سەرەتا سەربازانی سوپای تورکیا لە هەردوو پردی بۆسفۆر و سوڵتان ئەحمەد، کە بەشە ئاسیاییەکەی ئیستەنبوڵ دەبەستنەوە بە بەشە ئەوروپییەکەیەوە بڵاوەیان پێکرا. پاشان ژمارەیەک فڕۆکە بە ئاسمانی ئەنکەرەدا دەستیان بە سوڕانەوە کرد.
بەدیلگرتنی سەرۆکی ئەرکانی سوپای تورکیا لەلایەن ژمارەیەک ئەفسەری پلەباڵای سوپاوە، گڵۆپی سەوزی کودەتاکەی داگیرساند و پاشان دەستبەسەر کەناڵی فەرمی حکومەتی تورکیادا گیرا.
کودەتاچییەکان کە خۆیان بە ئەنجوومەنی ئاشتی سوپای هێزە چەکدارەکانی تورکیا ناساند، لە رێگەی تەرەتەوە، پەیامێکیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند: "بۆ پاراستنی دیموکراسی و پێکەوەژیان و ئازادی تورکیا دەستیان بەسەر تەواوی دەسەڵاتەکانی تورکیادا گرتووە".
هەروەها راشیانگەیاند، هەموو ئەو کەسانەی کە تورکیایان گەیاندووە بەم رۆژە، دەبرێنە بەردەم دادوەر و بە سزای خۆیان دەگەیێندرێن و لە داهاتوویەکی نزیکدا دەستوورێکی فرەلایەن دەنووسنەوە.
لەم نێوەندەدا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە رێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە کەناڵی سی ئێن ئێن تورکەوە کرد و داوای لە گەلی وڵاتەکەی کرد کە بڕژێنە سەر شەقامەکان و دژی کودەتاکە بوەستنەوە.
لەگەڵ ئەم پەیامەی ئەردۆغاندا، دەیانهەزار کەس رژانە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندانیان سازکرد، ئەمەش بوو بەهۆی دروستبوونی پێکدادان لە نێوان سەربازانی سوپا و خەڵکی سڤیل لەلایەک و سەرباز و پۆلیس لەلایەکی دیکەوە و سەدان سەرباز کە بە فەرمانی کودەتاچییەکان دەجوڵانەوە دەستگیر کران.
16/7/2016
بەهۆی رەوشی تورکیا و ئەنجامدانی کودەتای سەربازی دژی حکومەت لەلایەن بەشێکی سوپا، سەرەڕای ئەوەی شەوی رابردوو باڵەخانەی پەرلەمانی تورکیا بۆردوومان کرا، بەڵام ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی نائاسایی تێدا ئەنجامدرا، وەزیری دادی ئەو وڵاتەش رایگەیاند : دەستمان بە لێکۆڵینەوە کردووە لەگەڵ ئەو سەرباز و ئەفسەرانەی کودەتاکەیان ئەنجامداوە.
رۆژی شەممە 16-7-2016 پەرلەمانی تورکیا بە سەرۆکایەتی ئیسماعیل قەهرەمان، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجامدا، بەکر بوزداغ، وەزیری دادی تورکیا لە پەرلەمانی وڵاتەکەی گوتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند: درێژە بەو دەسەڵاتە دەدەین کە گەل پێیداوین... پەرلەمانی تورکیا نوێنەری راستەقینەی تەواوی گەلە و دژی ئەو هەوڵە نامۆیەین کە لایەنە تیرۆرستییەکان ئەنجامیان داوە".
لەبارەی خۆپیشاندانی خەڵکی تورکیا دژی کودەتا سەربازییەکە، وەزیری دادی تورکیا گوتی " وەکو چۆن گەل هاتە سەر شەقام و تاوەکو ئێستاش لەسەر شەقامن، ئێمەش بەهەموو شێوەیەک بەرەنگاریان دەبینەوە، دروود بۆ ئەو کەسانەی لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا شەهید بوون".
بەکر بوزداغ، هەروەها ئاشکرای کرد " ئێمە وەکو وەزارەت دەستمان بە لێکۆڵینەوە کردووە لەگەڵ ئەو سەرباز و ئەفسەرانەی دەستگیریمان کردوون و پرۆسەی دەستگیرکردن بەردەوام دەبێت، بەپێی ئەو زانیاریانەی بەدەستمان گەیشتوون زیاتر لە 754 سەرباز و ئەفسەر دەستگیرکراون".
بەپێی گوتەی وەزیری دادی تورکیا " رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆمار و بیناڵی یڵدرم، سەرۆک وەزیرانی تورکای بەوردی بەدواداچوون بۆ چالاکییەکان دەکەن، ئێمەش لە پەرلەمان بەردوام دەبین، دەبێت بزانین سینارۆکە چۆن بوو؟ لەکوێ دەستی پێکرد؟ هێزە ئاسمانییەکان چۆن توانیان ئامانجەکانیان بپێکن و بۆردوومان بکەن و تورکیا خەڵتانی خوێن بکەن ".
بەکر بوزداغ، وەزیری دادی تورکیا جەختی کردەوە " ئەوەی مایەی دڵخۆشییە پارت و رێکخراوەکان و ریکخراوە مەدەنییەکانیش رۆڵی باشیان گێڕا لە باشترکردنەوەی رەوشەکە"، گوتیشی " لەماوەی چەند کاژێرێکدا زیانێکی ماددی و گیانی زۆر بەر تورکیا کەوت، بەڵام تاوەکو ئێستا دەسەڵات و پەرلەمان ماون و گەلی تورکیا ماوە و لەسەر پێ وەستاون، ئێمەش زیاتر چاوکراوە دەبین بۆ ئەوەی کەس نەتوانێت شتێکی دیکەی هاوشێوە دووبارە بکاتەوە".
گوتەکانی وەزیری دادی تورکیا لەکاتێکدان، رۆژی 15-7-2016 بەشێک لە سەرباز و ئەفسەرانی تورکیا کودەتایەکی سەربازیان ئەنجامدا، دوای ئەوەی دەستیان بەسەر کەناڵی فەرمی تەلەڤزیۆنی تورکیادا گرت لە پەیامێکدا رایانگەیاند " ئامانجی کودەتاکە بۆ گەڕانەوەی دیموکراسیەتە لە تورکیا"، بەڵام دوای ئەوەی ئەردۆغان داوای لە خەڵکی وڵاتەکەی کرد بڕژێنە سەر شەقام و دژی کودەتاجییەکان بوەستنەوە، دەیان هەزار کەس چوونە سەر شەقامەکان و ژمارەیەک لەو ئەفسەر و پۆلیسانەیان دەستگیرکردن کە کودەتاکەیان ئەنجامدابوو.
16/7/2016
هونەرمەندێكی ناسراوی ئێرانی؛ رایگەیاندووە كە كوردەكان بەهۆی ئازایەتی و تێكۆشانیان دەگەنە ئامانجی خۆیان كە سەربەخۆییە و ناوچەكانیان سەقامگیری بەخۆیەوە دەبینێت.
داریووش ئیقباڵی هونەرمەندی ناسراوی ئێرانی کە لە دەرەوەی وڵاتە لە لێدوانێكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند كە بۆ ئازیزانی كورد و شەهیدانی كورد و خەباتگێڕانی كورد؛ ئایندە بۆ كوردەكانە.
هونەرمەند داریۆش ئاماژەی بەوەش كردوو كە خۆڕاگری و بەرخودان و تێكۆشانی گەلی كورد و دووربینییان؛ دەیانگەیەنێتە خەونی مێژوویی خۆیان كە سەربەخۆییە.
داریۆش دەشڵێت: رۆژێك هەر دەگەنە ئامانجی خۆیان و لە مێژوودا كوردەكان هەمیشە تێكۆشاون بۆ سەربەخۆیی خۆیان.
هونەرمەندە ناودارەكەی ئێرانی هیوای خواست كە رۆژێك ئازادی و ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچە كوردییەكان و سەتاسەری ئێران بەدی بێت و بگەنە سەربەخۆیی خۆیان.
15/7/2016
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە پەلامارە تیرۆریستییەکەی شاری نیسی فەڕەنسا، پەیامێکی هاوخەمی ئاراستەی سەرۆک کۆماری فەڕەنسا کرد.
ئەمەش دەقی پەیامەکەیە:
پەیامی هاوخەمیی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ سەرۆك كۆماری فەڕەنسا
بەڕێز فڕانسوا هۆڵاند سەرۆك كۆماری فەڕەنسا
پەلامارە تیرۆریستییەكەی شاری نیسی فەڕەنسا و كوژرانی هاووڵاتیانی بێ تاوان بەدەستی تیرۆریستان لە یادی ڕۆژی نیشتیمانیی فەڕەنسا زۆر خەمبار و دڵگرانی كردم. زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو كردەوە دڕندانەیە دەكەم و بەناوی خۆم و گەلی كوردستان سەرەخۆشی لەئێوە و گەلی فەڕەنسا و كەسوكاری قوربانیانی ئەو ڕووداوە دڵتەزێنە دەكەم، هیوای چاكبوونەوە بۆ برینداران دەخوازم.
تیرۆریستان دوژمنی مرۆڤایەتی و دژی ئازادی و ئاسوودەیی مرۆڤن لە هەموو شوێنێكی جیهاندا. پەلاماری تیرۆریستان بۆ سەر بەشداربوانی یادی ڕۆژی نیشتیمانیی فەڕەنسا پەلاماردانە بۆ سەر پڕەنسیپ و بەهاكانی ئازادیخوازی و یەكسانی و برایەتیی شۆڕشی فەڕەنسا كە بەها و پڕەنسیپی ئینسانی و جیهانین. لەو چركەساتە خەمبارانەدا گەلی كوردستان كە خۆی قوربانیی دەستی تیرۆرە و لە هێڵی یەكەمی شەڕی تیرۆریستاندایە، هاوسۆزی گەلی فەڕەنسایە. بە بەڕێزتان ڕادەگەیێنم گەلی كوردستان لە شەڕی دژی تیرۆر و ڕووبەڕووبوونەوەی توندڕۆییدا بە هەموو توانایەك پشتیوانی گەل و حكوومەتی فەڕەنسای دۆستە.
مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
15ـی 7ـی 2016
سەرۆکی فەرەنسا دەڵێت "رووداوەکەی شاری نیس تیرۆریستی بووە و ئەوانەی هێرشیان کردووەتە سەرمان لە ماڵی خۆیان گورزیان لێ دەدەین".
درەنگانێکی شەوی پێنجشەممە 14-7-2016 بەکامیۆنێکی بارهەڵگر هێرشکرایەسەر خەڵکی شاری نیس لە باشووری فەرەنسا، کە بۆ ئاهەنگگێڕانی رۆژی نیشتمانی فەرەنسا لە یەکێک لە شەقامەکانی ئەو شارە کۆبووبوونەوە.
لە هێرشەکەدا بەپێی دوایین زانیارییەکان 84 کەس کوژراون و 50 کەسی دیکەش بریندار بوون، هەرچەندە تاوەکو ئێستا ئاماری کوژراوان و بریندارانی رووداوەکە بە رەسمی رانەگەیێندراوە.
لە دوای رووداوە خوێناوییەکەی نیس، فرانسوا ئۆلاند، سەرۆکی فەرەنسا لە گوتارێکدا رایگەیاند: "رووداوەکەی شاری نیس هێرشێکی تیرۆریستی بووە و بەهۆی ئەو رووداوەوە تاوەکو سێ مانگی دیکە باری نائاسایی لە فەرەنسا درێژ دەکەینەوە".
سەرۆکی فەرەنسا گوتی: "ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانمان لە سووریا و عێراق زیاتر دەکەین و ئەوانەی هێرشیان کردووەتە سەرمان لەماڵی خۆیان گورزیان لێ دەدەین".
لەلایەکی دیکەوە سەرۆکی شارەوانی نیس گوتوویەتی: "بارهەڵگرەکە بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنی و نارنجۆکی تێدا بووە و شۆفێری بارهەڵگرەکە بەهۆی تەقەی پۆلیسەوە کوژراوە".
شایەتحاڵەکان باس لەوە دەکەن کە کاتێک بارهەڵگرەکە بەرەو لای خەڵکەکە رۆیشتووە نزیکەی هەزار کەس لەو شوێنە بوون و بە مەودای 2 کیلۆمەتر لە نێو خەڵکەکەدا پێشڕەوی کردووە.
لەکاتی رووداوەکەدا دەنگی تەقەش بیستراوە و لە وێنە و گرتە ڤیدیۆییەکاندا دەردەکەوێت کە تەقەیەکی زۆر لە بارهەڵگرەکە کراوە.
کریستیانۆ سترۆسی، سەرۆکی شارەوانی نیس بە کەناڵێکی تەلەڤزیۆنی فەرەنسای گوتووە: "ئەو پۆلیسەی کە تەقەی لە شۆفێری بارهەڵگرەکە کردووە و کوشتوویەتی، بە ئێمەی راگەیاندووە کە شۆفێرەکە لەو کاتەی بەرەو پێش دەهات تەقەی لە خەڵکیش دەکرد".
بەگوتەی سەرۆکی شارەوانی نیس "شۆفێری بار هەڵگرەکە بە پلانی پێشووتر ئەو کارەی کردووە و هێرشەکە کتوپڕ نەبووە".
باراک ئۆباما، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، رووداوەکەی بە "هێرشێکی تیرۆریستی مەترسیدار" ناوزەدکرد و شەرمەزاری کرد.
ئۆباما هاوخەمی خۆی بۆ خەڵکی فەرەنسا دەربڕی و رایگەیاند: "ئەمریکا لەوبارەیەوە یارمەتی هاوپەیمانە دێرینەکەی دەدات".
وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیاش رایگەیاند: "بەدواداچوون بۆ وردەکاریی رووداوەکە دەکەین و لەگەڵ بەرپرسانی شاری نیس لەپەیوەندیداین".
تاوەکو ئێستا هیچ کەس و لایەنێک بەرپرسیارەتی هێرشەکەیان لە ئەستۆ نەگرتووە و دیاریش نییە کە ئایا شۆفێری بارهەڵگرەکە بەتەنیا ئەو کردەوەیە ئەنجام داوە یان کەسانێکی دیکەیش لە پشتەوەی ئەو هێرشەوە هەن.
15/7/2016
سەرۆک وەزیرانی عێراق پەیامێک بۆ سەرۆکی رژێمی سووریا دەنێت و تێیدا داوای هاوکاریی سەربازیی لێ دەکات.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی (سانا)ی فەرمیی سووریا، رۆژی چوارشەممە 13ـی تەمموزی 2016، فالح فەیاز، راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی عێراق لە دیمەشق سەردانی بەشار ئەسەد، سەرۆکی رژێمی سووریای کردووە.
فالح فەیاز بە نوێنەرایەتیی عەبادی سەردانی ئەسەدی کردووە و داوای هاوکاریکردنی سەربازیی، سیاسی و ئاسایشی لێکردووە لەنێوان هەردوو وڵات.
راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی عێراق وردەکاریی پلانەکانی رزگار کردنەوەی مووسڵی بۆ سەرۆکی رژێمی سووریا روون کردووەتەوە و سووربوونی لایەنی عێراقی لە هاوکاریکردنی یەکتر لەگەڵ سووریا ”لە شەڕی دژی رێکخراوە تیرۆریستییەکان“ کردووەتەوە.
بەشار ئەسەد لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاندووە، کە هەر سەرکەوتنێک لە شەڕی دژی توندڕەوان لە هەر کام لەو دوو وڵاتە بەدەست بێت، سەرکەوتنە بۆ وڵاتەکەی دیکەش، پیرۆزباییشی لە گەل و حکوومەتی عێراق کردووە بەبۆنەی رزگار کردنەوەی شارۆچکەی فەللوجە لە پارێزگای ئەنبار.
لەسەرەتای شەڕی ناوخۆیی سووریاوە، کە لە مانگی ئاداری 2011 لەنیوان رژێمی ئەو وڵاتە گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکان دروست بووە، عێراق هاوشێوەی وڵاتانی رووسیا و ئێران بە سەختی پشتگیریی لە رژێمی سووریا دەکات و چەندین میلیشیای شیعەش بە فەرمی نێردراونەتە سووریا، بۆ بەرگریکردن لە رژێمی ئەو وڵاتە.
رۆژی 26ـی حوزەیرانی 2016، فەریق روکن عەبدولوەهاب ساعدی، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی فەللوجە رایگەیاند، کە بە رزگارکردنەوەی گەڕەکی جۆلان، شارۆچکەکە بە تەواوی رزگار کرایەوە.
فەللوجە شارۆچکەیەکی سوننەنشینی پارێزگای ئەنبارە، لەگەڵ شاری مووسڵ لە مانگی حوزەیرانی 2014 لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعشەوە داگیرکراوە.
14/7/2016
بەرپرسێكی پێشووی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا کە راوێژکاری چوار لە سەرۆکەکانی پێشووتری ئەمریکا بووە رایدەگەیەنێت:" عێراق باکووری خۆی کە مەبەستی هەرێمی کوردستانە لەدەستدەدات و دابەش دەبێت".
برووس ریدڵ، یەکێک بەرپرسانی پێشووی سی ئای ئەی بە رۆژنامەی شەرقولئەوسەتی راگەیاندووە: "نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جارێکی دیکە دادەڕێژرێتەوە و ئەو ئاڵۆزییەی لەناوچەکە هەن دەبنە هۆکاری سەرەکی داڕشتنەوەی نەخشەی ناوچەکە".
ریدڵ رایگەیاندووە: "کورد لە باکووری عێراق جیادەبنەوە و ئێرانیش لەگەڵ ئەوەدایە سێ دەوڵەت لە عێراق ببینێت، دەوڵەتی شیعی، سوننەکان یان عێراقی بچووککراوە، لەگەڵ دەوڵەتی کوردی، ئێران بەو ئامانجە دەیەوێت هەلی دەستوەردان لە کاروباری ناوچەکان بقۆزێتەوە".
ئەو بەرپرسە پێشووەی سی ئای ئەی پێیوایە "دوو هۆکار بوونەتە هۆی زیادبوونی ئاڵۆزییەکان، یەکەمیان بڕیاری بەریتانیا و ئەمریکا بۆ ئازادکردنی عێراق و ئەوی دیکەش فەشەلی بەهاری عەرەبی لە وڵاتاندا، کە سووریا و لیبیا بەرەو نەمان و دابەشبوون دەڕۆن".
برووس ریدڵ دەڵێت: "کێشەکانی عێراق هۆکارەکەی نەبوونی قۆناخێکی گواستنەوە بووە لەدوای رووخانی رژێمی پێشووی عێراق، داعش لە عێراق لە قۆناخی بێ هیوایی دایە بەڵام لەچەندین رووی دیکەوە وەک پەلاماری وڵاتان هێشتا مایەی مەترسی گەورەیە".
دەشڵێت: "تاوەکو گرووپە شیعەکان مابن داعش دەمێنێت، دەبێت بۆ ئارامکردنەوەی رەوشی بەغداش موسڵ کۆنترۆڵبکرێتەوە".
14/7/2016
بەهۆی هەڕەشەی بەرپرسانی ئێران و بۆ دەربازبوون لە دۆخی ئێستایان، حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان هەنگاوی سەرەتاییان بۆ لێک نزیکبوونەوە ناوە. شەش حیزبی رۆژهەڵاتی کوردستان لەیەک هەفتەی رابردوودا دوور لە چاوی کامێراکان دووجار کۆبوونەتەوە.
هەفتەی رابردوو، دوو لایەنی حیزبی دیموکرات (حدكا و حدك)، کۆمەڵەی زەحمەتکێشان، کۆمەڵە، رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیست و سازمانی خەبات لەئاستی دەفتەری سیاسی لە بنکەی سەرکردایەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان کۆبوونەتەوە.
هاوكات رۆژی چوارشەممەش 13-7-2016 بە بەشداری ئەو پێنج حیزبە و هەروەها کۆمەڵەی شۆڕشگێر، لە نوێنەرایەتی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی کۆبوونەتەوە.
لەبارەی ناوەڕۆکی ئەو کۆبوونەوەیە، ئەحمەد ساڵحی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵە، رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران دەڵێت، ئەوان بۆ باسکردن لەسەر رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەڕەشەکانی ئێران و هاوکاریکردنی یەکدی کۆبوونەتەوە.
حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان رایانگەیاندووە، هەڕەشەکانی ئێران بۆ لێدانی بنکە و بارەگای حیزبەکانی رۆژهەڵات، بەجددی وەردەگرن. دەشڵێن، ئەو هەڕەشانە هەموو حیزبەکان دەگرێتەوە بۆیە پێویستە هاوکاری و هەماهەنگیان هەبێت. لەو کۆبوونەوەدا هەروەها باس لە کۆبوونەوەی هاوبەشی سکرتێری ئەو شەش حیزبە کراوە.
هەرچەندە ئەو شەش حیزبە دەڵێن، هەموو حیزبەکانی رۆژهەڵات دەتوانن لە کۆبوونەوەکانیاندا بەشداربن، بەڵام پارتی ژیانی ئازادی کوردستان و پارتی ئازادی کوردستان بانگ نەکراون.
رووداو زانیوێتی، لەو کۆبوونەوەدا نوێنەرانی حیزبەکان پێداگرییان لەسەر هاوکاری و هاوئاهەنگی یەکدی، لێک نزیکبوونەوە و پێکەوە کارکردن کردووەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێکی کردەییان لەوبارەوە نەداوە. بڕیارە ئەو حیزبانە لە داهاتووشدا بەشێوەیەکی بەردەوام پێکەوە کۆببنەوە و خانەخوێی داهاتوو، حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانە.
14/7/2016
سیاسەتمەداری گەلی کوردستان باس لە گرنگیی پرۆتۆکۆلەکەی نێوان هەولێر و واشنتۆن دەکات و ڕای دەگەیەنێت: "کورد گەرەنتی لە ئەمەریکا وەرگرت".
د.مەحمود عوسمان، سیاسەتمەداری کورد و ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “پرۆتۆکۆلەکەی دوێنێ سێشەممە 12\7\2016ی نێوان هەولێر و واشنتۆن، گرنگە، چونکە سەربازییە کە لەم کاتەدا شەڕی داعش هەیە و هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەبەرەکانی جەنگ دان، لەهەمان کاتدا پێشمەرگە بە سانایی بەشداری لە ئازادکردنەوەی مووسڵدا ناکات، واتە بەبێ بەرنامە ناچێتە ناو شاری مووسڵەوە، بۆیە ئەمەریکا خراوەتە بەردەم رێککەوتنێکەوە کە هاوکاریی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بکات، بۆ ئەوەی بەشدار بێت لە شەڕی مووسڵ”.
ئەوەشی ڕوون کردەوە، ئەم لێکتێگەیشتنە سەرەتایە و لەوە دەچێت لە داهاتوو شتی دیکەی بەدواوە بێت. گوتیشی: “تموحمان هەیە کە ئەو ڕێککەوتنانە لە داهاتوودا بکرێنە ڕێککەوتنی سیاسی کە ئەوە گرنگە و پۆزەتیف و ئەرێنییە". دووپاتیشی کردەوە، خودی ڕێککەوتنەکە گرنگە، چونکە واژووکردنی ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمەریکا، قۆناغێکی نوێیە.
مەحمود عوسمان لە لێدوانەکەیدا بۆ (باسنیوز) باسیشی لەوە کرد: “لەناو لێکتێگەیشتنەکەدا باسی چەک و پارە و بودجە کراوە، ئەمەش زۆر گرنگە بۆ قۆناغی ئازادکردنەوەی مووسڵ، چونکە بمانەوێت و نەمانەوێت، هەر دەبێت بەشداریی ئەو شەڕە بکەین، بۆیە ئەوە دوو ساڵە هەوڵی ئەو ڕێککەوتنە دەدرێت، ئێستاش کە کراوە، زۆر گرنگە بۆ ئەم قۆناغە و گەرەنتییە”.
13/7/2016
وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا ڕای گەیاند، بە مەبەستی تاوتوێکردنی هەڵمەتی سەربازی دژی داعش، 20ی ئەم مانگە، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا، بە بەشداریی بەرپرسە باڵاکانی 34 وڵات، سەرۆکایەتیی کۆنفرانسێکی بەرفراوانی هاوپەیمانی دژە داعش دەکات، بەڵام ڕووسیا بانگهێشت نەکراوە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی کاناڵی (سکای نیوزی عەرەبی)، ئەمڕۆ چوارشەممە (13,7,2016)، پێنتاگۆن بەیاننامەیەکی بڵاو کردووەتەوە؛ تێیدا هاتووە؛ 34 وڵات لەگەڵ هاوپەیمانی ناتۆ بانگهێشت کراون، بۆ ئەوەی 20ی ئەم مانگە لە دووەمین کۆنفرانسی دژ بە داعش بە شێوەیەکی بەرفراوان و لە ئاستی وەزیرانی بەرگریدا چۆنیەتیی بەرەنگاربوونەوەی داعش تاوتوێ بکەن.
پێنتاگۆن ڕای گەیاندووە؛ ئەو دانیشتنە لە بنکەی سەربازیی مریلەند لە نزیک واشنتۆن، پایتەختی ئەمەریکا بەڕێوە دەچێت.
بە سەرنجدان بە سەردانەکی ئاشتن کارتەر، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا بۆ بەغدا ئەو کۆنفرانسە لە کاتێکی گرنگدا بۆ بەرەوڕوو بوونەوەی داعش بەڕێوە دەچێت، چونکە لەو سەردانەیدا، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا پاڵپشتی خۆی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.
ئەوە لە کاتێک دایە کە هەر دوێنێ ئێلیزا سلۆتکین، یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە سەڵاحەدین لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازیی لێکرا و لەو دانیشتنەدا یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمەریکا ستایشی هێزی پێشمەرگەی کرد و ڕایگەیاند؛ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەچاوی ڕێزەوە سەیری پێشمەرگە دەکات و وەک هێزێکی شەڕکەری کاریگەر دەیناسێت کە ڕۆڵی زۆر گرینگی بینیوە، هەر بۆیە یادداشتی لێکتێگەیشتن لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە ئیمزا دەکەین.
کارتەر لەو سەردانەیدا بۆ عێراق گوتی؛ ئەمەریکا بەنیازە 560 سەربازی دیکە ڕەوانەی عێراق بکات.
13/7/2016
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و، هاوشێوەی دامودەزگاكانی دیكەی عێراق رۆژێک پشووی بەبۆنەی شۆڕشی 14ی تەمموزی ساڵی 1958 راگەیاند، كە رژێمی پاشایەتی لەسەر دەستی عەبدولكەریم قاسم بۆ كۆماری گۆڕدرا.
سەفین دزەیی، گوتەبێژی حکومەت روونیکردەوە، بەپێی یاسای پەرلەمانی كوردستان لەبارەی پشووە فەرمییەكانەوە، رۆژی پێنجشەممە 2016/7/14 لە دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان پشووی فەرمییە.
رۆژی 14ی تەمموزی 1958، كۆمەڵێك ئەفسەری سوپای عێراق بەسەرۆكایەتی عەبدولكەریم قاسم كودەتایەكی سەربازییان لە دژی رژێمی پادشایەتی لە عێراق ئەنجامدا و سیتسەمی حوكمڕانیان بۆ کۆماری گۆڕی، شۆڕشەكە بە 14ی گەلاوێژ ناسراوە و بۆیەكەمجار لە دەستووری نوێدا كورد و عەرەب وەك دوو پێكهاتەی سەرەكی لە عێراق ئاماژەیان پێكرا.
13/7/2016
سەعات 3ی سەرلە بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە بە کاتی ئێران، لە شاری سنە لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە هیرش کرایە سەر بنکەیەکی پۆلیس و سەربازێک بریندار بووە.
بەپێی هەواڵی مالپەڕی ڕۆژی کورد لە شاری سنە، سەعات 3ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 2016 -7 -12لەلایەن پێنج چەکداری نەناسراوەوە لە گەڕەکی بەهاران هێرش کراوەتە سەر بنکەی ژمارە 1ی پۆلیسی هێزی ئینتزامی ئەو شارە و دەستڕێژیان لێ کردووە و دەگوترێ سەربازێک بریندارە.
کەڵانتەری 14ـی سنە له گەڕەکی بەهاران، نزيك زانكۆی زانستی - کاربوردی سنە، هەڵکەوتووە.
بەپێی زانیارییەکان لەو هێرشەدا سەربازێکی حکوومەت بریندار بووە و ئێستا ئەو بنکەیە لە ئامادەباشی دایە.
دەنگی تەقەکان لە ئاستێکدا بووە کە خەڵکانیکی زۆر لە سنە گوێیان لێ بووە بەڵام رێگە نەدراوە خەڵک لەو شوێنە کۆببنەوە.
12/7/2016
بەچاودێری و ئامادەبوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، رۆژی سێشەممە 12-7-2016 لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا پرۆتۆکۆلێکی سەربازی واژۆدەکرێت، بەپێی پرۆتۆکۆلەکەش ئەمریکا هاوکاریی سەربازی و دارایی پێشکەشی هێزەکانی پێشمەرگە دەکات.
سەنگەر عەبدولڕەحمان، پەیامنێری رووداو لە هەولێر رایگەیاند " بڕیارە رۆژی سێشەممە لە شاری هەولێر پرۆتۆکۆلێکی سەربازیی و سیاسیی فەرمی لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا واژۆ بکرێت".
پەیامنێری رووداو هەروەها گوتی "وەکو بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەیان پێداوە، ئەمە یەکەمجارە پرۆتۆکۆلێکی هاوشێوە بەشێوەیەکی فەرمی واژۆ دەکرێت و کاری پێدەکرێت".
لەبارەی ناوەڕۆکی پرۆتۆکۆلەکەش، سەنگەر عەبدولرەحمان گوتی" پرۆتۆکۆلەکە سەربازی و سیاسییە و بە ئامادەبونی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە نێوان رۆب وۆرک، جێگری وەزیری بەرگری ئەمریکا و کەریم شنگالی، وەزیری ناوخۆ و پێشمەرگە بەوەکالەت واژۆدەکرێت".
پەیامنێری رووداو ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو پرۆرتۆکۆلە لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا تاوەکو تەواوبوونی شەڕی داعش کاری پێدەکرێت، بەپێی پرۆتۆکۆلەکەش ئەمریکا هاوکاری سیاسی و سەربازی و دارایی هێزەکانی پێشمەرگە دەکات لەشەڕی دژی داعش.
بەپێی راگەیاندنی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رۆژی دووشەممە 11-7-2016 "ئاشتن کارتەر، وەزیری بەرگری ئەمریكا و مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە، کارتەر جەختی لە بەردەوامیی و پابەندبوونی وڵاتەكەی بۆ هاوكاریكردنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەربڕیوە و خۆشحاڵیی خۆیشی لە هەماهەنگی و هاوكاریی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراق نیشانداوە".
12/7/2016
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران وێڕای ڕەخنەگرتن لە بەیاننامەیەکی ناتۆ لەبارەی بەرنامەی مووشەکیی ئێران، ئەو زانیارییانەی بە دووپاتکردنەوە و بێ بنەما وەسف کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی ئیرنا، بەهرام قاسمی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی کردووەتەوە "توانایی مووشەکیی ئێران، تەنیا لەڕاستای بەرنامەی ڕەوای بەرگریی ئێران دایە و بە گوتەی ئەو "بە هیچ شێوەیەک بۆ هەڵگرتنی کڵاوی ناوکی نییە."
ئاماژەی بەوەش داوە "بەرنامەی مووشەکیی ئێران، هیچ پەیوەندییەکی بە بەرجامەوە نییە و وەک پێشێلکاری بڕیارنامەی 2231 نایەتە ئەژمار.
لە بەیاننامەی کۆتایی دانیشتنی بەرپرسانی وڵاتانی ئەندامی "پەیمانی ئاتلانتیکی باکوور" (ناتۆ)دا، سەرەڕای ڕاگەیاندنی بە کردەئیی کردنی قەڵغانی مووشەکیی لە ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا، جەخت کراوەتەوە کە ئەم سەکۆ مووشەکییە، لەدژی ڕووسیا نییە، بەڵکوو لە بەرانبەر مووشەکە بالستیکەکانی ئێراندا دانراوە."
ئەنجێلا مێرکێل، ڕاوێژکاری باڵای ئەڵمانیاش لە ڕۆژانی ڕابردوودا ڕایگەیاند "تاقیکردنەوە مووشەکییەکانی ئێران لەگەڵ ڕێکەووتننامەی ئەنجومەنی ئاسایش ناتەبایە و دژی ڕێککەوتنی ناوکیی وڵاتانی پێنج کۆ یەکە لەگەڵ ئێران.
11/7/2016
دوای ئەوەی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە ماوەی ڕابردوودا ٩٣ دۆسیەی تایبەت بە چاکسازی دایە دەستەی نەزاھە و داواکاری گشتی، بڕیاردەری لیژنەی نەزاھەی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای دەکات، ھەندێک لەو دۆسیانە لە دادگا یەکلایی بوونەتەوە.
ئەنەس دۆسکی، بڕیاردەری لیژنەی نەزاھە لە پەرلەمانی کوردستان تایبەت بە (باس)ی ڕاگەیاند، شتی باش لەو دۆسیانەی چاکسازی کراوە کە لە لایەن سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دراونەتە دەستەی نەزاھە، گوتی: "بە شێوەیەکی باش و ھێمنانە دۆسیەکان لە دەستەی نەزاھە کاریان لەسەر دەکرێت و کاری باشیش لەسەر ئەو دۆسیانە کراون".
ڕۆژی ١٠ی شوباتی ٢٠١٦، مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، چەند بڕیارێکی بۆ ئەنجامدانی چاکسازی دەرکرد، بەپێی بڕیارەکان دەبێت پێداچوونەوە بە ھەیکەلی کارگێڕی و دارایی و ژمێریاریی حکوومەتدا بکرێت و زێدەڕۆییەکان لەسەر موڵکی حکوومەت لابدرێن و پێداچوونەوە بە داھاتەکانی کوردستان بکرێت و کۆمپانیاکانیش ھاوکاریی حکوومەت بکەن.
دۆسکی ئەوەی ئاشکرا کرد، لەو ٩٣ دۆسیە چاکسازییەی بارزانی کە درابوونە دەستەی نەزاھە، ھەندێک دۆسیە لە دادگا یەکلایی بوونەتەوە، گوتیشی: "بە دیاریکراوی نازانم لەو ٩٣ دۆسیەیە چەندیان یەکلایی بوونەتەوە، بەڵام بەدڵنیاییەوە ھەندێک لەو دۆسیانە یەکلایی بوونەتەوە و شتی دڵخۆشکەر ھەیە".
بڕیاردەری لیژنەی نەزاھە لە پەرلەمانی کوردستان دووپاتی کردەوە، ئەوان چاودێریی دۆسیەکان و بڕیارەکانی چاکسازی دەکەن و لەگەڵ لایەنە پێوەندارەکان لە ھاوئاھەنگیدان.
بەرپرسانی دەستەی نەزاھە دووپاتیان کردووەتەوە کە گەندەڵی لە بەھەدەردانی پارە و خواردن و دەوڵەمەندبوون لەسەر موڵکی گشتی وای کردووە لە ساڵانی ڕابردوودا سامانێکی زۆر لە وڵاتدا بەفیڕۆ بچێت و متمانەی نێوان ھاووڵاتی و دەسەڵات لاواز بێت.
حاکم ھیوا، ئەندامی داواکاریی گشتی و ئەندامی دەستەی مافی گشتی بە (باس)ی راگەیاند: “لەو دۆسیانەی چاکسازیی بارزانی ١٠ دۆسیەی جۆراوجۆر بە ئێمە دراون، کە پێوەستن بە دامودەزگاکانی حکوومەت و ناوی کەسە تۆمەتبارەکانیش لەو دۆسیانەدا ھەیە".
حاکم ھیوا ڕوونیشی کردەوە، ئەوان لەسەر ھەر ١٠ دۆسیەکە بەدواداچوونی پێویست دەکەن و پاشان لەگەڵ دادگا کۆ دەبنەوە و بڕیاریان لەبارەوە دەدرێ.
ئەندامەکەی داواکاری گشتی دووپاتی کردەوە، ھیچ رێگرییەک لەبەردەم کارەکانی ئەواندا نییە و کاری خۆیان بەباشی ئەنجام دەدەن و ھاوئاھەنگیی باشیشیان لەگەڵ سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستاندا ھەیە.
سەبارەت بە یەکلابوونەوەی ھەندێک لە دۆسیەکان لە دادگا، ئەو دەیگوت: "ئەگەر ئەو کەسانەی دادگا بڕیاری لە دژ دەرکردوون ناڕازی بن دەتوانن بڕیاری دادگا تەمیز بکەن، ئەگەر داواکاری گشتیش بە دڵی نەبێت بۆمان ھەیە تەمیزی بکەینەوە".
رۆژی ٩ی ٦ی ٢٠١٦ مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە راگەیاندراوێکدا ئاشکرای کرد لەسەر دۆسیەی دەرمان و وەبەرھێنان و نەوت و بانکەکان ڕێوشوێنی پێویست دیاری کراون بۆ چاکسازی و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لەو سێکتەرە گرنگانە.
بارزانی دڵنیایی دایە خەڵکی کوردستان کە ھیچ کەسێک لەم پڕۆسەیە پارێزبەندیی نییە و ھەموو سێکتەر و دامەزراوەکان دەگرێتەوە و ھیچ بەربەستێکیش نابێت ڕێگر بێت لەبەردەم دامەزراوەکانی وڵات بۆ جێبەجێکردنی بەرنامە و پلانەکانی ڕیفۆرم و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی.
حاکم ھیوا ڕوونی دەکاتەوە، ھەنگاوەکانی چاکسازی باش دەڕۆن: "نییەت و جدییەت و لە ئیشکردندا ھەیە و پەنا بەخوا بەرھەمی دەبێت".
12/7/2016