لە ناوچەی شرناخ لە باکووری کوردستان، لایەنگرانی پارتی دیموکراتی گەلان HDP و لایەنگرانی هوداپار، کە هەردووکیان دوو پارتی کوردین، دەبێتە شەڕیان و دوو کەس بەهۆی پێکدادانیانەوە کوژراون.
7ی حوزەیران هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە تورکیا بەڕێوەدەچێت و بانگەشەی هەڵبژاردن لەنێوان ئەو لایەنانەی بەشدارن لە هەڵبژاردنەکەو لایەنگرانیان تادێت تووندتر دەبێت.
29/5/2015
یەکەمین ژنە کوردی ئێزدی خۆی بۆ ئەندامی پەرلەمانی تورکیا بەربژێر دەکات و بەناوی کوردانی ئێزدییەوە بەشداری دەکات. ئەو لەسەر لیستی پارتی دیموکراتی گەلان HDP خۆی هەڵدەبژێرێت.
لەناو HDPدا نوێنەرایەتی کوردانی ئێزدی دەکات، کوردانی ئێزدی پێشتر تەنها ئەنجوومەنێکی بچووک بوون، بەڵام لەدوای ساڵی ٢٠١٤ و ئاوارەبوونی کوردانی ئێزدی لە باشووری کوردستان و هێرشی داعش بۆسەریان وایکرد ناوی ئێزدی ببێتە ناوێکی دیار لە جیهاندا و بناسرێت ئەو دۆخە لە تورکیاش کاریگەری خۆی هەیە و ئەنجوومەنەکەی ئەوانی فراوانتر کردووە.
یەکێکی دیکە لەو ئەنجوومەنانەی نوێنەرایەتی کەمەنەتەوەییەکانی تورکیا دەکەن ئەرمەنییەکانن، لەم هەڵبژاردنە یەکەمین ژنە ئەرمەنی خۆی بۆ پەرلەمان کاندید کردووە. ئەویش هاوشێوەی فەلەکناس نایەوێت تەنها کارەکانی لەچوارچێوەی نوێنەرایەتی ئەرمەنییەکاندا سنوورداربێت.
دۆغان لەسەر لیستی پارتی گەلی کۆماری تورکیا CHP خۆی کاندید کردووە کە بە ئۆپۆزیسیۆنی سەرەکی تورکیا دادەنرێت.
چاودێرانی سیاسی دەڵێن کاری نوێنەرانی کەمە نەتەوەیی و ئاینییەکان لە تورکیا ئاسان نابێت، چونکە هەندێک جار لەوانەیە سیستەمی سیاسی ریگربێت لە جێبەجێکردنی ئەجێندای نوێنەرەکانیان.
ئەرمەنییەکان تەنها لەناو لیستی CHPدا نین، بەڵکو لەسەر لیستی پارتە کوردییەکە واتە HDP سێ نوێنەرایان هەیە و لە لیستی پارتی دەسەڵاتدار پارتی داد و گەشەپێدان AKP یەک نوێنەرانیان هەیە. جگە لە ئەرمەنییەکانیش عەلەوی و سریانی بە هەمانشێوە لەنێو لیستە جیاوازەکاندا نوێنەری خۆیان هەیە.
29/5/2015
لەكاتی ئەنجامدانی نوێژی هەینی، تەقینەوەیەكی خۆكوژی لە مزگەوتێكی سعودیە روویدا و ژمارەیەك قوربانی لێكەوتەوە. رێکخراوی داعشیش بەرپرسیارێتی تەقینەوەكەی لەئەستۆگرت.
سەرچاوەکانی هەواڵی سعودی رایانگەیاندووە، تەقینەوەکە لە مزگەوتی ئیمام حوسێن لە شاری دەمام بووە، خۆکوژەکەش بە پۆشاکی ژنانەوە چووەتە نێو مزگەوتەکە.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوەش دەکەن، کە بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان 4 کوژراو و 10 بریندار هەن، خۆكوژەكەش لەنێو كوژراوەكاندا هەیە.
هاوكات رێکخراوی داعش لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، بەرپرسیاریێتی خۆی لە تەقینەوەکە راگەیاند.
29/5/2015
دوای ئەوەی ژمارهیهك له پێشمهرگه دێرینهكانی یهكێتیی نیشتمانیی كوردستان لهبهردهم بارهگای مهكتهبی سیاسی یهكێتی كۆبوونهوه و خوازیاری چارهسهكردنی كێشه ناوخۆییهكانی یهكێتی و کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی حیزبەکەیان بوون، لێپرسراوی دهستهی كارگێڕی یهكێتی نیشتمانیی كوردستان رایگهیاند: "دوای كۆبوونهوهمان لهگهڵ ههڤاڵ مام جهلال مهكتهبی سیاسی و سهركردایهتی كۆدهبێتهوه".
بە پێی هەواڵی میدیاکانی یەکێتی ژمارهیهك له پێشمهرگه دێرینهكانی یهكێتیی نیشتمانیی كوردستان لهبهردهم بارهگای مهكتهبی سیاسی یهكێتی كۆبوونهوه و داوای چارهسهكردنی كێشهناوخۆییهكانی یهكێتی بوون و داوای کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی ئەو حیزبەیان دەکرد.
مهلا بهختیار لێپرسراوی دهستهی كارگێڕی یهكێتی نیشتمانی كوردستان رایگهیاند:" لهگهڵ گهیشتنی نامهكهتان دهستهی كارگێڕی مهكتهبی سیاسی كۆبووهو تاوتوێی نامهكه كراو بڕیاریش درا رۆژی 31 ی مانگ سهركردایهتی یهكێتی لهگهڵ مام جهلال كۆببێتهوه و دواتر بڕیار لهسهر كۆبوونهوهی مهكتهبی سیاسی و سهركردایهتی دهدرێت بۆ ئهوهی یهكێتی بگهڕێتهوه بۆ سهر رێچكهكهی خۆی".
رووداو - سلێمانی ٢٨/٥/٢٠١٥
لە راپۆرتێکیدا نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرایکرد، کە ژمارەی چەکدارە توندڕەوە بیانییەکانی نێو گرووپی داعش لە چەند مانگی رابردوودا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە.
راپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بەو رێکخراوە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، دەریخستووە، ئێستا نزیکەی ٣٠ هەزار چەکداری بیانی لەنێو ریزەکانی دەعشدان.
بەگوێرەی ئەو راپۆرتە، ئەو ژمارەیەی چەکدارانی بیانی نێو ریزەکانی داعش لە ١٠٠ وڵاتی جیاوازی جیهانەوە روویان کردووەتە سووریا و عێراق.
چاوەڕێدەکرێت ئەنجوومەنی ئاسایش رۆژی هەینی ٢٩ی ئایار لە دانیشتنی خۆیدا لێکۆڵینەوەی تەواو لەو راپۆرتەدا بکات و گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت.
بەگوێرەی ئەو راپۆرتە چەکدارە بیانییەکانی نێو داعش، تەنها لە سووریا و عێراق نین، بەڵکو ژمارەیەکیشیان روویان کردووەتە ئەفغناستان و لیبیا.
راپۆرتەکە ئاماژە بەوەشدەکات لە دوای نیوەی یەکەمی ساڵی رابردوەوە چوونی چەکداری بیانی بۆ نێو داعش بەرێژەی لەسەدا ٧٠ زیادیکردووە.
28/5/2015
سەرۆکی بەرەی نوسرە لە سووریا دەڵێت گرووپەکەی چڕبووەتەوە لەسەر گرتنی دیمەشق و روخاندنی حکومەتی بەشار ئەسەد.
ئەبوو محەممەد جەولانی، سەرۆکی بەرەی نوسرە لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی جەزیرە دەڵێت :" ئێمە هەوڵی خۆمان لەسەر دیمەشق و روخاندنی حکومەتەکەی چڕ کردووە و دڵنیاتان دەکەم رووخاندنی ئەسەد زۆر ناخایەنێت".
لە هەڤپەیڤینەکەدا سەرۆکی بەرەی نوسرە پشتی لە کامێرایە و روخساری پێشان نادرێت ، دیاریش نییە کە هەڤپەیڤینەکە لە کوێ سازدراوە.
جەولانی هەروەها بەرامبەر عەلەوییەکانی سووریا کە بنەماڵەی ئەسەدیش بەشێکن لەوان، دەڵێت:" ئەگەر دەیانەوێ لە ئەماندا بن شەڕ نەکەن و روو بکەنە ئیسلام، ئەو کات برای ئێمە دەبن".
28/5/2015
پیاوێکی سووری لە خەفەتی خیانەتی ژنەکەی بە ڕووتی هاتە سەرشەقام و دواتر وێنەی گیراو و خەڵکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویان کردەوە.
لە کامپێکی ئاوارە سورییەکان لە وڵاتی نەرویج گەنجێکی سووری لە نزیک خێمەکەی خۆی لە کامپی ئاوارەکان بەڕووتی هاتە سەر شەقام و مانیگرت.
ئەو گەنجە باسی ئەوەی کردووە کە پێش ئەوەی خۆی بچێتە نەرویج ژنەکەیی و منداڵەکانی ناردوون بۆ ئەوەی سەرەتا ئەوان لە دۆخی ناڕەحەتی سوریا ڕزگاریان بێت، بەڵام دواتر کە خۆی گەیشتۆتە نەرویج بە تێپەڕبوونی کات بۆی دەرکەوتووە کە ژنەکەی لەگەڵ پیاوێکی دیکە پەیوەندی هەیە.
پیاوە سورییەکە دەڵێت " لەدوای ئەوەی کە بەڕووداوەکەم زانیوە داوام لە ژنەکەم کردووە کە مناڵەکانیش بۆ خۆی ببات و لای من نەبن، بەڵام ئەو بەتەنها ڕٶیشتووە و منداڵەکانیشی بەسەر مندا بەجێهێشتوون".
28/5/2015
ئەم وێنەیش بریتییە لە یەکێک لە رێکلامەکانی ئەمساڵی ئاک پارتی
هەندێک کەس باوەڕی وایە کە پارتی دادوگەشەپێدان AKP ئیسلامییە یان ئیخوانە، کە لە راستیدا بەمجۆرە نییە و ئیسلامییەکانی کوردستانیش زۆر هەڵەن کە وابزانن نزیکن لەوانەوە. لە پەیڕەوی ناوخۆی ئەو پارتەدا هاتووە:" ئێمە پارتێکی سیاسی ناوەندی مرۆڤدۆستین کە بنەما سەرەکییەکانی حیزبەکەمان بریتییە لە عەلمانیەت و دیموکراسی و ئازادی و هەلی یەکسان و دادی کۆمەڵایەتی بۆ تورکیا". کاتێک ئەردۆغان لە دوای بەهاری عەرەبی سەردانی میسری کرد داوایکرد کە محەممەد مورسی دەوڵەتێکی عەلمانی دروست بکات و دامەزراوەکان نەکاتە شوێنی ئیسلامی سیاسی، بەڵام هەر ئەو رۆژە بە فەرمی ئیخوان وەڵامی دایەوە، کە ئەردۆغان بۆی نییە دەستوەربداتە کاروباری میسر.
ئەردۆغان خۆی زۆر جار باسی ئەوەی کردووە کە ئەو هەرگیز لەگەڵ تێکەڵکردنی دین و دەوڵەت نییە، بەڵکو باوەڕی وایە کە دەبێ سیاسییەکان عەلمانی بن بۆ دەوڵەت و دینداریش بن بۆ رەوشتی خۆیان.
ئەردۆغان وەک سەرۆک باوەش دەکات بە ژنە هونەرمەندەکانی تورکیا و گوێ لە گۆرانی دڵداریش دەگرێ و هولیا ئاڤشار و ئیبراهیم تاتڵیسێس یەکێکن لە دۆستە نزیکەکانی و دانیشتنیش بەجێناهێڵێ کە شەراب و خواردنەوەی تێدا بێت.
سەرکردەکانی ئاکپارتی دوو بەشن، وەک کۆمەڵگەی تورکیا بەشێکیان دیندارن و بەشێكیان پابەندبوونی دینییان نییە، بەڵام موحافیزەکارن کە زۆرینەی تورکیا پێکدێنن. هەروەها بەپێی راپرسییەکان لە سەدا ١٠ی دەنگدەری ئەم پارتە ئەو گەنجانەن کە لەچک ناکەن و مەی دەخۆنەوە.
دروشمی پارتەکە بریتییە لە: خۆشگوزەرانی - ئاشتی- سەلامەتی و تەندروستتییەکی باش. ئاک پارتی باش دەزانێ کە ئەوکاتە کۆتایی دێت، کە سەلامەتی و ئازادیی یانە شەوانەکانی وەک مزگەوتەکانی ئیستەنبوڵ نەپاراست.
27/5/2015
بنیامین ناتانیاهۆ ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل داوایەکەی سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆی ئاشتی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل پێشکەش بە شاندی دانوستاندنکاری فەلەستینی کردووە، بەڵام ئاماژەی بەوە کردووە کە چاوەڕێدەکات دانوستاندنەکان لەگەڵ بەردەوامیی مانەوەی ئیسرائیلییەکان لەو ناوچانە دەستپێبکاتەوە، کە فەلەستینییەکان بە خاکی داگیرکراوی دەزانن.
رۆژنامەکانی ئیسرائیل ئاشکرایان کردووە ناتانیاهۆ بۆ ئەو مەبەستە ئاگاداری فێدریکا مۆگێرینی بەرپرسی کاروباری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپای کردووەتەوە. بەگوێرەی زانیارییەکانی میدیا نێوخۆییەکانی ئیسرائیل، ناتانیاهۆ بە مۆگێرینی راگەیاندووە کە ئیسرائیل ئامادەی دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکانە ، بەڵام هیوای وایە لەسەر ئەو سنوورانە رێکبکەون کە ئێستا ئیسرائیلییەکانی تێدا دەژین و پرۆژە نیشتەجێیەکانی ئیسرائیل بمێننەوە.
ئیسرائیل لە جەنگی ١٩٦٧دا کەرتی رۆژئاوای کۆنترۆڵکرد و فەلەستینییەکانیش دەیانەوێت ئەو ناوچەیە وەربگرنەوە و بیکەنە بەشێک لە دەوڵەتی داهاتووی خۆیان.
وەزیرانی کابینەی نوێی حکومەتی ئیسرائیل لە کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆیاندا قسەی خۆیان لەسەر ئەو پرسە کرد و رایانگەیاند پشتیوانی لەو هەوڵە نوێیەی حکومەتی ئیسرائیل دەکەن.
بەرپرسانی ئیسرائیلی ئەوەیان دووپاتکردووەتەوە کە پرسی پرۆژە نیشتەجێیەکانی ئیسرائیل لەسەر خاکی فەلەستین بەشێک دەبێت لەهەر رێککەوتنێک لە داهاتوودا. بەڵام شاندی دانوستاندنکاری فەلەستینی لەبەرامبەردا داوا دەکەن هێڵە سنوورییەکانی پێش ساڵی ١٩٦٧ جیابکرێنەوە لەجیاتی ئەوەی ناتانیاهۆ بەردەوام بێت لەسەر پرۆژە نیشتەجێیەکان، زیاتر کار لەسەر چارەسەری دوو دەوڵەتی بکات.
پێشنیازەکەی ئیسرائیل ناتوانێت فەلەستینییەکان رازیبکات و بیناهێنێتە سەر مێزی دانوستان، چونکە ئەوەی ناتایاهۆ داوای دەکات بەردەوامیدانە بە پرۆژە نیشتەجێیەکانی ئیسرائیل.
27/5/2015
لە باکووری ئەفغانستان بزووتنەوەی تاڵیبان، چەکدارانی داعش، بزوتنەوەی ئیسلامی ئۆزبەکستان و رێکخراوی قاعیدە هاوپەیمانێیتییەکیان دژ بە حکومەت و هێزەکانی ئەفغانستان پێکهێناوە.
ئامانج لە هاوپەیمانێتییەکە کۆنترۆڵکردنی شارەکانی باکووری ئەفغانستانە هاوشێوەی عێراق و سووریا کە پێگەیەکی جوگرافی بەهێز دروستبکەن.
پارێزگاری کوندوز رایگەیاند، لە چەند رۆژی رابردوودا هێرشکی داعش و تاڵیبان بۆ کۆنترۆڵکردنی شارەکە شکستپێهێنراوە.
بەهۆی هێرشی تووندی هێزەکانی سوپای پاکستان لە ناوچەکانی وەزیرستان و ناوچەی خێڵەکان، چەکدارە تووندڕەوەکان بەرەو باکووری ئەفغانستان هەڵدێن، ئەمەش کاریگەری ئەمنی لێکەوتووەتەوە و هەڕەشەکانی داعشی لە ئەفغانستان گەورەتر کردووە.
هاوشێوەی عێراق حکومەتی ئەفغانستان بۆ بەرگریکردن لە شارەکان پەنا بۆ میلیشیاکان دەبات، بەڵام لە عێراق پێیدەگوترێت حەشدی شەعبی و لە ئەفغانستان بە موجاهدین بانگدەکرێن.
بەگوتەی بەرپرسانی حکومەت، ئەفغانستان چەکداری تاجیکی و ئۆزبەکی و پاکستانی لەنێو ریزەکانی تاڵیبان و داعشدا هەن.
حکومەتی ئەفغانستان هۆشداری دەدات لە بوونی داعش لە ئەفغانستان، هەروەها هاوپەیمانییەتی نێوان تاڵیبان و قاعیدە و داعش و بزووتنەوەی ئیسلامی ئۆزبەکستان بە هەڕەشەیەکی گەورە دادەنێت، بەڵام دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا بەوردی چاودێریی رەوشی ئەفغانستان دەکات. چەند جارێک بەرپرسانی ئەمریکا رایانگەیاندووە کە ئەفغانستان بۆ ئاسایشی ئەمریکا گرنگە.
ئەوەی کە ئەفغانییەکان دڵخۆش دەکات، بوونی رێککەوتننامەی ئەمنی نێوان کابول و واشنتنە، هەروەها بوونی سێزدە هەزار سەربازی هاوپەیمانانە لە کابول.
27/5/2015
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، رایگەیاند، ناونانی ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی پارێزگای ئەنبار لەژێر دەستی چەکدارانی داعش لەلایەن هێزە عێراقییەکان بە هاوکاریی حەشدی شەعبی بەناوی ( لبیک یا حسین) ناوێکی تائیفییە.
ستیڤ وارن، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، رۆژی سێشەممە 26 ی ئایاری 2015، سەبارەت بە پاشەکشەکردنی هێزە ئەمنییە عێراقییەکان لە شەڕی روومادی رایگەیاند "خراپیی رۆحی هاوکاریکردن لەنێو هێزە عێراقییەکان، هەروەها کێشەکانی نێو پێکهاتەی سوپای عێراق، هۆکاری پاشەکشەکردنی هێزە ئەمنییە عێراقییەکان بوون".
بە گوتەی وارن، هۆکاری زۆر هەن کە بوونە هۆکاری پاشەکشەکردنی هێزە ئەمنییە عێراقییەکان لە شەڕی دژ بە چەکدارانی داعش لە شاری رومادی. ئاماژەی بەوەشدا، هێزە عێراقییەکان لە رووی ژمارەوە زۆر زیاتر بوون لە چەکدارانی داعش، بەڵام پاشەکشەکردنیان لە شەڕەکە هەڵبژارد.
رۆژی 17 ی ئایاری 2015، چەکدارانی داعش کۆنتڕۆڵی شاری رومادی ناوەندی پارێزگای ئەنباریان کرد، لەبەرامبەریشدا ئاشتۆن کارتەر وەزیری بەرگریی ئەمریکا، هێزە عێراقیەکانی بەبێ ئیرادە بەرامبەر بە چەکدارانی داعش وەسفکرد.
رۆژی سێشەممە ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی ئەنبار لەژێر ناوی (لبیک یا حسین) بۆ سەر چەکدارانی داعش لەو پارێزگایە دەستیپێکرد. گوتەبێژی دەستەی چەکدارانی حەشدی شەعبیش رایگەیاند "ئەوان بەشداری لە شەڕی رومادیدا دەکەن و پێویستیشیان بە هاوکاریکردنی فڕۆکەکانی ئەمریكا و هاوپەیمانان نییە". دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەنبار بە بەشداری حەشدی شەعبی لەژێر ئەو ناوەدا لە کاتێکدایە کە زۆربەی دانیشتووانی پارێزگاکە سوننە مەزهەبن.
27/5/2015
پارێزگاری كەركووك لە هەڤپەیڤینێكی تایبەتدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی رووداو رەتیدەکاتەوە هیچ كاتێك بەرنامەی هەبووبێ بۆ بەهەرێمکردنی کەرکووک.
نەجمەدین كەریم، پارێزگاری كەركووك لەو هەڤپەیڤینەی (رووداو)دا، كە كاژێر 9:05 خولەكی ئەمشەو پەخشدەكرێت، ئاماژە بەوە دەكات، هیچ كاتێك بەرنامەی ئەوەی نەبووە كەركووك بكاتە هەرێمێكی سەربەخۆ، بەڵام دەڵێ ئەوە بۆچوونی بەشێك لە وڵاتە گرنگەكانە. گوتی "ئەمریكاو وڵاتانی چواردەوریش دەڵێن چارەسەری كێشەكانی كەركووك ئەوەیە بكرێتە هەرێمێكی سەربەخۆ".
پارێزگاری کەرکووک، کە هاوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، نیگەرانە لە سیاسەتەكانی حكومەتی ئێستای عێراق و دەڵێ کابینەکەی عەبادی هیچ جۆرە هاوكارییەكی نەكردوون. نەجمەدین كەریم گوتیشی "لە 2013ەوە پارەی پتڕۆدۆلارمان بۆ نەهاتووە".
پارێزگاری كەركووك هۆشداریی دەدات، کە چیتر بێدەنگ نابن لەبەرامبەر بڕینی بودجەی كەركووكییەكان و دەڵێ: "ئەو رۆژانە رۆیشت كەركووك بدۆشن و كەركووكییەكان هیچیان بەرنەكەوێت". ناوبراو باس لەوەش دەكات بۆ ئەوەی پڕۆژەكانی كەركووك نەوەسـتێ "ئێستا خەریكی پەیداكردنی بودجەم بۆیان".
هەر لەو هەڤپەیڤینەدا نەجمەدین كەریم ئەوەش دەخاتەڕوو، نەك هەر نیازی نییە كەركووك بكاتە هەرێمێكی سەربەخۆ، بەڵكو وەك خۆی گوتی "یەكێك لە ئامانجە سەرەكییەكانم گەڕانەوەی كەركووكە بۆ سەر هەرێمی كوردستان".
26/5/2015
سەرۆکایەتی حکومەتی بەریتانیا رایگەیاندووە، کە دەیڤید کامیرۆن سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی رووسیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا باسیان لە رەوشی سووریا کردووە و هەردوولا ئامادەییان نیشانداوە بۆ ئەوەی کار بۆ فەراهەمکردنی ئاشتی لە سووریا بکەن.
بەگوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتی حکومەتی بەریتانیا، پوتین لەرێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە کامیرۆنەوە کردووەو پیرۆزبایی دووبارە وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیای لێکردووە. هەر لەو پەیوەندییەدا هەردوولا لەسەر پشتیوانیکردن لە دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکانی تایبەت بە سووریا رێککەوتوون.
حکومەتی بەریتانیا راشیگەیاندووە، کە سەرۆکی رووسیا و سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دووپاتیان کردووەتەوە لە بەرژەوەندی هەردوولادایە هاوکاریی هەموو هەوڵیک بکەن لەپێناو چارەسەرکردنی قەیرانەکانی سووریا بەتایبەت تێکشکاندنی رێکخراوی داعش. بۆ ئەو مەبەستەش لەسەر ئەوە رێککەوتوون راوێژکارانی هەردوولا تایبەت بە کاروباری ئەمنی لە داهاتوویەکی نزیکدا کۆببنەوە و باس لە ململانێکانی سووریا بکەن.
سەبارەت بە دۆخی ئۆکراینا، باسیان لەوە کردووە کە بۆچوونەکانیان لەسەر کێشەکانی ئەو وڵاتە جیاوازی هەیە و پێویستیان بە گفتوگۆی زیاترە لەو بارەیەوە.
26/5/2015
سەرۆکایەتی حکومەتی بەریتانیا رایگەیاندووە، کە دەیڤید کامیرۆن سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی رووسیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا باسیان لە رەوشی سووریا کردووە و هەردوولا ئامادەییان نیشانداوە بۆ ئەوەی کار بۆ فەراهەمکردنی ئاشتی لە سووریا بکەن.
بەگوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتی حکومەتی بەریتانیا، پوتین لەرێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە کامیرۆنەوە کردووەو پیرۆزبایی دووبارە وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیای لێکردووە. هەر لەو پەیوەندییەدا هەردوولا لەسەر پشتیوانیکردن لە دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکانی تایبەت بە سووریا رێککەوتوون.
حکومەتی بەریتانیا راشیگەیاندووە، کە سەرۆکی رووسیا و سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دووپاتیان کردووەتەوە لە بەرژەوەندی هەردوولادایە هاوکاریی هەموو هەوڵیک بکەن لەپێناو چارەسەرکردنی قەیرانەکانی سووریا بەتایبەت تێکشکاندنی رێکخراوی داعش. بۆ ئەو مەبەستەش لەسەر ئەوە رێککەوتوون راوێژکارانی هەردوولا تایبەت بە کاروباری ئەمنی لە داهاتوویەکی نزیکدا کۆببنەوە و باس لە ململانێکانی سووریا بکەن.
سەبارەت بە دۆخی ئۆکراینا، باسیان لەوە کردووە کە بۆچوونەکانیان لەسەر کێشەکانی ئەو وڵاتە جیاوازی هەیە و پێویستیان بە گفتوگۆی زیاترە لەو بارەیەوە.
26/5/2015
کاریگەرییەکانی وشکبوونی دەریاچەی ورمێ، تەنیا مەترسی نەخستووەتە سەر داهاتووی کەرتی کشتوکاڵی و ژینگەی مرۆیی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵکو چالاکڤانانی ژینگەپارێزی مەترسی ژینگەی ئاژەڵیشیان لەدڵدایە.
بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی ژینگەپارێزی ئێران، خێرایی وشکبوونی دەریاچەی ورمێ تا رادەیەک بووە کە لە دە ساڵی رابردوودا زیاتر لە سەدا نەوەدی ئەو دەریاچەیە وشک بووە.
لەناو دەریاچەی ورمێدا چەند دوورگەیەک هەن ، کە بە یەکێک لە دەوڵەمەندترین ناوچەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە بواری ژینگەی ئاژەڵی دادەنرێن.
دەریاچەی ورمێ زیاتر لە سەد دوورگەی هەبوو، کە بەشی زۆریان بە هۆی وشکبوونی دەریاچەکەوە، تێکەڵ بە بیابانێک لە خوێ بوونە، بەڵام ناسراوترینی ئەو دوورگانە کە ژینگەی ئاژەڵیان هەیە کەبودان، ئەشک، ئێسپیر و ئارەزوونە کە کەوتوونەتە سنوورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە.
ئەو دوورگانە جێژینی دەیان باڵندەی کۆچەر و ئاژەڵی شیردەر و خشۆکن ، هەروەها شوێنی گیرسانەوەی دەیان هەزار باڵەندەی کۆچەر و خۆجێین.
بێهزاد شێرپەنجە سەرۆکی فەرمانگەی پارکی نیشتیمانی دەریاچەی ورمێ سەبارەت بە بارودۆخی ئەو ئاژەڵانە بە رۆژنامەی شەرقی چاپی تارانی گوتووە " ٢٠٠ سەر کەڵەکێوی و ٨٠٠ سەر گاکێوی لە دورگەکانی دەریاچەی ورمێدا هەن".
ئەو بەرپرسە نیگەرانی دەربڕیوە سەبارەت وشکبوونی کانیاوەکان ، هەروەها ئەوەشی ئاشکراکردووە کە بەهۆی وشکبوونی دەریاچەی ورمێوە رێوی و چەقەڵ خۆیان گەیاندووەتە ئەو دوورگانە و مەترسییان لەسەر ئاژەڵەکان دروستکردووە.
بەگوتەی سەرۆکی فەرمانگەی پارکی نیشتیمانی دەریاچەی ورمێ ئەگەرچی لە ساڵانی رابردوودا باڵەندەگەلێک وەک مراوی، پلیکان و سورە قورینگ لە دەستەی دە هەزاریدا لە دورگەکانی گۆلی ورمێ گیرساونەتەوە، بەڵام ئێستا هیچ باڵندەیەک ئامادە نییە هێلکەکانی لە گۆلی ورمێدا هەڵێنێ .
ئومێد بەرین / روداۆ