ئەو چەكدارەی داعش بە جلێكی رەشەوە و بە قەمەیەك سەری رۆژنامەنووسە ئەمریكییەكە دەبڕێ، خەڵكی بەریتانیایە.
لەڤیدیۆكەدا چەكدارەكە بە ئینگلیزی قسە دەكات و زاراوەكەشی بەریتانییە.
حكومەتی بەریتانیا لە زاری وەزیری دەرەوە ئەوەی پشتڕاستكردەوە، كە ئە چەكدارە بەریتانییە.
فلیپ هامۆند بە بی بی سی گوتووە، كە ئەو چەكدارە بە ئینگلیزی بەریتانی قسە دەكات.
حكومەتی بەریتانیا دەڵێ هێشتا دیار نییە كە ئەو كەسە یەكێكە لەوانەی بەمدوواییە لە گوانتانامۆ ئازادكراوە یان لە بەریتانیاوە رۆیشتووە.
21/08/2014
ئەمەریكا، كە مانگی داهاتوو سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی ئاسایش دەكات، بە هاوکاری وڵاتانی ئەوروپا سەرقاڵی دروستكردنی بەرەیەكە لەگەڵ وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەمەبەستی كۆتاییهێنان بە دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش، كە ئەمریكاو ئەوروپا بە هەڕەشەی جددی دەزانن بۆ سەر ئاسایشی خۆیان.
یەكێك لەو وڵاتانەی ئەوروپا و ئەمریكا دەیانەوێت هاوكاریان بێت لە رووبەڕووبوونەوەی چەكدارانی داعش، ئێرانە، وێڕای وڵاتانی عەرەبی، ئەمە لە كاتێكدایە، كە ئەڵمانیا، قەتەر بە هاوكاریکردن و تەمویلكردنی ماددی داعش تۆمەتبار دەكات.
لە دوایین پەیامیدا كە دوای كوژرانی رۆژنامەنووسە ئەمریكییەكە پێشكەشیكرد، باراك ئۆباما، سەرۆكی وڵایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا رایگەیاند، لەسەدەی بیست و یەكدا هیچ شوێنێك بۆ داعش نییە و بە تووندیش هەڕەشەی بەرەنگاربوونەوەی لە رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی كرد.
هاوكات لۆران فابیۆس، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا داوای لە ئێران و وڵاتانی عەرەبی و ئەندامە هەمیشەییەكانی ئەنجوومەنی ئاسایش كرد، كۆنگرەیەك ببەستن بۆ بڕیاردان و گرتنەبەری رێوشوێنی سەربازی دژی "دەوڵەتی ئیسلامی" و بڕینی سەرچاوەی داراییان، چونكە ئەو رێكخراوە وەك وڵاتێك هەڵسوكەوت دەكات، ئەمەش مەترسییەكی گەورەیە بۆ سەر ئەوروپاو پێویستە لەناوببردرێت.
لەلایەكی دیكەش فرانك شتاینمایەر، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، وڵاتەكەی ئامادەیە بۆ چەكداركردنی كوردەكان بە خێراترین كات و بە رێژەیەك توانای بەرگریكردنیان هەبێت.
رێكخراوی " دەوڵەتی ئیسلامی" ناسراو بە داعش دوای ئاڵۆزییەكانی نێوخۆیی سووریا لەو وڵاتە دروستبوو، دواتریش توانی كۆنترۆڵی چەند شارێكی عێراق بكات و لە باشووری كوردستانیش ژمارەیەكی زۆر لە كوردی ئێزدی و مەسیحییەكان بكوژێت.
21/08/2014
پسپۆرێکی بواری دەزگای هەواڵگری پێیوایە، دەبێ ئۆباما ئەقڵییەتی خۆی بگۆڕێ و سەرباز بنێرێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش. جەین هارمان، پسپۆری بواری دەزگای هەواڵگری بابەتێكی دەربارەی سەركەوتنی دەوڵەتی ئیسلامی یاخود شكستی دەزگای هەواڵگری ئەمریكا نووسیوە و هەوڵدەدات وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە، کە ئایا سەركەوتنی دەوڵەتی ئیسلامی بە هۆی شكستی سیاسەتی كۆشكی سپییەوە بووە یاخود دەزگای هەواڵگری ئەمریكا نەیانتوانیوە هەواڵ و زانیاری لەسەر عێراق و دەوڵەتی ئیسلامی كۆبكەنەوە. جەین دەنووسێت، دەكرێتە ئێمە کوێرانە گوللە بە سی ئای ئەی-یەوە بنێین و هۆكاری سەركەوتنی داعشی بخەینە ئەستۆی، ئایا ئەم رەخنەیە ئینسافانەیە؟ تاوەكو وەسفی قورس بدەینە پاڵ دەزگای هەواڵگری و بڵێین ئەمە شكستی دەزگای هەواڵگرییە. لە سەرەتای مانگی حوزەیرداندا كاتێك كە داعش موسڵیان كۆنترۆڵكرد، ئیدی هیچ شتێك دەربارەی داعش شاراوە نەبوو، بەڵكو هەموو كەس دەیزانی داعش چییە، دەیان رۆژنامەنووس و فۆتۆگرافەر وێنەی رووداوەكانیان گواستەوە، تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش سەرچاوەیەكی دیكەی زانیاری بوون بۆ دەزگاكانی هەواڵگری. كەواتا ناتوانین گوناهەكە بخەینە ئەستۆی دەزگای هەواڵگری، بەڵكو دەبێت بڵێین هیچ ستراتیژییەتێكی روون نەبووە بۆ وەڵامدانەوە و ئیحتیواكردنی داعش. جەین پێیوایە بڕی زانیارییەكانی دەزگای هەواڵگری كەم نەبووە، "بەڵام سیاسەتەكە گەمژانە بووە"، کە مەبەستی سیاسەتی دەرەوە و ستراتیژییەتی كۆشكی سپی یاخود باراك ئۆبامایە. هێرشی ئاسمانی و ناردنی چەك بۆ پێشمەرگە هەنگاوێكی باش بوو و پێشوازی لێكرا. خاڵكی دیكە كە دروست لە سیاسەتی ئۆباما بەرامبەر بە عێراق ئەوەیە، كە گۆڕانكارییەكان لە حكومەت گۆڕانكاری لە ئەرزی واقیع دروستدەكات. لە بەرامبەردا جەین رخنە لە دەزگای هەواڵگریش دەگرێت و دەنووسێت، " نابێت ئەوشمان لە بیر بچێت هەموو شكستێك شكستی دەزگای هەواڵگرییە" . بە بۆچوونی جەین، لە دوای یازدەی سێپتێمبەرەوە، سی ئای ئەی هەوڵەكانی فراوانتركردووە، ئەو بیرۆكەیەش دروستبووە كە چارەسەری گونجاو بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر تەنیا هێرشی ئاسمانییە، بەڵام "ئیدی كاتی ئەوە هاتووە ئۆباما ئەو ئەقڵیەتە و بیركردنەوەی كۆتاپێبهێنێت" و دەبێت سەرباز بنێرێت.
20/08/2014
هێرشەكانی ئیسرائیل لە دەوروبەری غەززە بەردەوامن، ئەوەش پاش ئەوەی هەوڵەكان بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێكی درێژ خایەن بە نێوەندگیری میسر بەبێ ئەنجام كۆتاییان پێهات.
ئەم شەڕە دووبارە دەستیپێكردەوە دوای ئەوەی چەكدارانی حەمماس چەند مووشەكێكیان ئاراستەی ئیسرائیل كرد، پاش ئەمە ئیسرائیل راستەوخۆ وەفدەكەی خۆی لە میسر كێشایەوە و دەستیكردەوە بە هێرشكردنە سەر غەززە.
بەپێی راپۆرتی تەندروستی فەڵەستین لە ئەنجامی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆسەر غەززە دوو ئافرەت و منداڵێك كوژراون و ئەمەش بووە هۆی كۆتاییهێنان بەدانوستاندنەكانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین لە میسر.
لە لایەكی دیكەیشەوە دانوستاندنكارانی فەڵەستین پاش ئەوەی ئاگربەستەكە شكێنرا راستەوخۆ وەفدی دانوستانكاری خۆیان لە میسر كشاندەوە و رایانگەیاند ئەوان بە زووترین كات میسر بەجێدەهێڵن، تەنها لە كاتێكدا ئامادەن بگەڕێنەوە كە كات و ژینگەكەی گونجاو بێت بۆ دانوستانكردن.
عەززام ئەلئەحمەد سەرۆكی شاندی دانوستاندنكاری فەلەستین ئیسرائیلی تۆمەتبار كرد بەوەی كە سەرچاوەی شكستپێهێنانی دانوستاندنەكان بووە.
20/08/2014
دەوڵەتی سوێدیش هاتە ریزی ئەو وڵاتە ئەوروپیانەی کە پاڵپشتی خۆیان بۆ بارگرژییەکانی باشووری کوردستان دەربڕیوە، وڵاتانی فەرەنسا، ئەڵمانیا، بەریتانیا و دواتریش سوێد لە نزیکەوە سەردانی ئاوارەکانی شنگالیان کرد و لە دۆخی ئەوانیان کۆڵیەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە شاندی باڵای وەزارەتی دەرەوەی سوێد و نوێنەری یەکێتی ئەوروپا لە بارەگای نوێنەرایەتی یەکێتی ئەوروپا لە هەولێر لەگەڵ نوێنەری ئاوارەکان گفتوگۆی ئەو رەوشە خراپەیان کرد کە تێیدان.
20/08/2014
هێزەكانی پێشمەرگە لە سنووری پارێزگای كەركووك لە حاڵەتی ئامادەباشیدان بۆ شەڕێكی قورس لە دژی چەكدارانی داعش، پێشمەرگە تاوەكو ئێستا تەواوی هێرشەكانی داعشی بەو چەك و تەقەمنیانە تێكشكاندووە كە پاشماوەی سوپای عێراقی سەردەمی بەعسن. دوای ئەوەی سوپای عێراق لە چەند مانگی رابردوو چەكی فڕێدا، رێژەیەك چەكی دیكەی ئەو سوپایەی بۆ ماوەتەوە، بەڵام ئێستا هێزەكانی پێشمەرگە ئاماژە بە گەیشتنی یەكەم كاروانی چەكی ئەمریكی و چەند وڵاتێكی ئەوروپی دەكەن بۆ بەرەكانی شەڕ لە كەركووك.
وەستا رەسوڵ، بەپرسی میحوەری باشووری كەركووكی هێزی پێشمەرگە بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند" كاروانێكی چەك گەیشتووە و چەكی قورس و مامناوەندی تێدایە، ئەو چەكانە گەیشتوونەتە لیواكان و چەكە قورسەكانیش گەیشتوونەتە هێزەكانی پشتیوانی، هیوامان وایە وەزارەتی پێشمەرگە لە داهاتوودا چەند كاروانێكی دیكەش بنێرێت، چونكە ئەو چەكانە راستەوخۆ لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە دابەشدەكرێن".
لەبەر هۆكاری ئەمنی هێزەكانی پێشمەرگە رێگەنادەن وێنەی چەك و تەقەمەنییە نوێیەكان بگیرێت، بەڵام ئاماژە بۆ هاتنی چەكی جۆری قەناس و M4 و ئۆتۆمبێلی گوللەنەبڕ و چەندین جۆر چەكی قورس دەكەن و تەواوی ئە و چەكانەش لە بەرەكانی شەڕ لە كەركووك خراونەتە ئامادەباشيیەوە و بەپێی گوتەی پێشمەرگەكان ئەو چەكانە بوونەتە مایەی بەرزكردنەوەی زیاتری ورەیان
20/08/2014
جێگری سەرۆكوەزیرانی توركیا ئاماژە بە فراوانكردنی شاندەكانی دانووستاندن بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد لە باكووری كوردستان دەكات و خوازیارە دەوڵەتی توركیا لەگەڵ قەندیلیش دابنیشێت.
بەشیر ئەتەڵای، جێگری سەرۆكوەزیرانی توركیا لە لێدوانێكیدا ئاشكرایكرد كە لە داهاتوودا شاندەكانی دانووستاندن فراوانتردەكەن و بێ لە دەزگای هەواڵگری MIT، دامودەزگاكانی دیكەی دەوڵەتیش لەگەڵ ئیمراڵی دانووستاندن دەكەن.
سەبارەت بە گفتوگۆ لەگەڵ قەندیل و رێكخستنەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان لە ئەوروپا، ئەتەڵای گوتی "خوازیارە لەگەڵ قەندیلیش گفتۆگۆ بكەن و ئەگەر پێویست بكات لەگەڵ رێكخستنەكانی ئەوروپاش دادەنیشن". هاوكات باسی لەوەش كرد كە لە رووی سیاسییەوە ئەوان لەگەڵ نوێنەرانی پارتی دیموكراسی گەلان HDP دانووستاندن دەكەن.
جێگری سەرۆكوەزیرانی توركیا ئەوەشی خستەڕوو، گرنگترین هەنگاو ئەو یاسایە بوو كە مانگی حوزەیران بە دەنگی لەسەدا 80 ی پەرلەمانی وڵاتەكەی دەركرا. باسی لەو قۆناغانەش كرد كە لە كاتی دەسەڵاتی حیزبەكەی بڕدراون و گوتی "سیاسەتی ئەوەمان پەیڕەوكردووە بە ناوی دەوڵەتەوە داوای لێبووردن لە كورد بكەین بۆ ئەو ناحەقییانەی بەرامبەریان كراون و كار بۆ قەرەبووكردنەوەیان بكەین".
پێشتر ئەتەڵای رایگەیاندبوو تاوەكو مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ نەخشەڕێگای قۆناغی داهاتوو بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەی ئاشتی دیاریدەكرێت و دەخرێتە بەردەم لایەنە پەیوەندیدارەكان.
19/08/2014
سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق بە دوا فرسەت دەزانێت و رایدەگەیەیەنێ نابێ ئامانج تەنیا دروستكردنی حكومەت بێ.
كارل بیڵت، وەزیری دەرەوەی سوێد و شاندێكی یاوەری كە پێكهاتبوون له ژمارەیەك پەرلەمانتاری یەكێتی ئەورووپا لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە .
له كۆبوونەوەكەدا وەزیری دەرەوەی سوێد ئاماژەی بەوە كرد كە لەگەڵ شاندێكی كۆمیسیۆنی هاوكاری مرۆیی یەكێتی ئەورووپا بۆ پشتیوانیكردنی كوردستان هاتوون و جەختی لە پاڵپشتیی سیاسی و مرۆیی وڵاتەكەی و یەكێتی ئەورووپا بۆ كوردستان لە ڕووبەربوونەوە دژ بە تیرۆریستان كردەوە.
كارل بیڵت، سوپاس و دەستخۆشی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان و گەلی كوردستان كرد بۆ هاوكاری و پەنادانی سەدان هەزار ئاوارە و پاراستنی ژیانیان لە هەڕەشەی چەكدارانی داعش. جەختیشی لەوە كردەوە كە یەكێتی ئەورووپا ئامادەیە بە بەردەوامی تا كۆتاییهاتنی قەیرانی پەنابەران و هەڕەشەی تیرۆریستان هاوكار و پشتیوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بێت .
هەروەها بارزانی سەردانی وەزیری دەرەوەی سوێدو پەرلەمانتارەكانی بۆ كوردستان بە ئومێدبەخش وەسفكرد و ئاماژەی بەوە كرد كوردستان لە دۆخی ئێستایدا پێویستیی بە هاوكاری و یارمەتیدانی دۆستانی هەیە و ئەوەشی بۆ شاندی میوان خستەڕوو كە گەلی كوردستان رووبەڕووی دەوڵەتێكی تیرۆریستیی پڕچەكبووەتەوە كە پابەندی هیچ جۆرە بەها و پرەنسیپێك نییە.
بارزانی لەبارەی پرۆسەی سیاسیی عێراق، دامەزراندنی حكومەتی نوێی بە فرسەتێكی باش و دوا فرسەت زانی بۆ ئەوەی كێشە قووڵەكانی عێراق چارەسەر ببن، دووپاتیشكردەوە كە نابێ ئامانج تەنیا دروستكردنی حكومەت بێ، بەڵكو پێویستە نەهجێكی نوێی هەبێ و هەڵەكانی رابردوو دووبارە نەكەنەوە، ئەگەر هەمان رەفتار و هەڵەكانی پێشوو دووبارە بكرێنەوه و قەیران و گرفتەكان قووڵتر و فراوانتر دەبن.
19/08/2014
باراك ئۆباما، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لەسەر دۆخی عێراق سازكرد و رایگەیاند ستراتیژیەتێكی فراوانتر لە عێراق دەگرنەبەر و هەوڵی بچووكردنەوەی داعش دەدەن وەك ستراتیژیەتێكی درێژخایەن. راشیگەیاند سوپای عێراق و پێشمەرگە دەتوانن داعش لەناوببەن.
ئۆباما لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا گوتی بە دەستلەكاركێشانەوەی نووری مالیكی و راسپاردنی حەیدەر پێشكەوتنمان لە پرۆسەی سیاسی عێراق بینوە، هیوادارین حكومەتێكی نیشتمانی پێكبهێندرێت ئەگەرنا ناتواندرێت پاشەكشە بە داعش بكرێت.
سەرۆكی ئەمریكا سەبارەت بە بۆردوومانكردنی داعش و هاوكاریكردنی ئاوارەكان گوتی : "وەك ئەركێكی سەرشانمان هێرشە ئاسمانییەكان بەردەوام دەبن، هەروەها ئێمە بە تەنیا نین و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیمان هەن". ئاماژەی بەوەشكرد هەوڵیانداوە هاوكاری ئاوارە ئێزدییەكان بكەن لە چیای شنگال.
19/08/2014
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ خالید شوانی سەرپەرشتیاری هێزی پێشمەرگە لە میحوەری دوبز، لە هەوڵێكی كوشتن رزگاری بوو.
خالید شوانی سەبارەت بەو رووداوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە دوبز بەرەو كەركووك دەگەڕامەوەو لە گوندی باجوان كە گوندێكی عەرەبنشینە دەرچووین، سێ بۆمبی چێنراویان بە كاروانی ئۆتۆمبێلەكانی ئێمەدا تەقاندەوە كە خۆشبەختانە بە هۆی ئەوەی ئۆتۆمبیلەكانی ئێمە گولـلە نەبڕ بوو زیانی گیانیمان لێنەكەوەتەوە".
شوانی هەروەها گوتیشی"زیانی مادی بە ئۆتۆمبێلەكانمان گەیشتووە، بەڵام كەسمان لێ بریندار نەبوو".
19/08/2014
کارل بیلت، وەزیری دەرەوەی سوێد دوای سەردانكردنی بەغدا، كەمێك بەر لە ئێستا گەیشتە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر.
بڕیاروایە وەزیری دەرەوەی سوێد لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی كوردستان سەبارەت بە شەڕی هێزەكانی پێشمەرگە و چەكدارانی داعش و گەیاندنی هاوكاری مرۆیی بە ئاوارەكان كۆببێتەوە.
18/08/2014
سهربهست تروانشی، بهرپرسی لقی نۆی پارتی دیموكراتی كوردستان له میحوهری ناوهران تایبهت به خهندانی راگهیاند، "بهرهبهیانی ئهمرۆ هێزهكانی پێشمهرگهی كوردستان توانیان چهند ئامانجێكی دیاریكراو بپێكن لهناوچهی ناوهران " ، وتیشی : هێرشی هێزهكانی پێشمهرگه بۆ سهر مۆڵگهكانی داعش له چهند گوندێكی میحوهری ناوهران وایكردووه چهكدرانی داعش پێشتر ئهو گوندانه چوڵبكهن.
سهربهست تروانشی ئهوهشی خستهروو، "ئهو گوندانهی هێزهكانی پێشمهرگه خستوویاننهتهوه ژێركونتروڵی خۆیان، دهكهونه نێوان ( تلكێف و باتنایا و ناوهران ) كه پێگهیهكی گرنگیان ههیه لهناوچهكهدا.
ئاماژه بهوهشكرد، "هێزهكانی پێشمهرگه بێزیان چوونهته ناو ئهو گوندانهو له حالهتی ئامادهباشیدان بۆ ههر رووبهڕوو بوونهوهیهك .
18/08/2014
سهرۆكی میرنشینه یهكگرتووهكانی ئیمارات فهرمان به پێشكهشكردنی هاوكاریی مرۆیی بهپهله بۆ ئاوارهكانی ههرێمی كوردستان دهكات.
ئاژانسی ههواڵی ئیمارات بڵاویكردهوه كه شێح خهلیفه بن زاید ئال نهیان، سهرۆكی دهوڵهتی ئیماران فهرمانی به شێخ محهمهد بن زاید ال نهیان، جێگری فهرماندهی باڵای هێزه چهكدارهكانی وڵاتهكهی و سهرۆكی دامهزراوهی خهلیفه بن زاید كردووه هاوكاریی مرۆیی بهپهله بگهیهنێته ئاوارهكانی ههرێمی كوردستان.
سهرۆكی دهوڵهتی ئیمارات داواشیكردووه كه گهیاندنی ئهو هاوكارییانه به ههماههنگی لهگهڵ كونسوڵگهریی وڵاتهكهی له ههولێر ئهنجام بدات.
ئاژانسهكه ئاشكراشیكرد كه هاوكارییهكانی ئیمارات خۆراك و دهرمان و شیری منداڵان لهخۆدهگرێت
18/08/2014
بەریتانیا پەیوەندی بە جەنگی وەستاندنی پێشڕەوییەكانی داعشەوە كرد و وەزارەتی بەرگری ئەو وڵاتە ئاشكرای كردووە، فڕۆكە جەنگییەكانی بەریتانیا وەك یەكەمین هەنگاو لە بەشداریكردنیان لە جەنگی دژ بە چەكدارانی داعش دەستیان كردووە بە چاودێریكردنی ئاسمانی و دۆزینەوەی بنكە و پێگەكانی داعش لە ناوچەكانی باكووری عێراق و سنوورەكانی باشووری كوردستان.
ئەو فڕۆكانەی كە سەرەتا هاوكارییە مرۆییەكانیان گەیاندە كوردستان، ئێستا بوونەتە بەشێك لە كردەی سەربازی و فڕۆكەی تۆرنادۆی سەر بە هێزی شاهانەی بەریتانیا و فڕۆكەی چاودێری جۆینت ریڤێت وەك دەستپێكێك بۆ ئەو پرۆسەیە دەستیان بە چاودێریكردن كردووە.
مایكڵ فالۆن، وەزیری بەرگری بەریتانیا ئاشكرایكرد، كە ئەركی بەریتانیا لە عێراقدا بۆ ماوەی چەند مانگێكی بەردەوام دەبێت و فڕۆكەی چاودێری و فڕۆكەی تۆرنادۆی بەریتانی ئامادەكراون بۆ هاوكاریكردنی پرۆسەی وەستاندنی داعش.
ئەو پرۆسەیەی بەریتانیا باسی لێودەكات، پرۆسەیەك نییە بۆ كۆتاییهێنان بە دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش، بەڵكو وەك وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە ئاماژەی پێكردووە ناوی پرۆسەكە بە پرۆسەی وەستاندنی داعش ناونراوە.
وەزارەتی بەرگری بەریتانیا ئاماژەی بەوەكردووە، فڕۆكەكانی بەریتانیا كۆتاییان بە هەڵمەتی گواستنەوەی هاوكارییە مرۆییەكان هێناوە و ئێستا كارەكانیان فڕینە بە ئاسمانی عێراق و پێدانی زانیارییە بە هێزی پێشمەرگە سەبارەت بە پێگە و بنكە سەربازییەكانی داعش.
هەروەها زانیارییەكان ئەوەشیان ئاشكراكردووە، كە یەكێكی دیكە لەكارەكانی فڕۆكە بەریتانییەكان گواستنەوەی تەقەمەنی و چەكە لە وڵاتانی سەر بە بلۆكی سۆڤیەتی جاران بۆ عێراق لەپێناو پێدانی هاوكاری سەربازی بە هێزی پێشمەرگە، هەروەها بەریتانیا خەریكی گواستنەوەی كەلوپەلی دیكەی سەربازییە وەك دووربینی شەوانە و درعی سەربازی بۆ هێزی پێشمەرگە.
وەزیری بەرگری بەریتانیا ئاماژەی بەوەش كردووە ، ئەمە ئەركی بەریتانیایە بەشداری لەو پرۆسەیەدا بكات، چونكە چەندین جیهادی لە خەڵكی بەریتانیا و وڵاتانی رۆژئاوای ئەوروپا لەناو ئەو گرووپەدا بوونیان هەیە و ئەگەری ئەوەش هەیە بگەڕێنەوە بۆ ئەوروپا چالاكی تووندڕەوی ئەنجام بدەن.
ئەم راگەیاندنەی وەزارەتی بەرگری بەریتانیا دوای ئەوە دێت، كە دەیڤید كامیرۆن سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە لە وتارێكدا ئەوەی ئاشكرا كردبوو بەریتانیا پێویستە هێزی سەربازی بەكاربهێنێت و هاوكارییە مرۆییەكان بە تەنها بەس نین بۆ بەشداربوون لە رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەكانی عێراق.
18/08/2014
سهرۆكی حكومهتی ههرێمی كوردستان داوا دهكات، كۆنفرانسێكی نێودهوڵهتی بۆ ئهو وڵات و لایهن و ڕێكخراو و دامودهزگا نێودهوڵهتییه كۆمهكبهخشانه ساز بكرێت كه كۆمهك و هاوكاریی مرۆیی پێشكهش به ههرێمی كوردستان دهكهن.
دوای نیوهڕۆی ئهمڕۆ دووشهممه 18ی ئابی 2014، نێچیرڤان بارزانی سهرۆك وهزیرانی ههرێمی كوردستان پێشوازی له "دۆنی گۆیێر" باڵیۆزی فهرهنسا له عیراق كرد.
باڵیۆزی فهرهنسا ڕایگهیاند: فهرهنسا به تهواوی پشتگیریی ئهو ههڵمهته نێودهوڵهتییه دهكات كه له لایهن كۆمهڵگهی نێودهوڵهتیهوه بۆ هاوكاری و پشتگیریی ههرێمی كوردستان له دژی چهكدارانی داعش هاتۆته كایهوه و تیشكی خسته سهر ڕۆڵی فهرهنسا له هاندانی كۆمهڵگهی نێودهوڵهتی به تایبهتی ئهورووپا بۆ پشتگیریی ههرێمی كوردستان و بههاناوهچوونی ئهو پهنابهر و ئاوارانهی ڕوویان له ناوچه ئارامهكانی كوردستان كردووه.
نێچیرڤان بارزانی پوختهیهكی دهربارهی پێشڕهویكردنی پێشمهرگه له ههموو بهرهكاندا له دژی داعش خسته ڕوو.
دووپاتیشی كردهوه كه ههرێمی كوردستان پێویستی به هاوكاریی زۆر زیاتری نێودهوڵهتی ههیه بۆ ئهوهی وهك پێویست به هانای ئهو سهدان ههزار ئاوارانهوه بچێت كه له ترسی داعش ماڵ و حاڵی خۆیان جێ هێشتووه، چونكه بارهكه زۆر لهوه قورستره كه به تهنیا له توانای حكوومهتی ههرێمی كوردستاندا بێت.
نێچیرڤان بارزانی ههروهها داوای كرد كۆنفرانسێكی نێودهوڵهتی بۆ ئهو وڵات و لایهن و ڕێكخراو و دامودهزگا نێودهوڵهتییه كۆمهكبهخشانه ساز بكرێت كه كۆمهك و هاوكاریی مرۆیی پێشكهش به ههرێمی كوردستان دهكهن بۆ ئهوهی بتوانێت وهك پێویست به هانای ئهو ژماره زۆری پهنابهران و ئاوارهكانهوه بچێت كه ئێستا له زۆربهی شاره گهورهكانی ههرێمی كوردستاندا گیرساونهتهوه و پێویستییان بهوپهڕی كۆمهك و هاوكاریی مرۆیی ههیه و ئهگهر ههڵمهتێكی نێودهوڵهتی بۆ بههانهوهچوونیان نهكرێت، ڕووبهڕووی كارهساتێكی مرۆیی دهبنهوه.
18/08/2014