دوای نزیكەی 20 رۆژ لە وەستانی هەنگاونان بۆ پڕۆسەی ئاشتی، لە رۆژی چوارشەممەوە دووبارە گرژی نێوان حكومەتی توركیا و پارتی دیموكراتی گەلان HDP خاوبووەتەوە و هەنگاوەكان بە ئاراستەی چارەسەریی دەستپێدەكەنەوە.
پەروین بوڵدان، جێگری سەرۆكی گرووپی پەرلەمانتارانی پارتی دیموكراتی گەلان HDP دەڵێ: "لە رۆژی 11/11/2014 چەند کەسێک لە چوارچێوەی پڕۆسەی ئاشتیدا، لەنێوان حكومەت و هادەپە، كۆبوونەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی بەردەم پڕۆسەكە".
رۆژی چوارشەممە 12ـی تشرینی دووەمی 2014، دوای راگەیاندنی پارتی دیموكراتی گەلان، ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆكوەزیرانی توركیا بە ئەرێنی روانییە راگەیاندنەكەی HDP و گوتی: "هەنگاوێكی ئەرێنییە كە بە ئاراستەیەكی راست نراوە، هەڵسەنگاندنی پێویستی بۆ دەكەین و لەمەودوا لە هەڵێنانی هەنگاوەكان راوێژ بەیەكدی دەكەین".
داودئۆغڵو بەر لە بەڕێكەوتنی بۆ ئوسترالیا بۆ بەشداریكردن لە لوتكەی G20، گوتی: "پێویستی بە نیشاندانی نیازپاكی هەبوو، ئەم راگەیەندراوەی (HDP) وەك پابەندبوونیان بە پڕۆسەی ئاشتییەوە ئەرێنی بوو".
rudaw-
13/11/2014
هادی سادقی، یەكێك لە جێگرانی دەسەڵاتی دادوەری ئێران، رازیبوونی بەرپرسانی ئێرانی بە سەردانی دوو لێكۆڵەری مافی مرۆڤ بۆ ئێران راگەیاند.
سادقی لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ ئەوەی رەخنەی لە ئەحمەد شەهید، ریپۆرتەری رێكخراوی جیهانی مافی مرۆڤ گرت، رایگەیاند، لە ساڵی داهاتوودا دوو لێكۆڵەری مافی مرۆڤ سەردانی ئێران دەكەن. روونیشی كردەوە، کە لە دیداری سەرۆكی نوێی ئەنجوومەنی مافی مرۆڤدا، "ئێران ئامادەیی خۆی پێشانداوە بۆ سەردانی لێكۆڵەرانی بە ویژدان كە لە دوو بواری تایبەتدا راپۆرت ئامادە بكەن، بەڵام ئاشكرای نەكردووە، كە ئەو دوو بوارە تایبەتە چین؟".
ئەحمەد شەهید، كە لەلایەن رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە بە لێكۆڵەری تایبەتی مافی مرۆڤ لە ئێران دانراوە، تا ئێستا رێگای پێ نەدراوە بە مەبەستی لێكۆڵینەوە لە رەوشی مافی مرۆڤ سەردانی ئێران بكات، بەرپرسانی ئێران بە تووندی رەخنە لە راپۆرتەكانی دەگرن و بە لێكۆڵەرێكی بە ویژدان و بێلایەنی نازانن.
زیاتر لە 10 ساڵە ئێران رێگای بە لێكۆڵەرانی مافی مرۆڤ نەداوە، كە سەردانی ئەو وڵاتە بكەن، لە بەرامبەریشدا بە ردەوام بە پێشێلكردنی مافی مرۆڤ تۆمەتباركراوە.
13/11/2014
حکومەتی عێراق رەزامەندی دەربڕیووە بۆ کردنەوەی کۆنسڵخانەی ئەرمینیا لە شاری هەولێر.
نووسینگەی حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند:" حکومەتی عێراق لەسەر داوای وەزارەتی دەرەوەی عێراق، بەگوێرەی ماددەی 26ی یاسای خزمەتی دەرەوە، ژمارە 5ی ساڵی 2008، رەزامەندی نیشانداوە بۆ کردنەوەی کۆنسوڵخانەی ئەرمینیا لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان".
لە راگەیێندراوەکەی نووسینگەی عەبادیدا هاتووە،"شوێنی کارکردنی کۆنسوڵخانەکە تەنیا هەرسێ پارێزگاکانی دهۆک و سلێمانی و هەولێر دەبێت و حکومەتی عێراق لەداهاتوودا مافی کردنەوەی کۆنسوڵخانەی دیکەی دەبێت بەگوێرەی هەمان یاسا".
12/11/2014
جۆن مەککین، سیناتۆری کۆمارییەکان لە کۆنگرێسی ئەمەریکا بە ئاژانسی هەواڵی CNN ی راگەیاندووە، کە ئەو جەنگەی بەرامبەر چەکدارە تووندئاژۆکان هەڵگیرساوە، وەک پێویست بەڕێوەناچێت ئەمە شەڕی ڤێتنامی بیردەخاتەوە. دەشڵێت: '' داعش سەردەکەوێت''.
ئەو سیناتۆرە کۆمارییەی ئەمەریکا پێیوایە شەڕێک لە دژی چەکدارەکانی رێکخراوی داعش هەڵگیرساوە، بەشێوەی پێویست بەڕێوەناچێت و ئەگەر هیچ نەبێت بە خوێندنەوەی تووندئاژۆ تەمەن بچووکەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، ئەو رێکخراوە سەردەکەوێت.
جۆن مەککین ئاماژە بە شەڕێکی کۆنی ئەمەریکا دەدات، کە وەک ئەو دەڵێت بەهۆی زۆر تێکەڵاوبوون و ئاڵۆزی ئەم شەڕەی ئێستای دژی داعش وەک شەڕی ڤێتنامی لێدێت.
جۆن مەککین کە بە سیاسەتڤانێکی سەرسەخت دادەنرێت دژی سیاسەتەکانی دەرەوەی سەرۆکی ئەمەریکا، لە لێدوانەکەی ئاماژە بەو ئامانجانەی ئەمەریکا دەکات کە وڵاتەکەی دژی تیرۆر و تووندئاژۆیی کاری لەسەر دەکات و دەڵێت :'' پلانەکانی ئیدارەی کۆشکی سپی ئامانجەکانی خۆی ناپێکێت'' . دەشڵێت، " هەڵەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا دەبێتە هۆی ئەوەی تووندڕەوە ئیسلامییەکان ناوچەی دیکەش کۆنترۆڵ بکەن"
مەکین دەربارەی ناردنی 1500 پسپۆڕ و راوێژکاری دیکە بۆ عێراق دەڵێت:" ناردنی 1500 سەرباز بۆ تێكشاندنی داعش بەس نییە". نێوبراو ئاماژە بەوەش دەکات" ئەمریکا ئەم شەڕە لەگەڵ داعش ناباتەوە، تەنیا رێگایەک بۆ ئەوەی کە ئامانجەکان بپێکێت ئەوەیە کە دەبێت هێزی وشکانی لەسەر زەوی هەبێت".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جۆن مەکین رایگەیاند، پێویستە ئەمریکا هێزی تایبەت رەوانەی عێراق بکات، ئەمەش هەمان ئەو پێشنیازەیە کە جەنەڕاڵ ئودیرنۆ کردوویەتی. دەربارەی نامەکەی ئۆباما بۆ عەلی خامنەیی رابەری کۆماری ئیسلامی ئێران، مەکین دەڵێت:" شتێکی نا ئەخلاقییە کە ئەمریکا لە شەڕی دژ بە داعش داوای هاریکاری لە ئێران بکات ".
rudaw:
12/11/2014
کۆشکی سپی بڕیاری ناردنی 1500 پسپۆر و راوێژکاری سەربازی بۆ عێراق دوادەخات، تا ئەو کاتەی کۆنگرێس بڕی پێنچ ملیار و 600 ملیۆن دۆلار بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە داعش لە عێراق پەسەند دەکات.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا (پێنتاگۆن) رایگەیاند، کۆشکی سپی بڕیاریداوە ئەو پسپۆر و راوێژکارانە بەرەو عێراق جوڵەیان پێنەکرێت تاوەکو کۆنگرێس دەنگی لەسەرنەدات.
کۆشکی سپی دەسەڵاتی دەستووری هەیە کە 1500 پسپۆڕ و سەرباز رەوانەی عێراق بکات و هاریکاری و راوێژی سەربازی لە دژی داعش پێشکەش بە سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە بکەن.
رۆژی هەینی راگەیێندرا كە ئەم پسپۆر و سەربازانە نانێردرێن بۆ عێراق، لەبارەیەوە کۆلۆنێل ستیڤ وارین لە پێنتاگۆن بە ئاژانسەکانی راگەیاندووە،" پێویستمان بە بودجەیەک هەیە تاوەکو ئەم ئۆپەراسیۆنە دەستپێبکەین. ئەو 1500 پسپۆڕ و راوێژکارانە نانێرین تاوەکو بڕی 5 ملیار و 600 ملیۆن دۆلار تەرخان نەکرێت بۆ ناردنیان" .
کۆی ئەو سەرباز و پسپۆرانەی ئەمریکا لە مانگی شەشەوە تاوەکو ئێستا بۆ عێراقی ناردوون دەگاتە 1600 کەس، بە ناردنی 1500 پسپۆری دیکە ژمارەکە دوو هێندە بەرزدەبێتەوە، ئەمەش بارگرانی دەخاتە سەر ئەو بودجەیەی بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە داعش تەرخانکراوە. لەم ژمارەیەدا 100 سەربازی بۆ باڵیۆزخانەی ئەمریکا تەرخانکراون لە بەغدا. سێ هەزارەکەی دیکەش بۆ هاریکاریکردنی سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگەن.
پێشبینیدەکرێت کۆنگرێس مانگی داهاتوو لەمبارەیەوە گفوتگۆ بکات و بیخاتە نێو ئەجێندای کۆبوونەوەکان، دواتریش جەژنی سەر ساڵی بەسەردا دێت، واتا پێشبینیدەکرێت ئەو 1500 سەربازە لە دوای سەری ساڵی نوێ رەوانەی عێراق بکرێن.
سیناتۆر پاتریک مورفی بە دووری دەزانێت کۆنگرێس بە ئاسانی رەزامەندی لەسەر ناردنی ئەو هێزە دەربکات، پاتریک لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی سی ئێن ئێن دەڵێت: " ئومێدەوارم کە گەڕاینەوە کۆنگرێس گفتوگۆی لەسەر بکەین، بەڵام لەو باوەڕەدام زۆربەی سیناتۆرەکان دودڵن لە پشتگیرکردنی ئەو ژمارە زۆرەی هێزی وشکانی واتا 1500 کەس. بە تایبەتی عێراقییەکان هیچ پێشنیازێکی سیاسییان نییە کە تەواوکەری ئەو جوڵە سەربازییەی ئەمریکییەکان بێت" .
هاوكات سیناتۆر بوک ماکوین رەخنە لە داواکردنی ئەو بودجەیە دەکرێت و دەڵێت "داوا لە ئۆباما دەکەم بە سیاسەتی خۆیدا بچێتەوە و ئەوەمان بۆ روونبکاتەوە کە ئەو بودجەیە ئاراستەیەکی دیکە بە ئۆپەراسیۆنەکان دەبەخشێت". بەپێی راپۆرتەکانی پێنتاگۆن سپۆرە ئەمریکییەکان لە چوار پارێزگای عێراق بڵاوەیان پێدەکرێت، پارێزگاکان بریتین لە بەغداد و ئەنبار و دیالە و هەولێر.
11/11/2014
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەروەت و سامانی تایبەتی خۆی بۆ دەستەی دەستپاكی ئاشكرادەكات.
د.ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆكی دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:" رۆژی سێشەممە 11 تشرینی دووەمی 2014، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان فۆڕمی ئاشكراكردنی بەرژەوەندییە داراییەكانی بۆ دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان رەوانەكردەوە".
سەرۆكی دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە سەروەت و سامانی هیچ بەرپرسێكی هەرێمی كوردستان ئاشكراناكرێت، بەڵكو بە پێی یاسا مامەڵە لەگەڵ ئەو بابەتە دەكرێت و تەنیا زانیارییەكان لە لای دەستەكە دەبن و ساڵانە چاودێری بەرژەوەندیی و سەروەت و سامانی ئەو كەسانە دەكرێت كە فۆڕمەكەیان پڕكردووەتەوە، نێوبراو دەشڵێت:" زانیارییەكان لە لای ئێمە پارێزراودەبن".
11/11/2014
گوتەبێژی حكومەتی توركیا وەڵامی چاوەڕوانی پارتی دیموكراتی گەلان HDP دەداتەوە بۆ چوونە لای ئۆجەلان و دەڵێ: "لەنێوان چەكوشی قەندیل و سندانی ئۆجەلاندا مەبن، ئازادبن و خۆتان بڕیاری خۆتان بدەن".
رۆژی 3-11-2014 پارتی دیموكراسی گەلان بە فەرمی داواكاری پێشكەشی وەزارەتی دادی حكومەتی توركیا كردووە بۆ سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان. بەڵام ئەنقەرە كە بەهۆی خۆپێشاندانەكان بۆ پاڵپشتی كۆبانێ لە باكووری كوردستان، چاوپێكەوتنەكانی لەگەڵ HDP هەڵپەساردوون، تا ئێستا هیچ وەڵامێكی ئەرێنی یان نەرێنی شاندی دانوستاندنكاری نەداوەتەوە.
دوای كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی توركیا بولەنت ئارینچ، گوتەبێژی حكومەتی توركیا لە كۆنفڕانسێكی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "شاندی هادەپە داوایان كردووە بچنە ئیمرالی، بەڵام وەزارەتی داد وەڵامی نەداونەتەوە، هێشتا لەسەر مێزی تاوتوێكردنین و هەڵنەستاوین".
ئارینچ هەروەها گوتی: "دوای خۆپێشاندانەكانی 6و7 ی تشرینی یەكەم چاوەڕێی ئەوەین هادەپە چیدەكات، ئاخۆ پڕۆسەی ئاشتی دەوێ یان نا، دوای ئەوەی رێگایان بۆ كوشتن كردەوە، لەكاتێكدا هیچ گلەییەك لەوانە نییە كە ئەو ناوەیان شێواند ئێستا چاوەڕوانی چی لە ئێمە دەكەن؟".
جەختیشی لەوە كردەوە: "هادەپە ناچارە ئەوەی دەكەوێتە سەر شانی ئەنجامی بدات، بە دۆستە هادەپەییەكانم دەڵێم، لە نێوان چەكوشی قەندیل و سندانی ئۆجەلاندا مەبن، ئازادبن و خۆتان بڕیاری خۆتان بدەن، بە ئازایەتییەوە رۆڵی خۆتان ببین".
لە دوێنێوە دەنگۆی كوژرانی باهۆز ئەرداڵ، فەرمانداری پێشووی هێزەكانی پاراستنی گەل لە میدیا توركییەكان بڵاوبووەتەوە، گوتەبێژی حكومەتی توركیا لەوبارەیەوە دەڵێ: "خۆزگە بەڵگەیەكی لەمشێوەیە دەگەیشتە دەستمان و ئێمەش بە ئێوەمان دەگەیاند، بەڵام سەرچاوەكانی (زانیاری) ئێمە ئەمە پشتڕاست ناكەنەوە، بەڵام لێكۆڵێنەوەكان بەردەوامن".
11/11/2014
مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەردانی میحوەری گەرمەسێری هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکات.
ئەمڕۆ 11/11/2014 مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی میحوەری گەرمەسێری هێزی پێشمەرگەی کوردستانی کرد. پەیامنێرمان پێی راگەیاندین کە بارزانی گەیشتە خانەقین و لەگەڵ فەرماندەکانی پێشمەرگە لەو میحوەرە کۆبووەتەوە. مستەفا سەید قادر، وەزیری پێشمەرگە لەگەڵ بارزانیدایە.
رۆژی پێنجشەممەی رابردووش بارزانی سەردانی میحوەری مەخمووری هێزی پێشمەرگەی کرد و رایگەیاند کە داعش روو لە شکستە.
11/11/2014
بەشار ئەسەدی سەرۆکی سووریا رادەگەیێنێت ئامادەیە تاوتوێی ئەو پلانە بکات کە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئاگربەست لە باکووری حەلەب دایناوە.
سەرۆکی سووریا سیتڤین دیمیستۆرا، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکانی دڵنیاکردووەتەوە سەبارەت بەو دەستپێشخەرییانەی لەبارەی ئاگربەست دەکرێن، ئەمەش دوای دوو هەوڵدانی نەتەوە یەکگرتووەکان دێت کە لە سووریا ئەنجامیانداون. بەشار ئەسەد پرۆسەی ئاگربەست بە پێویست دەزانێت و دەڵێت ئەم پرۆسەیە بۆ دووبارە بنیاتنانەوە و ئەمنییەتی حەلەب پێویستە.
هەوڵەکان بۆ سەقامگیری لە ناوچەکانی سووریا بەردەوامن و ئەمە دووەم سەردانی دیمستۆرایە لەو کاتەوەی لە مانگی حەوت پلانی ئاگربەستییان بۆ سووریا خستووەتە بەردەم لایەنەکان. سەرۆکی سووریا دڵنیایی خۆی لەوە دووپاتکردووەتەوە کە ''حەلەب زۆر گرنگە'' .
لە مانگی حەوتەوە شەڕی قورس لە نێوان هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان و سوپای سووریا دروستبووە. پێشتر نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندبوو حەلەب خاڵێکی گرنگەو دەکرێت ببێتە هەرێمێکی گونجاو بۆ راگەیاندنی ئاگربەست. لەوەتەی شەڕی ناوخۆ لە سووریا دروستبووە، حەلەب لە نێوان هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن و سوپای سووریا دابەش بووە.
10/11/2014
بەگوێرەی ئەنجامی دەنگدانە سیمبولییەكەی هەرێمی كاتالۆنیا سەبارەت بە جیابوونەوەی لە ئیسپانیا، دەركەوتووە لەسەدا ٨٨ی ئەوانەی لە دەنگدانەكەدا بەشدارییان كردووە لەگەڵ سەربەخۆیی كاتالۆنیادان.
هەرێمی كاتالۆنیا كە بڕیار بوو ٩ی ئەم مانگە گشتپرسی تایبەت بە سەربەخۆیی تێدا بەڕێوە بچێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی داداگای دەستووری ئیسپانیا گشتپرسییەكەی بە نایاسایی لەقەڵەم دا، بۆیە ئەو گشتپرسییە وەك پرۆسەیەكی یاسایی نەتوانرا ئەنجام بدرێت و لەجیاتی ئەوە تەنها راپرسییەكی نافەرمی، كە بە ریفراندۆمی سیمبولی ناوی دەركرد ئەنجامدرا، تێیدا بەرێژەیەكی بەرچاو زۆرینەی خەڵكی كاتالۆنیا لەگەڵ ئەوەدابوون كە لە ئیسپانیا جیاببنەوە.
بەگوێرەی دەرەنجامەكان لە كۆی دوو ملیۆن بەشداربوو لەو دەنگدانەدا، نزیكەی یەك ملیۆن و 600 هەزار كەس بە "بەڵێ" دەنگیان بۆ جیابوونەوەی كاتالۆنیا لە ئیسپانیا داوە. بەڵام ئەم ئەنجامە هیچ كاریگەرییەكی لەسەر چارەنووسی ئەو هەرێمە نابێت و پارتە سیاسییەكانی ئەو هەرێمە رایانگەیاندووە، ئەوان بە گوشار خستنە سەر دادگای باڵای دەستووری ئیسپانیا لە هەوڵەكانیان بەردەوام دەبن بۆ ئەوەی رێگەیان پێبدرێت گشتپرسییەكی یاسایی و دەستووری لە هەرێمەكەیاندا ئەنجامبدەن، بەڵام حكومەتی ئیسپانیا بە مەرجێك رازی دەبێت ئەو گشتپرسییە ئەنجام بدرێت كاتێك هەموو ئیسپانییەكان تێیدا بەشدار ببن و بۆچوونی خۆیان سەبارەت بە سەربەخۆیی كاتالۆنیا بخەنەڕوو.
لە دەنگدانە سیمبولییەكەی كاتالۆنیا زیاتر لە پێنج ملیۆن كەس مافی دەنگدانیان هەبوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی وەك دەنگدانێكی نایاسایی ناسرا و هیچ كاریگەرییەكیشی لەسەر داهاتووی هەرێمەكە نەبوو، بۆیە رێژەی بەشداریكردن زۆر كەم بوو و تەنها دوو ملیۆن كەس دەنگیانداوە.
10/11/2014
یوسف محەممەد سادق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت: "كورد بە یەكدەنگی و یەكهەڵوێستی رووبەڕووی تیرۆرستان دەبێتەوە".بەپێویستیشی دەزانێ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی جدیی بێت لە هاوكاریكردنی كورد بۆ بنبڕكردنی تیرۆر. دەشڵێ "ئێستا سووریا بووەتە مۆڵگەی تیرۆریستان و بێ چارەسەركردنی كێشەی سووریا، تیرۆر درێژەی دەبێت".
ئەنوەر موسلیم، سەرۆك وەزیرانی كۆبانێ و غەریب حەسۆ نوێنەری پەیەدە لە هەرێمی كوردستان، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 10ی نۆڤەمبەر،سەردانی پەرلەمانی كوردستانیان كرد و لەلایەن سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكی ژمارەیەك لە فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستانەوە پێشوازیكران.
بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆكی پەرلەمان، یوسف محەممەد سادق لە كۆبوونەوەكەدا باسێكی هەنگاوەكانی پەرلەمانی كوردستان كرد بۆ پشتگیریی و پشتیوانی رۆژئاوای كوردستان و گوتوویەتی "ئێستا كورد لە سەرتاسەری دونیا دژ بە تیرۆریستان یەكدەنگ و یەكهەڵوێستە، ئێمەش وەك ئەركێكی نەتەوەیی لە پەرلەمانی كوردستان بڕیاری ناردنی هێزی پێشمەرگەمان دا بۆ پشتیوانی شەڕڤانانی كورد لە كۆبانێ".
هەر بەپێی راگەیێندراوەكە ئەنوەر موسلیم، سەرۆكوەزیرانی كۆبانێ، "سوپاسی پەرلەمان و هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ پشتیوانیكردنی كۆبانێ". گوتووشیەتی "ئەم هەڵوێستە بە شانازییەوە مێژوو تۆماری دەكات".
موسلیم جەختیكردووەتەوە: "مادام كورد یەكهەڵوێست و یەكدەنگە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان بە دڵنیاییەوە كورد ناكەوێت و تیرۆریستان كۆتاییان پێدێت."
10/11/2014
نووری مالیکی، جێگری سەرۆککۆماری عێراق بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئێران گەیشتە تارانی پایتەختی ئەو وڵاتە و لەلایەن محەمـمەد شەریعەتمەداری، جێگری جێبەجێکاری سەرۆککۆماری ئێران پێشوازی لێکرا.
بڕیارە لەو سەردانەیدا بۆ ئێران، نووری مالیکی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە گفتوگۆ لەسەر پرسە دوولایەن و ناوچەییەکان و هەروەها دۆخی ئێستای عێراق بە تایبەت بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و تووندئاژۆكان بكات.
رۆژی 21-10-2014 حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی تارانی کردبوو و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران بەتایبەت رێبەری ئێران کۆبووەوە.
9/11/2014
گوتهبێژی فهرمی سهرۆكایهتی ههرێمی كوردستان لهبارهی قسهكانی وهزیری دهرهوهی سوریا رایگهیاند: خەڵكی ڕۆژئاوا و بە تایبەتی كۆبانێ باشتر لە هەموو كەس دەزانن كێ هاوكاریی كردوون، وتیشی، ناشزانین لەبیری چووە یان لەبیر خۆی بردۆتەوە كە یەكەم سیاسەتی تەعریبی كوردستان لە سووریا و، لەسەر دەستی شۆڤێنییە هاوشێوەكانی موعەلیم دەستی پێكردووە.
ئهمهش تهواوی لێدوانهكهی گوتهبێژی سهرۆكایهتی ههرێمی كوردستان:
ڕۆژی پێنجشەممە 6ـی تشرینی دووەم ڕۆژنامەی (الاخبار)ـی لوبنانی چاوپێكەوتنێكی وەلید ئەلموعەلیمی وەزیری دەرەوەی ڕژێمی سووریای بڵاو كردۆتەوە كە تێیدا ناوبراو قسەی چەواشەكارانەی لەبارەی سەرۆك بارزانی و كۆبانێ (كە ئەو بە عەینولعەرەب ناوی دەبات) كردووە. لە وەڵامی ئەم بۆچوونە نابەجێیانەیدا بە پێویستی دەزانین ڕایبگەیێنین كە خەڵكی ڕۆژئاوا و بە تایبەتی كۆبانێ باشتر لە هەموو كەس دەزانن كێ هاوكاریی كردوون و، وەلید موعەلیم ئەو كەسە نییە كارتی نیشتیمانپەروەری دابەش بكات. ناشزانین لەبیری چووە یان لەبیر خۆی بردۆتەوە كە یەكەم سیاسەتی تەعریبی كوردستان لە سووریا و، لەسەر دەستی شۆڤێنییە هاوشێوەكانی موعەلیم دەستی پێكردووە.
وەلید ئەلموعەلیم لە چاوپێكەوتنەكەیدا ناوی بەڕێز ئۆجەلانیشی هێناوە. نازاندرێ بە چ ڕوویەك باسی ئۆجەلان دەكات؟ چونكە ئۆجەلان لای ئەوان بوو، كەچی دەستیان لێ بەردا و دەریان كرد و بەشدارییان لەو پیلانگێڕییەدا كرد كە لە دژی بەڕێوە چوو. ئەگەر موعەلیم ڕاست دەكات و تۆسقاڵێك هەستی بەرانبەر كورد یان لایەنێكی كوردی هەبێت با ڕاشكاوانە و بوێرانە دان بە هەبوونی گەلی كورد لە سووریا بنێت.
د. ئومێد سەباح
گوتەبێژی فەرمیی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان
9ـی 11ـی 2014
کەتەلۆنیا کە چەندین ساڵە هەوڵی سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە ئیسپانیا دەدات، بەیانی ئەمڕۆ لە شارەکانی ئەو هەرێمە گشتپرسی بەڕێوەدەچێت.
دادگای باڵای ئیسپانیا بڕیاریداوە کە گشتپرسییەکە بە نادەستووری هەژمار بکات، بەڵام سەرۆکی کەتەلۆنیا رایگەیاند "هیچ شتێک رێگر نییە لە ئەنجامدانی گشتپرسییەکە و نابێت حکومەتیش ئاستەنگ بۆ پرۆسەکە دروست بکات".
لەو گشتپرسییەدا خەڵکی کەتەلۆنیا لە رێگای وەڵامدانەوەی پرسیارێک کە ئایا لەگەڵ سەربەخۆیی کەتەلۆنیان یاخود نا، بڕیار لەسەر جیابوونەوە یان مانەوە لەگەڵ ئیسپانیا دەدەن، بەڵام هێشتا ئەو داوایە ئەگەرچی خەڵکی هەرێمەکە داواشی دەکەن ،لەلایەن حکومەتی مەدریدەوە رەتکراوەتەوە.
لای خۆیەوە سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا ماریانۆ راخۆی رایگەیاندووە کە داواکارە لە کەتەلۆنیا واز لە خەونی سەربەخۆیی بێنن و لەگەڵ مەدرید بمێننەوە. گوتیشی " گشتپرسییەکە هیچ کاریگەری نابێت بۆ سەر رەوشی وڵاتەکە".
کەتەلۆنیا هەرێمێکی دەوڵەمەندە و ژمارەی دانیشتووانی ٧ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس دەبێت لە بواری ئابووری وڵاتەکەش رۆلێکی کارای هەیە.
ئیسپانیا بەسەر چەندین هەرێم دابەش بووە و هەندێک لەو هەرێمانەش هاوشێوەی هەرێمی کوردستان خاوەنی حكومەت و پەرلەمانی خۆیانن، وەک هەرێمی باسک و هەرێمی کەتەلۆنیا، ماوەیەک لەمەوبەر هەرێمی باسک لەرێگەی بەیاننامەیەکەوە تەواوی پشتگیری خۆی بۆ هەرێمی کوردستان و سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە عێراق نیشاندا.
سەرەتای هەوڵەکانی جیابوونەوەی کەتەلۆنیا لە مەدرید بۆ ساڵی ٢٠٠٦ دەگەڕێتەوە ، بەڵام هەموو کات داواکانی لەماوەی ٨ ساڵی رابردوو رەتکراوەتەوە، بەڵام خەونی سەربەخۆیی کەتەلۆنییەکان سەدان ساڵە هەیە و رژێم و دەسەڵاتدارانی ئیسپانیاش بەردەوام رێگر بوون لە هەوڵەکان، هەروەها لە سەردەمی فرانکۆی دیکتاتۆری ئیسپانیا، کەتەلۆنیا چەوسانەوەی زۆری دیوە و کەسە ناودارەکانی ئەو هەرێمە بەدەستی دەسەڵاتداران لە سێدارە دراون.
کەتەلۆنیا لە چوار شار پێکدێت گرنگترینیان پایتەختی هەرێمەکە بەرشەلۆنەیە و لیێدا و تاراگۆنا و خیرۆنا شارەکانی دیکەی ئەو هەرێمەن.
سنووری کەتەلۆنیا لەگەڵ فەرەنسا و ئەندۆرایە لە باکوور و دەریای ناوەڕاست لە رۆژهەڵات، هەروەها لە رۆژئاوا و باشووریش هاوسنوورە لەگەڵ هەرێمی ئاراگۆن و ڤاڵێنسیا .زمانی فەرمی کەتەلۆنیا ، جیاوازە لەگەڵ ئیسپانی ناوچەکانی دیکە و خاوەنی زمانی خۆیانن کە بە زمانی کەتەلان ناسراوە.
9/11/2014
بەرپرسانی هاوبەشی كانتۆنی جەزیرە مەرسومی ژمارە 22ـیان بۆ ساڵی 2014 بڵاوكردەوە، كە تێیدا باس لە مافەكانی ژنان و مەبدەئەكانی ژیان دەكرێت لەژێر فەرمانڕەوایی ئیدارەی خۆڕێبەری رۆژئاوا و لەلایەن هەردوو حاكمی هاوبەشی كانتۆنی جەزیرە هەدییە یوسف و حەمیدی دهام ئەلهادی واژۆكراوە.
لە مەرسومەكەدا هاتووە "ژنان لە كۆمەڵگەی ئێمەدا بەهۆی سیستمی پیاوسالارییەوە كێشەی سیاسی، كۆمەڵایەتی، ئابووری، رۆشنبیری و دەروونییان بۆ دروستدەبێت و ئەمەش رێگا لە پێشكەوتنیان دەگرێت".
هەر لە مەرسومەكەدا كە لە دانیشتنی ژمارە 17ـی ساڵی 2014 واژۆی لەسەر كراوە ئاماژە بەوەشدكراوە، كە پاراستنی مافەكانی ژنان یەكێكە لە ئامانجە بنچینەییەكانی ئیدارە خۆڕێبەرییە سیاسییەكە، بۆیە هەوڵدەدرێت سەرجەم كێشە هەڵپەسێردراوەكانی ژنان لەنێو كۆمەڵگەدا چارەسەربكرێت و هەموو مافەكانیان دەستەبەربكرێت.
ئەمانەش چەند خاڵێكی مەرسومەكەن :
- یەكسانی نێوان ژن و پیاو لە هەموو بوارەكانی ژیان.
- ژنان مافی هەڵبژاردن و خۆپاڵاوتنیان هەیە.
- پابەندبوون بە مەبدەئی بەڕێوەبەرایەتی هاوبەش لە سەرجەم دامەزراوەكان.
- ژنان مافی دامەزراندنی رێكخراوی سیاسی، كۆمەڵایەتی، ئابووری و رۆشنبیرییان هەیە.
- كاتێك گفتوگۆ لەبارەی ئەو یاسایانە دەكرێت كە لە حاڵەتی لەناكاو لەلایەن ئەنجوومەنی یاسادانانەوە دەردەچێت دەبێت نوێنەری رێكخراوی ژنان و مافەكانی مرۆڤ ئامادەبن.
- كاتێك یاسایەكی تایبەت بە ژنان لەلایەن ئەنجوومەنی یاسادانانەوە دەردەچێت دەبێت بیروباوەڕی ژنان بە هەند وەربگیرێت.
- ژنان و پیاوان یەكسانن لە مافی كاركردن و كرێ وەرگتندا.
- لە رووی یاساییەوە ژنان و پیاوان یەكسانن لە گەواهیدان " شەهادەدان".
- نابێت كچ بەبێ ویستی خۆی بەشووبدرێت.
- پوچەڵكردنەوەی مارەیی بەهۆی ئەوەی دەبێتە هۆی ئەوەی ژن خاوەنی بۆ پەیداببێت و لەجێگای ئەوەش دەبێت ژن و پیاو هاوبەشی بكەن لە دابینكردنی ژیانیان.
- قەدەخەكردنی فرەژنی.
- هەردوولا بۆیان هەیە داوای جیابوونەوە بكەن و تەڵاقیش تەنیا بە ویستی هەردوولا دەبێت. ژن و پیاو لە هەموو بابەتەكانی پەیوەندیدار بە میرات یەكسانن.
- كوشتن بەبیانووی شەرەف تاوانە و ئەو كەسەی ئەو كارەش بكات بەپێی یاسا بە بكوژ هەژماردەكرێت و سزادەدرێت.
- ژن یان پیاو ئەگەر خیانەت لە هاوسەرەكەی بكات بە شێوازێكی تووند سزادەدرێت.
- بەتاوانكردنی مامەڵەكردن بە منداڵان و ژنان و دانانی سزای توند بۆ ئەو كەسانەی ئەم كارە دەكەن جا ئەم مامەڵەیەش لە رووی " سێكس، كارپێكردنی منداڵان یان بازرگانیكردن بە ئەندامەكانی مرۆڤەوەبن".
- قەدەخەكردنی بەشوودانی كچان بەرلە تەمەنی 18 ساڵی.
- ئەگەر ژنێك هاوسەرگیری كردبێت یان نا مافی خۆیەتی تاوەكو منداڵەكانی دەبنە 15 ساڵ پەروەردەیان بكات و دەبێت هەر یەكە لە ژن و پیاوەكە لە رووی مادییەوە ئەركەكانیان بەرامبەر منداڵەكان جێبەجێبكەن.
- ئەو ژنانەی كاردەكەن دەبێت كاتێك منداڵیان بوو مۆڵەتیان پێبدرێت و مووچەشیان نەبڕێت ئەمەش تاوەكو 3 منداڵ جێبەجێ دەكرێت.
rudaw
10/11/2014