ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، ڕاوێژاکری حەسەن ڕۆحانی سەرکۆماری ئێران، بۆ کاروباری نیودەوڵەتی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2016 -10 -13 ڕایگەیاند "ئێران بە هەموو توانای خۆیەوە پالشتی لە حکوومەتی سووریا دەکات و درێژە بەم کارە دەدەین."
ماڵپەڕی تەسنیمی سەر بە سوپای پاسداران لەم بارەوە بڵاوی کردووەتەوە عەبدوڵڵاهیان لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا هێرشی کردووەتەوە سەر ئیسرائیل و دەڵێت "هیچ گومانێکمان نییە کە حکوومەتی ناڕەوای ئیسرائیل لەسەر نەخشەی ناوچەی عەزیزی قودەس نامێنێ و دەسڕێتەوە."
ڕاوێکاری ڕۆحانی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاشکرای کردووە "هێرشی ئاوبەشی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی بۆ سەر یەمەن شکشتی خواردووە و ئێمە بۆ دابینکردنی سەقامگیری لە ناوچەکە ئەوپەڕی هەوڵی خۆمان دەدەین و خەڵکی ستەملێکراوی یەمەن ڕزگار دەکەین."
بەڕای بەرپرسانی سعوودی و وڵاتانی ڕۆژئاوا "کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی شەش ساڵی رابردوودا یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە و بەتایبەت لە کاروباری ولاتانی عێراق، یەمەن و سووریادا دەستێوەردانی کردووە و ئیستاش لە هەر سێ وڵات سوپای قودسی سەر بە پاسداران حزووری هەیە."
13/10/2016
حکوومەتی ئەمریکا بیر لە لێدانی حوسییەکانی یەمەن دەکاتەوە، دوای ئەوەی دوو مووشەک ئاراستەی کەشتیگەلێکی ئەمریکی کراوە.
جیف دیڤس، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاندووە، کە هەر کەس و لایەنێک لە پشت هێرشکردنە سەر کەشتیگەلی سەربازیی USS missouriـی ئەمریکی، ئەوە بە دەستدرێژیکار دادەنرێت و خۆی خستووەتە مەترسییەکی گەورە.
بە گوتەی جیف دیڤس، حکوومەتی ئەمریکا لە هەوڵ دایە بۆ دەستنیشانکردنی ئەو لایەنەی لە پێشت هێرشە مووشەکییەکەوەیە بۆ سەر کەشتیگەلە ئەمریکییەکە و ئەگەر دەرکەوت حوسییەکان ئەنجامیان داوە، ئەوا سوپای وڵاتەکەی لێیان دەدات.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کردووە، کە کەشتیگەلە ئەمریکییەکە لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا بووە و هیچ دەوڵەت و گرووپێک ناتوانێ هێرشیان بکاتە سەر.
حوسییەکان گرووپێکی شیعەمەزهەبی یەمەنین و لەلایەن ئێرانەوە پشتگیری دەکری. بە هاوکاریی عەلی عەبدوڵڵا ساڵ، سەرۆکی پێشوو و لەسەر کار لادراو کودەتایان بەسەر حکوومەتی وڵاتەکەیاندا کردووە و دەستیان بەسەر بەشێکی زۆری خاکی یەمەندا گرتووە.
12/10/2016
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک، ئاشکرای کردووە زەینەب سکانوەند، ژنێکی تەمەن 22 ساڵی کوردی خەڵکی دەڤەری ماکۆ کەلە تەمەنی 17 ساڵیدا هاوسەری خۆی کوشتووە، ئەگەری لەسێدارەدانی نزیکە.
هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەش داوە کە ئەو ژنە لە زیندان لەگەڵ کەسێکی دیکە ژیانی هاوبەشی پێک هێناوە و دووگیان بووە و دوو هەفتە لەمەوبەر بۆ پشکنین براوەتە نەخۆشخانە و پاش چەند سەعات منداڵەکەی بە مردوویی هاتووەتە دونیا.
بە گوتەی دکتۆرەکانی زیندان چەند ڕۆژە بەرلەو ڕووداوە هەواڵی سێدارەی هاوبەندییەکیان بە زەینەب گەیاندووە و ئەگەری زۆری هۆکاری مردنی منداڵەکەی ئەوە بێت.
سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن، هۆکاری دواکەوتنی سێدارەی زەینەب لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە دووگیان بوونی بووە و ئێستا کە منداڵەکەی بە مردوویی لەدایک بووە، دەزگای دادوەریی ئیران لێی بەگومانە و دەیانهەوێ لەسێدارەی بدەن.
زەینەب سکانوەند لورکان، کچی محەمەد و لەدایکبووی 1994 و لە یەکێک لە گوندەکانی ناحیەی "شوت" ی ساری ماکۆ لە پارێزگای ورمێ لەدایک بووە، لە تەمەنی 15 ساڵیدا ژیانی هاوبەشی پێک هێناوە و پاش دوو ساڵ و لە تەمەنی 17 ساڵیدا بە گوتەی خۆی بەهیۆ ئەزیەت و ئازار لەلایەن مێردەکەیەوە تووشی تاوانی کوشتن بووە.
کۆماری ئیسلامیی ئێران تەمەن سزا و باڵغبوونی بۆ کوڕان بە 15 ساڵ و بۆ کچانیش بە 9 ساڵ دیاری کردووە لە حاڵێکدا یاسا و پیوەرە نێودەوڵەتییەکانی وەک مافی منداڵان، هەموو کەسێک هەتا تەمەنی 18 ساڵی بە منداڵ لە قەڵەم دەدەن و سزای زیندان و دادگایی و سێدارەی منداڵانی خوار تەمەن 18 ساڵ نایاساییە.
ئەمە لە کاتێک دایە ئێران بۆ خۆشی ئەو ڕێککەوتننامانەی واژۆ کردووە.
ساڵانە لە ئێران چەندین مێرمنداڵ لەسێدارە دەدرێن، ئێستا لە زانیدانی سنە پێنج مێرمنداڵی کورد سزای سیدارەیان بۆ بڕاوەتەوە و چاوەڕیی بەڕیوەچوونی سزاکەیان دەکەن.
12/10/2016
ئهگهرچى وا بڕیاره لهم مانگهدا ئهنجومهنی فیدراڵیی باكووری سووریا كۆ ببێتهوه و سیستهمی فیدراڵی له رۆژئاوای كوردستان به ناوى (باكووری سووریا)، به شێوهى فهرمى رابگهیهنێ، بهڵام كۆشكى سپى و ئهنجومهنى نیشتمانیى كوردى سووریا (ENKS) له ئێستاوه ئهو فیدڕاڵییه لهژێر ئهو ناوهدا رهت دهكهنهوه.
مهنسوور سهلووم، هاوسهرۆكی ئهنجومهنی دامهزێنهری سیستهمی فیدراڵیی دیموكراتیی رۆژئاوا - باكووری سووریا به ئاژانسی (هاوار نیوز)ـى راگهیاندووه، سیستهمی فیدراڵیی رۆژئاوا - باكووری سووریا له ماوهی مانگی تشرینی یهكهمدا رادهگهیهنرێت و له ماوهی شهش مانگیشدا دهست به ههڵبژاردن دهكرێت.
ئاماژهى بهوهش داوه، بۆ ئهم مهبهسته لهگهڵ ههردوو ئهنجومهنی جێبهجێكار و یاسادانان له كانتۆنی جزیره كۆ دهبنهوه، بۆ تاوتوێكردنی رهشنووسى گرێبهستی كۆمهڵایهتی و ههمواركردنهوه و داڕشتنی كۆتایی، كه وهكو دهستوور پشتی پێ دهبهسترێت.
بهپێى لێدوانێكى پێشووى دیار قامیشلوو، ئهندامی نووسینگهی پهیوهندییهكانی پارتى یهكێتیى دیموكراتى PYD، كه به (ئارا نیوز)ى راگهیاندبوو، نیازیان ههیه وشهی رۆژاوا له دهستووردا بهتهواوى بسڕنهوه.
دیار، ئاماژهى بهوهش دابوو كه قامیشلوو دهكهنه پایتهختی فیدراڵییهتهكهیان، بهڵام بیری نهتهوهییمان نییه و وشهی كورد بهكار ناهێنن، تهنانهت بهنیازن وشهی رۆژئاواش بسڕنهوه و تهنیا ناوی بنێن (باكووری سووریا).
بهڵام، مارك تۆنهر، وتهبێژی وهزارهتی دهرهوهی ئهمهریكا رای گهیاند، ئهمهریكا نایهوێت لهو ناوچانهی لهژێر كۆنتڕۆڵی یهكینهكانی پاراستنی گهل YPGدایه، سیستهمی فیدراڵی دابمهزرێنرێت.
مارك تۆنهر لهمیانی كۆنگرهیهكی رۆژنامهوانیدا له مانگى رابردوو رای گهیاند، كه ئهوان لهگهڵ یهكپارچهیی خاكی سووریادان و نابێت ههر هێزێكی سهربازی ناوچهیهكی فیدراڵی بۆ خۆی دروست بكات.
وتهبێژی وهزارهتی دهرهوهی ئهمهریكا جهختیشی كردهوه، كه دهبێت گهلی سووریا بڕیار له داهاتووی خۆیان بدهن.
نهواف رهشید، نوێنهرى ئهنجومهنى نیشتمانیى كوردى سووریا له ههرێمى كوردستان بۆ (باس) راى گهیاند، PYD خاوهنى ئهو دهستوورهیه كه كوردستانى رۆژئاواى به (باكوورى سووریا) پێناسه كردووه، ئێستا دهیهوێ رۆژئاواى كوردستان بهفهرمى له لاى خۆى بكات به باكوورى سووریا، بهڵام له واقیعدا پهیهده ناتوانێ كوردستانیبوونى سووریا بسڕێتهوه، گوتى: "ئهو پڕۆژه دهستوورییه له دژى بیرى نهتهوهییه و له دژى بیرۆكهى (بارزانى)یه، بارزانى فیدڕاڵیى نهتهوهیی بۆ رۆژئاواى كوردستان دهخوازێ، ئهمهریكاش پشتیوانى له بیرۆكهى بارزانى دهكا و دواجاریش ههر فیدڕاڵیى نهتهوهیی بۆ رۆژئاواى كوردستان سهردهكهوێ".
ئهو سهركردهیهى ENKS ئاماژهى بۆ ئهوهش كرد، بهپێى ئهو دهستووره ئهو پارچهیه چیتر كوردستان نییه، ئهوهش ههڕاجكردنى خاكى كوردستانه بۆ نهتهوهكانى دیكه، گوتیشى: "پهیهده ئهوه به فهرمانى بهشار ئهسهد دهكات و به هیچ شێوهیهك ئێمه ئهو جۆره فیدڕاڵییهتهمان بۆ رۆژئاواى كوردستان ناوێ، كه كوردستانیبوونى رۆژئاوا بسڕێتهوه".
(باس) وهك ههموو جارێك ههوڵى وهرگرتنى راى زیاترى بهرپرسانى پهیهدهى دا، بهڵام پهیوهندی لهگهڵیاندا دروست نهبوو.
12/10/2016
رۆژنامەیەکی فەرەنسی برینداربوونی دوو سەربازی فەرەنسی و شەهیدبوونی دوو پێشمەرگەی کوردستان رادەگەیەنێت.
لە راپۆرتێکدا، رۆژی چوارشەممە 12ـی تشرینی یەکەمی 2016، رۆژنامەی لۆمۆندی فەرەنسی رایگەیاندووە، کە چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراویان ناردووەتە سەنگەرەکانی پێشمەرگە.
هێزەکانی پێشمەرگە و سەربازە فەرەنسییەکان هەوڵیان داوە شکست بە هێرشە بۆمبییەکەی داعش بهێنن، کە بەپێی لۆمۆند رۆژی 2ـی تشرینی دووەمی 2016 کراوەتە سەر سەنگەرێکی پێشمەرگە، بەڵام فڕۆکە بێ فڕۆکەوانە بۆمبڕێژکراوەکە کەوتووەتە خوارەوە و بووەتە هۆی شەهیدبوونی دوو پێشمەرگە و برینداربوونی دوو سەربازی فەرەنسی، کە یەکێکیان برینەکەی سەختە.
دوای هێرشی رێکخراوی توندڕەوی داعش بۆ سەر کوردستانی باشوور، سەدان سەرباز و راوێژکاری سەربازیی وڵاتانی فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، چیک، بەریتانیا، ئەمریکا، هەنگاریا و چەند وڵاتێکی دیکە بە مەشقکردن و ناردنی کەلوپەلی سەربازی، هاوکاریی هەرێمی کوردستان دەکەن.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شاری مووسڵ و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار و چەند ناوچەیەکی باشووری کەرکووک لەلایەن چەکدارانی داعش داگیر کرا.
12/10/2016
رۆژنامەی (باس خەبەر) توانی لە نزیکەوە دیمانەیەک لەگەڵ ئیمام تاشچیگەر ئەندام پەرلەمانی ھەدەپە ئەنجام بدات، کە لەگەڵ ئەو شاندە فەرمییەی ھەدەپە بوو بۆ سەردانیکردنی مەسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و ھەروەھا چەند پارتێکی دیکەی باشوور.
بە گوێرەی گوتەی ئەو سەردانەکە زۆر مێژوویی بووە و بارزانی ئامادەیی دەربڕیوە ناوەگیری بکات بۆ لە یەکتری نزیکبوونەوەی پەکەکە و دەوڵەتی تورکیا بۆ دووبارە ھێنانە کایەوەی ئاشتی لە تورکیا و کۆتاییھێنان بە شەڕ. ھەروەھا لایەنەکانی باشوور بەجدی مەیلی ئەوەیان ھەیە لەگەڵ یەکتردا دابنیشن و کێشەکانیان چارەسەر بکەن.
ئیمام وەکو ئەوەی خۆی باسی لێوە دەکات، راستە سەلاحەدین دەمیرتاش گوتی مەبەستی سەردانەکان بۆ ئاشتکردنەوەی پارتە سیاسییەکانی باشوور بووە، بەڵام لە ھەمان کاتدا باسیان لە رەوشی باکوور کردووە، بەتایبەتی ئەو نەھامەتییەی بە ھۆکاری شەڕ دووچاری ھاووڵاتیانی باکوور بوەتەوە، بارزانییش ئامادەیی دەربڕیوە بۆ ئەوەی ناوەندگێڕی بکات.
ھەروەھا لەبارەی شاندەکەی ھەدەپەیش بۆ لای بارزانی، رەجەب تەییب ئەردۆگان ئاماژەی دا ئەوانیش ئامادەن شاندێک بۆ باشوور بنێرن، بۆیە ئیمام پێیوایە ئەم لێدوانەیش گرنگە بۆ نزیکبوونەوەی ھەدەپە و ئاک پارتی.
ئەو دەڵێت: "ماوەیەکی زۆرە لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و ھەدەپە ھیچ کۆبوونەوە و لە یەکنزیکبوونەوەیەک نەبووە، بۆیە چوونی ھەدەپە بۆ لای پارتی گرنگ بوو بۆ تۆخکردنەوەی پەیوەندییەکانمان. ھەروەھا وەکو ھەموومان ئاگادارین ئێستا لە باشوور پارتە سیاسییەکان نێوان لەگەڵ یەکتری ناخۆشە و کار گەیشتووەتە ئەوەی پەرلەمان دابخرێت، بۆیە وەکو ھەدەپە پێمان خۆش بوو دەستێکمان ھەبێت لە پێکەوەژیان و ئاشتکردنەوەی ئەو پارتە سیاسییانە، خۆشبەختانە ھەموو پارتەکانی باشوور بە ئەرێنی وەڵامی ئێمەیان دایەوە و، ئێمە لە کۆبوونەوەکەماندا لەگەڵ بارزانی کە ماوەی ٥ سەعاتی خایاند ھەستمان کرد کێشەکان بەرەو چارەسەری دەچن".
دوای ئەوەی ھەدەپە سەردانی بارزانیی کرد، پروپاگندەیەک بڵاو کرایەوە بەوەی سەرۆکی زیندانیکراوی پەکەکە عەبدوڵڵا ئۆجەلان نامەیەکی بۆ بارزانی و قەندیل ناردووە و ھەدەپەش ئەو نامەیەی ئۆجەلانی بۆ بارزانی بردووە، بەڵام ئیمام ئەو دەنگۆیانە بە راست نازانێت.
ئەو ئاماژەی دا ئەوان لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان باسیان لە رەوشی باکوور کردووە و، ھەموو ئەو نەھامەتییانەی بەسەر کوردا ھاتووە باس کردووە، بۆ نموونە وێرانبوونی ھەزاران خانوو و کوژرانی دەیان ھاووڵاتیی سڤیل و زۆر نەھامەتیی دیکە، بەڵام بە ھیچ شێوەیەک نامەی ئۆجەلانمان بۆ بارزانی نەبردووە.
ئەو دەڵێت: "ئەگەر ئۆجەلان نامەی بۆ بارزانی بناردایە محەمەد ئۆجەلانی برای کاتێک لە ئیمیڕاڵی گەڕایەوە لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا باسی ئەو نامەیەی دەکرد. ئێمە لەو ماوەیەی کە لەگەڵ بارزانی دانیشتین توانیمان باس لە رەوشی خۆمان بکەین و بڵێین پێویستە دەوڵەت و پەکەکە بگەڕێنەوە بۆ رێککەوتنی ئۆسلۆ و پڕۆسەی ئاشتی گیانی بەبەردا بێتەوە".
لە درێژەی دیمانەکەدا ئیمام پێیوایە پێویستە دەوڵەتی تورکیا ھەنگاوێک بنێت بۆ ئاشتی تا پەکەکەیش وەڵامی بداتەوە، بەڵام بەداخەوە دەوڵەت ھیچ ھەنگاوێکی لەو شێوەیەی نییە. ئەو پێی وانییە قەندیل دژی ھەوڵی بارزانی بێت بۆ نێوەنگێری دەوڵەت و پەکەکە، بە پێچەوانەوە قەندیل بە ئەرێنی لەو ھەوڵە دەڕوانێت.
پێشتر لە چەند میدیایەکی تورکیا بڵاو کرایەوە کە قەندیل نایەوێت پڕۆسەی ئاشتی لەسەر دەستی بارزانی دەست پێ بکاتەوە، بەڵام رۆژئاوا و ئەمەریکا دەیانەوێت بارزانی ناوەندگیری بکات، بۆ ئەمەیان ئیمام پێچەوانە بیر دەکاتەوە و دەڵێت: "گرنگ ئەوەیە حکوومەتی تورکیا ھەنگاوێک بۆ ئاشتی بھاوێت، جا ئەگەر لە رێگەی بارزانیشەوە بێت گرنگە و قەندیل رێگریی لێ ناکات، من پێم باشە بارزانی ئەو رۆڵە بگێڕێت و بە ھیچ شێوەیەکیش قەندیل دژی ناوەستێتەوە".
لەبارەی ئەوەی بارزانی چی داواکارییەکی لە ھەدەپە ھەبوو لەو سەردانەدا گوتی: "بارزانی داوای کرد شەڕی باکوور بە زووترین کات کۆتایی پێ بێت و ھەدەپەیش پێویستە ھەموو ھەنگاوێک بۆ دیموکراتی و راوەستانی شەڕ بگرێتە بەر. ھەروەھا ئاماژەی دا ھەر شتێک لەسەر ئەو بێت و داوای لێ بکەن ئامادەیی تێدا ھەیە ئەنجامی بدات، تەنیا شەڕ کۆتایی پێ بێت".
ھەر لەو کۆبوونەوەیەدا لەگەڵ بارزانی، بە گوێرەی گوتەی ئیمام ھەدەپە داوای کردووە پەیوەندیی نێوان پەکەکە و پارتی دیموکراتی کوردستان باش ببێتەوە و، ئیدی ئەو ساردییەی لەنێوانیاندا ھەیە نەمێنێت. ھەروەھا لەو رووەوە پێویستە دانوستاندن بکرێت و بە کۆبوونەوە کێشەکان چارەسەر بکرێت، چونکە ئێستا یەکگرتوویی کورد زۆر پێویستە و بە ھیچ شێوەیەک لە بەرژەوەندیی ھیچ کەس و لایەنێکی کوردیدا نییە نێوان پەکەکە و پارتی ناخۆش بێت.
11/10/2016
سەعات 9:30ی شەوی ڕابردوو بە کاتی ئێران لە گوندێکی دوروبەری شاری کامیارانی سەر بە پارێزگای سنە ئەندامێکی خۆجێی سوپای پاسدارانی ئێران لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە کوژرا.
ماڵپەڕی (مافنیوز) بە پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵ نووسیویە "کوژراوەکە ناوی شاهۆ کەریمی و خەڵکی گوندی پاڵنگانی سەر بە کامیارانە و لە گوندی تروەڕێز، کەوتووەتە بەر دەستڕێژی گوللەی چەند چەکدارێکی نەناسراو و دەستبەجێ کوژراوە.
ئەمە لە کاتێک دایە کە شەوی 9 لەسەر 2016 -10 -10 لە شارۆچکەی ڕەبەت و گوندی "گلیچەر"ی سەر بە مەریوان بە چەکی سووک و قورس هێرش کراوەتە سەر چەند بنکەیەکی سوپای پاسداران و هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێران و چەند ئەندامێکی سوپا بریندار بوون.
لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا زیاتر لە 20 ئەندامی سوپای پاسداران لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات لەلایەن چەکدارانی نەناسراوەوە کوژراون، کە "هەڵۆکانی زاگرۆس" بەرپرسیارێتیی هەندێکیانی لە ئەستۆ گرتووە.
11/10/2016
لەنێوان عێراقییەكاندا دیارترین دەموچاو ئەكرەم ئەلكەعبییە كە فەرماندەیەكی (حەرەكەت حیزبوڵڵا ئەلنوجەبا)یە و لە ڤیدیۆیەكدا بەشداریی چەكدارە بیانییە شیعەكان لە جەنگی حەلەب بە "جیهاد" ناو دەبات
ژمارەیەك چەكداری سەر بە میلیشیا شیعەكانی عێراق روویان لە سووریا كردووە و لەوێ هاوكاریی هێزەكانی رژێمی سووریا دەكەن بۆ كۆنتڕۆڵكردنی رۆژهەڵاتی حەلەب و تەنانەت لە چەندین شەڕی قورسیشدا لەم شارە بەشدارییان كردووە.
ئەركی سەرەكیی ئەم هێزانە ئەوەیە لە پاڵ چەكدارانی حیزبوڵڵا و چەكدارە ئێرانییەكاندا لاوازیی هێزە پیادەكانی حكومەتی سووریا قەرەبوو بكەنەوە، لە كاتێكدا رووسیاش لاوازیی هێزی ئاسمانیی حكومەتی سووریای پڕكردووەتەوە.
جیهاد لە دژی سوننە
لە مانگی تەمووزی ساڵی 2015ەوە هەڵمەتە ئۆنلاینەكان بۆ راكێشانی چەكداری شیعە بەشێوەیەكی بەرچاو زیادیان كردووە. لە كۆتاییەكانی 2014 و سەرەتاكانی 2015دا راكێشانی چەكدارەكان پچڕ پچڕ بوون، بەڵام لە ناوەڕاستی پارساڵەوە پرۆگرامێكی هەمەلایەنە بۆ راكێشانی میلیشیا شیعەكان دەستی پێكرد و لە دیمەشقەوە هەتا ئیدلب بڵاوەیان پێكرا.
لە نێوان عێراقییەكاندا دیارترین دەموچاو ئەكرەم ئەلكەعبییە كە فەرماندەیەكی (حەرەكەت حیزبوڵڵا ئەلنوجەبا)یە و لەگرتەیەكی ڤیدیۆییدا بەشداریی چەكدارە بیانییە شیعەكان لە جەنگی حەلەب بە "جیهاد" ناو دەبات. دەستەواژەی جیهادی شیعەكان بەشێوەیەكی بەرچاو لە ماوەی جەنگی هەشت ساڵەی نێوان ئێران و عێراق و دواتریش لە جەنگی نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیلدا بڵاو بوو، بەڵام لەگەڵ دەستپێكردنی جەنگی نێوخۆیی سووریا و تایفیبوونەوەی جەنگەكە، ئەم دەستەواژەیە جارێكی دیكە سەری هەڵدایەوە.
هاشم ئەلموسەوی، فەرماندەیەكی دیكەی میلیشیای ئەلنوجەبا، بە رۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ)ی ئەمریكی راگەیاند، بەشداریی ئەوان بەشێكە لە جەنگێكی ناوچەیی لە دژی "تیرۆریزم". ژمارەیەكی زۆر چەكداری شیعەی عێراقی دیكەش لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا روویان لە سووریا و بە تایبەت ناوچەكانی نزیكی حەلەب كردووە.
چاوەڕێ دەكرێ میلیشیاكانی حەشدی شەعبی رۆڵێكی لاوەكییان لە ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی مووسڵدا هەبێت، هۆكاری لاوازبوونی رۆڵی ئەو گرووپانەش بۆ ئەو توندوتیژیانە دەگەڕێتەوە كە پێشتر لە تكریت و فەللوجە نواندبوویان. ژمارەیەك لە فەرماندەكانی حەشدی شەعبی بە وۆڵ ستریت جورناڵیان راگەیاندووە كە لاوەكیبوونی رۆڵی ئەو میلیشیایانە لە جەنگی مووسڵدا هۆكار بووە بۆئەوەی كە ئەوان روو لە جەنگی حەلەب لە سووریا بكەن.
ژمارەیەكی زۆر لە گرووپە میلیشیا شیعەكان لە ساڵی 2012 و بۆ پشتگیریكردن لە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد روویان كردە سووریا. بەڵام لە ساڵی 2014ەوە هێرشەكانی چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراقیش فراوانتر بوونەوە، هەر بۆیە بەشێكی بەرچاویان گەڕانەوە عێراق.
ئەلنوجەبا بەشێكە لە هێزێكی سیانە كە گرووپەكانی عەسایبی ئەهلی حەق و ئەبولفەزل ئەلعەبباسیش لەخۆدەگرێ. عەسایب یەكێكە لەو گرووپە شیعانەی پێشتر چەندین جار هێرشی كردووەتە سەر هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق.
رێكخراوی بەدر كە پارتێكی سیاسیشی هەیە، هەتا ئێستا هیچ هێزێكی لە سووریا نییە، بەڵام فەرماندە و سەركردەكانی ئەم رێكخراوە سیاسی ـ سەربازییە گوتوویانە هەر كاتێك جەنگی مووسڵ یەكلایی بووەوە و داعش لە عێراق لەناوچوو، ئەوانیش گرووپەكەیان لە لقێكی نێوخۆییەوە بۆ هێزێكی چەكداریی ناوچەیی دەگۆڕن.
هیلالی سەوزی شیعە
ژمارەیەك لە دیپلۆمات و سیاسەتمەدارانی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نیگەرانیی خۆیان دەربڕیوە لەوەی جەنگی نێوخۆیی عێراق و سووریا مەیدانێك یان بیانوویەك بێت بۆ راهێنان و یەكخستنی گرووپە میلیشیاییە شیعەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەلایەن ئێرانەوە، بەمەش سەرەتایەكی مەترسیدار بۆ جەنگێكی درێژخایەنتر لە نێوان شیعە و سوننە لە ناوچەكەدا دەستپێبكەن.
زۆربەی وڵاتانی رۆژئاوا، لەوانەش ئەمریكا، پێیانوایە میلیشیا شیعەكان ئەلتەرناتیڤێكی باشترن لە گرووپێكی وەكوو داعش، بەشێك لەم گرووپانەش بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ كەڵك لە پشتیوانییە ئاسمانییەكانی ئەمریكا لە عێراق وەردەگرن. بەڵام سعودیە و وڵاتانی كەنداو تێڕوانینێكی جیاوازیان هەیە. توركی ئەلفەیسەڵ، سەرۆكی پێشووی هەواڵگریی سعودیە پێیوایە "ئەوەی میلیشیا شیعەكان لە ناوچە رزگاركراوە سوننەكان كردوویانە هێندەی كردەوەكانی داعش قێزەونن".
نیگەرانیی سەرەكی سعودیە و وڵاتە سوننییەكانی ناوچەكە تەنیا پەیوەندی بەو مەترسییانەوە نییە كە لەسەر كۆمەڵگەی سوننیی عێراق و سووریا هەیە، بەڵكو نیگەرانییە ستراتیژییەكەیان پەیوەندی هەیە بە بەهێزبوونی "هیلالی شیعە" كە تێیدا ئێران و سوپای پاسداران رۆڵی ئەندازیار و ئاراستەكەری سەرەكی دەگێڕن. بایەخی ستراتیژیی دەسەڵاتی ئەسەد بۆ تاران هەر پەیوەندی بە پاراستن و بەهێزكردنی ئەم "هیلالەوە" هەیە.
دەسەڵاتی ئێران لە عێراق لە ماوەی 13 ساڵی رابردوودا قۆناغ بە قۆناغ زیادی كردووە كە قۆناغە یەكەم و بنەڕەتییەكەی بۆ رووخانی حكومەتی بەعس دەگەڕێتەوە و جێگرتنەوەی لەلایەن حكومەتێكی زۆرینە شیعە لە عێراق دەگەڕێتەوە. قۆناغی دووەم و سێیەمیشی بۆ كشانەوەی تەواوەتی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق لە 2011 و دەستپێكردنی بەهاری عەرەبی لە هەمان ساڵدا دەگەڕێتەوە.
دامەزراندنی حكومەتێكی زۆرینە شیعە لە بەغدا رێگەی بۆ ئێران خۆش كرد دەسەڵاتی سیاسی خۆی لە ناوچەكەدا فراوان بكات، بەڵام قەیرانی سووریا و دواتریش سەرهەڵدانی داعش و گرووپە سوننە توندڕەوەكان رێگەی بۆ دروستكردنی هاوپەیمانێتییەكی بەرفراوانی سەربازیش لە نێوان میلیشیا شیعەكانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست خۆش كرد، كە سنووری ئەندام وەرگرتنیان لە ئەفغانستانەوە بۆ لوبنان درێژ دەبێتەوە. هەر بۆیە لە هیچ قۆناغێكی مێژووی نوێدا نەبووە ئەو ژمارە زۆرەی میلیشیا شیعەكان لە بەشی جوداجودای ناوچەكەدا (بە تایبەتیش لە ناوچە سوننییەكاندا) خەریكی چالاكیی چەكداری بن.
لەگەڵ نەمانی داعش لە ناوچەكە، جارێكی دیكە پارچەكانی هیلالی شیعە پێكەوە دەلكێنەوە، پێناچێ وڵاتانی سوننەی عەرەبی لە بەرامبەر ئەمەدا بێدەنگ بن، بەڵكو لە رێگەی خەڵكی ناوچە سوننەكانەوە جارێكی دیكە هەوڵی پچڕاندنی كۆریدەری شیعی دەدەن، هەمان ئەو هەوڵانەی لە 2005 بەهێزبوون و هێرشەكانی ئەلقاعیدە و لە 2013 سەرهەڵدانی داعشی لێكەوتەوە.
5000 شیعەی عێراق لە سووریان
بەگوێرەی راپۆرتێكی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جورناڵ، لە سەرەتای مانگی ئەیلولەوە زیاتر لە 1000 چەكداری میلیشیا شیعەكانی عێراق چوونەتە سووریا، بەر لە چوونی ئەو چەكدارانەش 4000 چەكداری دیكە لە نزیك حەلەب جێگیركرابوون، بەم پێیە میلیشیا شیعەكانی عێراق، نیوەی هێزە بیانییەكانی لایەنگری ئەسەد لە نزیك حەلەب پێكدێنن.
11/10/2016
بهرپرسی رێكخستنهكانی شارۆچكهی دیجلهی سهر به پارێزگای ئامهدی پارتی داد و گهشهپێدان "ئاكپارتی" لهلایهن چهند چهكدارێكی نهناسراو له بهنزینخایهك كوژرا، والی ئامهدیش گهریلاكانی پهكهكهی تۆمهتباركرد.
والی ئامهد لە راگەیێندراوێكدا رایگەیاند، كاژێر 22:35 خولهكی شهوی دووشهممه 10-10-2016 دێریان ئاكتێرت، سهرۆكی رێكخستنهكانی ئاكپارتی لة شارۆچكهی دیجلهی ئامهد، لهكاتی پڕكردنی بهنزین بۆ ئۆتۆمبێلهكهی له بهنزینخانهیهكی ئهم شارۆچكهیهدا، لهلایهن گهریلاكانی پهكهكه كهوته بهر دهستڕێژی گوللـه و دوای گواستنهوهی بۆ نهخۆشخانه گیانی لهدهستدا.
والی ئامهد له راگهیێندراوهكهیدا وێڕای ئاراستهكردنی سهرهخۆشی بۆ بنهماڵهی ئاكتێرت، بهڵێنی دۆزینهوهی بكهران و ئهنجامدهرانی هێرشهكهی داوە.
هاوكات هێزهكانی پاراستنی گهل "ههپهگه"ی باڵی سهربازیی پهكهكه، بهرپرسیارێتی خۆی له كوشتنی جێگری سەرۆکی لقی شارۆچکەی قەرقەلی ئاکپارتی راگهیاند كه شهوی یهكشهممه 09-10-2016 له ماڵهكهیدا كوژرا.
ههروهها رۆژی 12-09-2016 له یهكهم رۆژی جهژنی قورباندا، ئهحمهد بوداك، پهرلهمانتاری ئاكپارتی له شرناخ لهبهر دهرگای ماڵەكەیدا كوژرا و دواتر گهریلاكانی پهكهكه بهرپرسیارێتی خۆیان له كوشتنی راگهیاند.
11/10/2016
حوسێن دێهقان، وەزیری بەرگریی ئێران ڕایگەیاندووە کە "دەبێ بەرپرسانی باڵای ئالی سعوود بە جینایەتکاری شەڕ بزانین و لە دادگایەکی نوێدەوڵەتیدا دادگایی بکرێن."
بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکانی ئێران ئەم قسانەی وەزیری دەرەوەی ئێران پاش ئەوە هاتووە کە بەرەبەیانی ڕۆژەی شەممە 2016 -10 -8 لە ئەنجامی دوو هێرشی ئاسمانیی هێزە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانیی سعوودیە بە ڕێبەریی سعوودیە بۆ سەر ڕێوڕەسمی شیعەکانی سعوودیە لە سەنعا پایتەختی یەمەن زیاتر لە 140 کەس کوژران.
حوسێن دێهقان ئاماژەی بەوەش کردووە "ئەمە کردەوەیەکی دەستدرێژیکارانەیە بویە دەبێ بە توندی وەڵامی بدرێتەوە و هەرکەسێک لە بەرانبەر ئەم کردەوە دڕندانەیەی سعوودەیەدا بیدەنگ بێت، بەشداری ئەو جینایەتەیە."
وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی کردووەتەوە کە دەبێ "کۆمەڵگەی نیودەوڵەتی خێرا بەرپرسانی سعوودیە دادگایی بکات."
لەلایەکی دیکەشەوە بەرپرسانی ئەمەریکی ڕەخنەیان لەم هێرشە گرتووە و نێد پرایس، گوتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی کۆشکی سپی لەم بارەوە گوتی "هاوکاریی ئەمەریکا و سعوودیە چەشنی "چەکێکی سپیی واژۆکراو نییە و ئەم کارە ئیدانە دەکەین و بە کارێکی نەشیاوی دەزانین."
عەلی شەمخانی، بەرپرسی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێرانیش لەم بارەوە بەیاننامەیەکی بڵاو کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە "سعوودیە بە چەکی ئەمەریکییەوە لە یەمەن شەڕ دەکات، کەوایە "ئەمەریکاش لەم جینایەتەدا بەشدارە و دەبێ وەلامدەر بێت."
ئەمە لە کاتێک دایە بەپێی راپۆرتێکی نوێی ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست "سعوودیە دوای ئەنجامدانی مانۆڕ و ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە ئاوەکانی کەنداو خۆی بۆ شەڕێک لە ناوچەکە ئامادە دەکات."
10/10/2016
بە هۆی کۆچی دوایی کەسایەتییەکی ناوداری ئایینی و کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان، بارزانی پەیامێکی هاوخەمی بڵاو کردەوە.
لەو پەیامەدا کە وێنەیەکی بۆ (باسنیوز) نێردراوە، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرەخۆشی لە خانەوادە و کەسوکار و پێڕەوانی تەریقەتی نەقشبەندی کردووە و خەمباریی خۆی دەربڕیوە.
ئەمەش دەقی پەیامەکەیە:
پەیامی هاوخەمیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی کۆچی دوایی شێخ تەهای نەقشبەندی
بەناوی خوای مەزن و دلۆڤان
بەڕێزان خانەوادی جەنابی شێخ سەید تەها نەقشبەندی
بەداخەوە هەواڵی کۆچی دوایی جەنابی شێخ سەید تەها نەقشبەندی، کەسایەتیی ناوداری ئایینی و کۆمەڵایەتیی کوردستان و پیر و مورشیدی تەریقەتی نەقشبەندیمان پێ گەیشت و خەمباری کردین.
لەم بۆنە خەمناکەدا پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی بەڕێزتان و خانەوادە تـێکۆشەرەکەتان و سەرجەم خزم و کەسوکار و ئاشنایان و موریدانی تەریقەتی نەقشبەندی دەکەم و خۆم بە بەشداری خەمتان دەزانم.
هیوادارم دوا ناخۆشیتان بێت و خوای گەورە دڵنەوایی بە هەموولایەک ببەخشێت.
انا للە وانا الیە راجعون
مسعود بارزانی
10ـی10ـی2016
"داعش لەحاڵەتی شەڕدایە، بۆیە ئەو بڕیارەی دەرکردووە"
داعش لە نێو موسڵ نوێژە فەرزەكانی لە پێنج نوێژەوە بۆ سێ نوێژ كورت كردووەتەوە، هەركەسێكیش سەرپێچی بكات بەتووندی سزا دەدرێت.
سەعید مەموزینی، بەرپرسی نووسینگەی راگەیاندنی لقی موسڵی پارتی دیموكراتی كوردستان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند "بەهۆی ناسەقامگیریی رەوشی نێو شاری موسڵ و دەوروبەری و نزیكبوونەوەی وادەی دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی شارەكە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی عێراق، رێكخراوی داعش نوێژە فەرزەكانی لە پێنج نوێژەوە بۆ سێ نوێژ كورت کردووەتەوە".
سەعید موموزینی هەروەها گوتی "داعش لە حاڵەتی شەڕدان و كورت و كۆكردنەوەی نوێژە فەرزەكانیش لە مزگەوت رێگەپێدراوە، بۆیە داعش ئەو بڕیارەی دەرکردووە، هەركەسێكیش سەرپێچی بكات بە 30 جەڵدە سزا دەدرێت".
بڕیارەکەی داعش لەکاتێکدایە پێشتریش ئەو رێکخراوە بە بڕیارێك بانگدانی لە نێو مزگەوتەكانی شاری موسڵ لە كاتی دیاریكرداودا قەدەخەكرد، بەو پێیەی "كاتی بانگدانەكان حكومەت دیاریكردوون و ئەو حكومەتەش نوێنەرایەتی موسوڵمانان ناكات".
10/10/2016
كاژێر 10ی شەوە، تانكەرێكی سووتەمەنی لە مەریوانەوە بەرەو سنە دەچێت. لە راستیدا نە لە مەریوانەوە وەڕێكەوتووە نە ئامانجیشی سنەیە. لە نزیكی گوندی نگڵ وەردەگەڕێ و گڕ دەگرێ و لەگەڵ خۆیدا پێنج ئۆتۆمبێل دەسووتێنێ، حەوت لە سەرنشینانی ئۆتۆمبێلەكان دەسووتێن. یەكێكیان دەستبەجێ دەمرێ. شەشەكەی دیكەش دەگوازرێنەوە بۆ نەخۆشخانە، لەوانیش چواریان دەمرن، باری تەندروستیی دووانەكەی دیكەش كە ژن و مێردن، زۆر باش نییە.
ئەمە یەكەم رووداوی لەو جۆرە نییە لەسەر رێگای مەریوان- سنە روودەدات، بەڵام مەریوانییەكان ئیدی لەوە زیاتر خۆیان پێڕانەگیرا. هەوڵەكانیان بۆ پێشگیری لە هاتوچۆی تانكەرەكان لە رێگای سنە – مەریوانەوە وەگەڕخست.
سەرەتا بە كەمپەینێك دەستیان پێكرد. لە ماوەی 30 كاژێردا 5000 واژۆ كۆكرایەوە، بەڵام پێیانوابوو ئەمە بەس نییە. بۆیە چالاكڤانانی مەدەنی مەریوان، داوایان كرد گردبوونەوەی ناڕەزایی رێكبخەن.
خەڵكێكی زۆر بە دەم داخوازییەكەیانەوە هاتن. رۆژی 4/10/2016 لە بەردەم قایمقامیەتی شارەكەدا كۆبوونەوە. ئەوان داوایان كرد دەستبەجێ هاتوچۆی تانكەرەكانی باشووری كوردستان بۆ شاری مەریوان و سنە رابگیرێت. داواشیان كرد هەرچی زووە پرۆژەی نۆژەنكردەوەی رێگەی مەریوان - سنە، مەریوان – سەقز تەواو بكرێ كە ماوەیەكی زۆرە كاری تێدا دەكرێ، بەڵام نەك وەڵامیان نەدرایەوە، بەڵكو ژمارەیەكیان لێ دەستگیركران، رێكخەرانی گردبوونەوەكەش بە كەفالەت ئازاد كران.
نزیكەی 12 ساڵە پرۆژەی راكێشانی رێگایەكی دووسایدی لە سنەوە بۆ مەریوان دەستی پێكردووە، بەڵام هێشتا بەشێكی زۆری ماوە تەواوبكرێ.
مەنسوور مورادی، نوێنەری شارەكانی مەریوان و سەوڵاوا لە پەرلەمانی ئێران دەڵێت "هۆكاری رەوشی خراپی جاددەكانی مەریوان – سنە بۆ كەمتەرخەمی بەرپرسانی باڵای پارێزگای سنە و تەنانەت ئێرانیش دەگەڕێتەوە".
ساڵانە ژمارەیەكی زۆر تانكەر لە باشووری كوردستانەوە نەوت و سووتەمەنی بۆ ئێران و وڵاتانی دیكە دەگوازنەوە، لە رێگاكانی رۆژهەڵاتی كوردستاندا تووشی رووداو دەبن، یان دەبنە هۆكاری رووداوی هاتوچۆ.
ساڵی 2006 دەروازەی باشماخ كرایە دەروازەیەكی نێودەوڵەتی و هاتوچۆكان لە مەریوانەوە زۆر زیاتر بوون، بەڵام ژێرخانەكانی گواستنەوە لەو شارە هەر وەك خۆی ماوەتەوە.
بەهرە عارفی، چالاكڤانی مەدەنی مەریوانی دەڵێ "كێشەی ئێمە تەنیا تانكەرەكان نییە، بەڵكو رێگای مەریوان بۆ سنەشە، رێگاكە تەنانەت ئەگەر تانكەریش هاتوچۆی پێدا نەكات، زۆر زۆر خراپە. بەڵام سەرەڕای ئەوەش هەندێ بۆمبی نەوتییان خستووەتە سەر رێگاكان".
قایمقامی مەریوان بە مەریوانییەكانی گوتووە "دوو ساڵی دیكە پرۆژەی جووتسایدی مەریوان – سنە تەواو دەبێت، بەهۆی كێشەی تەكنیكی زووتر لەوە ناتوانن تەواوی بكەن". بەهرە عارفی گوتی "خەڵك بەمە رازی نەبوون و داوایان كردووە تاوەكو دوو سایدی مەریوان – سنە تەواو نەبێت، رێگە بە هاتوچۆی تانكەری نەوت نەدرێت".
10/10/2016
سەرکردەیەکی پارتی دیموکراتی کوردستان باسی وادەی سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تارانی پایتەختی کۆماریی ئیسلامیی ئێران دەکات.
هێمن هەورامی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی بە (کوردستان 24)ـی راگەیاندووە، ئەگەر هەر کاتێک پێویست بکا و لەسەر ئاستی باڵای بانگهێشتی فەرمیی بکرێت، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەرژەوەندیی دۆزی کورد ئامادەیە سەردانی هەر وڵاتێک بکات.
هێمن هەورامی باسی وادەی سەردانی مەسعود بارزانی بۆ تاران و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کردووە و رایگەیاندووە، کە سەردانەکە لە ماوەیەکی نزیکدا ئەنجام دەدرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکان و ئەندامانی شاندەکەی کوردستان بۆ تاران، دیاری نەکراوە.
9/10/2016
پوتین پرسی سیاسی و ئابووری لەگەڵ ئەردۆغان تاوتوێ دەکات
سەرۆکی رووسیا و شاندێکی یاوەری سەردانی تورکیا دەکەن و لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا کۆدەبنەوە بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسیکی سیاسی، ئابووری و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات.
کامێس شەدادی، پەیامنێری رووداو لە مۆسکۆ رایگەیاند "رۆژی دووشەممە 10-10-2016 ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیا و شاندێکی یاوەری بە سەردانێک دەگەنە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا و لەگەڵ سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی تورکیا کۆدەبنەوە".
ئەمە یەکەم سەردانی سەرۆکی رووسیایە بۆ تورکیا دوای تێکچوون و ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و رووسیا، بەهۆی ئەوەی تورکیا فڕۆکەیەکی جەنگیی رووسیای خستبووە خوارەوە.
پەیامنێری رووداو لە مۆسکۆ هەروەها گوتی "لە سەردانەکەی ئەمڕۆی بۆ تورکیا، پوتین شاندێکی کارسازان و وەبەرهێنەرە گەورەکانی رووسیا لەگەڵ خۆی دەباتە تورکیا".
ئەم سەردانی پوتین بۆ تورکیا لە چوارچێوەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتە، هاوکات چوار کۆمپانیای گەورەی بواری وزە و نەوت یاوەری سەردانەکەی پوتین دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا چەند گرێبەستێک لە نێوان تورکیا و رووسیا واژۆدەکرێت.
مژاری سووریا، قەیرانەکانی ئەو وڵاتە، پەیوەندییەکانی نێوان رووسیا و تورکیا و پەیوەندییە ئابوورییەکانیش بەشێکی دیکە دەبن لە مژاری کۆبوونەوەکانی نێوان ئەرۆغان و پوتین.
10/10/2016