سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، کە جێگرانی سکرتێری گشتیی یەکێتی، لە پێناو پلە و پۆست کار دەکەن.
ئاڵا تاڵەبانی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پۆستێکدا لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک رایگەیاندووە، کە ئەو سەرکردانەی ناوەندی بڕیاردانیان لە ناو یەکێتی دروست کردووە، "هەر جارەو بەناوێک" دێنەوە بەر باس.
ئاڵا تاڵەبانی باس لەوە دەکات، کە ئەو سەرکردانەی ناوەندەکەیان راگەیاندووە، "خودی خۆیان سەرچاوەن بۆ نەمانی ناوەندی بریار لە یەکێتیدا" و پێیوایە وەفایان نەبووە بۆ جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتیی یەکێتی.
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی، کۆسرەت رەسوڵ عەلی و بەرهەم ساڵح، جێگرانی جەلال تاڵەبانی بەوە تۆمەتبار دەکات، کە "لە پێناو پلە و پۆست و ئیمتئازات" کار دەکەن و پێشیوایە خەڵکی کوردستانیش "هۆشیارە و باش دەزانێت".
شەوی پێنجشەممە 1ـی ئەیلوولی 2016، کۆسرەت رەسوڵ عەلی و بەرهەم ساڵح و ژمارەیەک سەرکردەی سەربازی و سیاسیی یەکێتی، ناوەندی بڕیاردانی یەکێتییان راگەیاند.
هەریەک لە شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی یەکەی 70ی هێزی پێشمەرگە و مەحموود سەنگاوی، فەرماندەی میحوەری گەرمەسێری هێزی پێشمەرگەی، لەگەڵ هەریەک لە حاکم قادر، حامید حاجی غالی، شاڵاو عەلی عەسکەری، عەدنانی حەمەی مینا و چەندین سەرکردەی سەربازیی دیکە پشتگیریی خۆیان بۆ ناوەندی بڕیار راگەیاندووە.
2/9/2016
له ناو یهكێك له فهوجهكانى هێزى پێشمهرگه له نزیك شارۆچكهى كفرى سهر به ئیدارهى گهرمیان، دهبێته شهڕه تهقه و له ئهنجامدا چهند پێشمهرگه بریندار دهبن و پاشان بههۆى سهختى برینهكانییهوه، پێشمهرگهیهك گیانى له دهست دا.
سهرچاوهیهكی ئاگادار به (باسنیوز)ى ڕا گهیاند :" شهوى ڕابردوو له فهوجێكى هێزهكانى پێشمهرگه له شارهدێی جهبارهى نزیك كفرى، له كاتى مووچه وهرگرتندا، دهبێته شهڕ".
بهپێی زانیارییهكانى ئهو سهرچاوهیه، شهڕهكه گهوره دهبێتهوه و دهست دهدرێته چهك، له ئهنجامدا چهند پێشمهرگه بریندار دهبن كه بارى تهندرووستى سێیان زۆر خراپ دهبێت.
دواتر یهكێك له پێشمهرگهكان به ناوى (ك. ز) كه تهمهنى 22 ساڵه، گیانى لهدهست دا.
بهپێی زانیارییهكانى سهرچاوهكه، یهكێك له پێشمهرگهكان هاتووه مووچهكهى وهربگرێت، پاسهوانێكى بارهگاكه داواى چهكهكهى لێ كردووه و ئهویش پێی نیگهران بووه، دواى وهرگرتنى مووچه، چهكهكه وهر دهگرێتهوه و كاتێك دوور دهكهوێتهوه دهستڕێژى گولـله دهكاته سهر پاسهوانهكه و له ئهنجامدا چهند پێشمهرگهیهك بریندار دهبن و یهكێكیشیان دواتر گیانى لهدهست دا.
2/9/2016
سەرۆک کۆماری تورکیا رایدەگەیەنێت، کە سوپای ئازادی سەر بە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بە پشتگیریی سوپای تورکیا، 400 کیلۆمەتر چوارگۆشەی لە چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش و یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) "پاک کردووەتەوە".
رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا بەر لە گەشتەکەی بۆ کۆماری چینی میللی، لە فڕۆکەخانەی ئەنقەرەوە رایگەیاند، وڵاتەکەی رێگا بە دابینکردنی "رێڕەوێک بۆ تیرۆر" نادات، وەک ئاماژەیەک بۆ پەڕینەوەی شەڕڤانانی یەپەگە بۆ سنووری رۆژئاوای رووباری فورات و گەیشتنیان بە شاری عەفرین.
رەجەب تەییب ئەردۆغان هەروەها رایگەیاند، کە پلانی سوپای تورکیا و سوپای ئازاد "بەسەرکەوتوویی" بەڕێوە دەچێت و تاوەکو ئێستا "400 کیلۆمەتر چوارگۆشەمان لە یەپەگە و داعش پاک کردووەتەوە"
سەرۆک کۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەش کرد، کە یەپەگە و داعش هەڕەشە لە ئاسایشی تورکیا دەکەن، بۆیە تورکیا هەوڵ دەدات ناوچەیەکی ئارام لە باکووری سووریا دابمەزرێنێت، بۆ لەخۆ گرتنی ئاوارە سوورییەکان و دوورخستنەوەی ئاگری شەڕ لە سنوورەکانی خۆی.
رۆژی چوارشەممە 24ـی ئاب، سوپای تورکیا رایگەیاند، کە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییان بە ناوی قەڵغانی فورات بۆ “پاککردنەوەی باکووری سووریا لە هێزە کوردییەکان و داعش" دەست پێکرد.
ئۆپەراسیۆنەکە لە رۆژی سێشەممە 23ـی ئاب بە بۆردومان کردنی بنکە و بارەگاکانی داعش لە شاری جەڕابلوس لە باکووری سووریا، لەلایەن سوپا و فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا دەستی پێکرد.
لە میانەی ئۆپەراسیۆنەکەدا، سەدان سەربازی سوپای تورکیا بە یاوەریی 20 تانکی سەربازی، چوونەتە ناو خاکی سووریا و گەیشتوونەتە سنووری جەڕابلوس و پێکدادانی چەکداریی لە نیوان هێزەکانی سووریای دیموکراتی و سوپای ئازاد رووی دا.
2/9/2016
کچە کوردێکی شەڕڤانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)، لە شاری منبج لە سووریا، شەهید بوو.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی کە دوێنێ چوارشەممە 31\8\2016 لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بڵاو کراونەتەوە، ئاسیا ڕەمەزان عەنتەر، شەڕڤانی یەپەگە کە بە ئەنجیلینا جولیی کورد ناسرابوو، لە شەڕێکدا شەهید بووە. باسیش لەوە دەکرێت کە نازناوی (ئەنجیلینا جولیی کورد)، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بە ئاسیا عەنتەر دراوە.
بەپێی زانیارییەکانی (باسنیوز)، ئەو کچە کوردە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، لە میانی پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات لە لایەک و هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا لە شاری منبج گیانی لەدەست داوە، بەڵام دوێنێ هەواڵەکە بڵاو کراوەتەوە.
ئەمە لە کاتێک دایە کە تاوەکوو ئێستا، یەپەگە بە فەرمی دەنگۆی گیان لەدەست دانی ئاسیا ڕەمەزان عەبدوڵای ڕانەگەیاندووە.
1/9/2016
ئەمڕۆ پێنجشەممە لە شاری هەولێر دووەمین كۆنفرانسی جێبەجێكردنی بڕیاری 1325ی تایبەت بە دۆخی ئافرەتان لە جیهاندا كارەكانی خۆی دەست پێ کرد.
نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر لەم بارەوە ئاماژەی بۆ ئەوە كرد "دوای دەرچوونی ئەو بڕیارە تاكوو ئێستا هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی كاری جدی لەسەر كراوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی كە توندوتیژیی تیرۆرستان لە عێراقدا هەیە قوربانییەكان زۆرترینیان ئافرەتن و تراژیدیای شنگالیش یەكێك لەو قوربانییە بەكۆمەڵانە بووە كە ڕووی داوە."
پارێزگاری هەولێر گوتیشی: "هێرشەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و سوپای عیراقیش بەش بە حاڵی خۆی توانیویانە ڕێگری لەو توندوتیژیی دژ بە ئافرەتان بگرێت و بەرزكردنەوەی ئاستی هێزە چەكدار و ئەمنییەكان هۆكارێكە بۆ ئەوەی ڕێگە لە دەستدرێژیی سەر مافەكانی مرۆڤ بگرن."
ئەم كۆنفرانسەی ئەمڕۆ بەرێوە دەچێت کە تێیدا هەریەك لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و باڵێۆزخانەی هۆڵەندا لە كوردستان و عیراق و ژووری ئۆپەراسیۆنەكانی جێبەجێكردنی بڕیارەكە لە عێراقدا بەشدارن و نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكانیش لە ئەنجومەنی مافی مرۆڤ تێیدا بەشدارە.
ساڵی 2000 لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە كۆی 13 دەنگ بڕیای ژمارە 1325 دەرچووە كە تایبەتە بە پاراستنی مافەكانی ئافرەتان لە جیهان و دەستخستنی هەلیكار و دابینكردنی پێداویستییە ماددی و ماعنەوییەكانیان و هەموو وڵاتانیش ژووری جێبەجێكردنی ئەو بڕیارەیان پێكهێناوە.
1/9/2016
بەپێی دوایین زانیارییەكان 7 سەربازی ئێرانی و دوو ئەفغانیی دیكەی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران لە شەڕی حەلەب لە سووریا كوژراون.
ھەرچەندە ڕۆژی ڕابردوو ماڵپەڕی فەرمی (فارس)، كوژرانی فەرماندەیەكی باڵای خۆی ڕاگەیاند، بەڵام دواتر ھەواڵەكەی ڕەت كردەوە و ڕای گەیاند، بریندارە و باری تەندروستیی ناجێگیر و لەژێر چاودێریی وردی پزیشكی دایە.
میدیا ناوخۆییەكانی ئێران بڵاویان كردووەتەوە، دوێنێ تەرمی مستەفا ڕەشیدپوور بەرپرسێكی باڵای سوپای پاسداران لە ئەھواز نێژراوە و تەرمی 6 سەربازی دیكەی سوپای پاسدارانیش لە شاری قوم نێژراون.
ھاوكات دوو پەنابەری ئەفغانیش بە ناوەكانی ڕەزا ڕەحیمی و مستەفا مورادی كە لە ڕێزەكانی سوپای پاسداران لە سووریا شەڕیان دەكرد، كوژراون و دوێنێ تەرمەكانیان لە مەشھەد نێژراون.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەكانی سوپای پاسداران ژمارەی كوژراوانی سوپای پاسداران لە شەڕی سووریا نزیكەی 1320 كەس بووە، كە زیاتر لە 50 كەسیان پەنابەری ئەفغانیی دانیشتووی ئێران بوون، كە ئێران ناچاری كردوون لە ڕێزەكانی پێشەوەی سوپای پاسداران لە سووریا لەدژی ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتە شەڕ بكەن.
1/9/2016
ژمارەیەک چالاکوان لە کوردستانی باکوور مانگرتنێکی کراوە بۆ ئاگاداربوون لە رەوشی تەندروستیی رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ئەنجام دەدەن.
رۆژی چوارشەممە 31ـی ئابی 2016، هاوسەرۆک و سەرکردەکانی پێنج لایەنی کوردی لە کوردستانی باکوور کۆ بوونەوە و بڕیاری ئەنجامدانی مانگرنەکەیان دا.
بڕیارە لە رۆژی دووشەممە 5ـی ئەیلوولی 2016، 50 چالاکوان و ئەندامی حزب و رێکخراوە کوردییەکانی کوردستانی باکوور مانگرتنێکی کراوە ئەنجام بدەن و تاوەکو زانینی چۆنێتیی رەوشی تەندروستیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زئیندانیکراوی پەکەکە، مانگرتنەکەیان کۆتایی پێ ناهێنن.
سەرکردە و هاوسەرۆکانی کۆنگرەی جڤاکی دیموکراتی (کەجەدە)، پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان (دەبەپە)، پارتی دیموکراسیی گەلان (هەدەپە)، کۆنگرەی ژنێن ئازاد (کەژەئا) و کۆنگرەی دیموکتایکی گەلان (هەدەکە) رایانگەیاندووە، کە 510 رۆژە ئەوان ئاگاداری ژیانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان نین و دوای کودەتای سوپاش لە 15ـی تەممزی رابردوو، گومانیان لە سەلامەتیی رێبەری پەکەکە هەیە.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە رۆژی 15ـی شوباتی 1999، دەزگای هەواڵگریی تورکیا لە وڵاتی کینیاوە عەبدوڵلا ئۆجەلانی دەستگیر کرد، دواتر دادگای تورکیا بڕیاری زیندانیکردنی هەتاهەتایی بەسەردا سەپاند و گوێزرایەوە زیندانێک لە دوورگەی ئیمڕالی.
1/9/2016
گوتەبێژی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایدەگەیەنێت، کە ئاگربەستێکی کاتی لەنێوان یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و سوپای ئازادی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، کە تورکیا پاڵپشتیی دەکات، رادەگەیەنرێت.
ئەنجومەنی سەربازیی جەڕابلوس و هێزە تورکییەکان رێککەوتوون لەسەر راگرتنی شەڕ و کۆڵۆنێڵ جۆن تۆماس، گوتەبێژی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش هیوای خواستووە هێزەکانی یەپەگە تاوەکو سنووریی ئیداری نێوان شارەکانی منبج و جەڕابلوس پاشەکشە بکەن.
کۆڵۆنێڵ جۆن تۆماست هەروەها رایگەیاندووە، کە رێککەوتنەکە فەرمییە و بۆ راگرتنی شەڕە لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوودا، جگە لەوەی ئەمریکا پشتگیریی رێککەوتنەکە دەکات.
رۆژی سێشەممە 30ـی ئابی2016، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا نیگەرانیی خۆی بە شەڕی نیوان یەپەگە و سوپای تورکیا دەربڕی و داوای کرد هەردوو لا هەوڵەکانیان بۆ دژایەتیی رێکخراوی توندڕەوی داعشبەکار بخەن.
دوای راگەیاندنی ئۆپەراسیۆنی ”قەڵغانی فورات“ لەلایەن سوپای تورکیاوە لە رۆژی چوارشەممە 24ـی ئابی 2016، کە وەک راگەیەندراوە ئامانج لێی دەرکردنی داعشە لە باکووری سووریا، هێزەکانیسوپای ئازادی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، دەستیان بەسەر زۆربەی ناوچەکانی شاری جەڕابلوسدا گرتووە و هێزێکی سوپای تورکیاش چووەتە ناو خاکی سووریا لەو ناوچەیە.
دوای هێرشەکەی سوپای تورکیا، یەپەگە ناچار بوو پاشەکشە لە شاری جەڕابلوسدا بکات و لە چەند شوێنێکیش رووبەروو بوونەوەی چەکداریی رووی داوە و ژمارەیەک شەڕڤانی یەپەگە و سەربازی تورکیا کوژراون و گیانیان لەدەست داوە.
ئۆپەراسیۆنەکە لە رۆژی سێشەممە 23ـی ئاب بە بۆردومان کردنی بنکە و بارەگاکانی داعش لە شاری جەڕابلوس لە باکووری سووریا، لەلایەن سوپا و فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا دەستی پێکرد.
هێزەکانی سوپای ئازاد بە پشتگیریی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا و سوپا و تانکەکانەوە لەسەر خاکی کوردستانی باکوورەوە گەیشتنە ناو خاکی سووریا و بەرەو جەڕابلوس پێشڕەوییان کرد.
31/8/2016
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پاڵاوتنی دوو کەس وەک راوێژکار بۆ سەرۆک کۆماری عێراق رەت دەکاتەوە و دەیانگێڕێتەوە سەر کارەکانی خۆیان.
بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، رۆژی سێشەممە 30ـی ئابی 2016 ئەنجومەنی وەزیران کۆ بوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دا.
لە کۆ بوونەوەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری داوە پاڵاوتنی دوو کەس وەک راوێژکار بۆ فوئاد مەعسوم، سەرۆک کۆماری عێراق بکشێنتەوە و دوو کەسەکە، بە بێ انوهێنانیان، دەگەڕێنرێنەوە سەر کارەکانی پێشووی خۆیان.
بەهۆی قەیرانی دارایی و ”پرۆژەی چاکسایی عەبادی“یەوە، حکوومەتی عێراق بڕیاری دا پۆستی جێگرەکانی سەرۆک کۆمار هەڵبوەشێنێتەوە و ژمارەی راوێژکارەکانیش کەمبکاتەوە.
31/8/2016
رێکخراوی توندڕەوی داعش نۆ گەنجی شاری مووسڵ بە مشاری کارەبایی دەکوژێت، بەتۆمەتی دژایەتیکردنی رێکخراوەکە.
بەپێی زانیارییەکان لە ناو شاری مووسڵەوە، ”دادگای شەرعی“ی داعش بە تۆمەتی ئەو نۆ گەنجە بیروباوەری گرووپێکی دژی داعشیان هەبووە، بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەرکردوون.
چەکدارانی رێکخراوەکە ئەو نۆ گەنجەیان لە شاری تەلەعفەر لە پارێزگای نەینەوا بە مشاری کارەبایی داربڕین کردووەتە دوو پارچە.
دڕندەیی چەکدارانی داعش گەیشتووەتە راددەیەک، کە بە چەندین شێوازی نامرۆڤانە هاووڵاتییان دەکوژن، کە هیچ ئایین و یاسایەکی دونیایی رێگایان پێنادات.
زۆزک تاهیر، توێژەری کۆمەڵاتیی بە (باسنیوز)ی راگەیاند، کە کوشتنی ئەو گەنجانە بەمشێوەیە، نیشانەی لاوازبوون و متمانە نەمان بە بەردەوامیی خەلافەتەکەیانە و هەر کاتێک چەکدارانی داعش لاواز دەبن، هەوڵ دەدەن بەم کارە دڕندانە خۆیان نیشان بدەنەوە.
چەکدارانی داعش لە مانگی حوزەیرانی 2014، دوای هەرەس پێهێنانی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراق، شاری مووسڵ و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.
31/8/2016
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دوا پێشنیازی خۆی لەبارەی چارەنووسی عێراق و ھەرێمی کوردستانەوە بە بەغدا دەدات و وتەبێژی فەرمیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش ئاشکرای دەکات، لەم سەردانە باس لە داھاتووی پەیوەندییەکانی ھەولێر و بەغدا بە پرسی ریفراندۆمیشەوە کراوە.
دوێنێ دووشەمە نێچیرڤان بارزانی بە سەرۆکایەتیی شاندێکی ھەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا و لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و دواتریش لەگەڵ بەرپرسانی کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە بەغدا و عەمار ئەلحەکیم، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی لە عێراق کۆ بووەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگەدار لە سەردانی شاندەکەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا تایبەت بە (باس) رای گەیاند، سەردانەکەی شاندی باڵای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا لەسەر بنەمای چەند مەبەستێک بووە، یەکەمیان ئەوە بووە کە ماوەیەکە سەردانی حزبی بۆ بەغدا بە شێوەی پەرت و شاندی جیاجیا و لە ئاستی جیاوازدا دەچنە بەغدا و لەگەڵ بەرپرسانی حکوومی و حزبەکان کۆ دەبنەوە، ئەو شاندە حزبییانە زیاتر بۆ پەیوەندی و بەرژەوەندیی خۆیان دەچن، کەچی کە دەگەڕێنەوە دەڵێن بۆ مافەکانی خەڵکی کوردستان چووینەتە بەغدا و گفتوگۆمان لەوبارەیەوە کردووە.
سەرچاوەکە بە (باس)ی راگەیاند: ”سەردانی ئەم شاندەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بە سەرۆکایەتیی خودی سەرۆکی حکوومەت، ئەوە دەگەیەنێ کە را و دەنگ و بۆچوونی رەسمیی کوردستان لای ئەو شاندەیە و کۆتایی بەو فرەشاندی و فرەدەنگی و فرەھەڵوێستییە دەھێنێ، لایەنی کەم لە دەربڕین و خستنەڕووی بۆچوونەکاندا“.
سەرچاوەکە روونیشی کردەوە، شاندی ھەرێمی کوردستان، کۆمەڵێک پێشنیازی بە حکوومەتی عێراق داوە کە پەیوەندییان بە داھاتووی عێراق و ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە بە شێوەیەکە ئەوەی تیایدا روون کراوەتەوە کە لەمەودوا ئەو پێکھاتانەی لە عێراقدان ناتوانن لە چوارچێوەی فۆرمی پێشوودا بەیەکەوە بژین، چونکە بەھۆی شەڕی داعش و ململانێ تایفییەکانەوە خوێنی زۆر رژاوە و لە ئێستا ململانێ تایفییەکان گەیشتوونەتە لووتکە، لەم بارەیەوە شاندی ھەرێمی کوردستان پێشنیاری کوردستانی بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشە گەورەیە خستووەتە روو و داوای لە بەرپرسانی بەغداش کردووە کە ئەوانیش پێشنیاریان بۆ چارەنووسی پەیوەندیی کوردستان و بەغدا و ئەو کێشە گەورانەی عێراق چییە، بیخەنە روو.
دووەمیان، لەبارەی کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا، پرسی ئابووری و ھەناردەی نەوتی کوردستان و کەرکووک، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ھەمان شێوە کۆمەڵێک پێشنیازی دیکەی داوەتە بەغدا کە بە حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق راگەیەنراوە کە ئەوە خەتە گشتییەکانی کوردستانە و فەرموون ئێوەش پێشنیازتان چییە تاوەکو بەیەکەوە دیراسەیان بکەین و لەسەریان رێک بکەوین.
پێوەند بەم پرسە، سەفین دزەیی وتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ (باس) جەختی کردەوە کە سەردانی شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانی، درێژکراوەی ئەو سەردانانەی پێشووی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بووە بۆ بەغدا و لە ژێر فشاری ھیچ وڵاتێکدا نەبووە، بەڵکو تەنیا لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا سەرۆکی حکوومەت پێنج بۆ شەش جار سەردانی بەغدای کردووە، گوتیشی: ”بەپێی دەستوور، ھەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق، بەڵام بێگومان سەردانی شاندی ھەرێمی کوردستان باسکردنی کۆمەڵێک پرس بووە لەو رووداوە نوێیانەی کە دێنە پێشەوە لەوانە پرسی ئازادکردنەوەی مووسڵ و کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا“.
دزەیی گوتیشی: ”بەدڵنیاییەوە باس لە داھاتووی پەیوەندیی نێوان ھەولێر و بەغدا کراوە بە پرسی ریفراندۆمیشەوە، بەڵام پێویستە ئەو پرسە رای ھەموو حزب و لایەنە سیاسییەکانی لەگەڵدا بێت، ئەو کات سەرۆکی حکوومەت دەتوانێ بەناوی ھەرێمی کوردستانەوە لەگەڵ بەغدا ئەو پرسە تاوتوێ بکات“.
لای خۆشیەوە سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ (باس) رای گەیاند، ئەو سەردانەی شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پەیوەندیی ھەیە بە سەردانەکانی ئەوانەوە.
سەعدی پیرە باسی لە پرسی متمانە سەندنەوەکەی وەزیری دارایی کرد و رای گەیاند ئەوان بەداخەوەن بۆ ئەو دۆخەی کە لە پەرلەمانی عێراقدا سەری ھەڵداوە رووی داوە، بەتایبەتی بۆ وشیار زێباری وەزیری دارایی کە کاتێک ئەوان بوون بە وەزیر عێراق وڵاتێکی ئیفلیج بووە، کە ئەوە لەبەرچاو نەگیراوە، گوتیشی :“دەبێ ئەو بابەتە چاک بکرێت، ئەو دەنگدانەی کە کراوە دەمارگیریی پێوە دیار بووە، ئێستا فراکسیۆنە کوردییەکان ھاوڕای یەکترن“.
جەختی لەوەش کردەوە کە ئەوان ھاوڕان لەسەر ئەوەی کە پێویستە کۆدەنگییەک ھەبێ لە نێوان ھەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان سەبارەت بەو کێشانەی لە بەغدا بەگشتی روو دەدەن.
بەپێی راگەیەنراوی فەرمیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش سەبارەت بە سەردانی شاندەکەی کوردستان بۆ بەغدا، تیایدا ئەوە خراوەتەڕوو کە لە کۆبوونەوەکەدا بابەتی بەرھەمھێنان و دابەشکردنی نەوت و مافەکانی ھەرێمی کوردستان و کەرکووک خراوەتە ڕوو و لەم بارەیەشەوە لەسەر ئەوە ڕێککەوتن کە گفتوگۆی تەکنیکی لەنێوان ھەردوو وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و سەرچاوە سروشتییەکانی ھەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقیش، لەڕاگەیەنراوێکدا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ شاندی حکوومەتی ھەرێم خستووەتە ڕوو، کە باسیان لە ڕەوشی سیاسی و ئەمنی و ئابووریی عێراق کردووە.
لەبارەی نەوتی کەرکووکیشەوە، ھەردوولا ڕێک کەوتوون لەسەر دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان لەنێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ھەرێم و وەزارەتی نەوتی عێراق.
30/8/2016
تانكەكانی سوپای توركیا لە خاكی شارۆچكەی جەرابلوسی رۆژئاوای كوردستان
رۆژنامەی وۆڵستریت جۆرناڵی ئەمریكی، چەند زانیارییەكی پشت پەردەی لەبارەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی جەرابلوس لەلایەن سوپای توركیا بڵاوكردوونەتەوە، بەپێی رۆژنامەكە، ئەمریكا ئاگاداری پلانەكە بووە، بەڵام ئاگاداری شەوی دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنەكە نەبووە.
رۆژنامەكە ئاشكرایكردووە، لە بەهاری 2015 ەوە سوپاكانی توركیا و ئەمریكا پێكەوە سەرقاڵن و چەندینجار دانیشتوون بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن و كاری هاوبەش لەنێو خاكی سووریا، بەڵام نەگەیشتوونەتە ئەنجام.
لەدوای كودەتاكەی 15 ی تەمموز و فراوانبوونی چالاكییەكانی هێزەكانی سووریای دیموكرات بەسەرپەرشتی یەپەگە كە توركیا بە مەترسییان دەزانێت، جارێكی دیكە توركیا پرۆپۆزەڵێكی پێشكەشی ئەمریكا كردووە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی تایبەت لە باكووری سووریا لەنێوان كۆماندۆسی هەردوو وڵات، ئەمجار وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا (پنتاگۆن) پلانەكەی توركیای پێباش بووە و بۆ كۆشكی سپی ناردووە، بۆ وەرگرتنی رەزامەندی كۆتایی.
كۆشكی سپیش پلانەكەی رەتنەكردووەتەوە، بەڵام داوایكردووە پنتاگۆن وەڵامی چەند پرسیارێك بداتەوە، لەوانە ئەو كۆماندۆسە ئەمریكییانەی بەشداری ئۆپەراسیۆنەكە دەكەن چۆن دەپارێزرێن و ناكەونە دەست داعش؟ پاشان توركیا ناوی هەزار و 800 چەكداری هێزەكانی سوپای سووریای ئازادی بە لیستێك بۆ ئەمریكا ناردووە كە ئەوانیش بەشدار دەبن، بەڵام بەهۆی زوو نەهانتە سەرهێڵی پنتاگۆن بۆ كۆشكی سپی و وەڵامنەدانەوەی پرسیارەكە، پلانەكە دواكەوتووە، تا ئەوكاتەی رەجەب تەیب ئەردۆغان رۆژی 9-8-2016 سەردانی شاری پترسبۆرگی رووسیای كرد و لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین كۆبووەوە، لەوێ بە سەرۆكی رووسیای گوتووە پلانێكی لەمجۆرەیان هەیە، ئەویش بڕیاریداوە دژایەتی نەكات.
رۆژی 17-8-2016، توركیا بە فەرمی داوایكردووە هێزەكانی سووریای دیموكرات بە پشتیوانی یەپەگە لە رووباری فورات و منبج بكشێنەوە، چونكە بەپێی بەرپرسەكانی توركیا، سوپای وڵاتەكەیان هاوكاریی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی منبجی كردووە، بەو مەرجەی یەپەگە دوای كۆنترۆڵكردنەوەی شارەكە بگەڕێتەوە شوێنی خۆی.
بەپێی رۆژنامە ئەمریكییەكە كە زانیارییەكانی لە بەرپرسانی ئەمریكا و توركیا دەستكەوتوون، دوای تەقینەوەكەی شاری دیلۆك (عەنتاب)ی باكووری كوردستان كە شەوی20-8-2016 لەلایەن داعش ئەنجامدرا، توركیا چاوەڕانی وەڵامی ئەمریكای نەكردووە و بەرەبەیانی 24 ی مانگ دەستی بە ئۆپەراسیۆنەكە كردووە و چووەتە نێو خاكی رۆژئاوای كوردستان (باكووری سووریا) لەكاتێكدا بەرپرسانی پنتاگۆن دەڵێن بڕیاربووە رۆژی دواتر لەگەڵ كۆشكی سپی لەسەر ئەو پلانە كۆببنەوە، بەڵام توركیا چاوەڕێی نەكردووە و بێ ئاگاداری پێشوەخت دەستی بە ئۆپەراسیۆنەكە كردووە.
یەكەم هێرشی ئاسمانی فڕۆكەكانی توركیا بەبێ هەماهەنگی لەنێوان ئەمریكا و هاپەیمانانی نێودەوڵەتی دژی داعش كراوە و هیچ وڵاتێك ئاگادار نەبووە، كاتێك بەرپرسە سەربازییەكانی ئەمریكا زانیویانە سوپای توركیا بەبێ ئاگاداری ئەوان دەستی بە ئۆپەراسیۆنەكە كردووە، جەنەڕاڵ جۆی بۆڵتن، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمریكا، دەسەڵاتی خۆی بەكارهێناوە و بڕیاریداوە بەشێوەیەكی سنووردار هاوكاری ئاسمانی سوپای توركیا بكات، ئەویش بە ناردنی فڕۆكەی ئێف 16 و A10 بۆ پاراستنی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا لە خاكی سووریا، هەروەها هێزی تایبەتی ئەمریكا لە خاكی توركیاوە هاوكاری هێزەكەی توركیا بكات.
بەپێی زانیارییەكانی رۆژنامەكە، تورکیا و ئەمریكا چاوەڕوان بوون ئۆپەراسیۆنی جەرابلوس چەند هەفتەیەك بخایەنێت، بەڵام لەچەند كاژێرێكدا لەلایەن سوپای ئازادی سووریا كە بەشێكە لە ئۆپۆزیسیۆنی چەكداری ئەو وڵاتە، بەهاوكاری هێزی ئاسمانی و تانك و تۆپەكانی توركیا كۆنترۆڵكرایەوە.
بەرپرسە توركەكان بە رۆژنامەكەیان گوتووە، گومانەكانی ئەمریكا لەوەی سوپای توركیا ناتوانێت هێزێكی رێكخراوی سووریای ئازاد بجوڵێنێت، وادەرنەچوون، بەرپرسە ئەمریكییەكانیش دەڵێن دڵنیان لەوەی هەڵسەنگاندنیان بۆ ئۆپەراسۆنی جەرابلوس دروست نەبووە، بەڵام ناشزانن سوپای توركیا بە چوونەنێوەوەی بۆ نێو خاكی سووریا، ئۆپەراسیۆنەكانی دژی داعش بەرەو كوێ دەبات.
30/8/2016
تانكەكانی سوپای توركیا لەكاتی بەڕێكەوتن بۆ نێو جەرابلوس
وەزارەتی دەرەوەی سووریا رایدەگەیێنێت، سوپای توركیا لە ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فوراتدا لە شارۆچكەی جەرابلوس و دەوروبەری لە رۆژئاوای كوردستان تاوانی دژی مرۆڤایەتی ئەنجامداوە، داواش لە نەتەوەیەكگرتووەكان و ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەكات بەزووترین كات بكشێتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی سووریا رایگەیاند "سوپای توركیا لە ئۆپەراسیۆنی خاكی سووریادا تاوانی دژی مرۆڤایەتی ئەنجامداوە. سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لەسەر خاكی سووریادا لەلایەن هەر لایەنێكەوە بێت پێویستە بەهەماهەنگی لەگەڵ كۆماری عەرەبی سووریا و سوپای عەرەبی سووری بەڕێوەبچێت."
بەپێی ئاژانسی فەرمی سووریا، وەزارەتی دەرەرەوەی سووریا دوو نامەی ناڕەزایەتی ئاراستەی نەتەوەیەكگرتووەكان و ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كردوون. لە نامەكاندا باس لەوە كراوە "سوپای توركیا و هاوپەیمانەكانی خەڵكی مەدەنییان لە باكووری سووریا كردووەتە ئامانج. هێزی ئاسمانی و تۆپخانەكانی سوپای توركیا بەهەماهەنگی لەگەڵ رێكخراوە ئیرهابییە چەكدارەكان گوندەكانی جب كوسا و عەمارنە-یان لە باشووری جەرابلوس لە پارێزگای حەلەب هەڕەمەكیانە بۆردوومانكردوون".
ئاژانسی فەرمی سووریا جەختیكردووەتەوە "بۆردوومانی هەڕەمەكییانە بووەتە هۆكاری شەهیدبوونی 35 كەسی مەدەنی سووری، 20 كەسیان لە گوندی جب كوسا و 15 ی دیكەشیان لە گوندی مەعارنە، دەیان كەسی سڤیلی دیكەش برینداربوونە. هەروەها زیانێكی گەورە بەر مومتەلەكاتی تایبەت و گشتی و باڵەخانە و خزمەتگوزارییەكانی گوندەكان كەوتووە".
وەزارەتی دەرەوەی سووریا لە نامەكانیدا بۆ نەتەوەیەكگرتووەكان و ئەنجوومەنی ئاسایش دەڵێت "ئەو ئۆپەراسیۆن و هێرشانە تاوان و پێشێلكارین و سیستەمی حكومڕانی ئەنقەرە لەدژی گەلی سووریا و ئاشتی و سەروەری خاكی سووریا چەندبارەیان دەكاتەوە، بەزاندنی سنوور و كردەوە دوژمنكارانکارییەکانی توركیا لە ئۆپەراسیۆنەكانی لە خاكی سووریا بەهەموو پێوەرێكی ئەخلاقی و قانوونی تاوانێكی دوژمنکارانەی دژی مرۆڤایەتییە، كە سیستەمەكەی ئەردۆغان بەشێوەیەكی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ئەنجامیان دەدات."
وەزارەتی دەرەوەی سووریا دەشڵێت "ئەو شانۆگەرییەی توركیا بۆ هاتنە نێو شاری جەرابلوس باسی لێوەدەكات كە دەڵێت شەڕی دژی داعش دەكات، لەڕاستیدا سوپای توركیا و هاوپەیمانەكانیان و گرووپە تیرۆریستییەكان لە هاتنە نێو جەرابلوس بەڵگەن لەسەر هاوكاریكردنی ئەم سیستەمە لەگەڵ داعش و گرووپە ئیرهابییەكانی دیكەدا."
لە كۆتاییدا وەزارەتی دەرەوەی سووریا داوادەكات "ئەنجوومەنی ئاسایش و نەتەوە یەكگرتووەكان بە ئەركی سەرشانی خۆیان هەڵسن بۆ دابینكردنی ئاشتی و ئاسایش و داواكردن لە توركیا بەوەی بەزووترین كات تورکیا لە خاكی سووریا بكشێتەوە و رێز لە سەروەری خاكی سووریا و یەكپارچەیی و گەلی سووریا بگرێت. هاوكارییەكانی بۆ گرووپە تیرۆریستییە جیاوازە چەكدارییەكان بووەستێنێت و سنووری خۆشی بەتەواوی بەڕووی گرووپە تیرۆریستییەكاندا دابخات. پابەندی بڕیارەكانی نێودەوڵەتی بێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بڕیارەكان جێبەجێ بکات."
30/8/2016
ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە دەنگدانی نهێنی، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵدەبژێرێت، کە پێنج ژن و پێنج پیاو خۆیان کاندید کردووە.
دەنگدانەکە رۆژی دووشەممە 29ـی ئابی 2016 لە بارەگای سەرەکیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری نیویۆرک لە ئەمریکا، بەڕێوە دەچێت.
بۆ جێگرتنەوەی بان کی موون، سکرتێری گشتیی ئێستای نەتەوە یەکگرتووەکان، 10 ژن و پیاو خۆیان کاندید کردووە، کە ئەمانەن:
ژنەکان:
- ئێرینا بۆکۆڤای بولگاری، بەڕێوەبەری یونسیکۆ.
- هێلین کلارکی نیوزیلەندی، بەڕێوەبەری بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەشەپێدان.
- سۆزانا مالکورا، وەزیری دەرەوەی ئەرژەنتین.
- ناتالیا گیرمان لە مۆڵدۆڤیا.
- کریستیانا فیگیریسی کۆستاریکی، بەرپرسێکی نەتەوە یەکگرتووەکان.
پیاوەکان:
- میرۆسلاڤ لایچاک، وەزیری دەرەوەی سلۆڤاکیا.
- دانیلۆ تورک، سەرۆکی پێشووی سلۆڤینیا.
- سەردگان کەریم، وەزیری پێشووی دەرەوەی مەکدۆنیا.
- فۆک یەریمیچ، وەزیری پێشووی دەرەوەی سڕبیا.
- ئەنتۆنیۆ گۆتیریس، سەرۆک وەزیرانی پێشووی پورتوگال.
بان کی موون، کە خەڵکی کۆریای باشوورە، ماوەی 10 ساڵ سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو، کە لە رۆژی 31ـی کانوونی یەکەمی 2016 کۆتایی بە ماوەی یاسایی دێت و سکرتێری نوێ دەست بەکار دەبێت.
29/8/2016
بازاڕی دۆلارفرۆشانی هەولێر ئێستا گەورەترین بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوە لە هەرێمی كوردستان و عێراق، 320 نووسینگە و 220 كۆمپانیای ئاڵوگۆڕی دراوی تێدایە
دۆلارفرۆشێكی بازاڕی دۆلارفرۆشانی هەولێر، نزیكەی 10 ملیۆن دۆلاری كاسبكارانی بازاڕەكە دەبات و خۆی ون دەكات، بەڵام دوای هەفتەیەك لەلایەن براكەیەوە دەدۆزرێتەوە و رادەستی پۆلیس دەكرێ.
رۆژی 16ی ئەم مانگە كەسێك بە ناوی (ع) لە رێگای حەواڵەكردنەوە لە نێوان هەولێر و توركیا و دوبەی، بڕی 9 ملیۆن و 410 هەزار دۆلار دەبات، ئەو پارەیە هی 10 كاسبكاری بازاڕەكە بووە كە حەوتیان كورد و سێیەكەی دیكەش عەرەبن و یەكێك لە عەرەبەكانیش بازرگانێكی عێراقییە و لە دوبەی نیشتەجێیە.
ئەو 10 كەسە لە پێناو بڕێك قازانج پارەكەی خۆیان خستبووە بەردەستی (ع). ئةو سەرپەرشتیاری كۆمپانیایەكی گەورەی ئاڵوگۆڕی دراو بوو لە بازاڕی دۆلارفرۆشانی هەولێر، ئەو نووسینگەیەش لەلایەن براكەیەوە خاوەندارێتی دەكرێت، دوای بردنی ئەو پارەیەش بە هەفتەیەك براكەی (ع) خۆی دەچێت لە قەزایەكی سەر بە پارێزگای دهۆك براكەی دەدۆزێتەوە و رادەستی پۆلیسی دەكات.
یەكێك لەو كاسبكارانەی كە دوو ملیۆن و 540 هەزار دۆلاری داوەتە (ع) بە (رووداو)ی گوت "ئێمە متمانەمان پێی هەبوو، بۆیە مامەڵەمان لەگەڵ كرد، بەڵام دواتر پارەی ئێمەی برد و خۆی ون كرد". سەبارەت بە تۆماركردنی سكاڵا لەسەر ئەو كەسە، ئەو كاسبكارە گوتی "ئێستا چاوەڕێی براكەی (ع) دەكەین پارەكانمان بۆ بگەڕێنێتەوە".
رۆژی 28/8/2016 لە دادگا ئیفادە لە (ع) وەرگیراوە، دوای ئەوەی ئەوانەی پارەیان بردراوە رۆژی 25/8/2016 سكاڵایان لەسەر تۆمار كردبوو. كاسبكارێكی دیكە كە 500 هەزار دۆلاری داوەتە (ع)، بە (رووداو)ی گوت "رۆژی 15ی مانگ (ع) داوای 500 هەزار دۆلاری لێكردم، بەڵێنی پێدام رۆژی دواتر بمداتەوە، بەڵام رۆیشت و خۆی ون كرد، پارەكەشی حەواڵە كردبوو بۆ دەرەوە".
لەبارەی دەستگیركردنی ئەو كەسە و چارەنووسی ئەو پارانەی كە بردوویەتی، حوسێن محەممەد، سەرۆكی ئەنجوومەنی دۆلارفرۆشانی هەولێر بە (رووداو)ی راگەیاند، ئەو كەسە لە سنووری دهۆك دەستگیركراوە و گوازراوەتەوە بنكەی پۆلیسی خانەقا لە هەولێر و لەوێشەوە بۆ بەندیخانە گوازراوەتەوە.
حوسێن ئەحمەد گوتیشی "بەڵام ئەو كەسە كە دەستگیركراوە هیچ بڕە پارەیەكی لەلا نەبووە، كەس نازانێت چی لەو پارە زۆرە كردووە". زۆرترین بڕی ئەو پارەیەی كە (ع) بردوویەتی هی كاسبكارێكە كە بڕەكەی 5 ملیۆن و 420 هەزار دۆلار بووە، كەمترینیشی 40 هەزار دۆلار بووە.
ئەمە دووەم رووداوی لەو جۆرەیە لە ماوەی كەمتر لە دوو مانگ لە بازاڕی دۆلار فرۆشانی هەولێر روودەدات، دوای ئەوەی كە لە ناوەڕاستی مانگی تەمموزی ئەمساڵ كەسێكی دیكە بڕی 20 ملیۆن دۆلاری بردبوو و لەو بڕە پارەیەش 13.5 ملیۆن دۆلاری لە بازاڕی دۆلارفرۆشانی هەولێرەوە بردبوو، ئەو دوو رووداوە خاوەن نووسینگەكان و كۆمپانیاكانی دراوی نیگەران كردووە و وای كردووە متمانە لەنێوان كاسبكاران و بازرگانانی بازاڕەكە كەم ببێتەوە.
بازاڕی دۆلارفرۆشانی هەولێر:
بازاڕی دۆلارفرۆشانی هەولێر ئێستا گەورەترین بازاری ئاڵوگۆرِی دراوە لە هەرێمی كوردستان و عێراق، زۆرترین بازرگان دراو مامەڵەكانیان دەبەنە ئەو بازاڕە و لەوێوە پارەكانیان حەواڵە دەكەن یان وەریدەگرنەوە. بە گوتەی بازرگانەكانی بازاڕەكە رۆژانە 50 ملیۆن دۆلار لە كورستانەوە حەواڵەی دەرەوە دەكرێ.
بازاڕی دۆلارفرۆشانی هەولێر 320 نووسینگە و 220 كۆمپانیای ئاڵوگۆرِی دراوی تێدایە كە 110 كۆمپانیایان عێراقین و لەلایەن كەسانی عەرەبەوە سەرپەرشتی دەكرێن. بڕی ئەو پارەیەشی كە لەو بازاڕە هەیە بە زیاتر لە ملیارێك دۆلار مەزەندە دەكرێ.
30/8/2016