بەهۆی هێرشێکی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بۆ سەر زرێپۆشێکی پۆلیسی تورکیا لە شارۆچکەی (ئیدیل)ی سەر بە پارێزگای شڕناخ، 4 پۆلیس بریندار بوون و 3ی دیکەش گیانیان لە دەست دا.
لەمبارەیەوە ئاژانسی (ئەنادۆڵو)ی تورکی بڵاویکردەوە، هێرشەکە شەوی ڕابردوو لە کاتی تێپەڕینی ئۆتۆمبێلێکی زرێپۆشی پۆلیسی تورکیا لە شەقامی (ئەڵانیا)ی شارۆچکەکە، لە ڕێگای تەقاندنەوەی بۆمبی چێندراوەوە ئەنجام دراوە و دواتر تەقە لە زرێپۆشەکە کراوە، لە ئەنجامیشدا 7 پۆلیس بریندار بوون و لە کاتی گواستنەوەیاندا بە هەلیکۆپتەر بۆ نەخۆشخانەی (شڕناخ)، 3 لەو پۆلیسە بریندارانە گیانیان لە دەست داوە.
لەگەڵ بڵاوکردنەوەی هەواڵەکەدا ئەو ئاژانسە کە لە حکوومەتی تورکیاوە نزیکە ئاماژەی بەوە داوە کە ئۆپەراسیۆنی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا بۆ دەستگیر کردنی گەریلاکانی پەکەکە بەردەوامە.
18/1/2016
پاش دوو هەفتە لە تاوتوێ و لێكۆڵینەوە لە پێشینە و دۆسیەی كاندیداكانی دەیەمین خولی هەڵبژاردنەكان پەرلەمانی ئێران، سەرەنجام لە چوار پارێزگای كوردستانی رۆژهەڵات 330 كەس لەلایەن لیژنەی چاودێرییەوە كاندیدابوونیان پەسەند كراوە.
بەپێی هەواڵ و زانیاریی ناوەندی هەڵبژاردنی ئێران و قایمقامیەتەكانی شار و شارۆچكەكانی كوردستانی رۆژهەڵات لە هەر چوار پارێزگای رۆژهەڵاتدا سەرجەم 330 كەس لە فلتەرەكانی هەڵبژاردن دەرچوون كە بەم چەشنەیە:
پارێزگای ورمێ 156 كاندیدا
پارێزگای سنە 64 كاندیدا
پارێزگای كرماشان 64 كاندیدا
پارێزگای ئیلام 46 كاندیدا و چارەنووسی دوو كاندیدا هێشتا دیاری نەكراوە.
بەپێی بەیاننامەی ناوەندی هەڵبژاردنی ئێران ئەو كاندیایانەی كە كاندیدابوونیان پەسەند نەكراوە دوو رۆژ دەرفەتیان هەیە سكاڵا و ناڕەزایی خۆیان پێشكەش بە قایمقامیەت و ناوەندەكانی هەڵبژاردن بكەن.
دوای ئامادەكردنی لیژنەی كۆتایی، ناوەند و لیژنەكانی هەڵسەنگاندن یەك حەفتە دەرفەتیان هەیە وەڵامی سكاڵا و داخوازیی پاڵێوراوان دەدەنەوە و پاشان رێكەوتی 20 ـ 2 ـ 2016 بانگەشە و تەبلیغاتی پاڵێوراوان لە سەرانسەری ئێران دەست پێدەكات و یەك حەفتە دەخایەنێ.
دواتر رێكەوتی 28 ـ 2 ـ 2016 لە 31 پارێزگای ئێران بۆ بەدەستهێنانی 290 كورسیی پەرلەمانی هەڵبژاردنی دەیەمین خولی پەرلەمانی ئێران دەست پێدەكات كە لە چوار پارێزگای كوردستانی رۆژهەڵات 37 نوێنەر دەچنە پەرلەمانەوە.
لە خولەكانی حەوت و هەشتی پەرلەماندا و لەسەر دەستی ئەندازیاری كۆشكردوو "بەهائەدین ئەدەب" نوینَەری ئەوكاتی سنە، فراكسیۆنی پەرەلمانتارە كوردەكان پێكهێنرا و دواتر لە سەرەدەمی حكوومەتی ئەحمەدی نەژاددا ئەمە هەڵوەشایەوە و ئێستا تەنیا بەناوی فراكسیۆنی پەرلەمانتارانی پەیڕەوی مەزهەبی سوننە ناو دەبرێن.
بەپێی دوایین زانیارییەكان بەشێكی زۆر لەو ئەندام پەرلەمانانەی كورد كەلە ئێستا لە پەرلەمانن رەت كراونەتەوە و كاندیدابوونیان پەسەند نەكراوە.
ئاژانسەكانی ئێران بڵاویان كردووەتەوە كە زۆربەی ئەو كەسانەی كاندیدابوونیان رەت كراوەتەوە سەر بە باڵی بەناو ریفۆرمخواز بوون و كە كاردانەوەی توندی حەسەن رۆحانیی لێكەوتووەتەوە و رایگەیاندووە هەموو دەسەڵاتی خۆی دەخاتە گەڕ بۆ ئەم پرسە.
18/1/2016
دوای لادانی گەمارۆکانی سەر ئێران، پێشبینیدەکرێت کاریگەری بەرچاو لەسەر ئابووری جیهان دروست ببێت. ئێران براوەی رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی نێوان ئەو وڵاتە و وڵاتانی رۆژئاوایە، بەوپێیەی چاوەڕوان دەکرێت ئابووری ئەو وڵاتە کە قەبارەکەی 388 ملیار دۆلارە، لە ناوەڕاستی ساڵی 2016 بەڕێژەی 6%گەشە بکات.
جۆرج عابد، راوێژکاری پایەبەرزی ئینیستیتۆی نێودەوڵەتی دارایی دەڵێت "لادانی گەمارۆکان کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر ئابووری ئەمریکا نابێت. لەبەرئەوەی تەنانەت دوای لادانی گەمارۆکانیش جگە لە کۆمپانیای بۆئینگی بەرهەمهێنەری فڕۆکەی شارستانی، کۆمپانیا ئەمریکییەکانی دیکە لەبەر مانەوەی هەندێ لە گەمارۆکانی حکومەتی ئەمریکا ناتوانن بەشداربن لە بازاڕی ئێران".
تەنانەت لادانی گەمارۆکانی سەر ئێران هەڕەشە بۆ هەندێ کۆمپانیای ئەمریکی دروستدەکات. وەک ئەو کۆمپانیانەی کە لە کالیفۆرنیا فستەق بەرهەمدەهێنن. بەهای بەرهەمی فستقی ئێران ساڵانە 1 ملیار دۆلارەو بە لادانی گەمارۆکانی سەر ئێران، ئەو وڵاتە دەتوانێت بازاڕی فستقی ئەمریکا داگیربکات.
بەڵام بۆ ئەوروپا کە پێشتر گەورەترین هاوبەشی بازرگانی ئێران بووە، لادانی گەمارۆکان دەتوانێت ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئێران لەگەڵ وڵاتە ئەوروپییەکان بەرزبکاتەوە بۆ پێش سەپاندنی ئەو گەمارۆکان کە قەبارەکەی 32 ملیار دۆلار بووە.
لە دوای ساڵی 2013 چین بەردەوام گەورەترین هاوبەشی بازرگانی ئێران بووە بە قەباری 41 ملیار دۆلار و بۆشایی وڵاتە ئەوروپییەکانی لە ئابووری ئێران پڕکردووەتەوە.
ئاستی هاوردەکاری ئەوروپا لە ئێرانەوە بەڕێژەی 93%دوای توندبوونەویە گەمارۆکان دابەزینی بەخۆیەوە بینی، بەڵام ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییە ئابوورییەکانی ئەوروپا لەگەڵ ئێران، دەتوانێت ئاراستەی ئابووری ئێران لە ئاسیاوە بگۆڕێت، بەرەو ئەوروپا و بازاڕی 70 ملیۆنی ئێرانیش بۆ کۆمپانیا ئەوروپییەکان بکاتەوە.
لادانی گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر ئێران زیاتر لە 50 ملیار دۆلار لە پارە بلۆکە کراوەکانی ئەو وڵاتە ئازاد دەکات و نزیکەی 50 ملیار دارایی دیکەی حکومەتی ئێران دەخاتەوە بەردەست ئەو وڵاتە. لەم کاتەدا کە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت، داهاتە نەوتییەکانی ئێران کەمبووەتەوە، ئەوە دەتوانێت فاکتەرێکی گەورە بێت بۆ رێکخستنەوەی کەرتی دارایی ئەو وڵاتە.
18/1/2016
حەسەن رۆحانی، سەرۆككۆماری ئێران سەرلەبەیانی رۆژی یەكشەممە 17-1-2016، یەکەم گوتاری دوای رێککەوتنی ئێران و وڵاتانی 5+1 پێشکەشکرد و رێککەوتنەكەی بە لاپەڕەیەکی زێڕین لە مێژووی وڵاتەكەی وەسفكرد.
رۆحانی بە ئاماژەدان بەوەی سزاکان زیانێکی زۆریان بە گەلانی ئێران گەیاند، رایگەیاند هەڵگرتنی گەمارۆکان دەرفەتێکی گرنگە بۆ بووژانەوەی ئابووری و دۆخی ئابووری ئێران بەرەو گەشانەوە دەڕوات.
رۆحانی جەختیكردەوە كە حکومەت سیاسەتی تایبەتی دەبێت بۆ قۆناخی دوای هەڵگرتنی گەمارۆکان و قۆناخی دوای هەڵگرتنی گەمارۆکان چاکسازی دەبێت.
لە گوتارەكەیدا رۆحانی باسی لە پەیڕەوكردنی سیاسەتێكی نوێی بانكی كرد و گوتی "لەدوای هەڵگرتنی گەمارۆکان، سیاسەتێکی بانکیی نوێ پەیڕەو دەکەین و، پێویستە بانکی ناوەندی ئێران چاو بە رێژەکانی سوودی بانکیدا بخشێنێتەوە".
سەرۆككۆماری ئێران هەروەها ئاماژەی بەوەدا، هەلی کار و وەبەرهێنانی زیاتر بەدوای رێککەوتنەکەی ئێران لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا دێت و گوتیشی "هەڵاوسانی ئابووری ئێران لە 40%ەوە بۆ 13% دابەزیوە، ئەمەش دەستکەوتە بۆ حکومەتی ئێران".
رۆحانی باسی لە نەوتیش كرد كە ئێستا زۆربەی وڵاتانی هەناردەكار بەدەستی گیرۆدە بوونە و گوتی " سیاسەتی نەوتی دەگۆڕێن و هەناردەی نەوت زیاد دەکەین، هەناردەی نەوت ساڵانە بۆ 15% بەرزدەکەینەوە".
نرخی نەوت لە دوایین مامەڵەکانیدا لە نزمترین ئاستەکانی دوای ساڵی 2003 ەوە مامەڵەی پێوەکرا، بەهۆی ئاشكراكردنی کۆمەڵێک داتا لەسەر هەناردەی نەوتی ئێران، ئەو دابەزینە خێرایەش بۆ ئاستی 28 دۆلار، بووە هۆکاری دڵەڕاوکێیەكی زۆر و راگەیاندنی باری نائاسی لە ڤەنزوێلای خاوەن گەورەترین یەدەگی نەوت لە جیهان، ئیماراتیش رایگەیاند چیدی پشت بە نەوت نابەستێت و ئاهەنگی هەناردەكردنی دوایین بەرمیل نەوت دەگێڕێت.
باشووری کوردستانیش کە هەناردەکارێکی نوێی نەوتە لە بازاڕەکانی جیهان، وەک هەر وڵاتێکی دیکەی هەناردەکاری نەوت رووبەڕووی داتەپینێکی گەورەی داهات بووەتەوە، ئێستا لە قەیرانی دارایی و قەیرانی ئابووری دایە. هەروەها زۆربەی وڵاتانی هەرناردەكاری نەوت تووشی كورتهێنانی بودجە بوونەتەوە. هەرچەندە هەناردەكردنی نەوتیش زیاد بكات، نرخی نەوت زۆرتر دادەبەزێت.
17/1/2016
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت، لەم ھەفتەیەدا سەردانە دیبلۆماسییە جیھانییەکانی بۆ چەند وڵاتێک دەست پێدەکاتەوە.
رۆژی شەممە لە لێدوانێکیدا بۆ میدیا فەرەنسییەکان، جۆن کێری، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، لەم ھەفتەیە سەردانە دیپلۆماسییە جیھانییەکانی بۆ ھەریەکە لە وڵاتانی چین، کیمبۆدیا، سعودیە، لاوس و سویسرا دەست پێدەکات.
جۆن کێری ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، لە 23ـی ئەم مانگەدا یەکەم سەردانی بۆ وڵاتی سعودیە دەبێت و بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، شەڕی ناوخۆیی سوریا و پەیوەندییەکانی ئێران و وڵاتانی عەرەبیی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سعودیە و وڵاتانی کەنداو تاوتوێ دەکات.
دواتر وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، دوای سعودیە، بڕیارە بچێتە سویسرا و لەوێوە لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا کۆدەبێتەوە.
17/1/2017
ئاژانسە فەرمییەكانی ئێران بڵاویان كردەوە كە هەڵگیرانی سزا و ئگەمارووە ئابوورییە نێودەوڵەتییەكان لەدژی ئێران بە فەرمی لەلایەن وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەوە راگەیەنراوە و پاش كۆبوونەوەی دوێنێ لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپی گەڕایەوە تاران.
دوێنێ لە كۆتایی دانیشتن و گفتوگۆی نێوان محەمەدجەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران، سەرۆكی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوكی، لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەنووسیدا لەگەڵ "فیدریكا موگرینی" سەرۆكی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتیی ئەورووپا لە ڤییەنا بەیاننامەی هاوبەشی جێبەجێكردنی رێككەوتنە ناوكییەی ئێران و وڵاتانی پێنج كۆیەك و دەسپێكی هەڵگرتنی گەمارۆكانی سەر ئێرانیان خوێندەوە.
هاوكات لەگەڵ ئەم گۆڕانكارییە ئەمڕۆ بە یەكشەممە حەسەن رۆحانی سەركۆماری ئێران بەم بۆنەوە سەردانی پەرلەمانی كرد و لە گوتەیەكدا گوتی: "بە هەڵگرتنی گەمارۆكانی سەر ئێران ئێستا ئێمە بە نیشانەی دۆستایەتی و هاوكاری دەستمان بە هەموو لایەك درێژ كردووە و بەلاچوونی هەموو دوژمنایەتی و پیلانەكان، وەرزێكی نوێمان لە پەیوەندییەكانی ئێران كردووەتەوە."
رۆحانی كە بۆ پرسی پەسەندكردنی بوودجەی ساڵی 1395ی ئێران سەردانی پەرلەمانی كردبوو، ئەوەشی خستەڕوو "ئەمڕۆ بە راگەیاندنی فەرمیی جێبەجێكردنی رێككەوتنی ئەتۆمی (بەرجام)، بیرۆكەی ئەمنی لەسەر دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران لابرا، بڕیارنامەی ستەمكارانە لەدژی ئێران هەڵوەشایەوە، لاپەڕەكانی گەمارۆ دڕێنران، مافی ناوكی بۆ ئێران سەلمێنرا و لە گشت گرنگتر ئابووریی ئێران گەڕایەوە ناو چەقی هێڵی ئابووریی جیهانی."
لەلایەكی دیكەشەوە لە كەرتی پەروەردەی ئێرانیش ئەم پرسە كرایە جەژن و وەزیری پەروەردە لە گوتەیەكی فەرمیدا دەسپێكی جێبەجێكدرنی رێككەوتنی ناوكیی وەك سەركەوتنی ئێران لەقەڵەم داوە و بە داهاتووی روونی ئێرانی وەسف كردووە.
بان كی مۆن سكرتێری گشتیی رێكرخاوی نەتەوە یەكگرتووەكانیش بە بڵاوكردنەوەی بەیاننامەیەك پێشوازیی لە كردەیی كردنی رێككەوتنی ناوكیی ئێران و وڵاتانی پێنج كۆ یەك كرد و ئاشكرای كردووە كە هەوڵی دوو وڵاتی ئێران و ئەمەریكا و لێك نزیكبوونەوەیان و هەروەها لابردنی گەمارۆككانی یەكێتیی ئەورووپا، ئەنجومەنی ئاسایش و ئەمەریكا لەسەر ئێران جێگەی حۆشحاڵییە.
هاوكات لەگەڵ ئەم گۆڕانكارییانە باراك ئۆباما بڕیاری فرۆشتنی فڕۆكەی موسافیریی بە ئێران دەكردووە و لەلایەكی دیكەشەوە 7 بەندكراوی ئێرانیی ئازاد كردووە و لە بەرانبەردا ئێرانیش چوار بەندكراوی ئێرانی ـ ئەمریكی ئازاد كردووە و چاودێرانی سیاسی ئەم هەوڵە دوولایەنانە بە ئەرێنی و دەسپێكی قۆناغێكی نوێی پەیوەندیی دوو وڵات دادەنێن.
لە حاڵێكدا هەڵگرتنی گەمارۆ نێودەوڵەتییەكانی سەر ئێران دەستیان پێكردووە و باس لە بووژانەوەی كەرتی ئابووریی ئێران دەكرێت، بەڵام بەپێی هەواڵ و زانیاری و ئامارە فەرمی و نافەرمییەكان پرسی ژیانی خەڵك، بێكاری، گرانی و تەشەنەسەندنی قەیران و خەسارە كۆمەڵایەتییەكان لە ئێران هیچ روویان لە كەمی نەكردووە و چاودێرانی سیاسی پێیان وایە، ئەو رێككەوتنە ئەتۆمییە كاریگەریی لەسەر ژیانی خەڵكی ئێران نابێت.
17/1/2016
نوعمان كورتوڵموش جێگری سهرۆك وهزیرانی توركیا رایگەیاند "ههرگیز بوونی كورد و برا كوردهكانمان له سووریا و بوونی نوێنهری سیاسیی كورد دوای دامهزرانی سووریایهكی نوێمان پێ ناخۆش نییه".
جێگری سهرۆك وهزیرانی توركیا له میانهی بهشداریكردنی له بهرنامهیهكی كهناڵ 7دا رۆژهڤهكانی ههڵسهنگاند و ئاماژهی بهوه دا، بهدرێژایی ههزار و 251 كیلۆمهتر سنووری نێوان توركیا لهگهڵ سووریا و عێراق، لهودیویهوه دهسهڵاتی دهوڵهت بوونی نییه.
ئاماژهی بهوهشدا كه دهسهڵاتی حكوومهتی ههرێمی كوردستان بوونی ههیه، بهڵام باس له جوگرافیایهك دهكرێت كه بووەته بوخچهیهك، ههموو شتێك لهخۆی دهگرێت. گوتیشی جگه لهوهی ناوچهكه بووەته مهیدانی ململانێی هێزهكان، ههزاران كهس كه به شهڕخوازی بیانی ناو دهبرێن، دێنه ناوچهكه و دهچنه ریزی داعشهوه.
كورتوڵموش ئەوەشی گوت "ئهگهر له سووریا ئاشتیش بهرقهرار بێت، هیچ كهس هیچی بهدهست نییه بۆ راگرتنی ئهوانه. بۆچوونمان وایه سەقامگیریی ئاشتی له سووریا بهشێكی كێشهكانی ناوچهكه چارهسهر دهكات. ئومێدهوارم ساتێك زووتر له سووریا ئاشتی دهستهبهر دهكرێت".
هەروەها گوتی ''لە سووریا شتێک دروست بووە بەناوی سوپای دیموکراتی سووریا کە لەگەڵ پەیەدە و هێزە چەکدارییەکەیدا کە یەپەگەیە هاریکاری دەکات و ژمارەیەک لە جەنگاوەرەکانیان عەرەبە. ئەمانە پەڕینەوە بۆ بەری خۆرئاوای فورات. لەلایەن حکوومەتی تورکیاوە ئەوە راگەیەندرا کە 'ئەگەر بپەڕنەوە ئەوبەر ئەوە هێرش دەکەینە سەرتان'. چی بوو؟ ئایا هێڵە سوورەکانی پێشێل کرا؟'.
کورتوڵموش ئەوەشی راگەیاند ''ئەو زانیارییانەی لەبەردەستی ئێمەن، نیشانی دەدەن پەیەدە نەپەڕیوەتەوە خۆرئاوای فورات. ئەو چەکدارانەش چەند پەیوەندییان بە پەیەدەوە هەیە و چەندێک نیانە، ئەوە بابەتێکی دیکەی جێگەی مشتومڕە. تورکیا بەردەوامە لە هەستیارییەکانی لەوبارەیەوە، بەردەوامیش دەبێت لە هەنگاونان لە چوارچێوەی ئەو هەستیارییانەدا''.
هەروەها گوتی: ''ئێمە هەرگیز لە بوونی کوردەکان لە باکووری سووریا، لەبوونی برا کوردەکانمان ناڕەحەت نین، لە کۆتاییشدا کە سووریایەکی نوێ دامەزرا ئێمە لە بوونی نوێنەرایەتی سیاسی ئەوان ناڕەحەت نابین. ئەوان دواجار برای ئێمەن. لەمبەری سنوورەوە ئاکچەکەلەیە، لەوبەری سنوورەوە تەلئەبیەزە. ئەوەی کە ئێمە دژین ئەوەیە کە سووریا دابەش ببێت. دووەم شتیش کە ئێمە دژین ئەوەیە کە دەڵێن 'ئێمە لە سووریا ئەم ناوچانە پاک دەکەینەوە و ژمارەیەک کانتۆن بۆ خۆمان دادەمەزرێنین' کە پاکتاوێکی رەگەزییە. ئێمە کە دەڵێین خۆرئاوای فورات مەبەستمان ئەمەیە''.
16/1/2016
ئهمڕۆ له كۆنگرهی پارتهكهیدا كهمال كلیچدارئۆغلو سهرۆكی جهههپه، رهخنهی له حكوومهتی توركیا گرت بهوهی چۆن رێگه به خۆی دهدات ئهكادیمییهكان بخاته زیندانهوه؟ ئهوان رۆڵهی ئهم وڵاتهیان فێره خوێندن كردووه.
زیاتر له 1200 ئهكادیمیانی جیهانی، كه له ناویاندا ئهكادیمی توركیشی تێدایه، راپۆرتێكیان پێشكهش كردووه، داوا له حكوومهتی توركیا دهكهن به زووترین كات ئهو شهڕه رابگرێ، چونكه هۆكاری كوشتنی منداڵ و خهڵكی سڤیل حكوومهتی توركیا لێی بهرپرسیاره.
له دوێنێوه حكوومهتی توركیا دهستی به دهستگیركرنی ئهو ئهكادیمییه توركانه كردووه كه واژوویان لهسهر ئهو راپۆرته كردووه.
له 35همین كۆنگرهی خۆیدا ئهمڕۆ شەممە سهرۆكی جهههپه وتارێكی پێشكهش كرد، گوتی زۆر شهرمهزارییه بۆ توركیا كهسی ئهكادیمی بخاته زیندانهوه.
كلیچدارئۆغلو ئاماژهی دا كه مافی ئهوهت ههیه رهخنه له راپۆرتهكه بگرێت، یاخود پشتگیری له راپۆرتهكه نهكهی، بهڵام بۆت نییه ئهكادیمییهكان دهستگیر بكهیت. ههر ئهو ئهكادیمیانه بوون رۆڵهی ئهم وڵاتهیان پێگهیاند، شهرمهزارییه كه لهسهر بیری ئازاد دهستگیریان دهكهن.
له بهشێكی دیكهی قسهكانیدا باسی لهوهش كرد "پێویسته لهسهر ههموو پارته سیاسییهكانی توركیا بهربهستی ههڵبژاردن نههێڵن، هیچی دیكه 10%ی دهنگهكان نهبێته پێوهر بۆ ئهوهی وهكو پارت بچیته پهرلهمانهوه".
16/1/2016
"سادق مەلەكی" كارناس و چاودێرێكی باڵای سیاسیی لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە نووسینێكی شیکاریدا لە ماڵپەڕی دیپلۆماسیی ئێران کە سەر بە دامودەزگاکانی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانە باس لە دابەشكردنی عێراق بە سێ هەرێم و بەتایبەتی دامەزرانی دەوڵەتی كوردستان دەكات.
نووسەر لە لە بابەتەكەیدا نووسیویە: "شۆك نەتانگرێت كە ئەگەر كوردەكان لە ئەنجامی گۆڕانكارییە گرنگەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست براوەی یەكەم بن و بەتایبەت كوردانی كوردستانی باشوور."
لە بەشێكی دیكەدا هاتووە: "هەر لە سەرەتای رووخانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان "مەسعوود بارزانی" باسی لە ئاواتی لەمێژنەی نەتەوەی كورد كە هەمان نیشتمانی كوردانە كردووە و هەر هەمان كات دەركەوت كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەتەمای جێبەجێكردنی ئەم ئامانجە گرنگەیە."
لە درێژەدا دەنووسێت: "بە لەبەرچاوگرتنی لاواز بوونی حكوومەتی بەغدا، رەوشی نابەجێ و قەیراناویی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كێشەی قووڵی نێ,ان وڵاتان، وا دەردەكەوێ ئەمڕۆ زەمینە و دەرفەتی پێویست بۆ هەرێمی كوردستان رەخساوە هەتا بە راگەیاندنی فەرمیی دەوڵەتی كوردستان لەلایەن هەولێرەوە، ئارەزووی دێرینی كورد بێتەدی و بەپێی هەندێ سەرچاوە و زانیاری راگەیاندی سەربەخۆیی كوردستان نزیكە."
لە درێژەدا هاتووە: "جاران بە هاودەنگ نەبوونی رۆژئاوا لەبارەی سەربەخۆیی كوردستان، بەهۆی هەستیار بوونی توركیا و وڵاتانی عەرەبی (عێراق و سووریا) ئەم پرسە دوا دەخرا، بەڵام هەڵوێستی نوێی ئانكارا وا دەنوێنێ كە سەربەخۆیی كوردستان نەتەنیا هێڵی سوور نییە، بەڵكوو جێگری وەزیری دەرەوەی توركیا بە پرسێكی ناوخۆیی عێراقی وەسف دەكات، گرنگیی ئەم بابەتە لەوە دایە كە جاران هەموو حكووومەتەكانی توركیا لە "ئەجەویت"ەوە بگرە هەتا دەگاتە ئەردۆغان بە بەردەوامی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستانیان بە هێڵی سوور و هەڵگیرسانی شەڕ لە ناوچەكە وەسف دەكرد"
لە بەشێكی دیكەشدا ئاماژەی بەوەش كردووە: "لەڕاستیدا پێشبڕكێی جیۆپۆلەتیكی نێوان ئێران، توركیا، و سعوودیە بووەتە هۆی گۆڕانكاری لە بەرژەوەندیی و ئاسایشی نەتەوەیی (ئانکارا ـ ریاز) و توركیا و سعوودیەش لەپێناو لاوازكردنی ئێراندا لەژێر دەمامكی مەزهەب و لە چوارچێوەی دژایەتیكردنی هیلالی شیعە، نەتەنیا دژی دابشەبوونی عێراق نین، بەڵكوو زەمینەشیان بۆ خۆش كردووە و وا دیارە سەفەر و سەردانەكانی ئەم دواییەی بارزانی بۆ ریاز و ئانكارا، دوایین هەوڵ و ئەڵقەی هەماهەنگیی سێ لایەن بێت بۆ گەیشتن بە قۆناغی راگەیاندنی سەربەخۆیی كوردستان."
ئەو شرۆڤەكارە سیاسییە ئێرانییە لە بەشێكی دیكەی بابەتەكەیدا نووسیویە: "راپۆرت و زانیارییەكان ئەوە دەردەخەن كە پڕۆژەی سەربەخۆسی كوردستان لە ئەگەرەوە بووەتە واقیعێكی سیاسی و سەرهەڵدانی دەوڵەتی كوردی لە ناوچەكە لەسەر جیۆپۆلەتیكی ناوچە و هاوسەنگییە سیاسییەكان كاریگەریی قووڵی دەبێت و ئەوەی گرنگە ئەوەیە كە كوردەكان تەنیا لە عێراق نین، ئەمەش كاریگەریی قووڵی لەسەر هەستی نەتەوەیی و یەكڕیزییان لە پارچەكانی دیكە دەبێت."
14/1/2016
لهمیانهی پێشوازیكردنی له نوێنهری تایبهتی سهرۆك وهزیرانی بهڕیتانیا مهسرور بارزانی، ڕاژوێژكاری ئهنجومهنی ئاسایشی ههرێمی كوردستان ڕایگهیاند گرنگی تێكشكاندنی سهربازییانهی داعش لهوهدایه، كه دهبێته سهرهتایهك بۆ لهناوبردنی ئهم رێكخراوه تیرۆریستییه جیهانییه.
نووسینگهی ڕۆژنامهوانی ڕاوێژكاری ئهنجومهنی ئاسایشی ههرێمی كوردستان بڵاوی كردووهتهوه كه ئهمڕۆ چوارشهممه (13/1/2016) مهسرور بارزانی راوێژكاری ئهنجوومهنی ئاسایشی ههرێمی كوردستان له دیدارێكیدا لهگهڵ (جهنهڕاڵ تۆم بێكت) نوێنهری تایبهتی سهرۆك وهزیرانی بهریتانیا بۆ كاروباری ئاسایش و شاندی یاوهری ئاماژهی بهوهدا، كه كێشهی عێراق تهنها شهڕی تیرۆریستانی داعش نییه، بهڵكو زۆر كێشهی مێژوویی قوڵتری ههیه، پێویست دهكات چارهسهری ریشهیی بكرێن.
راوێژكاری ئهنجومهنی ئاسایشی ههرێمی كوردستان تیشكی خسته سهر بارودۆخی بهرهكانی روبهڕووبوونهوهی تیرۆریستانی داعش و رایگهیاند، گرنگی تێكشكاندنی سهربازییانهی داعش لهوهدایه، كه دهبێته سهرهتایهك بۆ لهناوبردنی ئهم رێكخراوه تیرۆریستییه جیهانییه و گوتی: بۆ بهدیهاتنی ئهمهش پێویسته هێزهكانی لهسهر زهوی شهڕی داعش دهكهن ههموو جۆره هاوكارییهكی پێویست لهڕووی پێداویستی سهربازی و تێچووی شهڕهوه بكرێن.
مهسرور بارزانی، وێڕای ئاماژهدان به خۆڕاگری و قارهمانییهتی پێشمهرگه و بوونی ژمارهیهكی زۆری ئاواره باسی له كێشهی ئابوری و قهیرانی دارایش كرد و رایگهیاند، ئێمه روبهڕووی قهیرنی دارایش بووینهتهوه، كه نیگهرانییهكی گهورهی دروست كردووه.
لهبهرامبهردا نوێنهری تایبهتی سهرۆك وهزیرانی بهریتانیا بۆ كاروباری ئاسایش ئاماژهی به رۆڵی كاریگهری كورد له تێكشكاندنی داعش له ههرێمی كوردستان و رۆژئاوا كرد و رایگهیاند، ئهگهر هێزی كورد و پشتیوانی فڕۆكهكانی هێزی هاوپهیمانان نهبوایه، بارودۆخهكه زۆر لهوه خراپتر دهبوو، كه وهكو كورد به گشتی و هێزی پێشمهرگه بهتایبهتی له تێكشكاندن و دهركردنی داعش بهردهوامن.
ههر له دیدارهكهدا دووپات لهوه كرایهوه، كه پێویسته كورد، وهك ئهندامێكی كارای سهر زهوی هاوپهیمانی جیهانی دژ به داعش له سهرجهم كۆنفرانسه نێودهوڵهتیهكانی تایبهت بهو شهڕه جیهانییه به فهرمی بانگهێشتی بهشداری بكرێ، چونكه ئهنجامی ئهم كۆنفرانسانه به بهشداری كورد كاریگهرتر دهبن.
14/1/2016
هەردوو سکرتێری حیزبەکانی کۆمەڵە و دیموکراتی کوردستان پێیانوایە، گفتوگۆکردن لەگەڵ ئێران باشترین بژاردەیە و رایدەگەیێنن: "گفتوگۆمان لەگەڵ حکومەتی ئێران رەتنەکردووەتەوە"
خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستان، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی رووداو، لە بارەی گفتگۆ و دانوستاندن و بەشداری سیاسیی، لە ئەگەری دروستبوونی درفەتێک بۆ حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە چوارچێوەی کۆماری ئیسلامی ئێراندا رایگەیاند: " کێشەی ئێمە لە ئێران لەڕێگەی گفتوگۆوە چارەسەر دەبێت".
عەزیزی، ئاماژە بەوە دەدات: " هەر لەدوای هەڵبژاردنەکانی ئێران دەستەی نوێنەرایەتی خەڵکی کورد لەو رێگایەدا هەوڵی ئەوەیدا کێشەی کورد چارسەر ببێت، بەڵام کۆماری ئیسلامی ئێران قبوڵی نەکرد و شەڕی بەسەر ئێمەدا سەپاند، داواکانی ئێمە، داواکاری سیاسی، مەدەنی، یاسایی و حقوقییە، هەر لە رێگەی گفتوگۆوە چارەسەر دەبێت، ئێستاش لەو باوەڕەداین لەجیاتی ئەوەی لە ئێران شەڕو پێکدادان هەبێت، کێشەکە بکەوێتەوە خانەی شەڕی پێشمەرگانە و شەڕی نیزامی، هەر لە رێگەی دانوستاندنەوە چارەسەر دەبێت".
بە بڕوای سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستان ئەگەر حکومەتی ئێران لەسەر کێشەی کورد داوای دانوستانیان لێبکات " هەموو حیزبە سیاسییەکانی کورد دەبێت لەگەڵ حکومەتی کۆماری ئیسلامی رازیبن بەو دانوستاندنە، چۆن دەبێت ئێمە دانوستاندن لەگەڵ حکومەتی ناوەندی رەتبکەینەوە مادام ئەو داوایە بکات".
لەلایەکی دیکەوە عەبدولڵا موهتەدی، سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان، کە میوانێکی دیکەی بەرنامەکەبوو لەسەر هەمان پرس رایگەیاند"بە گشتی نە ئێمە وەکو حیزبێک و نە کورد گفتوگۆمان رەتنەکردووەتەوە".
بە بڕوای موهتەدی وا باشترە: "حیزبەکان دەستەیەکی نوێنەرایەتی هاوبەشی کوردی پێکبهێنن بۆ گفتگۆ لەگەڵ حکومەت و دەرفەتی درووستبوونی دووبەرەکی نەدەن، ئەگەر حیزبەکان لە دەوری یەک بتوانن کۆببنەوە بە رێککەوتنێک بگەن لەوبارەیەوە، پێش ئەوەی ئێران بەدواماندا بنێرێت یان نەنێرێت".
سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان بە پێویستی دەزانێت حیزبەکان لەنێوخۆیاندا رێکبکەون، ئەو دەڵێت: "ئینجا دەبێت مەرج لە حکومەت داوا بکەین، داوای پێشاندانی نیازپاکی لێبکەین و لە سێدارەدانەکان رابگرێت و کۆمەڵێک فەزای ئەمنیەتی لە کوردستان بشکێنێت، لە هەر حاڵەتێکدا دەستپێشخەری لەوبارەیەوە دەبێت حکومەتی ئێران بیکات".
14/1/2016
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 14-1-2016 هونەرمەندی دیاری كوردستان، كەریم كابان لە تەمەنی 88 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.
یەكێك لە ئەندامانی خانەوادەی هونەرمەند به تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە نەخۆشخانەی شار، هونەرمەند كۆچی دوایی كردووە.
رۆژی 31-12-2015 نەشتەرگەری قاچ بەسەرکەوتوويى بۆ هونەرمەند كەریم كابان، ئەنجامدرا.
هونەرمەند کەریم کابان لە ساڵی 1927 لە گەڕەکی شێخانی کۆنی سلێمانی لەدایکبووە، 3 کوڕ و 3 کچی هەن و خاوەنی 20 گۆرانی تۆمارکراوە، لەنێویاندا گۆرانی( یاران وەسیەتم، بێدارانی شەو).
یەكەم بەرهەمی تۆماركراوی كەریم كابان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1945.
14/1/2016
سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا دان بەوەدا دەنێت "هێزی میانڕەوی پێویست" لە سووریا بۆ هەماهەنگی و لەنێوبردنی داعش نییە. دەشڵێت "لەنێوان ئەسەد و داعش لە سووریا بژاردەی سێیەم هەیە".
دەیڤید كامیرۆن، سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا لەبەردەم پەرلەمانی وڵاتەكەی بەپێچەوانەی لێدوانەكانی پێشووی، ئاماژەی بەوەكرد "هێزی میانڕەوی پێویست بۆ شەڕی دژی داعش نییە".
سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا ئاماژەی بەوەشكرد، هەندێك لە لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەكانی سووریا نزیكن لە گرووپە تووندئاژۆ ئیسلامییەكانەوە.
پێشتر دەیڤید كامیرۆن بە پەرلەمانی وڵاتەكەی گوتبوو، 70 هەزار چەكداری میانڕەوی گرووپە جیاوازەكان لە سووریا هەن، كە دەتوانن هاوكاریان بكەن لە شەڕی دژی داعش.
وەك بەرگری لە گوتەكانی پێشووی، سەرۆكوەزیرانى بەریتانیا رایگەیاند، ستراتیژیەتی وڵاتەكەی بۆ پشتبەستن بە 70 هەزار چەكداری ئۆپۆزیسیۆن بەهاوكاری بۆردوومانی ئاسمانی هاوپەیمانان، ئاراستەیەكی دروستە، چونكە وەك خۆی گوتی، ئەو ژمارانەی ئاماژەی پێكردووە "ژمارەیەك نییە خۆم دروستمكردبێت، بەڵكو لەلایەن ئاسایشی وڵاتەوە پێمدراوە، كە ئەوەش نزیكترین پێشبینییە".
كامیرۆن رەتیكردەوە، تەنها رێگە بۆ لەنێوبردنی داعش هاوكاری هێزەكانی بەشار ئەسەد بێت و رایگەیاند، پێویستە ئەسەد واز لە دەسەڵات بهێنێت، ئەوەش بەپێچەوانەی رووسیا و ئێران كە پێیانوایە تەنها رێگە بۆ كۆتاییهێنان بە داعش هاوكاری دیمەشقە.
لەبارەی داعش و بەشار ئەسەد، كە بەشێك لەچاودێران پێیانوایە لەنێوان ئەو دوو هێزەدا هێزێكی دیكە لە سووریا نییە و ئەگەر ئەسەد نەبێت، داعش دەست بەسەر ئەو وڵاتەدا دەگرێت، كامیرۆن ئەو بۆچوونەوەی رەتكردەوە.
سەرۆكوەزیرانە پارێزگارەكەی بەریتانیا گوتی "رێگای سێیەم" لەنێوان بەشار ئەسەد و داعش لە سووریا هەیە و، دەتواندرێت لەنێوان ئەو دوو بژاردەیەدا، هێزێكی دیكە لە داهاتووی سووریا هەبێت.
14/1/2016
نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، پێشمەرگە سەرجەم ناوچە كوردستانییەكانی لەدەست داعش رزگاركردووە و گوتیشی "سوپای عێراق شەش مانگی دیكەی پێویستە بۆ ئەوەی بتوانێت شەڕی موسڵ دەستپێبكات".
شەوی سێشەممە 12-1-2016 كریستیان ئەمانپوور، رۆژنامەنووسی تۆڕی هەواڵی CNNی ئەمریكی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەبارەی شەڕی داعش ئەنجامدا.
دیلەكانی دەستی داعش
یەكەم پرسیاری ئەمانپوور لەبارەی دیلەكانی دەستی داعش بوون، كە نێچیرڤان بارزانی لە وەڵامدا ئاشكرایكرد "لەگەڵ سنوورداری تواناكانمان، تاوەكو ئێستا دوو هەزار و 400 كەسمان لەدەست داعش رزگار كردوون، كە نیوەیان (هەزار و 200)یان منداڵبوون".
ئاماژەی بەوەشكرد، سەنتەری گەڕاندنەوەيان بۆ ئەو دیلانە دامەزراندووە، بەڵام بۆ رزگاركردنیان پێویستیان بە هاوكاری نێودەوڵەتییە.
"شەڕی موسڵ ئاسان نییە"
شەڕی موسڵ و ئامادەكارییەكان بۆ ئازادكردنەوەی ئەو شارە لەدەست داعش بەشێكی دیكەی چاوپێكەوتنەكەی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بوو لەگەڵ CNN، كە لە شاری هەولێرەوە قسەی دەكرد.
لەبارەی شەڕی موسڵ نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند "پێموایە ئەو شەڕە ئاسان نییە، چونكە موسڵ شارێكی زۆر قورسە و دۆخەكەی جیاوازە. موسڵ هەم بۆ داعش زۆر گرنگە و هەم بۆ ئێمەش گرنگە".
سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان راشیگەیاند "ئەوەی لە رومادی روویدا سەركەوتنێكی گەورە بوو بۆ سوپای عێراق، لەگەڵ ئەوەشدا پێموانیيە تاوەكو شەش مانگی دیكە سوپای عێراق ئامادەبێت شەڕی كۆنترڵكردنەوەی ئەو شارە بكات".
داواكاری هەرێمی كوردستان لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی
سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان راشیگەیاند، بۆ لەنێوبردنی داعش لە بەرەكانی شەڕ، كوردستان پێویستی بە هاوكاری سەربازیی و ئابووریی زیاترە.
لەبارەی ستراتیژیەتی لەنێوبردنی داعش و هەوڵەكان بۆ لەنێوبردنی ئەو گرووپە، ئامانپوور بە ئاماژەدان بەوەی "پێشمەرگە یەكێكە لە كاریگەرترین هێزەكانی شەڕی دژی تیرۆر" پرسیاری ئەوەی كرد، كوردستان پێویستی بە چییە بۆ ئەو شەڕە؟
نێچیرڤان بارزانی لە وەڵامدا رایگەیاند "ستراتیژی شەڕی داعش تاوەكو ئێستا بۆ راگرتنی داعش بووە نەك لەنێوبردنی، بەڵام ئەگەر كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەیەوێت ئەو مەترسییە جیهانییە كۆتایی پێبهێنێت، پێویستە هاوكاری زیاتری هەرێمی كوردستان بكات".
نێچیرڤان بارزانی گوتیشی "تاوەكو ئێستا هاوپەیمانان بەتایبەت ئەمریكا هاوكاری زۆری هەرێمی كوردستانیان كردووە لە شەڕی داعش، بەڵام بەهۆی خراپی بارودۆخی ئابووریی هەرێمی كوردستان پێویستمان بە هاوكاری زیاتری نێودەوڵەتییە".
نێچیرڤان بارزانی راشیگەیاند، پێشمەرگە سەركەوتوو بووە لە شكاندن و دەركردنی داعش لە خاكی كوردستان.
گوتیشی "ئێستا سەرجەم ناوچە كوردستانییەكان كۆنترۆڵ كراونەتەوە، هاوكات هەندێك ناوچەش لەلایەن پێشمەرگەوە كۆنترۆڵكراوە، كە بۆ هەرێمی كوردستان گرنگ نەبوون (وەك بەنداوی موسڵ) بەڵام لەپێناو سوپای عێراق كۆنترۆڵكراون".
داعش ژمارەی چەكدارە بیانییەكانی زیادكردووە
سەبارەت بە ژمارەی چەكدارانی بیانی نێو داعش نێچیرڤان بارزانی ئاشكرایكرد "بەپێی زانیارییەكانمان ساڵی رابردوو 15 هەزار چەكداری بیانی چوونەتە نێو داعش، بەڵام ئێستا ژمارەكە بۆ 35 هەزار بەرزبووەتەوە، واتە ژمارەی ئەوانەی هاتوونەتە نێو داعش زياديكردووە"، ئەوەش دەریدەخات شەڕی لەنێوبردنی داعش لە عێراق سووریا، پێویستی بە ستراتیژيێكی گشتگیرترە.
ئەگەری رووخانی بەنداوی موسڵ
لەبارەی ئەگەری رووخانی بەنداوی موسڵ، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەكرد، ئەگەر ئەوە رووبدات كارەساتێكی گەورە دەبێت بۆ موسڵ و تەواوی عێراق، بۆیە نابێت رێگە بدرێت ئەوە رووبدات.
نێچیرڤان بارزانی ئاشكراشیكرد لەلایەن عێراق پێیان راگەیێندراوە، كە بەمزوانە كۆمپانیایەك بۆ چارەسەری كێشەكانی ئەو بەنداوە دەست بە كاركردن دەكات، بۆیە هیوادارن ئەو كارەساتە روونەدات.
13/1/2016
بەرپرسی لیژنەی کاروباری تورکیا لە پەرلەمانی ئەوروپا رایگەیاند، کێشەکانی کورد لە باکووری کوردستان لەڕێگەی تووندوتیژی و شەڕەوە چارەسەرناکرێت، بەڵکو پێویستە لایەنەکان بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و لەڕێگەی دانوستاندنەوە کێشەکان چارسەربکەن.
کێتی پێری، بەرپرسی لیژنەی کاروباری تورکیا لە پەرلەمانی ئەوروپا لە کاتی بەشداریکردنی هەواڵەکانی تەلەڤزیۆن و رادیۆی رووداو سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەکانی کورد لە تورکیا رایگەیاند "ئێمە وەک پەرلەمانتارانی ئەوروپا هەوڵدەدەین وەک لایەنی گفتوگۆکاری سێیەم سەبارەت بەم پرسە رۆڵی خۆمان ببینین لە چارەسەرکردنی کێشەکانی کورد لە تورکیا، ئەویش بە ورژاندنی کێشەکانی ناوچەکە لە پەرلەمانی ئەوروپا و پرسیاکردن لەبەرپرسی کاروباری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا".
پێری گوتیشی "ئەوە روونە کە کێشەی کورد لەڕێگەی توندوتیژییەوە چارەسەرناکرێت، بەڵکو پێویستە لایەنەکان بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان".
بەرپرسی لیژنەی کاروباری تورکیا لە پەرلەمانی ئەوروپا راشیەگەیاند "راگەیاندنی قەدەخەی هاتووچۆ لە شارە کوردییەکان، کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر متمانەی کوردەکان و، گەشبینیان بە چارەسەرییەکانی کێشەکانیان لە تورکیا نامێنێت" و ئەوەش دەرئەنجامی خراپی دەبێت، "بۆیە پێویستە، حکومەتی تورکیا بڕیاری قەدەخەی هاتووچۆ لە شارە کوردییەکان هەڵبوەشێنێتەوە"، کە بەهۆیەوە لە بەشێک لەشارەکان بۆ ماوەی 42 رۆژ، 24 کاژێر خەڵکی ئەو شارانە لە ماڵەکانیان گیریریان خواردووە.
کێتی پێری ئاماژەی بەوەشکرد، چووەتە ئامەد و ویستوویەتی سەردانی ناوچەی سوور بکات، بەڵام رێگەی پێنەدراوە سەردانی ئەو ناوچەیە، بکات بەهۆی قەدەخەی هاتووچۆوە.
بەرپرسی لیژنەی کاروباری تورکیا لە پەرلەمانی ئەوروپا، هۆکاری سەرداننەکردنی وەفدێکی فەرمی یەکێتی ئەوروپای بۆ ناوچە کوردییەکان بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری رەوشی ناوچەکە بن، گەڕاندوە بۆ بوونی رێنماییە نەرێنییەکانی گەشتکردن، بەڵام دووپاتیکردەوە کە هیچ هۆکارێک نابێتە هۆی رێگریکردن لە یەکێتی ئەوروپا بۆ ناردنی وەفدێکی فەرمی بۆ ناوچە كوردییەكانی توركیا و و پەکخستنی هەوڵەکانی ئەو یەکێتییە بۆ تاوتوێکردنی ئەو پرسە لەگەڵ کۆمسیۆنی ئەوروپا.
ئاماژەی بەوەشکرد کە تا ئێستا، هیچ پەیوەدنییەکیان لەگەڵ پارت کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) نییە، گوتیشی "بردنە دەرەوەی شەڕ لە شارەکانی باکووری کودستان ئەو چارەسەرە نییە کە ئەوان بەدوایدا دەگەڕێن، چونکە کێشەکە پەیوەست نییە بەوەی شەڕەکە لە کوێ ئەنجامدەدرێت، بەڵکو چارەسەر کۆتایی هێنانە بەو شەرە".
پێری باسیلەوەشكرد "جێی نیگەرانییە، گفتوگۆکانی ئاشتی وەستێندران کە بۆماوەی سێ ساڵ بەردوامیان هەبوو، چونکە تا ئێستا کێشەی کورد لە تورکیا چارەسەرنەکراوە، کە ئەمەش یەکێکە لەو هۆکارانەی وایکرد شەڕ دەستپێبکاتەوە".
بەرپرسی لیژنەی کاروباری تورکیا لە پەرلەمانی ئەوروپا بۆچوونیشی وابوو، پێویستە حکومەتی تورکیا هەوڵبدات جارێکی دیکە دەستبکاتەوە بە پرۆسەی ئاشتی و کێشەی کورد لە وڵاتەکەیدا چارەسەربکات، کە ئێستا زۆرێک لە کوردەکان رووبەڕووی ئازار و ناڕەحەتی بوونەتەوە لەلایەن ئەو حکومەتە.
14/1/2016