سەرۆکی پێشووی دەزگای هەواڵگری ئەمریكا پێیوایە باراك ئۆباما چەندان هەڵەی لە سیاسەتەکانی بەرامبەر چەکدارانی داعش لە عێراق و سووریا كردوون.
لیۆن بانیتا، سەرۆکی پێشووی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا(CIA) لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی CNN رایگەیاند:" بێگومان سەرۆک لە سیاسەتەکانی بەرامبەر چەکدارانی داعش هەڵەی کردووە، سەرۆک خودی خۆشی ئەمە دەزانێت، بەڵام ئەمکارە کاتێکی زۆری دەوێت".
بانیتا هەروەها دەڵێت:" گەشبینم بەو کۆششەی ئەمریکا کە لە عێراق ئەنجامیدەدات، پێشموایە کۆتاییەکەی بەدەرکردنی داعش لە عێراق تەواودەبێت".
بانیتا دەشڵێت:" ئەوەی لای من جێگەی پرسیارە، ئایا لە سووریا چەند کاتمان دەوێت تاوەکو بتوانین بەرەنگاری داعش ببینەوە، چونکە تاکە شوێنی ئارام بۆ چەکدارانی داعش سووریایە، بۆیەش لە بەرەنگاربوونەوەیان لە سووریا کاتی زۆرمان دەوێت، هەروەها کێشەی زۆریشمان دەبێت".
16/2/2015
کۆماری ئیسلامی ئێران لیوا سەید بەھائەدینی ئازادکرد کە لایەن ھێزێکی سوپای پاسدارانەوە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە 15 ی شوباتی 2015، لە گوندی لاورانی سەر بە ناوچەی ئیمامی لە سنووری پارێزگای ھەڵەبجە دەستگری کردبوو.
مولازم نەجمەدینی کوڕی لیوا سەید بەئاھەدین بۆ تۆڕی میدیایی رووداو گوتی:" بەیانی ئەمڕۆ باوكم بە قوڵایی زیاتر لە 300 مەتر لە نێو خاکی عێراقەوە لە لایەن سوپای پاسدارانەوە دەستگیرکرا، ئێوارەی ئەمڕۆش بە کەفالەت ئازادکرا، ئێستاش لە شاری پاوەین لە رۆژھەڵاتی کوردستان و بڕیارە سبەی رێکارە یاساییەکان تەواوبکەین و بگەڕێینەوە ھەڵەبجە".
مولازم نەجمەدین هەروەها گوتی:" بەبۆنەی ساڵڕۆژی شۆڕشی ئیسلامی، ئێران سوپایەکی زۆری لە سەر سنوور کۆکردبووەوە، ھەر ئەمڕۆش چەند پلەدارێکی رۆژئاوای سوپای پاسداران ھاتنە لامان و داوای لێبوردنیان کرد كە بە ھەڵە باوکمیان دەستگیر کردبوو".
پێشتر فازڵ بەشارەتی، بەرپرسی لقی١٢ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھەڵەبجە بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاندبوو كە " لیوای خانەنشین (سەید بەھائەددین) لەگەڵ ھەردوو پاسەوانەکانی (عەلی عەلی و کۆسار عوسمان) لەكاتێكدا سەرقاڵی دروستکردنی رێگابوون بۆ گوندەکەیان، هێزێكی سوپای پاسدارانی ئێران چواردەوریان گرتوون و ھەرسێکیان لەگەڵ خاوەنی ئەو شۆفڵەی کاری بۆ کردوون بەرەو شوێنێکی نادیار بردوون".
لیوا سەید بەھائەدین یەکێکە لە پێشمەرگە دێریینەکان و بەشداری شۆڕشی ئەیلوولی کردووە، سێ برای شەھیدکراون لە شەڕی داعشیش برازایەکی شەھیدبووە.
16/2/2015
جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە لەسەر ئەو هەواڵەی بڵاوبووەتەوە گوایە ژمارەیەك پێشمەرگەی دیلی لای داعش لە بەرامبەر ئازادكردنی 106 چەكداری داعش ئازادكرابن، روونكردنەوە دەدات و ئەو هەواڵە رەتدەكاتەوە.
جەبار یاوەر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:'' بەفەرمی هیچ دیلێکی پێشمەرگە ئازادنەکراوە و ئێمە ئاگاداری هیچ نین، ئەوەی بڵاوكراوەتەوە تەنها پروپاگەندەیە".
ئێوارەی ئەمڕۆ لە شاری کەرکووک، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و چەند ماڵپەڕێك دەنگۆی ئازادكردنی 22 پێشمەرگەی دیلی لای داعش بڵاوبووەوە، لە شاری كەركووكیش بۆ دەربڕینی خۆشی تەقەیەکی زۆری کرا.
هاوكات فەرهاد حەمە عەلی، گوتەبێژی ئاسایشی کەرکووک بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند:'' ئەوە تەنیا قسەیەو هیچ بنەمایەکی نییە''.
16/2/2015
پۆلیسی كۆپنهاگن ئاشكرایكرد، كە ئەو كەسەی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە هێرشی كردووەتە سەر پەرستگایەكەی جوولەكە لەلایەن پۆلیسەوە كوژراوە. دەشڵێ ئەوە هەر هەمان ئەو كەسە بووە كە هێرشەكەی شەوی رابردووشی بۆ سەر سەنتەرێكی رۆشنبیری ئەو شارە ئەنجامداوە.
لەماوەی كەمتر لە ١٢ كاژێردا دوو هێرشی هاوشێوە لە كۆپنهاگنی پایتەختی دانیمارك روویدا، یەكێكیان بۆ سەر سەنتەرێكی رۆشنبیری ئەو شارەبوو، كاتێك كە لارس ڤیلكس هونەرمەندی كاریكاتێری سویدی لە سیمینیارێكدا لەو سەنتەرە بەشداریكردبوو، هێرشی دووەمیش دوای نزیكەی ١٠ كاژێر بۆسەر پەرستگایەكی جوولەكە لە دووری ٥ كیلۆمەتر لە رووداوی یەكەم، روویدا.
سەرچاوەكانی هەواڵ لە دانیماركەوە بڵاویانكردەوە، كە ئەوەی هێرشی دووەمی ئەنجامداوە لەلایەن پۆلیسی دانیماركەوە لە نزیك وێستەگەیەكی شەمەندەفەری كۆپنهاگن كوژراوە، تەنها دوای چەند كاژێرێكی كەم لە كوژارانی ئەو كەسە، پۆلیسی كۆپنهاگن ئاشكرایكرد، ئەو كەسەی دوای هێرشی دووەم كوژراوە، هەر هەمان ئەو كەسە بووە، كە شەوی رابردوو هێرشی یەكەمی ئەنجامداوە.
15/2/2015
سەرپەرشتیارى هێزەکانى حەشدى شەعبی رایگەیاند، "بەغدا هێڵی سوورەو ئەگەر 100 هەزار جاریش داعش هێرش بکات جارێکى دیکە بەغدا جێناهێڵم". دەشڵێ "بوونى قاسم سولەیمانی لە چوارچێوەى رێککەوتنى ئەمنى نێوان بەغداو تارانە".
هادى عامرى، سەرپەرشتیارى هێزەکانى حەشدى شەعبی لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا گوتى: "بوونى قاسم سولەیمانى سەرکردەى سوپاى قودسی ئێرانی لە عێراق لە چوارچێوەى رێککەوتننامەى ئەمنى نێوان بەغداو تارانە، ئەگەر شارەزایی ئەو و پشتگیرى ئێران نەبوایە ئێستا لە بەغدا نەدەبووین، بۆیە لە پێناو رازیکردنى ئەمریکییەکان بە هیچ شێوەیەک داواناکەم سولەیمانى عێراق جێبێڵێت، چونکە زۆر لەو راوێژکارە ئەمریکییانە باشترە کە لە ناوچەى سەوز دانیشتوون و هیچ کارێکیش ناکەن".
هادی عامری گوتیشی: " داعش پڕۆژەیەکى زایۆنیزمەو ئامانجى دابەشکردنى سووریاو عێراق و ئوردنە، بۆیە پێویستە لێتوێژینەوە لە بیرۆکەو پلانەکانى داعش بکەین بەو پێیەى توانایەکى لە رادەبەدەری هەیە لە رازیکردنی خەڵکى بۆ ئەنجامدانى هێرشی خۆکوژى".
هادى عامرى هەروەها دەڵێت: "ئێمە متمانە بە کەس ناکەین و سەرکەوتنیش لەسەر دەستى عێراقییەکان بەدەستدێنین، بۆ چوونە نێو شارى موسڵیش جگە لە حەیدەر عەبادى فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکان روخسەت لە کەسی دیکە وەرناگرین، ئامادەیى خۆشم بۆ سەرکردایەتیکردنى هێزەکانى حەشدى شەعبی لە کەرکووک بە فوئاد مەعسوم سەرۆککۆمارى عێراق راگەیاندووە".
لە ساڵى 2007 ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکاو لە ساڵى 2011 ش یەکێتى ئەوروپا سوپاى قودسى ئێرانى کە قاسم سولەیمانى سەرکردایەتى دەکات بە "هێزێکى تیرۆریست" ناوبرد.
15/2/2015
حکومەتی ئێران ئەمڕۆ شەممە کوژرانی دوو ئەفسەری سوپای پاسدارانی وڵاتەکەی راگەیاند، ئەوانەی شانبەشانی هێزەکانی رژێمی ئەسەد لە سووریا دژی ئۆپۆزیسیۆنی ئەو رژێمە دەجەنگن.
ئاژانسەکانی ئێران ئەمڕۆ شەممە 14ی شوباتی 2015 کوژرانی هەر یەک لە (عەلی سوڵتان مورادی و عەباس عەبولمەهدی) لە پارێزگای درعا لە باشووری سووریا راگەیاند، کە رۆژی پێنجشەممە لە پارێزگاکەدا لە رووبەڕووبوونە لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی رژێمەکەی ئەسەد کوژرابوون.
بەپێی ئاژانسەکانی ئێران ئەم دوو کەسە لە جەنگاوەرە ئێرانییەکان بوون و کاریان پارێزگاریکردن بووە لە مەزارگەکانی شیعە لە سووریا، ئاژانسەکە دەشڵێت "تا ئێستا تەرمەکانیان لەژێر دەستی چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆنن".
پێشووتریش ژمارەیەک ئەفسەری دیکەی ئێرانی لە سوپای پاسدارانی ئەو وڵاتە لە عێراق و سووریا کوژران، هەندێک لەوان پلەی سەربازی باڵایان هەبووە و دواترینیشیان هێرشەکەی ئیسرائیل بووە، کە بەهۆیەوە شەش فەرمانداری باڵای حیزبوڵڵا کوژران، کە حەمەد عەلی ئەڵڵە دادی یەكێك لە فەرماندەكانی ئەو سوپایە بوو.
15/2/2015
دەگوترێ ئەوانە پێشمەرگەن و بەو شێوەیە بە حەویجەدا گێڕاویانن
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک رەتیکردەوە، کە بۆ ئازادکردنی پێشمەرگە دیلەکان گفتوگۆ لەگەڵ داعش بکرێت.
رێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە وەکالەت بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند:" چ وەکو دەزگا ئەمنییەکان و ھێزی پێشمەرگەو پارێزگار چ وەکو ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ھیچ جۆرە گفتوگۆ و دانوستاندنێکی راستەوخۆ و یاخود ناڕاستەوخۆمان لەگەڵ چەکدارانی داعش نییە بۆ ئازادکردنی پێشمەرگە دیلەکان، چونکە ئێمە لەگەڵ ئەوان لە حاڵەتی شەڕداین".
تاڵەبانی گوتی: "ئاگادارین کە چەند کەسایەتییەکی عەرەب و سەرۆک ھۆزێکی حەویجە وەکو نێوەندگیرو بێلایەن رۆڵ و ھەوڵی خۆیانداوە بۆ ئەوەی پێشمەرگەکان ئازادبکرێن، بەڵام جەخت لە سەر ئەوە دەکەمەوە کە گفتوگۆو دانوستاندن لەگەڵ داعش لە ئارادا نییە، بەڵکو ئەو کەسانە خۆیان ھەوڵدەدەن و لەگەڵ چەکدارانی داعش و کەسوکاری ئەو پێشمەرگانە گفتوگۆیان کردووە".
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ئاماژە بەوەشدا ئەو پۆلە پێشمەرگەی لە شەڕی ھەفتەی رابردوو لە گوندی مەلا عەبدوڵڵا و مەکتەب خالید بە دیلی کەوتوونەتە دەستی داعش بەس کوردی تێدا نییە، بەڵکو تورکمان و نەتەوەی دیکەشی تێدایە.
رۆژی ھەینی ١٣ی شوباتی ٢٠١٥ داعش گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە، کە تێیدا ١٨ پێشمەرگەی دیل دەردەکەون لەنێو قەفەزێکی ئاسنیندان بە پۆشاکی پرتەقاڵییەوە و بە شەقامەکانی حەویجەدا دەیانگەڕێنن. لە کاردانەوەی فەرمیشدا لە بەرامبەر بڵاوکردنەوەی ئەو دیمەنانە جەبار یاوەر، ئەمنیداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە بە رووداوی راگەیاند:"ئەوان لە بڵاوکردنەوەی ئەو دیمەنانە ئامانجیان ترساندنی خەڵکە، بێگومان بڵاوکردنەوەی دیمەنی پێشمەرگە دیلەکان گوزارشتە لە رەفتاری دڕندانەی ئەم رێکخراوە تیرۆریستییە نێودەوڵەتییە".
جەبار یاوەر گوتی "ئێمە لە شەڕداین لەگەڵ گرووپێکی تیرۆریستی نێودەوڵەتی دڕەندەی وەحشی، ئەو بڕوای بە ھیچ یاسایەکی نێونەتەوەیی نییە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دیل، نەک لەگەڵ دیلەکانی ھێزی پێشمەرگە، بەڵکو لەگەڵ ھەموو ئەو ھاووڵاتییانەی کە لە ژێر دەسەڵاتیدا دەژین، یان لەگەڵ ھەموو ئەوانەی کە لە رێکخراوە خێرخوازییەکان و مافەکانی مرۆڤ کار دەکەن، کە یارمەتی خەڵکی سڤیل دەدەن یان لەگەڵ رۆژنامەنووسەکان، کە ھەموو رۆژێک دیمەنێکی زۆر وەحشیگەرانە بڵاودەکەنەوە".
15/2/2015
داعش پێشمەرگە دیلەکانی لە حەویجە لە نیو قەفەس نمایشکرد
سەرچاوەیەك لە شارۆچكەی حەویجەی سەر بە پارێزگای كەركووك رایگەیاند، رێكخراوی تیرۆریستی داعش، پێشمەرگە دیلەكان لە نێو قەفەس نمایش دەكات، ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووكیش داوا دەكات كۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەرچی زووە بێنە نێو هاوكێشەكەوە بۆ رزگاركردنی دیلەكان.
سەرچاوەیەك لە شارۆچكەی حەویجە، كە نەیویست ناسنامەی ئاشكرابكرێت بۆ تۆڕی میدیایی رووداو گوتی، "رۆژی هەینی چەكدارانی داعش، نمایشیان بە پێشمەرگە دیلەكانەوە كردووە و بە شەقامەكاندا گێڕاویانن" ئاماژەی بەوەشدا، كە چەكدارانی داعش رۆژی هەینی لە حەویجە رێوشوێنێكی ئەمنی تووندیان گرتبووەبەر، لەكاتێكدا پێشمەرگەكانیان بە پۆشاكی پرتەقاڵی و لەنێو قەفەزێكی ئاسنیندا دەگێڕا.
محەممەد خەلیل جبووری، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "داعش هەوڵدەدات تاوانەكان زیاتر بكات، بۆیە پێویستە دانیشتنێكی تایبەتی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك سەبارەت ئازادكردنی پێشمەرگە دیلەكانی دەستی داعش ئەنجامبدرێت".
جبووری هەروەها گوتی "تاوانەكانی داعش وەسف ناكرێت، پێویستە بە خێرایی رێگا لە كردارە وەحشییانەكەیان بگرین بەرامبەر بە پێشمەرگە دیلەكان"، گوتیشی" داوادەكەم كۆبوونەوەیەكی خێرای ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك تایبەت بەو پێشمەرگە گیراوانە گرێبدرێت و رێگایەكی خێرا بۆ ئازادكردنیان بدۆزرێتەوە".
جبووری، گرنگیی كردنەوەی دەروازەی گفتوگۆی لەگەڵ داعش نەشاردەوە بۆ گۆڕینەوەی دیلەكان و دەڵێت:" هیچ رێگایەكمان لەبەردەمدا نییە جگە لە كردنەوەی دەرگای گفتوگۆ بە ڕووی شارۆچكەی حەویجەدا بۆ ئەوەی دانوستاندن بكەین لەگەڵ داعش سەبارەت بە گۆڕینەوەی دیلەكانی هەردوولا" دەشڵێت:" ئێمە دیلی داعشمان لایە و ئەوانیش دیلی پێشمەرگە، تاكە چارەسەری عەقڵانیش كردنەوەی دەروازەی گفتوگۆكانە بۆ گێڕانەوەی دیلەكان".
رێكخراوی تیرۆرستی داعش رۆژی هەینی رابردوو گرتەیەكی ڤیدیۆیی بڵاوكردەوە كە تێیدا 18 پێشمەرگەی دیل دەردەكەون لەنێو قەفەزێكی ئاسنیندان بە پۆشاكی پرتەقاڵییەوە و بە شەقامەكانی حەویجەدا دەیانگەڕێنن.
14/2/2015
بەپێی لێكۆڵینەوەیەك كە لەسەر خەتەنەكردنی ژنان لە رۆژهەڵاتی كوردستان كراوە، نزیكەی 50% تاوەكو 70%ی ژنانی رۆژهەڵاتی كوردستان خەتەنە كراون. بەپێی پێوەری نەتەوە یەكگرتووەكانیش هەر ژنێك خەتەنە كرابێت كەمئەندامە.
رایحە موزەفەریان توێژەر و چالاكڤانی بواری ژنان، لە ساڵی 2012دا توێژینەوەیەكی سەبارەت بە خەتەنە كردووە و ئەنجامەكەی لە دووتوێی كتێبێكدا بەناوی (تیخ و سوننەت) بڵاوكردووەتەوە.
ئەو توێژینەوەیە لە سەردەمی سەرۆك كۆماری مەحموود ئەحمەدی نەژاد كراوە، بەڵام ئەوكات مۆڵەتی بڵاوبوونەوەی پێنەدرا. ئێستا كە حكومەتی ریفۆرمخوازی حەسەن رۆحانی لە دەسەڵاتە، بەبۆنەی 6ی شوبات كە رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی خەتەنەكردنی ژنان بوو، (تیخ و سوننەت) مۆڵەتی بڵاوكردنەوەی وەرگرت.
موزەفەریان دەڵێت بۆ ئەنجامدانی ئەو توێژینەوەیە قسەی لەگەڵ 400 ژن لە دوورگەی قیشم، پارێزگاكانی ئیلام، كرماشان، سنە و ورمێی رۆژهەڵاتی كوردستان كردووە و پرسیاری لێكردوون، هەروەها پشتی بە چەندین سەرچاوەی زانستیش بەستووە.
بەپێی لێكۆڵینەوەكانی موزەفەریان 50% تا 70%ی ژنانی رۆژهەڵاتی كوردستان خەتەنە كراون، بەڵام دەڵێت ئەو ئامارە لە هەموو شوێنەكان بەو شێوەیە نییە "بۆنموونە لە گوندێكدا خەتەنە لەناو ژناندا نابینرێ، بەڵام لە گوندێكی تەنیشتی ژنان خەتەنە دەكرێن".
بەپێی لێكۆڵینەوەكەی موزەفەریان، ئاماری خەتەنە لە نێوان ژنانی سوننە مەزهەب و شیعە مەزهەبی رۆژهەڵاتی كوردستان وەكو یەكە.
زۆربەی مەرجەعەكانی شیعە لە ئێران دژی خەتەنەن، بەشێكیشیان بە حەرامی نازانن و دەڵێن ئەگەر بكرێت باشترە.
مەلا عەلی خالیدی، پێشنوێژی مزگەوتی شەهرەكی شاری مەهاباد كە لە كەسایەتییە سوننە مەزهەبە دیارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانە، سەبارەت بە خەتەنەی ژنان لە رۆژهەلاتی كوردستان بە (رووداو)ی گوت "خەتەنە بۆ پیاوان لە شەرعی ئیسلامدا واجبە، بەڵام بۆ ژنان مەكرەمەیە، واتە ئەگەر بكرێت كارێكی باشە". بەڵام ئەو مامۆستا ئاینییە جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە هیچ مامۆستایەك لەسەر مینبەر داوای خەتەنەكردنی ژنانی نەكردووە.
رێكخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت كە 140 ملیۆن ژن لە سەرتاسەری جیهان لە ئەفریقاوە تا كیشوەری ئاسیا و تەنانەت ئەوروپاش خەتەنەكراون.
بەپێی پێوەرەكانی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی، هەر ژنێك كە خەتەنە كرابێت بە "كەمئەندام" ئەژمار دەكرێت، واتە ئەگەر ئاكامەكانی لێكۆڵینەوەی رایحە موزەفەریان دروست بێت، 70%ی ژنانی رۆژهەڵاتی كوردستان كەمئەندامن.
ئەو ئامارە سەرنجی زۆربەی چالاكڤانانی بواری ژنانی راكێشاوە، پێشتر وابیر دەكرایەوە كە ئاماری خەتەنە لە رۆژهەڵاتی كوردستان زۆر لەو رێژەیە كەمتر بێت، بۆیە ئامارەكە لەسەر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان باسوخواسی زۆری چالاكڤانان و هاونیشتمانیانی رۆژهەڵاتی كوردستانی بەدوای خۆیدا هێنا.
نیشتمان رۆحانی، چالاكڤانی بواری ژنان لە رۆژهەڵاتی كوردستان سەبارەت بەو لێكۆڵینەوەیە بە (رووداو)ی گوت "ئەو لێكۆڵینەوەیە زانستی نییە و ناكرێت پشتی پێ ببەسترێ، چونكە سەمپڵێكی 400 كەسی زۆر كەمە و ئەگەری هەیە سەردانی شوێنێكی كردبێت كە خەتەنە لەو ناوچەیە زۆر بێت".
هانا ناسری، چالاكڤانی بواری ژنان سەبارەت بە كاریگەرییەكانی خەتەنە لەسەر كەسایەتی ژنان بە (رووداو)ی گوت "خەتەنە تەنیا تاوانێك نییە بەرامبەر بە ژنان، بەڵكو تاوانێكە بەرامبەر بە مرۆڤایەتی، چونكە بەهۆی ئەو كارەوە نە ژن و نە پیاو چێژ لە سێكس نابینن و كاریگەری زۆر نەرێنی لەسەر كەسایەتی ژنان دەبێت".
سۆهەیلا قادری چالاكڤانی بواری ژنانیش لە رۆژهەڵاتی كوردستان سەبارەت بە ئەركی رێكخراوەكانی ژنان و كۆمەڵگای مەدەنی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو دیاردەیە دەڵێت "سەبارەت بە خەتەنە رەنگە هێزە سیاسی و مەدەنییەكان كاریان كەم كردبێت، پێویستە لەوە بەدواوە كاری میدیایی و توێژینەوەی زانستی زۆرتر لەسەر ئەو دیاردەیە بكرێت و لە ئەگەری راستبوونی ئەنجامەكانی ئەو توێژینەوانە بە كردەیی و بە چڕی بەرەنگاری ببینەوە".
14/2/2015
مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی سەردانەكەیدا، كە چەند رۆژێكە لە ئەوروپایە، ئەمڕۆ هەینی سەردانی نەمسای كرد، دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ هینز فیشەری سەرۆكی نەمسا، بارزانی بۆ (تۆڕی میدیایی رووداو) قسەیكرد و نێوەڕۆكی كۆبوونەوەكەیانی باسكرد.
بارزانی سەبارەت بە كۆبوونەوەكەی لەگەڵ سەرۆكی نەمسا تایبەت بۆ رووداو گوتی: "كۆبوونەوەكە زۆرباش بوو بۆئەوەی بیروڕا ئاڵوگۆڕ بكەین و بارودۆخەكەی بۆ روونبكەمەوەو ئەویش بە بایەخەوە لە دۆخەكە دەڕوانێ، ئەو سەركەوتنانەشی پێخۆش بوو كە لە كوردستان بەدەستهاتوون".
بارزانی بە گرنگییەوە باسی لە ئەنجامی سەردانەكەی دەكات و دەڵێ "هەموو ئەو دۆست و سەركردانەی كە بینیومن پشتگیریی پێشمەرگە دەكەن و بە رێزێكی زۆرەوە دەڕواننە قارەمانێتی پێشمەرگە و گەلی كوردستان". گوتیشی "ئێستا دۆستمان زۆرە".
سەبارەت بەوەی ئایا نەمسا هاوكاریی سەربازیی پێشمەرگە دەكات لە شەڕی داعشدا، سەرۆكی هەرێمی كوردستان گوتی: "یاساكانی نەمسا جیاوازە بۆ هاوكاریی سەربازی، بەڵام لەڕووی مرۆییەوە شتی باش دەكات".
مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە رۆژی 6-2- 2015 بە مەبەستی بەشداریكردن لە كۆنفرانسی ئاسایشی جیهان (ناسراو بە میونشن) بەرەو ئەوروپا بەڕێكەوت. لە كۆنفرانسەكەدا كە بۆماوەی 3 رۆژ بەردەوامبوو، بارزانی لەگەڵ ئەنجێلا مێركل، راوێژكاری ئەڵمانیا، حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، جۆ بایدن، جێگری سەرۆكی ئەمریكا كۆبووەوە و چەندین دیدار و كۆبوونەوەی دیكەشی ئەنجامدان.
پاشان رۆژی 10ی شوبات بارزانی سەردانی فەرەنسای كرد و لەگەڵ فرانسوا ئۆلاندی سەرۆكی ئەو وڵاتە كۆبووەوە، بەڵام نازانرێت دوای سەردانەكەی نەمسا دەگەڕێتەوە كوردستان یان دیدار و كۆبوونەوەی دیكە ئەنجامدەدات.
14/2/2015
پارێزگاری ورمێ لەبارەی چۆنیەتی پێکهێنان و چالاکی دامەزراوە مەدەنییەکان رێنماییەکی دەرکردووە. بەپێی ئەو رێنماییە کە بۆ قایمقامیەتی شارەکانی ئەو پارێزگایەش نێردراوە، چالاکیی دامەزراوە مەدەنییەکان بەرتەسککراوەتەوە بەجۆرێک کە ناتوانن چالاکی سیاسییان هەبێت.
بەپێی رێنماییەکەی پارێزگاری ورمێ، تەنیا مۆڵەتی کارکردن دەدرێتە ئەو دامەزراوە مەدەنییانەی کە سیاسی نەبن و هەروەها چالاکییەکانیان لە بەرژەوەندی تاکەکەسی دامەزرێنەر و ئەندامانی ئەو رێکخراوە نەبێت.
پێشنیازیش کراوە لە پێکهێنانی دامەزراوە مەدەنییەکاندا گرینگی بە بابەتەکانی بەرەنگاربوونەوەی قەیرانە سروشتییەکان، تەندروستی و دەرمان، ژینگەپارێزی، خۆشبژێوی کۆمەڵایەتی، کاروباری لاوان و بەشداریکردنی لاوان لە گەشەسەندا بدرێت. بۆ وەرگرتنی مۆڵەتیش چەندین مەرج دیاریکراوە کە لە پارێزگار و قایمقامیەتەکانەوە دەدرێ و دامودەزگا ئەمنی و پۆلیسییەکانیش لارییان لەسەری نەبێت.
رێنماییەکانی پارێزگاری ورمێ لەکاتێکدایە کە وەزارەتی ناوخۆی ئێران بە روونی باس لە بەرتەسککردنەوەی چالاکی سیاسی بۆ دامەزراوە مەدەنییەکان ناکات. بەپێی رێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆی ئێران، دامەزراوە مەدەنییەکان دەبێ ناسیاسی بن بەڵام لەوێدا روونکراوەتەوە کە نا سیاسی بوون بە واتای ئەوە دێ کە چالاکییەکانیان نەچێتە چوارچێوەی حیزب. بەپێی ماددە یەکی یاسای حیزبەکان، حیزب و دامەزراوە سیاسییەکان خاوەنی مەرامنامە و ئەساسنامەن و رێبازێکی سیاسی دیاریان هەیە و دەبێ لە چوارچێوەی بنەماکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و هەروەها بەڕێوەبردنی وڵاتدا هەڵسوکەوت بکەن.
14/2/2015
له دوو شهوی رابردوودا كهناڵی ARTE ی ئهڵمانی لهمیانهی رێپۆرتاژێكیدا كه خۆی له چهند بهشێك دهبینییهوه، پانۆرامایهكی سهبارهت به رهوشی كوردستان بهگشتی بڵاوكردهوه كه باس له دوێنێ و ئهمڕۆی شهڕی روبهڕووبونهوهی داعش دهكات له كوردستان.
له بهشێكی تری راپۆرتهكهشدا باس له كوردستان و گهلێكی 35 ملیۆن كهسی دهكات، كه دوای یهكهمین جهنگی جیهانی بهسهر توركیاو سوریاو عیراق و ئێراندا دابهشكراوهو له مافهكانیان بێ بهشن و تائیستاش بێ دهوڵهتن، ههروهها باس له دامهزراندنی پهكهكهو كهسایهتی ئۆجالان و ژیان و ههڵگیرساندنی شهڕ كراوهو ئاماژهش به قوربانییانهكانی ماوهی 30 ساڵی رابردوو له توركیاو گهریلا كراوه.
لهمیانهی ئهو بهشهدا باس له رۆڵی سهرۆك مام جهلال دهكات كه له سهردهمی ئۆزال-داو بهردهوام چ ههوڵێكی داوه بۆ نزیككردنهوهی توركیاو پهكهكهو راگهیاندنی ئاگربهست و هێنانهدی ئاشتی و چارهسهری كێشهكان و كۆنفرانسی رۆژنامهنووسی له سهل البقاع ساڵی 1993 ی به نموونهی ئهو ههوڵانهی هێناوهتهوه.
دواتر باس له شكستی ههوڵهكان و بڕوابوونی ئۆزال به چارهسهری كێشهی كورد دهكات، بهردهوامی ئهو ئاڵۆزبوونهشی خستووهته بهرچاو بهتایبهتی دوای مردنی ئۆزال.
ههر له راپۆرتهكهدا قسهیهكی ئهحمهد توركی بڵاوكردووهتهوه كه دهڵێت: كاتێك ئۆزال مرد، من سهیارهم لێدهخوڕی له مۆسكۆ لهگهڵ سهرۆك مام جهلال بووین، دهچووین بۆ نانخواردن، ئهو مردنه لهلامان جێی گومان و تهمومژی بوو.
له راپۆرتهكهدا چهند كهسایهتییهك له گروپی قهیرانه نێودهوڵهتییهكان و رۆژنامهنووس و سیاسهتمهدارانی تورك تیایدا قسه دهكهن و چیرۆكی ئاڵۆزبوون و سیاسهتی توركیاو شۆڕش و عهبدوڵڵا ئۆجالان دهگێڕنهوه.
له بهشێكی تری راپۆرتهكهدا باس له دهستگیركردنی ئۆجالان و گهڕانهوهی بۆ توركیاو زیندانیكردن و ئاڵۆزبوونی زیاتری رهوشهكهو چڕبوونهوهی ناكۆكی و شهڕو پێكدادانهكان و كاردانهوهی كوردستانیان له ئهوروپا كراوه.
راپۆرتهكهدا بهشێكی تری تهرخانكراوه بۆ سهرههڵدانی داعش و به نهخشهو دیكۆمێنت پانتایی قهلهمڕهوی ئهم دهوڵهته تیرۆرستییه ئیسلامییهو هێرشه وهحشیگهراییهكانیانی خستووهتهڕوو بهتایبهتی دوای گرتنی موسڵ و دواتر پهلاماردانی ناوچهی شهنگال و ئهو كارهساتهی كه بهسهر كوردی ئێزدیدا هێناویانه، ههمانكات ئاماژه به روبهڕووبونهوهی هێزی پێشمهرگهی كوردستان و تێكشكاندنی ئهو هێزانه دهدات.
بهشێكی تری رێپۆرتاژهكه تهرخانكراوه بۆ شهڕی كۆبانێ و كامێرای دیكۆمێنتی رێپۆرتاژهكهش راستهوخۆ لهگهڵ شهڕڤانانی پهیهگهو پهیهژه لهناو كۆبانێ-دا دیدارو شهڕهكانی تۆمار كردووهو باس له خۆڕاگری شهڕڤانان و پێشمهرگهو ژنانی كورد دهكات، كه داستانێكی بێوێنهیان له روبهڕووبونهوهی داعشدا تۆمار كردووه.
ئهم رێپۆرتاژه پشتی به ئهرشیف و دیكۆمێنتی دهوڵهمهندی كهناڵی ئارته بهستووهو بارگاوی كراوه به چهندین فیلم و وێنهی بهنرخ.
بۆ بینینی رێپۆرتاژهكان كلیكی ئهم لینكانه بكهن:
https://www.youtube.com/watch?v=DMKJPkPkkxE
https://www.youtube.com/watch?v=cSSWZfDwt5I
https://www.youtube.com/watch?v=SsG0thmTB_Y
PUKmedia شههاب عوسمان - ئهڵمانیا
13/2/2015
هاوسەرۆکی کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتی DTK ئاشکرایکرد, کە هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی لە نەورۆزی ئەمساڵدا پەیامێک بڵاوبکرێتەوە کە بە گرنگ ناویبرد.
رۆژی 12-2-2015 خەتیب دیجلە، هاوسەرۆکی کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتی DTK لە لێدوانێکدا ئاشکرایکرد, کە ئامادەکارییەک هەیە بۆ نەورۆزی ئەمساڵ. لە چوارچێوەی ئەو ئامادەکارییەدا شاندی HDP بەو نزیکانە سەردانی قەندیل دەکەن، دواتریش دەچنە ئیمراڵی. دیجلە نەیشاردەوە کە ئامانجی ئەم هەوڵانە گەیشتنە بە خاڵێکی هاوبەش پێش نەورۆز بەو هیوایەی کە پەیامێکی گرنگ لە نەورۆزدا بڵاوبکرێتەوە.
هاوسەرۆکی DTK بڵاوکردنەوەی ئەو پەیامە گرنگەشی بەستەوە بە چۆنییەتی بەرەوپێشچوونی چاوپێکەوتنەکان.
سەبارەت بەو لێدوانانەش کە رۆژی پێشوو ئاماژەیان بەوە دەکرد کە لە 2 هەفتەی داهاتوودا قۆناخی دانوستاندنی راستەوخۆ دەستپێدەکات، خەتیب دیجلە گوتی: "راستە کە نزیکین لە دەستپێکردنی قۆناخی دانوستاندن، بەڵام لە 2 هەفتەدا نا. ئێمە هەوڵدەدەین ئومێدەکان گەورە بکەین، چارەسەری کێشەیەکی 200 ساڵە قەت هێندە ئاسان نابێت".
13/2/2015
بەبۆنەی رۆژی خۆشەویستی ناسراو بە ڤالانتاین، گرووپی دەوڵەتی ئیسلامیی (داعش)، نامەیەکی خوێناوی بۆ میشێل ئۆباما، هاوسەری باراک ئۆبامای سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەنێرێت.
ئەم نامەیە، لە لایەن کۆمەڵێک هاکەری داعش، بەناوی "سایبەر خەلافە" بۆ میشێل ئۆباما رەوانە کراوە، دوای ئەوەی هاکەرەکە توانی ئەکاونتی تایبەتی گۆڤاری نیوزویک-ی ئەمریکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر هاک بکات.
لەم نامە خوێناوییەیدا، ئەو ئەندامەی داعش نووسیویەتی "ئێمە چاودێری تۆ و هاوسەر و کچەکانت دەکەین، دەزانین رۆژانە چی دەکەن و خەریکی چین، چاوەڕێ بن لە نزیکترین کاتدا دیمەنێکتان پیشان دەدەین، کە هەرگیز بیری لێ ناکەنەوە".
ماوەیەکە چەندین هاکەری سەر بە داعش، توانیویانە کۆمەڵێک ماڵپەڕ و ئەکاونتی ئەمەریکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هاک بکەن، ئەمەش وایکردووە پارێزگاری ئەلیکترۆنی لەو وڵاتە بخرێتە ژێر چاودێری وردەوە.
12/2/2015
وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا رێکكەوتن لەسەر ئەوەی دەبێت رێوشوێنی توندوتۆڵتر بگیرێت بەرامبەر بەو کەسانەی ڤێزای شینگن وەردەگرن.
لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا سەرکردەکانی 26 وڵاتی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا رازیبوون لەسەر ئەوەی دەبێت بڕیار و رێنمایی نوێ دەربارەی پێدانی ڤيزای شینگن دەربکرێت، ئەم هەنگاوەی ئەوروپا بۆ رێگەگرتنە لە ئەنجامدانی مەترسی هێرشی تیرۆرستی نوێی هاوشێوەی هێرشەکانی پاریس.
فرانسوا ئۆلاند، سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند ئەگەر بمانەوێت شینگن بمێنێت، دەبێت چاودێری سنوورەکانی دەرەوە توندتر بکەین، هاوکات کڵۆد یونکەر،سەرۆكی كۆمسیۆنی یەكێتی ئەوروپا رایگەیاند کە پێویست ناکات لەم قۆناخەدا چۆنییەتی پێدانی ڤێزا شینگن بگۆڕن.
ئەم لە کاتێکدایە هەندێک وڵاتی یەکێتی ئەوروپا وەکو ئەڵمانیاو بەریتانیا و فەرەنسا دەیانەوێت یاسایەکی نوێ بۆ رێگاگرتن لە پەیوەندیکردنی ئەوروپییەکان بە داعشەوە دەربکەن.
13/2/2015