هەرسێ وڵاتی ئەڵمانیا، فەرەنسا و ئیتاڵیا رێککەوتنێکیان واژۆکردووە و تێیدا داوای هەمواركردنەوەی یاسای پەنابەری دەکەن لە ئەوروپا.
ئەو سێ وڵاتە داوای ئەوەش دەکەن کە پەنابەران بەشێوەیەکی یەکسان بەسەر وڵاتانی ئەوروپادا دابەشبکرێن.
پاولۆ جێنتیلۆنی، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا کاریگەری کۆچی نایاسایی ئاشکراکرد و هۆشداریدا لەوەی کە کاریگەری کردووەتە سەر ڤیزای "شنگن".
لەماوەی دوومانگی رابردوودا بەهۆی بارودۆخی نالەباری وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا بەتایبەت سووریا و عێراق، ژمارەیەکی زۆری دانیشتووانی ئەو ناوچانە بەلێشاو بڕیاری کۆچکردنیان بەرەو ئەوروپا داوە.
ئەو دیاردەیە باشووری کوردستانیشی گرتووەتەوە و لەماوەی رابردوودا گەنجێکی زۆر لە باشووری کوردستانەوە کۆچیان کردووە بەرەو ئەوروپا.
3/9/2015
ئەندامێکی باڵای تیمی دانوستاندنکاری ناوەکی ئێران رایدەگەیێنێت، كە پیتاندنی یۆرانیۆم تەنانەت بۆ رۆژێکیش لە وڵاتەكەی نەوەستاوە.
عەباس عێراقچی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران و ئەندامی تیمی دانوستاندنکاری ناوەکی ئێران، رۆژی چوارشەمە 2ی ئەیلوولی 2015 رایگەیاند " تیمی دانوستاندنکاری ناوەکی ئێران لە دانوستانەکاندا پرسی وەستاندنی پیتاندنی یۆرانیۆم، کە بەشێک لە هێڵە سوورەکانی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بوو، قبوڵیان نەکرد و دەرفەتیان نەدا پیتاندن تەنانەت بۆ رۆژێکیش بووەستێت".
عێراقچی، لە گوتارێکدا لەبەردەم ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری ئێران گوتیشی " ئێمە هێڵی سوورمان تێنەپەڕاندووە و، تیمی دانوستاندنکار توانیان هەڵگرتنی قەدەخەکردنی پەیوەست بە هەردوو کەرتی ئابووری و دارایی درێژبکەنەوە، هەروەک ئەوەی رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی جەختی لەسەر کردبووەوە". جەختیشیكردەوە كە ئەو قەدەخەکردن و رێگریانەی لەسەر مووشەک و بواری سەربازیش هەن، بەشێوەیەکی پلەبەندی هەڵدەگیرێن.
ئەو ئەندامەی تیمی دانوستاندنکاری ناوەکی ئێران ئاماژەی بەوە كرد كە هەندێک كۆتوبەندیان قبوڵكردووە، بەڵام ئەمە تا کۆتایی بەردەوام نابێت. گوتیشی "ئەمە وامان لێناکات لە پیشەسازی ناوەکی بووەستین، هاوکات ئەوەشمان قبوڵکردووە زیاتر چاودێری بخێرێتە سەر پیشەسازی ناوەکی بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا ئەمنییە پەیوەندیدارەکان".
رێككەوتننامە ئەتۆمییەكە
دوای زیاتر لە دوو ساڵ دانوستاندنی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج كۆ یەك سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، رۆژی 14/7/2015 ئێران و وڵاتانی زلهێزی جیهان (ئەمریكا، رووسیا، بەریتانیا، چین، ئەڵمانیا و فەرەنسا) گەیشتنە رێككەوتن، هەردوولاش رێككەوتنەكەیان بە رووداوێكی مێژوویی نێوبرد.
گرنگترین تەوەرەكانی رێككەوتنەكە بریتین لە: ئێران لە پیتاندنی یۆرانیۆم بە شێوازی ئاشتیخوازانە بەردەوام دەبێت. بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بە فەرمی دەناسرێت. گەمارۆكانی سەر ئێران هەڵدەگیرێن. هیچ بنكەیەكی ئەتۆمیی ئێران داناخرێ. یۆرانیۆمی پیتێندراو و ئاوی قورس دەنێردرێنە دەرەوە. تاران پابەند دەبێ بە چالاكییەكانی مووشەكی بالیستی.
بەپێی ئەو رێككەوتنە ئاژانسی نیودەوڵەتی وزەی ئەتۆم سەردانی ئەو بنكە ئەتۆمییانەی ئێران دەكات كە گومان لە چالاكی ئەتۆمییان دەكرێت. گەمارۆی سەر بانك و دامەزراوە و 800 كەسایەتی ئێرانی هەڵدەگیرێت. گەمارۆی پێدانی چەك بە ئێران بۆ ماوەی پێنج ساڵ و گەمارۆی مووشەكی ئێران بۆ ماوەی هەشت ساڵ بەردەوام دەبێت. ئەگەر ئێران پابەند نەبێت بەو رێككەوتنە، گەمارۆ ئابوورییەكان دەكەونەوە بواری جێبەجێكردنەوە.
3/9/2015
لە توركیا 226 هونەرمەند کە لەنێویاندا هونەرمەندی کوردیش هەن، داوادەکەن ئاشتی بەرقەراربێت و کۆتایی بە شەڕ و مالوێرانی بێت، ئەوان دەشڵێن " دەمانەوێت هونەرەکەمان لە جوگرافیایەکدا پێشکەش بکەین کە ئاشتی تێدا بەرقەراربێت".
ئینسیاتیفی هونەرمەندانی سەربەخۆ، کە لەنێویاندا هونەرمەندانی وەک ئایشە گرووپدا، ئەحمەد ئومیت، بەلقیس ئاکالە، تیۆمان، ئەنگین گونئایدن، مەلتەم جومبول، بورهان شەشان و سیبەڵ ئالاش هەن، دەڵێن " دەمانەوێت هونەرەکەمان لە جوگرافیایەکدا بەرهەم بهێنین کە ئاشتی تێدابێت و، سات ساتی بێدەنگکردنی ئاگری شەڕە کە ژیان لەنێودەبات، بۆیە ئێستا کاتی کوژاندنەوەی ئەو ئاگرەیە".
هونەرمەندەکان ئەوەش دووپاتدەکەنەوە، کە بنیاتنانی ئاشتی هونەرە و، بەدوای شوێنپێی ئەو هونەرەدا دەچن. دەشڵێن" ئێمە داوای چەند شتێکی ئەستەم ناکەین، بەڵکو تەنها ئاشتییە کەوا پێوسیتمان پێیە و بۆیە ئەوە داخوازی ئێمەیە".
ناوی بەشێک لە هونەرمەندەکان:
ئەحمەد ئاغائغڵو، ئەحمەد بەهادر ئۆزکۆجا، ئەحمەد فایق دۆکمەجی، ئەحمەد کەنعان بلگیچ، ئەحمەد ئۆغوت، ئەحمەد ئۆمیت، ئەجلان ئاکیوز، عەلی ئایدن، ئالپەر جانگوز، ئانل ئۆندەر، ئاسل فیلیز، ئاسل شاهین، ئاسل ئۆزگا، ئاسلهان ئیشلتان، ئاسودە کایاریاڤوز، ئاتیللە گوندۆغدو، ئایبوکە ئەریغت، ئایهان ئاکتاش، ئایلن ئالڤەرەن، ئایشە گرودا، بانو جەننەتئۆغلو، باران سەیهان، بارش ئاتای، باروتکو چوکچاغلایان، بەستە ئۆزەنسۆی، بەزمی هازال ئەکشی، بیلال بولوت، بیرسەن تەزەر، بوغرا ئۆعور، بوراک کول، بورجو دەغیرمەنجی، بورجو دورمەز، بورهان شەشەن، بولەنت چۆلاک، چاغاتای چابالار، چاغداش بەکتاش، جانیت بەرکای، جان باشاک، جان کلجئۆغلو، جانبەرک گوڵ، جانان ئوستوون، جانسو باش، جەم ئاکالپ، جەم ئالتینسارای، جەران ئاسلان، جەران یادن، جەران شاهیت، گونایت ئوزونلار، چغدەم ئەرکەن، داملا سۆنمەز، دەلفین ئاکسۆی، دەنیز ئاکچای، دەنیز ئاتام، دەنیز تۆیگور، دەریا دورمەز، دەریا کۆ و هیتد...
3/9/2015
رۆژی چوارشەممە 2ی ئەیلوولی 2015، تەرمی منداڵێکی خنکاو لە کەناراوەکانی بۆدرووم دۆزرایەوە. وێنەكە بە خێراییەكی زۆر لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوبووەوە و هەزارەها لێكدانەوە بۆ وێنەكە و كچكردنی خەڵكی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست كراون.
وێنەكە سەرەتا لەلایەن ئاژانسێکی هەواڵی توركیا بە بە هاشتاگی KiyiyaVuranInsanlik واتە " مرۆڤایەتی کەناردەریاکانی پاککردەوە" بڵاوکرایەوە. دەشگوترێت منداڵەكە كوردە و خەڵكی كۆبانێیە.
بەگوێرەی زانیارییەكانی محەممەد عیزەدین، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە توركیا، كە ئێستا كۆچكردنی خەڵكی لە ئیزمیر رووماڵدەكات، دوو کەشتی کۆچبەرانی نایاسایی کە زۆربەیان خەڵکی سووریاو رۆژئاوای کوردستان بوونە، هەوڵیانداوە لە کەناراوەکانی بۆدرووم بپەڕنەوە دوورگەکانی کۆس لە یۆنان، بەڵام هەوڵەکەیان بە نقومبوون و خنکانی ئەو منداڵە سێ ساڵانە کۆتاییهاتووە.
بەگوێرەی ئەو هەواڵانەی لە میدیا جیهانییەکانیش بڵاوبوونەتەوە، منداڵە بچووکەکەو زۆربەی کۆچبەرانی سەر دوو کەشتییەکە خەڵکی کۆبانێ بوونە. دوای نقومبوونی دوو کەشتییەکە،12 تەرم لەلایەن پۆلیسی دەریایی تورکیا دۆزراونەتەوە و چارەنووسی ئەوانی دیکەش نادیارە.
زانیاری جیاواز هەیە دەربارەی ناو ناسنامەی منداڵەکە، هەندێک زانیاری باس لەوە دەکەن کە ناوی عەباس کوردییە و دانیشتووی خێوەتگەی یەرمووک بووە کە خێوەتگەیەکی ئاوارە فەڵەستینیەکانە لە سووریا و هەندێک زانیاری دیکەش ئاماژە بەوە دەدەن کە منداڵهكه تهمهنی سێ ساڵە و ناوی ئایلانه، لەگەڵ برایەکی بە ناوی غالیب کە تەمەنی 5 ساڵە بە خنکاوی دۆزراونهتهوه.
دهیلی مەیل بڵاویكردهوه كە ئایلان و غالیب لهگهڵ شهش ئهندامی دیکەی خێزانهكهیان، بهرهو ئهوروپا رۆیشتوون، بهڵام كهشتیهكهیان ژێرئاو کەوتووە و ئێستا كهسوكارهكانیان له نهخۆشخانهن و ههواڵهكهشیان پێگهیشتووە.
باسی لەوەشکردووە، کاپتنی کەشتییەکە لایهنه پهیوهندیدارهكانی له دیارنهمانی ئهو دوو منداڵه ئاگاداركردووهتهوه، بهڵام بهیانی ئهمڕۆ پۆلیس تهرمی ئایلان و غالبی له ناوچهی بۆدرووم دۆزیوهتهوه.
دوا بەدوای بڵاوبوونەوەی وێنە هەژێنەرەکە، لە سۆشیاڵ میدیای رووداوژمارەیەکی زۆری بەکارهێنەرانی ئەو تۆڕانە بە کۆمێنت هەست و بۆچوونی خۆیان لەسەر وێنەکە دەربڕی. ئەمەی خوارەوە بەشێک لەو کۆمێنتانەن
رێكان جەوهەر: بەداخەوە بۆ دسەڵاتدارانی كوردستان كەوا لە هاووڵاتیانی خۆیان دەكەن رێگای مەرگ بگرنەبەر، خۆ ئەوەی لەم وڵاتەش بێت و ئێر جێنەهێڵێ، تووشی نەخۆشی نەفسی دەكەن، بەداخەوە تاكەیكەسی نەشیاو بۆ شوێنی شیاو؟؟؟؟
بەرزان محەممەد: دڕندەکانی دەریا ئەو منداڵەیان نەخواردووە، ناردیانەوە تاوەکو مرۆڤ بەڵگەی زۆرداری خۆی ببینێ.
ئاریان خالید: ئەو وێنانەی کە هەزاران ماناو هەزاران وشەی پڕ لە ناخۆشی و دڵتەزێن و قسەی ناخی دڵی ئەو خەڵکە بێ دەستەڵاتە لەخۆدەگرێ ، سەرۆک تاکەی رۆڵە بئ گوناحەکان و رۆڵە خێر لەخۆ نەدیوەکان ئاوا ببنە قوربانی، لەپێناو دابینکردنی ژیانێکی خۆش و ئارام ژیانێک بێت بەواتای ژیان.
ئامانج ئیسماعیل: کێ بەرپرسە ؟؟؟؟؟؟؟؟ دەمێکە ژیان بەھا و ماناکانی وەکو خۆی نەماوە، خوا سەبەبکار و زاڵم و ئەوانەی بەرپرسن لە خوڵقاندنی ئەو دۆخە بە خراپترین شێوە لەناو بەرێ.
مامەیارە ئەحمەد: شهپۆلی دهریا، فریشته و پهپووله ناناسێ
دڵی هێنده ڕهقه، به هیچ شتێك ناتاسێ...
ئیبراهیم عەلی حەمەد: سەیری وێنەی ئەم منداڵەم دەکرد، کوڕەکەم کە تەمەنی سێ ساڵە ئەم وێنەیەی بینی بێئەوەی من هیچ قسەیەکی بۆ بکەم گوتی " بابە ئەوە دایکی لەکوێییە، بۆ ئاگای لێی نییە، دایکی لە کوێییە؟ رۆیشتووە؟". نەمزانی چی وەڵام بدەمەوە، تەنیا گوتم کوڕم ئێستا ئەو منداڵە لە بەهەشتە.
رێبۆ رەزا: بۆچی ههڵدێیت.. خۆ ئهوانهی تۆیان بهم چارهنووسه گهیاند، خۆیان به جهنگاوهری خودا دهزانن. كه چوویته لای خودا، گلهیی لێبكه، بڵێ بۆ جهنگاوهرهكانت وا دهكهن!!
شاخەوان چاوڕەش: تاوانی ئەو مناڵە ئەوەیە كە لە وڵاتە ئیسلامییەكان دەژیت.
میلا دالیان: فریشتەیەك له كەناری دەریا
سەروەر فرسەت: نیشتمان بەدەست بێ نرخی مرۆڤەوه هـاواریەتی، بەگوێی بێ هـەستەكانەوه
هـاوار .... هـاوار !!!
یارا گەرمیانی: هەستەوە جوانكیلەكە تێرنەبووی لە خواردنەوەی ئاوی سوێری دەریا، ئەوە ئاوی مەرگە .. هەستەوە بڵی من سیمبوولی میلەتَكی زوڵم لێكراوم ..
بێستوون ئەمین: بڕواناكەم هیچ كەسیك هەبێت و ئەوێنەیه ببینێت، ناخ و دڵی نەهەژێت.
كامەران حەسەن باڵەك: ئارام بنوو پەپوولەی رووح سووک
ئارام پاڵکەوە لەسەر لمی ژێر دەریا
با مناڵی بەرپرسە دز و گەندەڵ و بێویژدانەکانیش
لەسەر سامانی من و تۆ و ئەو خەڵکە داماوە پاڵکەون.
3/9/2015
ئیدریس بالوکەن، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لەنێو پەرلەمانی تورکیا، رایگەیاند ئەگەر کۆبوونەوەی حکومەتی هەڵبژاردن لە کۆشکی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا ئەنجامبدرێت ئەوا دوو وەزیرەکەی هەدەپە داوای روونکردنەوەی نووسراو دەکەن لەبارەی هۆکارەکانی ئەو کۆبوونەوەیە.
جگە لە وەزیرە سەربەخۆکان، لەپاڵ وەزیرەکانی ئاک پارتیدا تەنها هەدەپە وەزیری لە حکومەتی تورکیادا هەیە.
پێشتر سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی هەدەپە رایگەیاندبوو "ئەوان هەرگیز ناهێڵن ئەردۆغان ببێتە سەرۆکی تورکیا و دەبێت وەک سەرۆککۆمار مامەڵە بکات نەک وەک سەرۆکوەزیران".
2/9/2015
رۆژنامەی نیویۆرک پۆستی ئەمریکی بڵاویکردەوە یەکێک لە پاڵێوراوەکانی سەرۆکایەتی داهاتووی ئەمریکا ئاشکرایکردووە دەیەوێ ئەو یانە ئارجێنتیناییە بکڕێتەوە کە پاپای ڤاتیکان هاندەریەتی.
رۆژنامەکە ئاشکرایکردووە دۆناڵد ترامپی پاڵێوراوی پارتی کۆماری بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا نووسراوێکی فەرمی بۆ یانەی سان لۆرینزۆی ئارجێنتینایی ناردووە و ویستی خۆی پێڕاگەیاندوون بۆ کڕینەوەی یانەکەیان.
رۆژنامەکە دەڵێ ئەو پاڵێوراوە ئەو کارەی کردووە تا سۆزی دەنگدەرە کاتۆلیکەکانی ئەمریکا بەلای خۆیدا رابکێشێت، چونکە ئەو باش دەزانێ پاپا فرانسیسی پاپای ڤاتیکان هاندەری ئەو یانەیەیە و پێشتر خۆشەویستی خۆی بۆ ئەو یانەیە ئاشکراکردووە و پێشوازی لە یاریزانەکانیشی کرد کاتێک وەرزی رابردوو نازناوی جامی لیبێرتادۆریسیان بەدەستهێنا کە گەورەترین پاڵەوانیەتیی سەر ئاستی کیشوەری ئەمریکای لاتینە.
هەرچەندە ترامپ دواتر لە لێدوانی بۆ ئاژانسی رۆیتەرز دووپاتیکردەوە ناوی ئەو یانەیەی نەبیستووە و ویستی کڕینیشی نییە، بەڵام نیویۆرک پۆست دەڵێ دەقی داواکاری پاڵێوراوەکەمان لایە کە داوایکردووە یانەکە بکڕێتەوە.
2/9/2015
ساڵح ئەدیبی کوردێکی سوننەی رۆژهەڵاتی کوردستان، وەک باڵێۆزی ئێران لە دوو وڵاتی ڤێتنام و کامبۆج دەستنیشانکرا.
ساڵح ئەدیبی کە پێشتر سەرۆکی دامەزراوەی شارەزایانی پارێزگای سنە بووە، لە لایەن حکومەتی حەسەن رۆحانی-یەوە وەک باڵیۆزی ئێران لە هەردوو وڵاتی ڤێتنام و کامبۆج دیارییکراوە.
ئەدیبی رۆژی سێشەممە 1-9-2015 رایگەیاند، سەرەتا وەک باڵیۆز بۆ باڵیۆزخانەی ئۆسترالیا دەستنیشانکراوم، بەڵام دواتر بەهۆی بوونی مسوڵمانانی سوننە مەزهەب لە وڵاتانی ڤێتنام و کامبۆج، وەک باڵیۆزی ئەو دوو وڵاتە دەستنیشانکرام.
ئەوە یەکەمجارە کە کوردێکی سوننە لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی سەردەمی دەسەڵاتدارێتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دوای ساڵی 1979-ی زایینیەوە، دەستنیشان بکرێت.
2/9/2015
ئێوارەی رۆژی سێشەممە شەڕ و تێکهەڵچوون لە نێوان هێزێکی پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستان و هێزێکی سوپای پاسدارانی ئێران لە گوندی (سیسرێ)ی شاری رەبەت روویدا.
بەپێ زانیاریەکانی رووداو هێزێکی پێشمەرگەی حدک لە مزگەوتی گوندی (سیسرێ)ی شاری رەبەت، بووە و هێزیکی سوپای پاسدارانیش بە هۆی بوونی ئەوان هێرشێانکردووەتە سەر گوندەکە.
سەرچاوەیەک بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند کە" هێزەکانی سوپای پاسداران بە هۆی بوونی پێشمەرگە، ناوچەو گوندەکانی (سیسرێ، نستان، گەنمان و گۆڵێ)-ی تۆپباران کردووە.
ئەو سەرچاوەیەی رووداو گوتیشی "هێزەکانی سوپای پاسداران ئەو ناوچانەیان مێلیتاریزە کردووە و رێگە بە هاتووچۆکردنی خەڵک نادەن، بەڵام ناوەناوە دەنگی تەقە دێت و دیار نییە لە شەڕەکەدا چەن کەس کوژراو یان بریندار بووە".
2/9/2015
سكرتێری حیزبی دیموکراتی بەیت نەهرێن رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی بارزانی لەگەڵ لایەنەکان، بارزانی پێی راگەیاندووین کە "من دەستم بەو شوێنەوە نەگرتووە، نە بەکودەتا لادەچم نە بە کودەتاش هاتووم."
رۆمیۆ هەكاری، سكرتێری حیزبی دیموکراتی بەیت نەهرێن، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی رووداو لەبارەی كۆبوونەوەی بارزانی و لایەنە سیاسییەكان گوتی "دەبێت پەرلەمان بگەڕێتەوە سەر دۆخی راستەقینەی خۆی، ئێستا پەرلەمانی کوردستان دابەشی سەر دوو بەرە بووە، بەرەیەکیان ئامادەی دانیشتنەکانی پەرلەمان دەبێت و بەرەیەکیشیان ئامادەی نابێت.
رۆژی سێشەممە 1ـی 9ـی 2015 لە سەلاحەدین مەسعود بارزانی بە مەبەستی ئاڵوگۆڕكردنی بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی هەرێم لەگەڵ سكرتێر و نوێنەری بەشێك لە پارت و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كۆبوویەوە.
هەکاری دەڵێت، بارازانی لە کۆبوونەوەکە گوتوویەتی " پەرلەمان شەرعیەتی خۆی لەدەستداوە، چونکە ئەدای پەرلەمان و سەرۆکی پەرلەمان ئەدایەکی حیزبیانە بووە نەک ئەدایەکی پەرلەمانیانە و ناچینە ئەو پەرلەمانە تا خولێکی دیکەی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت ، لەبەر ئەوەی پەرلەمان نەیتوانی بابەتەکە یەکلایی بکاتەوە و چارەسەرێک بۆ کێشەکە بدۆزێتەوە، کەواتە چارەسەرکردنی کێشەکە کەوتە دەرەوەی هۆڵی پەرلەمان".
بە گوتەی رۆمیۆ هەکاری، بازانی پێیوابوو دانیشتنی 23ی حوزەیران کودەتایەک بوو بۆ بێهێزکردنی رۆڵی پارتی دیموکراتی کوردستان. گوتووشیەتی "ئەگەر تا 20ی ئاب چاوەڕێ بوونایەو ئارامیان بگرتایە، من نەمدەهێشت بێ سەروەری یاسا بکرێت، بۆخۆم داوای سەروەربوونی یاسا دەکەم، پێم دەگوتن چارەسەر ئەو پرسە بکەن، من دەستم بەو شوێنەوە نەگرتووە، بەڵام نە بەکودەتا لادەچم نە بە کودەتاش هاتووم".
سەبارەت بە کەمکردنەوەی کورسی کۆتاکان، سكرتێری حیزبی دیموکراتی بەیت نەهرێن گوتی "ئێمە ئەو پرسەمان لەگەڵ بارزانی باس کردووە و بارزانی رەتیکردەوە کورسی کۆتاکان لە پەرلەمان کەمبکرێتەوە".
هاوکات باپیر كامەلا، سكرتێری پارتی كرێكاران و رەنجدەرانی كوردستان گوتی ، بارزانی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان گوتی "دەبێت کۆبوونەوەی رۆژی یەکەشەممە دوا کۆبوونەوەی پێنج لایەنەکە بێت، ئەگەر نەگەنە سازان دەبێت رێگەی دیکە بدۆزینەوە بۆ ئەوەی هەموو لایەنە سیاسییەکان کۆببنەوە و بگەنە بڕیارێک".
کامەلا سەبارەت بە مامەڵەی پارتەکان لەگەڵ مەسعود بارزانی گوتیشی " هەموو لایەنەکانیش وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان مامەڵەیان لەگەڵ بارزانیدا دەکرد بەبێ جیاوازی، هیچ کەسێکیش نەبووە نکۆڵی لەوە بکات، ئەو ئامادەیی هەیەو پۆستەکەشی رادەستی کەس نەکردووە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەر لەسەرەتاوە لەگەڵ ئەوەدا نەبووە لایەنە سیاسییەکان پۆلێن بکرێن و بکرێنە چین".
ئەو گوتی" چینی سیاسی لەو وڵاتە نییەو دەبێت هەموومان بەیەکەوە ئەو وڵاتە بەڕێوە ببەین و پێکەوە بڕیار لە ئاییندەی سیاسی ئەو وڵاتە بدەین، بۆیە جارێکی دیکە من لەگەڵ ئەو پێنج حیزبە بەتەنها کۆنابمەوە".
بە گوتەی باپیر کامەلا ، لە کۆبوونەوەکەدا پارتی دیموکراتی کوردستان بەدەر نەبووە لە رەخنەکان و دەڵێت " رەخنەی ئەوە لە بارزانی گیرا، بەوەی ئێوەش وەک پارتی دیموکراتی کوردستان بەشێک بوونە لە وەدەرنانی ئەو حیزبانە، ئەو حیزبانەی کورسیان لە پەرلەمان هەیە ئەو رەخنەیەیان هەبوو، کە بەشدارییان لە حکومەت و کۆمسیۆنی باڵای بەناو سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان پێنەکراوە.
هەروەها لەسەر یاسای بودجەی حیزبەکان و پرسی دەستوور، بارزانی دانی بە هەڵەی حیزبەکەی دانا کە لەو پرسانەدا هەڵەیان کردووە، لەگەڵ ئەوەش باسی لەوە کرد کە ئەوان نەرمیان بەرامبەر هەندێک لایەن نواندووە و لە پشکەکانی خۆمان پۆستمان پێداون.
باپیر کامەلا گوتی" رەخنە لە ئەدای بارزانی، وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان نەگیرا".
2/9/2015
شاندێکی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا سەردانی مۆسکۆی پایتەختی رووسیایان کرد، لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا کۆبوونەوە، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایانگەیاند، ئامانجیان لە سەردانەکە بەدواداچوون بووە بۆ ئەو بانگەوازەی کە ئاراستەی بان کی مۆن، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانیان کردووە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی جنێڤ 3.
قەدری جەمیل، سكرتێری گشتی حیزبی ئیدارە ئەلشەعبییە لەلێدوانێکدا بۆ رووداو گوتی:" ئێمە لیژنەیەکین لە کۆبوونەوەی دووەمی مۆسکۆ ، ئامانجمان بەدواداچوونە بۆ ئەو بانگەوازەی کە ئاراستەی بان کی مۆن، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان مان کردووە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی جنێڤ 3.
نەمرود سلێمان، کەسایەتی سەربەخۆ لە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا رایگەیاند، لەگەڵ شاندێک کۆبووینەتەوە بە سەرۆکایەتی لاڤرۆڤ. باسی بارودۆخی سووریا و گفتوگۆی سیاسیمان کرد، هەرەوەها باس لە سیاسەتی رووسیا کرا هەر لەسەرەتای سەرهەڵدانی ئەو تەنگژەیەدا لەگەڵ دیالۆگ بووە و دژی جەنگی سەربازی بووە ، ئێستا هەموو گەیشتوینە باوەڕی چارەسەری سیاسیانە و هاتووین و کۆبووینەتەوە تاوەکو رۆڵمان لەو پرۆسیەدا هەبێت.
لەماوەی یەک مانگی رابردوودا چەندین شاندی ئۆیپۆزسیۆنی سووریا سەردانی مۆسکۆیان کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای رووسیا کۆبونەتەوە ،پێشتریش بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی سوریا گرفتیان لەگەڵ هەڵوێستەکانی رووسیا بەرامبەر قەیرانی سووریا هەبوو، بەڵام ئەمجارە وا دەردەکەوێت کە ئۆپۆزیسیۆنی میانڕەوی سووریا بە هی ناوخۆو و دەرەوەش دەیانەوێت لە رێگەی رووسیاوە بگەنە چارەسەرێک بۆ قەیرانی سووریا.
2/9/2015
بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە زیندانی ناوەندیی سنە لەلایەن دامودەزگەی دادوەری و بەرپرسانی زیندانەوە بەندكراوێكی دیكەی كورد لەسێدارە درا.
بەپێی هەواڵی ناوەندی بەرگری لە مافی مرۆڤی كوردستان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 1 – 9 – 2015 سزای سێدارەی “سەید زاهید حوسێنی” بەندكراوی كوردی خەڵكی شاری سەقز لە زیندانی ناوەندیی سنە بەڕێوە چووە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش داوە ئەو بەندكراوە كوردە بە تۆمەتی كوشتنی كەسێك سزای سێدارەدانی بۆ بڕاوەتەوە و ماوەی 13 ساڵیش زیندانی كراوە.
سەرچاوەكانی مافی مرۆڤ بڵاویان كردووەتەوە كەلە رۆژانی رابردوودا بەندكراوێكی دیكەی كوردی خەڵكی شاری شنۆ لە زیندانی خوڕەم ئاوا لە پارێزگای لوڕستان لەسێدارە دراوە و پێنجشەممەی هەفتەی بەرێش بەندكراوێكی دیكەی كورد بەناوی “جەمال جەعفەری” لە زیندانی سنە لەسێدارە درا.
لە ماوەی كەمتر لە یەك حەفتەدا سێ بەندكراوی كورد لەلایەن ناوەندە دادوەرییەكانی ئێرانەوە لەسێدارە دراون.
١/٩/٢٠١٥
یونوس کۆجا، سەرۆکی پێشووی لقی گەنجانی پارتی دادو گەشەپێدان AKP لە ئامەد، لە هێرشێکی چەکداریدا كوژرا. هێرشەکە رۆژی دووشەممە 31 -8- 2015 لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە ئەنجامدرا.
کۆجای 31 ساڵ لە ئامەد خاوەنی دەرمانخانە بوو و کاژێر 02:30 ی خولەکی پاشنیوەڕۆ، چەکدارەکان لەنێو دەرمانخانەكەی کوشتوویانە.
کۆجا ساڵی رابردوو وازی لە پۆستی بەرپرسی گەنجانی AKP لە ئامەدی باکووری کوردستان هێنا، لە هەڵبژاردنی 7 ی حوزەیرانی رابردوودا هەوڵیدابوو ببێتە کاندیدی AKP، بەڵام نێوی نەچووە نێو لیستی کاندیدانی حیزبەكە.
سەڵاحەدین دەمیرتاش، سەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان HDP، بەتووندی ئیدانەی کوشتنی بەرپرسە گەنجەکەی AKP ی کرد و لە نووسینێکدا لە پەڕەی تایبەتی لە تویتەر، نووسیویەتی “کوشتنی یونوس کۆجا بە نەفرین دەکەم. داوادەکەم خوا لێی خۆشبێت و سەبووری کەسوکارەکەشی بدات”.
لە 24 ی حوزەیرانی 2015 ەوە شەڕ و پێکدادان لەنێوان پارتی كرێكارانی كوردستان PKK و تورکیا دەستیان پێکردووەتەوە، هەردوولاش یەکدی بە کوشتنی کەسانی سڤیل تۆمەتباردەکەن.
1/9/2015
پزیشکی دادوەری ئێران بڵاویکردەوە، کە لە ماوەی سێ مانگی بەهار و یەکەم مانگی هاوینی ئەمساڵدا، 939 کەس لەو وڵاتەدا بەهۆی خراپ بەکارهێنانی ماددە سڕکەرەکانەوە گیانیان لەدەستداوە.
بەپێی ئامارێک کە پزیشکی دادوەری ئێران بڵاویکردووەتەوە، 838 کەس لەوان پیاو و 101 کەسیشیان ژن بوون. ئەم ئامارە بەپێی کاتی هاوشێوەی خۆی لە ساڵی رابردووی هەتاویدا بەرزبوونەوەیەكی كەم نیشاندەدات. لە چوار مانگی یەکەمی ساڵی 1393ی هەتاویدا 937 کەس گیانیان لەدەستدابوو.
لە چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵدا پارێزگای تاران بە 240 کەس، پارێزگای خوراسانی رەزەوی بە 122 و ئیسفەهان بە 62 کەس بەرزترین پلەکانی گیانلەدەستدانی تووشبووانی ماددە سڕکەرەکانیان لە ئێراندا هەیە.
هەروەها پارێزگای ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەو پارێزگایانەیە کە کەمترین رێژەی گیانلەدەستدانی تووشبووان بە ماددە سڕکەرەکانی لە ئێراندا هەیە. لە ماوەی چوار مانگدا لە پارێزگای ورمێ 4 تووشبوو بە ماددەی سڕکەر گیانیان لەدەستداوە.
1/9/2015
مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەو لایەنانە کۆدەبێتەوە، کە بەشداری دوایین کۆبوونەوەی لایەنەکانیان نەکرد.
ئایدن مەعرووف، سەرۆكی فراكسیۆنی بەرەی توركمانی لە پەرلەمانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند " بارزانی سەبارەت بە چارەسەری پرسی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لەگەڵ چەند لایەنێک کۆدەبێتەوە".
بە گوتەی سەرۆكی فراكسیۆنی بەرەی توركمانی " لەگەڵ ئەو لایەنانە کۆدەبێتەوە، کە بەشداری دوایین کۆبوونەوەی لایەنەکانیان نەکرد".
لەپێنجەمین کۆبوونەوەی پێنجقۆڵی، سەبارەت بە پرسی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، داوا لەلایەنەکانی دیکەی ناو حکومەت و پەرلەمان کرا بەشداری شەشەمین کۆبوونەوەی پێنج قۆڵی (پارتی، یەکێتی، گۆڕان، یەکگرتوو و کۆمەڵ) بکەن، بەڵام شیوعی، سۆسیالیست، بزووتنەوەی ئیسلامی و پێکهاتەکانی مەسیحی و تورکمان رەتیانکردەوە بەشداری کۆبوونەوەکە بکەن.
1/9/2015
رۆبهرت فۆرد، تاوەکو ساڵ و نیوێك پێش ئێستا پیاوی ئهمریكا بوو له دیمهشق. فۆرد له سووریا بوو كاتێك سوورییهكان دژی حكومهتهكهیان راپهڕینیان دهستپێكرد، بهڵام ئەو لهبارهی سووریاوە نائومێددهبێت له ستراتیژی سهرۆكهكهی کە باراك ئۆبامایە و دهست لهكاردهكێشێتهوه.
كهمێك دوای رۆیشتنی فۆرد له پۆستهكهیدا، ئامانجی ئهمریكا 180 پله گۆڕا و له رووخانی ئهسهدهوه، ئامانج بووه لێدان له دووژمنێكی ئهسهد، كه ئهویش رێکخراوی دهوڵهتی ئیسلامی (داعش)ه، گرووپێكی تووندڕهوی ئیسلامی، كه بووەته دووژمنی ئهمریكا بهتایبهتی دوای بڵاوكردنهوهی ڤیدیۆی كوشتنی دڕندانهی چهند هاووڵاتییهكی ئهمریكی و رۆژئاوایی لهلایهن ئهم گرووپهوه.
له دیدارێكی تایبهتی رووداودا لهواشنتنی پایتهختی ئەمریکاوە. بۆیهكهمجار به زۆرترین وردهكارییهوه، فۆرد، هۆكاری دهستلهكاركێشانهوهی له ئیدارهی ئۆباما دهخاتهڕوو.
قهیرانی سووریا بووهته گهورهترین قهیرانی مرۆیی له جیهاندا كه تاوەکو ئێستا 250 ههزار كهسی تێدا كوژراوه و ملیۆنههاش ئاوهرهو بێ ماڵ و حاڵ بوون. رۆبهرت فۆرد دهڵێت "رهنگه رووخاندنی ئهسهد هیچی دیکە بیرۆكهیهکی باش نهبێت".
ههركاتێک قهیرانی سووریا قوڵتر دهبێتهوه، كورد زیاتر دهستكهوت بهدهستدههێنن. فۆرد پێشبینی دروستبوونی كیانێكی كوردی دهكات لهو وڵاتەدا.
فۆرد ئێستا گهڕاوهتهوه ئهمریكا تاوەکو له یهكێك له باشترین زانكۆكانی ئهم وڵاته، زانكۆی یهڵ، وانهیهك بڵێتهوه بهناوی "دهوڵهته شكستخواردووهكان".
ئهزموونی سووریا بێگومان یهكێك دهبێت لهو وڵاتانهی كه بۆ خوێندكارهكانی باسدهكات. ئهگهر ئهم شهڕه تهواوبوو، فۆرد دهڵێت "باشترین پلان بۆ سووریا بریتییه له دهوڵهتێكی نامهركهزی تاوەکو گرووپ و نهتهوه جیاوازهكانی وهكو كورد خۆیان حوكمڕانی خۆیان بكهن".
رۆبەرت فۆرد، دیپلۆماتکارێکی ناسراوی ئەمریکایە، لەنێوان ساڵانی 2008 بۆ 2010 جێگری باڵیۆزی ئەمریکا بووە لە عێراق. لە ساڵانی2006 بۆ 2008 باڵیۆزی ئەمریکا بووە لە جەزائیر و لە 2011 شدا وەک باڵیۆزی ئەمریکا لە سووریا دیاریکرا.
فۆرد، لەکاتی سەرهەڵدانی راپەڕینی سووریا لەو وڵاتە بوو. لە ساڵی2014، بەهۆی ناڕەزایەتی لە سیاسەتی ئەمریکا لە سووریا، دەستی لە پۆستەکەی کێشایەوە.
رووداو لەسەر چەندین بابەتی دیکەی وەکو قەرانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و پەیوەندیی نێوان پەیەدە و ئەمریکا هەڤپەیڤینێكی لەگەڵ رۆبەرت فۆرد ئەنجامداوە و لە هەڤپەیڤینەكەدا فۆرد لەمەڕ تورکیا و ئێران هەڵوێستی خۆی دەخاتەڕوو.
هەڤپەیڤینەکە شەوی چوارشەممە،2-9-2015 کاژێر 23:30 خولەک لە تەلەڤزیۆنی رووداو پەخشدەکرێت.
1/9/2015