ناوەندی لێكۆڵینەوەی تۆڕی میدیایی رووداو دەستبەكار دەبێت و یەكەم لێكۆڵینەوە لەژێر ناونیشانی "كوردستان پۆست و - داعش" بڵاودەكاتەوە.
ناوەندی لێكۆڵینەوەی رووداو، بەشێكی تۆڕی میدیایی رووداوە. لە سەرەتای ئەمساڵەوە بە ستافێك لە لیكۆلینڤانان دەستبەكاربووە. ئەمڕۆش وەك یەكەمین كار، بە سازكردنی كۆنفرانسێك خۆی دەناسێنێت.
ناوەندی لێكۆڵینەوەی رووداو، ناوەندێكی لێكۆلینڤانی پرۆفیشناڵ دەبێت كە ئامانجی پێدانی زانیاری و شرۆڤەی ئەكادیمیانەیە . بۆ ئەو مەبەستەش بەردەوام دەیەوێت كار لەگەڵ لێكۆڵینڤانانی بەتوانادا بكات.
ئەم ناوەندە كاری ئەو لێكۆڵینەوانە دەبێت كە بۆ ئێستا و پاشەڕۆژی كوردستان و ناوچەكە پێویستن و ئامانجەكانیشی لە چەند خاڵێكدا خۆیان دەنوێنن. هەروەها ئازاد عەلی بەڕێوەبەری ناوەندی لێكۆڵینەوەی رووداو دەبێت.
ناوەندی لیكۆڵینەوەی رووداو، رۆژی چوارشەممە 18-5-2016 كۆنفرانسێك لەژێر ناونیشانی "لە پۆست داعشەوە بۆ پۆست سایكس - پیكۆ" رێكدەخات، كۆنفرانەسەكەش ساڵانە بەردەوام دەبێت. كۆنفرانسەكە لەلایەن بێژەر و پێشكەشكاری دیاری رووداو، شاهۆ ئەمین پێشكەش دەكرێت.
رووداو هەوڵدەدات زۆرینەی ئەو لێكۆڵینەوانەی ناوەندەكە ئامادەیان دەكات چاپیان بكات. زمانی یەكەمی چاپەمەنیی ناوەندەكە كوردییە. شانبەشانی زمانی كوردی، بە زمانەكانی عەرەبی، ئینگلیزی، فارسی و توركیش لێكۆڵینەوەكان بڵاودەكاتەوە.
پانێلیستەكان:
- پرۆفیسۆر ئەنوەر عەشقی، لێكۆلینڤان لە نێوەندی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ لێكۆڵینەوەی ستراتیژی و یاسایی لە جددە.
- پرۆفیسرۆ رینیێ پارپۆت، لێكۆلینڤان لە زانكۆی مۆنتریال لە كەنەدا.
- پرۆفیسۆر بیلال سامبوور، لێكۆلینڤان لە زانكۆی ئەنقەرە لە توركیا.
- پرۆفیسۆر سەعید شەمس، ئەكادیمی لە زانكۆی سۆران.
لێكۆڵینەوەكە بەسەرپەرشتی مامەند رۆژە لەلایەن لیكۆلینڤانان (ئازاد عەلی، هاورێ باخەوان، بیلال سامبوور، عەبدولڕەحمان دەروێش، مەسعوود رۆستەمی و حیسام دەستپیش) ئەنجامدراوە، باسی كوردستانی دوای داعش دەكات، هەروەها باسی كوردستانی دوای 100 ساڵ لە رێككەوتننامەی سایكس- پیكۆ دەكات، لەهەمانكاتدا تێزی راڕەوی كوردی كە بە دیواری كوردیش دەناسرێت وەك یەكێك لە فاكتەرەگانی پۆست - داعش و پۆست - سایكس پیكۆ دەخاتەڕوو.
خۆڕاگەیاننامەی ناوەندی لێكۆڵینەوەی رووداو
ناوەندی لێكۆڵینەوەی رووداو، بەشێكی تۆڕی میدیایی رووداوە . لە سەرەتای ئەمساڵەوە بە ستافێك لە لیكۆلینڤانان دەستبەكاربووە. ئەمڕۆ وەك یەكەمین كار ، خۆی لەگەڵ ئێوەدا ئاشكرا دەكات و دەناسێنێت.
ناوەندی لێكۆلینەوەی رووداو ، ناوەندێكی لێكۆلینڤانی پرۆفیشناڵ دەبێت كە ئامانجی پێدانی زانیاری و شرۆڤەی ئەكادیمیانەیە . بۆ ئەو مەبەستەش بەردەوام دەیەوێت كار لەگەڵ لێكۆڵینڤانانی بە توانادا بكات.
ئەم ناوەندە كاری ئەو لێكۆڵینەوانە دەبێت كە بۆ ئێستا و پاشەڕۆژی كوردستان و ناوچەكە پێویستن و ئامانجەكانیشی لەم خاڵانەدا خۆیان دەنوێنن:
•هەر كێشەیەكی كوردستانی و نەتەوەیی بۆ ناوەند پڕۆژەیەكە و زۆرینەی لێكۆڵینەوەكانمان تایبەت دەبن بە كوردستان و ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست .
•ناوەندی ڵێكۆڵینەوەی رووداو، بایەخی بە گۆڕانكارییە ناوچەیی و جیهانییەكان و كاریگەرییان لەسەر كوردستان دەدات و ئەوەش لە لێكۆڵینەوەكانیدا رەنگدەداتەوە.
•لێكۆڵینەوەكانمان لە چوارچێوەیەكی ئەكادیمییانەدا دەنووسرێن و هیچ لایەنگرییەكیان تێدا نابێت.
•لێكۆڵینەوەكانمان هەندێكیان ناوكۆیی دەبن و هەندێكیشیان تەنیا یەك لێكۆڵەر ئامادەیان دەكات ، بەڵام دوای پێداچوونەوەیان لەلایەن ناوەندی لێكۆڵینەوەی رووداو .
•ناوەندی لێكۆڵینەوەی رووداو ، ئەڵقەی گفتوگۆ و شرۆڤەی بەپەلە لەسەر رووداوە رۆژەڤییەكان رێكدەخات و، بەشێوەی لێكۆڵینەوەی پووختی نووسراو و گفتوگۆی ڤیدیۆیی بڵاودەكاتەوە.
•یەكێك لە سەرەكیترین كارەكانی ناوەند ئامادەكردنی شرۆڤە و لێكۆڵینەوەیە بۆ تۆڕی میدیایی رووداو. دەشێت هەندێك لەو لێكۆڵینەوانە ببنە دۆكیومێنتەری یان دیبەیتی تەلەڤزیۆنییان لێوە ئامادە بكرێن.
•بەدڵنیاییەوە ستافی ناوەندی لێكۆڵینەوەی رووداو لە هەموو بابەتێكدا پسپۆڕ نییە. هەر بۆیە بۆ ئەو بابەتانەی كە لە دەرەوەی پسپۆڕیێتی ستافی ناوەندەكەن، ناوەند هەندێك لێكۆڵەری پسپۆڕ و ئەكادیمیی دیكە رادەسپێرێت تاوەكو توێژینەوە لە بابەتێكی دیاریكراودا بكەن. لەو رووەوە ناوەندەكە تەنیا كاری هاوئاهەنگی و پلاندانان و بڵاوكردنەوەی لێكۆڵینەوەكان دەبێت.
•هەوڵدەدەین زۆرینەی ئەو لێكۆڵینەوانەی كە ناوەندەكەمان ئامادەیان دەكات چاپیان بكەین. زمانی یەكەمی چاپەمەنیی ناوەندەكەمان كوردییە. شانبەشانی زمانی كوردی، بە زمانەكانی عەرەبی، ئینگلیزی، فارسی و توركیش لێكۆلینەوەكانمان بڵاودەكەینەوە.
•ناوەندی لێكۆڵینەوەی رووداو هەر لە سەرەتای دەستبەكاربوونییەوە هەوڵی پێكهێنانی تۆڕێكی لێكۆڵینەوەیی ناوخۆیی و دەرەكی داوە. بەهیوایە ئەم تۆڕە فراوانتر بكات و لێكۆلینڤانان لە هەموو لایەك بۆ توێژینەوە لەسەر بابەتێكی گرنگ سەبارەت بە باسێكی دیاریكراو بكەن .
•ناوەندی لێكۆڵینەوەی رووداو ، ساڵانە كۆنفرانسێك رێكدەخات بۆ پانێلبەستن لەسەر چەند رۆژەڤێكی گرنگ و دەستەبژێرێكی پسپۆڕی ناوخۆیی و دەرەكی بۆ بەشداریكردن بانگهێشت دەكات.
زۆر گەشبینین كە ناوەندەكەمان لە داهاتوویەكی نزیكدا پەرەدەستێنێت و ئەو تۆڕی توێژینەوەییەی كە ئامانجمانە دەهێنێتەدی و بەهۆیەوە كۆمەڵێك لێكۆڵینەوەی گرنگ پێشكەشدەكەین.
هیوادارین بە تێبینی و رێنماییەكانتان بەردەوام هاوكارمان بن و كارەكانمان زۆرتر پێشبخەین.
هەولێر
18-5-2016
محەمەد سەدیق کەبوودوەند، سەرۆکی بەندکراوی ڕێکخراوی بەرگری لە مافی مرۆڤی کوردستان ماوەی دە رۆژە مانی لە خواردن گرتووە و ئێستا گیانی لە مەترسی دایە.
ئەمڕۆ سێشەممە (17.5.2016)، رێکخراوی بەرگری لە مافی مرۆڤی کوردستان ، سەبارەت بە بارودۆخی خراپیی باری تەندروستیی محەمەد سەدیق کەبوودوەند، ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و هۆشداری داوە و بەگوێرەی زانیارییەکان بنەماڵەی ئەو چالاکوانە دەڵێن، تا ئێستا بەهۆی بارودۆخی خراپی تەندروستییەوە چەندین جار ڕەوانەی نەخۆشخانەی بەندیخانە کراوە.
پزیشکانی بەندیخانە هۆشدارییانداوە کە دەبێ بە زۆترین کات مانگرتنەکەی بشکێنێت.
محەمەد سەدیق کەبوودوەند، ڕوژنامەنووس و سەرۆکی رێکخراوی بەرگری لە مافی مرۆڤی کوردستان چەندین ساڵە لە بەندیخانەیە، بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر گوشاری بەرپرسە ئەمنییەکانی ئێران لە بەندیخانە بۆ سەر ئەو چالاکوانە سیاسییە، ماوەی 10 رۆژە مانی لە خواردن گرتووە.
پڕوسەی دادگایی کەبوودوەند ماوەی چوار مانگە دەستی پێکردووە و تا ئێستا سێ جار بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی دادگایی کراوە.
پێشتر دادگای ئینقلابی ئیسلامیی تاران، حوکمی 10 ساڵ و 6 مانگ بەندکرانی بۆ کەبوودوەند دەرکردبوو، بەڵام بە لەبەرچاو گرتنی ئەو تۆمەتانەی بەم دوایە دراوەتە پاڵی، پێدەچێ، دوای تەواوبوونی حوکمەکەشی ئازاد نەکرێت.
ئەوە لە کاتێک دایە کە محەمەدسەدیق کەبوودوەند، چالاکوانی سیاسیی کورد، لە بەندیخانە تووشی چەندین نەخۆشی وەکوو نەخۆشیی دڵ و خوێنبەرەکان، گورچیلە و پرۆستات بووە و مانگرتن لە خواردنیش گیانی خستووەتە مەترسییەوە.
محەمەدسەدیق کەبوودوەند مانگی 11ی ساڵی 2007 لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە و لە دادگای ئینقلابی ئیسلامیی تاران، بە تۆمەتی "هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی" لەڕێگەی دامەزرانی رێکخراوی بەرگری لە مافی مرۆڤی کوردستان، سزای 10 ساڵ و 6 مانگ بەندکردنی بۆ دەرچووە.
هاوکات بەهۆی کەیسی تایبەت بە چالاکیی رۆژنامەنووسی، ئەو دادگایە سزای ساڵێک بەندکرانی هەڵپەسێراو و 5 ساڵیش دوورخستنەوە لە کاری رۆژنامەنووسی بۆ دەرکردووە.
17/5/2016
ئەنکەرا و زۆر لە وڵاتانی ئەوروپی، پێیان باشە مەسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ناوەنگیری لە نێوان پەکەکە و حکوومەتی تورکیا بکات بۆ دووبارە گیان بەبەرداکردنەوەی پرسی ئاشتی و چارەسەری.
کۆمەڵێک لە پەرلەمانتارانی پارتی دیموکراتی گەلان (ھەدەپە)یش پێیان وایە بارزانی کەسایەتییەکی گرنگی ناوچەکەیە، بۆیە رۆڵێکی ئەرێنی دەبینێت بۆ راگرتنی شەڕ و لێک نزیککردنەوەی پەکەکە و ئەنکەرا. ھەروەھا پێیان وایە کە بە لای ئەمەریکاوە بارزانی کەسایەتییەکی بە ھێزی ناوچەکەیە، بۆیە لە کۆبوونەوەی نھێنیدا بە باشی زانیوە بارزانی رۆڵی ناوەنگیری لە نێوان ئەو ٢ لایەنەدا ببینێت.
ئادەم گەڤەری ئەندام پەرلەمانی ھەدەپە پێیوایە، ئێستا بارودۆخی تورکیا زۆر خراپە و پرسی کورد لەو وڵاتە لە مەترسییەکی گەورەدایە، بۆیە ئەگەر کەسێکی وەکو بارزانی لەو بارودۆخە خراپەدا گرنگی بە پرسی چارەسەری بدات، ھەنگاوێکی یەکجار گەورەیە.
ئەو تایبەت بۆ (باس) گوتی: "زۆر ئاساییە کە بەرێز بارزانی پەیوەندیی باشی لەگەڵ ئاکپارتیدا ھەبێت. لە پەرلەمانی تورکیا ھەموو ھەوڵێک گیراوەتە بەر تا ھەدەپە بخەنە دەرەوەی پەرلەمانەوە و، بەوەی پارێزبەندییان لەسەر ھەڵبگیرێت و بخرێنە زیندانەوە.
پارتی سەرەکیی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا جەھەپە دەڵێت ئەگەر لە تورکیا سیستەمی سەرۆکایەتی جێبەجێ بکرێت، دڵنیا بن خوێنێکی زۆر لەم وڵاتە دەرژێت و بەبێ خوێنڕشتن ئەو سیستەمە لە پەرلەمان بەڕێ ناکرێت. کێشەی کوردیش لە تورکیا زۆر لە مەترسیدایە بەوەی بە رێگەیەکی دیموکراییانە چارەسەری بۆ ناکرێت. دیارە ئەمەریکا و ئەوروپایش زۆر نیگەرانن بەو بارودۆخەی تورکیا، بۆیە لەو باردۆخە خراپەدا ئەگەر بارزانی ھەوڵی ناوەنگیری لە نێوان پەکەکە و ئەنکەرادا بدات ھەنگاوێکی زۆر گەورەیە و مایەی شانازییە".
گەڤەڕی ئاماژە بۆ ئەوەیش دەکات کە خوازیارن بارزانی بە زووترین کات ئەو رۆڵە بگێڕێت، تا زووتر شەڕ رابوەستێت.
عەلی ئاتەلان ئەندام پەرلەمانی ھەدەپە لەسەر شاری باتمان پێی وایە کە بۆ پرسی چارەسەری پێویستە کەسی سێیەم بێتە ناوەوە، تا ئەو ٢ لایەنە لە یەکتری نزیک بکاتەوە، بۆیە گرنگە بارزانی ببێت بە کەسی سێیەم بۆ نزیک بوونەوەی پەکەکە و ئەنکەرا.
ئەو تایبەت بۆ (باس خەبەر) دەڵێت: "پەکەکە و تورکیا زۆر بە توندی بەگژ یەکتریدا چوونەتەوە، بۆیە تاکە رێگە بوونی کەسی سێەمە کە بێت و ئاوێک بەو ئاگرەدا بکات و دووبارە ئەو ٢ لایەنە بگەڕێنێتەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ. ئەگەر بارزانیش ئەو ناوەنگیرییە ئەنجام بدات زۆر خۆشحاڵمان دەکات".
ھەروەھا باسی لەوەیش کرد کە ئەو شەڕەی لە نێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورکیا ھاتووەتە ئاراوە، زیانی ملیاران دۆلاری لە باکوور داوە، ھەروەھا ئەو زیانە بەر باشووریش کەوتووە بەوەی قەبارەی بازرگانی لەنێوان تورکیا باشووری کوردستان کەم بووەتەوە، بۆیە پێویستە ئەو شەڕە کۆتایی پێ بێت.
گوتیشی: "بارزانی بە لای وڵاتانی ئەوروپییەوە کەسایەتییەکی زۆر گرنگە و ھەروەھا یەکێکە لەو سەرۆکانەیشی رۆڵی زۆر جیدیی بینیوە لە رووبەرووبونەوەی گرووپی تیرۆرستیی داعش، بۆیە پێم وایە لە ناوەندگیریی پەکەکە و دەوڵەتی تورکیاشدا رۆڵی ئەرێنی دەبینێت".
بۆ ئەوەی دووبارە پرسی چارەسەری بێتەوە بەر باس، پێشتریش ھەوڵی لەو شێوەیە دراوە، بۆ نموونە ئەحمەد داودئۆغلو بە ناراستەوخۆ پێی باش بووە کە دووبارە پرسی چارەسەری بێتەوە بەر باس، بەڵام ھەوڵەکان سوودی نەبووە. ئەمە گوتەی لۆزگین بۆتانە ئەندام پەرلەمانی ھەدەپە لەسەر شاری وان.
لۆزگین تایبەت بۆ (باس خەبەر) پێی وایە کە ئەو شەڕە زیانی زۆری ئابووریی بە باکوور و ھەرێمی کوردستانیش داوە جگە لە ماڵوێرانییەکی زۆر، بۆیە ئەگەر بارزانی رۆڵی ناوەندگیری لە نێوان ئەو ٢ لایەنەدا بگیڕێت و شەڕ کۆتایی پێ بێت، ئەوکات ھەموو لایەک سوودمەند دەبن.
ھەروەھا گوتیشی: "من بۆیە ئومێدی زۆرم بە بارزانی ھەیە کە دەتوانێت پەکەکە و ئەنکەرا لە یەکتری نزیک بکاتەوە، چونکە بارزانی رۆڵێکی سەرەکیی گێڕاوە بۆ رووبەرووبونەوەی داعش و ئەمەیش وای کردووە کە ئەوروپا و ئەمەریکا رێزێکی زۆری لێ بگرن و وەکو سەرکردەیەکی گرنگیش تەماشای بکەن، بۆیە ئەگەر بۆ پرسی چارەسەری ھەنگاوی ئاشتی بگرێتە بەر ئەنجامی باش دەبێت".
ئەو باسی لەوەیش کرد کە ئاساییشی ڤییەنا و بەرلین پەیوەستە بە ئاساییشی ھەولێر و کۆبانێ و ئامەد، ئەگەر ئەو شارانە ئارام نەبن ئەوێش نائارامە.
17/5/2016
کۆماری ئیسلامیی ئێران، پێدانی ڤیزای بە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای مەرزی حاجی ئۆمەران ڕاگرت، وەک فشارێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەیەکی هاووڵاتییانی ئێرانی.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەڕێوەبەرایەتیی مەرزی حاجی ئۆمەران، تایبەت بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، لە دوێنێ دووشەممە 16\5\2016ەوە، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بڕیاری کونسوڵخانەی ئێران لە هەولێر، پێدانی ڤیزای بەو هاووڵاتییانەی هەرێمی کوردستان ڕاگرتووە کە بە نیازن لە ڕێگای ئەو مەرزەوە، گەشت بۆ ئێران بکەن. ئەوەشی ئاشکرا کرد کە کونسوڵخانەی ئێران بڕیارەکەی دەرکردووە و هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، شۆفێری تاکسییەکان لە مەرزی حاجی ئۆمەران، ڕێگا بە نەفەرهەڵگرەکانی ئێران (ئوتوبوس) نادەن، گەشتیار لە حاجی ئۆمەرانەوە بۆ هەولێر بگوازنەوە و بە پێچەوانەشەوە.
سەرچاوەکە ئەوەشی بۆ (باسنیوز) ئاشکرا کرد کە ئێستا لە مەرزی حاجی ئۆمەرانەوە، ڤیزا بە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان نادرێت و داوا لەو کەسانە دەکەن کە دەیانەوێت لە ڕێگای حاجی ئۆمەرانەوە بچنە ئێران، یان لە ڕێگای فڕۆکەخانە و بە فڕۆکە گەشتەکەیان ئەنجام بدەن، یانیش لە ڕێگای مەرزی (باشماخ) و مەرزەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی، بچنە کۆماری ئیسلامیی ئێران.
17/5/2016
لە ماڵی مام جەلال لە دەباشان رێککەوتننامەی نێوان یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لەلایەن جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی و رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان واژۆدەکرێت و ئێوارەی ئەمڕۆش لە رێوڕەسمێکدا رادەگەیێندرێت.
زیاد جەبار، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی یەکی رێکخستنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە سلێمانی، لە کاتی بەشداریکردنی لە ماوەی هەواڵی نووڕۆژی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی رووداو رایگەیاند " رێککەوتننامەی نێوان یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان تەواوبووە و ئەمڕۆ نێوەڕۆ لە ماڵی مام جەلال تاڵەبانی لە دەباشان واژۆ دەکرێت و، کاژێر 6ی ئێوارە لە شاری جوان رێککەوتنەکە رادەگەیێندرێت".
جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی یەکی یەکێتی ئاماژەی بەوەشکرد، لە رێوڕەسمی راگەیاندنی رێککەوتننامەکە هەموو پارت و لایەنە سیاسییەکان و کەسایەتییەکان داوەتکراون و، سەرکردایەتی یەکێتی و جڤاتی گشتی و نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕانیش ئامادەی مەراسیمەکە دەبن، هەروەها پارتی دیموکراتی کوردستانیش داوەتی رێورەسمەکە کراوە.
زیاد جەبار گوتیشی" رێککەوتننامەکە لەلایەن کۆسرەت رەسوڵ عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی و، نەوشیروان مستەفا، رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان لەبەردەم مام جەلال واژۆدەکرێت و دواتر لە رێوڕەسمەکەدا رادەگەیێندرێت، کە کونسوڵی وڵاتانی بیانی لە هەرێمی کوردستان ئامادەی دەبن، رێککەوتننامەکەش دەستپێشخەرییەکی باشە بۆ باشترکردنی دۆخی هەرێمی کوردستانە و لەبەرژەوەندی خەڵکی کوردستانیشە".
17/5/2016
ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، لە یادی 100 ساڵەی ڕێککەوتننامەی (سایکس بیکۆ) ڕای گەیاند، پێویستە ڕێگا بە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بدرێت، بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن.
ئەمڕۆ دووشەممە 16\5\2016، مەسرور بارزانی، ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، نووسینێکی سەبارەت بە 100 ساڵەی سایکس بیکۆ بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کرد: ”ئەمڕۆ سەد ساڵ بەسەر ڕێککەوتنی سایکس_بیکۆ تێدەپەرێت کە بۆ بەشێکی زۆری خەڵکی ناوچەکە و بە تایبەتی کورد، پڕ بووە لە وێرانکاری و ژێردەستی و نادادپەروەری. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش لەو کاتەوە ئاشتی و سەقامگیریی بەخۆیەوە نەبینیوە، چونکە دانانی سنوورەکان و دابەشکردنی ناوچەکە لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندیی گەورە هێزەکانی ئەوسا بووە، بە بێ ڕەچاوکردنی ویستی نەتەوە جیاوازەکانی ناوچەکە بۆ بڕیاردان لە سەر چارەنووسی خۆیان و بەرژەوەندییەکانیان“. جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە لە ئەنجامی ئەم چەوتییە مێژووییە، ناوچەکە دووچاری قەیران و شەڕ و وێرانکاریی زۆر بووە و گەلەکی کورد قوربانیی زۆری لە پێناو پاراستنی ناسنامەی خۆی داوە.
هەر لەو نووسینەدا مەسرور بارزانی جەختی لەوە کردووەتەوە: ”ئێستا کاتی ئەوە هاتووە هەموو لایەک دان بەم هەڵە کارەساتبارە دابنێن. بۆ ڕاستکردنەوەی ئەم ستەم و نادادپەروەرییە، پێویستە ڕێگە بە خەڵکی ناوچەکە بدرێت، بڕیار لە سەر ماف و چارەنووسی خۆیان بدەن“. هیواشی خواستووە، چیتر گەلی کوردستان ڕێگا نەدات، لە ژێر هیچ بیانوو و فشارێک، هێز یان لایەنێک یاری بە چارەنووسیان بکات و ئەم دەرفەتەی هاتووەتە پێشەوە، لەدەست بچێت. دووپاتیشی کردووەتەوە: ”دەبێت گەلەکەمان خۆی بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات و بەرەو و سەربەخۆیی هەنگاو بنێت“.
ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئەوەشی ڕوون کردووەتەوە کە سەربەخۆیی لە ناخەوە دەست پێ دەکات. دەشڵێت: ”دەبێت بمانەوێت سەر بە خۆمان بین تاکو سەربەخۆ بین. نابێت ڕێگا بدەین یارییە سیاسییەکان و بەرژەوەندیی تەسکی حیزبی یان ویستی کەسی، بەربەست بۆ گەیشتن بەم ئامانجە دروست بکات“. ئەگەر خۆمان ژێردەستی قبول نەکەین، هیچ هێزێک ناتوانێت بمانچەوسێنێتەوە. با خۆمان بڕیار بدەین و ڕێگە نەدەین هیچ کەس و لایەنێک لە جیاتی ئێمە بڕیار بدات. با چیتر ڕێگە نەدەین بە بیانووی جیاواز کە کاتی ئەوە نییە یاخود بارودۆخ گونجاو نییە، هەر بە پاشکۆ بمێنینەوە. کاتی ئەوەیە خۆمان بڕیاری خۆمان بدەین“.
لە کۆتاییشدا داوای لە هەموو جیهان و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە، ڕێز لە قوربانییەکانی گەلی کورد و بڕیارەکەی بگرن و ئەم هەڵوێستەی کورد بە دەستپێشخەرییەکی ئاشتییانە و چارەسەری بنەڕەتی وەربگرن و بە دۆست و دراوسێی هاوتا و یەکسان یەکتر قەبول بکەین.
ئەمڕۆ 16\5\2016، سەد ساڵی تەواو بەسەر ڕێککەوتننامەی سایکس بیکۆ تێپەڕ دەبێت کە بەهۆیەوە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەو ناوچانەی کە بە میراتی دەوڵەتی عوسمانیی کۆن دەناسرێن، دابەش کران و مافی نەتەوەی کورد کە ئێستا 50 ملیۆن دەبێت، تێیدا پشتگوێ خرا و مافی دەوڵەتداری پێ نەدرا.
16/5/2016
100 ساڵ بەسەر واژۆکردنی رێککەوتننامەی سایکس- پیکۆ تێپەڕدەبێت کە تێیدا کوردستان بەسەر چوار وڵاتدا دابەشکرا، شارەزایەکی مێژووش باسی ئەو هۆکارانە دەکات کە رێگربوون لەوەی کوردستان ببێتە دەوڵەت پێش واژۆکردنی ریککەوتننامەکە.
د. هێرش عەبدوڵڵا، مامۆستای مێژوو لە زانکۆی سلێمانی، لە کاتی بەشداریکردنی لە ماوەی هەواڵی نووڕۆژی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی رووداو، لەبارەی 100 ساڵ تێپەڕبوون بەسەر رێککەوتننامەی سایکس- پیکۆ رایگەیاند "رێککەوتننامەی سایکس- پیکۆ کە لە ساڵی 1916 لە نێوان فەرەنسا و بەریتانیا واژۆکرا، رێککەوتنێکی سیاسی بوو لە نێوان وڵاتانی خۆرئاوا بە گشتی و، بەریتانیا و فەرەنسا بەتایبەتی، کە بەهۆیەوە کۆمەڵێک کێشەی نێوان ئەو وڵاتانە چارەسەر کران".
مامۆستاکەی زانکۆ ئاماژەی بەوەشکرد، لە بنەڕەتدا مەبەست لە رێککەوتننامەی سایک- پیکۆ دابەشکردنی دەوڵەتی عوسمانی بوو کە دواتر نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان گۆڕی، بەڵام رووسیا لە رێککەوتنەکە کشایەوە، دواتر دوو ئەفسەری بەریتانی و فەرەنسی رێککەوتنەکەیان واژۆکرد، هاوکات واژۆکردنی رێککەوتننامەی سایکس- پیکۆ بۆ پاراستنی بەرژەوەندی فەرەنسا و بەریتانیا بوو بە بێئەوەی بیر لە گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەنەوە.
لەبارەی کورد لە نێو رێککەوتننامەی سایکسپیکۆ و نەبوونی بە دەوڵەت لەو سەردەمەدا، هێرش عەبدوڵلا گوتی" کورد لەو سەردەمەدا نەبوو بە دەوڵەت، لەبەرئەوەی یەکەی سیاسی یەکگرتووی نەبووە لەگەڵ بنەماکانی دروستکردنی دەوڵەت. هەروەها عەرەب و فارس و تورک خاوەنی کیانی دامەزراوەی پێشوەختە بوون و، زمان و کولتووریان رێگەخۆشکەربوون بۆ ئەوەی لە نەخشە و رێککەوتنامەکەی سایکس- پیکۆدا ببنەوە بە دەوڵەت، لەبەرامبەریشدا عەرەب رێگربووە لە وەی کورد ببێتە دەوڵەت و کیانی خۆی هەبێت".
16/5/2016
بارزانی وەزیری ئیتڵاعاتی ئێران كۆدەبنەوە و تاووتوێی ئامادەكارییەكانی كۆنترۆڵكردنەوەی موسڵ دەكەن.
رۆژی یەكشەممە 15-5-2016 مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ئایەتوڵڵا دكتۆر سەید مەحموود عەلەوی، وەزیری ئیتڵاعاتی ئێران و ئەندامی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری و شاندێكی یاوەری كرد.
ماڵپەڕی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردووەتەوە، وەزیری ئیتیڵاعاتی ئێران بۆچوونی وڵاتەكەی لەبارەی رەوشی سیاسیی عێراق و ناوچەكە خستەڕوو و جەختیكردەوە كە ئێران لە پشتیوانیكردنی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت.
هەروەها داوای لە بارزانی كرد پێشبینی و بۆچوونی خۆی لەبارەی رووداو و پێشهاتەكانی ناوچەكە بخاتەڕوو.
لە كۆبوونەوەكەدا بارزانی كورتەیەكی لەسەر رەوشی مەیدانیی بەرەكانی شەڕ لەگەڵ داعش و بارودۆخی سیاسیی عێراق بۆ شاندی ئێرانییەكە خستەڕوو و جەختی لەوەشكردەوە كە شەڕی داعش پێویستی بە هەماهەنگی و هاوكاریی جددیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەداوە كە بۆ تێكشكاندنی تەواوی داعش تەنیا رووبەڕووبوونەوەی سەربازی بەس نییە، بەڵكو پێویستە لەڕووی فكريی، ئابووريی و سیاسیشەوە داعش و هزری تووندئاژۆيى تێكبشكێندرێت.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەی نێوان بارزانی و وەزیری ئیتڵاعاتی ئێران باس لە ئامادەكارییەكان كۆنترۆڵكردنەوەی موسڵ، پەیوەندییەكانی نێوان بەغدا و هەرێمی كوردستان و دوا پێشهاتە سیاسییەكانی ناوچەكە كرا.
لە كۆبوونەوەكەدا، هەر یەك لە مەسروور بارزانی، راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان و فوئاد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ئامادەبوون.
rudaw
15/5/2016
ئێوارەی دوێنێ شەممە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە هەولێر لەگەڵ مەحموود عەلەوی، وەزیری ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران کۆبووەوە.
لە دیدارەکەدا باس گرنگیی پەیوەندیی دوو قۆڵیی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئسیلامی کردیەوە و هەردوولا جەختیان لەسەر پەردەان بە پەیوەندییەکانیا کردووەتەوە.
لەم بارەوە ماڵپەڕی ئەنجومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پوختەیەک لە ناوەرۆکی دیدارەکەی بۆ ئاژانسی (باسنیوز) ناردووە.
دەقی پوختەی ناوەرۆکی دیدارەکە:
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 14 - 5 - 2016 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوزای لە بەڕێز سەید د. مەحموود عەلەوی وەزیری ئیتڵاعاتی كۆماری ئیسلامیی ئێران و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارێكدا شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆیان بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و باسیان لەوە كرد كە ئەوان گرنگییەكی زۆر بە پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران دەدەن. هەروەها دووپاتیان كردەوە كە ئەو پەیوەندییانە ڕەگ و ڕیشەیەكی مێژووییان هەیە و ئێران هەردەم هەرێمی كوردستانی بە دۆست و هۆكاری پەیوەندی باش و ئارامی ناوچەكە دەزانێت.
لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانە و كۆماری ئیسلامیی ئێرانی كرد كە هەردەم پشتیوانی هەرێمی كوردستان بووە و جەختی لەوە كردەوە كە هەرێمی كوردستان هەردەم ئامادەیە دۆستایەتی و پەیوەندییەكانی لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران فراوانتر و تۆكمەتر بكات و ئامادەیی خۆیشی دەربڕی كە ئەو پەیوەندییانە لە هەموو بوارەكاندا پەرەیان پێ بدرێت.
لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا هەردوولا بیروبۆچوونیان لەبارەی بارودۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە و شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش ئاڵوگۆڕ كرد.
15/5/2016
پارتی دۆزی ئازاد ناسراو بە " هوداپار"، رۆژی یەکشەممە 15ی ئایاری 2016 لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا دووەمین کۆنگرەی ئاسایی دەبەستێت، لە باشووری كوردستانیش پارتی، یەکێتی و گۆڕان بانگهێشتكراون.
شەوکەت هەرکی، پەیامنێری رووداو لە ئەنقەرە رایگەیاند "هوداپار وەک پارتێکی ئیسلامی لە باکووری کوردستان و تورکیا چالاکییە سیاسییەکانی ئەنجامدەدات، ئەمڕۆش تەواوی ئامادەکارییەکان بۆ بەستنی کۆنگرە كراون و بەرنامەی کۆنگرەکەش بەسەر ئەندامان دابەشکراوە".
شەوکەت هەرکی ئاماژەی بەوەش کرد، لە دووەمین کۆنگرەی هوداپار، سەرۆکێکی نوێ بۆ پارتەکە هەڵدەبژێردرێت، هاوکات 28 کەس بۆ ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و 10 کەسیش بۆ لیژنەی دیسپلین هەڵدەبژێردرێن.
هەركی گوتیشی "هەریەک لە نوێنەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان و پارتە ئیسلامییەکان ئامادەی دووەمین کۆنگرەی هوداپار دەبن، بەڵام پارتی دیموکراتی گەلان- هەدەپە بۆ كۆنگرەكە بانگهێشت نەكراوە".
15/5/2016
بەدووری 18 كلیۆمەتر لە شارەدێی حاجی ئۆمەران، بوومەلەرزەیەك لەنێو خاكی رۆژهەڵاتی كوردستان روویدا. بەڕێوەبەری گشتیی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان دەڵێت "گوڕی بوومەلەرزەكە بەپێی پێوەری رێختەر 3.5 پلە بووە، هیچ زیانێكیشی لە هەرێمی كوردستان لێ نەكەوتووەتەوە".
فازڵ ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتیی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان بە (تۆڕی میدیایی رووداو) ی راگەیاند، كاژێر 05:37 خولەكی بەربەیانی رۆژی یەكشەممە 15-5-2016، بەدووری 18 كلیۆمەتر لە باكووری شارەدێی حاجی ئۆمەرانی باشووری كوردستان، بوومەلەرزەیەك لەنێو خاكی رۆژهەڵاتی كوردستان روویداوە و هاونیشتمانیانی هەرێمی كوردستانیش لە نزیك سنوورەكە هەستیان پێكردووە.
بەڕێوەبەری گشتیی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان ئاشكرایكرد، گوڕی بوومەلەرزەكە بەپێی پێوەری رێكختەر 3.5 پلە و قوڵییەكەشی 4.8 كیلۆمەتر بووە. باسی لەوەش كرد بوومەلەرزەكە لە هەرێمی كوردستان هیچ زیانێكی نەبووە و، تەنیا خەڵكی چۆمان و حاجی ئۆمەران لە دەڤەری باڵەكایەتی هەستیان پێكردووە.
دەڤەری باڵەكایەتی بە دووری 160 كیلۆمەتر دەكەوێتە رۆژهەڵاتی شاری هەولێر، لە شارۆچكەی چۆمان و پێنج شارەدێ (قەسرێ، حاجی ئۆمەران، گەڵاڵە، سمیلان و وەرتێ) و نزیكەی 150 گوند پێكدێت. بەپێی زانیارییەكانی رووداو لە بەشی زۆری باڵەكایەتی هەست بە بوومەلەرزەكە كراوە.
15/5/2016
فرانسوا پیکۆ و مارک سایکس، ئەو دوو کەسەی دەمووچاوی ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی دوای جەنگی جیهانیی یەکەمیان گۆڕی و، ئەو ناوچەیەی زیاتر لە چەند سەدەیەک لەژێر دەسەڵاتی عوسمانییەکان بوو، بۆ چەند دەوڵەتێکی دابەشکرد.
دابەشکردنی ناوچەکە لەنێوان هەردوو زلهێزی ئەو دەمەی جیهان بوو، بەریتانیا و فەرەنسا، بێگومان پرۆسەکەش بە ئاگاداری ئیمپراتۆریەتی ئەو دەمەی رووسیای قەیسەری ئەنجامدرا.
ناوچەکە بەپێی رێککەوتنێک دابەشكرا کە بە رێککەوتنی سایکس پیکۆ ناسراوە، هۆکاری ئەو نازناوەش بۆ هەردوو کەسایەتی سیاسی بەریتانیا و فەرەنسا دەگەڕێتەوە کە داڕێژەری رێککەوتنەکە و نوێنەری ئەو دوو وڵاتە بوون.
فرانسوا ماری دێنیس جۆرج پیکۆ، ناسراو بە جۆرج پیکۆ
- لە دایکبووی کانوونی یەکەمی ساڵی 1870 لە پاریس
- کوڕی مێژووناس جۆرج پیکۆ
- پارێزەر لە دادگای پاریس لە ساڵی 1893
- دیپلۆماتکار لە ساڵی 1895
- سکرتێری باڵیۆزی فەرەنسا لە دانیمارک
- کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە بەیرووت ساڵی 1913
جۆرج پیکۆ، لە ساڵی 1915 لەسەر داوای حکومەتی ئەو دەمەی فەرەنسا گەڕایەوە پاریس، لەوێ وەک راوێژکاری یاسایی کاری بۆ حکومەت و پارت و ئەو لایەنانە دەکرد کە لەگەڵ دانانی سووریا و لوبنان لەژێر کۆنترۆڵی فەرەنسادا بوون.
- کۆمسیاری باڵا لە فەلەستین و سووریا لەنێوان 1917-1919
- کۆمسیاری باڵا لە بۆلگاریا 1920
- باڵیۆزی فەرەنسا لە ئەرجەنتین.
مارک سایکس
لەدایکبووی 16ی ئاداری ساڵی 1879 لە سیڵدمیر بەریتانیا
- لە خێزانێکی دەستڕۆیشتوو لەدایكبوو
- بڕوانامەی لە زانکۆی کێمبرج هەبوو
- ساڵی 1897 پەیوەندی بە سوپاوە كردووە
- 4 کتێبی سەربازی تا ساڵی 1904 بڵاوكردوونەتەوە
لەبەر ئەوەی مارک سایکس لە خێزانێکی دەوڵەمەند بوو، بەردەوام بەشداری گەشتەکانی باوکی دەکرد بۆ ناوچەکانی ژێر دەستی خەلافەتی عوسمانی.
مارک سایکس، نوێنەری بەریتانیا بوو لە دانوستاندنەکانی تایبەت بە دابەشکردنی ناوچەکە لە نێوان بەریتانیا و فەرەنسا، هەروەها:
- راوێژکاری سیاسی و سەربازی بوو
- گەشتیار لە ناوچە جیاجیاکانی جیهان
- شارەزا لە ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
- شارەزا لە سووریا
- لە 20ی حوزەیرانی ساڵی 1951 لە تەمەنی 80 ساڵیدا لە پاریس کۆچی دوایی کرد.
بەڵام جۆرج پیکۆ، لەکاتی بەشداریکردنی لە دانوستاندنەکانی ئاشتی دوای جەنگی جیهانیی یەکەم لە پاریس لە ساڵی 1919 دا و بەهۆی نەخۆشی ئەنفلەوەنزای ئیسپانی کوشندەی ئەو دەمە، لە تەمەنی 40 ساڵیدا لە یەکێک لە هۆتێلەکانی پاریس گیانی لەدەستدا.
دانووستاندنەکانی رێککەوتنی سایکس پیکۆ لەماوەی نێوان تشرینی دووەمی ساڵی 1915 تا ئاداری ساڵی 1916 بەردەوام بوون و لە 16ی مانگی ئایاری ساڵی 1916 واژۆکرا.
رێکكەوتنەکە نهێنی بوو تا 23ی مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 1917، کاتێک لە رووسیا شۆڕش بەرپا بوو و رێکكەوتنەکەش لەلایەن حکومەتی نوێی رووسیا بەسەرۆکایەتی لینین ئاشکراکرا.
دوای 100 ساڵ لە واژۆکردنی رێککەوتنی سایکس پیکۆ، وێڕای هەموو ئاماژەکانی لاوزبوونی، بەڵام هێشتا هەر چالاک و بەردەوامە.
14/5/2016
سێ مانگە حکومەتی عێراق، ناردنی ئەو چەک و تەقەمەنییانەی کە بەشی هەرێمی کوردستانە و لەلایەن وڵاتانەوە بۆ شەڕی دژ بە داعش دەنێردرێت، راگرتووە.
شاخەوان عەبدوڵڵا، بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە پەرلەمانی عێراق بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، ماوەی سێ مانگە بەشی هەرێمی کوردستان لە چەک و تەقەمەنی کە وڵاتان وەکو هاوکاری پێشکەشی عێراقی کردوون، رەوانە نەکراوە و تەنها لەسەر واژۆیەکی خالید عوبێدی، وەزیری بەرگری عێراق ماوە.
شاخەوان عەبدوڵڵا گوتیشی "ئەو بڕە چەک و تەقەمەنییە نزیکەی پێنج تۆن دەبێت و لەکاتی سەردانی وەزیری بەرگریی عێراق بۆ مەخموور، بەڵینی هەناردنی ئەو بەشەی هەرێمی کوردستانی دا، بەڵام تاوەکو ئیستا بەڵێنەکەی نەبردووەتە سەر و ئامادە نەبووە واژۆ بکات بۆ هەناردنی ئەو بڕە تەقەمەنییە".
13/5/2016
تەقینەوەیەك لە نزیک فڕۆکەخانەی دیمەشق روویدا و مستەفا بەدرەدین، سەرکردەی حیزبوڵڵا لە تەقینەوەکەدا کوژرا.
چەند کاژێرێک بەر لە ئێستا (رۆژی هەینی 13-5-2016) تەقینەوەیەک لەنزیک فڕۆکەخانەی دیمەشق روویدا.
حیزبوڵڵای لوبنانی کوژرانی مستەفا بەدرەدینی لە تەقینەوەکەی دیمەشق راگەیاند.
مستەفا بەدرەدین، بەرپرسی سەربازی حیزبوڵڵا بوو لە سووریا
بەدرەدین تۆمەتباری سەرەکی بوو بە کوشتنی رەفیق حەریری سەرۆکوەزیرانی لوبنان لە ساڵی 2005 لە بەیرووت.
13/5/2016
بەرپرسێكی باڵای وەزارەتی نەوتی ئێران رۆژی 5-5-2016 بە تەلەفزیۆنی حكومیی ئێرانی راگەیاند كە گرێبەستە نوێیەكانی نەوتی ئێران بۆ وەبەرهێنەرە نێودەوڵەتییەكان هەتا كۆتایی حوزەیران یان سەرەتای تەمووزی ئەمساڵ ئامادە دەبن.
نزیكەی 135 كۆمپانیا، لەوانەش بی پی بەریتانی، تۆتاڵ، ئێنی ئیتاڵیا و رێپسۆڵی ئیسپانی لە مانگی تشرینی دووەمی پارساڵ بەشداری كۆنفرانسێك بوون كە بڕیار بوو گرێبەستەكانی نەوتی ئێران (ناسراو بەIPC )ی تێدا بخرێتە ڕوو، بەڵام ئاشكراكردنی گرێبەستەكان بەردەوام دواخرا.
هۆكاری دواخرانی گرێبەستەكان بۆ كێشەی نێوان میانڕەوەكان (واتە حكومەتەكەی روحانی) و بناژۆخوازەكانی ئێران (رێبەر و سوپای پاسداران) دەگەڕێتەوە. بناژۆخوازەكان رەخنە لە وەزارەتی نەوتی ئێران دەگرن چونكە لە گرێبەستە نوێیەكاندا كۆتایی بە سیستەمی كڕینەوەی ئەو پشكانە هێناوە كە كۆمپانیا بیانییەكان دەشێت لە كەرتی نەوتی ئێراندا بیكڕن. مێژووی ئەم سیستەمە بۆ 20 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە كە تێیدا رێگە بە كۆمپانیا بیانییەكان نادرێت یەدەگێكی نەوتی دیاریكراو بۆ خۆیان بگرنەوە، یانیش پشكی یەكسانیان لەگەڵ كۆمپانیا ئێرانییەكاندا هەبێت.
روكنەدین جەوادی، جێگری وەزیری نەوتی ئێران بە میدیاكانی وڵاتەكەی راگەیاند "هیوادارین بتوانین لە مانگی تەمووز تەندەر و گرێبەستە نەوتییەكان ئامادە بن. دەرگای ئێران بەڕووی هەموو وەبەرهێنەرانی جیهاندا كراوەیە". جەوادی رەتیكردەوە هیچ كۆنفرانسێكی تایبەت بە خستنەڕووی گرێبەستەكانی نەوت و غاز لە دەرەوەی ئێران رێكبخرێت. پێشتر بڕیار وابوو كۆنفرانسێك لەم پەیوەندییەدا بۆ كۆمپانیا بیانییەكان لە لەندەن رێكبخرێت، بەڵام جەوادی دەڵێت "ئاشكراكردنی گرێبەستەكە بۆ وەبەرهێنەران دەكرێت لە ئێرانیش بكرێت".
لەلایەكی دیكەوە بۆ پشتڕاستكردنەوەی گوتەكانی جەوادی، بەڕێوەبەرایەتی گشتی كۆمپانیای نیشتمانی نەوتی ئێران لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرای كرد كە كۆمپانیا بیانییەكان لە مانگی تەمووزدا بانگهێشتی تاران دەكرێن بۆ ئەوەی گرێبەستەكەیان پیشان بدرێ.
حكومەتەكەی رووحانی دەزانێت بۆ راكێشانی وەبەرهێنەرە بیانییەكانی نەوت دەبێت دەمیان شیرین بكات، بە تایبەتیش لە كاتێكدا كە بە گوتەی جەوادی ئێران بە نیازە لە داهاتوویەكی نزیكدا ئاستی هەناردەكردنی نەوتی وڵاتەكەی بۆ 2.2 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا بەرز بكاتەوە. بەپێی گوتەكانی جەوادی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران بۆ 3.7 ملیۆن بەرمیل بەرزبووەتەوە كە لەم بڕە 2.1 ملیۆنی هەناردەی بازاڕەكانی جیهان كراوە.
بەرپرسانی وەزارەتی نەوتی ئێران پێشتر جەختیان لەسەر ئەوە كردبووەوە كە بە نیازن هەتا كۆتایی مانگی حوزەیران ئاستی هەناردەكردنی نەوتی وڵاتەكەیان بۆ ئاستی بەر لە سەپاندنی سزا ئەتۆمییەكان بگەڕێننەوە كە بە گوتەی جەوادی رۆژانە 2.2 ملیۆن بەرمیل بووە. ئەمەش یەكێك لە خاڵە سەرەكییەكانی ناكۆكی نێوان ئێران و سعودیەیە.
مانگی پێشوو كۆبوونەوەی نێوان ئۆپێك و رووسیا و ژمارەیەك وڵاتی دەرەوەی ئۆپێك بەهۆی بەشدارینەكردنی ئێران بێ ئەوەی هیچ رێككەوتنێكی تێدا بكرێت كۆتایی هات. ئامانجی كۆبوونەوەكانی دەوحە ئەوە بوو وڵاتانی ئۆپێك و دەرەوەی ئۆپێكی بەشدار لە كۆبوونەوەكە لەسەر سڕكردنی بەرهەمهێنانی نەوت لە ئاستی مانگی كانوونی دووەمی ئەمساڵ رێكبكەون. لە كۆبوونەوەكەی دەوحەدا ریاز مەرجی ئەوەی دانابوو كە هەر رێككەوتنێك لەسەر سڕكردنی ئاستی بەرهەمهێنان، دەبێت واژۆی هەموو ئەندامانی ئۆپێكی بەسەرەوە بێت، لە كاتێكدا ئێران بەشداری كۆبوونەوەكان نەبوو.
ئێران لە وەڵامی داواكارییەكەی سعودیەدا رایگەیاندووە كە ئەوان كاتێك ئامادە دەبن رێككەوتن لەسەر سڕكردنی بەرهەمهێنانی نەوت واژۆ بكەن، وڵاتەكەیان بتوانێت ئاستی هەناردەكردنی نەوت بۆ ئاستی پێش سەپاندنی سزا ئەتۆمییەكان بەرز بكاتەوە. لەمبارەیەوە جەوادی رایگەیاند "دەكرێت ئێران بەشداری هەموو گفتوگۆیەكی تایبەت بە سیاسەتی كۆنتڕۆڵی نرخی نەوت بكات، بە مەرجێك ئاستی بەرهەمهێنانمان بۆ ئاستی پێش سزا ئەتۆمییەكان بەرزبكەینەوە."
لێدوانەكەی جەوادی دەشێت بەو مانایە بێت كە ئێران ئامادەیە لە كۆبوونەوەی ئۆپێك بەشداری بكات كە تێیدا سەرلەنوێ هەوڵی دانانی سنوور بۆ بەرهەمهێنانی نەوت دەدرێت. بڕیارە كۆبوونەوەكەی ئۆپێك رۆژی دووی حوزەیران لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا بەڕێوەبچێت. جێگری وەزیری نەوتی ئێران پێیوایە "
كۆبوونەوەی داهاتووی رێكخراوی وڵاتانی هەناردەكاری نەوت لە كۆبوونەوەكەی دەوحە باشتر دەبێت، ئەگەر هەماهەنگی لە نێوان ئەندامانی رێكخراوەكەدا هەبێت."
لێدوانەكەی روكنەدین جەوادی لە كاتێكدایە كە هەفتەی رابردوو، ئەندامانی ئۆپێك بە مەبەستی دانانی ستراتیژێكی درێژمەودای نەوت لە ڤیەننا كۆبوونەوە، بەڵام بەگوێرەی كۆمەڵێك سەرچاوە، لەو كۆبوونەوەیەشدا بەهۆی ناكۆكییەكانی ئێران و سعودیە، هیچ رێككەوتنێك لەسەر خاڵە سەرەكییەكانی ئەو ستراتیژە نەكراوە.
دوو سەرچاوەی ئاگادار لە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكان بە رۆیتەرزیان راگەیاند "لە كۆبوونەوەكەدا باسی رەشنووسی ستراتیژەكە كراوە، بەڵام لەسەر ئیدارەی ئامانجداری بەرهەمهێنان هیچ رێككەوتنێك نەكراوە".
ئیدارەی ئامانجداری بەرهەمهێنان خاڵێكە ئێران لە رەشنووسی ستراتیژەكە زیادی كردووە كە تێیدا جەخت لەسەر ئەوە دەكرێتەوە بۆ گەڕاندنەوەی هاوسەنگی بۆ بەهای نەوت "پێویستە بەپێی هەلومەرجە داینامیكییەكانی بازاڕی نەوت ئاستی بەرهەمهێنانیش رێكبخرێت."
ئێران و ژمارەیەكی دیكە لە وڵاتانی ئەندام لە ئۆپێك خوازیارن ئۆپێك رۆڵی نەریتی خۆی بگێڕێت و بە كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان بەهای نەوت لە بازاڕەكاندا بەرز بكاتەوە. هەڵبەت بەو مەرجەی رێگە بدرێت ئێران یەكەمجار ئاستی هەناردەكردنی نەوتی وڵاتەكەی بۆ 2.2 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا بەرز بكاتەوە. سعودیە بەپێچەوانەی ئێران سوورە لەسەر ئەوەی پشكەكانی ئێستای خۆی لە بازاڕەكانی نەوتدا بپارێزێ.
یەكێكی دیكە لە پێشنیازەكانی ئێران و جەزائیر گەڕانەوەیە بۆ سیستەمی پشكی بەرهەمهێنان كە لە ساڵی 2011ەوە كاری پێ ناكرێت، بەڵام سعودیە و وڵاتانی كەنداو دژی ئەم پێشنیازەشن. بازاڕی نەوتی جیهانی دەبێت هەتا سەرەتای مانگی حوزەیران چاوەڕێ بكات، بۆ ئەوەی دەربكەوێت ئەنجامی ناكۆكییەكانی تاران و ریاز لە كۆبوونەوەكەی ڤیەننا چی دەبێت.
14/5/2016