جنراڵ جۆن ئالن، رێکخەری هەڵمەتی وڵاتانی هاوپەیمانان لە دژی گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی (ناسراو بە داعش) رایگەیاند، ئەوەی چەکدارانی داعش لە شاری کۆبانێ لە رۆژئاوای کوردستان دەیکەن خۆکوشتنە.
ژەنراڵ جۆن ئالن لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی میللییەتی تورکی، زۆرتر دەڵێت:" لە چەند رووێکەوە ئاشکرایە کە چەکدارانی داعش خۆیان بە هێرشکردنە سەر کۆبانێ تووشکرد و دۆخی داعش لەو شەڕە هاوشێوەی خۆکوشتنە، چونکە لەودەمەی ئەوان چەکداری زۆرتر دەنێرن بۆ هێرشکردنە سەر کۆبانێ، فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان ئەو چەکدارانە دەکەنە ئامانج".
رێکخەری هەڵمەتی هاوپەیمانان لە دژی داعش دەشڵێت،" هاوپەیمانان بەردەوام دەبن لە پاڵپشتیکردنی شەڕڤانانی کورد کە بەرگری لە کۆبانێ دەکەن، بۆیە لە کۆتاییدا داعش لە کۆبانێ دەكشێتەوە، چونکە ناتوانێ لەو شەڕە سەربکەوێت".
ژەنراڵ جۆن ئالن ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات کە "هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان بۆ سەر چەکدارانی داعش لە کۆبانێ تا ئێستا بوونەتە هۆی کوژرانی زۆرتر لە 600 چەکداری داعش، ئەگەریش داعش لە کۆبانێ بکشێتەوە ئەوا دەبێتە ئاماژەی دەستپێکی کۆتاییهاتنی پێشڕەوییەکانی داعش لە ناوچەکە".
ئەمە لەکاتێکدایە تا ئێستا فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا بەردەوامن لە بۆردومانکردنی چەکدارانی داعش لە نێو کۆبانێ و دەوروبەری. لەکاتێکدا هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان هاوشێوەی شەڕڤانانی یەکینەکانی پاراستی گەل YPG بەردەوامن لە بەرگریکردن لە کۆبانێ.
21/11/2014
سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایدەگەیێنێت، ئێمەو توركیا زۆر لەیەكەوە نزیكن و هیوادارم ئەو ساردییەی لە رابردوودا لە پەیوەندییەكانی عێراق و توركیا هەبوو نەمێنێت. لە بەرامبەریشدا سەرۆكوەزیرانی توركیا دەڵێت، لەرووی مێژووییەوە خزمایەتییان لەگەڵ كورد هەیە و هەموو هاوكارییەكی پێویست پێشكەش بە كوردستان دەكەین.
ئەمڕۆ هەینی 21/11/2014، مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆكوەزیرانی توركیا دوای كۆبوونەوەكەیان كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانی هاوبەشیان ئەنجامدا، لە كۆنگرەكەدا بارزانی رایگەیاند،" ئێمەو توركیا زۆر لەیەكەوە نزیكین و هیوادارم ئەو ساردییەی لە رابردوودا لە پەیوەندییەكانی عێراق و توركیا هەبووە نەمێنێت".
بارزانی سەبارەت بە رەوشی كۆبانێ و ناردنی هێزی پێشمەرگەی زۆرتر بۆ ئەو شارۆچكەیەی رۆژئاوای كوردستان، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە رەوشی مەیدانی كۆبانێ و پێكدادانەكان بڕیار لەسەر ئەوە دەدەن كە هێزی پێشمەرگەی زۆرتر بنێرن یان نا.
هەروەها لەوەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووساندا سەرۆكی هەرێمی كوردستان وردەكاریی رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدای ئاشكراكرد و گوتی: "لەسەر ئەوە رێككەوتووین كە بەغدا بە دوو گوژمەی 500 ملیۆن دۆلاری، بڕی یەك ملیارد دۆلار بۆ كوردستان بنێرن و ئێمەش لەبەرامبەردا 150 هەزار بەرمیل نەوتی كەركووك لە رۆژێكدا هەناردە بكەین".
هاوكات ئەحمەد داودئۆغڵو لە سەرەتای گوتەكانیدا سەرەخۆشی لە قوربانییانی تەقینەوەكەی هەولێر كرد كە رۆژی چوارشەممە تەقینەوەیەكی خۆكوژی لە بەردەم پارێزگای هەولێر روویداو بەهۆیەوە 5 كەس شەهید بوون و 29ی دیكەش برینداربوون. دواتر گوتی، "خۆشحاڵم لە هەولێر دووبارە دۆستەكانم دەبینمەوە، ئێمە هەموو كاتێك لەگەڵ براكانمان بووین و ئەمەم بە بەڕێز بارزانی گوتووە".
داودئۆغڵو باسی هێرشەكانی داعشی كردو گوتی،" بەهۆی شەڕی داعش دوو ملیۆن مرۆڤ ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە و ئێستا دوو ملیۆن ئاوارەی عێراقی و سووری لە توركیا نیشتەجێكراون، هەروەها گوتیشی،" لەگەڵ بەڕێز بارزانی بەوردی باسی لەشكركێشییەكەی داعشمان كرد بۆ سەر كوردستان. قسەشمان لەسەر شێوازی هاوكاری و پشتیوانیی ئەمنی و سەربازی لەگەڵ هەرێمی كوردستان كرد".
هاكان فیدان، سەرۆكی دەزگای میتی توركیا ئەندامی شاندەكەی داودئۆغڵوە بۆ هەولێر، لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لەبارەی هۆكاری هاتنی هاكان فیدان بۆ هەولێر، داودئۆغڵو گوتی: "لەبەرئەوەی قسە لەسەر مژارە ئەمنی و هەواڵگرییەكان دەكرێت، زۆر ئاساییە ئەگەر هاكان فیدان بێتە هەولێر".
سەرۆكوەزیرانی توركیا باسی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و وڵاتەكەشی كرد و گوتی،" پابەندین بەبەڵینەكانمان لەگەڵ كوردستان لەرووی وزەەوە". ئاماژەی بە قەبارەی ئاڵوگۆڕی نێوان توركیا و عێراق كرد و گوتی،" قەبارەی بازرگانی توركیا لەگەڵ عێراق 12 ملیارد دۆلارە كە 8 ملیارد دۆلاری لەگەڵ هەرێمی كوردستانە".
داودئۆغڵو جەختیكردەوە كە لەرووی مێژووییەوە خزمایەتییان لەگەڵ كورد هەیە و هەموو هاوكارییەكی پێویست پێشكەش بە كوردستان دەكەن. سەبارەت بە دۆخی عێراقیش گوتی،" سەقامگیری عێراق بۆ توركیا حەیاتییە و بەردەوام دەبین لە هاوكاریكردنی بەغدا، ناشبێت لە بەغدا هیچ پێكهاتەیەك پەراوێزبخرێت".
rudaw
21/11/2014
تا دێت گوندەكانی ئێران چۆڵتر دەبن و شارەكان قەرەباڵغتر، پشكی شێریش لە چۆڵبوونی گوندەكان بەر رۆژهەڵاتی كوردستان دەكەوێت، بە جۆرێك هەندێك لە گوندنشینان تەنانەت لە رۆژهەڵاتی كوردستانیش ناگیرسێنەوە و لە شارە گەورەكانی وەكو تاران و ئیسفەهان نیشتەجێ دەبن.
ساڵانی 1960 تاوەكو 1965 محەممەد رەزا پەهلەوی، شای ئەوكاتی ئێران بڕیاری دابەشكردنی زەوی دا بەسەر گوندنشینان، بەمەش زۆربەی زەوییەكان لە دەستی ئاغاكان هاتنەدەر و كەوتنە دەستی جوتیاران و گوندنشینان، ئەمە سەرەتایەك بوو بۆ بووژانەوەی كەرتی كشتوكاڵ و كارابوونی رۆڵی گوندەكان لە ئابووریی وڵاتدا. لەو سەردەمەدا ژمارەی دانیشتووانی ئێران بە رۆژهەڵاتی كوردستانەوە 19 ملیۆن كەس بووە كە 13 ملیۆنیان لە گوندەكان دەژیان، بەڵام ئێستا هاوكێشەكە بە تەواوی پێچەوانەوە بووەتەوە، بەجۆرێك دانیشتووانی ئێران كە ئێستا 75 ملیۆن كەسن، 71%یان شارنشینن.
لە رۆژهەڵاتی كوردستان ژمارەیان كەم نییە ئەوانەی داری هەڕاجیان لە مەڕ و ماڵات و داراییەكانی خۆیان داوە و بە هیوای ژیان و كارێكی باشتر روویانكردووەتە شارە گەورەكانی ئێران.
بەپێی ئامارەكانی ئەرشیفی پەرلەمانی ئێران، تەنیا تاوەكو ساڵی 2000 لە شاری بیجاری پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی كوردستان زیاتر لە 150 هەزار دانیشتووی ئەو شارە روویانكردووەتە شارە گەورەكانی ئێران، ئەوە لە كاتێكدایە كە دانیشتووانی ئەو شارە بەپێی ئامارەكانی ساڵی 2010 تەنیا 100 هەزار كەس بووە، واتە زۆربەی خەڵكی ئەو شارە كۆچیان كردووە. ئەو كۆچە گشتگیرە زۆربەی ناوچەكانی پارێزگای ئیلام و كرماشان و سنە و لوڕستانی گرتووەتەوە.
هەرچەندە ئامارێكی روون و جێی متمانە لەبەردەست نییە، بەڵام بەپێی ئامارە نافەرمییەكان زیاتر لە دوو ملیۆن هاووڵاتی رۆژهەڵاتی كوردستان بە گشتی لە شارە گەورەكانی ئێران و بە تایبەتی لە تاران نیشتەجێن.
بەپێی ئامارەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران، بەهۆی كۆچی گوندنشینانەوە بۆ شارەكان، لە ئێراندا زیاتر لە 40 هەزار گوند چۆڵكراون. لەبەرئەوەشە كە لە رۆژهەڵاتی كوردستان، شارەكانی وەك ورمێ، سنە، كرماشان، خۆی، سەقز و بۆكان دوای شۆڕشی 1979 ژمارەی دانیشتووانیان دوو بەرامبەر بووەتەوە و ئێستا كرماشان و سنە و ورمێ بوونەتە سێ گەورە شاری رۆژهەڵاتی كوردستان.
چالاكڤانانی سیاسی لە رۆژهەڵاتی كوردستان دەڵێن چۆڵبوونی گوندەكان و كۆچی خەڵكی لە هەندێك شارۆچكەی رۆژهەڵاتی كوردستان بەهۆی سیاسەتە چەوتەكانی كۆماری ئیسلامی ئێرانە، بە تایبەت لە شارەكانی ورمێ، سەڵماس، خۆی، تكاب، ساینقەلا، میاندواو، بیجار و سونقوڕ.
ئەوان دەڵێن زۆربەی هەلی كارەكان، بە پۆستی ئیداری و حكومی و كەرتی تایبەتەوە دەدرێت بە ئازەرییەكان و گەنجانی كورد بەو شێوەیە هیچ رێگایەكیان لەبەردەم نامێنێ جگە لە كۆچكردن.
دیاكۆ خەیات، ئابووریناسی رۆژهەڵاتی كوردستان دەڵێت شارەكان ئامادەیی ئەو رێژە بەرزەی كۆچی گوندنشینانیان نەبووە و هاوتەریبی ئەوە گەشەیان نەكردووە و نەزم و گەشەی شارەكانیش تێكچووە.
ناوبراو سەبارەت بە كاریگەری و مەترسی چۆڵبوونی گوندەكان لە ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان بە (رووداو)ی گوت "كۆچی دانیشتووانی گوند بۆ شارەكان، كشتوكاڵی لاواز كردووە و كاریگەری نەرێنی و راستەوخۆی لەسەر كەرتی پیشەسازی هەبووە" .
بە گوتەی دیاكۆ خەیات، تێچووی زیندووكردنەوەی گوندێك كە چۆڵكراوە، چەندین بەرامبەری نۆژەنكردنەوەی گوندێكە، كارێك كە حكومەتی كۆماری ئیسلامی ئێران 10 ساڵە ئەنجامی دەدات لە ژێر ناوی پڕۆژەی نۆژەنكردنەوەی گوندەكان كە لە ئێران بە "هادی" دەناسرێت. ئەم هەڵمەتە زۆربەی گوندە گەورەكانی ئێرانی گرتووەتەوە، بەڵام كاریگەری نەبووە لەسەر چۆڵبوونی گوندەكان.
بە گوتەی ئابووریناسان، حكومەت گرنگی پێویستی بە كەرتی كشتوكاڵ نەداوە، بۆیە گوندنشینان كۆچ دەكەن بۆ شارەكان.
خەڵك چۆن دەگەڕێنەوە گوندەكان؟
دیاكۆ خەیات سەبارەت بە رێكارەكانی گەڕاندنەوەی خەڵك بۆ گوندەكان دەڵێت حكومەت پێویستە ئەو چەند كارە بكات:
1 - پشتگیری لە كەرتی كشتوكاڵ و گەرەنتی كردنی كڕینەوەی بەرهەمی جوتیاران بە نرخێكی دیاریكراو.
2 - گشتگیركردنی بیمەی كشتوكاڵی.
3 - پێدانی قەرزی بچوك و گەورە بۆ كڕینی ئامێری پێشكەوتووی كشتوكاڵی
4 - زیادكردنی خزمەتگوزاری بۆ گوندەكان وەك تەندروستی، خوێندن، ئینتەرنێت و چاككردنی رێگەو بانەكان.
rudaw/
21/11/2014
بە سەرکەوتنی شۆڕشی ئێران لە ساڵی 1979، ناکۆکییەکی قوڵ باڵی بەسەر پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمریکادا کێشا، کە ئێستاش دوای 35 ساڵ ئەو ناكۆكییە هەر بەردەوامە. بەرپرسانی باڵای سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێن، ئەگەرچی لەساڵانی سەرەتایی سەرکەوتنی شۆڕشدا، ئەمریکا تەنگی پێ هەڵچنیبوون، بەڵام ئێستا بەهۆی پەرەگرتنی بنەما فیکری، کەلتووری و سیاسییەکانی ئەو شۆڕشە، لە هەزاران کیلۆمەتر دوورتر لە سنوورەکانی ئێران خەریکن ناکۆکییەکانیان لەگەڵ ئەو وڵاتە یەکلایی دەکەنەوە. باشترین نموونەشیان عێراقە.
جێگری فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی ئێران، سەردار حوسێن سەلامی، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەرپرسانی بەسیجی دەزگای داد رایگەیاندووە، قۆناخەکە بەجۆرێک گۆڕاوە کە ئەمریکا تێچووەکەی دەدات و ئێران بەرهەمەکەی دەخوات. بەگوتەی ئەو بەرپرسە باڵایەی سوپای پاسداران، ئەمریکا لەماوەی 11 ساڵدا نزیکەی 3 تریلیۆن دۆلاری لە عێراقدا خەرجکرد، بەڵام نەیانتوانی رێکار و مکانیزیمی گونجاو بۆ گۆڕینی سەرکەوتنی سەربازی بۆ بەرژەوەندی سیاسی جێبەجێ بکەن و ئێران لەو کێبەڕکێیەدا پێش ئەمریکا کەوت.
جێگری فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران ئاماژەی بەوەش داوە، حکومەتی سەرەکی لە عێراقدا کەوتە دەست کەسانێک کە لەلایەن ئێرانەوە پەروەردەکرابوون و سەرەڕای ئەوەی کە ئەمریکا لەرووی سیاسی و سەربازییەوە لە عێراقدا دەسەڵاتی هەبوو، بەڵام لەئاکامدا ناچاربوو ئەو وڵاتە جێبهێڵێت.
حوسێن سەلامی لەبارەی رەوشی سووریاش دەڵێت، دەسەڵاتە جیهانی و ناوچەییەکان پێیانوابوو لەماوەیەکی کەمدا بەو بڕە پارە زۆرەی خەرجیانکردووە، دەتوانن حکومەتی بەشار ئەسەد بڕوخێنن،، بەڵام شکستیان خوارد.
ئەو فەرماندەیەی سوپای پاسداران ئێران بە کلیلی چارەسەری گرێکوێرە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەكە و بە تێرمیناڵی دیپلۆماسی جیهان لەقەڵەمدەدات. بە ئاماژەدان بە توانای سەربازی وڵاتەکەشی دەڵێت، دەتوانین لە هەر شوێنێک کە بمانهەوێ، بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی نەیاری کۆماری ئیسلامی ئێران بکەینە ئامانج.
rudaw
21/11/2014
گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی (ناسراو بە داعش) بەرپرسیارێتیی خۆی لە ئەنجامدانی تەقینەوەكەی دوێنێ ناو شاری هەولێر راگەیاند. لە راگەیەندراوێكی ویلایەتی كەركووكی داعشدا، كە تۆڕی میدیای رووداو كۆپییەكی دەستكەوتووە، ئەوە ئاشكراكراوە كە ئەنجامدەری تەقینەوەكە كەسێك بووە كە لەناو داعشدا نازناوی "عەبدولرەحمان ئەلكوردی"ی هەبووە.
داعش لە راگەیەندراوەكەیدا دەڵێت ٥٨ كەس لە تەقینەوەكەی هەولێردا گیانیان لەدەستداوە و بریندار بوون، هەروەها ٨٠ ئۆتۆمبێلیش زیانیان پێگەیشتووە. ئەمەش لەكاتێكدایە كە بەپێی زانیارییە پشتڕاستكراوەكانی رووداو ژمارەی قوربانییان ٣٤ كەس بووە. تاریق نووری، بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر، لەبارەی ئەو راگەیەندراوەی داعشەوە بە رووداوی راگەیاند: "ئێمە گوێ نادەینە ئەو قسانە و هێشتا لێكۆڵینەوەكانمان لەبارەی تەقینەوەكەی دوێنێوە بەردەوامن".
rudaw/
20/11/2014
مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوورە لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم و دەڵێ پەرلەمانی کوردستان کاتەکەی دیاریدەکات، بارزانی دەشڵێ بۆ ئەو سەربەخۆیی گرنگە نەک ئەوەی کێ سەرۆکی کوردستان دەبێت.
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی فرانس ٢٤ی فەرەنسی، بارزانی دووپاتیدەکاتەوە کە ریفراندۆم و بڕیار دان لە سەر مافی چارەنووس مافێکی گەلی کوردە و هیچ پێشهاتێک رێگری لێناکات.
بارزانی دەڵێت:”پرۆسەی ریفراندۆم گەڕانەوەی بۆ نییە و رەنگە کاتەکەی کەمێک دوا بکەوێ بەڵام هەرگیز بۆ دواوە ناگەڕێتەوە و کورد لە مافی خۆی خۆش نابێت
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەشێكی دیکەی هەڤپەیڤینەکدا ئاماژە بەوەدەکات کە پەرلەمانی کوردستان کار لەسەر دیاریکردنی کاتی ریفراندۆمەکە دەکات.
بارزانی لەسەر مەسەلەی عێراق قسە دەکات و دەڵێ دەبێ ئەو راستییە بزانرێ کە کورد و عەرەب دوو نەتەوەی سەرەکی ناو عێراقن و دەبێ کورد هاوبەش بێ لە عێراق.
لەبارەی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق و جیاوازی لەگەڵ مالیکی بارزانی دەڵێ نامەوێ قسە لەسەر ئەو بابەتە بکەم.
بێژەری کەناڵە فەرەنسییەکە پرسیاری ئەوە لە بارزانی دەکات کە ئایا دەیەوێ ببێتە سەرۆکی هەموو کورد، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەمشێوە وەڵام دەداتەوە: “ هەرگیز خەونی ئەوەم نەبووە بمە سەرۆکی هەموو کورد و پێشبینیشم نەکردووە. گرنگترین خاڵ ئەوەیە کە کوردستان سەربەخۆ بێ نەک کێ سەرۆکی کوردستان بێت.”
rudaw
20/11/2014
ئاژانسی هەواڵی دۆیچەڤێللەی ئەڵمانی بڵاویكردووەتەوە، کە لە سەروبەندی نزیكبوونەوەی دوامۆڵەت بۆ رێکكەوتنی ئەتۆمیی ئێران و خۆرئاوا. وڵاتانی عەرەبی كەنداو ناكۆكییەكانیان وەلاناوە و سەرقاڵی دۆزینەوەی چارەسەرن بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەگەری رێکكەوتنی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی 5+1 و پلاندانان بۆ ئەو گۆڕانكارییانەی بە دوایدا دێن.
رۆژی چوارشەممە 19ـی تشرینی دووەمی 2014، سعودیە، ئیمارات و بەحرەین رێككەوتن لە سەر ئەوەی باڵیۆزەكانیان رەوانەی وڵاتی قەتەر بكەنەوە، ئەو سێ وڵاتە پێشتر بە هۆی پشتگیریی قەتەر لە چەكدارە ئیسلامخوازەكانی نەیاری حكومەتی سووریا و بەهاری عەرەبی، باڵیۆزەكانیان لە قەتەر كشاندبووەوە.
هەندێك لە دیپلۆماتكاران لەو بڕوایەدان شای سعودیە پلانداڕێژەری ئەو نزیكبوونەوەیەی وڵاتانی عەرەبییە بە مەبەستی رووبەڕووبوونەوەی پەرەسەندنی دەسەڵاتی ئێران لە ناوچەكەدا.
20/11/2014
ئهنجومهنی ئاسایشی ههرێمی كوردستان رایدهگهیهنێت، تهقینهوهكهی ئهمڕۆی ههولێر له دوژمنێكی شكستخواردوو چاوهروانكراوه، چونکە برا پێشمهرگهكان له بهرهكانی شهڕدا، رۆژانه گوورزی كوشنده له تیرۆریستان دهوهشێنن و خهونهكانیان بۆ گهیشتن به كوردستان له گۆڕ دهنێن، بۆیه نائومێدانه پهنا بۆ كرداری لهمجۆره دهبهن.
دهقی راگهیهندراوهكه:
راگهیهندراوێك له ئهنجومهنی ئاسایشی ههرێمی كوردستانهوه
جهماوهری خۆشهویستی كوردستان
دانیشتوانی خۆراگری پایتهختی ههرێم
بهداخهوه نیوهرۆی ئهمرۆ جارێكی دیكه دهستی رهشی تیرۆر گهیشهته ههولێری پایتهختی ههرێم و به هۆی تهقینهوهی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبرێژكراو له بهردهم باڵهخانهی پارێزگای ههولێر ژمارهیهك له برایانی پۆلیس و هاوڵاتیانمان شههید و بریندار بوون.
ئهم كردهوه قێزهوهنه له دوژمنێكی شكستخواردوو چاوهروانكراوه. برا پێشمهرگهكانمان له بهرهكانی شهڕدا رۆژانه گورزی كوشنده له تیرۆریستان دهوهشێنن و خهونهكانیان بۆ گهیشتن به كوردستان له گۆڕ دهنێن، بۆیه نائومێدانه پهنا بۆ كرداری لهمجۆره دهبهن.
بهداخهوه وهك بۆمان روون بوهتهوه تیرۆریستان سود لهو ئاسانكارییانه وهردهگرن كه بۆ مامهڵه لهگهل دانیشتوانی ناوچهكانی دیكهی عیراق له ههرێمدا گیراوهته بهر. ئهم رێكار و ئاسانكارییانه كهلێنی گهورهن و مهترسین بۆ سهر ئاسایشی ههرێم. ئێمه له ئهنجومهنی ئاسایشی ههرێم به پێویستی دهزانین كه ههم حكومهتی ههرێم و ههم هاوولاتیانی خۆشهویست رهچاوی دۆخی ئاسایشی ههرێم بكهن و ئهو كۆسپ و لهمپهرانه نههێڵدرێن كه لهبهردهم رێكاره ئهمنییهكان دروستكراون.
لهم كات وساتهدا زیاتر له ههمیشه خوازیاری هاوكاریی هاوڵاتیانی خۆشهویستمانین بۆ ئهوهی دامودهزگا پهیوهندیدارهكانمان له ههر جموجۆڵێكی گوماناوی ئاگادار بكهنهوه، برایانتان له ئاسایش و زێرهڤانی و پۆلیس وێرای ئهركی پاراستنی ناوخۆ، له زۆربهی بهرهكانی جهنگدا شانبهشانی پێشمهرگه له خزمهتدان، بۆیه چاوهروانیمان له گشت چین و توێژهكانی ههرێم زیاتره كه به ئهركی نیشتمانیی خۆیان ههستن و به چاوكراوهیی زیاترهوه ئاگاداری ههر سوچێكی گهرهك و شارو شارۆچكهكانمان بن.
لێكۆڵینهوه له رووداوهكهی ئهمرۆ دهستی پێكردووه و بێگومان وهك ههمیشه ئهنجامدهرانی ئهم تاوانهش راپێچی بهردهم دادگا دهكرێن و به سزای شیاوی خۆیان دهگهن.
ئهنجومهنی ئاسایشی ههرێمی كوردستان
١٩/١١/٢٠١٤
سەرۆكوەزیرانی توركیا چاودێری بیانی، یان وەك خۆی دەڵێ "چاوی سێیەم" بۆ چاودێریكردنی پڕۆسەی ئاشتی رەتدەكاتەوە. ئەو دەڵێ "لەگفتوگۆكانی ئۆسلۆ تاقیمانكردەوە، بەڵام نەگەیشتە ئەنجام".
ئەحمەد داودئۆغڵو، لە كاتی گەڕانەوەی لە فلیپین بۆ توركیا لەنێو فڕۆكەی تایبەتی سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی وەڵامی رۆژنامەنووسانی دایەوە و گوتی: "ئەم پرسە پرسی نێوخۆیی توركیایە و دەبێ لەنێو هاونیشتمانیانی خۆماندا باسی لێوە بكەین، ئەگەری بوونی هیچ چاودێرێكی بیانی لەئارادا نییە".
لەماوەی رابردوودا، بەتایبەت لەدوای خۆپێشاندانەكانی 6 و 7 ی تشرینی یەكەمی 2014 چەند سەركردەیەكی كۆما جڤاكێن كوردستان KCK و پارتی كرێكارانی كوردستان PKK رایانگەیاند كە گەریلاكانیان گەڕاندوونەتەوە نێو خاكی توركیا و بە چەكی باشتر و هێزی زیاترەوە لە ئامادەباشیدان. لەبەرامبەر ئەو لێداوانانە داودئۆغڵو گوتی: "PKK بەڵێنەكەی خۆی نەبردەسەر".
لەوبارەیەوە زیاتر گوتی: "ئەوان هیچ بەڵێنێكی خۆیان نەبردەسەر، بڕیاربوو توركیا بەجێبهێڵن و چەكەكانیان دابنێن، دەبوو ئەمانە زۆر زووتر بكرابان، بەڵام ئێمە ئەوەی پێویستبوو بۆ پڕۆسەی ئاشتی بەجێمانهێناوە".
لەبارەی هاتنی چەكدارانی بیانی لەرێگەی توركیاوە و چوونیان بۆ نێو ریزەكانی چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە سووریا داودئۆغڵو ئەوەی ئاشكرا كرد: "وەزیری دەرەوەی یەكێك لە وڵاتە گرنگەكانی ئەوروپا دوو ساڵ پێش ئێستا داوای لێكردم كە "رێوشوێنی پێویست بگرینەبەر" منیش گوتم ئێوە رێگە مەدەن ئەو چەكدارانە لە وڵاتی ئێوەوە بێنە دەرەوە، ئەویش گوتی ئێمە وڵاتێكی دیموكراسین و ناتوانین ئازادی گەشتكردن لە خەڵك بگرین، دوای ئەم قسانە ئێمە رێگریمان لە 700 چەكداری بیانی كردووە، كە لە وڵاتانی ئەوروپاوە هاتوون".
"بە رژێمی سووریامان گوت ناسنامە بە كورد بدەن".
سەرۆكوەزیرانی توركیا دەڵێ: "ئێمە ئەو كاتەی پەیوەندیمان لەگەڵ رژێمی ئەسەد باش بوو پێمانگوتن ناسنامە بە كورد بدەن، بەڵام PYD دەچێت پەیوەندی لەگەڵ رژێمی بەشار ئەسەد دادەنێ و هەماهەنگی لەگەڵ دەكات".
ئەو قسانەی داودئۆغڵو لەكاتێكدان كە هێشتا لە دەستووری توركیا "یەك زمان" و "یەك نەتەوە" هاتووە و نەتەوە و كەمینەكانی دیكە لە توركیا بۆیان نییە لە خوێندنی فەرمیدا بە زمانی دایكی خۆیان بخوێنن و جگە لە ناسنامەی "توركبوون" هیچ ناسنامەیەكی دیكەیان هەبێت.
19/11/2014
شێخ موعتەسەم شێخ سەعید بەرزنجی، شێخی تەریقەتی قادری ولیانی، كە لە شارۆچكەی ئاكرێ دادەنیشێت، شەوی رابردوو لە ئەنقەرەی پایتەختی توركیا بە نەخۆشی كۆچی دواییكرد.
تەریقەتی قادری ولیانی تەریقەتێكی گەورەی باشووری كوردستانە و دوو تەکییەیان هەیە و رۆژانە سەدان كەس سەردانی ئەو تەکییانە دەكەن، یەكێكیان لە قەزای ئاكرێ و ئەوی دیكەشیان لە شارەدێی روڤیایە.
بڕیارە تەرمی شێخ موعتەسەم لە تەکییەی شێخ ئیسماعیل ولیانی لە روڤیا بنێژرێت.
ئەم تەریقەتە هەزاران شوێنكەوتە و دەروێشی هەیە، لە باشووری كوردستان، عێراق، ئێران، توركیا، پاكستان، سودان.
چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ چوارشەممە 19ـی تشرینی دووەمی 2014، تەرمی شێخ موعتەسەم لە دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیل بگەڕێندرێتەوە باشووری كوردستان.
19/11/2014
تاهیر عەبدوڵڵا جێگری پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند، تەقینەوەکەی ئەمڕۆی بەردەم پارێزگاری هەولێر خۆکوژی بووە و ویستوویەتی بچێتە نێو بینای پارێزگای هەولێر خۆی بتەقێنێتەوە.
جێگری پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند؛ خۆکوژەکە ویستوویەتی بە ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو بچێتە نێو بینای پارێزگا و لە لایەن پاسەوانەکان ڕێگری لێکراوە و لە بەردەم دەرگای پارێزگا خۆی تەقاندۆتەوە.
PNA
19/11/2014
جێگری سەرۆكی پارتی داد و گەشەپێدان AKP گوتی: "بەهۆی كۆمەڵكوژی دێرسیم و هەموو ئەو زوڵمەی كە دەوڵەت لەماوەی رابردوودا لە رۆژهەڵات و باشووری رۆژهەڵاتی توركیا لە كوردی كردووە، داوای لێبوردن دەكەم".
ئۆزنور چەلیك، جێگری سەرۆكی پارتی داد و گەشەپێدان AKP لە بارەی ئەو كەشوهەوایەی پڕۆسەی ئاشتی هێناویەتییە ئاراوە گوتی: "لە هەموو توركیا گەڕاوین، لە هەموو شوێنێك تورك، كورد، عەلەوی و سوننی داوامان لێدەكەن كە پڕۆسەی ئاشتی بەردەوام بێت".
بە بۆچوونی ئەو: "بەهۆی پڕۆسەی ئاشتییەوە گەورەترین ئاستەنگ لەبەردەمی توركیا لادەچێت و پێویستە ئەو ئاستەنگە بخەینە بەردەم ئەوانەی دەیانەوێ پڕۆسەكە پەكبخەن".
لەبارەی كۆمەڵكوژی دێرسیم و داوای وەڵامدانەوەی خۆپێشاندەرانی دێرسیم بۆ داوای لێبوردنی حكومەت، گوتی: "حیزبێك بێنە بەرچاوت كە خۆی لە رابردوو بێبەری دەكات، كۆمەڵكوژی دێرسیم بە كۆمەڵكوژی نازانێت، كوشتنی 13 هەزار كەس و ئاوارەكردنی 12 هەزاری دیكە وەك نەبوو دادەنێن".
جێگری سەرۆكی پارتی داد و گەشەپێدان AKP گوتیشی: "ئەو داوای لێبوردنە وەك كەسێكی پلەباڵای نێو AKP دەكەم، ئێمە دوێنێ دێنینەوە بیر و ئەمڕۆ دەژین و داهاتوو بنیات دەنێین، هیچ كەسێكیش بۆی نییە ئینكاری رابردوو بكات".
18/11/2014
نووسینگەی عەلی سیستانی، گەورە مەرجەعی شیعە لە عێراق رایگەیاند فەتوای جیهادی كیفائی، كە مەرجەعی سیستانی بۆ شەڕ لە دژی گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی (ناسراو بە داعش) دەركرا سەركردە سەربازییەكانی ئێران ناگرێتەوە.
نووسینگەی عەلی سیستانی لە راگەیێندراوێكدا دەڵێ: "مەرجەعییەتی باڵای نەجەف رەتیدەكاتەوە پێشوازی لە بەشداریكردنی چەند فەرماندەیەكی سەربازی ئێرانی كردبێت لە شەڕی دژی داعش لە عێراق و بە بەشێك لە جیهادی كیفائی ناساندبێت، ئەو هەواڵانەی كە باس لەوە دەكەن بێبنەمان".
نووسینگەی عەلی سیستانی ئاماژەی بەوەكردووە، "پێشتر نوێنەرانی سیستانی لە وتاری نوێژی هەینی لە كەربەلا لە سەر زاری ئەوەوە داوایان لە وڵاتانی جیهان و وڵاتانی دۆستانی عێراق كرد بەشداری لە جەنگی دژی تیرۆر بكەن، هیچ پێشهاتێكی نوێیش لەو بارەوە نەهاتووەتە ئاراوە".
ئەمە لەكاتێكدایە چەند دەزگایەكی راگەیاندن پێشوەخت وێنەی قاسم سلێمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانیان لەگەڵ چەند سەركردەیەكی سیادی عێراق لە بەرەكانی شەڕ لە دژی داعش بڵاوكردەوە و راشیانگەیاند كە سلێمانی لەلایەن سیستانییەوە پاڵپشتی دەكرێت.
18/11/2014
لە کۆبوونەوەکەی 17-11-2014 ی نێوان شاندی دانوستاندنکاری پارتی دیموکراسی گەلان HDP و جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا، داواکەی HDP بۆ پێکهێنانی شاندێکی چاودێری پەسەندکراوە.
سەرچاوەیەکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو راگەیاند، لایەنی حکومەت رەزامەندی دەربڕیوە بۆ پێکهێنانی شاندی چاودێری کە لە 16 کەس پێکدێت، 8 یان لەلایەن حکومەت و 8 یان لە لایەن HDP دیاریدەکرێن.
پێکهێنانی ئەم شاندە یەکێک بوو لە داواکارییەکانی HDP بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەکە. چاوەڕێدەکرێت شاندی چاودێری لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ هەنگاوەکانی هەردوو لایەنی حکومەت و کوردی بکات.
بەڵام لەگەڵ ئەوەی قۆناغێکی باش بڕدراوە لە دانوستاندنەکان، هەتا ئێستا بابەتی دامەزراندنی سکرتاریەت بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە دوورگەی ئیمراڵی یەکلا نەبووەتەوە. سەبارەت بەو شاندەش کە سەردانی ئیمراڵی دەکات، چاوەڕێدەکرێت هەردوو سیاسەتمەداری کورد خەتیب دیجلە و لەیلا زانا ببن بە بەشێک لەو شاندە.
18/11/2014
سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دەڵێ "سروودی ئەی رەقیب بووەتە درووشمی یەكپارچەیی خاكی كوردستان". جەختیكردووەتەوە كە پەرلەمانی كوردستان سازش لەسەر ئەو سروودە ناكات و دەڵێ "هێڵی سوورە".
د.یوسف محەممەد سادق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ئەمڕۆ سێشەممە پێشوازیكرد لە گرووپی بەرگری نەتەوەیی كوردستان، كە لە ژمارەیەك رۆژنامەنووس و نووسەر و هونەرمەند و چالاكوانی مەدەنی پێكهاتوون.
بەپێی راگەیێندراوێكی نووسینگەی سەرۆكی پەرلەمان، لە سەرەتای دانیشتنەكەدا ، شاندەكە داوایان كردووە لە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرجەم فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان پارێزگاریی لە سروودی (ئەی رەقیب) بكەن و بە پڕۆژە یاسا ئەو سروودە بكەنە سروودێكی نەتەوەیی كورد.
سەرۆكی پەرلەمان رایگەیاندووە "كورد لە هەر چوار پارچەكەی كوردستان لەسەر چەندین شت جیاوازیمان هەیە، بەڵام لەسەر سروودی نەتەوەیی (ئەی رەقیب) هەموومان تەباین و پێمانوایە سروودێكی گرنگە بۆ نەتەوەكەمان، لەبەر ئەوە ئەو سروودە بۆ ئێمە لە پەرلەمانی كوردستان هێڵی سوورە و سازشی لەسەر ناكەین".
ئاماژەی بەوەدا دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بەهەمان تێڕوانینی نەتەوەییەوە سەیری سروودی ئەی رەقیب دەكات.
سەرۆكی پەرلەمان راشیگەیاندووە "ئێستا لەپەرلەمان یاسایەك بۆ ئەو مەبەستە هەیە و خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوەو لە داهاتووشدا دەنگی لەسەر دەدرێت و سروودەكە وەك سروودێكی نەتەوەیی كورد دەناسێنرێت".
rudaw
18/11/2014