راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە وەڵامی سەرۆكی سووریادا دەڵێت هیچ دژایەتییەك لە نێوان پارتی و PKK دا نییە. سەبارەت بە جیابوونەوەی كوردیش لە عێراق رایدەگەیێنێت، ئەمە بە قسەی بەرپرسێك و دوو بەرپرس نابێت و هیچ حیزبێكیش ناتوانێت لەجیاتی هەموو كورد بڕیار بدات.
دوێنێ ئێوارە 21-1-2015، مەسروور بارزانی، راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە میحوەری دیجلە كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانی لەبارەی ئۆپەراسیۆنە فراوانەكەی هێزی پێشمەرگە لەو میحوەرە ئەنجامدا. لە وەڵامی پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداودا بارزانی وەڵامی لێدوانەكانی هەریەك لە بەشار ئەسەدی سەرۆكی سووریا و حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانی عێراقی دایەوە.
لە وەڵامی پەیامنێری رووداو هێڤیدار ئەحمەد كە لە كۆنگرەكەدا لێی پرسی" بەشار ئەسەدی سەرۆكی سووریا لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ كادیرانی پارتەكەی گوتوویەتی پارتی و PKK دژایەتییەكی زۆری یەكدی دەكەن و ناتوانن پێكەوە بژین"، مەسروور بارزانی گوتی:" ئێمە دژی PKK نیین، وە دژی هیچ هێزێكی نیشتمانی كوردستانی نین كە مەبەستیان بێت خەبات بۆ ئامانجە بەرزەكانی گەل و نیشتمان بكەن".
لە وەڵامی ئەو قسەیەی عەبادیشدا كە هێڤیدار ئەحمەد لێی پرسی" عەبادی دەڵێت بە كوردمان گوت ئەگەر دەتانەوێـت لەگەڵ عێراق بژین فەرموون ئەگەر نانێكمان هەبوو كەرتی دەكەین، ئەگەر ناشتانەوێت بە روونی پێمان بڵێن". راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی كوردستان گوتی:" ئەمە بە قسەی بەرپرسێك و دوو بەرپرس نابێت، ئەگەر بەراستی دەیانەوێت بزانن كورد چی دەوێت، با رێگە خۆش بكەن راپرسی بكرێت تاوەكو خەڵكی كوردستان بەتێكڕایی بڕیاری خۆی بدات چی دەوێت". بارزانی هەروەها گوتی:" لە راپرسی مەعلووم دەبێت كورد چی دەوێت، ئەمە بڕیاری هیچ هێزێكی سیاسی نییە بتوانێت لەبری كورد ئەو بڕیارە بدات، با كورد خۆی بڕیار بدات، ئەوكاتیش هیوادارم بەڕێز عەبادی و هەمووان رێز لە ئیرادەی گەلی كورد بگرن".
22/1/2015
چەکدارانی داعش لە ترسی کۆنترۆڵکردنەوەیان لە لایەن هێزی پێشمەرگەوە، چەندین باڵەخانە لە سەنتەری شارۆچکەی شنگال دەتەقێنێتەوە.
موقەدەم عەزیز ئەحمەد، بەرپرسی ئۆپەراسیۆنەكانی 433ی باڵەك لە شنگال بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەهۆی ئەوەی چەند باڵەخانەیەکی بەرز دەڕواننە سەر رێگای سەرەکی نێوان باشوور و رۆژئاوای کوردستان، هەروەها لە ترسی کۆنترۆڵکردنەوەیان لەلایەن پێشمەرگەوە، رۆژی چوارشەممە 21-1-2015 چەكدارانی داعش ئەو باڵەخانانەیان تەقاندوونەتەوە.
موقەدەم عەزیز زۆرتر گوتی:" داعش لە شنگال لاوازبووە و دەزانێت ئەگەر ئەو بینایانە بکەونە دەست پێشمەرگە، واتای ئەوەیە ئەو رێگا سەرەکییەی لە رۆژئاواوە دێتە ناو شارۆچکەی شنگال کۆنترۆڵکراوە، ئەمەش وادەکات پەیوەندی داعشەکانی نێو شنگال لەگەڵ سووریا بپچڕێت".
ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات كە رۆژی چوارشەممە چەكدارانی داعش لە هەرسێ باڵی رۆژئاوا، باشوور و رۆژهەڵات هێرشیان کردووەتە سەر پێشمەرگە، بەڵام تێکشکێنراون.
سەبارەت بە زیانەکانی داعش موقەدەم عەزیز گوتی:" لە رێگای GPS ەوە گوێبیستی گفتوگۆکانی داعش دەبووین و زانیمان کە کوژراو و برینداریان هەیە، ئاماژەی بەوەشدا شەڕی ئەمڕۆی شنگال هیچ زیانێکی گیانی بۆ پێشمەرگە نەبووە".
رووداو- شنگال
22/1/2015
ئەمڕۆ سێشەممە 21ی کانوونی دووەمی 2014، كچە کارمەندە کوردەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە رۆژی دووشەممە لە لایەن چەکدارانی رێکخراوی "ئەنتی بالاکا" ی مەسیحییەوە لە کۆماری ئەفریقیای ناوەڕاست رفێندرابوو، ئازدکرا.
هێزەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیانی ئەمڕۆوە لە گەڕەکی بۆی رابی لە باکووری رۆژهەڵاتی بانگی بڵاوەیان کردبووەوە، ئەم ناوچەیە شوێنی نیشتەجێبوونی چەکدارانی رێکخراوی "ئەنتی بالاکا"ی مەسیحییە.
سەرچاوەیەک لە چەکدارانی رێکخراوی ئەنتی بالاکای مەسیحی و سەرچاوەیەکی رۆژئاوایی ئازدکردنی ئەو کارمەندەی نەتەوە یەکگرتووەکانیان راگەیاند، کە رۆژێک پێشتر لە بانگۆی پایتەختی کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست رفاندبوویان.
گوتەبێژی ملیشیاکانی ئیگۆر لاماکا دەڵێت، ئەمڕۆ ئازدکردنی ئەو کارمەندە بیانییەمان پێگەیشت و کارمەندەکەمان بە ئامادەبوونی سەربازە فەرەنسییەکان رادەستی هێزەکانی سەنیگارسیان کردەوە. سەرچاوە رۆژئاواییەکەش راستی هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی فڕانس پرێس، دوێنێ لە کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست کارمەندێکی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرەچەڵەک کورد رفێنراوە، کارمەندە رفێنراوەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئافرەتێکی کورد بوو، بەڵام ناوی نەزانراوەو کارمەندی رێکخراوی ئاشتی مینوسکای سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە.
بەپێی ئاژانسی فرانس پرێس کارمەندەکە دوێنێ لە بانگۆی پایتەختی کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست، لەلایەکی بازاڕی شارەکە لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی "ئەنتی بالاکا" رفێنراوە، رۆژی دووشەممەی رابردووش کارمەندێکی دیکەی فەرەنسی تەمەن 67 ساڵ، کە سەر بە دامەزراوەیەکی خێرخوازی بوو لەلایەن چەکدارانی هەمان رێکخراوەوە رفێنرابوو.
22/1/2015
باراك ئۆباما، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە وتارێكدا كە لەبەردەم كۆنگرێس پێشكەشیكرد رایگەیاند: "سەركردایەتیكردنی ئەمریكا بۆ هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی وایكردووە داعش لاواز بێت".
ئۆباما لە وتارەكەیدا ئاماژی بەوەدا كە: "15 ساڵ بەسەر ئەم سەدە نوێیەدا تێپەڕیوە، 15 ساڵ لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، كۆمەڵێك كێشەی شەڕی بەردەوام هەبوو كە ئەم نەوە نوێیە رووبەڕووی بووەوە، هەروەها هەندێك هەڕەشە بۆ سەر ئێمە و جیهان هەبوو، بەڵام ئەمڕۆ لاپەڕەیەكی نوێ دەكەینەوە". گوتیشی: "بە بەراوردكردن لەگەڵ ساڵی 1999 تاوەكو ئێستا ئابوورییەكەمان بەهێزتر و گەورەتر بووە، رێژەی بێكاریش كەمترین ئاستی بەخۆیەوە بینیوە و هاونیشتیمانییەكانمان باشتر ژیانیان دابینكراوە و كەمترین پشتبەستنمان هەیە بە نەوتی بیانی".
ئۆباما كۆتاییهاتنی ئەركی شەڕكردنی هێزەكانیان لە 11 ی سێپتێمبەری 2001ـەوە لە ئەفغانستان راگەیاند و گوتی: "6 ساڵ بەر لە ئێستا نزیكەی 180 هەزار سەربازی ئەمریكا لە ئەفغانستان و عێراق بوون، ئەمڕۆ لە 15 هەزار كەمترن". ئۆباما دەڵێ: "ئەوەی دەمەوێ بیكەم وڵامدانەوەی ئەو پرسیارەیە كە چۆن سەرۆكایەتیكردنی دونیا لەلایەن ئەمریكاو وەكخۆی بهێڵمەوە، یەكێك لە وڵامەكان ئەوەیە هێزی ئەمریكا بنێرینە ئەو شوێنانەی كە لێوەی رووبەڕووی هەڕەشە دەبینەوە، بەڵام ئەم رێگایە دوژمنەكانمان دەیانەوێ، لە جیاتی ئەمە دیبلۆماسیەت تێكەڵی هێزی سەربازی دەكەین، كە رێگەیەكی زیرەكانەترە".
ئۆباما پێكهێنانی هاوپەیمانێتییەكی نێودەوڵەتی بۆ رووبەڕوبوونەوەی تیرۆر بە گرنگ وەسفكرد و گوتی: "دەمانەوێ لە جیهاندا جیاوازییەك دروستبكەین، لەگەڵ ئەو وڵاتانەی كە لە پاكستانەوە تاوەكو پاریس رووبەڕووی تیرۆر دەبنەوە بە هاوپەیمان دەمێنینەوە، بەردەوام دەبین لە راوەدونانی تیرۆریستان و نەهێشتنی ئەو تۆڕانەی هەیانە". هەروەها گوتیشی: "رووبەڕووی هەموو ئەو تیرۆریستانە دەبینەوە كە هەڕەشەن بۆ سەر ئێمە و دۆستەكانمان".
باراك ئۆباما ئاماژەی بە فێربوونی كۆمەڵێك وانەكرد لەماوەی 13 ساڵی رابردوودا و گوتی: "لەبری ئەوەی ئێمە سەبازی ئەمریكی بنێرینە ئەفغانستان، ئێمە مەشق بە سەربازە ئەفغانییەكان دەكەین و بەڕێوەیان دەبەین". لەبارەی رووبەڕوبوونەوە لەگەڵ داعش گوتی: "سەركردایەتیكردنی ئەمریكا بۆ هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی وایكردووە داعش لاواز بێت و بەرەوپێشچوونەكانی بوەستێندرێ".
جەختیشی لە هاوكاری و هەماهەنگی وڵاتەكەی لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی سووریا كردەوە و گوتی: "ئێمە سەركەوتوو دەبین، دەمەوێ ئەمشەو داوا لە كۆنگرێس بكەم كە نیشانیبدەین هەموومان بەیەكەوەین و یاسایەكی نوێ دەربكەین بۆ رێگەدان بە بەكارهێنانی هێز دژ بە داعش".
لەبارەی رووسیا و كوباوە، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا گوتی: "ئەمڕۆ ئەمریكا بەهێزەوە لەگەڵ دۆستەكانی ماوەتەوە و دۆستی هەیە، بەڵام رووسیا بێكەس بووە، ئەوەیە ئەو كارەی ئەمریكا دەیكات و بەردەوام دەبین لەسەری". لەبارەی سیستمی كوباشەوە گوتی: "لە كوبا كۆتایی بە سیاسەتێك دەهێنین كە ماوەیەكی زۆر بوو بەسەرچووبوو". لەبارەی ئێرانیشەوە گوتی: "لەماوی 10 ساڵی رابردوودا بۆ یەكەمجار توانیمان رێگە لە پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران بگرین، تا بەهاری ئەمساڵ چانسمان هەیە وتووێژ بكەین و رێگە لەبەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران بگرین، بۆ ئەوەی هەم ئەمریكا هەم دۆستەكانمان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەست بە ئارامی بكەن، بۆ نموونە ئیسرائیل".
رووداو - واشنتن
21/1/2015
كچێكی ئەمریكی بۆ ماوەی دەیەیەك لەگەڵ باوكی لەیەكدی جودا بوون و بەم دواییانە و لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا لەگەڵ باوكی یەكدییان دۆزیوەتەوە، ئەوان بۆ ماوەی زیاتر لە ٢ هەفتە پێكەوە لە ئینتەرنێت قسەیان كردووە و دواتر چاویان بە یەك كەوت و لە یەكەم چاوپێكەوتنیانەوە عاشقی یەك بوون و سەرنجی یەكتریان راكێشاوە.
لە هەڤپەیڤینێكیدا لەگەڵ نیویۆرك مەگەزین، ئەو كچە كە ئێستا تەمەنی ١٨ ساڵانە، دەڵێت "ئەوە شتێكی زۆر سەیر و زۆر ئاڵۆز بوو ، من باوكمم بینی بۆ یەكەم جار و بۆ هەمیشە ، بەڵام زۆر حەزم لێكرد". كچەكە دەڵێ "كە یەكەم جار ئەوم بینی وەك باوكم بینیم ، بەڵام بەشێك لە جەستەمدا پێ دەگوتم كە هەستێكم بۆی هەیە ، من لەرێگەی ئینتەرنێتەوە قسەم لەگەڵ ئەو پیاوە كردووە، بەڵام ئەوكاتەی بینیم زۆر سەرنجڕاكێش بوو".
ئەوان بۆ ماوەی ٥ رۆژ هەموو رۆژێك سەردانی یەكیان دەكرد و پێكەوە كاتیان بەسەر دەبرد، پاش ئەو پێنج رۆژە باسیان لە هەستەكانی خۆیان كرد بۆ یەكدی ،ئەوان ئێستا پێكەوە پەیوەندییان هەیە و بڕیاریانوایە كە هاوسەرگیریی بكەن و منداڵیشیان هەبێت.
بەشێكی زۆر لە بنەماڵەكەیان بەلایەنەوە ئاساییەو وەك هەموو دوو خۆشەویستێك چاویان لێدەكەن، بەڵام تا ئێستا دایكەكە بەو بابەتەی نەزانیوە. كچەكە دەڵێت "ئەگەر لەگەڵ باوكم رۆشتم بۆ نیوجێرسی ئەوكاتە بە دایكم دەڵێم كە پەیوەندیم لەگەڵ باوكم هەیە ، بەڵام هیوادارم لێم زویر نەبێت و بێت سەردانی نەوەكانی خۆی بكات".
لە پرسیارێكدا سەبارەت بەوەی ئایا بە منداڵەكانی دەڵێ كە هاوسەرەكەی هەم باوكیانە هەم باپیر، بۆ ماوەیەك بە بێدەنگی ماوەتەوە و لە وەڵامدا گوتوویەتی كە هێشتا لەوە دڵنیا نییە.
21/1/2015
وێڕای ئەوەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی PKK لە 15 ی ئەم مانگە پەیامێکی تایبەتی لەرێگەی خەتیب دیجلە، هاوسەرۆکی پارتی دیموكراسی گەلان بۆ گەنجانی جزیرە نارد، بەڵام تاوەکو ئێستا گرژی و ئاڵۆزییەکانی جزیرەی باکووری کوردستان درێژەیان هەیە.
ئۆراڵ چاڵشلار، نووسەر و رۆژنامەنووسی ناسراوی تورک، لە گۆشەی ئەمڕۆی وتارەکەیدا لە رۆژنامەی رادیکاڵ نووسیویەتی: "پرسیاری ئەوەم لە بەرپرسانی پارتی یەکێتی دیموکراتی کرد کە ئاخۆ گەنجانی جزیرە گوێ لە ئۆجەلان ناگرن، ئەوان گوتیان نەخێر گوێدەگرن و لەگەڵ پەیامەکەی ئۆجەلان رەخساون، خەندەکەکانیان پڕکردوونەتەوە".
خەتیب دیجلە لەبەردەم خەڵکی جزیرە پەیامەکەی ئۆجەلانی خوێندەوە، كە تێیدا ئۆجەلان داوای دەکرد گەنجان بە دەمامک ناڕەزایی دەرنەبڕن و دووکانەکان دانەخرێن، هەروەها باسیشی لەوە دەكر کە پێویستە خاوەنداری لە جزیرە بکرێت.
حوسێن یایمان، یەکێکە لە رۆژنامەنووسە ناسراوەکانی تورکیا، یایمان بەدواداچوونێکی مەیدانی بۆ رەوشی جزیرە کردووە و ئەوەی ئاشکراکردووە کە "رێکخراوی لاوانی شۆڕشگێڕ YDG-H رووبەڕووبوونەوەکانی جزیرە بەڕێوەدەبات، کە راستەوخۆ سەر بە جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کۆما جڤاکێن کوردستان KCK یە".
دوای پەیامەکەی ئۆجەلان، منداڵێکی دیکە بەهۆی تووندوتیژییەکانەوە کوژرا، ئەمە لەکاتێکدا کە لە پەیامەکەی ئۆجەلاندا هاتبوو: "خەندەک هەڵمەکەنن، بە رووی دەمامکدارەوە ناڕەزایەتی دەرمەبڕن و چەک بەکارمەهێنن".
حکومەتی تورکیا هەڕەشە دەکات
حکومەتی تورکیا پەیامێکی ئاراستەی پارتی دیموکراتی گەلان HDP کردووە و تێیدا ئەوە گوتراوە: "ئێمە دەزانین کێ لە پشت رووداوەکانەوەیە، ئێوەش دەزانن، رایانبگرن، ئەگەرنا ئێمە خۆمان ئەوەی پێویست بێت ئەنجامی دەدەین".
rudaw
٢١/١/٢٠١٥
رائید كاروان عهبدولكهریم، بهڕێوهبهری راگهیاندنی پۆلیسی ههولێر لهپهیجی تایبهتی له تۆڕی كۆمهڵایهتی فهیسبووك، لە گرتهیهكی ڤیدیۆییدا روونكردنەوەیەك بڵاودەكاتەوە و دەڵێت ئاگاداری ئەو ژماره تەلەفۆنانە بن كه به كۆدی (964+) دهستپێدهكەن.
كاروان عهبدولكهریم لە روونكردنەوەكەدا دەڵێت، ئێستا بەرنامەیەك دروستكراوە كە لەرێگەیەوە دەتواندرێت بەهەر ژمارەیەك كە بتەوێت تەلەفۆن بۆ خەڵكی بكەیت. هۆشداریش دەدات و دەڵێت:" ئاگاداری ئەو بابەتە بن، چونكە تاوەكو ئێستا چەند حاڵەتێكی لەو بابەتە ڕوویان داون و بەهۆیەوە كێشەی كۆمەڵایەتی لێكەتووەتەوە".
20/1/2015
کلاودیا روت، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئەڵمانیا بەنیازە سبەی چوارشەممە سەردانی ئێران بکات و لەگەڵ بەرپرسانی ئێران کۆببێتەوە، هەروەها سەردانی دەریاچەی ورمێش بکات.
بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئەڵمانیا، سەردانی کلاویا رووت تا رۆژی دوشەممە بەردەوام دەبێت و لەو ماوەیەدا لەگەڵ بەرپرسانی ئێران لەبارەی رۆڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لە جێگربوونی ئەمنییەت و ئاسایش لە ناوچەکە، هەروەها مافی مرۆڤ و مافی هاوڵاتیبوون گفتوگۆ دەکەن.
کلاودیا لەگەڵ نوێنەرانی پەرلەمانی ئێران، نوێنەرانی کەمینە ئایینیەکان لە پەرلەمان و بەرپرسانی دەوڵەتی و ئەندامانی کۆمەڵگەی مەدەنی کۆدەبێتەوە. هەروەها جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئەڵمانیا بەنیازە سەردانی دەریاچەی ورمێش بکات، بۆ ئەوەی لە نزیکەوە لە دۆخی ئەو دەریاچەیە ئاگادار بێت.
20/1/2015
وەزیری ناوخۆی پێشووی توركیا دەڵێ "لەسەر كارلادانی من ئەوەندە نهێنی نییە". بە بۆچوونی ئەو قسەكانی ئۆجەلان كە بڵاوكراونەتەوە لە زیندان ئەوە دەسەلمێنن، كە تێیدا ئۆجەلان گوتوویەتی: "وەزیری فاشیست لەسەر كار لابرا".
ئیدریس ناعیم شاهین، وەزیری ناوخۆی پێشووی توركیا دەڵێ: "زیاتر لە 100 ئەندام، یاخود سیخوڕی دەزگای هەواڵگری میللی توركیا (میت) لە نێو كۆما جڤاكێن كوردستان KCK دا هەن".
شاهین، كە ئێستا سەرۆكی پارتی میلادە دەڵێ: "لە ساڵی 2011دا KCK وەك ئەستێرەی دەریا (ئەختەبووت) پەلاماری توركیای دابوو". هەروەها ئاماژە بەوە دەكات، سەرچاوەی زانیارییەكانی رووداوەكەی رۆبۆسكی لە 28 ی كانوونی یەكەمی 2011 میت بووە، كە تێیدا بەهۆی بۆردوومانی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیاوە 34 هاونیشتمانی كورد كوژران.
شاهین كە یەكێك بووە لە دامەزرێنەرانی پارتی داد و گەشەپێدان AKP لە چاوپێكەوتنێكدا گوتوویەتی: "لە 1 ی ئەیلوولی 2011دا ئۆپەراسیۆنەكانی سەر KCK دەستیپێكرد، 15 رۆژ دواتر KCK هاتە نێو دیدارەكانی ئۆسڵۆ، كە مەبەست لەو دەستتێوەردانە وەستاندنی ئۆپەراسیۆنەكانی KCK بوو". هەروەها دەڵێ: "ئەو بەڵگانەی لە ئۆپەراسیۆنەكانی سەر ئەندامانی KCK دەستكەوتوون ئەوە دەسەلمێنن كە KCK دیدارەكانی ئۆسلۆی تێكدا".
ئیدریس ناعیم شاهین لە 6 ی حوزەیرانی ساڵی 2011ـەوە تاوەكو 24 تشرینی یەكەمی 2013 وەزیری ناوخۆی توركیا بووە، بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنەكانی KCK و دووبارە دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكانی ئیمرالی لە ماوەی كاری ئەودا بووە وەك وەزیری ناوخۆ.
20/1/2015
گرتەیەكی ڤیدیۆیی داعش لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوبووەتەوە، كە تێیدا هەڕەشەی كوشتنی دوو بارمتەی ژاپۆنی دەكرێت ئەگەر تۆكیۆ لە ماوەی 72 كاژێردا، 200 ملیۆن دۆلار لەبری ئازادكردنیان نەدات.
لە گرتە ڤیدیۆییەكەدا چەكدارێكی داعش دەردەكەوێت، كە چەقۆیەكی بەدەستەوەیە و لە نزیكیشییەوە دوو پیاوی ژاپۆنی بە جلوبەرگی پرتەقاڵییەوە دەردەكەون.
چەكدارەكە رەخنە لە حكومەتی ژاپۆن دەگرێت، لەبەرئەوەی ژاپۆن یارمەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەدات لە دژی داعش.
لەمبارەیەوە گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ژاپۆن دەڵێ، "حاڵیحازر هیچ كۆمێنتێكمان لەمبارەیەوە نییە".
شینزۆ ئابی، سەرۆكوەزیرانی ژاپۆن ئێستا لە سەردانێكی شەش رۆژیدایە بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، رۆژی شەممە لە قاهیرەی پایتەختی میسر پەیمانی دا 2 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار وەكو یارمەتی "ناچەكداری" پێشكەش بە ناوچەكە بكات و 200 ملیۆنیش لەمبڕە پارەیە تەرخاندەكرێت بۆ ئەو وڵاتانەی لە دژی داعش دەجەنگن.
هەڕەشەكردن و كوشتنی بارمتەكان بووەتە رێگایەك لەبەردەم داعش، كە بەهۆیەوە هەڕەشە لەو وڵاتانە دەكات، كە لە دژی داعش دەجەنگن.
20/1/2015
سەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراسی (DEP) لە تورکیا لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، پێشبینییەکانی خۆی دەخاتەڕوو بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی وڵاتەکەی کە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ سازدەکرێت و پێشنیازێکیش دەخاتە بەردەم پارتی دیموکراسی گەلان بۆ پێکهێنانی پەرلەمانێکی کوردی لە ئامەد.
یەشار کایا ، سەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراسی (DEP) ی داخراو لە هەڤپەیڤینەکەیدا لەگەڵ رووداو دەڵێت، خوازیار نییە پارتی دیموکراسی گەلان HDP، کە بڕیاری داوە وەک پارت بەشداری هەڵبژادنەکە بکات بەربەستی لەسەدا 10 تێپەڕێنێت. ئەمەش بە دەرفەتێکی گەورە دەبینێت بۆ دامەزراندنی پەرلەمانێکی هەرێمی لە شاری ئامەد لە باکووری کوردستان.
کایا لەو بارەیەوە گوتی: "من لەگەڵ ئەوەدام نابێت ئەمجارە ئەو دەرفەتە لەباربچێت، با بچن لە ئامەد پەرلەمانێکی هەرێمی پێک بهێنن. دەبێت بارێکی دیفاکتۆ بخوڵقێنرێت؛ خۆبەڕێوبەری بەوشێوەیە بەدیدەهێنرێت. با هەرێمی کوردستان بە نموونە وەرگرن".
لە بەشێکی دیکەی هەڤپەیڤینەکەدا، سەرۆکی پێشووی پارتی DEP ی داخراو گوتی: "سەرکردەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە قەندیل فێڵیان لە دەمیرتاش کرد. ئەو لێدوانەیان پێدا بۆ خۆپێشاندانەکانی کۆبانێ و لە ئەنجامدا 50 کەس کوژران. ئەمە بووە هۆی شێوانی کاریزمای دەمیرتاش. ئەگەری هەیە لەگەڵ هەڵبژرادنەکان سەرکردایەتی HDP یش گۆڕانکاری بە خۆوە ببینێت".
یەشار کایا رەخنەی لە سیاسەتی تورکیاییبوونی HDP ش گرت و پێی وابوو هاونیشتمانیانی باکووری کوردستان پێیان باشترە دەنگ بە پارتێکی کوردی بدەن نەک تورکیایی.
20/1/2015
كۆڕبەندی داڤۆس لە 21/1/2015 لە وڵاتی سوێسرا دەبەسترێ، بەڵام مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە وەكو میوانێكی سەرەكی ئەو كۆڕبەندە داوەتكرابوو، بەشدار نابێ.
فوئاد حوسێن، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لەسەر هۆكاری بەشدارینەكردنی بارزانی لەو كۆڕبەندەدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سەرۆك بارزانی وەكو میوانێكی سەرەكی داوەتكرابوو و بڕیاربوو لەچەندین پانێڵدا بەشدارببوایە، بەڵام بارزانی دواجار بڕیاری دا بەشدار نەبێ".
فوئاد حوسێن ئەوەشی ئاشكراكرد، كە بارزانی "لەبەر شەڕی داعش نەیتوانی بەشداربێ و سەرۆك بارزانی گوتی، شەڕێكی قورس هەیە و ناتوانم لەم كات و ساتەدا كوردستان بەجێ بێڵم، بۆیە داوای لێبووردنی لە رێكخەرانی كۆڕبەندەكە كردووە".
ساڵانە كۆڕبەندی داڤۆس دەبەسترێ، كەتێیدا سەرۆك و كەسایەتی سیاسی و بزنسمانی گەورە لەسەر ئاستی جیهان بەشداردەبن و باسی دۆخی سیاسی و ئابووری جیهان دەكەن.
مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە دووساڵی رابردوو بەشداری لەو كۆڕبەندە كردووە.
سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، كە بەنوێنەرایەتی بارزانی لەو كۆڕبەندە بەشداریدەكات، دەڵێ، "هەموو چاوەكان ئەمجارە لەسەر بارزانی دەبوون، تەنانەت هەموو حكومەتەكانی، كە بڕیاربوو لەو كۆڕبەندەدا بەشداربن، داوای بینینی سەرۆك بارزانییان كردبوو، چونكە هەموو دنیا باسی شەڕی داعش دەكات و ئەسڵی شەڕەكەی داعشیش ئێستا لەگەڵ كوردە، بەڵام خودی شەڕەكە وایكرد بارزانی نەتوانێ ئەم ساڵ بەشداربێ".
فوئاد حوسێن گوتیشی "من و فەلاح مستەفا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەناوی هەرێمی كوردستان لەو كۆڕبەندە بەشدار دەبین".
روداۆ
١٩/١/٢٠١٥
لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٥ وە سەرۆکایەتی کۆمەڵەی بریکس کەوتووەتە دەست رووسیا ،ئەوەش بە یەکێک لەو رووداوە گرنگانە دادەنرێت کە رووسەکان ئومێدیان لەسەر هەڵچنیوە بۆ رزگاربوونی وڵاتەکەیان لەو بارودۆخە ئابوورییە خراپەی ئێستا تێیکەتووە.
بریکس کۆمەڵەیەکی ئابووری بەهێزە کە هەریەکە لە رووسیاو چین و بەرازیل و هیندستان و ئەفریقای باشوور تێیدا بەشدارن بۆیە( سێرگیی لوزیانین) پرۆفیسۆر لە زانکۆی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا ، پێیوایە ئەو وڵاتانە کاریگەرییان دەبێت لەسەر بووژاندنەوەی ئابووری رووسیا.
چینییەکان و رووسەکان گفتوگۆیەکیان لەرێگەی پەیوەندی ڤیدیۆییەوە لە نێوان پەکین و مۆسکۆ سازکرد سەبارەت بە کاریگەری کۆمەڵەی بریکس لەسەر دۆخی ئابووری جیهان و ئەو گۆڕانکارییەی لەسەردەمی سەرۆکایەتی رووسیا لە کۆمەڵەی بریکسدا روودەدات. هەردوولا تەواو هاوڕابوون کە بریکس خزمەتێکی زۆر بە ئابووری وڵاتانی ئەندامی ئەو کۆمەڵەیە دەکات بەتایبەت بە رووسیاو چین. هەروەها سەرۆکایەتیکردنی کۆمەڵەی بریکس لەلایەن رووسیاوە دەکرێت تا ئاستێک باری لاری رووسیا راستبکاتەوە.
پرۆفیسۆر ڤلادیمیر داڤیدۆڤ ،ئەندامی لیژنەی چاودێری کۆمەڵەی بریکس ، لەوبارەیەوە دەڵێت: "سەرۆکایەتیکردنی کۆمەڵەی بریکس لەلایەن رووسیاوە وادەکات رووسیا چالاکتربێت و زیاتر جێ دەستی دیار بێت لە بریکسدا وە رووسیا پێیوایە کۆمەڵەی بریکس توانایەکی پیشەسازی گەورە دەدات بە رووسیا."
لە مانگی نیسانی داهاتوو لە شاری ئوفای رووسیا وڵاتانی کۆمەڵەی بریکس کۆبوونەوەیەک سازدەکەن ،چاودێران پێیانوایە لەو کۆبوونەوەیەدا کۆمەڵێک بڕیاری گرنگ و چارەنووسساز دەدرێن.
19/1/2015
له راپرسییهكهدا كه له نێو هاوڵاتیانی فهڕهنسیدا ئهنجامدراوه، سهدا 57ی فهڕهنسییهكان تهبان لهگهل بڵاوكردنهوهی وێنهی كاریكاتێری پێغهمبهری ئیسلام "دروودی خوای لهسهر بێت" و سهدا 42یشیان دژی بڵاوكردنهوهین.
له راپرسییهكهدا كه ههفتهنامهی "لو ژورنال دو دیمانش"ی فهڕهنسی، رۆژی یهك شهممه 18 ی كانوونی دووهم بڵاویكردووهتهوه، له یهكێك له بڕگهكانیدا ئهو پرسیاره له بهشداربووان كراوه كه "موسوڵمانان وا ههست دهكهن ههستیان برینداركراوه و هێرشیانكراوهتهسهر بههۆی بڵاوبوونهوهی كاریكاتێری پێغهمبهری ئیسلام،" له وهڵامیشدا "زۆرینهی فهڕهنسییهكان كه دهكاته سهدا 57 دهڵێن نابێت ناڕهزایهتییهكان رێگربن له بڵاوكردنهوهی وێنهی كاریكاتێری"، ههربۆیه تهبان لهگهڵ بڵاوكردنهوهی، ههرچی ئهوانهیشه كه دژی بڵاوكردنهوهین رێژهیان سهدا 42 و رێژهی سهدا 1 هیچ رایهكیان نییه.
راپرسییهكه لهلایهن پهیمانگای "ئیفۆن"، له 16 و 17 ی كانوونی دووهم، ئهنجامدراوه.
له وهڵامی پرسیارێكی تری راپرسییهكهدا، سهدا 50ی بهشداربووان رایانوایه كه "سنورێك بۆ ئازادی رادهربڕین دابنرێت لهسهر ئینتهرنێت و تۆڕه كۆمهڵایهتییهكان"، ئهمه له كاتێكدا سهدا 49یان ئهوه رهتدهكهنهوه و رێژهی سهدا 1یش هیچ رایهكیان نییه.
ههر بهپێی ههمان راپرسی، سهدا 81ی فهڕهنسییهكان پشتیوانی له "سهندنهوهی رهگهزنامهی فهڕهنسی لهو هاووڵاتیانه دهكهن كه دوو رهگهزنامهیان ههیه-یهكێك فهڕهنسی و ئهویتر بیانی- و تۆمهتبارن به ئهنجامدانی كردهوهی تیۆریستی له فهڕهنسا".
لهبارهی ئهو فهڕهنسیانهی كه ئێستا لهناو گرووپه جیهادییهكاندان، سهدا 68ی بهشداربووانی راپرسییهكه پشتیوانی لهوه دهكهن كه "رێگریی بكرێت له گهڕانهوهی ئهو هاووڵاتییه فهڕهنسیانهی كه گومان دهكرێت پهیوهندیان كردبێت به گرووپه جیهادییهكانهوه".
لهبارهی دهستوهردانی فهڕهنساش له ههندێ وڵات، سهدا 57ی بهشداربووانی راپرسییهكه پشتیوانی له دهستورهدانی سهربازی فهڕهنسا ناكهن له سوریا و یهمهن و لیبیا، ههروهها سهدا 63پشتیوانی له چڕكردنهوهی پرۆسه سهربازییهكانی فهڕهنسا له عیراق ناكهن.
xendan
19/1/2015
لە سەردەمێکدا کە ئێران لە لایەن وڵاتانی رۆژئاواوە بەهۆی بەرنامە ئەتۆمییەکانیەوە گەمارۆی نەخرابووە سەر، رۆژانە 3 ملیۆن و 700 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەم دەهێنا و یەك ملیۆن و 300 هەزار بەرمیلیشی هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەكرد. بە گوتەی دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتەش 33 لە سەدی بودجەی ساڵانە لەسەر نەوتە و بودجەی ساڵی 1394ی هەتاوی لە سەر بەهای یەک بەرمیل نەوت 72 دۆلار دیاریکراوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە کە بەهای یەک بەرمیل نەوتی ئێران لە بازاڕەکانی جیهاندا بۆ 45 دۆلار و 16 سەنت دابەزیوە. هەندێک لە شارەزایانی بواری ئابووریش پێیان وایە پشتبەستنی بودجەی ئێران بە هاناردەکردنی نەوت زیاتر لە 33 لە سەدە.
محەممەد قەسیم عوسمانی، نوێنەری شاری بۆکان لە پارلەمانی ئێران دەڵێت؛ دابەزینی بەهای نەوت هەم هەڕەشەیە و هەم دەرفەتێک. دەشڵێت چەندین ساڵە چاوەڕوانی ئەو دەرفەتەین بۆ ئەوەی بودجەی ساڵانە کە بە نەوتەوە بەستراوەتە، جیا بکەینەوە.
عوسمانی لە بارەی هەڕەشەکانی دابەزینی نرخی نەوت راشیگەیاندووە، داهاتی فرۆشتنی نەوت لە پرۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و بەرهەمهێنان خەرج دەکرا و دەبووە هۆی رەخساندنی هەلی کار و زیادکردنی بەرهەمی گشتی و بەرزبوونەوەی بەهای ئەرز، بەڵام بودجەی ساڵی داهاتوو هەڵگریی ئەم بابەتانە نییە.
شارەزایانی بواری ئابووری دەڵێن ئەگەر هاناردەکردنی نەوتی ئێران بۆ بازاڕەکانی جیهان لە یەک رۆژدا زیاتر لە یەک ملیۆن بەرمیل بە بەهای 40 دۆلار زیاتر نەکرێت، داهاتی نەوت 31 هەزار میلیار تمەن كورت دێنێت.
دابەزینی نرخی نەوت کاریگەریی نەرێنی لە سەر ئابووری، پیشەسازیی، باج، پرۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و بژێوی ژیانی رۆژانەی خەڵک دادەنێت. یەکێک لە کاریگەرییەکانی دابەزینی نرخی نەوتیش لە سەر بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا، بە تایبەت دابەزینی نرخی نان و دەرمانە.
هەڵبەت هەندێک لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەڵێن دابەزینی بەهای نەوت هیچ کێشەیەک بۆ ئەو وڵاتە دروست ناکات، بەڵام جێگری وەزیری نەوت رایگەیاندووە ئەو وەزارەتە چیدی ناتوانێ بڕە پارەی یارانەکان دابین بکات.
ئێسحاق جەهانگیری، جێگری سەرۆککۆماری ئێران دەڵاَێت:" حکومەت هێشتا نەیتوانیوە خەڵک تێبگەیێنێت کە دابەزینی بەهای نەوت چەندە کاریگەریی لە سەر ژیانی رۆژانەی خەڵک و سیاسەتی ئابووری دەبێت".
19/1/2015