وەزیری دەرەوەی فەرەنسا رایدەگەیەنێت، کە زۆرینەی هاوکارییەکانی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ هەردوو ناوەندی هەولێر و کۆبانێ دەبێت.
لۆران فابیۆس، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بە کەناڵێکی تەلەفزیۆنیی وڵاتەکەی راگەیاندووە، کە پێشوازیکردنی ئەوروپا لە پەنابەرانی سوریا و عێراق، واتای سەرکەوتنی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)ـە.
لۆران فابیۆس هەروەها داوای کردووە، کە پارێزگاری لە پێکهاتە ئایینیی و نەتەوەییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکرێت و هان نەدرێن کۆچ بکەن و ببنە پەنابەر لە ئەوروپا.
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا هەروەها ئاماژەی بەوەکردووە، کە چەند وڵاتێکی بەشداری ”کۆنگرەی نێودەوڵەتی لەبارەی قوربانییانی تووندوتیژی نەتەوەیی و ئایینی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست“، کە لە پاریس بەڕێوەچوو، بەڵێنی بەشدارییکردنیان لە دووبارە ئاوەدانکردنەوەی ناوچەی شەڕەکان نیشانداوە.
بەپێی گوتەکانی لۆران فابیۆس، فەرەنسا بڕی هاوکارییەکانی لە 25 ملیۆن یۆرۆوە گەیاندووەتە 100 ملیۆن یۆرۆ و زۆرترین بڕە هاوکارییش، بۆ هەولێر لە باشووری کوردستان و کۆبانێ لە رۆژئاوای کوردستان دەبێت.
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کۆچکردنی خەڵکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بەرەو ئەوروپا بە ”سەرکەوتنی داعش“ ناوبرد و رایگەیاند، کە وڵاتەکەی رێگانادات کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکانی ئەو ناوچەیە لەناوببرێن.
9/9/2015
حکومەتی ئێران دوای رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا هیوادارە بتوانێت سستی ئابووری ئەو وڵاتە، کە لە دوای توندبوونەوەی سزاکان لە ساڵی 2012 وە درووستبووە قەرەبوو بکاتەوە.
بەرپرسانی ئێرانی دەڵێن هیوادارن دوای لادانی گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر ئێران لە ساڵی 2016دا بتوانن گەشەی ئابووری ئەو وڵاتە بۆ سەدا ٥ بەرزبکەنەوە و لە ساڵی 2017 بتوانن ئەو رێژەیە بەرزبکەنەوە بۆ سەدا 6، ئەوەش ئەگەر رووبدات بە پێشەکەوتنێکی بەرچاو دادەندرێت، لەبەر ئەوەی دوای ٢٠١٢ ئابووری ئەو وڵاتە چووە ناو قۆناغی سستبوونەوە و تەنیا لە ساڵی ٢٠١٢ و ٢٠١٣ بەرێژەی لەسەدا ٧ پاشەکشەی کرد.
ئەگەر هەلومەرجێک هاتە ئاراوەو رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی نێوان ئەو وڵاتە و وڵاتانی رۆژئاوا جێبەجێنەکرا ئەوا سستی ئابووری دووبارە روو لەو وڵاتە دەکاتەوە.
08/09/2015
هاشم سۆیلەمەز
لە باشووری رۆژهەڵاتی وڵاتەوە بەردەوام هەواڵی ناخۆش دەگەن، خەڵك لە دواڕۆژ بێ هیوا بووە و بە گومانە لە ئەنجامدانی ئەو هەڵبژاردنەی بەهۆی پێكنەهێنانی حكومەتەوە، بڕیارە لە سەرەتای مانگی نۆڤەمبەر دووبارە بكرێتەوە. زۆربەی خەڵك پێیانوایە ئەگەر رەوشەكە بەو شێوەیە درێژە بكێشێ، سندووقی هەڵبژاردن دانانرێن.
لە باشووری رۆژهەڵات هەموو كەس دەپرسێ "بەیانی چی روودەدات؟". بەڵام وەڵامێكی دیاریكراویان دەست ناكەوێت. مرۆڤ نیگەرانە، رەشبینە، ژیانی كۆمەڵایەتی گەیشتووەتە ئاستی راوەستان. ئاسایشی گەڕان نەماوە. لەگەڵ ئەوەشدا هەموو رۆژێك هەواڵی ناخۆش بڵاودەبنەوە. لە شوێنی پێكدادان كۆچكردن دەستی پێكردووە. خەڵك لە شاخەوە كۆچی شار دەكەن، ئەوانەی شارانیش بەرەو رۆژئاوا دەڕۆن.
بەگوێرەی سەرچاوەكانی دەوڵەت، لەم مانگەی دواییدا 100 هەزار كەس، بە گوێرەی سەرچاوە هەرێمییەكانیش 250 هەزار كەس بەهۆی شەڕەوە لە شوێنی خۆیان كۆچیان كردووە.
شەقامە سەرەكییەكانی ئامەد چۆڵ دیارن، هەندێك شوێنیش وا دەردەكەون وەك ئەوەی باری نائاساییان تێدا راگەیەندرابێت.
سەباحەت چەتین كایا، جێگری هاوسەرۆكی شارەوانی دێرك سەر بە ماردین كە لەناو فڕۆكەی ئیستانبوڵ – ئامەد قسەی بۆ كردین، پێیوایە لەدوای 7ی حوەزیرانەوە مێژوویەك دەستی پێكردووە، بەڵام پێشبینی بۆ ئایندە ناكرێت. سەباحەت دەڵێت "دەستگیركردن و پێكدادان، ناوچەكە زیاتر بەرەو تاریكی دەبەن. ئەگەر رەوشەكە بەمشێوەیە بەردەوام بێ، ژمارەی خۆسەرییەكان هەڵدەكشێ، خەڵك زیاتر تووڕە دەبن. هەڵبژاردن بەشێوەیەكی تەندروست دەكرێت یان نا، گومانمان هەیە".
ئەم نیگەرانییە، نیگەرانیی ئەو سیاسەتوانە كوردانەشە كە جیاواز بیردەكەنەوە. بۆ نموونە ئیبراهیم گوجلو (كە سیاسەتوانێكی كوردە) دەربارەی دواڕۆژ گومانی راستەقینەی هەیە. ئەو دەڵێت "هەردوولا كابوس دەخوازن، هەوڵ و نیازی پاك بۆ چارەسەری نییە. بە تێپەڕبوونی كات كابووسەكە گەورەتر دەبێت. ئەو پرسیارەی كە دەڵێت (ئایا توركیا وەكو سووریای لێدێ؟) زۆرتر دەكرێ. ئەگەر رەوشەكە بەو جۆرە درێژە بكێشێ، هەڵبژاردنێكی تەندروست ناكرێ، لەوانەیە سندووقیش دانەنرێن".
لە فارقین، جەزیرە، سلۆپی، گەڤەر، وارتۆ، لیجە و نزیكەی 35 شوێنی دیكە ئاسایش نییە. جگە لە پێداویستیە سەرەكییەكان، ژیان راوەستاوە. زۆربەی گوندەكانی لیجە و فارقین بەشێوەیەكی كاتی چۆڵكراون. دەوڵەت بە دروستكردنی ناوچەی ئەمنیی تایبەت، بە كردەوە باری نائاسایی راگەیاندووە. پەكەكە لەو شوێنانەی كۆنترۆڵی كردوون، بەهێزتر دەبێت. كەس لە گیانی خۆی دڵنیا نییە، ئەوانەی لەنێوان هەردوولا گیریان خواردووە نازانن چی بكەن.
گرنگترین رووداو لە مێژووی ئامەد هاتەئاراوە. بۆ پڕۆتستۆكردنی رووداوەكانی فارقین و لیجە، پارتی هەرێمە دیموكراتییەكان (DBP) داوای كرد دوكانەكان نەكرێنەوە. بە گوتەی پۆلیس 80% و بە گوتەی دەبەپەش 99%ی دوكاندارەكان، دوكانەكانیان نەكردنەوە. ئەوەی دیار بوو خەڵك هیچ كاتێك لە رابردوودا ئەوەندە گوێڕایەڵی داواكاری داخستنی دوكانەكان نەبووە. ئەگەر قسەكە لە جێگای خۆیدا بێ، پەكەكە بۆ ماوەی رۆژێك لە ئامەد باری نائاسایی جێبەجێ كرد. ئەو تابلۆیە دەیسەلمێنێ كە راگەیاندنی خۆسەری بە ئاسانی لە هەموو ناوچەكە جێبەجێ دەكرێت. بەردەوامبوونی ئەو ئاڵۆزیەی لە ئامەد كە وەكو جەرگەی ناوچەكە وایە، بە واتای گەورەبوونی كابووسەكە دێت.
كەس چاوەڕێی چارەسەری لە هەڵبژاردنی یەكی تشرینی دووەم ناكات. ئەو بێ هیواییە لەسەر ئەنجامەكانی هەڵبژاردن نییە. بەگوتەی خەڵكی ناوچەكە دەنگی هەدەپە لە هەڵبژاردن زیاتر هەڵدەكشێت. بەڵام هەر لە ئێستاوە خەڵك چاوەڕێن بزانن لەدوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن، كاردانەوەی سەرۆك كۆماری توركیا چی دەبێت.
رەجەب دەمیر كە دوكاندارێكی ئامەدە، لە هەڵبژاردنەكانی پێشوودا دەنگی بۆ ئاكپارتی داوە، لە هەڵبژاردنی دواییش هەدەپەی هەڵبژاردووە "جارێكی دیكە ئاكپارتی دەدۆڕێت، بەڵام نازانین دوای هەڵبژاردن چی چاوەڕێمان دەكات. ئێستا ناوچەكە ناچاری یاخیبوون دەكەن. من كەسێكی سیاسی نیم، بەڵام بەو شێوەیە بڕوات گەنجەكانمان پێ زەفت ناكرێن".
رەجەبی دوكاندار هێرش دەكاتە سەر رەجەبی سەرۆك كۆمار و دەڵێت "هەدەپە بەربەستی تێپەڕاند، رێگای سیاسەتی پێنادەن. حكومەت دروست نەكرا، یەكسەر گوتیان هەڵبژاردن. لەبەر شەڕ ناتوانین بێینە دەرەوە. تاكە كەسێك یاری بە دواڕۆژی ئەم وڵاتە دەكات، دڵخۆش بووین بە پڕۆسەی چارەسەری، نەمانزانی هەمووی درۆیە. ئەمە دڵی ئێمەی كوردی شكاند. ئەوەی سیاسیش نەبوو، بوو بە سیاسی".
ئەو دوكاندارە پێیوایە، ئێستا باشترین كاتە بۆ راگەیاندنی خۆسەری دیموكراتی، چونكە بە بڕوای ئەو "خەڵكی ئەم ناوچەیە بە دڵ و دەروون لە توركیا دابڕاوە".
باس باسی ئاڵكانە
لە ئامەد هەر كەسێك دەدوێنی سیاسی بێت یان هاووڵاتی ئاسایی، باسی تووڕەبوونەكەی موقەددەم محەممەد ئاڵكان دەكات كە لەسەر تەرمی براكەی دەڵێت "ئەوانەی تا ئەو رۆژانەی دوایی دەیانگوت چارەسەری، بۆچی ئێستا دەڵێن شەڕ؟".
خەڵك پێیوایە هاواری ئەو ئەفسەرە بە جلی سەربازییەوە زۆر مانا هەڵدەگرێ. لە شوفێری تاكسییەكەوە بگرە تا دوكاندارێك، دوای ئەوەی بە گشتی قسە دەكات، دێتە سەر قسەكانی ئەو موقەدەمە.
حەسەن چیڤرلی، 55 ساڵ، دەڵێت "كاتێك سەربازێك دەكوژرێ جەرگمان دەسووتێ. كاتێك تەرمی گەریلایەك دێتەوە پرسە دادەنێین. ئەوانە منداڵی ئێمەن كە لەیەك گەڕەك بەیەكەوە یاری دەكەن و خەیاڵ بۆ دواڕۆژ دەكەن، بەڵام بە داخەوە سیاسەت ئەو برایەتییە لەناو دەبات. دایكی گەریلایەك هاوار دەكات، موقەدەمێك یاخی دەبێ. شێوازی جەرگ سووتان وەكو یەكە. پێویستە ئەمە بوەستێ، بەڵام دواڕۆژمان زۆر تاریكە".
ناوچەكە بووەتە دیلی سیاسەت
لە هەر كوێ تەماشای دەكەیت، سیاسەت ناوچەكەی بەدیل گرتووە. هەڵمەتە سیاسییەكان لە رۆژهەڵاتی توركیا كابووس دروست دەكات. لەو كاتەی سبەی درەنگە بۆ ئاشتی، دەربارەی سبەی حیساب دەكەن و سبەی كەسانی دیكە لەناو دەبەن. وەكو ئەوەی حەسەن قەندیر (70) ساڵ دەڵێت:" ژیانی من رۆیشت، خەریكە ژیانی نەوەكانیشم دەڕوات. سبەی كەس ناتوانێ رامبگرێت. ئیتر چارەسەریمان دەوێت".
*ئەم راپۆرتە رۆژی 31/8/2015 لە گۆڤاری ئاكسیۆنی توركیدا بە ناونیشانی (هەرێم ئاڵۆزە، دواڕۆژ تاریكە) بڵاوكراوەتەوە و (رووداو) لەبەر گرنگیی راپۆرتەكە كردوویەتی بە كوردی.
08/09/2015
سەرۆکی کۆمیسیۆنی کولتووری لە ئەنجوومەنی شاری سنە رایگەیاند، ناوی بەشێک لە گەڕەک، شەقام و گۆڕەپانەکانی شاری سنەیان گۆڕیوە و ناوی کوردی رەسەنیان لەسەر داناوە.
ئاماژەی بەوەشداوە کە لیژنەیەک بۆ دانانی ناوی کوردی لەسەر شوێنە گشتییەکان پێکهاتووە و کار لەسەر ئەوە دەکات کە ناوی شەقام و گەڕەکەکانی ئەو شارە بکاتە کوردی.
لەسەر پێشنیازی لیژنەی ناونانەوەی گەڕەک و شەقامەکانی شاری سنە و بە پەسەندکردنی ئەنجوومەنی شارەکە، ناوی بەشێک لە گۆڕەپان، گەڕەک و شەقامەکانی شاری سنە گۆڕدرا.
دوای دەستبەکاربوونی ئەندامانی خولی ئێستای ئەنجوومەنی شارەکان، ئەندامانی ئەنجوومەنی شاری سنە بڕیاریاندا ناوی بەشێک لە شوێنە گشتییەکان، گەڕەک و شەقامەکانی شاری سنە بگۆڕن و ئەو شوێنانەش کە ناویان نییە، بۆیان دیاری بکرێت.
بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەکیان بە سەرپەرشتی سەرۆکی کۆمیسیۆنی کولتووری ئەنجوومەنی شاری سنە پێکهێنا. ئەو لیژنەیە کۆمەڵێک ناوی کوردی و ناوی کەسایەتییە کولتووری، هونەری و وەرزشییەکانی ئەو شارەی کۆکردووەتەوە.
ماڵپەری فەرمی حکومەتی ئێران، رۆژی دووشەممە 7-9-2015 بڵاویکردووەتەوە کە شەقام و گەڕەکەکانی شاری سنە، ناوی رەسەنی کوردییان لەسەر دانراوە.
بەهائەدین حوسێنی، بەرپرسی کۆمیسیۆنی کولتووری ئەنجوومەنی شاری سنەش بەو ئاژانسەی راگەیاندووە، ناوی هەندێک لە گەرەک و شەقامەکانی ئەو شارە هەڵە بوونە و هەندێکیشیان ناوی ناڕەسەن و تەنانەت دژی کولتووریان لەسەر بووە.
هەندێک گەڕەک و گۆڕەپانیش هەر ناویان نەبووە، بۆیە بڕیاری گۆڕینی ناوەکانیان داوە و ئێستا ئەنجوومەنی شارەکە گۆڕینی ناوی 45 شوێنی پەسەندکردووە کە لەو نێوە، قایمقامی شاری سنە بڕیاری گۆڕینی ناوی 25 شوێنی دەرکردووە و سەرقاڵی نووسینی تابڵۆی تازەن بۆ ئەو شوێنانە.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی شاری سنە هەروەها دەڵێت، هەندێک ناوی رەسەنی کوردی وەکوو ئەردەلان، بابان، موکریان، بادینان، گۆران، سۆران و هەورامیان لەسەر گەڕەکەکانی ئەو شارە داناوە.
هەروەها ناوی کەسایەتییەکانی ئەو شارەیان لەسەر چەند شەقامێک داناوە و گۆڕەپانی سەرەکی سنە بەرەو هەمەدانیان بە ناوی هونەرمەندی ناسراوی کورد، عەلی ئەسغەر کوردستانی کردووە.
بەگوتەی ئەنجوومەنی شاری سنە، مەبەست لە دانانی ناوی کوردی لەسەر شەقام و شوێنە گشتییەکانی ئەو شارە، ئاشناکردنی زیاتری خەڵک بەتایبەت لاوانە لەگەڵ کەسایەتی و بژاردەکانی ئەو ناوچەیە. دەشڵێن خەڵک پێشوازی بەرچاویان لەو هەنگاوە کردووە.
08/09/2015
بەشێک لە عەرەبەکانی سنووری پارێزگای کەرکووک، هێزەکانی پێشمەرگە بە خاپوورکردنی خانووەکانی ئەو گوندانەی کە کۆنترۆلی دەکەن تۆمەتبار دەکەن و وەک خۆشیان دەڵێن" لە کۆنترۆڵکردنەوەی ئەو گوندانەدا تەنیا هێزەکانی پێشمەرگە بەشداریی دەکەن و هیچ هێزێکی دیکەی لێ نییە".
لەبەرمبەردا هێزەکانی پێشمەرگەش خاپوورکردنی خانووی گوندە عەرەبەکان بۆ بۆمبڕێژکردنی خانووەکان و تەواوی کەلوپەلەکانی نێو ماڵەکان لەلایەن چەکدارانی داعش و هەروەها بۆردوومانەکانی فڕۆکە جەنگیەکان دەگەڕێننەوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی چەکدارانی داعش بەشێک لە خانووەکانیان کردووەتە بارەگای خۆیان.
بەشێك لە گوندە تازە كۆنترۆڵكراوەكانی باشووری كەركووك ، بەتەواوەتی خاپوور بووە و بۆ بەسەربردنی ژیان ناشێت.
لەو گوندانەدا داعش سزا جۆراوجۆرەكانی خۆی بەسەر دانیشتووانەكەی جێبەجێ كردووەو خانووی فەرمانبەر و كارمەندی دەزگا ئەمنییەكانی تەقاندبووەوە ، بەشێكی دیكەی خانووەكانیشی كردبووە بارەگا بۆ خۆی و چوار دەورەی بۆمبڕێژ كردبوو.
دوای كۆنترۆڵكردنی ئەو گوندانە لەلایەن پێشمەرگەوە نوێنەری بەشێك لە عەرەبەكانی كەركووك خاپووربوونی گوندەكانیان بەكاری پێشمەرگە دادەنێن.
محەممەد خەلیل ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بە(تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند:" تووشی سەرسوڕمان دەبین بە خاپوور كردنی تەواوی ناوچەكە كێ لەوێیە جگە لە هێزەكانی پێشمەرگە ؟ ئەوێ سوپای لێیە ؟ یان خەڵكان دزەیان كردووەتە ئەوێ ، ئەگەر خەڵكانێك چوبێتنە ئەوێ پێشمەرگە بەرپرسیارە ، كاتێك ناوچەیەك كە 800 خانووی تێدایە خاپوور دەكرێت ، ئەو جۆرەكارانە بە پاكتاوی رەگەزی دەزانین".
پێشمەرگە ئەو تۆمەتانە رەتدەکەنەوە و رایدەگەیێنن" كاری ئێمە روون و دیارە كە پاراستنی پێكهاتەكانی ئەم سنوورەیە نەك روخاندن و خاپووركردنی خانوو و گوندەكانی ئەم ناوچەیە".
نەقیب هیوا ئەحمەد فەرماندەی فەوجی چواری فریاكەوتن بە(تۆڕی میدیایی رووداو)ی رایگەیاند" هێزەكانی ئێمە بەرامبەر ئەم گوندە بوو و 600 مەتر نێوانمان بوو زۆر جار ئەمان بینیی ئەو خەڵكانەی نەچونایەتە ژێر فەرمانی ئەوان خانوەكانیان ئەتەقاندەوەو هەندێك شوێن هەیە هەموو بۆمبڕێژكراوە و هەندێك شوێنی دیكەش هەیە وەكو خانووە روخاوەكان ، لەبەر ئەوەی داعشی تێدا بووە و بەرگریان كردووە فڕۆكەكانی هاوپەیمانان بۆردوومانیان كردووە و خاپوور بووە".
رووبەری گوندە تازە كۆنترۆڵكراوەكان250 كیلۆمەتر چوارگۆشەیە ، داعش خانوەكانی ئەو گوندانەی بەشێوەیەك بۆمبڕێژكردبوو ، لەگەڵ تەقینەوەی هەر خانوویەك چەند خانویەكی دیكەش دەتەقێنەوە .
لەماوەی یەك هەفتەدا تیمەكانی پوچەڵكردنەوەی مین زیاتر لە 100 بۆمبی چێنراویان پوچەڵ كردوەتەوە چەندین خانووی دیكەی ئەو گوندانەش ئەوەندە بۆمبی چێنراوی تێدابووە تیمەكانی پوچەڵكردنەوەی مین نەیانتوانیوە بەبێ زیان بۆمبەكان پوچەڵ بكەنەوە .
كارزان كەریم بەرپرسی بەشی ئەندازیاری پشتیوانی دوو دەڵێت:" ئێمە حەز ناكەین خانوی هیچ كەسێ بتەقێتەوە بەڵام ناچارین ، لەبەر ئەوەی بۆمبیان لە هەندێك شتی دیكە بەستوە وەكو دەرگا و پەنجەرە و تەباغ و كەرەستەی دیكە ، بۆیە ئەگەری هەیە شتێكی دیكە لەژێر پێت بێت و بتەقێتەوە و ببێتە هۆی شەهید بوونی كەسێكمان ، هەندێك سیمی ناو ماتۆڕ هەیە كە درەنگ دەتوێتەوە و شۆرت ناكات ، داعش بەو جۆرە سیمانە بۆمیان دروستكردووە كەنابینرێت و لەكاتی پێ پێداندا دەتەقێتەوە".
لە دەشتاییەكانی ئەو سنوورەدا بەدەیان بۆمبی چێنراوی دیكە دەبینرێت كە بەماددەی c4 دروستكراوە و كێشیان زیاتر لە 40 كیلۆ گرامە ، بەپێی بەدواداچوونەكانی تیمی ئەندازیاری بێت نزیكەی مانگێكی دەوێت بۆ هەڵگرتنەوەی بۆمبەكان و پاکكردنەوەی ئەو سنوورە لەبۆمبە چێنراوەكانی داعش.
08/09/2015
ئەمڕۆ چەند کەسێکی کە بەڕەگەز عەرەبن لە شاری هەولێردا بەشدیارییان لە هەڵمەتێکی خوێن کۆکردنەوە بۆ پێشمەرگە کرد.
ئەو ئاوارە عەرەبانە کە زیاتر لە ساڵێکە لە کەمپ و ناوچەکانی باشووری کوردستانن، پشتگیری لە پێشمەرگە دەکەن و خوێنی خۆشیان بە پێشمەرگە دەبەخشن یەکێک لەو خوێنبەخشە عەرەبانە بە رووداوی گوت " بۆ ئەوەی لە دژی داعش بین، ئێمە خوێنی کورد و عەرەب تێکەڵ دەکەین".
رێکخەری هەڵمەتەکە رایگەیاند " ئێمە لەرێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بەم هەڵمەتە هەستاین و خەڵکی زۆر پشتیوانییان لێمان کرد و، پڕۆژەکە لە ماوەیەکی کەمدا لە کەرکووک و سلێمانی و دهۆکیش دەستی پێدەکرێت".
بەهۆی ئەوەی لەکاتێکدا داعش دەستی بەسەر ناوچەکانیاندا گرت کورد دەرگای ماڵەکانیان بۆ ئاوارە عەرەبەکان کردەوە پێشمەرگەش یارمەتیی دان، ئەوانیش دەیانەوێت پاداشتی چاکەکە بدەنەوە بۆیە ژنێکی بەشداربووی هەڵمەتەکە گوتی " پێشمەرگە خوێنی بە ئێمە بەخشیوە و ئێمەش هەوڵدەدەین چاکەکەیان بدەینەوە".
ئەو عەرەبانەی لە هەڵمەتەکە بەشداربوون باس لەوەش دەکەن کە ئەوان ئامادەن نەک تەنیا خوێن، بەڵکو سەر و ماڵیشیان لەپێناوی پێشمەرگەدا ببەخشن.
08/09/2015
رێزان حەمە ساڵح، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا و ئەندامی کۆنفرانسەکە بە رووداوی راگەیاند، لە کۆنفرانسەکەدا نوێنەری بەشێکی زۆر لە وڵاتانی جیهان بەشداریان کردووە و تێیدا چەندین سەرۆک و وەزیری وڵاتانی ئەوروپی لە یەکەم رۆژی کۆنفرانسەکەدا کە رۆژی یەكشەممە دەستیپێکرد، گوتاریان پێشکەشکرد.
رێزان حەمە ساڵح گوتیشی " جگە لە کەسایەتییە سیاسییەکان، نوێنەرانی ئایینەکانی جیهان لە کۆنفرانسەکەدا بەشدارن و لە باشووری کوردستانیش وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی وەکو نوێنەری موسوڵمانان و ئاینزاکانی دیکە بەشداری دەکات، جگە لە بەشداریکردنی نوێنەری سەرەکی ئایینی ئێزدی".
بەگوتەی نوێنەرەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا، سبەی وەزیری ئەوقافی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەکو نوێنەری هەرێمی کوردستان گوتارێک پیێشکەش دەکات. لە یەکەم رۆژیشدا نوێنەری کریستیانەکانی عێراق گوتارێکی پێشکەشکرد و تێیدا سوپاسی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ هاوکاریکردنی کریستیانەکانی عێراق.
کۆنفرانسی "ئاشتی هەموو کات دەتوانرێ هەبێ" کۆنفرانسێکی ساڵانەیە و هەر ساڵێک لە پایتەختی وڵاتێک بەڕێوەدەچێت.
07/09/2015
دوای هێرشی چەکدارانی داعش بۆ سەر ناوچەکەیان و رفاندن و بەدیلگیرانی زیاتر لە سێ هەزار کەس لە کچ و ژنی کوردانی ئێزدی، لە ئێستادا پرسی ئازانکردنی کچ و ژنە ئێزدیەکان بووەتە بابەتێکی بەردەوامی دەزگا راگەیاندنەکان. بەپێی دوایین ئامار و داتاکایش هیشتا زیاتر لە دوو هەزر کچ و ژن لە لای داعشن.
ژمارەیەک لە کچان و ژنان ئێزدی بۆ بەرگری لە خۆیان فەوجێکی تایبەتی پێشمەرگەیان پێکهێناوە، ئەو ژنە پێشمەرگە ئێزدیانە وەک خۆیان دەڵێن، ئامانجیان بەرگریکردنە لە خۆیان و نیشتمانەکەیانە.
07/09/2015
نەوزاد مەحموود - هێڤیدار ئەحمەد
رووداو- هەولێر
شاندێكی سوپای قودسی ئێران لە هەرێمی كوردستانە، سەردانەكەشیان پەیوەندی بە پرسی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانەوە هەیە، شاندەكە یەكەم دیداری لەنێو یەكێتی لەگەڵ هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بووە و بڕیاریشە ئەمڕۆ (دووشەممە) سەردانی شاری هەولێر بكەن.
پێنج لایەنەكە (پارتی، گۆڕان، یەكێتی، یەكگرتوو و كۆمەڵ) شەش كۆبوونەوەیان كردووە، بەڵام هێشتا بەرهەمی كۆبوونەوەكانیان نەدووریوەتەوە. كۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەوە سێیەمجارە بۆ پرسی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان دێتە سەر خەت.
رۆژی 6-9-2015 شاندێكی باڵای سوپای قودسی ئێرانی گەیشتە سلێمانی و بە جیا لەگەڵ هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و كۆسرەت رەسوڵ عەلی و بەرهەم ساڵح كۆبووەوە.
سەرچاوەیەكی باڵا لە یەكێتی بە (رووداو)ی گوت، شاندە ئێرانییەكە دوو پرسیان لەگەڵ باسكردوون "یەكەم: كێشەی ناوخۆی یەكێتی و دووەم: پرسی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان".
ئەو سەرچاوەیەی یەكێتی گوتیشی "بڕیارە شاندەكەی ئێران لەگەڵ نەوشیروان مستەفا، رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕانیش كۆببێتەوەو دواتر سەردانی هەولێر دەكات و لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش كۆدەبێتەوە".
لەناوەڕاستی مانگی رابردوودا دوو شاندی باڵای ئێران بۆ چارەسەركردنی پرسی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان سەردانی سلێمانی و هەولێریان كرد. شاندی یەكەم ئەحمەد ئەمیری، یاریدەدەری سكرتێری گشتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران بووە، شاندی دووەم خودی قاسم سلێمانی، فەرماندەی گشتی سوپای قودسی ئێران بوو.
یەكگرتووی ئیسلامی نایشارێتەوە كە ئێران دەتوانێ "رۆڵی كاریگەر"ی هەبێ لە چارەسەركردنی ئەو كێشەیەدا.
محەممەد ئەحمەد، یاریدەدەری ئەمینداری گشتیی یەكگرتوو بە (رووداو)ی گوت "من ئاگادار نیم كە شاندی ئێرانی هاتووە، بەڵام ئێران دەتوانێ رۆڵی كاریگەری هەبێ لە چارەسەركردنی پرسی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستاندا".
07/09/2015
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 7ـی ئەیلول، شاندێکی ھاوبەشی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، لەگەڵ بەرپرسانی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە هەڵەبجە، کۆبوونەوە.
کاتژمێر 10ـی ئەمڕۆ دووشەممە، شاندێکی ھاوبەشی مەڵبەندی 9ـی ڕێکخستنی شارەزووری یەکێتیی و مەکۆی ھەڵەبجەی گۆڕان، سەردانی مەڵبەندی پێنجی یەکگرتوویان لە هەڵەبجە کرد.
بەپێی زانیارییەکان، ئامانج لەکۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی یەکێتی و گۆڕان لەگەڵ یەکگرتوو، قسەکردن بووە لەسەر کاراکردنی کارەکانی ئەنجومەنی پاڕێزگای ھەڵەبجە و دابەشکردنی پۆستەکانی ئەو ئەنجومەنە بووە.
رۆژی 3ـی ئەیلول، شاندی یەکێتی، گۆران و کۆمەڵ بۆ هەمان مەبەست، لە بارەگای مەڵبەندی کۆمەڵی ئیسلامی لە ھەڵەبجە، کۆبوونەوە.
07/09/2015
ڕۆژنامهی”لۆمۆند”ی فهرهنسی وتارێكی بڵاوكردۆتهوهو تیایدا باس لهوه كراوه كه “فرانسۆ هۆڵاند”ی سهرۆككۆماری فهرهنسا سهرقاڵی پلاندانانه بۆ بهشداری كردن لههێرشه ئاسمانییهكاندا بۆ سهر داعش. ڕۆژنامهكه لهو وتارهدا پشتی به سهرچاوه نزیكهكانی كۆشكی ئیلیزێ بهستووه.
هاوكات ڕۆژنامهی”لۆباریزیان” وتاری پسپۆڕێكی فهرهنسی نزیك لهدۆسیهی سوریای بڵاوكردۆتهوه، تیایدا جهخت لهوه دهكاتهوه كهپێویسته دهست بكرێت بهڕێوشوێنهكانی گواستنهوهی دهستهڵات لهسوریادا.
فهرهنسا سهرقاڵی بیركردنهوهیه بۆ بهشداری كردن له هێرشه ئاسمانییهكانی سهر داعشدا. بهوهش دهبێته یهكێك لهئهندامانی هاوپهیمانێتی نێودهوڵهتی لهدژی داعش. ئهوهش بهگوێرهی ئهو وتارهی كه ڕۆژنامهی”لۆمۆند”بهپشت بهستن بهسهرچاوهكانی نزیك لهسهرۆكایهتی فهرهنسا نوسیویهتی.
هاوكات ڕۆژنامهی”لۆباریزیان”ی فهرهنسی، وتاری پسپۆڕێكی نزیك لهدۆسیهی سوریای بڵاوكردۆتهوهو تیایدا دهڵێت: ” ئهسهد لهداعش زیاتر خهڵك دهكوژێت” ههروهها دهڵێت: ” ئهگهر نهگهن بهڕێككهوتن بۆ دهستكردن بهڕێوشوێنهكانی گواستنهوهی دهستهڵات، ئهوا گرووپه جیهادییهكان بههێزتر دهبن”.
دواجار دهڵێت: ” یهك ساڵی تهواو داعش لاواز نهبووه، بۆیه دهبێ لهگهڵ ئێرانی و ڕووسییهكاندا كه هاوكاری تیرۆر دهكهن، ڕێگهیهك بدۆزرێتهوه بۆ چارهسهر كردنی ڕهوشهكه”.
07/09/2015
عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق لەبارەی قاسم سولەیمانییەوە، داواکارییەکی خستووەتە بەردەم عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران.
قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێران، لە بەشێکی زۆری شەڕەکانی نێوان چەکدارانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە دژی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) بەشداریی و سەرپەرشتیی شەڕەکانی کردووە.
بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی ئەلشەرقولئەوسەت، عەلی سیستانی داوای لە عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران کردووە، سنوورێک بۆ دەسەڵاتەکانی سولەیمانی لە عێراق دابنێت، کە بەشێوەیەک بەرفراوان بووە، مەرجەعیەتی شیعەکانی تووشی کێشە کردووە.
پێشتر بە پشتگیریی مەرجەعی باڵای شیعەکان، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆـەڵێک بڕیاری بە مەبەستی ”چاکسازی“ لە دژی ”بەرپرسانی گەندەڵی عێراق“ دەکرد و سولەیمانیشی دژایەتیی کرد.
لە کۆبوونەوەیەکی سەرکردە شیعەکانی عێراق، کە فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانیش بەشداریی کردبوو، قاسم سولەیمانی بە تووندی رەخنەی لە حەیدەر عەبادی گرتبوو و داوای لێکردبوو، بەهیچ شێوەیەک دژایەتی نووری مالیکی، جێگری پێشووی سەرۆک کۆماری عێراق نەکات، کە پێشتر عەبادی بە بڕیارێک پۆستەکەی هەڵوەشاندبووەوە، دواتریش سولەیمانی بە توڕەییەوە کۆبوونەوەکەی بەجێهێشتبوو.
بەپێی زانیارییەکان، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق (لە نەجەف)، هەست بەوەدەکات، کە مەرجەعیەتی شیعەکانی ئێران (قوم)، کە سولەیمانی پشتی بەوان بەهێزە، هەوڵدەدات رۆۆڵی مەرجەعیەتی نەجەف لاواز بکات.
07/09/2015
هێزە ئەمنییەکان حکوومەتی ئێران لە ورمێ چالاکوانێکی مەدەنی ـ و فەرهەنگیی کوردیان لە شاری ورمێ دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار رایانگواستووە.
دەگوترێت فەرهاد بە تۆمەتی “پروپاگەندە بە دژی حکوومەت” دەستبەسەر کرابوو.
لە ماوەی 3 مانگی بەرێدا شەپۆلێک لە گیران و دەستبەسەرکردنی چالاکوانانی سیاسی، مەدەنی و گەنجانی کورد بەدەستی هیزە ئەمنیییەکانی ئێران لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستی پێکردووە و چارەنووسی بەشێکیان هەتا ئێستە روون نییە.
07/09/2015
ژمارەیەک نووسەر و چالاکوانی ئەدەبی ــ فەرهەنگیی کورد لە نامەیەکدا داوایان لە میدیاکان کردووە کە چیدیکە زمانی کوردی بە خێڵەکی نەکەن.
نووسەر، هونەرمەند و چالاکوانانی فەرهەنگیی کرماشان و ئیلام لە نامەیەکدا ڕەخنەیان لە تەلەفزیۆنی ” گەلی کوردستان” کە سەر بە یەکیەتی نیشتمانی کوردستانە گرتووە.
ئەو ڕەخنەیەیان سەبارەت بە وەشانی بەرنامەیەک کە بە “زمانی کوردیی خوارین” ناسراوە گرتووە و ئەمەیان بە سیاسەتی “بە خێڵەکی کردنی زمانی کوردی” وەسف کردووە.
کەناڵی گەلی کوردستان لەم ڕۆژانەدا دەستی بە پەخشی بەرنامەیەکی ڕۆژانە کە هەواڵ و زانیاری بە زاراوەی “کوردیی خوارین”ی لە خۆ گرتووە، کردووە.
ئەو چالاکوانانە ئەو جۆرە ناساندنەیان وەک “بەخێڵەکی کردن”ی زمانی کوردی و بەستنەوەی زاراوەی کوردیی خوارین بە یەکێ لە هۆزەکانی ئیلام و کرماشان لە قەڵەم داوە.
جەختیشیان لەوە کردۆتەوە کە “ئێمە لەگەڵ ئەوەداین کاتێ باس لە میدیا و خەڵکانی کرماشان و ئیلام دەکرێت، پێویستە دەستەواژەی “کوردیی خوارین” بەکار ببرێت، نەک “کوردیی کەڵوڕی” .
07/09/2015
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیەکدا، رایدەگەیەنێت، کە “تووشی سەرسوڕمانبووین بەوەی، کۆنگرەیەک لە دەوحەی پایتەختی قەتەر لەبارەی عێراقەوە سازدەکرێ و ئاڵای عێراقیشی لێ نییە” و بەپێی بەیاننامەکەش، چەند کەسایەتییەکی عێراقی لە کۆنگرەکەدا بەشدارییان کردووە، کە لەلایەن دادگا عێراقییەکانەوە “بە تۆمەتی تیرۆر داواکراون”.
ئەحمەد جەمال، گوتەبێژی فەرمیی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایدەگەیەنێت، کە ئەو دەستپێشخارییانە، پێشینەیەکی خراپە و دەستتێوەردانێکی راستەوخۆیە لە کاروبارەکانی عێراق.
بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەکان، وەزارەتی دەرەوەی عێراق داوای روونکردنەوەی لە هاوتا قەتەرییەکەی کردووە و رایگەیاندووە، کە هەر کۆنگرە و کۆبوونەوەیەکیش لەبارەی عێراق، بەبێ هەڵدانی ئاڵای عێراق، “رەتکراوەیە و پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەو وڵاتە تێکدەدات”.
هەردوو رۆژی چوارشەممە و پێنجشەممەی رابردوو، کۆنگرەی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی لە دەوحەی پایتەختی قەتەر بە ئامادەبوونی تاریق هاشمی، جێگری پێشووتری سەرۆک کۆماری عێراق، کر بر تۆمەتی تیرۆر بڕیاری لەسێدارەدانی لە دادگای عێراقییەوە بۆ دەرچووە، هەروەها بە ئامادەبوونی رافع عیساوی، وەزیری دارایی پێشووی عێراق ئەنجامدرا، کە بە تۆمەتی تیرۆر، لەلایەن دادگای عێراقییەوە داواکراوە.
پێشتر دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە، کە سەلیم جبووری، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، کە هاوکاتی کۆنگرەکە سەردانی قەتەری کرد، بەشداریی کۆنگرەکەی کردووە، بەڵام سەلیم جبووری رایگەیاندووە، کە هیچ یەکێک لە ئامادەبووانی کۆنگرەکەی نەبینیوە، بەڵکو دوای داوەتنامەیەکی فەرمیی حکوومەتی قەتەر و بە ئاگاداریی سەرۆکایەتیی کۆمار و عکوومەتی عێراقی، بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ عەبدوڵڵا بن ناسڕ خەلیفە ئال سانی، سەرۆک وەزیران و خالید بن حەمەد ئال عەتییە، وەزیری دەرەوەی قەتەر، سەردانی ئەو وڵاتەی کردووە.
هەروەها خۆپێشاندرانی عێراق (شیعەکان)، کە بۆ داواکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان ماوەی چەند هەفتەیەکە لە بەغدا و پارێزگاکانی باشووری عێراق دەستیان بە خۆپێشاندان کردووە، دژیایەتیی خۆیان بۆ ئەو کۆنگرەیە دەربڕی و لە هوتافەکانیان رایانگەیاندووە، کە “ئەو کۆنگرەیەی دەوحە، پلانێکە بۆ دابەشکردنی عێراق”.
07/09/2015