ئهندامێكی كوتلهی موستهقبهل له پهرلهمانی عێراق رایگهیاند، ئهزموونی لهگهڵ هیچكام له سهرۆك وهزیرانی عێراق سهركهوتوو نهبووهو داوای له مالیكیش كرد گۆڕهپانهكه بۆ غهیری خۆی چۆڵ بكات.
عیزهت شابهندهر، ئهندامی كوتلهی موستهقبهل و یهكێك له كهسایهتییه نزیكهكانی پێشووی نوری مالیكی رایگهیاند: ئهزموونی لهگهڵ ئهیاد عهلاوی سهرۆك وهزیرانی پێشووتری عێراق و نوری مالیكی سهركهوتوو نهبووه، ههرئهوهش وایكردووه دهست بداته پڕۆژهیهكی نیشتمانیی نوێ بۆ ههڵبژاردنهكانی ئهمجاره.
عیزهت شابهندهر راشیگهیاند: ئهو قهیرانانهی عێراقی پیایدا تێپهڕ دهبێت، قهیرانی مهترسیدارن و پێویسته زۆر به پهله و به گیانێكی نیشتمانی و بهرپرسیارانه چارهسهر بكرێن.
سهبارهت به ولایهتی سێیهمی نوری مالیكی، شابهندهر رایگهیاند دهستوور رێگهی بهههر كهس داوه كه لهخۆی رادهبینێت، ئیدارهی وڵات بكات، بهڵام بهدووری زانی ئهمجاره مالیكی بتوانێت كولتهیهكی پهرلهمانیی وا پێك بهێنێت كه بیكاتهوه به سهرۆك وهزیران، بۆیه بهباشی زانی سهرۆك وهزیران جڵهوی بهڕێوهبردن بداته كهسانی دیكه و گۆڕهپانهكهیان بۆ چۆڵ بكات.
20/04/2014
لە شارەكانی كرماشان و سنەی رۆژهەڵاتی كوردستان، ئەو دوو شارەی كە لەڕووی هەوای پیسەوە لەسەرەوەی لیستی مەترسیدارترین شارەكانی جیهاندان، بكوژێكی نادیار هەڕەشە لە ژیانی هاووڵاتیان دەكات. لەو دوو شارەدا جەنجاڵیی شەقامەكان و دووكەڵی ئۆتۆمبیلەكان شاریان داگیر كردووە، تا ئەو ئاستەی كە لە زستانی ئەمساڵدا دەسەڵاتدارانی شار ئاگادارییان بڵاوكردەوە و بۆ پارێزگاریكردن لە تەندروستیی منداڵان تەنانەت خوێندنگاكانیان داخست. پیسبوونی ژینگەی ئەو دوو شارە دۆخێكی مەترسیداری بۆ دانیشتووانەكەی دروستكردووە، دانیشتووانێك كە لە دوو هەژارترین شاری ئێراندا دەژین. بە پێچەوانەی شارە ژینگە پیسبووەكانی دیكەی جیهانەوە كە كارگەكان ژینگەی شار پیس دەكەن، لە سنە و كرماشان پیسبوونی ژینگە نە بەهۆی كارگەوەیە و نە بەهۆی بەرهەمهێنانی خەڵووزەوەیە. بەپێی ئامارەكان، رۆژانە نزیكەی 270 هاووڵاتی ئێرانی بەهۆی ئەو نەخۆشیانەی كە پەیوەندییان بە پیسبوونی ژینگەوە هەیە دەمرن. دوای چەندین ساڵ لە شاردنەوەی هۆكاری پیسبوونی ژینگەی شارەكانی ئێران، دەسەڵاتدارانی ئێرانی دواجار باس لە هۆكاری پیسبوونەكە دەكەن. بێژەن زەنگەنە، وەزیری نەوت دەڵێت هۆكاری پیسبوونی ژینگە بەرهەمهێنانی بەنزینی كواڵێتی نزمە. لەسەرەتای ئەمساڵدا، دەسەڵاتدارانی ئێرانی ئەو تۆمەتەیان رەتكردەوە كە بەرهەمهێنانی سووتەمەنی كوالێتی نزم هۆكاری پیسبوونی ژینگە بێت، رەنگە ئەوەش لەبەرئەوە بێت كە ئێستا بابەتی پیسبوونی ژینگە بووەتە بابەتێكی سیاسی هەستیار. لەساڵی 2010دا كاتێك كە ئەمریكا گەمارۆ ئابوورییەكانی سەر ئێرانی زیاد كرد بەهۆی پرۆگرامە ئەتۆمییەكەی ئێران، سەرۆك كۆماری ئەوكاتی كۆماری ئیسلامی، مەحمود ئەحمەدی نەژاد بە شانازییەوە پرۆگرامێكی "ئابووری بەرگری" راگەیاند و گوتی كە ئێران ئێستا گازۆلینی خۆی بەرهەم دەهێنێت. بەڵام دواتر دەسەڵاتدارانی ئێران دانیان بەوەدا نا كە گازۆلینەكەی ئێران كواڵێتی نزمە و شارەزایان دەڵێن ئەو گازۆلینە هۆكاری 88%ی پیسبوونی ژینگەیە. بەپێی راپۆرتی رێكخراوی تەندروستی جیهانی لە ساڵی 2013دا، هەردوو شاری ئەهواز و یاسوج لە نێو 10 پیسترین شاری جیهاندا بوون. هەوای شارەكانی ئێران مەزەندە دەكرێت سێ هێندەی هەوای شارێكی وەكو پەكین پیس بێت. هەرچەندە دانیشتووانی سنە و كرماشان لە یەكێك لە پیسترین ژینگەكانی جیهاندا دەژین، بەڵام زانیارییان دەربارەی ژینگەی شارەكانیان زۆر نییە. هەركاتێك كە باس لە پیسبوونی ژینگە دەكرێت ئەوان راستەوخۆ بیر لە تارانی پایتەخت دەكەنەوە، نەك شارەكانی خۆیان. رۆیا كە 44 ساڵە لە سنە دەژی، دەڵێت "هەرگیز گوێم لە كێشەی پیسبوونی ژینگەی سنە نەبووە."
rudaw
19/4/2014
ژیانی كچە گەریلایەكی كورد كە لە تەمەنی 25 ساڵیدا لە شەڕێكی نێوان پارتی كرێكارانی كوردستان PKK و سوپای توركیادا دەكوژرێت، ناوەڕۆكی فیلمێكە بۆ تێگەیشتن لەو پاڵنەرانەی هانی ئەم كچە تاراوگەنشینە و هاوشێوەكانی داوە تاوەكو پەیوەندی بە PKKەوە بكەن لە ساڵانی نەوەتەكانی سەدەی رابردوودا. "گوڵستان كچێكی گەنج بوو، كە هاتمە كەنەدا لێرە ناسیم". ئەمە قسەی زیان ئاكیۆڵ، تەمەن 27 ساڵە كە دەرهێنەری فیلمێكی دۆكیومێنتارییە لەسەر ژیانی گوڵستان. ئاكیۆڵ كە دانیشتووی شاری مۆنتریالی كەنەدایە، گوتی "ئەو كاتەی گوڵستان تەمەنی 18 ساڵان بوو، من تەمەنم 5 ساڵ بوو. براكەی بەر لەو رۆیشت بۆ توركیا بۆئەوەی پەیوەندی بە ریزەكانی PKKەوە بكات. گوڵستان زۆر وابەستە بوو بە براكەیەوەو وەك نموونە و پاڵەوان تەماشای دەكرد. ماوەی یەك ساڵ بوو گەیشتبووە هەرێمی كیوبك كاتێك بیرۆكەی پەیوەندیكردن بە براكەیەوە لە مێشكی دا". لە فیلمی (زەوی گوڵان.. ناوم گوڵستانە)، ئاكیۆڵ دەیەوێت چیرۆكی گەشتە دوور و درێژەكەی گوڵستان لە كەنەداوە بۆ چیاكانی كوردستان بگێڕێتەوە. بۆ ئاكیۆڵ تەنیا فیلمێك نییە دەربارەی كچێكی جەنگاوەری كورد لە توركیا، بەڵكو گەشتێكە بەنێو یادەوەریەكانیدا. ئاكیۆڵ كچێكی منداڵ بووە كاتێك گەیشتووەتە كەنەدا، گوڵستان چاودێری و سەرپەرشتی ئەوی كردووە. "لە هەمان شوقەدا دەژیاین. كاتێك دایكم و باوكم لەماڵ نەدەبوون، ئەو چاودێری دەكردم و زوو زوو دەچووم بۆ لای. وەك خوشكی گەورەی خۆم تەماشام دەكرد". ئاكیۆڵ بە (رووداو)ی گوت "هەندێ جار باسی هەندێ شتی بۆ دەكردم كە لێیان تێنەدەگەیشتم وەك كورد و مەسەلەی كۆمۆنیزم". پەیوەندی ئاكیۆڵ و گوڵستان زیاتر بوو لە پەیوەندی دوو كچ كە بە رێكەوت یەكتریان ناسیبێ لە مۆنتریال. هەردووكیان خەڵكی هەمان گوند بوون و لە خێزانێكی عەلەوی لەدایكبوون. ئاكیۆڵ دەڵێ ژمارەیەكی زۆر كوردی باكووری كوردستان پەیوەندییان بە PKKەوە دەكرد، چونكە ئەو پارتە خەباتی دەكرد بۆ بەدیهێنانی مافە سیاسی و كەلتووریەكانی كورد لەو وڵاتە. هەروەها دەڵێ، ئەو سەركردانەی دەگەڕێن بە نێو كوردی وڵاتانی دەرەوەدا تا هانیان بدەن بۆ پەیوەندیكردن بە خەبات و شۆڕشەوە لە كوردستان، رۆڵێكی كاریگەریان هەبوو لە هاندانی ژمارەیەك كوردی تاراوگەنشینی وەك گوڵستان بۆ پەیوەندیكردن بە ریزەكانی PKKەوە. "زۆر لە گەنجانی كورد لە ساڵانی نەوەتەكاندا چوونە ئەڵمانیا بۆ مەشقكردن لە كامپەكان، هەروەك گوڵستان". ئاكیۆڵ گوتی "هەندێكیان پەشیمان بوونەوە لە رۆیشتن بۆ چیا، بەڵام هەندێكی دیكەیان بەردەوام بوون". ساڵی 2000، گوڵستان لە شەڕێكدا دەكوژرێ. ئاكیۆڵیش دەستدەكات بە نووسینی دەقی فیلمێك كە باس لە ژیانی هاوڕێكەی دەكات. "لە ساڵی 2000دا، كاتێك تەمەنم 13 ساڵ بوو، زانیم كە گوڵستان لەسەر سنووری نێوان توركیا و عێراق لە هێرشێكدا كوژراوە. لەوكاتەوە گوڵستان لە بیرمدا ماوەتەوە". كاتێك ئاكیۆڵ دەستیكرد بە گەڕان بۆ پەیداكردنی پشتگیری دارایی بۆ فیلمەكەی، زۆر لەوانەی داوای هاوكاری لێكردن متمانەیان پێی نەبوو كە بتوانێ پڕۆژیەكی ئاوا "ئاڵۆز و گرنگ" بكات. "كاتێك دەستم بە نووسینی دەقی فیلمەكە كرد، گوتم كە دەمەوێت بچم بۆ بینینی گەریلاكانی PKK لە كوردستان، بەڵام ئەو دامەزراوە داراییانەی كەنەدا كە داوای هاوكاریم لێكردن بۆ بودجەی فیلمەكە متمانەیان پێ نەكردم. تەنانەت خزمەكانیشم باوەڕیان پێ نەدەكردم. هەمیشە كەمێك گومانیان هەبوو". بەڵام بە گەشتكردنی بۆ هەرێمی كوردستان، ئەڵمانیا و توركیا و پەیداكردنی متمانەی PKK و خزمەكانی گوڵستان و ئەنجامدانی زۆر لە توێژینەوەكانی فیلمەكەی بە سەركەوتوویی، توانی گومانی هەموو كەسێك بڕەوێنێتەوە. ئاكیۆل لە هاوینی 2011دا چوو بۆ باشوور و باكووری كوردستان "دەستمانكرد بە وێنەگرتنی فیلمەكە لەگەڵ بەڕێوەبەری وێنەگرتن و تۆماركەری دەنگ. وێنەگرتنەكەمان بۆ توێژینەوە بوو، بەڵام بۆ ئەوەش بوو نیشانی دامەزراوە داراییەكانی بدەم كە متمانەی PKKم وەرگرتووە وەك ئەوەی پێشتر پێمگوتبوون". سووربوونی ئاكیۆڵ لەسەر پڕۆژەكە لە كۆتاییدا بەرهەمدار بوو. دامەزراوە فەرمیەكانی كەنەدا و ئەوروپا دەرگایان لەسەر كردەوەو سوودی لە دوو هاوكاری دارایی نووسینی دەق لە دامەزراوەیەك بۆ پشتگیریكردنی كاری كەلتووری لە هەرێمی كیوبیك وەرگرت. ئێستا پڕۆژەكە 350 هەزار دۆلار بودجەی هەیە، جگە لە هاوكاری بۆردی فیلمی نیشتمانی كەنەدا، بەڵام ئایكۆڵ دەڵێ بۆ بەدیهێنانی خەونەكەی پێویستی بە 200 هەزار دۆلاری دیكەیە "ئەوە بودجەیەكی زۆر كەمە بۆ فیلمێكی دۆكیومێنتاری كە لە سێ وڵات وێنە بگیرێ". هەركە پڕۆژەكە دەستیپێكرد، ئایكۆڵ لەگەڵ تیمە تەكنیكییەكەی دەڕۆنە ئەڵمانیا، باشوور و باكووری كوردستان تاوەكو بزانن چی بەسەر گوڵستان هاتووە، هەروەها تێبگەن لەو هۆكارانەی كە وای لە گوڵستان و چەندین گەنجی دیكەی كورد كردووە بگەڕێنەوە بۆ توركیا بۆ پەیوەندیكردن بە PKKەوە لەو ساڵانەدا. سۆزدار كە كچێكە لە ریزەكانی PKKدا، لە فیلمەكەدا رۆڵی گوڵستان دەبینێ. سۆزدار لەناو ریزەكانی PKKدا گەورە بووە. "بەنیازم بۆ ماوەی 4 تاوەكو 6 هەفتە لە چیاكان لەگەڵ PKK بمێنمەوە، رادێین لەسەر شێوەژیانی ئەوێ هەروەك جاری پێشوو كە هەمان شتمان كرد". ئاكیۆڵ لە ساڵی 2011 زوو كۆتایی بە گەشتەكەی هێنا بەهۆی هێرشی ئاسمانی فڕۆكەكانی توركیا بۆ سەر PKK. بەڵام ئەمجارە هیواخوازە بتوانێ ئەوەی دەیەوێ بیكات بەهۆی پڕۆسەی ئاشتی نێوان PKK و ئەنقەرە. "بیرۆكەی من ئەوەیە كە باس لە سیاسەت نەكەم، هەرچەندە ئەمە ئەستەمە چونكە ئەمە ئەو ڕێگەیەیە كە گوڵستان هەڵیبژارد". ئایكۆڵ هەوڵدەدات لەوە تێبگات "بۆچی گوڵستان ئەو رێگەیەی هەڵبژارد و چۆن هەڵیبژارد و كێی ناسی و ناسنامەی كوردی مانای چی بوو بۆ ئەو". ئاكیۆل دەیەوێت لە رێگەی ئەو فیلمەوە پەیامێكیش بدات بە جیهان "فیلمەكە بەشێوەیەك كۆمەڵگەی كوردی دەناسێنێ كە جیهان دەربارەی نازانێ". گوتیشی "هەمیشە دەربارەی فەلەستین دەبیستین. لەسەر شەقام هەر كەسێك دەبینی بۆچوونێكی هەیە لەسەر فەلەستین، بەڵام كەس لەبارەی كوردەوە نازانێ".
19/4/2014
سرری ساكک، ئەندام پەرلەمانی پارتی ئاشتی و دیموكراسی، هەوڵەكانی هاكان فیدان، راوێژكاری دەزگای هەواڵگریی توركیا لە پرۆسەی ئاشتیدا بەرز دەنرخێنێت و بە پێویستی دەزانێ كە دەستخۆشییان لێ بكرێ. ئەندام پەرلەمانێكی دیكەی هەمان پارتیش رایگەیاند كە هاوڕا نییە لەگەڵ ئەم لێدوانەی ساك. ساكک، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی توركیا، كە تایبەت بوو بە هەمواركردنەوەی یاسای دەزگای هەواڵگریی ئەو وڵاتە، رایگەیاند "پێشتر ئەم دەزگایەو سەرجەم دامودەزگاكانی دەوڵەتی توركیا، لە هەوڵی سەركوتكردنی كورددا بوون و بەشداربوون لە كوشتن و بڕینی هاونیشتمانیانی كورد لە باكووری كوردستان، هەتا ماوەی ساڵێك لەمەوبەر كە لەو كاتەوە تا ئێستا خوێنڕشتن وەستاوە". هەر بۆیە ساكک بە پێویستی زانی كە دەستخۆشی لە هاكان فیدان، راوێژكاری میت لەگەڵ هاوڕێكانی بكات "لەبەر ئەوەی ماوەی ساڵێكە چالاكانە كاردەكەن لە بەرەوپێشبردنی پرۆسەی ئاشتی". سەبارەت بە رۆڵی پارتەكەشی لە دانوستاندنەكاندا، ساكک رایگەیاند كە ئەوان بە بەردەوامی سەردانی ئیمرالی و قەندیل دەكەن و پەیامی هەردوولا دەهێنن بۆ حكومەتی توركیا. سرری ساكک ئەمەی بە "كارێكی شەرەفمەندانە" لە قەڵەمدا "لەبەرئەوەی خزمەتی ئاشتی دەكەن لە وڵاتدا و لە ئەنجامی هەوڵەكانیان ماوەی ساڵێك زیاترە خوێن ناڕژێت". پەروین بوڵدان، ئەندام پەرلەمانی هەمان پارت ناڕەزایی دەربڕی بەرامبەر لێدوانەكانی سرری ساكک و رایگەیاند "كەس مافی ئەوەی نییە دەستخۆشی لە میت بكات، لە كاتێكدا كە رووداوەكانی رۆبۆسكی و گەبەر و لیجە تا ئێستا، روون نەبوونەتەوە". بوڵدان رایگەیاند بڕوای وایە ساكک-ی هاوڕێی لە ئەنجامی هەڵە تێگەشتن دەستخۆشی لە دەزگای هەواڵگری توركیا كردبێت و پێی وابوو كەسانی دیكە هەن پێویستە دەستخۆشی و سوپاسیان لێبكرێت. پەروین بوڵدان گوتی "عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ئەو كەسەیە كە پرۆسەی ئاشتی دەستپێكردووە و ئەگەر ئەمڕۆ خوێن نەڕژێ و دایكان فرمێسك نەڕێژن ئەوا دەبێت هەموو لایەك بزانن كە ئەندازیاری سەرەكی ئەم ئاشتییە ئۆجەلانە و ئەگەر دەستخۆشی لە یەكێك بكرێت ئەوا ئۆجەلان شایستەی ئەو دەستخۆشییەیە". هاوكات بە پێویستی زانی كە پەرلەمانی توركیا هەستێت بە ئەركی خۆی و چ یاسایەك پێویست بێت بۆ بەردەوامیدان بە پرۆسەی ئاشتی بە زووترین كات تێیپەڕێنێت.
18/4/2014
رەنگە بەرلەوەی سەرۆک و ئەندامانی کۆمیسیۆنی ئاوەدانکردنەوەی پەرلەمانی ئێران سەردانی پارێزگای سنەیان کردبێت، قەت بە بیریاندا نەهاتبێت، ئەو پارێزگایە ئەوەندە وێرانە. پارێزگاری سنە پێی گوتوون، لەو پارێزگایەدا 1500 پرۆژەی نیوەتەواو هەیە، کە 7 هەزار ملیار تمەن بودجە بۆ تەواوکردنیان پێویستە. بۆیە جێگری ئەو کۆمیسیۆنەش دانی بەوەدا ناوە کە کێشەکانی پارێزگای سنە زۆرن و دواکەوتووییەکەی دەبێت بە هەڵاواردنی پۆزەتیڤ قەرەبوو بکرێتەوە.
18/4/2014
زیندانییەکی سیاسی کورد بە تۆمەتی ئەندامێتی لە پارتێکی نەیاری کوردی و "دژایەتی خوا" لە کرماشان لەسێدارە درا و رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان سەبارەت بە لەسێدارەدانی 60 گیراوی سیاسی و ئایینی کورد هۆشداریدا. سمکۆ خۆرشیدی بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە 2014/4/17 لە زیندانی دیزێل ئاوای کرماشان لەسێدارەدرا و بە گوتەی هەواڵدێری چاودێری مافی مرۆڤی کوردستان تا ئێستا تەرمەکەی رادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە. سمکۆ کە خەڵکی بانەی رۆژهەڵاتی کوردستانە لە 28/3/2011 لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری تاران دەستگیرکرا. بە گوتەی چالاکڤانانی مافی مرۆڤ هێزە ئەمنییەکان لەکاتی دەستگیرکردنی تەقەیان لێکردووە و بە برینداری دەستگیرکراوە. سمکۆ خۆرشیدی دوای چەندین مانگ مانەوە لە گرتووخانەی ئیتلاعاتی شاری سنە بۆ گرتووخانەی سەقز گواستراوەتەوە و لە مانگی نیسانی 2012 لەلایەن دادگای شۆڕشی سەقز بە تۆمەتی ئەندامێتی لە پارتێکی کوردی نەیاری کۆماری ئیسلامی و موحاربە )دژایەتی لەگەڵ خوا) سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا. رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان کە بارەگا سەرەکییەکەی لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستانە، لە کاردانەوەیەکدا سەبارەت بە لەسێدارەدانی 60 گیراوی سیاسی و ئایینی دیکەی کورد هۆشداریدا و داوا لە رێکخراوەکانی نێودەوڵەتی پارێزگاری لە مافی مرۆڤ دەکات، لەو بارەوە کاردانەوەی خێرا دەرببڕن. لە هەفتەی رابردوودا، دیوانی باڵای ئێران سزای لەسێدارەدانی گیراوی سیاسی کورد محەممەد عەبدوڵڵاهی پشتڕاست کردەوە کە لەلایەن لقی یەکی دادگای مەهاباد بە تۆمەتی ئەندامێتی لە پارتێکی کوردی نەیاری کۆماری ئیسلامی سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرابوو. محەممەد عەبدوڵڵاهی تەمەن 33 ساڵ خێزاندار و دانیشتووی شاری بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە و لە 24/10/2010 لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری مەهاباد تەقەی لێکرا و دوای برینداربوونی بۆ یەکێک لە نەخۆشخانە سەربازییەکانی شاری ورمێ گواسترایەوە و دوای چارەسەری بۆ گرتووخانەی سوپای پاسدارانی ورمێ بردرا و دوای لێکۆڵینەوە بۆ گرتووخانەی مەهاباد گواسترایەوە.
18/4/2014
نێچیرڤان بارزانى و رهجهب تهییب ئهردۆغان جەختیان لەوەکردەوە كه دهبێ له ههردوو لاوه تهواوى ئاسانكارى پێشكهش بكرێت بۆ ئهوهى رێژهى ئاڵوگۆڕى بازرگانى له نێوان ههرێمى كوردستان و توركیادا بگاته ئاستێكى بهرزتر و فراوانترین بوارهكان بگرێتهوه. له میانى سهردانهكهیدا بۆ توركیا، ئێوارهى ئهمڕۆ چوارشهممه 16ى نیسانى 2014 نێچیرڤان بارزانى سهرۆك وهزیرانى ههرێمى كوردستان و شاندێكى یاوهرى له ئهنقهره له لایهن رهجهب تهییب ئهردۆغان سهرۆك وهزیرانى توركیاوه پێشوازى لێ كرا. بەپێی راگەیەنراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان له دیدارێكدا كه ههر یهكه له عیماد ئهحمهد جێگرى سهرۆك وهزیران، ئاشتى ههورامى وهزیرى سامانه سروشتییهكان و سهفین دزهیى گوتهبێژى فهرمیى حكومهت له لایهنى ههرێمى كوردستان و تانهر یلدز وهزیرى وزه، فهریدوون سینیرلى ئۆغلۆ راوێژكارى وهزارهتى دهرهوه و ژمارهیهكى راوێژكاران له لایهنى توركیا ئامادهى بوون، چهندین پرسى تایبهت به پهیوهندیى دووقۆڵى و رهوش و پێشهاتهكانى ناوچهكه تاوتوێ كران. نێچیرڤان بارزانى پیرۆزبایى سهركهوتنى ئاكپارتى له ههڵبژاردنهكانى ئهم دواییهى شارهوانییهكانى توركیاى له ئهردۆغان كردووە و سهرۆك وهزیرانى توركیاش ستایش و پێزانینى خۆى پێشكهش به سهرۆك وهزیرانى ههرێمى كوردستان كردووە. بەپێی راگەیەنراوەکە بارزانی و ئەردۆغان تیشكیان خستهسەر پهرهپێدانى زیاترى پهیوهندییه ئابوورى و بازرگانییهكانى نێوان ههرێمى كوردستان و توركیا و داكۆكییان لهوه كردهوه كه دهبێ له ههردوو لاوه تهواوى ئاسانكارى پێشكهش بكرێت بۆ ئهوهى رێژهى ئاڵوگۆڕى بازرگانى له نێوان ههرێمى كوردستان و عێراق لهگهڵ توركیادا بگاته ئاستێكى بهرزتر و فراوانترین بوارهكان بگرێتهوه. رهوش و پێشهاتهكانى ئێستاى ناوچهكه به گشتى و بارودۆخى ئێستاى عێراق به تایبهتى لایهنێكى دیكهى دیدارهكه بوو، كه تێیدا باس له ههڵبژاردنهكانى كۆتایی ئهم مانگهى ههرێمى كوردستان و عێراق كرا و بیروڕایان لە بارهى پێشبینیى تابلۆى سیاسیى دواى ههڵبژاردنهكان و دواڕۆژى پرۆسهى سیاسى له عێراق ئاڵوگۆڕ كرد و تیشك خرایه سهر كێشهكانى نێوان ههولێر و بهغدا و ههوڵهكانى چارهسهركردنیان له رێگهى دیالۆگ و لێكگهیشتنهوه. دواى تهواوبوونى كۆبوونهوهكهش، شاندى ههرێمى كوردستان بهرهو ههولێر گهڕانهوه.
17/4/2014
موجاهید یاڵنماز، سەرۆكی شارەوانی خارپێت لەسەر لیستی پارتی داد و گەشەپێدان، سەردانی گولتەن كشاناك، سەرۆك شارەوانی ئامەدی كرد. یاڵنماز رایگەیاند كە ئامانجی سەردانەكەی ئەوەیە كە پیرۆزبایی لە سەرۆكی نوێی شارەوانی ئامەد بكات و هیوای سەركەوتنی بۆ بخوازێت لە كارەكانیدا. هاوكات باسی لە خۆشەویستی خۆی كرد بۆ ئامەد و ئاشكرایكرد كە قۆناغەكانی خوێندنی ئامادەیی لەو شارە تەواو كردووە و ئامادەیە بۆ هاوكاریكردنی كشاناك لە خزمەتكردنی ئامەد. گولتەن كشاناك، لە لای خۆیەوە خۆشحاڵی دەربڕی بۆ سەردانەكەی یاڵنماز و سوپاسی كرد، هەروەك باسی لەوە كرد كە خۆی لەدایكبووی خارپێتە و ئێستا خزمەتی ئامەد دەكات. كشاناك ئەوەشی خستەڕوو كە جیاوازی نییە لە نێوان خەڵكی ئامەد و خارپێت و رایگەیاند كە چارەسەركردنی كێشەكانی دانیشتوانی ناوچەكە لەسەر شانی هەموویانە و هیوای خواست بە درێژایی 5 ساڵی داهاتوو هەموو پێكەوە بتوانن چارەسەر بۆ كێشەی هاوڵاتیانی باكووری كوردستان بدۆزنەوە. ئەمە یەكەم جارە كە دوو سەرۆك شارەوانی لە دوو پارتی ركابەر بەم جۆرە پەیامی هەماهەنگی بگۆڕنەوە و چاودێران پێیانوایە ئەم لێكنزیكبوونەوەیە ئەنجامی لێكگەشتنی پارتی داد و گەشەپێدانە لەگەڵ پارتی ئاشتی و دیموكراسی بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا و دۆزینەوەی چارەسەرێكی ریشەیی بۆ كێشەی كورد لە باكووری كوردستان.
17/4/2014
بەرپرسێکی کشتوکاڵی پارێزگای ورمێ دەڵێ: بە مەبەستی بووژاندنەوەی دەریاچەی ورمێ، دەیانەوێ چاندن و بەرهەمهێنانی چەوەندەری قەند، لە باشووری پارێزگای ورمێ-وە بۆ باکووری ئەو پارێزگایە راگوێزن. چەوەندەری قەند، یەکێک لە بەرهەمە سەرەکییەکانی دانیشتووانی ناوچەی موکریانە. شارەزایان دەڵێن، چەوەندەر پێویستی بە ئاوی زۆر هەیە، بۆیە ئێستا حکومەتی ئێران لە هەوڵدایە پەرە بە چاندنی چەوەندەر لە ناوچەی موکریان بگرێ. یەکێک لە رێگاکانی دیکەش بۆ بووژاندنەوەی دەریاچەی ورمێ ئەوەیە کە لانیکەم بۆ ماوەی یەک ساڵ کشتوکاڵ لە دەوروبەری دەریاچەی ورمێ رابگیرێ.
16/4/2014
كێ كاندیدی پارتی داد و گەشەپێدان دەبێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری؟ رەجەب تەیب ئەردۆغان یان عەبدوڵڵا گیول؟. ئەمە یەكێكە لە گرنگترین پرسیارەكان و تا ئێستا وەڵامەكەی نادیارە، بەڵام كۆبوونەوەكەی هەفتەی پێشوو لەنێوان ئەردۆغان و گیول ، سەرەداوێكی دا بەدەستەوە سەبارەت بە وەڵامی ئەم پرسیارە. كۆبوونەوەكەی سەرۆك وەزیران و سەرۆك كۆمار، داخراو بوو بە رووی میدیاكاندا و دوای كۆبوونەوەكەش هیچ روونكردنەوەیەك نەدرا، بەڵام بەپێی ئەو زانیارییانەی دزەیان كردووە، ئەردۆغان بە عەبدوڵڵا گیولی راگەیاندووە كە لە بەرنامەیدایە خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری كاندید بكات. گیولیش لە وەڵامدا گوتوویەتی كە ئەمە مافی ئەردۆغانە. چاودێران ئەم گفتوگۆیەیان بە نیشانەی یەكلابوونەوەی پاڵێوراوی ئاكەپە زانی و چاوەڕوان دەكرێت لە مانگی مایسدا ئەم پارتە بە فەرمی كاندیدكردنی رەجەب تەییب ئەردۆغان بۆ كۆشكی كۆماری رابگەیەنێت و عەبدوڵڵا گیول پشتگیری لە ئەردۆغانی دۆستی دێرینی بكات. بەهێزترین سیناریۆ بۆ ئایندەی عەبدوڵڵا گیولیش، ئەوەیە كە لە مانگی ئەیلوول یان تشرینی یەكەم، پارتی داد و گەشەپێدان كۆنگرە سازبكات و لەم كۆنگرەیەدا گیول خۆی كاندید بكات بۆ سەرۆكایەتی پارتی داد و گەشەپێدان و بەم جۆرە بگەڕێتەوە بۆ كاری سیاسی. لە دوای ئەمە، بۆئەوەی عەبدوڵڵا گیول ببێت بە سەرۆك وەزیران پێویستە ببێتە ئەندام پەرلەمان و چاوەڕوان دەكرێت، هەڵبژاردنێكی نائاسایی لە یەكێك شارەكانی توركیا سازبكرێت بۆ سەرخستنی گیول بۆ پەرلەمان و لەوێوە بۆ سەرۆكایەتی كابینەی نوێی حكومەتی توركیا. ئەمانە سیناریۆكانی پارتی داد و گەشەپێدانە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار. هەرچی پارتە بەرهەڵستكارەكانە تا ئێستا هیچ سەرەداوێكیان نەداوە بەدەستەوە سەبارەت بە پاڵێوراویان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار. هەرچەندە پێشتر پارتی ئاشتی و دیموكراسی رایگەیاندبوو بە پێی هەنگاوەكانی حكومەت لە پرۆسەی ئاشتی ئەگەریان هەیە كە دەنگ بە ئەردۆغان بدەن، بەڵام سەباحەت تونجەل ئاشكرای كرد كە ئەردۆغان نابێتە كاندیدی ئەوان بۆ سەرۆك كۆماری و پارتەكەی لە ئامادەباشیدایە بۆ دیاریكردنی پاڵێوراوێك بۆ ئەو پۆستە.
16/4/2014
بەڕێوەبەری دەستەی گشتی گومرگی عێراق رایگەیاند، بەهۆی نالەباری رەوشی ئەمنی سووریاو پارێزگای ئەنبار و دابەزینی ئاستی بازرگانی لە هەردوو دەروازەی وەلیدو ترێبل بە شێوەیەكی بەرچاو، بەڕێوەبەرایەتی دەستەی گومرگی گشتی عێراق دوو دەروازەی نوێ لە نێوان عێراق ـ ئێران، عێراق ـ سعودیە دەكاتەوە. وەمیز خالید، بەڕێوەبەری دەستەی گشتی گومرگی عێراق لە لێدوانێكیدا بە رۆژنامەی سەباحی نیمچە فەرمی عێراقی راگەیاند: "دەستكراوە بە ئامادەكردنی پلانێك بۆ كاراكردنی بڕیاری سەرۆك وەزیرانی عێراق لە بارەی كردنەوەی دەروازەی (سۆمەر) لە ناوچەی مەندەلی سنووری پارێزگای دیالە". وەمیز خالید گوتیشی: "بەو پێیەی عێراق خاڵی بەیەك گەیشتنی نێوان ئەوروپاو كەنداوە، لەبەر ئەوە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە عێراق بەردەوام روو لە بەرزبوونەوەیە، هاوكات عێراق خەریكە لە رێكەوتننامەی (ئەلتیر)ی تایبەت بە دامەزراندنی كەناڵێكی زەمینی لە نێوان كەنداو و ئەوروپا نزیك دەبێتەوە، ئەمەش پێویستی بە كردنەوەی دەروازەی نوێ هەیە". سەبارەت بە كردنەوەی دەروازەی عەرعەری نێوان عێراق ـ سعودیەش، بەڕێوەبەری دەستەی گشتی گومرگی عێراق دووپاتیكردەوە: "دەستەی گشتی گومرگ راسپاردەكانی بۆ ئەمینداریەتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیران بەرزكردووەتەوە، هەروەها ئەو پرسە پێویستی بەكات هەیە، چونكە رێككەوتنامەی نێودەوڵەتی و دانوستاندن لە ئارادایە لەگەڵ گومرگی وڵاتی سعودیە سەبارەت بە ئامادەكارییەكانی كردنەوەی دەروازەكە بەشێوەیەكی هونەری". بەهۆی شەڕی سووریا و رووداوە ئەمنییەكانی پارێزگای ئەنبار و دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی سوپای عێراق دژی چەكدارانی داعش بەدرێژایی سنووری ئەم پارێزگایە، ئاڵوگۆڕی بازرگانی بەشێوەیەكی بەرچاو لەم خاڵە سنورییانە كەمی كردووە.
15/4/2014
ویلایەتە یەكگرووەكانی ئەمریكا وەڵامی روسیای دایەوە سەبارەت بەوەی گوایە ئاژانسی هەواڵگری ئەمریكی CIA لە پشت بڕیاری ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكەی ئۆكراینا بووە بۆ سەر ناوچەكانی رۆژهەڵاتی ئۆكراینا، بۆ گەڕاندنەوەی بنكەكانی پۆلیس و باڵەخانە حكومییەكان لەژێر دەستی چەكدارانی لایەنگرانی رووسیا. مۆسكۆ دەزگای هەواڵگری CIAـی بەوە تۆمەتباركردووە، كە لە پشت بڕیار دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی سوپای ئۆكرایناوە بووە بۆ ناوچەكانی رۆهەڵاتی ئۆكراینا، چونكە بەڕێوەبەری CIA لەم هەفتەیەدا سەردانی كیێڤی پایتەختی ئۆکراینای كردووە. ئەمریكا ئەو تۆمەتانە رەتدەكاتەوە و جەی كارنی، گوتەبێژ و بەرپرسی رۆژنامەوانی كۆشكی سپی رایگەیاندووە، ئێمە لێدوان سەبارەت بە گەشتی بەڕێوەبەری CIA نادەین، بەڵام ئەوەی هەیە تەنها گەشتێك بووە بۆ وڵاتانی ئەوروپا و پەیوەندی بە ئاسایشی ئەمریكاوە هەیە. كارنی جارێكی دیكە دووپاتی كردەوە، كە ئەمریكا بە نیگەرانییەكی زۆرەوە لە دەستتێوەردانەكانی رووسیا دەڕوانێت لە كاروباری ئۆكراینا.
15/4/2014
باسنیوز کاکۆ ئیبراھیم
1/04/2014
گرژییەكانی رۆژهەڵاتی ئۆكراینا لە زیادبووندایە و لە چەند شوێنێكیش، پێكدادان لەنێوان خۆپیشاندەرانی لایەنگری رووسیا و لایەنگرانی ئۆكراینادا روویداوە، لە شاری سلۆڤیانسك، هێزەكانی ئۆكراینا و چەكدارانی میلیشیای لایەنگری رووسیاش رووبەڕووی یەکتر بوونەوە. حكومەتی ئۆكراینا رایگەیاندووە، كە جووڵە سەربازییەكانی بۆ سەر هەموو ئەو شارانەی رۆژهەڵات دەستپێدەكات، كە باڵەخانە حكومییەكانیان لەلایەن لایەنگرانی رووسیاوە دەستیان بەسەردا گیراوە. لە یەكەم ئۆپەراسیۆنیشدا، هێزەكانی سوپای ئۆكراینا بەرەو سلۆڤیانسك بەڕێكەوتن و تەقەكردن لەنێوان هێزەكانی ئۆكراینا و هێزە چەكدارەكان روویدا، كە ئۆكراینا بە "تیرۆریست" ناویان دەبات و لە ئاكامدا ئەفسەرێكی ئاسایشی ئۆكراینا كوژرا و پێنج كەسی دیكەش لەهەردوولا برینداربوون. حكومەتی ئۆكراینا ئەم ئۆپەراسیۆنە بە ئۆپەراسیۆنی دژە تیرۆر ناودەبات و رووسیاش داوا دەكات ئۆكراینا شەڕ بوەستێنێت، چونكە خۆی دەخاتە ناو جەنگێكی ناوخۆییەوە. هەروەها لەشارۆچكەی زاپۆرۆزتا لە رۆژهەڵاتی ئۆكراینا، پێكدادان لەنێوان لایەنگرانی رووسیا و لایەنگرانی حكومەتی ئۆكراینا روویدا و دواتر هێزە ئەمنییەكانی ئۆكراینا كەوتنە نێوانیانەوە. ئێستا لە زۆربەی شارەكانی رۆژهەڵاتی ئۆكراینا گرژییەكان زیاتربوون و رووسیاش هۆشداری سەبارەت بە كەوتنەوەی جەنگێكی ناوخۆ داوە.
14/4/2014
ئەمڕۆ دووشەممە، تەرمی كەمال محەمەد عەزیز زراری، شۆفێری تایبەتی مەلا مستەفا بارزانی لە رێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە هێنرایەوە كوردستان. لە مەراسیمێكی تایبەتدا لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، كە نوێنەری مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و پارێزگاری هەولێر و بەرپرسانی حیزبی و حكومی ئامادەی بوون، پێشوازی لە تەرمی كەمال محەممەد عەزیز زراری كرا و دواتر لە گوندی گۆپاڵی ناوچەی زرارەتی بە خاك سپێردرا. كەمال محەممەد عەزیز زراری پێشمەرگەی هەردوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان بووەو لە ساڵی 1933 لە گوندی گۆپاڵی ناوچەی زرارەتی لە دایك بووە و لە ساڵی 1948لە تەمەنی لاوێتیی خۆیدا چووەتە سەربازی. دوای شۆڕشی تەممووزی 1958 و گەڕانەوەی مەلا مستەفا بارزانی لە یەكێتیی سۆڤیێت، یەكێك لەو شۆفێرانە بووە كە بارزانی لەگەڵ خۆیدا هێناویەتیە كوردستان. ناوبراو دوای ساڵی 1967 بە یەكجاری وەك شۆفێری تایبەتی بارزانی دەمێنێتەوە هەتا ساڵی 1975 . كەمال محەممەد عەزیز زراری لە ساڵی 1989دا تووشی نەخۆشییەكی درێژخایەن هاتووەو بۆ چارەسەری نەخۆشییەكەی چووەتە دەرەوەی وڵات و لە رۆژی هەینی 4ـ 4ـ 2014 لە وڵاتی سوێد كۆچی دوایی كرد.
15/4/2014