دەقی راگەیێندراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان
سەردار حوسێن سەلامی، جێگری فەرماندەی سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامیی ئێران، دوێنێ لە وتاری نوێژی هەینیدا لە شاری تارانی پایتەختی ئێران، هەڕەشەی وێرانكردنی هەرێمی كوردستانی لە حكومەت و خەڵكی هەرێمی كوردستان كرد.
ئێمە بە توندی ئەو هەڕەشە نابەجێیەی سەردار سەلامی ڕەتدەكەینەوە و بە هەڵوێستێكی نەگونجاوی دەبینین لەگەڵ پەیوەندیی لەمێژینە و دۆستانەی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران. بەتایبەتیش كە لەو ماوەیەدا گفتوگۆی پڕ لە تێگەیشتن و دۆستانە هەبوون لەنێوان هەردوولادا، بەڵام ئەو هەڕەشەیە بە تەواوی پێچەوانەی سروشتی ئەو گفتوگۆیانە بووە كە لەنێوان هەردوولاماندا هەبووە و بە هیچ شێوەیەك ئەو هەڕەشانە خزمەتی پەیوەندییەكانمان ناكەن و نابێ بە هیچ شێوەیەك ئەو زمانە بەرامبەر هەرێمی كوردستان بەكار بهێندرێت.
ئێمە وەك حكومەتی هەرێمی كوردستان بە گرنگییەوە لە پەیوەندییەكانمان لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران دەڕوانین و لە هەوڵداین بۆ پێشكەوتنی بەردەوام و زیاتری ئەو پەیوەندییانە لە هەموو بوارەكاندا، لەبەر ئەوەش ئەو هەڕەشانە زۆر نەگونجاون لەگەڵ ئەو ئاراستەیەدا .
حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕوانگەی پاراستنی پەیوەندی و گەشەپێدانی هاوكاریی دۆستانە و جێبەجێكردنی یاسا نێودەوڵەتییەكان و بنەمای دراوسێیەتیی باش و دۆستایەتی و هاوكاریی هەمیشەیی، بەردەوام ویستوویەتی هۆكاری سەقامگیری و ئاشتییەكی ڕاستەقینە بێت لەپێناو بەرژەوەندیی گەلانی ئێران و حكومەتی هەرێمی كوردستان و ناوچەكەدا، هەربۆیەش نەمانویستووە و نامانەوێت خاكی هەرێمی كوردستان ببێتە سەرچاوەی هێرشكردنە ناو خاكی ئێران و هیچ دەوڵەتێكی دراوسێی هەرێمی كوردستان.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان
2-7-2016
ئیلام تاوەکو ئێستا بەگەورەترین سەرچاوەی نەوت و گاز لە رۆژهەڵاتی کوردستان دادەنرێت. بەڵام ئیلامییەکان دەڵێن، ئەمە خێر و بەرەکەتێکی بۆ ئەوان نییە.
بەرپرسانی ئیلامی دەڵێن: "لەو پارێزگایەدا زیاتر لە 40 هەزار کەس بێکار هەیە. هەروەها زیاتر لە 6 هەزار خوێندکار کە لە سەرووبەندی تەواوکردنی خوێندندان، کە ئەوانیش دوای خوێندن هەموویان کاریان دەوێت. بەڵام دەرفەتێک بۆ دامەزرانی ئەو خەڵکە بێکارە نییە".
سەلام ئەمینی، نوێنەری ئیلام، دەڵێت: "بۆ ئەوەی نیگەرانی خەڵک بڕەوێتەوە و هیوایەک بۆ رەخسانی دەرفەتی کار هەبێت، لە هەوڵ داین لە بەشەکانی نەوت و گاز، پیشەسازی، کانگاکان و کشتوکاڵ دەرفەتی کار بڕەخسێنین".
گرنگترین بەشێک کە دەتوانێ زیاترین دەرفەتی کار بڕەخسێنێت، بوارەکانی نەوت و گازە. کە هەم بەشێوەی راستەوخۆ و هەمیش ناڕاستەوخۆ دەتوانێت کەلێنێکی گەورە لە ئابووری ئیلامدا پڕ بکاتەوە.
بەڵام ئەمە لەگەڵ کێشە و گرفتی زۆر بەرەوڕوویە. ئیلامییەکان دەڵێن: "لە پاڵاوگەکانی ئەو پارێزگایەدا لەجێی خەڵکی خۆجێی خەڵک لە شوێنی دیکەوە دێنن و دایاندەمەزرێنن".
سەلام ئەمینی دەڵێت: "پاشکەوتی نەوت و گازی رۆژئاوای ئێران لە بن پێی ئێمە دایە، بەڵام کەسانێک بەڕێوەیان دەبەن کە هیچ رۆڵێکیان لە گەشەسەندنی ئیلام دا نییە". ئەو رەخنەی لەوەش گرتووە کە بۆچی نەوت و گازی ئیلام لە کرماشانەوە بەڕێوە دەبرێت.
نوێنەری ئیلام دەڵێت: "بە سەرنجدان بەوەی کە سەرچاوەی زۆری گاز لە پارێزگای ئیلامدا هەیە، دەتوانرێ لە هەموو شارەکانی ئەم پارێزگایەدا کارگەی پترۆکیمیایی بکرێتەوە، بۆیە دەبێت گرنگی بە هەموو شارەکانی ئیلام بدرێت".
2.5% -ی پاشکەوتی هەموو گازی جیهان لە ئیلامدا هەڵکەوتووە. بە واتایەکی دیکەش 11% -ی نەوت و گازی ئێران لە پارێزگای ئیلام دایە.
بەڵام لە سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق و ساڵەکانی دواتریش بە بیانووی نائەمنی و ئامادەنەبوونی ژێرخانەکانی پەرەپێدان، سەرمایەگوزاری گەورە لە ئیلامدا ئەنجام نەدراوە.
سەلام ئەمینی دەڵێت: ئەو کەسانەی کە لە ئیلام سەرمایەگوزارییان کردووە، کێشەی زۆریان لەسەر رێگە بووە، بۆیە دەبێت پشتگیری بکرێن.
2/7/2016
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی هەولێر لە روونکردنەوەیەکدا کە بەرەبەیانی رۆژی هەینی 1-7-2016 بڵاویکردەوە رایدەگەیێنێت: "دوابەدوای ئەوەی چەند کەسێک لە پەیوەندی بە هێرشەکەی سەر کەناڵی رووداوەوە دەستگیر کران، هەندێ لایەن هەوڵی بە سیاسی کردنی ئەم کەیسە دەدەن".
ئاسایشی هەولێر هوشداریی تووند دەدات و رایدەگەیێنێت: "لێرەدا بۆ گشت لایەک دووبارەی دەکەینەوە کە دەزگای ئاسایش وەک دەزگایەکی نیشتمانی، سەر و ماڵی گشت هاووڵاتیان بە بێ هیچ جیاوازییەک دەپارێزێت و لە هەمان کاتیشدا هەر کەسێک یان لایەنێک ببێت بە هۆکاری هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی هاووڵاتیان پارێزبەندیی نییە و لە چوارچێوەیەکی یاساییدا رێکاری پێویستی بەرامبەر دەگیرێتە بەر".
لە روونکردنەوەکەی ئاسایشی هەولێردا هەروەها هاتووە: "بە ئاگاداری هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان کارکردن لە سەر ئەم دۆسیەیە بەردەوامە و لە ماوەیەکی نزیکدا ئەنجامەکان بۆ هاووڵاتیانی خۆشەویستمان بڵاو دەکەینەوە".
1/7/2016
مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی سی و پێنجەمین خولی دەرچوونی قوتابیانی زانكۆی سەلاحەدین، پیرۆزبایی لە دەرچووان دەکات و رایدەگەیێنێت: "قوتابی و گەنجەكانمان ئومێدی ئەو میللەتەن و خۆشحاڵم بە سەركەوتن و دەرچوونتان و هیوای بەختەوەری و سەربەرزیتان بۆ دەخوازم".
لە پەیامەکەیدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت "جێگەی شانازییە ئەمڕۆ ژمارەیەك لە قوتابیانی خۆشەویستی زانكۆی سەلاحەدین بڕوانامەی دەرچوونیان بە سەركەوتوویی وەرگرتووە و خۆیان بۆ قۆناغی هەوڵدان و خزمەتكردنی وڵاتەكەیان ئامادە كردووە. بەم بۆنەیەوە گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی قوتابیانی دەرچووی ئەم خولە دەكەم و هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازم".
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا کە لە ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڵاوبووەتەوە ، دەستخۆشی لە مامۆستاو سەرۆكایەتی زانكۆ و كۆلیژ و بەشەكانی زانكۆی سەلاحەدین دەكات و رایدەگەیێنێت "دەستخۆشی لە سەرجەم مامۆستا بەڕێزەكان دەكەم كە ئەركی پیرۆزی پێگەیاندنی قوتابیانی خۆشەویستیان لەسەر شانە و پێزانینم بۆ ڕۆڵ و ماندووبونیان هەیە. سوپاسی سەرۆكایەتی زانكۆ و كولیژ و بەشەكانی زانكۆی سەلاحەدین دەكەم كە سەرپەرشتیی پڕۆسەی خوێندن و پێگەیاندنی قوتابیانی ئەم خولەیان بە سەركەوتوویی ئەنجام داوە".
دەقی پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ قوتابیانی دەرچووی زانکۆی سەلاحەدین
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
مامۆستایانی بەڕێز
قوتابیانی خۆشەویست
جێگەی شانازییە ئەمڕۆ ژمارەیەك لە قوتابیانی خۆشەویستی زانكۆی سەلاحەدین بڕوانامەی دەرچوونیان بە سەركەوتوویی وەرگرتووە و خۆیان بۆ قۆناغی هەوڵدان و خزمەتكردنی وڵاتەكەیان ئامادە كردووە. بەم بۆنەیەوە گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی قوتابیانی دەرچووی ئەم خولە دەكەم و هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازم. دەستخۆشی لە سەرجەم مامۆستا بەڕێزەكان دەكەم كە ئەركی پیرۆزی پێگەیاندنی قوتابیانی خۆشەویستیان لەسەر شانە و پێزانینم بۆ ڕۆڵ و ماندووبونیان هەیە. سوپاسی سەرۆكایەتی زانكۆ و كولیژ و بەشەكانی زانكۆی سەلاحەدین دەكەم كە سەرپەرشتیی پڕۆسەی خوێندن و پێگەیاندنی قوتابیانی ئەم خولەیان بە سەركەوتوویی ئەنجام داوە.
گەلی كوردستان بەهەموو پێكهاتەكانیەوە سەرباری بوونی كۆسپ و تەحەددیات توانیویەتی خۆڕاگر بێت و قۆناغی سەخت تێبپەڕێنێت و لە سایەی قوربانیداندا دەستكەوتی گەورە مسۆگەر بكات. گەلی كوردستان قارەمانانە لەبەرانبەر پەلاماری تیرۆریستان و ئابلۆقە و گوشاری جۆراوجۆردا وەستاوە و پێشمەرگە بە خوێنی خۆی ئەفسانەی تیرۆریستانی شكاند و جیهانی سەرسام كرد. كچان و كوڕانی كوردستان لە شەڕی تیرۆریستاندا نموونەی باڵایان لە گیانفیدایی و ئازایەتی تۆمار كرد كە لە جیهاندا كەموێنەیە و تاهەتایە جێگەی شانازیین.
ئێستا كوردستان بەرگری لە بەها بەرزەكانی مرۆڤایەتی دەكات و ئەوە پێگەی گەلەكەمانی لە ئاستی جیهان بەرز كردووەتەوە. گەلی كوردستان دۆست و هاوپەیمانی لە هەموو شوێنێكی جیهان هەیە كە پشتیوانی مافە ڕەواكانی گەلەكەمانن.
كاتی ئەوەیە گەلی كوردستان وەك میللەتانی تری جیهان خاوەنی سەروەری و كیانی خۆی بێت، بۆ ئەوەی بتوانێ لەسەر پێی خۆی ڕاوەستی و بەرەو پێشەوە بچێت. هەر بۆیەش پێویستە ڕۆڵەكانی گەلەكەمان لەسەر بەها بەرزەكانی مرۆڤدۆستی و نیشتیمانپەروەری و خزمەتكردنی وڵات و بڕوابەخۆبوون گۆش بكرێن. بۆ ئەوەی بتوانین ببینە نموونەی پاراستنی كەرامەتی مرۆڤ و پێشكەوتن لە ناوچەكە و جیهاندا. بۆ ئەوە مەبەستە ڕۆڵی مامۆستا و قوتابیانی خۆشەویست و ئەهلی زانست یەكلاییكەرەوە و كاریگەر دەبێت.
لێرەدا پاڵپشتیی تەواوی خۆم بۆ زانكۆ و قوتابیانی كوردستان ڕادەگەیێنم. پێویستە بە هەوڵی هەموو لایەك ئاستی زانستیی زانكۆكانمان بگاتە ستانداردە جیهانییەكان. هەروەها كەرتە حكوومی و ئەهلییەكان هەلی كار و پێشكەوتن بۆ قوتابیانی دەرچوو بڕەخسێنن بۆ ئەوەی پسپۆڕی و تواناكانیان بۆ خزمەتكردنی وڵات بەكار بهێنن.
قوتابی و گەنجەكانمان ئومێدی ئەو میللەتەن. خۆشحاڵم بە سەركەوتن و دەرچوونتان و هیوای بەختەوەری و سەربەرزیتان بۆ دەخوازم.
مسعود بارزانی
30ـی 6ـی 2016
کۆماری ئیسلامیی ئێران، وەک کاردانەوەیەک لە بەرامبەر جموجۆڵەکانی پێشمەرگەکانی حزبی دیموکراتی کوردستانیی ئێران لە ڕۆژهەڵات، ئامادەکاری بۆ هێرشکردنە سەر بنکە و بارەگاکانی دیموکرات لە کۆیە دەکات.
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە حزبی دیموکراتیی کوردستان کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستیان کەوتووە، ئێران چەکی قورسی بۆ هێرشکردنە سەر کۆیە ئامادە کردووە و ئامادەکاریی سەربازیی تەواو بۆ لێدانی بارەگاکانی حزبی دیموکراتیی کوردستانیی ئێران کراوە کە باڵەکەی دیکەی حزبەکەی ئەو بەرپرسەیە.
ئەوەشی بۆ (باسنیوز) ئاشکرا کرد: ”لە هەرێمی کوردستانیش ئاگاداریی تەواو هەیە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەوەی باش ئاگا لێیە و هەر یەکێتی نەخۆشخانەکانی کۆیەی ئاگادار کردووەتەوە کە ئەگەری هێرش بۆ سەر کۆیە هەیە و ئامادەکاری بکەن“. جەختیشی لەوە کردەوە کە تەنانەت ئامادەکاری بۆ ڕاگواستنی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە کۆیەوە بۆ شوێنێکی سەلامەتتر لە حاڵەتی هێرشەکەدا، کراوە.
ئەو بەرپرسەی حزبی دیموکراتیی کوردستان لە لێدوانەکەیدا بۆ (باسنیوز) ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان شەوان دەبینن، گڵۆپەکانی کێڵگەی نەوتیی (شیواشۆک) دەکوژێندرێنەوە، تاوەکوو: ”ئێمە نەبینین کە چۆن ئامێر و کەرەستە گرانبەهاکانی شیواشۆک لە ترسی ئەو هێرشە لە ناوچەکە دوور دەخرێتەوە“.
هەر لەمبارەیەوە، عەمید محەمەد سەعید، بەڕێوەبەری پۆلیسی کۆیە، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”ئێمە لە سەرووی خۆمان بە فەرمی هیچ فەرمان و ئاگادار نەکراوینەتەوە“. ڕوونیشی کردەوە، لە ناو خەڵکیدا قسە دەکرێت، بەڵام: ”قسەی خەڵک بۆ ئێمە فەرمی نییە“.
لە باشووری ڕۆژئاوای شاری کۆیە، بنکە و بارەگاکانی هەردوو باڵەکەی حزبی دیموکرات و هەزاران ماڵی کوردانی ڕۆژهەڵاتی تێدایە کە لە سێ کەمپی (زەوییە سپی، ئەمیرییە و ئازادی) دابەش کراون و هەزاران ژن و منداڵیان تێدایە.
30/6/2016
باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق رایدەگەیەنێت، کە خۆشحاڵە بە ئامادەکارییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئۆپەراسیۆنی رزگار کردنەوەی شاری مووسڵ.
فرانک بەیکەر، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق لە لاپەڕەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر خۆشحاڵیی خۆی بە دروستکردنی پێنج کەمپی دیکە بۆ ئاوارەکانی شاری مووسڵ، دەردەبڕێت.
لە تویتەکەیدا، فرانک بەیکەر هەروەها رایدەگەیەنێت، کە بە هەوڵەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئامادەکاریی بۆ شەڕی رزگارکردنەوەی مووسڵیش ”خۆشحاڵ“ـە.
بۆ پێشوازیکردن لە ئاوارەکانی شاری مووسڵ، کە چاوەڕوان دەکرێت دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی رزگار کردنەوەی شارەکە روو بکەنە کوردستانی باشوور، حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێنج کەمپی گەورەی دیکەی لە پارێزگاکانی دهۆک و هەولێر دروست کردووە.
بەهۆی شەڕی تائیفیی نێوان سوننە و شیعە و رێکخراوی توندڕەوی داعش، زیاتر لە 1.8 ملیۆن هاووڵاتیی باشوور و ناوەڕاستی عێراق ئاوارەی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بوون و چاوەڕێی زیادبوونی ئەو ژمارەیەش دەکرێت.
چەکدارانی داعش دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق لە مانگی حوزەیرانی 2014، زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.
30/6/2016
ھاوسەرۆکی گشتیی پارتی دیموکراتیکی گەلان (ھەدەپە) رایدەگەیەنێت، کە حکوومەتی تورکیا 15 هەزار ئەندامی حزبەکەی دەستگیر کردووە.
سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی هەدەپە لە میانەی خوانێکی بەربانگدا، کە رۆژی چوارشەممە 29ـی حوزەیرانی 2016 حزبەکەی لە ئیستەنبوڵ رێکی خستبوو، ھێرشە تیرۆریستییەکەی سەر فڕۆکەخانەی ئەتاتورکی ئیدانە کرد و رایگەیاند، ”کاتێ ماڵی دراوسێکەت سووتا دووکەڵ، ئاگر و بڵێسەی ئاگرەکە کاریگەریی لەسەر تۆش دەبێت“.
دەمیرتاش حکوومەتی تورکیا بە لایەنگری بۆ رێکخراوی توندڕەو داعش دادەنێت و نموونەش بەوە دەهێنێتەوە، کە ”بەرپرسی سەربازیی داعش لە تورکیا دەستگیر کرا بەڵام تەنانەت کەلەپچەش نەخرایە دەستی و لە یەکەم دانیشتنی دادگادا ئازاد کرا“.
ھاوسەرۆکی ھەدەپە پێیوایە حکوومەتی تورکیا هێندەی دژایەتیی هەدەپە دەکات، هیندە دژایەتیی داعش ناکات و دەڵێت، ”لە 2009ـەوە تا ئێستا 15 ھەزار ئەندامی ھەدەپەیان دەستگیر یان دەستبەسەر کردووە و خراونەتە زیندانەوە“.
سەڵاحەدین دەمیرتاش، ئاماژەی بەوەش کردووە، کە حکوومەت و دەزگا ئەمنییەکانی تورکیا ھیچ رێ و شوێنێکیان بەرامبەر ھێرشەکانی ئەنقەرە، پرسووس و ئامەد نەگرتووەتە بەر و لە بری ئەوە، ”بەرپرسان ھەوڵیان دا خەڵک بە رێکخراوە تیرۆریستییەکان پەروەردە بکەن و رادەستیان بکەن“.
دەمیرتاش داوای لە هەردوو گەلی کورد و تورک کرد، بە یەکەوە داوای ئاشتی بکەین، ”ھێشتا درەنگ نییە، وەرن با کورد و تورک دەست لەناو دەست ھەموو بەیەکەوە ھاوار بۆ ئاشتی بکەین و خۆمان ئاشتی وڵاتی خۆمان بنیات بنێین".
30/6/2016
دوێنێ سێشەممە بە فەرمانی عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، حەسەن فیرووزئابادی، سەرۆکی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە کارەکەی دوور خرایەوە.
ئاژانس و هەواڵدەرییە فەرمییەکانی ئێران ئەم هەواڵەیان پشتڕاست کردووەتەوە و بڵاویان کردووەتەوە، لیوا محەمەد باقری دەستنیشان کراوە.
محەمەد باقری پێشتر جێگری ئیتلاعات و بەرپرسی ئۆپەراسیۆنی سوپای ئێران بووە.
حەسەن فیرووزئابادی لە ساڵی 1989وە پۆستی سەرۆکی ئەرکانی هیزە چەکدارەکانی ئێرانی پێ سپێرداوە و یەک لەو سەرکردە سەربازییانەی ئێرانە کە دوای مەرگی خومەینی، لە پۆستەکەی ماوەتەوە.
هەندێ ماڵپەڕی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لەو باوەڕە دان کەمتەرخەمی و شکستهێنانی یەک لەدوای یەکی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سووریا، عێراق و لاوازبوونی ئاسایشی ناوخۆیی وڵات، هۆکاری لەسەر کار لابردنی حەسەن فیروزئابادییە.
پاش ڕاوەستانی 20 ساڵ خەباتی چەکداری لەلایەن حدکاوە، ماوەی دوو هەفتەیە دیسان شەڕ و تێکهەڵچوون لە نێوان پێشمەرگەکانی ئەو حزبە لە شارەکانی شنۆ، مەهاباد، سەردەشت، مەریوان ڕووی داوە و بەپێی سەرچاوە نافەرمییەکان نزیکەی 150 ئەندامی سوپای پاسداران لەو شەڕانەدا کوژران و بە دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون، هەروەها 9 پێشمەرگەی حزبی دیموکراتیش شەهید بوون.
29/6/2016
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پشووی جەژنی ڕەمەزانی لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند.
بهبۆنهی جهژنی رهمهزانی پیرۆزهوه رایدەگەیەنین، پشووی جەژن لە رۆژی یەك شەمە 7/3 ـەوە دەستپێدەكات، و تا رۆژی 7/9 بەردەوام دەبێت ، و دەوامی ئاسایی لە رۆژی یەك شەمە 7/10 دەست پێدەكاتەوە .
بەم بۆنەیەشەوە گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی پێشمەرگە قارەمانەكان و خانەوادەكانیان و خانەوادەی شەهیدانی سەربەرزی كوردستان و تێكڕای موسڵمانانی كوردستان و عیراق و جیهان دەكەین، بەو هیوایەی ئەم جەژنە ببێتە مایەی سەقامگیری كوردستان وپتەوبوونی یەكڕیزی گەلەكەمان و دەرچوون لە گرفت و قەیرانەكان.
جەژنی هەموو لایەكتان پیرۆز بێت
سەفین موحسین دزەیی
وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان
2016/6/28
شاندە هاوبەشەکەی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان بۆ کۆکردنەوەی پشتگیری لە رێککەوتنەکەی نێوانیان ماوەی سێ رۆژ لە بەغدا مانەوە و لە دەرگای زۆربەی لایەنە عێراقییەکانیاندا، ئەو لایەنانەی دەرگایان کردەوە شاندەکە لەگەڵیان کۆبوویەوە، گەورە فراکسیۆنی شیعەکان دەوڵەتی یاسا کە نووری مالکی سەرۆکایەتی دەکات بڕیاری گشتپرسیی باشووری کوردستان رەتدەکاتەوە.
نووری مالیكی، سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا لە لێدوانێکی تایبەت دا بۆ رووداو گوتی" ئێستا کاتێکی گونجاو نییە بۆ گشتپرسیی، هیوادارم گەلی کورد بەو ئاڕاستەیەدا نەڕوات".
گوتیشی " من پێم وایە ئەوە بڕیارێکی بە پەلەیە بۆیە هیواخوازم سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان بەو ڕێگا دوورەدا نەچن ،چونکە بەرژەوەندی گەلی کورد بۆ ئێمە گرنگە ئەگەر بێت و رای ئێمە راست دەرچوو ئەوا لەبەرژەوەندی گەلی کورد دا نییە بەو ئاڕاستەیە بچن".
سوننەکانیش رای جیاوازیان هەیە سەبارەت بە سەردانی شاندە هاوبەشەکەی یەکێتیی و گۆڕان بەشێکیان پێیان وایە لایەنە کوردستانییەکان لە بەغدا دەبێت لەسەر پرسە چارەنووسسازەکانی گەلی کورد بەکۆدەنگی بەشداری لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق بکەن، ئۆسامە نوجەیفی سەرۆکی بەرەی ئیسڵاح دەڵێت ئامادەیین پێشوازی لە شاندی دانسوتانکاری گشتپرسی باشووری کوردستان بکەین.
ئۆسامە نوجەیفی، سەرۆکی بەرەی ئیسڵاح بۆ رووداو دەڵێت "هەر شاندێک لە هەرێمی کوردستانەوە بێت بۆ بەغدا سەبارەت بە گشتپرسیی پێشوازییان لێ دەکەین و گوێیان لێ دەگرین ، ئێمە مامەڵە لەگەڵ بابەتێک دەکەین کە لە چوارچێوەی دەستوردا بێت لە بەرژەوەندی عێراق بێت و دەمانەوێت لە وردەکاری ئەم بابەتە تێبگەین ئەوکات رای خۆمان دەڵێین".
ئەگەر چی بابەتی گشتپرسیی مژارێکی گرنگ نەبوو لە سەردانەکەی شاندە هاوبەشەکە بۆ بەغدا، بەڵام ئەندامێکی ئەو شاندە ورژاندنی بابەتی گشتپرسیی باشووری کوردستان بە موزایدەیی سیاسیی ناودەبات و دەڵێت "ئێمە بڕوامان بە رێفراندووم هەیە بە شێوەیەکی گشتی ، بەڵام پێویستمان بە ڕێکخستنەوەی نێوماڵی خۆمان هەیە".
هۆشیار عەبدوڵڵا ، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق "بەڕاستی پێمان وایە ئەمە جۆرێک نییە لە بۆچوونێکی جیدی سەبارەت بە ریفراندووم بەقەدەر ئەوەی جۆرێکە لە موتاجەرەکردن و جۆرێکیشە لە بەکارهێنانی بە شێوەیەکی خراپ".
شاندە هاوبەشەکەی یەکێتیی و گۆڕان ئیئتیلافی بوونی خۆیان وەکو فراکسیۆنێکی هاوبەش راگەیاند بڕیاریشە لە کاتی دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمان پێکەوە کار بکەن، رووداو زانیویەتی ئەو فراکسیۆنە هاوبەشە لەگەڵ چەند لایەنێکی عێراقی گفتوگۆی تایبەتیان لە بارەی ئەنجامدانی رێککەوتنی سیاسیی کردووە.
29/6/2016
بۆ ماوەی زیاتر لە پێنج كاژێر كارەبای نیشتمانی لە باشووری کوردستان گرفتی تێکەوت و کوژایەوە، گوتەبێژی وەزارەتی كارەباش بۆ رووداو دەڵێ، چارەسەری گرفتەكەیان كردووە.
محەممەد ئەمین هەورامانی، گوتەبێژی وەزارەتی كارەبای هەرێمی كوردستان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند "شەوی 27-6-2016 بۆ ماوەی زیاتر لە پێنج كاژێر كوژانەوەی گشتی لە كارەبای نیشتمانی هەرێمی كوردستان روویدا".
ئەو هۆكاری کوژانەوەی گشتی لە کارەبا رووندەکاتەوە و دەڵێ " بەهۆی دروستبوونی شۆرتێك بووە لە هێڵی 132 KV كە تۆڕی سەرەكی كارەبایە شۆرتەكە لەنێوان شارۆچكەی دووكان و شارەدێی چوارقوڕنە دروستبووە، دواجار بووە هۆی كوژانەوەی كارەبای نیشتمانی بۆ ماوەی چەند كاژێرێك".
گوتەبێژەكەی وەزارەتی كارەبا هەرێمی كوردستان باسی لەوەش كرد، تاوەكو بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە 28-6-2016 سەرقاڵی چارەسەركردنی ئەو گرفتە بوون، گوتیشی "ئێستا كارەبا گەڕاوەتەوە دۆخی ئاسایی خۆی و كێشەكە چارەسەر بوو".
بەرهەمهێنانی وزەی كارەبا لەم وەرزەدا 2750 مێگاواتە و بەرزترین خواستیش 4500 مێگاواتە، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرماش رۆژانە خواست لەسەر كارەبا رووی لەزیادبوونە.
وەزارەتی كارەبا 1 ملیۆن و 350 هەزار هاوبەشی جۆراوجۆری هەیە، زۆرترینی هاوبەشەكانیشی ماڵانن.
28/6/2016
بەپێی ئەو زانیاریانەی لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە دراونەتە تۆڕی میدیایی رووداو ، كاژێر 2:30 دەقیقەی شەوی رابردوو ئەو دوو كەسەی هێرشیانكردە سەر باڵەخانەی سەرەكی تۆڕی میدیایی رووداو لە شاری هەولێر ، لەلایەن هێزەكانی ئاسایشی هەرێمی كوردستانەوە دەستگیركراون.
تۆڕی میدیایی رووداو ، لەسەر رێنمایی وەزارەتی ناوخۆ ، لەپێناو پاراستنی سەلامەتی رێڕەوی لێكۆلینەوەو دۆزینەوەی هەموو هاوكارانی ئەو گرووپە ، خۆی لە بڵاوكردنەوەی هەواڵەكە پاراست . هەروەك پێشتریش هەر لەو پێناوەدا راگەیاندنی بەرپرسیارێتی داعشی لە هێرشەكە بڵاونەكردەوە، كە لە دوو تویتدا بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەنجامدانی هێرشەكە بۆ سەر رووداو بە دوو نارنجۆكی دەستیی راگەیاندبوو .
بەڵام دوای ئەوەی هەواڵی دەستگیركردنی ئەو هێرشكارانە لەلایەن چەند دەزگایەكی ناوخۆییەوە ئاشكراكرا ، تۆڕی میدیایی رووداو ، ئەو هەواڵە رادەگەیێنێت .
كاژێر 12:05 دەقیقەی شەوی 25/6/2016 هێرشكرایە سەر باڵەخانەی تۆڕی میدیایی رووداو لە شاری هەولێری پایتەختی باشووری كوردستان و لە ئەنجامدا سێ پاسەوان ، كارمەندێكی پەیوەندییەكان و شۆفێرێكی رووداو برینداربوون و، زیان بە دوو تۆتۆمبێلی گواستنەوەی راستەوخۆی رووداو گەیشت .
بە بۆنەی دەستگیركردنی ئەو دوو هێرشكارەی هێرشیانكردە سەر تۆڕی میدیایی رووداو ، زۆر سوپاسی وەزارەتی ناوخۆ ، ئاسایش و دەزگا ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان دەكەین بۆ دەستوبردییان لە دەستگیركردنی هێرشكارانی سەر تۆڕی میدیایی رووداو و، رێز لە شەونخوونی یەك بە یەكی ئەوانە دەگرین كە كاریانكرد لەپێناو دەستگیركردنی ئەو هێرشكارانەدا .
هەر لێرەدا جارێكی دیكە سوپاسی خۆمان دووپاتدەكەینەوە بۆ هاوسۆزی بەرفراوانی خەڵكی كوردستان ، هەموو سەركردە و لایەنەكانی كوردستان ، دەوڵەتانی جیهان و هەموو رێكخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و جیهانییەكان لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداودا.
تۆڕی میدیایی رووداو
28/6/2016
عادل موراد، سكرتێری ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان، هێرش دەكاتە سەر حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و رایدەگەیێنێت "تێکدانی ئارامی کوردستان هێڵی سوورە"، ئاگاداریشیان دەكاتەوە بەزووترین كات سنوورەكانی باشووری كوردستان چۆڵ بكەن.
لە پەیامێكدا كە لە پەیجی تایبەتی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاویكردووەتەوە، عادل موراد لەبارەی دەستپێكردنەوەی جموجۆڵی سەربازی هەردوو باڵەكەی حیزبی دیموكرات (حدك و حدكا) و تۆپبارانكردنی سنوورەكانی باشووری كوردستان دەڵێت "وێڕای نیگەرانیمان لە تێکچوونی دۆخەکە، ئەو هێزانەش ئاگاداردەکەینەوە بەزووترین کات سنوورەکانی باشوور چۆڵ بکەن و نەبنە هۆی تێکدانی ئەمنیەتی هەرێمی کوردستان، تاوەکو چیدی هاووڵاتیانی کوردستان نەبنە قوربانی".
دەستپێكی پەیامەكەی عادل موراد بریتییە لە: "ماوەی چەند رۆژێکە کوردستانی ئێران بە دۆخێکی ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت، دیارە ئەم ئاڵۆزییەش خەڵکی باشووری تووشی ناڕەحەتی و ماڵوێرانی کردووە، هۆکارەکەشی بۆ هەبوونی بنکە و بارەگاکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانە کە بەو هۆیەوە شەرعیەت دەداتە کۆماری ئسلامیی ئێران تاوەكو بەرگری لەخۆی بکات و ئەو ناوچە سنووریانە تۆپباران بکات".
بەبۆچوونی سكرتێری ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی، "بەدەستهێنانی مافەکانیان لەڕێگەی کوشتنی چەند سەربازێکی ئێرانەوە نابێت، چونکە پرسەكە زۆر لەوە گەورەترە بە رووبەڕووبوونەوەی چەکداری چارەسەر بکرێت، باشترین رێگەچارەش دانیشتنە لەسەر مێزی گفتوگۆ و دەستپێکردنی خەباتی مەدەنییە دوور لە تووندوتیژی".
رۆژی یەكشەممە 26-6-2016، تۆپخانەكانی ئێران، بەبیانووی هەبوونی بنكە و بارەگای پێشمەرگەكانی حدكا و حدك، دەستیان بە تۆپبارانكردنی دەڤەری سیدەكان و شارەدێی حاجی ئۆمەران كرد لە باشووری كوردستان و چەندین كاژێرێك تۆپبارانەكە بەردەوام بوو.
بەهۆی تۆپبارانەكە 5 كەس برینداربوون، 10 گوندی ناوچەکانی حاجی ئۆمهران و سیدهكان چۆڵكران، نزیكەی 700 دۆنم پووش و پاوان سووتا لەگەڵ ژمارەیەك رەز و باخی هاونیشتانیان، هاوكات 70 پوورەی هەنگ لەنێوچوون و زیانیش بە چەند رانەمەڕێك گەیشت.
28/6/2016
لە کاتی بەڕێوەچوونی بانگەشەکانی تایبەت بە مانەوە، یان چوونە دەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا بەڵێنی زۆر بە خەڵک دران، بەڵام ئێستا کە گشتپرسییەکە کۆتاییهاتووە، ئیدی بەرپرسانی تیمی بانگەشەی چوونە دەرەوەی بەریتانیا لە بەڵێنەکانیان پەشیمان دەبنەوە.
پشتگیریکارانی چوونە دەرەوەی بەریتانیا لە کاتی بانگەشەکاندا دەیانگوت " ئەگەر بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا بچێتە دەرەوە، مانگانە 350 ملیۆن پاوەند بۆ وڵات دەگەڕێتەوە و ئەو پارەش لە کەرتی تەندروستیدا خەرج دەکرێت"، بەڵام ئێستا ئەم کەسانە بەجۆرێکی دیکە قسە دەکەن.
نایجڵ فاراج، بەرپرسی پارتی سەربەخۆیی بەریتانیا کە داکۆکیکەرێکی سەرسەختی چوونە دەرەوەش بوو، دەڵێت "یەکێک لەو هەڵانەی تیمی بانگەشەی چوونەدەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا کردی ئەوەبوو، کە گوتی ئەو پارە زۆرە دەگەڕێتەوە بۆ کەرتی تەندروستی، بەڵام ئەمە راست نییە".
بەڵام بانگەشەکە کاریگەریی گەورەی هەبوو، لە سەر ئەو بنچینەیەش دەیان هەزار کەس دەنگیان بە چوونە دەرەوەی وڵاتەکەیان لە یەکێتی ئەوروپا دا.
یەکێکی دیکە لە بانگەشەکان پەیوەندی بە پرسی کۆچبەرانەوە هەبوو. سیاسەتمەدارانی پشتگیریکاری چوونەدەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا دەیانگوت ئەو چوونەدەرەوەیە کۆتایی بە کۆچی بەلێشاوی کۆچبەران بۆ بەریتانیا دەهێنێت. بەڵام هەر ئەو سیاسەتمەدارانە ئێستا هەڵوێستیان لەم بارەوە گۆڕاوە.
نیگڵ ئیڤانز، پەرلەمانتار و پشتگیریکاری چوونە دەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا، رایگەیاند "جۆرە تێگەیشتنێکی هەڵە" لەبارەی ئەم بابەتە دروستبووە. ئیڤانز گوتیشی چوونە دەرەوەی بەریتانیا واتای ئەوە ناگەیێنێت کۆچی کۆچبەران بۆ وڵاتەکەی کەم دەبێتەوە.
یەکێکی دیکە لە بانگەشەکان پەیوەندی بە بواری ئابووریەوە هەبوو. حکومەتی بەریتانیا و دامەزراوە گرنگە جیهانییەکانی بواری ئابووری دەیانگوت چوونەدەرەوەی بەریتانیا بۆ بواری ئابووری وڵات خراپ دەبێت، بەڵام سیاسەتمەدارانی پشتگیریکاری بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا تێڕوانینێکی پێچەوانەیان هەبوو.
کەچی ئێستا هەموو شت روونە. لە رۆژی هەینی رابردووەوە پاوەند رێژەی 12%ی بەهای خۆی لە بەرامبەر دۆلار لەدەستداوە، بۆرسەی بەریتانیا لە دابەزیندایە و وەبەرهێنەران پرۆژەکانیان راگرتوون. توێژەرەوانیش دەڵێن: جیاوازی گەورەی نێوان بەڵێنەکان و دەرئەنجامەکان سەرئێشەی گەورە بۆ سەرۆکوەزیرانی داهاتوو دروست دەکات.
28/6/2016