ئەڵمانیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین ژمارەی خەڵكی تورکییای تێیدا دەژین، هەر لەبەر ئەوە پرسی بۆردومانی پەکەکە لەلایەن فڕۆکەکانی تورکییاوە، تەنها لەلای سیاسییەکان مژارێکی گەرم نییە، بەڵكو هەم دەزگاکانی راگەیاندن هەم خەڵك لەسەر ئەم پرسە قسە و بۆچوونیان خۆیانیان هەیە.
هێرشی فڕۆكه جهنگیهكانی توركیا بۆ سهر بنكهكانی پارتی كرێكارانی كوردستان PKK نهك تهنها لایهنه سیاسییهكانی ئهڵمانیای هێنایه دهنگ، بەڵکو بووەتە باسێکی گەرمی میدیاکانی ئەو وڵاتە لەلایەک و مژاری گفتوگۆی ئەو کورد و تورکانەشە کە نیشتەجێی ئەڵمانیان لەلایەکی دیکەوە.
ئەوانەی لە ئەڵمانیا نیگەرانن بەهۆی شەڕەکەوە تهنها كورد نین، بەڵکو بەشیک لەو تورکانەش کە لە ئەڵمانیان نیگەرانی خۆیان دەردەبڕن و ناڕازین لە هێرشەکانی تورکیا و دووبارە دەستپێکردنەوەی شەڕ لەنێوان تورکیا و پەکەکە.
هەندێک لە هاونیشتیمانیانی کورد گلەیی ئەوە لە تورکیا دەکەن کە تورکیا پەکەکە بە تیرۆرست ناودەبات، ئەوان دەڵێن "ئامانجە سەرەکییەکەی تورکیا لەو شەڕە لاوازکردن و لێدانی هەدەپەیە نەک پەکەکە".
دهنگهكان لە ئەڵمانیا جیاوازن ههندێک له توركهكان دهڵێن"توركیا شهڕی دژی گروپێكی تیرۆرست دهكات نهك دژی كورد" ههندێكی دیكه دهڵێن "ئەردۆغان، شهڕی لهناوبردنی كورد دهكات و پەکەکەی کردووەتە بیانوو".
1/8/2015
سەرۆکی گشتی پارتی نەتەوەپەرستی تورک MHP مەرجەکانی حیزبەکەی بۆ پێکهێنانی حکومەتی هاوپەیمانێتی لەگەڵ پارتی داد و گەشەپێدان AKP دەخاتەڕوو و دەڵێ: "دەبێ پڕۆسەی ئاشتی بخەنە زبڵدانەوە".
ئەگەرچی لەسەرەتای دەستپێکردنی گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەتی تورکیا لە 9-ی تەمووزەوە MHP هەموو دەرگاکانی پێکهێنانی حکومەتی هاوپەیمانی لەگەڵ AKP داخستوون، بەڵام دەولەت باخچەلی چەند مەرجێکی بۆ پێکهێنانی حکومەتی هاوبەشیان خستەڕوو.
باخچەلی گوتی: "تەنیا ئەوە بەس نییە کە مەرجەکانمان قەبوڵ بکات، بەڵکو دەبێ دەست بە قورئانیشدا بدەن، مەهەپە لەبەردەم میللەتەکەی دەست بەقورئاندا دەدات، ئایا ئێوەش ئامادەن ئەوە بکەن؟".
باخچەلی بەم شێوەی باس لە حکومەتی هاوپەیمانیی لە سایەی سوێندنخواردن بە قورئان دەکات: "یەکەم: نابێ هیچ گۆڕانکارییەک لە چوار ماددەی دەستووردا بکرێت، کە دەوڵەتی یەکگرتوو، یەکێتی خاک، ئەنقەرە پایتەختە، زمانمان تورکییە. دووەم: لە باشووری رۆژهەڵات (باکووری کوردستان) و سەرجەم ناوچە و شوێنەکانی دیکەی تورکیا رووبەڕووی پەکەکە دەبینەوە".
هەروەها مەرجی سێیەم دەڵێ: "دەبێ پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، بە چەکەکانیانەوە خۆیان رادەست بکەن، بێ گوناهەکانیان دەنێرینەوە ئامێزی دایکیان، ئەوانەش تاوانیان کردوە دەنێردرێنە بەردەم دادگا و لەوێشەوە بۆ زیندان، چەکەکانیان لە کۆماری تورکیا تۆمار دەکرێن، دۆسیەیی 4-17-25 ی ئۆپەراسیۆنەکانی دژی گەندەڵی دووبارە دەکرێنەوە".
سەرۆکی مەهەپە مەرجی چوارەم بەوە دیاریدەکات کە: "دەبێ دزەکان بنێردرێنە بەردەم دادگا و لەنێویشیاندا بیلال ئەردۆغان، کوڕی رەجەب تەییب ئەردۆغان".
هەروەها مەرجی پێنجەمی ئەوەیە کە دەبێ پڕۆسەی ئاشتی بخرێتە ژێر پێ و فڕێبدرێتە نێو زبڵدانەوە".
دەشڵێ ئەگەر ئەو مەرجانەمان قەبوڵ بکەن بەیەکەوە پڕۆتۆکۆڵی هاوپەیمانێتییەکە دەنووسینەوە، ئەگەر وابێ نەک تەنیا دەستمان دەخەینە ژێر باری ئەو بەردە، بگرە خۆشمان دێینە ژێر باری".
1/8/2015
ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پێیوایە رێککەوتننامەی هاوکاریی سەربازی لەگەڵ رووسیا کاریگەری گەورەی لەیەکلایکردنەوەی شەڕی داعش دەبێت، داواشدەکات، رووسیا پەلەلە جێبەجێکردنی رێککەوتننامەکە بکات.
قاسم ئەعرەجی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رۆژی هەینی 31 ی تەمموزی 2015 لە راگەیاندراوێکدا گوتی" ئەو رێککەوتننامەیەی نێوان عێراق و رووسیا سەبارەت بە پڕچەککردنی عێراق بە چەکی قورس و مامناوەند، کاریگەری زۆری لەسەر یەکلایکردنەوەی شەڕی داعش دەبێت لە ماوەیەکی دیاریکراودا".
ئەوئەندامەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئاماژەی بەوەشدا "پێویستە عێراق بایەخی زۆر بە رێککەوتننامەی هاوکاری سەربازی لەگەڵ وڵاتان بدات، بە تایبەت کە عێراق لە شەڕدایە لەگەڵ چەکدارانی داعش".
ئەعرەجی ئاماژەی بەوەشدا، کە چەکدارانی داعش گورزی کوشندەیان لەلایەن حەشدی شەعبی و چەکدارانی هۆزەکان و هێزە ئەمنییە عێراقییەکان بەرکەوتووە.
رۆژی پێنجشەممە 30-ی تەمموزی 2015 خالید عوبەیدی، وەزیری بەرگری عێراق رێککەوتننامەیەکی هاوکاریی سەربازی لەگەڵ رووسیا واژۆکرد.
1/8/2015
هاوردەکردنی نەوتی ئێران لەلایەن کڕیارە ئاسیاییەکان لە مانگی حوزەیرانی رابردووەوە بەرزبووەتەوە، ئەمەش دواین مانگی ئێران بووە بەر لە واژۆکردنی رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا.
بەپێی داتاکانی حکومەتی ئێران دەرکەوتووە کە لەڕێگای کەشتییە نەوتییە بارهەڵگرەکانەوە قەبارەیەکی زیاتری نەوت هەناردەی بازاڕەکان کراوە و چوار گەورەترین کڕیاری نەوتی ئێرانیش لە مانگی حوزەیران هەریکە لە چین، هیند، یابان و کۆریای باشوور بووە، بەیەکەوە 1.17 ملیۆن بەرمیل نەوتیان هاوردەکردووە رۆژانە و لەسەر بنەمای مانگانەش ئاستەکەی بەرزبووەتەوە بە رێژەی 13%.
ئێران بەهۆی سزا سەپێندراوەکان ئەمریکا و ئەوروپا نەیدواتنی رێژەیەکی بەرز لە نەوتی خاوی خۆی بخاتە بازاڕەکانەوە، بەڵام دوای ئەوەی کە ئێران و رۆژئاوا رێککەوتنیان لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکە واژۆکرد، هەموو سزا ئابوورییە سەپێندراوەکانی سەر ئێران هەڵگیران، بەمەش ئێران دەتوانێت ببێتەوە رکابەرێکی سەرسەختی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت چاوەڕوانیش دەکرێت لەسەرەتای ساڵی داهاتوو دەست بە زیادکردنی ریژەی هەناردەکردنی نەوتی خاو بکات.
لەلایەکی دیکەوە بەپێی داتاکانی وەزارەتی بازرگانی یابان کە رۆژی هەینی31-07-2015 بڵاوکرایەوە، یابان بەڕێژەی 50% هاوردەکردنی نەوتی ئێرانی کەمکردووەتەوە لە مانگی حوزەیران و رۆژانە 93.46 هەزار بەرمیل نەوتی ئێرانی هاوردەکردووە.
1/8/2015
دەرهێنەری گەنج بێری شەلماشی 5 فیلمی دۆكیۆمێنتاری لەسەر ئەو گەنجە كوردانەی رەگەزنامەی هۆڵەندییان هەیە و بە یەكجاری گەڕاونەتەوە كوردستان بڵاودەكاتەوە.
بێری بە (رووداو)ی راگەیاند "لەگەڵ ستافێكی هۆڵەندی 5 فیلمی دۆكیۆمێنتاریم بەرهەمهێناوە و لە كەناڵێكی هۆڵەندی وەك زنجیرەیەك بڵاوكرانەوە".
گوتیشی "سەرەڕای ئەوەی ئێستا كوردستان رووبەرووی شەڕو ئاژاوە بووەتەوە، بەڵام هێشتا كوردی ئەوروپا بە تامەزرۆییەوە دەگەڕێنەوە كوردستان، تەنانەت هەندێكیان هاتوونەتەوە و بوونەتە پێشمەرگە و لە بەرەكانی شەڕن، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێك لە گەنجەكانیش ئێستا بۆ ئەوروپا كۆچ دەكەن، بەڵام كوردی ئەوروپا هەستی نەتەوەییان بەرزترە و ئینتمایان بۆ نیشتیمان هەیە".
31/7/2015
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان تایبەت بە(تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، کە بۆڕی نەوتی هەرێمی کوردستان-جەیهان کە دوێنێ تەقێندرابووەوە، چاککرایەوە.
ئەو سەرچاوەیە رایگەیاند :" لە دیوی تورکیا هێڵی گواستنەوەی نەوت بۆ بەندەری جەیهان دوو هێڵی 40 و 46 ئینجییە، کە نەوتی کوردستان زۆرجار بە بۆڕییە 40 ئینجەکە دەگوازرێتەوە".
بە گوتەی سەرچاوەکەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان:" هەناردەکردنی نەوت لە رێی ئەو هێڵە لە رۆژی دووشەممەی رابردووەوە بەهۆی کاری تێکدەرانە، وەک هەوڵێک بۆ دزیکردنی نەوت راوەستابوو، لەبەر ئەوەش دوای چاککردنەوەی لە رۆژی چوارشەممە 29-7-2015 دیسان تەقێندرایەوەو پەکی کەوت".
بەگوێرەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان نەوتی هەرێمی کوردستان لە ئێوارەی رۆژی رابردووە لە رێی بۆرییە 46 ئینجییەکە دەستی پێکردووەتەوە.
سەرچاوەکە رایگەیاند، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆشحاڵە بە کاردانەوەی بەرپرسانی تورکیا لە چاککردنەوەی بەپەلەی ئەو بۆڕییە.
تانەر یڵدز، وەزیری وزە و سامانە سروشتییەکانی تورکیا رایگەیاند، رۆژی 29ی تەمموز هێرشکراوەتە سەر هێڵی نەوتی کوردستان- جەیهان لە ناوخاکی تورکیا و تەقێندراوەتەوە.
دوای رووداوەکە هێزی پاراستنی گەل HPG، کە باڵی سەربازی پارتی کرێکارانی کوردستانە لەسەر ماڵپەڕی تایبەتی خۆی بەرپرسیارییەتی تەقاندنەوەی بۆرییەکەی گرتە ئەستۆ کە لە شرناخ روویداوە.
31/7/2015
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەری سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان رۆژی پێنجشەممە 30 ی تەمموزی 2015 مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ئەحمەد ئەمیری، یاریدەدەری سكرتێری گشتیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا سەبارەت بە مەترسی دەركەوتنی داعش و هزری تەكفیری لەسەر ئاساییشی جیهان و ناوچەكەو دواپێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکان لە ناوچەكەدا گفتوگۆیانکرد.
ئەمیری ستاییشی رۆڵی هێزی پێشمەرگەی" لە تێكشكاندن و راگرتنی پەلاماری داعش کرد".
یاریدەدەری سكرتێری گشتیی ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوەیی ئێران، جەختیشیکردەوە،" ئاساییش و سەقامگیری و بەهێزیی هەرێمی كوردستان بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران جێگەی بایەخە".
رۆژی سێشەممە 28-7-2015 ، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەحمەد ئەمیری، یاریدەدەری سكرتێری گشتیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران و شاندێكی یاوەری کۆبووەوە.
عەبدوڵڵا ئاکرەیی، بەڕێوەبەری گشتیی بەشی ئێران لە فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کە لە کۆبوونەوەکەدا باسی بارودۆخی عێراق و شەڕی دژی داعش كراوە، هەروەها کێشەی نێوان هەولێر و بەغداش تاوتوێكراوە.
31/7/2015
سەلاحەددین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (HDP) رایگەیاند:" وەستانی پرۆسەی ئاشتی بەو واتایە نایەت، كە قۆناغی ئاشتی و چارەسەری كۆتایی هاتووە".
دەمیرتاش لە دیمانەیەكی لەگەڵ رۆژنامەیەكی ئەمریكیدا رایگەیاند:" داوای چەكدادانی پەكەكە یەكلایەنەیەو تەنیا لەلایەن حكومەتەوە كراوە، پێویستە ئەو جۆرە داخوازییە لەلایەن هەردوو لایەن پێشنیاز بكرابایە".
هاوسەرۆکی هەدەپە پێیوایە" هێشتا توركیا ئەو هەنگاوانەی نەهاویشتووە، كە دەبوو لە قۆناخی چارەسەی ئاشتیدا ئەنجامی بدابووایە، داوای لە پەكەكە كرد كەوا چەكەكانیان دابنێن، لە وەها رەوشێكدا كەوا هیچ هەنگاوێكی یاسایی نەنراوە، زەحمەتە پەكەكە دەستبەرداری چەكدانان ببێت".
هاوسەرۆکی هەدەپە، ئاماژەی بەوەشدا، كە پێویستە" هەردوو لایەنی پەیوەندار بە قۆناخەكە، بۆ ئەوەی قۆناخی ئاشتی کۆتایی نەیەت، بەیەكەوە بانگەواز بكەن و پەكەكەش بەگوێرەی ئەو بانگەوازە هەنگاو دەنێت".
ئامانجەكانی توركیا لەو ئۆپەراسیۆنانەی ئەم دواییەی سووریادا بە بڕوای سەلاحەدین دەمیرتاش، مەبەستی داعش نییە، بەڵكو نەهێشتنو لەناوبردنی ستاتۆی كوردانی رۆژئاوای كوردستانە".
فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا لە شەوی هەینی 25-7-2015 بۆ یەکەمجار لەدوای پرۆسەی ئاشتی هێرشیانکردە سەر بنکە و بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە چەند ناوچەیەکی باشووری کوردستان کە کاردانەوەی ناوخۆیی و دەرەکی زۆری لێکەوتەوەو تاوەکو ئیستایش بۆردوومانەکان بەردەوامە.
31/7/2015
تانەر یڵدز، وەزیری وزە و سامانە سروشتییەکانی تورکیا رایگەیاند، رۆژی ٢٩ی تەمموز هێرشکراوەتە سەر هێڵی نەوتی کەرکوک- جەیهان لە ناوخاکی تورکیا هێڵی نەوتی کەرکووک جەیهان، ئێستا لە ناو خاکی عێراق بووەتە بۆڕی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان کە نەوتی کەرکووک و هەرێمی کوردستان هەناردەی بەندەری جەیهان دەکات.
پێشتر هێڵی کەرکووک جەیهان بەو هێڵە دەگوترا کە لە کەرکووکەوە و لە ناو خاکی موسڵ دەگەیشتە سنووری تورکیا، بەڵام بەهۆی تێکدانەکان ئەو بەشەی بۆڕییەکە بەتەواوەتی لەناوچووە.
لە بەیاننامەیەکدا وەزیری وزەی تورکیا رایگەیاند "پێدەچێت ئەو هێرشە بەهۆی تەقاندنەوەی بۆمبێک بێت کە لە 18 کیلۆمەتری شاری جزیرە لە پارێزگای شێرناخ روویداوە".
یڵدز لەو بەیاننامەیە رایگەیاند کە پاش ئەو هێرشە ئەوان ڤەڵڤەکانیان داخستووە بۆ ئەوەی نەوتی زیاتر لەو بۆڕییە نەڕوات و هەموو رێوشوێنێکی پێویستیان گرتووەتەبەر.
بەپێی وەزیری وزەی تورکیا، ئەو هێرشە کاریگەری لەسەر ئاستی دابینکاری و خواستی نەوت نەکردووە.
دوای رووداوەکە هێزی پاراستنی گەل HPG، کە باڵی سەربازی پارتی کرێکارانی کوردستانە لەسەر ماڵپەڕی تایبەتی خۆی رایگەیاندووە کە "لەو شوێنە کارێکی تێکدەریان ئەنجامداوە".
وەزیری وزەی تورکیا جەخت دەکاتەوە چەند رۆژێکە هێرشکراوە تەسەر دامەزراوە نەوت و گازییەکانی ئەو وڵاتە و بەگوێرەی ئەو تیرۆریستان ئامانجیانە شوێنە ستراتژییەکان و سەقامگیری و گەشەپێدانی تورکیا راگرن. رۆژی پێشووتر، هێڵی هەناردەکردنی گازی ئێران بۆ تورکیا لە پارێزگای ئاگری لە نزیک سنووری ئێران تەقێندرایەوە.
بەرپرسێکی ئێرانی رایگەیاندووە لە ماوەی سێ رۆژدا ئەو بۆڕییە نۆژەندەکرێتەوە و هەناردەکردنی گازی سرووشتی بۆ تورکیا دەسپێدەکاتەوە.
یەدۆڵا بایبۆردی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای هەناردەکردنی گازی ئێران رایگەیاند کە لە ماوەی سێ رۆژدا نۆژەنکردنەوەی بۆڕی هەناردەکردنی گازی سرووشتی بۆ تورکیا تەواودەبێت.
تورکیا بۆ دابینکردنی پێویستییەکانی ناوخۆی بە وزە، بەتەواوەتی پشتی بە هاوردەکردنی نەوت و گاز لە دەرەوەی ئەو وڵاتە بەستووە.
رۆژانە نزیکەی 600 هەزار بەرمیل نەوت لە رێی بۆڕی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەگوازرێتەوە بۆ بەندەری جەیهان.
هەروەها تورکیا سەدا 25 ی خواستی خۆی بۆ گازی سرووشتی لە رێی بۆڕی هەناردەکردنی گازی سرووشتی ئێران بۆ تورکیا دابین دەکات.
30/7/2015
فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی رەخنەی لە لایەنەکان دەگرێ کە پارتی لە بەر چاوی رای گشتی رەش دەکەن و دەڵێ "پارتی هەست بە غۆبن (مافخوران) دەکات".
میرانی لە میانەی سەردانی شاندی حیزبەکەی بۆ لای حیزبی شیوعی کوردستان لەسەر پرسی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد کە گۆڕینی شێوازی حوکم وا بەئاسانی نییە، بەڵکو دەبێ بەهۆی نووسینەوەی دەستوورێک یان شۆڕشێک ئەوە رووبدات، میرانی دەڵێ "پارتی دەرگای گفتوگۆی واڵایە".
بەڵام یەکێتی و گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان دژی داواکەی پارتین بۆ مانەوەی ٢ ساڵی دیکەی بارزانی لە پۆستەکەیدا. حیزبی شیوعی کوردستان رایدەگەێنێ "ئەگەر لەسەر ئەو پرسە دەرگاکان داخران دەبێ بگەڕێنەوە بۆ رای خەڵک، ئەو کات گەلی کوردستان بڕیاری خۆی دەدات".
فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی لەمیانەی سەردانی حیزبەکەی بۆ لای حیزبی شیوعی نەیشاردەوە گەلەکۆمە لە پارتی دەکرێ و "گۆڕینی سیستەمی حوکم و شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆک وا ئاسان نییە، بگرە مەگەر بە شۆڕشێک ئەنجامبدرێ".
بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتی، کە ئێستا لە هەموو کات زیاتر نزیکی یەکن و لەسەر پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئازاری پارتی دەدەن، بە داواکەی پارتی بۆ مانەوەی بارزانی لە پۆستەکەی رازی نین.
تەنانەت دەڵێن هێشتا نازانین مانەوەی بارزانی لە پۆستەکەی تەنیا رای پارتییە یان خودی بارزانی.
پارتی توانیویەتی رای حیزبەکان نزیکی خۆی بکات. حیزبی شیوعیش ئێستا وەکو پارتی بیردەکاتەوە کە بۆ شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆک دەبێ بگەڕێنەوە بۆ رای خەڵک، کە ئەمە دژی خواستی یەکێتی و گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی و تاڕادەیەک یەکگرتووی ئیسلامیشە.
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی کە داوایکرد ناوی نەهێنرێ گوتی "قسەی راست و دروست لەسەر ئەم کێشەیە ئەوەیە. نە یەکێتی و گۆڕان کە کۆمەڵی ئیسلامیش لەگەڵیانە ئامادەن بۆ پارتی سازش بکەن، نە پارتیش ئامادەیە سازش بکات و بووەتە شەڕی ئیرادە. هەر لایەنێ سەر بکەوێ ئیدی سەرەتای دۆڕاندنیانە بۆ ماوەیەکی درێژ".
30/7/2015
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رەزامەندی نیشاندا بۆ واژۆکردنی گرێبەستێک بە بەهای 5 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بۆ فرۆشتنی سیستەمی مووشەکی پاتریۆت پاک 3 بۆ دژەفڕۆکە.
ئاژانسی هاریکاری ئەمنی سەر بە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ئاشکرایکردووە، کە ئەو گرێبەستە سوودی بۆ هاوپەیمانێکی سەرەکی ئەمریکا دەبێت لە ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و کۆنگرێسی ئەمریکا لەو بابەتە ئاگاداركراوەتەوە.
کۆمپانیای لۆکهید مارتن، بەرهەمهێنەری مووشەکی پاتریۆت پشتگیری خۆی بۆ ئەو گرێبەستە نیشانداوە کە ئامانج لێی بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی شانشینی سعودیەیە.
پاتریۆت پاک 3 ، پێکدێت لە سیستەمی بەرگری ئاسمانی پێشکەوتوو، بۆ رێگەگرتن لە فڕۆکە و مووشەک. هەروەها ئێستا بەشێکە لە سیستەمی بەرگری وڵاتانی ژاپۆن، ئەمریکا، ئەڵمانیا، تایوان، ئیمارات و هۆڵەندا.
30/7/2015
نێچیرڤان بارزانی رایدەگەیێنێت :" بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بودجەو نەوت ئامادەیە سەردانی بەغدا بکات". راشیگەیاند:" با نەتەوە یەکگرتووەکانیش چاودێری ھەناردەکردنی نەوتی کوردستان بکات".
رۆژی چوارشەممە 29ی تەمموزی 2015 نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ئێگھارد برۆس باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق و شاندێکی یاوەری کرد.
لە دیدارەکەدا برۆس ھیوای خواست" کێشەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لە رێگەی دیالۆگ و گفتوگۆوە چارەسەر بکرێن"، سیستمی فیدراڵیشی بە باشترین سیستەمی دەسەڵات بۆ عێراق زانی.
باڵیۆزی ئەڵمانیا جەختی لەوە کردەوە کە" وڵاتەکەی لە ھاوکارییکردنی پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعش بەردەوام دەبێت و سوپاسی خەڵک و حکومەتی ھەرێمی کوردستانی کرد کە سەرەڕای ئەو بارە قورسە داراییەی کەوتۆتە سەر شانیان، پێشوازییان لە ژمارەیەکی زۆری ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر کردووە و بە شێوەیەکی زۆر باش پێداویستی و جێگەی حەوانەوەیان بۆ دابینکردوون".
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەدیدارەکەدا هیوای خواست کێشەکان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکرێن و ئامادەییی خۆیشی دەربڕی کە بۆ چارەسەرکردنی ھەموو کێشەکان لەگەڵ بەغدا، بە تایبەتی لە بوارەکانی بودجە و نەوتدا، سەردانی بەغدا بکات.
نێچیرڤان بارزانی ئامادەیی حکومەتی ھەرێمی کوردستانی دەربڕی کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان بێن و چاودێریی شەفافییەتی ناردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە بکەن، ئاماژەی بەوەش دا" کاتێک ساڵی2003 چوونە بەغدا، بە ئومێدی دروستکردنی عێراقێکی نوێ بوون، بەڵام ئەمە رووینەدا".
سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان سوپاسی ھاوکارییەکانی ئەڵمانیا و وڵاتانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کرد کە لە شەڕی دژی داعشدا پێشکەش بە ھێزی پێشمەرگەیان کردووە و" ھۆکارێک بوون بۆ ئەوەی پێشمەرگە لە سەرکەوتنەکانی بەرامبەر تیرۆر بەردەوام بێت".
نێچیرڤان بارزانی، ھیوایشی خواست ئەڵمانیا لە ھەردوو بواری مرۆیی و سەربازییەوە زیاتر ھاوکاریی ھەرێمی کوردستان بکەن بۆ ئەوەی بتوانن لە ھەردوو بوارەکاندا باشترین خزمەتگوزاری پێشکەش بە خەڵک و خاک و ئاوارە و پەنابەران لە ھەرێمی کوردستان بکەن.
29/7/2015
لە بەیاننامەیەکدا ناوەندی هەماهەنگی ئەنجوومەنی وەزیرانی تورکیا ئاشکرای دەکات، کە لە 24 ی تەمموزی 2015ـەوە تاوەکو ئێستا لە 39 شاری تورکیا و لە 39 شاردا هەزار و 302 کەس دەستگیرکراون.
هەروەها لەبارەی ئەو ئۆپەراسیۆنانەی دەیکەنە سەر بنکە و بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان PKK هاتووە: "لە شەوی 28 لەسەر 29 -ی تەمموزی 2015 لە هەریەکە لە زاپ، مەتین، گارە، ئاڤاشین، خواکوڕک و قەندیل بنکە و بارەگاکانی پەکەکە کراونەتە ئامانج".
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بە بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنەکانی دەستگیرکردنی لایەنگرانی پارتی کرێکارانی کوردستان PKK، بەرەی رزگاریخوازی گەلی شۆڕشگێڕ DHKP-C و داعش کراوە.
هەروەها گوتراوە کە شەوی 29 ی تەمموز لە 39 شار ئۆپەراسیۆنیان ئەنجامداوە و لە ئەنجامدا هەزار و 302 کەس دەستگیرکراون، بەشێک لە دەستگیرکراوەکانیش رێوشوێنەکانی دادگایان تەواو بووە و ئەوانی دیکەش کاری دۆسیەکەیان درێژەی هەیە.
دوای تەقینەوەکەی پرسووس وکوشتنی دوو پۆلیسی تورک لەلایەن ئەندامانی پەکەکە، گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان پارتی کرێکارانی کوردستانPKK و تورکیا دروست بوو، دوای ئەمەش شەوی هەینی 24-7-2015 فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا دەستیان بە بۆردوومانی بارەگاکانی پەکەکە كرد، تاوەكو ئێستاش ناوەناوە ئەو بۆردوومانكردنە بەردەوامە و ژمارەیەك گەریلاش بەهۆی بۆردوومانەكان شەهید و برینداربوونە.
29/7/2015
لیوا مەهدی نیعمەت وائیلی بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتی رەگەزنامەی عیراقی رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، كە كارتی نیشتیمانی چەند كوالێتییەكی بەرزی دەبێت و بە هەردوو زمانی كوردی و عەرەبی لەسەری دەنووسرێت.
وائیلی لە بەیاننامەیەكدا ئاماژە بەوە دەكات " كارتی نیشتیمانی هێڵی ئاساییشی سێ رەهەندی كە سیمبولەكانی عێراق: نەخشە، ئاڵا و دروشمی كۆماریی عێراقن لەسەر دەبێت" راشیگەیاند " كارتی نیشتیمانی بە هەردوو زمانی كوردی و عەرەبی كە لە دەستووری عێراقیدا دانیان پێدانراوە لەسەری دەنووسرێت".
دوێنێ سێشەممە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە كۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا خوێندنەوەی یەكەمی بۆ پڕۆژەیاسای كارتی نیشتیمانی كرد.
تاریق حەرب، پسپۆڕی یاسایی رۆژی دووشەممە رایگەیاند كە پڕۆژەیاسای كارتی نیشتیمانی هەموو پارێزگاكانی عێراق بەبێ جیاوازی و بەهەرێمی كوردستانیشەوە دەگرێتەوە.
حەرب ئەوكاتە بە رووداوی راگەیاند " بڕیارەكەی حكومەتی مەركەزی بۆ پڕۆژەیاسای كارتی نیشتیمانی بۆ ئەوەیە كارئاسانی بۆ كاروباری خەڵكی بكرێت لە بەڕێوەبەرایەتییە حكومییەكان" گوتیشی " هەرچوار بەڵگەنامەی فەرمی كە ناسنامەی باری كەسی، رەگەزنامەی عێراقی، فۆرمی بیمەی خۆراك و كارتی زانیارین كۆدەكرێنەوە و كارتی نیشتیمانیان لێ پێكدێت و بەهۆیەوە خەڵكی لەجیاتی ئەوەی پێویستیان بە چوار بەڵگەنامەی فەرمیبێت لە دامودەزگا حكومییەكان تەنیا پێویتسان بەو كارتە دەبێت".
29/7/2015
عوسمان بایدەمیر، ئەندامی پەرلەمانی تورکیا لەسەر لیستی پارتی دیموكراتی گەلان هەدەپە، بەناوی پارتەکەیەوە گوتەیەکی لە دانیشتنی نائاسایی پەرلەمانی تورکیا پێشکەشکرد، کە تائێستاش كۆبوونەوەكە بەردەوامە.
کۆبوونەوەکە لەسەر داوای پارتی گەلی کۆماری جەهەپە و بەبەمەبەستی قسەکردن لەسەر رووداوەکانی ئەم دواییەی تورکیا بەتایبەت شەڕی نێوان تورکیا و پەکەکە ئەنجامدەدرێت.
عوسمان بایدەمیر لە گوتەكەیدا رایگەیاند، کە ئەو بانگەوازی خۆی ئاڕاستەی ویژدانی پەرلەمانتاران دەکات و گوتی: "ئەگەر ئیرادەیەکی راستەقینە هەبێت ئەوا لە ماوەی 48 کاژێردا شەڕ رادەوەستێت".
بایدەمیر دەسەڵاتی پارتی دادوگەشەپێدان ئاک پارتی و رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرککۆماری تورکیای بە هەوڵدان بۆ رێگریکردن لە ئاشتی تۆمەتبارکرد و گوتی " ئەوان شەڕیان ناوێت، بەڵام تەسلیمیش نابن". بایدەمیر گوتیشی:" دژی رشتنی خوێنین جا هی سەرباز بێت یان پۆلیس یان گەریلا".
29/7/2015