سەرکردەی حوسییەکان پێکهێنانی پێنج سەنگەر بۆ رووبەڕووبوونەوەی پرۆسەی "گەردەلوولی بەهێز" رادەگەیێنێت، کە وڵاتی سعودیە رابەرایەتی دەکات.
عەبدولمەلیک حوسی، سەرکردەی حوسییەکان ئەمڕۆ پێنجشەممە 26ی ئاداری 2015، لە گوتارێکدا وردەكاری پێنج سەنگەرەکەی ئاشکراکردو رایگەیاند:" سەنگەرێکی ئەمنی دەرەوە پێکدەهێنین بۆ بەرپەرچدانەوەی دوژمنان، سەنگەرێکیش بۆ دەستگرتن بەسەر جومگەکانی دەوڵەت دەبێت بە مەبەستی رێگریکردن لە داڕووخانی".
حوسی ئەوەشی ئاشکراکرد، "سەنگەری سێیەم کۆکردنەوەی پاڵپشتی دارایی دەبێت بۆ چەکدارەکانیان لە بازرگانەکان و هاووڵاتیان، سەنگەری چوارەمیش راگەیاندن دەبێت، ئەرکیشی پەرپەرچدانەوەی سەرجەم هەڵمەتە خیانەتکارییەکان دەبێت لە ناوەوەو دەرەوە".
سەرکردەی حوسییەکان دەشڵێت "سەنگەری پێنجەم، کاری بانگخوازی دەبێت و پشت بە گوتاری زانایان دەبەستێت بۆ گردبوونەوە جەماوەرییەکان دژ بە پرۆسەی (گەردەلوولی بەهێز)".
"گەردەلوولی بەهێز" هاوپەیمانێتییەکە بە سەرۆكایەتی سعودیە لە 10 وڵات دژ بە حوسییەکانی یەمەن پێكهاتووە، لەنێویاندا چوار وڵاتی کەنداو بەشدارن، بەحرەین، قەتەر، کوەیت و ئیمارات، لەگەڵ ئەوانەشدا هەریەک لە مەغریب، سودان، ئوردن و میسر، دواهەمینیشیان وڵاتی پاکستان ئامادەیی خۆی بۆ بەشداریکردن لەو هاوپەیمانێتییە نیشاندا.
27/3/2015
ملیاردێرێکی هیندی، ئاهەنگێکی 3 رۆژەی بەبۆنەی هاوسەرگیری کچەکەی لە ئیسپانیا سازدەکات و بڕی 82 ملیۆن دۆلاری تێدا خەرجدەکات.
ئاژانسەکانی هەواڵ بڵاویانکردووەتەوە، کە ملیاردێرێکی هیندی بڕی 82 ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی لە ئاهەنگی هاوسەرگیری کچە 26 ساڵانەکەی خەرجدەکات و ئاهەنگە شاهانییەکەش لە شاری بەرسێلۆنە-ی ئیسپانیا سازکراوەو ماوەی 3 بەردەوامی هەبووە.
ئاهەنگی هاوسەرگیری شەرستی میتاڵ، کە کچی برامۆد میتاڵ، ملیاردێری بەناوبانگی هیندییە، لە چەند رۆژی رابردوو هەواڵی گرنگی زۆرینەی میدیاکانی جیهان بوو، ئاژانسی دەیلی مەیل لە بارەیەوە نووسیویەتی"ئەم باوکە سەرجەم تواناکانی شاری بەرسێلۆنەی بۆ سازکردنی رێورەسمێکی هاوسەرگیری بەکارهێناوە".
هەر لە بارەی ئەم ئاهەنگە، ئاژانسی Times Of India نووسیویەتی "ئاهەنگەکە بۆ ماوەی 3 رۆژ بەردەوامی هەبووە، نزیکەی 500 خێزان و کەسایەتی بەناوبانگ کە زۆرینەیان هیندی بوون بەشداریان تێیدا کردووە، زیاتر لە 200 کەسیش لە ئاهەنگەکە خزمەتی میوانانیان کردووە".
ئەمە جاری یەکەمی نییە برامۆد میتاڵ، ئەو بڕە پارە زۆرە لە ئاهەنگی هاوسەرگیری کچەکانی خەرجدەکات، هەروەک چۆن لە ساڵی 2004 بڕی 55 ملیۆن دۆلاری لە ئاهەنگی هاوسەرگیری کچەکەی دیکەی لاکشمی برامۆد خەرجکرد.
26/3/2015
فەرماندەی سوپای پاسداران لە پارێزگای سنە، رەخنە لە پەرلەمانتارانی ئەو پارێزگایە دەگرێ و دەڵێ، بۆ داخستنی یەکجاریی سنوورەکان، هاوکاری ئەو رێکخراوە ناکەن و گوشار بۆ سەر حکومەت و پەرلەمان دروست ناکەن تاوەکوو بۆ داخستنی یەکجارەکی سنوورەکان، هاوکاری سوپای پاسداران بکەن. بەگوتەی فەرماندەی سوپای پاسداران لە سنە، ئاسایشی ئەو پارێزگایە جێگیرە و سوپای پاسدارانی پارێزگای سنەش، زۆر پرۆژەی ئاوەدانکردنەوەی جێبەجێ کردووە و خەڵکیش ئەمەیان لەبەرچاوە.
rudaw
26/3/2015
کاژێر ١٢ی شەوی چوارشەممە شا سەلمان بن عەبدولعەزیز پاشای عەرەبستانی سعودییە فەرمان بە کوڕە گەنجەکەی دەکات کە هێرش بۆ سەر حوسییەکان لە یەمەن دەستپێبکات.
کوڕەکەی پاشا ناوی محەممەد بن سەلمانە، وەزیری بەرگری سعودییە و نزیکترین کەسە لە باوکی.
محەممەد کوڕی شەشەمی شا سەلمانە، لە ساڵی ١٩٨٥ لە دایکبووە و کۆلێژی یاسای تەواوکردووە.
محەممەد بن سەلمان ئێستا سەرپەرشتیاری هێرشی سعودیە و وڵاتانی کەنداو دەکات بۆ سەر یەمەن بۆ پشتیوانی لە سەرۆکی ئەو وڵاتە مەنسوور هادی، کە هێرشەکە بە “گەردەلوولی بەهێز” ناودەبرێ.
لە شەوی یەکەمی هێرشەکەشدا چەندین فڕۆکە و بنکەی سەربازی حوسییەکان وێرانکراوە. دوای چەند کاژێرێکیش ئاژانسی سعودیە وێنەی کوڕە گەنجەکەی شا-ی بڵاوکردەوە کە لە سەنتەری هێزە چەکدارەکانی سعودیەوە سەرپەرشتی "گەردەلوولەکەی" دەکرد.
26/3/2016
جیهاد خازن، نووسەر و رۆژنامەڤانی دیاری عەرەب، لە نوێترین گۆشەی خۆی لە رۆژنامەی ئەلحەیاتی لەندەنی پشتگیری خۆی بۆ دروستبوونی دەوڵەتی کوردستان راگەیاند.
خازن لە گۆشەی خۆی لە رۆژنامەی ئەلحەیات نوێترین سەرنجی خۆی بەناوی ”لەو نەتەوەیە نیم“، گلەیی زۆر لە نەتەوەی عەرەب دەکات و پێی وایە کە نەتەوەکەی ئەو بەردەوام شەڕ و ئاشووب و ماڵوێرانکارییان لە جیهان ناوەتەوە.
لە بەشێکی وتارەکەیدا خازن لەبارەی کوردەوە دەنووسێت: ”لێرەوە تۆماری دەکەم، کە من پشتیوانی لە دروستبوونی دەوڵەتی کوردی دەکەم، لە ناوچە کوردییەکانی تورکیا، سوریا، عێراق و ئێران. تەنیا ئەوان رووبەڕووی تیرۆر و تیرۆریستان بوونەوە و بەرگریان لە خۆیان کرد، سەلماندیشیان کە ئەوان زۆر ئامادەترن بۆ دەسەڵاتداریەتی و ناخۆشییەکانی لە عەرەب، کە دەرگایان بۆ گرووپە تیرۆریستییەکان کردەوە بۆ ئەوەی موسڵمان و ئەوانەی لەژێر باڵی وان دەژین“.
جیهاد خازن، کە سەرنج و وتارەکانی کارادانەوەی زۆرییان هەیە، خۆی لوبنانییەکی بە بنەچە فەڵەستینییە و هەڵگری رەگەزنامەی بەریتانییە و ئێستاش لە لەندەن دەژیێت، لە وتارەکەیدا باس لەوە دەکات کە بەعەرەبی لەدایکبووە، بەڵام ئێستا خۆی بە عەرەب دەزانێت لەگەڵ راگرتنی ئەو بە عەرەب زانینەی. هۆکاری راگرتنی ناسنامە عەرەبییەکەشی دەگێڕێتەوە بۆ ”من لە نەتەوەیەک نیم، کە نوێژخوێنان لە مزگەوتەکان دەکوژن، گەشتیاران لە مۆزەخانەکان دەکوژن، شوێنەوارەکان تێکدەشکێنن، کیژۆڵەکانیش بە کۆیلە دەبەن، هێرش دەبەنە سەر بێگوناهەکانی ناو دوو تاوەری بازرگانی لە وڵاتێک، لە وڵاتێکی دیکەش هێرش دەکەنە سەر مۆڵێک، لە دوورگەیەکی گەشتیاری لە وڵاتێکی دیکەش خەڵک دەکوژن“.
خازن باس لەوەش دەکات: ”دەتوانم مێژوویەکی دیکە بۆ عەرەب بنووسمەوە، لە مێژووی کوشتنی سێ لە خەلیفەکانی راشیدینەوە بۆ هاوکاریکردنی شازادەکانی ناوچەکانی ئەندەلوس لەگەڵ پادشای ئیسپانیا لە دژی شازادەیەکی دیکە، بۆ پێشکەشکردنی وڵات لە رۆژهەڵاتییەوە بۆ رۆژئاوا بە داگیرکەران“.
لە کۆتایی گۆشەکەیدا، جیهاد خازن دەنووسێت: ”چیتر نامەوێت لە نەتەوەیە بمێنمەوە. خۆم رەگەڵ زۆرینەیەک ناخەم کە هەڵەیە و تاوانکارە. رەتی دەکەمەوە کە بە ناسنامەیەک تۆمەتبار بکرێم. تۆ عەرەبی. تۆ شکستخواردووی، نەزانی، بکوژی. هەموو تەمەنی خۆم بۆ ئەوە بەسەر برد، کە داوای ئاشتی بۆخۆم و ئەوانی دیکە بکەم، بەڵام لەوڕۆوە خۆم دەدەمە دەست قەدەری خۆم“.
basnews
26/3/2015
سەرۆکایەتیی ئەرکانی سوپای تورکیا رایگەیاند، کە پارتی کرێکارانی کوردستان PKK هێرشی کردووەتە سەر بنکەیەکی سەربازی ئەو وڵاتە.
رۆژی 25-3-2015 ، سەرۆکایەتیی ئەرکانی سوپای تورکیا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە. لە راگەیەندراوەکەدا کە گەریلاکانی PKK بە "تیرۆریستی رێکخراوی تیرۆری جوداخواز" ناسێندراون، باس لەوە دەکرێت کە چەند هێرشێک بە هاوەن و دۆشکە کراونەتە سەر بنکە سەربازییەکانی تورکیا و سوپای تورکیاش وەڵامی داوەتەوە.
پێکدادانەکە لە گوندی ئۆرەمار بووە لە شارۆچکەی گەڤەری سەر بە پارێزگای جۆلەمێرگ لە باکووری کوردستان.
رۆژی 24-3-2015 یش سوپای تورکیا ئاشکرایکرد کە لە ماردین ئۆپەراسیۆنێکی دەستپێکردووە بۆ تێکدانی بنکە و بارەگاکانی PKK لە ناوچە شاخاوییەکانی نێو سنووری ئەو پارێزگایە.
26/3/2015
ماڵپەری سوپای پاسدارانی ئێران بڵاویکردەوە کە چەتە دەریاییەکان هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییەکی نەوتی ئێران بۆ ئەوەی نەوتەکەی بدزن.
دوێنێ چوارشەممە، 25ی ئاداری 2015 سوپای پاسدارانی ئێران بڵاویکردووەتەوە لە گەرووی عەدەن کە کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی ئێران تێیدا نەوت دەگوازنەوە بۆ بازاڕەکانی جیهان، لەلایەن چەند چەتەیەکی دەریاییەوە لە رێگای چوار بەلەمەوە هێرشیان بۆسەر کەشتییەکی نەوت هەڵگری ئەو وڵاتە ئەنجامداوە بۆ ئەوەی نەوتەکەی بدزن.
پاسەوانەکانی ئەو کەشتییە تەقەیان لەو چەکدارانە کردووە، کە ژمارەیان 32 چەکدار بووە و توانیویانە کەشتییە نەوتییەکە رزگار بکەن و لەدەستی چەتە دەریاییەکان دووری بخەنەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ حکومەتی ئێران بڵاویکردەوە، 20 ملیۆن بەرمیل نەوتیان لە کۆگاکانی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان ئامادەکردووە بۆ ئەوەی لە رێگای کەناراوە دەریاییەکانەوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهانی بکەن.
26/3/2015
ئەمڕۆ سێشەممە، 24 ی ئاداری 2015 گەشتە راستەوخۆکانی نێوان هەولێر و نەمسا دەستیپێکردەوە، بڕیاریشە بەیانی گەشتە راستەوخۆکانی نێوان هەولێر و میسر دەستپێبکەنەوە.
دوای ئەوەی ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە گەشتی راستەوخۆی چەند وڵاتێک لەگەڵ هەولێر وەستا، بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیک سەرجەم گەشتەکان دەستپێبکەنەوە، سەرچاوەیەک لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بە (تۆڕی میدیایی رووداو) ی راگەیاند:" دوای ئەوەی ئەمڕۆ 24 ی ئاداری 2015 گەشتە راستەوخۆکانی نێوان هەولێر و ڤیەننای پایتەختی نەمسا دەستی پێکردەوە بڕیارە بەیانی چوارشەممە گەشتە راستەوخۆکانی نێوان هەولێر و قاهیرە دەستپێبکەنەوە".
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، کە لە کۆتایی ئەم مانگە گەشتە راستەوخۆکانی نێوان هەولێر - ئەڵمانیا و هەولێر - قەتەر دەستپێدەکاتەوە، کە لە 10ی ئاداری رابردووەوە گەشتەکانی وەستابوو لەگەڵ هەولێر.
سەبارەت بە کاتی دەستپێکردنەوەی گەشتە راستەوخۆکان بۆ ئیمارات سەرچاوەکەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر گوتی، هەر سێ هێڵی فلای ئیمارات و ئیتیحادییە و ئیماراتییە گەشتەکانیان وەستاندووە بێ ئەوەی هۆکارەکەی دیاربێت ئەگەری هەیە ئەو هێڵانەش لە کۆتایی ئەم مانگە دەست بە گەشتە راستەوخۆکانیان بکەنەوە.
ئەو سەرچاوەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر ئەوەی ئاشکراکرد، کە هێڵی ئاسمانی نەمسا لە 15 ی ئادار ، هێڵی ئاسمانی لۆفتهانزی ئەڵمانی لە 16ی ئادار و لە 18ی ئادار هێڵی ئاسمانی میسر گەشتەکانیان وەستاند، هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دوو ساروخی کاتیۆشایەی کە لە 15ی ئادار لەلایەن چەکدارانی داعشەوە ئاراستەی بازاڕی گومرگی سەوزە و میوە کرابوو لە رۆژئاوای هەولێری پایتەخت و بووە هۆی وەستانی بەشێک لە گەشتە راستەوخۆکان.
25/3/2015
تێد کروز، یەکەم کەس کە ئاشکرایکرد بەشداریدەکات لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا رەخنەی لە هەڵوێستی وڵاتەکەی گرت لە بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوی داعشدا و دەڵێت کە پێویستە هاوکاری زیاتری کورد بکرێت و دەشکرێت کورد ببێت بە سەربازی ئەمریکا.
رۆژی 24-3-2015 تێد کروز لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵێکی ئەمریکی گوتی: "هێزەکانی پێشمەرگە شەڕی دژی داعش دەکەن، کاریگەرن و دەیان ساڵە هاوپەیمانی ئەمریکان. داعش چەکی ئەمریکی بەدەستەوەیە، ئەوانەی سوپای عێراق کە دەستی بەسەریاندا گرت. بەڵام کورد چەکی پێویستیان پێ نییە. بەداخەوە ئیدارەی ئەمریکا چەک بۆ بەغدا دەنێرێت. من لەو باوەڕەدام کە دەکرێت کورد ببێت بە سەربازی ئێمە".
کروز ئەوەشی خستەڕوو کە لەناوبرنی داعش پێویستی بە جدییەت هەیە و پێویستە هەموو هەنگاوێکی سەربازی بنرێت بۆ ئەو مەبەستە.
25/3/2015
جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا بەردەوام بوو لەسەر لێدوانە تووندەکانی کە دوو رۆژ پێشتر دەستیپێکردبوو. زۆر بەتووندیش وەڵامی سەرۆکی شارەوانی ئەنقەرەی دایەوە کە هاوکات کەسایەتییەکی دیارە لەنێو پارتی داد و گەشەپێدان.
بڵند ئارنچ، جێگری سەرۆکوەزیران و گوتەبێژی حکومەتی تورکیا، رۆژی 23-3-2015 دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی وڵاتەکەی چووە بەردەم کەناڵەکانی راگەیاندن. ئارنچ لەگەڵ دووپاتکردنەوەی رێزی بۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، سووربوونی خۆی دەربڕی لەسەر ئەو رەخنانەی رۆژانی پێشوو ئاراستەیکرد.
جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا هاوکات زۆر بەتووندی وەڵامی مەلیح کۆکچەک، کەسایەتی دیاری نێو AKP و سەرۆک شارەوانی ئەنقەرە لەسەر لیستی ئەو پارتەی دایەوە.
گۆکچەک دوای لێدوانە تووندەکانی ئارنچ بەرامبەر بە ئەرۆدغان لە تویتەرەوە نووسیبووی: "ئارنچ تۆمان ناوێ، دەست لەکاربکێشەرەوە" هاوکات بە عەمیلی نەیارەکانی ئەردۆغانی ناوبرد.
ئەم قسانە ئارنچیان زۆر تووڕەکرد بە شێوەیەک کە لە وەڵامدا گوتی: "من لەگەڵ کاندیدکردنی گۆکچەک نەبووم بۆ شارەوانی ئەنقەرە، ئەم کەسە بۆ دەنگ چووە باوەشی دەوڵەتی هاوتەریبەوە. گەندەڵی کرد و ئەنقەرەی بەخۆڕایی فرۆشت پێیان. ئێستا دەیەوێت بەم قسانە جێگەی خۆی لەدڵی هەندێک کەسدا بکاتەوە و کوڕەکەی بۆ بکەن بە پەرلەمانتار. دوای هەڵبژاردنە گشتییەکان چارەی دەکەم، هەر کەسێکیشی لەپشتەوە بێت، ئەوانیش چارە دەکەم".
24/3/2015
پاش پێشڕەوییەكانی ئەم دواییەی هێزی پێشمەرگە ئێستا داعش لە كێڵگە و كۆمپانیا نەوتییەكان زیاتر لە دە كیلۆمەتر دوور خراونەتەوە و فەرماندە سەربازییەكانی هێزی پێشمەرگەش دەڵێن هیچ مەترسییەك لەسەر ناوچە نەوتییەكان نەماوە.
بە دوورخستنەوەی داعش لە ناوچە نەوتییەكان بواری زیاتر بۆ ئەو كۆمپانیایانە دەڕەخسێت كار لەسەر نۆژەنكردنەوەی كێڵگە نەوتییەكان بكەن، چونكە بەگوتەی شارەزایانی بواری نەوت و وزە بەشێك لە كێڵگەکانی كەركووك پێویستیان بە نۆژنكردنەوە هەیە.
بەگوتەی بەرپرسانی ئیدارەی كەركووكیش، ئەگەر كێڵگە نەوتییەكان نۆژەنبكرێنەوە و كۆمپانیای خەبازەش دەست بە بەهەمهێنان بكاتەوە، ئەوە دەتوانرێت لە كەركووكەوە زیاتر لە 300 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بكرێت لە ڕۆژێكدا.
لەهێرشەكانی رابردوویاندا چەکدارانی داعش خۆیان گەیاندە كێڵگە و كۆمپانیا نەوتییەكان لە سنووری كەركووك. جگە لە هێرشكردنیش بەهۆی نزیكی سەنگەرەكانیان لە ناوچە نەوتییەكانەوە بە كاتیۆشا و چەند جۆرە چەكێكی دیكە مەترسیان لەسەر ئەو ناوچانە دروستكردبوو.
لەسەرەتای ڕووبەڕووبونەوەشیان لەگەڵ هێزی پێشمەرگە لە هێرشەكانیاندا بۆریەكی گاز و سێ بۆری نەوتی كۆمپانیای خەبازەیان تەقاندەوە و بۆ ماوەی چەند كاژێرێك كۆنترۆڵیان كرد، بەڵام لە هێرشی پێچەوانەدا هێزی پێشمەرگە داعشی گەڕاندەوە سەنگەرەكانی پێشووتریان.
24/3/2015
ڕۆژنامهیهكى بهریتانى ئاماژه بهوه دهكات لوبنان به مهرج هاوسهرى ئهبوبهكر بهغدادى ئازاد دهكات و مهرجهكهش دهخاتهڕوو.
ڕۆژنامهى “دیلى میل”ى بهریتانى ئاماژه بهوه دهكات حكوومهتى لوبنان ئامادهیه هاوسهرى ئهبوبهكر بهغدا “ساجده دلێمى”ئازاد بكات، بهمهرجێك گۆڕینهوهى دیلهكان لهنێوان لوبنان و جهبههنهسره ڕووبدات.
ئهو مهرجه ئهوهیه كه جهبهه نهسره 24 گیراوى لوبنانى ئازاد بكات، له بهرانبهردا حكوومهتى لوبنان هاوسهرى بهغدادى رادهستى داعش دهكاتهوه.
ئهو ڕۆژنامه ئاماژه بهوه دهكات كه هاوسهرى بهغدادى ئێستا دووگیانه له هاووڵاتییهكى فهلهستینى، كه “دلێمى” 3 مانگ هاوسهرى بهغدادى بووه، بهڵام دواى چوونى بۆ سوریا لهیهكترى جیابوونهتهوه و دواتر هاوسهرگیرى لهگهڵ كهسێكى فهلهستینى كردووه.
ئێستاش لهلایهن پزیشكى تایبهتهوه له زیندانى لوبنان چاودێرى دهكرێت ئهوهش بههۆى دووگیانیهوه.
23/3/2015
بەڕێوەبەری شارەدێی حاجی ئۆمەران رایگەیاند، ئەمڕۆ 22/3/2015 شەپۆلێکی بەفربارین رووی لە شارۆچکەی چۆمان و شارەدێی حاجی ئۆمەران کرد و بەو هۆیەوە کێشە بۆ هاتوچۆی هاونیشتمانیان دروستبووە.
مەغدید عەریف ئەحمەد، بەڕێوەبەری شارەدێی حاجی ئۆمەران بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، ئەمڕۆ زیاتر لە 12 سانتیمەتر بەفر لە شارەدێی حاجی ئۆمەران باریوە، بەو هۆیەوەشەوە رێگەی سەرەکی نێوان حاجی ئۆمەران- چۆمان داخراوە و گەشتیارێکی زۆریش گیریان خواردووە.
بەڕێوەبەری شارەدێی حاجی ئۆمەران گوتیشی:" لەبەرئەوەی ئەم بەفربارینە پێشبینی نەکراوبوو تیمەکانی راماڵینی بەفر هیچ ئامادەکارییەکیان نەکردبوو، ئێستاش بەهۆی ئەوەی ئەو تیمانە لە پشوودان نەتوانراوە رێگەکە پاکبکرێتەوە".
مەغدید عەریف ئەحمەد ئەوەشیخستەڕوو، بەفربارین لەو ناوچەیە بەردەوامە و هاتوچۆی هاونیشتمانیان لە نێوان گوندەکانی سەر بە شارەدێی حاجی ئۆمەران زۆر سەختبووە و دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەرانیش بەو هۆیەوە داخراوە".
مەغدید عەریف ئەحمەد داواشی لە هاونیشتمانیان کرد، بەهیچ شێوەیەک ئەمشەو گەشت بۆ سنووری شارەدێی حاجی ئۆمەران نەکەن و گەشتەکانیان بۆ سبەی دووشەممە دوابخەن.
23/3/2015
لە ئاهەنگی گەورەی نەورۆزدا كە لە شاری ئامەد بەڕێوەچوو، پەیامە چاوەڕوان كراوەكەی سەرۆكی زیندانی كراوی پارتی كرێكارانی كوردستان (PKK) خوێندرایەوە.
دوێنێ شەممە 2015-03-21، بە ئامادەبوونی زیاتر لە ملیۆنێك كەس، پەیامێكی “عەبدوڵڵا ئۆجەلان” خوێندرایەوە. لەو پەیامەدا ئۆجەلان دژایەتیی خۆی بۆ دەوڵەتی نەتەوەییی دووپات كردەوە و داوای دەست بەرداربوون لە پڕۆژەی دەوڵەتێكی تایبەت بە نەتەوەیەكی دیاری كراوی كرد. بەڵكو بە پێویستی زانی، دەوڵەتەكان لە سەر چەند بنەمایەكی هاوبەش و بە بوونی دیموكراسی دابمەزرێن و بەردەوام بن.
ئۆجەلان لە كاتێكدا دژایەتیی خۆی بۆ دەوڵەتی نەتەوەییی دەردەبڕێت كە ساڵەهای ساڵە گەلی كورد، قوربانی لە پێناو دروست كردنی قەوارەیەكی سیاسیی تایبەت بە خۆی دەدات، چونكە هەمیشە وەك نەتەوەیەكی ژێر دەست، لە لایەن نەتەوە سەردەستەكانەوە دژایەتی كراوە و خوێنی بە ناهەق ڕژاوە.
ئەمەش دەقی پەیامەكەی عەبدوڵڵا ئۆجەلانە:
بۆ هەموو گەلانمان، سڵاو لە نەورۆزی گەلانمان و دۆستانیان و ئەوانەی لەگەڵ ئاشتی، یەكسانی، ئازادی و دیموكراسین.
ئەو قەیرانەی سیاسەتی نیولیبڕالی سەرمایەداریی ئیمپریالیست و نۆكەرایەتیی دكتاتۆریەتی ناوچەكە ڕێی لە سەر كردووەتەوە، بە شێوەیەكی زۆر تێكدەرانە كاریگەری لە سەر هەرێمەكەمان و وڵاتەكەمان كردووە. جیاوازییە ئەتنیكی و ئایینییەكانی گەلەكەمان و كولتوورەكەمان، لەم كەشی قەیرانەدا، ڕووبەڕووی شەڕێكی بێ واتا و دڵڕەقانە بووەتەوە. نە بەها مێژوویی و سەردەمییەكەمان و نە ویژدانی و سیاسییەكەمان لە ئاست ئەو تابلۆیەدا هەرگیز بێ دەنگ و دوورە پەرێز نابێت. بە پێچەوانەوە دەست وەردانی بەپەلە، وەك پێداویستییەكی بەرپرسیارێتی سیاسیی و ئەخلاقی و باوەڕیی ئایینیمان دەبینێت. ئەو تێكۆشانەی گەلانی وڵاتەكەمان بۆ دیموكراسی، ئازادی، برایەتی و ئاشتییەكی ئابڕومەندانە بەڕێوەی برد، ئەمڕۆ لە قۆناغێكی مێژووییی دایە.
تێكۆشانی پڕ لە ئێشی بزووتنەوەكەمان لە ماوەی 40 ساڵدا بە هەدەر نەچوو، پێی ناوەتە قۆناغێكی وەها كە ناكرێ بە هەمان شێوە بەڕێوە ببرێت. مێژوو و گەلانمان داوای چارەسەرییەكی دیموكراتی و ئاشتییانە بە پێی ڕۆحی سەردەم دەكەن.
لەسەر ئەو بنەمایەی لە قۆناغی مێژووییی دۆڵمەباخچەدا بەو ڕاگەیاندنەی لە 10 خاڵ پێك هاتووە و لە لایەن هەموومانەوە بە فەرمی ڕاگەیەندرا، ئێمە ڕووبەڕووی دەستپێكردنی پرۆسەیەكی نوێین. بە ڕێككەوتن لە سەر ئەو پرەنسیپانەی لە بەیاننامەكە دایە، بانگی بەستنی كۆنگرەیەك بە پێویست و مێژووییی دەبینم، بۆ ئەوەی (پەكەكە) ئەو تێكۆشانەی نزیكەی 30 ساڵە لە دژی توركیا بەڕێوەی دەبات و لە چەك پێكدێت، دوایی بێنێت، بۆ دیاری كردنی ستراتیژی و تاكتیكە سیاسیی و كۆمەڵایەتییەكانی بەپێی ڕۆحی سەردەم.
هیوادارم كە لە ئایندەیەكی نزیكدا، لەسەر بنەمای ئەو پرەنسیپانە و بە ڕایی كردنی لە لایەن كۆمسیۆنێكی حەقیقەت و ڕووبەڕووبونەوە كە لە ئەندام پەرلەمانی هەنووكەیی و دەستەی چاودێری پێك بێت، بە سەركەتووانە ئەو كۆنگرەیە ببەسترێت. بەوەی لە ڕێی ئەو كۆنگرەیەوە، سەردەمێكی نوێ دەست پێ دەكات، بەو سەردەمە نوێیەش لە نێو كۆماری توركیادا لە سەر بنەمای دەستووری بنەڕەتی، وەك كۆمەڵگەیەكی دیموكراتی و خاوەن ناسنامەیەكی دیموكراتی، پێ دەنێینە نێو قۆناغی پێكەوە ژیانی ئاشتییانە.
بەو پێیە پاشخانی ئەو كۆماری توركیایەی كە 90 ساڵە پڕیەتی لە شەڕ، دەرباز بین و بەرەو ئایندەیەكی ئاشتی ڕاستەقینە، کە بە پێوەری دیموكراتی گەردوونی ئاوێتە بووە، هەنگاو بنێین. شتێكی كە لە مێژووی نەورۆزی ڕاستەقینەشدا دێت، سڵاو كردنە لە ژیانی كردنی وەها نەورۆزێك، بەڵام دیاردەیەكی كە بۆ گەل و وڵاتەكەمان ڕاستە، دەبێ لە هەمان كات دا بۆ هەرێمەكەشمان بە هەمان شێوەیە بێت.
ڕاستینەی سەرمایەداری ئیمپریالیست بە گشتیی 2 سەد ساڵی دوایی، بە تایبەتی لەم 100 ساڵەی دواییەدا، لە سەر بنەمای نەتەوەپەرستی (نەتەوە – دەوڵەت)، ناسنامەی نەژادی و ئایینی بە شێوەیەكە كە لە دژی جەوهەری خۆی، بە ڕووی خۆیدا داخستووە و یەكیان كردووەتە دوژمن.
واتە بەپێی سیاسەتی پارچە بكە و بەڕێوە ببە، بوونی خۆی بێ بەزەیییانە تا ڕۆژی ئەمڕۆمان هێناوە. دەبێ بزانین هێزەكانی ئیمپریالیست كە دەستیان لە هیواكانیان لە ڕوژهەڵاتی ناوین بەرنەداوە، دوایین زۆردارییان بە شێوەی داعش هاتە ئاراوە، ئەو ڕێكخراوەی كە دڕاندایەتیشی بێ واتا كردووە، بێ ئەوەی بڵێ ئەمە ژن و منداڵە، (كورد، توركمان، عەرەب، ئێزدی، ئاشووری – سریانی)یە، لە دژی هەموو گەل و كەمینەكانی هەرێمەكە، كۆمەڵكوژی دڕندانە ئەنجام دەدات.
ڕۆژ ئەو ڕۆژەیە كە ئەو مێژووە بێ بەزەیی و وێرانكەرە، كۆتایی بێ و پێ بنێتە ئاشتی، برایەتی و دیموكراسییەك كە بەپێی پاشخانی ڕاستەقینەمان بێت. بە ڕاستی دەبینم و بەوە باوەڕم هەیە، نەتەوە دەوڵەتانێكی كە نەتەوەپەرستی وێرانكار، لەناوبەر و پڕ ئاڵۆزی بەرهەمهێناوە، بە كرانەوە بەڕووی سیاسەتی دیموكراتی و ناسنامەی دیموكراتییانە، ناچارن وەرچەرخێن بۆ وڵاتی هاوبەش.
بۆ ئەوەش بانگ لە نەتەوە – دەوڵەتەكان دەكەم، لە ناو خۆیاندا بە سیاسەتی دیموكراتییانە، جۆرێكی نوێی دیموكراتی هاوبەش پێك بێنن، نەتەوە دەوڵەتەكان لە نێو خۆیاندا ماڵی هاوبەشی دیموكراتییانەی ڕۆژهەڵاتی ناوین بونیاد بنێن.
بەم بۆنەیەوە داوا لە ژنان و گەنجان دەكەم كە بەرەو ئازادی لە شەقەی باڵدەدەن و زۆرینەی چەوساوەی كۆمەڵگەكەمانن، لە تێكۆشانی ئازادی و یەكسانیدا لە بواری (ئابووری، كۆمەڵایەتی، سیاسیی و ئاسایشی قۆناغی هەنوكەییمان) چالاكانە بەشدار بن و سەری بخەن.
وێڕای ئەوەش سڵاو لە بەرخودان و سەركەوتنی كۆبانێ دەكەم كە هەم بۆ هەرێمەكەمان و هەم بۆ كۆمەڵگەی نێونەتەوەیی، واتایەكی مەزنی هەیە. لە سەر ئەو بنەمایە سڵاو لە “رۆحی ئاشمێ” دەكەم كە سیمبوڵێكی مێژووی نوێی نێوان گەلانمانە.
ئەو ئاماژانەی لە سەرەوە هەوڵمدا دەست نیشانی بكەم، ئەگەر بە دەستەواژەیەك بڵێم: ئەوە بۆ كۆمەڵگە سەر لە نوێ پاكسازی، بونیادنەوە و داڕشتنەوەی مێژوویی و ڕۆژانەیی، بانگەوازییەكی هێژایە.
جارێكی تر سڵاو لە خودی ئەم نەورۆزە مێژوویییە، بەو هیوای ئەوەی كە بۆ هەموو مرۆڤایەتی ببێتە مایەی خێر. بژی نەورۆز بژی برایەتی گەلان.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان
دوورگەی ئیمرالی
پێشانگای بەرهەمە هونەرییەکانی هادی زیائەدینی لە سینەمای بەهمەنی شاری سنە کرایەوە.
ئەم پێشانگایە بە بۆنەی 27 ە مین ساڵیادی کیمیابارانی شاری هەڵەبجەوە ماوەی 8 رۆژە کراوەتەوە و تا رۆژی چوار شەممەی ئەم هەفتەیەش بەردەوام دەبێت.
یەکێک لە تایبەتمەندییە گرنگەکانی ئەم پێشانگایە، بوونی چەندین پەیکەری ژنە، کە زیاتر بەرچاو دەکەوێت.
بەرهەمەکانی هادی زیائەدینی لە روانگەی هونەرمەندان و سەردانکەرانەوە جێگای سەرنجن و زمانحاڵی ئەو رووداو و کارەساتانەن کە لە مێژووی نەتەوەی کورددا روویان داوە.
فەلاح رەحیمی /rudaw
24/3/2015