ئۆفیسی سەركۆماری نەمسا بڵاوی کردەوە “ھانس فیشێر” سەركۆماری ئەم وڵاتە رۆژانی حەوت هەتا نۆی مانگ سێپتەمبەر بە یاوەریی شاندێكی سیاسی و بازرگانی سەردانی ئێران دەكات و لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەم وڵاتە كۆ دەبێتەوە.
ئەم سەردانە كە بە یاوەریی جيگری سەرۆك وەزیران، وەزیری ئابووری، وەزیری خوێندنی باڵا و وەزیری دەرەوە، سەرۆكی ژووری بازرگانی و نوێنەرانی130 كۆمپانیای نەمسایی ئەنجام دەدريت، دوای رێککەتنی ناوکیی ئێران ئەمە یەكەم سەردانی سەرۆكی وڵاتێكی بیانییە بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران .
ريكخراوەكانی مافی مرۆڤ و ئەنجومەنی جوولەكەكانی نەمسا رەخنەیان لەم سەردانە گرتووە و رایانگەیاندووە كە سەركۆمار بەرامبەر بە بارودۆخی نالەباری مافی مرۆڤ لە وڵاتی ئيران كەمتەرخەمە.
لە بەرانبەریشدا ھانس فیشێر بەڵێنی بە رەخنەگران و لایەنگرانی داوە كە لە دانیشتنی لەگەڵ بەرپرسانی ئيران، رەوشی مافی مرۆڤ لەم وڵاتەش بێنێتە بەرباس.
شاری ڤییەنای پایتەختی نەمسا، شوينی دانوستانی وڵاتانی پينج كۆ یەك لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر پرسی ئەتۆمیی ئەم وڵاتە بوو كە سەرەنجام لە 14ی جولای ئەمساڵدا رێككەوتنی ئەم وڵاتانەی لێكەوتەوە.
06/09/2015
لەسەر بڕیاری عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران فلتەر و سانسۆری زیاتر دەخرێتە سەر تۆرە کۆمەڵایەتییەکان و ئەو فلتەرە بە گشتی ئینتەرنێتیش دەگرێتەوە.
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئیران لەگەڵ وەزیرانی دەنگ و ڕەنگ، پەیوەندییەکان و گواستنەوە و وەزیری ئیرشاد و بەشی فەرهەنگی ئێران، هەروەها هێزە ئەمنی و نیزامییەکان کۆبووەتەوە و باسی ئەوەی کردووە کە دەبێ گۆڕەپانی ئینتەرنێت لە ئێران بەرتەسک بکرێتەوە.
ئەو لێپرسراوە داوای لە ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای دونیای مەجازی کردووە کە هەر چی خێراتر کار بۆ وەڕێ خستنی پڕۆژەی ئینتەرنیتی میللی بکەن و ڕیگە بەکارهێنەران نەدەن کە بەدڵی خۆیان کەڵک لە دونیای مەجازی وەربگرن.
بەپێی راپۆرتی کۆمیتەی بەرگری لە رۆژنامەوانان کە بنکەکەی لە نیۆیۆرکی ئەمەریکایە، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بواری سانسۆردا لەنێو لە 197 وڵاتدا پلەی 190ی هەیە و ئەوەشی خستبوویەڕوو کە ئەوە هەڕەشەیەکی جیدی بۆ سەر چاپەمەنی و میدیاکانی ئەو وڵاتەیە.
فلتەر کردنی ماڵپەڕ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و واتساپ و وایبێر لەو ئەرکانەن کە رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران بە بەردەوامی باسی لێکردووە و داوای کردووە کە سانسۆر بکرێن.
06/09/2015
ئەمڕۆ یەكشەممە لە رێوڕەسمێكدا لەتاران و بە ئامادەبوونی حەسەن رۆحانی سەركۆماری ئێران، باڵیۆزی نوێی عێراق لە تاران بە فەرمی دەستبەكار بوو.
بەپێی هەواڵی پێگەی راگەیاندنی حەسن رۆحانی “راجح سابیر عەبوودی ئەلمووسەوی” كە مانگی پێشوو وەك باڵیۆزی نوێی عێراق لە تاران دەستنیشان كرابوو، ئەمەڕۆ یەكشەممە 7 ـ 9 ـ 2015 لە رێوڕەسمێكدا لە دامەزراوەیی سەركۆماریی ئێران پاش تەسلیم كردنی “ئیستوارنامە”ی خۆی بە حەسەن رۆحانی بە فەرمی دەستی بەكارەكانی خۆی كرد.
لەو رێوڕسەمەدا باڵیۆزی عێراق لە گوتەیەكد ابۆ راگەیەنەكانی گوتووە: “ئێران وڵاتی دووەمی ئێمەیە و لە ماوەی ساڵانی رابردوودا و بەتایبەت لە
بەرەنگاربوونەوەی داعشدا هەستمان بە برایەتیی لەگەڵ ئێران كردووە و بەم بۆنەوە بەناوی خەڵكی عێراقەوە سپاسی حكوومەتی ئێران دەكەم.”
پاشان باڵیوزی نوێی عێراق لەگەڵ محەمەدجەواد زەریف کۆبووەتەوە و هەردوولا باسی پرسی رووداوەکانی عێراق و ناوچەکەیان تاوتوێ کردووە.
هاوكات رۆحانیش لە گوتەیەكدا رایگەیاند: “پرسی ئەمنیەت و سەقامگیریی عێراق بە واتای ئاسایشی ئێرانە و ئێمە هەوڵ دەدەین دەستی تیرۆر و بیانییەكا لە عێراق ببڕین.”
هاوكات لەگەڵ دەستبەركار بوونی باڵیۆزی عێراق، باڵیۆزی نوێی وڵاتانی “سریلانكا، هەنگاریا، بنین و برۆئێنی، بە پێشكەشكردنی ئیستوارنامەی خۆیان بە حەسەن رۆحانی بە فەرمی دەست بەكار بوون.
06/09/2015
لەكۆنگرەی نێودەوڵەتی رێكخراوی(سانت ئیجیدیۆ)كە لەشاری تیرانای پایتەختی ئەلبانیا بەرێوەدەچێ و نوێنەرانی 56 دەوڵەت تێیدا بەشدارن، كوردستان وەكو دەوڵەتێكی سەربەخۆ مامەڵەی لەگەڵ كراوە.
مهریوان نهقشبهندى كه ئهندامێكى بانگهێشتكراوى كۆنگرهكهیه و له ههرێمى كوردستانهوه سهفهرى ئهو وڵاتهى كردوه بۆ (باسنیوز) گووتى “دڵخۆشم بەوەی لەكۆنگرەی نێودەوڵەتی رێكخراوی(سانت ئیجیدیۆ)كە لەشاری تیرانای پایتەختی ئەلبانیا بەرێوەدەچێ و نوێنەرانی 56 دەوڵەت تێیدا بەشدارن”كوردستان وەكو دەوڵەتێكی سەربەخۆ مامەڵەی لەگەڵ كراوە و لەباجەكانمان(كوردستان)نوسراوە، لەكاتێكدا نوێنەری سەرجەم مەزهەب و پێكهاتە ئاینیەكانی عیراق لەم كۆنگرەیەدا بەشدارن و لەباجەكانیان(عیراق)نوسراوە”.
بڕیارە ئهمڕۆ یەکشەممە (6/9/2015) كۆنگرەی نێودەوڵەتی رێكخراوی(سانت ئیجیدیۆ)، بهناوى (نوێژ لەپێناوی ئاشتی) لە (تیرانا)ی پایتەختى ئهلبانیا دەستپێبكات.
6/9/2015
وڵاته یهكگرتووهكانی ئهمریكا نیگهرانی قووڵی خۆی دهربڕی بههۆی فراوان بوونی ڕۆڵی سهربازی ڕووسیا لهسوریادا. هۆشداریشیدا لهوهی كه ڕهنگه ئهو كاره ببێته هۆی زیاتر ئاڵۆزبوونی بارودۆخی سوریا.
بهپێی بڵاوكراوهیهكی وهزارهتی دهرهوهی ئهمریكا.”جۆن كیری” وهزیری دهرهوه بهتهلهفۆن پهیوهندی به”سێرگی لاڤرۆڤ” وهزیری دهرهوهی ڕووسیاوه كردووه. نیگهرانی ئهمریكای پێگهیاندووه لهبارهی ئهو ڕاپۆرتانهوه كه باس لهوه دهكهن ڕووسیا ئامادهگی سهربازی خۆی له سوریادا بههێزتر كردووه.
جۆن كیری گوتویهتی: ” ئهگهر ئهو ڕاپۆرتانه ڕاست بن. ئهوا ئهو كارانه دهبنه هۆی زیاتر ئاڵۆزبوونی ململانێكه. قوربانییهكی زیاتریشی لێدهكهوێتهوه. كێشهی ئاوارهكانیش زیاتردهبێت. ههروهها چالاكییهكانی هاوپهیمانی نێودهوڵهتی لهدژی داعش لهسوریا دهخاته بهردهم ئاستهنگهوه”.
ههردوو وهزیرهكه ڕێككهوتن لهسهر تهواوكردنی وتوێژهكانیان سهبارهت بهكێشهی سوریا. لهكاتی گرێدانی كۆبوونهوهی ساڵانهی كۆمهڵهی گشتی نهتهوه یهكگرتووهكان لهنیویۆرك لهناوهڕاستی ئهم مانگهدا.
لهمۆسكۆش وهزارهتی دهرهوهی ڕووسیا ئاماژهی بهوهدا كهههردوو وهزیر وتوێژیان كردووه لهسهر بارودۆخی سوریاو، قهڵاچۆكردنی داعش”.
6/7/2015
"باشترین چارەسەر بۆ کێشەکانی عێراق شەراکەتی ڕاستەقینە و بەشدارییکردنی هەموو پێکهاتەکان و جێبەجێکردنی دەستوورە"
مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دووپاتی دەکاتەوە، کە ئەگەر لایەنەکان نەگەنە رێککەوتن، چارەسەریی گونجاو، گەڕانەوە بۆ ڕای گەل، وەک ڕێکارێکی دروستی دیموکراسی باشترین بژاردە. دووپاتیشی دەکاتەوە، کە ئەگەر چاکسازییەکانی حکومەتی عێراقی ئەگەر بۆ پشتگوێ خستنی دەستوور و پەراوێزخستنی لایەنەکان بەتایبەتی گەلی کوردستان بێت و ئامانجیان پیادەکردنی حوکمێکی تاکڕەوانە بێت ئەوا ڕەتی دەکەینەوە.
بەپێی راگەیاندراوێکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە 5ـی 9ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە جان كۆبیس نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.
لەم دیدارەدا نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان سوپاسی سەرۆک بارزانی کرد بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی دیدارەکە و و پوختەیەکی لەبارەی کار و چالاکییەکانی خۆی لە ماوەی ڕابردوو پێشکەش بە سەرۆک بارزانی کرد و ڕایگەیاند کە زۆر سوپاسگوزاریی ئەو هەماهەنگی و هاوکارییانەیە کە گەڵ هەرێمی کوردستان هەیانە و هەرکاتێک لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە هەست بەو هاوبەشییە جیدییە دەکەن کە لەسەر پرسەکان لەنێوان ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەرێمی کوردستاندا لە ئارادایە و وەک نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق زۆر بەو پەیوەندی و هاوبەشییە خۆشحاڵە.
لە دیدارەکەدا لەبارەی ڕەوشی ناوخۆی هەرێم و پرۆسەی سیاسی و ڕەوشی سەربازیی عێراق و ناوچەکە گفتوگۆ کرا و نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان دوای کرد سەرۆک بارزانی ڕێنوێنی و بەرچاوڕوونییان لەبارەی ئەو بابەتانە بداتێ.
لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان، تەئکیدی کردەوە کە ئەوەی لە پرۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستان لەسەر شێوەی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان روو دەدات بەشێکە لە پرۆسەی دیموکراسی و پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەکانی هەرێم بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو بابەتە ڕۆڵیان هەبێت و ئەگەر نەگەیشتنە چارەسەرێکی گونجاو ئەوا گەڕانەوە بۆ ڕای گەل وەک ڕێکارێکی دروستی دیموکراسی باشترین بژاردەیە. سەرۆک بارزانی تەئکیدیشی کردەوە کە ئەم کێشەیە کاریگەریی سلبی نەکردۆتە سەر سەنگەرەکانی بەرەوڕووبوونەوەی تیرۆریستان و سەرجەم هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی کوردستان زۆر بە دڵسۆزی خەریکی ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی خۆیانن.
نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان هیوای خواست کە ئەو کێشەیە بە زووترین کات چارەسەر بکرێت، چونکە بە ڕەچاوکردنی ڕەوشی عێراق و ناوچەکە، درێژەکێشانی ئەم دۆخە دەبێتە هۆی دروستبوونی تەنگژە و کاریگەریی خراپی دەبێت.
لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا پرۆسەی سیاسیی عێراق و هەنگاوەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ چاکسازی خرانە بەرباس و سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند کە ئەگەر ئەو پرۆسەیە لەپێناو چەسپاندنی دەستوور و شەراکەتی ڕاستەقینە و بنبڕکردنی گەندەڵی بێت ئەوا هەرێمی کوردستان بە تەواوی پشتیوانی دەکات، بەڵام ئەگەر بۆ پشتگوێ خستنی دەستوور و پەراوێزخستنی لایەنەکان بەتایبەتی گەلی کوردستان بێت و ئامانجیان پیادەکردنی حوکمێکی تاکڕەوانە بێت ئەوا ڕەتی دەکەینەوە. سەرۆک بارزانی تەئکیدی کردەوە کە باشترین چارەسەر بۆ کێشەکانی عێراق شەراکەتی ڕاستەقینە و بەشدارییکردنی هەموو پێکهاتەکان و جێبەجێکردنی دەستوورە.
نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان زۆر سوپاسی سەرۆک بارزانی کرد و ڕایگەیاند کە وتەکانی بەڕێزیان دیمەنەکانی باشتر لەبەرچاویان ڕوون کردەوە و سەبارەت بەو پرۆسەیەی ئێستا سەرۆکوەزیرانی عێراق کاری بۆ دەکات، جان كۆبیس نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان پشتگیریی خۆی بۆ هەڵوێستی سەرۆک بارزانی ڕاگەیاند و تەئکیدی کردەوە کە دەبێ هەموو لایەنە عێراقییەکان بەرچاوڕوونییان هەبێت و ئامانجی ئەو پرۆسیە بە تەواوی بۆ هەموو لایەنەکان ڕوون بێت بۆ ئەوەی پشتگیریی سەرۆکوەزیرانی عێراق بکەن لە سەرخستنی پرۆسەکە.
باسکردنی ڕەوشی سیاسیی ناوچەکە بەگشتی، تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو.
6/9/2015
بۆ ماوەی دوو رۆژ گەشتی هات و چوون لە سنووری دەروازەی نێودەوڵەتی کۆمەڵگەی ئیبراهیم خەلیل سست بوو و، ئەمڕۆش بە تەواوی گەشتی چوون بەرەو باکووری کوردستان و تورکیا وەستاوە.
پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند کە پاش ئەوەی بۆ ماوەی دوو رۆژ گەشتی هاتن و چوون لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیل تووشی سستی بوو، رۆشتن بەرەو تورکیا بە یەکجاری وەستاوە.
بەگوتەی پەیامنێری رووداو، تورکیا هۆکاری وەستاندنی گەشتەکانی لە باشووری کوردستانەوە بەرەو تورکیا گەڕاندووەتەوە بۆ ئەو مەترسییە ئەمنییانەی کە دەکرێت روبەرووی گەشتیاران ببنەوە لەناو خاکی تورکیادا.
ژمارەیەکی زۆر گەشتیار لەدەروازە سنووریەکەدا گیرییان خواردووە و شەوی رابردوویان لەنێو دەروازەکەدا بەسەربردووە.
پەیامنێری رووداو لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل گوتیشی "ئەم داخستنە بۆ ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییانە دەگەڕێتەوە کە ماوەی چەند رۆژێکە سوپای تورکیا لەناوچەکانی جزیرێ و سلۆپی دەستیپێکردووە و پێکدادانی توند لەنێوان هێزە ئەمنییەکانی تورکیا و رێکخستنەکانی گەنجانی پەکەکە هەیە کە ناسراون بە YDG-H".
ماهیر یوکسەل، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە ئامەد رایگەیاند کە بەگوتەی وەزیر و پەرلەمانتارانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، ئەوان داوای روونکردنەوەیان لە وەزیری ناوخۆی تورکیا کردووە لەبارەی ئەو بابەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ روونکردنەوەیەکی فەرمییان پێنەدراوە.
6/9/2015
ئەمڕۆ یەکشەممە، جۆن کێری، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داوای لە سێرجی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا کرد زانیارییەکان سەبارەت بە درووستکردنی یەکەیەکی سەربازی رووسی لە سووریا بۆ پارێزگاریکردن لە حکومەتەکەی ئەسەد بخاتەڕوو.
ئەو داوایەی جۆن کێری لە نووسراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا هاتووە، کە ئاماژە بەوەدەکات، ئاژانسەکانی هەواڵگری ئەمریکی زانیارییان دەستکەوتووە، کە رووسیا لە هەوڵی درووستکردنی پشتیوانی سەربازییە لە سووریا.
بەڵگەنامەکان کە چەند وێنەیەکی مانگی دەستکرد لەخۆدەگرن، چەند بنکەیەک لە سووریا نیشاندەدەن، کە لە ژێر چاککردندان و گومان دەکرێت لەلایەن رووسیاوە بۆ مەبەستی هێزی زەمینی بەکاربهێندرێن.
ئەمریکا لە نووسراوەکەیدا راشیگەیاندووە، ئەگەر ئەو بەڵگەنامانە راست بن ، ئەوا شەڕی نێوخۆ لە سووریا زیاتر تەشەنە دەکات و ژمارەیەکی زیاتری خەڵکیش ئاوارە دەبن.
6/9/2015
پارتی كرێكارانی كوردستان PKK ، دەیەوێت 20 كارمەندی توركیا لە رێگەی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنییەوە لە باشووری كوردستان تەسلیمبكاتەوە ، بۆ نیشاندانی نیازپاكیی خۆی بۆ دووبارە دروستبوونەوەی ئاگربەست .
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست(تۆڕی میدیایی رووداو) كەوتوون ، دوای گفتوگۆی چەند رێكخراوێكی كۆمەڵگەی مەدەنیی لەگەڵ دەوڵەتی توركیا، PKK ئامادەیی نیشانداوە بۆ تەسلیمكردنەوەی 11 كارمەندی گومركیی دەروازەی سنووریی سەرزێڕ لە سنووری پارێزگای دهۆك لەگەڵ توركیا و، 9 كارمەندی پڕۆژەكانی رێگەوبان ، كە PKK لەدوای دەستپێبوونەوەی شەڕ لەنێوان سوپای توركیا و گەریلاكانی PKKدا، دەستگیریكردوون .
بەپێی ئەو زانیاریانە بڕیارە ئەو 20 كەسە ئەمڕۆ شەممە 5-9-2015 لە رێگەی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنیی و بەبەشداریی پارتی دیموکراتی گەلان HDP تەسلیمبكرێنەوە ، بەڵام بەهۆی بوونی جوڵەی فڕۆكەكانی چاودێریی توركیا ، تاوەکو ئێستا لەسەر شوێنێك رێكنەكەوتوون بۆ تەسلیمكردنەوەی ئەو 20 كارمەندە .
بەپێی زانیارییەكان، هاوكات لەگەڵ هەوڵەكانی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و،داواكانی سەرۆكایەتی و حكومەت و لایەنەكانی باشووری كوردستان و HDP بۆ دروستكردنەوەی ئاگربەستێكی تازە ، ئەمریكاش لە هەوڵێكی ناڕاستەوخۆدایە بۆ وەستاندنی شەڕ .
دوای تەقینەوەکەی پێرسووس و کوشتنی دوو پۆلیسی تورکیا لەلایەن پەکەکەوە فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا لە شەوی هەینی 25-7-2015 بۆ یەکەمجار لەدوای پرۆسەی ئاشتی هێرشیانکردە سەر بنکە و بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە چەند ناوچەیەکی باشووری کوردستان و تاوەکو ئێستا چەندین سەربازی تورکیا لەلایەن پەکەکەوە کوژراون و چەندین گەریلای پەکەکەش گیانیان لەدەستداوە.
5/9/2015
فرۆکەیەکی بچووکی جۆری درۆن، یارییەکی پاڵەوانیەتی تێنسی ئەمریکای وەستاند و هاندەرانیشی لە یاریگەکە دوورخستەوە.
لە کاتی بەڕێوەچوونی یاریی نێوان هەردوو یاریزان بینێتا و مۆنیکا لە گەڕی دووەمی پاڵەوانیەتیی تێنسی ئەمریکادا، لە یاریگەی لویس ئامسترۆن لە نیۆیۆرک، فڕۆکەیەکی درۆن بەسەر یاریگەکەوە کەوتە خوارەوە، بەوهۆیەوە یارییەکە بۆ ماوەیەکی درێژ وەستا وهاندەرانیش شوێنەکەیان چۆڵکرد، لە ترسی تەقینەوەی فرۆکەکە.
پاشان پۆلیس شوێنەکەی کۆنتڕۆڵ کرد و فرۆکە درۆنەکەی لە نێو یاریگەكەدا بردە دەرەوە.
بەرپرسی ئاساییشی یاریگەکانی پاڵەوانیەتییەکەش رایگەیاند، هیچ مەبەستێکی تیرۆر، یاخود تێکدەرانە لە کارەکەدا بەدی ناکرێت و پۆلیس پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ رووداوەكە کردووەتەوە و لە ماوەیەکی نزیکدا هەموو راستییەکان دەردەکەون.
5/9/2015
لە نەرویج سەمینارێک بۆ ئیسماعیل بێشکچی سازکرا
رەزا شوان
ئیسماعیل بێشکچی لە ساڵی ( ١٩٣٩) لە ( چوروم ) ی نزیکی ( ئەنقەرە) لە دایک بووە، باوکی لەسەردەمی عوسمانییەکاندا مامۆستا بووە .. بێشکچی چوار برا و خوشکێکی هەیە، خێزانی هەیە بەڵام منداڵانیان نییە .. بێشکچی لە تورکیادا بە نازناوی (ساری هۆجە ) بانگی دەکەن، واتە ( مامۆستا قژزەردەكە ) .. لە ساڵی (١٩٦٢) دا، بڕوانامەی بەکەلۆریۆسی لە کۆلێژی زانستە سیاسییەکان لە ( زانکۆی ئەنقـەرە) وەرگرت، ماوەیەک لە ( زانکۆی ئەرەزەڕووم ) دا وانەی دەوتەوە .. دوای دکتۆرای لە بواری ( کۆمەڵناسی) دا وەرگرت .. بابەتی دکتۆانامەکەشی لێکۆڵینەوەیەکە دەربارەی خێڵی ( ئالیکان) ی کورد لە باکووری کوردستان .. ئیسماعیل بێشکچی تا ئێستا ( ٤٢) کتێبی چاپ کردووە .. کە هەموویان دەربارەی کورد و کوردستانن .. بەشی هەرە زۆری کتێبەکانی، لە تورکیا چاپ و بڵاوکردنەوەیان قەدەغەکراون .. دووان لە کتێبەکانی، وەریان گێڕاون بۆ سەر زمانی کوردیمان : یەکەم : کتێبی ( کوردستان کۆڵۆنیەکی نێودەوڵەتی : وەرگێڕانی : حەمە رەشید : لە ساڵی ـ ٢٠٠٢ـ لە سلێمانی ) دووەم : کتێبی ( تێزی تورک بۆ مێژوو، تێۆری زمانی خۆر و کێشەی کورد : وەرگێڕانی : ئاسۆس هەردی : لە ساڵی ـ ٢٠٠٠ـ لە سلێمانی ) هەردوو کتێبەکەش، لە لایەن ( دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم ) ەوە بڵاوکراونەتەوە .. کتێبی ( کوردستان کۆڵۆنیەکی نێودەوڵەتی ) کە لەساڵی (١٩٩٠) دا نووسیوێتی، لە زمانی تورکییەوە وەریان گێڕاوە بۆ ئەم زمانانە : ( ئەڵمانی، ئیسپانی، فەرەنسی، عەرەبی، کوردی ).. بێشکچی بێجگە لە کتێبخانەیەک،کە لە ماڵەکەی خۆی لە (ئەنقەرە ) داهەیەتی، لە شاری( ئەستەمبوڵ) دا، لە نزیک ( گۆڕەپانی تەقسیم )ناسررودا، کتێبخانەیەکی زۆر گەورەی هەیە، کە زیاتر لە ( ٢٥٠٠٠) هەزار، کتێبی بابەت هەمەجۆرە و، رۆژنامە و، گۆڤار و، بەڵگەنامەی لەخۆگرتوون .. ئەم کتێبخانەیەی بێشکچیلە لایەن دەزگایەکی زانیارییەوە بەڕێوەدەبرێت، بە ناوی ( وەکفا بێشکچی ) دەزگایەکی زانیاری گشتییە و، بایەخ بە هەموو لقەکانی زانیاری و زانستی و ئەدەبی دەدات .. بەڕێوەبەری ئەم دەزگایەش ئەندازیاری کیمیاوی ( ئبراهیم گوربوز ) ە، کوردێکەخەڵکی شاری (قـارس)ە، لە باکـووری کوردستاندا .. پارێــزەر ( رۆشـن ئەسـلان ) یش، کە کـوردە و خەڵکی شاری ( مـوش) ە، ئەندامێکی کارای دەستەی بەڕێوەبەری دەزگای زانیاری بێشکچی یە .. هەردووکیان لەگەڵ بێشکچیدا، هاتبوون بۆ نەرویج . ( یەکێتی خوێندکارانی کوردستان ) و ( کۆمەڵەی کەلتووری کوردی ) لە شاری ( بێرگن ) کە دووەمین گەورە شاری نەرویجە .. بانگی کۆمەڵناس و نووسەر و رۆشنبیری تورک، دکتۆر ( ئيسماعیل بێشکچی )یان کرد، بۆ سازدانی سەمینارێک دەربارەی ( کورد و کوردستان ) .. سەمینارەکە لە هۆڵی ( زانکۆی بێرگن ) سازکرا .. زیاتر لە ( ١٥٠) رۆشنبیری کورد و نەرویجی ئامادە بوون .
ئیسماعیل بێشکچی دۆستێکی زۆر نزیک و دڵسۆزی کوردە، داکۆکیکەرێکی زۆر سەرسەختە لە دۆزی کورد، زۆر بوێرانە و دلێرانە لەسەر کوردی نووسیوە، بەڵکو هەموو ژیانی خۆی بۆ داکۆکیکردن لە کورد تەرخان کردووە .. باجی ئەم خزمەت و هەڵوێسەشی دایەوە .. دادگای نادادپەروەری تورکیا، لە سەر ئەم هەڵویستە مرۆییانەی و خۆشەویستی بۆ کورد .. بە بەندکردنی بە ( ٢٥٨)ساڵ سزادرا .. بەڵام لەژێر فشاری رۆشنبیرانی جیهان .. دوای (١٧)ساڵ و ( ٣)مانگ زیندانی کردن .. ئازاد کرا، زیندانی کۆڵی بە بێشکچی نەدا و، پاشیمانی نەکردەوە .. ئەگەر حەڤدە ساڵی تریش زیندانی بکرێت، ئەوە مەحاڵە بە لای بێشکچییەوە، کە واز لەم هەڵوێسەی دەربارەی کورد و کوردستان بهێنێت .. بێشکچی کورد بە گەلێکی رەسەنی ناوچەکە دەزانێت و، لە تورک و عەرەب و فارس بە کەمتری نازانێت .. کوردستانیش بە لانکەی دێرینترین شارستانی دەزانێت .. کوردستان بە نیشتمانی کورد دەزانێت .. دەڵێت : " کوردستان نیشتمانی کوردە و، خاکی تورک نییە " کە لە ئەمڕۆدا، بەسەر چوار وڵاتی داگیرکەردا دابەشکراوە و، زۆر دڕنداندانە کۆمەڵکوژی کورد دەکەن .. بێشکچی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کە کورد کێشەی ناسنامەیەی هەیە، دەڵێت : " کێشەی هەرە گەورەی کورد، کێشەی ناسنامەیە، لە تورکیادا کورد بە تورک ناودەبرێن، لە ئێران بە فارس و، لە عیراق و سوریاشدا بە عەرەب "
بێشکچی، هەر وەکو کوردێک، زۆر بە پەرۆشی ئەوەوەیە ، کە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان دابمەزرێت .. بۆ گەیشتن بەم هیوا و ئاواتەش ، بێشکچی دەڵێ : " بەر لە هەموو شتێک، پێویستە کورد یەکێتی نەتەوەیی بپێکبێنێ و، چی دیکە لە چوارچێوەی تورکیا وئێران و عێراق و سوریا دا، بیر لە کێشەی خۆی نەکاتەوە بەڵکو پێویستە لە چوارچێوەی کوردستانی سەربەخۆدا، بیر لە چارەسەری کێشەی خۆی بکاتەوە، گەلی کورد، گەلێکی ( ٥٠)ملیۆنییە، وەک هەموو گەلانی دنیا، پێویستە دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی هەبێت "
لە ساڵی ( ٢٠١٣) دا، ئیسماعیل بێشکچی، سەردانی باشووری کوردستانی کرد .. پێشوازییەکی گەرم و گەورەی لێکرا .. سەردانی شارەکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆکی کرد و، سەمیناریان بۆ سازکرد .. چووە شاری ( چەمچەماڵ ) و ، گۆڕستان و مۆنۆمێنتی ئەنفالی بەسەرکردەوە .. بێشکچی بە بینینی پێشمەرگە و ئاڵای رەنگینی کوردستان، وتی : " بە بینینی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان زۆر دڵخۆش بووم "
بێشکچی و هەردوو هاوڕێکەی لەم هاتنەیدا .. لە کاتژمێری شەش و نیوی ئێوارەی رۆژی سێ شەممە (١ی/ سێپتەمبەر/ ٢٠١٥) گەیشتنە فرۆکخانەی بێرگن .. لە لایەن کۆمەڵێک خوێندکاری لاو و،چەند رۆشنبیرێکیکورد لەشاری بێرگن، بە گەرمی پێشوازی و بەخێرهاتنیان لێکرد .
بۆ رێزلێنانیش، لە ماڵی ئەندامێکی دەستەی بەڕێوەبەری کۆمەڵەی کەلتووری کوردی، خوانێکی نانخواردنی کوردەواری، بۆ بێشکچی و هاوڕێکانی رازێنرابووەوە .
لە رۆژی چوارشەممە ( ٢ی/ سێپتەمبەر/ ٢٠١٥ )، بە ئامادەبوونی رۆشنبیرانی کورد و نەرویجی، هەروەها، تێکۆشەر و سیاسەتمەداری ناسراوی گەلەکەمان ( مەهـدی زانا ) ش ئامادە بوو .. لە کاتژمێری ( شەش و نیوی) ئێوارەدا لە (هۆڵی زانکۆیبێرگـن)، سەمینارەکە دەستی پێکرد .. سەرەتا کورتە فیلمێکی ڤیدیۆیی دەربارەی ژیانی ئیسماعیل بێشکچی و کتێبخانەکەی و .. راو و بۆچوونی کەسانی کورد و تورک، دەربارەی رۆڵ و هەڵوێست و خزمەتی بێشکچی نمایش کرا .
سەرەتا بۆ ماوەی نیو کاتژمێر ( ئیبراهیم گوربوز) بە کوردی، باسی لە خزمەت و، لە داکۆکیکردنی بێشکچی لە دۆزی رەوای کورد کرد .. کە بێشکچی خوازیاری ئەوەیە کە کوردیش بە ئاواتەکانی خۆی بگات، لە دامەزراندنی دەوڵەتیسەربەخۆی کوردستان .
ئینجا ئیسماعیل بێشکچی بە کورتی و بە چڕی، بە زمانی تورکی دەستی بە باسەکەی کرد دەربارەی ( کورد و کوردستان ) .. یەکسەر و راستەوخۆ، قسەکانی وەردەگێڕان بۆ سەر زمانی نەرویجی .. بێشکچی لە سەردەمی عوسمانییەکانەوە تا دەگاتە ئەمڕۆ .. باسی لەو ستەمە مێیژووییە کرد، کە لە کورد کراوە و، چۆن کوردستانیان بە ناڕەوا بەسەر چوار دەوڵەتدا دابەش کرد .. بەڵام کورد چۆکی دانەدا و .. چەند شۆڕشێکی لە بەشەکانی کوردستاندا بەرپاکرد، لە دژی داگیرکەرانی کوردستان، وەک شۆڕشەکەی شێخ مەحموود و شێخ سەعید و بارزانی .. تا هاتە سەر بزووتنەوەی رزگاریخوازی ئەمڕۆی گەلەکەمان .. کە کورد بە شێوەیەکی قارەمانانە لە لایەن پێشمەرگە و گەریلا و هێزەکانی پاراستنی گەلەوە، گیانبەختانە، بەرگری لە خاکی کوردستان دەکەن و، شەڕی داعشی جاش و بەکرێگیراو دەکەن .
بێشکـچی،باسیشی لە شۆڕشەکەی ئێستای باکـووری کوردسـتان کرد ، کە لە بەرواری ( ١٥ی / ئەوگوستی / ١٩٨٤) دا، هەڵگیرسا .. باسیشی لە ستەم و لە تاوانەکانیدکتاتۆری گۆڕبەگۆڕ( سەدام حوسێن ) کرد، کە بە چ شێوەیەکی دڕندانە کیمیابارانی هەڵەبجەی کرد و، کۆمەڵکوژیی لە کوردی بێ تاوان کرد .. بێشکچی باسی شتی زیاتری کرد، دەربارەی خەباتی کورد لە پێناوی رزگاری بوونیدا .. بێشکچی دەڵێت : " پرسی کورد گرنگترین پرسی رۆژهەڵاتی ناوڕاستە .. " .. دوایش ئیسماعیل بێشکچی، بە کورتی و بە جوانی، وەڵامی ئەو پرسیارانەی دایەوە کە لە لایەن، ئامادەبووانی سەمینارەکەوە لێی کران .. ( ئامادەکەری ئەم هەواڵەش ـ رەزا شوان ـ لە وەڵامی پرسیارێکمدا،کە لە بێشکچیم کرد : چ پێشبینییەک لە ئایندەی کوردستان دەکەی .. ؟ بێشکچی لە وەڵامدا وتی :" من گەشبینم بە ئایندەی کوردستان، لە سایەی یەکگرتن و یەکڕیزیدا، کورد دەگات بە ئاواتی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان " )
بێشکچی بڕواشی بە پرۆسەی ئاشتی نییە لە باکووری کوردستاندا، چونکە ئۆردوگان و پارتەکەی، بە راستیان نییە کە لەگەڵ ئاشتیدان، دەڵێت : " هێشتا سەرۆک وەزیران ـ کە ئێستا سەرۆک کۆمارە ـ باسی یەک دەوڵەت و یەک گەل و یەک زمان دەکات "
لە کۆتاییدا، لە لایەن کوردانی ئامادەبووەوە، چەند خەڵاتێکی رێزلێنانیان پێشکەش بە ئیسماعیل بێشکچی کرد .. کە لە نێو خەڵاتەکاندا، نەخشـەیەکی رەنگینی کوردسـتانی گەورەی تێدا بوو .. بێشکچی گەشایەوە و زۆری پێخۆش بوو ..خۆشی نەخشەیەکی کوردستانی بە ڕەنگەکانی ئاڵای رەنگینی کوردستان، لە یەخەیخۆی هەڵواسی بوو .. سەمینارەکە سێ کاتژمێر و نیوی خایاند.
(تێبینی : لە وێنەکەدا لای راستەوە بۆ لای چەپ : ڤێمان : سەرۆکی یەکێتی خوێندکارانی کوردستان لە بێرگن،پارێزەر ـ رۆشن ئەسڵان ـ ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری دەزگای زانیاری بێشکچی، رەزا شوان ـ سەرۆکی کۆمەڵەی منداڵانی کورد لە نەرویج ، د . ئیسماعیل بێشکچی، کومەڵناس و نووسەری تورک، دۆستێکی نزیک و دڵسۆزی کوردە، سەیدا محەمەد ـ رۆشنبیر)
نەرویج / (٣ ی/ سێپتەمبەر /ی ٢٠١٥ )
5/9/2015
تەرمی ئالان کوردی و دایک و براکەی بەرەو کۆبانێ دەگوازرێنەوە، سوپای تورکیا رێگەی گرتووە لەوەی خەڵک بەرەو کۆبانی بڕوات بۆ بەشداریکردن لە مەراسیمی ناشتنەکەدا.
بۆ بەخاکسپاردنی ئالان و غالبی برای و دایکی، نوێنەران و رێبەرانی هەدەپە و ئەنەکەسە و خەڵکی سڤیلی پرسووس ئامادەن لەسەر سنووری رۆژئاوا، بۆ ئەوەی بچن و بەشداری لە مەراسیمی ناشتنەکە بکەن.
ماشەڵڵا دەکاک پەیامنێری (تۆڕی میدیایی رووداو) لەپرسووسەوە رایگەیاند:" خاڵی پشکنین لە پێش کۆبانی دانراوە و سوپای تورکیا رێگەی گرتووە لەوەی خەڵک بەرەو کۆبانی بڕوات". دەکاک گوتیشی "دەگوترێت ناهێڵن بێجگە لە ئاکپارتی کەسی دیکە بڕوات بەرەو کۆبانی".
پەیامنێری رووداو هەروەها گوتیی "دیار نییه كه ئایا توركیا و كانتۆنی كۆبانێ رێگه به رۆژنامهنووسان دهدهن بڕۆنە ناو كۆبانی یان نا".
ئالان، ئەو منداڵە کوردەی رۆژئاوای کوردستان کە خنکانی لە ئاوی دەریای ئیجەدا و بڵاوبوونەوەی وێنەی تەرمەکەی هەموو دونیای هەژاند، ئەو لەگەڵ دایک و براکەی خنکان، ئەمڕۆ 4ی ئەیلوول تەرمەکانیان دەگەڕێندرێنەوە کۆبانێ و لە ماراسیمێکدا بەخاک دەسپێردرێن.
4/9/2015
بهر له دهستپێكردنى مهشقهكانى ههڵبژاردهى پورتوگال، رۆناڵدۆی باشترین یاریزانى جیهان و هاوڕێكانى هاوخهمى خۆیان بۆ ئالان عهبدوڵڵاى منداڵه كورده 3 ساڵییهكه نیشاندا، كه له ئاودا خنكاو تهرمی له كهنار دهریاى بۆدروم دۆزرایهوه.
وهك رێزگرتنێك له قوربانیانى كۆچبهران و ئهو منداڵه كوردهی رۆژئاواى كوردستان، كه لهناو دهریادا خنكا، یاریزانانى ههڵبژاردهى پورتوگال بهر له دهستپێكردنى مهشقهكانیان خولهكێك راوهستان و هاوخهمى خۆیان بۆ ئالان نیشاندا.
كریستیانۆ رۆناڵدۆی كاپتنى ههڵبژاردهكهش نیگهرانى خۆی بۆ ئالان و ههموو كۆچبهران دووپاتكردهوهو رایگهیاند "ئهو منداڵهى لهناو ئاودا خنكا دیمهنێكی جهرگبڕ بوو، ههموومانى نیگهران كرد".
ئالان، كوڕێكی تهمهن 3 ساڵه، خهڵكی رۆژئاواى كوردستانه، خۆی و برایهكی و دایكى لهناو دهریادا خنكان و تهرمی له كهنار دهریای بۆدروم دۆزرایهوهو ئهو دیمهنه ههموو جیهانى ههژاند.
4/9/2015
دەیڤید کامیرۆن سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دوای بڵاوبوونەوەی وێنەکەی ئالان، رایگەیاند بەریتانیا کاری زیاتر بۆ کۆچبەران دەکات و بەردەوام دەبن لە وەرگرتنی خەڵک و هاوکاری ئەوانە دەکەن کە دەچنە وڵاتەکەیان.
گوتیشی ئەوانەی رەخنە لە بەریتانیا دەگرن دەبێت ئەو راستیە بزانن کە بەریتانیا لە هیچ وڵاتێکی دیکە کەمتری بۆ پەنابەران نەکردووە.
هەرچەندە دەیڤید کامیرۆن سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاندبوو وڵاتەکەی هیچ پەنابەرێکی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەرناگرێت، بەڵام دوای بڵاوبوونەوەی وێنەکەی ئالان ئەو منداڵەی رۆژائاوای کوردستان کە زۆربەی سیاسەتمەدارانی جیهانی هێنایە دەنگ، کامیرۆن رایگەیاند بەریتانیا کاری زیاتر بۆ کۆچبەران دەکات.
سەبارەت بەو وێنە تراژیدیایەی ئالانیش کامیرۆن رایگەیاند" ئەو وەک باوکێک هەستی بەرامبەر بەو وێنەیە جوڵاوە و کاریگەرییەکی زۆری لەسەر داناوە، هەرکەسێک ئەو وێنەیەی دیبێت ناتوانێت هەستی رابگرێت، من وەک باوکێک بە قوڵی برینداربووم و کە بینم ئەو منداڵە لە کەنارەکانی تورکیا بەو شێوەیە کەوتووە، بەریتانیا خاوەنی ئەخلاقێکەو هەمیشە کار بۆ وەرگرتنی بەرپرسیارێتی ئەخلاقی دەکات".
کامیرۆن بەهۆی ئەو لێدوانەی کە گوتبوی بەریتانیا پەنابەری دیکە وەرناگرێت ، لەلایەن رێکخراوە مرۆییەکان و سیاسەتمەدارەکانی بەریتانیاشەوە رووبەڕووی رەخنەیەکی زۆر بوویەوە، بەڵام کامیرۆن دوای بڵاوبوونەوەی وێنەکەی ئالان، گوتی ئەوانەی رەخنە لە بەریتانیا دەگرن دەبێت ئەو راستیە بزانین کە بەریتنیا لە هیچ وڵاتێکی دیکە کەمتری بۆ پەنابەران نەکردووە.
دەیڤید کامیرۆن سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا:" ئێمە هەزاران کۆچبەرمان وەرگرتووە، کاری زیاتریش دەکەین، و هەزاران پەنابەر لێرە وەرگیراون و هەمیشە هاوکاریمان کردوون، سیستەمی وەگرتنی پەنابەر لێرە کارایە و پێشوازی لەو خەڵکەش دەکەین کە دێنە وڵاتەکەمان و هاوکارییان دەکەین".
ئەم بۆچوونە نوێیەی کامیرۆن راستەوخۆ دوای ئەوە هات کە بڵاوبونەوەی وێنەیەکی منداڵێکی رۆژئاوای کورستان بەناوی ئالان کە لە دەریای ئیجە خنکابوو جیهانی هێنایە دەنگ و بوو بە مانشێتی سەرەکی زۆربەی رۆژنامەکانی جیهان و بووە هۆی ئەوەی بەشێکی زۆری سەرکردەکانی جیهان لەسەر ئەو وێنەیە بێنە دەنگ.
4/9/2015
یەکێک لە کێشەکانی منداڵانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە سیمیناری (تاوتوێکردنی کێشە و گرفتەکانی منداڵان) لە شاری بانەی رۆژهەڵاتی کوردستان ئاوڕی لێدرایەوە.
ئەو سیمینارە رۆژی پێنجشەممە 3-9-2015 لە بانە بەڕێوەچوو و ژمارەیەک شارەزای بوارە جیاوازەکانی پەروەردە، کۆمەڵناسی و دەروون ناسی تێیدا بەشداربوون.
لە سیمینارەکەدا، شارەزایان لەروانگەی جیاوازەوە باسی کێشە و گرفتی منداڵانیان کرد.
دەشڵێن منداڵان داهاتووی کۆمەڵگان و دەبێ گرینگی تایبەت بە پرس و کێشەکانیان بدرێت.
لە سیمینارەکەدا بەراوەردێک لەنێوان فەزای نێوان کۆمەڵگای کوردستان و کۆمەڵگا پێشکەوتووەکانیش کرا.
بەشدارانی سمینارەکە دەڵێن" ئەو جۆرە بەرنامە و سمینارانە دەتوانێ دەستکەوتی زۆری بۆ منداڵان و لەرێگەی ئەوانەوە بۆ کۆمەڵگا هەبێت".
سەرەڕای ئەوەیش کە سمینارەکە بۆ باسکردنی ئازارەکانی منداڵان و ئاگادارکردنەوەی بنەماڵەکان بوو بەڵام رێژەی کەمی بەشداریی بنەماڵەکان دەریخست کە دەبێ بۆخۆی بنەماڵەکانیش لەبارەی پێویستی بەشداریکردن لەو جۆرە کۆڕانەدا، سمیناریان بۆ بگیرێت.
5/9/2015