ئەگەر کار نەکەین تا ساڵی 2021 رێژەی بێکارانی ئێران دەگاتە 10 ملیۆن کەس" ، زەنگی مەترسی و هۆشداری وەزیری کاری کۆماری ئیسلامی ئێران سەبارەت بە کێشەی بێکاری.
عەلی رەبیعی وەزیری کار و ئاسایشی کۆمەڵایەتی رۆژی سێشەممە لەمیانەی بەشداری کردن لە کۆبوونەوەی کۆمسیۆنی تایبەتی پەرلەمانی ئێران ، رایگەیاندووە لە ئێستادا بێکاری لە بازاردا بووەتە گەورەترین تەحەدا لەناو پرسە ناوخۆییەکان .
بە گوتەی ئەو وەزیرەی کابینەی حەسەن رۆحانی لە ئێستادا رێژەی بێکارانی ئێران نزیکەی شەش ملیۆن کەسە و ئەگەر بۆ چارەسەری کێشەکان پلانێکی توگمە دانەرێژرێت ، تا حەوت ساڵی دیکە حەوت ملیۆن کەس بەو رێژەیە زیاد دەبێت و ئەو کات ئێران تووشی کێشەی جیددی دەبێتەوە .
وەزیری کار ئاماژەی بەوەداوە کە بۆ چارەسەر کردنی پرسی بێکاری ،ئابووری ئێران ساڵانە دەبێت حەوت لەسەد گەشە بکات ، ئەوە لەکاتێکدایە کە لە دو ساڵی رابردوودا نرخی گەشەی ئابووری ئێران لە ژێر سفر بووە .
بە پێی دووایین ئامارەکانی ناوەندی ئاماری ئێران ، نرخی بێکاری لە ئێران 10.7 بووە ، ئەگەرچی لە هەموو پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان رێژەی بێکاری لەسەرەوەی ئاماری ناوندی ئێران بووە .
ناوەندی ئاماری ئێران، بە پێچەوانەی هەموو ناوەندە جیهانییەکان ،کەسی کارکەر بەو شێوەیە پێناسە دەکات " هەر کەسێک کە تەمەنی لەسەرەوەی 10 ساڵ بێت و لە درێژایی یەک حەوتەی کاریدا ،تەنیا یەک کاژێر کار بکات ، ئەو کەسە بێکار نییە " .
بێ ئەوەی رێژەی داهات ، بیمە و ئاسایشی و ئەمنییەتی کار لەبەر چاو گیرابێت ، واتە ئەگەر بە پێی پێوەرەکانی وڵاتانی ئەوروپایی ، لە ئێران ئامارگیری بکردرێت ئەوە رێژەی بێکاری لە ئێران زۆر لەو رێژەیەی کە ئێستا هەیە بەرزتر دەبێتەوە .
ئەو جۆرە لە ئامارگیری لەسەردەمی مەحمود ئەحمەدی نژادەوە لە ئێران ئەنجام دەدرێت ، پێشتر لە سەردەمی محەممەدی خاتەمی هەر کەس لە هەوتەدا دو رۆژ کاری کردبدا ،کارکەر هەژمار دەبوو .
مەحمود ئەحمەدی نژاد ساڵی ٢٠٠٦ لەسەرەتای دەسبەکار بوونی حکومەتەکەیدا رایگەیاندبوو کە کێشەی کار لە ئێران خاشەبڕ دەکات ، بەڵام ئەو رۆژەی دەسەڵاتی تەسلیمی حەسەن رۆحانی کرد ، بەو پێوەرە سەر سور هێنەرەی کە خۆی دایرشتبوو ، ئاماری بێکاری لە ئێران 12 لەسەد بوو .
عەلی لاریجانی سەرۆکی پەرلەمانی ئێرانیش لە دوواین کاردانەوەیدا سەبارەت بە پرسی بێکاری رایگەیاندووە ، سەر لە هەر ماڵێک دەنێی بێکارێکیان هەیە .
لە چەند ساڵی رابردوودا بەرپرسانی ئێرانی بەردەوام بەڵێنی چارەسەری کێشەی بێکاری دەدەن ، بەڵام هیچ ئەو ئامانجە نەهاتووتە دی بەڵکوو رێژەی بێکاری گەنجان دو بەرامبەر بووە و رێژەی بێکاری خوێندەواران بووەتە سەدا چل و رێژەی بێکاری ژنان گەیشتووەتە لە سەدا 50 .
11/9/2014
ئەندامێکی هاوپەیمانی هێزە عێراقییەکان هۆشداری دەداتە حەیدەر ئەلعەبادی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق لەبارەی دووبارەنەکردنەوەی ئەزموونەکانی پێشووتری مالیکی.
ئەحمەد سەلمانی، ئەندامی هاوپەیمانی هێزە عێراقییەکان ئەمڕۆ چوار شەممە رایگەیاند "نابێت حەیدەر ئەلعبادی سەرۆک وەزیران هەمان ئەزموونەکانی پێشووتری مالیکی لەبارەی دیارینەکردنی کاندید بۆ هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری دووبارە بکاتەوە".
سەلمانی ئەوەشی راگەیاند "بۆ بەکارخستنی پۆستی وەزیری بەرگری، هاوپەیمانییەتیەکەمان خالید ئەلعوبەیدی کاندیدکردووە، " دەشڵێت " نابێت حەیدەر عەبادی هەمان ئەزموونەکانی پێشووتری مالیکی لەبارەی دیارینەکردنی کاندید بۆ پۆستە ئەمنییەکان بە بەتاڵی بهێڵێتەوە".
ئاماژەی بەوەشدا "هاوپەیمانی هێزەکانی عێراق بەپێویستی دەزانێت، کە حکومەتی نوێ بێ کەموکوڕی بێت، تەنیا هەندێک بابەت نەبێت کە ناکۆکی لەسەرە دوابخرێت بۆ ساتەکانی کۆتایی دەنگدان لەسەر پۆستە ئەمنییەکان".
سەلمانی گوتی "کاندیدی هاوپەیمانی هێزە عێراقییەکان بۆ پۆستی وەزیری بەرگری، کە خالید ئەلعوبەیدیە متمانەی لە لایەن هاوپەیمانی نیشتمانی و کوردستانییەوە پێدراوە، تەنیا چاوەڕێی ئەوە لە عەبادی دەکەن لە دانیشتنی داهاتوو دەنگ لەسەر هەردوو وەزیری بەرگری و ناوخۆ بدرێت".
10/09/2014
ئەمڕۆ خۆراك و كەلوپەلێكی زۆر و چوار ماتۆڕی گەورەی كارەبا گەیشتنە چیای شنگال ، عەمید ئاشتی كۆچەر فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە چیای شنگال بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو پێداویستیانە لەلایەن نووسینگەی نێچیرڤان بارزانی لە دهۆكەوە نێردراون.
عەمید ئاشتی كۆچەر، فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە چیای شنگال، لە درێژەی لێدوانەكەیدا بۆ رووداو، روونیكردەوە كە تائێستا 1000 خێزانی كوردی ئێزدی لە چیای شنگال ماون و لەوماوەیەدا، بەهۆی نەبوونی كارەبا لەسەر بیرە ئاوەكان، بەتایبەتی لە گوندەكانی گەلی كەرسێ، ماڵەكانی ئەو ناوچەیە تووشی نەبوونی ئاو ببوون.
ئاشتی كۆچەر رایگەیاند " ئەمڕۆ 10 بارهەڵگری پڕ لە خۆراك، جلوبەرگ و گەرمكردنەوە گەیشتنە چیای شنگال، " هەروەها گوتی " 4 موەلیدەی گەورەی 40 كەیڤی، درانە گوندەكانی گەلی كەرسێ "، عەمید ئاشتی كۆچەر گوتیشی " ئەو پێداویستیانە لەكاتی خۆیاندا گەیشتن و دەبنە هۆی رزگاركردنی خەڵك لە كەم ئاوی، زۆر پێداویستیش دەگەنە خەڵكی پێویست ".
10/09/2014
کۆمپانیای "نانۆ فلۆسێل"، کە بارەگاکەی لە لیشتنشتاینە، جۆرە ئۆتۆمبێلێکی داهێناوە تا ئێستا نموونەی نییە، ئەویش یەکەمین ئۆتۆمبێلی کارەباییە کە پاترییەکەی بە ئاوی سوێر کاردەکات، کۆمپانیاکە بەڵێنی داوە بەلایەنی کەم خێراییەکەی لە کاژێرێکدا بگاتە 350 کم.
ئەم ئۆتۆمبێلە مانگی ئادارای رابردوو لە پێشانگای ژنێف بۆ ئۆتۆمبێل نمایشکرا، لە بڕوای کەسدا نەبوو ئەم بیرۆکەیە سەرکەوتن بەدەستبێنێت، بەڵام ئۆتۆمبێلی "Quant e"ی وەرزشی توانی مۆڵەتی دروستکردن لە ئەڵمانیا وەربگرێت.
بەپێی ئەو زانیارییانەی ماڵپەڕی"ترانسپۆرتەر نیوز"ی ئەڵمانی بڵاوی کردووەتەوە، ئۆتۆمبێلی(Quant e-Sport limousine) یەکەمین ئۆتۆمبێلی کارەباییە کە لە شەقامەکاندا بسووڕێتەوە و پاترییەکەی بە خانەی شل کاربکات.
کۆمپانیای "نانۆ فلۆسێل" لە لیشتنشتاین بۆ دروستکردنی ئۆتۆمبێل، بەو هیوایەیە بتوانێت ئاستی خێرایی ئۆتۆمبێلەکە بەرزبکاتەوە بەشێوەیەکی پێوانەیی، كە بەلایەنی کەم لە کاژێرێک 350 کم ببڕێت.
هەروەها کۆمپانیاکە بەڵێنی ئەوەشی داوە كار لەسەر ئەوە بكات ئۆتۆمبێلەكە 600 كم ببڕێت لە هەمان ماوەدا بەبێ ئەوەی پێویستی بە بارگاویكردنەوەی كارەبا هەبێت.
10/09/2014
باراک ئۆباما سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردەکانی کۆنگرێس لە هەردوو پارتی کۆماری و دیموکراتەکان، پلانەکەی خۆی بۆ لێدان لە داعش ئامادەکردووە و بڕیاروایە بەرەبەیانی چوارشەممە 10ی ئەیلوول بەکاتی ئەمریکا لە وتارێکی تایبەتدا پلانەکەی خۆی بۆ خەڵکی ئەمریکا و جیهان ئاشکرا بکات.
سەبارەت بەوەی کە بۆچی ئۆباما لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەندامانی کۆنگرێس هیچ شتێکی ئاشکرانەکردووە و وردەکاری ئەو کۆبوونەوەیە لەلایەن هیچکام لە بەشداربووانەوە باس نەکراوە، جۆش ئێرنست رایگەیاند، سەرۆکی ئەمریکا پێیوایە ئەم پرۆسەیە ئەولەویەتێکی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکایە، بۆیە دەیەوێت، لە وتارێکی لەو جۆرەدا ئەو پلانە بۆ خەڵکی ئەمریکا ئاشکرا بکات بۆ ئەوەی خەڵک لەو دەستپێشخەرییانەی ئەمریکا تێبگەن لە جەنگی دژ بە تیرۆردا.
کۆبوونەوەی ئۆباما لەگەڵ ئەندامانی کۆنگرێس و باسکردن لە پلانی جەنگی دژ بە چەکدارانی داعش، هاوکاتە لەگەڵ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، کە ئەمریکا یەکێک بووە لە هاوکارە سەرەکەییەکانی پێکهێنانی ئەو حکومەتە و میدیاکانی جیهانیش وا لێکیان داوەتەوە، کە حکومەتی نوێی عێراق لەژێر گوشاری ئەمریکادا پێکهێنراوە، بۆ ئەوەی پێش ئاشکراکردنی پلانەکەی ئۆباما بکەوێت.
10/09/2014
لە هێرشێکی خۆکوژیدا بۆ سەر کۆبوونەوەیەکی چەند سەرکردەیەکی گرووپی جیهادی ئەحرار و شام، 25 كەس كوژران کە زۆربەیان بەرپرسن و لەنێویاندا حەسەن عەبوود، ئەمیری گرووپەکە هەیە. تا ئێستاش هیچ لایەنێک لێپرسراوێتی لە ئەنجامدانی تەقینەوەكە رانەگەیاندووە.
09/09/2014
نەوتی باشووری کوردستان، وەک شارەزایانی بواری نەوت باسیدەکەن، لەڕووی کوالیتییەوە نەوتێکی باشە. ئەو نەوتە لە بازاڕەکانی جیهاندا خواستی لەسەرە و بە گرنگیدانی زیاتری کۆمپانیاکان و هەوڵدان بۆ هێنانی تاوەر و ئامێری تایبەت بۆ جیاکردنەوە و دەرکردنی ئەو ماددە زیادانەی کە لەگەڵ نەوتی خاو دێتە دەرەوە، لە چەند ساڵی داهاتوودا کوردستان دەتوانێت نەوتێک هەناردە بکات کە شوێن بۆ خۆی بکاتەوە لە بازاڕەکانی جیهاندا.
باشووری کوردستان، بە بەراورد لەگەڵ ناوچە نەوتییەکانی دیکەی جیهان، ناوچەیەکی تازەی نەوتییە. تاوەکو ئێستا لە باشووری کوردستان 57 بلۆکی نەوتی یاخود ناوچەی نەوتی دۆزراونەتەوە کە کاری گەڕان و دەرهێنانی نەوتی تێدا ئەنجام دەدرێت لەلایەن کۆمپانیا خۆماڵی و بیانییەکانەوە.
بەهۆی ئەوەی کە پرۆسەی دەرهێنانی نەوت و هەڵکەندن و گەڕان لەدوای نەوت لە کوردستان پرۆسەیەکە تەمەنی چەند ساڵێکە و هێشتا نەبووەتە تەمەنێکی پڕئەزموون، نەوتی کوردستان وەک نەوتی هەر ناوچەیەکی دیکەی جیهان لە سەرەتای دەرهێنانیدایە و جۆری نەوتەکەشی لە بازاڕە جیهانییەکاندا قبوڵکراوە. پەیمانگەی نەوتی ئەمریکی کە ناسراوە بە API، کۆمەڵێک پێوەری تێدایە کە چڕیی نەوتی پێ دەپێورێت و جۆری نەوتەکە دیاریدەکات. ئەمەش بەشێوەیەکە کە ئەگەر نەوتێک پێوەرەکانی APIی زۆر بێت، ئەوە جۆری نەوتەکە سووکە و زیاتر خواستی لەسەرە، وەک نەوتی تەکساس و نەوتی برێنت. ئەمەش لەکاتێکدایە کە جاران نەوت بە رەنگەکەی جیادەکرایەوە کە سووکە یان قورسە.
ئەگەر رەنگەکەی رەش بووایە، نەوتەکە بە قورس دادەنرا، تا رەنگی نەوتەکەش بەرەو سەوزی رۆیشتبووایە، زیاتر بە نەوتێکی سووک دەزاندرا. نەوت بەگشتی لەڕووی چڕییەوە جیاوازە و هەندێک جۆری نەوت هەیە چڕییەکەی زۆرە. هەندێکی دیکە هەیە چڕییەکەی کەمە. شارەزایانی بواری وزە دەڵێن ئەو نەوتەی چڕیی زۆر بێت پێیدەڵێن نەوتی قورس و ئەوەی چڕیشی کەم بێت بە نەوتی سووک دەناسرێت.
نەوتی قورس چەند تایبەتمەندییەکی هەیە، کە دەتوانین بەشێوەیەکی گشتی بڵێین نەوتی قورس API کەمە و رێژەی کاربۆنی زۆرە، ئەمە جگە لەوەی ئەگەری زۆری کبریت لە نەوتی قورس زیاترە، بەڵام نەوتی سووک بە پێچەوانەی ئەوەیە. هەردوو جۆری نەوتی قورس و سووک، بەپێی ئەو تەکنەلۆژیا و ئەو مەبەستەی کە بۆی بەکاردێن، سوودیان هەیە. هەندێک کات نەوتی قورس خواستی لەسەر زیاترە، هەندێک کاتیش نەوتی سووک خواست و داواکاریی زۆری لەسەرە.
یوونس ئەنوەر رواندزی، ئەندازیاری کیمیایی ئەو مژارەی زۆرتر بۆ (رووداو) روونکردەوە و گوتی: “بەشی هەرە زۆری نەوتی کوردستان لە جۆری نەوتی قورسە، کە APIیەکەی لەنێوان ( 17 تاوەکو 24 )دایە، بەڵام لە زۆر ناوچەش نەوتی سووک هەیە کە APIیەکەی دەگاتە 50 و زیاتر. بە جۆرێک کە تاوەکو لە سنووری مووسڵ دوور بکەوینەوە، نەوتەکە سووکتر دەبێت، لە هەمان چینی زەویدا و ئەگەر نزیکش ببینەوە جۆری نەوتەکە قورس دەبێت.
ئەو ناوچە نەوتییانەی کە لەژێر دەستی داعشدان نەوتەکانیان لە جۆری نەوتی قورسن”. ئەو شارەزایە گوتی: "نەوت دوای ئەوەی لە زەوی دێتە دەرەوە، نابێ بچێتە بازاڕەکانەوە تاوەکو چەند ماددەیەکی زیانبەخشی هەیە لێی جیانەکرێتەوە و لە هەر کێڵگەیەکدا بەپێی سروشتی زەویی کێڵگەکە جۆری نەوتەکەی دیاریدەکرێت، کە ئایا نەوتەکە سووکە یان قورس”.
ئەو ئەندازیارە پترۆکیمیاییە باسی جیاوازیی جۆرەکانی نەوتی کوردستانی کرد و گوتی: “رێژەی API لە نەوتی کێڵگەکانی شێخان 18یە، بەڵام لە بیرە نەوتەکانی شیواشۆک رێژەی API دەگاتە دەوروبەری 50. ئەمە یەکێکە لە بەرزترین بڕەکانی API لە بیرە نەوتەکانی جیهان”. هەروەها “بۆ دەرهێنانی نەوت چەند بچیتە ناو قووڵایی زەوییەوە جۆری نەوتەکەی باشتر دەبێت، بۆیە نەوتی کوردستان API زۆر بەرزی نییە، بەهۆی ئەوەی کە هەڵکەوتەی جیۆلۆجیی کوردستان بەو شێوەیەیە کە لە هەندێ شوێ چینەکانی نزیک لە رووی زەوی نەوتەکەی قورسە و لە هەندێک شوێنی دیکە نەوتەکە سووکە. چەند بەرەو قووڵایی زەویش بچین نەوتەکە سووکتر دەبێت”.
یوونس ئەنوەر رواندی دەڵێت: “لەبەرئەوەی لە باشووری کوردستان زۆر لە کێڵگە و بیرەکان نوێن و لە چینەکانی نزیک زەوین، هەروەها بەهۆی سروشتی زەوییەوە، لە هەندێک ناوچەش بە قووڵتربوونەوە بۆ ناخی زەوی، جۆری نەوتەکە بەرەو سووکتر دەگۆڕدرێت”.
سەبارەت بە رێژەی کبریت، کە مادەیەکە لەناو نەوتی کێڵگەکانی باشووری کوردستاندا هەیە، ئەو شارەزایە دەڵێت: “بەپێی ستانداردی جیهانی، دەبێ رێژەکەی 0.05 لەسەدا زیاتر نەبێت، بەڵام لە هەندێک لە کێڵگەکانی نەوتی باشووری کوردستاندا ئەو رێژەیە دەگاتە 1 لەسەد. لەکاتێکدا نەوتی تێکساسی ئەمریکا، کە یەکێکە لە باشترین جۆرەکانی نەوت لە جیهاندا، رێژەکەی 0.024 لەسەدە. هەروەها نەوتی برێنتیش رێژەکەی 0.037 لەسەدە، کە پێیاندەڵێن نەوتی شیرین”.
سەبارەت بە جیاوازیی ناوچە شاخاوییەکان و دەشتاییەکان بۆ کوالیتیی نەوت، یوونس ئەنوەر رواندزی گوتی: “رێژەی کبریت لەو ناوچانە زیاترە کە ناوچەی شاخاوین، بەڵام لەو ناوچانە رێژەی خوێ کەمە. لە ناوچە دەشتاییەکانیش رێژەی کبریت کەمترە و رێژەی خوێ زیاترە. ئەم دوو مادەیەش ئەگەر لە رێژەی ئاسایی خۆیان زیاتر بێت کاریگەری لەسەر جۆری نەوتەکە دەبێت و دەبێت رێژەکەی کەمبکرێتەوە بەرلەوەی بچێتە بازاڕەکانەوە”.
سەبارەت بە گازی گۆگردیدی هایدرۆجین H2S (کە گازێکی خنکێنەرە لە رێژە بەرزەکاندا) ئەویش بە هەمان شێوەی کبریت رێژەیەکی دیاریکراوی هەیە، کە نابێ زیاتر بێت لە 10 بەش لە ملیۆنێک. ئەگەر رێژەی گازی گۆگردیدی هایدرۆجین یاخود H2S لەم رێژەیە زیاتر بوو، ئەوا ئەو نەوتە لە بازاڕەکان قبووڵ ناکرێت، چونکە زیانبەخش دەبێت بۆ مرۆڤ و کەلوپەلە پیشەسازییەکان. لەوبارەیەوە شارەزاکەی پێترۆکیمیاوی بە (رووداو)ی گوت: ”یەکێک لە پێوەرە جیهانییەکانی نەوت ئەوەیە کە رێژەی گۆگردیدی هایدرۆجین کەمتر بێت لە دە بەش لە ملیۆنێک.
ئەگەر رێژەکەی زۆر بوو، بە هیتەر و تاوەر ئەو رێژەیە کەمدەکرێتەوە و دەگەیەندرێتە ستانداردی جیهانی. لە باشووری کوردستان، لە هەندێک کێڵگە، بەتایبەتی لە کێڵگەی شێخان، رێژەی گۆگردیدی هایدرۆجین لە نەوتی خاودا زۆرە، بەڵام توانراوە کەم بکرێتەوە. ئەویش بە دانانی تاوەر و هیتەر. ئێستا بەشێک لە کۆمپانیاکان تاوەریان داناوە بۆئەوەی رێژەکە کەم بکەنەوە لە نەوتدا تاوەکو ئاسانتر و باشتر بفرۆشرێت”.
09/09/2014
دوای متمانەپێدانی پەرلەمانی عێراق بە کابینەکەی عەبادی، ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان و ئێران، پێشوازییان لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق کرد.
بان کی مون، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ستایشی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقی کرد و داوایکرد "ئەو پۆستانەی ماونەتەوە زوو پڕ بکرێنەوە".
گوتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە "پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق هەنگاوێک دەبێت بۆ سەقامگیری سیاسی و ئاشتەوایی".
لەلایەکی دیکە کۆشکی سپی وێڕای پێشوازیکردن لە پێکهێنانی حکومەت، پابەندی خۆی بە بەڵێنی پشتیوانیکردنی حکومەتی عێراق لە شەڕی دژی داعش دووپاتکردووەتەوە.
باراک ئۆباما سەرۆکی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەڵێنی پشتیوانیکردنی حکومەتی ئەمریکای بۆ عێراق لە شەڕی دژی داعش دووپاتکردووەتەوە. ئاماژەشی بۆ ئەوە کردووە "لەگەڵ هاوپەیمانان و وڵاتانی ناوچەکە دژی دوژمنە هاوبەشەکەیان دەوەستنەوە، کە داعشە".
هەروەها حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری عەرەبی، پیرۆزبایی لە گەلی عێراق کرد بۆ پێکهێنانی حکومەت و بەردەوامی کاروانی سیاسی.
عەبدوڵڵاهیان لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی فەرمی هەواڵی ئێران "ئێرنا"، رایگەیاندووە "ئێران پشتیوانی بڕیاری پەرلەمانی عێراق و حکومەتی عێراق دەکات بە سەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی". گوتووشیەتی "ئێستا کاتی ئەوە هاتووە تیرۆر لە عێراق لە رەگەوە وشک بکەین".
شەوی رابردوو پەرلەمانی عێراق بە دەنگی 177 پەرلەمانتار متمانەی بەخشییە كارنامەی حكومەتی نوێی عێراق بە سەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی.
09/09/2014
ئەمریکا پێنج هێرشی دیکەی ئاسمانیی دەکاتە سەر داعش لە نزیک بەنداوی حەدیسە و دەوروبەری هەولێر.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا، رایگەیاند " فڕۆکەکانی ئەمریکا پێنج هێرشی دیکەی ئاسمانییان کردووەتە سەر چەکدارانی داعش لە نزیک بەنداوی حەدیسە و دەوروبەری هەولێر".
لە راگەیێندراوێکی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا، کە بنکەکەی لە تامبای ویلایەتی فلۆریدایە، ئاشکرایکردووە "ئامانج لە هێرشەکان پشتیوانیی هێزە چەکدارەکانی عێراق و هۆزە سوننەکان بووە بۆ پاراستنی بەنداوی حەدیسە و هەولێر".
هێزەکانی ئەمریکا جەختیان لەوە کردووەتەوە "فڕۆکە جەنگییەکان لەو پێنج هێرشە ئاسمانییەدا، 3 ئۆتۆمبێلی داعشیان تێکشکاندووە، کە چەکی دژە ئاسمانییان لەسەربووە". هەروەها یەکەیەکی داعش لە نزیک بەنداوی حەدیسە کراوەتە ئامانج، جگە لە هەمەرێکی رێکخراوەکە لە ناوچەکانی دەوروبەری هەولێر.
راگەیێندراوەکە لەبارەی ئامانجی هێرشەکان دەڵێت "ئامانج پشتیوانی هێزەکانی عێراق و پاراستنی کارمەندانی ئەمریکا بووە لە عێراق بۆ گەیاندنی کۆمەک و هاوکاری بۆ ئاوارەکان".
لەبارەی ئەو هێرشە ئاسمانییانەش، کە تاوەکو ئێستا هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا کردوویانەتە سەر داعش لە عێراق، راگەیێندراوەکە دەڵێت "فڕۆکەکانی ئەمریکا تاوەکو ئێستا 148 هێرشیان کردووەتە سەر داعش لە عێراق".
09/069/2014
كۆبونهوهكهی لایهنه كوردیهكان و ئهمریكا و نهتهوهیهكگرتوهكان كۆتایی هات
لهدوای كۆبونهوهكه نیكۆلا میلانیدۆف نوێنهری نهتهوهیهكگرتوهكان ، رایگهیاند ئهمشهو بڕیار لهسهر حكومهتی عێراق دهدرێت
ههروهها وتی " ههموومان ئاگاداری داواكاریهكانی كوردین لهحكومهتی نوێی عێراق".
كۆبونهوهكهی لایهنه كوردیهكان و ئهمریكا و نهتهوهیهكگرتوهكان بۆ چونێتی بهشداری كردنی كورد لهحكومهتی نوێی عێراق كۆتایی هات. بهڵام لایهنه كوردیهكان بهردهوامن لهكۆبونهوهكهیان
نوێنهری نهتهوه یهكگرتوهكان ئاماژهی بهوهش كرد كه باوهڕمان وایه ئهمشهو حكومهتی عێراقی كه رهزامهندی ههموو لایهنهكانی لهسهربێت پێك بێت.
وتیشی كورد لهبارهی بهشداری كردنی لهو حكومهته ئهمشهو بڕیاری خۆی دهدات
08/09/2014
نێچیرڤان بارزانی دەڵێت، داعش دەوڵەتە و خاوەنی چەکی قورسە، بەڵام بەهۆی هاوکاریی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا پێشمەرگە توانیویەتی زۆربەی ئەو شوێنانە بگرێتەوە، کە لەلایەن ئەو چەکدارانەوە گیرابوو.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی میللییەتی تورکی، باسی دوایین رەوشی بەرەکانی جەنگ دەکات و دەڵێ: "چەکدارانی داعش بەهۆی دەستبەسەرداگرتنی چەکە قورسەکانی سوپای عێراق لە پێشمەرگە بەهێزترن".
نێچیرڤان بارزانی دەشڵێ، ئێستا پێشمەرگە لە بری هەموو جیهان شەڕی داعش دەکات و ئەو گرووپە مەترسییە بۆ هەموو وڵاتان.
هەر لەو هەڤپەیڤینەدا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ پەکەکەش هاوکاریی پێشمەرگەی کردووە.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی رۆڵی تورکیا، بەو رۆژنامە تورکییەی گوتووە، کە چاوەڕوانی زیاتریان لەو وڵاتە کردووە هەرچەند هاوکاری مرۆییی هەرێمی کوردستانیان کردووە.
نێچیرڤان بارزانی باسی لەوەش کردووە، کە لە نیگەرانییەکانی تورکیا تێدەگەن بەهۆی بارمتەکانیان لای داعش.
سەرۆکی حکومەت بە رۆژنامە تورکییەکەشی راگەیاندووە، کە دڵخۆشبووە بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی تورکیا کاتێك گەنجێکی کورد(سەڵاحەدین دەمیرتاش) بتوانێ 10%ی دەنگەکان بەدەستبێنێ.
08/09/2014
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست تۆڕی میدیایی رووداو كەوتوون ، ئەمڕۆ لایەنە كوردستانییەكان لە سلێمانی كۆدەبنەوە لەسەر پرسی بەشداریكردن و بەشدارینەكردنی كورد لە حكومەتی تازەی عێراقدا .
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست تۆڕی میدیایی رووداو كەوتوون ، كۆبوونەوەكە كاژێر 3ی دوای نیوەڕۆ لە مەكۆی سەرەكی بزووتنەوەی گۆڕان لە شاری سلێمانی بەڕێوەدچێت و، تێیدا نوێنەرانی ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و نەتەوە یەكگرتووەكان UN بەشدار دەبن .
لەو كۆبوونەوەیەدا ،سەركردەكانی هەر پێنج لایەنە براوە كوردستانییەكەی پەرلەمانی عێراق : پارتی ، یەكێتی ، گۆڕان ، یەكگرتوو و كۆمەڵ بەشداردەبن .
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست تۆڕی میدیایی رووداو كەوتوون ، نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی و سەرۆكی حكومەت ، نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان ، محەممەد فەرەج ئەمینداری یەكگرتوو، عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی بەشداردەبن . هەروەها بەرپرسێكی باڵای یەكێتیش بەشداردەبێت .
بەپێی سەرچاوەكانی زانیاری تۆڕی میدیایی رووداو ، حكومەتی عێراق رازینەبووە ، پارەی هەشت مانگی بڕاوی بودجەی عێراق بدات كە دەكاتە 8 ترلیۆن دینار .
ئیئتیلافی نیشتمانی شیعە لە دانوستاندنەكانیدا لەگەڵ شاندی لایەنە كوردستانییەكاندا ، ئامادەییان لەسەر ئەوە نیشانداوە كە لە مانگی ئەیلوولەوە بودجەی هەرێمی كوردستان بدەن ، بەمەرجێك حكومەتی هەرێمی كوردستان فرۆشتنی راستەوخۆی نەوت رابگرێت و ، رۆژانە 125 هەزار بەرمیل نەوتیش بداتە كۆمپانیای نەوتیی نیشتمانیی عێراق SOMO.
شارەزاییانی یاسایی دەڵێن هیچ بەندێكی دەستووری عێراق و هیچ یاسایەكی عێراق رێگە بە عێراق نادات بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان ببڕێت كە لە مانگی شوباتی ئەمساڵەوە لەلایەن نووری مالیكییەوە بڕدرا . هەروەها دوای سكاڵایەكی حكومەتی عێراق لە دادگای فیدراڵیی عێراق لەسەر فرۆشتنی نەوت لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە، دادگای فیدرالی لە بەرژەوەندی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا و ، رایگەیاند حكومەتی هەرێمی كوردستان بەپێی دەستووری عێراق ئەو مافەی هەیە
08/09/2014
داعش لە ترسی بۆردوومانی فڕۆكەكانی ئەمریكا پەنایان بردووەتە نێو شوێنەوارە مێژووییەكانی پارێزگای نەینەوا و هەموو كەلوپەلەكانیان بردووەتە ئەو شوێنانە. بێوار خنسی، راوێژكار لە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەهۆی تێكشكان و شكستە یەك لە دوای یەكەكانی داعش لە شەڕیان لەگەڵ هێزی پێشمەرگە و خراپبوونی دۆخیان بەهۆی بۆردوومانی فڕۆكە ئەمریكییەكان، تیرۆریستانی داعش ئێستا چوونەتە ناو شوێنەوارە مێژووییەكانی مووسڵ و پارێزگای نەینەوا". سەبارەت بە هۆكارەكەی، بێوار خنسی ئاماژەی بەوە كرد كە "داعش لە دۆخێكی زۆر خراپدان و بەردەوام لەلایەن فڕۆكەكانی ئەمریكاوە بۆردوومان دەكرێن، ئێستایش بۆ رێگریكردن لە كوژرانیان پەنا دەبەنە بەر شوێنەوارە مێژووییەكانی مووسڵ و پارێزگای نەینەوا بەتایبەت لە جەزیرە كە دەكەوێتە باشووری موسڵ و ناوچەی تلكێف" . ئەو راوێژكارەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان رووننیكردەوە: "لەو ناوچەیەدا 63 ئاسەواری مەزنی كۆن هەن، دەزانن فڕۆكەكانی ئەمریكا ئەو شوێنەوارانە بۆردوومان ناكەن، كە شوێنی ئیمپراتۆریەتی ئاشوورییەكانن و ئێستاش هەمەر و ئۆتۆمبێلەكانی خۆیان دەبەنە ئەو شوێنانە بۆ ئەوەی خۆیان بپارێزن".
07/09/2014