سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری تورکیا، کە لە دوو رۆژی رابردوودا دەستی لەکارکێشایەوە، رایگەیاند بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ، هەموو بژاردەکان لە سەر مێزن.
ئەحمەد داودئوغڵو، سەرۆکوەزیرانی دەستلەکارکێشاوەی تورکیا، کەهاوکات سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدانیشە، رۆژی چوارشەممە لە لێدوانی بۆ میدیاکان رایگەیاند " دانانی هێڵی سوور بەر لە دەسپێکی دانوستاندنەکان بە مەبەستی پێکهێنانی حکومەتی هاوبەش، پێچەوانەی سرووشتی سیاسەتە".
سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا، گوتیشی " هیچ کەس ناتوانێ بە ناوی پارتی داد و گەشەپێدانەوە، هێڵی سوور دیاری بکات".
ئەو لێدوانەی ئەحمەد داودئوغڵو لەکاتێکدایە، کە پارتی داد و گەشەپێدان لە هەوڵی پێکهێنانی حکومەتی نوێیە و رۆژی سێشەممە 09/06/2015 دەستی لە پۆستەکەی هەڵگرت.
بەگوێرەی زانیارییەکانیش رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا، ئێستا لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی پارتی گەلی کۆماری لەدانوستاندندایە بۆ پێکهێنانی حکومەت.
11/6/2015
د. فوئاد حوسێن، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:" ئەوەی لە پڕۆسەی هەڵبژاردنەکانی تورکیا روویدا، گۆڕانێکی گەورەیە، ئەوەی بۆ ئێمە گرینگە ئەوەیە لەدوای هەڵبژاردنەکان لەناو تورکیا چی روودەدەات، هاوکات لە پەیوەندی تورکیاو ئێمە ئەگەر HDP دەرنەچووبایە بۆ پەرلەمان، کێشەیەکی گەورە دروستدەبوو".
فوئاد حوسێن سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە میانی بەرنامەی چوارقۆڵی تەلەفزیۆنی رووداو مەترسییەکانی ئەگەری دەرنەچوونی پارتی دیموکراتی گەلان HDPی بۆ پەرلەمانی تورکیا خستەڕوو، ئەو گوتی:" HDP دەکەوتە دەرەوەی بازنەی پەرلەمان، بە مانایەکی دیکە لیستێکی کوردی دەکەوتە دەرەوەی پەرلەمان، ئەگەر ئەمە روویبدابووایە، کاریگەری لەسەر پڕۆسەی ئاشتی یاخود سیاسیی دروست دەبوو، دوور نییە پڕۆسەکە لەبار چووبایە، دوور نەبوو کێشەیەکی گەورەتریش دروستبووایە".
چوونی هەدەپ بۆ پەرلەمان بەڕای فوئاد حوسێن،" نوێنەرایەتییەکی شەرعی و یاسایی و دیموکراتی گەلی کوردستانە، خەڵک دەڵێت ئەم لیستە لیستی کوردان نییە، بەڵام لەڕاستیدا ئەوەی سەرکردایەتیی دەکات کوردە، دوور نییە 3% دەنگەکانی ئاکەپە بۆ هەدەپ چووبێت، ئەو دەنگانەش هی کوردەکانن، واتە کوردەکان هاتوونەتەوە لای هەدەپ، دووریش نییە 2% ی دەنگی لە پارتەکانی دیکە وەک چەپەکان وەرگرتبێت، بەڵام بەگشتی کورد پشتگیری لەو هێزە کردووەو هێناویەتە پێشەوە".
سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان چوونی هێزێکی کوردی بەشێوەیەکی یاسایی و دیموکراتی بۆ ناو پەرلەمانی تورکیا بە شۆڕشێکی گەورە ناوزەد کرد لەناو مێژووی تورکیا.
فوئاد حوسێن لە درێژەی قسەکانیدا گوتی:" سەبارەت بە پرسی سیاسیی و پڕۆسەی ئاشتبوونەوە، ئێستا دەتوانی دانوستاندن لەگەڵ هێزێک بکەیت کە لەنێو پەرلەمانە، نوێنەری میللەت لەوێیە، نوێنەرێکی یاسایی هەیە، چونکە لە تورکیا ئەو بیرەی کە کورد قبوڵ ناکات دوایی هاتە سەر قبوڵکردنی کود، ئێستا ئەوانەی کە زۆر تووندن و زۆر دژی کورد بوون، ئەگەر باسی نوێنەری کورد بکەن، نوێنەرێکی ئاشتیخواز و دیموکراتیخواز هەیە، ئەویش لە پەرلەمانە دەتوانن لەگەڵ ئەواندا دیالۆگ بکەن".
بە گوتەی سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان" دیالۆگ لەگەڵ نوێنەری کوردانی باکوور چەند رێگایەک دەگرێتە پێش، یەکێکیان ئەوەیە کە هەر بەردەوام دەبن لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، لە رێگایەکی دیکەوە بەردەوام دەبن لەگەڵ ئەوانەی لە قەندیل و لە پەرلەمانن".
فوئاد حوسێن بۆ داهاتووی سیستەمی سیاسی لە تورکیا و لەدوای هەڵبژاردن چەند پرسیارێک دێنێتە پیشەوە و دەڵێت:" پرسیارەکەش ئەوەیە پڕۆسەی سیاسی لە تورکیا چۆن دەچێتە پێشەوە، ئەگەر هاتوو هەدەپە لە حکومەت نەبوو، ئەگەر هاتوو حکومەتێک دروست بوو لە پارتەکانی دیکەی تورکیاو پارتی دەسەڵات لەگەڵ یەکێک لە پارتەکانی دیکە حکومەتی پێکهێنا، ئەگەر لەگەڵ نەتەوە پەرستەکان دروست بێت مانای ئەوەیە تورکیا بەرەو ئاراستەیەکی ئیسلامی نەتەوەیی قەومی تورکی دەچێت، لەوانەشە لەگەڵ هەدەپە دروست بێت، ئەگەر لەگەڵ هەدەپە دروست بێت مانای ئەوەیە تۆ بەرنامەیەکت هەیە، ئەگەری ئەوەش هەیە هەڵبژاردنێکی دیکە بێتە پێشەوە".
بە بڕوای سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، دۆزی کورد لە دۆزێکی ئەمنییەوە بووە دۆزێکی سیاسی، ئەو گوتی:" دۆزی کورد گواسترایەوە لە دانوستاندن لە زیندان یان لە شاخ بۆ دانوستاندن لەنێو پەرلەمان، نوێنەری کورد ئێستا نوێنەرێکی شەرعی و یاسایی دیموکراتییە، واتە دۆزی کورد لە تورکیا دەچێتە پێشەوە، بەڵام لە کۆتاییدا لەسەر ئەوە دەمێنێتەوە کێ ئێستا حکومەت دروست دەکات لە تورکیا، چونکە ئەگەر حکومەتیش دروست نەبێت دەکەوینە قەیرانێکی تازە قەیرانی هەڵبژاردنی تازە".
لەئەگەری هەڵبژاردنێکی نوێ لە تورکیا، فوئاد حوسێن بە گومانەوە دەڕوانێتە ئەوەی کە ئاکپارتی لە بەرژەوەندیدا بێت کە هەڵبژاردنی نوێ لەو وڵاتە ئەنجامبدرێت و دەڵێت" پرسیاریش ئەوەیە، ئایا هەدەپ دەتوانێت پارێزگاری لەو دەنگانەی بکات کە لە هەڵبژاردنەکان بەدەستی هێناوە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو؟،یان لە بەرژەوەندی ئەکەپەیە هەڵبژاردنێکی دیکە ئەنجام بدرێت؟ باوەڕ ناکەم ئێستا لە بەرژەوەندیان بێت، چونکە ئەگەر هەڵبژاردنێکی دیکە بکات ئاکەپە زەرەری زیاتر دەکات".
بە پێی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی گشتی تورکیا کە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیاوە بڵاوکراوەتەوە، پارتی داد و گەشەپێدان 40.87% دەنگەکانی بەدەستهێناوە.
دابەشبوونی دەنگی پارتەکانیش بەم شێوەیەیە:
1. پارتی داد و گەشەپێدان: 18,863,832 دەنگ کە دەکاتە 40.87%
2. پارتی گەلی کۆماری: 11,518,404 دەنگ کەدەکاتە 24.95%
3. پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیست: 7,519,103 دەنگ کە دەکاتە 16.95%
4. پارتی دیموکراتی گەلان: 6,058,150 دەنگ کە دەکاتە 13.12%
11/6/2015
سەرچاوەیەکی سەربازی سووری باسی لە گەیشتنی هەزاران سەربازی ئێرانی بۆ وڵاتەکەی کرد، بەڵام ئێران رەتیدەکاتەوە هیچ هێزێکیان لە سووریا هەبێت وەک پاڵپشتییەک بۆ سوپاکەی بەشار ئەسەد.
تاران دیارترین هاوپەیمانی هەرێمی بەشار ئەسەدە، لە رێگەی راوێژکارەکانیشی لە ریزی سوپای سووریا پاڵپشتی دارایی و سەربازی پێشکەشدەکات، بەڵام بەرپرسانی ئێران پێداگرن لەسەر ئەوەی هێزی سەربازییان لەسەر خاکی سووریا نییە.
لە سەرەتای مانگی حوزەیران سەرچاوەیەکی ئەمنی سووری، بە ئاژانسی هەواڵی فەڕەنسای راگەیاندبوو:" کە بە هەزاران چەکداری عێراقی و ئێرانی لە سووریا بوونیان هەیە، بۆ بەرگریکردن لە دیمەشق و دەوروبەری".
رۆژی چوارشەمە 10ی حوزەیران، مەرزیە ئەفخەم، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە کۆنگرەی رۆژانەی خۆیدا، سەبارەت بەو دەنگۆیانە رایگەیاند "بوونی سەربازی ئێرانی لە وڵاتی سووریای هاوڕێ هیچ بنەمایەکی نییە".
ئەفخەم، دەڵێت: "حکومەت و گەلی سووریا توانا و هێزی ئەوەیان هەیە بەرگری بکەن و لە دواڕۆژیشدا توانای مانەوەیان هەیە".
لەلایەکی دیکەوە حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری عەرەبی و ئەفریقا لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی فەرمی حکومەتی ئێران رایگەیاندبوو:" وڵاتەکەی ئامادەیە هاوکاریی سوپای سووریا بکات بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی شاری حەلەب و ئەو ناوچانەی کە لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سووریادا نەماون و لەلایەن هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریاوە دەستیان بەسەردا گیراوە".
سەبارەت بە داهاتووی سووریاش، عەبدوڵڵاهیان، جەختی لەسەر گرنگیی گرتنەبەری رێگەچارەی سیاسی بۆ کێشە ناوخۆییەکانی سووریا کردبووەوە و رایگەیاندبوو "حکومەتی سووریا ئەو بەشە لە ئۆپۆزیسیۆن رەچاو دەکات کە بڕوایان بە چارەسەری سیاسیی کێشەکان هەیە"، بەڵام بە گوتەی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، "گرووپە چەکدارییەکانی دیکەی سووریا، لەو وڵاتە جێگایان نابێتەوە".
11/6/2015
ئەحسەن عەلەوی, سەرۆکی کۆڕی نوێنەرانی پارێزگای سنە لە پەرلەمانی ئێران دەڵێت: "حکومەتی حەسەن رۆحانی لە بواری ئابووری و کولتوورییەوە هیچ دەستکەوتێکی بۆ پارێزگای سنە بە دیارینەهێناوە".
عەلەوی هەروەها رەخنە لە دامەزراوەکانی حکومەت لەو پارێزگایە دەگرێت و دەڵێت: "بەڕێوەبەرە ناخۆجێیەکان ناتوانن لە بواری کولتوورییەوە کاریگەرییان هەبێت".
سەرۆکی کۆڕی نوێنەرانی پارێزگای سنە لە پەرلەمانی ئێران، رەخنەی لە ناوەندی دەنگ و رەنگی ئەو پارێزگایە گرتووە و دەڵێت:" ئەو بەرنامانەی کە لەوناوەندەوە بڵاو دەکرێنەوە هیچ پەیوەندییەکی بە کولتووری ئەو پارێزگایەوە نییە و ئەوەش دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە کولتووری رەسەنی خەڵکی پارێزگای سنە.
ئەحسەن عەلەوی دەڵێت:" پارێزگاری سنە پێویستە زیاتر چاودێری کاروباری ئەو پارێزگایە بکات و راوێژکارەکانی پارێزگار دەبێت بە توانا بن، کەچی هەندێک لەو راوێژکارانە هیچ قسەیەکیان بۆ گوتن نییە".
سنە یەکێکە لە شارە گەورەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان و ناوەندی پارێزگای سنەیە و لە باری ژمارەی دانیشتوانەوە، دوای کرماشان و ورمێ، سێهەمین شاری گەورەی رۆژهەڵاتی کوردستانه.
11/6/2015
دوای ئەوەی ئایتاچ باران، سەرۆکی رێکخراوی لێکۆڵینەوە و هاریکاریکردنی خزمەتی زانستی (ئیحیا- دەر)، نزیک لە پارتی دۆزی ئازاد (HUDAPAR) لە ئامەد کوژرا، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان HDP هۆشداری لەبارەی سەرهەڵدانی شەڕی نێوخۆییەوە دەدات.
سەڵاحەدین دەمیرتاش، گوتی: "چەند لایەنێک لە ئامەد دەیانەوێ شەڕێکی قێزەونی نێوخۆیی لە ئامەد هەڵبگیرسێ، داوا لە سەرجەم پارتە سیاسییەکان دەکەم بە دانبەخۆداگرتن و عەقڵییەتی هاوبەشەوە مامەڵە بکەن".
دەمیرتاش لەبارەی کوشتنی ئایتاچ باران گوتی:"هەندێک کەس لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە ئەکاونتی ساختەوە دەیانەوێ خەڵک بە گژیەکدا بچێت، پێویستە هەموو کەس لەوبارەیەوە ئاگادار بێت".
رۆژی سێشەممە 9-6-2015 ژمارەیەک چەکدار، کە تاوەکو ئێستا 6/10 ناسنامەیان ئاشکرا نەبووە، هێرشیانکردە سەر ئایتاچ باران، سەرۆکی رێکخراوی لێکۆڵینەوە و هاریکاریکردنی خزمەتی زانستی، نزیک لە پارتی دۆزی ئازاد (HUDAPAR) کە لەئەنجامدا باران گیانی لەدەستدا.
بەپێی لێدوانی شایەتحاڵەکان، چەکدارەکان دوای کوشتنی باران، تەقەیان بە ئاسماندا کردووە و لە چەند کەسێکیان داوە کە ویستوویانە وێنەی رووداوەکە بگرن.
پێشتر لایەنگرانی پارتی دۆزی ئازاد (HUDAPAR)و پارتی دیموکراتی گەلان HDP چەند جارێک بەشەڕهاتن و ژمارەیەک هاونیشتیمانی بوون بە قوربانی.
10/6/2015
یەکێتی ئەوروپا ئارەزووی خێراترکردنی پرۆسەی ئاشتی کورد لەگەڵ تورکیا دەکات، ئەمەش دوای ئەو دەستکەوتە دێت کە پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپە لە هەڵبژاردنی تورکیا بەدەستیهێنا.
لەناو یەکیتی ئەوروپا دەنگی ئەوەش هەیە کە داوا لە ئەو یەکیتییە بکرێت، پەکەکە کە پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ هەدەپە هەیە، لە لیستی تیرۆر دەربهێنرێت.
لەکاتێکدا پارتی هەدەپە ئاهەنگ دەگێڕێت، سەرکەوتنەکانی ئەو پارتە لە هەڵبژاردنەکان پێشبینی ئەوەی لێدەکرێت گۆڕانکاری لە تێڕوانینی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی درووست بکات و یەکێتی ئەورووپا دووبارە پێگەی پەکەکە پۆلێنبکاتەوە.
ماجا کۆسیژانجیچ گوتەبێژی یەکێتی ئەورووپا دەڵێت:" پەکەکە لە لایەن یەکێتی ئەوروپا خراوەتە لیستی رێکخراوە تیرۆرستییەکانەوە، ئەم لیستانە هەر شەش مانگ جارێک پێداچوونەوەیان بۆ دەکرێت، دوایین پێداچوونەوە و بڕیارەکان دوو مانگ لەمەوبەر کاریان لەسەر کرا، ئەوەی لەسەر ئەنجوومەنەکەبێت نوێکردنەوەی لیستەکەیە و دڵنیابوونە لەوەی ناوەکان لە شوێنی گونجاو دەمێننەوە"
پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی ئەوروپا و تورکیا ئاسایی نەبووە لە چەند ساڵی رابردوودا، ناکۆکییەکانی تورکیا لەگەڵ قوبرس و پەیوەندیە لاوازەکەی لەگەڵ یۆنان وایانکردووە یەکێتی ئەورووپا چەندین بەربەستی سەخت لە بەردەم هەوڵەکانی ئەنقەڕە درووستبکات و نەهێڵێت تورکیا ببێتە ئەندام لە یەکێتی ئەوڕووپا.
ئاماندا پۆوڵ ئەندامی سەنتەری سیاسەتی ئەورووپی دەڵێت:" ئەوەی هەدەپە بەدەستی هێناوە سەرکەوتنێکی مەزنە، چونکە دەرگایەکی گەورەی لە مێژووی تورکیا کردەوە و ئێستا ئەوان وەک کوتلەیەک لە پەرلەمان جێی دەستیان هەیە، ئەم هەڵبژاردنە بەڕوون و ئاشکرایی پرۆسەی ئاشتی سەبارەت بە کێشەی کورد لەسەر نەخشە جێگیر دەکات و ناتوانرێت ئەم مەسەلەیە پشتگوێ بخرێت، چونکە لەمەودوا کورد لە رێگەی پەرلەمان بایەخ بە کێشەکانیان دەدەن، من بە گەشبینییەوە سەیری ئەمە دەکەم، ئەمە نەک تەنیا بۆ تورکیا بەڵکو لەسەر ئاستێکی فراوانتر لە ئیستاوە پێگەیەکی بەهێزی بۆ کورد درووستکردووە،"
یەکێتی ئەوروپا بەم ساڵانەی دوایی بەوە نیگەرانبووە کە چەند ئەندامێکی ئەم یەکێتییە دەبینن حکومەتی تورکیا دەست لە کارو باری دادوەری وڵات وەردەدات، لەگەڵ چەندین پرسی دیکە کە لە تۆڕە کۆمەڵاتییەکان دەنگیان دایەوە.
یەکێتی ئەوروپا دەیەوێت تورکیا هەوڵی زیاتر بخاتەگەڕ بۆ ئەوەی رێگری بکات لەو چەکدارە بیانیانەی کە بە نێو خاکی تورکیاوە دزە دەکەنە نێو دەوڵەتی ئیسلامی .
پرسی ئەندامیێتی تورکیا لە یەکێتی ئەوروپا کاردانەوەی جیاوازی لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدوای خۆیدا هێناوە، ئەردۆغانیش بە روون و ئاشکرایی پشتی بە رووسیا بەستووە.
چەندین بەرپرس لێرە گەیشتوونەتە ئەو رایەی، لەگەڵ پەرلەمانە نوێکەی ئەنقەڕە، بایەخەکانی تورکیا لە یەکێتی ئەوروپا مژاری گەرم و گوڕتر دەبن.
10/6/2015
زیاتر لە سەد ساڵە پاراسیتامۆڵ درووستكراوە، كەچی ئێستاش لەچاو دەرمانەكانی دیكەدا بەشێوەیەكی بەربڵاو بۆ چارەسەۆی ئازار و دابەزاندنی تا بەكاردەهێنرێ. لەبەرئەوەی پاراسیتامۆڵ دەرمانێكی هەرزانە و خەڵكی وەها تێگەیشتوون تەواو بێ زیانە، زۆركات بێ گوێدانە رێنماییە زانستییەكانیش بەكاردەهێنرێ. بەڵام لە راستیدا پاراسیتۆڵیش وەك هەر دەرمانێكی دیكە مەودایەكی دیاریكراوی كارایی بەكارهێنانی هەیە و دەرچوون لەو مەودایە خراپ لەسەر ئەندامانی جەستە دەكەوێتەوە.
بەهۆی ئاسان دەستكەوتنی بڕی زۆری دەرمانەكە و بەردەستبوونی لە زۆربەی ماڵەكاندا، هەندێكجار لەبری پەنابردن بۆی وەك رزگاركەر لەدەست ئازار و تا، بە خراپی سوودی لێ وەردەگیرێ و كەسەكە دەیكاتە چەكێك لە هەوڵی خۆكوژیدا، ئەویش كاتێك بڕێكی ئێجگار زۆری لێ بەكاردەهێنێ و بەوهۆیەوە دەبێتەهۆی ژەهراویبوون، كە زۆرجار وەك پەككەوتنی جگەر خۆی دەنوێنێ
ئازار نائارامیی دەروونیی درووستدەكات، هەروەك حاڵەتە دەروونییەكانیش هەندێكجار وەك ئازاری جەستەیی خۆیان دەنوێنن. بۆیە لیستی دەرماننووسینی پزیشكانی دەروونیش خاڵی نییە لەو دەرمانە ئازارشكێنە
پاراسیتامۆڵ بۆ یەكەمینجار لەساڵی 1877 لە تاقیگەدا درووستكرا و ساڵی 1887 یش لەسەر مرۆڤ بەكارهێنرا. هەرچەندە لەسەرەتای درووستكردنیەوە تاوەكوو پەنجاكانی سەدەی رابردوو تووشی هەوراز و نشێوی زۆر بوو بەهۆی كەم ئەزموونی ئەوكاتی دەرمانە نێوەندە پزیشكییەكان لەگەڵیدا، ئێستا لەو دەرمانانەیە كە بەشێوەیەكی بەربڵاو بەكاردەهێنرێ.
10/6/2015
رێکخراوی حەشدی شەعبی ساڵیادی دامەزراندنی دەکاتەوە و هاوکات سەرچاوەیەک لە سەرکردایەتی حەشدیش ئاماژە بەوەدەکات بە درێژایی ساڵی رابردوو ١٣ هەزار شەڕکەری رێکخراوەکەیان لەشەڕی دژ بە چەکدارانی داعش کوژراو و برینداربوون.
ئەمڕۆ چوارشەممە ١٠ ی حوزەیرانی ٢٠١٥، سەرچاوەیەکی باڵای سەرکردایەتی رێکخراوی حەشدی شەعبی رایگەیاندووە:" سالێک لەمەوبەر رێکخراوی حەشدی شەعبی لە عێراق دامەزراوە و ئامانج لە دامەزراندنی ئەو ریکخراوە چەکدارییە پاراستنی سەروەری خاکی عێراق بووە لەدەستی چەکدارانی رێکخراوی داعش و هاوکات لەماوەی ئەو ساڵەی تەمەنیدا ٣ هەزار کوژراو و ١٠ هەزار برینداریداوە، ئەو ژمارەیەش نیشانەی ئەوەیە کە حەشدی شەعبی لە بەرەی جەنگدا لە پێشەوەی بەرگریدا بووە".
ئەو سەرکردە باڵایەی حەشدی شەعبی ئاماژە بەوەشدەکات، دوای دامەزراندنی حەشد، حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریدا کە ریکخراوەکەمان یاساییە و هاوکات دانی بەکارەکانمان دانا و رایگەیاند، هێزی حەشدی شەعبی بەشێکە لە هێزەکانی حکومەت و لەگەڵ ئەوەش چەک و مووچە و بەشە خواردنی بۆ چەکدارەکانی حەشدی شەعبی دابینکرد، لەگەڵ دابینکردنی خەرجی چارەسەری بۆ بریندارەکان و ماف وئیمتیازاتی بۆ خێزانی کوژراوەکانیش بڕیەوە.
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، حەشدی شەعبی بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنییەوە چەند چالاکییەکی جۆراوجۆری دەبێت و یادەکە دەکاتەوە.
رێکخراوی حەشدی شەعبی لە ١٢ ی حوزەیرانی ٢٠١٤، لەسەر فەرمان و فەتوای مەرجەعی شیعی سەید عەلی سیستانی دامەزراوە و بەهاوکاری و یارمەتی هێزەکانی سوپاو پۆلیسی عێراقی شەڕی چەکدارانی رێکخراوی داعش دەکات لەو شوێنانەی کەخاکی عێراق لەژێر کۆنتڕۆلی داعشن.
10/6/2015
بهپێی سهرچاوهیهك له سهركردایهتیی یهكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كۆماری ئیسلامیی ئێران داوای كردووه، هاوپهیمانیی كورد و شیعه، بهردهوام بێ، بۆ ئهم مهبهستهش وا بڕیاره له چهند ههفتهی داهاتوودا، فوئاد مهعسوم سهركۆماری عێراق به سهردانێك بگاته ههولێر و چاوی به سهرۆكی ههرێمی كوردستان بكهوێت.
بهپێی ئهو زانیارییانهش كه له سهرچاوهیهكی نزیك له ئۆفیسی سهركۆماری عێراق به (باس) دراون، سهردانی سهركۆمار بۆ لای بارزانی، سهردانێكی سیاسییه و فوئاد مهعسوم نامهیهكی عهبادی بۆ بارزانی دههێنێت، كه له چوارچێوهی ئهو پرۆسهیهدایه.
ئهو سهرچاوهیه ئاماژهی بهوهش دا، ماوهیهكه گفتوگۆیهك لهنێو هاوپهیمانیی شیعهدا ههیه، بۆ چۆنیهتیی چارهسهركردنی كێشهكانی نێوان ههرێمی كوردستان و بهغدا و پرسی بودجه و نهوت و پێشمهرگه.
ئاشكراشی كرد، كه له دواسهردانیدا بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران، فوئاد مهعسوم داوای لێ كراوه، ڕۆڵێكی تایبهت بگێڕێت له نێوهندگیریی نێوان ههولێر و بهغدادا.
ههمان سهرچاوه روونی كردهوه، عهبادی چهند چارهسهرێكی بۆ ئهو كێشانه پێشنیار كردووه و بڕیاره مهعسوم ئهو رێكارانه له سهردانهكهیدا بۆ لای سهرۆكی ههرێمی كوردستان باس بكات.
پێوهند بهم باسه، ئهشواق جاف ئهندامی پهرلهمانی عێراق (لیستی پارتی) ئهو زانیارییانهی پشتڕاست كردهوه و به (باس)ی راگهیاند،: د.فوئاد مهعسوم سهركۆماری عێراق، پهیامێك بۆ سهرۆك بارزانی دههێنێت و له چهند ههفتهی داهاتوودا لهمیانی سهردانێكیدا بۆ ههولێر، ئهو پهیامه دهگهیهنێ.
دوایین سهردانی رهسمیی سهركۆماری عێراق بۆ لای سهرۆكی ههرێمی كوردستان، له سهرهتای مانگی ئاداری 2015 بوو.
ئهشواق جاف گوتیشی: ئهو پهیامهی كه لهلایهن عهبادی بۆ سهرۆك بارزانی دههێندرێت، بۆ هێوركردنهوهی دۆخهكه و رهواندنهوهی ئاڵۆزییهكانی نێوان ههولێر و بهغدایه و نازانم پهیامهكه زارهكی دهبێت یاخود به نووسراو.
بهڵام سهرچاوهكهی سهركردایهتیی یهكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئهوهی ئاشكرا كرد، كه له داهاتوویهكی نزیكدا، شاندێكی لایهنه سیاسییهكانی كوردستان، له شاری سلێمانی، لهگهڵ بهرپرسانی ئێرانی كۆ دهبنهوه و مهبهستیش لهو كۆبوونهوهیه، بههێزكردنهوهی هاوپهیمانیی نێوان و كورد و شیعهیه و بهشێك لهو كۆبوونهوانهش، بهتایبهتی ئهوانهی كه پهیوهست دهبن، به پیشاندانی نیازپاكیی ههرێمی كوردستان له
ئهنجامدانی راپرسی و دیاریكردنی چارهنووسی خۆی، له تاران دهبن.
سهرچاوهكه گوتیشی: ئهو كۆبوونهوه و دیدارانهی چهند رۆژی رابردووی لایهنه سیاسییهكانی كوردستانیش له سلێمانی، بهشێكی زۆری پهیوهندیی بهو پرۆسهیهوه ههیه.
9/6/2015
ئەمینداری گشتی رێكخراوی بەدر رایگەیاند، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی مەبەستی نییە چەكدارانی رێكخراوی داعش لە عێراق لەناوبەرێت، چونكە خۆی دروستیكردوەو رێگەی پێداوە بە پارەو دارایی كەنداو لەناوچەكەدا بن.
هادی عامری، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا گوتی:" ئەگەر هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەجددی ویستی لەناوبردنی داعشی هەبوایە، ئەوە لە رێگەی زانیارییە هەواڵگریییەكان و مانگە دەستكردەكان و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بنكە ستراتیژییەكانی داعشی بۆردوومان دەكرد، لە كاتێكدا زانیاری ورد و تەواویان هەیە لەسەر بارەگا سەربازییەكان و فەرماندەكانی داعش ئەگەر مەبەستیان بێت دەتوانن ئەو كارە بكەن".
پێشتریش حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق گوتبووی :"قەبارەی هاوكاری نێودەوڵەتی بۆ عێراق لاوازە و لەگەڵ ئەو ئاستەنگانەدا گونجاو نییە، كە رووبەڕووی عێراق بووەتەوە".
نێوەندە سیاسییەكانی عێراق بێزارن لە بەرامبەر مامەڵەی ئەمریكا لەگەڵ داعش ، ئەمریكاش بە لاوازكردنی سوپای عێراق تاوانبار دەكەن "بۆ درێژكردنەوەی شەڕ لە پێناو بەدیهێنانی ئەو ئامانجانەی ئیدارەی ئەمریكا هەوڵیان بۆ دەدات لەوانەش دابەشكردنی عێراق".
9/6/2015
"دەستوور بۆ دەوڵەت دەنووسین نەك هەرێمێك" ئەمە رای پارتی دیموكراتی كوردستانە لەسەر نووسینەوەی پڕۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستان، بەڵام ئەندامێكی یەكێتی لە لێژنەی نووسینەوەی دەستوور، رەخنە لە پارتی دەگرێ و دەڵێ "رێزی یاسا نەگیرا كە داوا دەكات پرۆژەی دەستووری كۆن هەموار بكرێ". هەرچی ئیسلامییەكانە، پاراستنی شەریعەتی ئیسلامییان زیاتر لەلا مەبەستە و دەڵێن "هێڵی سوورە".
رۆژی 20/5/2015 پەرلەمانی كوردستان لێژنەیەكی بۆ ئامادەكردنی پڕۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستان دروستكرد كە لە 21 ئەندام پێكدێن. دوای چەندین كۆبوونەوە تاوەكو ئێستا تەنیا "دیباجە"ی دەستووریان نووسیوە كە لە لاپەڕەیەك پێكدێت.
دەستوورێك بۆ دەوڵەت
پارتی دیموكراتی كوردستان زۆرترین ئەندامی لێژنەكەی بەركەوتووە كە 7 ئەندامە. ئەو حیزبە دەڵێت ئامانجی سەرەكی لە نووسینەوەی دەستوور "دەستوورێكە بۆ دەوڵەت".
عەبدولحەكیم خەسرۆ، ئەندامی پارتی لە لێژنەی نووسینەوەی پڕۆژەی دەستوور باسی ئامانجی حیزبەكەی دەكات لەو دەستوورەدا و دەڵێ "پارتی دەستوورێكی دەوێ كە بۆ دەوڵەت بنووسرێ، واتە ئەگەر سبەینێ دەوڵەتیشمان راگەیاند بە كەڵكی دەوڵەت بێ، لە ئایندەدا تەنیا ئەوەندە هەموار بكرێ كە ناوی عێراق لە كوردستان بكرێتەوە".
ئەو ئەندامەی پارتی باس لە پڕۆژەی دەستووری رابردووی هەرێمی كوردستان دەكات كە یەكێتی و گۆڕان لەو بارەیەوە دژی هەڵوێستی پارتین "پڕۆژەی دەستووری كۆن تەنیا وەكو یەكێك لە سەرچاوەكان بەكاردەهێنین و ئەو دەستوورە ناكرێ ببێ بە بنەمای نووسینەوەی دەستووری نوێ و ئەمە بڕاوەتەوە".
پرۆژەی كۆن چی بەسەردێت؟
پڕۆژەی پێشووی دەستووری هەرێمی كوردستان كە لەلایەن پەرلەمانی هەرێمی كوردستانەوە پەسەند كرا، بەهۆی ململانێی سیاسی نەخرایە ریفراندۆمەوە تا دواتر بڕیار درا بۆ هەمواركردنەوەی بنێردرێتەوە بۆ پەرلەمان.
گۆران ئازاد، ئەندامی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بۆ نووسینەوەی دەستووری نوێ رەخنە دەگرێ و دەڵێ "لە یاسای درێژكردنەوەی ویلایەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا كە لە 2013 دەرچوو، لە بڕگەی دووەمی یاساكەدا هاتووە دەبێ پڕۆژەی دەستوور هەموار بكرێ". بەڵام وەك گۆران ئازاد دەڵێ "بەداخەوە رێزی ئەو یاسایە نەگیرا و ئێستا دەبێ دەستوورێكی نوێ بنووسین".
گۆران ئازاد كە ئەندامی فراكسیۆنی سەوزە لە پەرلەمانی كوردستان، لەگەڵ ئەوەیە پڕۆژەی دەستووری كۆن بكرێتە بنەمای نووسینەوەی دەستووری نوێ. لەوبارەیەوە رەخنە لە پارتی دەگرێ كە دژی ئەوە وەستاوەتەوە و دەڵێ "پارتی رەتیكردەوە كە پڕۆژەی دەستووری كۆن ببێ بە بنەما، لەكاتێكدا كە یاسایەكە دەركرا، سێ مانگیان دانا بۆ پێداچوونەوە بە دەستوور، ئەگەر بمانزانیبایە سەرلەنوێ دەستوور دەنووسرێتەوە، دەمانزانی سێ مانگ بەش ناكات، بەڵكو ساڵێكمان دادەنا".
دەستوور دژی عێراق نانووسین
بەڵام بەرپرسێكی پارتی كە ئاگاداری هەنگاوەكانی نووسینەوەی دەستوورە، دەڵێ "یەكێتی مەبەستی بوو دەستووری كۆن بكرێ بە بنەما، تاوەكو دواتر بەكاری بهێنێ و بە خەڵك بڵێ ئەوە من بووم پارتیم ناچار كرد قایل بێ بە هەمواركردنی دەستوور". ئەو بەرپرسەی پارتی دەڵێ "زوو لە نیەتی یەكێتی تێگەیشتین، بۆیە بڕیاردراو بوو بە یاساش كە ئامادەكاری بۆ نووسینەوەی دەستوورێكی نوێ بكرێ".
سەبارەت بەوەی كە پارتی داوا دەكات دەستوور بۆ دەوڵەت بنووسرێ، گۆران ئازاد دەڵێ "ناكرێ دەستوورێك بنووسین دژی دەستووری عێراق بێ، چونكە دەستوور بۆ هەرێمی كوردستان دەنووسین، نەك بۆ دەوڵەت، بەڵام خۆمان وا بەقوڵی بە عێراقەوە نابەستینەوە".
رای یەگرتووی ئیسلامی كوردستانیش دوور نییە لە رای یەكێتی. ئەبوبەكر هەڵەدنی، ئەندامی یەكگرتوو لە لێژنەی نووسینەوەی دەستوور دەڵێ "دەبێ دەستوورێك بنووسرێ كە خۆمان لە گێچەڵی عێراق بە دوور بگرین".
جگە لە یەكێتی، بزووتنەوەی گۆڕانیش لەگەڵ ئەوەبوو دەستووری كۆن بكرێ بە بنەما. عەدنان عوسمان، ئەندامی بزووتنەوەی گۆڕان لە لێژنەكە بە (رووداو)ی گوت "لێژنەكە دەستكراوە دەبێ لەوەی دەستوورێكی تازە بنووسرێ یان ئەوەی كۆن هەموار بكات".
عەدنان عوسمان پێیوایە ئەگەر كار لەسەر دەستووری كۆن بكرێ ئەوا بەزوویی تەواو دەبێت بۆیە دەڵێت "رای ئێمە وایە سوودی سەرەكی لە دەستووری كۆن وەربگرین".
شەریعەتی ئیسلام هێڵی سوورە
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كە دوو ئەندامی هەیە لە لێژنەی نووسینەوەی دەستووردا، باسی ململانێی حیزبی دەكات لەسەر پرۆژەكە. ئەبوبەكر هەڵەدنی، ئەندامی یەكگرتوو لە لێژنەی نووسینەوەی دەستوور دەڵێ "بەداخەوە لەبەر ململانێی سیاسی نەگەیشتینە رێككەوتن كە پڕۆژەی كۆن ببێ بە بنەمای نووسینەوەی دەستووری نوێ، بۆیە ئێستا دەستووری كۆن تەنیا بووە بە یەكێك لە سەرچاوەكان بۆ نووسینەوەی دەستوورە نوێیەكە".
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان باسی شەریعەتی ئیسلام دەكات كە دەبێ لەنێو دەستووردا جێی بكرێتەوە هەڵەدنی هۆشداری دەدات كە "شەریعەتی ئیسلام لەو پرۆژەی دەستوورەدا هێڵی سوورە و ناكرێ نەكرێتە سەرچاوەی دانانی یاساكان".
دەستووری ژاپۆن بۆ كوردستان
لێژنە 21 كەسییەكە دەستووری چەندین وڵاتی وەرگرتووە بۆ ئەوەی دەستوورێكی سەردەمیانە و پێشكەوتوو بنووسن. عەبدولحەكیم خەسرۆ ناوی ئەو دەوڵەتانە دێنێ كە سوود لە دەستوورەكانیان وەردەگرن "سوود لە دەستووری ئەڵمانیا، ئەمریكا، فەرەنسا، ژاپۆن، تونس، عێراق، میسر، ئیسپانیا و كاتالۆنیا وەردەگرین". گوتیشی "لەدەستووری ئەمریكا فیكرەی ئەوەمان وەرگرتووە ئامانج لە نووسینەوەی دەستوور چییە، لە دەستووری فەرەنسا سوود لە مەسەلەی مافەكانی مرۆڤ و ئازادی وەردەگرین. بۆ مەسەلەی ئاشتی سوود لە دەستووری یابان وەردەگرین، هەروەها بۆ مەسەلەی مەدەنیەت سوود لە دەستووری تونس وەردەگرین، بۆ مەسەلەی فیقهیش سوود لە دەستووری میسر وەردەگرین".
دەربارەی سیستەمی حوكمڕانی كوردستانیش كە چۆن دەبێ، پەرلەمانی یان سەرۆكایەتی؟ خەسرۆ دەڵێ "تەنیا لە دەستووری دوو دەوڵەتدا باسی ئەوە كراوە كە سیستەمی حوكمڕانییان پەرلەمانییە، ئەویش عێراق و ئیسپانیایە، بۆیە رەنگە هەڵوێستی لایەنەكان لەسەر مەسەلەی سیستەمی حوكمڕانی لە كوردستان بگۆڕدرێ".
9/6/2015
مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی تەواوبوونی هەڵبژاردنەکەی تورکیا پەیامێکی پیرزۆبای بڵاودەکاتەوە بەتایبەت پیرۆزبای لە سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی گەلان دەکات.
سەرۆک بارزانی لەو پەیامەیدا ئاماژە بەوە دەکات”زۆریش خۆشحاڵ بووم که کورد بۆ یهکهمجار توانی لهکهشوههوایهکی دیموکراتیدا له چوارچێوهی پارتێکی سیاسی بگاتهپارلهمانی تورکیا. ئهوه بۆ پێشخستنی ئاشتی و دیموکراسی دهستکهوتێکی گرنگه. ههر بهم بۆنهیشهوه دهستخۆشی له سهرکردایهتی و ئهندام و لایهنگرانی پارتی دیموکراتی گهلان دهکهم.
دەقی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان
بهبۆنهی سهرکهوتنی ههڵبژاردنی پارلمانی تورکیا پیرۆزبایی خۆم ئاراستهی گهلانی تورکیا و ههموو حزبه بهشداربووهکانی ههڵبژاردن دهکهم. سهرکهوتنی ئهم ههڵبژاردنه بهڵگهیه لهسهر ئهوهی که دیموکراسی لهتورکیا گهیشتووهته ئاستێکی بهرزی پێگهیشتوویی.
زۆریش خۆشحاڵ بووم که کورد بۆ یهکهمجار توانی لهکهشوههوایهکی دیموکراتیدا له چوارچێوهی پارتێکی سیاسی بگاتهپارلهمانی تورکیا. ئهوه بۆ پێشخستنی ئاشتی و دیموکراسی دهستکهوتێکی گرنگه. ههر بهم بۆنهیشهوه دهستخۆشی له سهرکردایهتی و ئهندام و لایهنگرانی پارتی دیموکراتی گهلان دهکهم.
وهک چۆن له ڕابردوو پاڵپشتی پێشڤهچوونی پڕۆسهی ئاشتی و دیموکراسی بووین له تورکیا لهمهودوایش لهم پشتیوانیه دا بهردهوام دهبین. هیوادارم ئهم دهستکهوته ببێته مایهی فراوانتربوون و قوڵتربوونی ئاشتی و برایهتی له تورکیا و ئاسهوارهکانی ستهمکاری و ئینکار وجیاکاری نهمێنێت .
8/6/2015
لێژنەی ئامادەكردنی دەستووری هەرێمی كوردستان 6 ماددەی پەسەندكرد و سیستەمی (پەرلەمانی دیموكراتی كۆماری) لە رەشنووسەكە جێگیركرا.
ئەمرۆ دووشەممە 8ی حوزەیرانی 2015 لێژنەی ئامادەكردنی دەستووری كوردستان كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی لە پەرلەمانی كوردستان ئەنجامداو تیدا لایەنەكان لە سەر 6 ماددەی دەستوورەكە رێككەوتن.
ئەبوبەكر هەڵەدنی، ئەندامی لێژنەی نووسینەوەی دەستووری كوردستان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند:" لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ دووشەممە 8-6-2015 گفتوگۆمان لە سەر 6 ماددەی رەشنووسی دەستووری كوردستان كرد كە بە بنەماو كۆڵەكەی سەرەكی دەستوور هەژمار دەكرێن، بە تایبەتی جێگیركردنی سیستەمی پەرلەمانی دیموكراتی".
بە گوتەی ئەبووبەکر هەڵەدنی" هەر 4 پارێزگاكەی باشووری کوردستان، لەگەڵ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوە لە رووی جوگرافی و مێژووییەوە وەكو بەشێك لە سنووری كوردستان دانراون، جگە لەمە پرسی زمانی فەرمی كوردی و زمانی نەتەوەو ئایینزاكانی دیكەی هەرێمی كوردستان، لەو رەشنووسە جێگیركرا".
ئەبوبەكر هەڵەدنی گوتی" سەرجەم لایەنەكان لە سەر ئەو ماددانە كۆكبوون و گفتوگۆ و كۆبوونەوەكان بە شێوەیەكی ئاسایی و بەرپرسیارانە دەڕوات".
ئەو ئەندامەی لێژنەی ئامادەكردنی دەستووری كوردستان ئاماژەی بەوەدا"لە رەشنووسەکە جەخت لە سەر سیستەمی لامەركەزی ئیداری لە بەرێوەبەردنی یەكە ئیدارییەكان كراوەتەوە".
رۆژی 20ی ئایاری 2015، پەرلەمانی كوردستان 20 ئەندامی لیژنە 21 كەسییەكەی دەستووری پەسەندكرد، ئەو لیژنەیە دەبێت لە ماوەی 90 رۆژدا دەستووری كوردستان ئامادەبكات.
8/6/2015
لە ئاهەنگێکدا کە بۆ لایەنگرانی پارتی دیموکراتی گەلان HDP لە شاری ئیستەنبوڵ رێکخرابوو، سەلاحەددین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی ئەو پارتە رایگەیاند:" لە سەرەتاوە زانیمان بەشداریکردنمان لە پرۆسەی هەڵبژاردن ئاسان نابێت، هەموو تاوانی ئێمە ئەوە بوو گوتمان وەرن دەستبخەینە ناو دەستی یەک، لە بەرامبەردا بۆمبیان بۆ ناردین".
دەمیرتاش گوتی "پیش هەڵبژاردن سەرۆککۆماری تورکیا پێی گوتین ئەگەر متمانەتان بەخۆتان هەیە بەشداریی هەڵبژاردن بکەن، لە کاتێکدا لەو باوەڕەدا نەبوون ئێمە بەربەستی 10% تێبپەڕێنین".
هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان باس لە قۆناخی دوای هەڵبژاردن کرد و گوتیشی "هەرگیز بیرمان لەوە نەکردووەتەوە ببینە بەربەست بۆ دیموکراسی لە تورکیا، چونکە پیرۆزی مرۆڤ و فرە مەزهەبی لە هەدەپەدا رەنگیداوەتەوە، هەدەپە ئامادەیە حوکمداری لە تورکیا بکات".
لە کۆتایی گوتارەکەیدا سەلاحەددین دەمیرتاش ئاماژەی بەوەکرد کە" سەردەمی هەڕەشەکردن کۆتاییهاتووە و ئەوانەی تاوانیان لە رۆبۆسکی و دیلۆک ئەنجامداوە دەبێ بدرێنە دادگا.
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا لە 7/6/2015 بە پێی ئەنجامە بەراییەکانی ئەو هەڵبژاردنە پارتی دیموکراتی گەلان HDP ، توانی رێژەی 13.1%ی دەنگەکان بۆ خۆی مسۆگەر بکات و بەربەستی 10% تێپەڕێنێت.
8/6/2015
رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی بڵاویکردەوە، ئەکتەری ناسراوی بواری نواندن وکۆمێدیای بەریتانیا روان ئەتکینسۆن ناسراو بە مستەربین، ئۆتۆمبێلە کۆنەکەی بە بڕی ٨ ملیۆن جونییەی ئیستەرلینی فرۆشتووە بە خاوەنی کۆمپانیای پترۆل و بەمەش نرخی ئۆتۆمبێلەکەی بین بەرزترین نرخی تۆمارکردووە لە بەریتانیا.
بە گوێرەی زانیارییەکانی ئەو رۆژنامەیە، ئۆتۆمبێلەکەی مستەربین ناوی ماکلارینە و هەژدەساڵ لەمەوبەر بە بڕی ٦٤٠ هەزار جونییەی ئیستەرلینی کڕیوە و هاوکات لەساڵی ١٩٩٩ و ٢٠٠١ میستەربین بەو ئۆتۆمبێلەی دووچاری رووداوی هاوتوچۆبووە
هەواڵی فرۆشتنی ئۆتۆمبێلەکەی مستەربین بەو نرخە بەرزە بووە جێی سەرەنجی میدیاکانی بەریتانیاو لەبەرامبەریشدا خاوەنی کۆمپانیای پترۆل و کڕیاری ئۆتۆمبێلەکەی مستەربین خۆشحاڵی پیشاندا کە بۆ مێژوو کڕیاری بەرهەمی یەکێک لە هونەرمەندەکانی جیهانە.
9/6/2015