ئێستا لە كۆشكی سپی، مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری لەگەڵ باراك ئۆباما، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە كۆبوونەوەدان.
شاندی یاوەری سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە مەسروور بارزانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە، ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سرووشتییەكان، دەرباز كۆسرەت وەزیری ئاوەدانكردنەوە، فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە و فوئاد حوسێن، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان پێكدێت.
نامۆ عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری نووسینگەی واشنتنی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، كۆبوونەوەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی ئەمریكا داخراودەبێت و جگە لە فۆتۆگرافەری حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆشكی سپی، هیچ رۆژنامەڤانێك ناتوانێت كۆبوونەوەكە رووماڵ بكات.
نامۆ عەبدوڵڵا هەروەها گوتی "دوای كۆبوونەوەكەی بارزانی و ئۆباما بەیاننامەیەكی هاوبەشی هەردوولا دەخوێنرێتەوە".
رۆژی یەكشەممە 3ی ئایاری 2015، مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری لەسەر بانگهێشتی كۆشكی سپی ئەمریكا گەیشتنە واشنتن، سەردانەكەشیان لە ئەمریكا هەفتەیەك دەخایەنێت.
rudaw
6/5/2015
گوتەبێژی كۆشكی سپی رایدەگەیێنێ، ئەمریكا لە چوارچێوەی عێراقێكی یەكگرتوودا بەردەوامدەبێت لە پاڵپشتیكردنی هەرێمی كوردستان.
كاژێرێك بەر لە دەستپێكردنی كۆبوونەوەی مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و باراك ئۆباما، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، جۆش ئێرنێست، گوتەبێژی كۆشكی سپی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند كە ئەمریكا پشتگیری لە هەرێمی كوردستان دەكات .
لە وەڵامی پرسیارێكی نامۆ عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری نووسینگەی واشنتنی تۆڕی میدیایی رووداو، لەبارەی ئەوەی ئایا هیچ ئەجێندایەك بۆ مافی چارەی خۆنووسنی كورد هەیە، گوتەبێژی كۆشكی سپی گوتی:" ئەمریكا لەگەڵ عێراقێكی یەكگرتوودایە و بەردەوامیش دەبێت لە پشتیوانیكردنی كوردستان".
لەو كۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەدا كە بۆ یەكەمجار نامۆ عەبدوڵڵا وەك رۆژنامەڤانێكی كورد گەیشتە هۆڵی كۆنفرانسەكانی كۆشكی سپی، جۆش ئێرنێست جەختیكردەوە كە ئەمە هەڵوێستی كۆشكی سپییە لەبارەی سەربەخۆیی كوردستان و ئۆباماش لە كۆبوونەوەكەیدا لەگەڵ بارزانی تەنها ئەم هەڵوێستەی دەبێت.
رۆژی یەكشەممە 3ی ئایاری 2015، مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە یاوەری شاندێك لەسەر بانگهێشتی كۆشكی سپی ئەمریكا گەیشتنە واشنتن. بڕیارە كاژێر 10:40 خولەكی ئەمشەویش بەكاتی هەولێر لەگەڵ باراك ئۆباما، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كۆببێتەوە.
6/5/2015
بەگوێرەی لێدوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، بارزانی لەم سەردانەی بۆ واشنتن باسی سەربەخۆیی کورستان دەکات لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەی ئەمریکا. ئەمڕۆ نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەڵوێستێکی دیبلۆماسی دەگمەندا دژایەتی خۆی بۆ هەوڵەکانی بارزانی رانەگەیاند بۆ سەربەخۆیی کوردستان و بێلایەنی خۆی نواند.
ئەمە تەنها هەڵوێستی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی نەبوو، یاخود ئەم بێلایەنییە تەنها لەبەر ئەوە نەبوو کە پرسی کورد لە هۆڵەكانی نەتەوە یەکگرتووەکان بە دەگمەن باسدەکرێت و سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایش ئامادەی پرسیارێک نەبوو دەربارەی کورد. بەڵکو گوتەبێژی فەرمی نەتەوە یەکگرتووەکان هەمان هەڵوێستی بێ لایەنانەی نواند دەربارەی بابەتی سەربەخۆیی کوردستان.
رەخنەنەگرتنی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەوڵەکانی کورد بۆ دابەشکردنی عێراق رێکەوت نییە. سەرچاوەیەکی دیبلۆماسی کە نەیویست ناوی خۆی ئاشکرابکات بە رووداوی گوت، ئەم هەڵوێستەی نەتەوە یەکگرتووەکان بەهۆی ئەوەیە کە ئەم رێکخراوە نێودەوڵەتییە نایەوێت بکەوێتە کێشەوە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان.
پێشتر بەرپرسان و گوتەبێژانی نەتەوە یەکگرتووەکان بە زمانی دژایەتیکردن و تەنانەت ئیدانەکردن باسی بیرۆکەی سەربەخۆیی باشووری کورستانیان دەکرد لە عێراق، بەڵام ئێستا ئەو جۆرە زمانە گۆڕاوە و لێدوانەکان زیاتر بێلایەنانە دەردەکەوێت دەربارەی ئەم بیرۆکەیە. ئەمەش لەوانەیە نیشانەیەک بێت کە کورد هەنگاوێک لەو رۆژە نزیکتربووەتەوە کە کوردێک بە نوێنەرایەتی کوردستان لە یەکێک لەم کورسییانەی ئەنجوومەنی ئاسایش دابنیشێت و باسی کێشەکانی کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات.
نەتەوە یەکگرتووەکان بە هەمانشێوە کە نایەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی بەغدا تێکبچێت، ئاواش نایەوێت لەگەڵ هەولێر بکەوێتە کێشەوە. تەنانەت باڵێۆزی وڵاتێکی عەرەبی وەکو ئوردن نەیویست لە پێش کامێرای رووداو لە دژی هەوڵەکانی بارزانی بۆ سەربەخۆبون قسەبکات. ئەو تەنها بە ئۆف رێکۆرد گوتی ئێمە بە هەموو شێوەیەک پشتگیری لە یەکپارچەیی خاکی عێراق دەکەین.
6/5/2015
دوای ئەوەی ئێران لە کۆنگرەکانی یەکەم و دووەمی ژنێڤ لەبارەی دۆخی سووریا بەشداری پێنەکرا، بڕیارە لە کۆبوونەوەی سێیەمی ژنێڤدا، نوێنەری ئێرانیش بەشداربێت.
لایەنەکانی رۆژئاوای کوردستانیش لەبارەی بەشداری ئێران هەڵوێستی جیاوازیان هەیە. شارەزایانی سیاسیش پێیانوایە، بەشداری ئێران لە ژنێڤ 3، بەرهەمی رێککەوتنی سەرەتایی ئێران و وڵاتانی رۆژئاواییە لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی ئەو وڵاتە.
6/5/2015
هاوپەیمانی عەرەبی، بەمەبەستی گەیشتنی کۆمەکە مرۆییەکانی رێکخراوەکانی بە هاناوەچوون بۆ دانیشتووانی یەمەن، بیر لە وەستاندنی گورزە سەربازییەکان دەکاتەوە.
عادل جوبێر، وەزیری دەرەوەی سعودیە ئەمڕۆ دووشەممە 4 ی ئایاری 2015 رایگەیاند" لەپێناو دەرفەتدان بە رێکخراوەکانی بەهاناوەچوون بۆ گەیاندنی کۆمەکە مرۆییەکانیان، هاوپەیمانی عەرەبی بیر لەوەستاندنی هێرشەکانی بۆ سەر حوسییەکانی یەمەن دەکاتەوە".
جوبێر، هۆشداریشیدایە میلیشیا حوسییەکان ئەگەر بێتوو دەرفەتی وەستاندنی هێرشەکان بقۆزنەوە، یاخود رێگە بە گەیشتنی کۆمەکە مرۆییەکان نەدەن.
لە 26 ی ئاداری رابردوودا، هێزەکانی هاوپەیمانانی عەرەبی کە سعودیە رێبەرایەتی دەکات، بە بەشداری هەریەک لە وڵاتانی، کوەیت، ئیمارات، قەتەر و بەحرەین لە کەنداو، هەروەها میسر، سودان پاکستان، ئوردن و مەغریب، لە کاژێر 2ی بەرەبەیاندا هێرشیانکردە سەر حوسییەکانی یەمەن، تاوەکو ئێستاش هێرشەکانی هاوپەیمانی عەرەبی بۆ سەر حوسییەکان بەردەوامە.
5/5/2015
كۆمپانیا ئەمریكییەكان كە لە بواری نەوت و گاز و خزمەتگوزارییەكانی نەوت لە هەرێمی كوردستان كاردەكەن، كەوتوونەتە ژێر كاریگەرییە نەخوازراوەكانی شەڕی داعش و قەیرانی دارایی، بەڵام پێشبینی دەكرێت ئەگەر سەردانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ ئەمریكا دەرەنجامی ئەرێنی هەبوو، رەوشی ئەو كۆمپانیانە نەك تەنیا بگەڕێتەوە ئاستی خۆی، بەڵكو كەرتی وەبەرهێنانیش لە هەرێمی كوردستان بەرەوپێشتر بچێت.
سەردانەكەی مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری بۆ واشنتن كە بڕیارە هەفتەیەك بخایەنێت، نەك تەنیا لەڕووی سیاسییەوە سەرنجی میدیاكانی بۆخۆی راكێشاوە، بەڵكو یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان و ژمارەیەك لە كۆمپانیا ئەمرییكییەكان كە لە هەرێمی كوردستان كاری وەبەرهێنان دەكەن، چاوەڕوانن سەردانەكە خێروخۆشی بۆ ئەوان بەدوای خۆیدا بهێنێت.
یاسین مەحموود، گوتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت " قەبارەی سەرمایەگوزاری هەرێمی كوردستان 36 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە، كۆمپانیا بیانییەكان سەدا 30 قەبارەی سەرمایەكە پێكدەهێنن و كۆمپانیا ئەمریكییەكانیش بە رێژەی لەسەدا 6 پشكی سەرمایەكەیان بەركەوتووە".
نزیكەی 22 هەزار كۆمپانیا لە هەرێمی كوردستان هەن كە ژمارەیان سێ ئەوەندەی سەرجەم كۆمپانیاكانی عێراقە، لەو ژمارەیەدا 3100 كۆمپانیا بیانین، لە نێویشیاندا 117 كۆمپانیایان ئەمریكین، كە 25 یان زلهێزن وەك كۆمپانیاكانی شیڤرۆن و ئێكسۆن مۆبیل و ئاسپێكت ئینێرجی، بەڵام حكومەت ئامانجی گەورەتری هەیە بۆ راكێشانی كۆمپانیای زیاتری ئەمریكی بۆ كوردستان، كە چاوەڕواندەكرێت سەردانەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ ئەمریكا هۆكارێك بێت بۆ گەیشتن بە ئامانجەكان.
5/5/2015
رۆژی دووشەممە 4-5-2015 ، پارتی دیموکراتی گەلان HDP کۆبوونەوەیەکی جەماوەری لە شاری باڵککەسیری تورکیا رێکخست.
لەدوای تەواوبوونی کۆبوونەوە جەماوەرییەکەش، کە سەڵاحەدین دەمیرتاش وتارێکی تێدا پێشکەشکرد، پشێوی لەنێوان بەشداربووانی کۆبوونەوەکە و دانیشتووانی شارەکە دروستبوو.
بەپێی لێدوانی یەکێک لە شایەتحاڵەکان، لەکاتی بڵاوەپێکردنی لایەنگرانی HDP گرووپێک لە دانیشتووانی باڵککەسیر، ناڕەزاییان دەربڕیوە، بەوهۆیەوە شەڕ دروست بووە، لەبەرامبەردا ژمارەیەک لە لایەنگرانی HDP وەڵامیان داونەتەوە و لەئەنجامدا شەڕێکی تووند لەنێوانیاندا بەرپابووە.
دواتر هێزەکانی پۆلیسی تورکیا ئامادەبوون بۆ جیاکردنەوەی لایەنەکان و رێگەیانگرت لە فراوانبوونی پشێوییەکە.
5/5/2015
پهیامی مێدیایی
یەکگرتنی پارتی سەربەخۆیی کوردستان و پارتی سەربەستیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
ڕۆژی ٣ ی گوڵانی ٢٧١٥ی كوردی پارتی سەربەستیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پارتی سەربەخۆیی کوردستان لە پێناو بەرژەوەندی نەتەوەیی و کۆ کردنەوە و بەهیز کردن و ڕێکخستنەوەی بیری کوردستانی و هەروەها بۆ ڕزگار بوون لە پرژوبڵاوی هێڵی سەربەخۆییخوازانی وڵاتەکەمان دوای زەنجیرە کۆبوونەوەیەک و دیالۆگی بێوچان بەو ئاکامە گەیشتین کە هەر دوو پارتەکە یەکبگرین و لەمە بەدواوە وەک یەک حیزب درێژە بە خەباتی نەتەوایەتیی بۆ ڕزگاری و سەربەخۆیی کوردستان بدەین.
لە دیالۆگەکاندا هەر دوولا لەسەر ئەو باوەڕە بووین کە ناوی پارتی سەربەخۆیی کوردستان کە خاوەن مێژووێکی دێرینی تێکۆشان و خەباتی سەربەخۆییە، وەک ناوی ئەم پارتە نوییە بمێنێتەوە و مێژووی تێکۆشانی هەردوو پارتەکەش بە مێژووی پارتی سەربەخۆیی کوردستان هەژمار و تۆمار بکرێت.
بەم بۆنەوە پارتی سەربەخۆیی کوردستان جارێکی دیکە لەگەڵ گشت کوردستانیان پەیمان نوێ دەکاتەوە کە لە پێناو ڕزگاریی و سەربەخۆیی وڵات، هاوڵاتییانی ئازاد و کۆمەڵگای بەختەوەری کوردستان بە گەڵاڵە، بەرنامە و ستراتێژیی نوێ پێ بنێتە قۆناخێکی نوێ لە خەبات و تێکۆشانی نەتەوەیی.
پارتی سەربەخۆیی کوردستان، تێکۆشان لە پێناو بنیاتنانی یەکێتی نەتەوەیی گشتگیر لە کوردستانی مەزن بە یەکێک لە گرینگترین ئەرکەکانی خۆی دەزانێت و ئەم جارە بە نەخشەڕێی ڕزگاریی، تیكۆشانی خۆی دەربازی قۆناخێکی نوێ دەکات. لەم قۆناخە نوێیەدا بە ئەرکی خۆمانی دەزانین کە کۆمەڵگای کوردی لەگەڵ گشت ئەو کەرەسانەی کە ئێمە بە ئامانجی ڕزگاریی و سەربەخۆیی دەگەیەنێت ئاشنا بکەین و تێکۆشانی بێوچان بکەین بۆ جێگیر کردنی فەرهەنگی یەکبوون و تەبایی، تێبکۆشین بۆ کۆتایی هێنان بە فەرهەنگی دووبەرەکیی و لێکدابڕان.
بەم ئومێدە کە یەکگرتنی ئێمە ڕێخۆشکەر بێت بۆ تەشەنە کردنی یەکێتی زیاتر لە نێوان هەموو لایەنە نەتەوەییەکان و بەم هیوایە کە فەرهەنگی تێکەڵ بوون و یەکگرتن جێگای فەرهەنگی دابڕان و جیابوونەوە بگرێتەوە کە ئەم دیاردە نیو سەدەیە ڕێکخراوەکانی وڵاتمان لێک دەترازێنێت و گۆشەنشین دەکات. هیوادارین لە کورتماوەدا ئێمە وەک نەتەوە ببین بە خاوەنی کۆنگرەی ڕزگاریی، دەوڵەتی ڕزگاریی، یاسای بنەڕەتیی، ئارتەشێکی ڕزگاریی نەتەوەیی کە ئێمە لە خەونی ڕزگاریی و سەربەخۆیی نزیک بکاتەوە.
دەبا ئەم یەکگرتنەی ئێمە بانگەوازێک بێت بۆ کردنەوەی دەرگای دیالۆگ لە پێناو نەتەوەیەکی یەکگرتوو بۆ ڕاماڵینی داگیرکەر لە سەرانسەری خاکی کوردستان و ژیاندنەوەی ڕۆحی کۆماری کوردستان و بەدی هێنانی خەونی سەربەخۆیی پێشەوا قازی مەحەمەد. بەم بۆنەوە بانگهێشتی هەموو لایەن و ڕێکخراو و کەسایەتییە ڕزگاریخوازەکان دەکەین بۆ ئەرک هەڵگرتن لەگەڵمان بۆ بنیاتنانی بزووتنەوەیەکی بەهێزی ڕزگاریی و ژیاندنەوەی هیوای وڵاتیكی سەربەخۆ و ئازاد لەناو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.
بۆ پێشەوە بەرەو تێکۆشانێکی بێئامان بۆ ڕزگاریی کوردستان.
پارتی سەربەخۆیی کوردستان
٣ی گوڵانی ٢٧١٥ی كوردیی
سکرتێری ئەنجومەنی باڵای بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران باس لە پلانی ئەمریکا و بریتانیا بە مەبەستی دابەشکردنی وڵاتانی عێراق و یەمەن دەکات.
ماڵپەڕی تابناک لە زاری “موحسین رەزایی”یەوە بڵاوی کردووەتەوە، پلانی ئەو دابەشکردنە بە ئاگاداریی وڵاتانی فەرەنسا و ئەڵمانیاش گەیشتووە. ئەو بەرپرسە ڕای وایە کە سووریاش بە دوو بەشی سووریای باکوو و باشوور دابەش دەکرێت.
سکرتێری ئەنجومەنی باڵای بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەڵێ: بەپێی پلانەکە عێراق بەسەر سێ بەشی باکوور، ناوەڕاست و باشووردا دابەش دەکرێت.
ڕەزایی کە پێشتر فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران بووە ئاشکراشی کردووە” مووسڵ دەکرێتە پێتەختی بەشی باکوور، بەغدا دەکرێتە پێتەختی بەشی ناوەڕاست و بەسرەش دەکرێتە بەشی باشووری عێراق.
موحسین رەزایی لە درێژەی لێدوانەکەیدا گوتوویەتی: وڵاتی یەمەنیش لە ریزبەند و خشتەی دابەشکردنەکان دایە و دەکرێتە دوو بەشی باکوور و باشوور.
به گوتهی ئەو بەرپرسە باڵایەی ئێران، “جۆ بایدن” جێگری سهرکۆماری ئهمریکا ئەرکی کهیسی دابەشکردنی عێراقی پێ سپێردراوە و سووریا و یهمهنیش دابەشکردنەکەیان سپێردراوه به عهرهبستانی سعوودیه.
4/5/2015
لهمیانهی پانلێكدا كه ئهمڕۆ یهكشهمه (3-5-2015) لهلایهن فیدراسیۆنی گشتیی رێكخراوهكانی كۆمهڵی مهدهنی و سهنتهری توێژینهوهی یاسایی بهراوردكاری بۆ ههرپێنج سهرۆك فراكسیۆنهكانی (پارتی، یهكێتی، گۆڕان، كۆمهڵ و یهكگرتوو) لهپهرلهمانی كوردستان سازی كردبوو سهبارهت به پرسهكان سیستهمی حوكم و سهرۆكایهتی ههرێمی كوردستان و پڕۆژهی دهستوری ههرێمی كوردستان ههرپێنج لایهنهكه ڕای خۆیان لهمبارهیهوه دهربڕی.
لهمیانهی بهشداری كردنی له پانێلهكهدا” ئومێد خۆشناو” سهرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، له پهرلهمانی كوردستان گوتی: “ههموو ئهو دهنگۆیانه رهت دهكهینهوه كه گوایا پارتی لهگهڵ سیستهمی حكومڕانی پهرلهمانی نییه، بهپێچهوانهوه ئێمه بهبهڵگهوه ئهومان سهلماندووه كه لهگهڵ سیستهمی حوكمی پهرلهمانین” گوتیشی: ” ئێمه بههیچ شێوهیهك لهگهڵ ئهوه نین كه ههموو دهسهڵاتهكان لای یهك كهس كۆببێتهوه بهڵام سهرۆكێكی بێ دهسهڵاتیشمان ناوێت”.
ئهو گوتانهی خۆشناو لهكاتێكدایه كه سهرۆكی ههرچوار فراكسیۆنهكهی دیكهی پهرلهمان رایانگهیاند كه ئهوان دهیانهوێت سیستهمی حوكم پهرلهمانی بێت و دهسهڵاتی جێبهجێ كردن و بهرپرسیاریهتی لهلای سهرۆكی ئهنجومهنی وهزیران بێت و سهرۆكی ههرێمی ببێته پۆستێكی تهشریفاتی.
لهمیانهی ئهو پانێلهدا” رابوون مهعروف”، سهرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لهپهرلهمانی كوردستان سهبارهت به پڕۆژهی دهستووری ههرێمی كوردستان گوتی: “ئێمه لهگهڵ ئهوهین دهستورێكمان ههبێت ببێته هۆی بههێزكردنی پایهكانی سیستهمی دیموكراسی نهك لاوازكردنی”.
basnews
4/5/2015
ناتۆ بۆ یەکەمجار پاش شەڕی سارد، هێڵێکی تەلەفۆنی راستەوخۆ بۆ پێوەندیکردن لەگەڵ فەرماندەی سەربازیی رووسیا لە دۆخی نائاسایی و قەیراناویدا دادەمەزرێنێت.
میدیاکانی ئەڵمانیا بە گێڕانەوە لە سەرچاوەکانی ناتۆ دەڵێن: "ناتۆ و فەرماندەیی سەربازیی رووسیا رێگایان بۆ پێوەندیی راستەوخۆ لەگەڵ یەکدی خۆشکردووە. فەرماندەی سەربازیی ناتۆ لە ئەوروپا و سکرتێری گشتیی ناتۆ، لەمەولا دەتوانن لەگەڵ هاوکارانی رووسی خۆیان پێوەندییان هەبێت".
سەرچاوەکانی ناتۆ پشتڕاستیدەکەنەوە کە هێڵەکانی پێوەندی کراونەتەوە و بەردەوام تاقیشکراونەتەوە، بەڵام هێشتا کاتی چالاککردنی ئەو سیستەمەیان رانەگەیاندووە.
کاربەدەستانی رووسیش لە کۆتایی مانگی نیساندا ژمارەی پێوەندیی خۆیان ناردووە بۆ ناتۆ. ناتۆ و رووسیا ئەم شێوازەی پێوەندی وەک پرسی نهێنیی خۆیان هەژماردەکەن.
بەپێی راپۆرتی میدیاکانی ئەڵمانیا، دامەزراندنی پێوەندیی راستەوخۆی تەلەفۆنی لەنێوان رووسیا و ناتۆدا، پێشینیازی فرانک شتاین مایەر، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بووە.
شتاین مایەر دوابەدوای پەرەسەندنی قەیرانی ئۆکراینا، لە مانگی دیسەمبەری 2014 دا، باسی پێویستیی دامەزراندنی هێڵێکی تەلەفۆنیی کردبوو. بەتایبەت پاش زۆربوونی فڕینی فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا کە توانای هەڵگرتنی بۆمبی ئەتۆمیان هەیە، پێویستیی هەبوونی پێوەندیی راستەوخۆ لەنێوان ناتۆ و رووسیادا زیاتر هەستی پێکرا.
یەکێتیی سۆڤیەت و ئەمریکا پاش قەیرانی کوبا لە ساڵی 1962، دەستیان دایە دامەزراندنی هێڵێکی پێوەندیی راستەوخۆ لەنێوان ناوەندی فەرماندەریی سەربازیی هەردوو وڵاتدا. ئەو هێڵە تەلەفۆنییە دواتر بە تەلەفۆنی سوور ناوی دەرکرد.
4/5/2015
مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری لەسەر بانگهێشتی کۆشکی سپی ئەمریکا گەیشتنە واشنتن.
شاندەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەسروور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە، ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سرووشتییەکان، دەرباز كۆسرەت وەزیری ئاوەدانکردنەوە، فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە و فوئاد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان پێكدێت .
بەپێی راگەیێندراوێی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان كە رۆژی شەممە 2ی ئایار بڵاوكرایەوە، بارزانی و شاندی یاوەری لەگەڵ سەرۆك و گەورەبەرپرسانی حكومەت و ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا و چەند وڵاتێكی ئەورووپا كۆدەبنەوە، تەوەری سەرەكیی كۆبوونەوە و چاوپێكەوتنەكانیش گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە دەبێت لەبارەی شەڕی داعش، هەڕەشەی تیرۆریستان بۆ سەر ئاساییشی جیهانی و ناوچەكە، ئازادكردنی موسڵ و ناوچەكانی ژێر دەستەڵاتی داعش، ئاییندەی هەرێمی كوردستان و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا و وڵاتانی ئەوروپا.
نامۆ عەبدوڵڵا، بەڕێوبەری ئۆفیسی رووداو لە واشنتن ئاماژەی بەوە کرد کە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە قسەیکردووە و پێیان راگەیاندووە کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی سێشەممە 5ی ئایار چاویدەکەوێ بە باراک ئۆباما، سەرۆکی ئەمریکا و جۆ بایدن-ی جێگری و بەرپرسانی پێنتاگۆن و کۆنگرێس. سەردانەكەی بارزانی بۆ ئەمریكا هەفتەیەك دەخایەنێت.
لە درێژەی سەردانەکەیاندا بۆ دەرەوەی وڵات، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری سەردانی هەنگاریا و چیک دەکەن و سەردانەکەشیان لە دەرەوەی وڵات زیاتر لە 10 رۆژ دەخایەنێت.
4/5/2015
لە گوندێكی دەڤەری پشدەر، ژن و مێردێك سێ مانگە سەرقاڵی چنینی ئاڵایەكی كوردستانن و دەڵێن گەورەترین ئاڵایە كە لە خوری چنرابێت و بڕیاریشە ئاڵاكە پێشكەشی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بكەن.
دڵشاد حوسێن و پەریزاد مستەفا، ئەو ژن و مێردەن كە ئەو ئاڵایەیان چنیوە. ئەوان دەڵێن پێش ئەوان ژنێكی خەڵكی شاری مهابادی رۆژهەڵاتی كوردستان ئاڵایەكی چنیوە، بەڵام ئەوەندەی ئاڵاكەی ئەوان گەورە نەبووە، ئەو ئاڵایەی ئەوان چنیویانە درێژییەكەی 3.8 مەترە و پانییەكەشی 2.8 مەترە.
دڵشاد لە كۆڕەوەكەی ساڵی 1991 چووەتە رۆژهەڵاتی كوردستان و لەوێ هاوسەرگیری لەگەڵ پەریزاد كردووە، ئەوان ئێستا لە گوندی پیران لە قەڵادزێ لەسەر كێڵگەیەكی پەلەوەر كار دەكەن، ئەو كاتانەی ئیشی كێڵگەكەیان نەبێت، سەرقاڵی چنینی ئاڵاكە دەبن.
دڵشاد بە (رووداو)ی گوت "من لە ئێران ئاڵایەكی كوردستانم هەبوو، لە ئێران لەسەر ئەو ئاڵایە گیرام و پێنج ساڵ زیندانی كرام، دوای ئازادكردنیش ناچاریان كردم ئێران جێبهێڵم. لەنێو زیندان فێری كاری چنین بووم، هەر لەوێ بەڵێنم دا ئاڵایەكی گەورە بچنم، دوای راوێژكردن بە هاوسەرەكەم، بەیەكەوە بڕیارماندا ئاڵاكە بچنین، دوای سێ مانگ ئاڵاكەمان تەواو كرد، ئێستا دەمانەوێت ئەو ئاڵایە پێشكەشی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بكەین".
دڵشاد رەتیكردەوە كە لایەنگری هیچ حیزبێك بێت و گوتی "بەڵام سەرۆكی هەرێمی كوردستانم خۆشدەوێت، لەبەرئەوەی كە سەرۆكی هەرێمە نەوەك سەرۆكی لایەنێكی سیاسی".
پەریزاد لەرێگای دڵشادی هاوسەرییەوە فێری كاری چنین بووە، ئەو دەڵێت "دڵشاد فێری كاری چنینی كردم، ئێستاش بۆ دابینكردنی بەشێك لە بژێویی ژیانم كڵاوی منداڵان و سەرشانەی ژنان و بەرگی قوتوی كلێنس و تەسبیح و كۆمەڵێك كەلوپەلی دیكە دەچنین".
دڵشاد و پەریزاد كوڕێك و كچێكیان هەیە بەناوەكانی (خەندە و یەحیا) ئەوان ئەو كاتانەی دایك و باوكیان سەرقاڵی چنینن، سەیری دەستیان دەكەن بە ئومێدی ئەوەی فێری هونەری چنین ببن و هەندێجاریش هاوكاری و بەردەستییان دەكەن.
3/5/2015
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ ئەمریکا دەیەوێ دڵنیابێت لەو چەکانەی بۆ عێراقی دەنێرێ بەشێکی دەگاتە دەست پێشمەرگە. سەبارەت بە نیگەرانیی بەشێکی لایەنە عێراقییەکانیش لە پرۆژەبڕیارەکەی کۆنگرێس دەڵێ "باش لێی تێنەگەیشتوون".
نێچیرڤان بارزانی، لەنێو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، دوای ئەوەی ماڵئاوایی لە سەرکوەزیرانی کەنەدا کرد، بۆ تۆڕی میدیایی رووداو باسی لە سەردانەکە کردو بە "گرینگ" وەسفیکرد. گوتی "سەردانێکی گرینگ بوو، حکومەتی کەنەدا هەر لە سەرەتای شەڕی داعشەوە هاوکاریی مرۆیی و سەربازیی هەرێمی کوردستانی کردووە، لەم سەردانەشدا سەرۆکوەزیرانی کەنەدا جەختی لە پاڵپشتیکردنی پێشمەرگە کردەوە".
سەرۆکوەزیرانی کەنەدا لە سەردانەکەیدا بۆ هەولێر، بەرەکانی شەڕی داعشی بەسەرکردەوە. نێچیرڤان بارزانی ئەوەشی بە گرینگ لەقەڵەمدا و گوتی "سەرۆکوەزیرانی کەنەدا سەرسام بوو بە هاوئاهەنگی نێوان پێشمەرگە و هێزەکانی هاوپەیمانان، بەڵێنیشیدا هاوکاریی زیاتری پێشمەرگە بکات".
نێچیرڤان بارزانی لە لێدوانەکەیدا بۆ رووداو وەڵامی نیگەرانیی ئەو لایەنە عێراقییانەشی دایەوە، کە دژی پرۆژەبڕیارێکی کۆمارییەکانی ئەمریکا وەستاونەتەوە. لەو بارەیەوە گوتی "دەبێ بزانین ئەو بڕیارە بۆ دراوە، پێشتر سەرۆکوەزیرانی پێشوو رەزامەندی نەدا هاوکاریی سەربازیی بگاتە هەرێمی کوردستان، ئەو بڕیارەی ئەمریکاش بۆئەوەیە تاوەکو دڵنیابن چەک دەگاتە دەست پێشمەرگە، چونکە پارەکە خۆی دەیدات". سەبارەت بە نیگەرانیی لایەنە عێراقییەکانیش گوتی "باش لە بڕیارەکە تێنەگەیشتوون".
ئەو پرۆژەبڕیارە ئەگەر پەسەندبکرێ ئەمریکا راستەوخۆ چەک بۆ پێشمەرگە دەنێرێ.
3/5/2015
ئەمڕۆ یەكشەممە 3ی ئایار لە ئوردن سەركەوتنی چارەسەری یەكجاریی چوار حاڵەتی شەكرەی جۆری یەك راگەیەنرا، ئەویش لەدوای چاندنی قەدەخانە لە پەنكریاسیاندا، كە دواتر ئەو خانە چێنراوانە دەستیانكردووە بە دەردانی هۆرمۆنی ئینسۆلینی سوتێنەری شەكری خوێن.
دكتۆر حازم حەبوب سەرۆكی تیمی چارەسەرییەكە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانیدا سەركەوتنی چارەسەرییەكەی راگەیاند و گوتی "تەنیا لە رێگەی قەستەرە و بەبێ پەنابردن بۆ بەنج و نەشتەرگەری خانەكانمان لە پەنكریاسی نەخۆشەكاندا چاندن".
وەك تیمی چارەسەرییەكە رایانگەیاند ئەم سەركەوتنە پزیشكییە لە ئوردن یەكەم ئەزموونی لەو جۆرەیە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا.
چاكبوونەوەی تەواوەتی
سەرۆكی بەشی نەخۆشییەكانی منداڵان لە زانكۆی شیكاگۆی ئەمریكایی پرۆفیسۆر مارك هۆڵتەر كە یەكێكە لە ئەندامانی تیرە چارەسەركارەكە بە ئەلجەزیرەی گوتووە كە ئەو نەخۆشخانەی لە رێگای چاندنی قەدەخانە لە پەنكریاسیاندا چارەسەركراوون، ئێستا تەواو لە شەكرە چاكبوونەتەوە و چیتر پێویستیان بە دەرزی ئەنسۆلین نییە، پێشبینیشی كردووە ئەو ئەزموونەی كوردن بە هەموو جیهاندا بڵاوببێتەوە.
ئەم جۆرە چارەسەرە بۆ تووشبووانی شەكرەی جۆری یەك ئەنجامدراوە و بۆ هەر نەخۆشێك تێچووەكەی 42 هەزار دۆلارە
شەكرەی یەك و دوو
تووشبووانی شەكرەی جۆری یەك زیاتر منداڵان و گەنجەكانن و بە هیچ جۆرێك ئینسۆلین لە پەنكریاسەوە دەرنادەن، چونكە خانەكانی دەردانی ئینسۆلین لە پەنكریاسیاندا بەتەواوی لەنێوچوون بەهۆی هێرشی نەخوازراوی كۆئەندامی بەرگری بۆسەر ئەو خانانە. ئەوەش بە پێچەوانەی شەكرەی جۆری دوو كە ئینسۆلینیان هەیە بەڵام یان بڕەكەی كەمە یاخود خانەكانی جەستەیان وەك پێویست وەڵامی كاری ئینسۆلینی جەستەیان ناداتەوە. بۆیە تاكە چەرەسەری تووشبووانی شەكرەی جۆری یەك بەر لە ئەم جۆرە چارەسەرە نوێیە، تەنیا بریتی بوو لە لێدانی دەرزی ئینسۆلین و بە حەبی دابەزێنەری شەكرە باش نەدەبوون.
4/5/2015