بڕیارە ئەمڕۆ ژمارەیەک سەرۆک و نوێنەری وڵاتان روو لە ئیستەنبوڵ بکەن بۆ بەشداربوون لە لوتکەی ئاشتی، کە بڕیارە لە 23- ئەم مانگە دەستپێبکات و تاوەکو 25-ی مانگ بەردەوام بێت.
بەشێک لە میدیاکانی تورکیا سازکردنی ئەو لوتکەیە وا نیشاندەدەن کە لەبەرامبەر یادکردنەوەی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان رێکخراوە، چونکە هەموو ساڵێک لە 24 ی نیسان یادی کۆمەڵکوژیی ئەرمەنییەکان دەکرێتەوە، کە لە ساڵی 1915 لەلایەن ئیمپراتۆریەتی عوسمانییەوە روویدا و ژمارەی قوربانییەکان لەنێوان 600 هەزار تاوەکو ملیۆنێک و 800 هەزار کەس بوو.
لەماوەی دوو هەفتەی رابردوودا پاپای ڤاتیکان لە گوتاری هەفتانەی خۆیدا گوتبووی: "یەکەمین کۆمەڵکوژی سەدەی بیستەم بەرامبەر بە ئەرمەنەکان کراوە".
لەبەرامبەردا رۆژی 12-4-2015 ، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا باڵیۆزی ڤاتیکانی لە ئەنقەرە بانگهێشتکرد و بەفەرمی هەڵوێستی وڵاتەکەی پێڕاگەیاند، بۆیە ئەمڕۆ کاردیناڵ پێتەر تورکسۆن، نوێنەری پاپای ڤاتیکان لە تورکیا، بە بیانووی "نەخۆشییەوە" ناتوانێ بەشداری لوتکەی ئاشتی بکات.
ئەو لوتکەیەی ئەمڕۆ لە ئیستەنبوڵ سازدەکرێت، بەبۆنەی 100 ساڵەی شەڕەکانی چەناککالەن کە لە ساڵی 1915، هەمان ئەو ساڵەی ئەرمەنییەکانی تورکیا کۆمەڵکوژ کراون، ئەنجامدراوە.
بڕیارە 21 سەرۆککۆمار، 2 سەرۆکی پەرلەمان، 3 جێگری سەرۆککۆمار و 5 سەرۆکوەزیرانی وڵاتان بەشداری لوتکەی ئاشتی بکەن لە ئیستەنبوڵ.
چاوەڕێ دەکرێ لە بەریتانیا پرێنس چارلس بەشداری بکات و کوڕێکیشی یاوەری بکات. لە سووریا خالید خۆجا، سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتمانی سووری بەشداردەبێت.
بەڵام هەریەکە لە ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی رووسیا و فرانسوا ئۆلاند، سەرۆکی فەرەنسا بەشداری تێدا ناکەن و ئەوان دەچنە ئێریڤان، پایتەختی ئەرمینیا بۆ ئەوەی بەشداری رێوڕەسمی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان بکەن. تاوەکو ئێستاش ئەمریکا بڕیاری خۆی لەبارەی بەشداریکردن و نەکردن نەداوە.
23/4/2015
ئارام شێخ محەممەد، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیێنێت، كە ئازادی رادەبڕین، پێوەری سەرەكی ناسینەوە و جیاكردنەوەی سیستەمە دیموكراتخوازەكانە لە سەركوتكارەكان.
بە پێی بەیاننامەیەكی نووسینگەی رۆژنامەوانیی ئارام شێخ محەممەد، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كە بە بۆنەی ساڵیادی رۆژنامەگەریی كوردییەوە ئاراستەی رۆژنامەڤانانی كوردستانی كردووە و وێنەیەكی بۆ (تۆڕی میدیایی رووداو) نێردراوە، ئارام شێخ محەممەد، وێڕای پیرۆزبایی لە رۆژنامەنوسانی كوردستان، هیواخوازیشە ئەو یادە ببێتە وێستگەیەك بۆ بەرەو پێشبردنی زیاتری كایەی رۆژنامەوانیی و فەراهەمكردنی ئازادی زیاتر و رێزگرتن لە كاری ڕۆژنامەوانیی، هاوكات وەستانەوە بەڕووی ئەو هەوڵانەی كە دەیانەوێت ئاستەنگ بۆ ئەو ئەركە پیرۆزە دروستبكەن، یاخود لەڕێی بەكارهێنانی توندوتیژییەوە هەوڵی چاوترستاندنیان بدەن.
ئارام شێخ محەممەد، جەختیشی كردووەتەوە كە ئازادی رادەبڕین پێوەرێكی سەرەكییە بۆ لێك جیاكرنەوەی سیستەمە دیموكراتییەكان و سەركوتكارەكان لە یەكتر، بۆیە هاوشانی قبوڵكردنی یەكتر و چەسپاندنی بنەماكانی دیكەی دیموكراسی، ئەركی بەرپرسانی هەرێمە، نەك تەنها كار بۆ فەراهەمكردنی ئازادی كاری رۆژنامەوانیی بكەن، بەڵكو دەبێت ببنە پارێزەر و بەرگریكاری، تا بە فیعلی بۆ دونیای بسەلمێنێن كورد گەلێكی ئازادیخوازە و رێز لە هەموو جیاوازییەكان دەگرێ.
23/4/2015
جۆن کێربی، گوتەبێژی پێشووی پنتاگۆن لە پنتاگۆنەوە گوێزرایەوە بۆ وەزارەتی دەرەوە و ئەمجارەیان بوو بە گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
رۆژی چوارشەممە، 22 ی نیسان، رۆژنامەکانی ئەمریکا بڵاویان کردەوە جۆن کێربی گوتەبێژی پێشووی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، لە شوێنی جین ساکی کە ئێستا پۆستی بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی لە کۆشکی سپی پێ سپێردراوە، پۆستی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وەردەگرێت.
کێربی لە مانگی دووی ئەمساڵدا، دوای وەرگرتنی پۆستی وەزیری بەرگری لەلایەن ئاشتۆن کارتەر، پۆستی گوتەبێژی ئەو وەزارەتەی جێهێشت، بەرپرسێکی ئەمریکیش کە نەیویستووە ناوی بهێندرێت، رایگەیاندووە "لەسەر داوای جۆن کێری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، کێربی کراوەتە گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا"، بە گوتەی ئەو بەرپرسە هۆکاری هەڵبژاردنی کێربی وەک گووتەبێژ لەلایەن جۆن کیرییەوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە کێربی ئەزموونێکی فراوان و قووڵی لە پرسە نیودەوڵەتییەکاندا هەیە.
کێربی تاوەکو کاتی خانەنشینکردنی لە سوپادا لەلایەن وەزارەتی بەرگری ئەمریکاوە، ناتوانێت وەک گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە دەستبەکاربێت.
23/4/2015
لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنە گشتییەکەی تورکیا، هەڵمەتی هەڵبژاردنی پارتەکانی ئەو وڵاتە دەستیپێکرد.
لەو چوارچێوەیەدا هەر 4 پارتە سەرەکییەکە، کە چاوەڕێدەکرێت لە پەرلەمان نوێنەرایەتی بکرێن، گۆرانی و سروودیان بەرهەمهێنا بۆ راکێشانی دەنگدەران بەلای خۆیاندا.
لە ناویاندا پارتی داد و گەشەپێدان AKP و پارتی دیموکراتی گەلان HDP گۆرانییان بە زمانی کوردی بەرهەمهێنا، بەڵام پارتەکانی CHP و MHP تەنها زمانی تورکیان بەکارهێنا بۆ سروودەکانیان.
لە گۆرانییەکەی AKP دا داوا لە دەنگدەران دەکرێت جارێکی دی متمانە بەو پارتە بدرێتەوە.
لە گۆرانییەکەی HDP شدا ئەو پارتە بە پارتی کوردان ناودەبرێت و درووشمەکانی برایەتی و پێکەوە ژیان جەختیان لەسەر دەکرێتەوە.
23/4/2015
ئەنجوومەنی زەردەشتییەکان لە کوردستان رایدەگەیێنێ، کار بۆ دووبارە ئاوەدانکردنەوەی پهرستگای زهردهشتییەکان لە كوردستان و هەروەها بۆ بڵاوکردنەوەی ئایینی زەردەشتی لە ناو کۆمەڵگەی کوردی دەکەن.
لوقمان حاجی کەریم، بەرپرسی ئەنجوومەنی زەردەشتیانی کوردستان بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی رایگەیاندووە، زەردەشتیانی باشووری کوردستان پلانیانداناوە بۆ بڵاوکردنەوەی ئایینەکەیان لە ناو کۆمەڵگەدا و ئاشناکردنی هاووڵاتیان بە ئایینەکە.
کەریم ئاماژەی بەوەش کردووە، بەهۆی ئەوەی ئایینی زەردەشتی ئایینێکی کۆنی کوردانە، لەبەرئەوە بڕیاریانداوە پەرستگایەک لە باشووری کوردستان بکەنەوە و چالاکییەکانی خۆیان ئەنجامبدەن.
بەرپرسی ئەنجوومەنی زەردەشتییەكان لە کوردستان ئەوەشی خستووەتەڕوو، پێش ماوەیەک ئەنجوومەنەکەیان لە هەردوو شاری سلێمانی و هەولێر دامەزراوە و ئێستا کار لەسەر بڵاوکردنەوەی مەفاهیمەکانی ئایینی زەردەشتی دەکەن.
ئەنجوومەنی زەردەشتییان لە ساڵی 2006 لە وڵاتی بەریتانیا دامەزراوە و لە سەرەتای ساڵی 2015 لە باشووری کوردستان دەستی بە چالاکییەکانی کردووە.
زەردەشتی ئایینی سەرەکی ئیمپراتۆرییەتەکانی ئەخمینی و بارسی و ساسانی بووە، بەپێی دوا ئامارەکان ژمارەی شوێنکەوتووانی ئایینەکە لە نێوان 145 هەزار تا 2،6 ملیون کەسە، کە زۆربەیان لە "هیند و ئێران و ئەفغانستان و ئازەربایجان" دانیشتوون، هەندێکی دیکەش بەهۆی ئاوارەبوونیان ئێستا لە ناوچەکانی ئەمەریکا و ئەوروپا و ئوسترالیا و کەنەدا و سەنگافوورە نیشتەجێن. لە کوردستانیش پێش 3000 هەزار ساڵ زەردەشتییەکان ژیاون.
22/4/2015
مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەبۆنەی ساڵیادی رۆژنامەگەریی كوردی پەیامێك بڵاودەكاتەوە و رایدەگەیێنێ،" ئێستا كە نەیارانی گەلی كوردستان میدیا وەك ئامرازێك بۆ دژایەتیكردنی مافە رەواكانی گەلی كوردستان بەكاردەهێنن، دەكرێ میدیای كوردستانی سەنگەرێكی زۆر بەهێزبێت بۆ بەرپەرچدانەوەی هەوڵی نانەوەی دووبەرەكی و پشێویی كۆمەڵایەتی و سیاسی لە لایەن ناحەزانی كوردستانەوە".
سەرۆكی هەرێمی كوردستان وێڕای ئەوەی لە پەیامەكەیدا پیرۆزبایی لە رۆژنامەنووسانی كوردستان دەكات، جەختدەكاتەوە كە رۆژنامەگەریی كوردی هەر لەسەرەتای دەركەوتنیەوە و لە قۆناغە جیاجیاكانی خەباتی گەلی كورد شانبەشانی چین و توێژە خەباتگێڕەكانی دیكەی كوردستان لە دژی داگیركاری و دیكتاتۆری وەستاوەتەوە، رۆشنگەریی و دژایەتیی زوڵم و نەیارانی كوردستان خەسڵەتی دیاری رۆژنامەنووسی كورد بووە.
بارزانی داوا لە گشت لایەك دەكات پاڵپشتی توێژی هۆشیار و كاریگەری رۆژنامەنووسان بن و یارمەتیی كەمكردنەوەی كێشەكانیان و باشتركردنی گوزەرانیان بدەن. دەشڵێت:" ئێستا لەو كاتەی وڵاتمان رووبەڕووی شەڕێكی زاڵمانەیی تیرۆریستان بووەتەوە و تیرۆریستان لەڕێگەی میدیاكانیانەوە شەڕی دەروونی لەدژی خەڵكی كوردستان و پێشمەرگە دەكەن، ئەو چاوەڕوانییەش لە میدیاكارانی خۆشەویستی كوردستان هەیە كە لەبەرانبەر ئەم هەوڵەی تیرۆریستان بووەستنەوە و ببنە بەشێكی كاریگەر لە بەرەی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و هزری توندڕۆیی".
دەقی پەیامەكە:
پەیامی سەرۆك بارزانی بە بۆنەی ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی كوردی
بەبۆنەی سەدوحەڤدەهەمین ساڵوەگەڕی دەرچوونی یەكەم ڕۆژنامەی كوردی و حەڤدەهەمین ساڵیادی دامەزراندنی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان و ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی كوردی پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان و هەموو میدیاكار و ڕۆژنامەنووسانی كوردستان دەكەم.
ڕۆژنامەگەریی كوردی هەر لەسەرەتای دەركەوتنیەوە و لە قۆناغە جیاجیاكانی خەباتی گەلەكەمان شانبەشانی چینوتوێژە خەباتگێڕەكانی دیكەی كوردستان لەدژی داگیركاری و دیكتاتۆری وەستاوەتەوە و ڕۆشنگری و دژایەتیی زوڵم و نەیارانی كوردستان خەسڵەتی دیاری ڕۆژنامەنووسی كوردی بووە.
ئێستایش كە نەیارانی گەلی كوردستان میدیا وەك ئامرازێك بۆ دژایەتیكردنی مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان بەكار بهێنن دەكرێ میدیای كوردستانی سەنگەرێكی زۆر بەهێز بێت بۆ بەرپەرچدانەوەی هەوڵی نانەوەی دووبەرەكی و پشێویی كۆمەڵایەتی و سیاسی لە لایەن ناحەزانی كوردستانەوە.
ئێستایش لەو كاتەی كە وڵاتمان ڕووبەڕووی شەڕێكی زاڵمانەیی تیرۆریستان بووەتەوە و تیرۆریستان لەڕێگەی میدیاكانیانەوە شەڕی دەروونی لەدژی خەڵكی كوردستان و پێشمەرگە دەكەن ئەو چاوەڕوانییەش لە میدیاكارانی خۆشەویستی كوردستان هەیە كە لەبەرانبەر ئەم هەوڵەی تیرۆریستان بوەستنەوە و ببنە بەشێكی كاریگەر لە بەرەی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و هزری توندڕۆیی.
جێگەی شانازییە كاری ڕۆژنامەگەری لە كوردستاندا هەنگاوی باشی ناوە و بە ئازادییەكی تەواو و دوور لە هەموو سانسۆرێك لە هەرێمی كوردستاندا درێژە بە چالاكییەكانی دەدات و بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە میدیا و ڕۆژنامەنووسی لە دۆخێكی زۆر باش دایە لەڕووی ئازادی و نەبوونی كوسپ و تەگەرە بۆ كاری ڕۆژنامەنووسی. ئەو كاتەیش ئازادیی ڕۆژنامەنووسی دەبێتە هۆكارێك بۆ پێشكەوتنی كۆمەڵگە كە پێكەوەگرێدانێك هەبێت لەنێوان ڕۆژنامەنووسی و بەرپرسیارێتیی كۆمەڵایەتی و پابەندبوون بە پیشەییبوون و بەهاكانی ڕۆژنامەنووسی.
لەم یادەدا داوا لە گشت لایەك دەكەم پاڵپشتی توێژی هۆشیار و كاریگەری ڕۆژنامەنووسان بن و یارمەتیی كەمكردنەوەی كێشەكانیان و باشتركردنی گوزەرانیان بدەن و ڕۆژنامەنووسەكانی كوردستان دوور لە دەستێوەردانی سیاسی بتوانن بە شێوەیەكی ئازاد و سەربەخۆ خزمەتی دۆزی ڕەوای گەلەكەمان و پێشكەوتنی كولتووری و كۆمەڵایەتی بكەن.
دووبارە پیرۆزبایی لە هەموو ڕۆژنامەنووسانی ئازیزی كوردستان دەكەم و هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازم.
مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
رۆژی 21-4-2015، پارتی دیموکراتی گەلان HDP راگەیێندراوی هەڵبژاردنی خۆی بڵاوکردەوە. لە رێورەسمێکدا سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکانی پارتی دیموکراتی گەلان HDP پلانەکانی پارتەکەیان پێكەوە خاڵ خاڵ خوێندەوە.
سەرەتا دەمیرتاش بە کوردی سڵاوی لە ئامادەبووان کرد و لەگەڵ یوکسەکداغ ئاشکرایانکرد کە لە بەرنامەیاندایە فەرمانگەی کاروباری ئاینی دابخەن و سنووری ئەرمینیاش بکەنەوە.
هاوسەرۆکانی HDP ئەوەشیان خستەڕوو، کە وەزارەتێکی تایبەت بە ژنان پێکدەهێنن و 8 ی مارتیش دەکەن بە پشووی فەرمی. سەبارەت بە سیستەمی حوکمڕانی تورکیاش رایانگەیاند، کە سیستەمی هاوسەرۆکایەتی پەیڕەودەکەن و پارێزگارەکان لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە دەهێننە سەرکار، هاوکات خزمەتی سەربازی زۆرەملێش کۆتایی پێدەهێنن.
لەسەر ئازادییەکانی تاکیش HDP پەیمانی ئەوە دەدات، کە مافی هاوڕەگەزبازان بدات، بە شێوەیەک کە بتوانن ژیانی ئاسایی خۆیان بژین، بەبێ ئەوەی فشاریان بخرێتەسەر لەسەر هەڵبژاردە سێکسییەکانیان.
سەبارەت بە پلانەکانی پارتەکەیان لەسەر ئابووری و بواری کار، هاوسەرۆکانی HDP ئەوەیان خستەڕوو کە لە ئەگەری هەڵبژاردنیاندا، دەرماڵەیەکی 200 لیرەیی بۆ گەنجانی تەمەن 12 بۆ 25 ساڵ دەبڕنەوە، کرێ لەسەر خوێندن هەڵدەگرن، سەرمایەگوزارییەکانی بواری بەرنامەی ئەتۆمی رادەگرن، کەمترین ئاستی مووچە بەرزدەکەنەوە بۆ 1800 لیرە و کاژێرەکانی کارکردن دادەبەزێنن بۆ 35 کاژێر لە هەفتەیەکدا.
22/4/2015
لە بۆردوومانێکی فڕۆکە جەنگییەکان لە شاری موسڵ دەیان چەکداری رێکخراوی داعش کوژران.
سەعید مەموزینی، بەرپرسی راگەیاندنی لقی 14ی موسڵی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:" ئەمشەو 20/4/2015 فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان هێرشیانکردە سەر بنکەیەکی چەکدارانی داعش لە موسڵ، لە ئەنجامدا دەیان چەکدار کوژراون و برینداربوون".
هاوكات سەرچاوەیەک لە موسڵ بە رووداوی گوت:" بنکەکەی داعش لە گەڕەکی عەدەن بووە لە نزیک وێستگەی کارەبای موسڵ، فڕۆکە جەنگییەکان چوار مووشەکیان ئاراستەی ئەو بنکەیە کردوون و بە تەواوی خاپووربووە".
٢١/٤/٢٠١٥
لەگەڵ نزیکبوونەوەی 1 ی مای، پۆلیسی تورکیا دەستی بە ئامادەباشی كرد بۆ رێگریكردن لە رێکخستنی گردبوونەکان لەو رۆژەدا.
رۆژی 20-4-2015، پۆلیسی تورکیا یەکەم هەنگاوی خۆی نا بە بردنی ئاسنی بەربەستی ئەمنی بۆ مەیدانی تەقسیم.
ساڵانە ناکۆکی و قەیران دروستدەبێت لەنێوان سەندیکاکانی کرێکاران و حکومەتی تورکیا سەبارەت بە گردبوونەوە لە مەیدانی تەقسیم.
سەندیکاکان ئەمساڵیش بڕیاری یەکلاییكەرەوەی خۆیانیان دووپاتکردەوە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی جەماوەری لە تەقسیم.
بەرپرسانی ئیداریی و ئەمنی پارێزگای ئیستەنبوڵیش کە چاوەڕێ ناکرێت رێگەبدەن بە کۆبوونەوەیەکی لەو شێوەیە، هەر لە ئێستاوە ئاسنی بەربەستی ئەمنییان بردە مەیدانەکە بۆ رێگرتن لێی.
21/4/2015
گۆڤارێكی ئهڵمانی، ئاشكرای دهكات، ئهفسهرێكی دهزگای ههواڵگریی سهردهمی بهعسی عێراق، بهرپرسه له داڕشتنی بیرۆكهی داگیركردنی باكووری سوریا لهلایهن داعشهوه. گۆڤاری دێرشبیگلی ئهڵمانی، له راپۆرتێكیدا بهناونیشانی (دۆسێ نهێنییهكان، پهیكهری دهوڵهتی ئیسلامیی ئاشكرا دهكات)، بڵاوی كردوهتهوه: بهپێی ئهو بهڵگهنامانهی لهبهردهستدان، ئهفسهرێكی عێراقی بهپلهی عهقید كه لهسهردهمی حزبی بهعسدا له عێراق، لهدهزگای ههواڵگریی كاری كردوهو نازناوی حاجی بهكری ههیه، بهرپرسه له داڕشتنی بیرۆكهو نهخشهی داگیركردنی باكووری سوریا و لهساڵی 2012شدا به بهشداریی چهند ئهفسهرێكی پێشووی عێراق، بڕیار لهوهدراوه ئهبو بهكر بهغدادی بكرێته خهلیفهی داعش. بهپێی ههمان سهرچاوه: ئهو ئهفسهرهی سهردهمی بهعس، كهسێكی ئیسلامیی نییه، بهڵكو كهسێكی نهتهوهپهرستی عهرهبهو به سهرپهرشتیی خۆی لهگهڵ تیرۆریستانی بیانی كه هیچ جۆره ئهزموونێكی سهربازییان نهبوه، دهستی كردوه به داگیركردنی باكووری سوریا.
21/4/2015
ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان ئاشكرای دەكات كە بۆ "یەكگرتنەوە"ی یەكێتی و گۆڕان "نەخشە رێگا دادەنرێ و كاك نەوشیروانیش لەسەر ئەمە رازی بووە". ئەندامێكی دیكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیش دەڵێ ئەگەر حیزبەكەی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان یەكبگرنەوە، ئەوە لەبەر پارتییە.
نەخشەڕێگاكە چییە؟
بابەتی یەكگرتن و نزیكبوونەوەی گۆڕان و یەكێتی هێندەی مەسەلەی دەستوور و ویلایەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان گەرمە، یەكێتیش بۆ ئەو مەبەستە لێژنەیەكی پێكهێناوە.
(رووداو) لە رێگەی چەند سەرچاوەیەكی نێو مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانەوە زانیویەتی كە لێژنەیەكی باڵا پێكهاتووە بۆ نزیكبوونەوە و یەكگرتنەوەی گۆڕان و یەكێتی. ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كە ئاگاداری كاری لێژنەكەیە، ناوی ئەندامانی ئەو لێژنەیەی بۆ (رووداو) ئاشكرا كرد و گوتی "هەر یەك لە كاك عیماد ئەحمەد، ئەرسەلان بایز، دلێری سەید مەجید ئەندامی لێژنەكەن".
ئەو ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئەوەشیگوت كە "لێژنەكە بەتەنیا لەگەڵ هەر یەك لە نەوشیروان مستەفا و هێرۆخان كۆبوونەتەوە". ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی باسی وەڵامی نەوشیروان مستەفای كرد بۆ لێژنەكە و گوتی "كاك نەوشیروان بە ئەندامانی لێژنەكەی گوتبوو، لەم بارودۆخەدا بەتایبەتی كە نێوخۆی یەكێتی جێگیر نییە، ناتوانین بەم دەمودەستە یەكبگرین، بەڵام دەكرێ نەخشەڕێگایەك دابنێین بۆ یەكگرتنی هەردوولا".
دەربارەی هەنگاوەكانی یەكەمی ئەو نەخشەڕێگایە، ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەڵێ "ئێستا هەوڵێك هەیە لە فراكسیۆنەكانی نێو پەرلەمانی كوردستان و عێراقەوە دەستپێبكرێ، بەتایبەت هەردوولا یەك هەڵوێستیان هەبێ لە یەكلاكردنەوەی پڕۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستان و هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە دەبێ لە پەرلەمان هەڵبژێردرێ و هەردوولاش لەسەر ئەمە كۆكن".
لەسەر حیسابی پارتی نییە
ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی رەتیكردەوە یەكگرتنەوەیان لەسەر حیسابی پارتی بێت و گوتی "لەبەر ئەوەی یەكێتی كێشەی سەركردەی هەیە، بۆیە ناچارین پەنا بۆ كاك نەوشیروان ببەین. كاك نەوشیروانیش گوتوویەتی لەسەر ئەو بابەتە لەگەڵ كاك مەسعود بارزانی قسە دەكەم، بۆ ئەوەی ئەویش وێنەی هەنگاوەكانی لەبەرچاوبن و ئەم نزیكبوونەوەی یەكێتی و گۆڕان لەسەر حیسابی پارتی نییە".
نەوشیروان مستەفا مەرجی هەیە
نەوشیروان مستەفا بۆ ئەوەی حیزبەكەی لەگەڵ یەكێتی یەكبگرێ مەرجی هەیە. (رووداو) لە سەرچاوەیەكی نزیك لە نەوشیروان مستەفاوە زانیویەتی كە مەرجەكانی ئەمانەن "نابێ هەندێ لە سەركردەكانی یەكێتی لە سەركردایەتی بمێنن، لەوانەش كۆسرەت رەسوڵ، حاكم قادر، عومەر فەتاح و مەلا بەختیار، چونكە كاتی خۆشی كە كاك نەوشیران لەنێو یەكێتیدا بوو دژی ئەمانە بوو، بەڵام بەردەوام مام جەلال بەرگری لەو كەسانە دەكرد".
ئەم مەرجانەی نەوشیروان مستەفا گەیشتوونەتەوە لای هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد كە ئێستا یەكێكە لەو سەركردانەی بڕیار بە نێوی یەكێتییەوە دەدات.
نەوشیروان مستەفا لە 25/7/2009 بزووتنەوەی گۆڕانی دروستكرد و بەفەرمی جیابوونەوەی خۆی لە یەكێتی راگەیاند.
"ئەگەر یەكبگرنەوە لەبەر پارتییە"
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی حەزی خۆی بۆ یەكگرتنی گۆڕان و یەكێتی ناشارێتەوەو بە (رووداو)ی گوت "خۆزگە دەخوازم یەكبگرن... ئەگەر گۆڕان و یەكێتی یەكبگرن ئەوا لەبەر پارتی یەكدەگرن". سەعدی پیرە هەروەها دەڵێ "پارتی هەندێ گومانی لا دروست بووە لەسەر مەسەلەی یەكگرتنەوەی یەكێتی و گۆڕان، بەڵام پێویست بە گومان ناكات".
20/4/2015
بەمەبەستی پێکهێنانی هێزێکی هاوبەشی عەرەبی بڕیارە چوارشەممەی داهاتوو سەرۆک ئەرکانەکانی وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی کۆببنەوە، بەرپرسێکی باڵای ئەو کۆمکارەش رایدەگەیەنێت" راسپاردەی سەرۆک ئەرکانەکان بە ئەنجوومەنی بەرگری عەرەبی دەگەیێنرێت".
بەرپرسێکی باڵای کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی ئەمڕۆ یەکشەممە 19 ی نیسانی 2015 رایگەیاند:" بڕیارە سەرۆک ئەرکانی وڵاتانی ئەندامی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی رۆژی چوارشەممەی داهاتوو لە بارەگای کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی، بەمەبەستی گفتوگۆکردن سەبارەت بە پێکهێنانی هێزێکی هاوبەشی عەرەبی کۆببنەوە".
بەگوتەی ئەو بەرپرسە:" بڕیارە راسپاردەی سەرۆک ئەرکانەکان بە ئەنجوومەنی بەرگریی عەرەبی بگەیێنرێت، كە لە وەزیرانی بەرگری و وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە كۆمكاری عەرەبی پێكدێت".
لە 29 ی ئاداری رابردوودا، کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی بەمەبەستی دروستکردنی هێزێکی هاوبەشی عەرەبی کۆبووەوە، پێکهێنانی هێزی هاوبەش و دەستتێوەردانی سەربازی لە وڵاتانی دیکەدا تا ئێستا لەلایەن عێراقەوە رەتدەکرێتەوە، بەڵام لوبنان کە خاوەنی هیزێکی شیعی گەورەیە وەک حیزبوڵڵا، لەرووی سیاسییەوە پشتیوانی لە بۆچوونەکانی کۆمکاری عەرەبی دەکات و ئامادەیە هاوبەشی هەنگاوەکانی وڵاتانی عەرەبی بکات.
20/4/2015
کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراقی، رۆژی یەکشەممە 19ی نیسانی 2015 لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند:" پشکنینە سەرەتاییەکان و کەسە نزیکەکانی عیزەت ئیبراهیم خەلیل دووری، جەخت لەسەر کوشتنی نێوبراو دەکەنەوە لە میحوەری حەمرین، لەسەر دەستی چەكدارانی عەشایەرەکان، ئەوانەی لەلایەن بەرگریی ئیسلامی و حەشدی شەعبیەوە پاڵپشتی دەکرێن".
فەرماندەی سەربازی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراقی رایگەیاندووە:" هەواڵگری کەتیبەکان زانیاری بە هەندێک لە عەشایرەکان دابوو، بۆ ئەوەی بە ئاسانی عیزەت دوری بکوژن".
جەختیشدەكاتەوە:" چەكدارێكی یەکێک لە هۆزەكانی میحوەری حەمرین راسپێردرابوو بۆ کوشتنی عیزەت دووری".
ئەو فەرماندە سەربازییەی حیزبوڵڵا، لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە دەدات "دڵنیابووینەوە لەوەی ئەوە تەرمی دوورییە، بەپێی پشکنینەکان و گوتەی شایەتحاڵەکانی نزیک لە دووری". باس لەوەش دەكات" کەتیبەکانی حیزبوڵڵا رۆژی دووشەممە تەرمی دووری رادەستی حکومەتی عێراقی دەکەن".
20/4/2015
رۆژی 7ی حوزەیران ، 54 ملیۆن دەنگدەر لە توركیا مافی دەنگدانیان هەیە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی تازەی توركیادا . پارتی داد و گەشەپێدان AKP ، كە لەساڵی 2002ەوە دەسەڵاتی توركیای بەدەستەوەیە ، چاوی بڕیوەتە 400 كورسی و ، دەڵێ ئەگەر ئەو ژمارەیە بەدەستبێنێ دەستووری توركیا دەگۆڕێت و سیستەمی دەسەڵاتیش دەكاتە سەرۆكایەتی .
هەر حیزبێك بۆ ئەو هەڵبژاردنە ، ژمارەیەكی لەبەردەم خۆی داناوە لەگەڵ بەرنامەكەیدا بۆ هەڵبژاردن .
پارتی داد و گەشەپێدان AKP: ئامانجی بەدەستهێنانی 400 كورسییە ، كە تائێستا هیچ حیزبێك نەیتوانیوە ئەو ژمارەیە لە پەرلەمانی توركیا بەدەستبێنێت ، AKP بۆ ئەوە پێویستی بە نزیكەی 50%ی دەنگی دەنگدەرانی ئەو هەڵبژاردنەیە.
گەورەترین مەترسیی لەسەر ئەوەی AKP نەتوانێ 400 كورسی بەدەستبێنێ ، پارتی گەلانی دیموكراتی HDP یە، ئەگەر توانیی رێژەی 10% تێپەڕێنێت .
پارتی دیموکراتی گەلان HDP: كە ئەمجارە بە لیست بەشداربووە ، دەتوانێ 40 كورسی بەدەستبێنێ ، ئەگەر توانیی رێژەی 10%ی دەنگەكان تێپەڕێنێت . كە HDP ئەو دەنگانە لەو ولایەتانە بەدەستێدێنێ كە پێشتر زیاتر لەسەر AKP حیساب بوون ، بۆ ئەوەی رێ لە گۆڕینی سیستەمی حوكم بگرن .
HDP جگە لە پەیامەكەی بۆ كورد ، لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا رووی پەیامی كردووەتە چەپەكانی توركیاش . ئەگەر HDP توانی رێژەی 10%ی دەنگەكان تێپەڕێنێت، ئەوە دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی دەنگەكانی پارتی گەلی كۆماریی CHPیش ، كە ئەو پارتە زیاتر دەنگی چەپەكانی توركیا دەبات .
پارتی گەلی كۆماریی CHP : دایناوە 35%ی دەنگەكان بەدەستبێنێت ، بەڵام ئەنجامی HDP زۆر كار لە دەنگەكانی دەكات .
پارتی بزووتنەوەی میللی MHP : دەنگەكانی زیاتر لەنێو رەگەزپەرستانی توركدایە ، ئەو پارتە دەزانێت ناتوانێت دەسەڵات بگرێتە دەست ، بەڵام دەیەوێ دەنگەكانی زیاد بكات .
19/4/2015
ئەو کۆبوونەوەیەی کە هەموو لایەک چاوەڕێی بوو بۆ ئەوەی قسەی دڵی خۆیانی تێدا بکەن و قسەی دڵی بارزانیش بزانن، رۆژی دووشەممە ئەنجام دەدرێت. کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان.
بڕیارە ١٠ لایەنی سیاسی بەشداریی کۆبوونەوەکە بکەن. کۆبوونەوەکەش دوای نامەکەی بارزانییە بۆ حکومەت و پەرلەمان و حیزبە سیاسییەکان. بارزانی باس لە دەنگێک دەکات کە وەک خۆی دەڵێت بانگەشە بۆ شەڕی ناوخۆ و دووبەرەکی و دوو ئیدارەیی دەکات، بۆیە کۆمەڵی ئیسلامی کاتی کۆبوونەوەکەی پێ گونجاوە.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، سێ مەلەف لەسەر مێزەکەی بارزانی و لایەنە سیاسییەکان قسەی لەسەر دەکرێت: پرۆژەی دەستووری هەرێمی کوردستان و پرسی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، بارزانی دەیەوێت راستەوخۆ دوا قسەی لایەنەکانی لەسەر وەرگرێت، جگە لەوە بارزانی لە رۆژانی داهاتوو دەچێتە ئەمریکا، بۆ ئەوەش دیسان دەیەوێت ئەو جانتایەی دەیباتە ئەمریکا مەلەفەکانی بەدڵی لایەنە سیاسییەکان بێت.
19-8-2015 ویلایەتی مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان تەواو دەبێت و هیچ لایەنێکیش بەدیلێکی بۆ بارزانی رانەگەیاندووە، بۆیە هەمووان باسی دۆزینەوەی رێگەچارەیەکی یاسایی دەکەن بۆ ئەوەی بارزانی ببێتەوە بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان. مەسعود بارزانیش زیاد لە جارێک ئەوەی گوتووە کە هەر شتێک یاسا دیاری بکات، ئەو پێوەی پابەند دەبێت. بەپێی زانیارییەکانی رووداو، بارزانی جارێکی دیکە لە کۆبوونەوەکەدا ئەو قسەیە دەداتەوە بە گوێی لایەنە سیاسییەکاندا.
20/4/2015