سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسیی هەرێمی كوردستان دەڵێ، ئەگەر لایەنە سیاسییەکانی کوردستان ڕێک بکەون و داوای ئەنجامدانی ڕێفراندۆم بکرێت، کومیسیۆن ئامادەیە و دەتوانین لە ماوەی 4 مانگدا ئامادەکاریی تەواو بۆ ئەنجامدانی ڕیفڕاندۆم بکەین.
ئەمڕۆ دووشەممە 25/72016 هەندرێن محەمەد، سەرۆكی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند؛ "هەر کاتێک بە فەرمی داوا لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بکرێت کە ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی ڕاپرسی بکەین، ئێمە ئامادەین و ئەوە ئەرکی ئێمەیە".
لەبارەی ئەنجامدانی ئەو ڕاپرسییە لە ناوچە دابڕینراوەکانی هەرێمی کوردستان، هەندرێن محەمەد گوتی: "بۆ ئەنجامدانی ڕێفراندۆم لەو ناوچانە هیچ ڕێگرییەکی یاسایمان نییە و تەنانەت ڕاپرسی لەو ناوچانە یاسایی ترە".
سەرۆكی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان بۆ (باسنیوز) ڕوونی کردەوە؛ هەر هەڵبژاردنێک لە هەرێمی کوردستان بکرێت، ئێمە لێی بەرپرسیارین و ئەگەر بە فەرمی داوامان لێ بکرێت، کومیسیۆنیش داوای بوودجە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات و دەتوانین لە ماوەی 4 مانگدا هەموو ئامادەکارییەک بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و ڕاپرسی بکەین".
25/7/2016
جێگری فەرماندەی گشتی قەرارگای حەمزەی سوپای پاسداران دەڵێت، حیزبە كوردییەكانی ئێران لە هەرێمی کوردستان بە خواستی کونسوڵخانەکانی ئەمریکا و سعودیە کۆبوونەتەوە و پلانیان بۆ تێكدانی ئاسایشی ئێران داناوە.
بەگوتەی مەجید ئەرجومەندفەر، جێگری فەرماندەی قەرارگای حەمزە دەزگاکانی هەواڵگری سعودیە و ئەمریکا لە ساڵی رابردووەوە پلانیان بۆ تێكدانی ئاسایشی ئێران داڕشتووە و بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان کۆبوونەتەوە.
ئەو فەرماندەیەی پاسداران هەروەها دەڵێت، دەزگای هەواڵگری سعودیە لە ئەڵمانیا لەگەڵ هاوسەرۆکی پژاک کۆبووەتەوە.
ئەرجومەندفەر دەشڵێت، سعودیە و ئەمریکا لەرووی چەکوچۆڵ و کەرەستەی سەربازییەوە هاوکاری ئەو حیزبانەیان کردووە و لەبەرامبەریشدا داوایان لێکردوون ئێران دۆخی ئەمنی ئێران تێكبدەن.
حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ئەو تۆمەتە رەتدەکەنەوە. ئەوان دەڵێن حکومەتی ئێران و سوپای پاسداران خوویان بەوە گرتووە کە بێ هەبوونی بەڵگە و بۆ سەرپۆشکردنی ناوەڕۆکی کێشەکان، نەیارانیان بە بەکرێگیراوی وڵاتانی دیکە لەقەڵەم بدەن. کۆنسوڵخانەی سعودیەش لە هەولێر پێشتر ئەو تۆمەتەی رەتکردووەتەوە.
جێگری فەرماندەی قەرارگای حەمزە بە ئاماژەدان بە پێکدادانەکانی ئەمدواییە لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت، بەهۆی پێکدادانەکانی ئەمدواییە دوو تیم لە پارێزگای ورمێ و سنە بەتەواوی لەنێوبردراون و 23 کەس کوژراون.
بەپێی ئەو ئامارەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران رایگەیاندووە، بەهۆی هێرشی سوپای پاسداران بۆ سەر پێشمەرگەکانیان لە ناوچەکانی شنۆ و سەوڵاوا، 11 پێشمەرگەی ئەو حیزبە گیانیان لەدەستداوە. هەروەها لەماوەی رابردوو پژاکیش گیانلەدەستدانی چوار گەریلای بەدەستی هێزەکانی سوپای پاسداران راگەیاند.
25/7/2016
بڕیارە ئەمڕۆ ئەردۆغان لە كۆشكی سەرۆكایەتی لەگەڵ سەرۆك پارتەكانی ئاكەپە، جەهەپە و مەهەپە كۆببێتەوە و هەدەپەش بانگهێشت نەكراوە.
پەیامنێری رووداو لە ئەنقەرە رایگەیاند، دوای هەوڵی كودەتاكەی 15ی تەممووز، كە شكستی پێهێنرا و سەرجەم پارتەكان دژی وەستانەوە، ئەوە یەكەم كۆبوونەوەی نێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توكیا و سەرۆكی پارتەكانی ئەو وڵاتەیە.
بڕیارە كۆبوونەوەكە دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 25-7-2016 لە كۆشكی سەرۆكایەتی توركیا بەڕێوەبچێت.
تاوەكو ئێستا سەرۆكایەتی كۆماری توركیا و هەدەپە لەسەر بانگهێشتنەكردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوكسەكداغ، هاوسەرۆكانی هەدەپە بۆ كۆبوونەوەكە لێدوانیان نەداوە.
لە كۆبوونەوەكەدا، بینالی یڵدرم، سەرۆكی ئاكەپە، كەمال كڵیچدارئۆغڵو، سەرۆكی جەهەپە و دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە ئامادە دەبن.
25/7/2016
ماوەیەکە گوشاری حکومەت لە ئامەد و دەوروبەری بۆ سەر دامودەزگای ناحکومی و کۆمەڵە و کۆلێژ و قوتابخانەکانی باکووری کوردستان زیادی کردووە، لە 24 کاژێری رابردوودا زانکۆیەک و 19 قوتابخانە و 34 کۆمەڵە و دوو وەقف داخراون و تۆمەتی هەوڵی بەشداریكردن لە کودەتا دراوەتە پاڵ بەرپرسانی ئەو دەزگایانە.
ماشەڵڵا دەكاك، پەیامنێری رووداو لە ئامەد رایگەیاند "دوای راگەیاندنی باری لەناکاو لە تورکیا و باکووری کوردستان، جموجۆڵی سەربازی هێزەکان زیاتر بووە و هێرش دەکرێتە سەر رێکخراو و ناوەندەکان".
دەكاك گوتیشی "بەتۆمەتی لایەنگری فەتحوڵڵا گیولەن، رێبەری بزووتنەوەی خزمەت كە بە پلانداڕێژەری كودەتاكە تۆمەتبار دەكرێت، دەیان کۆمەڵە و رێکخراو داخراون".
پەیامنێری رووداو راشیگەیاند، لە 24 کاژێری رابردوو بەگەشتی 56 کۆمەڵە و رێکخراو داخراون و پۆلیس دەرگای ئەو شوێنانەی داخستووە، بەپێی زانیارییەکانی رووداو لە ئامەد لێپێچینەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەو رێکخراوانە کراوە.
باسی لەوەش كرد بەشێک لەو شوێنانەی داخراون لەوانە زانکۆی دیجلە، پەیوەندی بە فەتحوڵڵا گیولەنەوە نییە و بەهەڵە داخراون.
راشیگەیاند"یەكێک لەو شوێنانەی بەهەڵە داخراوە کۆلێژی دیجلەو فوراتە، کە کۆلێژێکی بەنێوبانگە، ئەویش لەنێو لیستی فەتحوڵڵا گیولەن دوێنێ داخرا، بەڵام کۆلێژی دیجلە و فورات بەهیچ شێوەیەک پەیوەندی بە فەتحوڵڵا گیولەنەوە نییە، بەڵکو خاونەکەی پارێزەرێکە و کوردی باکووری کوردستانە، لەو کۆلێژە هەفتانە بۆ چەند کاژێرێک بە کوردی وانە دەگوترێتەوە".
دوای داخستنی ئەو کۆلێژە، ناڕەزایی دروستبوو، ئەگەرچی پۆلیس دانی بەوە داناوە بەهەڵە ئەو کۆلێژەیان داخستووە، لەگەڵ ئەوەش رەنگە لە رۆژانی داهاتوودا ئەو هەڵەیە راستبکرێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش دەبێت یاسایەکی نوێ دەربچێت بۆ کردنەوە و قەرەبووکردنەوەی ئەو زەرەرو زیانەی بەریکەوتووە.
24/7/2016
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و باڵیۆزی ئێران لە عێراق کۆ دەبنەوە و تاوتوێی پەیوەندیی نێوان وڵاتەکانیان دەکەن.
بەپێی هەواڵێکی میدیا عێراقییەکان، رۆژی یەکشەممە 24ـی تەمموزی 2016، سەلیم جبوری، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و حەسەن دانایی فەڕ، باڵیۆزی ئێران لە بەغدا لە کۆبوونەوەیەکیاندا، باسی بارودۆخی سیاسیی و ئەمنیی عێراقیان کردووە، وێڕای گفتوگۆکردن لەبارەی شەڕی دژی رێکخراوی توندڕەوی داعش.
سەلیم جبووری و حەسەن دانایی فەڕ ”بە گرنگییەوە“ پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئێرانیان تاوتوێ کردووە، بەشێوەیەک ”سەروەریی هەردوو وڵات“ بپارێزێت.
دوای رووخاندنی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003، شیعەکانی عێراق دەستیان بەسەر حوکمڕانیی ئەو وڵاتەدا گرتووە و پەیوەندییەکی بەهێزیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران هەیە و فەرماندە سەربازییەکانی ئێرانیش بەشداریی لە شەڕەکانی عێراق دژی داعش دەکەن.
24/7/2016
93 ساڵ بەسەر رێککەوتننامەی لۆزاندا تێدەپەڕێت، کە لەدوای جەنگی جیهانیی یەکەم لە ساڵی 1923 لەنێوان تورکیا و وڵاتانی هاوپەیمانی براوەی شەڕی جیهانیی یەکەم واژۆکرا ، بەهۆیەوە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بەفەرمی دابەشکرا و کۆماری تورکیا بەسەرۆکایەتی موستەفا کەمال ئەتاتورک دامەزرا.
لەدوای تێپەڕبوونی 93 ساڵ بەسەر رێککەوتنی لۆزان، پرسی کورد و چارەنووسی ئەو نەتەوەیە کە بەگەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەت لە جیهان ناسراوە، جارێکی دیکە دەخرێتە بەر باس و لێکۆڵینەوە، لایەنیکەم لەلایەن هەندێك لە پارت و شارەزایانی کورد و جیهانەوە.
لە 24ی مانگی تەمموز ساڵی 1923، رێککەوتنێک لە نێوان حکومەتی ئەو دەمەی تورکیا بە سەرۆکایەتی موستەفا کەمال ئەتاتورک و هێزی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی بەریتانیا و فەڕەنسا، لە شاری لۆزانی باشووری فەرەنسا، بەناوی رێککەوتنی لۆزان واژۆ کرا.
رێککەوتنەکە تایبەت بوو بەو ناوچانەی کە لەژێر دەستی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بوون، بەر لە شکستە سەربازییەکەی لە شەڕی جیهانیی یەکەمدا لەنێوان ساڵانی 1914 تاوەكو 1918.
رێککەوتنی لۆزان لەدوای رێککەوتنی سیڤەر هات، کە لە 10ی مانگی ئابی ساڵی 1920 لەنێوان وڵاتانی ناوەند، دۆڕاو لە شەڕی جیهانیی یەکەم کە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی یەکێک لەو وڵاتانە بوو، لەگەڵ وڵاتانی براوە واژۆکرا.
بەپێی رێککەوتنی سیڤەر، ئیمپراتۆریەتی تورکیا دابەشبوو و سەرجەم ئەو نەتەوە غەیرە تورکەکانی ژێردەستی تورکیا سەربەخۆییان وەردەگرت. بۆیە دواتر کە موستەفا کەمال ئەتاتورک دەسەڵاتی گرتەدەست، رەگەزنامەی تورکی لە سەرجەم ئەو کەسانە سەندەوە کە رێککەوتنەکەیان واژۆكردبوو، هەروەها دەستیکرد بە شەڕی سەربەخۆیی وڵاتەکەی و لەنێوان ساڵانی 1922 تا 1923 شەڕێکی قوڕسی دژ بە یۆنان بەرپاکرد و توانی زەوییەکی زۆر بگەڕێنێتەوە ژێر دەسەڵاتی تورکیا، ئەمەش هەردوو وڵاتی بەریتانیا و فەڕەنسای ناچارکرد رێکكەوتنی لۆزان لەگەڵ تورکیا واژۆ بکەن.
رێکەوتنی لۆزان هات و رێککەوتنی سیڤەری پێش خۆی هەڵوەشاندەوە. رێککەوتنی لۆزان سنووری وڵاتانی وەک یۆنان، بولگاریا، تورکیا و وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی دیاریکرد. بەپێی رێککەوتنەکە، تورکیا دەستی لە قوبرس، میسر، سوودان، عێراق و لیبیا هەڵگرت، لەبەرامبەردا تورکیا بەشێکی زۆر لە ناوچەکانی سووریا کە مێرسین، ئەدەنە و عەنتاپ و رووها و چەندین شاری دیکە کە سەر بە سووریا بوون، وەرگرتەوە.
یەکێک لە بڕگە گرنگەکانی لۆزان بریتیبوو لە بەڵێنی حکومەتی تورکیا بە پاراستنی ژیان و ماف و ئازادی سەرجەم ئەو نەتەوانەی کە لەژێر فەرمانڕەوایی ئەودا دەژین. هەرچەندە گەلی کورد گەورەترین نەتەوەی ژێردەستی تورکیایە، بەڵام هیچ بڕگەیەکی رێککەوتننامەی لۆزان باسی لە ماف و ئازادی و چارەنووسی گەلی کورد نەکرد.
سەرۆکی شاندی تورکیا لە دانوستاندنەکانی لۆزان عیسمەت ئینونو بوو، لەبەرامبەردا لۆرد جۆنسنی بەریتانی سەرۆکی شاندی هاوپەیمانان بوو. بەگوتەی مێژوونووسان، ئینونو توانی لەڕێگەی جەختکردنەوە لە یەکبوونی هەردوو نەتەوەی تورک و کورد، بەریتانییەکان فریوبدات. بەڵام هەندێ مێژووناسی دیکە پێیانوایە، دۆسێەی کورد جێی بایەخی بەریتانییەکان نەبووە، بەڵکو تەنیا شتێکی گرنگ بۆ ئەوان هەردوو شاری کەرکووک و موسڵ بوو، کە دواتر لە ساڵی 1926 بەریتانییەکان توانییان بە زەبری هێزی سەربازی بیانخەنە سەر نەخشەی سیاسی عێراقەوە.
24/7/2016
بەپێی ڕاپۆرتێکی ناوەندی بەرگری لە مافی مرۆڤی کوردستان، لە درێژی دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی هاووڵاتیانی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دوو کەسیان لە سەقز دەستبەسەر کرد.
ناوەندی بەرگریکارانی مافی مرۆڤ لە کوردستان نووسیویەتی؛ "هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئیران دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی سەقزیان بە ناوەکانی ڕەسووڵ خزری و ئامانج فەتحی دەستبەسەر کردووە".
ڕەسووڵ خزری تەمەن 29 ساڵ، دانیشووی شاری سەقزە و پیشەکەی ئەندازیاری بیناسازییە کە لە ماوەی دووساڵی ڕابردوودا بە تۆمەتی ئەندامبوون لە حزبێکی کوردیدا بۆ ماوەی 9 دەستبەسەر کراوە و دواتر بە دانانی بارمتە ئازاد کراوە.
ئامانج فەتحی، تەمەن 28 ساڵ، دانیشتووی شاری سەقزە و لەلایەن هیزە ئەمنییەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر کراوە، بەڵام تا ئیستا ڕوون نییە کە تۆمەتەکانی ئەو گەنجە کوردە چین.
لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا، زیاتر لە 50 هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی کوردستانی رۆژهەڵات لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.
بە گوتەی بنەماڵەی زۆربەی ئەو بەندکراوانە؛ هێزە ئەمنییەکان بێ ئەوەی حوکمی دادوەرییان پێ بێت، لە جلی مەدەنیدا ئەو کەسانەیان دەستبەسەر کردووە.
ناوەندی بەرگری لە مافی مرۆڤی کوردستان پێی وایە، هێزە ئەمنییەکانی ئێران بە دەستبەرکردنی هاووڵاتیانی کورد، دەیەوێت کەشێکی ئەمنیی بەسەر کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا زاڵ بکات.
23/7/2016
سهرۆككۆماری توركیا سهرزهنشتی لێپرسراوی دهزگای ههواڵگری نیشتمانیی توركیا (میت) -ی كردو پێی راگهیاند "له تاقیكردنهوهكهدا سهركهوتوو نهبوون"، وەک ئاماژەیەک بۆ خراپ مامهڵهكردن لهگهڵ پرسی ههوڵی كودهتای سهربازیی.
رهجهب تهیب ئهردۆغان سهرۆككۆماری توركیا له دیدارێكی تایبهتی لهگهڵ هاكان فیدان راوێژكاری (میت) سهرزهنشتی كردو پێی راگهیاند له تاقیكردنهوهكهدا سهركهوتوو نهبوون و ههواڵگریی وڵاتهكهی بهلاواز ناساند و داوای چاوخشاندنی خێرای بهپێكهاتهی میت كرد.
پێشتر پهرلهمانی توركیا چهندین جار رهخنهیان له میت گرتبوو بههۆی لاوازییهوه بهتایبهتی دوای هێرشهكانی سهر فڕۆكهخانهی ئهتاتورك له ئیستهنبوڵ و جهختیان لهوه كردهوه لاوازی و سستی له هێزه ئهمنییهكان نییه، بهپێچهوانهوه لاوازی له ههواڵگرییهوه ههیه.
ئهردۆغان، بایهخێكی زۆری به هاكان فیدان دهدا و له چهندین بۆنه و كۆبوونهوهدا بهسندووقی نهێنییهكانی تایبهتی خۆی باسی كردووه، بهڵام سهرچاوهكان باس لهوه دهكهن، ئیدی ئهردۆغان ههوڵ دهدات كهسێكی دیكه بكاته شوێنگرهوهی فیدان.
مانگی رابردوو، بڕیاربوو هاكان فیدان لهكارهكهی دوور بخرێتهوه و پۆستی باڵیۆزی پێبدرێت له یهكێك له وڵاته ئهوروپییهكان و كهسێكی دیكه دهستنیشان بكرێت بۆ پۆستهكهی، بهڵام ئهردۆغان پرۆسهكهی دواخست.
لە شەوی هەینی 15-7-2016 بەشێک لە سوپای تورکیا کودەتایەکیان لە دژی ئەردۆغان ئەنجامدا بەڵام سەرکەوتوو نەبوو و زۆربەی کودەتاچییەکان دەستگیرکران و ئەردۆغان فەتحوڵڵا گویلەنی بە رێکخستنی کودەتاکە تۆمەتبار کرد.
23/7/2016
شەوی هەینی 22-7-2016، گەنجێکی 18 ساڵانی ئەڵمانی بەڕەگەز ئێرانی هێرشی چەکداریی کردە سەر بازاڕێکی شاری میونشن و تەقەی لەو خەڵکە کردکە لە دەورووبەری فرۆشگای ماکدۆناڵدز کۆبووبوونەوە. لە ئەنجامدا 9 کەس کوژران و 16ی دیکەشی بریندار کرد، دواتریش خۆی کوشت.
بەڕێوەبەری پۆلیسی ویلایەتی باڤاریا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "بە گوێرەی لێکۆڵینەوەکان ئەوە دەردەکەوێت، هێرشکەرەکە بە تەنیا بەم کارە هەستاوە و هیچ کەس هاوڕێیەتیی نەکردووە. هاوکات تا ئێستا دیار نییە کە چی پاڵی پێوە نابێت تا بەم کارە هەستێت".
تەقەکەرەکە، کە دوای 2 کاژێر و نیو تەرمەکەی دۆزرایەوە، لای پۆلیس کەسێکی ناسراو نییە و بە گوێرەی قسەی پۆلیس هیچ بەڵگەیەکیش نییە لەسەر ئەوەی کە پەیوەندیی بە گرووپە "تیرۆریستی"یەکانەوە هەبێت.
هوبێرتوس ئاندریا، بەڕێوەبەری پۆلیسی میونشن گوتی: "تەرمی کەسێک دۆزراوەتەوە، کە وا دەردەکەوێت تەرمی هێرشکەرەکە بێت و خۆی کوشتبێت. ئەو گەنجێکی 18 ساڵەی ئەڵمانیی بەڕەگەز ئێرانییە و دانیشتووی میونشنە. بەپێی لێکۆڵینەوەکان هیچ بەڵگەیەک نییە کە کەسانیتر لەم کارەدا بەشدار بووبن. بەکەسە گومانلێکراوەکەوە 10 کەس کوژراون، 21 کەس رەوانەی نەخۆشخانە کراون، 16یان لەوێ ماونەتەوە، باری 3 کەسیان ناجێگیرە."
23/7/2016
ئەمڕۆ پێنجشەممە مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر پۆستێكی لەبارەی چاوپێكەوتنی لەگەڵ ئاندرێ ڤالان وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری پەرەپێدانی نێودەوڵەتیی فەڕەنسا بڵاوكردەوە.
لە پۆستەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا هاتووە كە سوپاسی خۆی بەو وەزیرەدا بۆ فرانسوا هۆلاند سەرۆكی فەرەنسا ناردووە، لە بەرانبەر ئەو پشتگیرییانەی وڵاتەكەی لە ههرێمی كوردستانی دەكات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ئاندرێ ڤالینی وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری پەرەپێدانی نێودەوڵەتیی فەڕەنسا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە ئاڵان گیبغات كونسوڵی فەڕەنسا لە هەولێر و ژمارەیەك ڕاوێژكار و یاریدەدەری وەزیری دەوڵەت بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتیی فەڕەنسا.
لە دیدارەكەدا بارزانی سوپاسی گەل و حكوومەتی فەڕەنسای كرد كە پاڵپشت و هاوسۆزی گەلی كوردستان بوونە و سوپاسی سەرۆك هۆڵاندیشی كرد كە لە كاتێكی هەستیار و لەو كاتەی كوردستان لەشەڕدا بوو سەردانی هەرێمی كوردستانی كردووە و ئەوەیش مانایەكی زۆر تایبەتی هەیە و گەلی كوردستان لەبیری ناكات.
بارزانی سەرەخۆشیشی لە كەسوكاری قوربانیانی ڕووداوە تیرۆریستییەكەی شاری نیس كرد و ڕایگەیاند ئەو ڕووداوە بە ڕوونی پێشان دەدات كە تیرۆر دوژمنی هەموو لایەكە و هەڕەشەیشە بۆ سەر هەموو جیهان.
22/7/2016
فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران "دوژمنی یەکەم"ی وڵاتەکەی ئاشکرا دەکات.
محەمەد عەلی جەعفەری، فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران رۆژی پێنجشەممە 21ـی تەمموزی 2016 لە گوتەیەکدا بۆ ژمارەیەک فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسداران رایگەیاند، دوژمنەکانی ئێران و "شۆڕشە ئیسلامییەکەی" هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ نانەوەی ئاژاوە لە ئێران.
لەکاتێکدا سیاسییەکانی ئێران خۆیان دوور دەگرن لە ناوهێنانی سعودیە وەک دوژمن بە ئاشکرا، محەمەد عەلی جەعفەری لە گوتەکەیدا سعودیەی بە "دوژمنی یەکەم"ی وڵاتەکەی داناوە و رایگەیاندووە، "سعودیە و ژمارەیەک دەوڵەتی دیکە بەڕوونی دوژمنی ئێرانن".
پێشتر هێزەکانی پێشمەرگەی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە قوڵایی خاکی کوردستانی رۆژهەڵاتەوە رووبەڕووی سوپای ئێران بوونەوە و پشێوییەکی زۆر لەو بەشەی کوردستان دروست بوو، دواتر فەرماندە سەربازییەکانی ئێران رایانگەیاند، کە کونسوڵخانەی سعودیە لە هەرێمی کوردستان لە پشت ئەو پشێویانەی کوردستانی رۆژهەڵاتە.
22/7/2016
کودەتا سەرنەکەوتووەکەی تورکیا، دەرفەتی داوەتەوە رووسەکان تاوەكو جارێکی دی سیاسەتی نێودەوڵەتی و ناوچەیی ئەو وڵاتە بخەنە ژێر پرسیارەوە. هەرچەندە مۆسکۆ بە زمانێکی نەرم و سیاسییانە دژایەتی کودەتاکەی کرد، بەڵام هەرچۆنێک بێت، بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ حەوتەمین هاوبەشی بازرگانیی، وا دەخوازێت حکومەتێکی دیموکرات و هەڵبژێردراو لە ئەنقەرە حوکمڕانی بکات.
ئادالبی شخاگۆشێڤ، ئەندامی پەرلەمانی رووسیا بۆ کاروباری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەڵێت "ئێمە زۆر جار گوتمان پێویستە تورکیا کێشەلەگەڵ دراوسێکانی دروست نەکات، بەڵام کێشەی زۆری دروست کرد، ئەوە کاریگەری هەبوو لەسەر کاروباری ناوخۆی تورکیا. دەبێت بزانین کە مەرج نییە هەموو جارێک ئەنجامی کودەتا ببێتە دڵخۆشی بۆ ئەردۆغان،ئەوە پێنجەمین هەوڵی کودەتایە لەتورکیا".
یوری ماباشێڤ، پسپۆڕ لە کاروباری تورکیا دەڵێت "لە کاژێری یەکەمی کودەتاکە رووسیا هەوڵوێستی خۆی بۆ تورکیا راگەیاند. ئەوە دەبێ رووسیا بزانێت ئەو کودەتایە سەردەکەوێت یان نا، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە مۆسکۆ نایەوێت حکومەتی ئێستای تورکیا لەدەست خۆی بدات و کودەتا لە تورکیا لەبەرژەوەندیی رووسیا نییە".
بەپێی ئامارە فەرمییەکان ساڵانە زیاتر لە سێ ملیۆن رووسی سەردانی تورکیا دەکەن. خەڵکی رووسیا بەبێ لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی کێرملین، دەیانەوێت تورکیایەکی ئارام و سەقامگیر ببینن.
شەقام و دەسەڵاتی رووسیا هەردووک دژی کودەتاکەی تورکیا دەرکەوتن، بەڵام بەپێچەوانەی خەڵک، دەسەڵاتدارانی مۆسکۆ بەوە دڵخۆشن کە کودەتا شکستخواردووەکە بۆ ماوەیەک ئەنقەرە دەباتەوە نێو کێشە ناوخۆییەکانی خۆی، کە توانای رۆڵگێڕیی ناوچەیی نامێنێت.
22/7/2016
هەولێر-KDP.info- پێگەی ئەلکترۆنی ئیکورددەیلی نووسیویەتی کە ئەمەریکا بە گوێرەی ئەو پرۆتۆکۆڵە سەربازییەی کە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا واژۆی کردووە پێنج بنکەی سەربازی لە هەرێمی کوردستاندا دروست دەکات و، لەگەڵ ئەوەیشدا بۆ ماوەی ١٠ ساڵ ئەمەریکا مەشق و راهێنان بە پێشمەرگە دەکات و مووچەیشیان پێ دەدات.
ڕۆژی سێشەممە ١٢/٧/٢٠١٦، بە سەرپەرشتی و ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی، یادداشتی لێکتێگەیشتن و هاوکاریی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لەلایەن کەریم شنگالی وەزیری پێشمەرگە بە وەکالەت و ئێلیزا سلۆتکین جێگری وەزیری بەرگریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ئیمزا کرا.
ئەم ڕێککەوتنە وەک پێگەی ئینگلیزی ئیکورددەیلی ڕایگەیاندووە دوای پێوەندییەکی تەلەفۆنیی نێوان سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسعوود بارزانی و ئاشتۆن کارتەر وەزیری بەرگریی ئەمەریکا لەدایک بوو.
بە گوێرەی پێگەی ئیکورددەیەلی، ئەمەریکا ٥ بنکەی سەربازی لە هەرێمی کوردستاندا دادەمەزرێنێ کە ئەمە لە چوارچێوەی ئەو پرۆتۆکۆلە سەربازییەدایە کە لە نێوان هەولێر و واشنتندا واژۆ کراوە.
پێگەکە بڵاویشی کردووەتەوە کە، بنکە سەربازییەکان دەکەونە پارێزگای هەولێر و دهۆک و دوو بنکەی سەربازی دەکەوێتە هەریر کە سەربە پارێزگای هەولێرە و یەکێکیشیان لە ئەتروش دەبێ.
جگە لەوەی کە پێگەکە باسی لەوە کردووە کە ئەم پرۆتۆکۆڵە سەربازییە بۆ هەماهەنگیی نێوان هەرێم و ئەمەریکایە بە مەبەستی لەنێوبردنی داعش، بەڵام ئەوەیشی خستووەتە ڕوو کە ئەمەریکا بە گوێرەی ئەو رێککەوتنە بۆماوەی ١٠ ساڵ مەشق و راهێنان بە پێشمەرگە دەکات لەگەڵ پێدانی مووچە.
21/7/2016
قوربانیانی کێشەی ئاو لە شاری بۆلداجی پارێزگای چەهارمەحاڵی بەختیاری لە ئێران گەیشتە 180 کەس و ئەندامانی ئەنجومەنی ئەو شارەش دەستیان لە کار کێشایەوە.
شاهین فەتحی، سەرپەرستی هەڵمەتی فریاکەوتن و مانگی سووری بۆلداجی ڕایگەیاند؛ "ژمارەی قوربانیانی کیشەی بێ ئاوی لەو شارە گەیشتووەتە 180 کەس، هەر بەو هۆیەشەوە سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەنی شاری بۆلداجی دەستیان لە کار کێشایەوە".
فەتحی بە ماڵپەرەکانی ئیرانی گوتووە؛ "بەشێک لە بریندارەکان گەیەندراونەتە نەخۆشخانە و دۆخی تەندروستیان ناجێگیرە".
خەڵکی شاری بۆلداجی ئێران لەدژی گواستنەوەی ئاو لە ناوچەی "چەغاخووری" سەوزەکێو بۆ دەشتی سپی "برووجن" دوو ڕۆژی ڕابردوو ڕژانە سەر شەقامەکانی ئەو شارە و لەدژی بەڕێوەبەرە خۆجێیەکان دروشمیان دا.
ئەو خۆپێشاندانەدا توندوتیژیی نێوان خەڵک و پۆلیسی لێ کەوتەوە و بە هۆیەوە 180 کەس بریندار بوون و کەسێکیش گیانی لەدەست داوە، هاوکات زیاتر لە 50 کەسیش دەستبەسەر کراون و بەشێک لە دامەزراوە حکوومییەکان زیانی مادییان بەر کەوتووە.
ڕۆژی ڕابردوو، سەرچاوەیەک لە چەهارمەحاڵی بەختیاری بە (باسنیوز)ی راگەیاند؛ خەڵکی بۆلداجی دەڵێن؛ "2 پۆلیس کوژراون و پەیوەندیی ئەنتەرنێت و تەلەفۆن لەو شارە پچڕاوە و هێزێکی زۆری ئەمنی ڕژاونەتە ناو شارەکە.
لە نامەی دەست لەکارکێشانەوەی ئەندامانی ئەنجومەنی شاری بۆلداجیدا هاتووە؛ "هۆکاری دەست لەکار کێشانەوەمان ئەو بڕیارە نامەنتقییەی بەرپرسە ئەمنییەکانە کە بە مەبەستی سەرکوتی خۆپێشاندەران هێزێکی زۆری ئەمنییانە لە ناوچەکانی دیکەوە هێناوە و لەو شارە بڵاو کردوونەتەوە".
شاری بۆلداجی سەر بە پارێزگای چەهارمەحاڵی بەختیارییە و لە سێ نەتەوەی تورک، فارس و لوڕ پێکهاتوون کە زۆربەی دانیشتوانی لوڕن و خۆیان بە کورد دەزانن.
21/7/2016
پێچەوانەی بەرپرسانی حکومی ئێران، کە دەڵێن رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران و رۆژئاوا بووژانەوەی کەرتی ئابووریی و پیشەسازی ئەو وڵاتەی لێدەکەوێتەوە، پەرلەمانتارێکی کورد دەڵێت، ئەو رێککەوتنە بووەتە ناوەندی قەیران لە کەرتەکانی پیشەسازی و بەرهەمهێنان و رەوتی گەشەکردنی پارێزگا گەشەنەکردووەکانی زیاتر لە رابردوو دواخستووە.
ئەحسەن عەلەوی، نوێنەرێکی سنە لە پەرلەمانی ئێران پێشبینی دەکا، لەساڵانی داهاتوودا دۆخی قەیراناوی بەرهەمهێنان و پیشەسازی لە ئێران قوڵتر بێتەوە و ئەنجامەکانی زیاتر دەرکەون.
بەگوتەی عەلەوی، چوار هەزار کرێکار و فەرمانبەر لە کەرتی پیشەسازی ئێران دەرکراون و زۆریەک لە کارخانەکانیش داخراون.
ئەو دەڵێت کاریگەری ئەو دۆخە لەسەر پارێزگا بێ بەش و گەشەنەکردووەکانی وەک سنە چەند بەرابەر زیاتر کاریگەری نەرێنی دەبێت.
ئەحسەن عەلەوی ئاماژەی بەوەشداوە بەهۆی سیاسەتە هەڵەکانی حکومەت، کەرتی کشتوکاڵی پارێزگای سنە مەترسی لەسەرە. دەشڵێت "ئاوی پارێزگای سنە بۆ ناوچەکانی دیکە دەگوازرێتەوە بەڵام بەشێکی زۆر باخ و زەوی و زارەکانی خۆی ئەو پارێزگایە بەهۆی کەمئاوی وشکبوونە".
عەلەوی هەروەها رەخنە لە حکومەتی ئێران دەگرێت "کە نەیتوانیوە چارەسەرێک بۆ کێشەی بێکاری بدۆزێتەوە. دەشڵێت، لەنێو 189 وڵاتی جیهان، ئێران لەڕووی ئاسانکاری بۆ دابینکردنی هەلی کار لە پلەی 118ـیەمدایە. ئەوەش بە نیشانەیەک بۆ باشنەبوونی رەخساندنی هەلی کار لەو وڵاتە لەقەڵەمدەدات.
ئەو پەرلەمانتارە كوردە رەخنە لە وەزیری کاری ئێرانیش دەگرێت و دەڵێت، وەزیری کار بە جۆرێک باسی بێکاری دەکات وەک ئەوەی نەزانێ کە هۆکاری بێکاری خەڵک خۆی حکومەتە.
22/7/2016