پارێزگاری موسڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت:” تورکیا بڕیاریداوە بە هەموو شێوەیەکی سەربازی و لۆجیستی هاوکاری گرتنەوەی موسڵ بدات.”
ئەسیل نوجەیفی ئاماژەی بەوەکرد ئەنکەرە چەک و تەقەمنیشمان بۆ دەنێرێ.
ئەم گوتانە نوجێفی دوای سەردانی ئوسامە نوجێفی برای دێت بۆ تورکیا کە لەگەڵ ئەردۆغان و داودئۆغڵۆ کۆبوویەوە.
1/3/2015
23ی ئەم مانگە چەکدارانی داعش، هێرشیانکردە سەر چەند گوندێکی مەسیحینشین لە دەورووبەری تل تەمەری پارێزگای حەسەکەی رۆژاوای کوردستان و نزیکەی 250 کەسی ئاشوورییان رفاند. بەڵام رەنگە بتوانرێت ئاشوورییەکان بە گۆڕینەوەی دیلەکانی لای یەکینەکانی پاراستنی گەل YPG، رزگاربکرێن.
نوێنەری پارتی یەکێتی دیموکراتی PYD لە ئەوروپا، زوهات کۆبانی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی سوێدی TT رایگەیاندووە "یەکینەکانی پارستنی گەل بڕیاریانداوە و ئامادەن دیلەکانی داعش لەگەڵ ئەو ئاشووریانەی کە رفێندراون بگۆڕنەوە. ئەم بڕیارە چەند کاژێرێک پێش ئێستا دراوە و هێشتا هیچ هەڵوێستێکی داعشمان نەبیستووە".
بە گوێرەی قسەکانی نوێنەری ئەوروپای PYD ، نزیکەی 600 چەکداری داعشیان لایە، کە زیاترە لەو ئاشووریانەی کە داعش بەزۆرەملێ گرتوونی.
رۆژی هەینی تۆڕی ئاشووری بۆ مافەكانی مرۆڤ رایگەیاند كە دانوستاندنەكان بۆ ئازادكردنی بارمتە ئاشوورییەكان دەستیپێكردووە، ئەو دانوستاندنەش لە رێگەی چەند كەسێكی نێوانكاری ئاشووری و ریشسپییانی عەشیرەتە عەرەبییەكان لە جەزیرەی سووری ئەنجامدەدرێت. بەپێی بەیاننامەیەكی تۆڕی ئاشووری بۆ مافەكانی مرۆڤ ، كە كۆپییەكی بۆ (تۆڕی میدیایی رووداو) نێردراوە، "رێڕەوی دانوستاندنەکان زۆر بەنهێنی بەڕێوەدەچن لەپێناو پاراستنی گیانی گیراوەکان، کە ژمارەیان زیاتر لە ٢٥٠ کەس دەبێت و زۆربەیان ژن و منداڵ و بەتەمەنەکانن". هەمان رۆژ فیدراسیۆنی کۆمەڵەی ئاشوورییەکان بۆ (تۆڕی میدیایی رووداو) پشتڕاستیان کردەوە کە بەلایەنی کەمەوە 15 لەو رفێنراوە مەسیحییانە لەلایەن داعشەوە سەربڕاون.
rudaw
1/3/2015
چەکدارانی حووسی، کە لە مانگی رابردوودا شاری سەنعای پایتەختی یەمەنیان کۆنترۆڵکرد، رێککەوتننامەیەکی لێکتێگەیشتنیان لە بواری گەشتی ئاسمانی لەگەڵ حکومەتی ئێران واژۆکرد.
بەپێی رێککەوتننامەکە، هێڵی ئاسمانیی یەمەنی و هێڵی ئاسمانیی ماهان راستەوخۆ لە سەنعاوە گەشت دەکەن بۆ ئێران، هەروەها بە پێچەوانەشەوە. بەپێی رێککەوتنەکە هەموو رۆژێک دوو گەشت لەنێوان تاران و سەنعا ئەنجامدەدرێت.
چاودێران پێیانوایە ئەم هەنگاوەی حووسییەکان بۆ شکاندنی کۆشەگیریی هەرێمییە، کە چەند رۆژێکە تێیکەوتووە. وڵاتانی وەکو سعودییە، قەتەر، بەحرەین و کوەیت بڕیاریانداوە کە باڵیۆزخانەکانیان لە سەنعاوە بۆ شاری عەدەن بگوازنەوە. بەوپێیەی عەبد رەبە مەنسوور هادی لەوێ دادەنیشێت و ئەوان ئەو بە سەرۆکی وڵاتەکە دەزانن.
لە مانگی رابردوودا چەکدارانی ئەنساروڵڵای حووسییەکان شاری سەنعای پایتەختیان کۆنترۆڵکرد. وڵاتانی کەنداو، ئێران تۆمەتبار دەکەن کە لە پشتی حووسییەکانەوەیەو دەیەوێت پێگەی شیعە لە یەمەن بەهێزبکات.
1/3/2015
یەشار کەمال، نووسەری ناوداری کورد لە تورکیا، کە ئەمڕۆ 28-2-2015 کۆچی دواییکرد، چەند مانگێک پێش ئێستا پەیامێکی ئاراستەی خوێنەرانی کردووە.
ئەم پەیامەی یەشار کەمال، لەو رێوڕەسمێکدا خوێندرایەوە کە مانگی تشرینی دووەمی 2014 لە زانکۆی بیلگی لە ئیستەنبوڵ بە بۆنەی پێدانی دکتۆرای فەخری پێی سازکرابوو. خۆی بەهۆی باری ناتەواوی تەندرووستییەوە نەیتوانی بەشداری لەم رێوڕەسمەدا بکات.
یەشار کەمال لەم پەیامەیدا کە وەک وەسییەتنامەی بۆ خوێنەرانی دەبینرێت دەڵێت:
"یەکەم، ئەوەی کتێبەکانی من دەخوێنێتەوە نابێت ببێت بە پیاوکوژ، دەبێت ببێت بە دوژمنی شەڕ. دووەم، دەبێت رووبەڕووی قۆرخکردنی مرۆڤ ببێتەوە لەلایەن مرۆڤەوە. نابێت کەس ئەوی دیکە بە کەمتر لەخۆی بزانێت و هەوڵی سڕینەوەی بدات. نابێت رێگە بدرێت بەو دەوڵەت و حکومەتانەی کە هەوڵی سڕینەوەی مرۆڤەکان دەدەن".
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا یەشار کەمال دەڵێت: "خوێنەرانی من با بزانن کە ئەوانەی کولتوورێک ناهێڵن، کولتوور و مرۆڤبوونی خۆیانیان لەدەستداوە".
بەدەر لەمانە، نووسەر داوا لە خوێنەرانی دەکات کە لەگەڵ هەژاران یەکبگرن و دەڵێت: "ئەوانەی کتێبەکانی من دەخوێننەوە با لەگەڵ هەژاران ببن بە یەک، هەژاریی شەرمە بۆ هەموو مرۆڤایەتی. خوێنەرانی من دەبێت لە هەموو خراپەکان خۆیان پاکبکەنەوە".
1/3/2015
وەزیری دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، دەرفەتی چارەسەرکردنی ئاشتییانەی قەیرانی سووریا تاوەکو ئێستا بەردەوامە، بەڵام ئەگەری بەکارهێنانی هێزی سەربازی دژ بە سووریا، ئەو وڵاتە بەرەو وێرانبوون دەبات.
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا لە گوتەیەکدا لە ئەکادیمیای دیبلۆماسی رووسیا، ئەمڕۆ هەینی 27ی شوباتی 2015 رایگەیاند: "ئەگەر چارەسەرکردنی قەیرانی سووریا بەڕێگەی ئاشتییانە وەلابنرێت و بیر لە دۆزینەوەی بیانوویەک بکەینەوە بۆ بەکارهێنانی هێز، ئەوا ئەو وڵاتە وێران دەبێت، ئێمە دەرفەتی ئاشتییانەمان لە بەردەمدایە هەرچەندە دەرفەتێکی لەسەرخۆیە، بەڵام هێزی زۆری دەبێت".
لاڤرۆڤ پێشیوایە، رەتکردنەوەی گفتوگۆکردن لەگەڵ سووریا لەلایەن ئەمریکاوە، بۆ بەرەنگاربوونەوەی چەکدارانی داعش ، وایان لێدەکات بیرلەوەبکەنەوە، کە هێرشە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانان تەنیا مەترسی نین بۆ سەر چەکدارانی داعش، بەڵکو مەترسییە بۆ سەر حکومەتەکەی ئەسەدیش، هاوکات بەبێ ئاگادارکردنەوەی حکومەتەکەی ئەسەد وڵاتانی هاوپەیمانان، هێرشی ئاسمانییان لەناو خاکی سووریا ئەنجامدا.
وەزیری دەرەوەی رووسیا جەختیکردەوە، "سووریا هاوکارییان دەکات بۆ لەناوبردنی چەکی ئەتۆمی، بەڵام لە مەسەلەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا هاوپەیمانان ئامادەنین هاوبەشی پێبکەن، ئەوە کارێکی دووفاقیانەیە، ئەمە وادەکات بیرمان بۆ ئەوەبچێت هاوپەیمانان هەرکاتێک بیانەوێت هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ئەوشوێنانەش ئەنجامدەدەن، کە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی سووریایە".
28/2/2015
بنکەی (دارالافتاء المصریة) ، سەرکۆنەی تێکدانی مۆزەخانەی مووسڵ دەکات، لەلایەن چەکدارانی داعش، دەشڵێت، ئەو رایانەی چەکدارانی داعش بۆ تێکدانی پەیکەرەکان پشتیان پێبەستووە، بیرووباوەری سەرلێشێواو و گومڕاکەرن.
بنکەی (دارالافتاء المصریة)، کە بنکەیەکی تایبەتە بە فتوادان دەربارەی بنەماکانی ئایینی ئیسلام، فتواکانیشیان بۆ چەند زمانێکی جیهان وەردەگێڕدرێت، ئەمڕۆ هەینی 27ی شوباتی 2015 لە بەیاننامەیەکدا، رایگەیاند: "تێکدانی مۆزەخانەی مووسڵ لەلایەن (جیابووەوەکانی رێکخراوی قاعیدە) کە ناسراون بەداعش ، پشتیان بە چەند بیرووباوەڕێکی ئایینی سەرلیشێواو و گومڕاکەر بەستووە، کە لەگەڵ بنەماکانی ئایین و شەریعەتی ئیسلامدا ناگونجێت".
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، "لە چەندین وڵاتدا پەیکەر و مۆزەخانەی تایبەت بە شوێنەوارە کۆنەکان هەیە، هەروەها لە سەردەمی هاوەڵانی پێغەمبەریشدا، ئەو پەیکەر و شوێنەوارە کۆنانە بوونیان هەبووە، بەڵام هاوەڵانی پیغەمبەر بە هیچ شێوەیەک دەستکارییان نەکردوون".
بەپێی بەیاننامەکە "لەکاتی ئازادکردنی میسر لە سەردەمی فتوحاتی ئیسلامیدا، بە هەزاران شوێنەوار و پەیکەر لە هەڕەمەکانی میسر هەبوون، بەڵام هیچ فتوایەک لە لایەن هاوەڵانی پێغەمبەر نەدراوە، بە رووخاندن و تێکدانی ئەو پەیکەرانە".
بنکەی ( دارالافتاء المصریة)، داواش لە زانایانی ئایینی دەکات، "هەوڵبدەن ئەوکارە نابەجێیانەی داعش بووەستێنن، کە بەناوی ئایینی ئیسلام ئەنجامیدەدەن"، هەروەها، داواش لە وڵاتان و رێکخراوە پەیوەندیدارەکانی تایبەت بە شوێنەوارە کۆنەکان دەکەن، رێگە نەدەن چەکدارانی داعش و هیچ رێکخراوێکی دیکەی تووندئاژۆ شوێنەوار و مۆزەخانەکان بڕووخێنن.
بەپێی گرتە ڤیدیۆیەك كە لەلایەن ویلایەتی موسڵی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش بڵاوكرایەوە، هەموو پەیكەر و دیواربەند و پاشماوە مێژووییەكانی نێو مۆزەخانەی موسڵ لەلایەن داعشەوە تێكشكێندران.
لەژێر ناونیشانی ژنانی ئاشتی، کۆنفرانسی ئاشتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە شاری ئیستەنبوڵ کۆتایی بە کارەکانی هێنا. خاوەنانی خەڵاتی نۆبڵ هەر یەک لە 'تاواککول کارمان' و 'جودی وڵیامز' و 'شیرین ئیبادی' بەشداربووی سەرەکی کۆنفرانسەکە بوون.
لەم کۆنفرانسەدا رەوشی ئافرەتانی عێراق و سووریا تیشکی خرایە سەر، بەتایبەتیش رەوشی ئافرەتانی ئێزدی ژێردەستەی داعش.27/2/2015
رۆژی هەینی 27-2-2015، چوارەمین هێزی پێشمەرگە كە ژمارەیان 126 پێشمەرگەیە، دەچێتە كۆبانێ و ئەو هێزەی ئێستا لەوێیە دەگەڕێتەوە باشووری كوردستان.
عەمید موسڵیح زێباری، فەرماندەی پێشمەرگە لە كۆبانێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، كە سبەی كاژێر05:00 ی ئێوارە، چوارەمین هێزی پێشمەرگە لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بەرەو فڕۆكەخانەی رووها لە باكووری كوردستان بەڕێدەكەوێت، دواتر لە پرسووس دەچێتە كۆبانێ.
زێباری باسی لەوە كرد كە ئەو هێزەی ئێستا لە كۆبانێیە، دوای گەیشتنی چوارەم هێزی پێشمەرگە رۆژێك دەمێنێتەوە و دواتر دەگەڕێتەوە باشوور. ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە رۆژی شەممە 28ی شوبات ئەوان دەگەڕێنەوە هەولێر.
لەبارەی بارودۆخی کۆبانێش موسڵح زێباری گوتی، تەواوی ناوچەکە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەكانی كورد دایە و ئێستا هاونیشتمانيانی ئەو گوندانەی كۆنترۆڵكراونەتەوە، دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
هەروەها گوتیشی، سەرۆکایەتی هەرسێ کانتۆنەکەی رۆژئاوای کوردستان، سەردانی هێزەکانی پێشمەرگەیان کردووە و سوپاسی پێشمەرگەیان کردووە، کە لە کۆنترۆڵکردنەوەی کۆبانێ و گوندەکانی دەوروبەریدا بەشدارییان کردووە و شانبەشانی یەپەگە و یەپەژە شەڕیان لە دژی داعش کردووە.
بە بڕیاری مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و راسپاردەی پەرلەمان، تاوەكو ئێستا سێ هێزی پێشمەرگە چوونەتە كۆبانێ و لە شەڕی دژی داعشدا بە چەكی قورس و دوورهاوێژ پاڵپشتی شەڕڤانانی یەكینەكانی پاراستنی گەل YPG كردووە.
كاروانی یەكەمی هێزی پێشمەرگە لە 28 ی تشرینی یەكەمی 2014 لە هەولێرەوە بەرەو كۆبانێ بەڕێكەوت، ماوەی 35 رۆژ لەوێبوون پاشان گەڕانەوە، كاروانی دووەمیش لە 3 ی كانوونی یەكەمی 2014 بەڕێكەوت، كاروانی سێیەمیش 15-1-2015 بەڕێكەوت و تاوەكو ئێستا لەوێیە، رۆژی شەممەش دەگەڕێتەوە باشوور.
27/2/2015
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 26-2-2015 لە بەردەرگای چوونە ژوورەوەی باڵیۆزخانەی ئێران لە کابوولی پایتەختی ئەفغانستان تەقینەوەیەک روویدا، کە دەگوترێت ئۆتۆمبێلێکی باڵیۆزخانەی تورکیا لەبەردەم باڵیۆزخانەی ئێران کراوەتە ئامانج.
بەپێی ئاژانسی فەرمی حکومەتی ئێران ، شۆفێری ئۆتۆمبێلی باڵیۆزخانەی تورکیا کوژراوە و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.
بەپێی هەواڵی ئاژانسی تولوع نیوزی ئەفغانستان ئۆتۆمبیلێکی بۆمڕێژکراو لە بەردەم باڵێۆزخانەی ئێران لە کابوول تەقیوەتەوە، کە ئامانج لەو تەقینەوەیە ئیسماعیل ئارامز نوێنەری مەدەنی ناتۆ بووە لە ئەفغانستان و دواتریش بزووتنەوەی تاڵیبانی ئەفغانستان بەرپرسیارێتی خۆی لەو تەقینەوەیە گرتووەتە ئەستۆ.
26/2/2015
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە پیرمام بارزانی لەگەڵ سەرکردەی پێنج حیزبە سەرەکییەکەی باشووری کوردستان کۆبووەوە، بڕیاریشە پاشنیوەڕۆ لە هەمان شوێن لەگەڵ سەرۆكی حیزبە سیاسییەكانی دیکەش كۆببێتەوە.
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، كارگێڕی مەكتەبی سیاسی حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، بڕیارە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرۆكی حیزبە سیاسییەكانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی كوردستان كۆببێتەوە. ئەو گوتی "سكرتێری حیزبمان كاك محەممەد حاجی مەحموود بەشداریی كۆبوونەوەكە دەكات".
ئەو باسی لەوەش كرد تەوەری كۆبوونەوەكە، ئەوەندەی بەوان گەیشتووە باسی سەردانەکەی سەرۆكی هەرێمی کوردستانە بۆ دەرەوی وڵات و بارودۆخی ئێستای هەرێمی كوردستانە، بەتایبەت چۆنێتی مامەڵەكردنی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا لەم قۆناغەدا.
ئەمڕۆ کاژێر ١١ی پێشنیوەڕۆ مەسعود بارزانی سەرپەرشتی کۆبوونەوەی پێنج حیزبەکەی بەشدار لە کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد، لەو کۆبوونەوەیەدا نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشدار بوو. نەوشیروان مستەفا رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان و کۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی بەشداریی کۆبوونەوەکەیان نەکرد.
26/2/2015
بهپێی توێژینهوهیهكی تهندروستی دهركهوتووه خواردن و خواردنهوه له درهنگی شهودا، دهبێته هۆی ژههراویبوونی جهستهی مرۆڤ و زیانی بۆ مێشكیشی دهبێت.
وهك له ماڵپهڕی mbc دا هاتووه، بهپهی توێژینهوهیهكی زانستی كه به شێوهیهكی جێبهجێكاری لهسهر چهندین كهس ئهنجام دراوه، دهركهوتووه؛ خواردنی خۆراك له درهنگی شهودا، دهبێته هۆی ژههراویبوونی جهستهی مرۆڤ و زیانی بۆ مێشكیشی دهبێت.
لهو توێژینهوهیهدا هاتووه، مهترسی تهنیا لهسهر ئهو كهسانه نییه كه ژهمه خواردنی شهوانیان زۆر درهنگه، بهڵكوو لهسهر ئهو كهسانهشه كه له كارهكانیان بهبهردهوام شت دهخۆن و كارهكانیان شهوانه، واته ئهو كارانهی فوول تایمی ههیه، كه دوای دوازدهی شهویش تا بهیانی ههندێك كارمهند پێویسته كار بكهن و له كارگهكان بمێننهوه، لهو كاتهشدا زۆربهی كات شت دهخۆن.
دكتۆر كریستۆفهر كۆلۆیل كه مامۆستای وانهی زانسته دهرونییهكانه له زانكۆی كالیفۆرنیا و یهكێك بووه له ئهندامانی ئهو توێژینهوهیه، دهڵێت: خواردنی خۆراك به شهوان تایبهت دوای ژهمی كۆتایی شهو، زیانێكی زۆری بۆ جهستهی مرۆڤ ههیه و زۆرجار دهبێته هۆی ژههراویبوون و زیان به مێشكیشی دهگهیهنێت. ههروهها ئهو كارمهندانهی دوای دوازدهی شهو پێویسته كار بكهن و نهخهون و نانیش دهخۆن، دهبێ زۆر ئاگهداری تهندروستی خۆیان بن، چونكه ئهمه خراپترین جۆری كاركردنه.
ئێسته كه وهرزی زستانه و شهوی درێژ و ڕۆژی كورته، باشتر وایه زیاتر ئاگهداری ئهو خاڵه بین و خۆمان له خواردنی خۆراك به درهنگی شهو بپارێزین، چونكه زیانی بۆ جهستهمان ههیه و ژههراوی دهكات.
باسنيوز | نازە بازیانی
26/2/2015
جۆن کیری، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، رووسیا سەبارەت بە دۆخی ئۆکراینا و تێوەگلانی لە قەیرانەکان و هەروەها هاوکارییەکانی بۆ چەکدارە جوداخوازەکان تا ئێستا بەردەوام لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیدا درۆی کردووە نەیانویستووە راستی رووداوەکان باس بکەن. سەرۆکوەزیرانی بەریتانیاش دەڵێ، گەر مۆسکۆ بەردەوام بێت سزای زیاتری دەدەن.
جۆن کیری، لەکاتی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی کاروباری دەرەوەی کۆنگرێس پرسیاری ئەوەی لێکرا، کە ئایا بەرپرسانی رووسی لەماوەی رابردوودا راستیی رووداوەکانیان بۆ ئەمریکا باسکردووە، کیری لە وەڵامدا ئاماژەی بەوە کرد، کە لەکاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی رووسیدا درۆی لەگەڵ کراوە و دۆخی ئۆکراینایان وەک خۆی باسنەکردووە، کە ئاماژەیە بۆ هاوکارییە بەردەوامەکانی رووسیا بۆ جوداخوازەکان و لەهەمانکاتدا مۆسکۆ بە نهێنی بەردەوامە لە ناردنی هاوکاری سەربازی بۆ جوداخوازەکان.
هەروەها دەیڤید کامیرۆن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، کە ئەگەر هاوکارییەکانی رووسیا بۆ جوداخوازەکانی ئۆکراینا بەردەوام بێت بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچەی دیکە لە رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە، ئەوا بەریتانیا سوورە لەسەر ئەوەی سزاکانی سەر رووسیا فراوانتر بکات، بەڵام ئامادەش نییە جگە لە کەلوپەلی سەربازی چەک رەوانەی ئۆکراینا بکات.
لەکاتی دانیشتنی پەرلەمانی بەریتانیا رۆژی سێشممە ٢٤ی شوبات، کامیرۆن ئاماژەی بەوە کرد فراوانکردنی سزاکانی سەر رووسیا شتێکی چاوەڕوانکراوە و داوای لە ئەندامانی پەرلەمانی وڵاتەکەی کرد تاوتوێی ئەو بابەتە بکەن، "چونکە پلانەکانی جوداخوازەکان و رووسیا فراوانکردنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی جوداخوازەکانە".
ئەم نیگەرانییانەی بەریتانیا لەکاتێکدایە کە جوداخوازەکان دوای کۆنترۆڵکردنی شاری دیبالتسیڤ خەریکی ئامادەەسازین بۆ گەمارۆدانی شاری ماریپول، کە دەبێتە دووەمین هێڵی ستراتیژی کە دەتوانێت ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی جوداخوازەکان ببەستێتەوە بە هەرێمی نیمچە دورگەی کریمیاوە و لەلایەکەی دیکەش بە رووسیاوە.
مۆسکۆ چەندین جار ئەو هەواڵانەی رەتکردووەتەوە کە چەکی رادەستی جوداخوازەکانی ئۆکراینا کردبێت بۆ ئەوەی لەو جەنگەدا بەکاریبهێنن، کە تا ئێستا کوژرانی زیاتر لە ٥ هەزار کەسی لێکەوتووەتەوە.
جەنگی رۆژهەڵاتی ئۆکراینا لە نیسانی ساڵی رابردووەوە دەستیپێکردووە و جوداخوازەکانیش بەردەوامن لە کۆنترۆڵکردنی ناوچەی زیاتر، ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکاش داوایان لە ئیدارەی کۆشکی سپی کردووە چەک رەوانەی سوپای ئۆکراینا بکرێت، بەڵام وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا رازینەبوون بەوەی چەکی ئەمریکی بگاتە بەرەکانی جەنگ لە ئۆکراینا.
٢٥/٢/٢٠١٥
وەزیری دەرەوەی عێراق رایدەگەیەنێت، ڤیزەی گەشتکردن لە نێوان ئێران و عێراق هەڵگیرا، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش دەڵێت، سەقامگیری عێراق واتای سەقامگیری وڵاتی ئێران دەگەیەنێت.
ئیبراهیم جەعفەری، وەزیری دەرەوەی عێراق دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەی لەگەڵ محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ سێشەممە 24-2-2015 رایگەیاند:" حکومەتی عێراق و ئێران رێکەوتننامەیەکی لێکتێگەیشتنیان واژۆکردووە، تایبەت بە هەڵگرتنی ڤیزەی گەشتکردن لە نێوان هەردوو وڵاتدا".
جەعفەری گوتی:" حکومەتی عێراق لە بواری ئەمنی پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە لەسەر ئاستی ناوخۆی عێراق و دەرەوە".
لە بەرامبەردا محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران دەربارەی سەقامگیری بارودۆخی ئەمنی عێراق رایگەیاند:" سەقامگیری و پێشکەوتنی عێراق مانای سەقامگیری و پێشکەوتنی ئێران دەگەیەنێت، باروودۆخی عێراقیش لە ماوەی 5 مانگی رابردوودا، گۆڕانی ئەرێنی بەخۆیەوە بینیوە".
زەریفی ئاماژەی بە سەرکەوتنەکانی سوپای عێراقدا و گوتی:" عێراق لە بەرەنگاربوونەوەی چەکدارانی داعش سەرکەوتوو بووە، وەک وڵاتی ئێرانیش بەردەوام دەبین لە یارمەتیدانی عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش ".
جەعفەری لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا، ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە، کە باس لە یارمەتیدانی چەکدارانی داعش دەکەن، لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەسەرۆکایەتی ئەمریکا، هەروەها گوتیشی:" هیچ بەڵگەیەکی دیاریکراو نییە، کە بسەڵمێنێت هێزەکانی هاوپەیمانان یارمەتی و کۆمەک بۆ چەکدارانی داعش فڕێدەدەن لە ناوچەکانی باشوور و رۆژئاوا، ئەگەر ئەوەش سەڵمێندرا، وەک حکومەتی عێراق هەڵوێستمان روونە و شەرم لە هیچ وڵاتێک ناکەین".
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 24-2-2015 محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە عێراق و بڕیاریشە چاوی بە حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بکەوێت.
رووداو - ئاژانسەکان
25/2/2015
لە پرۆسەیەکدا پاسەوانانی مەدەنی ئیسپانی، تۆڕێکی رێکخستن و ئامادەکردنی گەنجان بۆ نێو رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی "داعش" هەڵدەوەشێننەوە.
وەزارەتی ناوخۆی ئیسپانیا، ئەمڕۆ سێشەممە 24ی شوباتی 2015 لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند:" هێزەکانیان لە پاسەوانانی مەدەنی دوو کەسیان لە شاری بارسیلۆنا و جیرۆنا لە هەرێمی کەتەلۆنیای باکووری رۆژهەڵاتی ئیسپانیا، دوو کەسی دیکەشیان لە شاری ملیلەی ئیسپانی کە هاوسنوورە لەگەڵ باکووری ئەفریقا، دەستگیرکردوون".
وەزارەتی ناوخۆی ئیسپانیا روونیدەکاتەوە، یەکێک لە گیراوەکان لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەو ماددانەی بڵاوکردوونەتەوە، کە رەواج بۆ رێکخراوی داعش پەیدادەکەن، لەو رێگەیەشەوە نزیکەی هەزار شوێنکەوتەی بۆ خۆی پەیداکردبوو، هاوکات دەنگدانەوەیەکی گەورەشی لە ناوچەکانی ئیسپانیا پەیداکردبوو.
وەزارەتی ناوخۆی ئیسپانیا، لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە دەدات "زۆربەی شوێنکەوتووانی تۆڕەکە لەسەر فەیسبووک، بە تایبەت لە وڵاتانی ئەمریکای لاتینی بوونە، هاوکات وڵاتانی دیکەی وەک بەلجیکا، فەرەنسا، پاکستان، مەغریب، سعودیە، ویلایەتە یەکگرتووەکان، تورکیا و تونس، لە شوێنکەوتووانی تۆڕەکە بوونە".
24/2/2015
لەوەتەی هوجام سورچی شەهید بووە، وێنەی چاوەکانی و تێڕامانی، بێگوێدان بەو چەقۆیەی بەسەر سەریەوە وەستابوو، لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زۆر شتی لەسەر گوترا، بەڵام لە ئەمریکا وەک سەربڕینی ئەوانی دیکە باس نەکرا.
سیاسەت قوربانییەکان وەک یەک نابینێت، سەربڕینی دوو رۆژنامەنووسە ئەمریکییەکەو ژاپۆنییەکان و دواتر سووتانی فڕۆکەوانە ئوردنییەکە، لە زۆربەی وڵاتان بە فەرمی و لە رێگەی میدیاکانەوە باسکران، بەڵام هێشتا دەنگوباسی هوجام بەدڵی هاونیشتمانیانی باشووری کوردستانەوە هەڵواسراوە.
سەری هوجام لەگەڵ رێبوارەکانی ئازادی رادەربڕین و ئەو فڕۆکەوانەش کە دنیای لە مەترسی داعش رزگاردەکرد، لە شەقامەکانی واشنتن دەگەڕا، کەس هوجامەکەی کوردستانی نەدەناسی، ئێرە ئەمریکایە رێبوارە کەمدووەکان بەکەمی لەسەر شتێ دەدوێن کە هەستبکەن پەیوەندی بەوانەوە نەبێت.
کورد هەر وابووە بەردەوام هاوپشتی و هاوخەمی خۆی بۆ خەڵکی غەیرە کوردیش دەربڕیوە، لەکاتی سەربڕینی رۆژنامەنووسە ئەمریکییەکە جەیمس فۆڵی لەلایەن چەکدارەکانی داعشەوە چەند بۆنەیەک بەڕێوەچوو، بەڵام لە ئەمریکا و لە ئەوروپاش لەمەڕ سەربڕینی هوجام و ئەو پێشمەرگانەش کە شەهید دەکرێن بێدەنگن.
هەرچەندە کورد ئازارو کارەساتی لەوە جەرگبڕتری بەدەستەوەیە، کە بێکەسی و ستەمدیدەیی خۆی پێشانی جیهان بدات، بەڵام ئەمڕۆ هوجام باسی چیرۆکێکی دیکەی داگیرکارییە.
25/2/2015