دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا نەگۆڕینی بڕیارەکەی خۆی دووپاتکردەوە سەبارەت بەوەی شوێنی مانەوەی ئۆجەلان تا ساڵی 2009 سەرپێچیکردن بووە لە مەرجەکانی بەندیخانە و تانەی هەریەکە لە تورکیا و پارێزەرەکانی ئۆجەلانی رەتکردەوە.
دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا لە 18ی ئاداری 2014 رایگەیاند، کە هەلومەرجی شوێنی مانەوەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان تا ساڵی 2009 سەرپێچیکردن بووە لە مەرجەکانی زیندان، بەڵام لەو ساڵە بەدواوە بەباشە گۆڕانیان بەسەردا هاتووە، هاوکات دادگا پێشنیازی ئەوەی دابوو کە دەکرێ سزای زیندانیکردنی تاهەتایی تووندکراو بکرێتە ئازادکردنی مەرجدار.
دادگا قەرەبووکردنەوەی ماددی ئۆجەلانی بە پێویست نەزانیوە، بەڵام ئەوەی سەپاندووە کە دەبێ بۆ راییکردنی کاروباری دادگا بۆ ئۆجەلان بڕی 25 هەزار یۆرۆ خەرج بکرێت.
ئەو بڕیارەی دادگای یەکێتی ئەوروپا دوای ئەوە هات، کە لەساڵی 2009 تاوەکو ساڵی رابردوو 6 جار کۆمیتەی رێگرتن لە ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپی ئەوروپا سەردانی ئۆجەلانیان کردووە و بڕیارەکەش پشتی بە راپۆرتی ساڵی رابردوو بەستووە.
لە راپۆرتەکەی ساڵی رابردوودا ئاماژە بەوەکراوە کە هیچ کێشەیەک لە مەرجەکانی دەستگیرکردنی ئۆجەلان نییە و هیچ مامەڵەیەکی خراپی لەگەڵ ناکرێ، لەبەرامبەردا لە دیدارەکانی لەگەڵ پارێزەر و ئەندامانی ماڵباتەکەی داوا کراوە کە ئەو کێشانەی لەبەردەم هەلومەرجی ژیانی ئۆجەلاندان لاببرێن.
ئۆجەلان لە 15 شوباتی 1999 لە کینیا دەستگیرکرا، سەرەتا حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا، بەڵام دواتر لە مانگی ئابی 2002 بە مەرجەوە ئەم حوکمە گۆڕا بۆزیندانیکردنی تاھەتایی.
14/10/2014
لهرۆژههڵاتی شاری کۆبانێ چهكدارانی داعش کهوتنه بۆسهى یهکینهکانی پاراستنی گهل YPG و لهئهنجامدا ژمارهیهک چهكدار کوژران . ههروهها بڕێکی زۆر چهک و جبهخانهش کهوته دهستی YPG وه.
دوای ئهوهی پارتی سهوزی ئۆپۆزسیۆنی ئهڵمانیا داوای له حكومهتی وڵاتهكهی كردبوو بۆ ئهوهی بهشداری سهربازی بهرهنگاربوونهوهی داعش بكات، بهشێوهیهكی فهرمی ئهو داوایه رهت كرایهوه.
مارتین شێفر وتهبێژی وهزارهتی دهرهوهی ئهڵمانیا له كۆنگرهیهكی رۆژنامهوانیدا رایگهیاند، وڵاتەکەی له چوارچێوهی بهرهنگاربوونهوه لهگهڵ چهكدارانی داعش، ههر له زووهوه بڕیاری رهوانهكردنی پشتیوانی سهربازیی بۆ حكومهتی ههرێمی كوردستانی داوه، له چوارچێوهی ئهو بڕیارهش حكومهتی ئهڵمانیا لە گشت مهترسییهكانی به وردی كۆڵیتهوه.
لای خۆیەوە گۆرینگ ئێسكارت سهرۆكی گروپی پارتی سەوز له پهرلهمانی ئهڵمانیا رایگەیاند، له چوارچێوهی بڕیاری نهتهوه یهكگرتووهكان لەسەر بهرهنگاربوونهوهی رێكخراوی داعش، داوایكردبوو كه ئهڵمانیا هێزی وشكانی بنێرێ بۆ ناوچهكه.
شێفر وتیشی" وهزیری دهرهوهی ئهڵمانیا شتاینمایهر رایگهیاندبوو كه هیچ وڵاتێكی رۆژئاوا ئاماده نییه سهرباز رهوانهی سوریا بكات، به هیچ شێوهیهك چاوپۆشیشمان له ئازارهكانی گهلی سوریا نهكردووه، بهڵام لهمبارهیهوه بهرپرسیارێتی سهربازانی ئهڵمانیا كهوتووەته سهرشانمان".
13/10/2014
ئەمیر موسەوی، بەرپرسی ناوەندی لێكۆڵینەوەی ستراتیژی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان لە ئێران، بە ماڵپەڕی فەرمی ئێرانی راگەیاندووە، كە بەم نزیكانە ئێران دەستوەردانی سەربازی لە ناوچەكە دەكات.
موسەوی بە ئاماژەدان بەوەی كە رووداوەكانی ئەم دواییەی عێراق و ناوچەكە مەترسی جدییان بۆ سەر ئێران دروستكردووە، گوتوویەتی بەرپرسانی سەربازی ئێران و دیپلۆماتكارانی كۆماری ئیسلامی لە گۆڕانكارییە تازەكانی ناوچەكە تێگەیشتوون و دەستیان كردووە بە تاوتوێكردنی پرسی رەوانەكردنی هێزی سەربازی بۆ بەرەكانی شەڕی رووبەڕووبوونەوەی داعش.
روونیشیكردووەتەوە كە پێشتر ئێران تەنیا بە ناردنی راوێژكاری سەربازی رازیبووە، بەڵام لە ئێستادا بە گەرمی پرسی رەوانەكردنی هێزی سەربازی بۆ بەرەكانی شەڕ لەسەر داوای حكومەتەكانی عێراق و سووریا تاوتوێ دەكات.
ئەو شارەزا ئێرانییە دەڵێت لە كاتێكدا چالاكییەكانی داعش لە نزیك بەغدا جدیتر بووە و داعش دەیەوێت بە گرتنی رومادی هێڵێكی جیاكەرەوە لە خۆرهەڵاتی عێراقەوە تا خۆرئاوای ئوردن پێكبێنێت ، چیتر ئێران ناتوانێ دەستەوەستان راوەستێ و پێویستە بۆ پاراستنی هێڵەكانی بەرگری خۆی و بۆ پوچەڵكردنەوەی مەترسی داعش، هەنگاوی سەربازیی جددی بنێت.
ئەمیر موسەوی دەشڵێت: "پێشبینیدەكرێت لە داهاتوویەكی نزیكدا چوونی هێزەكانی ئێران بۆ بەرەكانی شەڕی داعش ببینین، تاكو پێش ئەوەی ئێران ئیفلیج بكرێت ، داعش لە خاكی عێراق و سووریادا ئیفلیج بكرێت".
13/10/2014
شەڕ لە دوولای كۆبانێ بەردەوامە و فڕۆكەی هاوپەیمانانیش ئەمڕۆ بە ئاسمانی شارەكە سوڕاونەتەوە.
ئیدریس ناسان، جێگری دەستەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی كانتۆنی كۆبانێ لەناو كۆبانێوە بە رووداوی راگەیاند، كە لە دوێنێ و تا ئەمڕۆش شەڕێكی سەخت لە دوولای كۆبانێ لە رۆژهەڵات و باشووری رۆژهەڵاتی شارەكە بەردەوامە.
ناسان رایگەیاند لە شەوی رابردووەوە فڕۆكەکانی هاوپەیمانان بەردەوام بە ئاسمانی كۆبانێدا دەسووڕێنەوە و شەوی رابردووش چەند بنكەیەكی داعشیان لە دەوروبەری شارەكە بۆردومانكردووە.
جێگری دەستەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی كانتۆنی كۆبانێ، هەروەها بە رووداوی راگەیاند، كە دوای پێشڕەوی شەڕڤانانی یەپەگە لە هەندێك ناوچەی دەوروبەری كۆبانێ، داعش جارێكی دیكە هێزی كۆكردووەتەوە و لەناوچەی دیكەوە هێرشیكردووەتەوە سەر ئەو ناوچانەی كە دوێنێ پاشەكشەی تێدا كردبوو، بەهۆیەوە بەشێكی ئەو ناوچانەی كۆنتڕۆڵكردووەتەوە.
ئەو بەرپرسەی كانتۆنی كۆبانێ لەبارەی دۆخی شارەكە رایگەیاند: "دۆخەكە خراپە و دوای بۆردوومانی فڕۆكەی هاوپەیمانان لە هەندێك ناوچەی شارەكە دووكەڵ و ئاگر هەیە.
شەڕی نێوان یەپەگە و داعش لە كۆبانێ لە مانگێك نزیك دەبێتەوە و چەند رۆژێكیشە شەڕی كۆڵان بە كۆڵان لەنێوان هەردوولا دەستیپێكردووە، ئەمەش لەكاتێكدا كە فڕۆكەی هاوپەیمانان بەردەوام لە دەوروبەری كۆبانێ بنكەكانی داعش بۆردوماندەكەن.
13/10/2014
یەکێک لە گرفتە سەرەکییەکانی شاری بیجاڕ بێکارییە. بێکاری لەو شارە وای لە لاوان کردووە کە شارەکەیان بە جێبێڵن و بۆ دۆزینەوەی کار و دابینکردنی ژیانی رۆژانەی خۆیان روو لە شارەکانی دیکە بکەن.
بەپێی دوایین ئامارەکان، 4 هەزار کەس تەنیا لەبەر گرفتی بێکاریی، شاری بیجاڕیان بەجێهێشتووە.
بە ناچار بەجێهێشتنی لاوانی ئەو شارە بە رادەیەکە، کە کاردانەوەی لێکەوتووەتەوە و بەرپرسانی حکومەتی هێناوەتە دەنگ.
بیژەن زەندیە فەرمانداری شاری بیجاڕ، بێکاریی بە گەورەترین کێشەی ئێستای ئەو شارە لەقەڵەم داوە و رایگەیاندووە: لاوانی شاری بیجاڕ لەگەڵ گرفتی بێکاری بەرەوڕوون و ئیدارەکانی حکومەت، وەڵامدەری داخوازییەکانی ئەو ژمارە لە بێکاران نییە.
بە وتەی فەرمانداری بیجاڕ، 35 لە سەدی لاوانی بیجاڕ بێکارن و پەرەپێدانی ئابووری لەو شارەدا زۆر لاوازە.
جیا لە لاوازی و رەوتی پەرەپێدانی بواری ئابووری، شاری بیجاڕ چەندین ئاسەواری مێژوویی تێدا هەڵکەوتوون کە هێشتا بەشێکیان نەناسێندراون. شوێنەوار و ئاسەواری مێژووی و گەشتیاری کە دەتوانن سەرچاوەیەک بن بۆ داهات، نەکراونەتە سەرمایەیەک بۆ دۆزینەوەی کار و پیشەی هاونیشتمانیانی ئەو شارە.
فەرمانداری بیجاڕ دەڵێت: سەرمایەگوزاری باشترین پلانە بۆ چارەسەری کێشەی بێکاری و ئەگەر بێت و سەرمایەگوزاری بکرێت ئابووری گەشە دەکات و ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوە کە لاوانی شاری بیجاڕ بۆ دۆزینەوەی کار نەچن بۆ شارەکانی دیکە.
بیژەن زەندیە ئاماژەی بە 4 هەزار لاوی بیجاڕی کردووە کە زیاترینیان لە نێوان ساڵەکانی 2006 بۆ 2011، ئەو شارەیان بە جێهێشتووە، کە گەلێک پەیامی بۆ سەرجەم پێکهاتەی شاری بیجاڕ هەیە.
ناوبراو داوای لە بەرپرسانی شاری بیجاڕ و پارێزگای سنە کردووە، کە رێگە چارەیەک بۆ کەمکردنەوەی رێژەی بێکاری بدۆزنەوە.
بە پێی دوایین ئاماری وەزارەتی کار، 9 ملیۆن و 500 هەزار کەس لە ئێراندا بێکارن.
عادل ئازەر سەرۆکی گشتی ئاماری ئێران دەڵێت: 26 لە سەدی لاوان و 12.5 لە سەدی خەڵکی ئێران بێکارن، ئەو رێژەیە دوو هێندەی رێژەی بێکاری گشتی ئێرانەو بەو پێیە، ئێران کەوتووەتە قەیرانی بێکارییەوە.
13/10/2014
بەپێی راگەیاندنەکانی روانگەی سووری بۆ مافی مرۆڤ، رێکخراوی داعش لە هەوڵی بەهێزکردنی تواناکانی دایە و هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی دەست بەسەر کۆبانێدا بگرێت، بۆ ئەم مەبەستەش چەکدارانی لە رەققەو حەلەبەوە بۆ کۆبانێ دەگوازێتەوە، لە بەرامبەریشدا رووبەڕووی بەرەنگاربوونەوەیەکی بەهێزی شەڕڤانانی کورد بووەتەوە.
رامی عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند،" رێکخراوی داعش چەکدارەکانی لە رەققەو حەلەبەوە بۆ کۆبانێ رەوانە کردووە کە ئەم دوو شارە بنكەی سەرەکی داعشن لە باکووری سووریا". ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە " رێکخراوەکە ئەو کەسانەشی رەوانەکردووە کە شارەزاییان لە شەڕکردن نییە".
عەبدولرەحمان ئەوەشی راگەیاند کە " رێکخراوی داعش متمانەیەکی تەواویان بە جەنگەکە هەیە". ئەوەش رووندەکاتەوە کە "ئەم جەنگە بەلای رێکخراەکەوە جەنگێکی یەکلاکەرەوە دەبێت، ئەگەر هاتوو دەستبگرن بەسەر کۆبانێ، ئەوا رووبەڕووبوونەوەکان لە دژی بەردەوامیان دەبێت لە سووریا، بەڵام لە حاڵەتی سەرنەکەوتنیان ئەوا لەبەرامبەر بە تووندڕەواکان لە ناوو ناوبنگیان دەدرێت".
بەڕێوەبەری روانگەی سووری ئاماژە بۆ دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکەش دەکات و دەڵێت،" لەو کاتەوەی کە دەستیان بەسەر چوارگۆشەی ئەمنی هێزە کوردییەکاندا گرت، رێکخراوەکە لە هیچ شوێنێک بەرەوپێش نەچووە". دەشڵێت "40 % شاری کۆبانێ لەژێر کۆنترۆڵی رێکخراوی داعش دایە بە تایبەت ئەو ناوچانەی کە دەکەونە رۆژهەڵاتی کۆبانێ، هەندێک ناوچەش لە باشوور و رۆژئاوای شارەکە و کۆنترۆڵکردنی بارەگای هێزە کوردییەکان بە باکووری شارەکە، کە دەکەوێتە سنووری تورکیا بە دووری کیلۆمەترێک".
لە بەرامبەریشدا هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش بە رابەرایەتی ئەمریکا، 9 هێرشی ئاسمانیان بۆ سەر مۆڵگەکانی تیرۆریستان ئەنجامدان، بەتایبەت لە لای رۆژئاوای شارەکەوە. بەپێی رووانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بەبێ ئەوەی ئاماژە بە ژمارەکان بکات رایگەیاند کە لە هێرشانەدا "چەندین چەکداری تووندڕەو کوژراون و چەندین ئامێر و کەرستەی سەربازی و ئۆتۆمبێلیان تێکشکێندراون".
13/10/2014
فوئاد حوسێن باردۆخی كۆبانێ زۆر بە مەترسیدار وەسف دەكات و رایدەگەیێنێت:" تاوەكو ئێستا سنووری توركیا و كۆبانێ داخراوە و ئێمە بە نیازی كردنەوەی ئەو سنوورەین".
سەرۆكی دیوانیی سەرۆكایەتیی ھەرێمی كوردستان لە ھەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ ماڵپەڕی ئیلاف ئاماژە بە رەوشی ترسناكی كۆبانێ دەكات و جەختدەكاتەوە ھەرێمی كوردستان ھەموو ھەوڵەكانی خۆی بۆ گەیاندنی ھاوكاریی و كۆمەك بە كۆبانێ دەخاتەگەڕ. فوئاد حوسێن دەڵێت:" ھەڵوێستی ھەرێمی كوردستان روون و ئاشكرایە و داوا لە تەواوی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی ئەندام لە ھاوپەیمانێتی دژی داعش دەكەین پشتگیری بەرگری میللی كورد لە كۆبانێ بكەن، لە نێوانیشیاندا توركیا، ئێستا كۆبانێ گەمارۆدراوە و تاكە رێگاش بۆ گەیاندنی ھاوكاری بۆ شەڕڤانان كۆبانێ لە رێگای سنووری توركیایە، ئێمە ئوێمەدەوارین ئەو سنوورە بكرێتەوە بۆ گەیاندنی ھاوكاری".
فوئاد حوسێن ئاماژە بە ھەمەھانگی ھەرێمی كوردستان و وڵاتانی ھاوپەیمان دژی داعش دەكات بۆ فراوانكردنی بۆردوومان و ھێرشە ئاسمانییەكانی سەر چەكدارانی داعش لە كۆبانێ، لە ھەمان كاتدا جەخت لە سەر ئەوە دەكاتەوە تاكە چارەسەر ئەوەیە توركیا سنووری خۆی بكاتەوە بۆ گەیاندنی ھاوكارییەكان. ئەو دەڵێت:" حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ وڵاتانی ھاوپەیمانی رۆژئاوا بۆ كردنەوەی سنووری توركیا و گەیاندنی ھاوكاری بۆ كۆبانێ".
سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی ھەرێمی كوردستان دەشڵێت:" ھیچ وەڵامێكمان لە توركیاوە پێنەگەیشتووە، بەڵام وڵاتانی ھاوپەیمان لە پەیوەندی بەردەوامدان لەگەڵ توركیا لە چەند كاژێر و رۆژی داھاتووش دەبینن چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو داواكارییە لەلایەن وڵاتانی ھاوپەیمانەوە دەكرێت".
فوئاد حوسێن پێیوایە ئەگەر داعش دەستبەسەر كۆبانێدا بگرێت كارەسات روودەدات و كاردانەوەی لە سەر ھەمووان دەبێت. جەختیشدەكاتەوە:" ھەموو لایەك زەرەمەند دەبن لە نێویشیاندا توركیا، چونكە داعش رێكخراوێكە دۆستی ھیچ وڵاتێك نییە و ھەڕەشە لە كیانی ھەمووان دەكات، بۆیە پێویستە توركیا سنووری خۆی لەگەڵ كۆبانێ بكاتەوە و ھاوكاری چەكدارانی كورد بكات".
نێوبراو رەتیدەكاتەوە ھیچ ھەمەھانگییەكیان لەگەڵ بەشار ئەسەدی سەرۆكی سووریا هەبێت دژی داعش و دەڵێت:" ھیچ گفتوگۆیەك لە نێوان ھەرێمی كوردستان و رژێمی سووریا نییە، ئەو بابەتە پەیوەندیدارە بە حكومەتی عێراق، لەو بڕوایەم پەیوەندی لە نێوان حكومەتی عێراق و رژێمی سووریادا ھەبێت".
13/10/2014
سەرۆكوەزیرانی عێراق دەڵێ دەبێ كورد خۆی یەكلابكاتەوە بەوەی ئایا لەگەڵ عێراقە یان نا، بۆ ئەوەش داوای بەڵێنی كرداری دەكات.
حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق لەمیانی هەڤپەیڤینێكدا بۆ كەناڵی حوڕەی عێراق گوتی:" دەبێت كورد بڕیاری چارەنوسساز بدات و هەماهەنگی زیاتر هەبێت لە نێوانمان و وەك شەریكێك بەشداربێت لە پرۆسەی سیاسی عێراق".
گوتیشی: "ئەوان لامەركەزییەتی خۆیان هەیە لە بڕیاردانی نێوخۆیی، بەڵام دەبێت حكومەتێكی ئیتحادی هەبێت".
سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشكرد، كە هەفتەی داهاتوو پەرلەمانی عێراق كۆدەبێتەوە و ناوی وەزیرەكانی ناوخۆ و بەرگری ئاشكرا دەكات. سەبارەت بە كاندیدكردنی هادی عامری بۆ پۆستی وەزیری بەرگری، عەبادی هیچ كۆمێنتێكی نەبوو و گوتی: "ناوەكان ئاشكرا دەكەم".
سەبارەت بە وەستانی هێرشی ئاسمانیی لە ناوچەكانی ئەنبار، سەرۆكوەزیرانی عێراق رایگەیاند: "توانای هێزی ئاسمانیی عێراق دیاریكراوە و بەشێوەێكی تەندرووست و درووست نییە و ناتوانێ ئامانجەكانی بە باشی بپێكێت و دەبێتە هۆی كوژرانی خەڵكی سیڤیل".
عەبادی هەر لەمیانی هەڤپەیڤینەكەدا رەخنەی لە دەزگاكانی راگەیاندن گرت و گوتی: "عێراق خاوەن دەزگای راگەیاندن نییە و ئەوەی كە هەیە دەزگای سەربەخۆیە و كارەكانی چاودێری ناكرێت هەر بۆیە دەبێت دەزگایەكی چاودێری نێوخۆیی دابمەزرێت بۆ رێكخستنی كاری راگەیاندن".
12/10/2014
بەهۆی هێرشی داعش بۆ سەر شاری كۆبانێی رۆژئاوای كوردستان، كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە گرنگییەوە لەو شارە دەڕوانێت. بەڵام بەلای زۆر لە رۆژئاواییەكان و میدیاكانی جیهان، تاوەكو مانگێك پێش ئێستا ناوی كۆبانی نەبیستراو بوو. بۆیە كاتێك باراك ئۆباما، سەرۆكی ئەمریكا هاوپەیمانییەتی نێودەوڵەتی دژ بە داعشی راگەیاند، كۆبانێی وەكو ئامانجێكی ستراتیژی دانەنا. ئەمەش لە هەفتەی رابردوو جۆن كێری، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ئەم راستییەی دركاند.
بەڵام چاودێرانی سیاسی پێیانوایە بەهۆی ئەو بەرگرییەی هێزەكانی پاراستنی گەل لە كۆبانی بەرامبەر بە داعش دەیكەن، كۆبانێ واتا و ئاماژەیەكی ستراتیژی سەربازی دەگەیێنێت. چونكە كەوتنی كۆبانی سەرەتایەكە بۆ شكستی هێرشە ئاسمانییەكانی ئەمریكا.
لە پەیمانگای شاهانەی بەریتانیا، شاشناك چوشی، رایگەیاند، کە "دروست نییە تەنیا بە كەوتنی شارێك حكوم لەسەر هاوپەیمانییەتی نێودەوڵەتی بدەین، بەڵام متمانە بە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی زۆر لاواز دەبێت. خەڵكیش نیگەران دەبن لەوەی كە ئەمریكا ناتوانێت وەكو پێویست پیانپارێزێت".
لەبەرامبەردا دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) بە كۆنتڕۆڵكردنی كۆبانێ متمانەی بە توانا سەربازییەكانی بەهێزتر دەبێت و چاودەبڕێتە پەلاماردانی ناوچەكانی دیكەی سووریا و عێراق. بۆ ئەم مەبەستەش دەتوانێت ژمارەیەكی هێزی زیاتر جووڵە پێبكات و ئادیوی سنوورەكان بن. هەروەها داعش دەتوانێ كۆبانێ بكاتە پڕوپاگەندەیەكی بەهێز و بۆ خۆی بەكاریبهێنێت.
تاوەكو ئێستا هیچ سەركردەیەكی سەربازی و سیاسی داعش نەكوژراوە، بەشێک لە چاودێرانبیش ئەمەشوەك ئاماژەیەك بۆ ناكارایی هێرشە ئاسمانییەكان دایدەنێن.
تەنانەت ئەو وێنانە و ڤیدیۆیانەی، كە هاوپەیمانان بڵاویدەكەنەوە، كەس نازانێت شوناسی ئەو كەسانە چییە و چ لایەنێكن؟ تەنانەت چەند كەس كوژراون؟
جیف وایتە، لە پەیمانگای واشنتن پێیوایە كۆنتڕۆڵكردنی كۆبانێ كاریگەرییەكی سایكۆلۆژی هەیە "مۆڕاڵی چەكدارانی داعش بەرزتر دەبێت، لەبەرامبەریشدا نەیارانی داعش بێئومێد دەبن. داعش دەتوانێت بڵێت هێرشە ئاسمانییەكان كاریگەرییان لەسەر ئێمە نییە".
لە واشنتن فەرماندە سەربازییەكانی ئەمریكا پێیانوایە، كە بەستنەوەی کەوتنی كۆبانێ بە هێرشە ئاسمانییەكانەوەە، تێنەگەیشتنە لە ستراتیژیەتی ئەمریكا.
سەرچاوەیەكی سەربازی ئەمریكا نەیویست ناوی ئاشكرا بێت، رایگەیاندووە، كە بەرگریكردنەكانی یەپەگە وایكردووە كە داعش هەموو توانا سەربازییەكانی خۆی بەگەڕبخات.
لەرووی سەربازی داعش باجێكی زۆریداوە. ئەگەر گوشارەكانی توركیا نەبێت یەپەگە دەتوانێت ببێتە هاوبەشێكی سەرەكی ئەمریكا لە سووریادا.
دۆبنیز لە ناوەندی راند كۆربۆشین ئاماژە بەوە دەكات، کە كۆنتڕۆڵكردنی كۆبانێ لەلایەن داعشەوە كاریگەری لەسەر ئەو خشتە زەمەنییەش دەبێت، كە ئۆباما بۆ ستراتیژیەتەكەی دایناوە.
12/10/2014
سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان دەڵێ بۆ رووبەڕووبوونەوەو لەناوبردنی داعش تەنیا هێزی سەربازی پێویست نییە، بەڵكو دەبێ لەرووی كولتوور و هزریشەوە شەڕی داعش بكرێ. جەختیشدەكاتەوە كە هەرێمی كوردستان پێویستی بە هاوكاریی سەربازیی زیاترە بۆ شەڕی داعش.
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 11ی ئۆكتۆبەری 2014 نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە پۆڵ كۆكڵی بەرپرسی دەزگای خزمەتگوزاریی بەهاناوەچوونی كاتۆلیكیی ئەمریكی و شاندێكی یاوەری كرد. بەپێی راگەیێندراوی ئەنجوومەنی وەزیران شاندەكە بۆ ئەوە هاتوون تا لە نزیكەوە رەوش و بارودۆخی ئاوارەكان ببینن و لە چۆنێتی كۆمەك و هاوكاریكردنیان بكۆڵنەوە و راستیی رەوشەكە و پێداویستیی ئاوارەكان بە لایەنە پەیوەندیدارە ئەمریكییەكان و كۆنگرێسمان و سیناتۆران بگەیەنن.
لەو دیدارەدا سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە "حكومەتی هەرێمی كوردستان و خەڵكی كوردستانیش بە گشتی بە یەك چاو سەیری هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی كوردستان دەكەن و ئەوەی لە توانای حكومەتدا هەیە، هاوكاریی هەمووان دەكات، بەڵام لەبەر زۆریی ژمارەی ئاوارە و پەنابەران و بەهۆی بڕینی بودجەی هەرێمی كوردستان لە لایەن حكومەتی عێراقەوە، تواناكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان سنووردارن و دەبێ عێراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش هاوكاریی زیاتری ئەو خەڵكە بكەن و بەهانایانەوە بێن، بە تایبەتی كە زستان نزیكە و ئەمە بارودۆخە سەختتر دەكات".
بەپێی راگەیێندراوەكە نێچیرڤان بارزانی نیگەرانیی خۆی نیشانداوە كە هەندێ لە مەسیحییەكانی كوردستان و عێراق هەوڵی جێهێشتنی زێد و وڵاتی خۆیان دەدەن و گوتوویەتی "مەسیحییەكان مێژوویەكی هەزاران ساڵەیان لە ناوچەكە هەیە و خەڵك و دانیشتوانانی رەسەنی كوردستان و ناوچەكەن، بۆیە دەبێ هاوكاری بكرێن و هان بدرێن بمێننەوە و روو لە دەرەوە نەكەن".
دەربارەی جەنگ و رووبەڕووبوونەوەی داعش، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاندووە: "هەرێمی كوردستان شانازی بەوەوە دەكات لە بەرەی پێشەوەی جەنگی دژی داعشدایە".هەروەها دەڵێ "هەرێمی كوردستان پێویستی بەردەوامیی بە هاوكاریی سەربازیی هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت تیرۆر تێكبشكێنێت و لەناوی بەرێت".
ئاماژەی بەوەشكردووە "جەنگی دژی تیرۆر نابێ هەر تەنیا لە رێگەی سەربازییەوە بێت، بەڵكو دەبێ لەڕووی پەروەردەیی و هزری و كولتووریشەوە رووبەڕووی ببینەوە و بۆ ئەمە وڵاتانی ناوچەكە دەبێ رۆڵێكی دیار بگێڕن، چونكە ئەگەر مەسەلەكە بە جددی وەرنەگیرێت و كاری لەسەر نەكرێت، تیرۆر لەسەر هەموو لایەك دەبێتە مەترسییەكی گەورە".
11/10/2014
هەردوو سیناتۆری کۆماری لە ئەمریکا جۆن مەکێین و لینسی گراهام راگەیەندراوێک لەسەر رۆڵێ تورکیا لە سەر مەسەلەی بەرەنگاربوونەوەی داعش بڵاودەکەنەوە و دەڵێین سەڕەرای رەخنەکانمان لەهەندێک سیاسەتی تورکیا لە رۆژهەڵاتی ناوەراست ، بەڵام هاوڕاین لەگەڵ ئەردۆغان کە دەبێت ستراتیژییەک هەبێ بۆ نەمانی ئەسەد و داعش لەیەککاتدا.
هەردوو سیناتۆرەکە لە روونکردنەوەکەدا دەنووسن:” ئەو رەخنە زۆرانەی کە لە تورکیا دەگیرێ کە هاوکاری کۆبانێ ناکات مانای وانییە کە دەبێ ئەسەد و داعش بەیەکەوە لەناو ببرێن. ئێمەش باوەرمان وایە کە دەبێ تورکیا رۆڵێکی گەورەتر ببینێ لە جەنگ لە دژی داعش. هەروەها ئێمە نارەحەتین لەهەندێک سیاسەتی تورکیا لە رۆژهەڵاتی ناوەراست بەتایبەتی لەگەڵ ئیسرائیل و مامەڵەکانیان لەسەر سنووری سووریا”
هەروەها دەشنووسن:” لەگەڵ ئەمانەشدا هاوڕاین لەگەڵ ئەو قسانەی سەرۆک ئەردۆغان لەبارەی ئەوەی دەبێ ستراتیژییەکی نێودەوڵەتی هەبێ کە تەنیا بریتی نەبێ لەناوبردنی داعش بەڵکو کۆتایهێنانیش بێ بە دەسەڵاتی ئەسەد لە رێگەی دروستکردنی ناوچەی دژە فڕین و هاوکاریکردنی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا”
لەکۆتایدا دوو سیناتۆرەکەی کۆمارییەکان دەڵێن ئەگەر ئۆباما ئەو ستراتیژەیەی کە سەرکردەکانی تورکیا داوای دەکەن جێبەجێبکات ئەوا ئەمریکا دەتوانێ پشتیوانی گرنگی هاوپەیمانەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست بەدەستبێنێ لەوانەش سوپای تورکیا کە گرنگە بۆ سەرکەوتن.
11/10/2014
دوای ئەوەی سعودیە نرخی نەوتی خۆی لە بازاڕەكانی جیهان دابەزاند، ئێرانیش نرخی نەوتی خاوی بۆ وڵاتانی ئاسیایی دابەزاند.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جورناڵی ئەمریكی و ئاژانسی هەواڵی بلۆمبێرگ بڵاویان كردووەتەوە، كە هەفتەی رابردوو وەزارەتی نەوتی ئێران نرخی نەوتی خاوی بە هەمان رادە دابەزاندووە، كە سعودیە بۆ کڕیارەكانی خۆی دەبەزاندبوو.
شارەزایەكی بواری وزە بە ئاژانسی هەواڵی ئەوروپای ئازادی راگەیاندووە، كە دابەزاندنی نرخی نەوت، دابەزینی داهاتی نەوتی هەناردەكراوی لێ دەكەوێتەوە و كاریگەری خراپی دەبێت لەسەر بەرنامە راگەیەنراوەكانی ئێران و كێشەی بۆ دروستدەكات.
پێشتریش بیژەن نامدار زەنگەنە ، وەزیری نەوتی ئێران رایگەیاندبوو، ئەوەی لە هەڵكشان و داكشانی نرخەكاندا دەبینرێت، واتای شەڕی دابەزاندنی نرخ نادات، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا شارەزایانی بوارەكە جەخت لەوە دەكەنەوە، كە دابەزاندنی نرخی نەوت لەلایەن ئەندامانی رێكخراوی وڵاتانی هەناردەكەری نەوت (ئۆپێك)وە، هەر لە كەنداوی فارس - عەرەبەوە تا خۆرئاوای ئەفریقیا، گوزارشت لە شەڕی نرخ دەكات.
لە بازاڕەكانی جیهانش نرخی نەوتی خاو رووی لە دابەزین كردووە.
ئاژانسی هەواڵی بلومبێرگ هەروەها بڵاویكردووەتەوە، کە ئێران بۆ مانگی تشرینی دووەم، واتە كەمتر لە سێ هەفتەی دیكە، گەورەترین داشكاندنی نرخ دەكات بۆ کڕیارە ئاسیاییەكانی، بە جۆرێك كە لە ماوەی شەش ساڵی رابردوودا هاوشێوەی نەبووە.
11/10/2014
وتارخوێنی نوێژی هەینی شاری مەشهەد، كە یەكێك لە گرنگترین شارە مەزهەبییەكانی ئێرانە رایگەیاند "ئامانجی ئەمریكا و ئیسرائیل ئەوەیە، كە بە یارمەتی نۆكەری ئەڵقە لەگوێی خۆیان كە توركیایە، سووریا و عێراق داگیربكەن و لە ئەنجامدا ئێران بۆ پاراستنی ئەو دوو وڵاتە بڕواتە ئەو شەڕە و دواتر ئەوان بە ناردنی داعش بۆ ئێران ئاسایشی ئێران بخەنە مەترسییەوە".
ئایەتوڵڵا عەلەمولهودا، كە ئەندامی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی ئێرانیشە، ئامانجی هەموو ئەو رووداوانەی كە لە ناوچەكە روودەدات بۆ لێدانی ئێران دەزانێت و دەڵێت، "رەوتی كوفر بۆ لەنێوبردنی ئیسلام هەموو پیلانگێڕییە دەرەكییەکان دەگێڕێ و لە دەرەوەی سنوورەكانیش ئامانجیان ئەوەیە، بە لەنێوبردنی ئێمە، ئیسلام لە بەین ببەن."
عەلەمولهودا پرسیاری ئەوە لە وڵاتانی رۆژئاوایی دەكات، كە "لە كاتێكدا ئێوە دەڵێن هاوپەیمانانی ئێمە لە ناوچەكە ئەو گرووپە تیرۆریستییەیان دروستكردووە، ئایا بەبێ رێگەپێدانی ئێوە دەیانتوانی داعش دروستبكەن؟ كە ئێستا ئێوە هاوپەیمانییەكتان لە دژی داعش دروستكردووە و دەتانەوێت شەڕی لەگەڵ بكەن".
وتارخوێنی هەینیی مەشهەد، كە مەزاری ئیمامی هەشتەمی شیعەكانی لە خۆ گرتووە، دەڵێت، "داعش كاتێك كە هێزی هەبوو و بەشێك لە حەڵەبی لە سووریا كۆنترۆڵكردبوو هێرشی نەكرد بۆ پارێزگای كۆبانێ، بەڵام ئێستا كە توركیا گەمارۆیانی داوە و گوشاری لەسەر دروستكردوون، داعشیش هێرشی كردوەتە سەریان".
بە گوتەی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی شارەزایانی ئێران، ئامانجی داعش لە نزیكبوونەوەی لە سنوورەكانی توركیا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە" توركیا بە بیانووی پاراستنی وڵاتەكەی دەیەوێت هێرش بكاتە سەر سووریا و دەستتێوەردانی سەربازی لەو وڵاتە بكات، ئەگینا ئەوان بە هیچ شێوەیەك خۆیان لەگەڵ داعش ناكەنە تەرەف و لەگەڵ داعش شەڕناكەن بەڵكو ئامانجی سەرەكییان هێرشكردنە بۆ سووریا".
ئامانجی سەرەكی ئەو هەنگاوانەی ئەمریكا و هاوپەیمانانی و توركیا بە گوتەی عەلەمولهودا، ئەوەیە، كە " ئێران بۆ پارێزگاریكردن لە سووریا و عێراق بڕواتە نێو ئەو شەڕەوە و هێزە سەربازییەكانی ئێران سەرقاڵی شەڕ لەو دوو وڵاتە بن و ئەوانیش لە شوێنێكەوە داعش بخزێننە نێو ئێران و بەو شێوەیە مەترسی بۆ ئاسایشی ئێمە دروست بكەن".
وتارخوێنی هەینی شاری مەشهەد پێیوایە، " ئێران لە ژێر رێبەرایەتی رێبەری ئێران، سوپایەكی بەهێزی هەیە و فەرماندە سەربازییەكانی ئێران ئەزموونی 8 ساڵ شەڕیان لەگەڵ رژیمی بەعسی عێراق هەیە و ئامادەن لە بەرامبەر هەموو جیهانەوە بووەستن".
11/10/2014
پاش چەند كاژێرێك لە لێدوانی مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، كە لەمیانی هەڤپەیڤینێك لەگەڵ یەكێك لە كەناڵە عەرەبییەكان رایگەیاند باشووری كوردستان سوورە لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم و سەربەخۆیی ، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند شەڕی دژی داعش لە هەموو پرسەكانی دیكە لە پێشترە و ئێمە پاڵپشتی یەكپارچەیی خاكی عێراق دەكەین.
ئالن پاترسۆن، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:"بەو لایەنە كوردییانە دەڵێم كە نیازی جیابوونەوەیان هەیە لە عێراق، شەڕی دژی داعش لە هەموو پرسەكانی دیكە لە پێشترە و ئەمریكا پاڵپشتی یەكپارچەیی خاكی عێراق دەكات".
لەو هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ كەناڵی سكای نیوز، لە بارەی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی باشووری كوردستان، سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەڵێ "ئەو پرسە و سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان و جیابوونەوەی لەعێراق ، هەروەها گشتپرسی لەكەركووك، گەڕانەوەیان بۆ نییە، بەڵام ئێستا ئەولەویەت شەڕی داعشە و دەبێت ئەو شەڕە بكەین پێش سەربەخۆیی".
بارزانی هەروەها دەشڵێت "پابەند دەبین بە هاوكاریكردنی حكومەتەكەی حەیدەر عەبادی ، سەرەڕای ئەوەی كە هێشتا هەندێك ناكۆكی لە هەندێك بابەت لەنێوان هەردوولاماندا ماوە."
وەزیرانی كورد لە حكومەتی عێراق هێشتا دەستبەكار نەبوون و حكومەتی عێراق تا ئێستا مووچەی فەرمانبەران و بودجەی 8 مانگی هەرێمی كوردستانی رەوانە نەكردووە.
11/10/2014