وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراویکدا رایگەیاند، کە حکومەت لە سەرجەم ئەو پێشینانەی لە ئەستۆی شەهیدانی بەرەنکانی جەنگی دژ بە تیرۆرن خۆشبوو.
شەهیدانیش بەپێی راگەیەندراوەکە : پێشمەرگە، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ هاووڵاتیانی خۆبەخش و فەرمانبەرانی راژەی شارستانی دەگرێتەوە کە " لەشەڕی دژی تیرۆر شەهیدبوون" و قەرزە حکومییەکانیش: پێشینەی هاوسەرگیری و خانووبەرە و سندوقی نیستەجێبوون دەگرێتەوە.
بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی پێشمەرگەش، ژمارەی شەهیدانی شەڕی داعش گەیشتووەتە هەزار و 205 شەهید
18/6/205
ئەندامێکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان KCK رەخنە لە دەمیرتاش دەگرێ بەهۆی رەتکردنەوەی پێکهێنانی هاوپەیمانێتی لەگەڵ پارتی داد و گەشەپێدان AKP".
موراد قەرەیڵان، رەخنەکەی ئاراستەی ئەو قسەیەی دەمیرتاش بوو کە پێشتر گوتی: "هیچ بژاردەیەکمان نییە بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانێتی لەگەڵ AKP".
هەروەها دەڵێ: "هادەپە ئەو بەڵێنەی خۆی بەجێهێنا، کە بە ئەردۆغانی گوت ناتکەین بە سەرۆک، لێرەوە پێویستە هەنگاوی زیاتر بهاوێژرێ".
لەبارەی نزیکبوونەوەی پارتی دیموکراتی گەلان HDP لە گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەتی هاوپەیمانی لە تورکیا قەرەیلان گوتی: "هەدەپە بەرتەسکانە لەو پرسە نزیکدەبێتەوە، بەڵام بەر لە هەر شتێک هادەپە بە رێژەیەکی زۆر بەربەستی سەدا 10 ی تێپەڕاند و ئەو بەڵێنەیشی بەدیهێنا کە بە ئەردۆغانی گوت ناتکەین بە سەرۆک، دەبێ لێرەوە هەنگاوی زیاتر بنێت، خەڵک لەگەڵ گۆڕانکاری دیموکراسییە و پێویستە هادەپە پێشڕەوی ئەو گۆڕانکارییە بکات".
هەروەها دەڵێ: "پێویست ناکا بڵێن ئەمە دەکەین و ئەوە ناکەین، لەم جۆرە هەڵوێستەدا سۆزداریی هەیە، ئەمە کارێکی دروست نییە لە سیاسەتدا، لەجیاتی خۆبەندکردنیان لە حساباتی لەمجۆرە پێویستە لەسەر بنەما گشتییەکان گفتوگۆ بکەن".
رەخنە لە دەمیرتاش دەگرێ و پشتیوانی یوکسەکداغ دەکات
قەرەیلان لەبەرامبەردا پشتیوانی بۆ هەڵوێستی فیگەن یوکسەکداغ دەربڕی، کە گوتبووی: "ئێمە بۆ هەموو پێشنیارێک بۆ پێکهێنانی حکومەتی هاوبەش کراوەین، بۆ ئەو کێشانەی کە سەرهەڵدەدەن ئامادەین ئەوەی بکەوێتە سەر شانمان بۆ چارەسەرکردنیان ئەنجامی بدەین".
بە گوتەی قەرەیلان: "ئەو هەڵوێستە فیگەن ئەو رەوشەی هادەپە تێدەپەڕێنێ کە خۆی وابەستەی گۆشەیەکی بەرتەسک کردووە، بەڵام ئەگەر ئەمە کاریگەرتر و خێراتر بکرێ ئەرێنیتر دەبێت".
هەرەوەها دەڵێ: "هادەپە وا مامەڵە دەکات وەک ئەوەی هیچ کێشەیەک لە ئارادا نەبێت و دەڵێن (دەبینە ئۆپۆزیسیۆنێکی خودان بەخودانێکی سەربەرزانە)، وەرن سەرەتا چارەسەرییەکان دیاری بکەین، ئەو چارەسەرییە چۆن دەبێت، تاوەکو کێشەی کورد چارەسەر نەبێت دەوڵەتی توکیا ناتوانێ یەک هەنگاویش بچێتە پێشەوە".
18/6/2015
سەرۆکی پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا MHP، سەرۆککۆماری تورکیا و حکومەتی وڵاتەکەی لە کۆنتڕۆڵکردنی گرێ سپی لەلایەن یەکینەکانی پاراستنی گەل YPGوە بە بەرپرسیار دەزانێت و دەڵێ: "کورد لە سووریا بە پشتیوانی ئەمریکا دەوڵەتێکی کوردی لە باکووری سووریا دادەمەزرێنێ".
دەولەت باخچەلی، لەبارەی ئەوەی ناوی دەنێ (ئاسایشی نەتەوەیی) هۆشداری دا و گوتی: "PYD-YPG بە پشتیوانی ئەمریکا لە نزیک سنوورەکەمان ئاڵای خۆیان دەشەکێننەوە، ئەمریکا لە ئاسمان بۆردومان دەکات و PYD و PKKش لە زەمین پێشڕەوی دەکەن".
بەبۆچوونی ئەو: "دەوروبەری تورکیا بە (رێکخراوی تیرۆریستی) دەتەنرێ، خەریکە دەروازەی نێوان جزیرە و کۆبانێ کە ئەو بە (عەینولعەرەب ناوی دەهێنێ) دەکرێتەوە، خەریکە کانتۆنەکانی پەکەکە یەکدەگرنەوە، پایەی رۆژئاوای کوردستان دادەمەزرێ".
باخچەلی بە ئاماژەدان بە بورکان ئەل فورات و سوپای ئازادی سووریا کە، کە دوو هێزن لە بەرەی پارتی یەکێتی دیموکراتی PYD شەڕیانکرد بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی گرێ سپی گوتی: "ئەو گرووپانەی کە ئاکەپە رایهێنان و پڕچەکی کردن ئێستا لە بەرەی PYD و PKK شەڕ دەکەن، گوایە کە شەڕ لە دژی داعش دەکەن، لەماوەی هەفتەیەکدا 16 هەزار سووری هاتنە تورکیا، بەڵام تورکمانەکان هاوار دەکەن و کەس نییە بیانبیستێ".
دوێنێ چوارشەممە 17 ی حوزەیرانی 2015 گوتی: " ئەگەر هاوپەیمانێتی لەنێوان AKP و HDP پێکنەیەت، یان هاوپەیمانێتی نێوان AKP و CHP سەرنەگرێت، پێویستە HDP، AKP و CHP بەیەکەوە هاوپەیمانێتی پێکبهێنن".
لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی کەمینەشەوە گوتی: "پێکهێنانی حکومەتی کەمینە بێ دەرەنجامە و کارێکی دروست نییە، هەر حکومەتێکیش کەپارتی دیموکراتی گەلان HDP ی تێدابێت لە رۆژەڤی ئێمەدا نییە، قسە لەسەر سەرجەمی دەنگی هەر سێ حیزبەکە(واتە؛ جەهەپە، مەهەپە و هەدەپە) دەکرێ، ئەمانە قسەی بێ مانان".
18/6/2015
ڤلادمێر پوتینی، سەرککۆماری رووسیای فیدرال ڕایگەیاند، رووسیا ٤٠ مووشەکی بالستیک و کیشوەربڕ دەخاتە سەر هێزی ئەتۆمی وڵاتەکەی.
هەرچەندە پوتین باسی شوێنی جێگیرکردنی ئەو مووشەکانەی نەکرد، بەڵام چەند رۆژێک پیش ئێستا پلەدارێکی رووسی ڕایگەیاندبوو، کە وڵاتەکەی "هێزی سەربازی خۆی لە ڕۆژئاوای رووسیا زیاد دەکات"، هەروەها رایگەیاندبوو، کە ئەم لێدوانەی ئەو تاکە لێدوانی بەرپرسانی رووسیا لەسەر ئەو پرسە نابێت.
لێدوانەکەی پوتین تەنیا ڕۆژێک دوای ئەو پەیامەی ئەمەریکا دێت، کە تێیدا هاتبوو" بڕیارە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چەکی قورسی خۆی لە وڵاتانی خۆرهەڵاتی ئەوروپا جێگیر بکات".
18/6/2015
فەرماندەیەکی سەربازی باڵای هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی رێکخراوی داعش رایگەیاند هۆکاری کەوتنی شاری رومادی لە رۆژئاوای عێراق مانگی رابردوو بە دەستی رێکخراوی داعش، کشانەوەی "بێ بیانوو"ی هێزەکانی عێراق بوو.
جەنراڵ کریستۆفەر گیگا، فەرماندەی سەربازی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش کە ئەمریکا سەرپەرشتی دەکات، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا لە بەغدا راشیگەیاند:"رومادی بۆیە کەوت، چونکە فەرماندە عێراقییەکە کشانەوەی هەڵبژارد، بە واتایەکی دیکەش، ئەگەر بڕیاری مانەوەی بدایە ئەوا تا ئێستا لەوێ دەمایەوە".
جەنراڵ کریستۆفەر گیگا گوتیشی کەوتنی "رومادی سەرکەوتن نەبوو بۆ داعش، داعش لە رومادی سەرنەکەوت، داعش لە رومادی شەڕی نەکرد و سوپای عێراقی کشانەوە".
چەکدارانی داعش لە 17/5/2015 شاری رومادی ناوەندی پارێزگای ئەنباریان لە رۆژئاوای عێراق بە تەواوی کۆنترۆڵ کرد. دوای ئەوەی هێزەکانی عێراق بە سوپا و پۆلیس و دژەتیرۆر و هێزەکانی سوات و چەکدارانی هۆزەکانی سوننە لە شارەکە کشانەوە.
18/6/2015
رابەری گشتی کۆماری ئیسلامی ئیران لە کاتی پێشوازیکردن و کۆبوونەوەی لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە تاران رایگەیاند:" ئێران رەوشی ئەمنی و سەقامگیری عێراقی بەلاوە مەبەستە و بارودۆخی ئێستای عێراق پێویستی بەتەبایی ویەکڕیزی نێوان پێکهاتەکانی هەیە، هاوکات سوپا وهێزە ئەمنییەکانی عێراق لە رووبەرووبوونەوەی چەکدارانی داعش بەرگری لەخاکیان دەکەن و حەشدی شەعبیش یەکێکە لە هێزە کاریگەرییەکانی عێراقە لە دژایەتیکردن وشەڕکردنی جەکدارانی داعش لە عێراق".
رابەری گشتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کۆبوونەوەکەیدا بە حەیدەر عەبادی ئاماژەی بەوەشکردووە :" هێزەکانی حەشدی شەعبی شوێنیان لە بەرگری وپاراستنی عێراق دیارو بەرچاوە هەربۆیەش دڵنیام حەشدی شەعبی ئایندەیەکی گەشی لەبنیادنانەوەی ئەمنی عێراق هەیە و هێزێکی ئازاوکاریگەری ئێستای عێراقە.
خامەنەیی هەروەها بۆ عەبادی گوتویەتی، شەڕی تیرۆر لە عێراق مەترسی لەسەر تەواوی ناوچەکە هەیە ولەبەرئەمەش ئەم شەڕەی داعش بە یەکڕیزی ویەکدەنگی هێزوپێکهاتەکانی دیکەی عێراق دەکرێت وهاوکات ئێران ئامادەیی تەواوی هەیە لە هاوکاری و پشتیوانی هێزەکان لە رووبەرووبوونەوەی داعش.
رۆژی چوارشەممە 17 ی حوزەیرانی 2015، حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تارانی پایتەخت و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆبووەوە، بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو تەوەری گفتوگۆکانی عەبادی لەگەڵ بەرپرسانی تاران تایبەت بووە بە بواری ئەمنی و ژینگە و گەشتوگوزار، هەروەها باسکردنی پرسی چەکدارانی حەشدی شەعبی بووە.
18/6/2015
بریارە هەر پێنج حیزبەکەی بەشدار لەحکومەتی هەرێمی کوردستان، لەسەر ئاستی باڵا و لەهەولێر کۆببنەوە و لەگرنگترین تەوەرەکانی کۆبوونەوەکەش پرسی دەستوور و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەبێت.
محەمەد حەکیم، گوتەبێژی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:" رۆژی چوارشەممە 17-5-2015 هەر پێنج حیزبەکە لەسەر ئاستی باڵا کۆدەبنەوەو عەلی باپیر، ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان بەشداریی کۆبوونەوەکە دەکات".
بە پێی زانیارییەکانی رووداو، کۆبوونەوەکە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەبێت و پرسی دەستووری هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە تەوەرە گرینگەکانی کۆبوونەوەکە دەبن.
17/6/2015
بەڕێوەبەرایەتی نەخۆشخانەی گوڤەن لە ئەنقەرە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند:" کاژێر 2:10 خولەکی بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە 17 ی حوزەیرانی 2015، سلێمان دەمیرل سیاسەتمەدار و سەرۆککۆماری پێشووتری تورکیا بەهۆی نەخۆشییەوە لە ئەنقەرەی پایتەخت گیانی لەدەستدا".
بە گوێرەی بەیاننامەکەی نەخۆشخانەی گوڤەن، سلێمان دەمیرل لەرێککەوتی 13 ی ئایاری 2015، بەهۆی سستبوونی گورچیلەکانی و هەبوونی کێشەی هەناسەدان، لە نەخۆشخانەکەیاندا خەوێندراوە و لەژێر چاودێری وردی پزیشکیدابووە، هاوکات بەردەوام رەوشی تەندروستی دەمیرل بەرەوخراپی چووە و بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە گیانی لەدەستداوە.
دەمیرل لە 1-11-1924 لەگوندێکی سەربەشارۆچکەی ئەتابەی سەربە پارێزگای ئسپارتە لەدایکبووە و ساڵی 1949 بەشی بیناسازی کۆلیژی ئەندازیاری لە زانکۆی ئیستەنبۆڵ تەواوکردووە.
ساڵی 1962 دەستی بەکاری سیاسی کردووە لە ریزەکانی پارتی داد و لە ساڵی 1964 دەبێتە سەرۆکی گشتی پارتەکە، ساڵی 1965 دەبێتە پەرلەمانتارو پارتەکەی یەکەمی هەڵبژاردن بەدەستدێنێت و دەبێتە دوازدەیەمین سەرۆکوەزیرانی تورکیا و حکومەت پێکدێنێت.
سالی 1973 پارتەکەی لەهەڵبژرادن دەبێتە دووەم پارت و هەرلەو ساڵە پارتەکەیان دەبێتە ئۆپۆزسیۆنی تورکیا و ماوەی 10 ساڵ کاری سیاسی لەسەر خۆی وپارتەکەی قەدەخەدەکرێت و ساڵی 1987 لەئەنجامی راپرسییەک قەدەخەکردنی کاری سیاسی لەسەر دەمیرەل هەڵدەگیرێت، لە هەمان ساڵ دەبێتە سەرۆکی پارتی رێگای راست و لەهەڵبژاردنە گشتییەکانی ساڵی 1987 بۆ جارێکی دیکە دەبێتەوە پەرلەمانتار.
لەساڵی 1991 لەهەڵبژاردنە گشتییەکانی تورکیا دەبێتە یەکەمی هەڵبژاردن و لەگەڵ پارتی سۆسیالیستی تورکیا حکومەتی هاوبەش پێکدەهێنن و تاساڵی 1993 وەک سەرۆکوەزیران بەردەوام دەبێت.
17/6/2015
لەبەرامبەر یەکدەنگبوونی فراکسیۆنەکانی گۆڕان، یەکێتی، یەکگرتوو و کۆمەڵی ئیسلامی بۆ هەمووارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڕەشەی هەڵوەشانەوەی حکومەت و پەرلەمان و هەموو ئەو رێککەوتنانە دەکات کە پێشتر حیزبەکەی لەگەڵ ئەو لایەنانە واژۆیان کردووە.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی کوردستان هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی حکومەت و پەرلەمان و هەموو ئەو رێککەوتنانە دەکات کە لەگەڵ لایەنەکانی دیکە لە هەرێمی کوردستان و بەغدا هەیەتی بۆ دابەشکردنی پۆستەکان، لەئەگەری هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و یەک دەنگ بوونی گۆڕان، کۆمەڵ، یەکێتی و یەکگرتوو، لەسەر ئەو بابەتە.
ئومێد خۆشناو سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان لە لێدوانێکی بۆ رووداو گوتی:" ئەو هەڕەشەیەیی پارتی دوای ئەوە دێت کە لایەنەکانی دیکە دەیانەوێت یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هەموار بکرێتەوە و دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم کەم بکەنەوە و شیوازی هەڵبژاردنی سەرۆک لە ناو خەڵکەوە بگۆڕن بۆ پەرلەمان".
ئەم پێکەنینە سیاسیەی یەکێتی لەگەڵ پارتی خەریکە کۆتایی دێت. چونکە پاڵی داوەتە پاڵ گۆران و ئەویش پرۆژەی بۆ هەمواری یاساکە هەیە و پێچەوانەی خواستی حزبە هاوپەیمانەکانە.
بێگەرد تاڵەبانی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان، دەربارەی رێککەوتنی فراکسیۆنەکان پەرلەمانی کوردستانلەسەر هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم گەوتی:" رێکەوتنی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان لەسەر هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان شکستی هێنا، زۆربەی لایەنەکان پرۆژەیان بۆ ئەوە هەیە و دەیانەوێت هەموارەکە بە دڵی خۆیانبێ، کۆمەل و یەکگرتووش پرۆژەیەکیان هەیە.
مەروان گەڵاڵی- سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ لە پەرلەمانی کوردستانیش گوتی:" لە پەرلەمانی کوردستان ئەو مشتومڕەی فراکسیۆنەکان لە کاتێکدایە بارزانی داوای هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کردووە، بەو یاسایەی کە ئێستا بەرکارە، ئەگەر کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان ئامادەیی هەڵبژاردنی هەبێ، پرۆژەی فراکسیۆنەکان بۆ هەمواری یاسای سەرۆکایەتی ، بەهایەکیان نامێنێ".
17/6/2015
سەرۆکی شارەوانی سنە دانبەوەدا دەنێت کە لەسەر گەندەڵی لە شارەوانی سنە11 کەس دەستبەسەر کراون.
بەگوتەی سەرۆکی شارەوانی سنە، ئەو کەسانەی دەستگیرکراون، مووچەیان بە کەسانێک داوە کە فەرمانبەری شارەوانی نەبوونە. گەندەڵییەکانی شارەوانی سنە بە چەندین ملیار تمەن دەخەمڵێندرێ، کە بەشی زۆری لە بواری دروستکردنی خانووبەرەدا بووە.
پرسی گەندەڵی گەورەترین رووداوێک بووە کە لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا شارەوانی سنە لەگەڵی بەرەوڕوو بووە. پرسێک کە سەرەتا رەتکرایەوە، بەڵام وردە وردە بەرپرسان ناچار بوون دانیپێدا بنێن.
غەریب سەجادی، ئەندامی ئەنجومەنی شاری سنە، سەرەتاکانی مانگی رێبەندان دان بەوەدانا کە گەندەڵی دارایی روویداوە. دواتریش پارێزگاری سنە لە مانگی رێبەندانی رابردوو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا هەواڵی گەندەڵی دارایی لە شارەوانی سنەدا پشتڕاستکردەوە و گوتی: لەو پەیوەندییەدا چەندین کەس دەستگیرکراون.
ئەمە دەرفەتی رەخساند تا بە راشکاوی زیاترەوە باسی گەندەڵییەکانی شارەوانی بکرێ. هێشتا بە وردی بڕی گەندەڵییەکە روون نیە، بەڵام باس لە چەندین ملیار تمەن دەکرێ. بەشێکی پەیوەندیی بە دروستکردنی خانووبەرەوە هەیە.
کامیاب شادمان، سەرۆکی شارەوانی سنە، دەڵێ: لە رەوتی گەندەڵییەکانی شارەوانیدا 11 کەس دەستبەسەر کراون و ئێستا لە زینداندان.
بەگوتەی سەرۆکی شارەوانی سنە، یەکێک لەو تۆمەتانەی کە دراوەتە پاڵ ئەو کەسانە ئەوەیە کە" مووچەیان بە کەسانێک داوە کە فەرمانبەری شارەوانی نین". شادمان دەڵێ:" سەرەتا ئەوە شارەوانی بوو کە گەندەڵیی دارایی ئاشکرا کر و دواتریش ئەندامانی ئەنجومەنی شار پشتیوانیان لە شارەوانی کردووە".
ئەوە لە کاتێکدایە کە یەکێک لە کێشەکانی ئەنجوومەنی شار لەگەڵ شارەوانی، پرسی گەندەڵییەکان بووە.
غەریب سەجادی، ئەندامی ئەنجوومەنی شاری سنە، کە یەکێک لە رەخنەگرانی سەرۆکی شارەوانییە، شارەوانی بەوە تۆمەتبار کرد کەلە ماوەی یەک ساڵ و نیودا 200 کەس دامەزرێنراون. دەگوترێ ئەو کەسانە لەسەر داواکاریی کەسانی دیکە دامەزراون.
17/6/2015
بڕیارە سبەی چوارشەممە 17/6/2015، حەیدەر عەبادی سەردانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بکات و لەگەڵ گەورەبەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆببێتەوە.
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی فەرمی حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەردانەكە لەسەر بانگهێشتی گەورە بەرپرسانی ئێران بووە لەسەرووی هەمووشیانەوە عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران.
بڕیارە لە سەردانەکەدا باس لە چەند تەوەرێکی هاوبەش بکرێت لەنێوان هەردوو وڵاتدا، بەتایبەت شەڕی دژ بە داعش و چۆنییەتی رووبەڕووبوونەوەی رێکخراوەکە.
16/6/2015
لە درێژەی سەردانەکەیدا بۆ وڵاتانی كەنداو رۆژی دووشەممە 15ـی 6ـی 2015 لە شاری ئەبوزەبی، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری لەگەڵ شێخ موحەمەد بن زاید جێنشینی ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی کۆبوونەوە.
ماڵپەڕی فەرمی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بلاویکردەوە، کە لە کۆبوونەوەکەدا باسی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئیمارات و چۆنییەتی بەرەوپێشبردن و فراوانتركردنی كراوە و هەروەها دوا پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكانی عێراق و ناوچەكە گفتوگۆی لەبارەوە کراوە.
هەر بە پێی ماڵپەڕی فەرمی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان تەوەرێكی دیكەی ئەم دانیشتنە تاوتوێكردنی بارودۆخی مرۆیی و رەوشی ئاوارە و پەنابەران بووە، كە لەبەر هەڕەشەی داعش ماڵ و حاڵی خۆیان جێ هێشتووە.
رۆژی شەممە، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی شاندێک بەرەو کوێت و لەوێ لەگەڵ میری کوێت کۆبووەوە، ئەمڕۆش لە ئیمارات لەگەڵ ئەو ولاتە کۆبووەوە.
ئەندامانی شاندەکە بریتین لە لەگەڵ مەسرور بارزانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی کوردستان و فوئاد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی کوردستان و عەلی سندی وەزیری پلاندانان و سەلاحەدین بابەكر وەزیری كارەبای حكوومەتی هەرێمی کوردستان.
16/6/2015
رۆژنامەنووس ئەحمەد سەفار کە وەکو راوێژکاری راگەیاندنی عەبدوڵڵا گوڵ سەرۆک کۆماری پێشووی تورکیا کاری کردووە، بەشێک لە نهێنی کاری خۆی لە کۆشکی کۆماری و تایبەتمەندی پەیوەندییەکانی نێوان گوڵ و ئەردۆغان و داودئۆغلو ئاشکرا دەکات.
بڵاوکردنەوەی ئەو نهێنیانە لەو کاتەدا بە خۆشکەری ئاگری گفتوگۆکانی نێو ئەکەپە دادەندرێت، بە تایبەتی کە لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتنی بەدەست نەهێناوەو دەنگەکانی رووی لە کەمبوونەوە کردووە. هەندێک دەنگ پەیدا بوون داوای گەڕانەوەی عەبدوڵا گوڵ دەکەن بۆ ناو ئاکەپە بۆ ئەوەی ئەو پارتە رزگار بکات.
سەفار کتێبێکی بە چاپ گەیاندووەو پیشانی عەبدوڵا گوڵی سەرۆک کۆماری پێشووی تورکیا داوە، بەڵام گوڵ هۆشداری داوە بە سەفار لە بڵاوکردنەوەی کتێبەکە بەر لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان، سەفار رەتیش دەکاتەوە هیچ قسەیەک دەربارەی ناوەڕۆکی کتێبەکە بکات.
کتێبەکە باس لە ناکۆکییەکانی نێوان گوڵ و ئەدۆغان دەکات لەم سێ ساڵەی دواییدا. سەرۆکی پێشووی تورکیا بەوە نیگەرانە کە لە دوای ئەو یاسایەک دەرچوو رێگری لێدەکرا بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتی خۆی هەڵبژێرێت.
سەفار ئاماژە بەوەش دەکات حکومەت سیاسەتەکانی دەرەوەی گوڵی قۆڵبەست کرد، هەروەها ناڕازی بووە لە بەرامبەر سیاسەتەکانی لە دۆسیەی مسر و سوریا.
هەروەها لە کتێبەکەدا هاتووە لەبارەی ئەو سیاسەتانەوە گوڵ و داود ئۆغلو چەندین جار رووبەروی یەکتر بوونەتەوە و پێی راگەیاندووە کە حکومەتی ئاکەپە وەکو حکومەتی مسر و سوریا هەڵسوکەوت دەکات، ئەوەش بە خراپ بەسەر هەموو لایەنەکاندا دەشکێتەوە.
هەروەها کتێبەکە بەشێک لە ناوەڕۆکی دانیشتنە تایبەتەکان ئاشکرا دەکات، کە تێیاندا عەبدوڵڵا گوڵ رەخنەی لە سیاسەت و رەفتاری پارتی داد و گەشەپێدان گرتووە، ، نیگەرانی خۆشی دەربڕیوە لەوەی دەرگای بە رووی گەڕانەوەیدا داخراوە بۆ ناو ئاک پارتی و ئەحمەد داود ئۆغلو بۆتە سەرۆکی پارتەکە.
16/6/2015
پێنج ئەندامی خێزانێکی مسوڵمان، بەهۆی گڕگرتنی شەحنکەرەوەی مۆبایل گیانیان لە دەست دا و پیاوانی ئاگرکوژێنەوەش رایانگەیاندووە، کە ئەوە ترسناکترین رووداوی ئاگرکەوتنەوە بووە لە ماوەی 6 ساڵی کارکردنی ئەوان.
رۆژنامەی میرۆر بڵاویکردووەتەوە، کە کچێک لە ماڵێکی شیفێڵدی بەریتانیا، مۆبایلەکەی لەسەر شەحن (charge) دانابوو، دواتر هەستیکرد ئاگرێکی لێ پەیدابوو، بۆیە بە پەلە بە کەلوپەلەکانی دەوروبەری هەوڵیدا ئاگرەکە بکوژێنێتەوە، بەڵام نەیتوانی، دواتر بانگی دایکی کرد و هەموو هەوڵەکانیان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە شکستیان هێناوە و خانووەکە بە تەواوی ئاگری گرتووە و بووەتە هۆی مردنی پێنج ئەندامی خێزانەکە.
پیاوانی ئاگرکوژێنەوە باسیان لەوە کردووە، کە گەرمیی ئاگرەکە 1000پلەی سەدی بووە و ”ترسناکترین ئاگربووە لە ماوەی 6 ساڵی رابردوودا لە ناوچەکە“.
15/6/2015
رێکخراوی قاعیدە لەیەمەن، دانی بە کوژرانی یەکێک لە سەرکردەکانی دانا بەناوی ناسر وەحێشی، کە لەهێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەمریکا کوژراوە، هاوکات رێکخراوی قاعیدە دوای کوژرانی وەحێشی قاسم ریمی کردە بەرپرسی رێکخراوەکە لە نیمچەدوورگەی عەرەبی.
رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی بڵاویکردەوە، كە رۆژی هەینی رابردوو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەمریکا ناسر وەحێشی، سەرۆکی قاعیدەی یەمەنیان لە پارێزگای حەزەرمەوتی لیبیا کردووەتە ئامانج.
هەروەها ریتا کاتز، بەڕێوەبەری ماڵپەڕی کۆمەڵەی هەواڵگری ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە، كە جیهادییەکانی یەمەن چەندرۆژێک لەمەوبەر هەواڵی کوژرانی ناسر وەحێشییان بڵاوکردووەتەوە و ئەوانیش دڵنیان لە کوژرانی ئەو سەرکردەیەی داعش.
لە ماوەی رابردوودا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڕی 10 ملیۆن دۆلاری تەرخانکرد بۆ هەر کەسێک کە بتوانێت هاوکارییان بکات و زانیارییان بداتێ لەبارەی شوێنی مانەوە یاخود رادەستکردنی وەحێشی بە هێزەکانی ئەمریکا.
هەروەها رۆژی یەكشەممە 14-6-2015 وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا ئاشكرایكرد كە" موختار بلموختار، رێبەری گرووپی ئەلمورابیتوونی سەر بە رێکخراوی ئەلقاعیدەیان لە لیبیا كردووەتە ئامانج". بەڵام گرووپی ئەنسار شەریعەی لیبیا ئەو هەواڵەی رەتکردەوە.
16/6/2015