پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە کەرکووکەوە رایگەیاند، کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 9-11-2014 لە دەوروبەری کاژێر 4 شەڕ و پێکدادان لە ناوچەی بەشیر لەنێوان هێزی پێشمەرگە و چەکدارانی داعش روویداوە.
بەپێ ئەو زانیارییانەی هونەر ئەحمەد لە فەرماندەکانی هێزی پێشمەرگەوە لەو سنوورە دەستیکەوتووە، چەکدارانی داعش چەند گولە هاوەنێکیان ئاراستەی نێو ناحیەی تازە کردووەو هێزەکانی پێشمەرگەش وەڵامیان داونەتەوە.
پەیامنێری رووداو گوتیشی شەڕ و پێکدادانەکە ماوەی کاژێر و نیوێکی خایاندووە. سەبارەت بە زیانی گیانی لە هەردوولا، گوتی ژمارەی کوژراو و برینداری داعش دیار نییە و پێشمەرگەش هیچ زیانێکی پێ نەگەیشتووە.
9/11/2014
فەرماندەیەکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنووری شاری زوومار ئاشکرای دەکات، کە دوای رزگارکردنی زوممار، کورد سنووری باشووری کوردستانی لەگەڵ عێراق دیاریکرد و لەوێوە سنووری خۆی داناوە.
ئەم هەنگاوی کورد دەبێتە یەکەم هەنگاو، کە باشووری کوردستان لە ناوچەیەکی عێراق سنوور رابکێشێت.
ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە پێیوایە، "ئیدی مەحاڵە جارێکی دیکە ئەو سنوورە تێکبشکێنرێ".
چەکدارانی داعش پێش شکانیان لەو شارە کوردییە، بەشێکی زۆری خانووەکانیان تەقاندەوە، بۆیە ئەو کوردانەی گەڕاونەتەوە نێو زووممار دەڵێن، چیدیکە رێگە بەو عەرەبانە نادەین لە زوممار نیشتەجێبن، کە لەگەڵ داعش دەستییان هەبووە لە کوشتنی کورد و رووخاندنی خانووەکانیان.
کۆنتڕۆڵکردنەوەی شارۆچکەی زوممار، دیارکردنی سنووری باشووری کوردستانی لەگەڵ عێراق بەدوادا هات، کە رەنگە ئەمە یەکەم جار بێت کورد سنووری خۆی لەگەڵ ئەو دەوڵەتەی سەدان ساڵە تێدا دەژی، جیابکاتەوە.
فەرماندە سەربازییەکانی هێزی پێشمەرگە، کە رۆڵیان هەبووە لە رزگارکردنی زوممار و ناوچەکە، بەڵێن دەدەن ئیدی هیچ هێزێک نەتوانێ ئەو سنوورە بشکێنێ.
زوممار دەکەوێتە باکووری رۆژئاوای مووسڵ، تەنیا 3 کم لە شارۆچکەی حۆگنە دوورە، کە ئێستا لەژێر دەستی داعشە و جار بە جاریش وردە شەڕی تێدا روودەدات.
لەگەڵ رزگارکردنی زوممار، ئەو عەرەب و کوردانەی هاوکاری دعشیان دەکرد، لە ناچەکە نەماون و هەڵاتوون.
ئەیمەن سەدیق، کە دانیشتووی زوممارە دەڵێ، داعش بەشێکی زۆری خانووی کوردەکانیان لە زوممار تەقاندەوە.
هێشتا ژیان لەم شارۆچکەیە ئەستەمە و بۆنی پاشماوەی شەڕی لێدێ، لە هەندێ خانوودا هێشتا تەرمی چەکدارانی داعش دەبینرێ. بەڵام چەند مەترێک لەولاتر، منداڵەکان هەڵدەپەڕن. پیاوەکانیش دەڵێن بەردەوام چاومان کراوەیە نەوەکو بۆمبێک لەم شارە بتەقێتەوە، کە بەدەستی داعش چێندراوە. نزیکەی دوو هەفتەش دەبێ زوممار لەلایەن پێشمەرگەوە کۆنتڕۆڵکراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا تەنیا نزیکەی 100 خێزان گەڕاونەتەوە نێو ماڵی خۆیان.
8/11/2014
بڵاوبوونەوەی هەواڵی ناردنی نامەیەك لەلایەك سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ رێبەری ئێران، كاردانەوەی تووندی پارێزگارەكانی ئەمریكای لێكەوتەوە و دوو سیناتۆری كۆمارییەكان لە بەیاننامەیەكدا هەناردنی ئەو نامەیەیان بە شەرمەزاری ناوزەد كرد.
لە بەیاننامەیەکدا جۆن مەككەین و لینزی گراهام، دوو سیناتۆری کۆماریی لە کۆنگرێسی ئەمریکی، كە لە رەخنەگرانی سەرەكیی حكومەتەكەی باراك ئۆبامان، رایانگەیاندووە، كە "لەكاتێكدا خواستی هێزە میانڕەوەكانی سووریا بۆ یارمەتیدانی زیاتری ئەمریكا بەبێ وەڵام ماوەتەوە، جێگای شەرمەزارییە، كە سەرۆككۆمار داوا لە ئایەتوڵڵا خامنەیی دەكات لە شەڕی دژی داعش بێتە پاڵ ئەمریكا".
رۆژنامەی وۆل ستریت جۆرناڵی ئەمریكی رۆژی پێنجشەممە 6-11-2014 لە راپۆرتێكدا باسی لەوە كرد، كە "سەرۆككۆماری ئەمریكا مانگی رابردوو لەنامەیەكدا، كە بۆ رێبەری ئێرانی ناردووە، ئاماژەی بەوە كردووە، كە "هەر هێرشێكی ئەمریكا بۆ حەشارگەكانی داعش هاوتەریبە لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی ئێران".
سوزان رایس، راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا رۆژی هەینی 7-11-2014 لە وەڵامی راپۆرتەكەی وۆل ستریت جۆرناڵ، گوتی" ئەمریكا بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، "لەگەڵ ئێران هیچ هاوكارییەكی سەربازی ئەنجامنەداوە".
سوزان رایس هەروەها گوتی، "هیچ پەیوەندییەك لە نێوان هەوڵەكانی ئێمە بۆ چارەسەركردنی كێشەی ناوەكی ئێران، لە رێگای دانوستاندنەكانی 5+1 و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ داعش نییە و ئێمە هیچ كات ئەو پەیوەندییەمان دروستنەكردووە".
rudaw
8/11/2014
وەلید موعەلیم، وەزیری دەرەوەی حكومەتی سووریا باسی رەوشی کۆبانێ دەکات کە ئەو بە "عەین و لعەرەب" ناوی دەبات و دەڵێت هەموو رۆژێكی بەرگریی لەو "شارە سوورییە" سەرکەوتنە بۆ وڵاتەکەی و دۆڕانە بۆ مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و هاوپەیمانەکانی، هیچ کاتێکیش رێگە بە جیابوونەوەی کورد نادەن.
موعەلیم لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی ئەخباری لوبنانی نزیک لە دیمەشق، وەڵامی چەند پرسیارێک لەسەر کۆبانێ و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەداتەوە. ئەو بەرپرسەی حكومەتەكەی ئەسەد دەڵێت بەرگریی کوردانی "عەین و لعەرەب" بووەتە هۆی یەکگرتنی کورد لەژێر سەرکردایەتی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و هەر رۆژێکی بەرگری زۆرتر لەو شارە بریتییە لە شکستی زۆرتر بۆ بارزانی و ئەردۆغانی هاوپەیمانی.
موعەلیم دەڵێت:" ئێمە بڕیارمانداوە وەڵامی سەربازی هەر دوژمنکارییەکی تورکیا بدەینەوە و داوای چەکی پێشکەوتوومان کردووە بۆ رێگەگرتن لەو دوژمنکارییە".
لەبارەی ساڵح موسلیم، هاوسەرۆكی PYD و کانتۆنەکانی رۆژئاوای كوردستان، موعەلیم ئاماژە بەوە دەکات کە سووریا بە هیج جۆرێک رێگە بە جیابوونەوەی کورد نادات و دەڵێت:" ئەو ئیدارانەی دروستکراون لە ناوچە کوردییەکانی سووریا بۆ بەڕێوبردنی کارەکانیانن لەم بارودۆخەی جەنگ و نەشیانویستووە تەنها کوردیی بێ، بەڵکو بەشداریشیان بە هۆزە عەرەبەکان کردووە."
وەزیری دەرەوەی سووریا دەشڵێت:" ساڵح موسلیم کەسێکی جوداخواز نییە و سووریاش بە هیچ جۆرێك رێگە بە جیابوونەوە ی کورد نادات و دانی پێدانانێت". لەبەشێکی دیکەی هەڤپەیڤینەکەدا موعلیم دەڵێت بەردەوام هاوکاری سەربازی شەڕڤانیان لە کۆبانێ کردووە و بەردەوام دەبن.
rudaw
7/11/2014
دوای چوونی پێشمەرگەی کوردستان بۆ کۆبانێ، خێزانێکی کۆبانێ کە ئێستا ئاوارەی مێرسینن لە باکووری کوردستان، ناوی منداڵە تازە لەدایکبووەکەیان دەنێن "پێشمەرگە".
مونا عیسا و عادل عیسا، 20 رۆژ پێش ئێستا بەهۆی هێرشەکانی داعش لە کۆبانێوە ئاوارەی مێرسین بوون لە باکووری کوردستان و لەو ێ خانووێکیان لە گەڕەکی چای بەکرێگرتووە.
مونا عیسا قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتی: "زۆر سەخت بوو بە منداڵ و دوو گیانییەوە رێگای ئاوارەیی بگرمەبەر، دوای چوونی هێزی پێشمەرگە بۆ کۆبانێ منداڵەکەم كە كوڕە ناونا پێشمەرگە، منداڵەکەم دوو رۆژ پێش ئێستا لە نەخۆشخانەی لەدایکبوون لە مێرسین لەدایكبوو".
دایکی "پێشمەرگە"ی تازە لەدایکبوو زۆر دڵخۆشە بە چوونی پێشمەرگە بۆ کۆبانێ و دەڵێت: "پێشمەرگە هاتوون کۆبانێ رزگاربکەن و لە داعش پاکی بکەنەوە". هەروەها عادل عیسا دەڵێت، لەگەڵ مونا-ی خێزانی بڕیاریانداوە ناوی کوڕەکەیان بنێن پێشمەرگە و هیوادەخوازێت هەرچی زووە کۆبانێ لە داعش پاکبکرێتەوە.
7/11/2014
سەرۆککۆماری تورکیا رەخنە لە هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان HDP دەگرێت و ئاماژە بەوە دەکات، "ئەوان هیچ خەمی ئاشتییان نییە".
رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بەر لەوەی بەرەو تورکمانستان بەڕێبکەوێت لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا وڵامی قسەکانی سەلاحەدین دەمیرتاشی دایەوە کە گوتبووی: "پڕۆسەی چارەسەری تووشی سڕبوون بووە، پڕۆسەکەش لە ئیمرالی دەستیپێکردووە و لەوێش کۆتاییدێت".
ئەردۆغان گوتی: "ئەوان هیچ کات لەنێو پڕۆسەی ئاشتیدا نەبوون، بە بانگەوازێک 40 کەسیان بە کوشتندا، بێگومان ئەوان هیچ خەمێکی ئاشتیان نییە، لە ماوەی 11 ساڵی سەرۆک وەزیرانیمدا لە چیتان کەمبوو، لە سایەی ئاشتی و ئازادیدا هەموو شتێکتان هەبوو".
سەرۆککۆماری تورکیا هەروەها لەبارەی کۆبانێوە گوتی: "هەستیاریمان بەرامبەر حەلەب زۆر زیاترە لە هەستیاریمان بەرامبەر کۆبانێ، بەڵام هەموو سەرنجەکان روویان لە کۆبانێ کردووە، دیدارەکانمان لەگەڵ چەند وڵاتێک بەردەوامن، چونکە هەستیاریمان بەرامبەر تەواوی باکووری سووریا هەیە".
rudaw/ فهرهاد چۆمانی
7/11/2014
لە پەرلەمانی ئەوروپا گرووپی دۆستایەتی كوردستان پێکهێندرا، گرووپەکە لە 20 پەرلەمانتار پێکدێت و هەر پەرلەمانتارێک لە فراکسیۆنی خۆی دەتوانێت سەبارەت بە دۆزی کورد لێکۆڵینەوە و پێشنیاز بدات، گرووپی دۆستایەتی كوردستان لە ژێر چاودێری راستەوخۆی پەرلەمانی ئەوروپا دەبێت و چارلز تەنۆك سەرۆکایەتی دەکات.
ئەمە لە کاتێکدایە مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بەفەرمی لە لایەن پەرلەمانی ئەوروپاوە داوەتکرا، بۆ ئەوەی لەسەر پرسی کورد و ئەو دۆخەی لە باشووری کوردستان بە هۆی هێرشەکانی داعشەوە دروستبووە، وتارێک پێشکەشبکات.
rudaw
20/11/2014
باڵوێزی پێشووی ئەمریكا لە عێراق، پێی وایە چارەنووسی عێراق وەك وڵاتێكی سەربەخۆی خاوەن سەروەت، بەندە بە تواناكانی حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە پەیڕەوكردنی سیاسەتێكی کرداریی و ئاماژەی بەوەدا، کە داعش هەنگاوەكانی دابەشبوونی عێراق خێراتر دەكات.
زەڵمای خەلیلزاد، باڵوێزی پێشووی ئەمریكا لە عێراق لە لێدوانێكیدا، لە پەراوێزی كۆڕێكی ناوەندی ویلسۆن لە واشنتن رایگەیاند، "هێشتا گەشبینم بەو هەنگاوانەی حەیدەر عەبادی تاوەكو ئێستا هاوێشتوونی، بەڵام لە راستیدا عەبادی بەرپرس نییە لە متمانە نەبوونی خەڵكی نێوەڕاست و رۆژئاوای عێراق بە حكومەتی بەغدا".
خەلیلزاد هەروەها رایگەیاند، "مالیكی كاتی خۆی بەڵێنی زۆری دا، ئێمەش كە لە عێراقبووین ئەوكات بەڵێنی زۆرمان دا، بەر لەوەی سەرۆك ئۆباما بڕیاری كشانەوە لە عێراق دەربكات و رێگا بدات وڵات بكەوێتە بەر ململانێی تائیفی و تۆڵەسەندنەوە، خەڵك چاوەڕوانی بەدیهاتنی ئەو بەڵێنانەی دەكرد".
خەلیلزاد گوتیشی، "عێراقییەكان پلانی پارچە پارچەبوونی وڵاتەكەیان رەتدەكەنەوە، لەوەشیان ناحەق نین، بەڵام داعش هەنگاوەكانی دابەشبوونی عێراق خێراتر دەكات، چونكە كاتێك تۆ پێناسەی جیاكاری بەبەر هاونیشتمانییانی یەك وڵاتدا دەكەیت، ئەوا مانای وایە تۆ بەرەو دابەشبوون هەنگاو دەنێی، كە ئەمەش تەواوی ناوچەكە بەرەو جێبەجێبوونی ئەجێندای گرووپە تووندڕەوەكان دەبات بۆ دابەشبوون لەسەر بنەمای ئەتنی و ئایینی".
rudaw
6/11/2014
ێران بڕیاریداوە میلیشیا شیعەكان، كە لە سووریا شەڕدەكەن بۆ مانەوەی ئەسەد، لەژێر یەك فەرماندەییدا رێكبخات.
بەگوێرەی سەرچاوەكانی ئێران، ئەو میلیشیا شیعییانە، كە زۆربەیان عێراقی و ئەفغانین، ئێران لە چوارچێوەی پەیكەرێكی سەربازی نوێ رێكیاندەخات، بۆ ئەوەی وەك سوپایەك شانبەشانی سوپای سووریا، دژی داعش و گرووپە نەیارەكانی دیكەی ئەسەد شەڕ بكەن.
سەرچاوەكان ئاشكرایان كردووە، ئێران بەرپرسێكی خۆی رەوانەی سووریا كردووە " تاكو فەرماندەیی تاكلایەنە لەسەر ئاستی ئەو میلیشیایانە نەمێنێت و لەژێر فەرماندەییەكی ناوەندیی ئەركیان بۆ دیاریبكرێت".
بەپێی ئەو سەرچاوانە، ئێران دەیەوێت ئەو میلیشیایانە هاوشێوەی حیزبوڵڵای لوبنانی رێكبخاتەوە و كاریگەرتر ئەرك ببینن لە شەڕی ئەو گرووپانەی بۆ رووخاندنی ئەسەد شەڕ دەكەن.
ئێستا لە سووریا نزیكەی 40 هەزار چەكداری شیعە، كە لە چەند وڵاتێك هاتوون، لەلایەن ئێرانەوە مەشق و راهێنانیان پێكراوە و لە چوارچێوەی چەند میلیشیایەك لە سووریا شەڕ دەكەن.
6/11/2014
بەرهەم ساڵح رایدەگەیێنێت بە سیستمی دیکتاتۆریی و سەرکوتکەری داعش تەواویش بێت کوڕی داعش دێتەکایەوە، دەشڵێت:" ناوەندەکانی بڕیار لە جیهان لە لێدوان و لێکۆڵینەوەكانیان باس لە داڕشتنەوەی سیستمی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکەن".
رۆژی چوارشەممە 5 ی تشرینی دووەمی 2014، بەرهەم ساڵح، سەركردەی دیاری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و سەرۆكی پێشووی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە پانێڵی رۆژی دووەمی دیداری مێری بۆ ئاشتەوایی بەشداریكرد، كە ئینستیتیوتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ توێژینەوە لە هەولێر سازیكردووە و تایبەتە بە گۆڕانكارییەكانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. جگە لە بەرهەم ساڵح هەریەك لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و گوڵتان كیشاناك، هاوسەرۆكی شارەداری گەورەی ئامەدمیوانی پانێڵەكە بوون.
لە پانێلەكەدا بەرهەم ساڵح وتارێكی پێشكەشكرد و سەرەتا گوتی:" رۆژهەڵاتی نێوەڕاست رووبەڕووی گۆڕانکاری و هەژانی گەورە بووەتەوە و کوردستانەکەی خۆیشمان چەقێکی گرنگ و سەلمێندراو و ناسروای ئەم گۆڕانکاریی و هەژانانەیە، دەکرێ بڵێین ئێستا سیستمی ئەمنی و سیاسی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست روو لە گۆڕانکاریی و روو لە هەڵتەکانە، ئەو سیستمە ئەمنی و سیاسییەی دوای شەڕی جیهانی یەکەم هاتەکایەوە، کە زۆرجار بە ناوی رێککەوتننامەی سایکس بیکۆ نێودەبرێت ئەمڕۆ بنەماکانی کەوتوونەتە ژێر پرسیارەوە و گۆڕانکاری و ئاماژەی گۆڕانکاری بنەڕەتی لە ئارادایە".
سەبارەت بە هۆكاری گۆڕانكارییەكان و پێویستە كورد چی بكات، بەرهەم ساڵح گوتی،"هۆکاری ئەم گۆڕانكارییانە زۆرن، بەڵام بۆ ئێمەی خەڵکی کوردستان کە خۆمان لە دوای شەڕی جیهانی یەکەمەوە بە زەرەمەندی یەکەمی ئەو سیستمە دەزانین، دەبێت تێبگەین ئەم گۆڕانکارییانە گۆڕانکاری گەورەن و دەرفەتی گەورەن، لە هەمانکاتیشدا ئەگەر بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییانەدا نەکەین، ئەمجارەیش بۆ قۆناخێکی دیکە ئەو سیستمە نوێیە کە دێتەئاراوە، لەوانەیە مافەکانی خەڵکی کوردستانی تێدا رەچاونەکرێت".
سەبارەت بە دروستبوونی داعش و پێكهێنانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ لەنێوبردنی ئەو گرووپە، بەرهەم ساڵح ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە ئەمریکا و ئەوروپا هەموویان هاتوهاواریانە داعش نەمێنێت، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی عێراق و ئەفغانستان و هۆکاری سیاسی خۆیان هێزی پیادە نانێرن. نێوبراو جەختیكردەوە،" ئەگەر ئێمە شەڕی داعش تەنها وەك شەڕێكی سەربازیی سەیر بكەین هەڵەیەکی کوشندە دەکەین، ئەگەر پێمانوابێ پێشمەرگەی کورد و پێگەی کوردستان تەنها پێگەیەکی ئەمنی بێت و وەک پاکستان ببینە پێگە بۆ رۆژئاوا لە شەڕی تاڵیبان، ئەوە نەهامەتی زۆر گەورەتر بەسەر میللەتەکامندا دێنین و تەنها و تەنها دەبێتە مایەی ئەوەی کە ئێمە ببینە مایەی هێزێکی داردەستی ئەجیندای خەڵکی دیکە".
لە درێژەی وتارەكەیدا بەرهەم ساڵح هەروەها گوتی،" ئەم شەڕە شەڕێکە بەرۆکی میللەتەکەمان و بەرۆکی مرۆڤایەتی گرتووەتەوە، بەڵام جوگرافیا و سیاسەت و رووداوەکان وایان کردووە ئێمە لە ریزی پێشەوەی ئەو شەڕە بین. چەک گرنگە، جوامێری و لەخۆبوردەیی و گیانفیدایی پێشمەرگەکانی ئێمە گرنگە و سەرمایەیەکی سەرەکی ئێمەن، بەڵام شانبەشانی ئەمە پێویستە حوکمڕانی تەندروست، نموونەی پێکەوەژیان و ئازادی نموونەیەکی جیاواز لەو سیستمە دیکتاتۆرییانەی کە لەدەوروبەری ئێمە هەن بەرجستە بکرێن".
راشیگەیاند:" ئەوەی من تێگەیشتووم لە ناوەندەکانی بڕیار لە جیهان لە لێدوان و لێکۆڵینەوەیان، باس لە داڕشتنەوەی ئەم سیستمەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکەن، دەگەنە باوەڕ یان گەیشتوونەتە باوەڕ کە بە سیستمی دیکتاتۆری و سەرکوتکەری وەک ئەوانەی کە بینیومانن، داعش تەواویش بێت کوڕی داعش دێتەکایەوە".
rudaw/
5/11/2014
هاوسهرۆكی پهیهده رایگهیاند، دوای هێرشی چەکدارانی داعش بۆ سهر كوبانێ وڵاتانی جیهان گوێیان له ئیمه گرت، رووبهڕووش لهگهڵ ئهمریكی و بهریتانییهكاندا كۆبووینهتهوه.
ساڵح موسلیم، هاوسهرۆكی پارتی یهكێتی دیموكراتی سوریا (پهیهده) رایگهیاند: وڵاتانی ئهوروپا كه پێشتر به تیرۆریستیان دهبینین و دیداریان لهگهڵ ئهنجام نهدهداین، بهڵام لهگهڵ پهلامارهكانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش بۆسهر كوبانێ گۆڕان له ههڵوێستیاندا روویداوه.
له میانهی وتارێكیدا له كۆنفڕانسێك سهبارهت به "هێرشهكانی داعش بۆ سهر كۆبانی و كاریگهرییهكانی" كه لهلایهن گرووپی دۆستانی كورد له پهرلهمانی ئهوروپا سازكرابوو، موسلیم باسی لهوه كرد، كه ئیتر پارتهكهی وهك تیرۆریست تهماشا ناكرێت و ههمووان ئهوه دهزانن كه پهیهده بهرگری له بههاكانی ئهورووپا كردووه.
وتیشی: "دوای پهلاماردانی كوبانێ لهلایهن تیرۆریستانی داعشهوه وڵاتانی خۆرئاوا ههڵوێستیان بهرامبهرمان گۆڕاوە و ئیستا گوێمان لێ دهگرن، لهگهڵ وەفدی ئهمریكی و بهریتانییهكاندا رووبهڕوو دانیشتووین و كۆبوونهوهمان ئهنجام داوه".
هاوسهرۆكی پهیهده باسیشی لهوه كرد، كه چاوهڕوان دهكهن له داهاتوویهكی نزیكدا لهگهڵ نوێنهرانی وڵاتانی دیكهشدا كۆببنهوه.
گوتیشی لهگهڵ ئهو وڵاتانهی كۆدهبینهوه دهمانهوێت كاری هاوبهشی زیاتر بكهین لهو ناوچانهی سوریا كه لهژێر كونتڕۆڵی ئێمهدایه.
موسلیم ئهوهشی خستهڕوو كه کەمتاکورتێ گۆڕان له ههڵویستی سیاسی وڵاتانی ئهوروپادا بەدی دەکرێ و دیارە بهپێی پێویست نییه و داوای كرد راستهوخۆ لهگهڵی كۆببنهوه.
هاوكات ساڵح موسلیم، هاوسهرۆكی پهیهده داوای كرد چهكی قورس بدهن به هێزهكانیان تا بهرهنگاری تیرۆریستانی داعشی ببنهوه.
NRT-برۆكسل
5/11/2014
كۆمیسیۆنی باڵای نەتەوەیەكگرتووەكان هەڵمەتێكی 10 ساڵی بۆ نەهێشتنی دیاردەی بێ رەگەزنامەیی لە سەرتاپای جیهان دەستپێدەكات.
كۆمیسیۆنی باڵای نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ كاروباری پەنابەران لە جیهان هەڵمەتێك بۆ ئەو كەسانەی بێ ناسنامەو رەگەزنامەو بێ پاسپۆرت و بێدەوڵەتن دەستپێدەكات، چونكە بەپێی خەمڵاندنی ئەو كۆمیسیۆنە نزیكەی 10 ملیۆن كەس لە جیهاندا خاوەنی هیچكام لەو رەگەزانەی هاووڵاتیبوون نین، ئەمەش بووەتە هۆی بێبەشبوونیان لە خزمەتگوزاری تەندروستی و مافی خوێندن و مافە سیاسییەكان، دەنگدانیش وەك نموونە.
لە هەڵمەتەكەی نەتەوەیەكگرتووەكان داوا لە وڵاتانی جیهان دەكرێت رەگەزنامە بەو كەسانە بدەن، بەتایبەتی بە منداڵان، هەروەها رەگەزنامە بە كەمینەكان بدرێت، هەروەها بەو كەسانەی كە لەكەمپەكانی پەنابەریدا ژیان بەسەر دەبەن و هیچ ئومێدیكیان نییە بۆ گەڕانەوە بۆ وڵاتەكانی خۆیان.
ئەو كەمینانەی بێ رەگەزنامەن وەك رۆهەنیگا لە وڵاتی بۆرما، سەرباری ئەوەش لە زۆر مافی سادەی ژیانی خۆیان بێبەشن، هەر بەپێی خەمڵاندنی نەتەوەیەكگرتووەكان لە 27 وڵاتی جیهان رەگەزنامە بە منداڵی ئەو دایكانە نادرێت كە روویان لەو وڵاتانە كردووە وەك
ئەم نەهامەتی و گرفتانە نەتەوەیەكگرتووەكانی هێنایە سەر ئەو باوەڕەی ناوی ئەو كەسانە بنێت ''نەوەكانی بێ دەوڵەت''، راگەیاندنی ئەو هەڵمەتە دە ساڵ دەخایەنێت، ئامانج لێ كۆتاییهێنانە بەو بارودۆخە. پێدەچێت لە هەڵمەتەكانی پێشووی نەتەوەیەكگرتووەكان هەندێ سەركەوتن تۆمار كرابێت، وڵاتی قەرگیزیا یەكێكە لەو وڵاتانەی پێشتر سەر بە یەكێتی سۆڤیەت بووە، لەماوەی پێنج ساڵی رابردوو رەگەزنامەی بە 65000 هەزار كەس بەخشیوە كە لە بنەڕەتدا رەچەڵەكیان دەگەڕێتەوە سەر رووسیا.
پێشتر نەتەوەیەكگرتووەكان لە ساڵی 1954 بەڵێنیدابوو كێشەی رەگەزنامە لە جیهان چارەسەر بكات، لە ساڵی 1961 جەخت لەوە كرایەوە كە ژمارەی ئەو كەسانە كەم بكرێتەوە، بەڵام پسپۆڕانی یاسایی و چاودێرانی مافی مرۆڤ هیچ پێشكەوتنێكی بەرچاویان لەمبارەوە تۆمار نەكردووە.
rudaw/
5/11/2014
ستیڤان لی مانسفیڵد، نووسەرێكی بەناوبانگی ئەمریكییە، كە چەندین كتێبی دیار وبەرچاوی هەیە و نووسینەكانی ژمارەیەكی یەكجار زۆر خوێنەریان هەیە، كتێبەكانی ئەو نووسەرە لە لیستی باشترین كتێبەكانی نیۆیۆرك تایمزدا دانراون.
ستیڤان سەبارەت بە كێشەكانی پیاو، بەڕێوەبەرایەتی، مێژوو و كولتووری مۆدێڕن دەنووسێت، دوایین بەرهەمی ئەم نووسەرە سەبارەت بە كورد و ئازار و مەینەتییەكانی كوردە لەژێر ناوی "موعجیزەی كورد".
موعجیزەی كورد ئەو كتێبەیە، كە لەلایەن ستیڤان لی مانسفیڵد نووسراوە و باس لەوە دەكات، كەسەدان هەزار كورد لەژێر دەسەڵاتی رژێمی بەعسدا كوژراون و هەزاران گوند و لادێی كورد لەژێر دەسەڵاتی ئەو رژێمەدا خاپوركراون و چەندین جار لەلایەن وڵات و نەتەوە جیاوازەكانەوە خیانەتیان لێكراوە.
دواتر باس لە هاتنەئارای موعجیزەی كورد دەكات و لە ناوەڕۆكی ئەم كتێبە باس لەوە دەكات، كە كۆكردنەوەی عەقڵییەتەكانی ئابووری مۆدێرنی جیهان و هەڵكەوتنی كەسانی بەهرەمەند لەو هەرێمە، كارێكی كردووە، كە كورد ببنە نەتەوەیەكی یەكجار سەركەتوو و هەرێمی كوردستان ببێتە سەركەتووترین شوێن لە جیهاندا، ژمارەیەكی زۆر لە شارەزایان پێشبینی ئەوەیان كردووە، كە كورد دەبێتە مۆدێرنترین و تازەترین نەتەوەی جیهان.
ستیڤان مانسفیڵد بۆخۆی شاهیدی بەشێك لە رووداوەكان و مێژووی كورد بووە، ئەو كتێبە، كە نووسیویەتی كارێكی كردووە ببێتە یەكێك لە باشترین نووسەرەكانی لە لیستی باشترین كتێبەكانی نیۆیۆرك تایمزدا، ئەم كتێبە بووەتە یەكێك لە پڕفرۆشترین و سەرنجڕاكێشترین چیرۆكەكانی ئەم سەردەمە.
rudaw
4/11/2014
بەهۆی کاریگەرییەکانی سعودیە، نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەکانی جیهان دابەزی.
لە هەنگاوێکدا، عەرەبساتی سعودیە نرخی نەوتی دابەزاند بۆ 78.08 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
هەروەها بەپێی دوایین مامەڵەكانی بازاری لەندەن، نرخی نەوتی برێنت بەهەمان شێواز دابەزینی بەخۆیەوە بینی.
نرخی نەوتی خاوی تەكساس ئەمرۆ لە بازاڕی نیۆیۆرك بە رێژەی لەسەدا 0.6 دابەزینی بەخۆیەوە بینی.
نرخی نەوتی ئەمریكا 48 سەنت دابەزی بۆ 80 دۆلارو 60 سەنت.
نرخی نەوتی دەریای باكووریش 37 سەنت دابەزی بۆ 85 دۆلار و 45 سەنت.
دابەزینی نرخی نەوت، کاریگەرییەکی زۆر دەکاتە سەر ئەو وڵاتانەی بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە نەوت دەبەستن لە داهاتی وڵات، کە عێراق یەکێکە لەو وڵاتانە.
4/11/2014
بانكی ناوەندی ئێران سەبارەت بە بودجەی هەر خانەوادەیەكی ئێرانی راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە، كە لە یەک ساڵدا چەند خەرجدەكەن.
لەساڵی رابردوو هەر خانەوادەیەكی هەژاری ئێرانی شەش ملیۆن و 442 هەزار تومەنی ئێرانی، كە دەكاتە نزیكەی دوو هەزار دۆلاری خەرجكردووە و لە هەمانكاتدا سەرمایەدارانی ئێرانی بۆ ساڵێكیان 87 ملیۆن و 711 هەزار تومەن واتە نزیكەی 27 هەزار دۆلاریان خەرجكردووە.
ئەو راپۆرتە بەو مانایە دێت، كە سەرمایەدارانی ئێرانی 14 بەرامبەری هەژارەكان لە ساڵێكدا، پارەیان خەرجكردووە.
بانكی ناوەندی ئێران كۆمەڵانی خەڵكی ئێرانی دابەشكردووە لە نێوان 10 گرووپدا و بە پێی ئەو پیشەیەی هەژارەكان هەیانە، دەكەونە گرووپی یەكەم و سەرمایەدارانیش دەكەونە گرووپی دەیەم.
لەو نێوانەیشدا گرووپەكانی دووەم تاوەكو پێنجەم، كە بە ریزبەندی داهاتیان دانراون، كەمتر لە 20 ملیۆن تومەن واتە نزیكەی شەش هەزار و 200 دۆلاریان خەرجكردووە و گرووپی شەشەم و حەوتەمیش كەمتر لە 30 ملیۆن تومەن واتە نزیكەی نۆ هەزار و 300 دۆلاریان خەرجكردووە.
گرووپی نۆیەم زیاتر لە 45 ملیۆن تومەن واتە نزیكەی 14 هەزار دۆلاریان خەرجكردووە و دوایین گرووپیش، كە سەرمایەدارانی ئەو وڵاتەن، نزیکەی 88 ملیۆن تومەن واتە نزیكەی 27 هەزار دۆلاریان خەرجكردووە، كە بە مانای ئەوەیە دوو بەرامبەری گرووپی نۆیەم، لەکاتێکدا ئەوانیش لە چینی دەوڵەمەندەكانی ئێرانن.
زۆرترین تێچووی هەر خانەوادەیەكی ئێرانی دەگەڕێتەوە بۆ خۆراك، شوێنی نیشتەجێبوون، ئاو، كارەبا و گازی ماڵان.
تێچووی خۆراكی هەژارەكانی ئێران لە ساڵێكدا یەك ملیۆن و 951 هەزار تومەن واتا 600 دۆلارە، كە ژمارەیەكی سەرسووڕهێنەرە، لە كاتێكدا سەرمایەدارانی ئێرانی لە ساڵێكدا 16 ملیۆن و 515 هەزار تومەن واتە پێنج هەزار دۆلاریان بۆ خۆراک خەرجكردووە.
تێچووی شوێنی نیشتەجێبوون، ئاو و كارەبا و گاز بۆ خانەوادەیەكی هەژاری ئێرانی كەمتر لە سێ ملیۆن تومەن واتە نزیكەی هەزار دۆلارە، بەڵام هەمان شت بۆ خانەوادەیەكی سەرمایەداری ئێرانی 33 ملیۆن تومەن واتە 10 هەزار و 200 دۆلارە بۆ ساڵێك.
پێدەچێت ئەو ئامارەی بانكی ناوەندی ئێران ئامارێك بێت، تا رادەیەك دوور بێت لە راستییەوە، لە كاتێكدا تێچووی پۆشاك هەر خانەوادەیەكی سەرمایەداری ئێرانی تەنها 4 ملیۆن و 248 هەزار تومەنی داناوە، كە دەكاتە هەزار و سێسەد دۆلار و ئەوەش تا رادەیەكی زۆر لەگەڵ نرخی بازاڕ و ژیانی سەرمایەداران یەك ناگرێتەوە.
rudaw/
5/11/2014