له ناوه‌ڕاستی سیئۆل-ی پایته‌ختی كۆریای باشور، مارك لیبرت، باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌و وڵاته درایه به‌ر چه‌قۆ و برینداركرا.
پۆلیسی كۆریای باشور و چه‌ند شایه‌تحاڵێكی رووداوه‌كه ئاشكرایان كرد كه كه‌سێكی ته‌مه‌ن 55 ساڵ به‌ناوی "كیم" به چه‌قۆیه‌كی چێشتخانه هێرشی كردووه‌ته‌سه‌ر باڵیۆزه ته‌مه‌ن 42 ساڵه‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكا كه مانگی تشرینی رابردوو له سیئۆل ده‌ستبه‌كار بووه.
هاوكات كۆشكی سپی ئیدانه‌ی رووداوه‌كه‌ی كرد و رایگه‌یاند كه مارك لیبرت له‌كاتی وتارێكدا هێرشی كراوه‌ته‌سه‌ر و دوای گه‌یاندنی بۆ نه‌خۆشخانه هیچ مه‌ترسییه‌ك له‌سه‌ر ژیانی نه‌ماوه.
5/3/2015
بەرپرسی لقی 15پارتی لەخانەقین رایگەیاند، ئێرانییەكان چەك و تەقەمەنی قورسیان لە سنوورەكەی ئەوانەوە بردووە بۆ شەڕی تكریت.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، بەرپرسی لقی 15ی پارتی لەخانەقین لە لێدوانێكدا بۆ (تۆڕی میدیایی رووداو) ئاماژە بەوە دەكات " لەچەند رۆژی رابردوو لەسنوری خانەقین، ئێرانییەكان تەقەمەنی و چەكی قورسی وەك زرێپۆش و هاوەنیان بردووە بۆ شەڕی تكریت"، دەشڵێت "پێشتر ئەو چەك و تەقەمەنییانە لەسنوری ئێمە بوون‌و بۆ شەڕی داعش ئێرانیەكان هێنابویانە ئەم سنوورە، بەڵام ئێستا لەم سنوورە شەڕ نەماوە، هەر بۆیە چەند رۆژێكە ئەو چەكە قورسانە لە رێگای كەلارەوە دەگوازنەوە بۆ شەڕی تكریت".
ئەو بەرپرسەی پارتی لە خانەقین، ئەوەشی روونكردەوە كە ئێرانییەكان بە بەردەوام لەو سنوورانەدا هاتوچۆ دەكەن‌و بەشداری شەڕی داعش دەكەن، ئەو گوتی "هەتا لە شەڕی سەعدییە، ئێرانییەكان لەگەڵ حەشدی شەعبی بەشدارییەكی چالاكیان هەبوو، بەڵام شەڕی جەلەولا پێشمەرگە خۆی كردی".
5/3/2015
لارس ڤیلکس، ئەو کاریکاتێریستە سویدیەی بەهۆی کێشانی کاریکاتێری پێغەمبەری ئیسلامەوە چەندین جار رووبەڕووی هەڕەشەی کوشتن بووەتەوە، ئاماژە بەوە دەکات ئەو، ژیانی خۆی خستووەتە مەترسییەوە بە کێشانی ئەو جۆرە کاریکاتێرانە، بەڵام پۆلیسی سوێد بەرنامەی پاراستنی ڤیلکسیان داناوە و ئێستا لەژێر چاودێرییەکی ئەمنی تونددا دەژی.
لەدوای هێرشەکەی ١٤ی شوباتی رابردووی کۆپنهاگن، کاتێک ڤیلکس بەشداری لە سیمینارێکدا دەکرد، لە یەکێک لە سەنتەرەکانی رۆشنبیری کۆپنهاگن، هەوڵی کوشتنی ڤیلکس درا بۆیە لەناو وڵاتێکی سەقامگیری وەک سویددا لە دۆخێک‌دا دەژی، کە بەردەوام لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە پاسەوانی لێدەکرێت.
ئەم کاریکاتێرستە سوێدییەوە لەمبارەوە دەڵێ" ئەمە زیاتر وەک دەستپێکی ژیانێکی تازە وایە، هەمووشتێک گۆڕاوە، من لەوە تێدەگەم ناتوانم بگەڕێمەوە بۆ ماڵەوە، بۆیە دەبێت شوێنێکی دیکە بۆ ژیان بدۆزمەوە، دەبێت دوای زانیاری و رێنماییەکانی پۆلیس بکەوم، هێشتا دیار نییە چی روودەدات"
ڤیلکس دەزانێت ژیانی ئەو ماوەیەکی زۆری دەوێت تاوەکو ئاسایی دەبێتەوە، یان رەنگە بەردەوام هەر لەو دۆخەدا بژی و چیتر نەتوانێت بگەڕێتەوە ژیانە ئاساییەکەی جارانی.
ڤیلکس باسی ئەوە دەکات کە ئەو، ناچارە بەرگەی ئەو ژیانە بگرێت، چونکە هیچ رێگایەک نییە بۆ دانوستان لەگەڵ توندڕەوەکاندا، کۆمەڵگەیەکی مەدەنی دیموکراسیش پێویستی بە دانوستان لەگەڵ توندوتیژیدا نییە.
ڤیلکس دەڵێت کارەکەی ئەو مەترسییەکی زۆری هەیە ، بۆیە ئێستا ئەو هونەرمەندە سویدیە تەمەن ٦٨ ساڵەیە لە خانوویەکی تایبەتی ناوچەیەکی شاری مالمۆ کە بە پاسەوان دەورەدراوە، دەژی.
ژیانی ڤیلکس ماوەی هەشت ساڵە بەهۆی کێشانی وێنەیەکی کاریکاتێری پێغەمبەری ئیسلامەوە، کە لە رۆژنامەیەکی دانیمارکیدا بڵاوکرایەوە، بە تەواوەتی گۆڕاوە.
لەو کاتەوە ڤیلکس لەبەر هۆکاری ئەمنی بە زەحمەت دەتوانێت پێشانگا بکاتەوە بۆ وینەکانی، یان رێگەی پێبدرێت وانە بڵێتەوە، چونکە دەزگا هونەری و پەیماناگاکان ترسیان لە هێرشی توندوتیژی هەیە و هەندێکیشیان کارەکانی ئەو بە بێزارکردنی موسوڵمانان دەزانن.
5/3/2015
كۆنستاندینۆ ئێرێك سكارفیڵد، كە سەربازێكی پێشووی سەربە هێزەكانی مارێنزی شاهانەی بەریتانیایە، دوای ئەوەی بوو بە ئەندامی یەپەگە و لە رۆژئاوای كوردستان لە دژی داعش دەجەنگا، كوژرا.
رۆژی دووشەممە سكارفیڵد-ی تەمەن 25 ساڵ لە كاتێكدا لە لەگەڵ هێزەكانی یەپەگەبوو لە نزیك حەسەكە لە رۆژئاوای كوردستان لەلایەن داعشەوە كوژرا، بەمەش بوو بە یەكەم كەسی بەریتانی كە لە شەڕی دژی داعش بكوژرێت.
مارك كامپبێل، مافپەروەرێكە كە بەردەوام پشتگیری لە كورد كردووە، بە خێزانی سكارفیڵدی راگەیاندووە، كە كوڕەكەیان مردووە.
كامپبێل، لەمبارەیەوە بۆ رۆژنامەی مەیڵ ئۆنلاینی بەریتانی قسەدەکات و دەڵێت " هەموو ئەوانەی چاوەڕوانم دەكرد روویاندا كاتێك بە خێزانەكەی سكارفێڵدم گوت كوڕەكەیان كوژراوە، دایکەکەی زۆر پەرێشان بوو و بەردەوام دەگریا" .
باسی ئەوەش دەكات " من بە ناوی یەپەگەوە قسەم كردووە و دایكی سكارفێڵدیش سێ پرسیاری لێم هەبوو: جەستەی ماوە؟ لە شەڕدا كوژرا؟ كەی كوشتیان؟" ئاماژە بەوەشدەکات، كە ئەو هەموو پرسیارەكانی وەڵامداوەتەوە و پێیڕاگەیاندوون، یەپەگە رێز لە داواكاری ئەوان دەگرێت "ئەگەر حەزبكەن وەكو ئەندامێكی خۆیان دەینێژن، ئەگەر نا ئەوەی لەتوانایان هەبێت دەیكەن بۆ ئەوەی تەرمەكەی بنێرنەوە وڵاتەكەی خۆی".
4/3/2015
شەش زیندانیکراوی کورد سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج حوکمی لەسێدارەدانیان بەڕێوەچوو.
حامد ئەحمەدی، کەماڵ مەلایی، جەمشید دێهقانی، جەهانگیر دێهقانی، سدیق محەممەدی و سەیدهادی حسینی ئەو شەش گیراوە کوردە بوون.
یەکێک لە خزمەکانی حامد ئەحمەدی بە ئاژانسی هرانای گوتووە، ئەوان تەرمی لە سێدارەدراوی ئەو شەش چالاکەیان نەدیتووە، بەڵام بەرپرسان پێیان گوتوون هەر شەش کەسەکەیان لە سێدارەداون.
رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی رۆژی رابردوو لە بەیاننامەیەکدا داوایکردبوو، حوکمی لەسێدارەدانی ئەو چالاکانە رابگیرێ. ژمارەیەک لە کەسایەتییە ئاینییە سوننە مەزهەبەکانیش داوای راگرتنی حوکمی سێدارەی ئەو چالاکانەیان کردبوو.
هەروەها ژمارەیەک لە ئەندامانی کەمپەینی هەڵوەشاندنەوەی هەنگاو بە هەنگاوی سێدارە لەگەڵ بنەماڵەی ئەو گیراوانە لە رۆژی سێشەممەوە لەبەر دەرکی زیندانی رەجایی شار کۆببوونەوە و خوازیاری راگرتنی حوکمی سێدارەی ئەو چالاکانە بوون.
رۆژی سێشەممە نزیک بە 70 گیراوی مەزهەبیی لە زیندانی رەجایی شار بە نیشانەی ناڕەزایەتی لە بەڕێوەچوونی حوکمی سێدارەی ئەو چالاکانە، مانیان لە خواردن گرتبوو. بەمەبەستی پێشگرتنی لە روودانی نائارامی رۆژی سێشەممە هێزێکی تایبەت لە زیندانی رەجایی شار جێگیر کرابوو.
ئەو شەش چالاکە پێشتر ئەو تۆمەتانەی درابووەپاڵیان رەتیان کردبووەوە. ئەوان تۆمەتبارکرابوون بە کوشتنی وتارخوێن و پێشنوێژی سنە. یەکێک لەو لەسێدارەدراوانە پێشتر بە رووداوی گوتبوو، کاتێک پێشنوێژی سنە کوژراوە ئەوان لە زینداندا بوون. کوشتنی پێشنوێژی سنە و چەند هەوڵێکی کوشتنی دیکە لە سنە، 5 ساڵ پێش لەلایەن کەسانێکی نەناسراوەوە، ئەنجامدران.
rudaw
4/3/2015
كه‌سایه‌تییەکی سیاسی نزیك له سه‌ركردایه‌تی پارتی کرێکارانی کوردستان لەلایەن عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە پێشنیازکراوە بۆ ئەوەی ئەندامی ئەو شاندە بێت کە دانوستاندن لەگەڵ حکومەتی تورکیا دەکەن بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لەو وڵاتە.
محەممەدئەمین پێنجوێنیك لە لێدوانێکی تایبەتدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:" لەلایەن عەبدوڵڵا ئۆجەلان-ەوە پێشنیازکراوم بۆ ئەندامێتی لەو شاندەی کە پێکدێت بە مەبەستی دانوستاندن لەگەڵ حکومەتی تورکیا و لەلایەن قەندیلەوە بۆ ئەو مەبەستە قسەم لەگەڵ کراوە، منیش قبووڵم کردووە".
پێنجوێنی، سەبارەت بە ئەندامانی دیکەی شاندەکە گوتی:" ئۆجەلان پێیوایە دەبێت ئەندامانی ئەو شاندە لەدەرەوەی PKK بن، بۆ ئەوەی کەس نەتوانێت رەخنەی ئەوە بگرێت کە ئەمە دانوستاندنی نێوان PKK و حکومەتی تورکیایەو پرسەکە بکرێتە پرسێکی نیشتمانی نێوان کورد و حکومەتی تورکیا، بۆیە برادەرانی قەندیل و HDP لە کەسایەتییە سیاسی و هونەری و رۆشنبیری و کەسایەتی کۆمەڵایەتی تورکیا و کورد، لیستێکیان داوەتە حکومەتی تورکیا کە نزیکەی 20 بۆ 30 کەسێک دەبن بۆ ئەوەی شاندەکە پێکبهێنن".
سەبارەت بە ناوەکان لەو شاندە محەممەدئەمین پێنجوێنی گوتی:" لە تورکیا ناوی زۆر کەس هێنراوە، کە من ناوەڕۆکەکەی نازانم، بەڵام دەبێت کەسایەتییەکانی وەک دەمیرتاش و ئەحمەد تورکی تێدابێت، هەرچەند من رێزی پێشنیازەکەی ئۆجەلانم گرت و قبووڵم کرد، بەڵام پێموانییە حکومەتی تورکیا رەزامەندی دەرببڕێت لەسەر من، چونکە من کوردی باشووری کوردستانم".
سەبارەت بە پێشنیازی ئۆجەلان بۆ دانانی چەک لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستان و چۆنیەتی پێشوازی لەو پێشنیازە لەلایەن قەندیلەوە، پێنجوێنی گوتی: " پێشنیازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئەوە بووە کە لە وەرزی بەهار کۆنگرە ببەسترێت و لە کۆنگرە تاوتوێی دانانی چەک تا دانەنانی بکرێت لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستان، بەرای من ئەوە گرێدراوە بەو 10 خاڵەی کە PKK لە دوو رۆژی رابردوو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسی رایانگەیاند، کە ئەگەر حکومەت دەست بکات بە جێبەجێکردنی ئەو خاڵانە، ئەگەری هەیە بڕیاری پۆزەتیڤ وەر بگیرێت بۆ ئەوەی چەک دابنێن".
لەوەڵامی ئەوەی لە هەرێمی کوردستان کەسی دیکە ناوی دراوە بۆ ئەندامێتی ئەو شاندە، محەممەدئەمین پێنجوێنی گوتی: " من نازانم لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ کێ قسە کراوە یان نەکراوە، بەڵام دەبێت رۆڵی هەرێمی کوردستانیش هەبێت لەو پرسەدا".
رۆژی 28.02.2015 شاندی هاوبەشی حکومەتی تورکیا و پارتی دیموکراتی گەلان HDP کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیان ئەنجامدا و تێیدا بانگەوازی ئۆجەلانیان خوێندەوە، کە داوا لە پارتی کرێکارانی کوردستان PKK دەکات لە مانگەکانی بەهاری ئەمساڵدا کۆنگرە ببەستێ و پرسی چەکدانان تاوتوێ بکات.
هاوکات ئۆجەلان لە 10 خاڵدا رێگەچارەی پرسی کوردی لە تورکیا خستبووەڕوو، کە یەکێک لە خاڵەکان تایبەت بوو بە دروستکردنی دوو شاند، شاندێک لەوانە وەک شاندی چاودێریکردنی پرۆسەی ئاشتی دەبێت کە لە کەسایەتی سەربەخۆ پێکهاتبێت، هاوکات شاندێکیش وەک سکرتاریەتێک کار دەکات تا ئەو کاتەی پرۆسەی ئاشتی دەگاتە ئەنجام.
4/3/2015
ئه‌مینداری گشتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه داوایكرد ئێران هاوكاری چوونی وه‌فدێكی باڵای پزیشكی سه‌ر به وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه بۆ ئه‌و وڵاته بكات بۆ ئه‌وه‌ی له‌وێ به هاوكاری پزیشكانی ئێرانی ئاماده‌كاری بكه‌ن بۆ پێشوازی له پێشمه‌رگه برینداره‌كان.
ئه‌مڕۆ فه‌ریق جه‌باوه‌ر یاوه‌ر ئه‌مینداری گشتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه به‌یاوه‌ری وه‌فدێكی باڵای پزیشكی سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه و یه‌كه‌كانی 70 و 80، سه‌ردانی كونسوڵخانه‌ی وڵاتی ئێرانیان كرد له شاری هه‌ولێر و له‌گه‌ڵ مورتزا عه‌بادی سه‌ركونسوڵی گشتی وڵاتی ئێران له هه‌رێمی كوردستان كۆبوونه‌وه.
له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا باس له دوایین ره‌وشی شه‌ڕگه‌كان و سه‌ركه‌وتنه‌كانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان كرا له سه‌رجه‌م سه‌نگه‌ره‌كانی شه‌ڕ دژ به تیرۆریستانی داعش، هاوكات بیر‌ورا ئاڵوگۆڕكرا له باره‌ی دروستكردنی هه‌ماهه‌نگی زیاتر له نێوان هه‌رێمی كوردستان و وڵاتی ئێران، بۆ ئه‌مه‌ش هه‌ردولا ته‌ئكیدیان له هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی زیاتری نێوانیان كرده‌وه.
له باره‌ی چاره‌سه‌ركردنی پێشمه‌رگه برینداره‌كان له وڵاتی ئێران، فه‌ریق جه‌بار یاوه‌ر داوای له سه‌ركونسوڵی گشتی وڵاتی ئێران كرد كه هاوكارییان بكه‌ن بۆ چوونی وه‌فدێكی باڵای پزیشكی سه‌ر به وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه بۆ وڵاتی ئێران، بۆ ئه‌وه‌ی له‌وێ به هاوكاری پزیشكانی ئه‌و وڵاته ئاماده‌كاری بكه‌ن بۆ پێشوازی له پێشمه‌رگه برینداره‌كان به مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنیان.
لای خۆیه‌وه مورته‌زا عه‌بادی سه‌ركونسوڵی گشتی وڵاتی ئێران له هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌یی وڵاته‌كه‌ی پیشاندا بۆ داواكارییه‌كه‌ی ئه‌مینداری گشتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌و وتی: "وڵاتی ئێران له هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی و پاڵپشتی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت و، ئاماده‌یی ئه‌وه‌شی هه‌یه كه پێشوازیی له‌و وه‌فده باڵا پزیشكییه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه بكات و پێشمه‌رگه برینداره‌كانیش له خۆ ده‌گرێت به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنیان".
پێشتریش فه‌ریق جه‌بار یاوه‌ر ئه‌مینداری گشتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی كاروباری پێشمه‌رگه له په‌رله‌مانی كوردستان كۆبۆوه‌و، گفتوگۆیان له‌باره‌ی دواین رێگه‌چاره‌سه‌ر بۆ پێشمه‌رگه برینداره‌كان كرد.
له‌م كۆبونه‌وه‌یه‌دا ژماره‌یه‌ك له پزیشكی باڵای سه‌ر به وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌یبوون، فه‌ریق جه‌بار یاوه‌ر ئه‌مینداری گشتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه رایگه‌یاند: "له ئێستادا سه‌رقاڵی ئه‌وه‌ن هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وڵاتی ئێران بكه‌ن، به مه‌به‌ستی ره‌وانه‌كردنی پێشمه‌رگه برینداره‌كان بۆ وڵاتی ئێران بۆ چاره‌سه‌ركردن".
له به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دوایین ره‌وشی سه‌نگه‌ره‌كانی شه‌ڕو پێشڕه‌ویه‌كانی پێشمه‌رگه كرا‌و، هاوكات هه‌ردولا ته‌ئكیدیان له هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی نێوانیان كرده‌وه، به ئامانجی باشتركردنی ره‌وشی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی كوردستان.
ژه‌نه‌راڵ جۆن ئاڵن، نوێنه‌ری باراك ئۆباما سه‌رۆكی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئه‌مریكا، رۆژی دووشه‌ممه به‌شێكی زۆری ئه‌و ناڕوونییه‌ی رواندەوه كه له‌باره‌ی شێوازی دابینكردنی چه‌كه‌وه هه‌بوو له‌لایه‌ن ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانییه‌وه بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه.
له وه‌ڵامی پرسیارێكی په‌یامنێری تۆڕی میدیایی رووداودا له په‌راوێزی سیمینارێك له ئه‌نجوومه‌نی ئه‌تله‌نتیك له واشنتن، كه ئایا چه‌كه‌كان ده‌چنه فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدا پاشان ده‌گه‌نه هه‌ولێر؟، ژه‌نه‌راڵ ئاڵن گوتی: "نه‌خێر، راسته‌وخۆ بۆ هه‌ولێر ده‌چن". گوتیشی به ره‌زامه‌ندی به‌غدا چه‌كه‌كان ده‌نێرن چونكه ده‌یانه‌وێت "عێراق به یه‌كپارچه‌یی بمێنێته‌وه".
وه‌ڵامه‌كه‌ی ئاڵن ناكۆكه له‌گه‌ڵ گوته‌ی هه‌ندێك به‌رپرسی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان. رۆژی پێنجشه‌ممه، به‌یان سامی عه‌بدولڕه‌حمان، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا لهكۆبوونهیهكدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌نووسان نیگه‌رانیی ده‌ربڕی كه چه‌كه‌كان ده‌بێت بچنه به‌غدا بۆ "پشكنین" پاشان له‌وێوه ده‌نێردرێن بۆ هه‌ولێر.
به‌یان سامی عه‌بدولڕه‌حمان ئاماژەی بەوەکرد، کە ئه‌وه‌ش هه‌ندێكجار ده‌بێته هۆی دروستبوونی "دواكهونتێكی ئۆتۆماتیكی" كه ماوه‌كه‌ی "له نێوان چه‌ند كاژێرێك تا رۆژێك"دایه.
هێشتا كوردستان ده‌ڵێت كه چه‌كی به‌هێزتری هاوشێوه‌ی مووشه‌كی تانكبڕی میلانی ئه‌ڵمانی پێویسته بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت ئه‌و ئۆتۆمبیل و تانكه به‌هێزانه‌ی داعش تێكبشكێنێت كه له گرتنی موسڵدا ده‌ستیكه‌وت و به‌كاریانده‌هێنێت بۆ هێرشكردنه سه‌ر كورد.
٣/٣/٢٠١٥
بە سەرپەرشتی د. ئاسۆ فەرەیدوون، پارێزگاری سلێمانی و لە ژێر دروشمی (لە نەورۆزی بەرگریدا هەموومان پێشمەرگەین) لە شاری سلێمانی فێستیڤاڵی نەورۆزی ئەمساڵ بەشێوەیەكی خۆبەخشانە بەڕێوەدەچێت.
بەپێی راگەیەندراوێكی پارێزگای سلێمانی كە وێنەیەكی بۆ (تۆڕی میدیایی رووداو) نێردراوە، رۆژی 2ی ئاداری 2015، لیژنەی ئامادەكاری فێستیڤاڵی نەورۆزی ئەمساڵ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا شێوازی یادكردنەوەی جەژنی نەتەوەیی نەورۆز و چالاكییەكانی فێستیڤاڵی نەورۆزی ئەمساڵیان خستووەتەڕوو.
ئیبراهیم ئەحمەد، گوتەبێژی لیژنەی ئامادەكار رایگەیاندووە كە هەرچەندە شەڕێكی ناڕەوا سەپێنراوە بەسەر میللەتی كورد لەلایەن گرووپی "تیرۆریستی" داعشەوە، بەڵام نەورۆز سبموولی راپەڕین و ئازادی و بەرخودان و تێكۆشانی ئەم نەتەوەیەیە و تاكە جەژنێكە كە هەموو نەتەوەی كورد لە هەرچوار پارچەی كوردستان كۆبكاتەوە، بۆیە بۆ بەرپەرچدانەوەی دوژمنانی ئەم نەتەوەیە، بڕیاریانداوە وەك ساڵانی رابردوو ئەم یادە بكرێتەوە و ئەم جەژنە پیرۆز بكرێت وەك جەژنێكی نەتەوەیی و نیشتمانی.
ئیبراهیم ئەحمەد ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە لیژنەكە ئامادەكاری كردووە و بڕگە و بابەتەكانی جەژنی ئەمساڵ لە ساڵانی رابردوو جیاواز دەبێت و زیاتر گیانی بەرگری و قوربانیدان و بەرخودانی تێدایە و گرنگی بە هەموو ئەو شەهیدانە دەدرێت كە لەم بەشەی كوردستان و پارچەكانی دیکەی كوردستان گیانی خۆیان بەخشیوە.
گوتەبێژی لیژنەی ئامادەكاری فێستیڤاڵی نەورۆز داواشیكردووە "هاووڵاتیان بە ژن و پیاوەوە جلی پێشمەرگانە بپۆشن و ئەم یادە بكرێتە سەنگەرێك دژی داگیركەران و تیرۆریستانی داعش"، ئاشكراشیكردووە كە هەتا 7ی ئەم مانگە دەرگا كراوەیە بۆ هەر كەسێك كە بیەوێت بەشداری بكات لەم یادە دەتوانێت پەیوەندی بكات بە بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیریی بەشی راگەیاندن بۆ ئەوەی بەرهەمەكانی بناسێنت و جێگەیان بۆ بكرێتەوە.
ئیبراهیم ئەحمەد دووپاتیشیكردەوە "هیچ جۆرە بودجە و بڕە پارەیەك بۆ ئەم مەراسیمە دانەنراوە و هەموو كارەكان خۆبەخشانەیە".
رووداو- سلێمانی
3/3/2015
نائارامییەکانی سووریا و بەتایبەت هێرشەکانی داعش بۆ سەر هەندێک ناوچەی عێراق و باشووری کوردستان، کاریگەری لەسەر دراوسێکانیش هەبووە، بەتایبەت ئێران.
دامودەزگا سەربازییەکانی ئێران ناونووسی خەڵک دەکەن بۆ بەشداریکردن لە شەڕ دژی داعش. بەشێکیان بە روانینی سیاسی و بەشێکیشیان بە روانینی ئایینی.
نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێرانیش رایدەگەینێ، تاوەکو ژمارەیەکی زۆر لە هاونیشتمانیانی رۆژهەڵاتی کوردستان پێیان راگەیاندوون، ئامادەن لەرێگەی ئەوانەوە بەشداری شەڕ دژی داعش بکەن.
بەپێی ئەو ئامارە نافەرمییانەی لە ماڵپەڕەکانی ئێران‌دا بڵاوکراونەتەوە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 5 هەزار کەس ناویان بۆ بەشداریکردن لەشەڕ دژ بە داعش تۆمارکردووە، بەڵام دیارنییە تاوەکو ئێستا چەندین کەس رەوانەی بەرەکانی جەنگ کراون.
هاوکات بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، لە هەندێک شاری رۆژهەڵاتی کوردستانیش ناوی ئەندامانی کوردی سوپای پاسداران بۆ شەڕ دژی داعش تۆماردەکرێت. هەندێک کەسیش دەڵێن لە عێراق و سووریا بەشداری ئەو شەڕانەیان کردووە.
ژمارەیەک ماڵپەڕی رۆژهەڵاتی کوردستانیش لەو بارەوە نووسیویانە، حکومەتی ئێران دەیەوێ لە سۆزی هاونیشتمانی بوونی خەڵکی رۆژهەڵات لەگەڵ باشوور و رۆژئاوای کوردستان بە مەبەستی کۆکردنەوەی هێزی زیاتر لەنێو خەڵک کەڵک وەربگرێ و بەمە رێژەی ئەندامانی کوردی سوپای پاسدارانیش زیاتر بکات.
3/3/2015
زانایانی شوێنەوارناسی گۆڕێکی بەکۆمەڵیان لەژێر سوپەرمارکێتێک لە پاریس دۆزییەوە، کە تەرمی 200 کەسی لەناو دابوو، هاوکات تەرمەکان بەشێوەیەکی رێک لە ناوگۆڕەکەدا دانراون.
زانایانی شوێنەوارناسی داوایانکردووە، ئەو شوێنەی کە سوپەرمارکێتەکەی لێیە، بپشکنرێ بەرلەوەی جارێکی دیکە باڵەخانەی لەسەر دروستبکرێت، لە ناکاو ئەوگۆڕە بەکۆمەڵەیان دۆزیوەتەوە.
شوێنەوارناسانیش پێیانوایە ئەوکەسانە چەند سەد ساڵێک بەر لە ئێستا، لە ئەنجامی پەتای تاعونەوە مردوون.
ئەو شوێنەی گۆڕە بەکۆمەڵەکەی لێ دۆزراوەتەوە، لە سەدەی دوازدەم تاوەکو سەدەی حەڤدەمی زایینی، گۆڕستانی نەخۆشخانەیەک بووە، بەڵام پێدەچێت ئەوتەرمانە لە سەدەی هەژدەمدا رەوانەی ژێر زەمینەکانی مردن لە پاریس کرابن. کە لە چەند رێڕەوێک پێکهاتووە و تەرمەکانیان بە مەبەستی پاراستنیان لەو ژێرزەمینەدا داناون.
تاوەکو ئێستا لە هەمان ناوچەی پاریس 8 گۆڕی بەکۆمەڵی دیکە دۆزراونەتەوە، هەریەک لەحەوت گۆڕەکە، نزیکەی 20 تەرمیان تێدابووە، جگە لە هەشتەمین گۆڕی بەکۆمەڵ نەبێت، کە زیاتر لە 150 تەرمی تێدابووە.
٢/٣/٢٠١٥
لە سنووری مه‌خمور و خازر، فڕۆكە جەنگییەكان هێرشیان كردەوە سەر چەكدارانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش، ئەمڕۆش دوای گەمارۆدانیان لەلایەن پێشمەرگەوە، 15 چەكداری ئەو رێكخراوە تیرۆریستییە كوژران، پێشتریش 17 چەكداریان خۆیان ڕادەستی هێزەكانی پێشمەرگە كرد.
ئه‌فسه‌رێكی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه، كه داوایكرد ناوی بڵاو نهكرێتـهوه، بە خەندانی ڕاگەیاند :"ئەمڕۆ لە سنووری تەل ریم، شەڕێكی قورس بوو لەنێوان هێزەكانی پێشمەرگە و رێكخراوی تیرۆریستی داعش".
ئەو ئەفسەرە، وتیشی :" هێزەكانی پێشمەرگە توانییان چەكدارانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش گەمارۆ بدەن و تا دوای نیوەڕۆش شەر بەردەوام بوو، هەر لەو شەڕەدا لاشەی 15 چەكدار بەجێمان و فڕۆكە جەنگییەكانیش بۆردوومانی دەكرد".
ئەوەشی ئاشكراكرد، كە دوێنێ 17 چەكداری داعش، بە بێ هیچ شەڕكردنێك خۆیان رادەستی هێزەكانی پێشمەرگە كرد، وتیشی :" بەخۆیان و چەكەكانیانەوە رادەستی نەجات عەلی، بەرپرسی لقی مەخووری پارتی بوون".
ئاماژەی بەوەشدا، كە دواتر ژمارەیەكی تر لە چەكدارانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش ویستیان خۆیان رادەستی هێزەكانی پێشمەرگە بكەن، كە پێشتر هەماهەنگی بوو، بەڵام لەلایەن فڕۆكە ئەمریكییەكانەوە كوژران.
هاوكات ئەفسەرێكی تر، بەخەندانی راگەیاند :"فڕۆكە جەنگییەكان لە سنووری گەندی كەزەكانی ناوچەی كاكەیی لە خازر بردوومانێكی خەستی چەكدارانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش دەكات".
تەئكیدی كردەوە، كە فڕۆكەكان جیاواز لە هێرشەكانی پێشوویان، بۆ ماوەیەكی زۆرە بە ئاسمانی ناوچەكەدا دەسووڕێنەوە و بۆردوومان دەكەن، وتیشی :" ئەم ناوچەیە زیاتر فڕۆكەی كەندی هێرش دەكەنە سەر چەكدارانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش ".
2/3/2015
سەرۆکی میسر پێیوایە یەکڕیزی نێوان لایەنەکان هۆکارێکە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش، دەشڵێت، وڵاتانی عەرەبی لە لاوازترین باردان بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر.
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی شەرقولئەوسەتی چاپی سعودی، عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر رۆژی یەکشەممە 1ی ئاداری 2015 رایگەیاند:" پێویستمان بەیەکڕیزی هەیە، ئەمەش یەکەم هەنگاو دەبێت بۆ لەناوبردنی چەکدارانی داعش، یەکڕیزی واتە هەبوونی هەماهەنگی و هاوکاری لە هەموو بوارەکاندا".
سیسی پێیوایە، ناتوانرێت پلانە ئەمنیی و سیاسییەکان تەنیا لە پرۆسەی سەربازی و ئەمنیدا کورتبکرێنەوە، بەڵکو دەبێت بە یەکگرتوویی رێوشوێنی تووند بگیرێتەبەر، هەروەها دەبێت بەرپەرچیان بدرێتەوە لە ناوچەکەدا.
سیسی وڵاتانی عەرەبی بە جەستەیەکی بریندار و لاواز دەچووێنێت، هەروەها دەربارەی بەرەنگاربوونەوەی داعش‌یش لەلایەن وڵاتانی عەرەبییەوە هۆشداریدا و گوتی" وڵاتانی عەرەبی لە مەترسیدان و جەستەی عەرەبی بریندارە، هەروەها ئەو جەستەیە لە لاوازترین باردایە".
2/3/2015
سه‌رۆكی ولایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا رێگه به ئه‌نجومه‌نی پیران نادات ده‌ستبخاته هه‌ر رێككه‌وتنێك كه له‌باره‌ی به‌رنامه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی ئێرانه‌وه ئیمزا بكرێت.
برنادیت میهان، وته‌بێژ به‌ناوی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مه‌ریكا بڵاویكرده‌وه كه باراك ئۆباما مافی ڤیتۆ له‌دژی پڕۆژه‌یاسایه‌ك به‌كارده‌هێنێت كه ئه‌نجومه‌نی پیران ره‌زامه‌ندیی له‌سه‌ر ده‌ربڕیووه و تیایدا رێگه به‌خۆی ده‌دات پێداچوونه‌وه بۆ هه‌ر رێككه‌وتنێك بكات كه‌له‌سه‌ر به‌رنامه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی ئێران ئیمزا بكرێت.
برنادیت میهان راشیگه‌یاند كه پێویسته باشترین هه‌ل به لایه‌نی دانوستانكاری ئه‌مه‌ریكا بدرێت تا له كێشه‌ی به‌رنامه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی ئێران سه‌ركه‌وتوو بن نه‌ك شكست بهێنن.
پڕۆژه‌یاسای پێداچوونه‌وه به رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی كه ئه‌نجومه‌نی پیرانی ئه‌مه‌ریكا په‌سه‌ندی كردووه، باس له‌وه ده‌كات كه له‌ماوه‌ی پێنج رۆژدا ده‌قی رێككه‌وتنه‌كه بخرێته‌به‌رده‌م كۆنگرێس و رێگه‌ش به باراك ئۆباما نادات تا داوی 60 رۆژ له رێككه‌وتنه‌كه‌ش هیچ سزایه‌ك هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه كه كۆنگرێس به‌سه‌ر تارانیدا سه‌پاندووه.
1/3/2015
فەرماندەیەکی پێشووی سوپای ئیسرائیل ئاشکرایدەکات کە ئەو نەیهێشتووە ئیسرائیل گورزی سەربازی لە ئێران بوەشێنێت.
بینی گانتس، سەرۆکی پێشووی دەستەی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل، لە هەڤپەیڤینێکدا کە ئەمڕۆ دووشەممە لە کەناڵی دووی تەلەڤزیۆنی ئیسرائیل بڵاودەبێتەوە، ئاشکرایکردووە کە لە کۆبوونەوەیەکی داخراوی سوپا و سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل‌دا پلانی وەشاندنی گورزێکی سەربازی لە ئێران خراوەتەڕوو. گانتس دەڵێ: "لە کۆبوونەوەکەدا بەتووندی دژی ئەو بیرۆکەیە وەستامەوە و گوتم ئەمە زیان بە ئاسایشی ئیسرائیل دەگەیەنێت".
سەرۆکی پێشووی دەستەی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل دەڵێت: "ئەوکات ئیهوود باراک وەزیری ئاسایش بوو، ئەو دواتر پێی‌گوتم کە لە دوایین خولەکەکاندا حکومەتی ئیسرائیل لە وەشاندنی گورزە سەربازییەکە پەشیمان بووەتەوە".
بەپێی یاساکانی ئیسرائیل، سەرۆکوەزیران دەسەڵاتی ئەوەی هەیە کە بەبێ گەڕانەوە بۆ رای سەرۆکی دەستەی ئەرکان یان هەر فەرماندەیەکی دیکەی سەربازی فەرمانی وەشاندنی گورزی سەربازی بۆ ئێران یان هەر وڵاتێکی دیکە دەربکات.
گانتس تاوەکو دوو هەفتە لەومەوبەریش سەرۆکی دەستەی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل بوو، بەڵام ئێستا ژەنەڕاڵ گادی ئایزکۆت جێگەی گرتووەتەوە.
2/3/2015