نوسینگه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی فیدراڵی ئاشكرای كرد كهلهیادی ڕووداوه‌كه‌ی 11/سێپته‌مبه‌ردا، گومانلێكراوێك ده‌ستگیركرا كه‌له‌ڕێی ئینته‌رنێته‌وه ئامۆژگاری بڵاوكردۆته‌وه سه‌باره‌ت به‌دروستكردنی بۆمب بۆ هێرشكردنه سه‌ر مه‌راسیمێكی یاده‌وه‌ری كه‌بڕیاروایه له كنساس له‌ڕۆژی 13ی ئه‌م مانگه‌دا به‌ڕێوه‌بچێت.
به‌گوته‌ی نوسینگه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی فیدراڵی، گومانلێكراوه‌كه ناوی”جۆشوا ڕاین گۆڵدبێرگ”ه و، ته‌مه‌نی 20 ساڵه و له‌شاری فلۆریدا ده‌ژی. له‌ژێر ناوی” بینه‌رێكی ئوسترالی”دا پۆستی كردووه. له‌به‌شێك لهپۆستهكانیدا خۆی بهموسوڵمانێك ناساندووه كه‌له ئوستورالیا ده‌ژی و بانگه‌شه‌ی بۆ جیهاد كردووه.
نوسینگه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی فیدراڵی جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه یه‌كێك لهسیخوڕهكانی له‌ڕێی نامه‌ی ڕاسته‌وخۆوه په‌یوه‌ندی به‌و گومانلێكراوه‌وه كردووه‌و، پێكه‌وه قسه‌یان كردووه له‌سه‌ر چونێتی دروستكردنی بۆمب له‌ناو مه‌نجه‌ڵی سه‌ر قه‌پاتدا. بڕیاریانداوه ئه‌و بۆمبه له‌ناو مه‌راسیمه‌كه‌ی كنساسدا بته‌قێننه‌وه.
داواكاری گشتی ئه‌مریكا ڕایگه‌یاند: ” گۆڵدبێرگ به‌تۆمه‌تی بڵاوكردنه‌وه‌ی زانیاری سه‌باره‌ت به چۆنێتی دروستكردنی ته‌قینه‌وه ده‌ستگیركراوه. هاوكات زانیاری بڵاوكردۆته‌وه سه‌باره‌ت به‌چۆنێتی دروستكردنی چه‌كی كۆمه‌ڵكوژ”.
11/9/2015
هەوڵنێرە جیهانییەکان بڵاویان کردووەتەوە، ئێران و یۆنان رێگە بە رووسیا دەدەن یارمەتیی سووریا بكات.
ئاژانسی ھەواڵنێری “ئیتارتاس”ی سەر بە رووسیا نووسیویەتی: مۆڵەت بە روویا دراوە لە ئێرانەوە هاوکاری سووریا بکات و ئەو مۆڵەتەش كۆتاییەكانی مانگی رابردوو بە رووسیا دراوە و بۆ 3 ھەفتە كاری پێدەكرێ.
ھەواڵنێری ئینتەر فاكسی رووسیش لەزاری دیپلۆماتێكی ئەو وڵاتەوە لە تاران نووسیویەتی: ” ئێران لەگەڵ ھەموو داواكانی مۆسكۆ سەبارەت بە گەیاندنی یارمەتیی مرۆڤدۆستانە بۆ سووریا رێككەوتووە.”
ھاوكات پلەبەرزێكی سوپای سووریاش ئەو ھەواڵەی پشتڕاست كردووەتەوە كە رووسیا لە رێگەی ئاسمانیی ئەو دوو وڵاتی ئێران و یۆنانەوە ھاوكاریی سووریا دەكات.
پێشتر ئەمەریكا نیگەرانیی خۆی لە بوونی سەربازانی رووسی لە سووریا دەربڕیبوو و داوای لە یۆنان و بولگاریا كردبوو رێگە بە فڕۆكەكانی رووسیا لە ئاسمانی وڵاتەكەیان نەدەن.
یەکێتیی ئەورووپا و ئەمەریکاش بە توندی رەخنەیان لە جموجٶلی سەربازیی رووسیا لەناو خاکی سووریا گرتووە.
11/9/2015
به هۆى گه‌نده‌ڵى ودزێتی سه‌روه‌ت وسامانى گشتییه‌وه كوڕه‌كه‌ى ماليكى وژماره‌یه‌ك وه‌زیرى پێشووى عێراق ڕووبه‌ڕووى دادگا ده‌كرێنه‌وه.
له‌مباره‌یه‌وه “ئه‌حمه‌د چه‌له‌بى” ئه‌ندامى هاوپه‌یمانى نیشتیمانى وسه‌رۆكى لێژنه‌ى دارایى له په‌رله‌مانى عێراق، له په‌یجه‌كه‌ى خۆى له فیسبووك ڕاگه‌یاندووه كه به هۆى دزێتى وگهندهڵییهوه ژماره‌یه‌ك به‌رپرس ڕووبه‌ڕووى دادگا ده‌كرێنه‌وه له‌وانه “ئه‌حمه‌دى كوڕى نورى ماليكى” ویاریدهدهرهكهى له‌گه‌ڵ “به‌ها ئه‌عره‌جى” و”عه‌بدولقادر عوبه‌یدى” وه‌زیرى پێشووى به‌رگرى عێراق و”محه‌ممه‌د ته‌میم” وه‌زیرى پێشووى په‌روه‌رده‌و “عادل موحسین” پشكێنه‌رى گشتى پێشووى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى و300 كه‌سى دیكه كه ئه‌مانه هه‌موویان دۆسییه‌كانیان ڕه‌وانه‌ى دادگا كراون.
چه‌له‌بى له ئاكاونتى په‌یجه‌كه‌یدا ئاماژه‌ى به ئه‌نجامدانى كۆمه‌ڵێك گهندهڵیداوه كه له لایه‌ن مالكى وئهحمهدى كورى ئه‌نجامدراوه كه له‌و گه‌نده‌ڵیانه ژماره‌یه‌ك ئه‌فسه‌ر تێوه‌گلاون ئێستا ئه‌فسه‌رن له نووسینگه‌ى حه‌یده‌ر عه‌بادى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق.
11/9/2015
دامه‌زراوه‌ی ئه‌زهه‌ر كه دیارترین دامه‌زراوه‌ی سوننه‌كانی جیهانه، سه‌باره‌ت بهسوتاندی مزگه‌وتی گه‌وره‌ی”ئه‌لموسه‌ننا” له گه‌ڕه‌كی قاهیره‌ی شاری به‌غدا، هاته ده‌نگ و به‌توندی ئه‌و كاره‌ی شه‌رمه‌زاركرد. ئه‌وه له‌كاتێكدایه كهڕاپۆرته میدیاییه‌كان له‌به‌غداوه باس له‌وه ده‌كه‌ن كه چه‌كداره شیعییه‌كان چوونه‌ته ناو مزگه‌وته‌كه‌وه‌و، بڵندگۆی مزگه‌وته‌كه‌یان به‌كارهێناوه بۆ جنێودان به هاوه‌ڵانی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام و دواتریش مزگه‌وته‌كه‌یان سوتاندووه.
پێشتر “ده‌سته‌ی زانایانی موسوڵمان” پهخشنامهیهكی ده‌ركرد و تیایدا ئه‌وه‌ی ئه‌و ناو ناون”میلیشیای تایفی” تۆمه‌تباركردووه به‌وه‌ی هه‌ڵیان كوتاوه‌ته سه‌ر ئه‌و مزگه‌وته‌و، له‌پاش جنێودان به هاوه‌ڵانی پێغه‌مبه‌ر له بڵندگۆی مزگه‌وته‌كه‌وه، ئاگریان تێبه‌رداوه. له‌بڵاوكراوه‌كه‌دا هاتووه: ” ئه‌و كاره له‌به‌رچاوی هێزه ئه‌منییه‌كانی به‌غدادا كراوه”.
به‌گوێره‌ی بڵاوكراوه‌كه‌ی “ده‌سته‌ی زانایانی موسوڵمان” ئه‌و كاره هیچ گومانێك ناهێڵێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی میلیشیاكان ده‌ستی باڵایان هه‌یه له‌ناو حكوومه‌تدا و ده‌توانن یاری به موقه‌ده‌راتی هاووڵاتییان و گیانی هاووڵاتییان بكه‌ن”.
له‌م میانه‌یه‌دا دامه‌زراوه‌ی ئه‌زهه‌ریش هاته ده‌نگ و لهبلاوكراوهیهكدا ڕایگه‌یاند: ” ئێمه به‌وپه‌ری نیگه‌رانییه‌وه چاودێری ئه‌و هه‌واڵانه‌مان كرد كه میدیاكان گواستیانه‌وه سه‌باره‌ت به‌هه‌ڵكوتانه سه‌رمزگه‌وتی گه‌وره‌ی ئه‌لموسه‌ننا، كه‌له‌پاش دزینی كه‌لوپه‌له به‌نرخه‌كانی، لهبڵندگۆكانییهوه جنێو به‌هاوه‌ڵانی پێغه‌مبه‌ر دراوه، دواتریش مزگه‌وته‌كه سوتێنراوه. جگه‌له‌وه‌ش، دهستڕێژكراوه به‌ناو ئه‌و ماڵه سوننانه‌دا كه‌له‌و ناوچه‌یه‌دا ماونه‌ته‌وه”.
ئه‌زهه‌ر له‌درێژه‌ی بڵاوكراوه‌كه‌یدا ده‌ڵێت: ” ئێمه ئه‌و ده‌ستدرێژییانه‌ی میلیشیا تیرۆریسته تایفییه‌كان ئیدانه ده‌كه‌ین. كه‌ئه‌و كارانه هیچیان له‌كاره‌كانی داعش كه‌متر نیه”.
11/9/2015
بۆیه‌كه‌مجار گروپی دۆستانی كوردستان له‌په‌رله‌مانی ئه‌وروپا سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن و له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی سیاسی هه‌رێمی كوردستان كۆده‌بنه‌وه.
“دلاوه‌ر ئاژگه‌یی” نوێنه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌یه‌كێتی ئه‌وروپا ڕایگه‌یاند: “بڕیارە شاندێکی پەرلەمانی ئەوروپا کە لە گروپی دۆستانی کوردستان لە پەرلەمانی ئەوروپا (European Friends of Kurdistan) پێکهاتووە رۆژی (11-9-2015) بۆ یەکەم جار سەردانی هەرێمی کوردستان بكه‌ن،بڕیارە شاندەکە لە گەڵ سەرکردایەتی سیاسی هەرێمی کوردستان کۆببنه‌وه و سەردانی چەند شوێنێکی تری هەرێمی کوردستان بکه‌ن”.
ناوبراو ئاماژه‌شی بۆ ئه‌وه كرد كه گروپی دۆستانی کوردستان لە ئەوروپـا یەکەم لۆبی کوردستانە کە بەشێوەکی راسەوخۆ کار دەکات بۆ بەهێز کردنی پەیوەندی لە نێوان هەرێمی کوردستان و یەکێتی ئەوروپا و بە دەسپێشخەری و هاوکاری نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا دامەزراوە بە مەبەستی بەهێز کردنی پێگەی کوردستان لە ناوەندەکانی یەکێتی ئەوروپا.
11/9/2015
وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا (پێنتاگۆن) ئێران بە سیخوڕی لە وڵاتانی كەنداو تۆمەتبار دەكات.
ئەو لێدوانەی بەرپرسانی پێنتاگۆن لە دوای بڵاوبوونەوەی گرتەیەكی ڤیدیۆیی دێت كە سوپای پاسدارانی ئێران لە جموجۆڵەكانی ھێزی دەریایی ئەمەریكا لە ئاوەکانی كەنداو بڵاوی كردبووەوە.
بەرپرسانی پێنتاگۆن دەڵێن: ھێزەكانی ئێران رۆژانە خەریكی سیخوڕی لە بنكەكانی ھێزی دەریایی ئەمەریكان لە دووڕگەی ھورموز و كەنداو.
لەبارەی لایەنی ئەمنیشەوە دەڵێن، ئێمە لە تواناكانی ھێزی بەرگری و دەریایی وڵاتەكەمان دڵنیاین، وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكاش لەو بارەوە ھەڵوێستی خۆی دەبێت.
لە بەرانبەردا ئێرانیش بە بەردەوامی ئەمەریکا و وڵاتانی رۆژئاوا بەوە تۆمەتبار دەکەن کە لە ناوچەکە کار بۆ بەهێزکردنی پێگەی سیاسی و سەربازیی خۆیان دەکەن.
10/9/2015
جۆن مەککەین، سیناتۆری کۆماری باسی ئالان کوردیی دەکات و رەخنەی ”توند“ لە ئۆباما دەگرێت.
بەپێی هەواڵی دەنگی ئەمریکا، جۆن مەککەین، سیناتۆری کۆماری و سەرۆکی کۆمیتەی ھێزە چەکدارەکان لە ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا لە دانیشتنێـکی ئەنجومەنی سینات‌دا رایگەیاندووە، کە زۆرینەی پەنابەران، خەڵکی سوریان و بەهۆی کوشتاری ”دوو دوژمن“، بەشار ئەسەدی سەرۆکی رژێمی سوریا و رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) وڵاتەکەیان بەجێهێشتووە.
مەککەین ڕۆژی چوارشەممە لە دانیشتنێـکەدا وێنەی ئالان کوردی خستووەتە بەردەم خۆی و گوتویەتی، ”بە ھەزاران ژن و پـیاو و منداڵ لە وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقاوە بەهۆی توندوتیژی و ماڵ وێرانی ھەڵدێن“ و ئاماژەی بەوەشکرد، کە قەیرانی پەنابەران، لە ئەنجامی سیاسەتی ”هەڵە“ی باراک ئۆباما، سەرۆکی ئەمریکایە بەرامبەر سوریا و سەرۆکەکەی.
ئەو سیناتۆرە ئەمریکییە باسی راپۆرتێکی ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانی کردووە، کە بڵاوی کردووەتەوە ”نزیکەی 63%ـی ئەوانەی لە ماوەی دوو سـاڵی ڕابردوو ڕوویان لە ئەوروپا کردووە بۆ داوای مافی پەنابەری، خەڵکی سوریان و گوتویەتی، ”گەورەتر لە قەیرانی پەنابەرانیش، کوژرانی زیاتر لە 200 هەزار هاووڵاتی و برینداربوونی زیاتر لە یەک ملیۆنی دیکە و هەشت ملیۆن ئاوارەیە‘‘.
جۆن مەککەین لە ئاخاوتنەکەید، بە ماوەی زیاتر لە خولەک و نیوێک، باسی بەسەرھاتی ئالان کوردی و خێزانەکەی کردووە، کە خەڵکی رۆژئاوای کوردستان بوون و ماوەیەک ئاوارەی تورکیا بوون و دواتر لە ئاوی دەریای نێوەڕاست و لە سنووری تورکیا خنکان، کاتێک لەگەڵ ئەندامانی دیکەی خێزانەکەیاندابوون لە رێگەی قاچاغەوە بۆ ئەوروپا.
مەککین بە رەخنەگرتن لە میدیاکان بەوەی پەنابەران بە کۆچبەر ناودەبەن، رایگەیاند، کە ئەوان کۆچبەر نین و نایانەوێ بگەن بە ژیانێکی خۆشگوزەرانتر، بەڵکو لە ترسی کوشتن و جینۆساید وڵاتەکەی خۆیان بەجـیدەهێڵن.
10/9/2015
داواکاری گشتیی لە شاری ئامەدی باکووری کوردستان، داوای دادگایی کردنی هاوسەرۆکی پارتی دیموکراسیی گەلان (هەدەپە) دەکات و لێکۆڵینەوەی دەستپێکردووە.
رۆژی چوارشەممە سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی هەدەپە لە ئامەد بە رۆژنامەنووسانی راگەیاندبوو، کە پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) و دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) خەڵکی بۆ سووتاندنی بارەگاکانی هەدەپە دەنێرن و رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆک وەزیران بەرپرسن لە هێرشەکان لە کوردستان.
سەرۆکی داواکاری گشتیی کۆماری تورکیا لە ئامەد، بە تۆمەتی ”دژایەتیی سەرۆک کۆمار و هاندانی خەڵک بۆ راپەڕین“، کەیسێکی یاسایی لە دژی دەمیرتاش کردووەتەوە.
بەپێی گوتەکانی سەرۆکی داواکاری گشتیی لە ئامەد، هاوسەرۆکی هەدەپە ”پروپاگەندە بۆ تیررۆ دەکات و سووکایەتیی بە میللەتی تورک دەکات“، بۆیە داوای لە وەزارەتی دادی وڵاتەکەی کردووە، کە پارێزبەندیی یاسایی لەسەر دەمیرتاش هەڵبگرێت، وەک ئامادەکاریی بۆ دادگایی‌کردنی.
دەمیرتاش هەروەها داوای لە خەڵکی باکووری کوردستان کردبوو، کە ئەگەر سوپا و هێزە ئەمنییەکانی تورکیا هێرشی کردە سەریان، ئەوا ”مافی خۆپاراستن“ بەکاربهێنن و وەڵامیان بدەنەوە.
10/9/2015
بەشێک لە سەرکردە و کەسایەتییە سوننەکانی عێراق پەیامێک بۆ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەنێرن و داوا لە بارزانی دەکەن، ببێتە سەرۆکی سوننەکانیش.
ئەو سەرکردە و کەسایەتییە سوننییانە، کە بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان 30 کەسایەتین، داوا دەکەن هەرێمی کوردستان و ناوچە سوننییەکان بکرێنە هەرێمێکی فیدراڵیی یەکگرتوو و دەستوور و دامودەزگای تایبەت بەخۆی هەبێت.
لە پەیامەکەدا، سوننەکان پرۆژەیەکیان پێشکەشکردووە، کە تێیدا هاتووە، دەسەڵاتێکی فیدراڵی لەنێوان هەرێمی کوردستان و شەش پارێزگا سوننییەکەی عێراق پێکبهێندرێت، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش ببێتە سەرۆکی ئەو هەرێمە یەکگرتووە، تاوەکو دەستوورێک ئامادە دەکرێت و دامودەزگاکان دادەنرێن و هەڵبژاردنی پەرلەمانیی دەکرێت.
لەبارەی هەڵبژاردنەکانەوە، ئەو کەسایەتییانە داوادەکەن هیچ جۆرە دابەشکارییەکی نەتەوەیی نەکرێت و عەرەب و کورد وەک یەک میللەت مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، بەڵام دەکرێت ناوچەکان هەرێمی تایبەت بەخۆیان دابمەزرێنن.
بەپێی پرۆژەکە، هەولێر دەکرێتە پایتەختی ئەو کیانە نوێیە و موسڵ یاخود ئەنباریش وەک پایتەختی ئابووریی دادەنرێت.
ئەو کەسایەتییە عەرەبانە، کە ناوەکانیان ئاشکرا نەکراوە، هۆکاری ئەو داواکارییەیان بۆ چەند خاڵێک گێڕاوەتەوە، لەوانە، سەرکەوتن و پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان، بوونی یەک ئایینیی هاوبەش، دراوسێیەتی، بوونی ژمارەیەک هاووڵاتیی عەرەب لە ناوچە کوردییەکان و بە پێچەوانەشەوە.
10/9/2015
میدیا نیوە فەرمییەكانی حكوومەتی ئێران و نزیك لە سوپای پاسداران بڵاویان كردووەتەوە وڵاتانی رۆژئاوایی و عەرەبی كاتێك توانایی رووبەڕوونەوەی راستەوخۆی ئێرانیان نییە، بە سەرۆكایەتی ئەمەریكا و سعوودیا لەدژی قاسم سولەیمانی دەستیان داوەتە جەنگێكی دەروونی.
لەم بارەوە هەواڵدەریی فارس لە راپۆرتێكدا نووسیویە: “كاریگەریی شەڕی دەروونیی چەند حكوومەتێكی رۆژئاوایی و عەرەبی و لەسەرووی هەموویانەوە بەریتانیا، ئەمەریكا و سعوودیا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەدژی ئێران رێكیان خستووە، لە شەڕی راستەوخۆ و مەیدانی زۆرترە.”
ئەو سەرچاوە ئەوەشی خستووەتەڕوو،: “لەو كاتەوە ئێران لە سووریا دەستی داوەتە شەڕ و بەرگری لەدژی ئەمەریكا و سعوودیا، بڵاوكردنەوەی دەنگۆ و شەڕی دەروونی لەدژی ئێران و فەرماندە سەربازییەكان بووەتە بەشێك لە ئەركی وڵاتانی دوژمن.”
لە درێژەی راپۆرتەكەی هەواڵدەریی فارس‌دا هاتووە: “بڵاوكراوەی بەریتانیی “ئێكۆنۆمیست” كۆمەڵێك زانیاریی نادروستی بڵاو كردووەتەوە كە بێ بنەمان و ئامانجیان شكاندنی كەسێتی و پێگەی قاسم سولەیمانی فەرماندەی سوپای قودسە و دەیانەوێ لە ناوچە رۆڵی كەم بكەنەوە و هاوكات دووبەرەكێ لە نێوان مەرجەعەبتی عێراق و ئێران‌دا ساز بكەن.”
هاوكات لەگەڵ ئێكۆنۆمیست، رۆژنامەی سعوودیی “شەرقولئەوسەتی” چاپی لەندەن لە سەرچاوەیەكی نەناسراوەوە لەزاری “ئایەتوڵڵا سیستانی” مەرجەعی شیعەكانی ئێراقەوە بڵاوی كردووەتەوە كە داوای لە خامنەیی كردووە رۆڵی قاسم سلێمانی لە عێراق كەم بكرێتەوە.
باس لەوەش كراوە كە عەلی خامنەیی “موحسن رەزایی” یەكێك لە فەرماندە باڵاكان و بەڕێوەبەری كۆڕی دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی ئێران بۆ چاودێری و كۆنترۆڵی قاسم سولەیمانی لە عێراق و ناوچەكە دیاری كردووە.
ئەم راپۆرتانە لە كاتێك دان كە ماوەی زیاتر لە یەك مانگ دەبێت بەهۆی ئاشكرابوونی فڕۆكەیەكی ئێرانی لە فڕۆكەخانەی بەغدا كە هەڵگری چەك و تەقەمەنیی ئێران بووە بۆ سووریا، “حەیدەر عەبادی” سەرۆك وەزیرانی عێراق ناڕەزایی خۆی لە نفووز و چالاكییەكانی قاسم سولەمیانی و سوپای قودس بە فەرمی دەربڕی و خوازیاری كەمكردنەوەی رۆڵی لە عێراق بووە و ئەمەش بووەتە هۆی ناڕەزایی بەرپرسانی سیاسی و سەربازیی ئێران.
لە كاتی دەسپێكی دەسەڵاتی نووری مالكی لە عێراق وەك كەسێكی نزیك لە ئێران، چالاكییەكانی سوپای قودس و رۆڵی قاسم سولەیمانی لە عێراق و سووریا پڕ رەنگتر بوون.
9/9/2015
کۆمەڵێک خەڵکی تووندڕەو، هێرشیان کردووەتە سەر بارەگای گشتی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) و سووتاندوویانە.
بەپێی هەواڵی میدیاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، ئەو خەڵکانە شەوەی 8/9ـی ئەیلول هێرشیان کردووەتە سەر بارەگاکە، کە دەکەوێتە گەڕەکی بوکلوم لە شاری ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا.
بەگوتەی یەکێک لە کارمەندانی بارەگاکەی هەدەپە، ئەو کۆمەڵە خەڵکەی بارەگاکەیان سووتاند، لە سەرلەبەیانیی رۆژی سێشەممەوە چاودێریی بارەگاکەیان کردووە و بەرپرسانی هەدەپەش ئاگادار بوون.
هەمان ئەو کارمەندە هەروەها رایگەیاندووە، کە ئەوان پۆلیسیان لە مەترسیی ئەو چاودێریکردنە ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام پۆلیس گوتبووی، ئەگەر شتێک روویدا ئەوکات دێین.
9/9/22015
سەرکۆماری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چاوپیکەتنێکدا لەگەڵ “هاینس فیشەر” سەرکۆماری نەمسا، رایگەیاندووە، ئێران ئامادەیی ئەوەی تێدایە بۆ دابینکردنی ئاسایشی ناوچەکە و چارەسەریی قەیرانەکانی سووریا لەگەڵ هەر وڵاتێک دانوستان بکات.
رۆحانی لەو چاوپێکەتنەدا باسی لەوەش کردووە، کۆماری ئیسلامیی ئێران ئامادەیە هەنگاو بۆ دەرکردنی تیرۆریستەکان لە سووریا هەڵبگرێت و ئاسانکاری بۆ گەرانەوەی ئاوارەکان بۆ وڵاتەکەیان بکات.
لەو بارەیەوە هەواڵدەریی ئیلنا بڵاوی کردبوویەوە، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێرانیش لەگەڵ سەرکۆماری نەمسا دانیشتنی هەبووە و داوای لیکردووە کە خۆیان لە سیاسەتەکانی ئەمەریکا بە دوور بگرن.
هاوکات لەگەڵ ئەو قسانە، هاینس فیشەر بەرلە سەردانەکەی بۆ ئێران گوتبووی کە نەمسا ئامادە نییە سەبارەت بە کاروباری بازرگانی پرسی مافی مرۆڤی ئێران پشتگوێ بخات و قسەکانی بەرپرسانی ئێرانیش سەبارەت بە سووریا لە حاڵێک دایە کە وڵاتانی ڕۆژئاوایی و بەتایبەت ئەمەریکا ئێرانیان بە دەستێوەردان لە کاروباری ئەو وڵاتە تاوانبار کردووە.
ماوەیەک لەمەوبەریش “بان کی مۆن” سەرۆکی گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندبوو، حکوومەت و وڵاتی سووریا لە بەرەبەری رووخان دایە و کارەسات و قەیرانەکانی ئەو وڵاتە رۆژ لەگەڵ رۆژ لە پەرەسەندن دان.
سەرۆکی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوەشی خستبوویەڕوو، سووریا لە پێنجەمین ساڵی شەڕ دایە و قەیرانەکانی لە قووڵتر بوونەوە دان و هەتا ئێستە زیاتر لە 220 هەزار کەس لەو وڵاتە کوژراون.
9/9/2015
کاسبکاران و دووکاندارانی “تەرەبار(مەیدانی سەوزە و میوەی)” شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ماوەی چەند ڕۆژە مانیان گرتووە و خۆیان لە هێنان و فرۆشتنی میوە و سەوزە بواردووە.
بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو کراونەتەوە، دووکانداران و سەوزە فرۆشەکانی مەیدانی تەڕەبار (عەلوە)ی شاری سەقز بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین بە بڕیاری شارەوانیی ئەو شارە مانیان گرتووە.
ئەو کاسبکار و دووکاندارانە نووسراوەیەکی گەورەیان لە دەرگای تەرەبارەکە داوە و تێیدا ڕەخنەیان لە کارکردی شارەوانی گرتووە.
ئەو کاسبکارانە دەڵێن: شارەوانی بڕیاری داوە لەپێش دووکانەکانی ئێمە، دووکانی دیکە دروست بکرێت و ئەوەش راستەوخۆ پێش بە کاسبیی ئێمە دەگرێت.
دەگوترێت کە لە مەیدانی میوە و سەوزەی شاری سەقز زیاتر لە 70 دووکان هەیە و شارەوانی دەیهەوێ رێژەی ئەو دووکانانە بکاتە زیاتر لە 100دووکان.
ماوەی چوار ڕۆژە دووکاندارەکانی تەڕەباری سەقز مانیان گرتووە و ئامادە نەبوونە هیچ سەوزە و میوەیەک بفرۆشن و ئەوەش خەڵکی و بازاری شاری سەقزی لەگەڵ کێشە بەرەوڕوو کردووەتەوە.
9/9/2015
له میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌كانی خولی نۆیه‌می رێككه‌وتننامه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ پاراستنی مرۆڤ له بێ سه‌روشوێنكردنی زۆره‌مڵی كه له جنێڤ ساز ده‌كرێ، دیندار زێباری جێگری فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه رزگار كردنی هه‌زاران كوردی ئێزیدی له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه به نیشانه‌ی پابه‌ندبوونی هه‌رێمی کوردستانی به رێكه‌وتننامه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی تایبه‌ت به بێسه‌روشوێنكردنی زۆره‌ملێ دانا.
دیندار زێباری لە بارەی بوونی زیندانی نهێنی لە هەرێمی کوردستان گوتی: لە هەرێمی کوردستان هیچ زیندانێکی نهێنی نییە هەرکەس دەستگیر بکرێت بەپێ یاسا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دیندار زێباری جێگری فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه وتاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی پێشكه‌ش كرد و تێیدا تیشكی خسته سه‌ر ئه‌و نه‌هامه‌تیانه‌ی كه رووبه‌رووی گه‌لی كورد بوونه‌ته‌وه و گوتی: گه‌لی كورد به درێژایی مێژوو رووبه‌رووی گه‌وره‌ترین و مه‌ترسیدارترین هێرشی كۆمه‌ڵكوژی بووته‌وه له‌سه‌ر ده‌ستی رژێمه یه‌ك له دوایه‌كه‌كانی عێراق تا رژێمی به‌عس له ساڵی 2003، یه‌كێك له‌و تاوانانه‌ی كه دژ به كورد په‌یڕه‌و كرا بریتی بوو له بێسه‌روشوێنكردنی زۆره‌ملێ و تێیدا به هه‌زاران كه‌س له عێراق بوونه قوربانی كه به‌شی هه‌ره‌زۆریان له كوردستان بوون.
دیندار زێباری سه‌رۆكی شاندی كوردستان گوتیشی: بۆ هه‌موو لایه‌ك ئاشكرایه كه گه‌لی كوردستان به گشت پێكهاته ئایینی و نهتهوهییهكانییهوه گه‌وره‌ترین قوربانی تاوانی بێسه‌روشوێن كردنی زۆره‌ملێ بوون به درێژایی مێژووی عێراق ئه‌مه‌ش خۆی له و بێسه‌روشوێنكردنی كورده فه‌یلییه‌كان له نێوان ساڵانی 1980-1990و پرۆسه‌ی به‌دناوی ئه‌نفالكردنی هه‌شت هه‌زار بارزانی و 182000 كوردی بادینان و گه‌رمیان، ئه‌م تاوانانه دژ به گه‌لی كوردستان به كۆتایی هاتنی رژێمی به‌عس كۆتاییان نه‌هات، به‌ڵكو تا ئێستاش به‌رده‌وامه دوای ئه‌وه‌ی رێكخراوی تیرۆریستی داعش به هه‌زاران هاووڵاتی كوردی ئێزیدی بێسه‌روشوێن كرد كه تا ئێستاش چاره‌نووسی زۆریان دیار نییه.
سه‌رۆكی شاندی كوردستان ئه‌وه‌شی روونكرده‌وه كه به هۆی گه‌وره‌یی ئه‌م تاوانه كه ده‌رهه‌ق به كورد ئه‌نجامدراوه ئێمه زیاتر هه‌ست به دڕنده‌یی و گه‌وره‌یی ئه‌م تاوانه ده‌كه‌ین كه ئاسه‌واره‌كانی به‌سه‌ر كه‌سوكاری قوربانیانییهوه دیاره و بۆ چه‌ند ساڵی دیكه‌ش به‌رده‌وام ده‌بێت، چونكه تا ئێستاش چاره‌نووسی به ده‌یان هه‌زار كه‌س نادیاره بۆیه پێویستی به چاره‌سه‌ر و كار كردنی به‌رده‌وام هه‌یه بۆ مسۆگه‌ركردنی دووباره نه‌بوونه‌وه‌ی ئه‌م تاوانه له داهاتوودا.
جێگری فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه پابه‌ندبوونی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی دووپات كرده‌وه به گشت ئه‌و رێكه‌وتننامانه‌ی كه له‌م باره‌یه‌وه ده‌رچوون، هه‌روه‌ها داوای له نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان كرد كه هه‌وڵی تۆمار كردنی ئه‌م تاوانه بده‌ن و له‌م باره‌ویه‌وه وتی: دیاره تا ئێستا ئه‌و تاوانانه‌ی كه ده‌رهه‌ق به گه‌لی كورد ئه‌نجامدراون وه‌كو پێویسته تۆمار نه‌كراون له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له كاتێكدا ئه‌مه زۆر پێویسته بۆ ئه‌وه‌ی مافی كه‌سوكاری قوربانیان پارێزراو بێت، ئێمه له حكومه‌تی هه‌رێمی چه‌ندین جار داوامان له رێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان كردووه كه پێویسته ئه‌و تاوانانه به دیكیۆمێنت بكرێن له‌وانه‌ش تاوانی بێسه‌روشوێن كردن كه ئاسه‌واره‌كانی تا ئێستاش به‌رده‌وامه، هیوادارم له‌و باره‌یه‌وه به رۆڵی خۆی هه‌ستێت و شاندی تایبه‌تی خۆی بۆ ئه‌م مه‌به‌سته بنێرێته كوردستان بۆ ئه‌وه‌ی له نزیكه‌وه ئاگاداری ئه‌و تاوانانه بن و چاویان به كه‌سوكاری قوربانیانی گشت ئه‌و تاوانانه بكه‌وێت كه له‌سه‌ده‌ی رابردوو له‌سه‌ر ده‌ستی رژێمه یه‌ك له دوا یه‌كه‌كانی عێراق روویانداوه تا ده‌گاته تاوانی بێسه‌روشوێن كردنی كوردانی ئێزیدی له‌سه‌ر ده‌ستی رێكخراوی تیرۆریستی داعش.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه لیژنه‌ی جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتننامه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ پاراستنی مرۆڤ له بێ سه‌روشوێنكردنی زۆره‌مڵی چه‌ند پرسیارێكی ئاراسته‌ی شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌رباره‌ی چه‌ند تۆمه‌تێك كه ئاراسته‌ی هه‌رێم كراون و په‌یوه‌ندییان به بێسه‌روشوێنكردنی زۆرملێوه هه‌یه، له‌وانه ره‌فتاری هه‌ندێك له چهنكدارهكانی سه‌ر به كهمایهتییهكان و زیندانی نهێنی، شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌ڵامی پرسیارانهكانی دایه‌وه و راستییه‌كانی بۆ لیژنه‌كه روونكرده‌وه، له باره‌ی هه‌بوونی میلیشیای سه‌ربازی له ده‌ره‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان وتی: هه‌موو یه‌كه سه‌ربازییه‌كان و هێزه‌كانی به‌رگری له كوردستان سه‌ر به وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ن كه ئه‌م وه‌زاره‌ته‌ش به‌پێی یاسا دامه‌زراوه له یه‌كه‌مین كابینه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له ساڵی 1992 له ڕێگه‌ی هه‌ڵبژاردنێكی دیموكراسی. گشت پێكهات ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان له رێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌دا هه‌ن و هیچ جۆره جیاوازییه‌كیش له‌سه‌ر بنه‌مای ئایین یان نه‌ته‌وه و نه‌ژاد له ریزی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه بوونی نییه و به هیچ شێوه‌یه‌ك رێگای پێنادرێ.
ئه‌ركه‌كانی پێشمه‌رگه ئێستا بریتین له به‌رگریكردن و پاراستنی هه‌رێمی كوردستان و پێشكه‌شكردنی هاوكاری بۆ هیزه‌كانی عێڕاق دژ به هه‌ر چالاكییه‌كی تیرۆریستان.
بوونی هێزی پێشمه‌رگه به‌شێویه‌كی یاساییه به‌پێی بڕگه‌ی (5) له مادده‌ی (121) ی ده‌ستوری عێڕاقی فیدڕاڵی ساڵی 2005 كه ئه‌ركه‌كه‌ی بریتییه له پاراستن وبه‌رگریكردن له هه‌رێمی كوردستان، له‌م بڕگه ده‌ستوورییه‌دا هاتووه: حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رپرسه له به‌ڕێوه‌بردنی هه‌رێمی كوردستان، به‌تایبه‌تی درووستكردنی هێزه‌كانی ئاسایشی ناوخۆ وه‌ك پۆلیس و ئاسایش و پاسه‌وانی هه‌رێم.
ئه‌وه‌ی له باره‌ی بوونی میلیشیای چه‌كداری ئێزیدیش ده‌گوترێت دووره له راستی، چونكه ئێزیدیه‌كان ته‌نها فه‌وجێكی هه‌یه له‌سه‌ر میلاكی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌یه و گشت كار و جوڵانه‌وه‌كانی به‌پێی فه‌رمانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌یه و ئێستا به‌رگری له خانه‌واده ئێزیدییه‌كان ده‌كات كه پێشتر له چیای شنگال گه‌مارۆ درابوون، هه‌ندێكی دیكه‌شیان له سه‌نته‌ری شاری شنگال له شه‌ڕدان دژی داعش و جگه له‌م هێزه فه‌رمییه‌ی سه‌ر به وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه ئێزیدییه‌كان هیچ هێزێكی دیكه‌ی سه‌ربازییان نییه ئه‌گه‌ر هه‌ر رووداوێكیش له‌لایه‌ن ئێزیدییه‌كان روویدا بێت ئه‌وا به‌شێوه‌یه‌كی به‌رنامه بۆ داڕێژراو نه‌بووه به‌ڵكو ره‌فتاری تاكه كه‌سی بووه.
له وه‌ڵامی پرسیاری تایبه‌ت به بوونی زیندانی نهێنی له كوردستان سه‌رۆكی شاندی هه‌رێم وتی: حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دووپاتی ده‌كاته‌وه هیچ زیندان و گرتووخانه‌یه‌كی نهێنی نییه و هه‌ركه‌سێك ده‌ستگیر بكرێ به‌پێی یاسا مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێ و دوای ئه‌وه‌ی راگیرا‌و حوكمی له دادگاوه بۆ ده‌ره‌دچێت ره‌وانه‌ی داموده‌زگاكانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ ده‌كرێ بۆ سه‌پاندنی سزاكه‌ی به‌پێی رێوشوێنه كارپێكراوه‌كان.
سه‌رۆكی شاندی كوردستان ئه‌وه‌شی روونكرده‌وه كه له هه‌رێمی كوردستان یاسای ژماره (3)ی ساڵی 2006 ده‌رچووه كه تایبه‌ته به به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی كه به تۆمه‌تی تیرۆریش ده‌ستگیر ده‌كرێن رێگا نادرێ كه مامه‌ڵه‌ی خراپیان له‌گه‌ڵدا بكرێ و به‌پێی یاسای مافیان هه‌یه، بۆ نموونه له‌مانگی 6/ی 2014 ه‌وه (322) كه‌س ده‌ستگیركراون به تۆمه‌تی په‌یوه‌ندییان به داعشه‌وه، له‌و (322) كه‌سه (83) یان ئازادكراون و (239) كه‌س ماونه‌ته‌وه‌و له ژێر لێكۆڵینه‌وه‌دان و بۆیان هه‌یه پارێزه‌ر بگرن و كه‌س و كاریشیان ده‌یانبینن.
تا ئێستا به ده‌یان رێكخراوی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی سه‌ردانی گشت بنكه‌كانی چاكسازی و را‌گرتن و گواستنه‌وه‌یان كردووه بۆ زیاتر ئاگادار بوون له ره‌وشی گیراوان.
له لایه‌كی دیكه‌وه سه‌رۆكی شاندی كوردستان تیشكی خسته سه‌ر پابه‌ندبوونی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به رێكه‌وتننامه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی تایبه‌ت به بێسه‌روشوێنكردنی زۆره‌ملێ و له‌م باره‌یه‌وه وتی: حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌وڵێكی زۆری داوه و به‌رده‌وامیشه بۆ رزگاركردنی ئه‌و كورده ئێزیدییانه‌ی كه له‌لایه‌ن رێكخراوی تیرۆریستی داعشه‌وه رفێندراون و ژماره‌یان 5838 كه‌سه كه 3192 یان ئافره‌ت و 2646 یان پیاو بوون و تاكو رێكه‌وتی 16/8/2015 توانراوه 2080 یان رزگار بكرێن له‌وانه 785 ژن و 302 پیاو و 483 منداڵى مێ و 510 منداڵى نێر و پێداویستی ماددی و مه‌عنه‌وی و خزمه‌تگوزارییه ته‌ندروستییه‌كانی بۆ دابین كردوون.
كۆبوونه‌وه‌كانی خولی نۆیه‌می رێككه‌وتننامه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ پاراستنی مرۆڤ له بێسه‌روشوێنكردنی زۆره‌مڵی له باره‌گای نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان تا رۆژی 18/9/2015 به‌رده‌وام ده‌بێـت.
9/9/2015
یەكێك لە كرێكارانی پێشووی شارەوانیی شاری كرمان لە ناوەندی ئێران، لەبەردەم شارەوانیی ئەو شارە ئاوری لە جەستەی خۆی بەردا.
بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی هێرانا، ئەو كرێكارە كە بە شێوەی گرێبەستی لەگەڵ شارەوانیی شاری كرمان كاری كردووە، بەهۆیەكی ناڕوون دوێنێ سێشەممە لەبەردەم بینای شارەوانی ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە و دواتر بەدەستی خەڵك كوژێنراوەتەوە و رەوانەی نەخۆشخانە كراوە و دۆخی جەستەیی ناجێگیرە.
هەتا ئێستە هۆكاری سەرەكیی ئەو خۆسووتاندنە و ناسنامەی كەسەكە روون نەبوووەتەوە.
سەرچاوەكانی مافی مرۆڤ لە ئێران بڵاویان كردووەتەوە ئەو كرێكارە پاییزی ساڵی پار لەلایەن شارەوانییەوە لە كارەكەی دەركراوە و تەنیا سەرچاوەی بژیوی بنەماڵەكەشی هەر ئەو مووچەیە بووە و دەگوترێ لەوانەیە ئەوە هۆكاری خۆسووتاندنەكەی بێت.
پێنج مانگ لەمەوبەریش كاسبكار و دەستفرۆشێكی دیكە لە شاری خوڕەمشهەری ئێران لە ناڕەزایەتی بە دەستبەسەرداگرتنی عارەبانەكەی لەلایەن شارەوانییەوە ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و دوای چەند رۆژ گیانی لەدەست دا و مەرگیشی بووە هۆی ناڕەزایەتی خەڵكی ئەهواز و خوڕەمشەهر.
حەفتەی رابردووش كەسێك لەناو بینای قامەقامیەتی شاری سونقوڕ لە پارێزگای كرماشان خۆی سووتاندبوو.
بێكاری، گرانی و كێشە و قەیرانە كۆمەڵایەتییەكان و خەمۆكی لە ئێران هۆكاری سەرەكیی خۆكوژی و خۆسووتاندنن.
9/9/2015