فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان پاڵاوگەیەکی نەوتی رێکخراوی داعشیان لە شارۆچکەی گرێسپی لە رۆژئاوای کوردستان تەقاندەوە. شەوی 8-3-2015 فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان هێرشیانکردە سەر پاڵاوگەیەکی نەوت لە شارۆچکەی گرێسپی لە رۆژئاوای کوردستان. ئەو پاڵاوگەیە کە لەلایەن رێکخراوی داعشەوە کاری پێدەکرا لە ئەنجامی ئەو هێرشە تەقێندرایەوە. هاوکات 30 کەس کوژران.
تەقاندنەوەی پاڵاوگەکە لە شارۆچکەی ئەقچەقەڵا لە باکووری کوردستانەوە بینرا و هەستی پێکرا، تەنانەت شووشەی ژمارەیەک لە خانووەکانی ئەو شارۆچکەیە شکان. بەپێی راپۆرتێکی نەتەوەیەکگرتووەکان کە مانگی تشرینی دووەمی 2014 بڵاوکراوەتەوە، داعش رۆژانە 846 هەزار بۆ 1 ملیۆن و 600 هەزار دۆلاری ئەمریکی دەستدەکەوێت لەڕێگەی بەرهەمهێنانی نەوتەوە.
9/3/2015
رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەروەردەو رۆشنبیری و زانست ناسراو بە یونسکۆ، رووخاندن و تێکدانی شوێنەوارەکانی نەمروودی ئاشورییەکان لە عێراق، لە لایەن رێکخراوی داعشی وەک "تاوانی جەنگ" ناساند و بڕیاریشیدا سکاڵا دژی ئەم بابەتە بگەیێنێتە نەتەوە یەکگرتووەکان.
ئێرینا بوکۆفا، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی یونسکۆ دەڵێت:" ناتوانین زیاتر بێدەنگبین، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان لە کاتی جەنگیشدا دەبێت شوێنەوارە کولتووری و دێرینەکان بپارێزرێن، ئەمەی ئەم رێکخراوە کردوویەتی وەک تاوانی جەنگ دەناسێنین".
زیاتر دەڵێت:" سکاڵای خۆمان سەبارەت بەم بابەتە بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و داواکاریی گشتی و دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بەرزدەکەینەوە، پێویستە هەموو وڵاتانی دونیا بەرامبەر ئەم تاوانە بووەستنەوە و هەوڵی وەستاندنی بدرێت، چونکە ئەم تاوانە هەوڵێکە بۆ سڕینەوە کەمینەکانی عێراق".
حکومەتی عێراق لە چەند رۆژی رابردوودا رایگەیاند، کە رێکخراوی داعش شوێنەوارە دێرینەكانی نەمروود-ی ئاشووری لە پارێزگای موسڵ تەقاندوونەتەوە، ئەمەش لە دوای بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیی تەقاندنەوەکە لە لایەن رێکخراوەکە خۆی.
وەزارەتی گەشتوگوزار و شوێنەواری عێراق، لە بەیاننامەیەکدا ئەم کارەی داعشی ئیدانەکرد و رایگەیاند، "ئەم رێکخراوە هەمیشە هەوڵی شکاندنی ورەو هەست و سۆزی مرۆڤایەتی دەدات، تاوانی تەقاندنەوەی شوێنەواری نەمروودیش لە موسڵ، یەکێکە لەو زنجیرە تاوانەکانی ئەم رێکخراوە".
9/3/2015
نزیكەی سەدەیەكە ژمارەیەكی زۆر كوردی ئێزدی لە باكووری كوردستانەوە روویان كردووەتە وڵاتانی یەكێتی سۆڤیەتی پێشوو، بەڵام سەرەڕای تێپەڕینی ئەو هەموو ساڵە هێشتا دەستبەرداری كەلتووری خۆیان نەبوون.
لە شاری نیژنی نۆڤگۆرەد، ئێزدییەكانی ئەوێ سەرقاڵی رێوڕەسمی پرسە و شینی شێخەكەیان بوون. ئیبراهیم كە لاوێكی كوردی ئێزدییە، خۆی و چەند ناسیاوێكی دیكەی بەدوامدا هاتن بۆ میوانخانە و بەڕێكەوتین بۆ بەشداریكردن لە پرسەی شێخ. ئەوە یەكەمجارم بوو بەشداری پرسەی ئێزدییەكان بكەم. دەمێك بوو دەمویست بگەمە راستیی ئەو قسانەی لەبارەی ئێزدییەكان بیستبووم. زۆرجار دەگوترا ئێزدییەكان رێگا بەكەسانی غەیرە ئێزدی نادەن لەكاتی ناشتنی مردووەكانیاندا ئامادەبن، دەكرێ ئەم قسەیە هۆكارەكەی ئەوەبێت كە پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانی ئێزیدییەكان و ئاینەكەشیان تاڕادەیەك داخراوە، بۆیەشە زۆر تۆمەتی ناڕەوا دراوەتە پاڵیان، بەڵام لە راستیدا ئەمانە دوورن لە حەقیقەت.
ئەو دەمەی گەیشتینە ئەو گەڕەكەی پرسەكەی لێ بەڕێوەدەچوو، دەیان ئۆتۆمبێل لەمبەر و ئەوبەری گەڕەكەكە وەستابوون. خەڵكێكی زۆر دەهاتن و دەچوون. سەرجەمیان غەمگین و نیگەران دیار بوون بە لەدەستدانی شێخ. هاوكات دڵخۆشیش بوون بە دیداری دۆست و ئازیزانیان كە وا دیاربوو چەندین ساڵە یەكدییان نەبینیوە بەهۆی دوورییان لەیەكدی. هەمووان سڵاو لەیەكدی دەكەن، ئافرەت و پیاوەكانی كە خزمن، یەكدی ماچ دەكەن.
كێشەی هەرە گەورەی ئەوان نەبوونی لالش و پەرستگای دینییانە، بۆیە ناچارن ماڵ یاخود هۆڵێك بەكرێ بگرن بۆ بەڕٍێوەبردنی پرسەكەیان. پرسەی شێخ لە هۆڵێكی گەورەی ئەو شارە بەڕێوەدەچوو، كاتێك چووینە ژوورەوە لەبری سڵاو گوتیان "براوۆ". سەرجەم ئامادەبووانیش "براوۆ"یان گوتەوە، مەبەست لە "براوۆ" برامان بوو، بەشدارانی پرسە هاوخەمیی خۆیان بەوە دەردەبڕن.
سەدان پیاو و ئافرەت لە هۆڵەكە دانیشتوون و بەشێكیشیان بەپێوە وەستاون، لە ناوەڕاستی هۆڵەكەدا تەرمی كۆچكردوو لەناو سندووقێك دانراوە. مردووەكە سێ رۆژ پێشتر شۆردراوە، دەستەیەك جلوبەرگی جوانی كراوەتەبەر و پاشان بەكفن داپۆشراوە. لە تەنیشت سەری كۆچكردوو، شێخ رەشیدی برای بەدیارییەوە وەستاوە و قەول و بەیت و دوعای بەسەردا دەخوێنێ. ئەو سندووقەی تەرمەكەی لەناودایە كراوەیە و سەر و سیمای كۆچكردوو دەبینی. بەشێك لەوانەی دێنە پرسەكە، مردووەكە ماچ دەكەن، لە چواردەوری سندووقی تەرمەكە چەندین چەپكە گوڵ دانراون، لە دیواری پشتەوەی هۆڵەكەش پارچە فەرشێكی گەورە هەڵواسراوە. لەسەر ئەم فەرشە چەندین وێنەی قەبارە گەورە هەڵوسراون، ئەمانە وێنەی كەسوكار و هاوڕێ نزیكەكانی كۆچكردوون.
دوو كەسی باڵابەرز كە لە بۆنە خۆش و شادییەكاندا مرۆڤ دەخەنە كەیف و سەما، لەم پرسەیەدا ئامادەبووانیان نوقمی دڵتەنگی و غەمباری كردبوو. دوو نەیژەن ئاوازێكی غەمگین ئاوێزانی قەول و بەیتی شێخ رەشیدی برای كۆچكردوو دەكەن، هەر كە شێخ دەوەستێ دوو ئافرەتی بەتەمەن بەردەوامی دەدەن بە لاواندنەوەكانیان. سەیركردنی ئەم دیمانانە مرۆڤ غەمگینتر دەكەن.
لە كاژێر 6ی ئێوارە تا 10ی شەو لەناو هۆڵی پرسەكە مامەوە. لەو ماوەیەدا كۆمەڵ كۆمەڵ خەڵك دەهاتن بۆ پرسەكە. لە تەنیشتمەوە كەسێك وەستابوو ناوی سیامەند بوو. سەبارەت بە رێوڕەسمی پرسەی ئێزیدییەكانی رووسیا گوتی "كاتێك ئێزدییەك دەچێتە بەر دلۆڤانی خودێ، چەند رۆژێك پرسەی بۆ دادەنێین، ئێمە سێ رۆژە لەم هۆڵە پێشوازی لە میوانەكان دەكەین. بەهۆی ئەوەی كوردی ئێزدی لە زۆر شار و هەرێمە دوورەكانی رووسیاوە دێن بۆ بەشداریكردن لە پرسە، بۆیە پێویستە سەرجەم خزم و كەسە نزیكەكان كۆچكردوو ببینن، لەماوەی ئەم چەند رۆژەی پرسەشدا سەرجەم میوانەكان لای ماڵە كوردەكان دەمێننەوە تا رۆژی ناشتن".
سیامەند درێژەی بە قسەكانی دا و گوتی "ئەوانەی بۆ بەشداریی لە پرسەكە هاتوون، دابەشی سەر ماڵەكان كراون، خواردن و خواردنەوە و شوێنی نووستنیان بۆ دابینكراوە، هیچ میوانێك ناچێتە میوانخانە، بەڵكو هەركەسێك لای خۆیەوە چەندین كەس دەباتەوە ماڵی خۆی. ئەمەش وەك هاوكاری و پشتیوانییەك بۆ خاوەنی پرسەكە كە یەكێكە لە جوانترین دابونەریتەكانمان".
هەر میوانێك بێتە ژوورەوە لە بری سڵاوكردن دەڵێـت "براوۆ". سیامەند گوتی "مەبەست لە براوۆ ئەوەیە كە دەمانەوێ هاوسۆزی و خەمباریی خۆمان بۆ خاوەنی پرسەكە دەرببڕین، براوۆ مەبەست برایە، واتە برامان بوو".
بەهۆی ئەوەی خزم و دۆستانی كۆچكردوو، رێگایان دوورە و پێڕاناگەن رۆژی یەكەم بەشداری بكەن لە مەراسیمی ناشتندا، بۆیە تەرمەكە بۆ ماوەی چوار رۆژ رادەگیرێت و نانێژرێت. سەبارەت بە پاراستنی تەرمەكەش لە تێكچوون، سیامەند گوتی "بەهۆی بەكارهێنانی دەرمانێكی تایبەت یاخود دەرزی، تەرمەكە لە تێكچوون دەپارێزرێت.
لەناو ئێزیدییەكاندا چوار چین هەن: شێخ، پیر، مورید و فەقیر. ئەوەی كۆچی دوایی كردووە سەر بەچینی شێخە، كەواتە رێگا پێنەدراوە كەسانی چینێكی دیكە تەرمەكە بشۆن. شەوی چوارەم دوای تەوابوونی پرسەكە، بەرەبەیانی زوو تەرمەكە لەلایەن برای ئاخرەت (برای ئاخرەت: رۆژی پێش هاوسەرگیری كەسەكە، كەسێكی دیكە دەكاتە برای ئاخرەتی خۆی) تەرمەكە بە تەواوی دادەپۆشێت و خەتمی دەكات. بەرەبەیانی هەمان رۆژ بە رێوڕەسمێكی تایبەت تەرمەكە دەبردرێت بۆ گۆڕستان و بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی زۆر لە مورید و شێخ و پیر، تەرمەكە دەخرێتە ناو گۆڕ. سەری مردوو دەخرێتە لای رۆژئاوا و قاچەكانیشی بۆ رۆژهەڵات، پاشان گرێی كفنەكە دەكەنەوە و دوعای بۆ دەكەن و تەلقینی دەدەن، دواتر هێدی هێدی تەرمەكە دادەپۆشن و گۆڕەكە پڕدەكەنەوە و كێلی بۆ دادەنێن. ئەوانەی هاتوونەتە سەر گۆڕستانەكە دوای دانانی چەپكەگوڵ لەسەر گۆڕەكەی، خواحافیزی لە مردووەكە دەكەن.
9/3/2015
سەرۆکوەزیرانی تورکیا داوا لە پارتە سیاسییەکانی تورکیا دەکات، هەموویان لەرێگەی هەموارکردنەوەی دەستووری تورکیاوە ئەگەری داخستنی هەر پارتێکی سیاسی کۆتایی پێبهێنن.
ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکوەزیرانی تورکیا ئەمڕۆ لە شاری مێردین-ی باکووری کوردستان لە پانێڵێکدا، كە بە بەبۆنەی 8 ی مارس (رۆژی جیهانی ئافرەتان)ەوە رێکخرابوو، لەبارەی دەنگۆی داخستنی پارتی گەلی کۆماری CHP گوتی: "لە وڵاتێکدا کە سیستمی دیموکراسی هەبێت، ئەگەری داخستنی هیچ پارتێکی سیاسی نابێت، ئێمە وەک AKP بڕوامانوایە کە خەڵک پارتە سیاسییەکان دادەمەزرێنێ و هەر خەڵکیش دایاندەخات".
داودئۆغڵو لە دوای بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان PKK بۆ تاوتوێکردنی پرسی چەکدانان داوای پشتیوانی لە ئافرەتان کرد و گوتی: " دوای راگەیاندنی چەکدانان پرۆسەی ئاشتی گەیشتووەتە قۆناخێکی گرنگ، رۆژ رۆژی خاوەنداریکردنە لە برایەتی، تکا لە دایکان و ئافرەتان دەکەم خاوەنداری لە پرۆسەی ئاشتی بکەن".
هەروەها پێیوابوو:"ئەوانەی بەڵێنی چەکدانانیان داوە، ئەگەر لە بەڵێنەکەیان پاشگەزنەبنەوە و چەکەکان بێدەنگ ببن، لە تورکیا زمان و دڵ و زیهنەکان دێنە قسە".
داودئۆغڵو داوای لە ژنە پەرلەمانتارەکانی هەرچوار پارتەکەی نێو پەرلەمانی تورکیا کرد کە دەستبخەنە نێو دەستی یەکدی و "بابڵێن ئێمەش برایەتی و ئاشتیمان دەوێ، پەرلەمانتارانی ئێمە (AKP) ئامادەیی ئەوەیان تێدا هەیە، با هەموویان دژی تووندووتیژی بووەستينەوە".
8/3/2015
وەزیری ئابووریی تورکیا لە تویتێکدا نەخشەی تورکیا بە ئاڵای کوردستان دادەپۆشێ و بە ناونیشانی: "نەخشەی ئەوروپا بەپێی ئەو وڵاتانەی کە دووەم گەورەترین گرووپی ئیتنیکی تێدا دەژین، ئەمەش تابلۆکە".
محەممەد شیمشەک، وەزیری ئابووریی تورکیا لەسەر هەژمارەکەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی توویتەر نەخشەی وڵاتەکەی بە ئاڵای کوردستان داپۆشیوە.
لە وێنەکەدا ئەوە دەردەکەوێ کە ئاڵای کوردستان بەتەواوی نەخشەی تورکیای داپۆشیوە، هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، کە تورک لە چوار وڵات دووەم گرووپی ئیتنیکی پێکدەهێنن و لەسەرووشیانەوە ئەڵمانیا.
8/3/2015
سەرۆککۆماری تورکیا دڵنیایی دەدات سەبارەت بە گەیشتنە ئەنجامی پرۆسەی چارەسەری و دەڵێت: "ئەوان بیانەوێت یان نا، ئێمە پرۆسەی چارەسەری دەگەیێنینە ئەنجام".
رۆژی 7-3-2015 رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا سەردانی شاری دیلۆکی کرد لە باکووری کوردستان. ئەردۆغان لە وتارێکدا کە لەبەردەم دانیشتووانی ئەو شارەدا پێشکەشیکرد بەم وشانە، دڵناییدا لەسەر گەشتنە ئەنجامی پرۆسەی چارەسەری: "ئێمە خۆمان یەکلایی کردووەتەوە، ئەوان (PKK) بیانەوێت یان نا، ئێمە پرۆسەی چارەسەری دەگەیێنینە ئەنجام".
سەرۆککۆماری تورکیا هەردوو پارتی کرێکارانی کوردستان و پارتی دیموکراتی گەلانی بە کارکردن دژی پرۆسەکە تۆمەتبارکرد و گوتی: "پەیمانیاندا، نەیانبردە سەر، بە پێچەوانەوە هەنگاویان نا، ئاژاوەگێڕییان کرد. 6 و 7 ی تشرینی یەکەمی پار هاووڵاتییانیان رشتە سەر شەقامەکان، دوکان و ئۆتۆمبێلی خەڵکیان سووتاند. بەڵام ئێمە هەر دانمان بە خۆماندا گرت لە پێناوی وڵاتدا".
رەجەب تەییب ئەردۆغان لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا گوتی: "دوای ئەوەی 40 هەزار مرۆڤمان لەدەستدا و 100 ملیار دۆلارمان سووتاند لەسەر چیاکان، بینیمان کە شەڕ چارەسەر نییە".
رووداو - دیلۆک
7/3/2015
نوێنەری سووریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە، کە دوای زیاتر ئاڵۆزبوونی ململانێکانی سووریا و بەهێزبوونی داعش و تەشەنەکردنی هەڕەشەکانی، کاتی ئەوە هاتووە ئەمریکا و زلهێزەکانی رۆژئاوا دان بە پێویستیی مانەوەی بەشار ئەسەدی سەرۆکی سووریادا بنێن.
بەشار جەعفەری، باڵیۆزی سووریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی رۆیتەرز، رایگەیاند: "ئەو ستراتیژەی رۆژئاوا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاری پێدەکات، شکستیهێناوە و دەبێت رۆژئاوا بە جۆرێکی دیکە بیر لەو ناوچەیە بکاتەوە".
جەعفەری ئاماژەی بەوەشکردووە، کە پێویستە ئەمریکا و رۆژئاوا مانەوەی ئەسەد لە سووریا قبوڵ بکەن، "چونکە ئەو توانای چارەسەرکردنی کێشەکانی سووریای هەیە". دەشڵێ "بەشار ئەسەد ئامادەیە لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی دیکەدا شەڕی دژ بە تیرۆر بکات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا".
هەرچەندە ئەمریکا و بەریتانیا و فەرەنسا و وڵاتانی دیکەی بەشدار لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش رەتیانکردووەتەوە هیچ هەماهەنگییەک لەگەڵ حکومەتی سووریا ئەنجامبدەن لە جەنگی دژ بە داعشدا، بەڵام جەعفەری لەو لێدوانە رۆژنامەوانییەدا جەختیکردووەتەوە کە سووریا ئامادەی هەموو هاوکارییەکی هەوڵە نێودەوڵەتییەکانە بۆ لەناوبردنی داعش، بەڵام هاوپەیمانان ئەو هاوکارییەی داعشیان نەویستووە.
7/3/2015
لهسهر بنهمای تۆڵهسهندنهوهی هاوشێوه كه له ئێران و چهند وڵاتێكی كهمی تردا پهیڕهودهكرێت، دهسهڵاتی دادهوری له ئێران سزای كوێركردنی له دژی تاوانبارێك جێبهجێكرد كه پێشتر پیاوێكی تری كوێركردبوو. ئهمهش ناڕهزایی رێكخراوی لێبوردنی نێودهوڵهتی لێكهوتهوه.
ئاژانسی ههواڵی تهسنیم بڵاویكردهوه، لهمیانهی ئهو سزایهدا چاوی چهپی حوكمدراوهكه به تێزاب سوتێنراوه. ئهمه یهكهمین جاریشه سزای لهو شێوهیه لهم وڵاتهدا جێبهجێ دهكرێت.
ساڵی 2009 له شاری قوم، ژنێك تۆمهتبارهكهی راسپاردبوو كه تێزاب بۆ مێردهكهی ههڵبدات، لهئهنجامی ئهو هێرشهدا مێردی ژنهكه كوێربوو. بههۆی ئهم رووداوهوه دادگا بڕیاریدا ههردوو چاوی تاوانبارهكه كوێربكرێت.
بهگوێرهی رێكخراوی لێبوردنی نێودهڵهتی، رۆژی سێشهممهی رابردوو سزای سوتاندنی چاوی چهپی تاوانبارهكه له زیندانی راجای شههر له شاری كهرهج ئهنجامدراوه و پرۆسهی كوێركردنی چاوی راستیشی دواخراوه.
راحه بهحرهینی لێكۆڵهری تایبهت به كاروباری ئێران لهو رێكخراوه وتی: "ئهم سزایه ئهو وهحشیگهرییه رههایه نیشاندهدات كه لهسیستمی دادوهریی ئێراندا ههیهو جهخت لهسهر پشتگوێخستنی ههژێنهری دهسهڵاتدارانی ئێران دهكات بۆ بنچینه مرۆییهكان".
7/3/2015
ئاژانسی هەوڵگری ناوەندی ئەمریكا CIA ئاشكرایكرد، لەپێناو رووبەڕووبوونەوەی هێرشی مۆدێرن، هێرشی ئینتەرنێتی و بۆ لێكۆڵینەوە لە تیرۆریزم گۆڕانكاری گەورە لە پلان و بونیادی كاركردنی 67 ساڵەی خۆیدا دەكات.
جۆن برێنان، بەڕێوەبەری CIA ئاماژەی بەوە كردووە، ئەو پلانە گۆڕانكارییەی ئاژانسی هەوڵگری ناوەندی وڵاتەكەی دایناوە، بریتی دەبێت لە دامەزراندنی هەزارەها سیخوڕ و راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی دیكە لەناو ئاژانسەكەدا.
بەڕێوەبەرایەتی CIA ئەم گۆڕانكارییە بە دووبارە بنیاتنانەوەی پێكهاتەی ئاژانسەكە ناودەبات كە ماوەی نزیكەی 70 ساڵە گۆڕانكاری لەو شێوەی نەكردووە.
بەگوێرەی ئەو پلانە نوێیە، سیخوڕەكان و راوێژكارەكان بە تەواوی لە یەك دادەبڕێن و هەریەكەیان یان هەر گرووپێك بە جیا و بەبێ ئاگاداربوون لە یەكدی تایبەت دەكرێن بە ناوچەیەكی دیاریكراو.
یەكێكی دیكە لەو خاڵانەی گۆڕانكاری بەسەردادێت، لەجیاتی ئەفسەرانی تایبەتی CIA ، دە سەنتەری نهێنی جیاواز بۆ بەدواداچوونی دۆسیەی تیرۆر و دیاردەی چەكداری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەكرێنەوە. ئەو سەنتەرانەش بەرپرس دەبن لە بڕیاردان لەسەر دەستپێكردنی كردەی چاودێریكردن و سیخوڕی.
بەرپرسانی CIA ئاماژە بەوەش دەكەن، ئەو پلانە نوێیە دەتوانێت هاوكاری پرۆسەی هەواڵگری ئەمریكی بكات، بەوەی لە نزیكەوە چاودێری تیرۆریزم و هێرشی ئینتەرنێتی بكات. سەبارەت بە هۆكاری ئەو گۆڕانكارییانەش بەڕێوەبەری CIA دەڵێت، ئاژانسەكە هەستی بەوە كردووە ئەمڕۆ هەڕەشەكان لە هەموو كات زیاترن و ئەو لایەنانەی بوونەتە هۆكاری هەڕەشەكردن زۆر بەهێزترن لەچاو رابردوودا.
هەروەها لەپاڵ ئەو گۆڕانكاریانەشدا، CIA بۆ هەر بەشێك لە ئۆپەراسیۆنە تایبەتەكان بەڕێوەبەرایەتییەكی نوێ دادەمەزرێنێت و ئەركەكانیان تەواو لە یەكدی جیاوازدەبن.
ئەو بەڕێوەبەرایتییانەش تایبەت دەبن بە داهێنانی دیجیتاڵ و كۆكردنەوە و گەیاندنی زانیاری لە بواری تەكنەلۆژیای ئینتەرێتدا.
بە كردنەوەی ئەو سەنتەر نوێیانەی دەرەوەی ئەمریكا و دانانی بەڕێوەبەرایەتی نوێی دیجیتاڵ، CIA وا دەكات گەیاندن و ئاڵۆگۆڕی زانیاری لەنێوان كارمەندان راستەوخۆ روونەدات، بەڵكو لەرێگەی ئەو سەنتەرانەوە لە مۆدێلێكی بیرۆكراسیدا دەگەیێنرێتە ئەو كەسەی پێویستی بە زانیارییەكەیە
7/3/2015
سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڕیاریداوە بە پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە رووداوی هەڵکوتانە سەر بارەگای حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆیە.
ماڵپەری سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لێدوانێکی د.فوئاد حوسێن، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانی بڵاوکردووەتەوە، کە رایگەیاندووە، مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بریاریداوە لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە پێكبھێنرێت لەسەر رووداوی ھەڵكوتانە سەر كەمپی كوردانی رۆژھەڵات لەلایەن ئاسایشەوە لە شاری كۆیە.
فوئاد حوسێن دەشڵێ مەبەستی پێکهێنانی ئەو لیژنەیە "لێكۆڵینەوەیە لە رووداوەكە و گەیشتن بە راستییەكان لە زووترین كاتدا".
حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران رایگەیاند، کە سەرلەبەیانیی رۆژی سێشەممە 3ی ئاداری 2015، "بە دوور لە هەرچەشنە پرەنسیپێكی یاسایی و مەدەنی و بە بیانووی كێشەیەكی كۆمەڵایەتی نێوان دوو بنەماڵە، هێزێكی هاوبەشی ئاسایش و پۆلیسی كۆیە هێرشدەكەنە سەر كەمپی ئازادی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە كۆیە و بێڕێزییەكی زۆر بە ژن و منداڵ و كادیرو پێشمەرگەكانی حیزب دەكەن". ئاسایشی کۆیەش رایگەیاند ئەوان کارێکی یاساییان کردووە.
سەبارەت بەو کێشەیە هیمداد مەجید، دادوەری لێکۆڵینەوەی دادگای کۆیە بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی گوتبوو: "یەکێک لە ئەندامانی حیزبی دیموکرات کچێکی رفاندبوو لە پەیمانگا، بۆیە مەفرەزەی ئاسایش بەدوای کەوتن و کچەکەیان لێ سەندەوە، بەڵام حیزبی دیموکرات تاوەکو ئێستا داڵدەی ئەو کەسەی داوە و رادەستیان نەکردووە".
سەبارەت بەوەی ئەو حیزبە دەڵێ تووندوتیژییان بەرامبەر کراوە، دادوەری لێکۆڵینەوەی دادگای کۆیە گوتی: "ئەوان تووندوتیژییان کردووە نەک هێزەکانی ئاسایش، باوکی کوڕەکە چەکی راکێشاوە لە هێزەکانی ئاسایش، ئاسایشیش ئەو کەسەی چەکی لێیان راکێشاوە گرتوویانە و ئێستا بە فەرمانی ئێمە بەندکراوە". بەڕێوەبەری ئاسایشی کۆیەش رەتیکردەوە توندوتیژییان کردبێت و بۆ (رووداو) گوتی: "ئەگەر تووندوتیژی روویدابێت ئەوە یاسا هەیە و دەتوانن سکاڵای یاسایی تۆمار بکەن".
حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە راگەیێنراوەکەدا داوادەکات "بەرپرسانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە لە شاری كۆیە رۆڵی سەرەكی لە بەڕێوەبردنی ئیدارەی شارەكە دەگێڕن هەنگاوی جدیی بۆ كۆتاییهێنان بەم جۆرە هەڵسوكەوتانە بێنن". مەکتەبی سیاسی یەکێتیش لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند "لهسهر جێبهجێكردنی بڕیاری دادگا له كامپێكی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێراندا كاردانهوهیهكی راگهیاندنی چاوهڕهواننهكراومان گوێ لێبوو، دهمانهوێت بۆ رای گشتی رایبگهیهنین له رۆژی بیستنی رووداوهكهدا دهستبهجێ بهڕێوهبهری گشتی ئاسایشی سلێمانیمان ئاگاداركردۆتهوه، كه ئهگهر ئاسایش و پۆلیس لهكاتی جێبهجێكردنی بڕیاری دادگادا ههر پێشێلكارییهكیان له كهمپهكهدا كردبێت، دهبێت سزا بدرێن، ئاسایشی گشتیش لیژنهی لێكۆڵینهوهی لهسهر ئهو مهسهلهیه دانا".
لە راگەیێنراوەکەی یەکێتیدا جۆرێک لە نیگەرانی بەدیدەکرێت و تێدا هاتووە "بێگومان بهپێی یاساو ئهركی خانهخوێی و رێزو میوانداریشیان لهسهرمانه، بهڵام لهكاتێكدا كێشهیهكی لهمجۆره روودهدات، كهناڵی تایبهتی سیاسی چارهسهركردن ههیه نهك رێگاكانی تری راگهیاندن".
6/3/2015
جامیعەی ئەزهەر لە میسر بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا، شەڕێکی ئەلیکترۆنی گەورە لەگەڵ داعش بەرپا بکات، لەڕێگەی بڵاوکردنەوەی بیروباوەڕی ئایینی دژ بەو رێکخراوە.
ئەحمەد تەیب شێخی ئەزهەر رۆژی هەینی 6ی ئاداری 2015 لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند" بەمەبەستی بەرپەرچدانەوەی بیروڕاکانی داعش، جامیعەی ئەزهەر دەستیکردووە، بە دروستکردنی بنکەیەکی ئەلیکترۆنی، کە بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگەدا بکەوێتە کار، هەروەها بنکەکە دەوڵەمەند دەکرێت بە چەندین لێکۆڵینەوە، لە پێناو وەڵامدانەوەی داعش".
بەپێی بەیاننامەکەی ئەزهەر، هەوڵدەدەن پەلەبکەن لە راپەڕاندنی کارەکانی ئەو بنکە ئەلیکترۆنییە، لە پێناو چاککردنی گەنجان و پارێزگاریکردنیان لە فێل و داوەکانی داعش، هەروەها بەهەمان ئەو زمانەی داعش بانگەشە بۆ بیروڕاکانی دەکات، ئەزهەر بەهەمان زمان وەڵامی داعش دەداتەوە.
پێشووتریش ئەو ناوەندە ئایینییە رایگەیاندبوو، چەکدارانی داعش ئەوەی دەیکەن گوزارشت نییە لە ئایینی ئیسلام،چونکە لە رێگەی هەندێک دەقی دروستکراوەوە، شەرعییەت بە کارەکانیان دەدەن.
6/3/2015
پێش گەیشتنی فڕۆکەی سەرۆکوەزیرانی کوردستان و شاندی یاوەری بۆ فڕۆکەخانەیەکی تایبەت لە پایتەختی ئیتاڵیا، ئێمە ئامادەکاری رووماڵکردنی هەردوو دیداری هەرە گرنگی نێوان شاندی باڵای حکومەتی کوردستان لەگەڵ پاپای ڤاتیکان و سەرۆکی حکومەتی ئیتاڵیامان تەواوکردبوو.
لە سوچێکی فڕۆکەخانەکەدا لەو ساتەی فڕۆکەكە نیشتەوە، هەندێک زانیاری لەبارەی ئەجێندای کۆبوونەوەکان و ئەو سەردانەمان لە کاژێر هەشتی تۆڕی میدیایی رووداو گواستەوە. شەقامەکانی دەوروپشتی فڕۆکەخانە پێش دەرچوونی کاروانی ئۆتۆمبێلەکان لە لایەن پۆلیسی ئیتاڵیاوە چاودێرییان لێدەکرا. ئەو رێگایە، لەو ئێوارە قەرەباڵغەی رۆما، دەچووە شوێنی حەوانەی سەرۆکوەزیران، بە تێکڕای لە ژێر فەرمانی و رێکاری تووندی دەزگاکانی ئەمنی ئیتاڵیادا بوو.
لە نێو 14 میدیاکار و رۆژنامەنووسدا، تەنیا ئێمە 2 کەسی کورد، لە تۆڕی میدیایی رووداو بۆ رووماڵکردن ئامادەبووین. بە کاژێر و نیوێک لە رۆژی هەڤدیتنی نێچیرڤان بارزانی و پاپای ڤاتیکان گەیشتنە ئۆفیسی راگەیاندنی دەوڵەتی ڤاتیکانی کرستییانی. دوای ئەوەی رێوشوێنەکانی کارکردنیان لە نێو ڤاتیکان بە ئێمە ناساند، هەموومان چووینە هۆڵێکی تەنیشت ژووری کۆبوونەوەکانی پاپا. تا ئەو کاتە نەماندەزانی دەگەینە ژووری پێشوازیکردنی میوانانی گەورەترین پیاوی ئایینی کرستیان لە جیهان یان نا، بەڵام لەوێ دڵنیابووین کە لە ژێر رێکاری زۆر تووند دەتوانین هەندێک دیمەنی هەڤدیتنەکە بگرین.
بۆ هەر دیدارێک کە پاپا ئەنجامیدەدەات، میدیاکاران دەتوانن دووجار وێنە بگرن و هیچ کاربەدەستێکی ڤاتیکان لێدوان نادەن. سەرەتای دیمانەکە تەنیا بۆ یەک خولەک و نیو و لە کۆتایشدا، لە کاتی ئاڵوگۆرکردنی دیاری و وێنەگرتن، بۆ رۆژنامەنووسان هەیە زیاتر لە 3 خولەک لەو ژوورە بمێننەوە.
کولتووری دیدارەکانی پاپا بەوە ناسراوە کە هەمیشە تەنیا لەگەڵ سەرۆکی دەوڵەت و سەرۆکوەزیران بە دووقۆڵی دانیشتن دەکات و ئەگەر پێویست بێت وەرگێڕێکیش ئامادەدەبێت، کە ڤاتیکان دەستنیشانیدەکات و یاریدەدەری زمانەوانییان دەکات.
کۆبوونەوەی بارزانی و پاپا نزیکەی 35 خولەکی خایاند. هەندێک سەرۆک دەوڵەتی جیهانی هەن کە دیدارەکانیان تەنیا 20 خولەکە. دوای وێنەگرتنی خولی یەکەم، لە ژوورێکی بچووک کە شوێنی هەموو رۆژنامەنووسان تێیدا نەدەبووەوە، هەندێک لە ئێمە لە کۆریدۆرە تەسکەکان وەستابووین، کارمەندێکی ئۆفیسی پاپا هاتە لای من و هاوکارم شڤان و گوتی:" چونکە سەرۆکوەزیرانی وڵاتی ئێوە میوانی پاپایە و ئێوەش رۆژنامەنووسی کوردن رێگەتان پێدەدەین سڵاو و تەوقە لەگەڵ پاپا بکەن".
دیداری پاپا بۆ زۆرێک لە خەڵکی رۆژئاوا هەلێکی مێژووییە، ئەوجا ئەگەر سڵاو و تەوقەی لەگەڵدا بکەی، بە هیوایەکی تەمەن دادەنرێت. لێم پرسی ئایا دەتوانم قسەیەک لە گەڵ پاپا بکەم؟ گوتی حەزدەکەی چی بڵێی؟ دەمەوێت پاپا دوعایی سەرکەوتن و ئاشتی بۆ گەلی کوردستان بکات، لە وەڵامدا گوتی کاتی ئەوەتان نابێت. کە بانگی ئێمەی کرد بۆ چوونە ژوورەوە، بارزانی و پاپا پێکەوە وەستابوون و قسەیان دەکرد. چاوەڕێی هاتنی قوباد تاڵەبانی و شاندەکەبوون بۆ دیداری پاپا.
لە مۆنیتەری کامێرای شڤانەوە دەمدیت هەردووکیان بە زەردەخەنەیەکی لە دڵەوە قسە دەکەن. شاندی کوردستان بە جێگری سەرۆکوەزیران، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، گوتەبێژی فەرمی حکومەت و نوێنەری حکومەتی لە ئیتاڵیا یەکە بە یەکەیان هاتنەژوورەوە، بارزانی بە پاپای ناساندن وتەوقەیان لەگەڵ کرد و دواتر هەر یەکێک دیارییەکی ڤاتیکانیان وەرگرت.
پێش ئەوەی من و هاوکارم شڤان تەوقە و سڵاو لەگەڵ پاپا بکەین. هەموو شاندەکە گەیشتبوونەوە دەرەوە، ئاگام لە "No, No"ـی بارزانی و "Yes, Yes"ـی پاپا بوو. تەوقەمان لەگەڵ پاپا کرد، خۆشحاڵی خۆمان بە سڵاوکردنی لە گەڵی دەربڕی، بەڵام نەگەیشتم داواکەی لێ بکەم. دواتر زانیم کە پاپا داوای لە سەرۆکوەزیرانی کوردستان کردووە، دوعایان بۆ بکات. لەبەردەم خۆمەوە گوتم؛ پاپا داوای دوعای لە بارزانی کرد و منیش دەمویست داوای دوعا لە پاپا بکەم.
دواتر دیداری بارزانی و رێنزی لە تەلاری سەرۆکایەتیی وەزیرانی ئیتاڵیا بەڕێوەچوو، لە خوارەوە کامێرایەکمان بۆ کاتی گەیشتن ئامادەکردبوو. کارمەندێکی پرۆتۆکۆلاتی سەرۆکایەتیی وەزیرانی ئیتاڵیا رووی لە من کرد و پرسیاری کرد نازانم چۆن زانی ئێمە کوردین؟ ئایا دانانی ئاڵای کوردستان بەم شێوەیە دروستە؟ تازە خۆمان خستبووە نێو ئەو هۆڵە و شوێنەکانمان نەگرتبوو. لە خۆشییان نەمزانی چی بڵێم. دەستم گەیاندە ئاڵای کوردستان و گوتم بەڵێ بەڵێ دروستە. ئیتاڵیا تەنیا ئاڵای کوردستانی لە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ پێشوازی بارزانی و شاندەکەی دانابوو و ئاڵای عێراق لەوێ نەدەبینرا
rudaw
6/3/2015
محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کرد کە رەنگە وڵاتەكەی بە راگرتنی پرۆگرامی ئەتۆمی رازیبێت بۆ ماوەی 10 ساڵ.
دوای ئەوەی رۆژی دووشەممەی رابردوو باراک ئۆبامای سەرۆکی ئەمریکا داوای لە تاران کرد پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ماوەی 10 ساڵ رابگرێت، داواکەی ئۆباما هەر زوو لە لایەن بەرپرسانی تارانەوە رەتکرایەوە.
لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێن، دەربارەی ئەوەی ئایا ئێران ئامادەیە پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ماوەی 10 ساڵ رابگرێت ؟ زەریف گوتی:" ئەو دەکەوێتە سەر شێوازی ئەو پێشنیازەی ئەمریکا دەیخاتەڕوو، ئایا مەبەست چییە لە راگرتن و چۆن دەبێت رابگیرێت".
تەنیا سێ هەفتە لە بەردەم ئێران و وڵاتانی پێنچ کۆ یەک ماوە تاوەکو چوارچێوەی رێککەوتنێکی گشتگیر دابڕێژن بۆ ئەوەی لە کۆتایی مانگی حوزەیران رێککەوتنەکە واژۆ بکرێت، كە لە بەرامبەردا سزاکانی سەر ئێران هەڵدەگیرێن.
6/3/2015
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت:” ئەگەرچی ئێمە لە شەڕی دژ بە تیرۆریستان و قەیرانی دارایی دایین، بەڵام بێگومان بە هەوڵ و هیمەتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و خۆراگڕی خەڵکی کوردستان، ئەم قۆناغە سەختە تێدەپەڕێنین و مێژوویەکی پڕ لە سەروەری دی بۆ گەلەکەمان تۆماردەکەین”
جێگری سەرۆکی حکومەت دەشڵێت:" خەباتی خەڵکی کوردستان بەخۆڕایی نەچووە و ناچێت و هەموومان بەیەکڕیزی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەرەوەی حکومەت، خەبات دەکەین بۆ بەدیهێنانی ژیانێکی خۆشگوزەران و ئازاد، دوور لە تووندوتیژی و دوور لەو قەیرانانەی کە ئەمڕۆ رووییان لە کوردستان کردووە. "
ئەم گوتانەی قوباد تاڵەبانی لە میانی پەیامێکیدا دێت بە بۆنەی یادی راپەڕینی کوردستان کە تێیدا پیرۆزبایی لە خەڵک و هێزی پێشمەرگە دەکات.
ئەمەش دەقی پەیامەکەیەتی:
لە یادی راپەرینە مەزن و پڕ لە شکۆکەی باشوری کوردستان، کە لەبەهاری ١٩٩١لە چەند رۆژێکدا تەواوی دام و دەزگا داپلۆسێنەرەکانی رژێمی بەعس لەلایەنخەڵکی کوردستان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان، تێکشکێندران. پیرۆزبایی لەخەڵک و هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکەم.
راپەرینی گەلەکەمان لە باشوری کوردستان، لە ئاکامی مێژوویەکی خوێناوی ورەفتارە قێزەونەکانی رژێمی بەعس بووە، کە بەدەیان ساڵ تاوانی گەورەیمرۆڤایەتی دەرهەق بە گەلی کورد ئەنجامداوە، هەر لە تاوانی ئەنفاڵ وکیمیابارانکردنی خەڵکی بێ تاوان و خاپوورکردنی هەزاران دێهات و پەنابردن وبەئەنجام گەیاندنی سیاسەتی راگواستن و بە عەرەب و بە بەعسی کردن.هەروەها سەدان تاوانی کۆشتن و کوشتنی بە کۆمەڵ و سوکایەتی و ماڵوێرانی، دژ بە گەلەکەمان ئەنجامداوە. بۆیە راپەرین بوو بە زادەیوەڵامدەرەوەی هەموو ئەو ستەم و تاوانکارییانەی کە رژێمی پێشووی رەفتارفاشیستی بەغدا، بەرامبەر گەلی کورد و مرۆڤایەتی کردووەیەتی.
راپەریین، خەباتی رزگاری و نیشتیمانیی بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلەکەمانی،خستە قۆناغێکی ترەوە. کە بەرهەمی پیرۆزو پڕ لە بەهاو و گەورەی نیشتیمانیزۆری لێ کەوتەوە. بەڵام بێگومان خەباتی پارێزگاریکردن لەگەلەکەمان و رزگارینیشتیمانی، بەردەوامی هەیەو هەموومان بەیەکەوە هەمیشە لە کۆششدادەبین.
جەماوەری کوردستان، لە دوای پرۆسەی ئازادی عیراق، دەرفەتێکی تر بۆ کۆیسیستەمی سیاسی و حکومرانی بۆ عیراق رەخسا و سەرەرای تەواویمەینەتییەکانی ئێمە وەک گەلی کورد، دەببوا عیراق عیراقی هەمووان بێت، بەڵامبەداخەوە تا ئێستا لە ئاست خواست و داواکارییەکانی گەلەکەمان نیە، کەلەکاتێکدا بەشداری کورد لە سیستەمی سیاسی و بەرێوەبردن لە عیراقینوێدا، بۆ هێنانەدی مافە رەواکانمان و چەسپاندنی ئاشتی و ئارامی ناوچەکەبووە، بۆیە لە