لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی رادیۆ و تەلەفزیۆنی رووداو، لەبارەی کۆبوونەوەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، فەخرەدین قادر، سکرتێری پەرلەمان گوتی:" لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان گفتوگۆمان لەبارەی دوو تەوەر کرد کە بریتیبوون لە پرسی دەستوور و هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان".
سکرتێری پەرلەمان ئاماژەی بەوەدا، مەسعود بارزانی پێیگووتوون:" چیدی قبووڵناکەم ماوەکەم بۆ سەرۆکایەتی هەرێم درێژبکرێتەوە، ئەوەی رابردووش نیگەرانیکردم لە درێژکرندەوەی ماوەکەم و مێژووم ناخەمە ژێر پرسیارەوە".
سکرتێری پەرلەمانی کوردستان باسی ئەوەشیکرد:" سەرۆکایەتی پەرلەمان سەردانی سەرکردەی هەموو حیزبەکان دەکات لەسەر پرسی دەستوور بۆ ئەوەی سازانی نیشتمانی لەسەربکرێت و نابێ چیدی هەرێمی کوردستان بێ دەستووربیت".
لەبارەی پرسی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی كوردستانیش فەخرەدین قادر گوتی: "دەبێ یاسای سەرۆکایەتی هەموواربکرێتەوە، هیچ کەسێکیش وەک هێڵی سوور قسەی لەسەر نەکراوە و دەبێ هەموومان بە دیدگایەکی تازەوە لە ئایندەی کوردستان بڕوانین، ئەگەر وانەکەین ئەوە لە 2015 یشدا نابینە خاوەنی دەستوور".
6/4/2015
گوتەبێژی لیژنەی نێودەوڵەتی بۆ خاچی سوور رایدەگەیێنێت، رەزامەندیان لە هاوپەیمانی عەرەبی وەرگرتووە بۆ گەیاندنی یارمەتییە پزیشكییەكان و چوونی كارمەندانی فریاگوزاری، بۆ بەهاناوەچوونی لێقەوماوانی یەمەن.
سیتارا جبین، گوتەبێژ بەناوی لیژنەی نێودەوڵەتی بۆ خاچی سوور، ئەمڕۆ یەكشەممە 5ی نیسانی 2015 رایگەیاند:" رەزامەندیمان بۆ گەیاندنی دوو فڕۆكە بەدەستهێنا، یەكێكیان پێداویستی پزیشكی، ئەوەی دیكەشیان كارمەندانی فریاگوزاری لەخۆدەگرێت بۆ یەمەن".
جبین، هیواخوازە ئەو دوو فڕۆكەیە رۆژی دووشەممە 6ی نیسان بگەنە سەنعای پایتەخی یەمەن. خاچی سوور ماوەی هەفتەیەك دەبێت لە دانوستاندنە لەگەڵ هاوپەیمانی عەرەبی بە سەركردایەتی سعودیە دژ بە حوسییەكان، بۆ ئەوەی رەزامەندی گەیاندنی یارمەتی پزیشكی بۆ لێقەوماوانی ئەو وڵاتە بەدەستبهێنێت.
6/4/2015
بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی لە ساڵی 2013 دا رێژەی بێكاری لە سەدا7 بووە، بەڵام قەیرانە دارییەكانی ئەم دوایانە و هاتنی ئاوارەكان رێژەی بێكاری بەرزکردووەتەوە بۆ لەسەدا 21.
وەستانی پرۆژەكان لە هەرێمی كوردستاندا وایكردوە نزیكەی 700 هەزار كەس كارەكانیان لە دەست بدەن، چونكە هەندێك لە سەرمایەداران و وەبەرهێنەران پارەكانیان لەپرۆژەكان كشاندوەتەوە.
ئەگەرچی پەرلەمانی كوردستان گلەیی لە وەزاەتی پلاندانان هەیە كە ئاماری بێكاریان نەداوەتە پەرلەمانتاران، بەڵام پەرلەمانی كوردستان رێگەچارەی بۆ رووبەروبونەوەی بێكاری پێیە.
تەنیا لە سالی 2014 دا بەگوتەی یەكێتی بەڵێندەران 250 بەڵێندەر مایەپوچ بوون. لەنێو كەرتی تایبەتیشدا 200 هەزار خاوەنكار كارەكانیان لە دەستداوە و گەڕاونەتەوە ماڵەوە.
6/4/2015
رۆژی دووی نیسان دوای سێزدە ساڵ لە ماراتۆنی دیپلۆماسی و گفتوگۆ، ئێران و وڵاتانی 5+1 لەسەر پرۆگرامی ئەتۆمی رێککەوتن. هەریەک لە باراک ئۆباما سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و حەسەن رۆحانی سەرۆککۆماری ئێرانیش رێککەوتنەکەیان بە باش وەسفکرد.
راپۆرتی دەزگا هەواڵگرییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، کە ئێران دوو بۆ سێ مانگی مابوو بۆ ئەوەی بۆمبێکی ئەتۆمی دروست بکات، بۆیە رۆژئاوا بە ناچاری لەگەڵ ئێران رێکەوت. هاوکات ئابووری ئێران پێویستی بە هەناسەیەکی نوێ هەیە، ئەمەش هۆکارێکی سەرەکی بوو تاوەکو تاران بچێتە سەرمێزی گفتوگۆ.
ئۆباما لە گوتاری هەفتانەیدا بە ئەمریکییەکانی راگەیاند، تەنیا سێ بژاردە لە بەردەستمان هەبوو: جەنگ یاخود دانوستاندن، بژاردەی سێیەمیش بریتیبوو لە بەردەوامبوونی سزاکان، کە ئەوکات ئێران بەردەوام دەبوو لە پەرەپێدانی پرۆگرامی ئەتۆمی و دواتریش چەکی ئەتۆمی دروستدەکرد، بەڵام ئەمە تەنیا رێگایەک بوو بۆئەوەی چەکی ئەتۆمی دروستنەکات.
رێککەوتنی نێوان ئێران و وڵاتانی 5+1
- بۆ ماوەی 25 ساڵە
- بۆ ماوەی 10 ساڵ ئێران ژمارەی سێنتەرفیوژەکانی لە 19 هەزارەوە کەمدەکاتەوە بۆ 6104 سێنتەرفیوژ.
- ماوەی 15 ساڵ ئێران نابێت ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم لە 3.75% زیاتر بێت.
- ئێران مادەی یۆرانیۆمی پیتێندراو کە یەک تۆن دەبێت، 300 کلیۆی بۆ ماوەی 15 ساڵ ئاستی پیتاندنی کەمبکاتەوە بۆ 3.75%
- ماوەی دروستکردنی یەک بۆمبی ئەتۆمی: لەم قۆناغەدا ئێران دەتوانێت لە ماوەی 2-3 مانگ بۆمبێکی ئەتۆمی دروست بکات، بەڵام بەپێی رێککەوتنەکە نابێت ئێران تاوەکو 10ساڵی دیکە هیچ هەنگاوێک بە مەبەستی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بنێت.
- پیتاندنی یۆرانیۆم: ئێران بۆی هەیە تەنیا لە وێستگەی ئەتۆمی نەتەنز یۆرانیۆم بپیتێنێت.
- دەبێت ئاژانسی وزەی ئەتۆمی جیهانی بەشێوەیەکی رێکخراو بەپێی خشتەی زەمەنی وێستگەکانی ئەتۆمی و ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە و ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی خاو، هەروەها هەر شوێنێک کە گومانی لێبکرێت، بپشکنێت.
- نابێت ئێران هیچ وێستگەیەکی نهێنی دروستبکات.
سزاکان
- هەرکاتێک ئێران پابەندبوو بەو خاڵانەوە سزاکانی سەر ئێران هەڵدەگیرێت.
- هەموو ئەو سزایانەی بەهۆی وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران، ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا بەسەر ئێراندا سەپاندوویانە دەبێت هەڵبگیرێت.
- هەموو ئەو بڕیارانەی لە ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ سەپاندنی سزای ئابووری و دارایی دەرکراون دەبێت هەڵبگیرێن.
گرنگترین وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران، کە تێیدا چالاکی ئەتۆمی ئەنجامدەدرێن
1- وێستگەی ئەتۆمی ئەسفەهان:
وێستگەیەکی زۆر گرنگە، چونکە لێرەدا کێکی زەرد دروستدەکرێت، لە دەزگاکانی هەواڵگری کێکی زەرد بەو مادە یۆرانیۆمە دەگوترێت، کە بۆمبی ئەتۆمی بەکاردێت، واتا ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم 90% . هەروەها وێستگەی ئەتۆمی ئەسفەهان مادەی پێویست بۆ وێستگەکانی دیکە دروستدەکات.
2- وێستگەی ئەراک:
ئەم وێستگە ئەتۆمییە دەکەوێتە نزیک شاری ئەراک. چالاکی ئەتۆمی ئەراک بریتییە لە کارکردن لەسەر ئاوی قورس. لە ئەراک مادەی پلۆتۆنیۆم بەرهەمدەهێنرێت، کە بۆ چەکی ئەتۆمی بەکاردێت. بۆیە زۆرترین قسە لەسەر ئەم وێستگەیە کراوە.
3- وێستگەی بوشەهر:
وێستگەی ئەتۆمی بەرهەمهێنانی کارەباییە. لەم وێستەگەیەدا جگە لە بەرهەمهێنانی کارەبا، یۆرانیۆمیش دەپیتێندرێت، بۆیە ئەگەر ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم بگاتە 90% دەتوانرێت بۆ چەکی ئەتۆمی بەکاربهێنرێت.
4- وێستگەی نەتەنز:
گەوەرەترین وێستگەی پیتاندنی یۆرانیۆمە. ئامێری سێنتەرفیوژ بەکاردەهێنرێت بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم. دەتوانێت پەنجا هەزار ئامێر بەکار بهێنرێت، بەڵام ئێستا تەنیا8 هەزار سێنتەرفیوژ کاردەکات، دەتوانرێت لەم وێستگەیەدا ئاستی یۆرانیۆم بەرزبکرێتەوە بۆ 90% ، ئەمەش ئەو ئاستەیە، کە چەکی ئەتۆمی پێ دروستدەکرێت.
5- وێستگەی فۆردۆ لە قوم:
وێستگەیەکی دیکەی پیتاندنی یۆرانیۆمە. ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم 20%. بەگوتەی ئێران، بۆ مەبەستی زانستی و پزیشکی بەکاردەهێنرێت، بەڵام دەتوانرێت ئەم ئاستە بەرزبکرێتەوە بۆ 90% واتا ئاستی پێویست بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی.
ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی خاو یاخود کانکا یۆرانیۆم:
لەم سێ شوێنە هیچ لێکۆڵینەوەیەک لەسەر یۆرانیۆم ئەنجامنادرێت، تەنیا وەکو مادەی خام بەرەهەمدەهێنرێت.
١- ساغەند
٢- یەزد
٣-گەچین
ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەی ئەتۆمی ئێران:
ئەم ناوەندانە بۆ لێکۆڵینەوەی زانستی کار لەسەر یۆرانیۆم و ئاوی قورس و پلۆتۆنیۆم دەکەن.
- تاران
- رامسەر
- بۆناب
rudaw
5/4/2015
بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا رۆژی سەردانەکەی رەجەب تەییب ئەردۆغانی بۆ ئێران ئاشکراکرد.
بەپێی راگەیێندراوێک لەو بەڕێوەبەرایەتییەوە، رۆژی 7-4-2015 رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دەچێتە تاران بەمەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆککۆمار و رابەری کۆماری ئیسلامی ئێران.
لەگەڵ هێرشە ئاسمانەییەکانی سعودییە بۆ سەر حوسییەکان لە یەمەن، ئەردۆغان پشتگیری بۆ ئەم هێرشانە دەربڕی و لە لێدوانێکدا گوتی "پێویستە ئێران چی هێزی هەیە لە یەمەن بیکێشێتەوە، پێویستە دەست لە عێراق و سووریاش بکێشێتەوە".
ئەم لێدوانەی ئەردۆغان پرسیاری ئەوەی بەدوای خۆیدا هێنا کە ئایا سەردانە چاوەڕێکراوەکەی بۆ ئێران ئەنجامدەدرێت یان دوادەخرێت. وەزارەتی دەرەوەی ئێران وەڵامی ئەو پرسیارەی دایەوە و گوتی کە هیچ گۆڕانکارییەک نییە لەو پلانەدا کە پێشتر بڕیاری لەسەر دراوە.
لەسەردانەکەی ئەردۆغاندا بۆ تاران کە ژمارەیەک وەزیری تورکیاش بەشداری لەگەڵدا دەکەن، دووەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای هەماهەنگی تورکیا و ئێران بەڕێوەدەچێت.
5/4/2015
ئەنجوومەنی ئاسایش تاوتوێی پڕۆژە بڕیارێکی تایبەت بە رەوشی یەمەن دەکات. رەشنووسی پرۆژەکە لە لایەن رووسیاوە ئامادەکراوە، بەپێی سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی لە نەتەوە یەکگرتووەکان ناوەڕۆکی پرۆژەکە ئەوەیە کە دەبێت ئاگربەست رابگەیەنرێت، تاوەکو بتوانرێت هاوکاری مرۆیی بگەیێنرێتە ئاوارە و لێقەوماوەکانی جەنگ.
ئەلێکس زایسیف لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، کەوا ئامانجی بڕیارەکە ئاگربەستێکی مرۆییە کە هێرشە ئاسمانییەکان لە چەند ناوچەیەک رابگیرێت تاوەکو هاوکاریی مرۆیی بگەیێندرێتە هەندێک ناوچە.
لە بەرامبەردا ئەندامانی ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداو پڕۆژە بڕیارێکیان ئامادە کردووە، پرۆژەکەی کەنداو بۆ قەدەغەکردنی هاوکاری سەربازی حوسییەکانە.
مۆسکۆ دژی ئەم دەستپێشخەرییەیەو لەبری ئەوە داوا دەکات، گەیاندنی چەک و هاوکاری سەربازی بۆ هەموو لایەنەکانی یەمەن قەدەغە بکرێت، نەک تەنیا لە حوسییەکان قەدەغە بکرێت.
دەستپێشخەرییەکەی رووسیا لە کاتێکدایە کە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی سعودیەو هاوپەیمانەکانی کەمپێکی ئاوارەکانی کردووەتە ئامانج.
5/4/2015
بڕیارێكی وهزارهتی ناوخۆی حكومهتی ههرێمی كوردستان، هاتنی گهشتیار و كارساز و كرێكارانی رۆژههڵاتی كوردستان و ئێران له رێگهی سنوورهكانی باشووری كوردستانهوه سنووردار دهكات، بهشێوهیهك ههر كهس دهتوانێت بۆ چوار جار له ساڵێكدا له سنوورهكانی باشووری كوردستان دهربازبێت و بۆ ماوهی پازده رۆژ بمێنێتهوه.
بڕیارهكهی وهزارهتی ناخۆ له كاتیكدایه كه ژمارهیهكی زۆر له كوردانی رۆژههڵات له باشووری كوردستان کاردەکەن، به پێی بڕیارهكه ههر كهسێك ههڵگری كارتی نیشتهجێبوونی نیشینگه و پاسپۆرت نهبێت له باشووری كوردستان، ناتوانێت له چوار جار زیاتر سهردانی باشووری كوردستان بكات له ساڵێكدا.
له بارهی سەردانکردن و مانەوەی گەشتیارانی رۆأهەڵاتی کوردستان و ئێران لە رابردوودا، بهڕێوبهری شارهدێی حاجی ئۆمهران دهڵێت: " پیشتر سهرجهم ئهو كهسانهی دهگهیشتنه سنووری نێودهوڵهتی حاجی ئۆمهران، به بێ بوونی ڤیزه و هیچ باجێك دهیان توانی سهردانی باشووری كوردستان بكهن و بۆ ماوهی پازده رۆژ بمێننهوه، له كاتی مانهوهی زیاتریشیان به وهرگرتنی پشگیری یهكێك له بنكهكانی نیشینگه و پاسپۆرت دهیان توانی كاتی مانهوه درێژ بكهنهوه."
4/4/2015
جیاواز لە ئاهەنگەكانی ساڵانی رابردوو، لە نەورۆزی ئەمساڵدا لە ئامەد زۆرترین ئاڵای كوردستان بینران، بەڵام هەڵدانی ئاڵای كوردستان لە نەورۆزی ئامەد بێ باج نەبوو، 10 كەس بەهۆی ئەو ئاڵایەوە لەلایەن لایەنگرانی پارتی كرێكارانی كوردستانەوە لێیان درا.
ئاهەنگی نەورۆزی ئامەد بە بەشداریی زۆرتر لە ملیۆنێك كەس بەڕێوەچوو، لەوێ پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری بەندكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان خوێندرایەوە، هەروەها زۆرتر لە 250 كەناڵی راگەیاندن رووماڵی ئاهەنگەكەیان كرد.
لە كوردستان چەند بەرپرسێكی كورد داوەتی ئاهەنگەكە كرابوون، هەروەها یەكێتی قوتابیانی كوردستان لەلایەن تەڤگەری گەنجانی كوردستانەوە بۆ ئاهەنگەكە داوەتكرابوون.
شەریف فەتاح، ئەندامی سكرتاریەتی یەكێتی قوتابیانی كوردستان كە لەگەڵ دوو هاوڕێی دیكەی لە سكرتاریەتی قوتابیان و چەند گەنجێكی دیكەی باشووری كوردستان بەشدارییان لەو ئاهەنگەدا كردبوو، بە (رووداو)ی گوت "3500 ئاڵای كوردستانمان بە قەبارەی مەتر و نیو، لەگەڵ ئاڵایەك كە درێژییەكەی 60 مەتر بوو، بۆ ئەو ئاهەنگە ئامادە كرد، بەڵام بۆ ئەوەی لەسەر سنوور لەلایەن توركیاوە كێشەمان بۆ دروست نەبێت، ئاڵاكانمان بە قاچاخ گەیاندە ئامەد".
شەریف فەتاح باسی چۆنیەتی دەربازكرنی ئەو ئاڵایانە دەكات و دەڵێت "بەڕاستی زۆر سەخت بوو، بەڵام بە هاوكاریی عەبدولوەهاب عەلی لە ئاسایشی ئیبراهیم خەلیل، توانیمان بەڕێگای چەند ئۆتۆمبێلێك بە قاچاخ ئاڵاكان دەربازی باكووری كوردستان بكەین، پاشان كە گەیشتنە شاری ئامەد، لەگەڵ هاوڕێیانی تەڤگەرا جوانێن كوردستان، خۆمان ئامادەكرد بۆ ئاهەنگەكە".
تەڤگەرا جوانێن كوردستان، لە 2013 لە باكووری كوردستان دامەزراوە، ئێستا لە حەوت شاری باكووری كوردستان ئۆفیسیان هەیە. 350 گەنجی ئەو تەڤگەرە و نزیكەی 30 گەنجی باشووری كوردستان، پێكەوە بەشدارییان لە ئاهەنگی نەورۆزدا كرد و ئاڵای كوردستانیان بەرز كردەوە.
شەریف فەتاح دەڵێت "ئەو رۆژە ئێمە بە رێپێیوان بە درێژیی 8 كیلۆمەتر بەرەو گۆڕەپانی ئاهەنگەكە رۆیشتین، لە رێگادا بە هەزاران كوردی باكووری كوردستان چەپڵەیان بۆ لێداین و وێنەیان لەگەڵ دەگرتین و ئاڵای كوردستانیان ماچ دەكرد، بەڵام لایەنگرانی پەكەكە قسەی ناشیرینیان پێگوتین".
شەریف باسی رووداوەكانی ئاهەنگەكە دەكات و دەڵێت هەر بە گەیشتنیان بۆ گۆڕەپانی ئاهەنگەكە لەلایەن لایەنگرانی PKKەوە پەلاماردراون "بە داخەوە هەندێك لەلایەنگرانی پەكەكە قسەی ناشرینیان پێگوتین، دەیانگوت ئاڵای بارزانی و بە دەنگێكی بەرز دەیانگوت بژی ئاپۆ، هەر بەوەش نەوەستان و پەلاماری 10 لە هاوڕێیانی ئێمەیان دا و لێیان دان كە یەكێك لە پەلاماردراوەكان كچ بوو".
شەریف گوتی كە بۆ خەرجیی دروستكردنی ئەو ئاڵایانە، چەند كەسێك هاوكارییان كردوون و خۆشیان بەشێك لە پارەكەیان داوەو هەندێك پارەشیان هێشتا نەداوە.
سازان كەمال یەكێكی دیكەیە لە بەشداربووانی ئاهەنگی ئامەد، ئەو باسی گرنگیی ئاهەنگەكەی كرد و گوتی "ئاهەنگی ئامەد بووەتە ئاهەنگێكی تایبەت بۆ هەموو كورد، چونكە ساڵ بە ساڵ ژمارەی بەشداربووان زیاتر دەبن و كوردی هەرچوار پارچەكە بەشداری دەكەن".
كەمال باسی رێكخستنی ئەو ئاهەنگەی كرد و گوتی "ئەو ئاهەنگە لەلایەن لایەنگرانی پەكەكەوە لە باكووری كوردستان رێكدەخرێت، تەنیا ئەمساڵ نزیكەی 8000 لایەنگری پەكەكە بە جلی كوردی و وێنەی ئاپۆوە، ئاسایشی ئاهەنگەكەیان دەپاراست".
سازان كە ئەندامی پارتێكی باكووری كوردستانە، پێیوایە ئەگەر ئاهەنگە بە حیزبی نەكرێت، رەنگە ژمارەی بەشداربووان لە ساڵانی داهاتوودا بگاتە 3 ملیۆن كەس.
رووداو- دهۆك
4/4/2015
ئەمە پرۆژەیەکی ئاوەدانکردنەوە لە پارێزگایە سنەیە. پرۆژەی لەمجۆرە کە هێشتا کارەکانی تەواو نەبووبێت، لە پارێزگای سنەدا زۆر هەیە. پرۆژەگەلێک کە بەگوتەی سەید ئەحسەن عەلەوی نوێنەری شارەکانی سنە، کامیاران و دیواندەرە، ئەمساڵیش بودجەیەکی ئەوتۆ بۆ تەواوکردنیان تەرخاننەکراوە.
بەگوتەی ئەو نوێنەرە، لە بودجەی ساڵی 1394 هەتاویی ئێران، تەنیا 620 ملیار تمەن بۆ بواری ئاوەدانکردنەوەی پارێزگای سنە تەرخانکراوە.
عەلەوی دەڵێ: نزیک بە 12 لەسەد لە کۆی بودجەی پرۆژەکانی ئاوەدانکردنەوەی ئێران کەمکراوەتەوە، ئەمەش کاریگەریی لەسەر بودجەی ئاوەدانکردنەوەی پارێزگای سنە هەبووە، کە بەگوتەی عەلەوی کەمکردنەوەی بودجەش کۆمەڵێک کێشەی بۆ پارێزگای سنە دروستکردووە.
نوێنەری شارەکانی سنە، کامیاران و دیواندەرە گوتیشی: بەپێی لێکدانەوەکان، بۆ تەواوکردنی سەرجەم پرۆژەکانی ئاوەدانکردنەوەی پارێزگای سنە بودجەیەک بەبڕی زیاتر لە 7 هەزار ملیار تمەن پێویستە. بەڵام بەو بودجەیەی کە ئەمساڵ حکومەت بۆ بواری ئاوەدانکردنەوەی پارێزگای سنە دیاریکردووە ناتوانرێ تا 10 ساڵی دیکەش سوود لە پرۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە وەربگیرێ.
بودجەی ئاوەدانکردنەوەی ساڵی پاری پارێزگای سنە بەگوێرەی پێویست نەبوو. نوێنەرانی پارێزگای سنە لە بەرامبەر کەمی بودجەدا ناڕەزایەتی توندیان نیشان دا و رایانگەیاند لە دەست لەکار دەکێشنەوە. ئەم هەڕەشەیە کردەیی نەبوو.
حکومەتی حەسەن روحانی دوو ساڵە بودجەی سنووردار کردووەتەوە. حکومەتی روحانی لە هەوڵدایە پرۆژە نیوەکارەکان تەواو بکات و زیاتر بودجە بۆ ئەو پرۆژانە تەرخان دەکات کە 80 لەسەدی کارەکانیان تەواو بووە.
سەید ئەحسەن عەلەویش ئاماژە بۆ سنوورداربوونی بودجەی ئاوەدانکردنەوە دەکات و پێشنیاز دەکات: بە هاوکاری کەرتی تایبەت بوار بۆ قەرەبووکردنەوەی کەموکوڕییەکانی پارێزگای سنە بڕەخسێندرێ. بۆ ئەم مەبەستەش دەبێت هەلومەرج و ئاسانکاریی تایبەت بۆ کەرتی تایبەت رەچاو بکرێ.
عەلەوی داهاتەکانی پارێزگای سنە زۆر کەم لە قەڵەم دەدات، کە لە حاڵەتێکی زۆر گەشبینانەدا داهاتێکی ساڵێکی ئەو پارێزگایە 300 ملیار تمەنە، کەچی پارێزگایەکی وەک هەمەدان تەنیا لە ساڵی رابردوودا زیاتر لە هەزار و 200 ملیار تمەن داهاتی هەبووە.
ئەمە سەرەڕای هەموو دەرفەتەکانی پارێزگای سنە، لە بەشی سنوورەکان و گەشتیاری و کۆمەڵێک بواری دیکەش، کەبەگوتی ئەو نوێنەرە بەباشی سوودیان لێ وەرنەگیراوە.
rudaw
4/4/2015
ماوەی 18 مانگە هەوڵدان بۆ رێكکەوتنەكانی ئێران و وڵاتانی 5+1 بەردەوامە، دواجار لەسەر خاڵی سەرەكی دۆسیەی ئەتۆمی رێكکەوتن. ئەم جۆرە هەواڵانە بۆ كرێكارانی رۆژهەڵاتی كوردستان جێگەی دڵخۆشین، چونكە هەندێك لەوان ماوەی زیاتر لە 3 ساڵە هاتووچۆی باشووری كوردستان دەكەن بۆ كاركردن.
بەپێی هەندێك لە ئامارە نافەرمییەكان، لە وڵاتی ئێران نزیكەی 15 ملیۆن كەس لەژێر هێڵی هەژاریی بە بێكاری ژیان دەگوزەرێنن. كوردانی رۆژهەڵاتی كوردستانیش لەم بێكارییە بێبەش نەبوون.
رێكکەوتنەكەی ئێران و وڵاتانی 5+1 ئابڵۆقە ئابوورییەكان دەشكێنێ، بەمەش پەیوەندییەكانی ئێران و هەندێك لە وڵاتانی دیكە بەرەو باشتر دەچێت. ئێرانیش دەتوانێت نەوت هەناردە بكات و ئاڵوگۆڕی بازرگانی بكات، چونكە زیاتر لە 35 ساڵە ئەو وڵاتە گەمارۆی ئابووری لەسەر دانراوە.
4/4/2015
میدیاكانی یەكێتی بڵاویانكردووەتەوە، لەماوەی رابردوودا هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان، بە هاوكاری بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری و ئاسایشی سلێمانی 8 "تیرۆریست"یان دەستگیركردوون.
وەك بڵاوكراوەتەوە،" یەكێك لە تیرۆریستەكان كە بە زۆر مەترسیدار پلەبەندكراوە و لەنێو گرووپی تیرۆریستی داعشدا پلەی ئەمیر بووە، لە لێكۆڵینەوەكاندا دانی بەوەداناوە كە خۆی و چەند تیرۆرستێكی دیكە، زیاتر لە هەزار و 500 هاووڵاتی مەدەنییان لە پارێزگای سەڵاحەدین گوللەبارانكردوون".
ئەو ئەمیرەی داعش دانی بەوەش ناوە، كە "چەندین تاوانی دیكەشیان ئەنجامداون وەك سەربڕین، چاندنی دەیان بۆمب و تەقاندنەوەی سەدان ماڵی ئەندامانی هێزە ئەمنییەكانی عێراق، دانانی بازگەی وەهمی كە لە رێگای ئەو بازگە وەهمییانەوە 250 هاووڵاتی شیعەمەزهەب دەستگیركراون و دوای جیاكردنەوەی ژن و منداڵەكان، تەسلیمی گرووپێكی دیكەی تیرۆریستی كراون، بێ ئەوەی چارەنووسیان بزانرێت، هەروەها لەنێو پارێزگاكاند دزەی بە چەندین تیرۆریست كردووە و لە شەڕی داگیركردنی تكریتیشدا بەشداریكردووە".
میدیاكانی یەكێتی بەبێ بڵاوكردنەوەی لێدوانی هیچ بەرپرسێكی ئەمنی هەرێمی كوردستان، ئاماژەیان بۆ ئەوەش كردووە،" یەكێكی دی لە تیرۆریستە دەستگیركراوەكان ئەندامی گرووپی تیرۆریستی جەیشی ئیسلامی بووە و دوای كوژرانی تیرۆریستەكانی ناو گرووپەكەی، دزەی كردووەتە نێو پۆلیسی عێراق و لەوێوە وەك شانەی نوستوو كاریكردووە".
هەروەها "دووان لە تیرۆریستەكان سەرەڕای ئەوەی فەرمانی دەستگیركردنیان لە بەغدای پایتەخت هەبووە و گشتاندنیش بۆ نووسراوەكانیان كراوە، توانیویانە رێوشوێنە ئەمنییەكان لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا تێپەڕێنن و بەفڕۆكە بەرەو سلێمانی بێن، بەڵام نەیانتوانیوە لەڕێوشوێنە ئەمنییەكانی هێزە ئەمنییەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانی دەربازیان بێت و بەهاوكاری بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگریی و ئاسایشی سلێمانی، لەناو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ئاشكرابوون و دەستگیركراون".
تیرۆریستێكی دیكەیان بە هاوكاریی و هەماهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان لە قەزایەكی پارێزگای هەولێر دەستگیركراوە و یەكێكی دیكەشیان دوای دوو ساڵ و 7 مانگ زیندانی لە گرتووخانەی بوكا، ئازادكراوە و جارێكی دی گەڕاوەتەوە سەر كاری تیرۆریستی. سەرجەم تیرۆریستەكان دانیشتووی پارێزگاكانی بەغدا، سەڵاحەین، ئەنبار و واستن و لەچەند رۆژی رابردوودا لە رێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانییەوە تەسلیمی حكومەتی عێراق كراونەتەوە.
3/4/2015
دوای 13 ساڵ دانوستاندن و گفتوگۆ لە نێوان ئێران و وڵاتانی رۆژئاوا، ئەمڕۆ پێنجشەممە هەردوولا رێككەوتنیان راگەیاند. حەسەن رۆحانی، سەرۆککۆماری ئێران لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند، كە لەسەر خاڵە سەرەکییەکان رێککەوتوون و رەشنووسەکە لە مانگی تەمووز جێبەجێدەکرێت.
هەروەها محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانیدا كە لەگەڵ فدریكا مۆگرینی، بەرپرسی كاروباری دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا سازيكرد، رایگەیاند:" چارەسەرەکان دۆزراونەتەوە، سەرقاڵی ئامادەکرنی رەشنووی کۆتایی رێکكەوتنەکە دەبین".
هاوكات جۆن کێری، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە تویتێكدا رایگەیاندووە:" وڵاتانی پێنج کۆ یەک خاڵە سەرەکییەکانی چارەسەرکردنی کێشەی ئەتۆمی ئێرانیان لەبەردەستە ". فرانک شتانمایەر وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیاش رایگەیاندووە:" لەسەر چوارچێویەکی گشتیی رێکەوتووین".
بەپێی سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی، ئێران بۆ ماوەی دەساڵ ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ دوو لەسەر سێ کەمدەکاتەوە.
3/4/2015
دەزگا ئەمنییەکانی تورکیا 9 کەسی خەڵکی بەریتانیایان دەستگیرکرد، کە بەنیازبوون لەو وڵاتەوە رووبکەنە سووریا و پەیوەندی بە ریزەکانی داعشەوە بکەن. ئەو نۆ کەسە لە سێ پیاو، دوو ژن و چوار منداڵ پێکهاتوون لە ناوچەکانی هاتای لە باشووری تورکیا لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراون، کاتێک ویستویانەوە لەو ناوچەیەوە بپەڕنەوە بۆ سووریا.
بەرپرسانی ئەمنی تورکی، ئاماژەیان بەوە کردووە ئەو نۆ کەسە رۆژی چوارشەممە ١ی نیسان لەنزیک سنوورەکانی سووریاوە دەستگیرکراون.
ئەمە جاری یەکەم نییە خەڵکانی بەریتانی لە تورکیاوە هەوڵی چوونە نێو سووریا دەدەن و هەندێکیان تا ئێستا لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی تورکیاوە دەستگیرکراون، بەڵام زۆربەیان توانیویانە لەو سنوورەوە بپەڕنەوە و خۆیان بگەیەننە سووریا، کە دیارترینیان سێ کچی بەریتانی بوون، کە لەمانگی شوباتی رابردوودا لەرێگەی تورکیاوە گەیشتنە سووریا، ئەو رووداوەش کاردانەوەیەکی میدیایی زۆری لێکەوتەوە و بەریتانیاش داوای لە حکومەتی تورکیا کرد رێگە لە چوونی ئەو کەسانە بگرێت، کە دەیانەوێت لە سنوورەکانی تورکیاوە خۆیان بگەیەننە سووریا.
مانگی رابردووش لە دوو رووداوی دیکەی جیاوازدا کچێکی تەمەن ٢١ ساڵ و سێ کچی دیکەی بەریتانی لەکاتی گەیشتنیان بۆ تورکیا پێش ئەوەی هەوڵی چوونە نێو سووریا بدەن دەستگیرکران.
rudaw
2/4/2015
تیمی نێردراوی تایبەتی سکرتێری گشتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق (یۆنامی) رایگەیاند لە مانگی ئاداری رابردوو ٣٥٦٦ عێراقی بەهۆی توندوتیژییەوە کوژران و برینداربوونە. تیمی نێردراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق (یۆنامی) لە راگەیەندراوێکدا زۆرتر دەڵێ:
"لە مانگی ئاداری رابردوو ٣٥٦٦ هاووڵاتی عێراقی بەهۆی توندوتیژییەوە کوژران و برینداربوونە، لە نێوانیاندا ٧٢٩ کوژراوی مەدەنی و ٦٦٥ کوژراوی هێزە ئەمنییەکانی عێراق هەن بە (قوربانیانی) هێزەکانی پێشمەرگەوە و گرووپەکانی حەشدی شەعبی، جگە لە برینداربوونی ١٧٨٥ مەدەنی دیکە و ٣٨٧ تاکی هێزە ئەمنییەکان".
یۆنامی دەشڵێ "ئەم ئامارە قوربانیانی کردەوە سەربازییەکانی پارێزگای ئەنبار ناگرێتەوە، لەودەمەی لە پارێزگای بەغدا ٣٦٢ مەدەنی کوژراون و ٩٢٨ی دیکەش برینداربوونە، هاوکات لە پارێزگای دیالە لە مانگی ئاداری رابردوو ٥١ کەس کوژراون و ٧٥ دیکەش برینداربوون".
تیمی نێردراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق ئاشکراشی دەکات کە "قوربانیانی پارێزگای سەڵاحەدین لە مانگی رابردوو گەیشتە ٣٤ کوژراو و ٤٨ بریندار و لە پارێزگای نەینەواش گەیشتە ٢٠ کوژراو و ١٥ بریندار و لە پارێزگای ئەنباریش بەپێی فەرمانگەی تەندروستی پارێزگاکە ژمارەی کوژراوانی مەدەنی لە ئەنبار لە هەمان مانگ گەیشتە ٢٣٧ کوژراو و ٧٠٢ بریندار".
2/4/2015
سێزدەبەدەر رۆژێکە بۆ سرووشت ،ئەو رۆژە هەندێک تایبەتمەندی خۆشی هەیە، وەک ئامادەکردنی خواردن و خواردنەوەی تایبەت، لەوانە دۆکڵیو و دۆڵمە.
رۆژی سێزدەبەدەر رەنگە زیاتر لە هەموو کەس بۆ منداڵان خۆشی هەبێت، هەندێک لە دایک و بابەکان بەو گوڵانەی کە لە سرووشتدا روواون، تاجە گوڵینە بۆ منداڵەکانیان دروسدەکەن، لەوەش زیاتر راوراوێن ، کەباب کەبابێن و پڕ ناپوچ لەو یارییانەن کە لەو رۆژەدا گەورەکان لەگەڵ منداڵەکان ئەنجامی دەدەن.
هەندێک لە کچان و کوڕانیش سێزدە لە خۆیان دەردەکەن بەو واتایە کە 13 بەرد فرێ دەدەنە پشتی سەری خۆیان، باوەڕی جیاواز لەسەر ئەوە هەیە، هەندێک دەڵێن ئەو کارە بۆ دەرکردنی نەحسی لە لەشە و هەندێکیش دەڵێن خواستنی 13 ئاواتە بۆ خۆشی و سەرکەوتن لە ساڵی تازەدا .
هەندێک کەسیش سەوزە لەیەک گرێدەدەن و ئاواتێک دەخوازن، دەشڵێن کە ئەوکارە نیمادی نوێکردنەوەی پەیمانە لەگەڵ سرووشت، لە سرووشتین و هەر بۆ سرووشت دەبین, بەو واتایە کە ژیانمان بە سرووشتەوە گرێدراوە.
روداۆ/ ئومێد بەرین
3/4/2015