا ئەمنی و ئیتلاعتییەکانی ئێران ڕایانگەیاندووە کە چەندین گرووپ و تیمی تیرۆریتسییان لە ناوچەکانی کوردستان، سیستان و بەلووچستان پووچەڵ کردووەتەوە و لەو پەیوەندییەدا دەیان کەسیش دەستگیر کراون کە زۆربەیان سەر بە گرووپە ئیسلامییە توندڕەوەکان بوون کە گرووپی "تەوحید و جیهاد و گرووپی تەکفیریی وەهابی" دوو لەوان بوون.
13/10/2016
ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرکردەی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق دیدار و چاوپێکەوتنی کرد.
لە دیدارەکەدا تیشك خرایە سەر بارودۆخی ئەمنی و ئامادەکارییەکان بۆ ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی مووسڵ و لەوبارەیەشەوە هەماهەنگی و هاوکاریی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق و هاوپەیمانان بەرز نرخێندرا.
ماڵپەڕی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان وێنەیەک لە ناوەرۆکی دیدارەکەی بۆ (باسنیوز) ناردووە.
پوختەی ناوەرۆکی دیدارەکە:
ئەمڕۆ ڕۆژی پێنجشەممە 2016 -10 -13 لە سەلاحەدین مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە عادل عەبدولمەهدی، سیاسەتمەدار و سەركردەی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق كرد.
لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و سەردانی سەرۆک بارزانی شاندی یاوەری بۆ بەغدا خرایە بەر باس و گفتوگۆ و باس لە ڕێگەچارەكان كرا بۆ یەكلاییكردنەوەی كێشەكان. هەردوولا جەختیان لەسەر دیالۆگ و لێكتێگەییشتنی نێوان لایەنەكان كردەوە بۆ چارەسەری گرفتەكان.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكە تیشك خرایە سەر بارودۆخی ئەمنی و ئامادەکارییەکان بۆ ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی موسڵ و لەوبارەیەشەوە هەماهەنگی و هاوکاریی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق و هاوپەیمانان بەرز نرخێندرا.
13/10/2016
هەردوو وڵاتی میسر و عێراق بە نێوەندگیریی رووسیا و ئێران رێککەوتنێکی نەوتیی واژۆ دەکەن.
بەپێی زانیارییەکان، یەکێک لە خاڵەکانی رێککەوتنە نەوتییەکەی قاهیرە و بەغدا ئەوەیە، کە پێویستە میسر هەڵوێستێکی توند دژی بوونی هێزی تورکی لە عێراق بنوێنێت.
هەروەک هەردوو وڵات لەسەری رێککەوتوون، عێراق مانگانە بڕی یەک ملیۆن بەرمی نەوت بە میسر دەبەخشێت.
بەهۆی پەرەسەندنی ناکۆکیی میسر و سعودیە، کۆمپانیای ئارامکۆی نەوتیی سعودیە بە میسری راگەیاندووە، کە چیتر ناتوانێ نەوت هەناردەی میسر بکات و رێککەوتنەکەی میسر و عێراقیش لە ئەگەری بەردەوامبوونی سعودیە لە نەناردنی نەوت بۆ میسر، لە سەرەتای مانگی داهاتوو دەچێتە بواری جێبەجێکردن.
هێزێکی سوپای تورکیا، کە ئەسیل نوجەیفی، فەرماندەی میلیشیای حەشدی نیشتیمانی رایگەیاندووە، بەمەبەستی مەشقکردن بە چەکدارانی میلیشیاکەی بۆ شەڕکردن لە دژی رێکخراوی توندڕەوی داعش لە ناوچەی باشیک لە سنووری پارێزگای نەینەوا و بەپێی رێککەوتنی حکوومەتی عێراق و تورکیا جێگیرکراوە و بووتە هۆی دروستبوونی ناکۆکی لەنێوان ئەو دوو وڵاتە.
حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەو هێزەی تورکیای بە داگیرکەر ناساند و داوای کشانەوەی کرد، بەڵام رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، کە هێزەکە ناکشێتەوە و بەشداریی شەڕی رزگار کردنەوەی مووسڵ دەکات.
14/10/2016