نەوشیروان مستەفا، رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، نیگەرانی خۆی لە دابەشبوونی هێزەكانی رۆژئاوای كوردستان دەربڕیوەو داوای لەلایەنەكان كردووە ناكۆكییەكانیان وەلابنێن. راشیگەیاندووە بزووتنەوەكەی دەست ناخاتە نێو كاروباری رۆژئاوا.
ئەمڕۆ دووشەممە رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان لە مەكۆی سەرەكی بزووتنەوەكە لەشاری سلێمانی، لەگەڵ وەفدێكی باڵای ئەنجوومەنی نیشتمانی كوردی سووریا، كە پێكهاتبوون لە سەرۆك و نوێنەری 11 پارت و لایەنی خۆرئاوای كوردستان كۆبووەوە.
بەپێی ماڵپەری KNNی زمانحاڵی بزووتنەوەكە "نەوشیروان مستەفا بە بایەخەوە باسی لە رۆڵی كوردانی خۆرئاوا كرد لە شۆڕشەكانی كورد بە گشتی و باشووری كوردستان بەتایبەتی و نیگەرانیی خۆشی نیشاندا لە دابەشبوونی هێزە سیاسییەكان و داوای لێ‌كردن ناكۆكییەكان وەلابنێن و سوود لەو هەلومەرجە وەربگرن و هەموو لایەنەكان پێكەوە خواستەكانی گەلی كورد لەخۆرئاوای كوردستان وەدی بهێنن".
رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان گوتووشیەتی: "سیاسەتی ئێمە ئەوەیە دەست لەكاروباری هیچ بەشێكی كوردستان وەرنەدەین، بەڵام هەموو هەوڵەكانی خۆمان دەخەینەگەڕ بۆ لێكنزیكردنەوەی لایەنەكان و پاراستنی یەكڕیزیی كورد".
نەوشیروان مستەفا، ئاماژەی بەوەشكرد: "ئەوەی لە رۆژئاوای كوردستان بەدیهاتووە، كارێكی ئیجابییەو داوای لێ‌كردن پێكەوە كاربكەن بۆ ئەوەی ببێتە ئەمری واقع و هەموو لایەنەكانیش مامەڵەی ئەمری واقیعی لەگەڵ بكەن".
هەمان ئەو شاندە دوێنێ لەگەڵ كۆسرەت رەسوڵ، جێگری یەكەمی سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆبوونەوەو داوایان لە كۆسرەت رەسوڵ كردووە رۆڵ ببینێت لە چارەسەركردنی كێشەكانی رۆژئاوا.
24/02/2014
لە تارانی پایتەختی ئێران، بازرگانی بە منداڵانەوە دەكرێت. ژمارەیەك لە دایك و باوكان بە بڕێك پارەی كەم، منداڵەكانیان بە بازرگانانی مرۆڤ دەفرۆشن و بۆشیان گرنگ نییە چارەنووسی منداڵەكەیان بە كوێ دەگات.
جوانییەكانی شارێك كە بە دڵی وڵاتێكی پان و بەرینی وەكو ئێران هەژماردەكرێت، بەڵام چەند گەڕەك ئەولاتر تابلۆی ژیانی منداڵان بەو شێوەیە. بگرە خراپتریش.
رۆژنامەی ئیعتمادی ئێران چیرۆكی شاراوەی كڕین و فرۆشتنی كچانی مێرمنداڵ لە گەڕەكە هەژارنشینەكانی تاران بڵاو دەكاتەوە.
ئەو راپۆرتە لە وێستگەی شووشی میترۆی تاران دەستپێدەكات. شوێنێك كە رۆژانە چەندین منداڵی 12- 13 ساڵان لەبەرامبەر پارەیەكی كەمدا دەفرۆشرێن. كڕیاران منداڵەكان دەبەنەوە بۆ گەڕەكی دەروازەغار، ئەو شوێنەی كە بە ماڵ و حەوشەی گەورە ناسراوە.
لەو ماڵانەدا ژووری زۆر چاككراون و منداڵە كڕاوەكان لەو ژوورانە دەخزێندرێن. دەبێ زەماوەند بكەن و دواتر زوو منداڵنیان بێ. هاوسەرگیرییەك كە نە لە رەوشێكی ئاسایی‌دا و نە بە شێوازی یاسایی تۆماردەكرێت.
لێرەوە قۆناخی دووەمی بازرگانیكردن بە منداڵی ئەو منداڵانە دەستپێدەكات.
چیرۆكەكە بە بەسەرهاتی مێرمنداڵێكی 14 ساڵی ئەفغانی دەستپێدەكات كە ساڵێك لەوە پێش دووگیان بووە، بەڵام ئێستا منداڵەكەی لا نەماوە. ئەو منداڵەكەی بە 3 ملیۆن تومەن كە دەكاتە نزیكەی هەزار دۆلار فرۆشتووە. تەنیا ئەفغانییەكان نین، خەڵكی هەموو ناوچەكانی ئێران و تەنانەت وڵاتانی دەوروبەریشی لێن.
ئەو دامەزراوە خێرخوازییانەی لەسەر ئەو بابەتە كاردەكەن، رایانگەیاندووە كڕین و فرۆشتنی منداڵ بۆ پارە، نیشانەی هەژاری كولتووری ئەو كەسانەیە كە ئەو كارەدەكەن.
لەو ماڵانەدا جگە لە بازرگانیكردن بە منداڵ، بازرگانی و بەكارهێنانی مادە هۆشبەرەكان و هەروەها رێكخستنی گرووپی سواڵكردنی منداڵ و مێرمنداڵانیش باوە. هەندێك لەو ژنە مێرمنداڵانە، ناچار دەكرێن بە منداڵەوە بچن بۆ سواڵكردن، ئێوارانیش پارەكەیان لێوەردەگرن و ئەگەر باشیان كاركردبێ، بەخششێكی كەمیان پێ دەدەن و ئەگەریش پارەیان كەم پەیداكردبێ، ئەوە ئازار دەدرێن.
لە راپۆرتەكەدا ئاماژە بە نەخۆشخانەیەك كراوە كە تێیدا ئەو منداڵانە دەكڕدرێن و دەفرۆشرێن. كارمەندێكی ئەو نەخۆشخانەیە دەڵێت، ژمارەیەك ژن دێنە ئەو نەخۆشخانەیە و دوای ئەوەی كە منداڵیان بوو، جێی دەهێڵن و تەنانەت ئاوڕیشی لێ نادەنەوە. هەر ئەو ژنانەش دوای دوو هەفتە دەچنەوە ئەو نەخۆشخانەیە و بڕێك پارە وەردەگرن و منداڵەكانیان دەدەن بە پیاوێك كە بازرگانی بەو منداڵانە دەكات.
ئەو كارمەندەی نەخۆشخانەكە هەروەها دەڵێ، هەندێك لەو ژنانەش كە دەچن، گیرۆدەی مادەی سڕكەرن و لە بەرامبەر بڕێك لەو مادانە منداڵەكانیان دەدەن بە كەسێكی دیكە.
لەو راپۆرتەدا لە دایكێك پرسیاركراوە بۆچی منداڵەكەت فرۆشتووە، لە وەڵامدا دەڵێ فرۆشتوومە تاوەكو تێچووی ژیانمی پێ دابین بكەم، هیچ چارەم نەبووە، ئەگەر نەمفرۆشتبا نە دەمتوانی رایبگرم و نە ژیانی خۆم پێ رایی دەكرا.
پرۆسەی ژیانێك كە سۆزی دایكایەتی لە بەرامبەر بڕە پارەیەك چۆك دادەدا و ئەو بڕە پارەیەش لە بێدەنگی لایەنە پەیوەندیدارەكاندا، دەبێتە دووكەڵی مادەی هۆشبەری و دەچێتەوە چاوی دانیشتووانی مرۆڤایەتی.
ئێران هاوكات لەگەڵ ئەوەیكە لە رووی سەرچاوەی سرووشتی وزەوە یەكێك لە دەوڵەمەندترین وڵاتانی جیهان، هێزە ئەمنییەكانیشی دەڵێن ناهێڵن چۆلەكەی نەیارەكانیان بەسەر ئاسمانی ئەو وڵاتەدا بفرێ، بەڵام هاوكات بەشێك لە دانیشتووانی بەو شێوەیە دەژین.
24/02/2014
دوای ئه‌وه‌ی به‌نداوێكی ئیستانبول وشكی كرد له ئێستادا روبه‌ڕووی مه‌ترسییه‌كی گه‌وره ده‌بێته‌وه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش پرۆفیسۆرێكی زانكۆی بۆغازچی ده‌ڵێت: "20-ی تهمووز ئاوه‌كه‌ی ئیستانبول وشك ده‌كات".
ئاژانسی هه‌واڵی دۆغان بڵاویكردووه‌ته‌وه پرۆفیسۆر دكتۆر له‌ڤێنت كورناز له زانكۆی بۆغازجی ڕایگه‌یاندووه له ئێستادا توركیا و ئیستانبول به تایبه‌تی ڕووبه‌ڕووی مه‌ترسیدارترین وشكه‌ساڵی بوونه‌ته‌وه، به‌شێوه‌یه‌ك له ئێستادا له ئیستانبول و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری پله‌كانی گه‌رما 10-12 پله له‌چاو ساڵانی تر به‌رزتره و ئاوی به‌نداو و به‌شێك له جۆگه‌كان وشكیان كردووه.
دكتۆر له‌ڤێنت ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر له ئێستاوه باران نه‌بارێت ئه‌وا له 20-ی تهمووز ئاوی ئیستانبول وشك ده‌كات و ئه‌گه‌ر كه‌مێكیش باران ببارێت ئه‌وا روودانی ئه‌م دیارده‌یه دواده‌كه‌وێت بۆ 20ی ئاب".
له‌ڤێنت كورناز ئاماژه‌ش به‌وه‌ده‌دات له دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه ئیستانبول رووبه‌ڕووی ئاو بڕینێكی زۆر ده‌بێته‌وه و دانیشتوانی ئیستانبول ڕۆژانه 2،4 ملیۆن مه‌تر سێجا ئاو به‌كارده‌هێنن و له ئێستادا ئاوی به‌نداوه‌كان له سه‌دا 30-ی كه‌می كردووه.
ده‌شڵیت ئیستانبول به‌هۆی ئه‌وه‌ی ژماره‌ی دانیشتووه‌كانی به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو له‌زیادبوونایه و بڕێكی زۆری گازی دوانه‌ئۆكسیدی كاربۆنی تێدایه، بۆیه ڕووبه‌ڕووی گه‌وره‌ترین مه‌ترسی ئه‌م وشكه‌ساڵییه ده‌بێته‌وه.
وه‌رگێڕان: هه‌ڵوێست ئه‌نوه‌ر
سه‌رچاوه: DHA
24/02/2014
گوندەکانی دۆڵی جافایەتی، لە قۆناغی یەکەمی پرۆسەی ئەنفالدا كه 26 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر و لە 23/2/1988 دەستیپێکردو لە 19/3/1988کۆتاییھات، کەوتنە بەر شاڵاوی دڕندانەی جاش و سەربازانی سوپای عێراق، دوای سوتماککردنی ناوچەکە، دانیشتوانەکەی دەستگیرکران و بەرەو بیابانەکانی باشور ڕاپێچکران، بە ھەزارانیان بێسەروشوێنکران، کە تائێستایش چارەنوسیان نادیارەو کەسوکارەکانییان لە چاوەڕوانی گەڕانەوەیاندان.
له‌و یاده‌دا، خه‌ندان ژماره‌یه‌ك له كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوانی ئه‌و ناوچه‌یه به‌سه‌رده‌كاته‌وه.
پورە ئایشە حەمەد – ی تەمەن 89 ساڵ، جگە لە مێَردەکەی، دوو کوڕی بە ماڵ و منداڵەوە ئەنفالکراون، خۆیشی ماوەی شەش مانگ بۆ گرتوخانەی نوگرەسەلمان دورخراوەتەوەو پاشان ئازادکراوە، بۆ خه‌ندان وتی: "ماوەی 26 ساڵە ھیچ جەژنەیەکم نەکردووە، پێنج فەرزەی نوێژەکانم لەخوا پاڕاومەتەوە ئەنجامدەرانی ئەو شاڵاوە نەگریسە بە سزای گەل بگەن".
وتیشی: سزای لەسێدارەدان بۆ کەسێکی وەک عەلی حەسەن مەجید تەواو لەجێی خۆیدا بوو، خۆزگە ئەمە دەبووە پەندێک بۆ ھەموو ئەو تاوانبارانەی ھاوشێوەی ئەو لە سەرتاسەری جیھاندا کە یاری بە کەرامەت و پیرۆزییەکانی مرۆڤایەتی دەکەن، دواڕۆژی ھیچ خراپەکارێک لەمە باشتر نابێت.
ئەسڵان محەمەد - کە دایک و باوکی بەر شاڵاوەکانی ئەنفال کەوتوون، کاتێک ویستی لەوبارەیەوە قسەمان بۆبکات، دایە پرمەی گریان و وتی: ھەرچەندە لەبۆنەیەکی ئاوھادا جارێکی تر برینەکانی ئێمەومانان دێنەوە سوێ، بەڵام دڵنیام کاتێک چارەنوسی ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە دێتەوە بەرچاومان، ڕۆحی زیندەبەچاڵکراوەکان ئاسودە دەبن و پێماندەڵێن: ئیتر بۆمان مەگرین، ئەمە باشترین تۆڵەیە بۆ ئێمە.
حەلیمە ئەنوەر – دایکی پێنج کوڕوکچی ئەنفالکراوە، بەھۆی خەمی لەدەستدانی ڕۆڵەکانیەوە چەندساڵێکە توشی نەخۆشیەکی سەخت بوە و لەسەرجێگە کەوتوە، وتی: ئەو زۆردارانە کاتێک کوڕوکچی ئەو خەڵکە بێگوناھەیان بەرەو گۆڕی بەکۆمەڵ و زیندانە تاریکەکان ڕاپێچدەکرد، ھەرگیز بیریان لەوەنەدەکردەوە کە ڕۆژێک دێت و دەکەونە داوی تاوانەکانییانەوە، ئەوەتا ئەمڕۆ ڕوڕەشی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بونە و کەس خۆزگە بە چارەنوسیان ناخوازێت.
شادیە قادر – کە لەکاتی شاڵاوی ئەنفالەکاندا تەمەنی تەنھا یەک ساڵ بووەو باوکی ئەنفالکراوە، بۆ خه‌ندان وتی: "ھەرچەندە من ئەو سەردەمەم بەبیرنایەت، بەڵام لەڕێی گێڕانەوەی بەسەرھاتەکان لەلایەن کەسوکارمەوە تێدەگەم کە ئەو زۆردارانە چیان بەسەر ئەم میلەتەی ئێمەدا ھێناوە، بۆیە دەڵێم شیاوی ئەوەن کە لە جیاتی جارێک دە جار لەسێدارە بدرێن".
سەبریە جاف – کە لە کاتی ئەنجامدانی پرۆسەی ئەنفالدا دانیشتوی گوندی (خوڕخوڕە) بووە، دایکی و ھاوسەرەکەی و سێ منداڵی و خوشک و برای ئەنفالکراوە، لەشوباتی 1988دا کە بەفرو تۆفانێکی زۆر ناوچەی دۆڵی جافایەتی دەگرێتەوە، "جەیش و جاش" پەلاماری ناوچەکەیان دەدەن، ھەر لە سەرەتادا بەھۆی ئەو پەلامارەوە زیاتر لە ھەشتا کەس لە خەڵکی ناوچەکە دەبنە قوربانی، وەک خۆی باسیدەکات ئەوسا گوندەکەیان لە 30 ماڵ پێکھاتوە، ئەوان لە کاتی ئەنفالەکەدا ڕووەو ئێران دەڕۆن، پاشئەوەی ڕژێمی بەعس بڕیاری لێبوردنی گشتی دەردەکات، ھاوسەرەکەی و دایکی و دوو کوڕ‌و کچێکی و خوشکەکەی بە سێ منداڵەوە لەگەڵ چەندین کەسی تر لە خزم و کەسوکاری بەرەو قەڵادزێ دەگەڕێنەوە، خۆیشی لە ئێران دەمێنێتەوە، بەڵام ئەوانی تر ھەموویان لە بازگەی (سونێ) دەگیرێن کە ژمارەیان 75 کەس بووە، ڕەوانەی فیرقەی چوارقورنەیان دەکەن و پاشان لە بنکەی پۆلیسی ڕانیە دەیانھێڵنەوە، ئینجا دەیاننێرنە سەربازگەی تانجەڕۆ، دواجاریش بۆ تۆپزاواو لەوێ لەگەڵ ئەنفالکراوەکانی گەرمیاندا تێکەڵاویان دەکەن.
سەبریە، دوای ئەو کارەساتە بێوێنەیەی کە لەژیانیدا لەسەردەستی سەرانی بەعس بەسەریھات، ھیواخوازە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق دوای خنکاندنی عەلی کیمیاوی و ھاوەڵەکانی، کۆتایی بەکارەکانی نەھێنێت، ھەوڵبدات ھەمو ئەو کەسانە بە سزای یاسایی بگەیەنێت کە بەجۆرێک لە جۆرەکان بەشدارییان لە پرۆسەی ئەنفالدا کردووە.
كامه‌ران عه‌بده ساڵح
24/02/2014
شه‌هرستانی، ئاشكرایده‌كات، كه هه‌رێم رازی بووه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی نه‌وته‌كه‌ی لهرێكهی كۆمپانیای (سۆمۆ)وه هه‌نارده‌ی بازاڕه‌كان بكات، وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمیش، رایده‌گه‌یه‌نێت، كه ته‌نها یه‌ك خاڵی ناكۆكی له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ماوه بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی په‌یوه‌ست به‌نه‌وت.
حسێن شه‌هرستانی، جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق بۆكاروباری وزه، به (CNBC) راگه‌یاند :"كورد ره‌زامه‌ندییان ده‌ربڕی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی له رێگه‌ی كۆمپانیای نه‌وتی نیشتمانی (سۆمۆ)وه هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی خاو له ناوچه‌كه‌یانه‌وه بۆ بازاڕه‌كانی ده‌ره‌وه، ئه‌مه‌ش ده‌بێته هاوكار بۆ كۆتاییهێنان بهوناكۆكییانهی له‌نێوان هه‌رێم و فیدڕاڵ دروستبوون".
هاوكات، سه‌فین دزه‌یی، وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به رۆژنامه‌ی (شه‌رقولئه‌وسه‌ت)ی راگه‌یاندووه :"كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌م دوایه‌ی نێوان وه‌فدی هه‌رێم و حكومه‌تی فیدڕاڵ، سه‌رباری ئه‌وه‌ی كێشه‌كانی به‌ته‌واوه‌تی چاره‌سه‌ر نه‌كرد، به‌ڵام گۆڕانكاری باش له هه‌ڵوێستی حكومه‌تی فیدڕاڵ سه‌باره‌ت به‌كێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان، به‌دیكرا، جگه له‌و كێشه‌یه‌ی كه له‌سه‌ر دۆسیه‌ی نه‌وت دروستبووه، كه به‌بێ چاره‌سه‌ر ماوه‌ته‌وه".
شه‌هرستانی، له لێدوانه‌كه‌یدا، ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو، كه دوای چه‌ند سه‌عاتێك له كۆبوونهوهكردن، هه‌ردوولا رێككه‌وتن، كه هه‌رێمی كوردستان نوێنه‌ریان هه‌بێت له ناو كۆمپانیای نه‌وتی نیشتمانی (سۆمۆ) كه به‌رپرسی یه‌كه‌مه له هه‌نارده‌كردنی نه‌وت، وتی :" ئه‌مه‌ش هه‌نگاوێكی گرنگه بۆ پێشه‌وه".
هاوكات، وته‌بێژه‌كه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم، ته‌ئكیدیكرده‌وه، كه هه‌ڵوێستی حكومه‌تی فیدڕاڵی و به‌تایبه‌ت حسێن شه‌هرستانی، زۆر پێچه‌وانه‌ی كۆبوونه‌وه‌كانی پێشوو بوون، به‌تایبه‌ت كه وه‌فده‌كه‌ی هه‌رێم گوێبیستی تۆمه‌تی هه‌ڵوێستی نایاسایی و نا ده‌ستووری و پێشێلكردنی ده‌ستوور له‌باره‌ی دۆسیه‌ی نه‌وته‌وه، نه‌بوو، وه‌ك پێشتر ده‌بیسترا".
ته‌ئكیدیكرده‌وه، كه له‌بری ئه‌و تۆمه‌تانه، ئه‌وه‌مان ده‌بیست كه به‌غدا رێگر نابێت له‌وه‌ی هه‌رێم نه‌وتی خۆی هه‌نارده بكات :" به‌ڵام ده‌بێت كۆمپانیای (سۆمۆ) سه‌رپه‌رشتی میكانیزمی هه‌نارده و فرۆشتن‌و داهاته‌كه‌ی بكات، ئه‌و داهاته‌ش بخرێته سندوقی (DFI)ی ئه‌مریكی، دواتر وه‌زاره‌تی دارایی عیراق پشكی هه‌رێم بۆ هه‌ولێر بنێرێت".
سه‌فین دزه‌یی، وتیشی :" حكومه‌تی هه‌رێم به‌رهه‌ڵستكاری ئه‌و هاوبه‌شییه له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدڕاڵ، نابێت ، به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی پشكی هه‌رێم له داهاتی نه‌وت بخرێته بانكی ناوه‌ندی عیراق/ لقی هه‌رێم و حكومه‌تی هه‌رێمیش سه‌رپشك بێت له سه‌ر چۆنێتی خه‌رجكردنی ئه‌و داهاته، ئه‌وه‌ش دوای په‌سندكردنی بودجه‌ی هه‌رێم له په‌رله‌مان".
روونیشیكرده‌وه، ئه‌وه ته‌نها خاڵی ناكۆكییه له‌نێوان هه‌ردوولا.
له‌عه‌ره‌بییه‌وه: سۆران كه‌ریم
23/02/2014
به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن له‌باره‌ی كێشه‌كانی نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی فیدڕاڵ و هه‌رێم، ئه‌مڕۆ سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم و وه‌زیره كورده‌كانی حكومه‌تی فیدڕاڵ و سه‌رۆكی فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان، كۆده‌بنه‌وه.
د. خه‌یروڵا حه‌سه‌ن، وه‌زیری بازرگانی عیراق، به خه‌ندانی راگه‌یاند: "ئه‌مڕۆ كاتژمێر 11:00 وه‌زیره كورده‌كانی حكومه‌تی فیدڕاڵ و سه‌رۆكی كوتله كوردستانییه‌كان له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان، له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم كۆده‌بنه‌وه".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، كۆبوونه‌وه‌كه تاوتوێی كێشه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر ده‌كرێت، وتیشی : "وابریارە دۆسیەی نەوتی هەرێم و بودجە و كێشەكانی دیكه‌ی نێوان نێوان هەرێم و بەغداد گفتوگۆی له‌باره‌وه بكرێت".
دوای په‌سندكردنی بودجه‌ی گشتی عیراق له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌بێ ره‌زامه‌ندی وه‌زیره كورده‌كان له‌سه‌ری، كێشه‌كانی نێوان حكومه‌تی هه‌رێم وحكومه‌تی فیدڕاڵ زیاتر قوڵبوونه‌وه، هه‌رچه‌نده چهندكۆبوونهوهیهك له نێوان هه‌ردوولا ئه‌نجامدران، به‌ڵام تائێستا نه‌گه‌شتوونه‌ته رێكه‌وتنی كۆتایی، هه‌ر به‌و هۆیه‌شه‌وه، تائێستا بودجه‌ی مانگی شوبات و له‌نێویشیدا مووچه‌ی مانگی شوباتی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم، له به‌غداوه نه‌نێردراوه بۆ هه‌رێم.
23/02/2014
سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاشی هاوسه‌رۆکی به‌ده‌په له بتلیسه‌وه تانه‌ی زۆر توند له ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانی سه‌رۆک وه‌زیرانی تورکیا ده‌گرێت و ده‌ڵێت له کاتێکدا له بتلیس خه‌ڵک به ده‌ست برسێتی و بێ موچه‌ییه‌وه ده‌ناڵێنن تۆ له ڤیلا لوکسهکانتا خه‌ریکی سه‌یر و سهفایت نابێت بڵێیت " ئێمه نوێنه‌رایه‌تی سه‌عید نورسی ده‌که‌ین".
ئه‌مڕۆ 22-ی شوباتی 2014 سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاشی هاوسه‌رۆکی به‌ده‌په له‌میانه‌ی کردنه‌وه‌ی ئۆفیسه‌کانی هه‌ڵبژاردنی پارتی ئاشتی و دیموکراتی له‌شاری بتلیسی باکوری کوردستان له‌به‌رده‌م مزگه‌وتی ئولو جامیدا که تیایدا هه‌زاران هاوڵاتی به‌شداربوون وتارێکی پێشکه‌شکرد و تانه و ڕه‌خنه‌ی توندی لهرهجهب ته‌یب ئه‌ردۆغانی سه‌رۆک وه‌زیران گرت ، ده‌میرتاش به ئه‌ردۆغان ده‌ڵێت " دزی هه‌رکه‌سێک ده‌یکات بیکات له کێی ده‌دزێت بیدزێت به‌ڵام لێخۆشبوونی بۆ نییه ، 4،5 ملیۆن دۆلار له پاکه‌تی پێڵاودا دۆزرایه‌وه به‌ڵام که‌سێک بۆماوه‌ی مانگێک له زینداندا نه‌مایه‌وه .
ده‌میرتاش له درێژه‌ی قسه‌کانیدا به ئه‌ردۆغان ده‌ڵێت " له بتلیس خه‌ڵک به ده‌ست برسێتی و بێ موچه‌ییه‌وه ده‌ناڵێنن تۆ له ڤیلا لوکسهکانتا خه‌ریکی سه‌یر و سهفایت نابێت بڵێیت " ئێمه نوێنه‌رایه‌تی سه‌عید نورسی ده‌که‌ین" و نوێنه‌رایه‌تیکردنی به‌دیعولزه‌مان و بانگه‌شه‌کردنی ئیسلامه‌تی و موسڵمان بوون کارێکی ئاسان نییه ،"هه‌موو شتێک پێداگری و باوه‌ڕێکی پته‌وی ده‌وێت ، ئایا ئه‌گه‌ر که‌سێک له خوا بترسێت و باوه‌ڕی به‌مانه هه‌بێت دزی ده‌کات ؟ نازانن خوا له‌سه‌ر ئه‌مانه لێیان ده‌پرسێته‌وه ئه‌مانه له خوا ناترسن".
ده‌میرتاش ده‌شڵێت له‌مه‌ودوا شنه‌بای ئاشتی و ئارامی، ئازادی به‌سه‌ر ئه‌م کوردستانەدا دێت .
وه‌رگێرانی : هه‌ڵوێست ئه‌نوه‌ر
سه‌رچاوه: رادیکال
22/02/2014
رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ منداڵان ( یونیسێڤ) داوا دەكات 2 ملیار و 200 ملیۆن دۆلاری پێ ببەخشرێت بۆ ئەوەی بتوانێت كۆمەكی مرۆیی 85 ملیۆن كەس بكات لەسەرتاسەری جیهان كە 60 ملیۆن لەوانە منداڵن.
لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەیی لە جنێڤ، تید شایبان، بەڕێوەبەری بەرنامەی فریاكەوتنی خێرای یونیسێڤ رایگەیاند،" نزیكەی سەدا 40 ئەو كۆمەكە بۆ زیانبەركەوتوانی قەیرانی ناوخۆی سوریا خەرج دەكرێت"، وتیشی: بۆ گۆڕینی رەوشی گوزەرانی ناوچە كارەساتبارەكانی وەك سوریا، پێویستە كۆمەكی مرۆیی بگەیەنین و هاوڵاتیانی مەدەنی بپارێزین، هەروەك پێویستیشە گیانی كارمەندانی بەهاناوەچوون لەمەترسی بپارێزین.
تید شایبان، ئەوەشی خستەڕوو كە، " یونیسێڤ بەردەوام لەخەمی ئەوەدایە چۆن دەستی بەمنداڵانی لێقەوماوی سوریا و وڵاتانی دەوروبەری بگات"، وتیشی: چەند هەنگاوێكمان لەو پێناوەدا ناوە لەهێڵی روبەروبوونەوەداین، زورێكمان بەدەستهێناوە، بەڵام پێویستمان بەئەنجامی زۆر شتی ترە.
شایبان ئەوەشی راگەیاند، كە یونیسێڤ لەتوانایدایە گۆڕانكاری راستەقینە بەسەر ژیانی ئەو منداڵانەدا بێنێت كە هاوكارییان دەكات، بەومەرجەی بتوانێت لەكاتی خۆیدا كۆمەكەك و هاریكارییە مرۆییەكان بگەیەنێتە دەستیان.
یونیسێڤ رێكخراوێكی سەر بەنەتەوە یەكگرتووەكانەو لە 11 كانونی یەكەمی ساڵی 1946 دامەزراوەو كار لەسەر كۆمەك گەیاندن بەمنداڵانی لێقەوماوو پەرتەوازە دەكات بەهۆی هەڵگیرسانی شەڕو كارەساتەكانی دیكەوە.
22/02/2014
سەرۆكی ئۆكرانیا، ئەمڕۆ هەینی ( 21 شوبات 2014) رێكەوتنێكی لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەكەی ئیمزا كرد بۆ مەبەستی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەو كۆتایی هێنان بە ناڕەزاییە جەماوەرییەكەی ماوەیەكە لەو وڵاتە سەریهەڵداوە.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە واژۆ كردنی رێكەوتنەكە لەلێدوانێكی رۆژنامەییدا رایگەیاند، " ڤیكتۆر یانۆكۆفیچ، سەرۆكی ئۆكرانیا لەگەڵ سێ سەركردەی ئۆپۆزسیۆن رێكەوتنی واژۆ كردووە، بەمەبەستی كۆتایی هێنان بەبارگرژییە سیاسیەكان و شەڕو پێكهەڵپژاردنی نێوان جەماوەریی ناڕازیی لە دەسەڵات و هێزەكانی پۆلیس".
بەوتەی سەرچاوەكە، بەپێی رێكەوتنەكە، " یانۆكۆفیچ قایل بووە بەوەی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە ئۆكرانیا ئەنجام بدرێت، لەپاڵ پێكهێنانی حكومەتێكی یەكێتی نیشتمانی و دەستبەرداربوونی لەبەشێك لەدەسەڵاتە سەرۆكایەتیەكەی"، وتیشی: رێكەوتنەكە بائامادەبوونی وەزیری دەرەوەی دوو لەوڵاتانی یەكێتی ئەوروپا واژۆ كرا.
بەهۆی سەرهەڵدانی گەندەڵی و قەیرانی ئابوری و سیاسی، لەرۆژی 21 تشرینی دووەمی پارساڵەوە، دەنگی ناڕەزایی جەماوەریی لە ئۆكرانیا تا ئێستا بەردەوامەو بەهەزاران كەس لە گۆڕەپانی ئازادی و شەقامەكانی كیفی پایتەختی ئەو وڵاتە دژی سیاسیەتەكانی حكومەت خۆپیشاندان دەكەن و بەوهۆیەوە شەڕو پێكدادانی قورس لەنێوان هاوڵاتیان و پۆلیس چەندین جار رویداوە و بۆتەهۆی كوژران و برینداربوونی دەیان كەس لەهەردوولا.
22/02/2014
سه‌نته‌ری قاهیره بۆ توێژینه‌وه‌ی كوردی به‌نیازه رۆژی شه‌ممه‌ی داهاتوو سیمینارێك سه‌باره‌ت به ره‌وشی سیاسیی كوردستانی رۆژئاوا ساز بكات.
سه‌ید عه‌بدولفه‌تاح، سه‌رۆكی سه‌نته‌ری قاهیره بۆ توێژینه‌وه‌ی كوردی تایبه‌ت به خه‌ندانی راگه‌یاند: له سیمیناره‌كه‌دا، چه‌ند شاره‌زا و توێژه‌رێك له بواری كاروباری كوردیدا باس له په‌ره‌سه‌ندنه سیاسییه‌كانی كوردستانی رۆژئاوا و سیستمی ئیداره‌ی خۆبه‌ڕێوه‌بردن ده‌كرێت كه به‌مدواییه له‌و به‌شه‌ی كوردستان راگه‌یه‌نرا، ئه‌مه جگه‌له تاوتوێكردنی هۆكار و ئاماژه‌كان بۆ راگه‌یاندنی ئه‌و كانتۆنه و كاتی راگه‌یاندنی و ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌می.
سه‌ید عه‌بدولفه‌تاح، سه‌رۆكی سه‌نته‌ری قاهیره بۆ توێژینه‌وه‌ی كوردی راشیگه‌یاند كه له سیمیناره‌كه‌دا رجائی فایید، شاره‌زا له بواری كوردیدا خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ ئیداره‌ی خۆبه‌ڕێوه‌بردن ده‌كات، دواتر مه‌لا یاسین ره‌ئوف، نوێنه‌ری یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له قاهیره ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌گه‌ری دووباره‌بوونه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌زموونه له سوریا ده‌خاته‌به‌ر باس و لێكۆڵینه‌وه، ئه‌مه جگه‌له تاوتوێكردنی هه‌ڵوێستی هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌رامبه‌ر ئیداره‌ی كانتۆنیی رۆژئاوا.
بڕیاریشه له سیمیناره‌كه‌دا، نووسه‌ر و لێكۆڵه‌ر جان دۆست، چه‌ند تێبینییه‌ك له‌سه‌ر ئیداره‌ی كانتۆنیی رۆژئاوا بدات و هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا، محێدین مسته‌فا، پارێزه‌ر و لێكۆڵه‌ر، له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی حزب و لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستانی رۆژئاوا بدوێت.
سه‌نته‌ری قاهیره بۆ توێژینه‌وه‌ی كوردی، یه‌كه‌م ناوه‌ندی تایبه‌تمه‌نده به لێكۆڵینه‌وه‌ی كوردی له میسر و وڵاتانی عه‌ره‌بی، ئامانجی ئه‌م سه‌نته‌ره پته‌وكردنی په‌یوه‌ندیی رۆشنبیرییه له‌نێوان میسر و كورد له‌لایه‌ك و میسر و وڵاتانی عه‌ره‌بی له‌لایه‌كی دیكه، ئه‌مه جگه‌له بنیادنانی پردێكی ئه‌كادیمی و زانستی له‌نێوان دامه‌زراوه‌كانی خوێندنی باڵای كورد و عه‌ره و پێگه‌یاندنی كادری تایبه‌ت به كاروباری كورد و كوردستان.
21/02/2014
مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پشتیوانیی خۆی بۆ یه‌كده‌نگیی لایه‌نه كوردییه‌كانی رۆژئاوای كوردستان دووپاتكرده‌وه و پشتیوانیی خۆشی بۆ هه‌ر بڕیارێك دهربِی كه كۆده‌نگیی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانی له‌سه‌ر بێت.
لە كۆبوونەوەكەدا لایەنە سیاسییەكانی نێو ئەنجومەنی نیشتیمانیی كورد لە سوریا ڕاوبۆچوونی خۆیان لەبارەی دوایین پێشهات و گۆڕانكارییە سیاسییەكانی ڕۆژئاوای كوردستان بۆ سەرۆك بارزانی خستەڕوو، قسەشیان لەبارەی چۆنییەتیی كاركردن و هاوكارییان لەگەڵ ئەنجوومەنی گەل كرد.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا ئاماژه به‌وه‌درا كه لە مانگی 12ی ساڵی و2013 بەپێی ڕێككەوتنێكی نێوان هەردوو ئەنجومەنی نیشتیمانی و ئەنجومەنی گەل بڕیار دراوە بەڕێوەبردنی سنووری فیشخابوور بەشێوەیەكی هاوبەش بێت، بەڵام ئێستا ئەو بەڕێوەبردنە ڕادەستی كانتۆنی جزیرە كراوە و كارمەندەكانی سەر بە لایەنە كوردییەكانی نێو ئەنجومەنی نیشتیمانیی كورد دەركراون و لە بەڕێوەبەرایەتیەكە نەماون.
لە بەشێكی دیكەی ئەم دانیشتنەدا لایەنە سیاسییەكانی نێو ئەنجومەنی نیشتیمانیی كورد لە سوریا جەختیان لەسەر پاراستنی یەكڕیزیی گەلی كورد كردەوە هەر چەندە لایەنی بەرانبەریان پێچەوانەی ئەم بنەمایە ڕەفتار دەكات.
لە بەرامبەردا سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان بە لایەنە سیاسییەكانی نێو ئەنجومەنی نیشتیمانیی كوردی لە سوریا ڕاگەیاند كە لەگەڵ یەكدەنگیی لایەنە كوردییەكانی ڕۆژئاوادایە و پاڵپشتیی هەر بڕیارێكیش دەبێت كە كۆدەنگیی هەموو لایەكی لەسەر بێت.
مه‌سعود بارزانی ئاماژەی بەوەشدا كە سەبارەت بە دوایین پێشهاتەكانی ڕۆژئاوا هەر هەڵوێستێك بە كۆدەنگیی لایەنە سیاسییەكانی ڕۆژئاوای كوردستان دەربچێت، جێگەی بایەخە و بە پەسندی دەزانێت.
21/02/2014
بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرایكرد، " "تا ئێستا هەرێمی كوردستان هیچ سوودێكی لە رێكەوتنامەكانی نێوان عێراق و یەكێتی ئەوروپا نەكردووە"، بەپیِویستیشی زانی گرووپێكی تایبەت بە هاوڕیانی كورد لە پەرلەمانی ئەوروپا دابمەزرێت تا پەیوەندیەكانی نێوان هەردوولا پتەوتر بكات.
لە سەردانێكیدا بۆ بارەگای سەرەكی یەكێتی ئەوروپا لە برۆكسل، فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێم لەگەڵ گرووپێك لە بەرپرسانی دامەزراوەی خزمەتگووزاری كاری دەرەوەی ئەوروپا (European External Action Service) كۆبووەوە و دەربارەی چەند پرسێكی سیاسی و ئاسایش لە عێراق و هەرێمی كوردستان وتوێژیان كرد.
هەر لەكۆبوونەوەكەدا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە وتی: گرنگە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و یەكێتی ئەوروپا كە كاربكەن بۆ دەستەبەر كردنی دوانەخستنی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق كە بڕیارە كۆتای مانگی چواری ئەمساڵ ئەنجام بدرێت، ئەوەشی خستەڕوو كە كێشەكانی هەرێم لەگەڵ بەغدا و مەسەلەی گرێبەستی نەوت لەگەڵ توركیا و نەناردنی بودجە لەلایەن حكومەتی بەغدا بۆ هەرێم ئاستەنگیان لەبەردەم پەیوەندییەكانی هەردوولا دروستكردووە.
لەدرێژەی كۆبوونەوەكەدا، فەلاح مستەفا ئەوەی ئاشكراكرد كە،" تا ئێستا هەرێمی كوردستان هیچ سوودێكی لە رێكەوتنامەكانی نێوان عێراق و یەكێتی ئەوروپا نەكردووە"، بەگرنگیشی زانی، یەكێتی ئەوروپا ئامادەیی لە هەرێمی كوردستان هەبێت.
لەبەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باس لە رەوش و گوزەرانی ئاوارەكانی سوریا لە هەرێم و ئەو پێداویستیانەی كە هەیانە كرا، هاوكات هیوای خواست كە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی هاوكاری زیاتر پێشكەشی ئەم ئاوارانە بكات لە هەرێم .
هەر لە میانەی سەردانەكەیدا بۆ برۆكسل، بەمەبەستی بەشداریی كردنی لە كۆنفرانسی مافەكانی مرۆڤ لەعیراق، فەلاح مسەفا لەگەڵ چارلس تانۆك، ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا و وتەبێژی كاروباری دەرەوەی پارێزگارەكان لە پەرلەمانی ئەوروپا كۆبووەوە.
لە دیدارەكەدا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە تیشكی وتی: ئێمە حەزدەكەین نزیكبوونەوەی زیاتر لە لایەن پەرلەمانی ئەوروپاوە هەبێت بۆ ئەوەی یارمەتی عێراق بدەن تا لەسەر رێڕەوێكی راست بڕوات، هیواشی خواست، گرووپێكی تایبەت بە هاوڕیانی كورد لە پەرلەمانی ئەوروپا دابمەزرێت كە كاریگەر دەبێت بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیەكانی نێوان هەردوولا.
لەدیدارەكەدا چارلس تانۆك باسی لەوەكرد كە،" كوردستان وەك یەكێك لە مەسەلە دەگمەنەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبینێت". وتیشی: شاراوە نیە كە لە ئێستادا كوردستان ناوچەیەكی ئارامە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ كەمینەكان و هەروەها بۆ ئەو عێراقیانەی كە بەدەست توندوتیژیەكانەوە دەناڵێنن لە بەشەكانی دیكەی عێراق.
22/02/2014