دەوازدەیەمین خولی هەڵبژاردنی سەرکۆماریی ئێران کە بڕیارە بەهاری ساڵی داهاتووی هەتاوی بەڕێوە بچێت، عەلی خامنەیی بە بڕیارێک بە شێوەی ئاشکرا بەشداری و خۆ کاندیدکردنی مەحموود ئەحمەدی نەژادی لە هەڵبژاردنەکان قەدەغە کردووە.
مەحموود ئەحمەدی نەژاد، سێێەمین سەرکۆماری دەورانی ڕێبەریی عەلی خامنەییە کەلە بەشداریکردنی لە هەڵبژاردنی داهاتووی سەرکۆماریی ئێران بێبەش کراوە. ئەحمەدی نەژاد بۆ ماوەی هەشت ساڵ سەرکۆماری ئێران بوو کە یەکێک لە دەورانە پڕ کێشەکانی کۆماری ئیسلامی بووە و لێدوانە توندەکانی و گرتنەبەری سیاسەتی دوژمنکارانە لەدژی ئەمەریکا و ئیسرائیل بووە هۆی گەمارۆیەکی زۆری سیاسی و ئابووری لەدژی ئێران.
محەمەد خاتەمی، دووەمین سەکۆماری ئێرانە لە سەردەمی ڕێبەریی عەلی خامنەییدا کە لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە بڵاوکردنەوەی وێنە و هەواڵ لەبارەیەوە قەدەغە کراوە، ئەویش بە چەند هۆیەک خۆکاندیدکردنی پێشی پێ گیراوە.
ئەکبەر هاشمی ڕەفسەنجانی کە دوای خامنەیی بۆ ماوەی هەشت ساڵ سەرکۆماری ئێران بووە و 11 ساڵ لەمەوبەر بۆ جارێکی دیکە خۆی پاڵاوت، بەڵام لە بەرانبەر ئەحمەدی نەژدادا شکستی هێنا، ساڵی 2013ش جارێکی دیکە خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرکۆماری کاندید کرد، بەڵام لەلایەن ئەنجومەنی سارەزایانەوە کاندیدابوونی ڕەت کرایەوە.
ڕەفسەنجانی کە یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆماری ئیسلامییە و ئێستا سەرۆکی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ئێرانە، لە دوای ڕووداو و پێشهاتەکانی ساڵی 2009 لە ئێران پاڵپشتیی ناڕازیانی کردووە و زیاتر وەک ڕیفۆرمخوازێک دەرکەوتووە و دژایەتیی باڵی خامنەیی کردووە و لەلایەن سوپای پاسداران و باڵی بناژۆخوازەوە پەراوێز خراوە و لەباری بەڕێوەبەریی وڵاتەوە گرفتی لەگەڵ خامنەیی هەیە، بۆیە نزیکانی ڕەفسەنجانی دەڵێن، ئیزن نادەن بۆ هەڵبژاردنی سەرکۆماری خۆی کاندید بکات.
27/9/2016
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی و بەڕێوەبەرانی ئیدارەی پارێزگای سلێمانی لە کۆبوونەوەدایە.
بەختیار عەبدولڕەحمان، قایمقامی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند" قوباد تاڵەبانی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی و بەڕێوەبەرانی ئیدارەی پارێزگای سلێمانی لە کۆبوونەوەدایە و ئامانجی کۆبوونەوەکەش باسکردنی دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و کار و رێگەچارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ ئاریشەکان".
شادیە رەسوڵ، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی رایگەیاند، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی و بەڕێوەبەرانی ئیدارەی پارێزگای سلێمانی، قوباد تاڵەبانی لەگەڵ سەرجەم قایمقامەکانی سنوورەکە کۆدەبێتەوە.
کۆبوونەوەی قوباد تاڵەبانی لەگەڵ بەرپرسانی ئیداری سلێمانی لەكاتێكدایە لە ماوەی رابردوودا لە چەند شار و شارۆچكەیەكدا دەستەیەك بەناوی دەستەی بەرەی خەڵك دامەزرا، ئەو دەستەیە بڕیاریداوە رۆژی سێشەممە 27-9-2016 لە چەند شار و شارۆچكەیەك خۆپیشاندان ئەنجام بدات، دیارترین شوێنیش كە ئامادەكاری بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان تێدا كرابێت شاری سلێمانییە.
26/9/2016
ساڵێکی دیکەی خوێندن دەستیپێکردووەتەوە، بەڵام دۆخی خوێندن بە زمانی کوردی لە قوتابخانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان هەروەک ساڵانی رابردووە. بڕیاربوو چەند پڕۆژەیەك بۆ دەستپێکردنی خوێندن بە زمانی کوردی لە سەرەتای ئەمساڵی خوێندنەوە جێبەجێ بکرێن، بەڵام هیچیان نەخراونەتە بواری جێبەجێکردن.
وەزیری پەروەردەی ئێران کە لەوکاتەی دەستبەكاربووە دەڵێت بەپەرۆشی خوێندن بە زمانی پێکهاتە نەتەوەییەکانی نێو ئێرانە، لەماوەی رابردوودا رایگەیاند، لە ساڵی خوێندنی 95-96ی هەتاوی لە شارەکانی بانە، سەقز و مەریوان وانەی زمان و ئەدەبیاتی کوردی لە پلانی خوێندنی خوێندکاراندا دەبێت. گوتیشی دواتر لە شارەکانی دیکەش ئەو پڕۆژەیە جێبەجێ دەکرێت، بەڵام پلانی هەفتانەی وانەکانی قوتابییان راگەیەندراوە و زمانی کوردی تێدا نەگونجێندراوە.
بەڕێوەبەری پەروەردەی پارێزگای سنەش رایگەیاندبوو، لەمیانەی وانەی زمان و ئەدەبیاتی فارسیدا، چەند بەشێک تایبەت دەکەن بە خوێندنی زمانی کوردی، بەڵام ئەو پڕۆەژەیەش هێشتا لە قوتابخانەکان رەنگی نەداوەتەوە.
لە پارێزگای ورمێ و کرماشانیش چەند پڕۆژەیەك لەلایەن مامۆستایانی زمانی کوردییەوە رادەستی بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردە کراون، بەڵام پڕۆژەکان پەسەند نەکراون.
چالاکڤانێکی ئەدەبی شاری سەقز بە رووداوی راگەیاند، سەرەڕای ئەوەی بڕیاربوو ئەمساڵ بەلایەنی كەمەوە لەچوارچێوەی وانەیەکدا قوتابییان فێری زمانی کوردی بکرێن، بەڵام هیچ هەنگاوێک بۆ جێبەجێکردنی نەنراوە و پلانی خوێندنی قوتابییان هەروەک ساڵانی رابردووە.
لەلایەکی دیکەوە هێشتا سەرۆککۆماری ئێران پەسەندکردنی ئەو پڕۆژەیەی رانەگەیاندووە کە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە بۆ خوێندن بە زمانی دایک لە قوتابخانەکانی ئەو وڵاتە پێشكەشكراوە.
بەگوتەی وەزیری پەروەردەی ئێران ئەگەر پڕۆژەکە لەلایەن حەسەن رۆحانییەوە پەسەند بکرێت، دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە. هەرچەندە بەگوتەی شارەزایانی پەروەردە ئەگەر پڕۆژەکە پەسەندیش بکرێت، حکومەت ئەمساڵ فریای جێبەجێ کردنی ناکەوێت.
26/9/2016
بەرپرسێکی دیپلۆماسیی ئەمریکا ناڕەزایی بەرامبەر سیاسەتی رووسیا لە سووریا دەردەبڕێت و بە ”وەحشیگەری“ ناوی دەبات.
سامانسا پاوەر، باڵیۆزی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە میانەی پێشکەشکردنی وتارێکدا لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارەی بارودۆخی شاری حەلەب و سوریا بەگشتی، رایگەیاند، کە رووسیا کورسییە هەمیشەییەکەی لە ئەنجومەنی ئاسایش بۆ بەردەوامیدان بە ”کارە خراپەکانی“ لە سووریا، بەکاردەهێنێت.
سامانسا پاوەر پێیوایە پشتگیریکردنی سووریا لەلایەن رووسیاوە، ”وەحشیگەری“یە، چونکە رووسیا پشتگیریی رژێمێک دەکات، کە رۆژانە هاووڵاتییانی بۆردومان دەکات و سەدان هەزار هاووڵاتیی خۆی کوشتووە.
وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە مانگی ئەیلولی 2015 رایگەیاند، کە بە مەبەستی بۆردومانکردنی بنکە و بارەگاکانی داعش، سوپای رووسیا بەشداریی شەڕ لە سووریا دەکات، بەڵام هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان پێیانوایە، فڕۆکە جەنگییە رووسییەکان تەنیا بنکە و بارەگاکانی نەیارانی رژێمی سووریا بۆردومان دەکەن.
شەڕی ناوخۆیی سووریا لە مانگی ئاداری 2011ـەوە، لە نێوان گرووپە چەکدارییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و رژێمی ئەو وڵاتە دروست بووە و بووەتە هۆی کوژرانی نزیکەی 400 هەزار کەس و ئاوارەبوونی زیاتر لە پێنج ملیۆن کەسی دیکە.
26/9/2016
پەرلەمانتارێکی کوردی ئێزدی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، کە ئێزدییەکان بە بێ دروستکردنی پارێزگایەکی نوێ لە سنووری ئیداریی ئێستای پارێزگای نەینەوا، ناتوانن بگەڕێنەوە ناوچەکانیان.
رۆژی دووشەممە 26ـی ئەیلوولی 2016، ڤیان دەخیل، پەرلەمانتاری کوردی ئێزدی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە، هەموو لایەنەکانی نەینەوا داوای دروستکردنی پارێزگایەکی نوێ دەکەن.
ڤیان دەخیل ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئامانج لە دروستکردنی پارێزگایەکی نوێ، گەڕانەوە و پاراستنی پێکهاتە ئاینیی و نەتەوەییەکانی کوردی ئێزدی، مەسیحی، شەبەک و تورکمانە بۆ ناوچەکانیان و بە بێ دروستکردنی، ناتوانن بگەڕێنەوە.
ئەو پەرلەمانتارە هۆکارێکی دیکەی داواکەیان بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە، کە کوردانی ئێزدی چەندین کارەساتیان لەسەر دەستی ”دراوسێ عەرەبەکان“ بەسەردا هاتووە و کچانیان رفێندراوە و دەستدرێژییان کراوەتە سەر.
دوای هێرشی رێکخراوی توندڕەوی داعش بۆ سەر شاری شنگال و بە گوتەی بەرپرسانی ئێزدی، هاووڵاتییە عەرەبەکانی سنوورەکە ماڵ و موڵکی کوردانی ئێزدییان داگیر کرد و پشتگیریی داعشیان لە دژی ئێزدییەکان کرد.
دوای هەرەس پێهێنانی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە مانگی حوزەیرانی 2014 چەکدارانی داعش زۆربەی شارەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان لە عێراق داگیر کرد.
26/9/2016
بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوەکانی مافی مرۆڤی کوردستانی ڕۆژهەڵات، دوێنێ شەممە 2016 -9 -24 لە زیندانی ناوەندیی شاری تەورێز چوار هاووڵاتی لەسێدارە دران کە سێ کەسیان کورد و خەڵکی شاری سەردەشت بوون.
بەپێی ڕاپۆرتی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان ناوی ئەو سێ کەسە بریتییە لە "عەبدولەکەریم باپیری، مەهدی مەڵایی و سەلاح قادریان" کە لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە بە تۆمەتی کڕین و فرۆشتنی مادە هۆشبەرەکان لەسێدارە دراون.
لە کۆتایی هەفتەی ڕابردووشدا لە زیندانی تەبەس هاووڵاتییەکی دیکەی کوردی خەڵکی ورمێ لەسێدارە درا.
بەپێی ئاماری ناوەندەکانی مافی مرۆڤ لە سەرەتای مانگی سیپتەمبەرەوە هەتا ئێستا لە زیندانەکانی ئێران، پێنج هاووڵاتیی کورد لەسێدارە دراون.
لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا زیاتر لە 50 هاووڵاتیی کورد لە زیندانەکانەکانی ئێران لەسێدارە دراون.
ساڵی 2015 لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە 966 کەس لەسێدارە دراون کە تۆمەتی دوو لەسەر سێیان واتە 638 کەسیان مادە هۆشبەرەکان بووە.
25/9/2016
بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکانی ئێران، حوسێن دێهقان، وەزیری بەرگریی ئێران ئەمڕۆ یەکشەممە 2016 -9 -25 لە پەرلەمانی ئێران گوتی "لە داهاتوودا مووشەکەی زوین بە زەوین تاقی دەکەینەوە و درێژە بە چالاکییە مووشەکییەکان دەدەین."
هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد "بەرهەمهێنانی مووشەکی کەنار بە دەریا و ئەو مووشەکانەی کە لەسەر دەریاوە دەهاوێژرێن، بۆ ئامانجی دەریایی لە بەرنامەی کاری وەزارەتی بەرگری دایە."
حوسێن دێهقان گوتیشی "وڵاتەکەی لە بواری بەرهەمهێنانی مووشەکی کرووز، بالستیک و پەدافەندی لە ئاستێکی زۆر بەرز دان کە دەتوانێ کە هەر ئامنجێکی مووشەکیی بپێکێت و لەناوی ببات."
جەختیشی کردەوە "ئێران بەتەمایە هێڵی بەرهەمهێنانی مووشەکی زەولفەقار چالاک دەکاتەوە و ڕاشیگەیاند کە هەتا کۆتایی ساڵی 95ی هەتاوی سێ بەرهەمی نوێ دەخاتە بازاڕەوە."
دوای ڕێککەوتنی ناوکێی ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک ئێران چەند تاقیکردنەوەی مووشەکیی ئەنجام داوە و ئەمەش کاردانەوەی وڵاتانی ئەمەریکا و ڕۆژئاوای لێ کەتووەتەوە.
بەرنامەی مووشەکیی کۆماری ئیسلامی یەکێک لەو پرسە ئاڵۆزانەیە کە لە نێوان ئێران و وڵاتانی ڕۆژئاوا و بەتایبەت ئەمەریکا، بووەتە ناکۆکی.
25/9/2016
ماشەڵڵا دەکاک، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە ئامەد
لە باکووری کوردستان و تورکیا، دەست بە ساڵی نوێی خوێندن کراوە، بەڵام وەرزی نوێی خوێندن رووبەڕووی کۆمەڵێک کێشە بووەتەوە، لەوانە دەستگیکردنی هەزاران مامۆستا بەتۆمەتی هاوکاریكردن و لایەنگری بۆ پەکەکە و بزووتنەوەی فەتحوڵڵا گیولەن.
ماشەڵڵا دەکاک، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە ئامەد رایگەیاند "لە ئامەد 4 هەزار 300 مامۆستا لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە و، بە گشتی لە باکووری کوردستان 11 هەزار و 500 مامۆستا دوورخراونەتەوە".
ساڵی نوێی خوێندن لە باکووری کوردستان بە کێشە و گرفتەوە دەستیپێکردووە، لە قوتابخانەکان بەهۆی کەمی ژمارەی مامۆستا، گوشار لەسەر قوتابیان و قوتابخانەکان زیادیکردووە، بەو پێیەی ئەگەر پێشتر پۆلێک 30 قوتابی تێدا بووبێت، ئێستا لە هەندێک شوێن بووەتە 50 و لە هەندێک شوێنی دیکەش بووەتە 55 قوتابی لە پۆلێکدا.
ئەمە لە ئەنجامی کەمی ژمارەی مامۆستایان دروستبووە، بەهۆ ئەو ژمارە زۆرەی لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە، ئەو مامۆستایانەی تۆمەتی ئەوەیان خراوەتەپاڵ، کە پشتگیرییان لە کودەتا کردووە، یان پشتگیریان لە پەکەکە کردووە.
25/9/2016
دوای ئەنجامدانی کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان، شاندی پارتی دیموكراتی گەلان HDP بەسەرۆكایەتی سەڵاحەدین دەمیرتاش، جارێكی دیكە سەردانی پیرمامیان كرد و لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە.
سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی هەدەپە و شاندێكی پارتەكەی رۆژی چوارشەممە 22-9-2016 گەیشتنە شاری هەولێر، لە یەكەم وێستگەی سەردانەكەیاندا لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە، پاشان سەردانی سەرجەم لایەنەكانی بەشدار لە حكومەت و پەرلەمانی كوردستانیان كرد.
جگە لە بارزانی، شاندی هەدەپە سەردانی ئەم كەسایەتی و لایەنانەی كرد: بەرهەم ساڵح، جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتی نیشتمانیی كوردستانی، مەكتەبی سیاسی پارتی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، سەڵاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، عەلی باپیر، ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان، نەجمەدین كەریم، پارێزگاری كەركووك، مام جەلال، سكرتێری گشتیی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان، كۆسرەت رەسوڵ جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی، مەكتەبی سیاسی یەكێتی، بزووتنەوەی گۆڕان، یوسف محەممەد، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان.
25/9/2016
وەک هەموو ساڵێک چەند رۆژێک زووتر، یەکێک لە بەرپرسانی پایەبەرزی پارێزگای سنە پەردەی لەسەر پوستێری فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی سەر شەقامی مەریوان هەڵدەداتەوە و ئەمساڵ بەڕیوەبەری گشتیی فەرهەنگ و ئیرشادی پارێزگای سنە پەردەی لەسەر لادا.
بەڕێوەبەری ئیرشادی ئیسلامی پارێزگای سنە دەڵێت: ئێستا خەڵکی مەریوان خۆیان بە خاوەنی ئەم فێستیڤاڵە دەزانن و ناهێڵن کێشەیەک دروست بێت. بەڵام کێشەی پارە زەحمەتە.
ماوەیەک پێش ماڵپەڕە خۆجێیەکان لەزاری بەرپرسێکی فێستیڤاڵی شانۆی سەر شەقامی مەریوانەوە بڵاوەیان کردەوە کە 70 ملیۆن تمەن قەرزی ساڵی پار هێشتا نەدراوە.
بەگوتەی ئەو بەڕێوەبەرە، ساڵی پار یەکێک لە خێرخوازانی مەریوانی بەڵێنی دابوو ئەو بڕە پارەیە بە فێستیڤاڵی شانۆی شەقام بدات، بەڵام هێشتا نەدراوە. ئەمە یەکێک لە نیگەرانییەکانی بەڕێوەبەرانی فێستیڤاڵی شانۆی سەرشەقامە لە ساڵانی رابردووشدا بووە.
بۆ رەوینەوەی ئەم نیگەرانییانە، مەهدی شەفیعی، بەڕێوەبەری هونەری شانۆی پارێزگای سنە، داوای لە بەرپرسان کردووە بودجەیەکی تایبەت بۆ فێستیڤاڵی شانۆی مەریوان تەرخان بکەن.
ئەمانە دەتوانێت کێشە بۆ فێستیڤاڵەکە دروست بکات، بەڵام نابێتە هۆکارێک کە بەڕێوە نەچێت. تەنانەت سەرەڕای هەموو ئەو رەخنانەش کە لە ساڵانی رابردوودا لە فستیڤاڵەکە گیراون.
بەگوتەی رەحیم جەعفەری، بەڕێوەبەری ئیرشادی پارێزگای سنە، لە فستیڤاڵی ئەمساڵدا 25 بەرهەم نمایش دەدرێت. سێ بەرهەمیان لە وڵاتانی لەهێستان، ئیتالیا و ئەرمەنستانەوە بەشدار دەبن. جەعفەری گوتوویەتی: لەوانەیە یەک دوو بەرهەمی دیکەی بیانیش بەشدار ببن.
مەهدی شەفیعی دەڵێت: ئەمساڵ 10 بەرهەم لە فێستیڤاڵی شانۆی سەرشەقامی مەریوانەوە مۆڵەتی بەشداریی لە فێستیڤاڵی شانۆی فەجریان پێ دەدرێت. فێستیڤاڵی شانۆی فەجر گەورەترین فستیڤاڵی هونەریی ئێرانە و لە وەرزی زستان بەڕێوە دەچێت.
فستیڤاڵی شانۆی سەرشەقامی مەریوان رۆژی یەکشەممە 25-9-2016 دەستبەکار دەبێت و چوار رۆژ بەردەوام دەبێت. دەگوترێ وەزیری فەرهەنگ و ئیرشادی ئێران لە رێوڕەسمی کۆتاییدا بەشدار دەبێت.
24/9/2016
رێبەری گرووپی گیولەنییەکان داوای لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لە کودەتای سوپای تورکیا دەکات، هاوکات باس لەوە دەکات، کە ئەگەر ئەمریکا بە داواکەی تورکیا رازی بێت، ئەوا ئەو دەگەڕێتەوە وڵاتەکەی خۆی.
فەتحوڵڵا گیولەن، زانای ئایینی و رێبەری بزووتنەوەی گیولەنییەکانی تورکیا لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی (ZDF)ـی ئەڵمانی رایگەیاندووە، کە ئەو هیچ پەیوەندییەکی بە کودەتاکەوە نییە.
فەتحوڵڵا گیولەن، کە لە ساڵی 1999ـەوە لە ویلایەتی پەنسلڤانیا لە ئەمریکا دەژی، ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئەگەر لیژنەیەکی نێودەوڵەتی لێکۆڵینەوەی لە کودەتا شکستخواردووەکە کرد و توانی یەک بەڵگە لە تێوەگلانی ئەو بدۆزێتەوە، ئەوا ”ئەنجامەکەی قبوڵی دەکەم“.
رێبەری بزووتنەوەی گیولەن هەروەها رایگەیاندووە، کە ئەگەر حکوومەتی ئەمریکا بە داواکەی تورکیا رازی بێت بۆ ناردنەوەی ئەو بۆ تورکیا، ئەوا رازی دەبێت و بۆ خۆی لەژێر ئەشکەنجەی هێزە تورکییەکان خەریکی خواپەرستی دەبێت.
شەوی هەینی 15ـی تەمموزی 2016، بەشێک لە سەرکردەکانی سوپای تورکیا هەوڵیان دا کودەتایەکی سەربازیی بکەن و کۆتایی بە دەسەڵاتی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا (ئاکەپە) بهێنن، بەڵام کودەتایەکە شکستی هێنا.
دوای شکستهێنانی کودەتاکە و سەرکەوتنی هێزە ئەمنییەکان و هاووڵاتییان لە پاراستنی حکوومەتی ئەو وڵاتە، رەجەب تەییب ئەردۆغان و سەرکردەکانی ئاکەپە رێبەری گیەلەنییەکانیان بە بەشدار بوون و پیلان دانان بۆ کودەتاکە تۆمەتبار کرد و داوای لە ئەمریکا کرد رادەستی تورکیای بکاتەوە.
24/9/2016
لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق، تاوتوێی چەند بابەتێک دەکرێت، کە پەیوەندییان بە مووچە و مافی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان هەیە.
بەپێی کارنامەی دانیشتنی رۆژی شەممە 24ـی ئەیلوولی 2016، یەکێک لە تەوەرەکانی دانیشتنەکە بریتی دەبێت لە باسکردنی پارەی گەنمی ساڵانی 2014-2015ـی جووتیاران.
حاکم سەرحان ئەحمەد، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە (باسنیوز)ی راگەیاند، کە لە دانیشتنەکەدا، هۆکاری بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان دیاری دەکرێت و باس لەوەش دەکرێت، کە کێ بڕیویەتی و تاوەکو کەی بەردەوام دەبێت.
لە بەشێکی دیکەی دانیشتنەکە، پەرلەمانتارانی عێراق گفتوگۆ لەبارەی کەمکردنەوەی رێژەی کڕینی گەنم و جۆ لە جووتیارانی هەرێمی کوردستانەوە لەلایەن حکوومەتی عێراقی دەکەن.
لە ساڵی 2014ـەوە، لەو کاتەی نوری مالیکی سەرۆک وەزیران بوو، حکوومەتی عێراق بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی بڕیوە.
24/9/2016
كهمێك پێش ئێستا ئۆرسۆلا ڤۆندهرلاین، وهزیری بهرگری ئهڵمانیا و شاندێكی یاوهری گهیشتنه پیرمام و لهلایهن مهسعود بارزانی سهرۆكی ههرێمی كوردستانهوه پێشوازییان لێكراو و ئێستا ههردوولا لهكۆبوونهوهدان.
ژمارهیهك له ئهفسهرانی باڵای سهربازیی ئهڵمانی لهكۆبوونهوهكهی وهزیری بهرگری ئهڵمانیا و سهرۆكی ههرێمی كوردستان بهشدارن و بهپێی زانیارییهكانی (باسنیوز) بابهتی سهرهكی گفتوگۆ و كۆبوونهوهكه پرسی ئۆپهراسیۆنی ئازادكردنی شاری مووسڵه.
وا چاوهڕوان دهكرێت دوای كۆتایی هاتنی كۆبوونهوهكه له كۆنگرهیهكی ڕۆژنامهوانیدا بارزانی و ڤۆندهرلاین وردهكاری و ناوهڕۆكی كۆبوونهوهكه بخهنهڕوو و وهڵامی پرسیاری ڕۆژنامهنووسان بدهنهوه.
دوێنێ پێنجشهممه ئۆرسۆلا ڤۆندهرلاین وهزیری بهرگری ئهڵمانیا بۆجاری سێیهم و له ڕێگهی فڕۆكهخانهی نێودهوڵهتی ههولێرهوه گهیشته ههرێمی كوردستان و لهلایهن نێچیرڤان بارزانی سهرۆك وهزیرانی ههرێمی كوردستان و ژمارهیهك بهرپرسی باڵای حكوومییهوه پێشوازی لێكرا.
23/9/2016
ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارنامەیەکی نوێی سەبارەت بەئاسایشی جیهان و زیادکردنی رێوشوێنی ئەمنی پێویست لە فڕۆکە و فڕۆکەخانەکان پەسەند کرد.
بڕیارنامەکە بە مەبەستی "ئاشکراکردنی ھێرشی تیرۆریستی و رێگریکردن لێی" و گرتنی رێوشوێنی زیاتر لە فڕۆکەخانەکان دەرکراوە کە بەکۆی دەنگ لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان پەسەند کرا.
بەپێی بڕیارنامەکە، گشت وڵاتان رێوشوێنی زیاتر لە بینای فڕۆکەخانەکان دەگرنەبەر و لەبارەی ئەگەری ھەڕەشەکاندا ئاڵۆگۆڕی زانیاری دەکەن و لیستی گەشتیارانیش لەلایەن بەرپرسانی نیشتمانییەوە دابین دەکرێت.
لە بڕیارنامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانی لەبارەی زەرەر و زیانی گیانی و مادی گەورە لەسەر گەشتیاران لەلایەن گرووپە تیرۆریستییەکانەوە ھەیە کە فڕۆکەخانەکان وەک شوێنێکی گونجاو دەبینین.
بڕیارنامەکە بە یەکەم بڕیارنامەی ئەنجوومەنی ئاسایش دادەنرێت کە لە بەرامبەر زیادبوونی نیگەرانی نێودەوڵەتی بۆ ھێرشەکانی تایبەت بە فڕۆکە و فڕۆکەخانەکان دەرکراوە.
23/9/2016
محەمەدعەلی نکوونام، نوێنەر و ڕاوێژکاری عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پارێزگای چوار مەحاڵ و بەختیاری ڕایگەیاندووە "ڕێکخستنی کۆنسێرت بەرهەم و دیاریی ڕۆژئاوایە و ئامانجیشی سڕینەوەی دین و کەمڕەنکردنی مەعنەویەتی کۆمەڵگە و برەودانە بە گەندڵی و بێ ئەخلاقی کە لەلایەن دوژمنەوە هێنراوە."
ئەو ڕاوێژکارەی خامنەیی کەلە نوێژی هەینیی دوێنێ قسەی دەکرد گوتوویەتی "ئێمە دژی مۆسیقای بێ ئەخلاقی و کۆڕ و کۆمەلێن و لەگەڵی گرفتمان هەیە و لەڕاستیدا لە حاشاکردن لە ڕێکخستنی ئەمجۆرە کۆنسێرتانە هیچ گومانێک نییە.
پرسی ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی ئەمجۆرە کۆنسێرتانە لە ئێران، هێشتا یەکێک لە گرفتەکانی هونەرمەندانە و بەشێکی زۆر لە کۆنسێرتەکان لە ساڵانی ڕابردوودا لەلایەن دامەزراوەی جۆراوجۆری سەر بە حکوومەتەوە هەڵوەشاونەتەوە.
لەم بارەوە ئیمام جومعە و بەرنوێژ و مەرجەعەکانی شیعە فەتوای زۆریان داوە و بە توندی دژایەتی لەگەڵ کۆنسێرت و مۆسیقا دەکەن.
بەمداوایانە ئەحمەد عەلەمەلهودا، نوێنەر و ڕاوێژکاری خامنەیی لە پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی ڕایگەیاند کە لەمەودوا کەس بۆی نییە لە مەشهەد کۆنسێرت ساز بکات و وەزیری ڕۆشنبیریی ئێرانیش ئەم بڕیارەی پەسند کردووە.
24/9/2016