لهمیانهی كۆبوونهوهیهكی لهگهڵ مهسعود بارزانی سهرۆكی ههرێمی كوردستان و سهرۆك و جێگری سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی كوردستان، بان كی مۆن، سكرتێری گشتی نهتهوه یهكگرتووهكانی گوتی پێشمەرگە ناوێكی ناسراوە لە ئاستی جیهانیدا كە لە هێڵی یەكەمی پاراستنی جیهانە لە هەڕەشەی تیرۆر و ئاماژەیشی بەوەدا كە جیهان ئاگاداری ئەو تەحەدیاتانەیە كە ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان بووەتەوە.
ماڵپهری فهرمی سهرۆكایهتی ههرێمی كوردستان بڵاوی كردووهتهوه كه ڕۆژی شەممە 26ـی 3ـی 2016 لە شاری هەولێر مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بان كیمۆن سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە جیم یونگ كیم سەرۆكی بانكی جیهانی و ئەحمەد عەلی سەرۆكی بانكی گەشەپێدانی ئیسلامی و جان كۆبیس نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق و ژمارەیەك ڕاوێژكار و بەرپرسی نەتەوە یەكگرتووەكان و بانكی جیهانی و بانكی گەشەپێدانی ئیسلامی.
لە دیدارەكەدا بارزانی زۆر بە گەرمی بەخێرهاتنی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان و سەرۆكی بانكی جیهانی و سەرۆكی بانكی گەشەپێدانی ئیسلامی و شاندی یاوەریان كرد و هاتنی ئەو شاندە بەرزەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ هەرێمی كوردستان بە پڕبایەخ و مایەی ئومێد بۆ گەلی كوردستان وەسف كرد.
بارزانی لە وتەیەكدا باسی لە قوربانیدانی گەلی كوردستان كرد لە شەڕی دژی تیرۆریستان و ئەوەیشی خستەڕوو كە سەرباری شەڕێكی قورس، كوردستان ڕووبەڕووی تەحەدیی قەیرانی دارایی بووەتەوە و سەدانهەزار ئاوارەیشی حەواندووەتەوە و وێڕای ئاماژەدان بە هۆكارەكانی قەیرانی دارایی ئەوەیشی باس كرد كە هەتا ئێستا هیچ لایەنێك لەڕووی دارایی هاوكاریی كوردستانی نەكردووە و حكوومەتی عێراقیش كاری بە پابەندبوونەكانی نەكردووە لە یارمەتیدانی هەرێمی كوردستان بۆ حەواندنەوەی ئاوارەكان.
لە بەشێكی دیكەی گوتەكانیدا بارزانی ڕۆشنایی خستەسەر بەرنامەی چاكسازیی حكوومەتی هەرێم و ڕایگەیاند كە حكوومەتی هەرێم پابەندی هەموو پێوەر و ئەو بنەمایانە دەبێت كە بۆ چاكسازی پێویستن. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی بە شاندی میوان ڕاگەیاند كە پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە هاوكاریكردنی عێراق و هەرێمی كوردستان ڕەچاوی ئەوە بكات كە بەشی زیاتری قورسایی شەڕی تیرۆر و تێچوونی پەنادانی ئاوارەكان بەر هەرێمی كوردستان كەوتووە. داوایشی كرد كە لە سەرخستنی پڕۆسەی چاكسازی و تێپەڕاندنی قەیرانی ئابووری ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و دامەزراوە جیهانییەكان ڕێنوێنی و ڕاوێژی پێویست پێشكەشی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكەن.
هەر لەم دیدارەدا سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان خۆشحاڵیی خۆی بۆ ڕەخساندنی دیدارەكە و سەردانی بۆ هەرێمی كوردستان نیشاندا و پیرۆزبایی جەژنی نەورۆزیشی لە بارزانی و گەلی كوردستان كرد و ڕایگەیاند كە لەگەڵ شاندە یاوەرەكەی بۆ نیشاندانی پاڵپشتی و هاوسۆزی بۆ گەلی كوردستان هاتووە و ستاییشی سەركردایەتیكردنی بارزانی و ئازایەتی و قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كرد لە شكستدانی تیرۆریستان و جەختی لەوە كردەوە كە پێشمەرگە ناوێكی ناسراوە لە ئاستی جیهانیدا كە لە هێڵی یەكەمی پاراستنی جیهانە لە هەڕەشەی تیرۆر و ئاماژەیشی بەوەدا كە جیهان ئاگاداری ئەو تەحەدیاتانەیە كە ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان بووەتەوە و بە بارزانی ڕاگەیاند كە سەركەوتنی ئێوە لەم شەڕەدا و لە بارودۆخێكی سەختی ئابووری جێگەی سەرسامیی هەموو جیهانە.
هەروەها سوپاسی گەلی كوردستان و حكوومەتی هەرێمیشی كرد كە شانیان داوەتە بەر حەواندنەوەی سەدانهەزار ئاوارە و لێقەوماو. سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان سەرسامیی خۆی بۆ سەركردایەتییكردنی سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند و ئەوەی دووپاتكردەوە كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پاڵپشتی هەوڵەكانی سەرۆك بارزانییە بۆ بەدیهاتنی ئاشتی و سەقامگیری.
هەر لەم دیدارەدا سەرۆكی بانكی جیهانی بارزانیی لە هەوڵەكانی بانكی جیهانی ئاگادار كردەوە بۆ یارمەتیدانی هەرێمی كوردستان و ڕەزامەندیی خۆیشی نیشاندا لەسەر بەرنامەی چاكسازیی و جددیبوونی حكوومەتی هەرێم لەمبارەیەوە و، ڕایگەیاند كە حكوومەتی هەرێم شاییستەی ئەوەیە جیهان پشتیوانی بێت. هەروەها لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكە سەرۆكی بانكی گەشەپێدانی ئیسلامی لە گوتەیەكدا تەئكیدی لە هاوسۆزیی و پەرۆشیی بانكی گەشەپێدانی ئیسلامی بۆ هەرێمی كوردستان كردەوە و ڕایگەیاند كە بۆ ئەوە هاتووە كە لەگەڵ بانكی جیهانیدا یارمەتیی حكوومەتی هەرێم بدەن لە سەرخستنی چاكسازی و یارمەتیدانی ئاوارەكان و هەروەها هاوكاریكردن بۆ گەڕاندنەوەی ژیان بۆ ناوچە ئازادكراوەكان.
لە كۆتایی دیدارەكەدا بارزانی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانی وەك دۆستێكی گەورەی گەلی كوردستان وەسفكرد و سوپاسی هەوڵ و ماندووبوونی تیمەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكانی كرد كە لە كوردستاندا چالاكن.
جێگەی ئاماژەپێكردنە لەم كۆبوونەوەیەدا سەرۆكی حكوومەت و جێگری سەرۆكی حكوومەت و ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێم و وەزیری ناوخۆ و وەزیری پێشمەرگە بە وەكالەت و سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و وەزیری پلاندانان و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێم و گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادە بوون.
27/3/2016
لە ترسی هێرش و پەلامارەكانی داعش، سەدان هاووڵاتی عەرەبی نیشتەجێی گوندی خەربەردان لە رۆژئاوای قەزای مەخمووری سەر بە پارێزگای نەینەوا گوندەكەی خۆیان بەجێ هێشت و پاش رێكردنی بەپێ بۆ نزیكەی دوو سەعات، خۆیان گەیاندە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە.
سەرباری ماندووبوون و ناخۆشییەكان، بەڵام پێ دەچوو رزگاربوون بۆ خودی ئەو عەرەبانەش هۆكاری بزەكانی سەر لێویان بێت، بەشێك لە پیاوەكانی ئەو هەڵاتووانە كە لە یاریگەیەكی تۆپی پێی سەنتەرەكە راكشابوون، بەدەم پێكەنینەوە چاویان بۆ كامێراكان دەكردەوە، قسەكانانیشان هەمووی دژی رەفتار و كردارەكانی چەكدارانی داعش بوو.
لە پاڵ ئەو یاریگەیەی پیاوەكانی تێدابوو، یاریگەیەكی دیكە لە سەنتەرەكە هەبوو كە بۆ ئافرەتانی ئەو گوندنشینە هەڵاتووانە تەرخان كرابوو، لێرە لە پاڵ زیڕەی چەند مناڵێك زۆرێك لە مناڵان كەیفخۆش بوون و وەكو هەمیشە بۆ یاریكردن ئەگەر بۆ سەعاتێكیش بێت جێی خۆیان خۆش كردبوو و هات و هاواری خۆشیان بوو.
لەبەر بارودۆخی ئەمنی ژمارەیەك پێشمەرگە و ئاسایش مۆبایلی ئەو ئاوارانەیان وەردەگرت تا دڵنیا بن لەوەی لە ئارامیدان، لەولاشەوە كارمەندانی رێكخراوی خێرخوازی بارزانی نەمر سەرقاڵی دابەشكردنی ئاو و بەشێك لە پێداویستییەكانی خەوتن و خۆراكی ئەو گوندنیشنە هەڵاتووانە بوون و خزمەتیان دەكردن.
نایلە ژنێكی رەش تاڵەی لەچەك بەسەر هێشتا نە پەنجەكانی بەتەسبیحەكەی دەستی و بە زمانیشی لە نزا و پاڕانەوە نەدەبوویەوە، ئەو زوو زوو دەستی بۆ ئاسمان بەرز دەكردەوە و سوپاسی خوای دەكرد سەرباری هەموو شتێك، چەند جارێكیش گوتی: "الجماعە ماقصروا معانا" واتە پێشمەرگە و كوردەكان كەمتەرخەمیان نەكردووە و پێشوازییان لێ كردوون.
ئەو كە بە چوار دەوریدا منداڵەكان كۆدەبوونەوە تا لە گرتەیەكدا خۆیان ببینەوە، باسی لەستەمی داعشی دەكرد و دەیگوت: "رەفتاریان خراپ بوو، خراپەكارییان زۆر بوو، لێیان دەترسیان، من بەم نەخۆشییەوە ئەمڕۆ دوو سەعات بە پێ رۆیشتووم".
لە پاڵ سەدان كەس كە لەنێو سەنتەرەكەدا بوون، چەند ماڵێك بە ئۆتۆمبیلی خۆشیان هەڵاتوون، ئەوەی ئێمە لە چەند كەسێكی ئەو ناوچەیەمان بیست، ئەمڕۆ چەكدارانی داعش چەندین كەسیان كوشتووە لەوانەی ویستوویانە هەڵبێن لە گوندەكانی دیكەوە بۆ ژێر دەستی پێشمەرگە.
عەقید مەهدی یونس كە ئەفسەرێكی هێزی پێشمەرگەیە لە میحوەری مەخموور لە نێو ئاوارەكاندا بوو و بۆ دڵنیابوون لە بارودۆخی ئەوان زوو زوو هاتن وچوونی لەو دەوربەرە هەبوو، ئەو لەبارەی هاتنی ئاوارەكانەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بەهۆی ئەو شەڕەی چەند رۆژێكە لە نێوان سوپای عێراق و چەكدارانی داعش لەم میحوەرە بەتایبەت لە چەند گوندێك هەیە، زۆرێك لە گوندەكانی دەوروبەری ئەو ناوچەیە خۆیان رادەستی هێزەكانی پێشمەرگە كردووە و تا ئێستا ژمارەی ئەو كەسانەی هاتوون ئەمڕۆ زیاتر لە هەزار كەس دەبن".
ئەو ئەفسەری پێشمەرگە داواشی لە رێكخراوە خێرخوازییەكان كرد كە بە هانای ئەو ئاوارانەوە بچن و هاریكارییان پێ بگەیەنن، چونكە پێویستیان پێیەتی.
ناوبراو روونیشی كردەوە" بۆ دڵنیابوون لەلایەن ئەمنیی ئەو ئاوارانە، لێژنەیەكی ئەمنی هەیە لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ دەكەن، ئەو لێژنەیە زانیارییان لەسەر هاووڵاتییانی ئەو ناوچانە هەیە و لەسەر ئەوانەشی كە دەستیان لەگەڵ داعشدا هەبووە یان چەكداری داعش بوون بەڵام هێشتا هیچ گومانێك لەسەر كەس نەكراوە لەوانەی ئەمڕۆ هاتوونەتە قەزای مەخموور".
نوێنەری دەزگای خێرخوازی بارزانی نەمر كە لەو شوێنە سەرقاڵی هاریكاریكردنی ئەو ئاوارانە بوو، رزگار عوبێد بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "هەر لەگەڵ گەیشتنی ئەو ئاوارانە یارمەتیمان پێشكەش كردوون لە دۆشەك و بەتانی و پێویستی منداڵان و ئافرەتان و هەروەها لە خۆراك و هەڵدانی خێوەتیش. ئێمە ئەمڕۆ و دوێنی نزیكەی دوو هەزار كەسمان هاوكاری كردووە. پێشبینی دەكەین ژمارەی زیاتریش بێن چونكە هەواڵەكان باس لە هەڵاتنی 500 كەسی دیكەش دەكەن".
27/3/2016
فەرماندەیەکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، هەوڵێکی خراپ هەیە، بۆ ئەوەی ئەزموونی هەرێمی کوردستان تێکبچێت، بەغداش بە پاڵپشتی ئەو هەوڵە تۆمەتبار دەکات.
"قادر قادر"، فەرماندەی هێزی پێشمەرگە و بەرپرسی میحوەری گوێڕ، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “هەوڵێکی جددی هەیە، بۆ ئەوەی ئەزموونی هەرێمی کوردستان تێکبچێت، بۆیە ئاگادارین هەوڵی زۆر هەیە بۆ ئەوەی دەستی خەڵکانی خراپکار بگیرێت، بیانهێننە مەیدانەکە، تاوەکو لە ئازادکردنەوەی مووسڵدا ڕۆڵی هێزی پێشمەرگە کەم بکرێتەوە و بڵێن ئەمانە شێرن”. بەغداشی لەم کارە تۆمەتبار کرد و گوتی: “ئەو دەست گرتنە لە لایەن بەغداوە دەبیندرێت”.
ئەمە لە کاتێک دایە کە تاکە ڕێگای هێرش کردنە سەر شاری مووسڵ، هەرێمی کوردستانە و هێزە عێراقییەکان ناچارن بە ناو خاکی هەرێمی کوردستاندا، هێرش بۆ ئازادکردنەوەی مووسڵ بکەن.
26/3/2016
یەکینەکانی بەرخودانا شەنگال (یەبەشە) کە وەک باڵێکی هێزە چەکدارییەکانی سەر بە پەکەکە هەژمار دەکرێت، ئاشکرای کرد، لەگەڵ حکوومەتی عێراق هاوپەیمانییەکیان هەیە و لە شەڕی ئازادکردنەوەی مووسڵدا بەشداری دەکەن.
بە گوێرەی ڕاگەیاندراوێکی فەرماندەیی یەبەشە کە وێنەیەکی دەست (باسنیوز) کەوتووە، ئەوە ئاشکرا کراوە، هاوپەیمانییەک لە نێوان یەبەشە و حکوومەتی ناوەندیی عێراق هەیە. جەختیش لەوە کراوەتەوە: ”لە چوارچێوەی پلانێکدا، هێزەکانی یەبەشە بە 1600 کەس، بەشداری لە ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنەوەی مووسڵدا دەکەن، بۆ ئەمەش لەگەڵ حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ هاوپەیمانی و ڕێککەوتن کراوە“. ئەوەش ڕوون کراوەتەوە کە جگە لە بەغدا، ئەوان لە لایەن هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) کە باڵی سەربازیی پەکەکەیە، پشتیوانی دەکرێن و پشتیوانییەکانیش بەردەوامن.
چاودێران باس لەوە دەکەن، ئەم هاوپەیمانێتییەی پەکەکە و حکوومەتی عێراق لە کاتێک دایە کە بەغدا بە هەموو شێوەیەک، ئاستەنگ بۆ هەرێمی کوردستان درووست دەکات و وەک سزایەکی سیاسی، بودجە و مووچەی خەڵکی کوردستانی بڕیوە.
26/3/2016
لە کاتێکدا لەناوجەرگەی ئەوروپا و لە شاری برۆکسل سێ تەقینەوە روویاندا، لە تورکیاش تەقینەوەیەک لە هەفتەی رابردوو روویدا، خەڵکی لە باشووری کوردستان کە تەنیا چەند کیلۆمەترێک لە شاری موسڵی نزیک بارەگای سەرەکی داعش لە عێراق دوورە، لە گەشت و سەیران بوون بەبۆنەی نەورۆزەوە، شرۆڤەکارانی تورک هۆکاری ئەم سەقامگیرییەی باشووری کوردستان بۆ بەهێزیی دەزگا ئەمنییەکان دەگێڕنەوە.
بەهۆی تەقینەوەکان باری ئەمنی لە تورکیا و زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا تێكچوو و رێوشوێنە ئەمنییەکانیش تووندکراون. تەقینەوەکان و تووندکردنی رێوشوێنە ئەمنییەکان لەکاتێکدان لە باشووری کوردستان بەهۆی جەژنی نەورۆزەوە خەڵکی ئاهەنگ و سەیرانیان لە کەشێکی ئارام گێڕا، شرۆڤەکارانی تورکیش هۆکاری سەقامگیری باشووری کوردستان بۆ قارەمانیێتی هێزی پێشمەرگە لەشەڕی داعش و بەهێزی دەزگا ئەمنییەکان و پەیوەندییان لەگەڵ هۆزە سوننەکان دەگەڕێننەوە.
26/3/2016
پیاوی دووهمی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش له بۆردوومانێكی فڕۆكهكانی هاوپهیماناندا لهسوریا كوژرا..
ئاژانسی دهنگوباسی"ڕۆیتهرز" به گواستنهوه لهتهلهفزیۆنی"ئێن.بی.سی" ئهمریكی، لهزاری بهرپرسێكی باڵای سهربازی ئهمریكاوه ئهوهی ئاشكرا كرد كه پیاوی دووهمی ڕێكخراوی داعش دوێنی لهسوریادا و لهئهنجامی هێرشێكی فڕۆكهكانی هاوپهیماناندا كوژرا.
ئهو كهناڵه بهپشت بهستن بهسهرچاوه ههواڵگرییهكان ئهوهیشی ئاشكرا كرد كهئهو سهركردهیهی داعش چهندین ناوی خوازراوی ههبووه، فڕۆكهكانی ئهمریكا توانییان بیكوژن.
لهماوهی ڕابردوودا فڕۆكهكانی هاوپهیمانان بهسهرۆكایهتی ئهمریكا بهشێوهیهكی ورد سهركردهكانی داعشیان كردۆته ئامانج، لهو میانهیهدا "ئهبو عومهری چیچانی" وهزیری جهنگی ئهو گروپه تیرۆریستییه كوژرا.
بهبڕوای چاودێران، بهئامانج كردنی سهركرده باڵاكانی داعش لهلایهن فڕۆكهكانی ئهمریكاوه، نیشانهی گۆڕانی شێوازی شهڕی ئهمریكایه لهگهڵ داعشدا.
25/3/2016
ههولێر-KDP.info- حکوومەتی عێراق ڕایگەیاندووە، تا رێککەوتنی دارایی لەگەڵ کوردستان نەکات نەوتی خاو بەرەو تورکیا نانێرێتەوە.
ئاژانسی ھەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە، عادل عەبدولمەھدی وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاندووە، حکوومەتی عێراق بڕیاری داوە، تا رێککەوتنی دارایی لە نێوان ھەولێر و بەغدادا نەکرێ، نەوتی خاو ڕەوانەی تورکیا ناکاتەوە.
ڕۆیتەرز لەم ھەواڵەدا، پشتی بە لاپەڕەی عەبدولمەھدی بەستووە لە فەیسبووک و دەڵێ، "عەبدولمەھدی ڕایگەیاندووە، دوو رێگامان لە پێشە یان گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنە کۆنەکە، یان گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی نوێ . بەڵام بەر لە رێککەوتن، نەوتی خاو بەرەو تورکیا نانێرینەوە.
بەپێی رێککەتنی پێشتر، ھەرێمی کوردستان ڕۆژانە 550 ھەزار بەرمیل نەوت دەنێرێتە دەرەوە و 17 % پشکی لە بودجەی عێراق دەبێ.
25/3/2016
ههولێر-KDP.info- ئەکادیمییەکی فەڵەستینی دەڵێت کورد سەرەڕای دەیان ساڵ زوڵم و ستەم، بە ناسنامەی خۆیانەوە ماونەتەوە و شانازییان پێوە کردووە.
د.فەوزی ناجی، ئەکادیمیی ناسراوی فەلەستینی، لە بەباتێکیدا لە (ئەلرەئی ئەلیەوم) دەڵێت: کورد ژمارەیان دەگاتە 50 ملیۆن کەس و بە دەیان ساڵە تووشی زوڵم وستەم و دابڕان بوون، ھەرچەندە ھەوڵی زۆر ھەبووە کە لە ناو ئەو کۆمەڵگایانەدا بتوێنرێنەوە کە تیایدا ژیاون، بەھەموو ڕێگایەکی توندوتیژی و تیرۆر، بەڵام ئەوان بە ناسنامەی خۆیانەوە ماونەتەوە و شانازییان پێوە کردووە و ڕەتیان کردووەتەوە وازی لێ بهێنن.
فەوزی ناجی دەڵێت: دەبێ دان بە کورددا بنرێ وەک نەتەوەیەک، کە مافی سیاسیی خۆی ھەیە وەک ھەموو نەتەوەکانی دیکە، ئەوان گەلێکی ڕۆشنبیر و بەتوانان کە بەرەو نوێگەریی و گەشەسەندن و بەرزی ھەنگاو دەنێن.
ھەروەھا دەڵێت: دەبێ بە بێ بەئاشکرا دان بە چەوسانەوەیاندا بنرێ لەلایەن دراوسێکانییەوە، چۆن داوای مافی دیاریکردنی چارەنووس بۆ فەلەستین دەکەن، دەبێ ھەمان داواکاریمان بۆ کورد ھەبێ.
25/3/2016
واشنتن-KDP.info- تێد کرۆز، پاڵێوراوی کۆمارییەکان بۆ ھەڵبژاردنەکانی ئەمریکا دەڵێت، سەرۆک ئۆباما گەورەترین ھەڵە دەکات کە بڵێت خۆمان لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بە دوور دەگرین. تێد کرۆز، پاڵێوراوی کۆمارییەکان بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا و سیناتۆری ویلایەتی تەکساس، لە کۆبوونەوەی لیژنەی کاروباری جوولەکە ئەمریکییەکان لە کۆنگریسی ئەمریکا ڕایگەیاند، سەرۆک ئۆباما ھەڵەی گەورە دەکات کە دەڵێت خۆمان لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دووردەخەینەوە.
کۆنفرانسەکە،کە لە 23ی ئادار لە واشنتۆن بەڕێوەچوو، لە بەردەم ڕۆژنامەنووساندا وتی "کاتێک کە سەرۆک ئۆباما بۆ گۆڤاری ئەتلانتیک قسەی کردووە و وتوویەتی، خۆمان لە کاروباری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دووردەخەینەوە، گەورەترین ھەڵەی کردووە و مانای ئەوەیە، لە وانەکانی 11ی سپتەمبەر و تەقینەوەکانی پاریس و ئیستانبووڵ و برۆکسل تێنەگەیشتووە."
ھەروەھا دەڵێ، "پێوستە شانبەشانی چڕکردنەوەی ھێرشە ئاسمانییەکان و چەکدارکردنی کورد دژی داعش، ڕێوشوێنی ئەمنی و رێگاگرتن لە کۆچبەران و ڕێکخستنی ڤیزابەخشین بخاتە بەرنامەیەوە ."
ھەروەھا ھێرشی توندی کردە سەر دۆناڵد ترامپ کە دەڵێ، لە کاروباری رێکخراوە جیهانییەکا دەکشێینەوە، و وتوویەتی" ھەر بە ھۆی قسەکانی ئەوەوە ھێرشەکانی بروکسل ڕوویدا."
25/3/2016
سهرۆكایهتی ههرێمی كوردستان، ڕای دهگهیهنێ كه سەربەخۆیی دەبێ ئامانجی هەموو لایەنێك بێت و نابێ بۆ مەرامی بەرتەسكی سیاسی بێ بایەخ بكرێت.
ئهمڕۆ پێنج شهممه (24.3.2016)، سهرۆكایهتی ههرێمی كوردستان، ڕوونكردنهوهیهكی سهبارهت به دیمانهكهی مهسعود بارزانی، سهرۆكی ههرێمی كوردستان، كه لهگهڵ ماڵپهری "ئهلمۆنیتهر" سازی كردبوو، بڵاو كردهوه.
ئهمهی خوارهوه دهقی ڕوونكردنهوهكهیه:
دوای بڵاوبوونەوەی دیمانەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ پێگەی ئەلمۆنیتۆر ژمارەیەك میدیای ناوخۆیی لەبری پاڵپشتیكردنی سەربەخۆیی و مافی ڕەوای گەلی كوردستان لە دیاریكردنی چارەنووس، بۆ مەرامێكی تایبەتی سیاسی كەوتنە خوێندنەوەی جۆراوجۆر بۆ دیمانەكە بە تایبەت لەسەر پرسی سەرۆكایەتی و سەربەخۆیی.
دەقی ئینگلیزیی دیمانەكە لە پێگەی ئەلمۆنیتۆردا هەیە و بۆچوونی سەرۆك بارزانی لەمبارەیەوە زۆر بە ڕوونی لەوێدا هاتووە و پێویست بە تەفسیری نادروست و بەلاڕێدابردنی ناكات. ئامانجی سەرەكیی سەرۆك بارزانی سەربەخۆیی كوردستانە. لەبارەی پرسی سەرۆكایەتیش هەڵوێستی سەرۆك بارزانی ڕوون و نەگۆڕە. هەروەك لە پەیامی سەری ساڵی 2016ـی زایینی و كۆبوونەوەی 26ـی 1ـی 2016ـی سەرۆك بارزانی لەگەڵ حزبەكانیش جەختی لەوە كردووەتەوە كە بۆ یەكلاییكردنەوەی پرسی سەرۆكایەتی داوای سێ بژاردە دەكات. یان بڕیار بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك بدەن بەپێی یاسای ژمارە یەكی سەرۆكایەتیی هەرێمی ساڵی 2005 و سەرۆك بارزانی ڕاشیگەیاندووە كە بە هیچ شێوەیەك خۆی كاندید ناكات یان حزبەكان بەڕێزێك بە تەوافوق دەستنیشان بكەن بۆ ئەوەی هەتا 2017 ئەركی سەرۆكایەتیی هەرێمی پێ بسپێردرێت، یان بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی سیاسی بڕیار لەسەر مانەوەی دۆخەكە وەك خۆی بدەن هەتا هەڵبژاردنەكانی داهاتوو. كە حزبەكانیش نەیانتوانی چارەسەری پرسی سەرۆكایەتی بكەن، ناكرێ چارەنووسی وڵات بە بەرژەوەندیخوازی و یاریی بەشێك لە حزبەكان ببەسترێتەوە و، بۆ ڕێگەگرتن لە بۆشایی و بەڕێوەبردنی كاروباری شەڕ و دپیلۆماسی ئەوە هەتا هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێ بڕیاری ئەنجوومەنی شوورا كارایە و سەرۆك بارزانی لە ئەركەكانیدا بەردەوام دەبێت.
ئەم بابەتە بۆ هەموو لایەنە سیاسییەكان ڕوون و ئاشكرایە و جیایە لە بابەتی سەربەخۆیی. سەربەخۆیی دەبێ ئامانجی هەموو لایەنێك بێت و نابێ بۆ مەرامی بەرتەسكی سیاسی بێ بایەخ بكرێت. سەرۆك بارزانی هەموو تەمەنی خۆی بۆ خەباتی گەلی كوردستان و سەربەخۆیی كوردستان تەرخان كردووە و لە هەر پۆست و پێگەیەكدا بێت هەوڵی بۆ دەدات و بۆ ئەم ئامانجە پیرۆزەیش مۆڵەت لە كەس وەرناگرێت و پشتیوانی ئەو كەس و لایەنەیش دەبێت كە ئامادە بێت سەربەخۆیی بۆ گەلی كوردستان بەدیبهێنێت.
گوتەبێژی فەرمیی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان
24ـی 3ـی 2016
ئەمڕۆ پێنجشەممە تۆڕی میدیای جەنگی عێراق رایگەیاند ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی مووسڵ لە دەستی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش دەستی پێکرد.
تۆڕی میدیای جەنگی سەر بە وەزارەتی بەرگری عێراق، لە روونکردنەوەیەکدا بڵاوی کردووەتەوە كە قۆناخی یەکەمی ئۆپەراسیۆنی ''فەتح'' بۆ رزگارکردنی مووسڵ لەژێر کۆنترۆڵی داعش دەستی پێکرد.
لە روونکردنەوەکەدا هاتووە ژمارەیەک گوندی سەر بە مووسڵ لەژێر چاودێریی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و لەلایەن هێزەکانی سەر بە ئۆپەراسیۆنەکانی مووسڵ رزگار کراون و ئاڵای عێراقیان لەسەر هەڵکراوە.
24/3/2016
لهمیانهی دیدارێكی ڕۆژنامهوانیدا مهسعود بارزانی، سهرۆكی ههرێمی كوردستان دهڵێ ئامانجی من گەیشتنە بەو خاڵە، بەوەی کوردستانێکی سەربەخۆمان هەبێت. ئەوەش بەڵێنێکە لە منەوە. ئەورۆژەی کوردستانێکی سەربەخۆمان بەدەست هێنا، من چیتر سەرۆکی ئەو کوردستانە نامێنمەوە.
مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕۆژی هەینی 18ـی 3ـی 2016 لە دیمانەیەكی لەگەڵ ئەنبەرین زەمانی ڕۆژنامەنووس باسی چەندین پرسی چارەنووسسازی كردووە كە لە ئەلمۆنیتۆردا بڵاو بووەتەوە. دەقی دیمانەكەی بەشێوەی خوارەوەیە:
ئەلمۆنیتۆر: تۆ لە هەموو کات زیاتر باس لە ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی دەکەیت. هەندێک کەس بە گومانن، دەڵێن هەوڵێکە بۆ بەلاڕێدابردنی خەڵک لە کێشە ئابووری و سیاسییەکانتان. پێیان وا نییە تۆ جیددی بیت. ئایا تۆ جیددیت؟ ئەگەر جیددیت، ئایا بەروارێکمان پێ دەدەیت بۆ ریفراندۆم و، ئەو ریفراندۆمە لەسەر چی دەبێت؟
بارزانی: پێت وایە من بابەتێکی وەها هەستیار کە پەیوەندی بە چارەنووسی ملیۆنان خەڵکەوە هەیە، دوای ئەو هەموو نەهامەتیانەی چەشتوویانە، ئەو هەموو قوربانیەی داویانە، بە کار دەهێنم بۆ بەرژەوەندیی داهاتووی سیاسیی خۆم؟ ئاخر من لە دوای ئەو هەموو ئەزموونە تاڵانەی ئەو هەموو ساڵە درێژ و قورسانەی بەسەرمان بردووە، گەیشتوومەتە ئەو بڕیارە؛ چونکە هیچ رێگایەکی دیکە نەماوە. من لێت دەپرسم، چی رێگایەکی دیکەمان هەیە؟ با تەماشای پەیوەندییەکانمان لەگەڵ بەغدا بکەین کە بەسەر دوو قۆناغدا دابەش بووە. یەکەمیان لە ١٩٢٢ بۆ ٢٠٠٣ بوو. لەو ماوەیەدا، ٤٥٠٠ لە گوندەکانمان خاپوور کران؛ ١٨٢ هەزار کەس بێسەروشوێن کران؛ ١٢ هەزار کوردی فەیلی ونبوون؛ ٨ هەزار لە بارزانییەکان کوژران؛ ٥ هەزار کەس کیمیاباران کران لە هەڵەبجە. ئەوە ژمارەکانی قۆناغی یەکەمە.
لە ٢٠٠٣، ئێمە بەشداریمان کرد لە رووخاندنی رژێمێک کە هەموو عێراقییەکانی دەچەوساندەوە، ئێمەش بە ئومێد بووین پێکەوە لە عێراقێکی نوێ بژیێن لەسەر بنەمای دەستوورێکی نوێ و دیموکراتی بە مافی تەواو و یەکسان بۆ هەموو هاووڵاتیانی. ئێمە یارمەتیی نووسینی ئەو دەستوورەمان دا و دەنگیشمان پێی دا. نیازپاکیی خۆمان نیشان دا و بە نیەتی باشەوە کارمان کرد.
بە ڕوونی لە دەستووردا هاتبوو کە پابەندبوون بە بنەماکانی کلیلی یەکێتیی عێراقە. بەڵام سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەرەقەڵەمێک کۆتایی بەمە هێنا. حکوومەتی عێراق بەشەبودجەی کوردی بڕی و نەیتوانی ئیلتیزامەتەکانی بەرانبەرمان لە چەندین وێستگەی هەستیار جێبەجێ بکات. هەربۆیە ئێستا ئێمە دوو بژاردەمان لە پێشە. یەکەمیان ئەوەیە دەستبەرداری هەموو مافەکانی خۆمان ببین – کەوا واز لە فیدراڵیزم بهێنین و ببینە پارێزگایەکی دیکەی عێراق. ئەوەی دیکەیان بریتییە لە چوون بۆ لای گەلەکمان بە ریفراندۆمێکەوە و لێیان بپرسین چییان دەوێت. ئەم بارودۆخەی ئێستا بەردەوام نابێت. ئەگەر شتەکان بەمجۆرەی ئێستا بەردەوام بن، ئەوا دەکەوینە نێو خوێنڕشن و لەناوبردنی رابردووەوە.
ئەلمۆنیتۆر: ئەو پرسیارەی ئاراستەی گەلەکەتانی دەکەن چییە؟
بارزانی: هێشتا کۆتاییمان پێ نەهێناوە. ئێمە هێشتا گفتوگۆی لەبارەوە دەکەین.
ئەلمۆنیتۆر: هەڵبژاردەکان چین؟
بارزانی: تەنها یەک پرسیار دەبێت.
ئەلمۆنیتۆر: مەبەستت ئەوەیە کە ئایا خەڵک سەربەخۆییی کوردستانی دەوێت یان نا؟ ئایا ئەو ریفراندۆمە پێشنیاز کراوە لە ناوچە کێشەلەسەرەکانیش ساز دەکرێت هەروەکو لە دەستووری عێراقدا هاتووە، بەوەی لە خەڵکی ئەو ناوچانە بپرسن ئاخۆ دەیانەوێت وەک بەشێک لە عێراقدا بمێننەوە یان بەشیک بن لە کوردستانێکی سەربەخۆ؟
بارزانی: ئەوەش بە هەمان شێوە بەشێکە لە پرۆسەکە.
ئەلمۆنیتۆر: واتا ئەم دوو پرسیارە جیاوازە لە یەک راپرسیدا بخەنە روو؟
بارزانی: هێشتا بڕیارمان نەداوە. رەنگە پرسیارەکان پێکەوە بن یان بە جیا بن. بەڵام ریفراندۆم هەر دەکرێت.
ئەلمۆنیتۆر: بەڵام ئایا بە دڵنیاییەوە ئەمساڵ دەکرێت؟
بارزانی: من بەوپەڕی قەناعەتەوە دەڵێم، مەگەر ئەو هەلومەرجانەی لە دەرەوەی دەسەڵاتی ئێمەن لێ دەربچێت، بەڵێ ئێمە ئەمساڵ سازی دەکەین.
ئەلمۆنیتۆر: هیچ بەروارێکتان لە خەیاڵە؟
سهرۆك بارزانی: وابزانم پێش مانگی تشرینی یەکەم دەبێت [بەر لە هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا لە مانگی تشرینی دووەم].
ئەلمۆنیتۆر: لە هەموو جیهاندا بۆچوونەکە وەهایە کە بۆ ئەوەی کوردستان بتوانێت وەکو دەوڵەتێکی سەربەخۆ بمێنێتەوە، ئەوا پێویستی بە پشتیوانیی یەکێک لە دوو هێزە ناوچەییەکان، تورکیا یان ئێران، دەبێت. لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو، بینیومانە سیاسەتی تورکیا لە بەرژەوەندیی ئێوەدا گۆڕاوە. ئایا تورکیا پشتیوانیی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی دروستبوو لە عێراقدا دەکات؟
بارزانی: لە سەرەتادا تورکیا لە دژی فیدراڵیزمی کوردستان بوو و ئێشتایش تەماشای پەیوەندییەکانی ئەمڕۆمان بکە. تا ئەوکاتەی ریفراندۆمەکە بۆ تەنها کوردستانی عێراقە، ئەوە هیچ پەیوەندی بە کوردی تورکیاوە نابێت [هیچ کێشەی تێدا نابێت]. هەربۆیە ئومێدەوارین کە تورکیا تێبگات لەوەی کوردستان داوای دەکات. لە هەمان کاتدا ئێمە لەگەڵ بەغدا قسە دەکەین، هاوکاتی قسەکردن لەگەڵ تورکیا ئێمە لەگەڵ ئێرانیش قسە دەکەین. ئێمە دەمانەوێت بە شێوەیەکی ئاشتییانە و هاوسەنگانە بیکەین.
ئەلمۆنیتۆر: کەوایە پێت وایە ئەگەر سەربەخۆیی رابگەیەنیت، حکوومەتی ئێستای تورکیا قهبووڵی بکات؟
بارزانی: لەو بڕوایەدام ئەگەر حکوومەتی داد و گەشەپێدانی ئێستا کوردستانێکی سەربەخۆ قهبووڵ نەکات و ددانی پێدا نەنێت، ئەوە هیچ حکوومەتێکی دیکە لە تورکیا بیکات.
ئەلمۆنیتۆر: رەجەب تەییب ئەردۆغان هەتا ٢٠١٩ سەرۆکی تورکیا دەبێت. ئایا تۆ دەڵێیت دەبێت شتێک لە نێوان ئێستا و ئەوکاتە روو بدات؟
سهرۆك بارزانی: مەبەستت چییە لە روودان؟
ئەلمۆنیتۆر: مەبەستم ئەوەیە کە پێویستە سەربەخۆیی لەم ماوەیەدا بکرێت، وایە؟
بارزانی: کاتێک ئەردۆغان سەرۆکوەزیران بوو، ئەوە ئەو بوو کە هات بۆ هەولێر و لە هەولێر گوتی کە سەردەمی نکوڵیکردن لە کورد تەواو بووە. ئەمە پێشکەوتنێکی زۆر گرینگ بوو. من چەندین جار چاوم بە ئەردۆغان کەوتووە و بینیومە، ئەردۆغان لە زۆربەیان زیاتر تێگەیشتێکی باشتری بۆ پرسی کورد هەیە. ئەوەی من لە ئەردۆغانم بیستووە لە کەسی دیکەم نەبیستووە.
ئەلمۆنیتۆر: بەڵام تورکیا کێشەیەکی گەورەی هەیە لەگەڵ کوردەکانی خۆی و بە خێرایی بەرەو خراپتریش دەچێت. وای بۆ دەچم کە تا ئەوکاتەی تورکیا ئەو کێشەیە چارەسەر نەکات، تەنانەت ئەگەر تورکیا پشتیوانی سەربەخۆییی ئێوەش بکات، لەسەر بنەمایەکی تۆکمە نابێت.
بارزانی: ئێمە خۆزگەمان دەخواست پرۆسەی ئاشتی رانەوەستایە و ئەوپەڕی هەوڵمان دا بۆ ئەوەی پرۆسەی ئاشتی بەردەوام بێت. نامەوێت بچمە وردەکارییەکانەوە، بەڵام پێم وایە لە دوای هەڵبژاردنەکانی ٧ـی حوزەیرانی ٢٠١٥ کاتێک پارتی دیموکراتی گەلان ٨٠ کورسی لە پەرلەمان بەدەست هێنا، ئێمە بەیاننامەیەکمان بڵاو کردەوە بەوەی هەڵەیەکی مێژوویی دەبێت ئەگەر ئەوان بەشداری نەکەن لە حکوومەتێکی هاوپەیمانی [لەگەڵ پارتی داد و گەشەپێدان]. ئەوسا من وامدەزانی کە ئەوە پارتی داد و گەشەپێدانە قهبووڵ ناکات هەدەپە بچێتە ناو حکوومەتی هاوپەیمانییەوە، بەڵام دواتر لە خەڵكانی ناو هەدەپەم بیست ئەوە ئەوان بوون نەیاندەویست ببنە بەشێک لە هاوپەیمانییەکە. پێم وایە ئەوە هەڵەیەکی گەورە بوو.
ئەلمۆنیتۆر: رەنگە لەبەر ئەوەی ئەوان نەیانویستبێت پشتیوانیی ئەردۆغان بکەن تا ببێتە "سوڵتان"؟
بارزانی: سەردەمی سوڵتان کۆتایی هاتووە. بە پێچەوانەوە، ئەگەر بەشێک بوونایە لە هاوپەیمانییەکە، دەیانتوانی بە هەندێک لەو پرسانەی جێی نیگەرانیی ئەوان بوو بیانگوتبایە نەخێر. پێم وایە تا ئەو کاتەی دەرفەتێک هەبوو بۆ ئەوان لە پەرلەمان بن تاوەکو شەڕ بۆ گۆڕانکارییەکان بکەن، دەبوایە ئهو هەلهیان بقۆستبایەوە. ئێستا من زۆر نیگەرانم و دەترسم. کاتێک دەبینین تەقینەوە لە ناو شارەکان دەکرێن، کردەوەی تیرۆریستی لە ناو شارەکان، لەژێر ناوی رێکخراوی تیرۆریستی ناڕوون دەکرێن، لە کۆتاییدا گەلی تورک کوردەکە به بەرپرسیار دەزانن. دەترسم ئەمە پەرە بسێنێت بۆ شەڕێکی نەتەوەیی نێوان کورد و تورک.
ئەلمۆنیتۆر: وا پێدەچێت گوشاری زیاتر و زیاتر لە تورکیاوە لەسەرتان بێت بۆ ئەوەی هەنگاو دژ بە پارتی کرێکارانی کوردستان بنێن، رەنگە لە شنگال. هەست بە گوشارە دەکەن؟
بارزانی: نەخێر ئێمە ئەجێندای خۆمان هەیە.
ئەلمۆنیتۆر: بەڵام من لە مەسروور بارزانیی کوڕتانەوە بیستم کە دەبێت پەکەکە شنگال چۆڵ بکات.
سهرۆك بارزانی: بێگومان دەبێت پەکەکە شنگال چۆڵ بکات و، دەمانەوێت ئەوان شنگال بە ئاشتیانە چۆڵ بکەن نەک بە زەبری هێز.
ئەلمۆنیتۆر: ئەمەریکاییەکان لە بری ئێوە لەم پرسەدا تەدەخول دەکەن؟
بارزانی: ئەمەریکاییەکان لە مەسەلە ناوخۆییەکاندا دەستوەردان ناکهن. بەڵام ئەمەریکاییەکان دەزانن کە هیچ بەهایەک بۆ بوونی پەکەکە لە شنگال نییە.
ئەلمۆنیتۆر: هەڵسەنگاندنتان چییە بۆ راگەیاندنی فیدراڵیەتی باکووری سوریا؟
بارزانی: پێم وایە چەمکی فیدراڵی بۆ بارودۆخی سووریا گونجاوە. بەڵام دەبێت لە نێوان خودی سووریاییەکان تەوافوق لەسەر ئەمە بکرێ. کاتێک ئێمە فیدراڵیەتی هەرێمی کوردستانمان راگەیاند لە تشرینی یەکەمی ١٩٩٢، تاکلایەنە نەمان کرد.
ئەلمۆنیتۆر: پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) کە پێدەچێت هێزی سەرەکیی پشت ئەم راگەیاندنە بێت، دەڵێت پابەندە بە رێزگرتن لە گرووپەکانی دیکە و دیموکراسی.
بارزانی: لە ڕێی کردەوەکانیان، پەیەدە پێناچێت زۆر جیددی بن لەسەر دیموکراسییەت.
ئەلمۆنیتۆر: ئەی راتان چییە سەبارەت بە قووڵبوونەوەی پەیوەندییە سەربازییەکان و تەنانەت سیاسییەکان لە نێوان یەکینەکانی پاراستنی گەلی هی کوردەکانی سووریا لەگەڵ ئەمەریکاییەکان؟
بارزانی: هەر پشتیوانییەک بۆ پەیەدە واتا پشتیوانیکردنی پەکەکە.
ئەلمۆنیتۆر: پێتان وایە پەیەدە و پەکەکە یەک شتن؟
بارزانی: بەڵێ یەک شتن.
ئەلمۆنیتۆر: ئەمەریکاییەکان پێیان وایە ئەمە وابێت؟
بارزانی: ئەوان زۆر چاک دەزانن، بەڵام نایانەوێت بڵێن کە زۆر باش دەزانن. ئەولەویەتی ئێمە و ئەمەریکاییەکان جەنگی دژ بە داعشە، بۆیە رەنگە چاو لەو شتانە بپۆشن.
ئەلمۆنیتۆر: کەوایە با باس لە شەڕی دژ بە داعش بکەین. پێت وایە دەبێت مووسڵ پێش سەربەخۆیی خەمی بخورێت؟
بارزانی: هیچ پەیوەندییەک نییە لە نێوان مووسڵ و سەربەخۆییی کوردستان.
ئەلمۆنیتۆر: هیچ؟، دەتوانیت سەربەخۆ بیت و داعشیش هێشتا لە مووسڵ بێت؟
بارزانی: بۆچی نا؟
ئەلمۆنیتۆر: رەنگە دراوسێی مەترسیدار بن.
بارزانی: کورد راهاتووە لە نێو زەحمەتیدا بژیێت.
ئەلمۆنیتۆر: بۆچی پێت وایە ئێستا باشترین کاتە بۆ سەربەخۆیی؟
بارزانی: من هەمیشە باوەڕم بەمە هەبووە. کاتێک کەسێک لێمان دەپرسێت: "بۆچی ئێستا؟" منیش لێیان دەپرسم: "بۆچی ئێستا نا؟."
ئەلمۆنیتۆر: لەبەر ئەوەی لەگەڵ بەغدا سەری نەگرت؟
بارزانی: فەشەلی هێنا.
ئەلمۆنیتۆر: چۆن سنوورەکانی دەوڵەتەکەتان دیاری دەکەن و، چۆن قەناعەت بە حکوومەتی ناوەندی دەکەن؟ چی لە کەرکووک دەکەن؟
بارزانی: ماددەی ١٤٠ـی دەستوور، کە هەرگیز لە لایەن حکوومەتی ناوەندییەوە جێبەجێ نەکرا، داوای ریفراندۆم لە ناوچە کێشە لەسەرەکان دەکات، لە کەرکووک و لە شنگال. ئەگەر خەڵکەکەیان بڵێن دەمانەوێت ببینە بەشێک لە کورستان، ئەوا دەبێت دەنگەکانیان ببیسترێن و رێزیان لێ بگیردرێت. ئەگەریش بڕیان دا نەبن بەشێک لە کوردستان، ئەوا گوێ لە دەنگەکانیان دەگرین و رێزیان لێ دەگرین.
ئەلمۆنیتۆر: بەڵام پێت وایە ئەمەریکا رۆڵی هەیە بیگێڕێت بۆ یارمەتیدان لە گواستنەوەیەکی هێمنانە؟
بارزانی: هیچ لایەک ناتوانێت وەکو ئەمەریکا رۆڵێکی وەها گەورە بگێڕێت و، ئێمە سوپاسگوزار دەبین ئەگەر ئەو رۆڵە بگێڕن. گەرەنتییە ئەمنییەکانی ئەمەریکا زۆر گرینگن بۆ سەلامەتیی کورد و سوپاسگوزاریان دەبین ئەگەر رووبەڕووی سەربەخۆییی ئێمە نەبنەوە.
ئەلمۆنیتۆر: بێگومان کێشەیەکی دیکە نەبوونی یەکگرتووییە لە نێو کورد خۆیدا.
سهرۆك بارزانی: ئێمە بە جیددی لەگەڵ یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان لە گفتوگۆداین و لەگەڵ پارتەکانی دیکەش هەروا. گۆڕان رۆڵێکی رووخێنەری گێڕاوە و خۆیان بێبایەخ کردووە.
ئەلمۆنیتۆر: ئێوە کە بەرەو سەربەخۆیی دەچن، نەخشەڕێگاتان هەیە؟
بارزانی: بەڵێ بێگومان. ئێمە پەرلەمان کارا دەکەینەوە و دەستەیەکی سەرۆکایەتیی نوێ بۆ پەرلەمان هەڵدەبژێرین. سەربەخۆییی کوردستان لە پەرلەمان و پارتە سیاسییەکان گرینگترە. ئەوەی دەیەوێت بەشێک بێت لێی، ئەوە بەخێربێت و ئەوەشی دەیەوێت لە دژی بێت، ئەوە دەبێت بڕۆن و رێگای خۆیان بدۆزنەوە.
ئەلمۆنیتۆر: پێتان وایە دەبێت ئێوە لەم قۆناغە هەستیارەدا وەکو سەرۆک بمێننەوە؟
بارزانی: ئامانجی من گەیشتنە بەو خاڵە، بەوەی کوردستانێکی سەربەخۆمان هەبێت. ئەوەش بەڵێنێکە لە منەوە. ئەورۆژەی کوردستانێکی سەربەخۆمان بەدەست هێنا، من چیتر سەرۆکی ئەو کوردستانە نامێنمەوە. هەروەها من پیرۆزبایی لە گەلی کوردستان دەکەم و با یەکێکی دیکە جێگای من بگرێتەوە. ئەمە بەڵێنێکە لە منەوە و من سەرۆکی کوردستان نابم.
ئەلمۆنیتۆر: بە ڕاستی؟
بارزانی: بەڵێ. ئامانجی من دامەزراندنی کوردستانێکی سەربەخۆیە، نەک لە پۆستی سەرۆکایەتیدا بمێنمەوە.
ئەلمۆنیتۆر: پلانەکانتان ئەوەبوو کە داهاتی نەوت و وزە کۆمەکی داراییی وڵاتەکەتان دەکات. نرخی نەوت دابەزیوە. ئایدن سەلجن، كۆنسووڵی پێشووی تورکیا، پێشنیازی کرد کە تورکیا پشکی سەرمایە بەرهەمهێنانەکانی کوردستانی عێراق بکڕێت و کۆمەکی دروستکردنی بۆرییەکی غازی سروشتی بکات، کە هەموویان دەگاتە نزیکەی ٨ ملیار دۆلار. ئەمە شتێکی باشە؟ ئایا ئەمەتان لەگەڵ حکوومەتی تورکیادا باس کردووە؟
سهرۆك بارزانی: نامەوێت بچمە ناو وردەکاریی شتەکانەوە. باشترە ئەم پرسیارە وردەکارییە لەسەر ئابووری و نەوت ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران بکەیت، چونکە ئەوان لەمە بەرپرسیارن.
ئەلمۆنیتۆر: بەڵام رەخنەیەکی گشتی هەیە لەسەر ئەوەی گرێبەستەکانی وزە چۆن دەکرێن، گوایه زۆر شەفاف نین؟
بارزانی: کەموکوڕی هەیە، بەڵام من وردەکارییەکانم لەلا نییە، باشترە لە ئەنجوومەنی وەزیران بپرسیت.
ئەلمۆنیتۆر: لە ماوەیەکی نزیکدا شاندێکی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان دەچێتە ئانکارە بۆ باسکردنی غاز.
سهرۆك بارزانی: غاز موڵکی هەموو خەڵکی کوردسانە. دەبێت حکوومەتی هەرێمی کوردستان مامەڵە بەم پرسانەوە بکات نەک پارتە سیاسییەکان. لەسەر نەوت و غاز، ئەوە کاری حکوومەتی هەرێمی کوردستانە و نەک کاری یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان.
ئەلمۆنیتۆر: وا پێدەچێت مەسەلەی گەندەڵی لەم کاتە پڕزەحمەتییەدا زیاتر باسی لێوە بکرێت. پلانەکانتان چین بۆ دژایەتیکردنی گەندەڵی؟ ئێوە ئامادەن نموونەیەک دروست بکەن بەوەی لایەنە تۆمەتبارەکان سزا بدەن ئەگەر تەنانەنەت پلەیەکی بەرزیشیان هەبێت؟
بارزانی: دوێنێ کۆبوونەوەیەکی زۆر گرینگم هەبوو لەگەڵ بەرپرسی دەزگا قەزاییەکان. ئەمانە ئەو دەزگایەنەن کە بەرپرسن لە ئەنجامدانی چاکسازی دارایی.
ئەلمۆنیتۆر: کەوابێت هەندێک دەستگیرکردن یان لێکۆڵینەوەی قەزایی دەبینین؟
بارزانی: من شتێکم پێ گوتن: کەس بەدەر نییە. ئەگەر شتێکتان لەسەر من بینییەوە، بانگم بکەن و دێم بۆ دادگا. دەبێت نێچیرڤان بارزانی و مەسروور بارزانی بێن بۆ دادگا ئەگەر شتێکیان لەسەر هەبێت. سەرەتا دەبێت لە خێزانی خۆمەوە دەست پێ بکەم و ئینجا لە پارتی دیموکراتی کوردستان و، ئینجا بۆ پارتە سیاسییەکانی دیکەش. من بەو دەزگایانەم گوت کە ئەوان پشتیوانیی تەواوەتیی منیان هەیە بۆ بەدواداچوونی ئەو کەسانەی پۆستەکانی خۆیان قۆستۆتەوە. پێم گوتوون ئێوە بەرپرسیارن لە دژایەتیکردنی گەندەڵی. بۆیە من دەمەوێت ئێوە ئەم شەڕە بکەن؛ بەڵام ئەگەر ئێوە کاری خۆتان نەکەن، ئەوا من لە پشتی ئێوە دەچم و خۆم رووبەڕووی گەندەڵی دەبمەوە. بەڵام دواتر گلەیی نەکەن کە من یاساشكێنی دەکەم لە کوردستان، لەبەر ئەوەی زۆر گرینگە بۆ ئێمە لە کوردستان کە رووبەڕووی گەندەڵی ببینەوە و لە بەرانبەر ئەو کەسانە بوەستین کە پێگە حکوومییەکانیان بەکار هێناوە بۆ گرێبەستی نەوت، فرۆشتنی زەویی کشتوکاڵی و شتی لەوجۆرە. هەرکەسێک بەرپرسیار بێت لە وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی پێشمەرگە و سەرۆکوەزیران و هەر وەزیرێک، بەرپرسی هەر پارتێک، هەر بەرپرسێکی ئەمنی، دەبێت هەموویان لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت لەسەر ئەو شتانەی کردوویانە.
ئەلمۆنیتۆر: من لەگەڵ زۆر گەنج قسەم کردووە و گلەیی لەبارەی گەندەڵییەوە دەکەن.
بارزانی: بەلای ئێمەوە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی مەسەلەی مان و نەمانە. چۆن لەبەرانبەر داعش بە هەموو هێز و توانایەکەوە کە هەمانبوو شەڕمان کرد، بە هەمان ئیرادەوە رووبەڕووی گەندەڵی دەبمەوە.
24/3/2016
سەرۆکی ئەمەریکا ئاگاداری هەمووجیهان دەکاتەوە کە تیرۆر مەترسییەکی گەورەیە و دەبێت بە هەموو لایەکەوە دژایەتی بکرێت.
"باراك ئۆباما" سەرۆکی ولاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا رایگەیاند: بیستنی ههواڵی تهقینهوهكانی بهلجیكا نیگهرانیكردین، بهڵام ههرچیهكهم لهتوانادا بێت بۆ هاوپهیمانه دڵسۆزهكهمان دهكهین و هاوكاری ئهو وڵاته دهبین بۆ سزاگهیاندنی ئهنجامدهران و ئهو كهس و لایهنانهی دهستیان لهپشتهوهی كردهوهكانهوه ههبووه .
رونیشكردهوه، بۆ هێرشه تیرۆرستیانه، زیاتر تێدهگهیهن، جیهان لهبهردهم چ ههڕهشهیهكی گهورهی تیرۆردایه و دهبێت ههموومان رێگه و دهرفهت به رهشپهرستهكان نهدهین و بهتهواوی لهناویان بهرین .
جهختیكردهوه، لهگهڵ گهلی بهلجیكا دهوهستین و رێگه نادهین ئاسایشی نهتهوهی ناوچهكه تێكبچێت و تیرۆرستان شكست دهدهین .
23/3/2016
وهزیری بهرگری ئهمریكا جهختی لهوه كردهوه كه وڵاتهكهی بهرهنگاری پێنج ههڕهشهی ستراتیژی دهبێتهوه، كهبریتین له: ئێران، كۆریای باكور، ڕووسیا، چین، تیرۆر.ههر ئهوانهش دهبنه تهوهری سهرهكی بودجه و پلاندانانی پهنتاگۆن و لهبودجهی 2017شدا ڕهنگ دهدهنهوه.
"ئاشتۆن كارتهر" له وتارێكدا لهبهردهم لیژنهی خێزه چهكدارهكانی ئهنجومهنی نوێنهراندا، بهبهشداری بهرپرسه باڵاكانی بهرگری ئهمریكا، ئاماژهی بهڕێككهوتنی ئهتۆمی نێوان ئێران و شهش وڵاتهكه كرد و، بهڕێككهوتنێكی باشی دانا بۆ ڕێگهگرتن لهوهی ئێران چهكی ئهتۆمی بهدهست بهێنێت. بهڵام پێداگری لهوهشكرد كه پێویسته لهناوچهكهدا ڕێگه لهزیادهڕهوییهكانی ئێران بگیرێت.
لهو كۆبوونهوهیهدا كهبۆ تاوتوێكردنی بودجهی بهرگری تهرخان كرابوو، باسی لهوهشكرد كهئهمریكا بهرهنگاری ههڕهشهكانی ئێران بۆ سهر ئیسرائیل دهبێتهوه.
23/3/2016
ههولێر-KDP.info- وەزارەتی بەرگریی ئێران رایگەیاند، بە مەبەستی ڕاکێشانی سەرنجی گەشتیاران پەیکەرێک بۆ ئەو 10 سەربازییە ئەمهریکاییە دروست دەکەن، کە لە کەناراوی ئێران دەستگیر کرابوون.
پێگەی فەرمیی وەزارەتی بەرگریی ئێران ئاماژەی بەوە کردووە کە، ئەو پەیکەرە لەگەڵ مۆنۆمێنتی ھێزی دەریاوانیی ئێراندا دادەنرێت و، مەبەست لێی راکێشانی سەرنجی گەشتیارەکانە.
ئەمهریکا بە توندی ئیدانەی ئەو کارە دەکات و بە سووکایەتیی داناوە بەو سەربازە ئەمهریکاییانە کە مانگی کانونی دووەم بەھەڵە ڕوویان لە کەناراوەکانی ئێران کردبوو و لەلایەن ھێزی دەریاوانیی ئێرانەوە دەستگیر کران و، دوای یەک رۆژ و چەند پەیوەندیی تەلەفونی نێوان وەزیری دەرەوەی ھەردوو وڵات (جۆن کێری و محەممەد جەواد زەریف)، ئازاد کران، پاش ئەوەی چەندین وێنەیان بە دەستبەسەری لەلایەن میدیاکانی ئێرانەوە بڵاو بووەوە لە لایەن توندڕۆکانەوە بە سەرکەوتنی گرینگ وەسف کرا.
بەپێی سەرچاوەکانی ئەمهریکا، ئەوانەی لە ئەمهریکا دژی رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران و (باراك ئۆباما)ن، ئەو ھەنگاوەی ئێران بە چڕی دژ بەو رێککەوتننامە ئەتۆمییە بەکار دەھێنن.
24/3/2016