نووسینگەی حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق رایگەیاند هیچ زانیارییەكیان لەبارەی سەردانی چاوەڕوانكراوی سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان لەلا نییە.
د. فوئاد مەعسوم، سەرۆككۆماری عێراق لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاندبوو حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق لە ئایندەیەكی نزیكدا سەردانی هەولێر دەكات.
بەڵام مەهدی عەللاق، بەڕێوەبەری نووسینگەی تایبەتی عەبادی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:"هیچ زانیارییەكمان لەبارەی سەردانی سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان لەلا نییە و بڕیاری لەو شێوەیەمان نەبیستووە".
چاوەڕوان دەكرێ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا پرسی بودجەی فیدراڵی ساڵی 2014 و ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان تاوتوێ بكات.
30/09/2014
سهرچاوەیەك له گوندی دوگرێ-ی سهر به ناحیەی سنونێ رایگهیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ 29-9-2014 لەگەڵ خۆرئاوابوون، چهكدارانی داعش له شنگال بهرهو سنووری سووریا رۆیشتن. حهجی ئیبراهیم كە پێشمەرگەیەکی ئێزدییە، بە (رووداو)ی راگهیاند، زۆرتر له 30 ئۆتۆمبێلی چهكدارانی داعش له شنگال بهرهو سنووری سووریا رۆیشتن.
حەجی ئیبراهیم كه ئێستا له گوندی دوگرێیه ئهوەیشی راگهیاند، دوای ئهوەی فڕۆكهكانی هاوپهیمانان چهند ناوچهیهكی نزیك دوگرێیان تۆپبارانكرد، هێزهكانی پێشمهرگه و هێزهكانی یهپەگه و هێزهكانی چیای شنگال زۆرتر له یهك كیلۆمهتر بهرهو سهنتهری ناحیهی سنونێ پێشڕهوییان كرد و زۆرتر له 30 چهكداری داعشیان كوشتووه.
هەروەها عهمید سمی بوسهلی، فهرمانده له هێزهكانی پێشمهرگه له چیای شنگال به (رووداو)ی راگهیاند، فڕۆكه جهنگییهكان بۆردوومانێکی سهختی بنکەکانی داعشیان لە ناحیهی سنونێ و لهناو شنگالدا كردووه و نزیكهی 20 چهكداری داعشیان كوشتوون.
30/09/2014
گفتوگۆکان بۆ هەماهەنگیکردن لە نێوان عێراق و فەرەنسا لەسەر ئاستێکی باڵای سەربازی بۆ لێدانی بنکەکانی گرووپی داعش لە عێراق دەستیپێکرد.
رۆژی دووشەممە 29ی ئەیلوولی 2014 لە بەغدا، فەریقی یەکەم بابەکر زێباری، سەرۆکی ئەرکانی سوپای عێراقی لەگەڵ شاندێکی فەرەنسا کە پێکهاتبوون لە ژمارەیەک توێژەری سەربازی و لە نێویشیاندا سەرۆکی هەواڵگری فەرەنسی، تاوتوێی راسپاردەکانی کۆنگرەی پاریسیان کرد بۆ هەماهەنگیکردن لەگەڵ هێزەکانی عێراق بۆ ئەو هێرشە ئاسمانییانەی فەرەنسا و ئەو شوێنانەی لەلایەن فڕۆکە سەربازییەکانی فەرەنساوە دەکرێنە ئامانج.
بەپێی بەیاننامەیەکی وەزارەتی بەرگری عێراق، فەریق کومارت، سەرۆکی شاندەکەی فەرەنسا لە دانیشتنەکەدا باسی لەو بڕیار و راسپاردانە کردووە کە لە کۆنگرەکەی پاریس لە پێناوی پاڵپشتییەکی گەورەی نێودەوڵەتی بۆ حکومەتی عێراق دەرکران و گوتوویەتی،" عێراق لەجیاتی هەموو جیهان جەنگێکی گەورەی لەئەستۆ گرتووە، بۆیە بەئەرکی خۆمانی دەزانین بەرامبەر بە گەلەکەی هەموو هاوکارییەکی سەربازی و مرۆییان پێشکەش بکەین".
لەبەرامبەریشدا فەریقی یەکەم بابەکر زێباری، سەرۆکی ئەرکانی سوپای عێراقی رایگەیاندووە،" هەموو هەوڵە عەرەبی و نێودەوڵەتییەکان ئەوانەی پاڵپشتی لە عێراق دەکەن، پێش هەموویان هاتنە پێشەوەی فەرەنسا بۆ دروستکردنی پەیوەندی لەسەر هەموو ئاستەکان بەگرنگ دەزانین".
زێباری لە گوتەکانی پێداگری لەسەر ئەوە کردووە کە "لە کاتێکی وادا پێویستیمان بە سەرجەم شارەزاییەکان هەیە لەبواری سەربازی بۆ لەناوبردنی گرووپە تیرۆریستییەکان".
30/09/2014
بە پێی ناوەندێكی لێکۆڵینەوەی تایبەت بە بودجە لە واشنتن، تێچووی ساڵانەی شەڕی داعش لە نێوان دوو ملیار تاوەکو بیست و دوو ملیار دۆلار دەبێت.
ناوەندی ستراتیژی و هەڵسەنگاندنی بودجە لە واشنتن، راپۆرتێکی دەربارەی تێچووی ساڵانەی ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی (ناسراو بە داعش) ئامادەکردووە. لە راپۆرتەکەدا هاتووە کە بە پێی شیکردنەوەی داتاکان لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیران تاوەکو رۆژی 29ی ئەیلوولی 2014، تیچووی ئۆپەراسیۆنەکان لە نێوان 780 تاوەکو 930 ملیۆن دۆلار بووە.
دەربارەی تێچووی ئۆپەراسیۆنەکان لە ئایندەدا لە راپۆرتەکەدا هاتووە، بڕی تێچووەکە دەکەوێتە سەر چۆنیەتی و چڕی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکان، هەروەها دەکەوێتە سەر ئەوەی ئایا ئەمریکا هێزی وشکانی دەنێرێت یاخوود ناینێرێت.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بۆ ئەوە كراوە، ئەگەر تەنیا هێرشی ئاسمانی ئەنجامبدرێت دوو هەزار راوێژکار و پسپۆڕی سەربازی لە ژوورەکانی ئۆپەراسیۆن كاربكەن، ئەوە تێچووی مانگانە لە نێوان 200 تاوەکو 300 ملیۆن دۆلار دەبێت. بەڵام ئەگەر پێنج هەزار سەرباز رەوانەی عێراق بکرێن، ئەوە تێچووی ئۆپەراسیۆنەکان لە نێوان 380 بۆ 570 ملیۆن دۆلار دەکەوێت لە مانگێکدا.
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا ئەگەری ناردنی 25 هەزار سەربازی ئەمریکی شیکردنەوەی بۆ کراوە، لەو حاڵەتدا تێچووی ئۆپەراسیۆنەکان لە ساڵێکدا نزیکەی 22 ملیار دۆلار دەکەوێت.
بڵاوبوونەوەی ئەم راپۆرتە لە کاتێکدایە کە لەهەفتەی رابردوودا پنتاگۆن خەمڵاندنی سەرەتایی بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی کرد و تێیدا ئاماژەی بەوە کرد لە نێوان حەوت ملیۆن و نیو تاوەکو دە ملیۆن دۆلار تێچووی رۆژانەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمریکایە.
29/09/2014
باراك ئۆمابا، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دان بەوەدا دەنێت، كە لەماوەی شەڕی نێوخۆیی سووریادا، دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعشیان بە كەم زانیوە.
ئۆباما لە دیدارێكدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی CBS پشتڕاستی قسەیەكی جەیمس كلاپەر، بەڕێوەبەری هەواڵگری ئەمریكای كردەوە كە گوتبووی: "ئیرادە و توانای سوپای عێراقمان لەچاوی خۆمان گەورە كردبوو بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ داعش". ئۆباما گوتی: "بە دڵنیاییەوە ئەمە راستە".
ئۆباما پێیوایە كە داعش تەنیا رێكخراوێكی تیرۆریستی نییە و لەبارەی كشانەوەی سوپای وڵاتەكەی لە عێراق لە ساڵی 2011 گوتی: "دیموكراسییەتێكی خراپ و سوپایەكی پڕچەككراومان بەجێهێشت كە دەتوانێ رێگای خۆی بدۆزێتەوە، بەڵام ئەم دەرفەتە لەلایەن نووری مالیكی، سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراقەوە قۆسترایەوە بۆ بەهێزكردنی پێگەی شیعە".
لەبارەی حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی نوێی عێراق ئۆباما دەڵێ: "تاوەكو ئێستا ئاماژەی باشی هەن، بەڵام ئێمە ئەمە بە ناوی ئەوانەوە ناكەین، چونكە ئەمە تەنیا كێشەیەكی سەربازی نییە، بەڵكو كێشەیەكی سیاسیشە".
بەشێكی دیكە لە قسەكانی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا باسكردن بوو لە داعش و رژێمی سووریا، ئەو گوتی: "داعش لەلایەكەوە لەگەڵ رژێمی سووریا و لەلایەكی دیكەشەوە لە دژی شەڕ دەكات". ئۆباما گوتی: "لەژێر دەسەڵاتی رژێمی ئەسەددا ناتوانین سەقامگیری بۆ سووریا بەدیبهێنین، بۆ ئەوەی سووریا بە یەكگرتوویی بمێنێتەوە، نابێ ئەسەد بە درێژایی ئەو ماوەیە لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە".
لە وەڵامی پرسیاری ئایا ئەمریكا لەم قۆناخەدا لێدان لە داعش بە گرنگتر دەزانێت؟ ئۆباما گوتی: "ئەمانە هەموویان پەیوەندییان بەیەكترییەوە هەیە، بەڵام ئێستا هەڕەشەی خێراتر هەیە كە پێیەوە سەرقاڵ ببین".
ئۆباما رەتیكردەوە، ئەم شەڕە شەڕی داعش بێت لەگەڵ ئەمریكا و جارێكیتر دووپاتیكردەوە كە هاوشێوەی ئەفغانستان و عێراق هیچ ئۆپەراسیۆنێكی زەمینی ئەنجام نادەن.
29/9/2014
پۆلیسی توركیا لەسەر سنوور رێگە لە گەنجانی باكووری كوردستان دەگرێت كە بچنە دەڤەری كۆبانێ لە رۆژئاوای كوردستان بۆ بەرگریكردن لە كۆبانێ دژی داعش .
بەپێی هەندێ ئامار ئەو گەنجانەی لە باكووری كوردستانەوە چوونە رۆژئاوای كوردستان تائێستا ژمارەیان دەگاتە 1800 كەس ، بۆ بەرگریكردن لە شاری كۆبانێ و وەرگرتنەوەی 65 گوند لەو دەڤەرە كە ئێستا لە دەستی داعشدان .
هەروەها بەپێی لێدوانی سەربازێكی تورك بۆ ئاژانسەكانی هەواڵ لەسەر سنووری نێوان باكوور (توركیا) و رۆژئاوای كوردستان (سووریا) ، تائێستا نزیكەی 400 گەنج و پیاوی خەڵكی رۆژئاوای كوردستان گەڕاونەتەوە بۆ كۆبانێ بۆ شەڕكردن دژی داعش .
لەماوەی 14 رۆژی رابردوودا 138 هەزار كورد لەشاری كۆبانێوە چوونە باكووری كوردستان ، دوای هێرشەكانی داعش بۆ سەر ناوچەكە
29/9/2014
شەڕێكی بەهێز لەنێوان پەكەكە و چەكدارانی داعش لەچەند ناوچەیەكی قەزای شنگال دەستی پێكردووە و كوژراوێكی زۆری داعش هەیە، هاوكات هێزێكی زۆری داعش لەناو شەنگال كۆكراونەتەوە.
بەپێی سەرچاوەیەك كە بۆ خەندانی ئاشكرا كردووە، لەگوندی زوراڤا و هیلۆکۆ و دووگوڕێ سەر بەناحیەی سنوونێ شەڕێكی قورس هەیە.
سەرچاوەكە وتی: "لەئێستادا هێزێكی زۆری چەكدارانی داعش لەناو قەزای شنگال كۆكراونەتەوە و چەكی قورسیشیان پێیە".
وتیشی: "هێزەكانی پەكەكە شەهیدیان هەیە و كوژراوێكی زۆریش لەریزەكانی داعش هەن".
بەوتەی ئەو سەرچاوەیە، یەكینەكانی پاراستنی شەنگالیش هاوكاریی هێزەكانی پەكەكە دەكەن و دەجەنگن.
28/09/2014
برۆكز نیومارك، وەزیری كۆمەڵگەی مەدەنیی بەریتانیا ناچاربوو دەست لەكاربكێشێتەوە بەهۆی ئەوەی رۆژنامەی سەندەی میرەری بەریتانی ئاشكرایكرد، كە ئەو وێنەی رووتی بۆ رۆژنامەنووسێك ناردووە.
رۆژنامەنووسێك ئەكاونتێكی ساختەی بە ناوی سۆفی داناوە بۆ ئەوەی بەهۆیەوە لێكۆڵینەوە لە خراپ بەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لەلایەن وەزیرەكانەوە بكات.
لە درەنگانێكی شەودا نیومارك لەگەڵ رۆژنامەنووسەكە "سۆفی" چاتی كردووە و وایزانیوە هەر لەگەڵ ژنێك قسە دەكات و دوای ئەوەی "سۆفی" وێنەیەكی رووتی بۆی ناردووە ئەو وەزیرە گوتوویەتی " منیش وێنەیەكی خۆمت بۆ دەنێرم و بەمشێوەیە هەردووكمان نهێنیمان لای یەكتر دەبێت" دواتر وێنەكەی ناردووە.
رۆژی شەممە رۆژنامەی سەندەی میرەر بابەتێكی بڵاوكردەوە و تێیدا باسی لەم كارەی نیومارك كرد و ئەویش هەر لە ئێوارەی ئەو رۆژە دوای ئەوەی رایگەیاند "من گەمژەیەكی تەواو بووم" دەستی لەكار كێشایەوە.
لە بەیاننامەیەكی ئۆفیسی دەیڤد كامیرۆنی سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا هاتووە، كە سەرۆكوەزیران نامەی دەستلەكاركێشانەوەكەی نیومارك-ی قبوڵكردووە و بەمزوانەش پۆستەكەی بە كەسێكی دیكە دەدرێت.
28/09/2014
ئەمڕۆ خۆپێشاندان دژی بڵاوبوونەوەی چەکدارانی حوسی لە سەنعای پایتەخت بەڕێوەچوو. گەنجانی 11 فیبرایەر خۆپێشاندانێکیان دژی بڵاوبوونەوەی دیاردەی چەکداری و دەستبەسەرداگرتنی بارەگاکانی حکومەت لەلایەن حوسییەکان و بەتاڵانبردنی کەلوپەلەکانی حکومەت ئەنجامدا، خۆپێشاندەران داوای چەکدانانی حوسییەکانیان دەکرد و درووشمیان دژی حوکمی میلیشیایی بەرزدەکردەوە. لەلایەکی دیکەوە حکومەتی سعودیە هۆشداریدا کە زاڵبوونی حوسییەکان بەسەر سەنعای پایتەختی یەمەن هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نێودەوڵەتی و داوایکرد رێوشوێنی خێرا بگیردرێتەبەر لەبەرامبەر تێکچوونی سەقامگیری ئەو وڵاتە. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەڕەشەی کرد، کە سزای نێودەوڵەتی بەسەر هەر کەسێک دەسەپێنێت هەڕەشە لە سەقامگیری یەمەن بکات. ئەمەش حوسییەکان و لایەنگرانی رژێمی سەرۆکی پێشووی یەمەن عەلی عەبدوڵڵا ساڵح دەگرێتەوە. جنێفەر پساکی، گوتەبێژی فەرمی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی کرد کە دەکرێنە سەر حکومەتی یەمەن و داوای لە لایەنەکان کرد هەموو بڕگەکانی رێکەوتنی ئاشتی و هاوبەشی نیشتیمانی )، کە رۆژی یەکشەممەی رابردوو لە نێوان سەرۆکی یەمەن عەبد ربە مەنسوور هادی و حوسییەکان بەسترا، جێبەجێ بکەن، کە یەک لە بڕگەکانی ئەوەیە هەموو چەکە قورس و سووکەکان تەسلیمی دەوڵەت بکرێنەوە. پساکی لە بەیاننامەیەکدا کە رۆژی شەممە بڵاویکردەوە، رایگەیاند،" کەسانێک بارودۆخەکەیان قۆستووەتەوە بۆ نانەوەی ئاژاوە و پشێوی، بەتایبەتی حوسییەکان و لایەنگرانی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح، سەرۆکی پێشووی یەمەن، کە ئەوان بە رێگای نانەوەی پشێوی و دروستکردنی ئاژاوە، دەیانەوێت ئەجێندای خۆیان بەسەر گەلی یەمەندا بسەپێنن". وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد گەمارۆ بخاتە سەر هەموو ئەوانەی "پێیوایە هەڕەشەن بۆ سەر ئارامی و سەقامگیری یەمەن، ئەگەر هەوڵەکانیان نەوستێنن". مەنسوور هادی سەرۆکی یەمەن، کە بەتەنگ چارەسەری ئاشتیانەی کێشەی ناوخۆیی یەمەن و جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی ئاشتییە، داوای بەشداریی ئاشتیانەی هەموو لایەنەکانی کرد، پساکی لەوبارەیەوە پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ مەنسوور هادی و سەرجەم یەمەنییەکان راگەیاند بۆ ئاشتەوایی و بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی قاعیدە. یەکشەممەی رابردوو سەنعای پایتەختی یەمەن کەوتە دەست چەکدارانی حوسی و چەکدارانی حوسی دەستیان بەسەر دەزگا و دامەزراوە میریەکاندا داگرت، لە نێوانیاندا بارەگای ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی بەرگری و بینای رادیۆ و تەلەڤزیۆنی فەرمی وڵات.
28/09/2014
سەرچاوەیەكی ئەمنی لە پارێزگای سەڵاحەددین رایگەیاند، كە لە هێرشێكی ئاسمانیدا، بە هەڵە یەكێك لە بارەگا سەربازییەكانی عێراق كراوەتە ئامانج و 20 سەرباز كوژراون و برینداربوون.
سەرچاوە ئەمنییەكە گوتی: "پێشنیوەڕۆی رۆژی شەممە 27ی ئەیلوولی 2014 فڕۆكە عێراقییەكان بە هەڵە یەكێك لە بارەگاكانی سەربازانی سوپای عێراق لە ناوچەی زەیاعین لە باشووری تكریت كردە ئامانج و بووە هۆی كوشتنی 8 سەرباز و برینداربوونی 12 سەربازی دیكە".
سەرچاوە ئەمنییەكە ئاماژە بەوە دەدات كە "هێزە ئەمنییەكان بەپەلە گەیشتنە شوێنی رووداوەكە و بەمەبەستی چارەسەركردنیان، بریندارەكانیان بۆ نزیكترین نەخۆشانە گواستەوە و تەرمەكانیشان بۆ دادی پزیشكی گواستەوە".
لە 11ی حوزەیرانی 2014ـەوە چەكدارانی داعش دەستیان بەسەر تەواوی شاری تكریت قەزای دور و شەرگات دا گرتووەو ئێستا فڕۆكەكانی ئەمریكاو هێزەكانی هاوپەیمانان دەستیان بە بۆردوومانكردنی بنكەكانیان كردووە.
28/09/2014
كەمێك پێش ئێستا داعش تۆپبارانی سەنتەری شاری كۆبانێی كرد و 5 گوللەتۆپی لە سەنتەری شارەكەدا.
عومەر كالۆ، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە سەر سنووری نێوان باكوور و رۆژئاوای كوردستان، لە هەواڵێكی بەپەلەدا رایگەیاند، "داعش 5 گوللە تۆپی لە سەنتەری شاری كۆبانێ دا".
هەرچەند كامێرای رووداو دیمەنی شاری كۆبانێی لە دووری چەند كیلۆمەترێكەوە گرتبوو، بەڵام تاوەكو ئێستا زیانەكانی بۆردوومانەكە نەزانراون.
تۆپبارانی سەنتەری كۆبانێ جاری یەكەمە لەلایەن داعشەوە ئەنجامدەدرێت.
27/09/2014
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دوو کۆنگرێسمانی ئەمریکی کۆبووەوەو پێی راگەیاندوون، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان خوازیاری چارەسەرکردنی هەموو کێشەکانە لەگەڵ حکومەتی عێراق. هەروەها داوای پاڵپشتی زیاتری ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بۆ هاوکاریکردنی ئاوارەکانی باشووری کوردستان. ئەوانیش رایانگەیاندووە "ئهمريكا ههرگيز پشت له ههرێمى كوردستان ناكات و ههميشه هاوكارى دهكات".
سهرلهبهيانيى ئهمڕۆ 27ى ئهيلوولى 2014، نێچيرڤان بارزانى سهرۆكوهزيرانى ههرێمى كوردستان پێشوازى له ههردوو كۆنگرێسمانى ئهمريكى "ئادهم كينزنگهر" و جۆرج هۆڵدينگ" كرد.
بەپێی راگەیاندنی ئەنجوومەنی وەزیران، لەو دیدارەدا نێچیرڤان بارزانی دەربارەی بهشداريى ههرێمى كوردستان له حكومهتى نوێى عێراقدا،رایگەیاندووە: "ههرێمى كوردستان خوازيارى ئهوهيه ههموو كێشهكانى لهگهڵ حكومهتى عێراق چارهسهر بكات و به بڕيارى بهشداريكردنيشى له حكومهتدا، دهرفهتێكى به سهرۆك وهزيران عهببادى داوه بۆ چارهسهركردنى كێشهكان".
سهرۆك وهزيرانی هەرێمی کوردستان دهربارهى جهنگى دژى تيرۆريش گوتوویەتی: "ئهمڕۆ ههرێمى كوردستان لهپێناو پاراستنى ئاشتى و ديموكراسى و پێكهوهژيان، رووبهڕووى هێزێكى دڕندهى تاريك بووهتهوه". هەر بەپێی راگەیێندراوەکە سوپاسى حکومەتی ئهمريكاشى كردووە كه هاوكاريى سهربازيى پێشمهرگه دهكات و جهختيكردووەتەوە"پێشمهرگه پێويستى به هاوكارى و پشتگيريى زياتره". ئاماژهى به ڕهوشى ئاوارهكانيش داوەو داوایكردووە ئهمريكا و كۆمهڵگهى نێودهوڵهتى ئاوڕى جدديتر و زياتريان لێ بدهنهوه و هاوكارييان بكهن.
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە كۆنگرێسمانان خۆشحاڵيى خۆيان به پێشكهوتنهكانى ههرێمى كوردستان نيشاندا و رایانگەیاندووە ههرێمى كوردستان سوودێكى زۆر باشى لهو دهرفهته وهرگرتووه كه دواى رووخاندنى رژێمى بهعس هاتۆته ئاراوه و ئهزموون و پێشكهوتنهكانى ههرێمى كوردستان بۆ حكومهت و گهلى ئهمريكا نموونهى سهركهوتنن. ئەوان گوتوویانە "بۆيه ئهمريكا ههرگيز پشت له ههرێمى كوردستان ناكات و ههميشه هاوكارى دهكات، به تايبهتيش كه ئێستا له جياتى ههموو جيهانى ئازاد، له جهنگێكدا كه ئهمريكا سهرپهرشتى دهكات، زۆر ئازايانه رووبهڕووى تيرۆر بووهتهوه".
ئێستا ههرێمى كوردستان بووەتە شوێنی حەواندنەوەی ئاواره و پهنابهران بۆ ههموو پێكهاته نهتهوهيى و ئايينييهكانى عێراق و سوورياش، بەپێی راگەیێندراوەکە کۆنگرێسمانەکان "جهختیان لهوه كردهوه كاتێك گهڕانهوه ئهمريكا داوادهكهن پشتگيريى باشتر له ههرێمى كوردستان و هاوكاريى زياترى حكومهتى ههرێمى كوردستان بكرێت، بۆ ئهوهى بتوانێت به شێوهيهكى باشتر هاوكاريى ئاواره و پهنابهران بكات".
27/09/2014
لەكاتی گەڕانەوەی بۆ ئیستەنبوڵ دوای بەشداریکردنی لە كۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان، ئەردۆغان لە فڕۆكەكەیدا ئاماژە بە بەشداری كارای توركیا دەكات لە شەڕی دژی داعش و لەوانەش بژاردەی ناردنی هێزی زەمینی.
رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا بە رۆژنامەنووسانی هاوەڵی گوتووە، كە توركیا و هاوپەیمانەكانی لە ناتۆ خەریكی دارشتنی پلانێكن بۆ ناردنی هێزی زەمینی بۆ رووبەڕووبوونەوەی چەكدارانی داعش. ئەردۆغان دەڵێ:" هێرشی ئاسمانی بە بێ هێرشی زەمینی سوودێکی نییە"
سەرۆككۆماری توركیا ئاماژەشی بەوەكردووە، كە وڵاتەكەی رۆڵێكی ئەكتیڤی دەبێ لەو هاوپەیمانێتییە نێودەوڵەتییە، كە دژی ئەو گرووپە پێكهاتووە.
رۆژی هەینی 26ـی ئەیلوولیش. لەكاتی گەڕانەوەی، رەجەب تەییب ئەردۆغان گۆڕانی هەڵوێستی توركیای بەرامبەر بەشداریكردن لە هاوپەیمانێتی دژی داعش نیشان دا و رایگەیاند، كە هیوادارە پەرلەمانی توركیا رێگە بە بەشداریكردنی سوپای توركیا بدات .
ئەردۆغان دوای گەڕانەوەی لە بەشداریكردن لە كۆبوونەوەی كۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە نیۆیۆرك ، لە یەكەمین لێدوانی رۆژنامەڤانیدا دوای گەیشتنەوەی بۆ توركیا رایگەیاند، " ئێستا هەڵوێستمان گۆڕاوەو، رێڕەوی داهاتوومان تەواو جیاواز دەبێت ". هەروەها گوتی "هەروەك دەزانن ، پڕۆژەی رێگەدان بە بەشداری سوپای توركیا دەدرێتە پەرلەمان بۆ ئەوەی لە 2ی تشرینی یەكەمی داهاتوو گفتوگۆی لەسەر بكات . هیوادارم كاری پێویست و یەكسەر بكرێت . ئەو رێگەپێدانەش رێگە بۆ بەشداریكردنی هێزە چەكدارەكانمان دەكاتەوە".
توركیا تاوەکو ئێستا بەشداریكردنی لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا بۆ بەشداریكردن لەشەڕ دژی داعش رەتدەكردەوە، بەڵام دوای دەرچوونی بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ رێگەگرتن لە دزەكردنی چەكدارانی تووندڕەو لە سنووری دەوڵەتانەوەو، دوای ئازادبوونی 46 دیپلۆماتكار و كارمەندی كونسوڵخانەی توركیا لە 20ی ئەو مانگەدا، كە لە 9ی حوزەیرانی ئەمساڵەوە لە موسڵ لەلایەن داعشەوە گیرابوون، هەڵوێستی توركیا بەرەو گۆڕان چوو.
دوای یەكەم هێرشی فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی بۆ سەر بنكەكانی داعش لە سووریا ، ئەردۆغان خۆشحالی خۆی راگەیاند و ئامادەیی توركیای نیشان دا بۆ " هەر جۆرە هاوكارییەك لەوانەش هاوكاری سەربازی و سیاسی".
هەروەها گوتی " دینی ئێمە دینی ئاشتی و برایەتی و پێكەوەژیانە و، رێگە بە كوشتنی خەڵكی بێ گوناح نادات"، هەروەها گوتی " نابێ بڵێین وەڵڵا ئەوەی لەسەر سنووری ئێمە دەقەومێت بەدرێژایی 1250 كیلۆمەتر لەگەڵ سووریا و عێراق ، پەیوەندی بە ئێمەوە نییە".
توركیا ئێستا بووەتە شوێنی كۆبوونەوەی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، هەروەها 1ملیۆن و 500 هەزار پەنابەری سووریش روویان تێكردووە، جگە لەوەش كە لە هەفتەی رابردوودا زیاتر لە 160 هەزار پەنابەر لە (كۆبانێ)ی رۆژئاوای كوردستانەوە چوونە نێو سنوورەكانییەوە .
حكومەتی سووریا و پارتی كرێكارانی كوردستان ، توركیا بە یارمەتیدانی رێكخراوی داعش تۆمەتبار دەكەن . هەروەها هەڵوێستی رابردووی بۆ خۆدوورگرتن لەشەڕ دژی داعش ، ببووە مایەی دڵتەنگی وڵاتانی رۆژئاوایی .سه هزار اروپایی برای داعش میجنگند
27/09/2014
سەرۆكی لیستی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان رەخنە لە پارتی و یەكێتی دەگرێت لەسەر ناكۆكی نێوانیان و دەڵێت "ناكۆكی نێوان پارتی و یەكێتی، هۆكاری نەدانی مووچەی خەڵكی كوردستانە لەلایەن بەغدا و هۆكاری سەرەكی ئەو لاوازییەی ئێستای كوردە لە بەغدا". هۆشداریش دەدات "ئەگەر پەیوەندی نێوان پارتی و یەكێتی بەو شێوازەی ئێستا بەردەوام بێت، كورد لاوازتر دەكات لەبەغدا".
موسەننا ئەمین، سەرۆكی لیستی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێكدا بۆ رووداو، رەخنەی تووندی لە پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان گرت لەسەر ناكۆكی نێوانیان و تۆمەتباریكردن بە لێكترازانی ماڵی كورد. گوتیشی: "پارتی و یەكێتی كوردیان بە زەبوونی بردەوە بەغدا، ئەگینا كە بڕیاریان دەدا بەشداربن لە حكومەتی بەغدا، دەبووا بۆ رۆژی دواتر، یان دوو رۆژی دواتر چووبانە بەغدا بۆ داواكردنی مافەكانی كورد لە عەبادی و گفتوگۆی روون و راشكاوانەیان لەگەڵ كردبا".
موسەننا ئەمین پێیوایە ئەو خەمساردییە وایكردووە، بەغدا حساب بۆ كورد نەكات و دەڵێت "كورد كە بڕیاری بەشداریكردنی لە حكومەت داوە، تاوەكو ئێستا هیچ وەزیرێكی یەكلانەبووەتەوە و سوێندیان نەخواردووە، بەغداش داواكانی كورد بە هەند وەرناگرێت، ئەگەر كورد بەشداری كارای كردبا و بەغدا مافی نەدابا ئەوكات دەتواندرا لە رێگای وڵاتانی رۆژئاوا، كە گوشاریان لێكردین بۆ بەشداریكردن لە حكومەتی عێراق، بەغدا ناچار بكەن مووچەی خەڵكی كوردستان بدات".
سەرۆكی لیستی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق، هەرچەند گوتی "من لەگەڵ پێدانی ئیستیحقاقی هەڵبژاردنم"، بەڵام پێیوابوو "پارتی و یەكێتی دوو جەمسەری دەسەڵاتن لە بەغدا، ژمارەی كورسییەكانیان لێك نزیكە، پێدانی ئیستیحقاقی هەڵبژاردنی كوردستان لەلایەن پارتی بە گۆڕان، وایكردووە یەكێتی هەست بە بەدگومانی بكات و ئەو ناكۆكییەی لێبكەوێتەوە، چونكە یەكێتی وا هەست دەكات پێگەی سیاسی كراوەتە ئامانج، لە كاتێكدا دەبێت ئیستیعابی پێگەكەی بكرێت".
ئەو پەرلەمانتارە بۆ رووداو جەختی لەوە كردەوە "پارتی بە پلەیەك دەبێت گومانەكانی یەكێتی بڕەوێنێتەوە بۆ ئەوەی یەكێتی بێتە پێشەوە و ئەو بەدگومانییەی لە پارتی لا نەمێنێت، ئەگینا بارودۆخەكە سەر دەكێشێت بۆ خراپتر ".
28/09/2014