رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایدەگەیەنێت: "ئەگەر سیستەمی سەرۆکایەتیمان هەبوایە لە تورکیا، ئێستا زۆر پێشکەوتووتر دەبووین، زۆرجار بەو هۆیەوە ئاستەنگمان هاتووەتەپێش".
رەجەب تەییب ئەردۆغان رۆژنامەنووسانی تەلەفزیۆنە فەرمییەکانی حکومەتی وڵاتەکەی بانگهێشتی کۆشکی سەرۆکایەتی کۆماری کرد بۆ ئەوەی قسە بکات. ئەردۆغان لەبارەی هەوڵی ئەرمەنییەکان بۆ داننانی تورکیا بە کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان، کە لە نیسانی ساڵی 1915 روویداو ملیۆن و نیوێک ئەرمەنی تێدا کۆمەڵکوژکران، گوتی:" رەوەندی ئەرمەنی لە دیاسپۆرا ناوەستێ، ئەوان بەردەوامن لە یاریکردن و ئاڵۆزکارییەکانیان، دەیانەوێ لەم خاڵەدا لەگەڵ تورکیا لە جەدەلێکدا، بگرە لە شەڕێکدا ئەو پرۆسەیە درێژەپێبدەن، کە بەهیچ شێوەیەک قەبووڵی ناکەین".
هەروەها دەڵێ: "ئێمە ناچارنین بە فەرمانی هەندێک کەس ئەوەی کە پێی دەڵێن کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان دانی پێدابنێین، ئێمە پێیان دەڵێین ئەگەر راستگۆن وەرن ئەم پرس بۆ مێژوونووسەکان جێبهێڵین".
لەبارەی پرۆسەی ئاشتی، هەڵوێستی پارتی دیموکراتی گەلان HDP و ئیمرالی و قەندیل سەرۆككۆماری توركیا گوتی: "من لە ماوەی پرۆسەی ئاشتیدا بەداخەوە هیچ کاتێک نەمبینی ئەو برادەرانە راستگۆبن، ئێستاش راستگۆنین. ئەگەر راستگۆبووان رووداوەکانی 6-7 ی تشرینی یەکەم و رووداوەكانی ئێستای جزیرە و سلۆپی روویان نەدەدا".
لەبارەی کۆبانێ و گرنگیپێدان و بەهەندوەرگرتنی ئەو شارە کوردییە لەلایەن کورد و وڵاتانی هاوپەیمانانی نێودەڵەتییەوە گوتی: "بۆچی کۆبانێ، چونکە دەیانەوێ لەوێ پێکهاتەیەکی نوێ دروستبکەن. بە ئۆبامام گوت؛ سەیرکە PYD، PKK یەک شتن پێدانی ئەو چەکانە هەڵەیە، ئەو چەکە قوڕسانەی بەوان دراوە بەرامبەر کێ بەکاردەهێنرێن؟".
هەروەها وەک تەنزێک پرسی: "ئایا وڵاتانی هاوپەیمانان دەچن ئەو شوێنانە نۆژەن دەکەنەوە کە لە ئەنجامی بۆردوومانەکانیان خاپووریان کردوون؟ ئێمە بەردەوام دەبین لە هاوکارییە مرۆییەکان، بەڵام بەهیچ شێوەیەک بەشداری هەڵمەتی نۆژەنکردنەوەی کۆبانێ ناکەین".
30/1/2015
مستەفا سەید قادر، وەزیری پێشمەرگە لە میحوەری باشووری كەركووك لە بەرەكانی شەڕە
بەپێی زانیارییەكانی تۆڕی میدیایی رووداو، مستەفا سەید قادر، وەزیری پێشمەرگە شەوی رابردوو لە دەستپێكی هێرشی چەكدارانی داعش بۆ سەر باشووری كەركووك، چووەتە یەكێك لە میحوەرەكان و راستەوخۆ سەرپەرشتی شەڕەكەی كردووە.
سەرچاوەیەكی باڵا لە وەزارەتی پێشمەرگە وێڕای پشتڕاستكدرنەوەی ئەو زانیارییانە، بۆ رووداو گوتی،" ئێستا رەوشی كەركووك و دەوروبەری ئارامە و بە تەواوی لە كۆنترۆڵی پێشمەرگەدایە".
سەرچاوەكە راشیگەیاند هێزی پێشمەرگە هێرشە بەرفراوانەكەی داعشی تێك‌شكاند و ئێستا پێشمەرگە ئەو شوێنانەی بەدەستەوە كە پێشتر لەژێر كۆنترۆڵی دابوون، جگە لە گوندی مەلا عەبدوڵڵا نەبێت. جەختیشیكردەوە كە شەڕو پێكدادانەكە لە مەلا عەبدوڵڵا بەردەوامە و لە ماوەیەكی كورتدا كۆنترۆڵی دەكەنەوە.
شەوی رابردوو بە سوودوەرگرتن لە دۆخی کەشوهەوای ناوچەکە كە تەمومژ بوو، لە میحوەرەكانی خازر، مەخموور و باشووری كەركووك داعش هێرشی كرد و لە هێرشەكانیشدا پشتی بە چەکداری خۆکوژ و ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو بەست.
30/1/2015
گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات کاربکەن بۆ هینانەوەی مەلا کرێکار.
عەبدوڵڵا وەرتی، گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان، خۆشحاڵی خۆی بە ئازادکردنی مەلا کرێکار دەربڕیی و بۆ تۆڕی میدیایی رووداو گوتی:" مامۆستا كرێكار كه‌سایه‌تییه‌كی ئیسلامی كورده و له‌سه‌ر ئاستی نێوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تی كاریگه‌ریی و ناوبانگی زۆری هه‌یه" .
گوتەبیژی بزووتنەوەی ئیسلامی باسی لە پێویستی کورد بۆ مەلا کرێکار کرد و گوتی:'' كورد لەم قۆناخەدا زۆر پێویستی به توانا‌و رۆڵی مامۆستا كرێكاره، بۆیه جێگه‌ی خۆیه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان ئاسانكاری گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ بكه‌ن".
وەرتی داوای ئاشتبوونەوەی گشتی کرد و رایگەیاند، مامۆستا كرێكار و هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی كێشه‌یان هه‌یه و به‌هه‌ر جۆرێك كوردستانیان جێهێشتووه و له تاراوگه ده‌ژین پێویستە بگەڕێنەوە،" چونكه ئه‌مڕۆ كورد له هه‌موو رۆژێك زیاتر پێویستی به‌كۆكردنه‌وه‌ی تواناكان و یه‌كڕیزی نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌ی هه‌یه''.
ئەو سەرکردە باڵایەی بزووتنەوە، هەندێ کەسی بەنموونە هێنایەوە کە بە گوتەی خۆی ده‌ستیان به خوێنی رۆڵه‌ی كورد سووربووه و ئێستا پله‌ی باڵاشیان هه‌یه ، گوتیشی:" ئەوانە له‌و سه‌ر بۆ ئه‌م سه‌ری كوردستان ته‌راتێن ده‌كه‌ن و كه‌س پێیان ناڵێ پشتی چاوتان برۆیه، بۆ ده‌بێ مامۆستا كرێكار له هه‌موو ئه‌و كه‌سانه بڤه‌تر بێت؟ ".
سەبارەت بە گرنگی گەڕانەوەی مەلا کرێکار، وەرتی زیاتر گوتی:" گەڕانەوەی مەلا کرێکار بۆ رابوونی ئیسلامی و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی رۆڵ و پێگه‌ی تایبه‌تی خۆی ده‌بێت و سوودی زۆریشی هه‌یه بۆ ئێستا‌و داهاتووی كوردستان".
rudaw
30/1/2015
ساڵی 2012 فراکسیۆنی سوننە مەزهەب لە لایەن کۆمەڵێک لە نوێنەرانی شارەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە پارلەمانی ئێران دامەزرا. بە گشتی نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی ئێران 32 کەسن،21 کەسیان شیعە و 11 کەسیشیان سوننەن.
20 کەس لە نوێنەرانی پەرلەمانی ئێران لە دامەزرانی ئەو فراکسیۆنەدا رۆڵیان هەبووە، لەو 20 کەسە، 9 کەسیان نوێنەرانی کوردی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە پەرلەمانی ئێران بوون. ئەو فراکسیۆنە لە خولی حەوتەمی پەرلەماندا دامەزرا.
بە پێی مادەی 12ی یاسای بنەڕەتی ئێران، ئایینی فەرمی ئەو وڵاتە ئیسلام و مەزهەبی شیعەی ١٢ ئیمامییە و مەزهەبەکانی دیکەی ئایینی ئیسلام بۆ پەیڕەوان و بەڕێوەبردنی رێوڕەسمە تایبەتەکانیان ئازادن، لە دەزگای دادوەری ئەو وڵاتەشدا دەتوانن لە یاسای پەیوەندیدار بە مەزهەبەکانیان کاروباری ئایینی خۆیان لەو دەزگایەدا راپبەڕێنن.
rudaw
29/1/2015
لە نزیک گوندی غەجەر لە کێڵگەکانی شەبعا، چەکدارانی حیزبوڵڵا هێرشیان کردە سەر مەفرەزەیەکی سوپای ئیسرائیل و لە ئاکامدا 9 سەرباز برینداربوون، باڵی سەربازی حیزبوڵڵای لوبنانی بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکان راگەیاند.
ئەفیخای ئادری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، بە مووشەکی دژە تانک هێرشکراوەتە سەر سوپای ئیسرائیل و ئامانجیش رفاندنی سەربازەکانی بووە، هاوکات میدیاکانی لوبنان رایانگەیاند، کە سەربازێکی ئسیرائیل رفێندراوە، بەڵام لە لایەن سوپای ئیسرائیلەوە رەتکرایەوە.
بنیامین ناتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، کە ئیسرائیل بە تووندی وەڵامی ئۆپەراسیۆنەکەی کێڵگەکانی شەبعا دەداتەوە. دواتر سوپای ئیسرائیلی ژمارەیەک تۆپی ئاراستەی باشووری لوبنان کردن و بەو هۆیەوە سەربازێکی هێزی ئاشتی پارێزی سەر بە کەتیبەی ئیسپانیا لە جۆلان کوژرا.
29/1/2015
هاوسەرۆکی پارتی دیموکراسی گەلان HDP، بانگهێشتی ئەنقەرە دەکات بەشدار بێت لە دووبارە بنیاتنانەوەی کۆبانێ و، داوا لە سەرۆککۆماری تورکیاش دەکات ئەو هاوکارییەی پێشکەشی سۆماڵی دەکەن، بیدەنە کۆبانێیش.
رۆژی 28-1-2015 ، پارتی دیموکراسی گەلان HDP کۆنگرەی ناوچەیی خۆی لە شاری ئامەدی باکووری کوردستان رێکخست، لە کۆنگرەکەدا کە بە گوتنەوەی سروودی نیشتمانی ئەی رەقیب دەستیپێکرد، سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی ئەو پارتە وتارێکی پێشکەشکرد.
دەمیرتاش لە وتارەکەیدا سەرنجی ئامادەبووانی بۆ قۆناخی دوای جەنگ لە کۆبانێ راکێشاو گوتی: "پرۆسەی بنیاتنانەوەی کۆبانێ دەکرێت ببێتە هەوێنی هەماهەنگی و برایەتییەکی نوێ" گوتیشی: مادام سەرۆکوەزیرانی تورکیا سڵاو بۆ کۆبانێ دەنێرێت، با بەفەرمی کیانی سیاسی رۆژئاوا بناسێت، سەرۆککۆمار چۆن چوو بۆ سۆماڵ و پەیمانی بنیاتنانی 10 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی پێدان، با بۆ کۆبانێیش بچێت".
لە کۆنگرە ناوچەییەکەی HDP دا کە ئێوارەی هەمان رۆژ کۆتایی پێهات، بێ لە گوتنەوەی سروودی ئەی رەقیب، وێنەی مەلا مستەفای بارزانیش لەگەڵ وێنەی سەرکردەکانی باکووری کوردستان هەڵواسرابوو.
29/1/2015
دوای کۆنترۆڵکردنی کۆبانێ لە لایەن هێزە کوردییەکانەوە، حکومەتی تورکیا ئاڵایەکی گەورەی بە تاوەرێکدا بەرامبەر بەو شارە هەڵواسی.
رۆژی 28-1-2015 قایمقامییەتی شارۆچکەی پرسووس لە باکووری کوردستان، ئاڵایەکی تورکیای بە تاوەرێکدا هەڵواسی کە بەرزییەکەی 40 مەترە. بە پێی لێدوانی قایمقامەکەی شارۆچکەکەیش ئاڵاکە 8 مەتر پان و 12 مەتر درێژە.
هەندێک لە دانیشتووانی ناوچەکە ناڕەزاییان بەرامبەر هەڵواسینی ئەو ئاڵایە دەربڕیی و بە پەیامێکیان لەقەڵەمدا لە دژی دەستکەوتەکانی هێزە کوردییەکان لە کۆبانێ. لە بەرامبەردا عەبدوڵڵا چیفتچی، قایمقامی پرسووس رایگەیاند کە لە کاتی پێکدادانەکانی نێو کۆبانێ ئاڵای تورکیا لەسەر سنوورەکە لە ئەنجامی پێکانی کەوتووەتە خوارەوە و ویستوویانە لە بری ئەوە ئاڵایەکی گەورە هەڵبدەنەوە. دواجار ئاڵاکە لە لایەن سەربازانی سوپای تورکیاوە بەرزکرایەوە.
29/1/2015
رۆژنامەنووسی ئەڵمانی بورنو شیرا Bruno Schirra ساڵی رابردوو چوارجار سەردانی عێراق و سووریای کردووە (لە مانگەکانی ئادار، حوزەیران، تەممووز و ئاب) لە ماوەی سەردانەکانیشیدا پێشڕەوییەکانی داعش و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکەی بەچاوی خۆی بینیوە. دوێنێ ئەو رۆژنامەنووسە کتێبەکەی خۆی بە ناونیشانی "ISIS - Der globale Dschihad" داعش- جیهادی جیهانی) بڵاوکردەوە.
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی BILDی ئەڵمانی لەبارەی چارەنووسی ئەو منداڵانەی کە لەلایەن داعشەوە دەڕفێندرێن، بورنو شیرا گوتی: "لە ئیمارات ژمارەیەکی زۆر کەس هەن کە ئەو منداڵانە دەکڕنەوە، ئەو کەسانەی کە دەستدرێژی دەکەنە سەر ئەو منداڵانە خاوەنی سامانێکی زۆرن، ئەوان دەڵاڵەکانی خۆیان دەنێرنە بازاڕەکانی فرۆشتنی بارمتەکانی دەستی داعش و لەوێ کوڕ و کچی دوو- سێ ساڵی دەکڕن، بۆ ئەوەی ئەوان بۆ مەرامی سێکسی بەکاربهێنن، دوای ئەوەی کاریان پێنەمان بەرەڵایان دەکەن، یاخود دەیانکوژن".
هەروەها ئاشکرایدەکات: "داعش بازاڕی فرۆشتنی بارمتەکانی لە سنووری دەسەڵاتی خۆی کردووەتەوە، داعش منداڵانی ئێزدیی و کریستیانیی دەڕفێنێت و دەیانفرۆشێتە ئەو دەڵاڵانەی لە کەنداوی عەرەبییەوە دێن، ئەو کاتەی من لەوێ بووم، منداڵێک بە 570 یۆرۆ فرۆشرا".
بورنو شیرا هەروەها دەڵێت: "منداڵانی خوار تەمەنی هەشت ساڵی بە هەمان وڵاتانی کەنداو دەفرۆشرێن و ئەوان لەژێر ئەشکەنجەداندا فێری ئەسپسواری دەکرێن، یاری ئەسپسواری لە وڵاتانی کەنداو هەڕمێنێکی باشی هەیە و ئەو منداڵانەی سواری ئەسپەکان دەکرێن پارەیەکی یەکجار زۆر بەدەست دەهێنن، بەڵام دوای ئەوەی ئەو منداڵانە ئەو تەمەنەیان تێپەڕاند یاخود کێشیان لەچاو پێویستی ئەو یارییە زیادیکرد، بەرەڵڵا دەکرێن".
نەسرەدین ئاکیۆڵ 28/1/2015
رووداو- دۆسلدۆرف
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، یەکێتی ئەوروپا نووسینگەیەکی سەرەکی لە شاری هەولێر دەکاتەوە.
دلاوەر ئاژگەیی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای سەردانەکەی فێدریكا مۆگرینی، رێکخەری باڵای سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی یەكێتی ئەوروپا بۆ هەولێر و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی كوردستان و سەرۆکی حکومەت، ناوبراو بەڵێنی کردنەوەی نووسینگەی یەکێتی ئەوروپای بە هەردوو سەرۆک داوە، کە لەلایەن ئەوانەوە داوای لێکرابوو ئەو داوایە بگەیێنێتە یەکێتی ئەوروپا بۆ کردنەوەی نووسینگە.
ئاژگەیی دەڵێت ماوەیەکی زۆرە حکومەتی هەرێمی کوردستان کاردەکات بۆ ئەوەی یەکێتی ئەوروپا رازی بکات بۆ کردنەوەی نووسینگە لە هەرێمی کوردستان و دەشڵێت چەند جارێک لە ئەوروپا لۆبی بۆ ئەو داوایە کرابوو.
نوێنەری حکومەت لە یەکێتی ئەوروپا گوتیشی:" تا ئێستا دیارنییە کێ بەڕێوەبەرایەتی ئەو نووسینگەیە دەکات و ئەوەش روون نییە ئایا سەر بە نووسینگەی بەغداد دەبێت یان سەر بە بارەگای سەرەکی دەبێت لە برۆکسل".
رووداو- هەولێر 28/1/2015
پەرلەمانتارێکی پارتی دیموکراسی گەلان HDP کتێبێک و CD یەکی تایبەت بە فێربوونی زمانی کوردی بە دیاری دەنێرێت بۆ سەرۆکوەزیرانی توركیا، کە پێشتر رایگەیاندبوو دەیەوێت فێری کوردی ببێت.
رۆژی 27-1-2015 عادل زۆزانی، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراسی گەلان HDP کتێبێک و CD یەکی بە دیاری بۆ ئەحمەد داودئۆغڵو نارد، کە تایبەت بوون بە فێربوونی زمانی کوردی.
عادل زۆزانی لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان لەو بارەیەوە گوتی: "کتێبی گۆرانی منداڵانە، سەرەتا با بەمە دەستپێبکات. رێزمانی کوردی و تورکی زۆر جیاوازن، با داودئۆغڵو بەم کتێب و CD یە دەستپێبکات، دواتر کتێبی دیکەیشی بۆ دەنێرین".
داودئۆغڵو لە سەردانەکەیدا بۆ شاری ئامەد لە باکووری کوردستان، بە کوردی سڵاوی لە هاونیشتیمانیان کردبوو و رایگەیاندبوو، هێندەی زمانی تورکی گرنگی دەدات بە کوردی و دەیەوێت فێری کوردی ببێت.
28/1/2015
نزیكبوونه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی توركیا، جارێكی دیكه بابه‌تی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری خۆسه‌ری دێنێته‌وه رۆژه‌ڤی ئه‌و وڵاته له لایه‌ن كورده‌وه، به تایبه‌تیش له ئه‌گه‌ری تێپهڕنهكردنی 10%ی به‌ربه‌ستی هه‌ڵبژاردن له‌لایه‌ن پارتی دیموكراتی گه‌لانه‌وه.
گه‌ر هات و هه‌ده‌په له رێژه‌ی یاسایی هه‌ڵبژاردن ده‌رنه‌چوو و نه‌یتوانی وەك پارت بچێته په‌رله‌مان، ئه‌وكاته‌ی گه‌ڕایه‌وه كوردستان كورد له توركیا داده‌بڕێت، ئه‌مه‌ش مانای جیابوونه‌وه‌یه له ئه‌نقه‌ره و بۆ ئه‌و كوردانه‌ی له رۆژئاوای توركیا ده‌ژین ئه‌نجامێكی خراپه، چونكه نه‌ته‌وه په‌رسته‌كانی تورك ئه‌مه ره‌تده‌كه‌نه‌وه.
لێكۆڵه‌رانی سیاسی پێیان وایه توركیا ئێستا له هه‌ر وڵاتێكی دیكه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست زیاترپێویستی به ده‌رچوونه له ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی، ئه‌مه‌ش به‌هۆی پانتایی زه‌ویه‌كه‌ی و بوونی نه‌ته‌وه و ئایینی جیاواز له وڵاته‌كه‌ی.
توركیا له‌به‌رئه‌وه‌ی ناتوانێ له‌و جۆره خۆ به‌ڕێوه‌به‌ریه‌ی رۆژئاوای كوردستان تێبگات، بۆیه رێگادانی به جۆرێك له خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری له‌م شێوه‌یه له‌ناو وڵاته‌كه‌ی قبووڵ ناكات، به‌ڵام ئیدی ئه‌وه شتێك نییه په‌یوه‌ندی به ویستی ئه‌نقه‌ره‌وه هه‌بێت، چونكه به شێوه‌یه‌كی كرداری و ئیداری جۆرێك له‌و خۆ به‌ڕێوه‌به‌ریه له چه‌ند شارێكی كوردی هه‌یه.
دوای هاتنه‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی پارتی داد و گه‌شه‌پێدان، شاره‌وانییه‌كانی توركیا به پارێزگا و قهزاكانیهوه له 3500 شاره‌وانیه‌وه بۆ 1500 شاره‌وانی كهمكراونهوه، ئه‌مه‌ش به بۆچوونی توێژه‌رانی سیاسی هه‌نگاوێكی دیكه‌ی ئاك پارتییه بۆ زیاتر كردنی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌نقه‌ره، وه‌ك ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی ئه‌و وڵاته.
رووداو - ئیستەنبوڵ
27/1/2015
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نێردراوی تایبه‌تی كۆمیساری باڵای نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ كاروباری په‌نابه‌ران و باڵیۆزی نیازپاكیی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ئه‌نجه‌لینا جولی کۆبووەوە.
بەپێی راگەیەندراوی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئه‌نجه‌لینا جولی باسی له سه‌ردانی خۆی بۆ چه‌ند كه‌مپێكی ئاواره و په‌نابه‌ران له سنووری پارێزگای دهۆك و به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی له‌نزیكه‌وه‌ی ره‌وشی كه‌مپه‌كان كردووە و ستایشی خه‌ڵك و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی كردووە كه هاوكاریی ئاواره و په‌نابه‌رانیان كردووه و باوه‌شیان بۆ كردوونه‌ته‌وه، هه‌روه‌ها دڵگرانیی خۆی بۆ ئه‌و كاره‌ساتانه ده‌ربڕیوە كه به‌سه‌ر خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌دا و به‌تایبه‌تیش به‌سه‌ر هه‌ردوو پێكهاته‌ی ئێزدی و مه‌سیحیدا هاتوون.
جولی دووپاتیكردووەتهوه، كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی رێز و پێزانینێكی زۆری بۆ خه‌ڵك و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه كه توانیویانه به‌شێكی زۆری پێداویستییه‌كانی ئاواره و په‌نابه‌ران دابین بكەن و كێشه‌كانیان چاره‌سه‌ر بكه‌ن.
هه‌روه‌ها رایگه‌یاندووە، له هه‌وڵ و كۆششه‌كانی به‌رده‌وام ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی كاراتر به‌هانای ئاواره و په‌نابه‌رانه‌وه بێت و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ده‌زگا و ئاژانسه‌كانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و رێكخراوه خێرخوازه‌كان له جیهان هانده‌دات تا كۆمه‌ك و هاوكاریی زیاتریان بۆ كۆبكه‌نه‌وه.
هەر بەپێی راگەیەندراوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران، نێچیرڤان بارزانی سوپاسی سه‌ردانه‌كه‌ی جولی كردووە و ئاماژه‌ی به‌وه داوە كه هاتنیان بۆ كوردستان و به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی ره‌وشی ئاواره و په‌نابه‌ران له‌ڕووی مۆراڵه‌وه كاریگه‌ریی ئه‌رێنیی خۆی ده‌بێت و هیوای خواستووە له پشتگیری بۆ ئاواره و په‌نابه‌ران به‌رده‌وام بێت، هه‌روه‌ها وێنه‌یه‌كی راسته‌قینه‌ی كوردستان و بارودۆخه‌كه بگوازێته ده‌ره‌وه و به كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و رێكخراوه جیهانییه‌كان، به‌تایبه‌تیش ئه‌و فیلمه دۆكیومێنتارییهی كه خه‌ریكن ئاماده‌ی ده‌كه‌ن و به ناوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانه‌وه بڵاویده‌كه‌نه‌وه، ره‌نگدانه‌وه‌ی راستیی بارودۆخی كوردستان و ئاواره و په‌نابه‌ران بێت.
بارزانی هه‌روه‌ها رایگەیاندووە، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له كۆمه‌ك و یارمه‌تیدانی ئاواره و په‌نابه‌ران له هه‌موو بواره‌كانی ته‌ندروستی، په‌روه‌رده‌یی، پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان و هه‌موو بواره‌كانی دیكه‌دا به‌رده‌وام ده‌بێت و ئه‌مه به ئه‌ركی خۆی ده‌زانێت، به‌ڵام جه‌ختیشی له‌وه كردووەته‌وه كه باره‌كه زۆر قورسه و له تواناكانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ده‌ره، بۆیه پێویستی به كۆمه‌ك و هاوكاریی زیاتر و ئاوڕدانه‌وه‌ی جددیتری كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان هه‌یه.
27/1/2015
گوتبێژی داعش پەیامێكی تووند ئاراستەی جولەکە و مەسیحییەکان دەكات و بە موسڵمانەکانی ئەوروپا دەڵێت لە هەر شوێنێک جولەکە و مەسیحیتیان بینی لێیاندەن.
ئەبو محەممەد عەدنانی، گوتەبێژی داعش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نوێترین تۆماری دەنگی بۆ لایەنگرانی داعش بڵاوکردەوە و تێدا هێرشدەکاتە سەر وڵاتانی رۆژئاوا و وڵاتە عەرەبییەکان و بە نۆکەری ئەمریکا و ئیسرائیل ناویان دەبات.
لەو تۆمارە دەنگییەدا عەدنانی ویلایەتی خوراسانی بۆ سنووری داعش زیادکرد و حافیز سەعید خانی وەک والی ئەو ناوچەیە دانا. ئەمە جگە لەوەی داعش کۆمەڵێك ویلایەتی لە وڵاتەکانی یەمەن و میسر و لیبیا و ناوچەی کەنداو راگەیاندووە، بەڵام هیچیان لەسەر ئەرزی واقیع بوونیان نییە.
لە بەشێکی دیکەی تۆمارە دەنگییەکەدا، عەدنانی داوا لە سەرجەم موسڵمانەکانی ئەوروپا و جیهان دەکات، کە بەهەموو شێوەیەک دەستبکەن بە کوشتنی خاچپەرستەکان بە هەر رێگەیەک بێت، بە فیشەک یان بە شەق و بۆکس و گرنگ ئەوەیە خوێنیان برژێت.
rudaw
27/1/2015
لە سەردانێكی لەناكاو و بێ ئاگاداری میدیاكان، ئەستێرەی جیهانی ئەنجێلینا جولی دوای گەیشتنی بۆ هەرێمی كوردستان سەردانی چەند كەمپێكی ئاوارەكانی رۆژئاوای كوردستانی كرد و لە كەمپی خانكێ كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ئەنجام دا.
لەم كۆنگرە رۆژنامەوانییە، كە پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو ئامادەی بوو، ئەنجێلینا جولی باڵیۆزی نیازپاكی نەتەوە یەكگرتووەكان گوتی: "هەرچی زووە دەبێ كاری جدی بۆ پاراستن و دوورخستنەوەی ئاوارەكان لە مەترسی ئەم جەنگە بكرێت، دەبێ رەوشی ژیانیان باشتر بكرێت و هاوكاری بكرێن".
هاتنی ئەنجێلینا جولی ئەستێرەو ئەكتەری هۆلیوود، لە میدیاكانی جیهاندا دەنگدانەوەی گەورەی دروستكردووە، هەروەك چۆن ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان UNHCR بەمانشێتێكی گەورە لە یەكەم لاپەڕەی خۆیدا بڵاویكردووەتەوە، "ئەنجێلینا جولی بانگی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەكات بۆ هاوكاری ئاوارەكانی كوردستان، كە لە هەرێمی كوردستانن".
ماڵپەڕی فەرمی ئەمڕۆی ئەمەریكا USA TODAY راپۆرتێكی ڤیدیۆیی لەسەر ئەم سەردانەی ئەنجێلینا بۆ هەرێمی كوردستان ئامادەكردووەو نووسیویەتی، "ئەكتەری هۆلیوود و نوێنەری نیازپاكی نەتەوەیەكگرتووەكان لە سەردانێكیدا بۆ لای ئاوارەكانی كەمپێك لە كوردستانی عێراق، داوای هاوكاری و باشتركردنی رەوشییان دەكات".
هەر سەبارەت بەهاتنی جولی بۆ هەرێمی كوردستان، ماڵپەڕی The Guardian ی بەریتانی باسی ئافرەتێكی كوردی كردووە، كە تووشی نەخۆشیی دەروونی بووە، بەپێی هەواڵی ئەم ماڵپەڕە جیهانییەش ئەم حاڵەتە ئەو ئەستێرەیەی زۆر خەمبار كردووە.
ماڵپەڕی US Magazine ی ئەمەریكی، بەمانشێتێكی گەورە لەسەر یەكەمین لاپەڕەی خۆی نووسیویەتی، "جولی بەو سەردانەی بۆ هەرێمی كوردستان دڵی ئاوارەكانی تاڕادەیەك خۆشكرد، داوای هاوكاریشی بۆ باشتركردنی بارودۆخیان لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كردووە".
26/1/2015
ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی پارتی دیموکراسی گەلان HDP، دوای کۆنترۆڵکردنی کۆبانێ لەلایەن هێزە کوردییەکانەوە چوونە ئەو شارۆچکەیە.
رۆژی 27-1-2015، ژمارەیەک پەرلەمانتاری پارتی دیموکراسی گەلان HDP کە سەباحەت تونجەل و ئایلا ئاکات عەتایشیان لەگەڵ بوون لەگەڵ سەلما ئیرماک، هاوسەرۆکی کۆنگرەی کۆمەڵگای دیموکراتی DTK ،سەردانی شارۆچکەی کۆبانێیان کرد لە رۆژئاوای کوردستان.
ئەم سەردانە دوای ئەوە دێت کە دوێنێ هێزە کوردییەکان کۆنترۆڵکردنی ئەو شارۆچکەیە و دوورخستنەوەی چەکدارانی رێکخراوی داعشیان راگەیاند.
شاندەکەی HDP کە لە لایەن ئەنوەر موسلم، هاوسەرۆکی کانتۆنی کۆبانێوە پێشوازی لێ‌کرا، دوای گەڕان بە شەقامەکانی ئەو شارۆچکەیە گەڕانەوە بۆ شارۆچکەی پرسوس لە باکووری کوردستان بە مەبەستی بەشداریکردن لەو ئاهەنگانەدا کە لە خۆشی کۆنترۆڵکردنی کۆبانێ لە شار و شارۆچکەکانی باکووری کوردستان سازدەکرێن.
27/1/2015